بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





07/03/2015

مۆنۆلۆگی ٣: پرساری دوا (بۆ)؟ یەکەم وەڵامە





"چەند ئارەزوو ئەكەم لە وڵاتێكدا بژێم و ئەم تەمەنەی كە ماومە بەسەری ببەم، نە نەوتی تێدا بێت و نە گازی سروشتی و نە خاكەكەی بەپیت بێت، چونكە ئەم وڵاتەی من پڕە لەو بەرهەمانە و لەوەتەی هەستم بەبوونم كردووە ئازاری ئەو گەن و گوانە ئەچێژم"  نا قایلییەکانی گەنجێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتییەوە (ن. إ)
"منیش چەند حەز ئەکەم لە وڵاتێکدا بژیم کە خۆم بەشدار بووبم لەدرووستکردنیدا، نەک بە زۆر بۆم درووستکرابێت".

ــ چەند پرسیارێکی ڕاستگۆیانەی بێشەرمت لێ بکەم؟
+ ئەی جا خۆ ناوکوژم یان وەڵامت دەدەمەوە یان بێدەنگ بۆخۆم بیر لە پرسیارەکەت دەکەمەوە.
ــ ئەی ئامادەیت شوێن وەڵامەکان بکەویت ئەگەر دوور و درێژ بوون؟
+ ئیتر تۆ ئەوە پرسیاری خۆتت دەست پێکرد، بچۆرە ناو بابەتەکەوە.
ــ ئەم دۆخە کەی کۆتایی دێت و کەی دەکەوینە ژیانێکی خۆشەوە؟
+ من قاوە گرەوە نیم، بایی ئەو تۆزەی بیزانم وەڵامت دەدەمەوە، لەپێشا بزانم کام دۆخە و کام ژیانە خۆشە باس دەکەیت؟ ئەم داعش و بێمعاشییە دەڵێیت یان شتی تری وەک مەکتەب و خەستەخانە و کارەبا و دەردی دڵ و ئازاری ویژدان...ئائەوانە.
ــ هەمووی دەڵێم، مەبەستم ئەوەیە کەی دەتوانین وەک مرۆڤ بژین؟
+ ئەمە هەموو پرسیارەکەت بوو، وەمزانی ئاخۆ باسی چی دەکەیت! هەر کاتێک توانیمان گۆڕانکاری لەژیانی خۆماندا بکەین ئەو کاتە دەتوانین وەک مرۆڤ بژین. چونکە ژیانی ئیمە لە ژیانی مرۆڤ ناچێت! مرۆڤ لەگەڵ بوونیەوە لە ململانێ و بەربەرەکانی ناخۆشییەکاندا بووە، ئێمە دەست وپەنجە و جەستە و خەیاڵمان لەگەڵ ناخۆشیدا نەرم دەکەین و پێوەی دەژین.
ــ ئینجا زانیم وای لێدێت و پرسیاری تر درووست دەبێت، ئەی باشە بۆ گۆڕانکاری ڕوونادات؟
+ گۆڕانکاری چۆن ڕوونادات ئەوەنییە هەر ڕۆژەی مۆدێلێک دێت و هەر ڕۆژەی کێشەیەک هەیە و هەر ڕۆژەی شتێکی تازە لە هەواڵەکان دەبیستیت. ئەی ئەوە گۆڕانکاری نییە چییە؟
ــ نا ئەو گۆڕانکارییەم ناوێت، وەک پێم گوتیت، گۆڕانکارییەک ئیتر تۆزێک ژیانمان ئارام و سەقامگیر ببێت. لە ڕیشەوە ئەم وەزعە بگۆڕێت؟
+ وەڵامی ئەوەش ئاسانە، هەرکاتێک سیاسیەکان بیانەوێت گۆڕانکاری ئەنجام دەدەن و تەواو.
ــ ئەی بۆ نایانەوێت؟
+ یەکەم لە قازانجیان نییە، دووەم ناتوانن.
ــ بۆ لە قازانجیان نییە و بۆ ناتوانن؟
+ سەبارەت بە قازانجەکەیان ئەوەی لەو دۆخەدا دەگوزەرێت ئەوان گەورە دەکات، (واتە چکۆلەبوونەوەی خەڵک گەورەیی زیاتری ئەوان دەردەخات، زەرەری خەڵک قازانجی ئەوانە)، بەڵام سەبارەت بە نەتوانینیان، ئەوان کەرەستەی تەواویان بەدەستەوە نییە لە ڕووی فکر و تەکنیکەوە تا بتوانن گۆڕانکاری درووست بکەن.
ــ بۆ کەرەستەی تەواویان بەدەستەوە نییە؟
+ بەدرێژایی ژیانیان بەجۆرێک پەروەردە نەبوون تا بتوانن لە پراکتیکی سیاسیدا خاوەنی ئەو کەرستەیە بن.
ــ بۆچی وەک پێویست پەروەردە نابن، خۆ زۆربەیان لە کۆلیجە بەرزەکاندا خوێندویانە و بەشێکیشیان تا پلەی دکتۆرا گەیشتوون؟
+ گرنگ گەیشتن بە پلەی زانستی نییە، گرنگە پەروەردە ببن بۆ ئەوەی خۆیان ببنە سەرچاوەی بیر و کردار، من کەسی وا دەناسم دکتۆرای لە یاسادا هەیە، هەموو ژیانی سەرپێچی یاساییە.
ــ بۆچی پەروەردەی ئەوان نایانگەیەنێتە ئەوەی ببنە سەرچاوەی بیر و کرداری سیاسی؟
+ نەخێر زۆر دوورن، چونکە ڕەگەزەکانی مەشق و ڕاهێنانی سیاسی ئەوان، لەخۆیدا بەرەو کەناری پاشکەوتەییان دەبات، بۆیە ئەوانیش ناتوانن.
ــ بەم پێیە بێت هەموو ناخۆشییەکانت خستە ئەستۆی سیاسییەکان، ئەی بۆ خەڵکی تر گۆڕانکاری ناکات؟
+ خەلکی تر لەدەرەوەی سیاسەت ژینگەیەکی نییە گۆڕانکاری پێبکات. ناچارە یان سیاسەت بکات یان نەیکات، ئەگەر کردی هەر دەکەوێتەوە خولگەی سیاسییەکان و پێی ناکرێت. ئەگەر نەیکرد ئەوا گۆڕانکاری پێ ناکرێت، یان گۆڕانکاری ناکەونە ئەستۆی ئەو، هەر هیچ نەبێت بە ئەرکی خۆیی نازانێت.
ــ ئەی تەواو دەستیان لێ بشۆین لە دۆخەکە؟ ئەی پرسیار لەخەڵک نەکەین، تا بزانین خەڵک و کۆمەڵگا و کولتوور تا چەند ئامادەی گۆڕانکاری تێدایە؟ لەوانەیە بەشێکیشی خەتای خەڵک بێت بۆنمونە خۆ سیاسییەکان بڵێن چی خەڵک ئاستی ڕۆشنبیری بەرز نەبێتەوە؟یان ئەوان بڵێن چی خەڵک نەتوانێت خۆی پڕ زانیاری بکات بۆ گۆڕانکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتووی خۆی؟ بۆچی خەڵک ئەگەر پێویستی بە ژیانێکی جیاوازتر هەیە خۆی بە گۆڕانکارییەکانی ژیانی خۆی هەڵناسێت؟ گوایە سیاسییەکان لەناو هەناوی کۆمەڵگاوە نایەنە دەر؟
+ جارێ یەک یەک پرسیار بکە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام. خەڵک، هەمووی دابەش بووە بەسەر چەند ئاراستەیەکی دیاریکراودا. ئەم ئاراستانە بە شێوەیەکی باو ژیان و ژیانی سیاسی بەڕێ دەکەن. ئەوەی بەم باوە ناقایل بێت، دەچێتە دەرەوە لە بازنەکە و ژیانێکی تر لە جێگایەکی تر هەڵدەبژێرێت و لەو چوارچێوەیەدا دەمێنێتەوە کە تەنیا ئەو گۆڕانکاریانە وەربگرێت کە خودی خۆی دەیەوێت.
ــ هەست ناکەیت ئەم وەڵامەیانت زۆر دیار نییە؟
+ با ڕوونتری بکەمەوە، بۆ نمونە لە بێکاری ناقایلە، دەچێت لە شوێنێک دەژی کاری لێ هەبێت! لە بێکارەبایی ناقایلە دەچێت مولیدەیەک دەکرێت، ئەگەر کار و پارەی نەبوو، یان ئارەزووی لە سەرئێشەکانی موەلیدەکەی نەبوو، دەچێت لە شوێنێک دەژی کارەبای تێدا بێت! لە سیستەمی تەندرووستی ناقایلە دەڕوات لەوڵاتێکی تر چارەسەری نەخۆشییەکانی خۆی دەکات، یان هەر لە جێگایەکی تر دەژی. لە پەروەردە و زانکۆکەی ناقایلە دەڕوات لە مەملەکەتێکی تر دەخوێنێت یان لە شوێنێکی باشتر ژیانێک هەڵدەبژێرێت... بەو جۆرە لە زۆر بواری تردا هەڵدێین و تەواو.
ــ بەڵام خەڵک نا چارە چارەسەری کێشەکانی خۆی بکات بەگونجاوترین شێوە! ئێمە بۆ لەم شێوازی چارەسەرەی خەڵک ناقایل بین و ڕەخنەی لێ بگرین؟
+ ئەم شێوازە هەرگیز زەوینەیەک درووست ناکات بۆ گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵک و کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەو گۆڕانکارییەی لەسەرەتاوە داوات کرد. بۆیە لەپرسیاری خەڵکدا ناچارین بەشە لاوازی خەڵک باس بکەین و بزانین ئەوان چ ڕۆڵێکیان لە گۆڕانکاریدا هەیە. ئەی بۆ دەبێت ئەوان تەنیا بەشیان قوربانی دان بێت لە گۆڕانکارییەکاندا؟ تۆ دیارە لەوەیان ناتەوێت بپرسیت!
ــ نا ئەوە نییە من دەمەوێت لە هەموو شتێک بپرسم، بەڵام بۆ ئەو زەوینەیە بۆ درووست نابێت کە باستکرد؟
+ چونکە ئێمە دەچین بۆ شوێنێک کە جیاوازترە لە شوێنەکەی خۆمان، یان سیستەمەکەی کە لێی ناقایلین، نایگۆڕین بەڵکو بایی ئەوەندە گۆڕانکاری درووست دەکەین کەدەتوانێت خواستێکی ساتەوەختیمان دەست بکەوێت و پرسیاری درێژمەودا و گشتیمان نییە لەسەر ڕووداوەکان.
ــ ئەی پرسیار نەکەم ئایا بۆ خەڵک، ئەم میکانیزم و ڕەفتارەی گرتوەتە بەر؟
+ پرسیار ڕێگای لێ ناگیرێت، ئەگەر وەڵام ڕیگای لێ نەگیرێت! ئەمە بووەبە میکانیزمی ناسراو، بووە بە ڕەوتێکی کولتووری باو، هەر کۆمەڵە خەڵکێکیش سەر بە هەر دید و ئاراستەیەک بن هەر هەمان میکانیزم دەگرنەوە بەر، بۆیە میکانیزمەکە ناگۆڕێت.
ــ مەبەستت ئەوەیە هەموو خەڵک بوون بەیەک؟
+ زۆر نزیکبوونتەوە لەوەی ببن بەیەک، ئەمەش وای لێکردوون بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێن. تا بتوانیت خەڵکەکان وەک یەک لێبکەیت ئاسانتر دەتوانیت سیستەمی کۆنترۆڵکردنیان بۆ دابنێیت.
ــ کەواتە خەتای خەڵکە کە ناتوانێت گۆڕان بەسەر ئەم میکانیزم و ڕەفتارە کولتوورییەدا بهێنێت؟
+ نەخیر چونکە هێزێک یان ئاراستەیەک نییە ئیش لەسەر میکانیزمەکە بکات، ئەوەش ئیشی سیاسییەکانە.  دواجار سیاسییەکان بەرپرسیارن کە بەم کارە هەڵناسن.
ـ بەس لە پرسیاری پێشوودا وتت سیاسییەکان نایزانن، چۆن پێی هەستن؟
+ ئەوان ناتوانن پێی هەستن. گرفتەکە لەوەدایە و ئەم بازنەیە بە داخراوی دەمێنێتەوە و دەسەڵات خەڵکەکە دەکات بەیەک، ئەوانیش دەسەڵاتەکە وەک خۆی درووست دەکەنەوە.
ــ کەواتە دەچینەوە سەر هەمان خاڵی پێشوو؟
+ بەڵێ ئاخر بۆیە هەر لەسەرەتاوە باسی کەمتەرخەمی و پەڕپووتی سیاسییەکانم کرد.
ــ بەڵام ئایا گۆڕانکارییەکان تەنیا لەدەست سیاسییەکاندایە؟ ئەی ئەو هەموو مامۆستا و ئەندازیار و پزیشک و ئەکادیمی و تەکنیککارەی لە کۆمەڵگادا خاوەنی زانست و زانیارین؟
+ لە کۆمەڵگای ئێمەدا خەڵکێک نییە خاوەنی زانست و زانیاری و شارەزایی بێت.
ــ نانا وا بە ڕەهایی باسی مەکە، ئەی نابینیت ئەو هەموو خاوەن بڕوانامەیە؟
+ ئەیانبینم بەڵام ئەوانە لە بازنەی گۆڕانکاریدا نین، کەواتە زانست و زانیاریشیان پێ بێت وەک ئەوەیە پییان نەبێت، جا پێم عەیبە بڵێم لەخەنجەرەکەی کابرا ئەچێت.
ــ چۆن، ئەی کەواتە دەکەونە کوێوە؟
+ بۆ ئەوەی کەسێکی زانا یان شارەزایەک بگۆڕ بێت، ئەوا ناچارە لەسەر بازنەی گۆڕانکارییەکاندا بێت! ئەو هەموو خاوەن بڕوانامەیەی باستکردن، یان خاوەنی بڕوانامەی بێ زانیار و بێ ئەرزشن، واتە تەنیا هەڵگری چەند بڕوانامەیەکن لەسەر چەند لاپەڕەیەکی ئەستوور و لە چوارچێوەی یاڵتوونیدا، یان لەدەروەی بازنەی گۆڕانکارین و یانیش لەناو بازنەکەدان، کەسیان ناکەونە سەر خودی بازنەکە.
ــ جا ئەوە چۆن دەبێت، بۆ ناتوانن کاریگەر بن؟
+ ئەگەر خاوەنی زانست و زانیارییەکان نەبن، گرنگ نییە چ بڕوانامەیەکیان هەبێت، چونکە بێگومان گۆڕانکاری بە کەسێک ناکرێت کە خۆی هەڵگری خواست و توانایی گۆڕانکاری نەبێت. ئەگەر لەدەرەوەی بازنەکانی گۆڕانکاری بن، واتە لەدەرەوەی داڕشتنی بڕیاری سیاسیدان و کەم تازۆر تەنیا دەتوانن ڕەخنەیەکی پاسیڤانە بگرن لەسیستەمی گوزەر، بۆیە هەرکات خودی ژیانی خۆیان کەوتەوە بەر مەترسی ناقایلبوون، بەهەمان شێوەی خەڵکی ئاسایی و بە ئاسانتر شوێنی خۆیان دەگۆڕن، نەک ژیانی خۆیان بگۆڕن، چونکە لە بنەڕەتەوە بە کاراکتەرێکی بگۆڕ پەروەردە نەکراون و زانین و زانستەکانیان بە پاسیڤی لەدەرەوەی گۆڕانکاریدا دەگوزەرێت. ئەگەریش لەناوەوەی بازنەی گۆڕانکاریدا بن، ئەوا ئەو زانینەی هەیانە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکەوێتەوە خزمەت سیستەمی باو، بەئەندازیەک لەقاڵب دەدرێت کە ئەوان تەنیا دەتوانن گۆڕانکاری سادە یان لە توێکڵی گۆڕانکارییەکاندا بن و هیچی تر. خۆ ئەگەر بەشی هەرە زۆری ئەم کاراکتەرانەی کۆمەڵگا بکەوتنایەتە سەر بازنە و هێڵەکانی گۆڕانکاری دوو بەرئەنجامی زۆر گرنگ پەیدا دەبوون.
ــ کام دوو ئەنجامە و بۆ زۆر گرنگن؟
+ ئەنجام نا، بەرئەنجام! یەکەم، بەرئەنجامی جیاوازی و کارلێکی نێوان ئەم کاراکتەرانە، کەلەسەر بازنەی گۆڕانکارین، هەمیشە جێگرەوەی گرنگی لێدەکەوتەوە (ئەلتێرناتیڤ). دووەم بازنەی گۆڕانکارییەکان لەژێر خواست و دەسەڵاتی سیستەمی باودا دەهاتە دەرەوە و هەرکات گۆڕانکاری پێویست بوایە ئەنجام دەدرا، بۆیە گۆڕانکارییە چکۆلەکان ئەوەندە زۆر دەبوون و دەبوونە ڕۆژانە، کاتێک پێمان دەزانی بەبێ ئەوەی هەست بکەین پاش ماوەیەک دەمانبینی کە گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕووی داوە. ئێستا حاڵی بوویت یان هێشتا (بۆت) لاماوە؟
ــ بەس بۆچی ئەو پرسیارە ئەکەیت؟
+ چونکە ئەگەر لەسەر گوزشتەی پرسیاری (بۆ) کان بەردەوام بوویت (بۆ) نەما، ئەوا تۆ گەیشتوویتە سەرچاوەی کێشەکە و لەوێوە دەتوانیت پرسیاری زیاتر لەو بابەتە بکەیت.
ــ من ئێستا دەتوانم بڵێم ئەبێت پرسیاری تر لەسەر پەروەردە و پەروەردەی سیاسی درووست بکەم و بێمەوە بۆ پرسیارکردن.
+ نا نا مەیەرەوە جارێ بزانە (بۆ) ماوە بپرسیت یان ئەوە ئاخر (بۆ) بوو!

No comments:

Post a Comment