بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





06/03/2018

بکوژانی مێژوو و یاریدەدەرەکانی!‏



باسەکەمان زۆر بە کورتییە، تایبەتە بە سەرنجێك لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١. ئەو ڕاپەڕینەی بوە مێژوو، بەڵام مێژوویەك هەموو ڕۆژێك تیرۆر دەکرێت و دەکوژرێت. بکوژانی مێژوو، وەك چەمکێك یان تێڕوانینێك باس ناکەین لێرەدا، بەڵکو تەنیا ئاماژە بە دوو جۆر ڕۆڵی زۆر دیار دەدەین کە یەکێکیان بکوژی سەرەکییە و ئەوی تریان دەبێتە یاریدەدەری بکوژە تاوانبارەکە. ئەم کورتە تێڕوانینە تەنیا بە هیوای درووستکردنی پرسیارە بۆ ئەوەی هەندێك لەو یاریدەدەرانە کە هیچکات مەبەستیان تاوانکاری نییە و نەبوە سوودی لێ ببینن و بە دیدێکی ترەوە لە ڕاکانی خۆیان بڕوانن. بەتایەبەت ئەوانەی دەرفەتیان دەبێت بابەتەکە بخوێننەوە.
کەس نییە، کەمێك تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی هەبێت و توانای لێکدانەوەی هۆکارە مێژووییەکانی هەبێت، باوەڕ بکات کە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵکی کوردستان؛ بەهۆی ئەو شڕە شۆڕشەوە درووستبووبێت کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بووبوو بە کوانووی ڕق و کینەی هەموو ئەو دەرەبەگ و خۆسەپێنە یاخیانەی ناسیۆنالیستی کوردی کە ناویان لە خۆیان نابوو سەرکردایەتی شۆڕش. هەموو بێگومانین لەوەی زۆری تاوان و بێ ئەندازەیی دڕندەیی ڕژێمی فاشست و سۆڤێنستی بەعسی عەرەبی، ڕقی جەماوەری ئەستوورکرد تا ئەندازەی کە (مەرگ باشتر بوو لە ژیان). هەروەها دەزانین، هەلومەرجی نێودەوڵەتی و جەنگەکانی کەنداو دەرفەتێکیان خوڵقاند بۆ بەرپابوونی ڕاپەڕینی ئەو ڕۆژە.
ڕاپەڕینی ٢٧ ساڵ پێش ئێستا، ئەزموونی نەبوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانی بەهێزمان دێنێتەوە یاد کە هەمیشە دەبێت لێوی پەشیمانی بۆ بکرۆژین. کە ئەگەر ڕێکخراوێکی لەو جۆرە لەو دەمەیدا هەبوایە و بابەتیانە مامەڵەی دۆخەکانی بکردایە، بێگومان چەتەکانی "کوردایەتی" هەرگیز نەیاندەتوانین لە دزی و تاڵانی گومرکی لادێکانەوە لە سەردەمی چەکداریی خۆیانەوە بێنەوە و دەست بگرن بەسەر ئەو ڕقە ئەستوورەی خەڵکدا و مێژووی خوێناوی ئەو خەڵکە بکوژن و تیرۆری بکەن. کەواتە ئەگەر بکوژانی ئەو مێژوە چەتەکانی کوردایەتی بن، ئەوا ئێمەی (خەڵك) بەرپرسیارین لەو ڕاستیەی کە لە کاتی خۆیدا نەمانتوانی بوو، بەر بەم بکوژانەی مێژووی خۆمان بگرین، بێگومان خەڵکێکی زۆرمان هەبوون کە زۆر باش دەیناسین. هەر دەبوو زووتریش بەر بە هاوبەشەکانی درووستکردنی ئەنفال و کیمیاویکردنی کوردستان بگرین.
زۆر دەبینین لێرە و لەوێ، خەڵك بێ ئاگایانە و نا بەرپرسانە کەوتوونەتە گیانی ڕاپەڕین و قسە بە مێژوویەك دەڵێن چارەکە سەدەیەك زیاتر لە تەمەنی تێپەڕیوە، وەك ئەوەی ئەو مێژوە لە خۆڕا بەو جۆرە هەتککرابێت کە ئیستا دەرئەنجامەکان هەمووی بەهۆی خودی ڕاپەڕینی خەڵکەوە بن. بێگومان بەم جۆرە لە بیرکردنەوە ئەو جۆرە لە خەڵك هیچی تر ناکەن، بەڵکو تەنیا بۆ داماڵینی تاوانە مێژووییەکان لە شانی خۆیان هەڵدەستن بە کوشتنەوەی مێژوەکە و ئەوانەش کە خۆ دەدەن بەدەست ئەم بیرۆکانەوە دەبنەوە بە یاریدەدەری تاوانکار. ئەگەر مێژوویەك بۆ ئێمە لە وێنەیەکی کوژراو و بێ گیاندا دیار بێت، ئەوا تەنیا بە هەڵسەنگاندن دەتوانین بەر بە دووبارە کوشتنەوەیە بگرین. هەرکات مێژوومان هەڵسەنگاند و لە کردەیەکدا هەستاین بە ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی ئەو مێژوە، ئەوا ئەو دەمە دەتوانین بەشدار نەبین لە تاوانی کوشتنەکەیدا، نە بکوژبین نە یاریدەدەری بکوژ.
مێژووی ئێمە بەردەوام لە کوژراندا دەژی! بەلاتەوە سەیرە، کەسێك باسی بەردەوام کوژرانت بۆ بکات! هیچ نییە بەردەوام بمرێت و بکوژرێت، هیچ نییە وەك مێژووی ئێمە دەستەوەستاوبێت لەبەردەم مردندا، هیچیش نییە وەك مێژووی ئێمە ئەوەندە قیرسیچمە بێت هەموو ڕۆژێ بمرێت و بۆ هەزار بارە کوژران زیندوو ببێتەوە! ئەوانەی دەمرن یەك جار دەمرن و بۆ خۆیان دەبن بە مێژوو. بەڵام مێژوو سروشتێکی تری هەیە، کە دەمرێت هەموو ڕۆژێك هەموو ساتێك دەمرێت و ئێمە لە دۆخی هەستکردن بە مەرگدا لەگەڵیدا ئێستا و داهاتوومان دەژین. چارەسەرێکی ترمان نییە تا ئەو دەمەی ماوینەتەوە، ئەوە نەبێت لەو مەرگە بێینە دەرەوە و بەڕاستی بژین. چونکە مێژووی ئێمە بەگاڵتە و گەپ بەسەری دەبەین و ئەو بەڕاستی هەموو ڕۆژێك دەمرێت. هەر کەس مێژووی مرد نە هەست بە ئاسوودەیی دەکات نە چێژ لە ژیان دەبینێت. جاری تریش باسمانکردوە مێژوو ئەو ساتانە نین کە تێپەڕیون، ئەوانەن کە هێشتا نەهاتوون. تێپەڕیوەکانیان تەنیا وانەیەکن لەسەر ڕەفەکان و ئەوانەیان نەهاتوون ڕاستییەکانن کە دەبنە وانە. تێپەڕیوەکانیان ئەو زامانەن کە ساڕێژ بوون و هاتوەکان ئەوانەن کە هێشتا زامیان لێ دەچۆڕێت، گرنگە چۆن ساڕێژیان دەکەین.  
لە زۆر کەسم برسیوە، ئایا چارەسەر کۆتایی هاتوە؟ یان جارێ هیوایەك هەیە؟ ئەوەی جێی دڵخۆشییە خەڵك بێ هیوا نییە، بەڵام هەمووی لە دووری هیوا دەترسن. بێگومان ئەگەر هیواکانمان 100 ڕۆژە ڕێ دووربن، کاتێك ئەمڕۆ دەستپێدەکەین، بەیانی دەبنە ٩٩ ڕۆژ و دوو بەیانی دەبنە ٩٨ ڕۆژ. ئەگەر بەیانی دەستپێبکەین ئەوا دەبنە ١٠١ ڕۆژ و دوای بەیانی دەبنە ١٠٢ ڕۆژ و دواتر دوورتریش دەکەونەوە. پرسی هیوا پرسێکی ماتماتیکی نییە! بەڵام بە ماتماتیك بەرجەستە دەبێت! ئەگەر ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ ڕاپەڕینی مەدەنی خەڵك، ڕێکخراو بوایە هیچ هێزێکی هەلپەرست نەیدەتوانی بە چەند پۆستێك بیفرۆشێت. ئەگەر لە دهاتووش هەر بارودۆخێکی بابەتی مێژوویی بێتە پیشەوە ناتوانین سوودی لێ ببینین ئەگەر ئێمەی خەڵك لە چوارچێوەیەکی دیسپلینکراوی بەبەرنامەدا خۆمان ڕێكنەخستبێت. بۆیە ئەوەی مێژوو دەکوژێت تەنیا هیزە تاریکەکانی مێژوو نین، بەڵکو نەسوتان و بەخشندەیی ئەو پنتە ڕووناکیانەش یارمەتیدەرن کە نایانەوێت بەشدارانە بێنە پێش و کۆمەك و ئەلتەرناتیڤی داهاتوو وێنابکەن و بیاندۆزنەوە و لە خۆیان وزە و توانایی پێی ببەخشن.