بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





20/12/2017

پەیامێك لە ١٩ ی دیسەمبەرەوە

پەیامێك لە ١٩ ی دیسەمبەرەوە
شێوەی سیاسەتکردن و کاربەڕێوەبردنی بنەماڵە حوکمڕان و خۆسەپێنەکان هۆکاری سەرەکی قەیرانە یەك لە دوایەك و شکستە ئابووری و نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستانن. سیاسەتەکانی تالانچێتی و خۆسەپاندن و نۆکەرایەتی بۆ داگیرکەران ئەم باندانەی دزیی و گەندەڵیی و تاوانکاریی کردوەتە سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا و زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵکی ڕەنجدەر و تێکۆشەری بازاڕەکانی کار و بێکارین. ئەوەی ڕۆژی ١٩ ی دیسەمبەر لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەتایبەت ڕەشەکوژییەکانی شاری ڕانیەی تێکۆشەر و قوربانییەکانی شاری کۆیە و سەرکوتکردنەکانی تری شار و شارۆچکەکان، ئاماژەیەکی زەقن کە ئەم دەسەڵاتە ئامادەییە بۆ بەردەوامی خۆی پەنا بۆ هەموو جۆرەکانی بەدڕەوشتی توندوتیژی و تاوانکاری ببات. بەدبەختی کۆمەڵگای کوردستان لەوەدایە کەرەستەی توندوتیژی و تاوانەکانی ئەوانیش هەر ئەو خەڵکە بەشمەینەت و بێکارەن کە لە ڕێگای برسیکردن و بێ بازاڕکردنەوە لە چوارچیوەی هێزە چەکدارەکاندا تەجنیدکراون. دەسەڵاتی خۆسەپێنی هەرێم باش دەزانێت دەستبردن بۆ توندڕەوی و خوێنڕشتن ڕێگایەکە جگە لە توندوتیژی هیچی تری لێ سەوزنابێت، دڵنیاشە تاوانەکانی هێندە گەورە و زۆربوون چیتر خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان ناتوانێت چاوپۆشی لێ بکات. بەردەوامی بەرەنگاری و پێداگری لەسەر داواکان تازە گەیشتونەتە جێگایەك پاشگەزبوونەوە لێی قامچی ستەمکاریی ئەوان ئەستوورتردەکات و ئێمەش ناچارین بەڕیگا جیاوازەکان بەردەوام بین تا دەگەینە سەرکەوتن.
ئێمە هەرگیز ئومیدەوار نین و نەبووین ململانێکانمان لەناوخۆی کوردستاندا بەم ڕۆژە بگات و نەتوانین لەڕیگای گەشەسەندنێکی سروشتییەوە لە ژیانێکی باشتر و حوکمڕانییەکی شارستانیانەتر نزیك ببینەوە، بەڵکو ئەوە شێوەی کاری سیاسی ئەوانە لە کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمەی بەرەو کەنارەکانی ڕاپەڕین بردوە و ناچارمان دەکات گورزی شۆڕشگێرانە لە هەڵاتوانی بەردەمی دوژمن بوەشێنین. ئێمە هەرگیز ئامانجمان نییە خەڵك ئاراستەی چارەنووسی مەرگ و قوربانیدان بکەین. خەباتی نوێی ئێمە دەخوازێت شانازی بەکەمی ژمارەی قوربانییەکانمانەوە بکەین نەك سەرخوێنکەوتنی شەقام و شارەکانی کوردستان، ئەوە شێوەی تێگەیشتنی خێڵ و باند و کەمینە گەندەخۆرەکانی دەسەڵاتە کە هەمیشە هیوایان بوە خوێن بەردەوام بڕژێت بۆ ئەوەی ئەوان لە قازانجی بەردەوامدا بژین. ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ دەمانەوێت ئەوەیە؛ سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە کوردستاندا بگۆڕین بە سیستەمێکی دادپەروەر و جیاوازی تر کە بتوانێت شکۆ بۆ هاونیشتمانی بگەڕێنێتەوە و حوکمڕانی خۆبەخۆی خەڵکی تیادا دابمەزرێت.
داواکاری دڵسۆزانەمان ئەوەیە، خەڵك لەسەر داواکانی بەردەوام بێت و بەوریایی دەست بۆ کەرەستەکانی ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوە بەرن، ڕووکردنە لوولەی تفەنگ لەیەکتر بەرەی گەل و نیشتمان لاواز دەکات. خۆپاراستن و بەردەوامی هەر تاکێکی ڕاپەڕیو، کاروانی خەباتی ئێمە سەرکەوتووتر دەکات. داواکاری دڵسۆزانەمان ئەوەیە خەڵك بەوریایەوە خۆی بپارێزت و لە پێناو کەمکردنەوەی قوربانیداندا هەنگاوەکانی ڕاپەڕین زیرەکانەتر بەردەوامی پێ بدات. گفتوگۆ و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەر ئەندامێکی هیزە چەکدارەکاندا بکەن و لەبری بەگژدا چوونی یەکتر هاوپەیمانی و لێبوردنیان لەگەڵدا درووست بکەن و هێزی یەکگرتووتان ئاراستەی سەرانی خیانەت و ستەمکاری بنەماڵە و باندە خۆسەپێنەکان بکەن. ئەشێ باوەڕتان وا بێت لەگەڵ چەکدارەکانی ئەو ڕژێمەدا هیچ شتێك سوودی نییە، بەڵام ئەوانیش بەشی هەرەزۆریان ڕۆڵەی ڕەنجدەر و تێکۆشەری ئەو کۆمەڵگایەن و دووجار قوربانی هەمان سیستەمن و ئەگەر وشە و گفتوگۆی ئێوە بەئەندازەی کەمتر تەقاندنی گوللـەیەکی ئەوانیش بێت، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەڵکی تێکۆشەر و ڕەنجدەر و ڕاپەڕیوی کوردستان.
داواکاری دڵسۆزانەمان ئەوەیە بۆ هەر هەنگاوێك چەندجارێك بیربکەنەوە و زۆر ژیارانە وزەو وتواناکانتان ئاراستەی ئامانجە سەرەکییەکان بکەن تا سەرکەوتنی ڕاپەڕین و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ خەڵك بەردەوامیتان بێت.

18/12/2017

پەیامێك بۆ جەماوەری خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی کوردستان


پەیامێك بۆ جەماوەری خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیوی کوردستان

کە جام پڕ بوو لێی دەڕژێت! ئەمە ئەو مەنتیقەیە کە پێمان دەڵێت بزاوتنی هێزە جەماوەری و بەشمەینەتەکانی کۆمەڵگا مەرج نییە هەموو کات بەخواست و پلانی ئەو هۆشمەند و بیرمەندانە بەڕێ بکەوێت کە لە مێژوودا پلان بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دادەنێن. بزاوتنی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی ستەم و تاڵانی و کاولکاری، لە دەسەڵاتی باندو مافیاکانی خێڵ و بنەماڵەکان دەروازەیەکی تری بۆ نەماوەتەوە جگە لە ڕاماڵینی ئەو تاقمەی چەندین ساڵە بە فەرمان و قازانجی داگیرکەرانی کوردستان حوکمڕانی خەڵكەکەی دەکەن. ئەشێ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ئەم دۆخەی ئەمڕۆش پیلان و دەستی هەندێ تاقم و حیزبی هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی لە پشتەوە بێت، بەڵام هیشتا خەڵك دەتوانن، جێدەستی خۆیان لە خواست و ڕاپەڕین و بزاوتەکاندا دیاری بکەن.
بەشەرمەزارییەوە لە دەرەوەی کوردستانەوە ئەم دێڕانە ئاراستەی هاونیشتمانی و هاوڕێ و کەس و هاوبیر و خەڵکی ڕەنجدەری نیشتمانەکەم دەکەم. لایەنی کەم لەم دوورەوە ویژدانی خۆم بەوە ئاسوودە دەکەم چەند سەرنجێك لەم چەند دێڕەوە ڕەوانەی ئێوەی تێکۆشەر و بەشمەینەت بکەم:
یەکەم: ئەمڕۆ ئەرکی هێزی پێشمەرگەی ڕاستیینە ئەوەیە پارێزگاری لە سنوورەکانی کوردستان بکات و ئەرکی سەرشانی فەرماندە مەیدانییەکانیانە بەشێوەیەکی درووست ئاراستەی هێزەکانیان بکەن و بەرگری لە هەر هەڕەشە و مەترسییەکی دەرەکی بۆسەر کوردستان بکەن ، نەک بکەونە خزمەت ستەمکارانی کوردستانەوە بۆ سەرکوتی خەڵكی ڕاپەڕیو.
دووهەم: ئەمڕۆ ئەرکی سەرشانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش پارێزگاریکردنە لە دامەزراوە گشتییەکان و ڕێخۆشکردنە بۆ خۆپیشاندەران تا بە کەمترین تێچوون بتوانن کوردستان لە مافیا و بنەماڵە خوێنڕێژ و دز و تاڵانچییەکانی کوردستان پاك بکەنەوە. ئەرکی سەرشانی تێکڕای ئەفسەر و پلەدارەکانە مل نەدەن بە بڕیارە داپڵۆسێنەرەکان و لەبەرامبەر سەرکوتی خەڵکدا ببنەوە بەو هێزە نیشتمانییەی پشتیوانی لە خەڵك دەکات، ئەوان ئەمڕۆ وەك دامەزراوەیەکی حوکمەتی جگە لە قەڵغانێك بۆ پارێزگاری لە ستەمکاری هیچ ڕۆڵێکی تر نابینن لە خزمەتی دەسەڵاتێکی ناشەرعیدا.
سێیەم: ئەرکی سەرشانی خەڵکی ڕەنجدەر و تێکۆشەری کوردستانە خۆ بەخۆ و لە ڕێگای خۆ ڕێکخستنەوە، پارێزگاری لە شوێن و کەرەستە و دامەزراوە گشتییەکان بکەن و هەموو کەلوپەل و دۆکومێنتە هەستیارەکانیان بپارێزن، کە بەتەنیا ئەم ڕەفتارە خۆمان دڵنیا دەکاتەوە کە هەموو پێکەوە دەتوانین سیستەمێکی باشتر بهێنینە سەرکار.
چوارەم: ئەرکی سەرشانی چالاکەوان و ڕابەرە نیوەندییەکانی ناو خەڵکە مل بە بێسەرەوبەرەیی نەدەن و خەمسارد نەبن لە سەپاندنی داواکانی خەڵك و کەمتەرخەمی لە خۆ ڕێکخستندا نەکەن. کۆمەڵگا لۆکاڵی و محەللییەکان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن لە گرۆی بچووك بچووکدا؛ بەپێی گەڕەك و ناوچە، بەپێی پیشە و شوێنی کار، بە پێی ئارەزوومەندی و تیپ و ڕێکخراوە میللیەکان و خۆیان چۆنیان پێ خۆشە و بە باشی دەزانن. هەمیشە لەو گرۆبەندیانەدا دەتوانن یەکێتی بڕیار بدەنە دەست زانا و لێهاتوەکانیان و ئەگەر گرۆیەك لە خەڵك کۆك نەبوون لەسەر کەسێك یان چەند دانەیەك کە ڕابەری خۆبەڕێوەبردن بکەن، ئەوا دەتوانن یاسای دانایانەی بە تەمەنترین ڕابەریی پێڕەو بکەن تا دەچینە قۆناغێکی ترەوە لە سەرکەوتن. ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە خەڵك بە لێبوردن لە خواستە زۆر تایبەتەکانیان لەسەر چەند بنەمایەك کۆك و تەبابن:
١. لە پێناوی ڕێکنەکەوتن لەسەر پرسە زۆر تایبەت و وردەکان، پرسە گەورە و گشتییەکان ناکرێت ببنە قوربانی.
٢. هەموو هەوڵبدەین ئاستی لێبوردەییمان بەرامبەر بە یەکتری بگەیەنینە لووتکە و سەرکەوتنی ئەویترمان بە سەرکەوتنی خۆمان بزانین. نووسین و وتار و قسە و کاری جوانی یەکتری بە دەستکەوتی گەورەی خۆمان بزانین و پشت بکەینە خۆپەرستی و خۆبەزلزانی و ڕکابەری و ململانێی بێهوودە.
٣. سووربین لەسەر ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە و گەیاندنی تاوانبارەکانیان بە دادگایەکی ڕەوا کە سبەی ڕۆژ خەڵك بە گشتی بڕیاری لێ بدات.
٤. بە هۆشیارییەوە گوێ بۆ یەکتری بگرین و لە پرانسیپە گشتییەکان لانەدەین کە دەمانبەن بەرەو سەرکەوتن و چاککردنی ژیان لە کۆمەڵگاکەماندا.
٥. هەمیشە لە بیرمان بێت کە ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و پشێوییەکان بۆنە نین بۆ خۆ دەوڵەمندکردن و پۆزلێدان و تۆڵەکردنەوە، بەڵکو دەرفەتی مێژووین بۆ دادگایی کردنی تاوانباران و هێنانە سەرکاری ژیانێکی باشتر گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ خۆمان و هاوڕی و هاونیشتمانییەکانمان.
٦. پشتیوانی و هاوپشتی گەڕەك و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زامنی زیاتری سەرکەوتنن، بۆیە دوورکەوتنەوە لە گیانی خۆخۆیی و ڕێگەنەدان بە سووکایەتی و درووستکردنی کەلێن لە نێوانتاندا دەبێتە یەکێك لە هەرە گورزە کاریگەرەکان بۆ سەر دەسەڵاتی ستەم و هاڕەکردنی یەکجاری و کۆتایی.
لە کۆتاییدا سەرکەوتنی خێرا و سەقامگیربوونەوەی کوردستان، لە ڕیگای چارەسەری موچە و خێرایی دەستکەوتە کورتمەوداکانەوە نابێت، بەڵکو لە زوو چارەسەرکردنی سیستەمی حوکمڕانی و دوورخستنەوەی ستەمکارە خۆسەپێنەکاندایە. بەهێزبوونەوەی ناوخۆی کوردستان دەرفەتی زیاترمان دەداتێ تا لە پەیوەندییە دەرەکییەکانماندا خاوەن شکۆ و کەرامەت و داوای ڕەوای خۆمان بین. سەرکەوتنیش تەنیا لەڕیگای خۆڕێکخستن و دوورکەونتەوە لە فەوزا و بێ سەرەوبەرییەوە دەبێت. بۆ ئەمڕۆی خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕین، ڕابەرە دلسۆز و جەماوەرییەکانتان پشتگیری بکەن و ڕێگەمەدەن خەڵکی زمان لووس و بەرژەوەندی خواز لە نیوتاندا خۆیان وەك ڕابەر و ڕێنماییکار بسەپێنن. جارێکی تر قبوڵ مەکەن سەرانی دزی و تاڵانچێتی و ئەزموونی شکست خۆیان بکەنەوە بە دەمڕاست و بێنەوە پێش بۆ بەخەساردانی  دەستکەوتەکانی مێژوویەکی ترتان.
بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتن، هەمیشە جەماوەری هۆشیار دەتوانێت نەخشی خۆی بدات لە ڕووداوەکان، ئەگەرچی بە خواستی ئەوانیش ڕووداوەکان سەرپێی شەقامەکان نەکەوتبن.

14/10/2017

مۆنۆلۆگی ژمارە (3)/ گرنگترین هەواڵ

گرنگترین هەواڵ!
- سڵاوت لێ بێت!
+ سڵاوێكی گەرمتر لەخۆت، ها پێم بڵێ گرنگترین هەواڵی ئەمڕۆ چییە؟
- بۆ دەموچاوم لە هەواڵ دەچێت؟ بەس قەینا هەر پێت دەڵێم، (بەیانی تۆ ڕۆژێكی تر لە تەمەنت كەم دەكاتەوە)، دەبڕۆدەی ئەوە گەرمترین هەواڵە.
+ زیاد دەكات یان كەم دەكات؟ یان باوەجوو تۆ ڕاست دەكەیت بەس هەرچییەكیان بێت جیاوازی چییە؟
- جیاوازی زۆرە، مرۆڤ كە بزانێت ڕۆژێك لە تەمەنی كەمدەكاتەوە، ئەوا ئەودەمەش دەزانێت بارتەقای ئەو ڕۆژە مێژوویشی گەورە دەبێت.
+ كەوتیتەوە فەلسەفە پڕوپووچەكانت، خۆی ژیان چییە ئەم هەموە بەدەوریا دەخولێیتەوە و شتی لێ ئەدۆزیتەوە.
- ئەگەر هەروا بە سادەیی پێم بوتیتایە "قوڕت بەسەر لە مردن نزیك بوویتەوە"، تۆش ئاوا بێڕێزیت بە قسەكەم نەدەكرد!
+ جا باشە، وای دابنێین مێژووت گەورەتر بوو! خۆ مێژوو ئەوەندە لیستی زۆرە نازانیت لە كوێوە زیاد دەكات و چۆن قەرەباڵغ دەبێت.
- لە خۆیدا لیستە زۆرەكانی مێژوە وا دەكات كەسمان، ڕۆژانە، درك بەوە ناكەین كە گرنگترین هەواڵ ئەوەیە بەیانی ڕۆژێكی تر لە تەمەنمان كەمدەكات.
+ من تا ئێستا نەمبیستوە كەس لە خۆی بپرسێت كام لیستەیان لە لیستەكانی تری مێژووی گەورەتر بوە، بەهۆی هەواڵێكی ئاوا هیچ و پووچی لەم جۆرەوە.
- چونكە نەتبیستوە لەلات هیچ وپووچە، بەڵێ من بیستوومە، بەڵام لە دەگمەنەكانم بیستوە، بۆیە لیستە گشتی و باوەكان لە مێژوودا هەمیشە قەرەباڵغتر دەركەوتوون.
+ ئەی چۆن، بۆیە من هەر هەواڵەكەم بەلاوە گرنگ نەماوە! بەتایبەت، مێژوو هەر بۆخۆی توڕەهات و فشەیە فشە.
- بە قسەی كێ توڕەهاتە، خۆ ئەگەر مێژوو نەبوایە تۆ لێرە نە دەبوویت! چۆن دەهاتیت بۆ ئەم مەیدانی ململانێیەی ئاژەڵە ژیرەكان؟
+ باشە ململانێ خۆی دۆڕاندن و بردنەوە نییە؟ ئێ كە دۆڕایت ئیتر تەواو دەبیت! كە بردیشتەوە دەچیتە ململانێیەكی ترەوە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە، كە ئەشێت بیشیدۆڕێنیت! ئێ دوای ئەوەش لەو شوێنەدا كە تەواو دەبیت بۆ دواجار دەدۆڕێیت و تەواو! ئەوسا گرنگ نییە ئەمجارەش بردوتەوە یان بۆ دوا جار دۆڕاویت.
- باشە!
+ باشە نییە، هەوڵمەدە مێژووم لێ بكەیتە شتێكی زۆر گەورە! پێم بڵێ: كێ چووزانێ دەرگای ژمارە (4) ی كۆڵانی (20) ی شەقامی حەوتەمی شار سەدساڵ لەمەوبەر ماڵی كام گەوادە یان پیاوچاكە بوە؟
- بۆ ستە با سەیری هەندێ تۆمارت بۆ بكەم!
+ بەزەوقی خۆت سەیركە، وا ئەزانیت ئەوەی نووسراوە ڕاستە؟ یەعنی كەشیش بە كەشیش و قارەمان بە پیاوچاك نووسرابێت؟ جا كاكە وا ڕاستیش بوو. ئەی چەند كەس وەك تۆ ئاوا بەدوای ئەو تۆمارانەدا دەگەڕێت؟
- ئەوانەی بەدوای ڕاستیدا وێڵبن هەر وا ئەكەن. بەس با پێت بڵێم گەوادی و پیاوچاكی گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە كێ دەروونی ئاسوودەكردوە!
+ چۆن گرنگ نییە! هەیە بە گەوادی دەیكات و هەیە بە چاكەكاری، یەكەمیان هەموو گیانی زیانە و ئەوەی تریان خزمەت بە هەموومان دەكات. بەڵام لە تۆمارەكانی تۆدا بۆیان دەگەڕێیت تەنیا چەند دێڕێكی نووسراون و هیچی تر، هەردووكیان ناون. ئا پێم بڵێ ئاینشتاین و هێتلەر هەردووكیان ناویان لە مێژوودا نەنووسراوە؟ ئەی یەكەمیان بە ئاڵتوون نووسراوە و دووهەم بە خەڵوز؟ بێگومان نەخێر، كەواتە مێژووی چی! وازمان لێ بێنە با بۆ ئیستا بژین. تۆ بۆ بیرێك لە داهاتوو ناكەیتەوە؟
- ئاخر من بۆیە باسی داهاتوو ناكەم چونكە ڕیك دێڕی یەكەم و دووهەمی تۆ و من بوونە مێژوو، من نازانم تۆ دوای ئەم دێڕە چی تر دەنووسیت، بەس دەزانم دێڕی پێش ئەمە چیت وت! بۆیە گرنگترین هەواڵ ئەو كارەی بەیانییە كە دەیكەیت، ئەوە نزیكترین و گەرمترین هەواڵە كە بەیانی بەگەرمی و بە دیار چاوی خۆتەوە دەچێتە دوێنێوە.
+ ئیتر شێتمان مەكە هەموو ژیان وایە و دەڕوات و ئەو هەموو سەر ئێشە و قسە زلەی من و تۆی ناوێت.
- ئای باسی ژیانت كرد، با پێت بڵێم ژیان خۆی لە توونێلێك دەچێت بۆ هەندێك درێژ و بۆ هەندێكی تر كورتە!
+ هەر هەمان توونێلیشە؟
- نەخێر هەندێ لە توونێلەكان ڕووناك و چراخانن، هەندێكیان تاریك و نووتەك! هەیانە پڕن لە گوڵزار و شوێنی حەوانەوەیان هەیە و ئەوانیتر پڕن لە دڕك و داڵ و هەر نازانیت چۆن نەجاتت دەبێت لێی.
+ جا ئەمە حەقی مێژووی چییە؟ لە بەیانییەوە منت بە گرنگترین هەواڵەوە مەشغوڵكردوە و ئیستا باسی توونێلە جیاوازەكانم بۆ دەكەیت! من هەر توونێلە تاریكەكانم بینیوە، بەردەوام هەست دەكەم خەریكە دەخنكێم، بەمن چی ئەگەر تونێلی جوان و ڕازاوەش هەبێت.
- ئەو تونێلە جوانانە كەمن بۆیە نەتبینیون، بەڵام لەبیرم نەبوو پێت بڵێم، توونێلەكان شازەكەیان و خراپە خراپەكەشیان هەموویان لەیەك شتا لە یەكدەچن؟
+ لە چیدا؟
- لە كۆتاییە كانیاندا. هەموو تونێلەكان وان، كە لێیان دێیتە دەرەوە ئیتر تەواو دەبێت نە تونێل هەیە و نە پشتی توونێل شتێكی ترە!
+ پف، جا خۆ ئەمە هەر توڕەهاتەكە دەرچوو كە باسی مێژوومان تیاكرد و هیچیش پەیوەندی بە گرنگترین هەواڵەوە نەبوو.
- نا پەیوەندی هەیە، چونكە لە كۆتاییەكەیدا دەزانیت بۆ هەمان جێگا شوێنی تریش لە دەرەوە هەبوون بۆئەوەی پیایاندا بێیتە كۆتایی تونێلەكە، من دڵنیام خۆشتر و ڕووناكتر و دوورودرێژتر و جوانتر و پڕ دەرفەتترن لەم توونێلەی لەسەری ڕاهاتووین. بەداخەوە لە كۆتاییەكیدا دەزانیت، كە ئەوە ڕاستی توونێلەكانە.
+ ئەی ناكرێت بگەڕێینەوە و بە ڕێگایەكی تردا بێینەوە بۆ كۆتاییەكە؟
- ئەتوانیت بوەستیت و توونێلەكان كون كەیت، ئەگەر بتەوێت بچیتە دەرەوەی سیستەمی توونێلە تاریكەكان، بەڵام ئاستەمە كە گەیشتیتە كۆتایی بگەڕێیتەوە. خۆ ئەگەر لەسەرتاكانی تونێلەكەدا مرۆڤ ئەوەندە بەختی هەبێت كەسێكی شارەزا پێی بڵێت بەم توونێلەدا مەڕۆ بچۆ لە دەرەوە ڕێگای خۆت بدۆزەرەوە زۆر خۆش بەختانەتر دەژیت. من هەندێ مامۆستام ناسیوە، ئەوەیان فێری خوێندكارەكانیان دەكرد.
+ تێدەگەم ئیستا مەبەستت چییە، كەواتە بەڵێ گرنگترین هەواڵ ئەوەیە كە بەیانی ڕۆژێكی تر لە كۆتایی توونێلەكە نزیك دەبینەوە.
- من دەمێكە پلانم هەیە ئەم توونێلە بەجێ بێڵم و ڕێگایەك بدۆزمەوە بۆ دەرچوون لێی، ئەگەر دێیت لەگەڵمدا با پێكەوە بڕۆین لەوانەیە زووتر بگەین.
+ كێ ئەڵێ ئەو ڕێگایە نابێت بە توونێلێكی تر؟
- نا هەرگیز شتی وا ڕوو نادات، ئەوانەی لە توونێلەكان بێزار بن و ڕێگا بدۆزنەوە بۆ دەرباز بوون لێیان، لەوانەیە بە ناچاری بە كوونێكی تردا هەڵبێن یان بە تاریكییەكی تردا بڕۆن، بەڵام دڵنیابە توونێلی تر درووستناكەنەوە بۆ ئەوەی زوو بگەنە كۆتاییەكان. ئەوانەی ئەو ڕیگایانەی دەربازبوون دەكەن بە توونێل تەنیا ئەوانەن كە بە بێ تێگەیشتن لە ژیانی توونێلەكان دێن و ڕێگاكانی ڕزگار بوون لە توونێل دەكەنەوە بە توونێل.
+ چیمان داوە لەم سەریەشەیە بۆ نایەی ئەم توونێلەی خۆمان بکەینە یەکێك لە توونێلە جوانەکان.
- نا بەسەری تۆ من شتی وا ناکەم، توونێل هەر توونێلە جوان و ناشیرینیان هەمووی ئازار و ژانە. ئەگەر دێیت وەرە با بڕۆین.
+ تۆ بڕۆ وا منیش هاتم!
- نا نا بەسەری هەردووکمان پێشم دەکەویت، یەك هەنگاو لەدوامەوە بڕۆیت ئەم ڕێگایەش ئەکەیتەوە بە توونێل، ئەمە توونێل نییە پێشکەوتن و دواکەوتنی تیا نییە، هەموومان پێکەوە دەڕۆین!



24/09/2017

بزووتنەوەی گۆڕان و شکستێکی گەورە


بە دەرکردنی ئەو ڕاگەیندراوە گشتییەی ئەمشەو 24/09/2017، بزووتنەوەی گۆڕان لە مێژووی هەڵوێستەکانیدا شکستێکی گەورەی تۆمارکرد! ئەگەر ڕاستە ئەم بزووتنەوەیە خاوەنی 500 هەزار دەنگدەر و پشتیوانی ڕاستینەی هەیە، ئەوا دەیتوانی پرۆسەی ڕیفراندۆمەکەی بارزانی بە پشتیوانی تورکیا ڕاگرێت و تەنانەت لە توانایدا هەبوو لە ناوچەیەکی بەرفراواندا دەست بگرێت بەسەر ناوەندەکانی دەنگداندا و بەشێکی گەورە لە جەماوەری یەکێتیش بهێنێتە ئەم مەیدانەوە. بە داخەوە پێدەچێت ئەو 500 هەزارە، 500 کادری کارای تێدا نەمابێت، کە بتوانن بە پێچەوانەی خواستەکانی دەسەڵاتەوە تەعبئەی جەماوەری بکەن و کردەی پیویست درووست بکەن لە گۆڕەپانی سیاسیدا کە ببێتە گوشار و هۆکار بۆ گۆڕانکاری!

سادەترین ڕەخنە و لاوازییەکانی ئەو ڕاگەیاندنە شێوەی زمان و دەربڕینەکانیتی، جگە لە چەند گلەییەکی پاسیڤانە هیچی تری لێ نابینرێتەوە. بۆنمونە لە کۆتاییەکەیدا هەڵوێستەکەی ئەوەیە خەڵك ئازادە چۆن بەشداری دەکات! ئەی گۆڕان خۆی چی؟ لایەنگرانی گۆڕان و ڕێکخستن و ئۆرگانەکانی ئێوە چۆن بەشداری دەکەن؟ هەر وەك خەڵك؟ جا کەواتە بزووتنەوەی وا لە دۆخێکی ئاوا هەستیاردا سوودی کوا، بەتایبەت کە خۆتان دژ بە سروشت و پرۆسەی ڕێفەراندۆمەکەن؟ بۆ سەرکردایەتی و بۆ جڤاتە "نیشتمانییەکەتان" جارێ ئازادکردن و نەکردنی خەڵك یەکەم ئیشی ئیوە نییە، دووهەم بە دەست ئێوە نییە و سێهەمیش هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت؛ لەبەر دوو هۆکار.. یەکەم، پیویستە بیرتان بهێنینەوە خەڵک خۆی ئازادە (بەڕێزان)، تا باشتر یادتانبێتەوە ئێمە لە سەردەمی بەعسیش بۆیکۆتی دەنگدانەکانیمان دەکرد، هەر زۆر ناچاریش بکراینایە بە سپێتی بۆمان تێدەخستن. دووهەم، بە بەڵگەی خاڵی یەکەم گوتارەکەتان حیکمەتی سیاسی لێ ونە، حیکمەتی بەتاڵ نەوتنی باشترە، کاتێک خەڵك خۆی ئازاد بێت پێم ناڵێن ئەگەر ئێوە دەسەڵاتتان هەبێت چی لێ ئەکەن تا ئازادی نەکەن؟ باوەڕم وابوو ئێوە وەک خۆتان دەڵێن بەو هەموو هێزەوە دەتانتوانی پرۆسەیەك بوەستێنن کە دەزانن دەسەڵات ئاوا بەدفەڕانە و نا بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بەتایبەت کە ڕێفەراندۆم پرسێکی گرنگ و هەستیارە. بەڵام مەخابن دەرکەوت ئێوە جێ گلەییش نەمابن نەك ڕەخنە!

ڕاگەیندراوەکەتان، ملدانێکی ئاشکرایە بە بێدەسەڵاتيتان، ئەمەش ملدانە بە دەسەڵاتدارانی ستەمکاری هەرێم. بەداخەوە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەتان پڕە لە تەسلیم بوون و شەرمنی. من نازانم ئەمە بە ئامۆژگاری کام "ڕۆشنبیرە" نووسیوتانە، یان کام "بیرمەندە" و کام داتا و ڕاستی ژمارەییەی لە پشتەوەیە؟ پێدەچێت یان تاقەتی بەرهەڵستکاریتان نەمابێت، یان بەرژەوەندییەکانتان ڕیگە نەدەن هەڵوێستی بەرهەڵستکارانەتان هەبێت. ئەگەر یەکەمیان ڕاستبێت، ئەوا پێویستە گەنجانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی جدی خۆیان وەربگرن و چیتر بە ئیوە فریو نەخۆن. خۆ لەباری دووهەمیشیاندا، ئیتر پیویستە بە جۆرێک پێناسەبکرێنەوە و لە قاڵب بدرێنەوە کە ئێوەش بخرێنەوە ناو چینە دیوارەکانی کە بوونتە بەربەست و  ڕیزەکانی پارتی و یەکگرتوویان پێکهێناوە. مەخابن بۆ خۆتان و ڕاگەیندراوەکەتان، سوپاس کە نەتان توانی تا کۆتایی بێدەنگ بن، هەر هیچ نەبێت حیکمەتێکی تیا بوو!

29/08/2017

موڵکەکانی گۆڕان نە پرانسیپن نە چارەنووس



یادی بەخێر باوكم هەموو جار كە ڕەخنەی لە بارودۆخی سیاسی دەگرت و ناقایللی خۆی پیشان دەدا، منیش پرسیارێكم لێی دەكرد؛ ((باوكە حەزت دەكرد تۆ سەرۆك كۆمار بوویتایە؟)) هەمیشە وەڵامی دەدامەوە دەیوت: "نا سەرۆكایەتی سەرئێشەی زۆرە، حەزم دەكرد كوڕە چكۆلەی سەرۆك كۆمار بوومایە، ئەو كاتە بە ئارەزووی خۆم دەژیام و خێرم لە پارەكانی باوكم دەبینی، مەگەر باوكم سەرزەنشتێكی بكردمایە و ئەوەش موشكیلە نە ئەبوو خۆ هیچ باوكێك بە تەواوی لە مناڵەكانی ڕازی نییە!" لەو كاتەوە من تیگەیشتم سامانی مێژوویی باوك بۆ منداڵەكانی جێنامێنن. لەو كاتەوە من تێگەیشتنم بۆ چیرۆكەكانی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی زیاتر بوو، كە دەمبینی مناڵی میر و میرنشینەكان چۆن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ میرنشینەكان بەرەو كۆتایی دەبەن. تێدەگەم لە تیۆرییە پەروەردەییەكە، كە ئەگەر باوان سەلامەت بیربكەنەوە و ڕەفتار بكەن و بیانپەرژێتە سەر منداڵەكانیان ئەم ئەگەرە كەم دەبێتەوە. لە كۆمەڵگای كوردستاندا بەزۆر هۆكار ئەم ئەگەرە كەمتر دەرفەتی ڕوودانی هەیە بەهۆی: خێزان، خوێندنگە، سیستەمی میراتی رەفتار و كۆی گشتی كولتوورەكەییەوە. هەر بۆیە ئەم كایانە هەمووی كاركردنی دەوێت بەر لەوەی پێشبینییەكی زۆر باشمان لێی هەبێت. هەر بۆ ئەوەی یەكەم هەنگاو جێبەجێ بكەین و لە هۆشمەندی فیوداڵی بێینە دەرەوە، باشترە لەسەرەتاوە هەمان لیكدانەوە بۆ پرۆسە مێژووییەكان نەكەین و كەس بەحسابی باوانی لێی نەڕوانین.  

جگە لە ڕووی مێژوویی پەروەردەییەوە نەوشیروان مستەفا بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیار نییە لە ڕەفتاری منداڵەكانی. بەواتایەكی تر منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا چی هەڵە بكەن، چی چاكەكاربن زۆر پەیوەندی بە مێژووی باوكیانەوە نییە. ئەوە تەنیا لە بەر دوو هۆكاری سادە، مرۆڤ لەبەردەم گۆڕاندایە و هەرگیز نەوەكان لەبەرگیراوەی یەكتر نین بەتایبەت لە ڕەفتاری سیاسی و هەڵوێستی سیاسیاندا. دووهەم، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگا كاریگەری گەورە لەسەر ڕەفتارمان دادەنێت بەبێ ئەوەی خێزان بخوازێت یان نەخوازێت. دواتر لە ڕووی یاسایی و ڕاستی زانستیشەوە هەر یەك لە منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا دەكەونە سەروو ١٨ ساڵەوە بۆیە خۆیان كەسی بەرپرس و یاسایین و دەمێكە لە كەسایەتی باوكیان و دایكیان دابڕاون و سەربەخۆ بوون. با لە نەوشیروان مستەفا و خێزانەكەی بچینە دەرەوە، ڕەفتارەكانی منداڵەكانی ئیبراهیم ئەحمەد تا چەند دەچنەوە سەر تێڕوانینی باوكیان و ڕەفتاری سیاسی باوكیان؟ یان كامیان دەچێتەوە سەر ئەو؟ بڕوانە لە سێ منداڵ هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنن. بۆیە من لەلام سەیرە نوسەر و ڕۆشنبیر و كادری سیاسی و ڕێبەری فكری وا  "زەبەلاح" دەبینین دێن و ڕەخنە لە كەسایەتی نەوشیروان مستەفا دەگرن گوایە سەروەتی دونیای بۆ منداڵەكانی جێهێشتوە! ڕەخنەی سەرەكی لەسەر ئەم كەسایەتییە لە دیدی سیاسی ئەودایە، كە چۆن ئەو كارانەی بە هەڵواسراوی جێهێشتوە. ئێمە باش بینیمان كە دوای ئەو بزووتنەوەكە كەوتە دەستی كێ و چۆن هەڵوێست وەردەگرێت، ئیدی فكر و كاری سیاسی ئەو لێرەدا گرنگە ڕەخنە بكرێت. بێگومان ئەگەر ئەمە ڕەخنە نەكرێت ئەمەی دواییان زۆر ئاسایی و سادەیە ڕوو بدات.

گرنگترین خاڵ بۆ سیاسی و ڕۆشنبیری كوردستان ئەوەیە دریژكردنەوەی مێژووی نەوشیروان مستەفا بۆ منداڵەكانی و چاوەڕوانی جیاواز لێیان لەسەر بنەمای مێژووی باوكیان، هەمان هەڵەی خێڵەكی و ڕیشەیی خێزانییە كە ئەگەر دوای خۆی دەسەڵات بكەوتایەتە دەست یەكێك لە مندالەكانی بەڵام لە ڕووكاری ئینڤێرسدا، واتە بە دیوی ئەودیویدا، كەواتە بە دیوی تۆی نووسەریشدا كە پێت وایە ئەبێت منداڵەكانی ئەو خۆی بن.  بەكورتی ناكرێت نە مێژووی نەوشیروان مستەفا بۆ منداڵەكانی حساب بكەین، نە كردەوەی منداڵەكانیش بۆ ئەو بكەینە لاستیكی خەتكوژاندنەوە و سەروەرییەكانی پێ بسڕینەوە. لەوە سەیرتر لای من ئەوەیە كە بەڕەوای نەبینین منداڵەكانی ئەو وەك هەر كەسێكی تر بەشداری سیاسی بكەن، چونكە بەشداری سیاسی و چالاكبوونی سیاسی جیاوازە لە بە میراتیگرتنی دەستكەوتە مەعنەوییەكانی باوكیان. ئەوان دەتوانن شانازی بە باوكیانەوە بكەن وەك هەر كەسێكی تر، بەڵام ناتوانن بە شانازی خۆیانی ژمێرە بكەن. خۆزگە خۆیان بۆ پۆستی باوكیان كاندید بكردایە و لە دەنگداندا دەرنەچوونایە نەك سیناریۆی تریان پێ بگێڕن و لە پشتی بزووتنەوەكەوە هەر بەزۆر بیانكەنەوە بە دێوەزمە، ئەمە میراتییەكی فیوداڵییە، تەنانەت ئەگەر ئاینشتاینەكانی بزووتنەوەكەش پەراوەی بكەن. بۆیە دواجار نە نەوشیروان مستەفا دەكرێت ڕەخنە بكرێت بە كردەوەی منداڵەكانی، نە منداڵەكانی دەتوانن درێژكراوەی مێژووی ئەوبن. بە ڵكو تەنیا منداڵی ئەو و شوعلە عەلی سەعیدن.

ئەوەی سەیرترە لێرە و لەوێ دەبینین "كەڵە نووسەری" وا دەنووسن گوایە بە گواستنەوەی موڵكەكان بۆ منداڵەكانی ئیتر بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی پێ دێت و هیچی جیاواز نابێت لە پارتی و یەكیتی! هەر زۆر سەیرە! ئەمە جگە لە جێی پێكەنین و ئاماژەیەكی نەزانی هیچی تر نییە! چونكە بزووتنەوەی گۆڕان وەك كۆبەندێكی سیاسی دەمێكە لە زۆر ڕوەوە كۆتایی هاتوە. لەڕووی بیر و دایلەكتیكی سیاسییەوە هەر لەگەڵ یەكەم خولی پەرلەمانەكەیەوە گۆڕان تۆ و توخمی بیری سیاسی تێدا نەما و كۆتایی هات! لەڕووی سیاسییەوە ئەوكاتە كۆتایی هات كە لە ئۆپۆزسیۆنەوە چووە دەسەڵات. هەروەها لە ڕووی ڕابەرایەتی و فۆرمی گەشەی داینەمیكیشەوە ئەوكاتە كۆتایی هات كە یەكەم كۆنگرەی ئەو شكستی هێناو نەیتوانی سەركردایەتی خۆی نوێ بكاتەوە بە ڕێكخەرەكەشیەوە. نەوشیروان مستەفا ئەو كاتە شكستی هێنا كە هێشتا خۆی لە ژیاندا بوو دەستبەرداری پۆستی ڕێكخەری گشتی نەبوو. ئەو كەسایەتییە سیاسییە بە ئەمری واقع كاری كردوە و ئەمەش پاشهاتەكانی دەبن، ئەو لە واقعی سیاسی كوردستانەوە ئەو موڵكانەی بە ناوی خۆیەوە تۆمار كردوە، بێگومان بە میراتی بۆ منداڵەكانی دەمێننەوە و ئەوانیش ئازادن چی لێ دەكەن، بزووتنەوەی گۆڕانی چی و شتی چی؟ دیارە لە ڕووی یاساییەوە ئەم قسەیە ڕاستە. ئەوەی گۆڕانی تا ئێستا هێشتوەتەوە تەنیا یەك پایەگایە، ئەویش گۆڕان هێشتا پێگەی جەماوەری لەدەست نەداوە و لەسەر ئەو پێگەیە هەنگەشەلێ دەكات، ئەشێ لاواز بووبێت بەڵام هێشتا خەڵكێكی زۆری بەدەورەوە ماوە، ئەوەش لەبەر سێ هۆكار: یەكەم، ستەمكاری دەسەڵاتی سیاسی كوردی گۆڕانی بە هیوایەك بۆ ستەملێكراوان هێشتوەتەوە (تا ستەمكاری زۆرتر بێت ئەم هیوایە بۆ ژیانی گۆڕان زیاتر دەبێت). دووهەم، نزمی ئاستی هۆشیاری جەماوەری كە كەمترین هۆكار هەیە ئاراستەیەكی ڕۆشن بدات بەخەڵك بۆ تێگەیشتن لە ژیانی سیاسی (باشترین نمونە، ئێستا ژمارەیەك لە خەڵك دەبینیت دڵیان ئارام دەبێتەوە كە موڵكەكان كراون بەناوی منداڵەكانی ئەوەوە نەك بەناوی بزووتنەوەكەوە، چونكە ئەوە هۆشە پەككەوتوە باوەڕی وایە تا ناوی نەوشیروان مستەفا بمێنێت ئەوان سەلامەتن). سێهەمیش؛ لەبەر ئەوەی هێزێكی شۆڕشگێڕ ئامادە نییە توانای خەڵك لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵك خۆیاندا بەگەڕ بخات و ئاراستەی بكات.

ئەمڕۆ گۆڕان وەك كۆبەندێكی سیاسی لەدەرەوەی بەرەی دەسەڵات تەنیا زۆر شەرمنانە دەتوانێت لەمپەڕێك بێت لەبەردەم پارتی و پرۆپارتییەكاندا، ئەوەش بەم سەركردایەتییە شەرمۆكە بێ چییەتییە سیاسییە ناكرێت. چونكە نە ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەو توانایەی هەیە نە زۆربەی زۆری ئەوانەی لە خانەی ڕاپەڕاندندا كاردەكەن. بەڵكو ئەوانە بەگشتی خۆیان بەبێ نەوشیروان مستەفا هیچیان ئایكۆنێكی سیاسی یان كاراكتەرێكی كاریگەر نەبوون لەسەر ڕووداوەكان بە ئاراستەی گۆڕانكاری و بگرە زۆربەیان هۆكاری شكستە سیاسییەكانی پێشووتری (ی.ن.ك) بوون و ئەمڕۆ بە هەمان هۆشمەندی دەیانەوێت بەپاڵپێوەنان لاشەی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ مۆتۆڕە ببەنە لووتكە كە نەوشیروان مستەفا بۆی جێهێشتوون. خودی ساخكردنەوەی ئەم موڵك و ماڵەی گۆڕانیش بەشێكە لەو پرۆسەیە.

دواجار گواستنەوەی موڵكەكان بۆ دەستی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هەنگاوێكی سەیر نییە. كوردستانێك كە وەك سۆماڵی لێكرابێت، هیچ گوند و بستەخاكێك نەمابێتەوە بە موڵكی گشتی و تێكڕا دامەزراوەكانیش بووبنە موڵكی بنەماڵەكان، ئەوا سەلامەتترین شت ئەوەیە موڵكەكانی گۆڕان بكرێنە موڵكی بنەماڵەیەك لە بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا سیمبوڵیتر و سەلامەتتر نییە! سبەی دەسەڵاتی ستەمكاری تێرنەخۆری كوردستان دەستیان بەسەردا دەگریت و بزووتنەوەكەش دەڕووتێنێتەوە، ئەمە هەنگاوی سیاسی پشتی ئەم كردەوەیەیە. بەلاتانەوە سەیر نەبێت ڕۆژنامەی (ئاوێنە) باسی دەكات، ئەوە بەشێكە لە پرۆسەی ڕاگەیاندنەكەی نەك پرۆسەیەك بێت و سەرچاوەكانی زانیاری لەڕێگای میدیای سەربەخۆوە پێیان زانیبیت. بەتایبەت ئەگەر خواستیان بوایە بیشارنەوە لە كوردستاندا ئەم شتانە زۆر بەئاسانی دەشارێتەوە. كاتێك كە گۆڕانكاری نەچووبێتە هەموو خانەیەكی فكرەوە و نەگەیشتبێتە ڕیشەكانی كۆمەڵگا زەحمەتە بتوانرێت بەهۆی بزووتنەوەیەكەوە گۆڕانكاری بكرێت كە بیرێكی باو بەڕێوەی بەرێت و ئاراستەی بكات، لایەنی كەم سەرێك كە ناتوانێت جگە لە تاكتیكی سیاسی بەردەمی خۆی بۆ چەند هەنگاوێك ببینێت. ئەم سەركردایەتییە حەكیمانە ڕەفتار دەكات، بەڵام لەچوارچێوەی حیكمەتی باودا حیكمەتی باویش حیكمەتی جەڵەبچێتییە، ئەمە بەشێكە لە كۆنزێرڤاتیزمی ناو بزووتنەوەكە كە دەستی بە داوەكانی بەڕێوەبردنییەوە گرتوە و هەموو ساتێكی هۆشمەندی فیوداڵی ئەمڕۆ و سبەی بەڕێوە دەبات.

لە كۆتاییدا دوو خاڵی چكۆلەی تر تەنیا ئاماژەیان پیدەدین: یەكەم، كاتێك بزووتنەوەكە نەیتوانی لەژێر گوشاردا دەسەڵات لەناو منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا بهێڵێتەوە، ئەوا ناچارە بەم جۆرە داهاتووی بڕیاری سیاسیان بۆ دابین بكات. ئەگەر نا منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا ئەم سامانە بۆ خۆشبژی و داهاتووی خۆشی خۆیان نییە، بەڵكو یارییەكی سیاسی و قەواڵەیەكی بازرگانی سیاسییە بە شێوەیەكی زیرەكانە ئەنجام دەدرێت، قەرزێكە ڕابەرانی ئەمڕۆی بزووتنەوەكە دەبێت بیدەنەوە بە بنەماڵەی ڕابەرەكەیان كە خودی خۆیان ڕۆژێك لە ڕۆژان بە بێ ئەو وشەیەكی ماندار نەدەبوون لە ناو ڕستە سیاسییەكاندا. دووهەم، لە كۆمەڵگایەكدا كە پایە زانستیەكان و هەژموونەكانی زانین هەر لە دواوە بن ئاساییە خەڵك بە دیاردە ماتریاڵییەكان زیاتر بێتە دەنگ تا بە پرانسیپ و بنەما سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان. بۆ نمونە نابینیت كەس هەڵوێستە لەسەر ترس و خەمی كاریزماتیكی بكات، كەس نابینیت هیچ لەسەر هەڵە سیاسییە ستراتیژییەكان بكات كە دەبنە كارەسات بۆ پاشەڕۆژی كۆمەڵگایەك، كەچی هەموو خەڵكی ئێمە بە یار و نەیارەوە بۆ ١٢٢ دۆنم زەوی شینێكی تریان نوێ كردوەتەوە، كەلە ڕاستیدا هیچ گرنگییەكی ماددی نییە كاتێك سیستەمەكە هەر سیستەمی خێڵەكی بێت چ لە ناو كایە سیاسییەكاندا چ لەناو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكاندا. هیچ گرنگ نییە كە هۆشمەندی فیوداڵی ڕابەر بێت و باوەكان حوكمڕانی توانا و توانستە نوێیەكان بكەن. 

08/08/2017

ڕێفەراندۆم تاوانی تاوانەکان

یەکێك لە جیاکەرەوەکانی کۆمەڵگای پێشکەوتوو لە دواکەوتوو ئەوەیە کە یەکەمیان پلانی هەیە و دەزانێت تەنانەت لە داهاتووی دووریشدا چی دەکات و چی دێتە ڕێگای، بەڵام لە دووهەمیاندا لەسەر حسابی ڕۆژ و پێشهاتەکانی ژیان بەڕێ دەکات.

پرسی باسەکەمان ڕیفەراندۆمە لە بەردەم سەربەخۆیی و ئەجێندایەکی نادیاردا! ئەم پرسە دۆخێکە زۆرکەسی ناچارکردوە لەسەری بنووسێت و ڕاو سەرنج پێشکەش بکات، جا با ئەوەش نەهێنێت، تەنانەت ئەوەتا من بۆ خۆشم دەربارەی دەنووسم چەند باوەڕم پێشی نەبێت، سەرباری گرنگی تر و لەپێشینەیی چەندین پرسی تر کە لە ژیانی هەریەکەماندا هەیە (خۆی ئەمە بەشێکی خواستی وروژاندنی پرسەکەیە) لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی ڕوودانی ڕێفەراندۆم زۆر زۆر لەوە گەورەترە کە ئەو هەموو شیکردنەوە و داواکارییە سادەیەی دەربارە دەنووسرێت (بەواتایەك، ئەوەی دەنووسرێت دەربارەی و دەگاتە خەڵك هەر زۆر کەمە). گەر لەم دوو دەستەواژەیە بڕوانین، لەوانەیە بپرسین، تۆ بڵێی نووسەر خۆشی بزانێت چی دەڵیت؟ بەڵی، پرسەکە بۆ خۆی وایە هەرچۆن دەستی بۆ بەرین زەرەرمانە. هەریەکەمان لە ئاوازێك دەخوێنین و هەمانە تا دوا هەناسەکانمان بەرگری لێ دەکەین و هەمانە کەمپینی نەخێر و شکستی بۆ دەکەین و بەشێکیشمان بۆیکۆتکردنی پرۆسەکە بە چارەسەر دەزانین، لە هەمووشی خراپتر بێدەنگی بزووتنەوەی گۆڕانە، کە بەشدارێکی پاسیڤی پرۆسەکەیە تا ئێستا.

خودی پرسەکە لە ژێر چەندین پرسیار و گوماندایە، لەم جارەدا هەوڵ دەدەین ئەم باسە پڕ گومانە چەند خێرا بکرێت بخەینە ژێر وردبینێکەوە تا بزانین ئایا ڕیفەراندۆم بکرێت باشە یان نەکرێت؟ ئەی ئەو میکانیزمانە کامانەن پێویستن بگیرێنە بەر و کێ دەتوانێت پێی هەستێت.

ئەوەی لەم ڕۆدا پارتی و بەشێکی باشی یەکێتی و چەند حیزبێکی وردە و پردەی تر پێی هەڵدەستن، بریتییە لە چاکەکارییەک بە نیازای خراپە. کە لەگەڵ ئەم تەکنیکەدا پارتی مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم دوو خاڵە دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ سەرەتای باسەکە کە لە بەرواری ٢٧/٧/٢٠١٧ لە ژێر سەردێڕی هەرجارەی باسێک ژمارە (٢٢) دا بڵاوکراوەتەوە.

سەر باری ئەوەی ڕیفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان ناقایلییەکی ڕای سیاسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەسەرە، سەرباری دژایەتییەکی زۆری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرۆسەیە، کەچی هێشتا مەسعود بارزانی کەوتوەتە گیانی و سوورە لە سەر ئەوەی کە هەر دەبێت بکرێت. "سەرۆکێکی، بۆڵدە" ناپۆلیۆن ئاسا کە شتێکی وت سەریشی لە پێناویدا دادەنێت! مەسعود بارزانی هەرگیز لەوانە نەبوە کە بتوانێت گرەو لەسەر سەری خۆی بکات. ئەم کردەوەیە، بەندە بە مانەوەی مەسعود و باندی بنەماڵەکەیان لە شوێنی خۆیاندا، بۆیە تەنانەت گەر تاوانیش بێت وەك هەموو جارەکانی تر پەنای بۆ دەبەن، ئەوە جگە لەوەی ئەوان جێبەجێکار و خزمەتکارێکی بێ ڕکابەر و پلە یەکی هەر دوژمنێکن سووکە تەماعێکی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبێت.

ڕیفەراندۆم لە دۆخێکی وەك ئمڕۆدا، وەك هەنگاوێکی سیاسی؛ کردەوەیەکە لە تاوانە گەورەکانی مێژووی ئێمە کە کوردستان ڕوو بەڕووی دەبێتەوە و تەنانەت مەترسییەکانی لە خیانەتی گەورە و ڕەشی ٣١ی ئاب زیاتر و ترسناکترن. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەرداین، یان ڕیفەراندۆم دەکرێت یان ناکرێت، بەڵام با بزانین ئاکامی ئەم ئەگەرانە بە چ شوێنێك دەگەن:

یەکەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەوا ئێمە وەك ئیستا دەمێنینەوە و دەبێت لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکانماندا ژیان بەڕێ بکەین و کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکانیان. قەیرانەکانیش بە جێگا و دۆخێك گەیشتوون کە ئیدی لە تونادا نەماوە خەڵك دان بەخۆیدا بگرێت و بە دەستسپێتی بەدیاریانەوە دانیشێت. بۆیە دۆخی گوزەر بە هیچ شێوەیەك لە قازانجی دەسەڵاتی کوردی و باند و بنەماڵە حوکمڕانەکانیدا نین.

دووهەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ڕیفەراندۆم بین! بەر لەوەی باسی ئەگەرەکانی ڕیفەرادۆم بکەین دەبێت چەند دراوێك بخەینە ڕوو وەك پێشینەیەك:
دراوی یەکەم: ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، ئەوا بەکارهێنانی دەنگ و خواستی سەربەخۆییە دژی سەربەخۆیی.
دراوی دووهەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ڕەوایی (شەرعییەت) ی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە! ناوخۆیی زۆر لەق و ناتەواوە، دەرەکی نزیکەی نەبوە.
دراوی سێیەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ئابوورییەك هەیە لایەنی کەم بتوانێت بژێوی نیوەی دانیشتوان و تەندروستی و پەروەردە و خۆراك و ئاسایش و بەرگری دابین بکات، دوو ساڵی ڕابردوو پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن.
دراوی چوارەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە هێزێکی ئامادە هەیە بەرگری لێ بکات، هەندێ کات ڕەوایی نیودەوڵەتی ئەو رۆڵە دەبینێت. کوردستان هیچی کامیانی نییە، بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ هێزی دوژمنە پێشبینی کراوەکانی.
دراوی پێنجەم: خودی ئەو دەستەو لایەنەی فوو دەکاتە خۆی و ڕابەرایەتی پرۆسەکە دەکات هیچ ڕەواییەکی یاسایی و دەستووری نەماوە.
دراوی شەشەم: لە پرۆسەی ئاوادا زۆرینەی کارتی سپی لەگەڵ زۆرینەی بۆیکۆتدا، تەنیا لە ڕووی چالاکی سیاسییەوە جیاوازن، بەڵام وەك ئەنجام هەردووکیان دەگەنەوە ئەنجامەکانی بۆیکۆتکردن.

ئەگەرەکانی ڕێفەراندۆم: ئەم پرۆسەیە (ڕیفەراندۆم) چەندێك باش ئەنجامبدرێت و پلانی بۆ دابنرێت، کەچی هێشتا لە سروشتی خۆیدا چەکێکی دوو دەمە یەکێك لە دەمەکانی دژی بکەرەکەیەتی و ئەوەی تریان ڕووی لە نەیاری بکەرەکەیە. ئەم ڕیفەراندۆمەی مەسعود بارزانی هەردوو دەمەکەی ڕووی لە گەلی کوردستانە و دەسکی تیغەکەش ئەوەتا بەدەستی نەیارەکانی ئەم گەلەوە، بزانین چۆن:

ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبێت:
ئەوا گۆڕینی ڕای دەستووری و یاساییە بە ڕای جەماوەری، مەبەستی سەرەکی لێی پێکانی ئامانجەکانی (پ.د.ك)ە و مانەوەی مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەیەتی لە سەرتۆپی دەسەڵاتێکی گەندەڵکاری تاڵانچییەوە بە پشتیوانی باندێکی مافیایی کە لە ناو (ی.ن.ك)دا پشتیوانی لێدەکرێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە وتارێکی پەرلەمانتاری ئێراق لەسەر لیستی گۆڕان (مەحمود ڕەزا ئەمین)، ماڵپەڕی NRT ١٢/٧/٢٠١٧ بە ناونیشانی (ڕیفەراندۆم و پەرلەمان: پارتی و گۆڕان)، سەرباری تێبینی لەسەر ئەو وتارە، بەڵام بەباشی ڕوونی کردوەتەوە پارتی چ تەمایەکی نا نیشتمانی و نا دیموکراسیانەیان هەیە!،  ئەمەش بەستەرەکەیەتی:

ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت:
یەکەم؛ هەل و مەرجەکانی سەربەخۆیی ئامادە نین بڕوانە دراوەکانی سەرەوە (دوو، سێ، چوار). تەنیا دوو نمونەی چکۆلە: ڕیفەراندۆمێك کە بەر لە ڕوودانی هیچ دانێکی پێدا نەنرێت چی لێ دەکەوێتەوە؟ یان بۆ چی دانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگە؟ بەهۆی ئەو دانپێدانانەوە ئەگەر دوژمنەکانی کوردستان هەر کردەوەیەك بەرامبەر بە ئەنجامی ڕیفەراندۆمەکە بکەن، ئەوا پێشێلی ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتیان کردوە. خۆ ئەگەر ئەم چەترە نەبێت پشتوانی سەربەخۆیی دەبێتە توڕەهاتێکی هیچ. ئەی گوایە، چ پشتیوانییەك هەیە و ئێمە نایزانین بۆ ئاشکرای ناکەن!
دووهەم؛ هەل و مەرجی پێشوەختی سەبەخۆیی، هەل و مەرجی پێشوەخت بۆ سەربەخۆیی هێزە، ئێمە باسی ژینگەی شارستانی و ژیاری ناکەین وەك فەنتازیایەك، بەڵام هێز پێش مەرجێکی گرنگە، بە تایبەت کە پشتیوانێکی یاسایی نێودەوڵەتی نەبێت قەرەبووی ئەو هێزە پشتیوانەت بۆ بکاتەوە. لێرەدا ئایا کوردستان و هەرێمەکەی "سەرۆك" ، بە تەنیا خۆی چ هێزێکی هەیە کە ڕوو بەڕووی دوژمنەکانی پێ ببێتەوە؟ ئێمە قسە لە سەر دوو هێز دەکەین، هێزێکی سەربازی و هێزێکی ئابووری (هەموو جۆرەکانی تری هیزی زانین و پسپۆڕی و هێزی تەکنۆلۆجی و هێزی زانستی....تاد، با خاتری "سەرۆك" بن). لەبەر ئەوەی هیچ کام لە نەیارەکانی کوردستان پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان ناکات، ئەوا بوونی هێزێك کە بتوانێت بەرگری لە مانەوەی ئەو قەوارە سەربەخۆیە بکات گرنگییەکە ناتوانین دەستبەرداری ببین. ئەگەر بارزانی بەڵێنێکی شەفەهی لە ئەردۆغان و ئیدارەکەی وەرگرتوە، ئەوا بەڵێنەکەی تەپکەیەکی زۆر گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە دەنگی خەڵکی کوردستان هەر خۆ بە خۆ دەبێتە جێبەجێکاری ئەو خەونەی تورکیا لە گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ هەیەتی. ئەوە ئیتر قسە لەسەر هیچ کام لە وردەکارییە یاسایی و پراکتیکییەکانی تری ناکەین. بەڵام ئەم پرۆسەیە چۆن ڕوو دەدات:
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا نەکات؟
ئەوا دەبێتە چەکێك بە دەست دوژمنەکان و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ پرۆسەیەکدا نین کە سەرکردایەتی سیاسی دەیخاتە بەردەست و بە شەرعیەتێکی لاوازەوە مەسعود بەرزانی ئەنجامەکانی دەچنێتەوە. ئەمەش مەترسییەکانی بۆیکۆتکردنە، ئەگەر بۆیکۆتێکی سەرانسەری نەبێت. کە ئەمەی دواییان ڕوونادات، چونکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەزۆر و بە ساختە هەر بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا بکات؟
ئەوا؛ ئەنجامەکان لەبەردەم سێ ئەگەردان: زۆرینەی سپی، زۆرینەی نەخێر یان زۆرینەی بەڵێ!
ئەگەری زۆرینە سپی:
زۆر لاوازە، بە پێی ئەزموونی مێژوویی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەروەها بەپێی زۆر و ساختەکارییەکانی پارتییەوە. خۆ ئەگەر هێشتا ڕوو بدات ئەوا هەمان ئەنجامی بۆیکۆتی دەبێت بڕوانە دراوی شەشەم.
ئەگەر زۆرینە نەخێر بێت:
ئەوا خەونی سەربەخۆیی لەسەر خوانێکی ئاڵتوونی پێشکەش بە دوژمنە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکرێت، وەك ئەو ڕاسپاردە و کەمپینەی کەوتوەتە سەرشانی (شاسوار). خواستی دەرەکی بە تایبەت ‌هێزە زەبەلاحە دەرەکییەکانی وەك یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت ڕووسیاش ئەوە نییە کوردستانێکی سەربەخۆ هەبێت. بەردەوامی گرێی کوردستانیان، دەکاتە بەردەوامی پشێوی لە ناوچەکەدا، کە دەکاتە دەرفەتی هەمیشەیی بۆ دەستکاری ئەوان و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان خۆیان. هەروەها لە پرانسیپی دیموکراتی و یاساییشیاندا ئەو سەردەمە بەسەرچوە ئەوان بێن و ڕێگری لە ڕوودانی کارێکی ئاوا بگرن، بەڵام ئەگەر ڕوویدا ئەوا ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی بە دڵی ئەوان بێت! بۆیە ڕێفەراندۆم ئەگەر ئاگرێکە مەسعود بارزانی کردبێتییەوە، ئەوا تێزەکەی (شاسوار عەبدولواحد) جامە نەوتێکە و بەم ئاگرەیدا دەکات.
ئەگەر زۆرینە بەڵێ بێت:
ئەوا کارتی سەربەخۆیی دەکەوێتە قووڵترین گیرفانی ناپاکترین و تاوانبارترین هێزی کوردییەوە، کە بێگومان چۆن سامانی نیشتمانی تەسلیم بە ئەردۆگانییەکان کردوە و لە ڕێگای دانا غازەوە هەر ڕۆژەی قەباڵەیەکی پارە لە بانکەکانی تورکیا و بەریتانیادا سپی دەکەنەوە، بە هەمان شێوە خەونی پاوانی ناوچەییشیان دەهێنێتەدی. پرۆژەی ئیسلامیزم لە ناوچەکەدا تا ئەم ساتەش لە دەسەڵاتی ڕۆژئاواییەکان نەچۆتە دەرەوە و ئەوان بەردەوام لە خواردنی بەرەکەیدان. بۆیە ئەوە خەون و پڕوپاگەندەیەکی بەتاڵە کە گوایە ڕۆژئاواییەکان لە تورکیا توڕەن، بەڵێ ئەشێ لە هەندێ سیاسەتی ئەردۆغان ناقایل بن، بەڵام لە کۆی پان تورکیزم لە ناوچەکەدا گلەییەکی ئەوتۆیان نییە، گلەییان لە چۆنێتییەکەی هەیە. گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ ژێر ئینتیدابی تورکی لە ڕێگای بنەماڵەی بەرزانییەوە؛ شاپێڕی قومارە گەورەکەی مەسعودە بۆ ئەوەی لەوارەکەی تورکیا هیچ نەبێت کوێخایەتییەکی درێژخایەنی دەست بکەوێت.

چارەسەر
تاکە چارەسەر برتییە لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەم ڕێفەراندۆمە. ئەشێ زۆر ئاستەم بێت ڕێگری لە پرۆسەکە بکرێت لە هەموو کوردستاندا، بەتایبەت بە هۆی زۆر و ستەم و ساختەکارییەوە لە ناوچەی زەرددا ئاستەمە، بەڵام خۆ دەکرێت لەو ناوچەیەشدا بۆیکۆت بکرێتە کەرەستەیەك بۆ بەرهەڵستکاری. هەروەها ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گۆڕان و یەکێتی کاری ئاسانترە و دەکرێت ناوەندەکانی دەنگدان دەستیان بەسەردا بگیرێت و ڕێگری تەواو بکرێت لە ڕوودانی هەر هەنگاوێك کە بۆ ڕێفەراندۆم دێتە پێش. بە تایبەت کەرتی پەروەردە و تەندروستی و هێزی کارمەندانی بێموچە بە ئەندازەیەکە زۆری لەم بارەیەوە پێدەکرێت. هەروەها دەکرێت بزووتنەوەی گۆڕان ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەت کاندیدی پلە یەکە بۆ ڕێبەرایەتی ئەم بەرهەڵستکارییە لەم وێستگە خێراییەی مێژووی ئێمەدا. با وای دابنێین ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ناوچەی نیللی و سەوزدا شکست دەخوات و ئەنجام نادرێت، ئەوا:
* خودی پرۆسەکە، جگە لەوەی ناوچە دابڕاوەکاندا ئەنجام نەدراوە، لە هەرێمیشدا ناتەواوە، کەواتە وەك ئەوەیە نەکرابێت و لە نیوە زیاتردا شکستی خواردبێت.
* ئامانجەکانی مەسعود بەرزانی شکست دەخۆن، چ لە تەسلیمکردنی هەرێم بە تورکیا، چ لە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی.
* لە بیرمان نەچێت شکستی ڕیفەراندۆم، جیاوازە لە بۆیکۆتکردنی. شکستی ڕیفەراندۆم، چانسی ڕیفەراندۆمێکی تر ناکوژێت و ڕەوایەتی لە ڕوودانی دەسەنێتەوە.
کەواتە ئەرکێکی ئەخلاقی هەر هێزێکی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازە ئەم پرۆسەیە بە هەر نرخێك بێت پەك بخات و نەهێڵێت لایەنی کەم لە هەموو کوردستاندا بە سەلامەتی بەڕێوە بچێت، وەك ئەوەی پارتی و سەرانی خیانەتکاری ئەو پرسە دەیخوازن. خۆ ئەگەر ئاگرەکە نەکرێتەوە جامە نەوتەکەی شاسواریش ناتوانێت کڵپەی زیاتری پێ بسێنێت.

27/07/2017

هەرجارەی باسێک ژمارە (٢٢)/ ڕیفەراندۆم تاوانی تاوانەکان

ڕیفەراندۆم، تاوانی تاوانەکان

سەرەتا
یەکێك لە جیاکەرەوەکانی کۆمەڵگای پێشکەوتوو لە دواکەوتوو ئەوەیە کە یەکەمیان پلانی هەیە و دەزانێت تەنانەت لە داهاتووی دووریشدا چی دەکات و چی دێتە ڕێگای، بەڵام لە دووهەمیاندا لەسەر حسابی ڕۆژ و پێشهاتەکانی ژیان بەڕێ دەکات.

پرسی باسەکەمان ڕیفەراندۆمە لە بەردەم سەربەخۆیی و ئەجێندایەکی نادیاردا! پرسێکی گرنگ و چارەنووسساز دەردەکەوێت و ماوەیەکی زۆر کەمە کە باسی لێوە دەکرێت. تەنانەت دواجار کە بڕیاری لەسەر درا تا ئەو وادەیەی بۆی دانراوە بە هەمووی ناکاتە شەش مانگ! سەیرە پرسێکی ستراتیژی لە شەش مانگدا هەموو پلان و ڕێوشوێنێکی بۆ ئامادەکرابێت؟ بە مەرجێك کۆی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان هێندە پێشکەوتوو نین بتوانن تێکڕای پێویستییەکان لە ڕێگای سیستەمێکی ئەلکترۆنی و سەردەمیانەوە لە ماوەیەکی وا کورتدا تەواو بکەن.

ئەم پرسە دۆخێکە زۆرکەسی ناچارکردوە لەسەری بنووسێت و ڕاو سەرنج پێشکەش بکات، جا با ئەوەش نەهێنێت، تەنانەت ئەوەتا من بۆ خۆشم دەربارەی دەنووسم چەند باوەڕم پێشی نەبێت، سەرباری گرنگی تر و لەپێشینەیی چەندین پرسی تر کە لە ژیانی هەریەکەماندا هەیە (خۆی ئەمە بەشێکی خواستی وروژاندنی پرسەکەیە) لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی ڕوودانی ڕێفەراندۆم زۆر زۆر لەوە گەورەترە کە ئەو هەموو شیکردنەوە و داواکارییە سادەیەی دەربارە دەنووسرێت (بەواتایەك، ئەوەی دنووسرێت دەربارەی و دەگاتە خەڵك هەر زۆر کەمە). گەر لەم دوو دەستەواژەیە بڕوانین، لەوانەیە بپرسین، تۆ بڵێی نووسەر خۆشی بزانێت چی دەڵیت؟ بەڵی، پرسەکە بۆ خۆی وایە هەرچۆن دەستی بۆ بەرین زەرەرمانە. هەریەکەمان لە ئاوازێك دەخوێنین و هەمانە تا دوا هەناسەکانمان بەرگری لێ دەکەین و هەمانە کەمپینی نەخێر و شکستی بۆ دەکەین و بەشێکیشمان بۆیکۆتکردنی پرۆسەکە بە چارەسەر دەزانین، لە هەمووشی خراپتر بێدەنگی بزووتنەوەی گۆڕانە، کە بەشدارێکی پاسیڤی پرۆسەکەیە تا ئێستا.

خودی پرسەکە لە ژێر چەندین پرسیار و گوماندایە، لەم جارەدا هەوڵ دەدەین ئەم باسە پڕ گومانە چەند خێرا بکرێت بخەینە ژێر وردبینێکەوە تا بزانین ئایا ڕیفەراندۆم بکرێت باشە یان نەکرێت؟ ئەی ئەو میکانیزمانە کامانەن پێویستن بگیرێنە بەر و کێ دەتوانێت پێی هەستێت.

چاکە و خراپەی بە پلان و  بە ڕێکەوت
لەوانەیە ئەگەر موچەخۆرێکی داماو بیت و گرانی ژیان وایکردبیت دەرفەتی بیرکردنەوەی وردت نەبێت. یان لەوانەیە دەرفەتیشت هەبێت بەڵام ئازارەکانی ستەمکاری کۆمەڵگاکەمان وایکردبێت، هیچت بە خیاڵدا نەیەت، خۆ ئەگەر بە خەیاڵیشتا بێت هەموو کاتێك بیرت نەبێت چی باشە و چی خراپە کە بیکەیت! ئەمەش هەمووی خەتای خۆت نییە، بەڵکو بەشی گەورەی ئەوەیە، ئەم ژیانەت لێ کراوەتە دۆزەخ! بۆئەوەی لایەنی کەم لەم دۆزەخە بێیتە دەرەوە، ناچاری کەمێك بیربکەیتەوە و چەند پرسیارێك لە خۆت بکەیت، ئەگەرنا بوونت چ واتایەکی هەیە!

لە کۆتاییدا هەر یەکەمان چ کردەیەك ئەنجامبدەین، ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی بۆ بکرێت لە چوارچێوەی بوونێکی ڕاستینەی مرۆیی و پێگەیکی ڕەوشتیدا کۆتایی دێت. کەواتە ڕەوشتی کردەوەکانمان لەو شوێنەدا قەتیس دەبێت کە کردگارەکانمان دەکەوێتە بەردەم هەڵسەنگاندنی چاکەکاری و خراپەکاری. هەڵسەنگاندنێك بە پشتبەستن بە توانستی هزر و بیرکردنەوە و وردەکارییەکانی زانینمان پێوانەکرابیت، نەك تەنیا چاکەکارییەك هەر کەس هەستێت و ناوی لێ بنیت چاکەکاری. ئەم شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنانە ئەرکی گەورەی ڕێنماییکارەکانە، ئەرکی گرنگی ئەوانەیە لە گەڵ ڕۆشنبیری و هۆشیاریدا دەرگیرن، ئەرکی سەرەکی  کادرە سیاسییەکانی کۆمەڵگا و ڕێنماییکارە کۆمەڵناس و هەروەها ئەکادیمییە پسپۆڕەکانە. لە زۆر بڕگەی ژیاندا بۆ دۆزینەوەی خودی چاکەکاری و خراپەکاری، ناکرێت تەنیا لە خودی کردەوەکەدا گیربخۆین، بەڵکو هەنگاوێکمان پێویستە لە ناخێکی زیاتر قووڵەوە بنرێت بۆ  ئاستێکی بەرزتر لە تێگەیشتن. ئەوەش دوا بەرکاری هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی.

لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیشەوە چاکە و خراپە تەنیا لە خۆیاندا ناوەستن، بەڵکو دەگوێزرێنەوە ئاستی نیازەکانامان. جار هەیە چاکەیەك دەکەین بە نیازی چاکە، ئەوەش ئەوپەڕی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی لە ڕووی کردەوە و ڕەوشتەوە، وەك ئەوەی ئاگرێك دەکەوێتەوە و تۆش وەك ڕێبوارێك سەتڵێك ئاو دەکەیت بە ئاگرەکەدا بۆ ئەوەی تەشەنە نەکات و لە سووتان پاریزگاری بکەیت. ئەکرێت خراپەکارییەك بکەیت لە هەمان ڕووداوا بە نیازی چاکە، ئەگەر کەسێکت بینی لە تەنشت ئاگرەکەوە بۆ پاراستنی پاڵێکی پێوە بنێیت و دووریخەیتەوە جا با ئەو پاڵەی تۆ ببێتە هۆی شکانی دەستێك یان قاچێکی کەسەکەیش. ئەشێ چاکەکارییەك بکەیت بە نیازی خراپە، تۆ دەزانیت ئەوە گڕەکە زیاد دەکات، بەڵام دێیت لە بری دەست بردن بۆ سەتڵە ئاوەکە تەلەفۆن دەکەیت بۆ سەیارەی کوژاندنەوە و ناهێڵیت کەس بەسەتڵە ئاوەکانیانەوە نزیکی ڕووداوەکە ببنەوە، بەڵام نیازت ئەوەیە تا ئاگرکوژێنەوە دێن زیاتری شوێنەکە بسووتێت. بێگومان خراپەکاری بە نیازی خراپەش وەك ئەوەیە لە بری ئاو جامێك نەوتیش بکەیت بە ئاگرەکەدا، کە ئیدی دەبێتە تاوانێکی ئاشکرا. مەسعود بارزانی ئاگرەکەی کردوەتەوە و خەڵکانێکی وەك شاسواری نالیاش دێن و لەبری کۆمەك بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە جامە نەوتی پیا دەکەن.

گرنگە ئەو کردەوانە بەر لە ڕوودانیان پێیان بزانین، بەڵام ئەوە کاتێك بەر لە ڕوودانیان دەردەکەون و دەتوانرێت وەك هەڵسەنگاندن پیوانەیان بۆ بکرێت کە ئەگەر مێژووی بکەرەکانیان ئاشکرا بێت و بزانرێت چ نیاز و خواستێکیان هەیە و لە توانای پێشبینییەکانماندا سوودیان لێ ببینین. لە پرسی ڕیفەراندۆمێکی ئاواشدا کە گوایە پرۆسەیەکە و باشووری کوردستان پێیدا دەڕوات، دەبێت بزانین کێی لە پشتە و بۆ وا بەو پەلە پەل و خێراییە دەهێنرێتە پێش.

پارتی و مەسعود بەرزانی
لەو بڕگەیەی پێشوەوە مرۆڤی ئاسایی[1] ناچارە کۆمەڵێك پرسیار ئاراستەی خۆی بکات. ئایا پارتی کێیە؟ مێژوەکەی چۆن هاتوە و کێ دەستی پێکردوە و چۆن بەم ڕۆژە گەیشتوە؟ ئەوانەی دروستیانکردوە چیان بەسەر هاتوە؟ لە دواجاری ململانێکانی ناوخۆیدا کێ دەستی بەسەر ئەم کۆبەندەدا گرتوە؟ بە درێژایی مێژووی خۆی پارتی و مەسعود بارزانی چیان کردوە، بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ نیشتمانەکەی. پاش وردبوونەوە بۆت دەردەکەوێت پارتی و سەرۆکەکەی ئاماددەن پەنا بۆ هەموو شتێك ببەن تا بتوانن بە هۆیەوە بەردەوام بن لە مانەوە و خۆسەپاندندا و لەوەیش زیاتر نەریتێکی سیاسی چپەڵیان درووستکردوە بۆ هەموو ئەوانەی تریش. لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٨٨ ئەوان کەمێك لە هەژموونی سیاسی و بەرەنگاری کوردستان دوور کەوتوونەتەوە. هەرچەندە ئاواش لە ساڵی ١٩٧٩ تا ساڵی ١٩٩١ هەر لە ڕێگای هێزە بە کرێگیراوەکانی ڕژێمی شکستخواردوی بەعسەوە لەمپەڕێکی گەورە بوون لەبەردەم بەرهەڵستی چەکدارانەی خەڵکی کوردستاندا کە ئەو کات (ی.ن.ك) و بە تایبەت لە ڕێگەی هەژموونی (کۆمەڵە) و لە ژێر ناوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و شۆڕشی گەلی کوردستاندا بە گشتی و لە ناوچەیەکی جوگرافی فراواندا ڕێبەرایەتی دەکرا. ئەزموونی کۆمەڵگایەك لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی و بە تایبەت مەسعود بارزانیدا کە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کۆبووبێتەوە ئەبێت چاکەکارییەکی چۆنی لێ چاوەڕوان بکرێت؟ ببینە مێژوویان بە چ کردەوەیەك ڕازاوەیە:
·                لە شۆڕش و کۆمارەکەی مهاباددا ئەوان ڕۆڵی ناپاکانە و پیلانگێڕانەیان گێڕاوە.
·                لە پەنجاکاندا تا دوا سنوورەکانی دژایەتی ڕێگر بوون لەبەردەم خەباتی چینایەتیدا کە ئەو کات حیزبی شیوعی ئێراق ڕابەرایەتی کردوە.
·                لە شەستەکاندا پارتی بە دەیان ئەندام و سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان تیرۆرکرد و لە نێویاندا شەهیدکردنی سولەیمانی موعینی ناسراوترینیانە بۆ مێژوو، کە لە لایەن هێزەکانی بارزانیەوە لە ساڵی ١٩٦٨ دا جێبەجێکراوە و تەرمەکەی ڕادەستی ڕژێمی ئێرانی ئەو سەردەمە کراوەتەوە.
·                ئاشبەتاڵی "شۆڕشی ئەیلول"، لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥. کە بە پێی لێدوانەکانی د. مەحمود[2] بێت، ئاشبەتاڵ لەبەرددانی هەموو تواناییەکی ناوخۆیی و نیشتمانی بوە لە پێناوی نۆکەرایەتیکردنی بارزانیدا بۆ هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان وەك هەموو کاتێك.
·                شەڕی دژی کۆمەڵە و دیموکراتی ئێران لە ساڵەکانی ١٩٨٠ و دواتردا وەك خزمەتکردنێك بە ئێران و دژ وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو ناوچانەی کە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە دەرفەتی ڕووخانی ڕژێمی شاهەنشاهی ئێراندا و لە ساڵی ١٩٧٩ ڕزگاریان کردبوو.
·                تاڵانکردنی بەنداوی بێخمە و هەموو کەل و پەلە سەرەکییەکانی، کە پرۆژەیەك بوو دەیتوانی گرفتی ئاوی پاك بۆ هەموو کوردستان و بەشێکی ئیراقیش چارەسەر بکات، گەر پرۆژەکە تەواو بکرایە.
·                ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی بەعسی صەدامی و داگیرکردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی هاوینی ١٩٩٦دا، کە بە خیانەتی ڕەش و گەورەی ٣١ی ئاب ناسراوە.
·                پشتگوێخستنی مادەی ١٤٠ و ڕیفەراندۆمی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوكی (دڵ و قودسی کوردستان) بۆ ماوەی پتر لە دوانزدە ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە.
·                هەر سوپایەکی داگیرکەری کوردستان خواستی هەبووبێت ویستبێتی کوردستان تاڵان بکات ئەوان بۆ زەکاتی تاڵانییەکەی کەوا سووری پێشی لەشکرەکەی بوون، پێشلەشکریان بۆ سوپای ئێرانی و تورکی و بەعس و تەنانەت دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یش کردوە. لە ڕاستیدا پشتکردنە دوژمن ڕووکردنە خەڵکە، تەنیا لە شەنگالدا بوونە هۆکار بۆ ئەنفالی نوێی پتر لە پێنج هەزار دانیشتووی یەزیدی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئەوان یەکێك بوون لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ کاولکردنی یەكێك لە مێژووییترین شارەکانی باکوری ئێراق کە موسڵ بوو، بەتەنیا لە زانکۆ موسڵ و کتێبخانەکانیدا پتر ١٨٥ هەزار توێژینەوەی زانستی و سەرچاوەی زانستی بە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی سووتێنراون، دەیان شوێنەواری کولتووری و پاشماوەی دێرینی مرۆڤایەتی وێرانکراون.  
·                هەوڵی بەردەوام و گەورەیان بۆ تێکدانی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و پشتیوانی کردن لە هەموو هێرش و پەلاماردانێکی تورکیا دژی ئەو ئەزموونە.
·                تاڵانکردنی ژێرخانی ئابووری و سامانی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ پتر لە ٢٥ ساڵی حوکمڕانی خۆیان لە هەرێمی کوردستاندا، هەر لە شێواندنی بەرهەمی نیشتمانی و تاڵانی داهاتەکانی گومرك و تاڵانی سامانی سروشتییەوە تا دەگاتە داهاتە خزمەتگوزارییە چکۆلەکان.
·                دزی و تەزویر کردن لە هەموو هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا و یەکلایی کردنەوەی ململانێکان لە ڕێگای هێزی زۆرەملێی دوژمنان و ترسنۆکانەی هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆیانەوە.
·                چەندین خاڵی گرنگی تر وەك سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و بەکارهێنانی موچە وەك چەکێکی تۆڵەسێن و درۆکردن لە نوێنەرایەتی کردنی خەڵکدا و چەندینی تر، کە ئەگەر هەموویان ڕیزکەین بە کتێبێکیش تەواو نابن، نەك چەند خاڵێك.

ئەمانە هەموویان بە مەبەست وەك خیانەتی گەورەی نیشتمانی و بۆ داکۆکی لە بنەماڵە ئەنجامدراون و لە ژێر چەتری نەتەوەپەرستیدا شاردراونەتەوە.


گەورە تاوانی ڕیفەراندۆمەکەی مەسعود بارزانی

سەر باری ئەوەی ڕیفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان ناقایلییەکی ڕای سیاسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەسەرە، سەرباری دژایەتییەکی زۆری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرۆسەیە، کەچی هێشتا مەسعود بارزانی کەوتوەتە گیانی و سوورە لە سەر ئەوەی کە هەر دەبێت بکرێت. "سەرۆکێکی، بۆڵدە" ناپلیۆن ئاسا کە شتێکی وت سەریشی لە پێناویدا دادەنێت! مەسعود بارزانی هەرگیز لەوانە نەبوە کە بتوانێت گرەو لەسەر سەری خۆی بکات. ئەم کردەوەیە، بەندە بە مانەوەی مەسعود و باندی بنەماڵەکەیان لە شوێنی خۆیاندا، بۆیە تەنانەت گەر تاوانیش بێت وەك هەموو جارەکانی تر پەنای بۆ دەبەن، ئەوە جگە لەوەی ئەوان جێبەجێکار و خزمەتکارێکی بێ ڕکابەر و پلە یەکی هەر دوژمنێکن سووکە تەماعێکی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبێت.

ڕیفەراندۆم لە دۆخێکی وەك ئمڕۆدا، وەك هەنگاوێکی سیاسی؛ کردەوەیەکە لە تاوانە گەورەکانی مێژووی ئێمە کە کوردستان ڕوو بەڕووی دەبێتەوە و تەنانەت مەترسییەکانی لە خیانەتی گەورە و ڕەشی ٣١ی ئاب زیاتر و ترسناکترن. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەرداین، یان ڕیفەراندۆم دەکرێت یان ناکرێت، بەڵام با بزانین ئاکامی ئەم ئەگەرانە بە چ شوێنێك دەگەن:

یەکەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەوا ئێمە وەك ئیستا دەمێنینەوە و دەبێت لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکانماندا ژیان بەڕێ بکەین و کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکانیان. قەیرانەکانیش بە جێگا و دۆخێك گەیشتوون کە ئیدی لە تونادا نەماوە خەڵك دان بەخۆیدا بگرێت و بە دەستسپێتی بەدیاریانەوە دانیشێت. بۆیە دۆخی گوزەر بە هیچ شێوەیەك لە قازانجی دەسەڵاتی کوردی و باند و بنەماڵە حوکمڕانەکانیدا نین.

دووهەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ڕیفەراندۆم بین! بەر لەوەی باسی ئەگەرەکانی ڕیفەرادۆم بکەین دەبێت چەند دراوێك بخەینە ڕوو وەك پێشینەیەك:
دراوی یەکەم: ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، ئەوا بەکارهێنانی دەنگ و خواستی سەربەخۆییە دژی سەربەخۆیی.
دراوی دووهەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ڕەوایی (شەرعییەت) ی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە! ناوخۆیی زۆر لەق و ناتەواوە، دەرەکی نزیکەی نەبوە.
دراوی سێیەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ئابوورییەك هەیە لایەنی کەم بتوانێت بژێوی نیوەی دانیشتوان و تەندروستی و پەروەردە و خۆراك و ئاسایش و بەرگری دابین بکات، دوو ساڵی ڕابردوو پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن.
دراوی چوارەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە هێزێکی ئامادە هەیە بەرگری لێ بکات، هەندێ کات ڕەوایی نیودەوڵەتی ئەو رۆڵە دەبینێت. کوردستان هیچی کامیانی نییە، بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ هێزی دوژمنە پێشبینی کراوەکانی.
دراوی پێنجەم: خودی ئەو دەستەو لایەنەی فوو دەکاتە خۆی و ڕابەرایەتی پرۆسەکە دەکات هیچ ڕەواییەکی یاسایی و دەستووری نەماوە.
دراوی شەشەم: لە پرۆسەی ئاوادا زۆرینەی کارتی سپی لەگەڵ زۆرینەی بۆیکۆتدا، تەنیا لە ڕووی چالاکی سیاسییەوە جیاوازن، بەڵام وەك ئەنجام هەردووکیان دەگەنەوە ئەنجامەکانی بۆیکۆتکردن.

ئەگەرەکانی ڕێفەراندۆم: ئەم پرۆسەیە (ڕیفەراندۆم) چەندێك باش ئەنجامبدرێت و پلانی بۆ دابنرێت، کەچی هێشتا لە سروشتی خۆیدا چەکێکی دوو دەمە یەکێك لە دەمەکانی دژی بکەرەکەیەتی و ئەوەی تریان ڕووی لە نەیاری بکەرەکەیە. ئەم ڕیفەراندۆمەی مەسعود بارزانی هەردوو دەمەکەی ڕووی لە گەلی کوردستانە و دەسکی تیغەکەش ئەوەتا بەدەستی نەیارەکانی ئەم گەلەوە، بزانین چۆن:

ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبێت:
ئەوا گۆڕینی ڕای دەستووری و یاساییە بە ڕای جەماوەری، مەبەستی سەرەکی لێی پێکانی ئامانجەکانی (پ.د.ك)ە و مانەوەی مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەیەتی لە سەرتۆپی دەسەڵاتێکی گەندەڵکاری تاڵانچییەوە بە پشتیوانی باندێکی مافیایی کە لە ناو (ی.ن.ك)دا پشتیوانی لێدەکرێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە وتارێکی پەرلەمانتاری ئێراق لەسەر لیستی گۆڕان (مەحمود ڕەزا ئەمین)، ماڵپەڕی NRT ١٢/٧/٢٠١٧ بە ناونیشانی (ڕیفەراندۆم و پەرلەمان: پارتی و گۆڕان)، سەرباری تێبینی لەسەر ئەو وتارە، بەڵام بەباشی ڕوونی کردوەتەوە پارتی چ تەمایەکی نا نیشتمانی و نا دیموکراسیانەیان هەیە!،  ئەمەش بەستەرەکەیەتی:

ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت:
یەکەم؛ هەل و مەرجەکانی سەربەخۆیی ئامادە نین بڕوانە دراوەکانی سەرەوە (دوو، سێ، چوار). تەنیا دوو نمونەی چکۆلە: ڕیفەراندۆمێك کە بەر لە ڕوودانی هیچ دانێکی پێدا نەنرێت چی لێ دەکەوێتەوە؟ یان بۆ چی دانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگە؟ بەهۆی ئەو دانپێدانانەوە ئەگەر دوژمنەکانی کوردستان هەر کردەوەیەك بەرامبەر بە ئەنجامی ڕیفەراندۆمەکە بکەن، ئەوا پێشێلی ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتیان کردوە. خۆ ئەگەر ئەم چەترە نەبێت پشتوانی سەربەخۆیی دەبێتە توڕەهاتێکی هیچ. ئەی گوایە، چ پشتیوانییەك هەیە و ئێمە نایزانین و تەنیا سەرۆکە ئێکسپایەرەکەمان دەیزانیت!
دووهەم؛ هەل و مەرجی پێشوەختی سەبەخۆیی، هەل و مەرجی پێشوەخت بۆ سەربەخۆیی هێزە، ئێمە باسی ژینگەی شارستانی و ژیاری ناکەین وەك فەنتازیایەك، بەڵام هێز پێش مەرجێکی گرنگە، بە تایبەت کە پشتیوانێکی یاسایی نێودەوڵەتی نەبێت قەرەبووی ئەو هێزە پشتیوانەت بۆ بکاتەوە. لێرەدا ئایا کوردستان و هەرێمەکەی "سەرۆك"ی ئێکسپایەر، بە تەنیا خۆی چ هێزێکی هەیە کە ڕوو بەڕووی دوژمنەکانی پێ ببێتەوە؟ ئێمە قسە لە سەر دوو هێز دەکەین، هێزێکی سەربازی و هێزێکی ئابووری (هەموو جۆرەکانی تری هیزی زانین و پسپۆڕی و هێزی تەکنۆلۆجی و هێزی زانستی....تاد، با خاتری "سەرۆك" بن). لەبەر ئەوەی هیچ کام لە نەیارەکانی کوردستان پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان ناکات، ئەوا بوونی هێزێك کە بتوانێت بەرگری لە مانەوەی ئەو قەوارە سەربەخۆیە بکات گرنگییەکە ناتوانین دەستبەرداری ببین. ئەگەر بارزانی بەڵێنێکی شەفەهی لە ئەردۆغان و ئیدارەکەی وەرگرتوە، ئەوا بەڵێنەکەی تەپکەیەکی زۆر گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە دەنگی خەڵکی کوردستان هەر خۆ بە خۆ دەبێتە جێبەجێکاری ئەو خەونەی تورکیا لە گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ هەیەتی. ئەوە ئیتر قسە لەسەر هیچ کام لە وردەکارییە یاسایی و پراکتیکییەکانی تری ناکەین. بەڵام ئەم پرۆسەیە چۆن ڕوو دەدات:
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا نەکات؟
ئەوا دەبێتە چەکێك بە دەست دوژمنەکان و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ پرۆسەیەکدا نین کە سەرکردایەتی سیاسی دەیخاتە بەردەست و بە شەرعیەتێکی لاوازەوە مەسعود بەرزانی ئەنجامەکانی دەچنێتەوە. ئەمەش مەترسییەکانی بۆیکۆتکردنە، ئەگەر بۆیکۆتێکی سەرانسەری نەبێت. کە ئەمەی دواییان ڕوونادات، چونکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەزۆر و بە ساختە هەر بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا بکات؟
ئەوا؛ ئەنجامەکان یان زۆرینەیان سپی دەبن، یان زۆرینە نەخێر دەبن، یان زۆرینە بەڵێ دەبن!
ئەگەری زۆرینە سپی:
زۆر لاوازە، بە پێی ئەزموونی مێژوویی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەروەها بەپێی زۆر و ساختەکارییەکانی پارتییەوە. خۆ ئەگەر هێشتا ڕوو بدات ئەوا هەمان ئەنجامی بۆیکۆتی دەبێت بڕوانە دراوی شەشەم.
ئەگەر زۆرینە نەخێر بێت:
ئەوا خەونی سەربەخۆیی لەسەر خوانێکی ئاڵتوونی پێشکەش بە دوژمنە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکرێت، وەك ئەو ڕاسپاردەیەی کەوتوەتە سەرشانی (شاسوار). خواستی دەرەکی بە تایبەت ‌هێزە زەبەلاحە دەرەکییەکانی وەك یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت ڕووسیاش ئەوە نییە کوردستانێکی سەربەخۆ هەبێت. بەردەوامی گرێی کوردستانیان، دەکاتە بەردەوامی پشێوی لە ناوچەکەدا، کە دەکاتە دەرفەتی هەمیشەیی بۆ دەستکاری ئەوان و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان خۆیان. هەروەها لە پرانسیپی دیموکراتی و یاساییشیاندا ئەو سەردەمە بەسەرچوە ئەوان بێن و ڕێگری لە ڕوودانی کارێکی ئاوا بگرن، بەڵام ئەگەر ڕوویدا ئەوا ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی بە دڵی ئەوان بێت! بۆیە ڕێفەراندۆم ئەگەر ئاگرێکە مەسعود بارزانی کردبێتییەوە، ئەوا تێزەکەی (شاسوار عەبدولواحد) جامە نەوتەکەیە بۆ گیانی ئەم کۆمەڵگایە.
ئەگەر زۆرینە بەڵێ بێت:
ئەوا کارتی سەربەخۆیی دەکەوێتە قووڵترین گیرفانی ناپاکترین و تاوانبارترین هێزی کوردییەوە، کە بێگومان چۆن سامانی نیشتمانی تەسلیم بە ئەردۆگانییەکان کردوە، بە هەمان شێوە خەونی پاوانی ناوچەییشیان دەهێنێتەدی. پرۆژەی ئیسلامیزم لە ناوچەکەدا تا ئەم ساتەش لە دەسەڵاتی ڕۆژئاواییەکان نەچۆتە دەرەوە و ئەوان بەردەوام لە خواردنی بەرەکەی. بۆیە ئەوە خەون و پڕوپاگەندەیەکی بەتاڵە کە گوایە ڕۆژئاواییەکان لە تورکیا توڕەن، بەڵێ ئەشێ لە هەندێ سیاسەتی ئەردۆغان ناقایل بن، بەڵام لە کۆی پان تورکیزم لە ناوچەکەدا گلەییەکی ئەوتۆیان نییە، گلەییان لە چۆنێتییەکەی هەیە. گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ ژێر ئینتیدابی تورکی لە ڕێگای بنەماڵەی بەرزانییەوە؛ شاپێڕەی قومارە گەورەکەی مەسعودە بۆ ئەوەی لەوارەکەی تورکیا هیچ نەبێت کوێخایەتییەکی درێژخایەنی دەست بکەوێت.

چارەسەر

تاکە چارەسەر برتییە لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەم ڕێفەراندۆمە. ئەشێ زۆر ئاستەم بێت ڕێگری لە پرۆسەکە بکرێت لە هەموو کوردستاندا، بەتایبەت بە هۆی زۆر و ستەم و ساختەکارییەوە لە ناوچەی زەرددا ئاستەمە، بەڵام خۆ دەکرێت لەو ناوچەیەدا بۆیکۆت بکرێتە کەرەستەیەك بۆ بەرهەڵستکاری. هەروەها ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گۆڕان و یەکێتی کاری ئاسانترە و دەکرێت ناوەندەکانی دەنگدان دەستیان بەسەردا بگیرێت و ڕێگری تەواو بکرێت لە ڕوودانی هەر هەنگاوێك کە بۆ ڕێفەراندۆم دێتە پێش. بە تایبەت کەرتی پەروەردە و تەندروستی و هێزی کارمەندانی بێموچە بە ئەندازەیەکە زۆری لەم بارەیەوە پێدەکرێت. هەروەها دەکرێت بزووتنەوەی گۆڕان ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەت کاندیدی پلە یەکە بۆ ڕێبەرایەتی ئەم بەرهەڵستکارییە لەم وێستگە خێراییەی مێژووی ئێمەدا. با وای دابنێین ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ناوچەی نیللی و سەوزدا شکست دەخوات و ئەنجام نادرێت، ئەوا:
·       خودی پرۆسەکە، جگە لەوەی ناوچە دابڕاوەکاندا ئەنجام نەدراوە، لە هەرێمیشدا ناتەواوە، کەواتە وەك ئەوەیە نەکرابێت و لە نیوە زیاتردا شکستی خواردبێت.
·       ئامانجەکانی مەسعود بەرزانی شکست دەخۆن، چ لە تەسلیمکردنی هەرێم بە تورکیا، چ لە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی.
·       لە بیرمان نەچێت شکستی ڕیفەراندۆم، جیاوازە لە بۆیکۆتکردنی. شکستی ڕیفەراندۆم، چانسی ڕیفەراندۆمێکی تر ناکوژێت و ڕەوایەتی لە ڕوودانی دەسەنێتەوە.
کەواتە ئەرکێکی ئەخلاقی هەر هێزێکی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازە ئەم پرۆسەیە بە هەر نرخێك بێت پەك بخات و نەهێڵێت لایەنی کەم لە هەموو کوردستاندا بە سەلامەتی بەڕێوە بچێت، وەك ئەوەی پارتی و سەرانی خیانەتکاری ئەو پرسە دەیخوازن. خۆ ئەگەر ئاگرەکە نەکرێتەوە جامە نەوتی کەسیش ناتوانێت کڵپەی زیاتری پێ بسێنێت.


[1] مرۆڤی ئاسایی مەبەست لەو مرۆڤەیە کە لە ژێر کاریگەری هیچ جۆرە هزرشۆردنەوەیەک و گێلکردن و مەستبوونێکی خەیاڵیدا نەبێت بە هۆی بیرۆکەیەک یان بەرژەوەندییەکی ماددی و مەعنەوییەوە.
[2]  دکتۆر مەحمود عوسمان ناسراو بە دکتۆر مەحمود سۆرانی.