بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/08/2017

موڵکەکانی گۆڕان نە پرانسیپن نە چارەنووس



یادی بەخێر باوكم هەموو جار كە ڕەخنەی لە بارودۆخی سیاسی دەگرت و ناقایللی خۆی پیشان دەدا، منیش پرسیارێكم لێی دەكرد؛ ((باوكە حەزت دەكرد تۆ سەرۆك كۆمار بوویتایە؟)) هەمیشە وەڵامی دەدامەوە دەیوت: "نا سەرۆكایەتی سەرئێشەی زۆرە، حەزم دەكرد كوڕە چكۆلەی سەرۆك كۆمار بوومایە، ئەو كاتە بە ئارەزووی خۆم دەژیام و خێرم لە پارەكانی باوكم دەبینی، مەگەر باوكم سەرزەنشتێكی بكردمایە و ئەوەش موشكیلە نە ئەبوو خۆ هیچ باوكێك بە تەواوی لە مناڵەكانی ڕازی نییە!" لەو كاتەوە من تیگەیشتم سامانی مێژوویی باوك بۆ منداڵەكانی جێنامێنن. لەو كاتەوە من تێگەیشتنم بۆ چیرۆكەكانی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی زیاتر بوو، كە دەمبینی مناڵی میر و میرنشینەكان چۆن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ میرنشینەكان بەرەو كۆتایی دەبەن. تێدەگەم لە تیۆرییە پەروەردەییەكە، كە ئەگەر باوان سەلامەت بیربكەنەوە و ڕەفتار بكەن و بیانپەرژێتە سەر منداڵەكانیان ئەم ئەگەرە كەم دەبێتەوە. لە كۆمەڵگای كوردستاندا بەزۆر هۆكار ئەم ئەگەرە كەمتر دەرفەتی ڕوودانی هەیە بەهۆی: خێزان، خوێندنگە، سیستەمی میراتی رەفتار و كۆی گشتی كولتوورەكەییەوە. هەر بۆیە ئەم كایانە هەمووی كاركردنی دەوێت بەر لەوەی پێشبینییەكی زۆر باشمان لێی هەبێت. هەر بۆ ئەوەی یەكەم هەنگاو جێبەجێ بكەین و لە هۆشمەندی فیوداڵی بێینە دەرەوە، باشترە لەسەرەتاوە هەمان لیكدانەوە بۆ پرۆسە مێژووییەكان نەكەین و كەس بەحسابی باوانی لێی نەڕوانین.  

جگە لە ڕووی مێژوویی پەروەردەییەوە نەوشیروان مستەفا بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیار نییە لە ڕەفتاری منداڵەكانی. بەواتایەكی تر منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا چی هەڵە بكەن، چی چاكەكاربن زۆر پەیوەندی بە مێژووی باوكیانەوە نییە. ئەوە تەنیا لە بەر دوو هۆكاری سادە، مرۆڤ لەبەردەم گۆڕاندایە و هەرگیز نەوەكان لەبەرگیراوەی یەكتر نین بەتایبەت لە ڕەفتاری سیاسی و هەڵوێستی سیاسیاندا. دووهەم، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگا كاریگەری گەورە لەسەر ڕەفتارمان دادەنێت بەبێ ئەوەی خێزان بخوازێت یان نەخوازێت. دواتر لە ڕووی یاسایی و ڕاستی زانستیشەوە هەر یەك لە منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا دەكەونە سەروو ١٨ ساڵەوە بۆیە خۆیان كەسی بەرپرس و یاسایین و دەمێكە لە كەسایەتی باوكیان و دایكیان دابڕاون و سەربەخۆ بوون. با لە نەوشیروان مستەفا و خێزانەكەی بچینە دەرەوە، ڕەفتارەكانی منداڵەكانی ئیبراهیم ئەحمەد تا چەند دەچنەوە سەر تێڕوانینی باوكیان و ڕەفتاری سیاسی باوكیان؟ یان كامیان دەچێتەوە سەر ئەو؟ بڕوانە لە سێ منداڵ هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنن. بۆیە من لەلام سەیرە نوسەر و ڕۆشنبیر و كادری سیاسی و ڕێبەری فكری وا  "زەبەلاح" دەبینین دێن و ڕەخنە لە كەسایەتی نەوشیروان مستەفا دەگرن گوایە سەروەتی دونیای بۆ منداڵەكانی جێهێشتوە! ڕەخنەی سەرەكی لەسەر ئەم كەسایەتییە لە دیدی سیاسی ئەودایە، كە چۆن ئەو كارانەی بە هەڵواسراوی جێهێشتوە. ئێمە باش بینیمان كە دوای ئەو بزووتنەوەكە كەوتە دەستی كێ و چۆن هەڵوێست وەردەگرێت، ئیدی فكر و كاری سیاسی ئەو لێرەدا گرنگە ڕەخنە بكرێت. بێگومان ئەگەر ئەمە ڕەخنە نەكرێت ئەمەی دواییان زۆر ئاسایی و سادەیە ڕوو بدات.

گرنگترین خاڵ بۆ سیاسی و ڕۆشنبیری كوردستان ئەوەیە دریژكردنەوەی مێژووی نەوشیروان مستەفا بۆ منداڵەكانی و چاوەڕوانی جیاواز لێیان لەسەر بنەمای مێژووی باوكیان، هەمان هەڵەی خێڵەكی و ڕیشەیی خێزانییە كە ئەگەر دوای خۆی دەسەڵات بكەوتایەتە دەست یەكێك لە مندالەكانی بەڵام لە ڕووكاری ئینڤێرسدا، واتە بە دیوی ئەودیویدا، كەواتە بە دیوی تۆی نووسەریشدا كە پێت وایە ئەبێت منداڵەكانی ئەو خۆی بن.  بەكورتی ناكرێت نە مێژووی نەوشیروان مستەفا بۆ منداڵەكانی حساب بكەین، نە كردەوەی منداڵەكانیش بۆ ئەو بكەینە لاستیكی خەتكوژاندنەوە و سەروەرییەكانی پێ بسڕینەوە. لەوە سەیرتر لای من ئەوەیە كە بەڕەوای نەبینین منداڵەكانی ئەو وەك هەر كەسێكی تر بەشداری سیاسی بكەن، چونكە بەشداری سیاسی و چالاكبوونی سیاسی جیاوازە لە بە میراتیگرتنی دەستكەوتە مەعنەوییەكانی باوكیان. ئەوان دەتوانن شانازی بە باوكیانەوە بكەن وەك هەر كەسێكی تر، بەڵام ناتوانن بە شانازی خۆیانی ژمێرە بكەن. خۆزگە خۆیان بۆ پۆستی باوكیان كاندید بكردایە و لە دەنگداندا دەرنەچوونایە نەك سیناریۆی تریان پێ بگێڕن و لە پشتی بزووتنەوەكەوە هەر بەزۆر بیانكەنەوە بە دێوەزمە، ئەمە میراتییەكی فیوداڵییە، تەنانەت ئەگەر ئاینشتاینەكانی بزووتنەوەكەش پەراوەی بكەن. بۆیە دواجار نە نەوشیروان مستەفا دەكرێت ڕەخنە بكرێت بە كردەوەی منداڵەكانی، نە منداڵەكانی دەتوانن درێژكراوەی مێژووی ئەوبن. بە ڵكو تەنیا منداڵی ئەو و شوعلە عەلی سەعیدن.

ئەوەی سەیرترە لێرە و لەوێ دەبینین "كەڵە نووسەری" وا دەنووسن گوایە بە گواستنەوەی موڵكەكان بۆ منداڵەكانی ئیتر بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی پێ دێت و هیچی جیاواز نابێت لە پارتی و یەكیتی! هەر زۆر سەیرە! ئەمە جگە لە جێی پێكەنین و ئاماژەیەكی نەزانی هیچی تر نییە! چونكە بزووتنەوەی گۆڕان وەك كۆبەندێكی سیاسی دەمێكە لە زۆر ڕوەوە كۆتایی هاتوە. لەڕووی بیر و دایلەكتیكی سیاسییەوە هەر لەگەڵ یەكەم خولی پەرلەمانەكەیەوە گۆڕان تۆ و توخمی بیری سیاسی تێدا نەما و كۆتایی هات! لەڕووی سیاسییەوە ئەوكاتە كۆتایی هات كە لە ئۆپۆزسیۆنەوە چووە دەسەڵات. هەروەها لە ڕووی ڕابەرایەتی و فۆرمی گەشەی داینەمیكیشەوە ئەوكاتە كۆتایی هات كە یەكەم كۆنگرەی ئەو شكستی هێناو نەیتوانی سەركردایەتی خۆی نوێ بكاتەوە بە ڕێكخەرەكەشیەوە. نەوشیروان مستەفا ئەو كاتە شكستی هێنا كە هێشتا خۆی لە ژیاندا بوو دەستبەرداری پۆستی ڕێكخەری گشتی نەبوو. ئەو كەسایەتییە سیاسییە بە ئەمری واقع كاری كردوە و ئەمەش پاشهاتەكانی دەبن، ئەو لە واقعی سیاسی كوردستانەوە ئەو موڵكانەی بە ناوی خۆیەوە تۆمار كردوە، بێگومان بە میراتی بۆ منداڵەكانی دەمێننەوە و ئەوانیش ئازادن چی لێ دەكەن، بزووتنەوەی گۆڕانی چی و شتی چی؟ دیارە لە ڕووی یاساییەوە ئەم قسەیە ڕاستە. ئەوەی گۆڕانی تا ئێستا هێشتوەتەوە تەنیا یەك پایەگایە، ئەویش گۆڕان هێشتا پێگەی جەماوەری لەدەست نەداوە و لەسەر ئەو پێگەیە هەنگەشەلێ دەكات، ئەشێ لاواز بووبێت بەڵام هێشتا خەڵكێكی زۆری بەدەورەوە ماوە، ئەوەش لەبەر سێ هۆكار: یەكەم، ستەمكاری دەسەڵاتی سیاسی كوردی گۆڕانی بە هیوایەك بۆ ستەملێكراوان هێشتوەتەوە (تا ستەمكاری زۆرتر بێت ئەم هیوایە بۆ ژیانی گۆڕان زیاتر دەبێت). دووهەم، نزمی ئاستی هۆشیاری جەماوەری كە كەمترین هۆكار هەیە ئاراستەیەكی ڕۆشن بدات بەخەڵك بۆ تێگەیشتن لە ژیانی سیاسی (باشترین نمونە، ئێستا ژمارەیەك لە خەڵك دەبینیت دڵیان ئارام دەبێتەوە كە موڵكەكان كراون بەناوی منداڵەكانی ئەوەوە نەك بەناوی بزووتنەوەكەوە، چونكە ئەوە هۆشە پەككەوتوە باوەڕی وایە تا ناوی نەوشیروان مستەفا بمێنێت ئەوان سەلامەتن). سێهەمیش؛ لەبەر ئەوەی هێزێكی شۆڕشگێڕ ئامادە نییە توانای خەڵك لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵك خۆیاندا بەگەڕ بخات و ئاراستەی بكات.

ئەمڕۆ گۆڕان وەك كۆبەندێكی سیاسی لەدەرەوەی بەرەی دەسەڵات تەنیا زۆر شەرمنانە دەتوانێت لەمپەڕێك بێت لەبەردەم پارتی و پرۆپارتییەكاندا، ئەوەش بەم سەركردایەتییە شەرمۆكە بێ چییەتییە سیاسییە ناكرێت. چونكە نە ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەو توانایەی هەیە نە زۆربەی زۆری ئەوانەی لە خانەی ڕاپەڕاندندا كاردەكەن. بەڵكو ئەوانە بەگشتی خۆیان بەبێ نەوشیروان مستەفا هیچیان ئایكۆنێكی سیاسی یان كاراكتەرێكی كاریگەر نەبوون لەسەر ڕووداوەكان بە ئاراستەی گۆڕانكاری و بگرە زۆربەیان هۆكاری شكستە سیاسییەكانی پێشووتری (ی.ن.ك) بوون و ئەمڕۆ بە هەمان هۆشمەندی دەیانەوێت بەپاڵپێوەنان لاشەی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ مۆتۆڕە ببەنە لووتكە كە نەوشیروان مستەفا بۆی جێهێشتوون. خودی ساخكردنەوەی ئەم موڵك و ماڵەی گۆڕانیش بەشێكە لەو پرۆسەیە.

دواجار گواستنەوەی موڵكەكان بۆ دەستی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هەنگاوێكی سەیر نییە. كوردستانێك كە وەك سۆماڵی لێكرابێت، هیچ گوند و بستەخاكێك نەمابێتەوە بە موڵكی گشتی و تێكڕا دامەزراوەكانیش بووبنە موڵكی بنەماڵەكان، ئەوا سەلامەتترین شت ئەوەیە موڵكەكانی گۆڕان بكرێنە موڵكی بنەماڵەیەك لە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا سیمبوڵیتر و سەلامەتتر نییە! سبەی دەسەڵاتی ستەمكاری تێرنەخۆری كوردستان دەستیان بەسەردا دەگریت و بزووتنەوەكەش دەڕووتێنێتەوە، ئەمە هەنگاوی سیاسی پشتی ئەم كردەوەیەیە. بەلاتانەوە سەیر نەبێت ڕۆژنامەی (ئاوێنە) باسی دەكات، ئەوە بەشێكە لە پرۆسەی ڕاگەیاندنەكەی نەك پرۆسەیەك بێت و سەرچاوەكانی زانیاری لەڕێگای میدیای سەربەخۆوە پێیان زانیبیت. بەتایبەت ئەگەر خواستیان بوایە بیشارنەوە لە كوردستاندا ئەم شتانە زۆر بەئاسانی دەشارێتەوە. كاتێك كە گۆڕانكاری نەچووبێتە هەموو خانەیەكی فكرەوە و نەگەیشتبێتە ڕیشەكانی كۆمەڵگا زەحمەتە بتوانرێت بەهۆی بزووتنەوەیەكەوە گۆڕانكاری بكرێت كە بیرێكی باو بەڕێوەی بەرێت و ئاراستەی بكات، لایەنی كەم سەرێك كە ناتوانێت جگە لە تاكتیكی سیاسی بەردەمی خۆی بۆ چەند هەنگاوێك ببینێت. ئەم سەركردایەتییە حەكیمانە ڕەفتار دەكات، بەڵام لەچوارچێوەی حیكمەتی باودا حیكمەتی باویش حیكمەتی جەڵەبچێتییە، ئەمە بەشێكە لە كۆنزێرڤاتیزمی ناو بزووتنەوەكە كە دەستی بە داوەكانی بەڕێوەبردنییەوە گرتوە و هەموو ساتێكی هۆشمەندی فیوداڵی ئەمڕۆ و سبەی بەڕێوە دەبات.

لە كۆتاییدا دوو خاڵی چكۆلەی تر تەنیا ئاماژەیان پیدەدین: یەكەم، كاتێك بزووتنەوەكە نەیتوانی لەژێر گوشاردا دەسەڵات لەناو منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا بهێڵێتەوە، ئەوا ناچارە بەم جۆرە داهاتووی بڕیاری سیاسیان بۆ دابین بكات. ئەگەر نا منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا ئەم سامانە بۆ خۆشبژی و داهاتووی خۆشی خۆیان نییە، بەڵكو یارییەكی سیاسی و قەواڵەیەكی بازرگانی سیاسییە بە شێوەیەكی زیرەكانە ئەنجام دەدرێت، قەرزێكە ڕابەرانی ئەمڕۆی بزووتنەوەكە دەبێت بیدەنەوە بە بنەماڵەی ڕابەرەكەیان كە خودی خۆیان ڕۆژێك لە ڕۆژان بە بێ ئەو وشەیەكی ماندار نەدەبوون لە ناو ڕستە سیاسییەكاندا. دووهەم، لە كۆمەڵگایەكدا كە پایە زانستیەكان و هەژموونەكانی زانین هەر لە دواوە بن ئاساییە خەڵك بە دیاردە ماتریاڵییەكان زیاتر بێتە دەنگ تا بە پرانسیپ و بنەما سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان. بۆ نمونە نابینیت كەس هەڵوێستە لەسەر ترس و خەمی كاریزماتیكی بكات، كەس نابینیت هیچ لەسەر هەڵە سیاسییە ستراتیژییەكان بكات كە دەبنە كارەسات بۆ پاشەڕۆژی كۆمەڵگایەك، كەچی هەموو خەڵكی ئێمە بە یار و نەیارەوە بۆ ١٢٢ دۆنم زەوی شینێكی تریان نوێ كردوەتەوە، كەلە ڕاستیدا هیچ گرنگییەكی ماددی نییە كاتێك سیستەمەكە هەر سیستەمی خێڵەكی بێت چ لە ناو كایە سیاسییەكاندا چ لەناو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكاندا. هیچ گرنگ نییە كە هۆشمەندی فیوداڵی ڕابەر بێت و باوەكان حوكمڕانی توانا و توانستە نوێیەكان بكەن. 

08/08/2017

ڕێفەراندۆم تاوانی تاوانەکان

یەکێك لە جیاکەرەوەکانی کۆمەڵگای پێشکەوتوو لە دواکەوتوو ئەوەیە کە یەکەمیان پلانی هەیە و دەزانێت تەنانەت لە داهاتووی دووریشدا چی دەکات و چی دێتە ڕێگای، بەڵام لە دووهەمیاندا لەسەر حسابی ڕۆژ و پێشهاتەکانی ژیان بەڕێ دەکات.

پرسی باسەکەمان ڕیفەراندۆمە لە بەردەم سەربەخۆیی و ئەجێندایەکی نادیاردا! ئەم پرسە دۆخێکە زۆرکەسی ناچارکردوە لەسەری بنووسێت و ڕاو سەرنج پێشکەش بکات، جا با ئەوەش نەهێنێت، تەنانەت ئەوەتا من بۆ خۆشم دەربارەی دەنووسم چەند باوەڕم پێشی نەبێت، سەرباری گرنگی تر و لەپێشینەیی چەندین پرسی تر کە لە ژیانی هەریەکەماندا هەیە (خۆی ئەمە بەشێکی خواستی وروژاندنی پرسەکەیە) لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی ڕوودانی ڕێفەراندۆم زۆر زۆر لەوە گەورەترە کە ئەو هەموو شیکردنەوە و داواکارییە سادەیەی دەربارە دەنووسرێت (بەواتایەك، ئەوەی دەنووسرێت دەربارەی و دەگاتە خەڵك هەر زۆر کەمە). گەر لەم دوو دەستەواژەیە بڕوانین، لەوانەیە بپرسین، تۆ بڵێی نووسەر خۆشی بزانێت چی دەڵیت؟ بەڵی، پرسەکە بۆ خۆی وایە هەرچۆن دەستی بۆ بەرین زەرەرمانە. هەریەکەمان لە ئاوازێك دەخوێنین و هەمانە تا دوا هەناسەکانمان بەرگری لێ دەکەین و هەمانە کەمپینی نەخێر و شکستی بۆ دەکەین و بەشێکیشمان بۆیکۆتکردنی پرۆسەکە بە چارەسەر دەزانین، لە هەمووشی خراپتر بێدەنگی بزووتنەوەی گۆڕانە، کە بەشدارێکی پاسیڤی پرۆسەکەیە تا ئێستا.

خودی پرسەکە لە ژێر چەندین پرسیار و گوماندایە، لەم جارەدا هەوڵ دەدەین ئەم باسە پڕ گومانە چەند خێرا بکرێت بخەینە ژێر وردبینێکەوە تا بزانین ئایا ڕیفەراندۆم بکرێت باشە یان نەکرێت؟ ئەی ئەو میکانیزمانە کامانەن پێویستن بگیرێنە بەر و کێ دەتوانێت پێی هەستێت.

ئەوەی لەم ڕۆدا پارتی و بەشێکی باشی یەکێتی و چەند حیزبێکی وردە و پردەی تر پێی هەڵدەستن، بریتییە لە چاکەکارییەک بە نیازای خراپە. کە لەگەڵ ئەم تەکنیکەدا پارتی مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم دوو خاڵە دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ سەرەتای باسەکە کە لە بەرواری ٢٧/٧/٢٠١٧ لە ژێر سەردێڕی هەرجارەی باسێک ژمارە (٢٢) دا بڵاوکراوەتەوە.

سەر باری ئەوەی ڕیفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان ناقایلییەکی ڕای سیاسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەسەرە، سەرباری دژایەتییەکی زۆری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرۆسەیە، کەچی هێشتا مەسعود بارزانی کەوتوەتە گیانی و سوورە لە سەر ئەوەی کە هەر دەبێت بکرێت. "سەرۆکێکی، بۆڵدە" ناپۆلیۆن ئاسا کە شتێکی وت سەریشی لە پێناویدا دادەنێت! مەسعود بارزانی هەرگیز لەوانە نەبوە کە بتوانێت گرەو لەسەر سەری خۆی بکات. ئەم کردەوەیە، بەندە بە مانەوەی مەسعود و باندی بنەماڵەکەیان لە شوێنی خۆیاندا، بۆیە تەنانەت گەر تاوانیش بێت وەك هەموو جارەکانی تر پەنای بۆ دەبەن، ئەوە جگە لەوەی ئەوان جێبەجێکار و خزمەتکارێکی بێ ڕکابەر و پلە یەکی هەر دوژمنێکن سووکە تەماعێکی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبێت.

ڕیفەراندۆم لە دۆخێکی وەك ئمڕۆدا، وەك هەنگاوێکی سیاسی؛ کردەوەیەکە لە تاوانە گەورەکانی مێژووی ئێمە کە کوردستان ڕوو بەڕووی دەبێتەوە و تەنانەت مەترسییەکانی لە خیانەتی گەورە و ڕەشی ٣١ی ئاب زیاتر و ترسناکترن. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەرداین، یان ڕیفەراندۆم دەکرێت یان ناکرێت، بەڵام با بزانین ئاکامی ئەم ئەگەرانە بە چ شوێنێك دەگەن:

یەکەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەوا ئێمە وەك ئیستا دەمێنینەوە و دەبێت لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکانماندا ژیان بەڕێ بکەین و کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکانیان. قەیرانەکانیش بە جێگا و دۆخێك گەیشتوون کە ئیدی لە تونادا نەماوە خەڵك دان بەخۆیدا بگرێت و بە دەستسپێتی بەدیاریانەوە دانیشێت. بۆیە دۆخی گوزەر بە هیچ شێوەیەك لە قازانجی دەسەڵاتی کوردی و باند و بنەماڵە حوکمڕانەکانیدا نین.

دووهەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ڕیفەراندۆم بین! بەر لەوەی باسی ئەگەرەکانی ڕیفەرادۆم بکەین دەبێت چەند دراوێك بخەینە ڕوو وەك پێشینەیەك:
دراوی یەکەم: ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، ئەوا بەکارهێنانی دەنگ و خواستی سەربەخۆییە دژی سەربەخۆیی.
دراوی دووهەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ڕەوایی (شەرعییەت) ی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە! ناوخۆیی زۆر لەق و ناتەواوە، دەرەکی نزیکەی نەبوە.
دراوی سێیەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ئابوورییەك هەیە لایەنی کەم بتوانێت بژێوی نیوەی دانیشتوان و تەندروستی و پەروەردە و خۆراك و ئاسایش و بەرگری دابین بکات، دوو ساڵی ڕابردوو پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن.
دراوی چوارەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە هێزێکی ئامادە هەیە بەرگری لێ بکات، هەندێ کات ڕەوایی نیودەوڵەتی ئەو رۆڵە دەبینێت. کوردستان هیچی کامیانی نییە، بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ هێزی دوژمنە پێشبینی کراوەکانی.
دراوی پێنجەم: خودی ئەو دەستەو لایەنەی فوو دەکاتە خۆی و ڕابەرایەتی پرۆسەکە دەکات هیچ ڕەواییەکی یاسایی و دەستووری نەماوە.
دراوی شەشەم: لە پرۆسەی ئاوادا زۆرینەی کارتی سپی لەگەڵ زۆرینەی بۆیکۆتدا، تەنیا لە ڕووی چالاکی سیاسییەوە جیاوازن، بەڵام وەك ئەنجام هەردووکیان دەگەنەوە ئەنجامەکانی بۆیکۆتکردن.

ئەگەرەکانی ڕێفەراندۆم: ئەم پرۆسەیە (ڕیفەراندۆم) چەندێك باش ئەنجامبدرێت و پلانی بۆ دابنرێت، کەچی هێشتا لە سروشتی خۆیدا چەکێکی دوو دەمە یەکێك لە دەمەکانی دژی بکەرەکەیەتی و ئەوەی تریان ڕووی لە نەیاری بکەرەکەیە. ئەم ڕیفەراندۆمەی مەسعود بارزانی هەردوو دەمەکەی ڕووی لە گەلی کوردستانە و دەسکی تیغەکەش ئەوەتا بەدەستی نەیارەکانی ئەم گەلەوە، بزانین چۆن:

ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبێت:
ئەوا گۆڕینی ڕای دەستووری و یاساییە بە ڕای جەماوەری، مەبەستی سەرەکی لێی پێکانی ئامانجەکانی (پ.د.ك)ە و مانەوەی مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەیەتی لە سەرتۆپی دەسەڵاتێکی گەندەڵکاری تاڵانچییەوە بە پشتیوانی باندێکی مافیایی کە لە ناو (ی.ن.ك)دا پشتیوانی لێدەکرێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە وتارێکی پەرلەمانتاری ئێراق لەسەر لیستی گۆڕان (مەحمود ڕەزا ئەمین)، ماڵپەڕی NRT ١٢/٧/٢٠١٧ بە ناونیشانی (ڕیفەراندۆم و پەرلەمان: پارتی و گۆڕان)، سەرباری تێبینی لەسەر ئەو وتارە، بەڵام بەباشی ڕوونی کردوەتەوە پارتی چ تەمایەکی نا نیشتمانی و نا دیموکراسیانەیان هەیە!،  ئەمەش بەستەرەکەیەتی:

ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت:
یەکەم؛ هەل و مەرجەکانی سەربەخۆیی ئامادە نین بڕوانە دراوەکانی سەرەوە (دوو، سێ، چوار). تەنیا دوو نمونەی چکۆلە: ڕیفەراندۆمێك کە بەر لە ڕوودانی هیچ دانێکی پێدا نەنرێت چی لێ دەکەوێتەوە؟ یان بۆ چی دانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگە؟ بەهۆی ئەو دانپێدانانەوە ئەگەر دوژمنەکانی کوردستان هەر کردەوەیەك بەرامبەر بە ئەنجامی ڕیفەراندۆمەکە بکەن، ئەوا پێشێلی ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتیان کردوە. خۆ ئەگەر ئەم چەترە نەبێت پشتوانی سەربەخۆیی دەبێتە توڕەهاتێکی هیچ. ئەی گوایە، چ پشتیوانییەك هەیە و ئێمە نایزانین بۆ ئاشکرای ناکەن!
دووهەم؛ هەل و مەرجی پێشوەختی سەبەخۆیی، هەل و مەرجی پێشوەخت بۆ سەربەخۆیی هێزە، ئێمە باسی ژینگەی شارستانی و ژیاری ناکەین وەك فەنتازیایەك، بەڵام هێز پێش مەرجێکی گرنگە، بە تایبەت کە پشتیوانێکی یاسایی نێودەوڵەتی نەبێت قەرەبووی ئەو هێزە پشتیوانەت بۆ بکاتەوە. لێرەدا ئایا کوردستان و هەرێمەکەی "سەرۆك" ، بە تەنیا خۆی چ هێزێکی هەیە کە ڕوو بەڕووی دوژمنەکانی پێ ببێتەوە؟ ئێمە قسە لە سەر دوو هێز دەکەین، هێزێکی سەربازی و هێزێکی ئابووری (هەموو جۆرەکانی تری هیزی زانین و پسپۆڕی و هێزی تەکنۆلۆجی و هێزی زانستی....تاد، با خاتری "سەرۆك" بن). لەبەر ئەوەی هیچ کام لە نەیارەکانی کوردستان پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان ناکات، ئەوا بوونی هێزێك کە بتوانێت بەرگری لە مانەوەی ئەو قەوارە سەربەخۆیە بکات گرنگییەکە ناتوانین دەستبەرداری ببین. ئەگەر بارزانی بەڵێنێکی شەفەهی لە ئەردۆغان و ئیدارەکەی وەرگرتوە، ئەوا بەڵێنەکەی تەپکەیەکی زۆر گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە دەنگی خەڵکی کوردستان هەر خۆ بە خۆ دەبێتە جێبەجێکاری ئەو خەونەی تورکیا لە گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ هەیەتی. ئەوە ئیتر قسە لەسەر هیچ کام لە وردەکارییە یاسایی و پراکتیکییەکانی تری ناکەین. بەڵام ئەم پرۆسەیە چۆن ڕوو دەدات:
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا نەکات؟
ئەوا دەبێتە چەکێك بە دەست دوژمنەکان و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ پرۆسەیەکدا نین کە سەرکردایەتی سیاسی دەیخاتە بەردەست و بە شەرعیەتێکی لاوازەوە مەسعود بەرزانی ئەنجامەکانی دەچنێتەوە. ئەمەش مەترسییەکانی بۆیکۆتکردنە، ئەگەر بۆیکۆتێکی سەرانسەری نەبێت. کە ئەمەی دواییان ڕوونادات، چونکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەزۆر و بە ساختە هەر بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا بکات؟
ئەوا؛ ئەنجامەکان لەبەردەم سێ ئەگەردان: زۆرینەی سپی، زۆرینەی نەخێر یان زۆرینەی بەڵێ!
ئەگەری زۆرینە سپی:
زۆر لاوازە، بە پێی ئەزموونی مێژوویی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەروەها بەپێی زۆر و ساختەکارییەکانی پارتییەوە. خۆ ئەگەر هێشتا ڕوو بدات ئەوا هەمان ئەنجامی بۆیکۆتی دەبێت بڕوانە دراوی شەشەم.
ئەگەر زۆرینە نەخێر بێت:
ئەوا خەونی سەربەخۆیی لەسەر خوانێکی ئاڵتوونی پێشکەش بە دوژمنە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکرێت، وەك ئەو ڕاسپاردە و کەمپینەی کەوتوەتە سەرشانی (شاسوار). خواستی دەرەکی بە تایبەت ‌هێزە زەبەلاحە دەرەکییەکانی وەك یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت ڕووسیاش ئەوە نییە کوردستانێکی سەربەخۆ هەبێت. بەردەوامی گرێی کوردستانیان، دەکاتە بەردەوامی پشێوی لە ناوچەکەدا، کە دەکاتە دەرفەتی هەمیشەیی بۆ دەستکاری ئەوان و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان خۆیان. هەروەها لە پرانسیپی دیموکراتی و یاساییشیاندا ئەو سەردەمە بەسەرچوە ئەوان بێن و ڕێگری لە ڕوودانی کارێکی ئاوا بگرن، بەڵام ئەگەر ڕوویدا ئەوا ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی بە دڵی ئەوان بێت! بۆیە ڕێفەراندۆم ئەگەر ئاگرێکە مەسعود بارزانی کردبێتییەوە، ئەوا تێزەکەی (شاسوار عەبدولواحد) جامە نەوتێکە و بەم ئاگرەیدا دەکات.
ئەگەر زۆرینە بەڵێ بێت:
ئەوا کارتی سەربەخۆیی دەکەوێتە قووڵترین گیرفانی ناپاکترین و تاوانبارترین هێزی کوردییەوە، کە بێگومان چۆن سامانی نیشتمانی تەسلیم بە ئەردۆگانییەکان کردوە و لە ڕێگای دانا غازەوە هەر ڕۆژەی قەباڵەیەکی پارە لە بانکەکانی تورکیا و بەریتانیادا سپی دەکەنەوە، بە هەمان شێوە خەونی پاوانی ناوچەییشیان دەهێنێتەدی. پرۆژەی ئیسلامیزم لە ناوچەکەدا تا ئەم ساتەش لە دەسەڵاتی ڕۆژئاواییەکان نەچۆتە دەرەوە و ئەوان بەردەوام لە خواردنی بەرەکەیدان. بۆیە ئەوە خەون و پڕوپاگەندەیەکی بەتاڵە کە گوایە ڕۆژئاواییەکان لە تورکیا توڕەن، بەڵێ ئەشێ لە هەندێ سیاسەتی ئەردۆغان ناقایل بن، بەڵام لە کۆی پان تورکیزم لە ناوچەکەدا گلەییەکی ئەوتۆیان نییە، گلەییان لە چۆنێتییەکەی هەیە. گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ ژێر ئینتیدابی تورکی لە ڕێگای بنەماڵەی بەرزانییەوە؛ شاپێڕی قومارە گەورەکەی مەسعودە بۆ ئەوەی لەوارەکەی تورکیا هیچ نەبێت کوێخایەتییەکی درێژخایەنی دەست بکەوێت.

چارەسەر
تاکە چارەسەر برتییە لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەم ڕێفەراندۆمە. ئەشێ زۆر ئاستەم بێت ڕێگری لە پرۆسەکە بکرێت لە هەموو کوردستاندا، بەتایبەت بە هۆی زۆر و ستەم و ساختەکارییەوە لە ناوچەی زەرددا ئاستەمە، بەڵام خۆ دەکرێت لەو ناوچەیەشدا بۆیکۆت بکرێتە کەرەستەیەك بۆ بەرهەڵستکاری. هەروەها ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گۆڕان و یەکێتی کاری ئاسانترە و دەکرێت ناوەندەکانی دەنگدان دەستیان بەسەردا بگیرێت و ڕێگری تەواو بکرێت لە ڕوودانی هەر هەنگاوێك کە بۆ ڕێفەراندۆم دێتە پێش. بە تایبەت کەرتی پەروەردە و تەندروستی و هێزی کارمەندانی بێموچە بە ئەندازەیەکە زۆری لەم بارەیەوە پێدەکرێت. هەروەها دەکرێت بزووتنەوەی گۆڕان ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەت کاندیدی پلە یەکە بۆ ڕێبەرایەتی ئەم بەرهەڵستکارییە لەم وێستگە خێراییەی مێژووی ئێمەدا. با وای دابنێین ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ناوچەی نیللی و سەوزدا شکست دەخوات و ئەنجام نادرێت، ئەوا:
* خودی پرۆسەکە، جگە لەوەی ناوچە دابڕاوەکاندا ئەنجام نەدراوە، لە هەرێمیشدا ناتەواوە، کەواتە وەك ئەوەیە نەکرابێت و لە نیوە زیاتردا شکستی خواردبێت.
* ئامانجەکانی مەسعود بەرزانی شکست دەخۆن، چ لە تەسلیمکردنی هەرێم بە تورکیا، چ لە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی.
* لە بیرمان نەچێت شکستی ڕیفەراندۆم، جیاوازە لە بۆیکۆتکردنی. شکستی ڕیفەراندۆم، چانسی ڕیفەراندۆمێکی تر ناکوژێت و ڕەوایەتی لە ڕوودانی دەسەنێتەوە.
کەواتە ئەرکێکی ئەخلاقی هەر هێزێکی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازە ئەم پرۆسەیە بە هەر نرخێك بێت پەك بخات و نەهێڵێت لایەنی کەم لە هەموو کوردستاندا بە سەلامەتی بەڕێوە بچێت، وەك ئەوەی پارتی و سەرانی خیانەتکاری ئەو پرسە دەیخوازن. خۆ ئەگەر ئاگرەکە نەکرێتەوە جامە نەوتەکەی شاسواریش ناتوانێت کڵپەی زیاتری پێ بسێنێت.