بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





17/01/2016

بۆیکۆت


بۆیکۆت بریتیە لەچالاکیەکی ڕێکخراو کەبەکاربەر خۆبەخشانە پێی هەڵدەستێت بەشێوەیەکی ڕێکخراو یان تاکەکەسی و تێیدا بڕیاردەدات چیتر بەرهەمێکی دیاریکراو نەکڕێت، بەکارنەهێنێت، مامەڵە لەگەڵ کەسێك، دەزگایەك تەنانەت دەوڵەتێکدا نەکات. ئەم چالاکیەش وەک پرۆتێستۆیەکی سیاسی ئەنجام دەدریت و لەزۆر باردا گرنگی تایبەتی هەیە. بۆیکۆت وەك وشە دەگەڕیتەوە بۆ چارلس بۆیکۆتی لۆردی بەریتانیایی. ئەوەش نەك لەبەر ئەوەی یەکەمجار ئەم وشەیەی بەکارهێناوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی یەکمجار جوتیار و کرێکارە ئیرلەندیەکان لەساڵی 1880 ی زاینیدا توانیان ئەم لۆردە ناچار بکەن بەگۆرینی سیاسەتی خۆی لەبواری بەرهەمی زەوی و زاردا و زیانێکی گەورەیان بەسەرچاوەکانی داهاتی ئەم سەرمایەدارە گەیان. ئیدی لەو کاتەوە وشەی بۆیکۆت بووەتە ئەو زاراوە ئابووری و سیاسیەی لەزۆر بۆنە و بواری فکری سیاسی و تەکنیکی سیاسیدا بەکار دەهێنرێت.

بۆیکۆت زۆر ڕێگا و شێوازی ئنجامدانی هەیە، لەوانە، بۆیکۆتی ئابووری، هونەری، سیاسی...تاد. بۆیکۆتی ئابووری وەک گورێزکردن لەکڕینی شمەکێک، بۆیکۆتی سیاسی وەک بەشداری نەکردن لەپرۆسەی دەنگداندا یان دەمدابڕینی دیبلۆماتی، هەروەها بۆیکۆتی هونەری و وەرزشیش دەکریت ئەنجام بدرێت.. بەواتایەکی تر بۆیکۆت لەبنەڕەتدا بۆ یەک بابەتە و یەکجار بۆ ئەو بابەتە بەکاردێت، بەڵام ئەگەر درێژکرایەوە و چەند بابەتێکی گرتەوە دەبیتە بۆیکۆتی ڕێکخراوی مەودا درێژ، کەدەبیتە بەشیک لەسیاسەت و کەرەستەی سیاسی دامەزراوەیەک. بۆیکۆتمان هەیە کەیەکێتییەک یان لایەنێکی ڕێکخراو ئەنجامی دەدات و دەبیتە سپانسۆری چالاکی بۆیکۆتەکە. بۆ نمونە دەکرێت سەندیکایەک یان ڕێکخراوێک یان کۆبەندێکی سیاسی بەم کارە هەستێت، بەم جۆرەش دەوترێت بۆیکۆتی سەرەکی. هەندێ جار لایەنێک بۆیکۆت ڕادەگەیەنێت، بەڵام خەڵکی تریش سیاسەتەکەیان پێ باشە و شوین پرۆسەکە دەکەون، بەو جۆرەش دەوترێت بۆیکۆتی لاوەکی. زۆر پۆلێن و تیڕوانین هەیە بۆ ئەم کەرەستە و تەکنیکە سیاسیە کەناکریت لێرەدا لەهەموویان باس بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کەئەم تەکنیکە ئەمرۆ زۆر ئاسانتر بووە لەڕابردوو بەتایبەت بەهۆی خزمەتگوزاری ئەلەکترۆنی و فراوان بوون و ئاسانی تۆڕەکانی پەیوەندیەوە.

هەمیشە بۆیکۆت چەکێکی ڕەوایە و لەهەمان کاتدا زۆر کاریگەرە، خەڵک دەتوانێت بۆ گەیشتن بەئامانجە سیاسیەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت. واتە تاکەکەسیش دەتوانێت بەکاری بهێنێت کەدەچێتە خانەی بەکارهێنانی ئەخلاقیەوە، یان هێزی ڕێکخراو و سیاسی دەتوانێت بەکاری بهێنێت کە دەچیتە خانەی بۆیکۆتی سەرەکیەوە. لەهەردوو بارەکەدا دەبێت هۆشیارانە بەکار بێت چونکە لەکاری سیاسیدا چەکێکی دوودەمە و دەکرێت زیان بەبەکاربەر بگەیەنێت. بۆیە هەمیشە بۆیکۆت دەبێت زیان لە بەکاربەر نەدات، یان ئەگەر زیانی هەبوو زیانێکی زۆر لاوەکی بێت بۆ سەر بەکاربەر و کاریگەری گەورە لەسەر بەرهەمهێن یان خاوەن دەستکەوت دابنێت. ئەمەش کارێکی هەستیارە بەڵام زۆر گران و ئاستەم نییە، چونکە ئەمڕۆ ژیان پڕ ئەڵتیرناتیڤ بووە، بۆ نمونە مرۆڤ دەتوانێت سروشت بەکار بهێنێت بۆ سەیران و دەربڕینی خۆشیەکانی خۆی و کاتێکی بەسوود بەسەر بەرێت، لەکاتێکدا بۆیکۆتی هەوموو ئەو کۆمپانیا وشاری یاریانە بکات کە دەزانێت جۆرێک لە مۆنۆپۆلی سیاسی مۆنۆپۆڵکراون.. ئەمە سادەترین نمونەیە، لەکاتێکدا گەشتیاری پێداویستیەکی سەرەکی نییە لەژیاندا کاتێک ئازادی سیاسی لەژێر مەترسیدا بێت.

لەڕووی یاساییەوە بۆیکۆت مافی هاوڵاتیە و لەهیچ بۆنە و دەستوورێکدا ناتوانرێت قەدەغە بکرێت، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم چونکە چالاکیەکی مەدەنی خۆبەخشانەیە، دووەم بەرهەڵستیەکی مەدەنی ناتوندوتیژانەیە. زۆرن ئەو کەرەستە سیاسیانەی دەکەونە خانەی بەرهەڵستی و یاخی بوونی مەدەنی، وەک نەکردنەوەی دووکان و بازاڕ، خۆپیشاندانی مەدەنیانە، بۆیکۆتیش یەکێکە لەچەکە کاریگەرەکانی هێزی لاواز کەدەتوانێت هێزی بەهێزی پێ ناچار بکات. ئەم تەکنیک و چەکە سیاسیە، لە زۆر بۆنەی مێژوویی و جیهانیدا بەکار هاتوە و کاریگەری گەورەی داناوە لەسەر هێزە دەسەڵاتدارەکان. لەنمونەی ئەوانە بۆیکۆتی ئەفریقاییە ئەمریکاییەکان بەرامبەر سیاسەتی ڕەگەزپەرەستی، بۆیکۆتی هنری فۆرد بۆ جوولەکەکان، بۆیکۆتی دژی نازیەکان لەئەڵمانیا، بۆیکۆتی هەردوو ئۆلۆمپیادی مۆسکۆ و لۆس ئەنجلوس، بۆیکۆتی چینیەکان بۆ کاڵای یابانی،...زۆرن ئەو نمونانەی دەکریت سوودیان لێ وەربگرین.

لەپاڵ بۆیکۆتدا، هەمیشە زاراوەیەک بەکار دێت کەپێی دەوتریت دەنگدانی دۆلار، Dollar Vote، ئەمە زاراوەیەکی ئابووریە، بەڵام زیاتر لەبواری سیاسی دا بەکاردێت. دانگدانی دۆلار، مەبەست لێی ئەوەیە کەهەموو کڕینی کاڵایەکی دیاریکراو وەک ئەوە وایە دەنگمان دابیت بەو کاڵایە، واتە ئەگەر پارەکانمان لەو کۆمپانیای خانووبەرانەدا خەرج بکەین کە دەسەڵاتی کوردی قۆرخیکردوون، وەک ئەوە وایە دەنگمان بەمۆنۆپۆڵی ئابووریانەی ئەو کۆمپانیانە دابێت.. بەهەمان شێوە بۆ کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیلیش ڕاستە. چونکە خەرجی ئێمە لەو کۆمپانیایانە بەردەوامی دەبەخشیتە سەرچاوەی ئابووری ئەو دەسەڵاتە کەهێزی ئابووری خۆی دژی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەکار دەهێنێتەوە، وەک کڕین و ڕسواکردنی هونەرمەندان، وەک سازکردنی باڵەخانە بۆ ڕیکخراوەکانی پارتەکان...تاد. کرداری دەنگدان بەدۆلار، تەنیا ناوە لەسەر دراوی دۆلار، بەڵام لەبنەڕەتەوە بۆ هەر دراوێکی تریش ڕاستە.

جۆرێک لەجۆرەکانی بۆیکۆت، بەکارهێنانی ئەخلاقیانەیە، moral consumption، کەبەتەواوی پشت بەهۆشیاری تاک دەبەستێت. لەم چالاکیە سیاسیەدا تاک ناوەستێتە سەر لایەنێک یان هێزێک ڕیکیبخات بەڵکو لەڕووی ئەخلاقی تاکەکەسی خۆیەوە دژایەتی سیستەمێک یان کۆمپانیایەکی نامرۆیی یان دەسەڵاتێکی ستەمکار دەکات. لەبەکارهێنانی ئەخلاقیدا بەکاربەر، لەسەرچاوەی بەرهەم و بنەمای قازانج دەڕوانێت، بۆ نمونە بەرهەمی کارگەیەک ناکڕێت کەچەک بەرهەم بهێنێت، یان مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دەزگایەکی دیاریکراو ناکات، یان زۆر بەسادەیی ئایسکرێمی کارگەیەک ناخوات کە موڵکی بنەماڵەیەکی ستەمکار یان خیانەتکار بێت... ئەمجۆرە لەبۆیکۆت گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت زیانی زۆر بگەیەنێت بەسەرچاوەی ستەمکاری.

ئەمڕۆ لەکوردستاندا کەدەسەڵاتی سیاسی گیریخواردوە و مەودایەکی درێژە دەربازی نابێت بەرەو ڕۆشنایی، هەروەها ناڕاستی سیاسەتەکانی دەسەڵات بەرامبەر پرسە مرۆیی و نیشتمانیەکان سنووری ناڕاستی تێپەڕاندوە و بەدەگمەن هەیە نەچووبێتە دۆخی ناپاکی و دواخستنی کۆمەڵگاوە. ئەمڕۆ کاتی ئەوە نەماوە خەریکی هەوڵی ڕاستکردنەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی لەکارکەوتوودا بدەین و ئومێدی خۆمان خەسار بکەن بەو هیوایەی ڕاست ببێتەوە. ئەم دەسەڵاتە سەراپای فکر و جەستەی لەگەندەڵی و نابەرابەری و چەوتی هەڵکشاوە، هەرچۆن بمانەوێت بەشێکی ڕاست کەینەوە دەبێت سەرلەبەری پێکهاتە و بیروبۆچوون و ئارەزوە سیاسیەکانی بگۆڕین. ئەوە لەبارێکیشدا ئەگەر بڕیارەکانی سەرکردایەتی ئەم دەسەڵاتە لەدەست خۆیاندا مابێت. کاتێک لەگەڵ ئەڵمانە گەنجەکاندا گفتوگۆی سیاسی دەکەیت، پێیان وایە باوانەکانیان هەموویان تاوانکار بوون، چونکە دەڵێن: "هیتلەر تاکە کەسێک بوو، بەڵام باوانی ئێمە سیاسەتەکانی ئەویان پێڕەو دەکرد".. بۆئەوەی وەڵامی نەوەی نوێ بدەینەوە، ناچارین لێرە بەدوا ئیستێکی گران و پڕکێش بکەین.. ئەودەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارە لەسەر پێی تاکە خیزانێک یان دوو خیزان نەوەستاوە، بەڵکو دەیان بەناو هونەرمەند و ڕاگەیاندکار و نووسەری دەربارو بەڕێوەبەر و کارمەندیان لەپشتە جگە لەجەلاد و تفەنگ بەشانی شێوەی موستەشارەکان. ئەم دەسەڵاتە دەیان و سەدان کۆمپانیای لەکوردستاندا کردووەتەوە، کە هیچیان کاڵای سەرەکی بەرهەم ناهێنن و بە ئاسانی دەکرێت بۆیکۆتیان کەین.

ئەم دەسەڵاتە لەدەزگاکانی خۆیانەوە بۆیکۆتی هەموو قەڵەم و ڕۆشنبیر و کەسیکی خاوەن هەڵوێست دەکەن کە لەگەڵیان نەبێت، ئەوە نموونەی زیندووی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتە کەنووسین و چاوپێکەوتن تەنیا لەگەڵ ئەوانەدا دەکەن کەخۆیان مەبەستیانە. بۆیە کاتی گرتنە بەری تەکنیکی بۆیکۆت زۆر دەمێکە هاتوە کەبەهۆیەوە دەتوانرێت گوشاری بەهێز و هەستوور بخاتە سەر دەسەڵات و لەگۆشەیەکی ترەوە ناچار بکرێت یان دەکەویتە هەڵەی زیاترەوە و مەرگی خۆی نزیک دەکاتەوە، یان مل بە داواکانی خەڵک کەچ دەکات، کەبەداخەوە من خۆم لەم ئەگەرەیان بەگومانم. بۆیە گرنگە بتوانرێت بۆیکۆتی هەموو ئەو لۆتی و بەناو هونەرمەندانە بکرێت کەمەخسەرەکانی دەسەڵات دەڕازیننەوە، دەکرێت بۆیکۆتی هەموو ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کەجگە لەتاڵانکردنی داهاتی خەڵک هیچ ئیزافەیەکی ئابووری یان سیاسی یان فەرهەنگیان نییە.. خەڵکی کوردستان دەتوانێت بەبڕێکی کەم لەبەختکردنیتر لەڕووی مۆراڵی و ئەخلاقیەوە ئاسوودەتر بژی.

05/01/2016

چیرۆکەکەی باوکی لاس / کولتوور نەخشەڕێی هەنگاوە کۆمەڵایەتییەکان ــ ٣ ــ کۆتای


کاتێک ورد دەبینەوە لەو چارەسەرە گرنگ و ئەرێنییەی باوکی لاس، بۆ هاتنە دەرەوە لە ژینگەی توندڕەوی و توندوتیژی، ئەوا ناچارین بپرسین باوکی لاس ئەم زانست و تێفکرین و چاکەکاریە (فەزیلەت) بەرزەی لە کوێوە هێناوە؟ باوکی لاس خاوەنی چیرۆکێکە کە لە سێشەممەی ڕابردودا ٢٠١٥/١٢/٢٩ لەلاپەڕە (١١) ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە ١٧٠٨ دا بڵاوکراوەتەوە، من ئەم چیرۆکەم لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرچاوکەوت و خوێندمەوە. هەستمکرد پڕە لە تێڕامان! یەکێک لەو تێڕامانانە لە درکێکی بەرزی (باوکی لاس) ەوەیە، کە چۆن توانیویەتی لەو ژینگە تال و توونەدا وانەیەکی ئاوا گرنگ هەست پێ بکات و پێمان بڵێتەوە؟ یان دەکرێت بپرسین سامپلی باوکی لاس چۆن گەورە دەکرێت و زیاتر لە گەڕەکێک بگرێتەوە؟

ئەو دوو سێ پرسیارەی سەرەوە، تەنیا پرسیارێکی سەرزارەکەی و ئاسایی دەردەکەون، لە کاتێکدا لە گرنگیدا مانای زۆر قوڵ هەڵدەگرن، لایەنی کەم بۆ من. چۆن بۆمان گرنگ بوو مرۆڤێک بە بێ پشتیوانییەکی دامەزراوەیی بتوانێت وانەیەکی گەورە لەکۆمەڵگادا درووست بکات، گرنگترە بۆ هەریەکەمان بزانین خودی ئەم مرۆڤە هۆشیارە بەرئەنجامی چی ئاوا بەئاگا و پڕ دەست دەبێت لە دەستپێشخەری و دەتوانێت وەک یەکێک لە تاکە دانسقەکان لە کۆمەڵگادا کاریگەریی دانێت. کە لەوانەیە تەنیا بەرئەنجامی چاکەکارییەک ئەو شوناسە وەرگرێت. لێرەوە دێمە سەر پرسی دووەم، کە ئەویش بە دامەزراوەکردن و بە کولتوورکردنی ئەو داهێنانانەن کە مرۆڤە دانسقەکان درووستی دەکەن و چ گرنگییەکیان هەیە لە گۆڕانکاری کولتووریدا ئەگەر بەخاوەن بکرێن. ئەگەر هەڵە نەبم خودی ئەم زنجیرە نووسینەم تەنیا لەبەر ئەم پرسە بووە، جگە لە جوانی و کرداری کارەکە کە ((چیرۆکەکەی باوکی لاس)) ە ڕستەی ڕیشەیی من ئەم دوو پرسیارەیە، کە لەم بەشەدا بە چەند جۆرێک دووبارەیان دەکەمەوە.

مرۆڤ کاتێک خەمێک و ئەندێشەی تێڕامانی لە پرسێک هەبوو، کاتێک ئەم خەمە ڕیشەیی بێت لەگەڵ ژیاندا و خۆی ڕاستگۆیانە بە لەخۆبووردنەوە هەوڵی چارەسەری بدات، ئاساییە کە کەسێکی دانسقەی لێ بەرهەم بێت. من گومانم هەیە مرۆڤی ئاسایی بتوانێت دانسقە ببێت لە چاکەکاریدا.. ڕاستە هەموو تاکێک لە خۆیدا دانسقەیە و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە پەیوەندی بە هیچ کەسێکەوە نییە، بەڵام لە کۆی کولتوورێکدا ژیان بکەیت کە سیخناخ بووە لە توندوتیژیدا و لە ژیانی تاکەکەسی وکۆمەڵایەتی خۆتدا مرۆڤێکی تەواو نا توندوتیژ و بەخشندە بیت، گومانی تێدا نییە کە ئەم مرۆڤە (باوکی لاس) بە سێ پرۆسەی گەورەدا ڕۆشتووە و ئەم کردەوەیەی ئەو، کردەوەیەک نییە بە ڕێکەوت پەیدا بووبێت:
١. ناکرێت باوکی لاس کەسێکی نەخوێنەوار بێت، مەبەست لە خوێندەواری بەدواداچوون و تێڕامان و بیرکردنەوەیە لەو تێکستانەی هەر مرۆڤێک دەیخوێنێتەوە یان دەیبیستێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەم مرۆڤە بە ئاستە بەرزەکانی گەشەی هۆشیاریدا ڕۆشتوە، کە لەلای من و ئەوەندەی لە فێربوونەوە بیرم مابیت بریتین لە: فێربوون، پاشان زانین، پاشان تێگەیشتن و پاشان درووستبوونی دونیابینی تایبەت و دواجاریش پراکتیزەکردنی گریمانە خودییەکانی مرۆڤ و لێفربوون لێیانەوە.
٢. ناکرێت ئەو کردەوەیەی باوکی لاس پێی هەستاوە، لە کەسێک بوەشێتەوە کە بێ ئاگا بێت لە دووری و ئاستەنگەکانی زەبر و توندوتیژی و بێئاگا بێت لە پێکهاتە سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری خۆی. چ ماف و ئازادییەکانی منداڵە دەساڵانەکە، چ ماف و کەرامەتە مرۆییەکانی کەسی تاوانکار، تەنانەت چواردەور و خەڵکی دەوروبەری تاوانکارەکەشی خوێندوەتەوە و بەباشی ڕاڤەی کردوە، بەر لە ڕەفتارە ناتوندرەوەکەی.
٣. ناکریت باوکی لاس لە کۆی پرۆسە سیاسییەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دوور بێت، تەنانەت ئەگەر خودی خۆشی بە تاکێکی دونیای دەرەوەی کایە سیاسییەکان بزانێت، هەرناکرێت دوور بێت، بەڵکو ئەوە بۆ من حەتمیەتی سیاسی بوونی کەسی هۆشیارە، یان ڕاسترە بڵێم سیاسی بوونی بگۆڕ لەو چرکەساتەوە سەرهەڵدەدات کە کەسی هۆشیار ئامادەیە. بەواتایەکی تر دیکارت واتەنی ئەو بۆیە هەیە و بەرەنگاری هەموو دژەتەنەکانی بوونی خۆی دەکات، کە لێرەدا کۆی کولتووری توندڕەوییە، چونکە ئەو بیریکردوەتەوە توانیویەتی فۆرمێکی تر بۆ ژیان لە بیرکردنەوەوە بەرهەمبهێنێت.

لەم پرسیارەدا ئەنجامگیرییەکانم بەم شێوەیە دەخەمە ڕوو:
١. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت کاراکتەرێکی داهێنەر بێت، ناچارە پێشتر زۆر تێگەیشتبێت و تێگەیشتنەکەی بە کرداری بکاتەوە.
٢. مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت بگۆڕ بێت، دووچاری پشوودرێژی و چەشتنی زۆر زیاترە لە تەنیا ئازارەکانی ناخی خۆی.
٣. مرۆڤ کاتێک دەتوانێت ڕۆشنبیر بێت و کاریگەرییە ڕۆشنبیرییەکانی دەرکەون، کە لە تیۆرەوە بپەڕێتەوە بۆ دونیای جێبەجێکردن، (( تاکە سەرکەوتنی باوکی لاس لەم خاڵەدا دبینمەوە)) مرۆڤێک جوان بیری کردەوە.. بیرکردنەوەی خۆی کرد بە کردار.. لەم کردارەدا دەستکاری کولتوورێک دەکات بارتەقای مێژوویەکی هەزاران ساڵە بەدبەختی لە خۆی بارکردوە.
٤. مرۆڤ دەتوانێت زۆرجۆر قوربانی پێشکەش بکات، قوربانیدانی ژیرەکان زۆر گەورە و زۆر ئازار بەخش و پڕە لەدەستەکەوت، ئەو کۆمەڵگایانەی ژیرەکانی تێدا دەخەسن و ناتوانن لە پانتایی خۆیاندا بەخشندەیەکی بەکردگاربن.. ئەوە ئەو کۆمەڵگایانەن کە ڕوو لە هەڵوەرین و بە هەپروون بوون دەکەن.
٥. مرۆڤ لە جۆری باوکی لاس بە ڕێکەوت و بە بەخت هەڵناکەوێت، ئەبێت درووستبکرێت! ئەوەی وەک ڕێکەوت دیارە لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا ڕێکەوت نییە، بەڵکو ئەوانەن کە توانیویانە لەشین و شادیدا دانشکاری زرنگ و بەردەوام بن، ئەوانەن کە لەناوەوە بۆخۆیان گەورە بوون نەک لە دەرەوە و لە ڕواڵەتدا تەنیا بۆ بەرچاوی خەڵک.

گەر بچمە سەر پرسی دووەم، من دەریایەکی لێڵ و تەواو لێڵ دەبینم ئەویش ئەو کولتوورە پڕ لە سەرکوتکارییەیە کە کۆمەڵگای ئێمە هەیەتی. چ کارەساتێکە مرۆڤێک خاوەنی خێزان بێت و پێگەیشتوو بێت سەر بە حەمامی ماڵاندا شۆڕ بکاتەوە بۆ لە ئازادی خستنی منداڵێک؟ ئەمە زۆر نمایشی شانۆییم بیردەخاتەوە، یان بەلامەوە سەیرە شانۆکارەکانمان ئەمە نەکەنە دەق و سیناریۆ و لە هەموو دوورییەکانی سەرکوتکاری نەکۆڵنەوە.. ئەوە چ ژینگەیەکە ئەم هەموو نەخۆشەی پەروەردەکردوە؟ کوان ئەو کامێرا و فیلمە سینەمایی و زنجیرە تەلەفزیۆنیانەی کە لەمەڕ ئەم چیرۆکە واقعیانەدا نابینا و زەلیلن؟ ئەمانە تەنیا ڕەخنە نین لە کەناڵ و پسپۆڕەکانی بوای نواندن و ڕاگەیاندن، بەڵکو ئەمانە بەبیرهێنانەوەن بۆ ئەو دامەزراوە و پێکهاتانەی دەتوانن بە یەک جووڵە ڕۆڵی سەدان باوکی لاس ببینن.

لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ هاوڕێیەکی زۆر ئازیز گفتوگۆمان بوو، لە نێو تەوەرەکانی گفتوگۆدا، دەستەواژەیەکی گەورەم بۆ دەرکەوت: "ئەنجامی نامۆیی و دابڕانی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دەیگەیەنێتە ئەوەی هیچ پابەندییەکی بە فەزای گشتییەوە نەمێنێت" مرۆڤ کاتێک پابەند نەما بە کۆدە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناتوانیت داوای لێ بکەیت لەڕێگای دیسپلینی کردنی خۆیەوە مافەکانی ئەوانی تر بپارێزێت. خوێنەری بەڕێز لەلات سەیر نەبێت ئەمە هەمان ئەو گرفتەیە کە کۆی کایە سیاسییەکانی کوردستانی گرتوەتەوە و لەسەر ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پیادە دەکرێت. ئەمەی کە ڕوو دەدات ئەوەیە کە کەس لە هیچ بوارێکدا هەستی تێربوونی نەماوە، لە خواردن لە سەیارە لە ماڵ لە توخمتێری (سێکس) لە هیچ توانای تێری نەماوە یان هەست بە تێربوون ناکات، ئەوە کۆی ئەو کولتوور و ژینگە بەکارهێنییەیە، کە بەرئەنجامی ڕێکەوتنێکی گەورەی ناخودائاگایانەی نێوان دەسەڵاتی قازانج ویست و زۆرینەی بێئاگای کۆمەڵگادا هەیە. سەرئەنجام کۆی دەستەبژێرێک کە لەخەمی گۆڕان و چاکسازی و بەرەوپێشچوون و گەشەسەندندایە دەبێت پەراوێز بکەوێت و نمونەکانی باوکی لاس تێیدا دەگمەن و دەرکەنارکەون.

بەپێی تیۆرەکانی ئارکیولۆجیا (ئارکیۆلۆجیا بەشێکە لە بەشەکانی زانستی ئەنترۆپۆلۆجی کە ئەویش بەشێکە دەکەوێتە نیوان مرۆڤ ناسی و کۆمەڵناسییەوە)، کولتوور لە سێ ڕێگەی زۆر سەرەکییەوە گەشەدەکات و گۆڕانی بەسەردا دێت:
یەکەم؛ داهێنان Invention، هەر داهێنانێکی تاکەکەسی بۆ کەسێکی تر و لەنێو گرۆکاندا دەگوازرێتەوە، ئەکرێت داهێنان هەبێت نێونەتەوەیی بێت، ئەکرێت داهێنان هەبێت لە کۆمەڵگایەکدا ڕوو بدات و دواتر بۆ کۆمەڵگایەکی تریش بەکار بێت. گرنگی لە خێرایی گواستنەوەی داهێنانەکە و جۆری داهێنانەکەدایە، داهێنان هەیە ماددیە و هەیە تەنیا بیرۆکەیەکە، کاریگەری و پێویستی داهێنانەکە گرنگە بۆ ئەوەی زوو بگوازرێتەوە، هەروەها کەناڵەکانی گواستنەوەش دەورێکی گرنگ دەبینن لە گۆڕانکاری کولتووردا بەهۆی گواستنەوەی داهێنانەکانەوە.
دووەم؛ پرۆسەی پەرشبوونەوە Diffusion، ئەم پرۆسەیە واتای بڵاو بوونەوە یان پەرشبوونەوەی ڕەفتارێکە کە لە نێوەندێکدا هەیە و دەگوازرێتەوە بۆ نێوەندێکی فراوانتر. بەزۆری ئەم پرۆسەیە بە کاریگەرییەکانی بیرکردنەوە کاردەکات، واتە تا چەند بیرکردنەوەکان پەرشدەکرێنەوە. ئێمە باش دەبینین لە کۆمەڵگای ئێمەدا بیرۆکەکانی توندڕەوی چەندین ناوەندیان هەیە بۆئەوەی پەخشیان بکەن و بیانکەنە ڕیشەی کولتووری، لەبەرامبەردا ناوەندەکانی بازاڕی سەرمایە و کولتووری بەکارهێنی هەمان کاردەکەن و ڕیکلام و بانگەشە لەسەر یەکتر بۆ یەکتر نوێ دەکەنەوە.. لە بەرامبەردا هەوڵە گرنگ و بیرۆکە مرۆییەکان، لە نمونەی چیرۆکەکەی باوکی لاس، کەمترین باس و سەرنجی لەمەڕ دەگوزەرێت و ئەبێتە قوربانی بەمۆزەخانەبوون لە سووچی ئەرشیفی ڕۆژنامەیەکدا. گواستنەوەی بیرۆکەکەی باوکی لاس، بە کارابوونی کاراکتەرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە گۆڕانکاری کولتوورییدا ڕۆڵێکی گەورەیان دەبێت لە بەمەنزڵگەیاندنی ئامانجی گۆڕانکاری کولتووری لە توندڕەوییەوە بەرەو ناتوندوتیژی.
سێیەم، ڕەوکردن Migration جووڵەی کەسی ڕۆشنبیر و کارا لە مەیدانی کۆمەڵایەتیدا لەناو خودی کۆمەڵگادا کاریگەری گەورەی هەیە. هەندێک جار ئەم ڕەوکردنە زۆر خۆجێیە (لۆکاڵی) لە نێو گەڕەکەکانی شارێکدا، هەندێک جار ناوچەیی و بۆی هەیە نێونەتەوەییش بێت. هەبوونی خەڵکێکی وەک باوکی لاس لە هەر کۆڵانێکی شار و گوندەکانی کوردستاندا گرنگن، سەرباری ئەوەی گرنگە ئەگەر نەشبن درووستیان بکەین یان ڕاسترە بڵێم پەروەردە بکرێن، یان ئەگەر کەمن باشترە لە بزاوت و جووڵەی بەردەوامدا بن لە نێو کۆمەڵگادا. نمونەیەکی زۆر گرنگی ئەم کاریگەرییە من لە دونیا و ژیانی پێشمەرگایەتییەوە دەیبینم، ئەگەر یادەوەرییەکانمان بگێڕینەوە دەبینین پێشمەرگە و جەولەکانی پێشمەرگە کاریگەری زۆر گەورەیان هەبوو چ بە باش چ بە خراپ لەسەر گۆڕانی کولتووری گوندەکانی کوردستان بەتایبەت لە نیوان شەستەکان تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. بۆیە جووڵەو ڕەوی ناوخۆیی هەمان کۆمەڵگا گرنگە، ئەگەر تێبینی بکەین لە ١٩٩١ ەوە ئەم جووڵەیە زۆر لاواز بووە و کەمترین گواستنەوە لە ئەرک و فەرمانە کارگێڕییەکاندا بەدی دەکەین، ئەمەش هەڵبزڕکانی کولتووری و زۆری سەبکەڵچەر درووست دەکات واتە بەشە کولتوور زۆر دەبێت. کاتێک بەشە کولتوور زۆر بێت و پرۆسەی تەواوکاری و یەکانگیری بەڕێوە نەچێت (کە دوو پرۆسەی زۆر ئاڵۆز و گران تێچوون و پڕ ئەرکن)، ئەوا زۆری بەشە کولتوور دەبێتە لەمپەڕ لەبەردەم پێشکەوتنی گشتی کولتووردا و گۆڕانکاری کولتووری لاواز دەبێت، بەم جۆرەش کولتووری باو تەمەنی درێژ دەبێت.. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە کولتووری باو کاتێک تەمەنی درێژ دەبێتەوە خۆی لەگەڵ پێشکەوتنی ماددیدا دەگونجێنێت و لە خەسلەتی کۆمەڵایەتیدا بە بەرد دەبێت. (بەداخەوە ئەم پرسە زۆر هەڵدەگرێت و دەرفەتی قسە کردنمان نییە لەسەری).

سەرئەنجام بابەتی زانستی زۆرن تێهەڵکێشیان بکەین بۆ لێکدانەوەی ئەم کردەوە گرنگانە، ئەم چارەسەرە بگۆڕانە، کەچی لەهەموویان گرنگتر ئەو پرۆسەیەیە کە بیناسین، چۆن باوکی لاس لە ژینگەیەکی کولتووری توندڕەودا کەسێکی ناتوندڕەوی کارا و بەکردەوەی لێدەردەچێت و دەتوانێت گۆڕانکاری بکات.. لەوە گرنگتر ئەوەیە باوکی لاسەکان زۆرتر ببن لەیەک دانە و لە یەک بۆنەدا نەبن.. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە لە ڕێگاکانی گۆڕانکاری کولتووری بگەڕێین و بوارەکانی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بتوانین کولتووری کۆمەڵگا گەشەپێبدەین، چونکە ئەو چەند نمونەیەی من لێرەدا باسمکرد، تەنیا لە دید و تێڕوانینە سەرەکییەکانی ئارکیۆلۆجیاوەیە و ڕێگا و تیۆری زۆر زیاتری هەیە. 

03/01/2016

چیرۆکەکەی باوکی لاس /چارەسەری نا توندڕەو لە نێوان بەهێزی و لاوازیدا ـ ٢ـ


ئایا باوکی لاس لە بەهێزی خۆیەوە ئاستی لێبوردنی بەرزە یان هەمیشە لێبوردەیی یەکێکە لەستراتیژەکانی مانەوەی خەڵکی لاواز، کە بەوجۆرە مامەڵە دەکات و هیچ پەنایەک ناباتە بەر توندڕەوی؟ هەمیشە لێبوردەیی لە بەردەم پرسیارێکی سادە و بیرێکی بەرتەسکدایە کە ئەکرێت لە ناخی هەریەکەماندا بژی.. ئەو پرسیارە پرسیارێک نییە سەرچاوەکەی بۆ زانین و ئەندێشەیەکی قوڵ بگەڕێتەوە، کەچی هەمیشە پرسیارە، زۆرجار هەیە ئەم پرسیارە خەڵکی ژیر پێش گێل دەیکات. ئایا تۆ بڵێی ئەم پرسیارە هێندە گرنگ و بناغە پتەو بێت یان چی؟ ئەم بابەتە بەشی دووەمی ئەو سەرنجەیە کە من بۆم درووست بوو دەربارەی بابەتێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتی کە لە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بەرچاومکەوت. ئەو بابەتە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەرواری ٢٩/١٢/٢٠١٥ و لە ژمارە ١٧٠٨ ی ڕۆژنامەکە و لە لاپەڕە (١١) دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم بابەتە چیرۆکی تاوان و سزایەکی کۆمەڵایەتییە بە ڕێگای ناتوندوتیژی دوور لە ئەندێشەی سێکس و شەرەف چارەسەری کێشەیەک دەکات.

گەر ورد بڕوانین ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەبینین، کە ئەنجامی خوێندنەوە و بەدواداگەڕان و تێگەیشتن،  گەیشتوون بە وەڵامی پرسیارێکی گەورە.. ئەو پرسیارەی ((ئایا ئێمەی مرۆڤ هێشتا لە دۆخی دڕندەییداین یان دڕندەییمان تێپەڕاندوە)). زانای گەورە و بیرمەندی بواری پەرەسەندن ریتشارد داوکینزیش لە پرسی جینی خۆپەرستدا دەکەوێتەوە هەمان پرسیاری باو کە لە خۆی و لە هەموومانی دەکاتەوە، ئایا مرۆڤ دڕندەیەکی قسە زانە، یان هەموو هەڵگری جینێکی خۆپەرستانەین؟ لەلای داوکینز وایە، ئەگەر دواجار ئێمە بوونەوەرێکبین وەک ماشینێک بە بەرنامەی جینی خۆپەرست بەرنامەکرابین، دەتوانین بەخشندەیی لە ڕێگای پەروەردە و کولتوورەوە گەشە پێبدەین. لە ڕاڤەکردنی پەرتووکی جینی خۆپەرستی ڕیتشارد داوکینز 1976، و لەیەکم دوانزە لاپەڕەی سەردێڕی (Why Are People) تێدەگەین:  فەلسەفە و هزری ناتوندوتیژی دەگمەنە لەلای کەسێکی نەزان چەکەرە بکات و گەشە بکات، تەنانەت ئەگەر سەرتاپای پەروەردەی ئەو کەسە لە کولتوورێکی ناتوندوتیژەوە سەرچاوەی گرتبێت.

بەڵی مرۆڤ بونەوەرێکە وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر دەشێت ماشێنێک بێت بە بەرنامەی جینەکانی کاربکات، بەڵام ئەم بوونەوەرە لەهەموو بوونەوەرەکانی تر زیاتر توانای ڕاستکرندەوە و ئاراستەکردنی هەیە.  ناتوندڕەوی پرسێکە تەواو وابەستەیە بە زانینەوە دواتر بە پەروەردە و پراکتیکی ژیانێکی ناتوندڕەوانەوە. داوکینز یەکێکە لەو زانایانەی هیشتا باوەڕی وایە ئاشتی دۆخێکە مرۆڤی لاواز بەکاری دەهێنێت وەک میکانیزمێک بۆ بەرەنگاری مرۆڤی بەهیز. بێگومان دیدی داوکینز لە ململانێی نیوان بوونەوەرە جیاوازەکانەوە سەرچاوە دەگریت، و ئەگەر ئەوە ڕاستیش بێت خۆ لاوازەکان زۆرینە پێکدەهێنن! لەم پنتەوە پرسیاری کولتوور بۆ ئێمە گەورەترین و زیندووترین پرسیارە. کولتوور ئەو شتەی مرۆڤ لە هەموو گیاندارێکی تر زیاتر ئالوودەی پرس و دوورییەکانیەتی، ئەگەر گیاندارەکانی تر هەڵگری خەسڵەتەکانیانن لە باوانەوە، مرۆڤ دەتوانێت جگە لە خەسڵەتە بایۆلۆجییەکانی هەموو خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی باوانی لەدەست بدات. بۆیە ئەوەی لەسەری ڕاهاتووین لەچارەسەری کێشەکاندا سەراپا شایستەی ئەوەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و میتۆد و ڕێگای تر بگیرێتە بەر. جا ئەگەر ڕێگا کۆنەکان بەبەهێز باسکرابن و چارەسەرەکان ئاڵۆز بکەن، ئەوا تژین لە لاوازی، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە.

باوکی لاس، لە چیرۆکەکەیدا باس لەوە دەکات کە پێشتریش پایسکلێکی داوە بە منداڵەکانی هەمان ماڵ کە کارەبای ماڵەکەی ئەویان بڕیوە! لە کۆمەڵگای نەزاندا کاردانەوەکان کاردانەوەی سادەی پەرچەکردارن، تێفکرین لە پاشهات و میکانیزمەکانیان زۆر کەمە. هەندێک جار ئەنجامی پووکانەوەی تێڕامان لە کۆمەڵگای تەکنۆلۆجی پێشکەوتووشدا هەمان شت ڕوو دەدات مرۆڤ ڕێگا باوەکان دووبارە دەکاتەوە و هەمان هەڵە بەرهەم دەهێنیت. میکانیزمی باوکی لاس لە بەخشیندا ئەوەیە، کە باوکی لاس دەوێت بە دراوسێکەی بڵێت مرۆڤ دەتوانێت لەبری ئەوەی داگیرکەر و وێرانکەر بێت دەتوانێت بەخشندە و بونیادنەر بێت. مرۆڤ لە بری ئەوەی مافی خەڵکی پێشێلبکات دەتوانێت کارئاسانی بکات بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بە مافەکانیان بگەن، ئەگەرچی توانای ئابووریشیان لە بار نەبێت. دەیەوێت بە دراوسێکەی بڵێت ببینە خالەکانی بەهیزی من لەوەدایە ئەم هەموو بەرهەمە نایابانەم هەیە، کەچی توانای دەستبەرزکردنەوەم لە تۆ نییە، ببینە لاوازی دەستبەرزکردنەوەی من تۆی چەند شەرمەزارکردوە!. ئایا ئەمە لاوازییە یان بەهیزی؟ چونکە بەرامبەر گرنگە لێی تێبگات!

ئەگەر باوکی لاس دەستی بەرزبکردایەتەوە و ئابڕووی دراوسێکەی ببردایە، چی ڕووی دەدا؟ پەرچەکرداری بەرامبەر شەرمەزاری دەبوو یان داکۆکیکردن لە خۆی، ئایا بەخۆیدا دەچووەوە یان پەرچەکرداری ئەویش دەبووە هێرش کردن بۆ سەر باوکی لاس؟ ئەم پرسیارانە گرنگن بۆ درک کردن بە چارەسەرەکانی ناتوندڕەوی. لەوەش گرنگتر گەیشتنی پەیامەکانە و بە بیرهێنانەوە و دووبارەکردنەوەی وانەکانە بۆ ئەوەی دۆخی پیاچوونەوەی خود لای تاوانکار بەردەوام بێت. بەتایبەت ئەگەر دراوسێی ئازیز لەم پرسە نەگەیشت، بۆیە هەیە باوەڕی وابێت لە هەموو خراپەکارییەکەوە ئەو دەستکەوتێکی زیاتری دەبێت. پاش برینی کارەبا پاسکیل بۆ منداڵەکانی وەردەگرێت، پاش سەرەتاتکێ و دەستدرێژیکردنە سەر ئازادییەکانی منداڵێکی ١٠ ساڵان، ئەو گۆڤار و ڕۆژنامە وەردەگرێت و دیاری پێدەبەخشرێت. هەندێ کات هەیە ئەم کردەیە بە پێچەوانەی خواستەکەیەوە دەبینین و بە لاوازییەکی گەورەی تێدەگەین.

هەڵە بینی ئەو هۆکارە سەرەکییەیە کە وا دەکات ئێمە، هەمیشە وا بزانین کە کەسی ناتوندوتیژ کەسێکی لاوازە، ناتوانێت داوا و خواستەکانی خۆی لە ڕێگای ململانێوە بە دەست بهێنێت بۆیە پەنا دەباتە بەر ناتوندوتیژی. بە پێچەوانەوە کەسی ناتوندوتیژ، هێزێکی لە ڕادەبەدەری هەیە کە دەتوانێت بە هۆی ئەو هێزەوە بەسەر شەڕانگێزییەکانی ناوەوەی خۆیدا زاڵ ببێت و کردەیەکی ناتوندڕەوانە بەرامبەر دەرەوەی خۆیی دەکات. کردەی ناتوندڕەوانە وزە و داخوازی گەورەتری پێویستە تا کردەیەکی توندڕەوانە. ئەوە لاوازیی بێویژدانییە کەوا دەکات ئازایەتی فۆرمی بەخشندەیی وەربگرێت، بەواتایەکی تر تا ئەندازەی بێویژدانیمان دابەزێت، دەتوانین زیاتر درک بە ئازایەتی بەخشندەیی و لێبوردەیی بکەین. ئازایەتی لە بەخشندەییدا ترسێکی پێشوەخت درووستی دەکات، کە ئەنجامی زاناییە لە مەڕ مەترسییەکانی خۆپەرستی. ئەوە خودی خۆپەرستییە مرۆڤ بخوازێت ئارەزووەکانی خۆی لە ڕێگای دەستدرێژییەوە بۆ سەر ئازادییەکانی ئەوانی تر تێر بکات. ئەم جۆرە لە خۆپەرستی، خۆپەرستییەکی جینی بایۆلۆجیش بێت، کاتێک کارایە کە دەرفەت لە بەردەم زانیندا داخراو بێت و هەر کات ئاستی زانین و هۆشیاری گەشەیان کرد، لێبوردەیی و بەخشندەیی دەبنە بەشێک لە پێکهاتەی مرۆڤ بوون، بەتایبەت کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی مرۆڤ بوون هۆشمەندییەتی.

لە ناوەڕۆکی دەستەواژەکانی سەرەوە دەردەکەوێت کە باوکی لاس، کەسێکە ترسنۆکە، بە پیوانەی گشتی کۆمەڵگایەک کە ناتوانێت لە گرێی شەرەف ڕزگاری ببێت. لەڕاستیدا باوکی لاس لەڕووی لێبوردەیی و بەخشینەوە زۆر ئازایە بۆ ئەوەی بەسەر خۆپەرستییەکانی خۆیدا زاڵ ببێت و بتوانیت نمونەیەکی ناتوندڕەوانە پێشکەش بکات. ئەم دیاردەیە ئاساییە، چونکە ناتونین تێگەیشتنی باڵا و هزرێک کە خاوەنی لێکدانەوەی مەزن بێت لەگەڵ تۆڵە و توندرەویدا کۆیان بکەینەوە. ئامانجی توندڕەوییە بتوانێت بەرەو توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی و دەروونیمان بەرێت، بۆیە بەهێزی لە بەرەنگاری ئەم خواستەدا دەردەکەوێت، نەک لە بەرپەرچدانەوەیدا. بەرەنگاری چەمکێکی فراوانە، ئەشێ هەندێ کات بەرەنگارییەکانمان بەرپەرچدانەوەی تێبکەوێت، بەڵام ئەمە خواستی هزری ناتوندڕەو نییە.

سەرئەنجام، تێدەگەین زۆر چەمک پێویستی بە پێناسەکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی کولتوورێکی جیاواز درووست بکەین یان ئەو کولتوورەی هەمانە گەشەی پێبدەین. چونکە لەگەڵ پیناسە باوەکاندا ناتوانین بەرەو جیاوازتر بەردەوام بین. لەو چەمکانەی کە پیاچوونەوەی جدی پێویستە بۆنمونە ئازایەتی و لاوازی و شەرەف و قوربانی و جۆرەکانی و زۆر شتی ترن کە تێکڕا شێوەیەکی باویان وەرگرتوە و لێکدانەوەکانمان بەهەڵەدا دەبەن.

02/01/2016

چیرۆکەکەی باوکی لاس / كۆمەڵگای مەدەنی ــ ١ــ


لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بابەتێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتیم بەرچاوکەوت،  کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٢٠١٥/١٢/٢٩  لە ژمارە ١٧٠٨ ی ڕۆژنامەکە و لە لاپەڕە (١١) دابڵاوکراوەتەوە. ئەم بابەتە چیرۆکی تاوان و سزایەکی کۆمەڵایەتییە بە ڕێگای ناتوندوتیژی دوور لە ئەندێشەی سێکس و شەرەف. بەدەر لە گرنگی چیرۆکەکە و ڕێگای چارەسەرکردنی تاوانەکە زۆر دووری تر لەخۆدەگرێت. لێرەدا من هەوڵ دەدەم لەسەر چەند خاڵێکی ئەو دووریانە بوەستم. ئەو خاڵانەی من گرنگیان پێ دەدەم لەم چیرۆکەدا لەچوارچێوەی پرسی کۆمەڵگای مەدەنی و چارەسەری ناتوندوتیژی و نەخشەڕێی کاری سیاسی کۆمەڵایەتیدا خۆیان دەبیننەوە. بەر لەوەی بچمە سەر خاڵەکانی دەمەوێت باسیان بکەم، دەمەوێت هەڵوێستەیەکی چکۆلە لەمەڕ تێفکرینی باوکی لاس بکەم؛ باوکی لاس هەر کەس بێت، ئەشێ ئەوەی لە مێشکی ئەودا گینگڵ دەخوات هەموو ئەو گرێ کۆمەڵایەتییانە بن کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەگوزەرێن، بەڵام کاتێک دێتە سەر چارەسەر، ئەوا گرنگترین هەنگاوی کرداری دەنێت بۆ دەرباز بوون لە ڕێگا باوەکان و هەوڵدەدات خۆی و کۆمەڵگاش لە سوونەتێکی چەقبەستووی پڕ ئازار ڕزگار بکات، ئەمەش سەرەتاییترین هەنگاوە بۆ کۆمەڵگایەکی هیلاک لەگەڵ ئەو هەموو نەخۆشیەی دووچاری بووەتەوە.

بە بیرهێنانەوەیەک لەمەڕ کۆمەڵگای مەدەنی: بەداخەوە، تا ئێستاش کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی شێوەی دابەشبوونیان لەرووی هێز و دەسەڵاتەوە هێشتا هەر هەرەمیی ماونەتەوە، واتە دەسەڵاتێک هەیە لە لووتکەی هەرەمەکەدا و کۆمەڵگایەکیش لە چەندین هەزار خێزان لە خوارووی هەرەمەکەدا دەژین. هەمیشە ئەو دەستەیەی حوکمڕانی کۆمەڵگاکە دەکەن، لە ژیرترینی خەڵکەکانی کۆمەڵگاکە نین و زۆرجاریش هەیە ناتوانن ببن. هەموو ئەوانەی دەتوانن درک بە ستەمەکانی دەسەڵات بکەن ئەوانەن کە لەخوار لووتکەی هەرەمەکەوە دەژین. بەتایبەت ئەوانەی دەتوانن درک بە خراپی و نەشیاوی ڕەفتارە گشتییەکانی پاینی کۆمەڵگاکەش بکەن.. کە زۆرجار بەهۆی سیستەمی ژیان، حوکمڕانی و کولتووری گشتییەوە درووست بوون. ئەو خەڵکانەی درکێکی بەرزیان بە گرفتەکان هەیە، ئەوانەن کە لەئاستێکی بەرزتری بنەوەی هەرەمەکەدا دەژین و دەتوانن پنتەکانی دواکەوتنی پاین ببینن.

ئەو نێوەندەی نێوان خێزان و دەسەڵات هەمیشە ئەو ژینگەیەیە ، ئەو جێکەوتەیە کە کۆمەڵگای مەدەنی تێیدا درووست دەبێت و خۆی ڕێکدەخات. جا بەردەوام لەشێوەی ڕێکخراوی جۆراوجۆردان تیمی شانۆ و میوزیک و ڕێکخراوی دیاریکراوی سیاسی و ناسیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت تیمە وەرزشییەکان و میدیاکانیش دەگرێتەوە. ئەم پێکهاتە مەدەنییە بۆ ئەوەی بە تەندرووست بمێنێتەوە، هەمیشە ناچارە پەستان بخاتە سەر دەسەڵات بۆ ئەوەی ڕوو لە ستەمکاری و گەندەڵکاری نەکات. بەهەمان شێوە ناچارە پەستان بخاتە سەر بنەوەی هەرەمەکە تا بتوانێت ڕەفتار و کولتوور و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی لە دۆخێکەوە بەرێت بۆ دۆخێکی پێشکەوتووتر و باشتر. واتە لە دۆخی جەنگەڵ و توندڕەوی و نامرۆییەوە بیگوێزێتەوە بۆ دۆخێکی شارستانی تر و پێشکەوتووتر و زیاتر ژیان دۆستتر. ئەو مرونەتە و فرە ئاراستەییەی کۆمەڵگای مەدەنی وا دەکات لە هەمان کاتدا خراپ و لە هەمان کاتدا باشیش بێت، چونکە پێکهاتەکانی دەڵەمەن و دەتوانن بە هەر بارێکدا خۆیان ڕێکبخەن. دەکرێت گردبوونەوەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەرەو ئاراستەی نەرێنی بڕۆن، وەک ڕێکخراوەکانی جەهلدۆستی و توندڕەوی، یان بە پێچەوانەوە.

گرنگە لێرەدا باسی چارەسەرەکەی باوکی لاس بکەین، ئەو چیرۆکەی لەسەرەوە باسمانکرد ئەوە دەخاتەڕوو باوکی لاس تاکە کەسە و بەچارەسەرێکی تاکەکەسی کارێکی مەدەنی ناتوندڕەوانەی گرنگ ئەنجام دەدات.  ئەم کارە کاری چەندین دامەزراوەی گەورەیە. ئەگەر کارەکە بەتەنیا لە ئەستۆی تاکەکەسدا بمێنێتەوە من گومان هەیە تاکەکەس لەلایەک بتوانێت بەردەوام بێت، لەلایەک بتوانیت هەمیشە بەو چۆنایەتییە بەکارەکانی هەستێت. هەوڵەکانی باوکی لاس لە تێگەیشتنێکی گەورەوە هاتوون، کە ئەگەر ڕێکبخرێن و هەوڵە چکۆلەکان یەکبخرێن دەبێتە دامەزراوەی کاریگەر و دەتوانێت کاریگەری گەورەتر لەسەر بنکەی هەرەمەکە دابنرێت و زۆرجار دەسەڵاتیش ناچار بکات. خۆ ئەگەر لە هەوڵی تاکەکەسی و دەستخستی هەوڵە چکۆلەکاندا بمێنێتەوە، ئەشێت هەموو کاتێک باوکی لاس لە نیشانەکەی نەدات و دووچاری دوو ڕێگەی نەرێنیش ببێتەوە، یان گەڕانەوە بۆ بژاردەی توندڕەوانە یان چارەسەری هەڵەی کێشەکان. ئەوەی لەچیرۆکەکەدا روویداوە خەیاڵەکانی باوکی لاسە، کە چەند خەیاڵێکی باو و دانەیەکیشیان زۆر دانایانەیە. ئێمە لە دەگمەنی ئەم ڕووداوانەدا مەرج نییە بتوانین هەمیشە پێشبینی بژاردە داناییەکە بکەین، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکدا لیوان لێو بێت لە نادانایی. خاڵێکی تر گرنگە باسی بکەین لەمەڕ کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستاندا، ئەو نەشازە سیاسییەیە کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیانە! ئەم چیرۆکە سەرنجی منی ڕاکێشا چونکە باوکی لاس بە تەنیا بارتەقای سەدان ڕێکخراوی تری مەدەنی و ڕاگەیاندن و دامەزراوەی پۆلیس و دادگا و دامەزراوەی ئایینی زیاتر کاریگەری داناوە لە بەمەدەنی کردنی تاکەکەسێکدا. مەترسی لەم خاڵەدا نابینم، بەڵکو چیرۆکەکەی باوکی لاس دەمانخاتە بەردەم دوو جۆر پرسیارێتی و داواکاری گەورە:
یەکەم: بەڵێن و پەیمان چییە، باوکی لاس هەموو کاتێک هەنگاوی داناییانە بنێت و نەگەڕێتەوە سەر بژارەدە توندڕەوەکان؟ بەتایبەت لە کاتێکدا چواردەوری ژیانی باوکی لاس بە توندڕەوی تەنرابێت.
دووەم: ئایا ئەو هەموو ڕێکخراوە بەناو مەدەنییە، بەکارە مەدەنییەکانی خۆیان هەڵدەستن؟ یان بەشێکن لە دوو بەرە، بەرەیەک سەر بە دواکەوتووی کۆمەڵگا و بەرەی دووەم نمایشکار و بەکرێگیراوی دەسەڵاتێکی ستەمکار؟

وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ئاسانە، ئەگەر مەبەستمان بێت وەڵامیان بدەینەوە:
یەکەم: بەڵێن و پەیمانی ناتوندوتیژی کاتێک دەدرێت ئەگەر بتوانین لە دۆخی تاکەکەسی باوکی لاس بێینە دەرەوە. چونکە بواری ناتوندوتیژی بوارێکە دەبێت دراسە بکرێت و ڕێکبخرێت بۆ ئەوەی لەدۆخی تاکەکەسەوە بچێتە دۆخی ڕێکخراوەییەوە.

دووەم: کاتێک کارە مەدەنییەکان ڕوو لە پێشکەوتن و ئەرینی دەکەن، کە کۆمەڵگا و بەتایبەت دەستەبژێرەکان بتوانن خۆیان ڕێکخراوی خۆیان درووست بکەن و لە فۆرمی باو دەربچن. فۆرمی باو ئەو فۆرمەیە کە رێکخراوەکان دێن و بارەگای زەبەلاح درووست دەکەن، بەرنامە و ڕیکلامی گەورە و داوای بودجەی زەبەلاح دەکەن. ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی کاریگەر بە بێ بودجەی گەورە و گران درووست دەکرێت و دەتوانێت بەڕێگای کاری خۆبەخشانە کاریگەری دابنێت نەک لەڕێگای مۆڵەت پێدانی دەسەڵاتێکی ستەمکارەوە. ڕێکخراوی مەدەنی وەک باوکی لاس لە دامەزراوەکانی پۆلیس و دادگا و عەشرەت و پیاوماقوڵانی گەڕەک گەورەترە لەکاریگەرییدا و بەتایبەت لە دەرەوەی ئەوانە درووست دەکرێت.

بەڵێ کارەستێکی گەورەیە، باوکی لاس بەتەنیا هێندەی سەدان ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو مەدنیتر و کاراتر دەربکەوێت! لە هەمان کاتدا ببێتە چیرۆکی لاپەڕە (١١) ی ڕۆژنامەیەک کە گومانم هەیە لەهەموو کوردستاندا ٥٠٠ کەس بەتەواوی خوێندبێتیەوە و وانەی لێوەرگرتبێت. بەڵێ هەرگیز ناکرێت هەوڵی تاکە کەسێک هەموو کات لە هەوڵێکی ڕێکخراوەیی کاریگەرتر بێت. هەوڵی تاکە کەسی کاتێک مەزن و گەورە دەبێت ئەگەر بەهەموومان بتوانین پشتیوانی دەستپێشخەرییە باشەکانی بکەین و ببێتە نەخشەڕێیەک لەژێر پرسیاردا بمێنێتەوە.