بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





30/11/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە- بەشی سێیەم


دوو شێوگی دەسەڵاتداری، دوو ترس و یەک ئەنجام
دەسەڵات کەرەستەیەکە و بەکارهێنانەکەشی لە نیوان دوو کۆتاییدا کورت دەبێتەوە. لێکچواندنی دەسەڵات بە کەرەستەیەک یان بە شتێک، لەشێوەی میتۆد، چەک، زانست یان هەر شتێکی تر کە تۆ دەتوانیت بیری لێ بکەیتەوە لەم ژیانەدا. هونەر، ئۆتۆمبێل، چەقۆ..تاد هەر شتێکن وەک کەرستە، ئەوا دەتوانرێت بە دوو ئاراستە بەکار بهێنرێت! ئاراستەیەکیان سوودی گشتی ئاراستەیەکیان دژی سوودی گشتی (مەرج نییە هەر شت لەبەرژەوەندی سوودی تایبەتدا بوو دژی سوودی گشتی بێت، بەڵام زۆرن ئەو سوودە تایبەتانەی زیان بە سوودی گشتی دەگەیەنن، لێرەش ئەو درۆ گەورەیە ڕوون دەبێتەوە کە کۆی سوودە تایبەتەکان دەکاتە سوودی گشتی، چونکە ئەوە تەنیا لەیەک کاتدا ڕوو دەدات کە سوودە تایبەتەکان بە ئەندازەیەک هاوشێوە بن کە لە یەکسان نزیک ببنەوە). بۆ نمونە، باوە کە داینامیت بۆ درووستکردنی ڕێگا و ویرانکردنی ڕێگا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت. بەهەمان شێوە دەسەڵات دەتوانرێت بەهەردوو ئارستەکەدا بەکار بهێنرێت، بەتایبەت کە ئەویش کەرەستەیەکە وەک هەر کەرەستەیەکی تر لە نێوان دوو کۆتا ئەرکی کەرەستەییدا کورت دەبێتەوە. دەسەڵات لەخۆیدا هەڵگری خەسڵەتەکانی هێز و کاریگەرییە، کە بەهۆیەوە توانای سەپاندن و گۆڕینی ڕەوتی کردە و کاریگەریدانانی پاش کردەی هەیە. بۆیە هەر کات ئەو هۆش و بیرەی زەبری دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست، ئەگەر تەندروست نەبێت، ئەوا دووچاری دانانی کاریگەری مەترسیدارە لەسەر کایەی گشتی.

مەودای کاریگەرییەکانی دەسەڵات فراوانە، چونکە بەشێوەیکی سەرەکی دەتوانێت بە چوار ئاراستە کاریگەری دابنێت: یەکەم، دەتوانێت بەشێوەیەکی کارەبایی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕیار و رەفتارەکان دابنێت کە بەهۆی زەبری کاریگەری خۆیەوە ڕەوایەتی سەپاندوە یان ڕەوایی وەریگرتوە (لێرەدا نامەوێت بچمە باسی جۆرەکانی ڕەواییەوە، کە ڕەوایی ناچاری و ڕەوایی زۆرینەخوازە و رەوایی بە بەڵگە و...تاد). دووەم، دەتوانێت بەشێوەیکی موگناتیسی کاریگەری دابنێت، واتە دەتوانێت لە دوورەوە کار لەڕووداوەکان بکات بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەر شتەکانی ناو ڕووداوەکە کەوتبێت. سێیە، دەسەڵات هێزی هەیە لەمەودای کاتدا بمێنێتەوە یان لەکاتی بەگەڕخستنی زەبرەکانی هێزی خۆیدا کاریگەری لەسەر ڕابردوو و داهاتووش دابنێت. چوارەم، بە هەرسێ دووریەکەی تر هەژموونی کولتووری درووستدەکات بەسەر سەردەمەوە کە بەهۆی کاریگەرییەکانییەوە پاش لەناوچوونیشی جێکەوتەکانی دەمێنێتەوە. سەرئەنجام دەسەڵات کەرەستەیەکە لە هەموو کەرەستەیەکی تر دووفاقترە، بەتایبەت کە تاکە هێزە دەتوانێت هەر گرۆیەک ڕێکبخات و ئاراستەی بکات. کەواتە ئەم هێزە هەمیشە بەرژەوەندیە تێکچڕژاوەکان ڕێکدەخات و بەئاراستەیک بەڕێوەیان دەبات کەمەرج نییە هەمیشە ئەو ڕێکخستنانە بەرەو دادوەری بێت. بەهۆی دووفاقی کەرەستەی دەسەڵاتەوە، بەردەوام دووپەڕ لە پەراوەی دەسەڵاتمان بۆ درووست دەبێت: پەڕی یەکەم، پەڕێکی پۆزەتیڤە و بەردەوام لە بەگەڕخستنی جیاوازییەکاندا لە پانتایی گونجاودا لە هەوڵدایە. پەڕی دووەمیش، پەراوەی دەسەڵات دەکات بۆ مستۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدار خۆی، بە جۆرێک لەهەوڵی جیاکاری بەردەوامدایە تا بتوانێت ببێتە زامنی ئەو بەرژەوەندییانەی دەسەڵات.

لەڕووی ئابووری سیاسییەوە بەرژەوەندی بە هۆکاری بنەڕەتی هەژمار دەکرێت لە لێکدانەوەی هەریەک لە ستەمکاری و بێدادیدا بەتایبەت بەرژەوەندیە ماتریاڵییەکان. لە هەمان کاتدا ناکرێت یەکێکیتر لە هۆکارە سەرەکییەکانی بونیادی دەسەڵات لەیاد بکەین کە بریتییە لە تێکڕای ئەو ترسانەی لەلای هەردوو گرۆ (سێکیولاری ستەمکار و ناسێکیولار) کۆبوونەتەوە و ئاراستەی ڕێڕەوەکانیان دەکەن، تەنانەت ئەگەر ترس بێت لە بەرژەوەندیش. لێرەدا دەمەوێت بڵێم ئەم ترسە دوو ڕێڕەوی سەرەکی وەردەگرن یان دوو شێوەن یان دوو ترسن. بە هەردووکیان یەکێتییەکی ستراتیژی تر درووست دەکەن بۆ ستەمکاری لە هەرجۆرێکی بێت، بەتایبەت کە یەکەم هەنگاوی ئەم ترسانە بە جیاکاری دەست پێدەکات و ئەوانیش: یەکەم ترس لە بچوکی، دووەم ترس لە هاوبەشی، واتە بە پێکەوەیی ترس لە توانەوە لە گشتێکی گەورەدا. کە دواتر دەبێتەوە جۆرەکانی تر لە ترس: ترس لە ون بوون، ترس لە دەرباز بوون لە جەنگەڵ (جەنگەڵ وەک نێوەندێک بۆ حوکمڕانی هێز)، ترس لەزۆری جیاوازییە کۆنترۆڵنەکراوەکان، ترس لەنامۆیی بەرامبەر بە خودێکی کەم توانا...تاد. کە لەلای ئایین و کەپیتالیزم وەک دوو نوێنەر یان هەر خودی هەردووکیان کە سەرچاوەی سێکیولاریزمی ستەمکار و ناسێکیولاریزمن بەم جۆرە من دەیانبینمەوە:

هەر دوو ئێنتیتییەکەی بیرکردنەوە (ئایین و کاپیتالیزم) وا لەسەرەوە باسمانکردن، کاتێک دەستیان بە دەسەڵاتەوەیە یان هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن پێی، ئومێد بە دادوەریی ئەوان لە ڕابردوو و لە ئێستا و لە پاشەڕۆژدا پووچە خەونێکی مەزن بووە بۆ ئێمە. لەلای ئەوان جگە لەوەی دەسەڵات خودی خۆی دەبێتە ئامانج، بەڵکو بەکاری دەهێنن بۆ زەبەلاحکردنی بەرژەوەندییەکانیان بەجۆرێک بۆ دوا سنووری جیاکردنەوەیان بەرێت (لام وایە ئەمە تا ئێرا زۆر ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو کەسێک کەمێک ڕابمێنێت لە سەردەمی خۆی). لەم جیاکردنەوەیەدا ئەوان هەست بە دڵنیایی دەکەن و ترسەکانیان ئەنجامی دابڕان دەڕەوێتەوە، هەرکات تۆن و ڕەنگەکانی جیاکردنەوە کاڵبوونەوە ئەوان هەست بە مەترسی دەکەن، وەک ئەوەی هەندێکیم لەبەشی دووەمدا باسکردبوو. ئینجا بابزانین لای هەر یەکەیان چۆن کاردەکات:

هەمیشە ناسێکیولارەکان (ئیماندارەکانی ئایین و شەریعەتە ئیلاهییەکان) لە چکۆلە بوونەوە دەترسن، بەتایبەت زانین و فراوانبوونی پانتایی پرسیار و زانین قەبارەی گوتاری ئەوان چکۆلەدەکاتەوە و ئەوانیش سنوورێکیان بۆ خۆ نوێکردنەوە هەیە، لەو سنوورە تێپەڕی ناتوانن بەر بەزانین بگرن. واتە تا سنوورێک دەتوانن لەگەڵ دۆزینەوە و زانینی نوێدا ڕەوایی بە خۆیان بدەنەوە یان پاساو بۆ ڕەوایی خۆیان بهێننەوە Justification. لەجۆری دووەمی ترسدا دەترسن لە هاوشێوەیی لەگەڵ ئەوانی تر، چونکە هەموو هاوشێوەبوونێک مەرگی ئەوانە، بەتایبەت ئەوان کە لەسەر پانتایی گەورەکردنی جیاوازییە دەستکردەکانی خۆیان دەژین. هەمیشە ئەوی بەرامبەر کە پرسیاردەکات و گومان دەکات، بڕوای تەواوی ئەم دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خودی ئەو بڕوایەی بەرئەنجامی فۆبیایەکی پێشوەخت درووست بووە کەلە بنەڕەتەوە ترسە لە ئازادی و هەژمارکردنی ئازادییە بە تاوان. هەموو زانینێکی نوێ مەترسییەکی نوێ بۆسەر بوونی ئەو درووست دەکات، ئەنجامی ئەمە ئەو لە هەوڵدایە جیاکارییەکانی بەرئەنجامی ئەدگارە کۆمەڵایەتییەکان گەشە پێبدات نەک ئەنجامی خودی زانین و تێگەیشتنێکی کارا.

لەڕوانگەیەکی سێکیولارەوە، ئەکرێت من دژی ئایین نەبم کاتێک ئایین پەیوەندییەکی نیوان تاک و خوای خۆی بێت.. بەڵکو من دژی ئەو ئایینەم کە خوایەک دەکاتە دەسەڵات و بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی حوکمڕانیمان بکات. ئەوی تەوژمێک کە هەر بەناوی ئەو خواوەندەشەوە یاساکان دادەتاشێت. لەڕاستیدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ گرفتی سەرەکی، کە بریتییە لە گرفتی دادوەری، ئەوا من دەبێت دژی ئەو ئایینە بم کە خوایەک دەکاتە دەسەڵات و بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی جیاوازییە سروشتییەکانمان بکاتە هەڕەشە لەسەر هاوشێوەییمان. لەم بارەشدا ئەگەر ئەوی ترساو هەبێت، ئەوا ڕیسەکەی من (کە بڕیارە خواستی دادوەری بێت) دەبێتەوە بە خوری! چونکە ئەوی ترساو دەبێتە بەشێک لە جیاوازی دەستکرد بەسەر کۆی گشتی کۆمەڵگاوە و کاریگەرییەکانی دەبنەوە دەرهاویشتە و ئەنجام. من چەندێک ئومید بکەم کە یاسایەکی دادوەرانە دەخەمە گەڕ سوودی نابێت لەگەڵ ترسێکی بەردەوامی ئەودا، دواتر ئەو لە منی داواکار و لە ترسی بنەڕەتی خۆی دەکەوێتە نێوان دوو ترسی زەبەلاحەوە و بەردەوام ترس دەخولقێنێت و گەورەی دەکاتەوە. لەم باسەوە دەپەڕمەوە بۆ ئەو کەرەستە و میتۆدە گشتیکراو و باوکراوانەی پشتیوانی لە خۆ جیاکردنەوەی ئایینی دەکەن. لەم خاڵەدایە، کەلەگەڵ سێکیولاریزمی ستەمکاردا لێکجیادەبینەوە.

لەو خاڵەی سەرەوە دەگەینە ئەو شوێنەی مرۆڤ کە دەزانێت چی لەمەڕ جیاکاری دەگوزەرێت ئیدی لای خۆشە مرۆڤ (وەک بوونەوەرێکی ئیماندار) چارەنووسی خۆی ناخاتە دەستی ترسێکی نادیارەوە، هەرچەند ئەنجامی تێنەگەیشتن لە هۆکارەکان ئەو هەر ئارامی خۆی لە نادیاری هێزێکدا دەبینێتەوە کە لەپشت شتەکان و  لەپشت ڕووداوەکانیانەوەیە. لێرەوە بۆ من گرنگ نییە کە ئەو ئاوا باوەڕێکی هەبێت! بۆ من گرنگە ئەو جارێک لە جاران ماڵی ببێتەوە و چی تر دڵنیا بێت و نەترسێت، چونکە هەموو ترسێکی ئەو ترس لە ژینگەی ژیانی منیشدا سەوزدەکات. ئیمانداری بەهێز و کوێرانەی ترساو سنووری ترسی یەک ئۆبجێکتی ترساو تێدەپەڕێنێت و دەیبەزێنێت و دەیکاتەوە بە ترس بەسەر هەموومانەوە. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە تیرۆر لە شۆڕش جیا دەکاتەوە و دواتر هەوڵدەدەم بێمەوە سەر باسکردنی.

لەلای دووەم، کاتێک باس لە ترسەکانی سێکیولاریزمی ستەمکار (یان کاپیتالیزم) بکەین، ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ زۆر پرسی ڕیشەیی! سەرەتای موڵکایەتی و خاوەندارێتی بۆ کۆکردنەوە و پاشەکەوتکردن دەگەڕێتەوە، کە ئەوەش ئەنجامی ترس پەیدا بووە. ترس لە نەمان لە لەناوچوون، مرۆڤی ناچار کردوە لەڕێگای کۆکردنەوەوە پاشەڕۆژی خۆی بپارێزێت. بەم جۆرە مانەوە و بەردەوامی هەژموونێکی درووستکردوە لەنێوان ئەوانەدا کە دەتوانن زیاتر بمێننەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە ناتوانن بەرگەی داهاتوویەکی ترسناک بگرن ئەنجامی کەمی توانایی بۆ مانەوە. ئەم هاوکۆلکەیە لە خاوەنداری سادەوە گەشە دەکات بۆ ئەوەی ببێتە پێگە و جێکەوتی کۆمەڵایەتی بۆ هەرکەس توانای هەبێت، کە دەکاتە کۆکردنەوەی بڕێکی زۆر لە دەستکەوت. بەم جۆرە هەژموون و پێگەی پێدەستگیر دەکات و بەهۆی پێگەوە دەتوانێت پەراوەی دەسەڵات بکات و بەشدارییەکی گەورەتر لە پرسە جڤاتییەکاندا بکات، بەتایبەت ئەوانەی سوودیان بۆ ئەو هەیە. دواتر پێگە دەبێتە شت و ترسی نەمان دەبەسترێتەوە بە ترسی لەدەستدانی پێگەوە. کاپیتالیزم هەمیشە لەلەدەستدانی پێگەی خۆی دەترسێت و بەردەوام دەیەوێت پارێزگاری لە پێگەیەکی جیاوازی جیاکراوە بۆ خۆی بکات. هەمیشە ئەم ئاراستەیە کە دواتر دەبێتە سیستەمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیش، هەوڵی دۆزینەوەی شوناسی نوێ و پێناسەی نوێ دەدات بەخۆی تا بەهۆیەوە بتوانێت جیاواز بێت. جیاکردنەوەی خۆی بە بەشێکی گەورە دەزانێت لە پرۆسە جیاکارییەکاندا، بەڵکو بە بێ ئەو جیاکارییە ناتوانێت درک بە بوونی خۆی بکات، یان بەردەوام بێت.

کاپیتالیزم لەگەڵ ستەمکاریدا دوانەیەکی دانەبڕاون، باشترین پەراوەی هەژموونی خۆیان لە ڕێگای هێزەوە دەکەن. هەرکات هەستیان بە ترسکرد یان مەبەستیان بوو خۆیان بسەلمێنن ناچارن باشترین توانای خۆیان پیشان بدەن (لە هێزدا چکۆلە دەبێتەوە). هێز بۆ کاپیتالیزم، کوانووی هەموو لاوازییەکانێتی، ئەگەر ڕۆژێک بمانەوێت کاپیتالیزم بکەینە دیاردەیەکی مێژووی دەبیت شکست بە هێزەکەی بهێنین، یان دژابەری لە ناو خودی هێزەکەیدا بدۆزینەوە و بەهێزی بکەین. هێزی کاپیتالیزم بە پلەی یەک بۆ توانا داراییەکانی دەگەڕێتەوە. باشترین ڕێگا بۆ مانەوەی ترس تا ترسە بنەڕەتییەکانی خۆی کاڵ ببنەوە، بریتیە لە درووستکردنی جەنگی بەردەوام، ئەوە جگە لەوەی بازاڕی چەک و تەقەمەنی مەیدانێکی گەورەی بەختیاری سەرمایەدارییە، کە ئەم بازاڕە بە هۆی بەردەوامی پیشەسازی چەکەوە بەردەوام دەبێت و پێویستی چەک لە گەرمی جەنگەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. گەر ورد بینەوە لەم ئەنجامە، دەردەکەوێت کە سێکیولاریزمی ستەمکار جەنگ دەکاتە سەرچاوەی ترس و تۆقاندنی بەردەوام، لەبەرامبەرەدا ناسێکیولاریزم تیرۆر دەکاتە ئامانجی سەرەکی پشێوییەکانی خۆی.

بەپێی ئەو ترسە گشتگیرە هەمیشە کاپیتالیزم، لە بچووکبوونەوەی خۆی دەترسێت. هەمیشە هاوشێوەبوونی گشتی بە مەترسییەک بۆ سەر شوناسی خۆی وێنا دەکات و ناتوانێت ئەو خواستە خۆپەرستییە تێپەڕێنێت تا بگاتە یەکسان بوون. سەرمایەدار بەردەوام لە چکۆلەبوونەوە دەترسێت، بچووک بوونەوەیەکی ڕێژەیی، واتە لە گەڵ کاتدا ئەگەر ئەو گەورە نەبێت ئەوا لەقەبارەی خۆی چکۆلەتر دەردەکەوێت بە بەراورد لەگەل ئەوانەی لەو گەورەتر بوون. بۆیە لە گەورەیی ئێستاشیدا  هەمیشە لە هاوشێوەبوون دەترسێت لەگەڵ سەرمایەدارێکی تردا. بەمجۆرە بەردەوام لەهەوڵی خۆ گەورەکردندایە، بەردەوام لە زەقکردنەوەی جیاوازییەکانیدایە. ئیدی گەورەکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی سەرەتای خۆ جیاکردنەوەیە لە کۆی گشتی کۆمەڵگا. بەردەوام درووستکردنی کەلێن لە نێوان جڤاتە چوونیەکەکاندا بە سەرکەوتنی خۆی دەبینێت بە تایبەت لەو پرۆسەیەدا کە کاپیتالیزم تێیدا هەست دەکات کە مافێکی سروشتی ژیانی مرۆڤەکان ئەوەیە کە دەبێت جیاواز بن، بۆیە گەورەترین هەوڵ دەدات کە بەرژەوەندییەکانی خۆی زەبەلاح ببن، چونکە بە هۆی زەبەلاح بوونەوە قەوارەی خۆی لە دووریەکی گونجاو دەپارێزێت و کاریگەرییەکان لەسەر خۆی کەم دەکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە بە پلەبەندکردنی کۆمەڵگاوە ناوەستێت، بەڵکو هەوڵ دەدات کەلێنی گەورە لە نێوان خۆی و چینەکانی خوار خۆیدا درووستبکات و ئەمەش ترۆپکی جیاکاری نمایش دەکات. ئەم پرۆسەیە زۆر بەسانایی لە سەر ئاستی مایکرۆ و ماکرۆ و مێگا پەراوەدەکات بە پێی دەست ڕاگەیشتنی خۆی بە سەرچاوەکانی هێز لە هەر جێگایەکی دونیادابێت.

سەرمایەداری لەڕێگای خۆ جیاکردنەوەوە خۆی ڕزگار دەکات لە بچووک بوونەوە، هەر بۆیە هەوڵ دەدات بە گەورەترین قەبارە و وردەکارییەوە دەربکەوێت. گەورەبوون و خۆ گەورەکردن و پاشان خۆ دەرخستن بەشێکە لە بەد هەستی و درک نەکردنە بەو گەورەییەی مرۆڤ لە کۆی گشتدا دەتوانێت پەراوەی بوونی خۆی بکات. سەرمایەداری بەهۆی جیاوازییەوەیە کە دەتوانێت قۆزاخەکانی خۆی بپارێزێت و بەهێزیان بکات، بەتایبەت لە سەردەمی کرانەوە و درووست بوونی دەرفەتی زیاتردا بۆ ئەوانی تر.

پێشتر بەراوردێکی تا ڕادەیەک ڕیشەییمان بۆ جیاوازی و جیاکاری کرد، هەروەها لە چەند پەرەگرافی ڕابردوودا ئەوەمان ڕوونکردەوە کە کاپیتالیزم چۆن بە پشتبەستن بە جیاکاری دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات و بەهۆیەوە گەشە دەکات. تێکڕا ئەم دوو بنەمایە دەریدەخەن کە جیاوازییە سروشتییەکان ئەو دەرفەت و کەلێنە گەورەیەی نایەکسانی درووست ناکەن، بەڵکو ئەوە جیاکاری یان جیاوازکردنی دەستکردە کە بۆشایی گەورە درووست دەکات و دەبێتە مایەی مەترسی یەکانگیری کۆمەڵایەتی. جیاوازی سروشتی لە خۆیدا جیاوازییەکی هێندە بەهێز نییە ببێتە مەترسی بۆ سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گرۆیەک بکاتە لەمپەڕ لەبەردەم گەشەی گرۆیەکی تردا. جیاوازی سروشتی ئەو هێزە درووست ناکات کە دەسەڵات بونیاد بنێت و ببێتە مەترسی، بەڵکو کاریگەریی خۆجێی دادەنێت بۆ هەر تاکێک و هەر کۆمەڵگایەک، کە دواتر دەکرێت بەهۆی شێوگی جۆراوجۆرەوە ئەو کاریگەرییە خۆجێیانە وەبەر بهێنینەوە بۆ جارێکی تری درووستکردنەوەی سوودی بەکۆمەڵ، ئەمەش مەیدانێکی باشە بۆ مانەوەی بیری نوێ لە پێشەنگدا. بەکۆی باس دەمەوێت ئەوە بخەمە ڕوو، کە ئێمە ناکرێت دژی جیاوازی سروشتی بین، چونکە ئەوە هۆکارە بۆ بەهێزترکردنی کۆمەڵگا و هەر بەو هۆیە دەتوانرێت فرەیی و ئازادی و دادوەری بەرقەرار بکرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ناکرێت پشتیوانی لە جیاکاری یان جیاوازیکردنە دەستکردەکان بکەین کە هەردوو ستەمکاری گەشەی پێدەدەن، حوکمە ناسێکیولارەکان و سێکیولارە ستەمکارەکان. 

29/11/2015

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە- بەشی دووەم


جیاکاری و جیاوازی

جیاکاری (جیاوازیکردن) زۆر دوورە لە چەمکی جیاوازییەوە، دووەمیان تەواو سروشتییە و سەرچاوەی ئازادی و یەکسانییە. لە کاتێکدا، یەکەمیان (جیاکاری) تەواو دژی ئازادییەکانە و کۆسپی هەرە گەورەیە لەبەردەم یەکسانیدا. جیاوازی نیوان مرۆڤەکان بە ئەندازەیەکە، دەتوانین بڵێین هەموو تاکێک مرۆڤێکی دانسقەیە لەم گەردوونەدا، بەبێ ئەم دانسقەییە ئازادی مانایەکی نامێنێت. بۆ نمونە چونە ناو جڤاتەوە و قبوڵکردنی گرۆ، بەخشینی دانسقەیی تاکە بە پێکهاتەی کۆ، واتە مرۆڤ بە دانسقەیی خۆی هاوبەشی جڤات دەکات. لێرەوە ڕەگەزی سەرەکی هاوبەشیکردن بەهۆی خەسڵەتی جیاوازییەوەیە، ئەگەر جیاوازی نەبێت هاوبەشیکردن مانایەکی نامێنێت. کردەی جیاکردنەوە، لە پرۆسەی جیاکارییدا، جیاوازییەکی دەستکردانەیە بۆ شێواندنی هاوشێوەیی، چونکە لەڕێگای پرۆسەی ئەو شێواندنەوە یەکێتی هاوشێوە جیاوزەکان رێی لێ دەگیرێت و ڕوونادات. بەواتایەکی تر لەڕێگای جیاکارییەوە دەتوانرێت بە ئاسانی گرۆبەندی کارا لاواز بکرێت تا ئەندازەی ئاستەنگ کردنی دەرفەت بۆ ئەگەری درووستبوونی هەر گرۆیەکی کارا، کە دواتر بەڕێگای تر، تاکی هاوشێوەکراو درووست دەکرێت، بۆ جێگرتنەوەی تاکە دانسقە جیاوازە هاوشێوەکان. بەم جۆرەش پێویستی دەست بەسەرداگرتن (کۆنترۆڵکردن) مستۆگەر دەکرێت.

دانایی لە هونەری جیاکاریدا ئەمڕۆ لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی هاوشێوەیی سروشتی و دروستکردنەوەی هاوشێوەیی دەستکردی دەستبەسەرداگیراو دەکرێت و چەندین دامەزراوەی زەبەلاح و کەناڵی پەیوەندیکردن لە خزمەت ئەم پرۆسەیەدایە. جیاوازی سروشتی مرۆڤەکان هاوشێوەیە و دەرفەتێکی گەورە دەداتە کردەی ئازاد. کاتێک دان بە هاوشێوەیی ئەم جیاوازییانەدا بنێین، دەتوانین یەکسانی لە نێوان ئەم جیاوازانەدا پێناسەبکەین بە پێی پێویستی جیاوازییەکانیان. ئەم پرۆسەیەش لە کۆی ڕێکخستندا بە ئاسانی جێگای دەبێتەوە، بەتایبەت کاتێک پرۆسەی جیاکاری ڕێگای جێبەجێکردنی نەمێنێت. واتە شێواندنی یەکەمی جیاوزی بەرەو جیاکردنەوە گەشەنەکات یان ڕێگە لە گەشەکەی بگیرێت. ڕێگا گرتن کارێکی سەخت نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی دەرفەتنەدان بە جیاکاری (دووپرۆسە ئەم کۆسپە لەبەردەمی جیاکاریدا وەکو کێو قوت دەکەنەوە، ئەوانیش شۆڕشی بەردەوام و کاراکردنی تێگەیشتنە). هەرکات ڕێگا لە جیاکاری گیرا بەشێوەیەکی سروشتی دەرفەت بە یەکسانی جیاوازەکان دەدرێت لە مەودای ئازادییەکانی خۆیاندا بەپێی پێویست یەکسان بن، کە ئەوەش بۆ سروشتی هاوشێوەیی جیاوازی تاکەکان دەگەڕێتەوە. لە کۆمەڵگای سروشتیدا ئەم خاڵە و ئەم پرۆسەیە هەرگیز ڕووداوێکی نامۆ نابێت، بەڵام لە کۆمەڵگای ناسروشتیدا، کە بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی لەوەی دووەمن، هەمیشە نامۆیە.

حوکمە ئایینییەکان هەموو دەخزێنە نێو شوناس و پۆلێنی ناسێکیولارەکان و هەموو سیستەمی کاپیتالیزم و کاپیتالیزمی دەوڵەتی و ڕێبازەکانی لیبرالیزم تەنانەت سۆشیالدیموکراتەکانیش دەخزێنە بازنەی ئەو جۆرە لە سێکیولاریزم کە ناتوانێت پەراوەی دادوەرییەکی کۆمەڵایەتی بکات بەدوور لە سەرکوتی ئازادی و شێواندنی هاوشێوەیی سروشتی لە نێوان مرۆڤەکاندا. زۆربەی جارەکان نمونەکانی ئەم سێکیولاریزمە، بە هاوشێوەی حوکمە ئایینییە خەیاڵییەکان خۆیان ئارایش دەکەن، بەتایبەت ئەو دەمانەی خۆشگوزەرانی لە پانتاییەکی جوگرافیدا بەجۆرە ژیانێکی یۆتۆبی بەرهەمدەهێنن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەرئەنجامی بێدادییەکی بێ ئەندازە لە پانتاییەکی جوگرافی تردا ئاگایانە هاتووەتە بەرهەم و هەر بەوجۆرەش بەڕێوە دەچێت.

ئایین و کاپیتالیزم لەسەر دنگەی جیاوازیکردن دەژین، هەر سیستەمێکی تریش پشتی بەم جیاکارییە بەست دەگەڕێتەوە بۆ هەڵگرتنی شوناسی یەکێک لەم دوانە. ئایینەکان هەمیشە لەسەر جیاکردنەوەی مرۆڤەکان دەتوانن هەبن کاتێک کە لە نێوان بێ ئیمان و ئیمانداردا بەشیان دەکەن. کاتێک دەتوانن هەبن کە بە بەرەیەک بڵێن چاک و ئەوەی تر خراپ، بەرەیەکی سەر بە خوا و ئەوی تر دژ بە خوا. لەم پێڕستەی پۆلێنی خۆیاندا پلەی بەراوردکارییان بۆ درووست دەبێت، لە پێناوی پاراستنی جیاکاریدا. مانەوەی ئەم جیاکارییە داینەمۆی گەڕی بازاڕ و بزنسی ئایین و ئایینزاکانە. ئەگەر هەموو مرۆڤەکان سەر بەیەک بەرەی ئایینی بن یان سەر بە هیچ بەرەیەکی ئایینی نەبن، ئەوا ئایینەکان نامێنن و لەکار دەکەون! بۆیە بەردەوام بۆ مانەوەی خۆیان دەبیت جیاکاری نوێ بونیاد بنێن یان بگەڕێنەوە بۆ جیاوازییە مێژوویی و هەنووکەییەکان تا بتوانن جیاکاری کارای لێوە دابتاشن تەنانەت ئەگەر لەناو خودی ئایین و ئایینزایەکی تایبەتیشدا بێت. بۆ نمونە ئیسلام کێشەی لەگەڵ نا ئیسلامدا هەیە، لەناو ئیسلامیشدا کێشەی زۆر لە نێوان ئایینزاکانی ئیسلامدا هەیە. بەهەمان شێوە لە نیو کرستیانەکان و لە نێو بیروڕا ئایینییەکانی تردا. لە دونیای سیستەمی کاپیتالیستیدا جیاکاری بنەمای هێشتنەوەی ململانێکانە، کە بەهۆیەوە نا هاوسەنگی درووست دەبێت و لە ناهاوسەنگیدا بازاڕ دەتوانێت بە زیندوویی بمێنێتەوە و نەگاتە دۆخی فرەیی یان تێربوون. بەو جۆرە خودی بیری لیبرالیزم و/یان سیستەمی کاپیتالیستی وەبەرهێنان لە جیاوازیدا دەکات بە گۆڕینی بۆ جیاکردنەوە یان جیاوازیکردن ئەوەش لە ڕێگای شێواندن و کۆسپ خستنە بەردەم هەموو جیاوازییە سروشتییە هاوشێوەکان. چونکە هەمیشە هاوشێوەییەکانی جیاوازی دەرفەت و پانتایی ژیانی هاوبەش و هاوشێوەیی درووست دەکەن.


بەم جۆرە هەردوو تەوژم کە لە ململانێیەکی گەورەدان، ململانێکەیان لە جەوهەرەوە دێتە دەرەوە و دەبێت بە ملمملانێیەکی ڕووکەش. بەتایبەت کە هەردووکیان لە ستراتیژێکدا یەکدەگرن بریتییە لە درووستکردنی جیاوازی. هەریەکەیان بە جۆرێک کاری بۆ دەکات و بەکاریدەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی کە زۆری جیاواز نییە لە ئامانجەکانی هاوتاکەی. ناکرێت ئێمە لێرەدا قیرسیچمەیی بکەین و باوەڕمان وابێت ئەم ڕەوتانە سوود لە جیاوازییە سروشتییەکان وەرناگرن، بە پێچەوانەوە ئەوان زۆرترین سوودی خۆیان لە وەبەرهێنانی ئەو جیاوازییە سروشتیانەدا دەدۆزنەوە. بە پێچەوانەی ئێمەوە کە چکۆلەترین جیاوازی نێوانمان زۆر بە ئاسانی لێکترمان دووردەخاتەوە و ناهێڵێت درک بە هاوشێوەییەکانمان بکەین. ئەمەش یەکێکە لە نهێنییەکانی ساردبوونەوەی چەمکی شۆڕشگێڕی لەلای ئەو تاکانەی کە بەهۆی جیاکاریی و پرۆسەکانی سەرکوتی ئازادی و بێبەشکردنەوە دەچەپێنرێن. 

هاتنە دەرەوە لە قۆزاخە- بەشی یەکەم


سێکیولاریزم و ناسێکیولاریزم
ململانێ و مشتومڕی نێوان سێکیولاریزم و حوکمڕانی شەرع هێشتا درێژەی هەیە و تا ئەم دەمەش ناوەندەکانی گفتوگۆ و ڕکابەری فکر و تیۆر و تەنانەت کرداری سیاسیش لەسەر ئەم دوو ئاراستەیە، بەیەکدا دەدەن و لە ئاشتەواییترین دۆخی خۆیاندا دانەچیڕە لەیەکتر دەکەن. بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەدا کە هێشتا ئایین کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر ژیانیانەوە ماوە. سێکیولاریزم لە کورتیدا دوو داواکاری بۆ بەڕێوەبردنی ژیان هەیە: یەکەم، جیاکردنەوەی دەوڵەت لە هەموو دامەزراوە ئایینییەکان و ئازادکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ئایین. دووەم، یەکسان بوونی تێکڕای خەڵک لەبەردەم یاساکانی دەوڵەتدا سەرباری ئەوەی هەڵگری هەر بیروڕایەکی ئایینی جیاواز بن، جا گرنگ نییە قەبارە و کاریگەری ئەو بیروڕا ئایینییە یان ئاینزایە هەرچەندێک بێت. لەبەرامبەردا، حوکمڕانی بەپێی شەرع، یان ڕاسترە بڵێین ئاراستەی ناسێکیولاری هەموو ئەو تەوژم و ڕێکخراو و خاوەن ستراتیژانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بەپیێ ئایین یان بیرکردنەوەی ئایینزایەکی دیاریکراو کۆمەڵگا ڕێک بخەن و دەستوور و شەریعەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای ((ئایینە دیاریکراوەکە)) دابمەزرێنن و بەڕێوەی بەرن.

گرفتی سەرەکی ئێمە، حوکمڕانی سێکیولارستی یان نا سێکیولارستی نییە، بەڵکو ئەم پرسە پرسێکی بەشەکییە لە کۆی گرێ هەمەکییەکانی کۆمەڵگا. گرێی سەرەکی لەلای من گرفتی بێدادییە، ئەو بێدادییەی خۆرەی هەمیشەیی ئازادییەکانی سەردەم و یەکسانییە مومکینەکانە. ئەم جۆرە لە بێدادی هەمیشە لە حوکمە شەرعی و ناسێکیولارەکاندا ئامادەیە، بەواتایەکی تر حوکمێکی ئایینی نییە بێدادییەک پەراوە نەکات کەبەرهەمی سەرکوتی ئازادی و نایەکسانی نەبێت. هەروەها هەر هەمان جۆر لە بێدادی لە ژمارەیەکی زۆری سیستەمە سێکیولارەکانیشدا شاراوە نییە، بەواتایەکی تر دەرکردنی ئایین و ئایینزاکان لە سیستەمی حوکمڕانی یان یەکسانی خەڵکێک کە هەڵگری ئایین و ئایینزای جیاوازبن لەبەردەم یاسای دەوڵەتدا ڕێگەچارە نییە بۆ گەیشتن بە دادوەری! واتە چارەسەری ئەو گرفتە سەرەکییەی ئێمە هەمانە بەتەنیا بەم میتۆدە ناکرێت. بۆیە خۆ خەریککردن بە سێکیولاریزمەوە و کردنی بە ئامانجی کۆتایی، نامانگەیەنێت بە دادوەری کۆمەڵایەتی. لە هەمان کاتدا بە دڵنیاییەوە، پێویستی ڕێگای گەیشتن بە دادوەری کۆمەڵایەتی ناچارمان دەکات هەموو ئەو جومگە ناسێکیولارییانە (ئایینییانە) ڕیشەکێش بکەین کە دەبنە کۆسپ لەبەردەم ئازادی و یەکسانییدا (واتە دەستەبەرکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی).

ڕەگێکی هاوبەش هەیە لە نێوان سێکیولاریزمی ستەمکار و ناسێکیولاریزمدا، بەهۆی ئەم ڕەگە هاوبەشەوە هەموو ئەو بێدادییەی لەمەڕ سەرکوتی ئازادی و درووستکردنی نایەکسانییەوە پەیدا دەبن یەکدەخرێت و دەکەونە خزمەت یەک ستراتیژی هاوبەشەوە. جار هەیە ئەم ستراتیژە لە تەبایی ئەم دوو ڕەوتەدا دەگەشێتەوە و ڕوو لە ئامانجە هاوبەشەکانیان دەکات! جاریش هەیە لە پێکدادان و ناتەباییاندا بەو ئامانجە دەگات. خاڵێکی گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە ڕوو لە پرسی سەرەکی بکەین و لە تەڕاویلکەی ئەم ستراتیژەدا ون نەبین یان نەبینە کەرەستەیەکی بەکارهاتوو. بەتایبەت کە لە هەر بارێکیاندا بەهۆی ناهاوتایی هێز و نەگونجاوی یاساکانی یارییەکەوە (یاساکانی ئەم یارییە لۆجیکێکی ناجۆری لەگەڵ لۆجیکی ئەو بەرەیەدا هەیە کە خەمی سەرەکییان گەیشتنە بە دادوەری) لایەنە ستەمکارەکان براوە دەبن. 

03/11/2015

هەرجارەی باسێک ژمارە - ١٧

لە گۆشەیەکی گۆڕانەوە

بەگشتی دەتوانین جۆرەکانی گۆڕانکاری بە چەند شیوەیەک پۆلێن بکەین و هەر یەکەیان پێناسە بکەین. بۆ نمونە: گۆڕانکاری خێرا و هێواش، توندڕەو و خۆش ڕەوت، سەراپاگیر و بەشەکی، بەپێی سەکتەرەجیاوازەکانی ژیان، بەپێی گرنگی پێشینەیان (أولویات Priorities)..تاد. هەروەها دەتوانین بەراوردکاری لەنیوان جۆرە جیاوازەکاندا بکەین و لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەریەکەیان بەشێوەیەکی زانستی باسبکەین، سەرنج و بۆچوون و تیۆرە جیاجیاکان لەمەڕ ئەم پرسە ڕوون بکەینەوە. لێرەدا و لەم باسەدا نامەوێت لەکورتەیەکدا بابەتێکی ئاوا گرنگ لەبار بەرم، بەڵام لەلام گرنگ بوو سەرنجێکی خێرای ئەم پرسی گۆڕانکاریییە پەخش بکەم، بەتایبەتیش لە گۆشەیەکی دیاری ئەو پرسەدا هەڵوێستە بکەم.

ئەگەر یەک تۆز ورد لە ئەزموونی مێژوویی بڕوانین، دەبینین هێڵێکی جیاکەرەوەی ڕوون و ڕێک نییە لەنیوان دۆخی پێش گۆڕان و دوای گۆڕاندا! بەڵکو تێکڕای پرۆسەکانی گۆڕانکاری بەشێوەیەکی هارمۆنی ڕوو دەدەن و کۆمەڵگاکان، یان ڕاسترە بڵێم ڕێکخراوەکان، بە قۆناغی جیاجیادا تێدەپەڕن تا دەگەنە دۆخێک گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەگەر کۆمەڵگایەک گۆڕانکارییەکی کتوپڕی ڕاپەڕین ئاسا ئەنجام بدات، ئەوا ناچارە بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەکانی کە پێویست بوون بۆ گۆڕان تا خودی گۆڕانکارییەکان ئەنجام دراوەکان جێبگرن. بۆیە ئەگەر گۆڕانێک کوتوپڕ و کوتەدا ئاسا ناکۆتا جاریش دووبارە ببێتەوە، ئەوا پێکهاتەکە لە دۆخی پێشووی خۆیدا گینگڵ دەخوات تا ئەو ساتەی دەتوانێت بەجۆرێک لە جۆرەکان پێویستییەکانی گۆڕانکاری ببڕێت. ئەم خاڵە لە گرنگی ڕاپەڕین کەم ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر گرنگی قۆناغی ئاوسبوونی بەر لە ڕاپەڕین یان ئامادەکاری بۆ بەرەنگار بوونەوەی پێشهاتەکانی دوای ڕاپەڕین پیشان دەدات.

ئەکریت گۆڕانکاری خیرا ڕووبدات هەروەها بە قۆناغەکانیشیدا بڕوات! یان گۆڕانکاری بە بازددان بێت و چەند قۆناغێک پێکەوە بپەڕێنێت. لەباری یەکەمیاندا هەر هەنگاوێک بەباشی لە پەیکەر و میکانیزمی کۆمەڵایەتیدا خۆشە نەبووبێت کۆمەڵگا ناچارە بۆی بگەڕێتەوە و لەدواییدا خۆشەی بکات یان باجەکەی بدات. لە شیوەی گۆڕانکاری بەبازداندا، ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی و بە قۆناغەکەدا بچێتەوە. هەندێ جار هەیە وەرچەرخانە ماددییەکان هێندە بەهیزن کۆمەڵگا دووچاری بازدان دەکەن لە گۆڕانکاریدا، هێشتا ئەمەشیان جیاوازە لە گۆڕانکارییەک بەبازددانی درووستکراو و بە گوشاری دەرەکی پەیدا بووبێت.

کۆمەڵگای ئێمە نزیکەی سێچارەکە سەدەیە، پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە! ئەو گۆڕانکارییەی دەتوانێت دەستکاری کولتوور و شێوەی ژیان و ئاراستەکانی بەپیرەوەچوون لای تاک وگرۆ بگۆڕێت (Individual And Social Approaches). هەروەها لە دۆخێکی هیندە ناهەمواردا ژیان دەباتە سەر کە دەتوانین ناوی بنێین دۆخی فریاگوزاری (Emergency)، بەجۆرێک هەر ئیستا پێویستی بە گۆڕانێک هەیە ژیانی ئەمڕۆی سەرلەبەر جیاواز بێت لە دوێنێی! ئەو ئیستایە هێندە درەنگە، کە باشترە ئەم کاژێرە ڕووبدات نەک کاژێرو نیوێکی تر. لەنێو بەرداشی ئەم دوو ڕاستییە تاڵەدا ئێمە مەحکومین بە کارکردن بۆ هەموو جۆرەکانی گۆڕانکاری، ئێمە ناچارین چەندین ڕێکخراو، گرۆ و دامەزراوەمان هەبێت و هەریەکەیان بەئاراستەیەکی گۆڕانکاری کار بکەن و چەترێکی گشتی هەبێت بەرهەمی ئەم پێکهاتانە بچنێتەوە.

ڕای من وایە، لە کوردستاندا مەحکومین بە کارکردن بۆ هەموو ئەو گۆڕانانە بە پێکەوەیی، ئەگەرنا یان لەم گێژاوی پاشکۆیی و پەڕاگەندەییەدا دەمێنینەوە و زۆر نزیکین لە توانەوە لەناو کۆی هیچەکانی سیستەمێکی لەخۆمان گەورەتردا! یان ناچارین بۆ ئەوەی هەبین لەهەموو گۆشەیەکەوە بۆ هەموو گۆڕانکارییەکان کار بکەین. ئەمە پێویستییە لە کاری تاک گەورەترە و هەرگیز بەهێزێکی زەبەلاحیش ناکرێت. بەم پارادۆکسەی دوایی دەمەوێت بڵێم بە هێزێکی زەبەلاح دەکریت، کە ئەنجامی هاو ستراتیژییەتی هیزە جیاوازەکان درووست بوو بێت، نەک بەکاری پەرتەوازەی هەوڵە تاکگەرایی و خۆپەرستەکان.

تێبینی:
هێزە جیاوازەکان: بەهیچ شێوەیەک مەبەستم پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان نییە، بەتایبەت باشوور، بەڵکو ئەوان هیچیان پێناکرێت لەم بارەیەوە! مێژووی ڕابردوویان گەواهی ئەوە ڕاستییە دەدات.