بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





12/10/2013

ئاین.. بزووتنەوەی گۆڕان.. ئایدۆلۆجیا

کۆمەڵگایەکی درشت بین و بەدبەخت



ئەوە ماوەیەکە، نۆرەی بابەت لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و ئایین و یایدۆلۆجیا و زۆر شتی لەم بابەتە دەگوزەرێت.. کۆمەڵێک خەڵک کەوکوژی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دانیشتوون، کۆمەڵێکی تریش بێویژدانانە و دوور لەهەموو زانست و بنەمایەک داکۆکی لەگۆڕان و لە ڕێکخەرە گشتییەکەی دەکەن. جا ئەم دووپێڕە لەخەڵک هەر یەکەیان پێیان خۆشە ئێمە هەموومان لەگەڵ ئەواندا بین، لەگەڵ ستایشی گۆڕاندا جەماعەتی دوەم بستێ باڵا دەکەن، خۆگەر ڕەخنەشیان لێ بگریت.. یەکێک دەڵێت موناقەشەی بێزەنتییە و ئەوی تر دەڵێت دەستەکانت خۆش و یکێک دەڵێت جارێ وەختی نییە.
بەڵام پێم خۆشە لەڕێگەی ئەم نووسینەوە بە هەردوولاتان بڵێم، واتە بە بێزەنتی و بێ نەزەنتیتانەوە، کە شتێک هەیە پێی دەوترێت بابەت، ئێمە کە دەنووسین گەر لەبواری زانستی و پرانسیپدا بدوێین، لەدەرەوەی ئارەزووی خوود باسخوازییەکان دەدوێنین، بێلایەن نین، بەڵام سەربەخۆین.. کەسی بە پرانسیپ نییە بێلایەن و نیوتراڵ بێت، ئێمە ئیشمان دادگایی و حوکمدان نییە تا بێلایەن بین، ئێمە کارمان ئاراستەکردنی کۆمەڵگایە بەو ڕێگایەی بە ڕاستی دەزانین.. کە میتۆدەکەمان هەوڵدەدات میتۆدێک بێت زانستیانە، چەندێک بکرێت، (تکایە باس لە ئەکادیمی بوون ناکەم، ئەوە جیاوازە لای من لەزانستی بوون). 


بەڕای من، هیچ شتێک لە هیچ کات و شوێنێکدا لەبەردەم ڕەخنەدا خەتی سووری بەدەوردا نەکێشراوە، نە نەوشیروان مستەفا، نەبزووتنەوەکەی، نە ئایین، تەنانەت خواش قابیلی ئەوەیە لەژێر پرسیاردا بێت، بۆنمونە ئەگەر باوەڕدارێک بیەوێت بوونی بسەلمێنیت. ئەوەی مام جەلال تاڵەبانی بە هەڵەی کوشندەدا برد، گوێ نەگرتن بوو لە ڕەخنە، بەخۆدا نەچوونەوە بوو، تا گەیشتە ئەو ئاستەی ئیدی ڕەخنەی نەوشیروان مستەفاشی قبووڵ نەبوو، کە هەر بۆخۆی گەر سەیری مێژوو بکەین، تاڵەبانی بە بێ نەوشیروان مستەفا نەدەبوو بە تاڵەبانی سەرۆک! (ئەمە ڕای منە، پشت دەبەستم بە چەند بەڵگەیەک کە لێرەدا بەداخەوە کاتی ڕوونکردنەوەیەم نییە).. ئەمەی دەینووسم پێدا هەڵدان نییە بۆ نەوشیروان مستەفا، بەڵکو ئەمە ڕەخنەیەکی خنراوە و نەوشیروان مستەفا بەر پرسیارە لە ڕووی مێژووییەوە بەرامبەر زەبەلاح بوونی تاڵەبانی، هەروەها لە تێکڕای هەڵەکانی بەر لەساڵێ ٢٠٠٦ ی یکێتی نیشتمانیش شەریکێکی گەورەیە.. خەڵکی کوردستان دڵی لێبووردەیی زۆر فراوانە و یادەوەریشی ئاسان پاک دەبێتەوە، بۆیە بە چاکەی نەوشیروان خۆی کە دەڵێت: (دەمەوێت پیرێکی ئاخر شەڕ نەبم) خەڵک دەکرێت بیبەخشێت و هەر بۆیەش ئەو هەموو پشتیوانییەمان کردوە، بەڵام ئەگەر لەبری مۆمەکە تاریکی و نەزانیمان بۆ بێنێت بەناوی سیاسەتەوە ئەوە قسەی ترمان هەیە و کەس لەپاشەڕۆژی مناڵەکانمان لامان ئازیزتر نییە.  

بەلای منەوە پرانسیپ شتێکە مرۆڤ ناتوانێت دەست بەرداری ببێت، ئەگەر بییەوێت بەردەوام مرۆڤ بێت، بەتایبەت بۆ سیاسی و بۆ کەسی شۆڕشگێڕ و بگۆڕ، ئەوە بنەماییەکی ئەتیک و مۆراڵیتییە لە سیاسەتدا.. من باوەرم بە سیاسەتێک نییە بەدوور لە مۆرڵێکی سیاسی، کەسەرەتاکەی ئەوەیە دەست بە بەهاوپرانسیپەکانمانەوە بگرین، نەک بە پێچەوانەوە.
لەلایەکترەوە ئەوەی سەیرە ئەوانەی ئەمڕۆ دەنووسن دژن بە "ئایدۆلۆجیا"، تەنانەت ئەوەی یەکەم کەسیش دژی ئایدۆلۆجیایەک بیریکردەوە و نووسی ئایدۆلۆجیایەکی تری هێنایە پێش. بەواتایەکی تر هەموو ئەوانەی دژی ئایدۆلۆجیایشن ئایدۆلۆجیایەک درووست دەکەن، سیاسەتیش بێ ئایدۆلۆجیا دەبێتە بازرگانی. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بزووتەنەوەی ئایدۆلۆجیستیانە درووست بکەین و ئەو ئایدۆلۆجیایە قابیلی پیاچوونەوە نەبێت. کە ئەمە دەبێتە مەترسی نەک هەبوونی خودی "ئایدۆلۆجیا" کە لە دەستپێکەکانی کاری سیاسییە. ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە دژی هەبوونی ئایدۆلۆجیا ببین، چونکە خودی گۆڕان دەبێتە قسەی پڕوو پووچ. گۆڕان بەرەو کوێ؟ دیارە دەبێت وێنا و دونیابینییەکمان هەبێت لەو مەودایەدا یاری بە موفرەدە سیاسییەکان بکەین، نەک موفرەدە سیاسییەکان و دواتر بەدیاریکراوی موفرەدەی بەرژەوەندی و دەنگ یاری بە پرانسیپەکانمان بکات، ئەوکاتە دەگۆڕدرێین نەک بیگۆڕین. هەموو ئەوانەی لە پرانسیپ و هونەری سیاسی و زانستەکەیدا کۆڵەوارن دەترسن گەر موجامەلەی خیتابی باو نەکەن، گەر دڵی ئێران و تورکیا ڕازی نەکەن، گەر دڵنیا نەبن لە قونسڵخانەی ئەمریکی، سەرکەوتوو نابن دەبنە یانەی قەڵەم و ناگەنە دەسەڵات. خەڵکینە ئەمە ئەو ڕێباز و پراکتیکەیە کە یەکێتی و پارتی گرتیانە بەر، ئەمە هەمان ئەو کۆڵەوارییەیە کەسەرکردەکانی ئێمە بە درێژایی هەفتا ساڵە لەنەخوێنەواری سیاسیانەی خۆیانەوە پێی گەیشتوون. ئەو نەخوێنەوارییەش بەرهەمی خۆفرۆشی و بەدئەزموونی چنیویانەتەوە، نەک شتێکی تر.
دەچمە سەر ئاماژە بۆخاڵێکی تر، ئێمە ئەگەر بڕیارە سیاسەت بکەین، دەبێت پەنا بۆ حیکمەت بەرین، چونکە سیاسەت بێ حیکمەت مایەپووچ دەردەچێت، من حیکمەتی نەوشیروان مستەفا بەدی دەکەم لەختوکەدانی هەستی هێزە ئیسالامییەکاندا، بەڵام جێی ئەوەیە ئەم جۆرە یارییە تا سنوورێک قبووڵ بکەین نەک تەسلیمی ببین. لێرەوە باشترین حیکمەتی سیاسی ئەوەیە زانستیانە سیاسەت بکەین ئەگەر دەمانەوێت گۆڕانکاری ڕاستیینە بکەین، ئەگەر دروشمی دادوەری و مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی هۆشیار لەخەیاڵماندایە!!! ئێمە هەموو عەوداڵی دادوەری کۆمەڵایەتین، کێشەمان لەگەڵ نەبوونی ئازادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەدا هەیە، ئیدی خۆمان بۆ هەڵخەڵەتێنین و گەمەی دەبل مۆراڵی ناو بنێین سیاسەت. گەر بێت و بیرکردنەوەی ئایینی سنوورێکی بۆ دانەنرێت وەک هەر ئایدۆلۆجیایەکی سەپێنراوی تر، ئەوا ئاستەمە ئێمە بتوانین یەک هەنگاو گۆڕانکاری بکەین، سادەترین پرس پرسی ژنانە، سادەترین پرس مافەکانی منداڵانە.. تۆ چی بەو ئازادییە دەڵێیت ئەگەر نووسەرێك دێت و دەیەوێت شتێک دەربارەی ئایین بنووسێت و سەدان فەتوای کوشتنی بۆ دەردەچێت.. تۆ چی بەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێیت کە تەنیا هەواڵ دەگوێزێتەوە و بە زەندیق ناودەبرێت.. جیانەکردنەوەی دین لەدەوڵەت خزمەتی ئەو ئایدۆلۆجیایە دەکات کە پارتی و یەکێتی پێ بوونەتە دێوە زمە و بەم جۆرە بڕوات سبەینێش گۆڕان ئالوودە دەبێت، کە من گومانی ئەوەم هەیە ئێستا لەسەرەتاکانی ئالوودەبوونیدا بێت؟ بۆ ئەوانەی بێ سێ ودوو هەموو هێلکەکانیان خستوەتە سەبەتەکەی گۆڕانەوە و جورئەت ناکەن ڕەخنە بگرن، یان بە تەنیاش تەریق دەبنەوە پرسیار لەسیاسەتەکانی نەوشیروان مستەفا بکەن، ئەوا دەکرێت بزانن، هەزار ڕێگای دیبلۆماسی تر و باشتر هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی پەیوەست بە ئایینەوە، دەیان ڕێگا هەیە کەدەبوو لەچوارساڵی ڕابردوودا کاندیدی پێ پەروەردە بکرایە، نەک پڵنگی کارتۆنی بکرێتە کاندید و وەک بووکە سەماکەرە بەکار بهێنرێن (لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەوانەی دەتوانن خۆیان لەم یارییەدا قورتار بکەن).
ئەم باسانەی من دوورن لەوەی کە کۆمۆنیستێک بم و بەفکری مارکسیزمی ١٨٠٠ ەکان دۆگمایانە ڕەخنە لەگۆڕان بگرم، یان ڕقێکی حیزبیم لە گۆڕان هەبێت و پارەی چەورم وەرگرت بێت، هەر کۆمۆنیستیش نابم و یەکەم ڕەخنەی من بۆ دادوەری دوای کاپیتالیزم لە مارکسیزمە، ئاین دۆست نیم و هیچ ئایینێک لەمێشکی خۆم گیر ناکەم، دژی ئایینیش نابم چونکە پێم وایە ئەوەش شتێکی تاکە کەسییەو خەڵک ئازادە چۆن پەیوەندی لەگەڵ خوای خۆیدا دەگرێت، من باوەڕم وایە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت جۆرە ئایین و جۆرە خوایەکی بۆ خۆی هەبێت.. بەڵام بەبێ ئازادی و یەکسانی  و پاراستنی ژینگە و ژیاندۆستی ئاستەمە ئەو دادوەری کۆمەڵایەتییە لە دەهۆلی دوور دەنگی خۆشتر بڕوات، لەنزیکیشەوە زۆر مەترسیدار دەبێت. ناکرێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ئەوە ئایینی ئیسلامە ڕێگرە لەبەردەم ئازادی و لەبەردەم یەکسانیدا، بۆیە دەبێت لە سیاسەت جیا ببێتەوە، ئەمە لەوانەیە هۆکارێک بێت کەبەهۆیەوە من پێم خۆشە کوردستان سەربەخۆ بێت، ئەگینا چیای حەمرین بۆ من بە ڕووتەنی و دوور لە مرۆڤەکانی یان دواکەوتوویی خەڵکەکەی و بوونی ترۆپکی چەوساندنەوە بەناوی ئازادی ڕووکەش و یەکسانی کارتۆنی دەرفەتەوە هیچ بەرێک ناگرێت.. خۆ ئەگەر وەک پارتی و یەکێتی و سیاسییەکی دەبڵ مۆرال و تریپڵ مۆراڵ بیر بکەمەوە دەبێت منیش حەزم لەو ١٧٪ ی نەوتەی باشووری ئێراق  بێت و دەست بەسەر سامانە سرووشتییکانی کوردستاندا بگرم و  یاری لەنێوان پەتی شیعە و سوونەدا بکەم و زۆر شتی تریش.
بەکورتی و بە پوختی، گەر بابەتیانە و بەچاوی زانست بیربکەینەوە، بەپێی ئەو گوتار و لێدوانانەی بزووتنەوەی گۆڕان لەماوەی ڕابردوودا بێت، مەترسییەکی گەورە لەسەر بزووتنەوەیەک هەیە، کە ڕێژەیەکی ئێجگار گەورەی کۆمەڵگای کوردی هێلکەکانیان خستوەتە سەبەتەکەیەوە. جالەوانەیە مەترسییەکانی سەر ئەو ٥٠٠٠ مزگەوتەی لە کوردستاندا هەیە زۆر زیاتر بێت و زووتر بێتە پێ لەمەترسییەکانی سەر ئازادیخوازانی تر، کە هەردەم لەخەیاڵ دەنگی ڕاستینەی ئازادییەکانی خەڵکدان.