بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





26/02/2015

دەستەواژەی ئەمڕۆ - هەڵسەنگاندن بۆ ساڵی ٢٠١٤




دەستپێك:
سەرەتا سوپاسی تایبەتم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کەبەردەوام دەستەواژەی ئەمڕۆ دەخوێندنەوە ، بەتایبەتیش ئەو بەڕێزانەی کە جارێکی تر بابەتەکان پەخش دەکەنەوە. لەم نووسینەدا دەستی خۆشەویستی و دڵسۆزیان دەگوشم و هیوادارم هیچ هۆکارێک نەبێت لەیەکمان بکات، بەتایبەت ژیانی پێکەوەیی وهاوبەشیمان لەگەڵ خەم و خۆشی و پرسەکانی یەکتر جوانترمان دەکات. هەروەها داوای لێبوردن لەهەموو ئەوخۆشەویستانە دەکەم، کەلەوانەیە دەستەواژەکانم نیگەرانی کردبن و لەگەڵ بوار و ئارەزووی ئەواندا یەک نەیەتەوە و بووبنە بارێکی گران بەسەر جوانی ناسی و جوانیبینی ئەوانەوە بۆ ژیان.
ئەم بابەتە کورتە و پوختەی هەڵسەنگاندنێکی ساڵانەیە بۆ پرۆژەی دەستەواژەی ئەمڕۆ، دەتەواژەی ئەمڕۆ بابەتێکە لەڕێگای پێگەی تایبەتی فەیسبووک و پێگەی ئەلکترۆنی (www.sorancoste.com) ەوە پەخشمکردوەتەوە لەبەرواری 2014.02.24 تا ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە، واتە لەماوەی ساڵێکدا. هەرچەندە پاش تێپەڕ بوونی سێ مانگێک لە پڕۆژەکە هەڵسەندگاندنێکی خێرام بۆ پرۆژەکە کرد و دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە دەبێت بەردەوام بم تا کۆتایی ساڵەکە و پاشتر هەڵسەنگاندنی بابەتی زیاتر و ساڵانە بۆ خودی پرۆژەکە بکەم. لێرەدا هەوڵدەدەم بە کورتەی بەرئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنە بۆ خوێنەری بابەتەکانم و بۆ خوێنەرانی دەستەواژەکان ئەرکێکی پیشەگەرانەی پرۆژەی گشتیم بەجێهێنابێت سەرباری کەم و کورتییەکانی هەڵسەنگاندنەکە.

بۆچی دەستەواژەی ئەمڕۆ؟
بیرۆکەی دەستەواژەی ئەمڕۆ لە سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە لەدایکبوو، پێشتریش لە هەڵسەنگاندنە خێراکەدا باسمکردوون و بە پێویستی دەزانم بەوردی و جوانتر دووبارەیان بکەمەوە. کە هەریەکە لەو هۆکارانە گرنگییەکی تایبەتی خۆی بۆ بیرکردنەوەی من هەبووە و تا ئێستاش بەردەوامە:
١. خوێنەری ئێمە (بەزمانی کوردی) ژمارەیان کەمە و زەبر و تەوژمیان لەسەر خوێندنەوەی بابەتی درێژ لاوازە و بە پێی پێشکەوتنەکانی ڕۆژ و باڵکێشانی نامۆیی کۆمەڵایەتی هەر کەسێک کاتێکی زۆر کەمی هەیە بۆ خوێندنەوە. دەستەواژەکان بڕیار بوو بە پووختی و بە کورتی کرۆکی بیرکردنەوە و ڕایەک ببەخشن کە تێکڕا لە نووسینی درێژترەوە هاتوون. ئامانج لەم کارە ئەوە بوو لەلایەک ئارەزووی خوێنەر بە هەند وەربگرێت و لەلایەکیش پوختەی بیرۆکەکان بخاتە بەردەست، بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆی زیاتر.
٢. من بۆ خۆم باوەڕم نییە ئەو تێزانە بخەمە ڕوو کە ئەڵتەرناتیڤبن بۆ هیچ دۆخێکی سیاسی و ڕۆشنبیری و لەبری ئەوە باشترە کاریان لەسەر بکەین، چونکە بڕێکی باش شکستی ئێمە لەوەدایە کە بەرامبەرەکەمان لەڕێگای تێزەکانمانەوەپلانەکانمان ئاشکرا دەکات و دژە پلانی خۆی دادەنێت. بەتوانایەکی ئابووری باشتر و هێزێکی زیاترەوە بێگومان ئەو سەرکەوتووتر دەبێت، لەکاتێکدا پێچەوانەکەشی ڕاستە، واتە ئەوەی بەرامبەرمان هیچ کام لەپلانەکانی خۆی و ڕێگەچارەکانی باس ناکات، بەڵکو هەڵدەستێت بە ئەنجامدانیان. بڕیار بوو دەستەواژەی ئەمرۆ بتوانێت هەندێک بابەت باس بکات و هەموو شتیش نەڵێت تا بتوانین بە جۆرێکی تر بیرکردنەوە بجووڵێنین یان بتوانین گفتوگۆی جیاجیا درووست بکەین.
٣. زۆر جار هەیە لەکاتی خوێندنەوە و بەدواداچووندا کرۆکی بیرێک یان تێزێک یان گریمانەیەکم بۆ درووست دەبێت، بە کورتی و بە پووختی ئەیان نووسمەوە تا دەرفەت دەبێت ناوەڕۆکەکەی تەواو بکەم و ببێتە نووسینێکی تا ڕادەیەک باش و پێگەیشتوو پاشان پەخشیان بکەم. ئەنجامی کەڵەکە بوونی ئەم نووسینانە و درێژیی بابەتەکانیان بە باشم زانی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا پوختەو دەستەواژە گرنگەکانیان پەخش بکەم و نەوەستم تا ئەو جێیەی کامڵ دەبن، چونکە لەوانەیە مرۆڤ نەگاتە ئەوەی کامڵیان بکات. هەر بۆیە بڕیار بوو ئەو کورتە بیرۆکە و تیزانە لە دەستەواژەی پووختا بخەمە ڕوو.

بۆچی لە فەیسبووکەوە؟
فەیسبووک ئەو کەناڵە کۆمەڵایەتییە هەمەچەشن و زیندوە بوو کە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا زۆرترین سەردانیکار و زۆرترین پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی درووستکردوە لەنێوان خەڵکی جیهاندا بەگشتی. کۆمەڵگای کوردستان لەم کەرەستە و تەکنەلۆجیایە بێبەش نەبوون و بەشێوەیەکی فراوان بەکاریان هێناوە. منیش ئەم کەناڵەم بە دەروازەیەکی چالاک و کاریگەر زانی تا سوودی لێ ببینم لەپاڵ پێگە ئەلکترۆنییە تایبەتەکەمدا و دەستەواژەی ئەمڕۆ ی لەڕێگاوە بڵاو بکەمەوە لەگەڵ چەند هۆکارێکی تردا:
١. ماوەیەکی تا ڕادەیەک درێژە، هیچ بابەت و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکم لە کەناڵە میدیاییەکانەوە پەخش نەکردوە، دیارە هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە و لەم هەڵسەنگاندنەدا نامەوێت هیچ ڕەخنەیەک لە هیچ کەناڵێک بگرم، تەنانەت بەگشتی لەسەرمیدیاش باشترە هیچ باس نەکەم. بۆیە فەیسبووک یەکێک بوو لەو کەناڵانەی لەپاڵ پێگەی ئەلکترۆنی تایبەتی خۆمدا بەکاری بهێنم بۆ پەخشکردنی بابەتەکان، ئەگەرچی من ژمارەیەکی دیاریکراو لە هاوڕێم هەیە لەسەر ئەم تۆڕە، هێشتا ئومێدم هەبوو کە ئەم تۆڕە بەزیادەوە ئەو بۆشایە بۆ من پڕ دەکاتەوە.
٢. تا بتوانم دەنگی خۆم بگەیەنمە خوێنەرانم لە کەناڵێکەوە کە هیچ کەس نەتوانێت کۆنترۆڵ لەسەر بابەتەکان دابنێت یان بەهۆی پەیوەندی کەسی و حیزبی و هەژموونگەراییەوە بابەتەکانم بەجۆرێک لە جۆرەکان سانسۆر بکات.
٣. خەڵک بەشێوەیەکی بەرفراوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن و باوەڕم وا بوو دەتوانرێت لە ڕۆژنامەکان باشتر و خێراتر بابەتەکان بگاتە دەستی خوێنەر.
٤. فەیسبووک بەتایبەت ئەو خەسڵەتە لە خۆ دەگرێت کە بابەتەکان دەتوانرێت دووبارە پەخش بکرێتەوە لەڕێگای هاوڕێی هاوڕێکانەوە سوود لە تێکستەکان ببینرێت و گفتوگۆی زیندوو درووست بکات.
سەرباری ئەم خاڵە ئەرێنیانە کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی نەرێنیش لەم کەناڵەدا هەیە. بەگشتی ژمارەیان کەمتر دەبینم لە خاڵە بەهیز و ئەرێنییەکان. بۆنمونە: فەیسبووک وەک کەرەستەیەکی مێژوویی ناتوانێت تێکستەکان بپارێزێت و تیایدا بمێننەوە و ئاسان بەردەست بکەون، یان پاش ماوەیەک کاریگەری پەخشیان نامێنێت. بۆ نمونە، لە فەیسبووکدا زۆرجار بابەتی جدی و گرنگ دەبێت بەژێر دەست و پێی زۆر بابەتی ناشایستە و نەگونجاوەوە... تاد.

بۆچی پاش ساڵێک هەڵسەنگاندن پێویستە؟
لەسروشتی کاری هەر پڕۆژەیەکدا باشترە پاش بەردەوامی پڕۆژەکە هەڵسەنگاندێکی بۆ ئەنجام بدرێت، تا بزانین ئایا پڕۆژەکە باشترە بەردەوام بێت یان سوودی بەردەوام بوونی نییە. خۆ ئەگەر بەردەوام بێت چۆن بەردەوام بێت؟ و ئەو گۆڕانکاری و نوێکاریانە کامانەن کە پێویستن لە پرۆژەکەدا ئەنجام بدرێت؟ هەر بۆیە بڕیارمدا پاش ساڵێک هیچ بڵاو نەکەمەوە تا هەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکە نەکەم، بەتایبەت کە ئامانجی ئەم پرۆژەیە تەنیا نووسین و پەخشێک نییە و بەڵکو زیاترێک لەو خواستە هەڵدەگرێت. هەڵسەنگاندن لە ڕێگەی خودی فەیسبووکەوە دەکرێت ئەنجامێکمان پێ بدات! لەکاتێکدا کە باشترە پشت بە کەرەستەی تر ببەستین، چونکە هەڵسەنگاندنەکە ئەکرێت پتەوتر بکات و ئاراستەیەکی باشتر بەکارەکانی داهاتوو بدات.
لەم ڕوانگانەوە، بۆ شیکردنەوە پشتم بە هەردوو سەرچاوە بەردەستەکە بەست: یەکەم، خودی پۆستەکان لەسەر فەیسبووک، دووەم ئەو ئامارانەی لەڕێگەی پێگە ئەلکترۆنییە تایبەتەکەوە پەیدادەبن. ئەم هەڵسەنگاندنە زۆر کاریگەرتر دەبوو ئەگەر لەلایەن کەسێکی ترەوە ئەنجام بدرایە. ئەوەش کەسی پسپۆڕی دەوێت و تێچوونی تایبەتی هەیە کە لەڕاستید نە لەڕووی ئابوورییەوە لە توانامدا هەبوو نەکەسێکی ئاوا پیشەگەرم شکدەبرد کە لەهەمان کاتدا شارەزای زمانی کوردی بێت و شارەزای کاری هەڵسەنگاندنی پڕۆژەیەکیش بێت.

چەند ئامارێکی سەرەتایی:
لە ٢٥/٢/٢٠١٥ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر پڕۆژەی (دەستەواژەی ئەمڕۆ)، لەماوەی ئەو ساڵەدا چەند ڕاستییەک هەیە بەژمارە و داتا دەتوانم بیانخەمە بەردەستی خوێنەر کە لەخۆیاندا گرنگن بۆ تێگەیشتنێکی گشتی لەسەر ئەم پڕۆژەیە:
١. لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە کۆی پتر لە ١٠٠٠ دەستەواژە و بیرۆکە ١٢٣ دەستەواژە پەخشکراون. واتە دەستەواژەیەک هەموو سێ ڕۆژ جارێک. کە بەهۆی پشووی هاوینە، نەخۆشی و ژماریەک لە گەشت و گوزەر ٥٨ ڕۆژ لە خوێنەر و دەستەواژەکان و هەموو کارێکی ڕۆشنبیر و ڕووناکبیری دابڕانم بینیوە.
٢. لە ڕێگای پێگەی کەسی تایبتەوە  (www.sorancoste.com) دەستەواژەکان بە تێکڕا ٣٣٤٢٥٦ سەردانیکاریان هەبووە، بە تێکڕای ژمیرەیی دەکاتە ٣٧٩٨ سەردانی بۆ هەر دەستەواژەیەک. بەهۆی نەبوونی بەرنامەی ئامار لە خودی فەیسبووکدا ژمارەکان بە ئاسانی نادۆزرێنەوە تا خوێندنەوەکانی فەیسبووک بخەینە سەر کۆی ژمارەکان و بەردەوامیش لە گۆڕانکاریدان.
٣. ئەو دەستەواژەیەی کەمترین خوێنراوەتەوە ٤٣٨ جار خوێنراوەتەوە، ئەو دەستەواژەیەی کە زۆرتری جار خوێنراوەتەوە ١٣٨٤٠ جار خوێنراوەتەوە
٣. بەرزترین ئاستی ڕەزامەندی بۆ ئەو دەستواژانە بووە کە سادە بوون و ڕەخنەی توندیان لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان گرتووە. پاشان ئەو دەستەواژانەی کە جۆرێک لە جۆرەکان ڕیتمێکی شیعری و داڕشتنێکی شیوە پەخشانیان هەبووە.
٤. زۆرترین ڕەخنە لەسەر ڕەنگ و قەبارەی فۆنتی نووسینی دەستەواژەکان پێشکەشکراون.
٥. ژمارەی ئەو خوێنەرانەی هەموو دەستەواژەکانیان خوێندوەتەوە ١٢٩ کەسن، ژمارەی ئەو خوێنەرانەی ٥٠% ی دەستەواژەکانیان زیاتر بینیوە ١١٠٢ کەسن. ئەوانەی سەردانی تەنیا کەمتر لە ١٠ دەستەواژەیان کردوە ٤٦٢٢ کەسن.
٦. لە کۆی ئەو تێبیینییانەی لەسەر دەستەواژەکان دەنووسرێن ٢٣% ی دەستەواژەکان تێبینی پڕ بەهان و توانای گفتوگۆ و درووستکردنی مشتومڕی بابەتیانەیان هەیە. ٥٤% ی دەستەواژەکان دەستخۆشی و هاندانن. ٢٢% ی تریان بابەتی ترن.

تێبینی و گرنگییە بابەتییەکان:
بەدەر لە ژمارە و ڕوانین بە داتا چەندێتییەکاندا، بەدرێژایی ئەم ساڵە هەوڵمداوە لە ڕێگای تێبینی سەر فەیسبووک و نامە تایبەتەکان و گفتوگۆکانەوە تێبگەم تا لە هەڵسەنگاندنەکەمدا بابەتی تر و بە ئاگایانەتر ئەنجامگیری بۆ پرۆژەکە بکەم. سەرئەنجام کۆمەڵێک تێبینی و دەرئەنجامم لەلا گەڵاڵە بووە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
١. ژمارەیەک لە خوینەر بۆ هەر نووسەرێک کۆدەبنەوە، کە دەروێش ئاسا شوێن بابەتەکان دەکەون و بەبێ تێڕوانین لە ناوەڕۆکی نووسینەکان و لێکدانەوەیان پشتیوانی لە نووسەر دەکەن. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکان کە ئەکرێت نووسەری بێ ئاگا بەهەڵەدا بەرێت.
٢. ژمارەیەک لە نووسەر هەن، کە بەبێ ئەوەی بابەتەکان لەگەڵ هزر و بیرکردنەوەی ئەواندا بێتەوە، پشتیوانی لە بابەتەکان دەکەن. هەندێک جار هەیە بابەتەکە بەتەواوی دژی بیرکردنەوەی خۆیان، لەکاتێکدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانیت لێدەکەن و هاوڕان لەگەڵ بۆچوونەکەدا. ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی سەرپێی ناتوانین بگەینە هۆکارەکەی و لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. ئەم خاڵە پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، ژمارەیەک لە ڕەخنەگر هەن مرۆڤ هەرچی بنووسێت تەنانەت ئەگەر لەگەڵ بیروڕای ئەوانیشدا پڕاوپڕ و گونجاو بێت، ئەوان هێشتا دژن بە بۆچوونەکە. ئەمەش کەم ئاسۆیی بیرکردنەوە و ڕەخنەی ئێمە پیشان دەدات و دووریمان لە بابەتیبوونەوە نزیک دەکاتەوە.
٣. لە کۆمەڵگای خوێندنەوەی کوردیدا خوێنەری زمانەکەمان کەمترخوازیاری بیرکردنەوەی قووڵن و کەمتر لەدەرەوەی دونیا و فەزای ئەدەبیدا دەتوانن چێژو سوود لە نووسین وەربگرن. لەم خاڵەدا گەلێک بەداخم و هیواخوازم لە ڕێی دەستەواژەی ئەمڕۆ وە توانیبیتم ئەو چێژ و ئارەزووە بە ئاگا بێنم بۆ پرسە بابەتییەکانی ژیان تا لە داهاتوودا ئەو دەستەواژانەزیاتر خواستیان لەسەر بێت کە دەتوانێت بیرکردنەوەیەکی قوڵ بوروژێنێت و مشتومڕی هزریی زیاتر درووست بکات.
٤. ئاماژەیەکی نەرێنی ئەوەیە ژمارەیەکی کەم لە خەڵک ڕەخنە دەگرن و تێبینییان لەسەر بابەتەکان هەیە. ئەم دیاردەیە سێ ئەگەری سەرەکی پیشان دەدات: یەکەم لاوازی ڕەخنە و چاوی ڕەخنەگرانە لەلای خوێنەر، دوەم ترس لە ڕەخنەگرتن و ئیستکردن لەبەردەم تێکستی کەسێکی تردا، سێیەم نەبوونی ئارەزوو لەسەر بەدواداچوون و ئەو بابەتانەی کە لە کەناڵەکانەوە دێنەپێش. ئەمە جگە لەوەی ئاماژەیەکی خراپە بە پرسەکانی ژیان، هەروەها پەیوەندی دایلەکتیکی لەنێوان نووسەر و خوێنەردا ناخاتەڕوو کە ببێتە هۆی پێشکەوتنی هیچ کام لەو دوانە.
٥. ژمارەیەکی زۆر لەخوێنەر پرسیاری زۆرێک لە وشە کوردییەکان دەکەن بەو ئاماژانەی کە لە واتاکانیان تێناگەن، یان لەلاین نامۆیە کە وشەی کوردی بن، یان لە ژیانی خۆیاندا بەواتایەکی تر بیستوویانە. سەرەتا ئەکرێت وشەکان پتر لەمانایەکیان هەبیت، لە هەمان کاتیشدا ئەم تێبینییەم ئەوە پیشان دەدات کە خوێندنەوە چ ژینگەیەکی دژوار و ناتەریبی لەگەڵ پێویستییە سەرەتاییەکانی گەشەپێدان لە کۆمەڵگای ئێمە هەیە.
٦. زۆری و نزیکی دەستەواژەکان لەیەکتر و پەخشکردنیان لە یەک کاتدا دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی خوێنەری دەستەواژەکان.

کورتەی ئەنجامگیری هەڵسەنگاندن:
لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری ورد و تایبەت لە شێوە و داڕشتندا بەردەوامی بە پڕۆژەکە دەدەم لایەنی کەم بۆ ساڵێکی تر و هەوڵدەدەم بابەتە پەڕگیرەکانی بیری خۆم بگەیەنمە ئاستی پەخش کردن، هەرچەند ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەیەک لە پشتیوان و ژمارەیەک لە خوێنەرەکانم دوور بکەونەوە لە دەستەواژەکان و/ یان بەقورسی ڕەخنە لەئاراستەکان بگرن. بەڵام ئەمە لەکاتێکدایە کە باوەڕم وایە "چالنجی" بیرکردنەوەی خوێنەر لەو ڕێگایەوە باشتر دەکرێت لە ڕێگاکانی شێوە نووسینێکی تر.
لە کۆتاییدا دووبارەی دەکەمەوە کە داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر لەڕووی زمانەوانییەوە کەموکورتی هەبوو بێت و وەک پێویست پیاچوونەوەم بۆ وشەکان نەکردبێت، یان بەناچاری هەندێک زاراوەم بەزمانی بیانی نووسیبێت و بۆ تۆی خوێنەریش نامۆ بووبن. دووپاتی دەکەمەوە هەرگیز لە هیچ ڕەخنەیەکی خوێنەر دڵگران نیم و نابم، بەمەرجێک خوێنەرەکان خۆیان هێرشی نەکەنە سەریەکتر بە مەبەستی یەکتر بریندار کردن.