بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





27/09/2016

ئەنجامگیرییەکی خێرا بۆ خۆپیشاندانی ٢٧ ی ئەیلول

تێبینییەکی سەرەتایی:
من لەبەر ئەوەی خۆم بە جەستە لە کوردستان نیم لە ئیستادا، ناچار پشتم بەستوە بە کەناڵەکانی ماسمیدیا و گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێیان و ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا بوون. بۆیە ئەشێت تێڕوانینی من زۆر ورد و پووخت نەبێت. ئاساییە ئەگەر پێم بڵێیت کە ڕاکانت ورد و پووخت نین بۆ هەڵیان ناگریت بۆ خۆت؟ بێگومان ئەوە ڕاستە، بەڵام وەک کەسێک کە گرنگییەکی زۆرم بەو پانتاییە لە جوگرافیا هێشتا هەر ماوە، لام پەسەندە هێشتا وەک کەسێک لەدوورەوە شتەکان چۆن دەبینم باسیان بکەم، هیچی تر.

تێڕوانینێکی خێرا و کورت:
هێشتا خۆپیشاندان توانای شێلگیرانەی خەڵکی تێدا بەدیدەکرا، پیشانی دەداین خەڵک ئاستی هۆشیاری گۆڕاوە بە گشتی بە بارێکی باشدا (بەڵگەش لەسەر ئەوە بەکارهێنان و بە ئاگابوونێتی بۆ چواردەوری خۆی).. بەڵام خۆپیشاندان لە هەموو ڕێکخستنێک و ئاراستەیەکی بە پلان بە دووربوو، خۆپیشاندان هیچ کەرەستە و تاکتیک و هەنگاوێکی سیاسی پێ نەبوو، هەروەها سەرباری زۆری بەشداربوان خاڵی بوو لە هێز، خۆپیشاندان تا ئەندازەیەکی زۆر خاڵی بوو لە گوتاری سیاسی و خۆی لە پاڕانەوەی خەڵکانێکی بێدەسەڵاتدا دەبینیەوە، لە دواجاریشدا خۆپیشاندان هەر وەک ئەوە بوو کە زۆربەمان لە نێو خەڵکی ناڕازیدا پێشبینیمان کردبوو (بەداخەوە) خۆزگە پێشبینییەکانی ئێمە هیچی ڕاست دەرنەدەچوون، بەڵام خۆپیشاندانەکە جۆرێکی تر بوایە، دیارە بە ئەنجامی باشتر.

کاریگەری نەبوونی دونیا بینی و نەبوونی خوێندنەوەی ورد:
هەموو ژیان لە چکۆلەترین هەنگاوەوە تا گەورەترین وەرچەرخان ئەکرێت بە پرۆژەیەک پێناسە بکەین. گەورەیی و چکۆلەیی ئەو پرۆژەیە پەیوەندی بە خودی ئامانج و میکانیزمەکانی پرۆژەکەوە هەیە. هەرکات پڕۆژە ئامانجی نەبوو خۆشی نییە، هەروەها گەر میکانیزمی نەبوو ئەوا پرۆژەکە نییە! هەرکاتێکیش پرۆژە ویستی ئامانج و میکانیزمی هەبێت، ئەوا لایەنی کەم خودی خاوەنی پرۆژەکە دەزانێت لە کام دونیایەدا پەلدەهاوێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و چ جۆرە پەلهاویشتن و کەرەستەیەکی پێویستە بۆ میکانیزمی بەکارهاتوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. تێنەگەیشتن لەو دونیایە و نەناسینی، هەر هەنگاوێکی لێ بکەوێتەوە ئەوا بێ پەروا و نا ژیرانە دەبێت و کارێک دەکات مرۆڤ لە بازنەی پرۆژە بێتە دەرەوە. هاتنە دەرەوە لە بازنەی پرۆژە مرۆڤ، گرۆ یان کۆمەڵگا دەکاتە کۆمبارس لە شانۆی مێژوودا. هەندێ جاریش لەو شانۆیەدا ڕۆڵی دیکۆرێکی لاوەکیشی نامێنێت و هەمیشە لە خزمەت ئەو ئەکتەر و کاراکتەرانەدایە کە رۆڵی سەرەکیتریان لەو هەیە.

لە بانگەشە و ئامادەکاری و بەڕێکەوتن و نواندنی نمایشی ئەم خۆپیشاندانەدا دەرکەوت، نە پرۆژە و نە دونیابینی و نە هیچ هەنگاوێکی ژیرانەی لە پشتەوەیە بۆیە کۆی کارەکە وەک کاردانەوەی گیاندارێکی بەستەزمان دەردەکەوێت کە هێشتا تەواو برسی نەبووبێت.

کاریگەری نەبوونی ڕێکخستن:
کۆمەڵگا چەند هۆشیار بێت یان نا هۆشیار، خوێندەوار یان نەخوێندەوار، پاشکۆ بێت یان ڕابەر، بەبێ جۆرێک لە جۆرەکانی ڕێکخستن کۆمەڵگا نییە. لەهەندێ کەس دەبیستین کە دەڵێن: "کۆمەڵگای باشووری کوردستان کۆمەڵگا نییە"، بەلای منەوە ئەو قسەیە ڕاست نییە، چونکە لایەنی کەم جۆرێک لە ژیان و ڕێکخستنی پێوە دیارە و زۆر سیفەتی تریش. گەر لەخۆمان بپرسین چ جۆرە ژیانێک و چ جۆرە ڕیکخستنێک؟ زۆر بەسادەیی دەڵێین: "ژیانیکی کۆیلایەتی و ڕێکخستنی خەڵک لەسەر دەستی کۆمەڵێک هێزی کۆنەخواز و هۆش سنووردار"!

گەر بڕیارە هەنگاوە سیاسییەکان بۆ گۆڕینی دۆخی گوزەر بن، ئەوا بەبێ ڕێکخستن ناکرێت، چونکە ئەو کات کاری بە کۆمەڵ نابێت. لەبەر ئەوەی گۆڕانی سیاسیش گۆڕانێکە خەمی هاوبەش و ژیانی هاوبەش لە خۆ دەگرێت بەو گوتارە بێ پەروایە بەڕێوە ناچێت کە دەیەوێت بڵێت تاکخوازی تا ئەندازەی دوورکەوتنەوە لە هەموو ڕێکخراوبوونێک. بەتایبەت کاتێک ئەو گوتارە بە تەنیا لەخزمەت دۆخی گوزەردایە. نەبوونی ڕێکخراو و بزاوتێکی سیاسی کە بتوانیت خەڵک لەدەوری پرس و دونیابینییەک کۆبکاتەوە، دەکاتە بێ پەروایی و سەرگەردانی و دابەش بوونی خەڵک بەسەر ئەو ڕێکخراوانەدا کە هەن. جا گرنگ نییە چەند باشن یان چەند خراپ، گرنگە ئەوە بزانین کە لە ڕابردوودا سەلماندویانە باش نەبوون و نەیانتوانیوە وەڵامی پێویستییەکانی خەڵک بدەنەوە.

کەواتە؛ نەبوونی پرۆگرام و ماشێنێک ئەو پرۆگرامە کار پێبکات ئەوەی لێ پەیدا دەبێت خەڵک بۆ ژیانی ڕۆژانەی خۆی بە ناچاری پەنا دەباتەوە بەر ڕێکخستنە باوەکان و یان شوێن ئەوانە دەکەوێت کە: پارەدارن، چەکدارن، ئیماندارن، ناودارن..تاد.

کاریگەری دابەش بوونی کۆمەڵگا بەسەر هێزە بەدەکاندا:
کۆمەڵگاکان بەهۆی بوونی ڕیکخراوەکانیانەوە دەتوانن بەشداری بکەن لە درووستکردنی کولتوور و باوی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری سیاسی گشتی خۆیاندا. ڕاستە تاک کاریگەری هەیە لەسەر درووستکردنی ژینگەی بیر و تێڕوانین و تێگەیشتن، بەڵام بەبێ بوونی دامەزراوە و پەیکەر و میکانزیزمی ڕێکخراوەیی جیاواز جیاوازەوە هیچ هەژموون و ئاراستەیەک درووست نابێت. هەرگیزیش هەژموونی تاکە کەس نابێتە هەژموونی گشتی کۆمەڵگایەک.

لە باشووری کوردستاندا پتر لە ٧٠ ساڵە کۆمەڵێک ڕێکخراوی سیاسی خراپ و بێ بنەما و خۆ ژێن لەسەر شکستی بیری ڕەخنەگرانە کاریگەری دادەنێن. ئەوە ئەو دامەزراوانەن کە کاریگەریان لەسەر ڕۆشنبیری گشتی و کولتووری کۆمەڵگاکە درووستکردوە. بۆ گۆڕینی ئەوانە دەبێت هیزێکی ئاراستەکاری جیاواز لەدەرەوەی خۆیانەوە بێت و دەرگاکانی خۆی بۆ کۆمەڵگا بکاتەوە و خەڵک بانگهێشتی بیر و تێڕوانینەکانی بکات و تواناییەکانی بخاتە خزمەت خەڵکەوە تا بتوانیت گۆڕانکاری بەرهەم بهێنێت.

ئیمە لە باشووری کوردستاندا وا نزیکەی سەدەیەکە قەرزاری شۆڕشێکی درێژخایەنی تێر بنەماین. قەرزاری درووستکردن و گەشەپێدانی چەندین ڕێکخراوی ئاسۆ ڕووناک و داواکاری پتەوین. قەرزاری پێگەیاندن و درووستکردنی چەندین قوتابخانەی بیر و هۆشیارین. قەرزاری چەندین ڕێبازی هونەری و ئەزموونی زانستین. قەرزاری چەندین تیۆر و توێژینەوە و لێکدانەوەی جیاوازین. قەرزاری دامەزراندنی چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی ڕاستگۆ و خاوەن هەڵوێستین. هەموو ئەم قەرزانە فائیدەیان چۆتە سەر و دەبیت بە قوربانی خوین و چەند ڕاپەڕینێکی گەورە بیاندەینەوە. هەموو ئەم قەرزانە جۆرەها ڕێکخراوی ناڕەسەنیان درووستکردوە و بوونەتە گەندە بەسەر جەستەی کۆمەڵایەتیمانەوە و لێکردنەوەی هەردانەیەکیان لایەنی کەم برینێکی گەورە درووست دەکات.

بەڵێ کۆمەڵگا بە دڵنیاییەوە بەسەر ڕێکخراوە بەدەکاندا دابەش دەبێت و بۆنمونە بە بێ بیرکردنەوە، هەر مامۆستایەک لای وایە ئەو بەستراوەیەکە بە یەکێتی مامۆستایانێکی لاقەکراوەوە. ئێ بێگومان ڕێکخراو و سەندیکاکانی تریش هەموو لەوجۆرەن.

کاریگەری نائامادەی هیزی کار:
سروشتی ئابووری لە باشووری کوردستاندا لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە تا ئەمڕۆ لە دۆخی نەزیفدایە! ئەم نەزیفە بەردەوامە هەندێ کاتی کورت هێواش بوەتەوە، بەڵام بەشی ئەوەی نەکردوە زامەکانی پێشووی تیمار ببن. ئەم نەزیفە هێزی کاری لەسەر دوو ئاست چەواشە کردوە، ئاستێکیان لە ڕووی چۆنەوەیە، ئاستێکیان لەڕووی توێژەوەیە. لە ڕووی چۆنەوە بە چەند نمونەیەک باس دەکەین. لێرەدا مەبەستمە بڵێم جوتیارێکی دانەوێڵە نەیتوانیوە ئەزموونی درێژخایەن درووستبکات کە ئاراستەی بەرهەمهێنانی ڕەسەنی خۆی لە سروشت و خاک و بازاڕ و ململانێ چینایەتی و ناوچەییەکاندا بدۆزێتەوە. بەهەمان شێوەیە بۆ مامۆستایەک ڕاستە؛ ئەو مامۆستایەی بە ناچاری بووببێتە سەربازی هەڵهاتوو، یان ببێتە ڕۆنفرۆش و ببێتە بازرگانی دوانزە بەدە و دواتریش بوەتە پاشکۆی پاتە لە پێیەکی ناشۆڕشگێڕی ترسنۆک، کە هەر لە سەردەمی "بەناو شۆڕشەوە" بە فێڵ لە ژیاندا ماوەتەوە. ئەم چۆنایەتییە هیزی کاری هەڵەتاو درووستدەکات، کە خۆی خۆی نییە! واتە ئەو مامۆستایەی دێتە سەر شەقام خۆپیشاندان دەکات بایی لە سەدا دەی سیفەت و ئەدگار و ڕەسەنایەتی مامۆستای تیا نەماوە.

(لەوانەیە بە هەڵەم بزانیت و بڵێیت، چۆن خۆ مامۆستای ئەمڕۆ دەرچووی نوێن و کەسیان سەربازی هەڵاتوو نەبوون، کوا کەی ڕۆن فرۆشیان کردوە)! بەڵێ؛ ئەی چۆن؟ هەر چۆن جووتیارەکە نەیتوانیوە قووڵایی مێژوویی بۆ پیشەکەی خۆی درووست بکات، بەهەمان شێوە مامۆستاش نەیتوانیوە. بۆیە ئەو مامۆستایەی لە سەربازی هەڵهاتوە، دوێنێ پێگەیەنەری ئەو مامۆستا دەرچوە نوێیە، هەر بەهەمان شێوە دەکاتەوە کۆکردنەوەی ئەزموونی شکست لەیەکەی مێژوودا. لەوانەیە ئەمە پرسیارێکی گران و سەخت بێت، هەر بۆیە دەڵێین جا ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ ئەوە ئەرکی ڕێکخراوی ڕەسەنە، کە دەتوانێت شان باتە بەر شکستەکانی مێژوو، ئەوە هەرگیز بەو ڕێکخراوانە ناکرێت کە لە بڕگەی پێشوودا باسمانکردن.

لەڕووی چەواشە بوونی توێژەوە گەر سەیری پەیوەندی یەکانگیری توێژەکان بکەین کە پێکەوە (لایەر/ پلێتە)˜ کۆمەڵایەتییەکان درووست دەکەن، بە دەڵەمەیی ماونەتەوە و تێکچوونێکی چینایەتیان درووستکردوە کە ناتوانێت داخوازییەکانی هیزی کار لە شەقامدا بەرجەستە بکات. بۆیە دەبینیت ئەم پلێتانە لە چەند ویستگەیەکی چینایەتییەوە بەرژەوەندییەکانیان تێهەڵکێشە و لە گوتاری جیاواز جیاواز و دژ بەیەکدا کۆبوونەتەوە. ئەمەش بەشێکی گەورەیە لە نامۆکردنی دەستکرد˜˜ کەتێکڕا چەواشە بوونێکی گەورە دەبینرێتەوە لە دابەش بوونی خەڵک بەسەر ڕێکخراوە جیاوازە ناڕەسەنەکاندا. بۆ نمونە، خەڵک دەبینیت لەم خۆپیشاندانەدا، هاوڕایە لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی بەرژەوەندی جیاواز و بیروبۆچوون جیاوازدا. هەروەها دەبینیت "سێکویلارە" و لەسەر شەقام و لەبۆنەیەکی گشتیدا ئامادەیە پێشنوێژی بکات.

سەرئەنجام هیزی کار هیزێکی شڵۆقە و ناتوانیت پیناسەیەک بە خۆی و داخوازییەکانی بدۆزێتەوە، بۆیە من هیچ لەلام سەیر نییە ئەو هەموو پیویستییە سیاسی و کولتووری و گەردوونییە لە کوردستاندا ئامادەن، کەچی خواستی گەورەترین خۆپیشاندان دێتە سەر چارەکە مووچە یان دژ وەستانەوە بە سیستەمی کۆکردنەوەی مووچە. ئەشێ ئەمە میتۆدی لەکارکوتووی بزاوتە چەپەکان بێت لە باشووری کوردستاندا˜˜˜، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ڕێکخراوێکی ژیر و هەڵوێستەیەکی گشتی ژیرانەی دەوێت.

کاریگەری نا ئامادەیی دەستەبژیری ڕابەر:

چەند میکانیزمێک هەیە کە دەستەبژێری بیرمەند و بیر وردی دەرکەنارکردوە. ئەم دەرکەنار کردنە چۆن بەهۆی نەزیفی ئابوورییەوە هیزی کاری گرتوەتەوە، ئەمەش بەشیکە لە هیزی کاری کۆمەڵگا و بێبەش نەبووە لەکاریگەرییەکانی ئەو نەزیفە. هەمیشە کاریگەرییەکان لەسەر ئەم دەرکەنارکردنە لە پیویستی ژیان و کۆی کولتووری کۆمەڵگا و شۆڕشەوە هاتوەتە دەرەوە. هەندێک لەوانە باس دەکەین (تەنیا وەک نمونە):˜˜˜˜
* جێ نەبوونەوەی خەڵکی ڕەخنەگر و جیاواز و داهێنەر لە کۆی هیچ کام لەو ڕێکخراوانەدا کە کاریانکردوە، یان خوایانیان ناو ناوە شۆڕش.
* خێزان، کە گەورەترین کەرەستەیە بۆ نامۆکردنی تاکی داهێنەر و بگۆڕ، بەتایبەت لە کوردستاندا تێپەڕاندنی هەرگیز کارێکی ئاسان نەبوە.
* گرێی شت بوون و ناودار بوون و چوونە مێژوو، کە دەبەستریتەوە بە گرێ توخماتێرییە سەرکوتکراوەکانی کۆمەڵگاکانی کوردستانەوە.
* گرنگ بوونی دراو، لە میژووی کوردستاندا، بەر لە گرنگ بوونی پێگەی ئابووری، هەمیشە تاک گرێی دراوی زۆری هەیە و ئەوەشی بەلاوە گرنگترە تا هەبوونی پێگەی ئابووری بەهیز.  
* ئاوارە بوون و درووستبوونی خولیای ژیانێکی ئاسوودە لە دەرەوەی جوگرافیای کوردستاندا، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا، چ بە هۆکاری سیاسی بووبێت یان ئابووری.
ئەکرێت زۆری تر بژمیرین، بەڵام بەوەندە کۆتایی بەم خاڵانە دێنین...

پوختەی ئەنجامگیری:
دوو هەنگاوی گەورە ڕەچاو نەکرێن، ئاستەنگە ڕوو لە چارەسەر بین:
یەکەم: لایەنی کەم دووست بوون و هەڵپێکانی چەند ڕیکخرواێکمان پیویستە، کە بە کۆی هەموویان و هەریەکەیان بە جۆرێک کار لەسەر درووستکردنی کۆسپ و تەگەرە بکەن بۆ ئەو نەزیفە ئابووری و سیاسیەی بەدەست کۆمەڵێک تاڵانچییەوە کە خەلکی کوردستان تووشی بوون. لە هەندێ بڕگەدا گەلێک ترسناکترە لە داگیرکردنی ڕاستەوخۆ. ئەم ڕێکخراوانە دەبیت کۆسپ و مەترسی گەورە بۆ دەسەڵات و مانەوەی دەسەلات درووست بکەن، چونکە بەبێ درووستکردنی مەترسی لەسەر ئەو دەسەڵاتە زۆر ئاستەمە بتوانین ناچاری بکەین لە سنووریکدا بوەستێت. تا ئەندازەیەکی زۆر گەڕانەوەی ئەم دەسەڵاتە و سەرانی ئەم دەسەڵاتە و ڕووکردنەوەیان لە  دۆخی باش بوون مەحاڵە: لەبەر چەند هۆکارێک (دواکەوتنی کولتووری، تێگەیشتن و دونیا بینیان، جۆری ئابوورییەکەیان، ملکەچی بۆ هێزە داگیرکەرەکانیان...تاد).
دووهەم: پێویستیمان بە شۆڕشێکی درێژخایەنی فرە پێکهاتە و ئاراستە هەیە کە بتوانیت بنەمای هەنگاوە ستراتیژییەکانی داهاتوویەکی جیاواز درووست بکات.   




˜ پلێتە کۆمەڵایەتییەکان، لای من ئەم چەمکە بریتییە لە کۆبوونەوەی ئاستە ئابوورییە هاوشێوەکان لە توێژی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە، کە لە چین ناچێت. بۆ نمونە چینەکان: بە هۆی باری ئابووریانەوە ژیانێکی کۆمەڵایەتیان بۆ درووست دەبێت، کە لەوانەیە داهات ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت تێدا. بەڵام پلێتە کۆمەڵایەتییەکان ئەشێ چەند ئاستێکی نزیکی ئابووری و چەند توێژێکی دیاریکراو کۆبکاتەوە پێکەوە لەلایەک بەشە کولتوور درووستبکەن، لەلایەک تێگەیشتن و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەبێت. ئەم پلێتانە نە بەتەنیا دەتوانن ڕۆڵی چینێکی کۆمەڵایەتی ببینن، نەدەتوانن وەک توێژێک مامەڵە بکەن. بۆیە دەبنە پلێتێکی ئاوێتە لە هەردووکیان، جاری وایە بەهۆی جوگرافیایەکەوە کۆدەبنەوە، جاری وا هەیە ڕووداوێکی مێژویی کۆیان دەکاتەوە، جاری واش هەیە پەراوێزکەوتنیان ئەنجامی گەندەڵی سیستەمەکان پێکەوە دەبەسترێنەوە و پلێتێکی کۆمەڵایەتی درووست دەکەن.
˜˜ لەو کۆمەڵگایانەدا کە تەکنیک بە سروشتی گەشە ناکات، ژیانی ماددی بەر لە ژیانی کۆمەڵایەتی بەخێراتر پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، لەپێناوی سەقامگریکردنی پرۆسەکانی بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی قازانجدا سەرمایەداری لۆکاڵ پڕۆژەی بەنامۆکردنی دەستکردی پێویستە، واتە بۆ ئەوەی بتوانیت لە گەڵ کۆی نامۆیی سەرمایەداری جیهانیدا بژی و جێی خۆی لە هاوکێشە گشتییەکانی قازانجدا بکاتەوە، دەبیت نامۆیی دەستکرد بەرهەمبێنێت و برەوی پێ بدات.
˜˜˜ زۆرجار لە مێژووی باشووردا، هێزەکانی بەرەی چەپ بە گشتی هەندێ دۆخی ئابووریان سوود لێ بینیوە بۆ پیشاندانی بوونی خۆیان و کۆکردنەوەی ناڕەزایەتی گشتی؛ وەک: کەمی مووچە و بەرزبوونەوەی بیکاری و جاری واش هەبوە پەنایان بردوەتە بەر ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر گۆڕینی هێڵی گواستنەوەی پاسەکاندا...تاد. ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی، پرسێکی ڕیشەیی نەبوە، بەڵکو میکانیزمێکی سیاسی بوە بۆ جۆشدان و بە جەماوەری کردنی هەژموونێک..تاد، دەکرا ئەو ناڕەزایەتییانە ڕیشەییتر لێیان بڕوانرایە (ڕام وایە، بەشێکی گەورەی بۆ کورتبینی لێکدانەوە گەڕاوەتەوە، ڕیک وەک هێلکەوڕۆنی کاتی زۆر برسێتی وایە، کە زۆر خێرا پیدەگات و گرنگە شتێک بخۆیت، ئیدی گرنگ نییە چەند سوود و قازنجی هەیە و لەگەڵ کۆی ژەمەکانتا گونجاوە یان نا).
˜˜˜˜ ئەم پرسە بابەتیکی سەرەکییە دەوتانین زۆری لەسەر بنووسین، کاتێک ئەو دەستەبژێرە ڕابەرە درووست دەبێت بتوانیت خۆی بپارێزێت لەکاریگەری هەژموونە باوەکان، ئەم هەنگاوە بە ژیریی و بڕوابوونێکی بێ ئەندازە بە خوود و بوێری و لەخۆبووردنێکی زۆری دوور لە خۆبایی بوون و خۆناسینەوە دەکرێت. 

25/09/2016

خۆپیشاندان

ئەگەر گەڕانێک بکەین بەناو سەرچاوەکانی زانیاریدا لەوانەیە پتر لە هەزار لێکدانەوەی هاوشێوەمان بۆ وشەی ((خۆپیشاندان)) دەست بکەوێت. ئەم لێکدانەوانە هەموویان ئەوەمان پێدەڵێن ئەگەر خەڵکی کوردستان خۆپیشاندن بکەن، وەک ئەوەی بڕیارە ٢٧ ی ئەیلول ڕووبدات، ئەوا بەهۆی پیشاندانی خۆیانەوە، ژمارەیەک لەم خاڵە سەرەکیانەی خوارەوە ئەنجام دەدەن:
١. ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانە پیشان دەدەن پێکەوە، کە لەو دۆخ و بارە گرانەی کوردستان ناڕازین.
٢. داواکاری ئەو ناڕەزایەتیانە چین و دەبیت لە کێی داوا بکەن.
٣. هێزی خەڵک دەردەخەن بەرامبەر بە دەسەڵات و پاشهاتی جێبەجێ نەکردنی داواکانیان.
٤. بە سەلماندنەوە ئەو دروشم و وتارانە دەڵێن کە دەسەڵات چۆن کەمتەرخەمە لە دابینکردنی داواکانیانی خەڵک و تا چەند تاوانبارە.
لەوانەیە چەند خاڵێکی تریش، کە لەمانە لاوەکی تر و سادە تر بن.
سەرباری ئەوانە پرسیارە گەورەکان ئەمانەی لای خوارەوەن:
·       ئایا ئەمانە ڕۆژانە نەزانراوە و بەدەسەڵات و خەڵک نەوتراوە؟
·       ئایا بە چەندین شێوە و بە چەندین ڕێگا ئەم ڕاستیانە بە دەسەڵاتی کوردی نەگەیشتوون؟
·       ئایا دەسەڵاتی کوردی خۆی نازانێت مافی خەڵکی لایە لە باری ئاساییدا دەبێت بیداتەوە و چارەسەری کەموکورتی و قەیرانەکانی حوکمڕانییەکەی بکات؟
·       ئایا دەسەڵات نازانێت هاوکێشەکانی حوکمڕانی لە کوێدا شکاون؟ یان هەر نازانێت حوکمڕانییەکەی خۆی بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگاکانی تردا چۆنە و چەند پەڕپووت و نادادوەرە؟
·       ئایا دەسەڵات هێندە دیموکراسی و گوێڕایەڵە بۆ کەرەستەکانی دیموکراسی ((خۆپیشاندان، بڵاوکراوە ڕەخنەگرەکان، یاداشتنامەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان...تاد))؟
·       ئایا دەسەڵات لەگەڵ خۆپیشانداندا مامەڵەیەکی تەندروست دەکات؟ بۆ نمونە گوێ دەگرێت و بەڵێن دەدات؟ پاشان بەڵێنەکەی دەباتە سەر؟ گوێدەگرێت و ڕوونکردنەوەی قایلکەری پێیە بۆ خەڵک و دوای ئەوە خەڵکی خۆپیشاندەر دەچنەوە ماڵی خۆیان و چاوەڕوان دەبن؟ گوێدەگرێت و لەبەر ئەوەی دەزانێت بۆی چارەسەر ناکرێت دەست لە کار دەکێشێتەوە و ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات خەڵکێکی باشتر بێن و حوکمڕانی بگرنە دەست؟
ئەمانە و چەند دانەیەکی تر لەم ئەگەرانەش گونجاو تر و باشتر، کە لام وایە هیچیان ڕوونادات لەگەڵ:
·       دەسەڵاتێکی پەڕپووت و بێ منەت..
·       دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی خۆفرۆش..
·       دەسەڵاتێکی دەبەنگی تێنەگەیشتوو..
·       دەسەڵاتێکی نۆکەری داگیرکەر،
·       دەسەلاتێکی گەندەڵی بە پەروەردە و پیشە: مێژوو دز، شۆڕش دز، داهات و سامان دز، ژیان دز...تاد،

بەڵکو، خۆپیشاندان دەبێتە:
کەرەستەیەک بۆ خاڵی کردنەوەی ڕقی خەڵک.
دەرفەت بۆ سەرکوتکردنی ئەوانەی داخ لە دڵن و شایستەی ئەوەیە کردەیەکی توندڕەوانە لەو بۆنەیەدا بنوێنن.
هۆکارێک بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ڕێکاری توندتر لە داهاتوودا بگرنە بەر و پەراوێزەکانی ئازادیش ئەوەندەی تر تەسک بکەنەوە.
بیانوویەک بۆ دەستگیرکردن و دەرپەڕاندنی زیاتری هەموو ئەو خەڵکانەی ناڕازین و بە کردەوە دژایەتی دەسەڵاتە مافیاییەکەی هەرێم دەکەن.
جگە لەمانە کۆمەڵێک ئامانجی تری دەسەڵات دەپێکێت.

دەسەڵاتێکی لەم جۆرە، دۆخێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم چەشنە، لە ڕێگای ڕاماڵین و ڕاپەڕینەوە نەبێت چارەسەر ناکرێت. ئەم دەسەڵاتە تاوانەکانی گەیشتوونەتە ئاستێک لێخۆشبوونی نییە، ئەم دەسەڵاتە تاوانەکانی بە ئەندازەیەک قێزەون بوون چیتر بواری پاکردنەوە و بۆیاخ و ماکیاج کردنیان پێوە نەماوە. 
ڕاپەڕینیش کاری جدی و وریایانە تری دەوێت لەوەی بە تەنیا بۆ ٢٧ ی ئەم مانگە هەر وا بە پەلە پێبگات.

تێبینی: ئەگەر هەر ناڕازین و دەتانەوەیت خۆپیشاندان بکەن و سوورن لەسەر ئەو کارە، ئەوا:
١. تکایە نوێنەر بۆ خۆتان درووست مەکەن،
٢. ڕێکخەر و هەڵسوڕاوی خۆپیشاندانەکانتان با تاکە کەس یان دەستە و تاقمێکی دیاریکراو نەبێت، بەڵکو هەموو خەڵکی ناڕازی بەشدار بن،
٣. مەهێڵن دەسەڵات بە ئاسانی سەرەکانتان بناسێت، با گەڕەک و ناوچەیەک و فەرمانگەیەک لە جێگەی خۆیەوە ڕابەرایتی خواستەکانی خۆی بکات و کەس مەکەنە دەمسپی و ڕیش سپی خۆتان،
٤. تکایە لێدوان و قسە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن مەدەن و ڕێگە مەدەن تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنەکانیان بتانکەنە کەرەستەی بەڕێکردنی شەو،
٥. تکایە ئەگەر داواکارییەکی جدیتان هەیە با لە چەند پوولێکی معاشە جوانەکەی حکومەتی هەرێم زیاتر بێت.
٦. تکایە هەوڵ بدەن مەترسی درووست بکەن، بە بێ مەترسی دەسەڵاتی ستەمکار نایەتە پای داواکارییەکانی خەڵک.