بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





05/07/2020

هەرجارەی باسێك ژمارە ــ ٣٥



چەمکی هاوڕێیەتی لەبەردەم ئەگەری بێ ماناییدا!


پێشەکی:
پاش سەرنجێکی زۆر لە کێشە و گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها پاش پیاچوونەوەیەك بۆ پرسی پەیوەندی و متمانە لە نێوان گرۆیەکی دیاریکراوی یەك ئامانجدا، بۆمدەرکەوت یەكێك لە گرفتە سەرەکییەکان پرسی هاوڕێیەتییە، کە چەندین بڕی وزە و کاتی تێدا بەفیڕۆ دەچێت. ئیدی پاش بڕێك لە بیرکردنەوە و خوێندنەوەی چەند تیۆرێك دەربارەی ئەم پرسە دیدێکم بۆ درووست بوو ئەکرێت لەمجارەی باسەکەماندا بەچەند مشتومڕێك (ئارگیومێنت) و پاشان بە شیکردنەوە و ئەنجامگیرییەکی کۆتایی باسەکەم لەگەڵ خوێنەری بەڕێزدا بخەمە ڕوو.
لە سروشتی نووسینەکانمدا، زۆربە دەگمەن وەك خۆم قسە دەکەم، چونکە باوەڕناکەم ڕێگەم بە خۆم دابێت داڕشتنێك بخەمە بەردەست، سەرچاوە و سەلماندنی زانستی و بەڵگەی فەلسەفیم بۆ نەبینیبێتەوە و هەوڵم نەدابێت ئەوپەڕی توانا بابەتیانە داڕشتنەکانم بەش بکەم. ئێ لەو دۆخەشدا، ئەوەی پێی دەگەم بەس تەنیا بەرهەمی من نییە، ئەگەرچی داڕشتنی تێکستەکەش کەسێك بێت کە من بم. بەڵام ئەمجارەیان هەست ئەکەم سەرباری سەلماندنەکان و بەڵگەکانی هەر مشتومڕێکی (ئارگیومێنتێك) باسەکەم، تێڕوانینێکی تایبەتی خۆمە و پیاچوونەوەیەکی گرنگی ژیانمە بۆ پرسی هاوڕێیەتی. بۆیە لە هەندێ بڕگەدا، لەبری ئەوەی نمونەکان بەشێوە بێلایەنییەکەی بخەمە ڕوو، وەك خۆم قسەی لەسەر دەکەم.

گۆڕستانی چەمك و تیۆر
لێکۆڵینەوە و باس لەمەڕ هاوڕێیەتی بە گشتی دەکەوێتە نێوان پەیوەندیکردن (Communicatio) و دەروونناسی و دەروونناسی کۆمەڵایەتی و تیۆرە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانەوە. بەپێی تیۆرە جیاواز و ئایدۆلۆجیا زانستییە جیاوازەکان بێت، هەریەکەیان پێناسەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ خولانەوە  بەدەوری چەمکی هاوڕێیەتیدا. فەلەکی ئەم سوڕانەوانە بەگشتی لەوەدا کۆکی و تەبایی دەردەخەن، کە هاوڕێیەتی بریتییە لە پەیوەندی نێوان دووکەس یان زیاتر کە ئاوێتە بوونێكی هاوبەشیان لە هزر و ڕۆح و جەستەدا پێکەوە هەبێت. پەیوەندییەکی بەهێز، لە نێوان دوو کەسدا ئەگەر ڕێکەوت بکات و بتوانن پێکەوە پەیوەندی بگرن.
لە کۆمەڵگای ناژیردا (irrational) لادان لە زۆربەی چەمکەکاندا ڕووی داوە، یەكێك لەوانە چەمکی هاوڕێ و هاوڕێیەتییە! من بۆ خۆشم زۆرجار و ڕۆژانە ئەم چەمکە بە هەڵە بەکاردەهێنم. بە زۆر کەس دەڵێم هاوڕێ، لەکاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیم لەگەڵیاندا نییە. سەدان ناسیاوم هەن هەر بە هاوڕێ بانگیان دەکەم چونکە لە قۆناغێکی ژیاندا ناسیومن...تاد. تۆڕە میدیاییەکانی نێت جارێکی تر لیستی هاوڕێکانیان بۆ داناوین، کە ناکرێت ئەوانەی لەوێدا دەیانناسین پێناسەی هاوڕێیەتیان بەسەردا بچەسپێت یان بە ڕاستی هاوڕێ بن، یان تۆ هاوڕێی ئەوان بیت.
پاش تێگەیشتن و وردبوونەوە، مرۆڤ لەلای سەیرە ساڵانێکی زۆر لەگەڵ چەند کەسێکدا خۆی بە هاوڕێ زانیبێت و لە بنەڕەتەوە هیچ هاوشێوەییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بیری سیاسی و دیدی ژیانیشیان لەچوارچێوەی یەك ئامانجدا کۆنەبووبێتەوە. تێگەیشتن لەم چەمکە زۆر سووچ و کەلەبەری تاریکی ژیان و شکستی ئێمە پیشان دەدات. ئەکرێت پیاچوونەوەی وردمان بۆی هەبێت.
لەژیانی خۆمدا دەربارەی ئەم پرسە، زۆر جیاواز مامەڵەم لەگەڵ خۆم و هاوڕێکانم کردووە، لەلای من بەشێوەیەکی هەستی و بەشێوەیەکی نەستیش، هاوڕێیەتی بەرزترین و ڕێزدارترین پەیوەندی نیوان دوو کەس یان زیاتر بووە کە بۆ هەمان ئامانجی بەرز تێدەکۆشن. پەیوەندی هاوڕێیەتی بەئەندازەیەك پەیوەندییەکی بەرز و ڕێزدارە کە سنوورەکانی پەیوەندی نێوان خوشك و برا و دایك و باوك و هاوسەر و هاوژینەکانیش دەبڕێت. لەلای من هاوڕێ تەنیا ئەو کەسە بووە کە پێکەوە توانیبێتمان بۆ ئامانجێکی گشتی پێکەوە تێبکۆشین و ئامانجێکی هاوبەش لە ژیانماندا کۆمان بکاتەوە و پێکەوە بمانبزوێنێت. هەرگیز هاوڕێیەتی ئامانجی هاوبەشی بۆ من درووستنەکردوە، ناوی بنێم ئامانجی ئێمە! بە پێچەوانەوە هەمیشە ئامانجی هاوبەش هەبووە کە من بەهۆیەوە ئەوانەم کردوونەتە هاوڕێ کە دەتوانین پێکەوە کار بۆ ئەو ئامانجە بکەین. بۆیە، لای من؛ هاوڕێیەتی هاو ڕێ بوونە بەرەوە ئامانجێکی گشتی! نەك هەر ئەوە ژیانیش کاتێك مانای هەیە ئەگەر لە کۆی گوزەری خۆیدا توانای پێکانی ئامانجێکی هاوبەشت لەگەڵ ئەوانی تر هەبێت. ئامانجێکی هاوبەشە ئەو یەکانگیری هزر و ڕۆح و جەستەیە لە نێوان کەسەکاندا دروستدەکات. ئامانجێکی گشتی هاوبەشە کە دەبێتە کۆی بەرژەوەندی ئێمە، نەك بەرژەوەندی تاکەکەسی ئێمە کۆببێتەوە و بەرژەوەندییەکی گشتی درووستبکات، چونکە هەمیشە ئەمەی دواییان ناتەبایی و کێشە بۆ هەموو ئێمەی بەشدار درووستدەکات.
زۆرجار پێناسە گشتییەکان و بەڵا کولتوورییە باوەکان خۆیان خزاندوەتەوە ناو تێگەیشتنەکانمان، بەجۆرێك باوبوونی چەمکی هاوڕێیەتی لە کەناڵە جیاوازەکانی پەخشەوە وەك: خوێندنگە، گەڕەك میدیا، مزگەوت ...تاد وایانکردووە چەمکی برادەرایەتی و ناسیاوی و هاوڵاتی بوون و هاوژیان بوون زۆرجار لە هاوڕێیەتی جیا نەکرێتەوە. بۆیە تووشی زۆر شکستی ئامانجەکانمان دەبین کاتێك دەبینین کەسێك بە پێی کولتوور و دیفاکتۆکانی چواردەوری خۆمان بە هاوڕێ لەسەرمان حسابە و یەك ئامانجی هاوبەشیشمان پێکەوە نییە! یان لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە کە ناوی هاوڕێیە ئومێد و هیوای ئامانجێکی هاوبەشمان لەیەکتر هەبێت و زۆرجاریش تووشی شکست بووین لە بەدیهێنانی ئامانجەکانماندا بەهۆی پشت بەستن بەوانەوە کە ناویان لێ نراو هاوڕێ و لە ڕاستیدا نا هاوڕێ بوون.  
تێڕوانینەکان دەربارەی ئەم چەمکە زۆر نین لەدونیای فەلسەفە و زانیندا، لەوانەیە نەگەنە چل دانەیەك! بەگشتی چوار بۆ پێنج تیۆر و تێڕوانینی سەرەکی هەن لەمەڕ هاوڕێیەتی، ئەمانە دیارترینیانن:
Social Exchange Theory: دەڵێت هێزی سەرەکی لە پەیوەندی نێوان دوو کەسدا بریتییە لە ڕەزامەندی نێوان دوو کەسەکە سەبارەت بە خواستەکانی خۆیان. واتە من و تۆ ئەگەر لە پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیدا بین، ئەوا من مەبەستێكی خۆمم لەم هاوڕێیەتییەم هەیە و تۆش مەبەستێكی خۆت. هەرکاتێك بەهۆی هاوڕێیەتییەوە بە مەبەستەکانمان گەیشتین، ئەوا ئێمە ڕەزامەندین، ئەو هێزی ڕەزامەندییەش سەرەکی ترینە لە پەیوەندی نێوان دوو هاوڕێدا.
Attachment Styls Theory بەپێی ئەو زانایانەی ئەم تیۆرەیان داناوە، دەڵێن منداڵ بە پێی پەیوەندییە سەرەتاییەکانی لەگەڵ ئەوانەدا کە ئاگاداری لێ دەکەن، شێوازێك بۆ کەسێتی منداڵەکە دروست دەکات. ئەم شێوازە کە دروست دەبێت کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی هاوڕێکانی هەیە و سەرەکیترین هۆکارە بۆ جۆری پەیوەندییەکانی داهاتووی خۆی.
Relational Dialectics Theory ئەم گرۆیە لە دیدگای تیۆری، زیاتر باوەڕیان بەو هێزە دژانە هەیە لە هاوڕێیەتیدا کە خۆیان لە سێ جۆردا دەبیننەوە (کرانەوە و داخران ــ ڕێگەدان بە کارلێککردن ـ پشتیوانی و پشتتێکردن). لەلای ئەم تیۆرە هاوڕێیەتی پەیوەندییەکی هاوبەشی خۆبەخشانەیە لە نێوان دووکەسدا لەماوەیەکی کاتی دیاریکراودا کە ئامانجێکی کۆمەڵایەتی سۆزداریانەی هاوبەشیان پێکەوە هەبێت، لەوانەشە هەندێك جار ڕۆبچێتە نێو بوارەکانی ئاگالەیەکتربوون و ئاوێتەبوون و کۆمەکی هاوبەش بە یەکتریش.
Equity Theory هاوڕێیەتی و هەموو پەیوەندییەك گرێدراوە بە بەخشین و وەرگرتنەوە، هەتا ئەو پەیوەندییە لەڕووی بەخشین و وەرگرتنەوە یەکسان و هاوتا بێت، ئەوا ئەوەندە زیاتر پەیوەندییەکە بەهێز و یان درێژخایەنتر دەبێت.
هەرچۆنێك بن تیۆرەکان، لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی زاناکانیانەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەمەش واناکات تێگەیشتن لەو بابەتانە بەشێوەیەکی بابەتی تەواو خاڵی بێت لە بیروڕای تاکەکەسی. بۆیە لەدەرەوەی ئەو تیۆرانە چەند مشتومڕێك دەخەینە بەر باس:

مشتومڕی یەکەم:
مرۆڤ بوون لە ماناوە درووست دەبێت! ئەگەرچی ئێمە بوونەوەرێکی زیرەکین، جیاواز لە هەر گیاندارێکی تر توانای بیرکەوتنەوە و بیرکردنەوە و لێکدانەوە و پێشبینی و لەسەرپێ ڕۆشتن و زۆر شتی ترمان هەیە، جیاواز لە هەر گیاندارێکی تر توانای دەستبەسەرداگرتنی سروشتمان هەیە..تاد. بەڵام، ئەمانە هەموو بەس نین بۆ بەخشینی واتا بە بوونی مرۆڤێك، کاتێك نەتوانێت خۆشبەختی خۆی لە گەڵ ژیانی هەموو ئەوانی ترد بدۆزێتەوە. مرۆڤ کاتێك هیچی نەکرد بەرامبەر پرس و مەترسی و جوانییە گشتییەکان، ئەوا واتاکانی مرۆڤ بوون لەدەست دەدات. لە باشترین دۆخی هیچ نەکردندا مرۆڤ دەگەڕێتەوە دۆخی گیاندارێکی سادە وەك هەریەك لە هورچ و چێڵ و ماسی و پەپوولە دەژی، بەڵام بە شێوەیەکی تر. ئەگەرچی "گەشەسەندن" و "پێشکەوتن" لە هەندێ ڕووی ژیاری و تەکنیکییەوە لەچاو ژیانی سەرەتاییدا زۆر زۆر گۆڕاوە، بەڵام واتای مرۆڤ بوون لەبەرامبەر پرس و جوانییە گشتییەکاندا هەر هەمان مرۆڤی سەرەتاییە. مرۆڤ کاتێك دەگەڕێتەوە دۆخی ژیری و دۆخی مرۆیی بوونی خۆی، ئەگەر توانی لە کۆی ئامانج و ئاکامە گشتییەکاندا بەشدار بێت. ئەشێ بۆ ئەم پرسەش دیدگا و بۆچوونی جۆربەجۆر هەبن، گرنگ نییە جۆرەکانی دیدوبۆچوون جیاوازبن، گرنگە مرۆڤ ڕێگایەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بۆ پرسی گشتی ئامانجێکی هەبێت بۆی بژی، ئەگەر نا لە ڕوانگەی منەوە مرۆڤ و مریشك دوو گیاندارن لەسەر هەمان هەسارە پێکەوە دەژین و هیچی تر.

مشتومڕی دووهەم:
بۆچی ئامانجی هاوبەش و پرسی گشتی؟ بەسادەیی چونکە ژیان و پاشەڕۆژمان پێکەوە بەستراوەتەوە. "من مرۆڤێکی ئازاد و تاكێکی سەربەخۆم، مەرج نییە بەرپرسیار بم لەوەی لە ژیاندا دەگوزەرێت". ئەم دەستەواژەیە، دەستەواژەیەکە پڕە لە بێڕەوشتی، چونکە ئەو هەناسانەی من دەیاندەمەمەوە لەوانەیە کەسانێکی تر نەخۆش بخەن! لەوانەیە ئەو ئازادییە یاساییەی سیستەم بۆ منێکی بەهێزی داناوە (بەسروشتی دارایی و توانایی خۆم) ببێتە هۆکار بۆ چەوساندنەوەی هەزاران کەسی تر. ئەشێ ئەو باخچەی ساوایانە نازدارەی منداڵەکەی منی تیا پەروەردە دەبێت لەسەر ئەرك و قووتی هەزاران کەسی بێلانە بەڕێوەببرێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت...تاد. بەڵێ پرسی گشتی و بەشداریکردن تێیدا، پرسێکە پەیوەندی بە ڕەوشتەوە هەیە، مانا بە مرۆڤ بوونی ئێمە دەبەخشێت، هەرکات خۆپەرستییەکی باڵا دەبینین لە کەسێکەوە و ئەم تێگەیشتنەمان بۆ پرسی گشتی هەبێت ناتوانین تەبابین، ناتوانین دژە ڕەوشتی خۆمان ڕێ بکەین، ئەوە ئەگەر بیری لێ بکەینەوە.

مشتومڕی سێیەم
هاوڕێیەتی و ئامانجی گشتی کاتێك یەکانگیردەبن، کە ئەو ئامانجە بووبێتە کرۆکی سەرەکی ژیانی تاکەکەسێك، بۆیە هەموو شتەکانی تر لەدەوری ئەو پرسە سەرەکییە دەخولێنەوە. ئەگەر لەو خولگەیە دەرچوون، ئیتر هاوئامانجی نامێنێت. گەر هاوڕێیەتی وابەستەبێت بەپێی هەرکام لەو تیۆرانەی سەرەوە، ئەوا هاوڕێیەتی تەنیا وابەستەیە بە ئامانجی هاوبەشەوە لەدەوری پرسە گشتییەکان. هاوڕێیەتی نییە لەدەرەوەی پرسە گشتییەکان، ئەگەر سەرەکیترین مەبەست لە ژیان پرسە گشتییەکە بێت.

مشتومڕی چوارەم
ئەگەر پرس و مەبەست و دونیابینی گشتی ببێتە کرۆکی ئامانجی سەرەکی لە ژیاندا، ئەوا هەموو پرسەکانی تر لەدەوری ئەوە دەسووڕێنەوە. بەهەمان شێوە دەبینین باوانێك پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و چاودێری منداڵەکانیان دەکەن بە پرسی سەرەکی ژیان، لەدوای ئەوە هەموو مەسەلەیەکی تر لەدەوری ئەو ئامانجە دەسووڕێتەوە. بۆ نمونە؛ کاتێك دەچن بۆ گەشتێك بەزۆری لەپێناوی خۆشی و گەشەی منداڵەکانیاندا دەچن. زۆرجار خۆیان دەکەنە قوربانی منداڵەکانیان. کاتێکیش پرسی گشتی و بیروڕایەك دەبێتە پرسی سەرەکی (گرنگە ئەوە لەسەرچاوەیەکی ژیرییەوە بێت، نەك ئەنجامی پیرۆزییەکی کوێرانە)، (هەرچەند پیرۆزبوونی کوێرانەش هەمان میکانیزم درووستدەکات)، ئەوا ئیتر هەموو پرسەکانی تر بە هاوڕێیەتییشەوە لەدەوری ئەم مەسەلەیە دەژین.

مشتومڕی پێنجەم
پەیوەندی و گفتوگۆ، دوو پرسی گرنگ و سەرەکی لێکتێگەیشتن و سەرەتای هەر نزیکبوونەوەیەکن. زۆرجار هەیە پەیوەندییەکان و گفتوگۆکان لەنێوان هاوشێوە و هاوبیرەکاندا درووستنابن، ئیدی هاوڕێیەتی و پێکەوە بوون و پێکەوە ژیانیش درووست نابێت. پەیوەندی و گفتوگۆ دەمانخەنە یەکەم دۆخی دیالەکتیکییەوە بۆ جیاکردنەوەی هاوڕێ و دژ. لەدۆخی کۆمەڵایەتی ئاساییدا ئەکرێت (هاوڕێ و ناهاوڕێ و دژ) سێ دۆخی جیاواز بن و هەبن! بەڵام لەدۆخی بیرکردنەوە لە ئامانجی گشتیدا ڕێژەی ناهاوڕێ زۆر کەمدەبێتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکان پەیوەندی هاوڕێ و دژەکان دەبن. تەنیا گفتوگۆ هەیە، کە ئەم دوو دۆخە لە یەك جیادەکاتەوە. ژیانی ئاسایی و کۆمەڵایەتی دیاریدەکات. هەندێ گفتوگۆ هەن بەر لە ڕوودان خۆیان خۆیان ڕووندەکەنەوە. وەك پەیوەندی نێوان دوو کەس کە دوو بیروڕای دژ و تەواو جیاواز لە یەکیان هەیە.

مشتومڕی شەشەم
هاوکاری و هەمئاهەنگی، دوو چەمكی گرنگن لەدەوری پرسی گشتی! زۆربەی ئامانجە گشتییەکان هاوکاری و هاوئاهەنگیان پێویستە. بۆ نمونە، مرۆڤ بەتەنیا و بە بێ هاوکاری ئەوانی تر دەتوانێت دەوارێك هەڵبدات، کەچی ناتوانێت بە تەنیا و بەبێ هاوکاری خەڵکێکی دیاریکراو خانوویەك درووستبکات. هاوکاری و هاوئاهەنگی، دوو چەمکی سەرەکی مێژوویین کە ژیانی مرۆڤیان بەم ئاستە لە ئاڵۆزی بەڕێوەبردن گەیاندوە. واتە ئەوەی پێی دەڵێین پێشکەوتن و داهێنان و دۆزینەوە بەبێ هاوکاری و هەمئاهەنگی لەتوانادا نەبوو ڕووبدات.

مشتوماڵی تیۆر و مشتومڕەکان
هاوڕێ وشەیەکە زۆر واتای هەیە و بەشێوەیەکی گشتی کاتێك لە زارمان دێتەدەر و تێدەپەڕێت بەرەو ئاراستەیەکی سەیر ملدەنێت. ڕاهاتووین لەگەڵ ئەو وشەیە، بەڵام بەشێکی زۆرمان پێ بە پێی واتای وشەکە مامەڵەی لەگەڵ ناکەین. من خۆم بە زۆر کەس دەڵێم هاوڕێ کە بە دڵنیاییەوە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە من و تۆ ئەگەر بە هۆی واتای وشەیەکەوە بووبێتینە هاوڕێ کە هیچ کۆمان ناکاتەوە یان هیچ ڕێگایەکی هاوبەشمان نییە نازانم بۆ دەبێت ئەو وشە جوانە بشێوێنین کە لەنێوان ئێمە و خەڵکانێکی تردا هەن. چەندین کەس هەن لەم ژیانەدا، کە بۆ هەمان مەبەستی ئێمە تێدەکۆشن و نایانناسین، هەمان ڕێگا و ڕێبازمان گرتووە و پێکەوە ژیانی خۆمانمان بۆ تەرخان کردووە، بە هاوڕێی خۆمانیان هەژمار ناکەین، چونکە لەوانەیە زمانێکی هاوبەشمان نەبێت، لەوانەیە وەك من و تۆ ڕۆژێك ڕێکەوتی نەکردبێت لە خوێندنگەیەکدا، لە بازاڕێکدا، لە سەیران و سەفایەك یان لە پیاسەی شەقامێك و زانکۆیەکدا یەکتر بدۆزینەوە. بۆنمونە لەسەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە خەڵکانێکی زۆر دەناسین دەمانەوێت لە پەیوەندیدا بین لەگەڵیان. بەڵام پەیوەندییەکانمان نەیانگەیاندووینەتە دیدگای گشتی هاوبەش و کاری هاوبەش. ئیتر، تەنیا زمانێکی هاوبەش، خەمێکی هاوبەش، یان هەر هاوکۆلکەیەکی هاوبەش بەس نییە بۆ ئەوەی ئێمە ببینە هاوڕێ. تاوتوێ نەکردنی پرسی گشتی و ئامانج و خواستی هاوبەشی ئێمە پرسێکی گرنگە، بەتایبەت لەم ژیانە جەنجاڵەدا.

یەکترناسین و ڕێکەوتکردنی یەکتر بەس نییە بۆ هاوڕێیەتی، لەوانەیە ئەوە هەڵەتاوترین شێوەی گوزارشت و دامەزراندنی هاوڕێیەتیی بێت. هاوڕێ نەبوونی هاوڕێبازەکان و هاوڕێیەتی دژەکان یەکێکە لە گەورەترین ڕێگرەکان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانماندا. بەشێکی زۆرمان هاوخەمین لەم ژیانەدا بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێگای جیاواز جیاواز دەگرینە بەر پەیوەندی و هاوئاهەنگیمان نییە، ئیدی خۆمان بە هاوڕێ نازانین. نەبوونی پەیوەندی و هاوئاهەنگی و هاوکاری گەورەترین زیان بە چارەسەری خەمەکانمان دەگەیەنن. زۆر سەیرە کە هەموو لەبەردەم هەمان مەترسیدا بین و نەتوانین پێکەوە هاو ئامانج بین. من هەمیشە ئەم مەسەلەیەم لەگەڵ باوان و خوشك و براکانیشما پێ مەبەست بووە. هەموو مرۆڤەکان جێی ڕێزن، بەڵام ئەوانەی تەنیا وەك مرێشکەکە دەژین لەگەڵ ڕێزدا جێی بەزەییشن.

بەپێی زۆرێك لەو تیۆرانەی سەرەوە، من کاتێك دەبینم کەسێك شتێکی پێ بەخشیوم ئەگەر ببینم خزمەتی بیروبۆچوون و ئامانجە هاوبەشەکانمان دەکات، بۆنمونە گۆرانیبێژێك کە ڕۆح دەکات بە بەری شیعرێکی جواندا حەزئەکەم دڵی خۆمی بدەمێ، بەڵام ناتوانم دڵی خۆم بدەم بە کەسێك کە زەمەن یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردوویەتی بە هاوڕێم، ئینجا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەوانەی لێرەدا گوایە "هاوڕێن" ڕێزیان نییە، بەڵام لەڕاستیدا ڕاهاتووین پێیان دەڵێین هاوڕێ وەك زۆر قسەی سەرزارەکی تر کە لەبازاڕدا ڕۆژانە بە بێ مەبەست دەیانکەین. من تەنیا هەست بە مامەڵەی هاوشێوە دەکەم ئگەر ببینم تۆش وەك من لە پێناو هەمان ئامانجدا تێدەکۆشیت، ئەگەر ببینم ئامانجەکەت جیاوازە، ئەوا ئەگەر لە ڕواڵەتیشدا هاوڕێ بین، باوەڕ ناکەم لە ناخەوە لەگەڵتا ڕاستگۆ بم، ئیدی وەك بنەمایەکی ڕەوشت، ئەگەر بمەوێت دژی ناڕاستگۆیی بجەنگێم دەبێت یەکەم شت ئەو هاوڕێیەتییە درۆیینانە بخەمەوە جێی ڕاستینەی خۆیان، لایەنی کەم ئەو هاوڕێیانە ببنەوە بە ناسیاو. توانا و وزەی من لەگەڵ تۆیەکی ناهاوڕێدا بەفیڕۆدەچێت کە پێشبینی هاوکاری و هەمئاهەنگیت لێدەکەم و تۆش بێ گوناحانە دێیت و دەچیت بێ ئەوەی بەلاتەوە مەبەست بێت، ئامانجە هاوبەشەکە لە کوێدایە!
زۆر پرس هەیە ئەگەری تێکەڵاوکردنیان بەرزە، چونکە سروشتی لێکچوون و نزیکییان وایە. بیروڕای جیاواز کێشە نییە لە هاوڕێیەتیدا، بەڵام هاوڕا نەبوون لەسەر ئامانجی گشتی و کۆی کرداری چارەسەر کێشەی هاوڕێیەتییە. زۆرجار وامانکردووە کە ئەگەر لەگەڵ کەسێك دەربارەی شتێك بە تایبەت بەرژەوەندییەك هاوڕا بووبین بە هاوڕێمان هەژمارکردووە، کۆبوونەوەی هاوڕاکان لەدەوری یەك و وەستانەوە دژ بەوانی تر گەورەترین زیان بە هاوڕێگاکانمان دەگەیەنێت. ئەو زیانەی هەستی پێ ناکەین. چونکە هاوڕا بوون خاڵە بەهێزەکانمان دەکوژێت و دایلەکتیکی پێشکەوتنمان لاواز دەکات. لەهەمانکاتدا هاوڕێ نەبوونمان لە هاوڕێیەتییەکی گاڵتینەدا دەشارێتەوە. ئەو ڕێگایانەی هەڵیاندەبژێرین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، پێویستی زۆریان بە جیاوازی بیروڕا و بیرکردنەوە هەیە، چەندێك هاوبەشی لە ئامانج و مەبەستدا گرنگە بۆ هاوڕێیەتی ئەوەندەش جیا ڕایی کۆمەك بە دەوڵەمندی تێگەیشتن و چارەسەری کێشەکانمان دەکات.

ئەنجامگیریی
هەرکەسە و ئەکرێت پرسێکی تایبەت بە خۆی هەبێت لەژیاندا بۆی بژی و ژیانی خۆی بۆ تەرخان بکات، بەڵام ناکرێت بەشدارییەکی خۆبەخشانەمان نەبێت لە پرسە گشتییەکاندا. هەموو بەشدارییەك نا، کە کار و ژیان بەزۆر بەسەرماندا سەپاندویەتی، بۆ نمونە مامۆستایەك منداڵ فێردەکات، ئەمە کارێکی گشتییە و یەکێکە لە جوانترین ئەرکەکان. لەڕاستیدا ئەم ئەرکە گشتییە کارەکەی بەسەریدا سەپاندوە، نەك خۆبەخشانە مامۆستایەتی بکات وەك بەرپرسیارێتی بۆ ژیانی گشتی. پرسە گشتییەکان لەلای هەندێکمان دەبێتە سەرەکیترین بوار کە ئامانجی هەموو شتێکی لەسەروە هەڵدەچنین. هاوڕێیەتیش لەلایەکی ترەوە هاوڕێیەتی نییە بەبێ ئامانجێکی هاوبەش، زۆرجار هەیە ناسیاوی دەکەینە پاساوێك بۆ هاوڕێیەتی، یان برادەرایەتی دەکەینە هاوڕێیەتی، یان هاوڕایی لەسەر شتێك لەگەڵ یەکتر وەك هاوڕێمان لێ دەکات. ئەمانە هەموو کۆسپن لەبەردەم پرسی گشتیدا بەتایبەت کاتێك ئامانج و کارە گشتییەکان وا دەخوازن، مرۆڤ بڕیاری ژیرانە بدات. چونکە بڕیاری ژیرانە هەست و سۆزەکانی خۆشەویستی ناناسێت. بڕیاری ژیرانە دەخوازێت چی لە خزمەتی ئامانجە سەرەکییەکەدایە ئەوە جێبەجێ بکەین. لێرەوە هەموو پرسەکانی ناسیاوی و خزمایەتی و پەیوەندی خوێن و خێزان دەبنە کۆسپ لەبەردەم لێکدانەوەکاندا و سەرئەنجام ناگەینە بڕیاری ژیرانە.
جاریش هەیە سەرباری ئەوەی کەیەکتر ناناسین، هەر پەیوەندیشمان پێکەوە نەکردووە و تەنانەت جار هەیە ڕاکانیشمان لەگەڵ یەکتر جیاوازە، بەڵام لەبەر هاوبەشی ئامانج و یەك ڕێگایی دەکرێت هاوڕێ بین، ئەم هاوڕێیەتییە تا ئاستی بەخشینی گیان بە یەکتر دەکشێت و تەنیا وابەستەیە بەو ئامانج و مەبەستەوە کە دەمانەوێت پێی بگەین لە پێناو پرسی گشتیدا. چونکە من کە ئامانجی گشتیم نەما هەست بە نەمانی خۆم دەکەم، ئەم سۆنگەیە بەسە بۆ بەخشینی ژیان و بەردەوامی ژیان لە ژیانی هاوڕێیەکی تردا.
خستنەوە جێی هەموو شتەکان جگەلەوەی مانا بە چەمکەکان دەبەخشێتەوە، کۆمەکێکی بێ وێنە بە ڕزگاربوون لە سەرەگێژەکانی ناژیریی دەکات. زۆر هەن تەنیا ناسیاون، وەك هاوڕێ هەژماریان دەکەین، زۆرن ئەوانەی تەنیا ناونراون هاوڕێ و بانگەشە و پشتیوانی لە هەموو ئەو تێز و کردارانە دەکەن کە دژ بە ئامانجە سەرەکییەکانی ژیانی ئێمەن. زۆر هەن بێ ئەندازە بێڕەوشتی دەکەن بەرامبەر بێدادییەکانی ژیانمان، لەبەر پەیوەندی خوێن و نزیکی ناچارین بە هاوڕێ هەژماریان بکەین، یان سیستەمەکان بە هاوڕێ دەیانناسێنن و لە ڕاستیشدا دژ و دژەئێمەن. کۆی ئەم دوانە پارادۆکسیانە زیانن بەسەر پێشکەوتنی ژیان و گەیشتنمان بە ئامانجە گشتییە جوانەکان کە زۆرجار لە نێویاندا خەون بە دونیایەکی زۆرجوانترەوە دەبینین. یان بەهۆی ئەم دوانە پارادۆکسیانەوە ڕۆژانە بێدادی و چەوساندنەوەی خۆمان و ئەوانی تریش دەبینین و زیاتریان دەکەین.