بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





30/12/2016

ماتریکس (4)، ئێمە و ئێوە و باشووری کوردستان/ چەند تیۆرێکی دیاری بەرهەڵستکاری و بەرەنگاری/ بەشی حەوتەم


دووهەم (جەیمس سکۆت James C Scott)[1]: لە شارێکی چکۆلەی سەر بە ویلایەتی نیوجێرسی لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە ١٩٣٦ لە مانگی دیسەمبەردا لە دایک بوە. باوکی جەیمس دکتۆر بوە و کاتێک مردوە کە ئەم تەمەنی ٩ساڵان بوە. شارەکەیان شارێکی چکۆلەی پیشەسازی بوە تەنها سێ دکتۆری تێدا بوە. ئەو ڕۆژانە بەگشتی دکتۆر پارەی زۆری وەرنەگرتوە. دایکی جەیمس کەسێکی زۆر زانا نەبوە و لە خێزانێکەوە هاتوە تا ڕادەیەک باری ژیانیان باش بوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەسێکی لەخۆگیراوبوە[2] کەچی هێشتا سەرباری توانای باشی ئابووریان گرنگی زۆر بە دایکی نەدراوە. جەیمس دەڵێت: "دایکم ناچار نەبووبوو هیچ بکات، باوکمی زۆر خۆشدەویست و دوای مردنی باوکیشم جارێکیان بە ڕێگای دەرمان هەوڵیدا خۆکوژی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواتر بوو بە ئەلکهولی و ئاخرجار من کە بینمیم زۆر زەحمەت بوو بۆم، چونکە تەواو تێکشکابوو. ئیدی من تێگەیشتم گەورەترین شکست بۆ ژنێک ئەویە کە ئیشێکی نەبێت و هیچ نەزانێت، بەڕاستی دەبێتە کۆیلە". دەتوانین بڵێین جەیمس تا ڕادەیەک لە خێزانێکی هەژاردا ژیاوە. سەرەتا دەچێتە خوێندنگەیەک کە خوێندنگەی کوەیکەرەکانیان[3] پێ وتوە. دوای ئەوەی باوکی دەمرێت دایکی ناتوانێت مەسرەفی خویندنی جەیمس بکێشێت، بۆیە ناچار لە خویندن دەریدەهێنێت و لەوێوە دەستدەکات بە کارکردن بەتایبەت لە هاویناندا بۆ ئەوەی بتوانێت مەسرەفی خوێندنی خۆی دەربکات.

خوێندنگای کوەیکەرەکان دەبێتە دایک و باوکی ڕاستینەی ئەم زانا و بیرمەندە. هەر ئەوان فێریدەکەن چۆن لەسەر خواستەکانی خۆی بوەستێت و چی هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی لێوەی لە ژیان و سیاسەت تێبگات. ئەم پێگەیە زۆر بەڕوونی پێمان دەڵێت خوێندنگە و ژینگە و بنەما پەروەردەییەکان بیرمەند و داهێنەرەکانی ئایندەمان دیاریدەکەن. زۆرجار هەیە بەرهەڵستکار ئەگەر تەنیا وانەیەکی بەرهەڵستکاری فێری چەند کەسێک بکات بەسە بۆ ئەوەی بنەماکانی ناقایل بوون بە ستەمکاری چەکەرە بکاتەوە و خەبات بەردەوامی پێبدرت.

یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکانی جەیمس بۆ تەواوکردنی خوێندن لەگەڵ کوەیکەرەکاندا ڕەزامەندی دایک و باوکی دەبێت. هەروەها مامۆستاکانی زۆریان خۆشدەوێت، تەنانەت لەیەکێک لە چاو پێکەوتنەکانیدا دەڵێت: "زۆر حەزمدەکرد دڵی مامۆستاکانم خۆش بکەم چونکە زۆرم خۆشدەویستن، ئەوانیش بەسەرکەوتنی من دڵیان خۆش دەبوو". لەم خوێندنگایانەدا کوەیکەر، شتێکی باشیان تیا هەبوە کە خوێندنگە ئاساییەکانی دەوڵەت ئەو شتە باشەی تێدا نەبوە: (دەبوو خوێندکارەکانی بچن لە دەرەوە و لە ژیانی خەڵک تێبگەن و کۆمەك پێشکەش بەو خەڵکانە بکەن کە پێویستیان بە کۆمەک هەیە). جەیمس دەڵێت: "سەرەتا دەچووینە هەموو بۆنە و چالاکییەکی ڕەشپێستەکان، هی پارتە دژەکان لە کۆبوونەوەی ئەو خەڵکانە دەبووین کە نەیارن بە دەسەڵات، دەچووینە کۆبوونەوەی کۆمۆنیستەکان و سەردانی بەندیخانەکانمان دەکرد، خانوومان بۆ بۆیاخ دەکردن، کۆمەکی ئیشمان پێشکەشدەکردن و زۆر شتی ترمان دەکرد، ئەمانە وایان لێکردم لە نزیکەوە لە ژیانی ئەوان تێبگەم".

خوێندنگەی کوەیکەر لە ڕێگای خۆشەویستییەوە بۆ گرۆ پەراوێزکەوتوەکان جەیمس فێری بەرهەڵستکاری دەکات، بەتایبەت ئەم جۆرە لە کار لە خوێندنگەکانی دەوڵەتدا کەسێکی ئاسایی فێری نەدەبوو، بە پێچەوانەوە ئەگەر خوێندکار بەشێوەیەکی ئاسایی گیانی بەرهەڵستکاریشی تێدا بوایە، ئەوا ئاسان نەبوو بەڵکو لەسەر خویندکارەکە زۆر دەکەوت. وانەیەکی گەورەی کوەیکەر ئەوە بوو کە چۆن تاکە کەسێک دەتوانێت بەتەنیا دژی سەدان هەزار کەس ببێتەوە! بەتایبەت ئەگەر بیەویت پرسێکی ڕەوا بباتە پێشەوە. جەیمس خۆی دەڵیت: "لە ڕاستیدا خۆم کەسێکی زۆر ئازا نەبووم، بەبێ کوەیکەرەکان، لەوانەیە کەرەستەکانی ئەشکەنجەدان و تۆقاندنم ببینیایە یەکەم کەس دەبووم پشتم دەکردە هەموو ئەوانەی چواردەورم، بەڵام بەهۆی ئەوانەوە خەباتی مەدەنی بۆ من گرنگی خۆی هەبوو، تەنانەت وام لێهات لە هیچ نەدەترسام". ئەمە ئەزموونێکی گەورەیە بۆ مامۆستایانی کوردستان ئەگەر بتوانن خۆیان لە دەسەڵات و هەژموونی پارتە سیاسییەکان ڕزگار بکەن، دەتوانن ئەوان ئاراستەی داهاتووی داهێنان و سیاسەت و مێژوو بکەن. ئەوەی ئەوان دەتوانن بیکەن گۆڕینی ئاراستەی پرسیارە بنەڕەتی و ستراتیژی و ئەزەلییەکانە بۆ خەڵکی باشووری کوردستان.

مرۆڤ لە پێگەی کات و تەمەنێکەوە هەڵوێستەی مێژوویی خۆی دەکات، تا ڕادەیەک بڕیار دەدات لەسەر هێڵەکانی ڕەوشتی گشتی و سیاسی خۆی هەر بۆیە کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتووی دەبێت. مامۆستا و ژینگەی پەروەردەیی لە کوردستاندا دوو کاراکتەری جوگرافی کۆمەڵایەتی گەورەن کە دەتوانن لەم دۆخە پاسیڤەی ئەمڕۆی کوردستاندا بەشداری لە ڕۆڵێکی فریادڕەسانەدا بکەن. ئەوەش بە ئاراستەی چۆنێتی بیرکردنەوەی نەوەی نوێ لە دژی ستەمکاری دەسەڵات لە بری بۆیکۆتێکی بێ بەرهەم و بێ ئاکام کە تەنیا ناوەکەی "خەباتی سپی" یە و بەرئەنجامەکەی تەسلیم بوونەوەیە بە خواستەکانی دەسەڵات بە بێ ئەوەی هەست بەو بەرئەنجامانە بکەین.

جەیمس سکۆت بە درێژایی تەمەنی خۆی و لە ١١ ساڵیەوە کاری کردوە؛ بەفر پاککردنەوە و باخداری و ئوتووکردن و کشتووکاڵ و زۆر کاری تر یەکێکن لە ئەرکە گرانەکانی ژیان بۆ منداڵێک لەو تەمەنەدا. کاریکردوە بۆ ئەوەی بتوانیت خوێندنەکەی تەواو بکات و لە کوەیکەرەکان دانەبڕێت. جەیمس لە منداڵیدا لەگەڵ گەنجانی دیموکراتەکان دەست بە کار دەکات، هەرچەند بەپێی چاوپێکەوتنەکانی خۆی لە گەنجیدا هیچ پلانێکی نەبوە دەبیت بە چی و لە چی ئەخوێنێت، بەڵام هەروەک تیۆرییەکەی خۆی کە پشت بە کردار دەبەستێت، ئەو هەر لە سەرەتاوە لە خانەی بەرهەڵستکاراندا پۆلێن دەبێت. دایکی جەیمس کەسێک بوە نەیزانیوە و بۆی گرنگ نەبوە منداڵەکەی دەبێت بە چی، کەچی مامۆستایەک دەبێتە هاوڕێی جەیمس و زۆری خۆشەدوێت و ڕوودەکاتە کۆلیجێک و جەیمسیش هەر بەخۆشی ئەوەوە دەچێتە هەمان کۆلیج، سەرەتا ئابووری دەخوێنێت و دواتر گرنگی بە ئابووری سیاسی دەدات و پاشان وەک ئەنترۆپۆلۆجیستێک شانازی بە زانایی خۆیەوە دەکات و هەمیشەش خۆی بە پسپۆڕی سیاسی زیاتر دەداتە قەڵەم تا هەر بوارێکی تر.  کاتێک پرسیاری مۆسیقای لێ دەکەن، خۆی دەدزێتەوە، دواجار دەڵیت: "من لە گەنجی و منداڵیدا مەشغولی ئەوە بووم خێزانەکەمان چۆن دەتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە ژیان مسۆگەر بکات، دواتر کە هاوسەرەکەمم ناسی ئەو جارێکی تر هێنامیەوە بۆ دونیای ئەدەب و هونەر، شتێک لەوێ چێژم لەم بابەتە وەرگرت. ڕاستە دایکم و باوکم پیانۆیان پێ دەخوێندم، بەڵام زۆرجار سەعاتەکەم بۆ ١٠ خولەک پێش دەخست تا زوو لەو دەرسە ببمەوە، دواتر خۆمم دۆزیەوە و هەندێ وێنەم بە پاستیل دەکێشا بەڵام ئەوکاتانە ئیتر گەورە بووبووم و زۆر درەنگ بوو. وەرزشم زۆر کردوە و خەریکی فوتباڵ بوم لە فوتباڵیشدا گۆڵچی بووم".

لە ڕووی ئایینەوە، باوکی جەیمس کەسێکی بێ ئیمان بوە، دایکیشی بابەتی ئایینی هەر بەلاوە گرنگ نەبوە. دواتر هەردووکیان سەرباری نەبوونی گرنگیان بۆ ئایین، کەچی جەیمس دەگەڕێنن بە کەنیسەکانی شاردا تا بزانن بەشکم حەز لە یەکێک لە ئایینەکان بکات، ئیتر جەیمس زۆری حەز لە گۆرانییەکان بوە کە لە کەنیسە وتراون، دواتر بۆ دوو سێ ساڵێک دەبێتە ئیپیسکۆپالیان[4] (Episcopalian)، منداڵێک دەبێت زۆر زۆر شەیدای بیر و بۆچوون و مێژووی ماهاتما گاندی دەبێت، گاندی بۆ جەیمس دەبێتە سیمبوڵێکی سەیر لە هەرزەکاریدا، ڕۆژێک لەیەکێک لە کلاسەکانی کەنیسەکەیدا لە قەشەکە دەپرسێت: ئایا گاندی شوێنی لە کوێدایە لە و بەهشتەی ئیپیسکۆپالیان هەیەتی لە ئاسمان؟ قەشەکە لە وەڵامدا دەڵیت: "ئەگەر گاندی مەسیح بناسێت ئەوا شوێنی هەیە بەڵام ئەگەر نەیناسێت، ئەوا شوێنێکی نییە لەو بەهەشتەدا". ئیتر ئەوە دەبێتە دوا بزمار کە لە تابووتی ئایین دادەکوترێت لەلای جەیمس سکۆت و کۆتایی بەو پرسە دێت، چونکە بەلای ئەوەوە ئەگەر گاندی شوێنی نەبێت، ئەوا ئەو لەو بەهەشتە نابێت کە ئیپیسکۆپالیان درووستیانکردوە. دواتر یەکسەر لە خوێندنگە و کلاسەکەیان دێتە دەرەوە و بەردەوام نابێت. ئەمەی لێرەدا گێڕامانەوە سەبارەت بە ئایین لە ١٥ ساڵیدا ڕوویداوە و  لە چاوپێکەوتنێکدا جەیمس دەڵێت: "لە ئێستادا ئەگەر بیر لە ژیانی داهاتووی خۆم بکەمەوە، ئەڵێم من بێباوەڕم، بەڵام من زۆر بیر لەو ژیانە ناکەمەو! من لە ڕاستیدا شتێک نییە ناوی ئایینێک بێت و من هەمبێت".

لەکاری سیاسیدا جەیمس سکۆت بە سی ئای ئەی تاوان بار دەکرێت: وەک پێشتر باسمانکرد جەیمس لە ناو خوێندکارانەوە دەست بە کاری سیاسی دەکات بەتایبەت لە ناو گرۆکانی کەمینەدا زۆر چالاک دەبێت، کاتێک بۆ توێژینەوەی زانستی ڕوو لە بۆرما دەکات ئەم ئەزموونە سیاسییە دەبات بۆ ئەوێش، بەڵام دەوای سێ مانگ لە کارکردن هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت. دواتر سکۆت گەشە دەکات و هەڵدەبژێردرێت بە جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی International Student Association-USA، ڕێدەکەوێت هەندێ دەرئەنجام و چارەسەر لەچوارچێوەی کاری ڕێکخراوەکەیدا لە کۆبوونەوەیەکدا لە واشنتۆن پێشکەش دەکات و بە ڕاپۆرتێک دەیانخاتەڕوو، هەر ئەو کاتە داوای لێدەکرێت کە چاوی بکەوێت بە کەسێک، ئەو کەسەش کارگوزاری سی ئای ئەی ئەمریکایی دەبێت. دواتر کارگوزارەکەی سی ئای ئەی داوای لێدەکات کە کۆپیەک لەو ڕاپۆرتانەی دینووسێت بیدات بەوان! لەم بارەیەوە جەیمس دەڵیت: "نەخێر ئەو کارەم نەکرد، هەرچەند ئەو کاتە بۆ من زۆر شتێکی گرنگ نبوو بەتایبەت لە ڕووی ئایدۆلۆجیەوە ئەوەندە پێگەیشتوو نەبووم لەبەر ئەوە کارەکە ڕەت بکەمەوە، کەچی دواتر دەرکەوت کە هەموو ڕیپۆرتەکانی من نووسیومە بۆ سەرۆکی ڕێکخراوەکەم دراون بەو دەزگایە بێ ئەوەی من بمەوێت یان نەمەوێت! چونکە سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان خۆی کەسێک بوو لەلایەن سی ئای ئەیەوە تەجنیدکراوبوو." ئەمە یەکێکی ترە لەو ڕێگایانەی کە بیری بەرهەڵستکارانەی زانایەکی پێ دژایەتی دەکرێت لە سیستەمی سەرمایەداریدا. هەروەها ئەم چیرۆکە گرنگی هۆشیاری بیرمەندێک پیشان دەدات کە چۆن دەتوانێت خۆی لە تەڵە و داوە موخابەراتییەکان بپارێزێت؛ بێگومان لێرەدا سکۆت یەکێکە لەو زانایانەی تا ڕادەیەکی نەیتوانیوە بە باشی خۆی بپارێزێت.

بیری بەرهەڵستکاری لەلای جەیمس سکۆت
جێی سەرنجە کە جەیمس سکۆت خۆی بە کەسێکی ئانارکیست ناناسێنێت، کەچی ناوەڕۆکی تیۆر و مشتومڕەکانی هەمیشە لەدەوری بیری ئانارکیستی دەخولێنەوە و هەموو بەرهەڵستکارییەکانی دەکەونە خانەی ڕەتکردنەوەی فۆرمی دەوڵەتی نیشتمانی و بەردەوام بیر لە ئازادی کۆمەڵگا خۆجێیەتییەکان دەکاتەوە و بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ سەرکەوتووییان لە هەڵاتن لە دەست ستەم و زۆردارییەکانی دەوڵەتی نیشتمانی. ناوەڕۆکی بەرهەڵستکاری لەلای ئەم بیرمەندە ئەوەیە کە: خەڵکی فەرمانپێکراو[5] بەرهەڵستی فەرماندارەکان دەکەن لە هەرکوێیەکی کۆمەڵگادا بێت. قسەو باسی سکۆت لەسەر بەرهەڵستکاری فۆرمی دەوڵەتە، وەک یەکێک لە شیاوزە گرنگ و سەرەکییەکانی فەرمانڕەوایی. ئەم بیرمەندە تیۆرە سەرەکییەکانی خۆی لەسەر ناوچەیەک نووسیوە کە پێی دەڵێت "زۆمیا". زۆمیا- بۆ هەموو ئەو گردو بەرزاییانە بەکاردەهێنیت کە دەکەونە ئەو گرد و بەرزاییانەی لە سەنتەری ڤێتنامەوە دەست پێدەکەن بۆ باکوری خۆرهەڵاتی هندستان و بەهەندێ شوێنی تری ڤێتنام و کامبۆدیا و لاوس و تایلاند و بۆرمادا تێدەپەڕێت و چوار پارێزگا و ناوچەی باشووری خۆرئاوای چینیش لەخۆ دەگرێت. ناوچەکە بە گشتی نزیکەی ٣٠٠٠ م لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە. ئەم ناوچەیە فراوانییەکەی نزیکەی ٢.٥ ملیۆن کیلۆمەتر چوار گۆشەیە و دانیشتوانەکەی بە ١٠٠ ملیۆن کەس مەزەنە دەکرێت! واتە قەبارەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی گەورە یان چەند دەوڵەتێک کە لەهەندێ ناوچەدا چڕ دەبنەوە. ناوچەی زۆمیا، ناوچەیەکە دەوڵەتی تێدا نییە! زۆمیا دوا ناوچەی دونیایە کە خەڵکەکەی هێشتا بە تەواوی لەگەڵ دەوڵەتی نیشتمانیدا هاوکاریان نەکردوە و بەدرێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ دژی پرۆسەکانی بە دەوڵەتکردنی نیشتمانی وەستاونەتەوە.

لەلای سکۆت، پرۆسەکانی کۆنترۆڵکردن لە مێژووی دەوڵەتی نیشتمانیدا چەند دانەیەکن وەک: کۆیلایەتی، سەربازی زۆرە ملێ، باج، کاری هەرەوەزی بەزۆر، نەخۆشی و جەنگ. ناوچەکانی زۆمیا، دابڕاو نین لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان و ئایدۆلۆجیا و کولتووری تایبەت بە خۆیان و ...تاد. ئەم ناوچەیە لەچەند بەشە ناوچەیەک پێکهاتوە و هەریەکە سیستەم و کولتووری تایبەت بە خۆیانیان هەیە بۆ ئەوەی بەرەوڕووی سیستەمی دەوڵەتی نیشتمانی ببنەوە. بیرکردنەوەی سکۆت جیاوازە، کاتێک قسەی لەسەر دەکەین دەبێت بیر لە کردەوە بکەینەوە، چونکە هەموو تیۆر و دەرئەنجامەکانی ئەو پشتیان بە کردەوە و لێکدانەوەی (کردە) بەستوە. بۆیە کاتێک لە دیدگای سکۆتەوە بەرهەڵستکاری هەڵدەسەنگێنین کردەوە گرنگترین پارامیتەرە لەکاری سیاسی کۆمەڵایەتیدا. بەتایبەت، چونکە سکۆت باس لە کردەی بەرهەڵستکاری ناکات وەک کارێکی پلان بۆ دانراوی سیستەماتیک کە گرۆیەکی سیاسی (دەستەبژێر) پێی هەڵدەستێت و دبنە نوێنەری کۆمەڵگا. لە بیری ئەم زانایەدا چیدی کات نەماوە بۆ لێکدانەوەی تیۆری دەربارەی بەرهەڵستکاری، چونکە مێژووی زانراوی زۆر کورتە و میژووی نەزانراویش هێندەی مێژووی درووستبوونی دەوڵەتی سەرەتایی کۆنە. بۆیە ئەو بەلایەوە باشترە؛ بیر لە سروشتی کردەوەی مێژوویی بەرهەڵستکارانە بکەینەوە. ڕاستە هەمیشە خواست و مەبەستی تاک و گرۆ کۆمەڵایەتییەکان سەرەتای هەر کردەیەکن، ئەگەر ئەوە هەنگاوی یەکەمی تیۆری بەرهەڵستکاری بێت، هەرگیز جەیمس سکۆت ئەو ڕاستییە بە درۆناخاتەوە. ئەو دەیەوێت گوزارشت لەوە بکات کە کاتێک خەڵک بە کردەیەکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژانە هەڵدەستێت، ئەوا ئەوان هەمیشە پێناسەکان دەستکاری دەکەنەوە، چونکە چۆنێتی کردەوەکەیان دووبارە پێناسەی خواست و مەبەستیان دەکاتەوە. بەرهەڵستکاری ڕۆژانە لە واقعدا ڕوودەدات، واتە بەرهەڵستکاری پێویستی بە خواست و ئایدۆلۆجیا نییە، پێویستی بە کەسێکی دژ و ڕابەر نییە، بۆ ئەوەی بەرهەڵستکاری درووست ببێت. بەرهەڵستکاری لە پارچە پارچەی ژیاندا ڕوو دەدات و کۆی سیستەمێکی سیاسی دەخاتە سەر ڕەوتێکی دیاریکراو. لەلای سکۆت بەرهەڵستکاری بریتییە لە: هەر کردەیەک کە فەرمانپێکراو پێی هەڵدەستێت بۆ جێبەجێ نەکردنی یان ڕێگەگرتن لە جێبەجێکردنی خواستەکانی فەرمانڕەوا یان بۆ ئەوەی خواستەکانی خۆی (فەرمانپێکراو) بباتە پێشەوە. 

سەرەتا گرنگە بۆ ئێمە ئەوە بزانین کە لە ناوجەرگە و دڵی کاپیتالیزمی جیهانیدا و لە وڵاتێکی وەک وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا، چ جۆرە بەرهەڵستکارییەک بەرهەم دێت، لایەنی کەم لە ڕووی بیرکردنەوەوە. بەشێکی زۆرمان فەیلەسوفی دژە باو و دژە کاپیتالیزم نۆم چۆمسکی دەناسین و زۆر لە بەرهەڵستکارییەکانیمان بۆ سیستەمی کاپیتالیستی بینیوە و تێی ڕاماوین. جیاوازییەکی گەورەی کەسایەتییەکی وەک چۆمسکی لەگەڵ سکۆتدا بۆ تیۆریزە کردن دەگەڕێتەوە، بۆ نمونە چۆمسکی ڕەوتێکی دیاریکراوی، پێناسەکراوی نییە دەربارەی بەرهەڵستکاری، بەڵکو خۆی بەرهەڵستکاری سیستەمێکی کردوە و شێوازەکەی ئەو لەلای زۆرێک لەوانەی تریش دووبارە دەبێتەوە کە هەر بەهەمان شێوە دژایەتی کاپیتالیزمیان کردوە. تێڕوانینی کەسێکی وەک جەیمس سکۆت لەوەدا جیاوازە بنەڕەتی بەرهەڵستکاری بۆ خەمێکی ڕۆژانەی تاک دەگێڕێتەوە و باشترین نمونەی ئەو بەرهەڵستکاری سیستەمی دەوڵەتی نیشتمانییە و باشترین نمونەی وردی ئەو هەرێمی زۆمیایە. ئەم تێڕوانینە لە کۆی کولتووری کاپیتالیستیەوە بەرهەم دێت بەرامبەر بە دەرەوەی خۆی وەک نمونە، ئەگەرچی خودی بیرمەندەکەش بەیەکێک لە بەرهەڵستکارەکانی خودی کاپیتالیزمیش هەژمار بکرێت. جیاوازییەکی تر لەنێوان چۆمسکی و سکۆتدا بەدی دەکەین و دەبینین چۆمسکی بە کۆ دژی سیستەمی کاپیتالیستییە و سکۆت لە تیۆردا پراکتیکێک دەدۆزێتەوە کە لە بنەڕەتەوە سیستەمی کاپیتالیستی دەوڵەتی و نا دەوڵەتی ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە نا حوکمڕانی دەکات.  کۆی تێڕوانینی سکۆت بۆ ئێمە گرنگە، نەک بەتەنیا لە باشووری کوردستان بەڵکو لە هەموو سووچێکی ئەم دونیایەدا. نەک لەبەر ئەوەی سکۆت ئانارکیستێکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی سکۆت پرسیار لەمەڕ سروشتی خۆ دزینەوە لە ستەم دێنێتە پێش، هەروەها لەبەر ئەوەی سکۆت پراکتیکی ڕۆژانەی بەرهەڵستکاریمان پیشان دەدات. خۆدزینەوە لە ستەم و بەرهەڵستکاری ڕۆژانە میکانیزمێک بۆ مانەوە درووستدەکات. ئێمە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا خەریکە میکانیزمێکمان بۆ مانەوە نامێنێت و بێهیوایی باڵدەکێشێت بە سەر هەموو بوونماندا، ئەمە ترسناکە و لێرەوە تێڕوانینی سکۆت و تیۆرەکەی گرنگن. ئێمە بەرهەڵستکارییەکی ڕۆژانەمان پێویستە وەک ئەوەی بەرامبەر بەعس هەمانبوو، هەروەها چەندین میکانیزممان پێویستە بۆ خۆدزینەوە لەو ئەرکەی دەسەڵات دەیسەپێنێت. بەم دوو کردەیە دەتوانین لە بازنەی هیوادا بمێنینەوە و ستەمکار هیلاک بکەین و هێزی لەبەر ببڕین ئەوەش بە دوو ڕێگا: یان ناچار پەنا دەباتە بەر هەڵەی کوشندە یان مل دەدات بە کردەی ڕۆژانە، کە ئەمەی دووهەمیان سەرکەوتوو نابێت بە بێ دانانی پلانی کاریگەرانە. دواجار، ئەشێ فۆرم و نمونەکانی سکۆت وەک کۆی پێوانە بۆ هیچ سووچێکی تری ئەم دونیایە ڕاست نەبێت، هەروەک چۆن ڕەخنەگرەکانی باسی دەکەن، بەڵام بۆ ئێمە لە پراکتیکدا گرنگە سوود لە دوورییە ستراتیژییەکانی وەربگرین.  

لە بەشی پێشوودا سەرەداوی گرنگی تیۆرەکەی گرامشیمان باسکرد، لەم بەشەدا جارێکی تر لە گرۆ و چینەوە دێینە سەر تاک، کە لەتیۆرەکەی سکۆتدا دەیدۆزینەوە. کۆی تیۆری سکۆت بۆ بەرهەڵستکاری سیستەمی سەرمایەداری تا ئەندازەیەک لاوازە، چونکە کۆی کاری ڕێکخراوەیی لە تاکدا چکۆلەدەکاتەوە، پێشنیارەکانیشی خۆی واتەنی کەمێک ڕەشبینانەیە، چونکە کاری پاشەڕۆژی لە مێژوودا ناکرێت. مەبەستم ئەوەیە جارێکی تر ناتوانین پاشەڕۆژ دەستکاری بکەین، لەڕێگای گەڕانەوەمان بۆ دەستکاریکردنی مێژوویەک کە تازە بەو جۆرە هاتوە (پراکتیکێکی نا ئەگەرییە). بۆیە تێکڕا تێڕوانینی سکۆت لە بەشە کرداردا سوودی گەورەی لێ دەبینین. گەر داتشراوەی بیری سکۆت وەربگرین، ئەوا کاتێک کرێکارێک کە ئیشی خۆی بەدڵنییە بەرهەڵستکاری پاسیڤانەی خۆی دەکات بە زیان گەیاندن بە خاوەنی کارەکە و ئەمەش زۆرترین بڕی بەرهەڵستییە کە زیان بە خاوەن دەسەڵات دەگەیەنێت. ئەگەرچی ئەمە مەبەست و ئامانجی سکۆت نییە، بەڵام دواجار ئەو شێوازە لە تیۆری تاکەکەسی بەم ئاکامە لە کردەی بەکۆمەڵ تەواو دەبێت و خودی سکۆتیش مەبەستێتی کە کۆی بەرهەڵستاکری لە مێژوودا بەردەوامە. هەر بۆیە لە یەکێک لە پێنج نووسینە گرنگەکەیدا[6] دەڵێت:
"ئەمەوێت بە پاڵەوانەکەم دەست پێبکەم (Pierre Clastres) لە کتێبی کۆمەڵگا دژی دەوڵەتدا دەنووسێت: خەڵک لە باشووری ئەمریکادا ئەوەیان هەڵبژاردوە کە خەڵکێکی نیولیثیکی سەردەمی چاخە بەردینەکان بن! لە ڕاستیدا ئەمە وا نییە، ئەوان نەیانویستوە بەو شێوەیە کشتوکاڵ بکەن لە ژێر هەژموونی هاتنی ئیسپانییەکاندا، بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە کە هێناویانە هەروەها بەهۆی ئەو کارە زۆرە ملێیەوە کە ئەوان پێڕەویان کردوە، بۆیە ئەوان ئەو ڕێگایەیان هەڵبژاردوە کە لە دەروەی سیستەمدا بمێننەوە و بەردەوام لە جووڵەدا بن چونکە دژی سیستەمی دەوڵەتداری بوون، واتە ڕێگەی بەرەنگاری بە دەوڵەت بوونیان هەڵبژاردوە. من تەنیا دوو دێڕی کۆتایی کتێبەکەی ئەو دەهێنم و قسەی لەسەر دەکەم، کە دەڵێت: ئەوترێت کە مێژووی خەڵکێک کە مێژوویان هەیە، مێژووی ململانێی چینایەتیانە! بەڵام لە ڕاستیدا: مێژووی خەڵکێک کە بەبێ مێژوون، مێژووی خەباتەکەیانە کە تێیدا دژی بە دەوڵەت بوونن".

دواتر سکۆت زۆر بە بەرزی شێوگی بەرهەڵستکاری دانیشتوانی بنەڕەتی ئەمریکا هەڵدەسەنگێنێت و لای وایە کە ئەوان لە باشترین شێوەدا هەوڵیان داوە بەرهەڵستکاری درووستبوونی دەوڵەت بکەن. ئیدی کۆی بەرهەڵستکاری بە کردەی تاکەوە دەبەستێتەوە و بەکارێکی زۆر مەزن و گەورەی دەزانێت لە ئاراستەکردنی مێژوودا. گەر کەمێک لە پێوانە گشتییەکان دەبچین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم تیۆرە دەرفەتی پراکتیکی ڕۆژانە بۆ تاکێکی بەرهەڵستکار باش دەڕەخسێنێت و ئەو ئامانجە دەپێکێت کە گرامشی داوای دەکات. هەرچەندە، سکۆت لە خاڵێکدا لەگەڵ گرامشیدا ناتەبایە، بەتایبەت کە ئەو پێی وایە؛ ئەو بەرهەڵستییە ڕۆژانەییەی لاواز بەرامبەر بە بەهێز دەیکات گرنگە و ناکرێت بە خۆبەدەستەوەدانێکی بەشەکی لاواز بۆ بەهێز سەیری بکەین. سکۆت گرنگییەکی زۆر دەداتە فۆرمەکانی بەرهەڵستی تاکڕەوانەی تاكێک و لای وایە ئەوە جۆرێکە لە بەرەوڕوو بوونەوەی دەسەڵات. لە سیستەمی کاپیتالیستیدا ئەمەش ئەو جۆرەیە لە درووستکردنی بەرهەڵستکاری کە توانای کۆنترۆڵکردنی گشتی و ئاکامە گشتییەکانی هەبێت. سەرباری ئەوەش تیۆر و تێڕوانینی سکۆت لە پاڵ تێڕوانینی گرامشیدا دەتوانێت لە ڕووی ئاراستەکردنی کردەی تاکەوە زۆر سوودی لێ ببینرێت. بۆ نمونە دەکرێت بە پێی ئەم پێوانەیە، ئەو بەرهەڵستکارییە پاسیڤەی ڕۆژانە کە خەڵکی باشووری کوردستان پەراوەی دەکەن بە کەمێک ڕێنمایی ئاراستە بکرێت و باشترین کاریگەری دابنێت. تەنیا یەک نمونەی چکۆلە باس دەکەین، کە ئەگەر دەرفەت هەبێت لە داهاتوودا زیاتر دەچینە وردەکارییەکانییەوە:

دراوەکان:
١. لە کۆی هەژموون و هۆشمەندی فیوداڵیدا (سیستەمی هەژموونی باوی باشووری کوردستان) دابەزینی ئاستی هۆشیاری گرنگیەکی گەورەی هەیە و خزمەتێکی زۆر بە دەسەڵاتی حومکڕان دەکات.
٢. نەدانی مووچە بە مامۆستا و کارمەندانی تر یەکێکە لە ستەمکارییەکان کە دەسەڵات وەک سەرچاوەیەکی هێز بەکاری دەهێنێت بۆ دوو مەبەست: دزینی زیاتری داهاتی نیشتمانی، هەروەها ملکەچکردنی زیاتری خەڵک.
٣. لە کۆی کردەی بۆیکۆتی مامۆستادا بۆ خوێندن ئاستی هۆشیاری بەلایەنی کەمەوە بۆ ساڵێک دادەبەزێت و لە ساڵی ئایندەدا بارگرانییەکی زیاتر توشی سیستەمی فێربوون دەبێتەوە.
٤. خوێندن پرۆسەیەکی کۆنترۆڵکراوە و تێکڕای پرۆگرام و بەرنامەکانی لە قازانجی دەسەڵاتدان، یان لە قازانجی ئەو دەسەڵاتە گەردوونیەدان کە پشتیوانی لە دەسەڵاتی ناوخۆیی باشووری کوردستان دەکات.
٥. کۆی کایە ئابوورییەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە قۆرخکراون، هەردوو کۆمپانیای مۆبایلی ئاسیا سێڵ و کۆڕەک پشکێکی گەورەی دەسەڵاتیان تێدا یە.

کۆی ڕووداوەکان:
دەسەڵاتی فەرمانڕەوا موچە نادات، دەبیتە هۆی بۆیکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، دەبیتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندەواری یان دواخستنی، کە هەردووکیان کۆمەک بە دابەزینی ئاستی هۆشیاری خەڵک دەکەن و دواتر دەبێتە هۆی زاڵبوونی زیاتری دەسەڵات. لەهەمان کاتدا و لەلایەکی ترەوە، هەمان مامۆستا هێڵەکانی تەلەفۆن هەر بەکاردەهێنن، هەمان سەرچاوە و هۆیەکانی بازاڕ بەکار دەهێنن کە دەستکەوت و قازانجە ئابوورییەکانیان بەشێوەی گشتی بۆ دەسەڵات و شەریکەکانیان دەگەڕێتەوە.

ئەڵتێر ناتیڤی ڕووداو:
دەسەڵاتی فەرمانڕەوا مووچە نادات، مامۆستا و کارمەند هەڵدەستن بە بۆیکۆتکردنی تێکڕای بەرهەمەکان کە قازانجی گشتیان بۆ دەسەڵات و شەریکەکانی دەگەڕێتەوە، بۆ نمونە بەکار نەهێنانی تەلەفۆن، بۆیکۆتکردنی تێکڕای ئەو مۆڵ و کۆمپانیا و کەلوپەلانەی دەسەڵات تێیاندا هاوبەشە، کە لە ژماردن نایەن. لەڕاستیدا ئەمە دەرئەنجامێکی ڕاستەوانەشە لەگەڵ نەبوونی موچە. لە هەمان کاتدا ئەگەر مامۆستا بچێتە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام لەبری پرۆگرامی کۆنترۆڵکردن، پرۆگرامی هۆشیاری بە خوێندکار بڵێتەوە و ئامادەی بکات بۆ بەرەنگاری ستەمکاری، ئەوا چی ڕوو دەدات؟ ئەگاتە ئاستێک دەسەڵات ناچارە مل بە داواکان بدات یان لایەنی کەم دەتوانرێت زیانێکی گەورە بە دەسەڵاتی ستەمکار بگەیەنرێت. ئەمەی سەرەوە نمونەیەکی ورد و دیارە کەدەتوانین تیۆری سکۆت لە لایەن تاکێکی ڕێکنەخراوەوە بەکار بهێنین بۆ درووستکردنی گوشار بۆ خۆ دەربازکردن لە کۆی ئەو تەڵانەی سیستەمی سیاسی درووستی کردوون.

دواجار و زۆر بە کورتی هەموو بیری بەرهەڵستکاری جەیمس سکۆت خۆی لە چەند کتێبێکدا کۆکردوەتەوە و بە چەند قۆناغێکدا ڕۆشتوە: کە بەکورتی هەوڵ دەدەین لەسەر هەندێکیان بدوێین و بچینە نمونەیەکی پراکتیکیەوە لەسەر باشووری کوردستان، بەتایبەت بۆ ئەو پێنج کتێبە کە بریتین لەمانە:

یەکەم: ڕەوشتی ئابووری جوتیارەکان (The Moral Economy of the Peasant)
لەلای جوتیارەکان خۆپاراستن لە قەیرانی ئابووری زۆر زۆر گرنگترە لە زەبەلاحکردنی داهاتەکانیان و ئەمە بنەمای مۆراڵی ئابووری ئەوانە. لەم نووسینەدا جەیمس سکۆت باس لە کۆمەڵگای کشتوکاڵی دەکات. لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا ستراتیژی سەرەکی بریتییە لە خۆپاراستن لە قەیرانی گەورەی ئابووری و خۆپاراستن لە مەترسی گەورەی لە ناوچوون. لەم کولتوورەدا سەرکێشی هیچ گرنگییەکی نییە، هەرچەند دەستکەوتەکانی سەرکێشی سەرکەوتوو چەند گەورە بێت.

خودی ئەم ستراتیژ و بیرکردنەوەیە سروشتێک بۆ ژیان و بۆ دابینی بژێوی درووست دەکات کە جیاوازە لە سروشت و ژیانی کۆمەڵگایەکی تر، هەر ئەمەشە وا دەکات کە چەوساندنەوە و ستەمیش سروشت و تایبەتمەندی خۆی هەبێت و خەسڵەتی کۆیالایەتیش جیاواز بێت. لە دیدی سکۆتەوە، لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا جوتیارە دەوڵەمەندەکان هەژارەکان دەپارێزن، ئەمەش داب و نەریتێک درووستدەکات لە هاوپشتیوانی کە بۆی هەیە بکەوێتە بەردەم هەڕەشەی بازاڕ هەر کاتێک ئەو دابوونەریتە بە هۆی یاساکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بازاڕەوە تێکشکا و هەر کاتێک ئەم پەیوەندییە تێکچوو ئەوا شۆڕش و یاخیبوون ئەگەری ڕوودانیان زۆر دەبێت. کۆمەڵگای کشتوکاڵی لەبەر ئەوەی سەرچاوەی بژێویەکەی لە زەویەوە وەردەگرێت و زەویش سروشت و توانایەکی سنوورداری هەیە، ئەوا ناچار خواست و پێشبینی جوتیاریش سنووردار دەکات. لەلایەکی ترەوە هەرکاتێک جوتیار خۆی خستە بەر دەم مەترسی لەدەستدانی زەوی ئیدی ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە چونکە زەوی سەرچاوەی یەکەمە و هەر بۆیە جوتیاریش ئاسانتر بە خاکەوە دەبەسترێتەوە تا پیشەوەر.

بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و بۆ باشوور گرنگە قسە لەسەر کۆمەڵگای کشتوکاڵی بکەین، چونکە کۆمەڵگای کشتووکاڵی لە خۆیدا هێشتا یەکێکە لە خەسڵەتە کولتوورییەکانی کوردستان، بەجیاواز لەوەی مۆدێلی ئۆتۆمۆبیل و مۆبایلەکانی خەڵک لە چ نەوەیەک بن. کولتووری کۆمەڵگایەک کە لە قۆناغێکی ئابووری ژیاندا بێت بە قەبارەی توانای ئابووری ناگۆڕێت بەڵکو بە پەیوەندییەکانی ناوەوە و دەرەوەی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت. کاتێک خەڵکی کوردستان هێشتا لە بەها کولتوورییەکانی کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا بژی و یەکەی سەرەکی بەرهەمهێنان بریتی بێت لە خێزان، ئەوا هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی مامەڵەی بازاڕ لەسەر ئاستی قۆناغێکی ئابووری تر. لەبیرمان نەچێت تا ئیستاش پێشکەوتووترین وڵاتەکانی دونیا دەستبەرداری کشتوکاڵ نەبوون! لەهەمان کاتدا شوێنێکی پێشکەوتوو نییە سیستەمی کشتوکاڵیەکەی یەک تۆزێش لە سیستەمی کشتوکاڵی باشووری کوردستان بچێت ئەگەر لە کوردستاندا شتێک مابێت بەناوی کشتوکاڵەوە. هەرکات بمانەوێت بنەماکانی بە دەوڵەت بوون و شارستانییەتی خۆمان بونیاد بنێینەوە، ئەوا ناچارین بگەڕێینەوە بۆ کشتوکاڵ. سکۆت دەڵیت هیچ دەوڵەتێکی نیشتمانی نییە لەسەرەتای مێژووی درووست بوونی دەوڵەتەوە تا ئەمڕۆ بەبێ بیرکردنەوە لە کشتوکاڵی تەندروست توانیبێتی دەوڵەت بێت. ئەکرێ کشتوکاڵی تەندروست هەبێت و دەوڵەت نەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئاستەمە.

دووهەم: چەکی لاوازەکان (Weapons of the Weak)
ئەم بەرهەمەی تری سکۆت بەتەواوی هێز و گوڕی نووسینی خۆی لە تیۆری هەژموونی ئەنتۆنیۆ گرامشیەوە وەردەگرێت. بەڵام ئەوەی دەیخاتە سەر تیۆرەکەی گرامشی ئەویە: هەمیشە لە هۆشی ئەم بیرمەندەدا کەرەستە و چەکێک هەیە بەدەستی لاوازەکانەوە، کە دەتوانن بەهۆیەوە بەرهەڵستکاری بەهێزەکانی پێ بکەن. لە هەندێ شێوگی بەرەنگاری تاکەکاندا سکۆت ئەمە بە کارێکی ڕۆژانەیان دەزانێت، لای وایە کە لاوازەکان پێکەوە لە ڕێکەوتنێکدان بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکەی لە ساتەوەختی خۆیدا هەیانە. لەهەندێ نمونەدا ئەو چەکانە دەخاتە بەرچاو، وەک پاشەکشە لە جێبەجێکردنی کار و خۆدزینەوە لەو ئەرکە گشتیانەی فەرماندار دەستنیشانیان دەکات و شاردنەوەی ڕاستی و وردە دزی و خۆ بەنەزان پیشاندان و درۆکردن و زیان گەیاندن...تاد. کە هێزی بەهێز زۆرجار ناتوانێت ئەو زیانانە بدات کە هێزی لاواز دەتوانێت بیانگەیەنێت بە دەسەڵاتدار. ئەم فۆرمە ناو دەنێت فۆرمی برێخت[7] لە خەباتی چینایەتیدا. فۆرمی برێخت لە بەرەنگاریدا فۆرمێکە بەتەنیا کەسێک دەست پێدەکات و مەیدانەکانی پرۆلیتاریا وەک گرۆیەکی فەرمانپێکراو چۆڵ ناکات. برێخت هەر لە سەرەتاکانی ژیانیەوە بە لۆجیکێک کاردەکات و دژی دەسەڵات دەوەستێتەوە کە کۆی ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات دەینێت و ئامانجێتی بەدەستیان بهێنێت لەگەڵ ئامانج و خواستەکانی گرۆی بندەست یەکنایەتەوە و لە دواجاردا کۆی خەباتی ئەو دەتوانین لەم دێڕە مەزنەدا کۆبکەینەوە: "ئەو شەڕانەی هەژارەکان دەیکەن جەنگی پیاوە دەوڵەمەندەکانە". سکۆت لەم بەرهەمەدا دەیەوێت بڵێت، ئەگەر هەژارەکان لە شەڕەکاندا خۆیان بدزنەوە و لەگەڵ یەکتردا دەستەو یەخە نەوەستن، ئەوا دەوڵەمندەکان ناتوانن جەنگەکانیان بەڕێوەبەرن و لە هیچ مێژوویەکیشدا براوە نابن.

بە پێی تێگەیشتن و تیۆرەکانی سکۆت، شۆڕش و کاری سیاسی ڕێکخراوەیی، بەرەو دەوڵەتداریمان دەباتەوە، ئەو دوو کارە کاری بۆرژوا و هەموو ئەو دەستەبژێرە سیاسییەن کە ناتوانن دەستبەرداری دەسەڵات و خۆپەرستی تاکەکەسی خۆیان بن، بۆیە خەباتی گرۆ لاوازەکان خۆی لەم ڕێکخستەنە شێوازبەندەدا نابینێتەوە، بەڵکو خۆی لە بەرەنگاری ڕۆژانەدا دەبینێتەوە، بەرەنگاری ڕۆژانەش ناگاتە ئەنجام چونکە هەروا دەمێنێتەوە زیان لەدەسەڵاتدارن دەدات بەڵام ئامانجەکانی بێدەسەڵات ناپێکێت. بۆیە چینە بندەستەکان پێویستیان بە خەڵکێکی دەرەکی هەیە بێت و شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانیان بۆ ڕێکبخات و بەڕێوە بەرێت. بەرئەنجامی ئەم دۆخە، ئەوەیە ناڕەزایەتییەکە زیان بە خاوەن دەسەڵاتەکان دەگەیەنێت بە ڕێژەیەکی کەم، لەهەمان کاتدا زیان بە کۆی جڤات دەگەیەنێت بەڕێژەیەکی بەرز و نابێت بە هیچ هێزێک بۆ گۆڕانکاری تا خەڵکێكی دەرەوەی ئەم گرۆیە نەیەت و بە ئاراستەیەکدا ڕێکینەخات.

لەخۆیدا شێوازی برێخت بۆ بەرەنگاری، سروشتێکی سەیری هەیە، هیچ هێزێکی ناوێت ڕێکیبخات، ئەو تۆڕی پەیوەندی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی پێویستن بۆ هەر بەرهەڵستکارییەکی بەکۆمەڵ بە شێوەیەکی سروشتی ڕوو دەدەن و کەسی ناوێت چاودێریان بکات و بەسەریاندا بچێتەوە، یان دەتوانین بڵێین تۆڕبەندییەکی ناشێوازبەندە، لەڕووی تەواوکاری هاواکاری و کار دابەشکردنەوە و بەشێوەیەکی سروشتی ڕوو دەدەن و هەمیشە کارەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە بێ پلان دابەش دەبن. بە گشتی ئەم بەرەنگارییە سروشتییەی لاوازەکان هەمیشە ڕێگرە لەبەردەم بەرەوپێشچوون و لەبەردەم دەسەڵاتیشدا. بە تایبەت بەرەوپێشچوون بە ئاراستەی بیری نوێ ڕێکخستنی تایبەتی دەوێت بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی و بەرهەمی نوێی هەبێت. لە کاتێکدا دەسەڵات بەلایەوە گرنگە کە ڕۆشنبیری و هۆشیاری لە دۆخێکدا بمێنێتەوە کە کۆنترۆڵکراو بێت. سەرئەنجام بەرهەڵستکارانی گرۆ جەماوەرییە گشتییەکان چەکێکیان بە دەستەوەیە کە کۆمەکیان دەکات بەرهەڵستکاری پێ بکەن بەرامبەر بە دەسەڵات، بەڵام هەر خودی ئەم چەکە وا دەکات ئەو گرۆیانە مل بە بزاوتە پێشکەوتوو خوازەکان نەدەن کە بیانخاتەوە سەر ڕەوڕەوەی مێژوو.

لە باشووری کوردستاندا ئێمە دەرگیرین لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا کە سکۆت نمونەکەی دەخاتە بەرچاو، تێکڕای خەڵک بەرهەڵستکارە، بەڵام بەرهەڵستکارێکی پاسیڤ، بەردەوام خەڵک بەوە ناقایلە کە دەگوزەرێت لەژێر سایەی دەسەڵاتدا و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ زیان گەیاندن بە پلانەکانی دەسەڵات، لەهەمان کاتدا ئەم هێزە بەرەنگارەی خۆی ئاراستە ناکات بەڕووی ئامانجێکی گشتی دیاریکراودا، ئەوەش ئەو چەکە گشتییەیە کە بەکار نایەت لە گۆڕانکاری ئاسۆ دیاردا. هەموو گۆڕانکارییەکی ئاسۆ نادیاریش جارێکی تر کێڵگەیەکی باشە بۆ کاپیتالیزم کە دڕکەکانی خۆی تێدا سەوز بکات. کاپیتالیزم لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان دەژی، هەموو گۆڕانکارییەک کە ئاسۆ نادیار بێت بەرهەم و بەکارهێنانی نوێی بێ بەرنامە دەخاتەوە کە جارێکی تر کاپیتالیزم دەتوانێت خۆی لێوە نوێ بکاتەوە، ئەتوانین نمونەیەکی گومرک و هاتوچۆ باس بکەین:
١. پۆلیسێک یان کارمەندێکی بەڕێوەبەرێتی گومرک لەپاڵ ئەو داهاتەی بۆ "حکومەت" کۆی دەکاتەوە خۆشی بڕێکی باش بەرتیل و شیرینی وەردەگرێت، کە ئەم شیرینییە نەک پێناسەکراو نییە، بەڵکو بە زیان لەسەر سیستەم و پرۆسەی گومرک تەواو دەبێت. ئەگەر باربەرێک لە سنوورێک بپەڕێتەوە و بایی (س) بڕ لە پارەی پێویست بێت تا باجی گومرک بدات، ئەوا کاتێک کارمەندێک دێت و بەرامبەر بە شیرینییەک ئەم بڕە کەم دەکاتەوە یان هەر نایهێڵێت بەو بیانوەی {دەسەڵات گەندەڵە من بۆ دڵسۆزانە باجی بۆ کۆبکەمەوە!} ئیدی سەرەتای ئەو بەرهەڵستکارییە پاسیڤە دەستپیدەکات. ئەرکی گومرک تەنیا ئەوە نییە چەند باج بۆ دەسەڵاتێکی دزی گەندەڵ کۆدەکرێتەوە، بەڵکو ئەرکی گومرک بە شێکی ئەوەیە کە چۆن پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ بکات. لێرەوە دژایەتیکردنی پاسیڤی دەسەڵات کە مووچە نادات بە دابینکردنی دزی گومرک بێت و لامان وا بێت زیانێکی گەورەمان بە دەسەڵات گیاندوە، ئەوا چەند زیان بە دەسەڵات دەگات ئەوەندەش ئەگەر زیاتر نەبێت بە کۆی جڤات دەگات لە ڕێگای زیان گەیاندن بە بەرهەمی ناوخۆوە، کە ئەگەر بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان بەهێز ببن خودی دەسەڵاتێکی گەندەڵ ناتوانێت ستەمکاریان بەرامبەر بکات، ئەمەش ئەنجامی نەبوونی پلان و بەرنامەی ڕێکخراو و بەرهەڵستکاری پاسیڤە.
٢. گەر سەیری سیستەمی هاتوچۆ و سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ بکەین، ئەوا دەسەڵاتێک کە متمانەی نەمابێت هەموو بنەماکانی ڕەوایی لەدەست دەدات. بەڕیوەبەرێتییەکانی هاتوچۆ لە ژێر گومانی ئەوەدان کە دەخوازن، بڕێکی زۆری داهات بۆ فەرمانڕەواییەکی ناڕەوا کۆبکەنەوە، بۆیە ئەرکی سزای سەرپێچی هاتوچۆ ون دەبێت. کامێرای شاراوەی هاتوچۆ ئامانج لێی کۆکردنەوەی باجی سەرپێچی نییە، بەڵکو ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئەگەری ڕووداوی هاتوچۆیە، کە دەکاتە قازانجێکی گشتی. بەڵام کاتێک دەسەڵات متمانە لە دەست دەدات، ئەنجامی دزی و خراپ بەکارهێنانی کەرەستەکان، ئەوا خەڵک سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ دەکەن چونکە کۆکردنەوەی باجەکانی سەرپێچی هاتوچۆ بە یەکێک لە کۆمەکەکان دەبینن بۆ دەسەڵاتێکی ستەمکار، خۆ خۆدزینەوەش لەو باجانە بە سەرکەوتن تۆمار دەکرێت. ئەم جۆرە لە بەرهەڵستکاری نێگەتیڤ بەرهەمێکی تری بەرهەڵستکاری ڕێکنەخراوە، کە جەیمس سکۆت بە ئاسایی دەیبینێت و لای وایە بەڕێگای بەرهەڵستیکردنی ڕێکنەخراو دەکرێت دەسەڵات ناچاری گۆڕینی سیاسەت و ئاراستەکانی خۆی ببێت.
کۆی ئەم دوو نمونەیە، ئەتیک و ڕەوشتی بەرهەڵستکاری پیشان دەدەن لە کۆمەڵگادا، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەریدەخەن کە کۆمەڵگای ناهۆشیار و پێنەگەیشتوو، ئەگەر بەرهەڵستکاری تاک گەرایانەش پێڕەو بکەن مەرج نییە بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن ئەنجامی نەبوونی ئاراستەیەکی هۆشیارانە بۆ کۆی بزاوتە بەرهەڵستکارەکان. هەروەها ئەوە پیشان دەدەن کە لە کۆمەڵگای پەرتەوازەدا لە کۆمەڵگای بێ نەخشەدا، تیۆرە زانستییەکانیش وەک خۆیان کار ناکەن.

سێیەم: زاڵبوون و هونەرەکانی بەرەنگاری (Domination and the Arts of Resistance)
ئەم بەرهەمە دەیەوێت شێوازێک لە ژیانی بەرهەڵستکاریمان پیشان بدات کە لە نێوان دوو چینی سەرەکیەوە پەیدا دەبێت، ئەم بەرهەڵستکارییە لەلای سکۆت درێژە بە ژیانی سیاسی دەدات. مشتومڕی سەرەکی لەم کتێبەیدا دەربارەی دونیایەکی ترە کە دەکەوێتە نیوان فەرمانڕەوا و فەرمانپێکراوەوە، نێوان سەروەر و کۆیلەوە، کە ئەمەش گرۆیەکی سیاسی و تێڕوانینی سیاسی ترە بۆ جڤات درووست دەبێت. خاوەن ئەم تێڕوانینە هەمیشە بە شاراوەیی لەناو جڤاتدا دەمێننەوە و زۆرجار هەیە ڕاکانیان دەکەوێتە هەردوو بەرەکەوە، بەڵام سەلامەتی کەسە چالاکەکانی وا دەخوازن کە شوناسێکی ئاشکرا و دیاریان نەبێت. پڕوپاگەندە و دەنگوباسی ناو خەڵک و قسەی سیاسی باو و نوکتە و گۆرانی و تەنزی بەمانا و کۆدی تایبەت بەشێکن لەو کەرەستە کولتووریانە و بەشێکن لەو هونەرەی کە ئەم سیاسەتەی پێ بەڕێوە دەچێت. ئەگەرچی ئەم هونەر و کەرەستانە بەشێوەیەکی دیار لاواز دەردەکەون، بەڵام لەلای سکۆت یەکێکە لە کەرەستە گرنگەکانی بەرەنگاری و زۆرجار جڤات بەکاریان دەهێنیت جا ئەو بەکارهێنانە جگە لەوەی دژی دەسەڵاتدارییە زۆرجار هەیە لەگەڵ کۆی دەستەبژێری بەرەنگاریشدا یەک نایەتەوە. سکۆت لەم کتێبەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەو هونەر و کەرەستانە بەشێکی سەرەکین لەسیاسەتی جڤات و ناکرێت فەرامۆش بکرێن چونکە جڤاتی نێوەند بەکاریان دەهێنیت.
هەموو کەرەستەیەکی سیاسی و هونەرێکی گشتی کە بەشێک لە کولتووری کاری سیاسی پیشان بدات، دەبێت بەدەست کەسێکەوە بێت، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەم کەرەستەیە دەکەوێتە دەستی ئەوانەی ڕەوایەتیان پێ دەدرێت تا نوێنەرایەتی جڤاتی فەرمانپێکراو بکەن. لە کۆمەڵگای کۆیلایەتی تەواویشدا کۆیلە کۆمەڵێک مافی هەیە، وەک خواردن و شوێنی نوستن...تاد کە بەهۆی ئەو مافانەوە دەکەوێتە گفتوگۆ و ململانێیەکی ڕێگە پێدراوەوە لەگەڵ خاوەن کۆیلەکەی. بێگومان بۆ ئەم گفتوگۆیانە ژمارەیەک لە کۆیلەکان خۆیان دەبنە نوێنەری کۆیلەکان و لە پەراوێزی کارکردنی ئەواندا ئەم هونەری بەرەنگارییە درووست دەبێت و خۆیان یەکەم گرۆن کە دەتوانن سوودی لێ ببینن. هەموو ئەو توێژانەی لە نیوانی دەسەڵات و کۆمەڵگای فەرمانپێکراودا ژیان دەبەنە سەر و بەشێک لە ئەرکەکانیان ئەو جۆرە لە سیاسەتکردنە، ئەم هونەر و کەرەستەیە دەبنە ڕێگایەک بۆ گوزارشت کردن لە بەرژەوەندی و مێژووی کار و چۆنێتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیان.

پێشتر ئێمە باسمان لە کەرەستە و میتۆدەکانی لاوازەکان کرد بۆ بەرەنگاری، لێرەدا کاتێک سکۆت باس لەم هونەرە دەکات بە هۆیەوە ڕێگایەکی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ خستنەڕووی کەرەستەکانی لاوازەکان لە بەرەنگاریدا. هەروەها، ئەو سیاسەتە دەخاتە ڕوو کە ناوی ناوە سیاسەتی پشتی پەردە لەلای بەرهەڵستکاران. چونکە بەرهەڵستکاران هەموو زانیارییەکی کردەی خۆیان ئاشکرا ناکەن! ئەوەی لە سیاسەتەکانیان ئاشکرا دەبێت لە ڕیگەی هونەرەکانی پڕوپاگەندەوە، بەسە بۆ ئەوەی مەترسی کەرەستەکانی تر دەربکەون. بۆ نمونە ئەگەر بەرهەڵستکاری لە کوردستاندا بگاتە ئەوەی خەڵک ڕێگە لە بۆریە نەوتەکان بگرن یان ڕێگا لە بۆرییەکانی گاز بگرن، ئەوا پڕوپاگەندەیەک بەسە بۆ ئەوەی هێزی خەڵک پیشان بدات و ببێتە قسەوباسێک کە ئیتر دەسەڵات توانای نامێنێت سامانی خەڵک بەبێ سانسۆر بەفیڕۆ بدات. ئەشێ دەسەڵات ئەم کارانە بە تێکدان و تیرۆر و شتی لەو جۆرە باس بکات، بەڵام لەناو خەڵکدا بنەمایەک و ئەرزشێکی هەیە کە بەهۆیەوە دەتوانێت داکۆکی لە ڕاستی ئەو سیاسەتە بکرێت. واتە کەرەستەکان کە پێشتر گرۆ لاوازەکان بەکاریان دەهێنا دەشێت بە هونەرێکی دیاریکراو بە سیاسی بکرێنەوە و لە نێو جڤاتدا لە بری شوناسی تیرۆر و ترس، شوناسی نیشتمان پەروەریان بکرێتە بەر، کە لە ڕاستیشدا هەر وایە.

ڕەوایی بابەتێکی گەورەی ئەم پرسەن، لە باشووری کوردستاندا بەردەوام ئەو سیاسەتانە پەردەیان لەسەر هەڵدەماڵرێت کە دەسەڵات بە شێوەیەکی نادرووست لەگەڵ کۆمپانیا و دەوڵەتە نەیارەکاندا پێڕەوی کردوون، یان ئەو کردەوانەی پڕن لە گەندەڵی. بەڵێ ئەم پرسە گرنگی تایبەتی هەیە کە دەریدەخات بەردەوام شتێک هەیە پرۆسەیەکی سیاسی و کردەیەک هەیە لە پشتی پەردەوە بەڕیوە دەچیت. ئەوەی لەناو گرۆ بەرهەڵستکارەکاندا ڕوودەدات لە کردەی بەرپەرچدانەوەی سیاسیانەیاندا بریتییە لە ئاشکرا خوازی و بەربڵاوی ئەو کارانەی دەیکەن. کێ چی دەنووسێت و کێ لە کوێ کۆدەبێتەوە و چۆن ڕێگە لە دەسەڵات بگیرێت...تاد. ئەشێ بەرهەڵستکاریش لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیدا کردە و پلان و پرۆسەی پشت پەردەی خۆی هەبێت، گرنگ نییە کە بەهۆی ئەو هونەرانەوە بەشێکیان لێ دەربکەوێت، یان لە کاتی گفتوگۆ و داکۆکیکردنی ڕێکخراو و نوێنەرە مەدەنییەکانی خەڵکدا بەشێکیان لێ بەکار بهێنرێت وەک هیزی لاواز چۆن دەتوانێت کار بەو تواناییانەی خۆی بکات. بەڵام مەرج نییە هەموو کردەیەکی سیاسی گرۆ لاوازەکان و چالاکییەکانیان ئاشکرا دیار بێت وەک ئەوەی لەسەر لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت.

جەیمس سکۆت بەشێک لە بیری خۆی لەم مەیدانەدا دەخاتە گەڕ، هەرچەند ئەو باوەڕی وایە ئەمە بەشێکە لە هێزی لاواز و بەراوردێکە لە نێوان زاڵ و بەرەنگاریدا، بەڵام لە خۆیدا دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئێمە کە لێی ڕابمێنین و میتۆدەکانی ئەو بە جۆرێکی تر سوود لێ ببینین. بەشێکیش لەو وردەکاریانە پێویستیان بە گەڕانەوەی ورد هەیە (فلاشباک) بۆ ئەوەی بەهۆیانەوە بتوانین لە دیاردە و ڕووداوەکانی بەر لە درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و کاتی درووست بوونی بزووتنەوەکە و هەروەها لە ڕووداوەکانی وەک ١٧ی شوبات و پاشهاتەکانی و چەندین بۆنەی بەرهەڵستکاری تر تێبگەین.

چوارەم: لە دەوڵەت چوون، یان تێڕوانینێک وەک دەوڵەت (Seeing Like a State)
یەکێکی تر لە بەرهەمە گرنگ و پڕ بایەخەکانی سکۆت، کە تام و چێژێکی هەمیشەیی بە پرسیارکردن و کاری سیاسی دەبەخشێت ئەم کتێبەیەتی کە ساڵی ١٩٩٨ بڵاو دەکرێتەوە لە ژێر یەکێک لە چاپەمەنییەکانی زانکۆی یایەڵدا. یەکێک لە ناونیشانە لاوەکییەکانی ئەم کتێبە بەم جۆرەیە: "چۆن هەندێ ڕژێمی دیاریکراو شکستیان خوارد لە باشکردنی ژیانی مرۆڤدا" ئەم بەرهەمەی سکۆت لەوانەیە ڕاستەوخۆ سوودێکی تەواو بە دۆخی ئێستای باشووری کوردستان نەبەخشێت، بەڵام بەبێ بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە و ڕەشبینانەی لەم چەشنە ئاستەمە بتوانین داهاتوویەکی گەش بونیاد بنێین.

لەم بەرهەمەدا سکۆت وەک ئەنترۆپۆلۆجستێک زۆر بە وردی لە سروشت و شار دەڕوانێت. لەلایەک چۆن سروشت سوودی لێ دەبینرێت بۆ بونیادنانی شار، دواتر دەوڵەت! کە گوایە زۆرێک لە ڕژێمە سیاسییەکان هەوڵیان داوە باشترین بۆ مرۆڤ بکەن و دواتر دەبنەوە بە بەڵا بەسەر خواستی کۆمەڵگاکانەوە و ناتوانن ژیانێکی بەختەوەرانە بۆ ئەوانەش پەیدا بکەن کە باوەڕیان بە ڕژێمەکە هەبوە. هەر لەم بەرهەمەدا باس لەو جۆرە لە بەرهەڵستکاری ناخی هەر تاکێک دەکات کە بەرامبەر بە سیستەمی دەستکاریکردنی سروشتی مرۆڤ بوونی ئەو هەیەتی وەک گیانەوەرێک. ئەشێ ئەم باسە ئەنترۆپۆلۆجییە وردە زۆر هاوجووت نەبێت لەگەڵ باشووری کوردستاندا، بەڵام شێوازی ڕەخنەگرتنەکە گرنگییەکی بێ وێنەی هەیە. بەشێکی گەورە لەو بزووتنەوە و ڕێکخراوە سیاسیانەی کوردستان بە درێژایی مێژوو شێوگێکی هیوا و ئامانج و حوکمڕانیان هێناوە و خەباتیان پێوە کردوە بە بێ ئەوەی ئەو شێوگە هاوردە کراوە خواستی گشتی لەسەر بووبێت یان گونجابێت لەگەڵ خواستی گشتیدا، هەر بەهەمان شیوەی درووستکردنی شار دەچێت کە لەخواستی ڕژێمێکی سیاسیەوە بە بیانووی بەختیاری بۆ مرۆڤ نابەختیارییەکی گەورە بۆ مرۆڤ درووست دەکات.

لەم کتێبەدا سکۆت زۆر بەباشی نمونەکان دەهێنێتەوە و قسە لەسەر زۆر شوێنی دونیا دەکات، لە پرۆژەی کۆلێکتیڤیزمی سۆڤێتییەوە تا دەگاتە شێوگەکانی بونیادنانی شار لە پایتەختەکانی سەرمایەداریەوە تا دەگاتە سیستەمی گوندنشینی زۆرەملێی لە تەنزانیا و درووستکردنی پایتەختی مۆدێرنی بەرازیل (بەرازیلیا) کە چۆن دەبێتە شوێنێک بۆ کوشتنی خواستی خەڵکی ئەو شوێنەی کە تێیدا نیشتەجێ دەبن. چۆن تەوژمە مۆدێرنەکان لەو وڵاتەدا بۆ یەکەمجار لە ١٨٢٢ دا بیر لە درووستکردنی دەکەنەوە و دواتر پاش سەد و سی ساڵێک و لە ١٩٥٦ دا پلانی درووستکردنەکەی دەستپێدەکەن و چۆن ئەو هەموو پلانکارییە خواست و جوانییە سروشتییەکانی کۆمەڵگای مرۆیی لەو پێگە جوگرافییەدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی سکۆت لەم کتێبەدا، دەرفەتمان دەداتێ لە هەر پەیڤێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی چکۆلەی سیاسیدا بۆ خەڵک بگەڕێینەوە و ناچارین بگەڕێینەوە. ئەمەش یەکێکە لە سەرەکیترین گرێکان بۆ دەرباز بوون لە ڕیتمی کاریزماتیکی هەر بزاڤ و هەر سیاسەتکارێک کە بخوازێت ڕابەرایەتی گۆڕانکاری بکات. بۆ خەڵکی کوردستان ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە میکانیزمی کارکردنی تێزەکەدا بۆ تێڕوانین لەوەی کە بەرهەمی دەهێنین بۆ داهاتوو. ئەکرێت سوود لە هەندێ لە ستراتیژەکانی میتۆدی ئەم ڕەخنەیە ببینین بۆ داڕشتنەوەی تیۆری شۆڕش.

ئەوانەی سەرەوە کە باسمانکردن میکانیزمی کاری سکۆتە لەم بارەیەوە، بەڵام خودی ناوەڕۆکی کتێب و تێزەکەی سکۆت لەدەوری پرسیارێکی سەرەکی دەخولێتەوە کە ئەویش ئەوەیە ئایا بۆ هەمیشە دەوڵەت (دەسەڵات، فەرمانڕەوایی..تاد) بەدوای ئازاردان و چەوساندنەوەی ئەوانی ترەوەن؟ ئایا بۆ فەرمانڕەواکان هەمیشە هەوڵدەدن شتەکان بۆ ئەوان پێناسەکراو و زانراو بن؟ لەم بارەیەوە نمونەی نۆماد و غەوارەکان و قەرەج و زۆری تر دەهێنێتەوە وەک پرۆژەیەکی بە مرۆڤایەتی کردن و شارستانی کردنی ئەو گرۆیانە و شکستی دەوڵەت لە هەوڵەکانیاندا. ئەم شکستە بۆ سروشتی بەرهەڵستکاری مرۆڤ و سروشتی مرۆڤ خۆی دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەت کاتێک دەسەڵات نایەوێت لەگەڵ پرس و خواستەکانی خەڵکدا تەبا بێت. ئەو دەڵێت: "دەوڵەت دەیەوێت کۆمەڵگا بۆی ناسراو بێت (خوێنراوە بێت) تا لە ڕێگایەوە بە جۆرێک ڕێکیبخات، کەس لە باج و سەربازی زۆرەملێ ڕانەکات، کەس نەتوانێت پەنا بۆ یاخی بوون بەرێت". لە بیری سکۆتیشدا ئەم دوانە سەرەکیترین هۆکارن بۆ شۆڕشکردن! ئەشێ خوێنەر بپرسێت ئەی خۆ لە باشووری کوردستان هیچ کامێک لەم دوو جۆرە چەوساندنەوەیە ئامادە نییە، ئەی کەواتە بۆیە شۆڕش درووست نابێت بەرامبەر دەسەڵات خۆی! لە خۆیدا پرسیارەکە بەو سادەییە نییە، ئەشێ کۆی باج بە شێوەیەکی تر گیرابێت یان سەربازی زۆرەملێ لە ڕێگای ناچارکردنێکی ترەوە هاتبێتە مەیدانی کاری دەسەڵات و بە جۆرێکی تر پێڕەو بکرێت. ئەوە باسێکی وردترە کە دەشێت کاتێک بدۆزینەوە بۆ باسکردنی.

لەیەکێک لە پەرەگرافەکانی ئەم کتێبەدا دەڵێت:
"دەوڵەت چۆن بە شێنەیی دەست دەگرێت بەسەر خەڵک و سروشتەکەیاندا؟ لەپڕ، خەڵک ناوێکی دیاریکراویان هەیە، کێشانە دەکرێتە ستاندارد و هەموو کیلۆ بەکاردەهێنین، سەرژمێری دانیشتوان دەکرێت و لە ڕێگایەوە خەڵک ناونووس دەکرێت، زمان دەکرێتە ستاندارد و پرسی دەستوور دێتە پێشەوە و شارەکان دیزاین دەکرێن و هاتوچۆ بە سادەترین شێوە ڕێکدەخرێت. لەهەمان کاتدا جێی سەرنجە کە لە هەر باریکدا بەرپرس و خەڵکی دەسەلاتدار هەڵاوێرد دەکرێن."
لەم پەرەگرافەی سەرەوە ئەوەمان بەسە بە هۆیەوە هەموو جووڵە و دەرفەتێکی دەسەڵات بخەینە ژێر پرسیارەوە و بە ناوی مۆدێرنایزە کردنەوە مل بە هەنگاوە گوماناوییەکانی دەسەڵات نەدەین، ئەوەش ئاستێکی بەرز لە تێگەیشتنی دەوێت! خودی ئەم گومانەش هەمیشەیی و بەردەوامی بە بەرهەڵستکاری دەدات، کە بەردەوام پێویستە! ڕەخنەکانی سکۆت خڕن بەڵام مەرج نییە گوێز بن، گرنگە بۆ ئێمە لە پیگە بەرهەڵستکارییەکانەوە لەسەر هەر هەنگاوێکی دەسەڵات بوەستین، بەتایبەت دەسەڵاتێکی ناسراو، پێشینە مۆر و کەوەیی لە هەڵەی سیاسی و مێژوویدا و بەتایبەتتر بۆ چین و تویژە ڕەنجدەر و بندەستەکان گرنگە.

پێنجەم: هونەرێک چۆن فەرمانڕەوایی نەکریێت (The Art of not Been Governed)
بەرهەمی پێنجەمی جەیمس سکۆت کە ئێمە باسی لێ دەکەین بە کۆکراوەی تیۆری بەرهەڵستکاری تێزی دەوڵەتداری هەژمار دەکرێت و لەهەموو کارەکانی تری ناسراوترە. لەم تێزەدا سکۆت کۆی تێڕوانینەکانی کۆدەکاتەوە و تێیدا باس لە فۆرمێکی ئانارکیستیانە دەکات بۆ بەرگرتن بە دەسەڵات و باس لە مێژووی بەرهەڵستکاری دەکات لە ناوچەیەکی فراواندا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. تێڕوانینی ئەم بیرمەندە لە مێژووی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا مەودایەکی درێژی هەیە و بۆ زیاتر لە ١٥٠٠ تا ٢٠٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. ناوچەیەکی بەرفراوانی ڤێتنام، تایلاند، لاوس، باشووری ڕۆژئاوای چین و تا دەگاتە هەندێ بەشی هیندستان دەبنە مەیدانی تویژینەوەکانی سکۆت.

جەیمس سکۆت لە ئەزموون و توێژینەوەکانیەوە سەرنجی خۆی دەردەبڕێت و دەگاتە ئەم دەرئەنجامە: ئەو خەڵکانەی لەو بەرزاییانە دەژین، ئەوانە نین کە هەرگیز شارستانیەتیان نەبینیبێت و هیچ نەزانن دەربارەی ڕووداوەکان، بەڵکو ئەوانەن کە بۆ ماوەی ١٥ تا ٢٠ سەدەیەک دەبێت لەدەست دەوڵەت هەڵدێن. باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لێیان ئەوەیە پێناسەیان بکەین وەک ئاوارەکانی دەستی درووستکردنی دەوڵەت، نەک ئەوانەی کە تا ئێستا خۆشی ژیانی دەوڵەتداریان نەبینیبێت. لەم بەرهەمەدا جارێکی تر بە شێوەیەکی ئەنترۆپۆلۆجستیانە ئەزموونی سەرمایەداری و دەوڵەتی نەتەوەیی دەخاتەوە ژێر پرسیار و دەڵێت:
" ئەگەر بڕوانینە ئەو دراسەتانەی لەسەر شوورای چین و شوورای سۆمەرییەکان کراوە بۆ ئەوە نەبوە بەربەری و بێگانەکان لە شارەکان بپارێزن وەک ئەوەی مێژوو نووسیویەتییەوە، بەڵکو ئەوە ڕووکاری دەسەڵاتە و لە ڕاستیدا مەبەستی سەرەکی ئەوە بوە، خەڵکی خۆیان بپاریزن لەوەی کە هەڵبێن و بڕۆن لەدەست باجی دەوڵەت ڕابکەن. دواجار  درووستکردنی دیوارەکان بەمەبەستی هەردوو ئامانجەکە کەوتوەتەوە."
تێڕوانین لەم دێڕانەی سکۆت، هەر دەوڵەتی نەتەوەیی ناخاتە ژیر پرسیارەوە بەڵکو دەوڵەتی درووستکراوی دەستی دەستەبژێریش دەخاتە ژیر پرسیارەوە. بەردەوام دەبێت لە هێنانەوەی بەڵگە لەسەر هەڵهاتن لە ئەزموونی دەوڵەت وەک شێوگێکی گرنگی بەرهەڵستکاری. سکۆت ڕای وایە، خەڵک لە مێژە لە کۆیلایەتی دەوڵەت و بە دەوڵەت کردنی نەتەوەیی ڕادەکات، بەڵگەی ئەو بۆ ئەم پرسە، ناوچە چڕ و قەرەباڵغانەی ئەفریقایە. خەڵکی ئەم ناوچانە لە کاتی خۆی لە کەنارەکانی ئۆقیانووسی هیندیەوە لە بە کۆیلەگرتنی داگیرکەری عەرەبی هەڵهاتوون و ڕوویان کردوەتە ناوچە چرەکانی ئەفریقا و پەراوێزێکی سەلامەتیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە کە تێیدا بژین. بەهەمان شێوە دەبینێت لە هەندێ ناوچەی تری جیهانی عەرەبیدا ناوچەی زۆنگاوەکان هەبوون کە خۆیانیان تیادا پاراستوە لە ستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی جا چ سەربازی زۆرە ملێ بووبێت یان کۆیلایەتی بووبێت. ئەم نمونەیە زۆر یەکانگیرە لەگەڵ جەنگی یەکەمی کەنداو کە لەنیوان ئێران و ئێراقدا بۆ پتر لە هەشت ساڵ بەڕیوە چوو. ڕژێمی بەعس لە ئێراقدا و لەماوەی کۆتایی ئەم جەنگەدا ناچار بوو زۆنگاوەکان وشک بکات بۆ دەستگرتن بەسەر دیاردەی هەڵهاتن لە سەربازیدا. هەر بەهەمان شیوە شاخەکانی کوردستانیش یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە بۆ ئەم مەبەستە زۆر بە چالاکانە بەکاردەهات. هەڵاتن لەسەربازی زۆرەملێ تەنیا وەک نمونەیەک وەردەگرین، دەکرێت خۆدزینەوە و هەڵاتن لە داوا و خواستەکانی دەسەڵات زۆر شتی تر بگرێتەوە و زۆر کاریگەرانەتر بەرهەڵستکاری چالاک بکات.  

بەڵگەکانی سکۆت ئەگەرچی لە ڕووی واقعەوە کەمێک بە گران بەرجەستە دەبن، بەڵام لە ڕووی تیۆرە ئەنترۆپۆلۆجییەکانەوە گۆشە نیگای زۆر ڕاسیتان تێدایە! سکۆت دەڵێت: "مێژووی ئێمە وەک مرۆڤی ژیر نزیکەی ٢٠٠ هەزار ساڵێکە، تەنیا ٥٠ هەزار ساڵێک دەبێت لەدەرەوەی ئەفریقا ژیاوین، و مێژووی کشتوکاڵی تەندروست نزیکەی ٥-٦ هەزار ساڵێک دەبێت، دوا دەیەکی ئەو ماوەیەی دواییان لە دەرەوەی ئەفریقا و زۆر بڕێکی کەم لە مێژووی مرۆڤی ژیر لەناو دەوڵەتدا ژیاوە، کۆنترین مێژووی دەوڵەت بە شێوە سەرەتاییەکەی بۆ نزیکەی ٣ هەزار ساڵیک دەگەڕێتەوە. کەواتە ژیان بەزۆری لە دەرەوەی دەوڵەتدا بوە، نەک لە ناو دەوڵەتدا. لەبیرمان نەچێت ئەگەر کشتوکاڵی تەندرووست نەبێت ئەوا دەوڵەت نابێت، ئەشێت بەبێ دەوڵەت کشتوکاڵی تەندروست هەبێت، بەڵام دەوڵەت بە بێ کشتوکاڵی تەندروست نابێت." گەر ئەم وتانەی سکۆت وەک خۆی وەربگرین، هەموو لێدوانەکانی بەناو سەرۆکی هەرێمی کوردستان پووچەڵ دەبێتەوە، چونکە یەکەم هەنگاو کە فەرمان ناڕەواییەکەی ئەو کردویەتی دژ بە درووستکردنی دەوڵەت بوە، ئەویش تێکشکاندنی هەموو پرۆژە کشتوکاڵییەکانە لە کوردستاندا لەماوەی حوکمڕانی ئەودا. تا ئێستاش دەوڵەتێک نابینیت بە تەواوی لە کشتوکاڵ پاشەکشەی کردبێت و دەستبەرداری ئەو چالاکییە ئابوورییە بووبێت.

جەیمس سکۆت زۆر مەسەلەی گرنگ لەم بەرهەمەیدا باس دەکات کە جێی ئەوەیە کەمێک لەسەری بوەستین، چونکە پرسی نەوت و بازرگانی و هەموو پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی باشووری کوردستان لەچوارچیوەی بە دەوڵەت بوون و پاشکۆیەتیدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆنمونە بەم چەند خاڵە کورتیان دەکەینەوە:
١. ئاڵوگۆڕی یەکسان و دادوەرانە لەگەڵ سروشتی دەوڵەتی نەتەوەییدا ناگونجێت.
٢. سروشتی هەموو دەوڵەتە کۆنەکان لەسەر بنەمای کۆیلایەتی درووست بوون و پاشان گەشەیان کردوە، لەگەڵ گەشەکردنی کۆمەڵگای مرۆییدا ناکرێت جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ شێوگی کۆیلایەتی کۆن.
٣. لە کۆندا ئامانجی هەموو داگیرکارییەک بە کۆیلەگرتنی دانیشتوان بوە و هێنانەوەیان بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکە تا بەهۆیانەوە هێزی کار زیاد بکەن و گەشە بە بڕی بەرهەمی خۆیان بدەن. کۆیلە یەکەیەکی گرنگی بەرهەمهێنان بوە لە زەویە کشتوکاڵیەکاندا. لە ئیستای باشووری کوردستاندا گرنگە خەڵکەکەی وەدەر بنرێت، چونکە بۆ داگیرکەری کوردی و دەرەکی گرنگە زەوی و سەرچاوە سروشتییەکانیان دەست بکەوێت و هیزی کار کاراکتەری گەورە نییە بۆ بەرهەم هێنان. ئەوەی خەڵک دەهێڵێتەوە گەورەکردنی قەبارەی بازاڕە، واتە ئەو بەرهەمانەی ئیران و تورکیا و دەوڵەتەکانی تری دراوسێ هەیانە بە کوردستانی بفرۆشنەوە بۆ ئەمەش بەکارهێنیان دەوێت نەک بەرهەمهێن. بە کورتی گەڕانەوە بۆ بەرهەمهێنان و بۆیکۆتی کاڵا بازرگانییەکان گورچکبڕترین بۆیکۆت دەبێت نەک پشتکردنە کارکردن و هەفتەی دوو کاتژمیر لە فەرمانگە بێبەرهەمەکاندا بەسەربەرین لامان وابێت دەسەڵات پیویستی بە ئێمە نییە ئێمەش بایی ئەو پارەیە کاری بۆ دەکەین کە ئەو دەیدات.
٤. دەوڵەتی نەتەوەیی ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم ئاسایشی خۆراکدا و ناهێڵێت وەک پێویست ژینگە بەکار بێت هەروەها نا‌هێڵێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەک پێویست ڕوو بدات. کێشەیەکی گەورە ئەوەیە کە ئێمە وەک پێویست ئاگامان لە ڕووداو و تیۆرە پێشکەوتوەکانی دونیا نییە. ئەم زانایە دەڵێت نیولیبرالیزم لە ڕێگەی بە تایبەتمەندی کردنی زەوی و کشتوکاڵەوە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی خۆراک درووست دەکات، بۆ ئەم پرسەش چەندین بەڵگە و نمونەی گرنگ دەخاتە بەردەست.
٥. دەوڵەتی زۆرە ملێ و دەسەڵاتی سەپاو هۆکارێکی ترە بۆ بەرفرەیی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی و ژینگەی نا تەندروست و هەروەها شێوگی دڵەڕاوکێی بەردەوام. خۆ دزینەوە لەم شیوگەی حوکمڕانی هەر ئەوە نییە بچینە دۆخێکی ئانارکیستییەوە و لامان وا بێت کە ئیدی ئەوە چارەسەرە بەهۆی میتۆدەوە، بە پێچەوانەوە سکۆت هەمیشە لەو ڕاستیە ڕا دەکات کە ئەو تیۆریستێکی ئانارکیست بێت، بەڵام هەموو چارەسەرەکانی ئانارکیستیانەن و بە بێ ڕەخنەیەکی ئانارکیستیانە، کۆمەڵگای دادوەر درووست نابێت. زۆر جار هەیە ئانارکیزم یەکێکە لەو کۆتاییانەی ئەگەر بەدەستیش نەیەت، پاڵنەرێکی گرنگە بۆ پرسینەوە لە بێدادی و پەراوێزخستنی ڕای خەڵک.
٦. لەلای سکۆت چیرۆکی زارەکی و چارەسەری زارەکی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە،  باشی ئەم کولتوورە لەوەدایە: زۆر بە ئاسانی کۆدەکانی دەست ناکەون و دەسەڵات ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، دەتوانرێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بیگۆڕدرێت و بە بازاڕ کردنی کاڵا گران دەکات بە تایبەت بۆ ماس پرۆدەکشن و ماس کۆنسەمپشن (واتە بەرەهەمهێنانی و بەکارهێنانی بێشومار)، دواجار، کولتووری زارەکی تا ئەندازەیەکی زۆر لاستیکییە و زۆر گونجاوە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر تا بەپێی بارودۆخ بگونجێنرێت و بە پێی پێویست ڕاست بکرێتەوە.

سکۆت زۆر دوورتر دەڕوات لە پرسی بەرهەڵستکاریدا و باس لە یەکێک لە ستراتیژەکانی جوتیارانی زۆمبیا دەکات کە چۆن هەڵبژاردنی جۆری بەرهەم ڕێگایەکە بۆ بەگژا چوونەوەی دەوڵەت، ئیدی ئەو ستراتیژەمان پیشان دەدات کە چۆن دەسەڵات چیتر ناتوانێت کۆنترۆڵی تۆ بکات. ئەو بەرهەمەی چەندین هەزار ساڵە کە خەڵکی زۆمیا سوودیان لێ بینیوە، ئەو ڕوەکانەیە کە بە سەلک دەڕوێن چونکە لە بازاڕەکانی پێویستی شاردا ئەو گرنگییەیان نییە و هەر کات بتەوێت دەتوانیت بچیت بەروبوومەکانیان بچنیتەوە، هەروەها ئەو بەروبومانەیە کە دەستکەوتیان لێوە بەرهەم نایەت. بەڵێ میکانزیمی ژیان لە قەندیل و کێوەکانی باکوری کوردستان بەهەمان شیوە بەڕیوە دەچیت و چەندین ساڵە توانای مانەوە و بەرگری بۆ خەباتی باکورییەکان پەیدا کردوە. ئەگەر قەندیل و سروشتی جوگرافی ناوچەکە پشتیوانییەکی سروشتییە، لە هەمان کاتدا مرۆڤ دەتوانێت ڕیگاچارەکان بدۆزێتەوە بۆ بەرهەڵستی و ملدان بە دەسەڵاتێک کە خۆی لە شێوەی دەوڵەتدا نمایش دەکات و لە ڕاستیشدا دریژکراوەی دەوڵەتی داگیرکەرە. بۆ ئێمە میتۆدی سکۆت کاتێک گرنگە کە لە ستراتیژ و لیکدانەوەکانیەوە بزانین چۆن دەتوانین سوود وەربگرین. چۆن دەتوانین ژیانی خەڵکی خۆمان لەسەر کۆمەڵە بەرهەمێکی جیاواز درووست بکەین و پێویستیمان بە داگیرکەر نەمێنێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئێمە چەند دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگایەکی سەرەتایی و ڕێک مۆدێلەکە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەبەر خاتری جوانی تیۆرەکەی سکۆت جێبەجێ بکەین. بەڵکو، سکۆت ئاسۆیەک لەبەردەم ئێمەدا دەکاتەوە چۆن لە بونیادنانی کولتورێکدا کار بکەین کە دەبێتەوە بە کولتووری خەڵکی ڕەنجدەر و زەحمەتکێش کە دەتوانن ژیانێکی سروشتی جیاواز بژین.

دواجار لەم تیۆرەیدا سکۆت دەڵیت: "یەکێک لە شتەکانی زۆمیا ئەوەیە کە مێژوویان نییە کە لێیان بپرسیت لە کوێوە هاتوون، ئەڵین نازانین، چونکە ئەوە بۆ ئەوان باشترە. ئەوەی وا دەکات ئەوان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی نەتەوەیی دەربازیان ببێت، ئەمانەیە:
١.  پارچە پارچە بوونی فیزیکی کە بە ئاسانی بەرجەستە ناکرێن.
٢. سادەکردنەوەی تەواوی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانیان.
٣. فەرمانڕەواییەکی جێگیر و درێژ خایەنیان نییە.
٤. بەرهەمەکانیان دەگۆڕن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر.
٥. پشت بە کولتووری نەنووسراو دەبەستن.
٦. لە شوێنی عاسیدا دەژین و دەستیان پێ ناگات.
٧. هەمیشە سرووت و پەراوە ئایینییەکانیان جیاوازە لەو ئاینەی کە دۆڵنشینەکان هەیانبوە."

بەڵێ ئەوە نمونەی سەرکەوتنێکی مێژوویەیە لە بەرهەڵستکاری ستەملێکراوان و مانەوەیان بە سەربەخۆ بەهۆی ستراتیژێکی ژیرانەوە کە لەلایەک سروشتی زەویەکانیان پێی بەخشیون لەلایەک خۆیان توانیویانە کار لەسەر مانەوەی خۆیان بکەن بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت. بەڵێ دەوڵەتی نوێ لە گەڵ دەوڵەتی سەرەتاییدا بەراورد ناکرێت، ئێستا بە هۆی ژمارەی کەسی و پەنجە مۆر و چیپسی دی ئێن ئەی و ئەو شتانەوە یەکسەر هەر یەکێکمان دەدۆزرێینەوە و دەتوانرێت مێژوویش و داهاتووشمان بناسرێت و بزانرێت لە کوێوە هاتووین و ئاراستەکەمان بۆ کوێ دەڕوات. ڕاستە لە کۆندا بەو جۆرە نەبوە، بەڵام ئەمە ڕاستییەک دەخاتە بەردەم شوڕشی نوێ کە پێویستی بە بیرکردنەوە و تیۆریزەکردنەوەی نوێ هەیە لە بەکارهێنانی ئەو کەرەستەو کۆدانە کە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ستەم پێویستن، چونکە بە بێ ئەو کەرەستانە ئاستەمە بتوانرێت هیچ بەدەست بهێنین لە دونیایەکدا کە تەکنۆلۆجیا و گواستنەوەی زانیاری و کۆنترۆڵکردن لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.  جەیمس سکۆت و تیۆرەکانی لە بواری بەرەنگاریدا ئەگەرچی تا ئەندازەیەک ڕەشبینانەن بەڵام گرنگن بۆ وەرچەرخانی مێژوویی ئێمە لە هەرکوێیەکی دونیادا هیوامان بە دادوەری و ژیانێکی چاکتر هەبێت.


[1] بەشی هەرە گەورەی ڕاو سەرنجەکانی سکۆت لە پێنج نووسینی سەرەکی خۆیوە وەرگیراون کە ئەوانیش:
-      The Moral Economy of The Peasant,
-      Weapons of The Weak,
-      Domination and The Arts of Resistance,
-      Seeing Like a State, and
-      The Art of not Being Governed.
ئەم پێنج بەرهەمە تاکە بەرهەمی سکۆت نین، بەڵکو زۆر نووسین و وانە و وتاری تریشی هەن، ئەوەی وا دەکات ئەم پێنج بەرهەمە بۆ ئێمە سەرەکی بن و جێی بایەخی تایبەت بن، ئەو هێڵە بڕەرەی بەرەنگاری ئانارکیستیانەیە کە لە هەر پێنج بەرهەمەکەدا هەیە و لە بەرهەڵستکاریدا ئێمە دەتوانین بەزۆر شێوە سوودی لێ ببینین.  ڕاستە تێکڕای بەرهەمەکانی جەیمس سکۆت باس لە بەرهەڵستکاری دەکەن بە هەر شێوەیەک بێت، بەڵام لەم پێنج بەرهەمەدا بیری کۆکراوەی بەرهەڵستکارانەی سکۆت دەدۆزینەوە. لەپاڵ بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانیدا، خودی ژیانی سکۆت وانەیەکی باشە بۆ بیرمەندی بەرهەڵستکار تا لە ئاڵۆزی ئەو ڕێگایە تێبگات کە  مرۆڤی بەرهەڵستکار بەهۆیەوە دەتوانێت کاریگەری هەبێت.
[2]  کەسی لەخۆگیراو، مەبەست لەو کەسانەیە کە لەلایەن دایک و باوکی بایۆلۆجییانەوە گەورە ناکرێن، واتە دایک و باوکی کۆمەڵایەتیان جیاوازە لە دایک و باوکی بایۆلۆجییان.
[3] (کوەیکەر) ئەو گروپەیە لە مەسیحیەکان کە پێڕەوی ئایینەکەیان وەک هاوڕێیەتی دەکەن و تا ڕادەیەک پیی دەوترێت ئایینی هاوڕێکان.
[4] بۆ زانیاری زیاتر لەم گرۆیەی ئاینی مەسیحی دەتوانیت لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە زیاتر تێیان بگەیت. http://www.episcopalchurch.org/page/i-am-episcopalian
[5] بەگشتی خەڵکی فەرمانپێکراو subaltern بەو کەسانە دەوترێت کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جوگرافییەوە دەکەونە دەرەوەی بازنەی هەژموونی هێز و دەسەڵاتەکانەوە- بەتایبەتی لەسەردەمی کۆلۆنیالی نوێوە ئەم چەمکە کاری لە سەر دەکرێت و بەزۆری گەڕانەوەیە بۆ ئەو شێوازی دەربرینەی کە یەکەمجار ئەنتۆنیۆ گرامشی لەبواری هەژموونی دەسەڵات و هەژموونی بەرەنگاریدا کاری لەسەر کردوە.

[6]  The Arts of Not Being Governed
[7] برێخت یەکێکە لە نوێنەرە گەورەکانی دونیای سۆشیالیزمی ڕیالیستی لە هونەر و ئەدەبی شۆڕشگێرانەدا. داهێنەرێکە چەندین ڕووکار و شاکاری گەورەی لەبواری هۆنراوە و دراما و دەرهێنان و ڕەخنەدا هەیە. لەساڵی 1898 لە هەرێمی باڤاریای وڵاتی ئەڵمانیادا لە دایک بوە و منداڵییەکانی پڕبوون لە هەوراز و نشێو، هەروەها ڕوداوی مێژووی بەجۆرێک ئەو ڕووداوانە نەک بەتەنیا بۆ ئەڵمانیا بەڵکو بۆ تەواوی ئەوروپا و بگرە بۆ کۆی مرۆڤایەتیش گرنگ بوون. لەسەرەتاکانی ژیانی ئەم وێژەدۆستەدا ڕەخنە دژی کاپیتالیزم و سیستەمی کاپیتالیستی بەشێوە کلاسیکییەکەی دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز. برێخت لە ساڵی 1956 و لەمانگی ئۆگوستدا لە بەرلینی پایتەخت ژیانی دەگاتە کۆتا.