بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/09/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٦) ماتماتیکی کاندید و دەنگدەر، بەشی دووهەم ٢-٣


ماتماتیکی کاندید و دەنگدەر، تێڕوانینێك لەسەرەوە:

لە هەر سیستەمێكی سیاسیدا کە بنەماکانی شێوگی سەرمایەداریان بۆ ڕێکخستنی ئابووری و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا وەرگرتبێت، هەڵبژاردن هەمیشە تێیاندا خزمەت بە کۆی بەشە سیستەمەکان و دواجاریش کۆی هەموو سیستەمەکە دەکات. جا ئیتر هەر کامێك لە ئاراستەکان لە هەڵبژاردنێکدا سەرکەوتوو بن، گرنگ نییە. تەنانەت ئەشێت ئاراستەیەك بە ڕواڵەت و بەشێوەیەکی بەشەکی دژە سەرمایەداری بێت، کەچی هەر دەچێتەوە خزمەت هەمان سیستەم لە کۆتاییدا کاتێك بەهەمان کەرەستە و پێکهاتەکانی بنەڕەتەکە کاردەکات. بە تایبەت لە سیستەمی سەرمایەداری پێشکەوتوودا کە کۆی کارنامە سیاسییەکان پشت بە سێ دامەزراوەی زەبەلاحی گرنگ دەبەستن. ئەم سێ دامەزراوەیە کارێکی زۆر ورد و گرنگ دەکەن لە ناو پرۆسەی مێژووییدا و لە چوارچێوەی ئەم کارە گرنگەدا پەراوێزێکیان بۆ پەراوەی ئازادی و کاری سیاسی ڕەخساندوە بە جۆرێك کۆی کارەکان لە خزمەت کۆی سیستەمەکەدا دەمێنێتەوە. ئەو دامەزراوانەیش بریتیین لە:
١. دامەزراوەکانی توێژینەوەی زانستی و تەکنیکی: ئەم دامەزراوانە هەموو زانکۆکان و بانکەکانی زانیاری و توێژینەوەی زانستی و تەکنۆلۆجی دەگرنەوە و هەمووشیان پێکەوە و بە تێکڕایی بە دونیابینی و میتۆد و نەخشەڕێی فەلسەفەکانی سەرمایەداری بەڕێوە دەچن و پێشنیارە زانستییەکان بەرهەمدەهێنن، بەتایبەت لە سەدەی بیستویەکەمدا تەنانەت چکۆلەترین تیۆر یان پرۆژەی زانستی کە بخرێتە کارەوە دەبێت بە پاڵاوتەی کاریگەرییە ئابوورییەکانی ستراتیژە زەبەلاحەکەی سەرمایەداریدا تێپەڕببێت.
٢. دامەزراوە بیرۆکراتییەکان: ئەو دامەزراوانەن کە کۆی یاسا و سیستەمی کۆمەڵگاکان بەڕێوە دەبەن. زۆرجار ئەمانە ئیلهام و ڕێنمایی و پێشنیار لە دامەزراوە زانستییەکان وەردەگرن بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان. دامەزراوە بیرۆکراتییەکان هەموو دامەرزراوە کارگێڕی و کاربەڕێکەرەکانی حکومەت و ڕێکخراوە نیمچە حکومەتییەکان دەگرنەوە کە بەشێوەیەکی گشتی باشترینیان ئەوانەن کە یاسا و ڕێنماییەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکەن.
٣. دامەزراوەکانی ئاسایشی باڵا: ئەو دامەزراوانەن کە سیستەم دەپارێزن و لە هەر بڕگەیەکدا سیستەم تووشی گرفت و مەترسی ببێت، ئەوا هەموو توانایەك بە گەڕ دەخەن بۆ دوورخستنەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی سەر سیستەم. لە پرسی مەترسی و هەڕەشەدا بۆ سەر سیستەم هیچ بنەما و بەهایەکێ ئەتیکی و ڕەوشتی گشتی ناخوێننەوە، جگە لە بەها بنەڕەتییەکانی مانەوەی سیستەم. واتە هەموو لەپێشینەبوونێکی کاریان (ئەولەویەتی کار) بۆ سیستەمە. تەنانەت ئەو بنەما مرۆییانەش کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن و یەکێکە لە بەها گەردوونییە گەورەکان کە بیانووی ڕوەو کۆمەڵگای سەرمایەدەرییە، زۆر بە ئاسانی دەرچەیەکی بۆ دەدۆزنەوە و هەر کاتێك پێویستی کرد لە پێناوی بەردەوامی سیستەمدا باڵاترینیان پێشێلدەکەن.
کۆی ئەم سێ چەشنە لە دامەزراوە کە هەموو ڕێکخراوەکانی تێدا کۆدەبنەوە، جا ئەو ڕێکخراوانە ڕێکخراوی مەدەنی خەڵك بن یان ڕێکخراوی سەربازی دەوڵەت، حیزبە سیاسییەکان بن یان زانکۆ و پەیمانگا هونەرییەکان...تاد. کارکردنی ئەم دامەزراوانە لە چوارچێوەی مێژوودا یەکانگیر دەبێتەوە و ناوەندی باڵای بڕیار دەستی بە هەرسی دامەزراوەکە دەگات و سەر لە سروشت و میکانیزمەکانیان دەردەکات. بۆیە زۆرجار دەبینین هەنگاوی سەیروسەمەرە دەنێن، چونکە لە هاوسەنگی گشتیدا هەندێ بڕیار هەن مەرج نییە زانستی بن، بەڵام پێویستییە بیرۆکراتییەکان دەیخوازن تا بەهۆیەوە هەنگاوی دوور مەوداتر بنێن. هەندێ جار هەنگاوەکان زۆر بە گران جێبەجێ دەبن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاسایشی گشتی دەیخوازێت هەموو تواناییەکی زانستی و کارگێری دەخەنەکار بۆ جێبەجێکردنی. بۆ ڕوونکردنەوەیەکی خێرا، دەتوانین بڵێین ئەم دامەزراوانە بە شێوەی ماتریکسێك لەسەر تەوەرەکانی کات و مێژوو کار دەکەن، کە دەتوانین بە سادەیی ئاوا بیبینینەوە:

تێبینی: کاتێك دەڵێین بەرژەوەندی باڵای سیستەم لە پێشینەی یەکەمی هەیە، واتە بۆ نمونە ئەگەر شتێك درووست ببێت هەڕەشە لە سیستەمی حوکمڕانی بکات، ئەوا ئامادەن هەموو پرانسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی و ...تاد بخەنە لاوە لە پێناوی پاراستنی سیستەمەکەدا. با وای دابنێین ئەگەر شۆڕشێکی بگۆڕ درووست ببێت، تەنانەت بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانەش کاریگەری لەسەر هەڵتەکاندنی سیستەم دابنێت، ئەوا ئامادەن هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ پێشێل بکەن لە پێناوی پاراستنی سیستەم و سەرکوتکردنی شۆڕشەکەدا. هەر بەم پێیە دامەزراوە بیرۆکراتییەکان هیچ گۆڕانێکیان پێ ناکرێت جگە لە گۆڕانکارییە سادەکان یان ڕووکەشەکان، تەنانەت خودی پێکهاتەی پارتەکانیش لەم چوارچێوەیەدان. هەروەها ئەگەر دۆزینەوە زانستییەکانیش یان تەکنیکییەکانیش لە دژی سیستەم بن دەکرێت ڕایانگرن یان ئاراستەکانیان بگۆڕن بە قازانجی سیستەم (بە تایبەت کە هێزی گۆڕانی سەرەکیان لەدەستدایە، ئەوانیش هێزی سەربازی و بانکەکانن). لەلایەکی ترەوە دەبینین کارێکی ورد بە پرۆگرام و بەرنامەکانی پەروەردە و فێرکردن کراوە، بەتایبەت لە سی ساڵی ڕابردوودا. ئەو کارە  گۆڕانێكی ڕیشەییە کە بەسەر فێرکردن و ڕاهێناندا هێنراوە، کە ژینگەیەکی هۆشیاری درووستکراوە، چیتر لەڕێگای خوێندن و فێربوونی شیوازبەندەوە ناکرێت ئایدیا و ژیربێژی بگۆڕ بە شێوەیەکی سیستەماتیك بەرهەم بێت. تەنانەت ئەو دژە سیستەمانەش کە وەك بیرۆکە لێرە و لەوێ درووست دەبن، بۆ نمونە (بیروڕاکانی چۆمبسکي یان سلاڤۆی ژیژەك لە چوارچێوەیەکی کۆنترۆڵکراوی کردەوەدا دەمێننەوە).
ئەوەی دەمێنێتەوە باسی بکەین بەکورتی سیمای پرۆسە دیموکراسییەکانن، چالاکی هەموو دامەزراوەیەکی سیاسی لە بیرکردنەوەوە تا کارکردن و بەشداری حوکمڕانی ئازادە، بەڵام ئایا دەگاتە کوێ؟ بێگومان سنوورەکەی دیاریکراوێکی نەبینراوە. بە پێچەوانەی سیستەمە پاشکەوتوەکانەوە، کە هەمان پرس نا ئازادە. هەمیشە ئەو ئازادییەی سیستەم دەیبەخشێت ئازادییەکە کە بتوانرێت دەستی بەسەردا بگیرێت و ئاراستە بکرێت، هەرگیز سیستەم نییە ئازادییەك فەراهەم بکات، کە ئینترۆپییەکەی لە ئینثالپییەکەی زیاتر بێت، چونکە ئەوە دۆخی خۆکوژی سیستەم یان گۆڕانی سیستەم دەڕەخسێنێت. بۆیە کاندیدی هەڵبژاردنەکان بە پێی یاسا و بە پێی سیستەم ئازادن چ بەرنامەیەکیان هەیە و دەنگدەرەکانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا ئازادن لە دیموکراسیدا چۆن دەنگدەدەن. گەر بڕوانیتە هەندێك لە وڵاتان یاسای سەیر سەیری نا دیموکراسی و نائازادانە دەبینیتەوە، بۆ نمونە لە هەندێك لە وڵاتەکان کە دیموکراسی پتر لە سەدساڵی تەمەنە، ئەگەر کەسێك نەیتوانیبێت باجەکانی بدات، ئەوا مافی دەنگدانی نییە. وڵاتیش هەیە ئەگەر هاوڵاتی نەچێت بۆ دەنگدان زۆر کارو باری ژیانی بۆ بەڕێ ناکرێت، یان لایەنی کەم ڕەشلیست دەکرێت، بەڵام ئەتوانێت زۆر بە سادەیی بچێت بۆ دەنگدان و دەنگیش بە هیچ کەس و لیستێك نەدات، گرنگە ناو بنووسێت و بەشداری هەڵبژاردن و سیستەم بکات، کەسیش نییە وەك تابووری پێنج و خیانەتکار هەژماری بکات.
لە سیستەمە پاشکەوتوەکاندا و لەژیر هەژموونی پۆست ئیمپریالیدا سیستەم هەرچییەك بێت دوو خاڵگرنگن پێڕەویان بکات بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر لەعنەت و توڕەیی سیستەمی سەرمایەداری جیهانییەوە، ئەو دوو خاڵەش بریتین لە: یەکەم؛ بازاڕ کە گرنگە بازاڕەکان بە جۆرێك کراوە بن و بەڕووی بەرهەمهێنێکدا کراوە بن کە لە ڕووی هێزەوە دەتوانێت دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانییەکانیان بپارێزێت، چونکە لە دواجاردا بۆ کۆی هێزە جیهانییەکان گرنگە بە جۆرێك ئیدارەی ژمارەیەك لە دانیشتوان بدەن بەکەمترین تێچوون و زۆرترین دەستکەوت. دووهەم؛ سەرچاوەی ئابووریی کە دەکاتە سامانی سروشتی، هێز و توانای کار لە هەندێ بڕگەشدا تەنانەت هێز و توانای بەرهەمهێنان، بەتایبەت هەندێ بەرهەمی دانسقە، وەك بیلبیلەی کامێراکانی سۆنی.
ئەوکات گرنگە سیستەمی دیموکراسی و ئازادی و ڕادەربڕین و تەنانەت هەڵبژاردنەکانیش لەو بازنەیەدا بمێنێتەوە کە بەرژەوەندییە باڵاکان دەیخوازن. ئیدی دەرچوونی کاندیدێکی بوێر لە پەڕلەمانی وڵاتێکدا بە تەنیا هیچ لە هاوکێشە گشتییەکان ناگۆڕێت، بە پێچەوانەوە هەندێ کات دەبنە کاڵایەکی زۆر بە پێز بۆ گەرمکردنی بازاڕەکانی ڕاگەیاندن. کە بەبێ هەواڵی ئەو کاندیدە بوێر و قارامانانە، یان بە بێ ئەو ئەندام "پەڕلەمانە شۆڕشگێڕانە" ماشێنەکانی ڕاگەیاندن دوو پوولی بە ڕەحمەتیان پێ پەیدا ناکرێت قاوەڵتییەکی لێ مستۆگەربکەن.

27/09/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٦) ماتماتیکی کاندید و دەنگدەر، بەشی یەکەم ١-٣

پرانسیپێکی سەرەتایی دەربارەی هەڵبژاردن

باس و گفتوگۆ لەمەڕ هەڵبژاردن و شێواز و پرانسیپ و دیدوبۆچوونە جیاوازەکانی هەڵبژاردن لەم نووسینەدا جێی باس نییە، بە تایبەت کە زۆر هەڵدەگرێت. ئەوەی گرنگە سەرەتا یادی بهێنینەوە ڕۆڵ و ئەرکی هەڵبژاردنە! لە بنەڕەتەوە هەڵبژاردن بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانەوە درووست دەبێت، چونکە کاتێك دانیشتوان زۆردەبن، ئیتر ناتوانن هەموو بەشداری پرۆسەی بڕیاردان و بە ڕێوەبردنی کۆمەڵگا بکەن. پێوانەکانی هەڵبژاردنی بڕیاردەر یان سەرکردە و سەرۆکی کۆمەڵگا لەسەرەتادا بە شێوەی جیاواز بوە و زۆرجار هێز و خوێن و چەند پیوانەیەکی تر یەکلاییکەرەوە بوون. دواتر بۆ دەستنیشانکردنی (هەڵبژاردنی) ئەو کەسەی کە دەکرێتە نوێنەری خەڵك و لە بری دانیشتوانێکی زۆرتر کۆمەڵگا بەڕیوەدەبات یان بڕیارەکانی تاوتوێ دەکات، شێوەی بەخت و ڕێکەوتنی نیشتنەوەی باز و چەندین کولتووری جیاواز چەندین ڕێگای تریان گرتوەتە بەر. پاش بڕینی مێژوویەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی شارستانێتەکانی مرۆڤایەتی و لە قۆناغە پێشکەوتووترەکانی فەلسەفاندنی سیاسیدا هەروەها لە چوارچێوەی دیموکراسیدا، هەڵبژاردن پێشکەوتنێکی گەورە لە شێوازیدا بە خۆیەوە دەبینێت و چەندین تیۆر و شێوگ هەن بۆ جێبەجێکردنەکانی. بەڵام هێشتا ئەرکی سەرەکی هەڵبژاردن دیاریکردنی خەڵکێکە بۆ ئەوەی لە بری کۆی دانیشتوانێك بڕیار بدەن. بەمەش هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی نوێنەرایەتی دێتە کایەوە و گەشە دەسێنێت، چونکە هەموو دانیشتوان ناتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری پرۆسەی بڕیاردان بکەن، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنۆلۆجیا و بەتایبەتیش تەکنۆلۆجیای زانیاریدا بڕیارە ئەم بەشداری کردنەی بڕیار گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت. لە داهاتوودا زۆر ئاستەم نابێت گەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەشداری پێشنیار و داڕشتن و دەنگدانی ڕاستەوخۆ بکەن لە بڕیارەکاندا و بە ئاسانی دەتوانرێت ئەو پرۆسەیە بەڕێوە بچێت، ئەگەر سیستەمێكی بخوازێت دادپەروەرانە کارەکان بەڕێوەبەرێت.  
هەموو ئەمانە تا ئێستاش لە ژێر پرسیاری هەستیار و گرنگدان و مرۆڤ دەکرێت چەندین ڕا و سەرنج و تێزی جۆراو جۆری هەبن. لە کۆی مێژوودا هەڵبژاردن شێوگێك بوە بۆ پوختکردنەوەی ئەرك و بەرپرسیارێتی و بڕیاری زۆرینە لە دەست کەمینەیەکی گوایە "دەستەبژێر" دا! گرنگی ئەم خاڵە لەوەدایە هەمیشە هەڵبژاردن و سیستەمی نوێنەرایەتیکردن بەڕێگای هەڵبژاردن دەکاتە یەکێك لە ڕێگا شێوە ڕەواکان بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگادا. گرنگە لە وشەی (شێوە ڕەوادا) کەمێك هەڵوێستە بکەین. بەڵام، کە دێینە سەر بەرژەوەندی و ڕەواییەتی پرۆسەیەك، شێواز و ئیمکانییەتی ئەنجامدانی شێوازەکەی وا دەکات؛ هەڵبژاردن لە خۆیدا گەورەترین درۆی زەبەلاح بێت بۆ نوێنەرایەتی کردن! سروشتی دیمۆگرافی نوێنەرایەتیکردن لە ئاستێکی دیاریکراودا نوێنەرایەتی پێدەکرێت. واتە ئەگەر لەو ئاستە زیاتر کورت یان درێژی هینا ئیدی نوینەرایەتی کردن وەك پێویست نابێت بۆ کۆمەڵگای نوێنەرایەتی کراو. ئەم ڕاستییە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان و دواکەوتوەکاندا هەمان پرانسیپی هەیە، بەڵام دوو شت سروشتەکەی دەگۆڕن: یەکەم پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی، دووهەم کولتووری پەراوەی هەڵبژاردن، کە لە هەر کۆمەڵگایەکیاندا جیاوازە.
گەرچی لەڕووی چیێتییەوە، ئەوەی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان جیادەکاتەوە گەشەی سیستەمە، چونکە سیستەمی سەرمایەداری گەشەی کردوە و ئەنجامی بەخۆداچوونەوە و هاویشتنە دەرەوەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دەروەی خۆی (بەتایبەت جیهانی دواکەوتوو) توانیویەتی بە بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە. بۆیە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا و لەناو هەناوی سیستەمی سەرمایەداریدا لەبەر ئەوەی پێکهاتەکانی بە دامەزراوەکراون، خودی ڕای جیاواز و گرۆبەندی و هەڵبژاردن لە نێوانیاندا خزمەت بە بەرەوپێشچوونی سیستەمەکە دەکات. کۆی ئەو سیستەمە بۆ نمونە لە ڕێگای پەروەردە و خوێندنەوە تەواو پاکدەکرێتەوە لە کۆی ئەو نەخوازراوانەی دەیانەوێت لە دەرەوەی سیستەم شتێك پێشکەش بکەن. خودی سیستەمەکەشیان سروشتەکەی بە جۆرێکە، تا ئەندازەیەك لێخۆشبوونی بۆ نەیارەکانی هەیە! دەبێت نەیار ببێتە هۆکار بۆ بەهیزکردنی سیستەم، ئەگەر نەیار ببێتە هۆکار بۆ لاوازکردنی سیستەم یان هەڵوەشاندەوەی، ئەوا بە بەهێزترین چەك و توانای خۆیان دژی دەوەستنەوە.
ڕژێمی سەرمایەداریی لە دونیادا بە باشترین شێوە توانیویەتی سوود لە کەرەستەی هەڵبژاردن ببینێت، کە بەهۆیەوە خۆی نوێدەکاتەوە و چارەسەری هەندێ گرفتی سەرەکی پێدەکات کە لە هەناوی ڕژێمەیکدا بە شێوەیەکی دەوری درووست دەبن. بەڵام لە بنەڕەتدا کورتکردنەوەی بەشداری سیاسی لە هەڵبژاردندا و جێگیرکردنی ڕای زۆرینە لە ناو پێکهاتەی ژمارەیەك نوێنەردا، کە گوایە باشترین نوێنەرایەتی هەموو خەڵك دەکەن، لە خۆیدا گەورەترین درۆ و ساختەکارییە. لەوەش مەترسیدارتر، ئەو ڕا باوەیە کە دەڵێت: "مرۆڤایەتی تا ئێستا ڕێگایەکی باشتر لە هەڵبژاردنی نەدۆزیوەتەوە"! ئەم وتەزایە چ لە ناو بیرمەند و چ لە ناو سیاسییەکانیشدا کەشێکی درووستکردوە کە بە وردەکارییەوە بیر لە سروشت و ئەگەر و شێوازێکی جیاواز ناکەنەوە بۆ هەڵبژاردن. بۆیە، تەنیا یەك پرسیاری سەرەکی لێرەدا بەسە بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە بسەلمێنین! ئەو پرسیارەش ئاراستەی خۆمان دەکەین لەمەڕ سیستەمی سەرمایەداری:
{ئایا ئەگەر هەڵبژاردن و نویەنەرایەتی لە خۆیاندا بیانتوانیایە بەنەما و سەرەتاکانی (ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری) بۆ خەڵك دابین بکەن و ببنە هۆی نەمانی جیاوازی و چەوساندنەوە لە نێوان مرۆڤەکاندا، تۆ بڵێیت خودی سیستەمی سەرمایەداری هەر وەك ئێستا بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن و ڕەوایەتی بەو سیستەمە کارتۆنییە بدایە کەوا ئێستا ناویان ناوە دیموکراسی؟ من گومانم هەیە! چونکە خودی ئەو سیستەمە لەسەر بنەمای جیاوازی و ناتەبایی و زاڵبوونی ئەگەرەکانی دەستی بەهێزەوە بەڕیوە دەچێت و ئەگەر ئەو ناتەباییە نەمێنێت، ئەوا سیستەمەکە بەرگەی یەك کاتژمێر ناگرێت}.
لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا، چەندێك بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت، کەچی چکۆلەترینی پەراوە ئازادەکانی ژیان، تێچوونی خۆیان هەیە و جاریش هەیە ئەو تێچوونانە دەگاتە ئاستی بەخشینی ژیانی خاوەنەکانیان. تێچوونەکان وایانکردوە هەرگیز دەرفەتی یەکسان و تەنانەت هاوشێوەش لەبەردەم هەڵبژاردنی خەڵکدا فەراهەم نەبێت. بۆ نمونە و لە سادەترین نمونەدا؛ کەسێك توانای چاپکردن و بڵاوکردەوەی سەدهەزار پۆستەر و ڕیکلامی هەیە بۆ خۆ کاندیدکردن، بەڵام کەسێكی تر تەنیا توانای پێنج هەزاری هەیە، بێگومان ئەوەی توانای زۆرتر بێت ئەگەری بردنەوەی زیاترە، ئیدی گرنگ نییە چۆن نوێنەرێکە. لە ڕووییەکی ترەوە، پارتێکی سیاسی مەبەستێتی ئەڵقە لەگوێیەکی خۆی بگەیەنێتە ناوەندی بڕیار و دێت بە درێژایی چەند ساڵێك کاری بۆ دەکات تا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی خەڵکدا وێنەیەکی جوانی پێ ببەخشێت، بێگومان ئەم کەسە کاتێك دەبێتە کاندیدی هەڵبژاردنێك زیاتر ناسراو و ڕوو لە دەردەبێت بۆ بازاڕەکانی هەڵبژاردن ئەگەر بەراوردی بکەین بە هۆشمەندێك کە بەدرێژایی کات خەریکی ڕەخنەگرتن و پیاچوونەوەی سیستەمی حوکمڕانی بووبێت. ئەم دەرد و ئازارانە جیهانین و تەنیا بە پانتاییەکی دیاریکراوەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵام لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا کە تێیاندا سیستەم سەپاوێكی دواکەوتوە، ئەم پرسانە خراپتر دەبن و تاك دەبێت باجی زیاتری ئەو خراپ بوونە بدات.
بەگشتی سروشتی نوێنەرایەتیکردن بەو جۆرەیە؛ تا بازنەی نوێنەرایەتی کردن تەسك ببێتەوە توانای نوێنەرایەتیکردن بەرز دەبێتەوە و بە پێچەوانەوە. واتە ئەگەر هەر ١٠ کەس و نوێنەرێکیان هەبێت زۆر باشترە لەوەی هەر ١٠٠ کەس و نوێنەرێکیان هەبێت، چونکە لە باری یەکمدا تاکەکەسەکە باشتر نوێنەرایەتی ١٠ دەکەسەکە دەکات. خۆ ئەگەر نوێنەرایەتی نزیك ببێتەوە لە نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆ ئەوا هەر تاکێك و تەنیا نوێنەرایەتی خۆی داکات و ئەو چەمکەمان بۆ دەسەلمێت کە خەڵك بە تەواوی بەشدار دەبێت لە پرسەکانی ژیانی خۆیدا. بەڵام ئەم کارە زۆر ئاستەمە لە چوارچێوەی باودا. کەچی گەر ورد ببینەوە ئەمڕۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە قۆناغێکی ئێجگار پێشکەوتوودایە، تا ئەندازیەکی ئێجگار باڵا خەونە تەکنیکییەکانی حەفتاساڵی ڕابردووی مرۆڤایەتی هەموویان هاتوونەتە دی. بە تایبەت تەکنۆلۆجیای زانیاری، بە شێوەیەك پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، بەهیچ جۆرێك کۆسپە کۆنەکان نەماون لەبەردەم بەشداری فراوان و درووستکردنی بڕیاری بە کۆمەڵدا. چکۆلەکردنەوەی بازنەکانی نوێنەرایەتی و دروستکردنی دەرفەت بۆ بەشداری ڕاستەوخۆ لە درووستکردنی بڕیاردا، دەرفەتێکی زیاتر دەدات بە دادپەروەری، بە تایبەت ئەگەر مەبەستمان بێت.

05/09/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٥) بەشی دووهەم و کۆتایی ٢-٢

تەڵەی نووسین (كورت و درێژ.. سادە و ئاڵۆز)!
دەسەڵاتی ستەمكار و دەقی نووسراو
لێرە بەدواوە دەچینە سەر خاڵێكی بنەڕەتی كە ئەویش پەیوەندی نووسین و ڕژێمی سیاسی و دەسەڵاتە ستەمکارەکانە. هەر ڕژێمێكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە دەستی كەمینەیەكی دیاریكراودا بهێڵێتەوە و گۆڕانكاری بەسەردا نەهێنێت، چەندێك بە ڕەوایی بچێتە سەر تەختی حوكمڕانی، هێشتا خەوشی تێدەكەوێت و دەبێتەوە بە دەزگایەك بۆ ستەمكاری. تەنانەت ئەگەر بەڕێوەبردن لە دەستی نوێنەرایەتی زۆرینەشدا بێت، بە مەرجێك نەتوانێت گۆڕانكاری و نوێبوونەوە لە خۆیدا بكاتە بەشێكی پێكهاتەكەی، ئەوا توشی هەمان دەردی كەمینە حوكمڕانەكان دەبێتەوە. نووسین وەك ناوەندێك بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا، هەروەها وەك ڕێگایەك بۆ تێگەیشتن هەمیشە مەترسییەكی گەورەیە بۆ دەسەڵاتێك كە لە گۆڕانكاری بترسێت و هەستبکات یان بزانێت بە هۆی تێگەیشتنەوە گۆڕانكاری دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەو. سەرئەنجام كۆمەڵگایەكی گێل و دەسەڵاتێكی ستەمكار، دوانەی كاراكتەرێكن وەك خڕی و خلبوونەوە وان، هەتا گرۆڵەی كۆمەڵگا خڕتر و هۆشی بەكۆمەڵ بەتاڵتر بێت لە باوەشی ستەمكاریدا باشتر هەڵدەخلێت. با بەگشتی بڕوانینە پرۆسەی نووسین و میكانیزمەكەی، تا بزانین چۆن دەستی بەسەردا دەگیرێت، خودی میكانیزمەكە بەم جۆرەیە:
یەكەم: بیركردنەوە و تاقیكردنەوە و كاركردن لەلایەن نووسەرەوە بەر لە بوون بە نووسەر دەستپێدەكات، پاشتریش فیدباك دەبێتە بەشێكی گرنگ لەم کەرەستانە. ئەم کەرەستانە پێکەوە بریتین لە هۆکار بۆ كەڵەكەكردنی زانین و زەخیرەخستن بۆ نووسین لە داهاتوودا.
دووهەم: بەرهەمهێنانی نووسین و پرۆسەی نووسینەوە؛ خودی نووسین بەتەنیا كۆمپیوتەر و كیبۆردێك یان چەند لاپەڕە و پێنووسێك نییە! نووسین پرۆسەیەكە پێویستمان بە دیاریكردنی ئامانج و ڕێگای نووسینەوە و تەكنیكەكانی نووسین هەیە تێیدا. پرۆسەیەكە وشە تێیدا دەچنرێت و زیادەكانیان لە كەمەكانیان بەڵاترن بۆ ناشرین كردن و بێماناكردنی نووسین. هەندێ دێڕ هەن دەبێت چەندین جار دووبارە بكرێنەوە و هەندێ زانیاری گەورە و كتێب و سەرچاوش هەن، تەنیا ئەوەندە بەسە یەك ئاماژەیان پێ بدرێت. نووسین پیشەسازییەكە لە دەستی نووسەرەكەی كە ئەترازێت ئیتر دەكەوێتە چەندین بازاڕەوە. نووسین كە دەكەوێتە ئەم بازاڕانەوە هەر هەمان كاڵا و هەمان بەرەهەمە، بەڵام چەندین مامەڵەی جیاواز جیاوازی پێوە دەكرێت و لە چەندین پیشەسازی و بەرهەمی تردا دەبێتەوە بە کەرەستەی خاو.
سێیەم: پەخش وەشاندن و دابەشكردنی (بەرهەمی نووسراو) نووسین، پاش ئەوەی دەزانین بۆ كێ دەنووسین پرسی چۆنێتی گەیاندنی دێتە پێشەوە. ئەو دەقە دەگاتە كێ و چۆن و لە چ كاتێكدا دەگاتە دەستی. ئەمڕۆ كە لەگەڵ گرفتی ژینگەدا دەرگیرین بڵاوكراوەی ئەلكترۆنی زۆر كۆمەك بە كۆمەڵگای مرۆیی و ژیانی درێژمەودا دەكات. بەڵام ئایا وەرگر پێی قایلە یان ڕاهێنان و هاندانی پێویستە! بۆنمونە؛ هەندێ جار هەیە، بەناچاری دەبێت نووسین بیكەینە دەنگ، چونكە خەڵك لە هەموو جێگەیەكدا ڕێگای پێنادرێت بخوێنێتەوە...تاد. خەڵك ناچارە كار بكات، ئەگەر كار نەكات ناژی، بەڵام پێویستی بە خوێندنەوەش هەیە، و بێ خوێندنەوە فریای تێگەیشتن و ململانێکانی ژیان بە باشی ناكەوێت و زۆرتر دەبێت بە ژێر دەستوپێی مێژوەوە.
چوارەم: وەرگرتنی نووسین و خوێندنەوە؛ بەشی هەرە سەرەكی نووسین خوێنەرەكەیەتی. بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر نووسینێك كەس نەیخوێنێتەوە، باشترین بەرهەمیش بێت بێ ڕۆح و بێ گیان دەكەوێت و هیچ كاریگەری نابێت. چونكە ئەركەكانی نووسین پڕ ناكاتەوە. وەرگر، چەند خۆی گرنگە، ڕاهێنان و پەروەردەكردنەكەی لەوە گرنگنترن كە نووسەر پێشبینی بكات. لە كۆمەڵگا دواكەوتوەكاندا، سەرباری نەبوونی پەروەردەیەكی باش بۆ خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیركردن. دامەزراوەكانی چاپ و پەخشیش ئەو ڕۆڵە پێویستەیان نەبینیوە بۆ خۆشەویستكردنی بەرهەمی نووسراو، چ لە چۆنێتی بەرهەم و چ لە شێوەی خستنەڕوودا. پرۆسەكانی بانگەشە و ناساندنی كتێب و بڵاوكراوەكان هێندە لاواز و چەپگیرن ناتوانن بەردەمی خوێنەر وەك پێویست ڕۆشنبكەن، ئیدی بەرهەمی نووسراو وەك پێویست ناگاتە دەستی وەرگر و وەك پێویستیش كاریگەری دانانێت و هیچ ڕۆڵێكی نییە لەپەروەردەكردنی وەرگردا. بۆیە بە ئاسانی دەبینین میدیای ئەلكترۆنی و ماڵپەڕەكانی وەك فەیس بووك و تویتەر و...تاد زۆر بەئاسانی دەتوانن ئاراستەی سروشت و ئارەزووی خوێنەر بكەن. دواجار دەتوانن ئەو كەرەستەیەش لە وەرگر درووست بكەن كە بۆ ئەو ڕۆژەی خۆیان پێویستە و كە بە ئاسانی دەكەوێتە ژێر تیشك و شەبەنگەکانی بەرژەوەندی ئەوانەوە!
پێنجەم: فیدباك و گەڕانەوە بۆ مشتومڕ لە نێوان نووسەر و خوێنەردا، بە هەموو هەنگاوەكانی ڕەخنەگرتنیشەوە. ئەم قۆناغەی كۆتایی بەرئەنجامی پێگەیشتنی وەرگرێكی هۆشیارە. زۆربەی جارەكان پێویست ناكات خوێنەر نووسەر بێت بۆ ئەوەی ڕەخنەگرێكی باش بێت، وەك ئەوە نییە كە هەمیشە پێویستە نووسەر خوێنەرێكی باش بێت. ئەوەی پرۆسەی فیدباكی تێكداوە، ئەوەیە نووسەر ناخوێنێتەوە و ئەوەشی پێویستیی بە خوێنەر بوونە، بەر لە هەرشت بوە بە نووسەر (بەناتەواوی لە دایك بوە). ئیتر بازنەی نووسین و بەشداری نووسین لە هۆشیاری گشتیدا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە. نووسەری باش نەك هەر دەخوێنێتەوە، بەڵكو هەمیشە لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرهەمەكانی خۆیدایە. گومانت لەوە نەبێت ئەوەی ڕەخنەگرێكی ئاسایی هەستی پێدەكات زۆر جار هەیە باشترین ڕەخنەگر کە بە پیشە ڕەخنەگرن ئەو فیدباكە ناداتەوە بە نووسەر.
نووسەر بۆ هەر نووسین و بابەتێك گروپی مەبەست بە خۆی هەیە و ناچارە گرنگی پێویستیان پێ بدات. مەرج نییە نووسینەكانی (نووسەرێكی دیاریكراو) بۆ هەموو كەس ببێت! مەرجیش نییە هەموو كەس لێی تێبگات و پێویستییان بە نووسینەکانی هەبێت و چێژی لێ ببینن. نووسەری شارەزا و لێزان دەتوانێت بۆ هەر گرۆیە و بە پێی پێویستی گرۆكە بنووسێت، یان خۆی پسپۆڕ بكات بۆ گرۆیەكی دیاریكراو بنووسێت. نووسەر ئەگەر خۆی تەرخان كرد بۆ دەستەبژێرێكی سیاسی یان ئەكادیمی بنووسێت، نابێت مەراقی ئەوە بخوات بۆچی خەڵكێكی زۆر نایخوێننەوە. ئەگەر بۆ هەموو كەسیش بنووسێت مەرج نییە لە هەموو ئاستێكدا چێژ لە نووسینەكانی ببینرێت و سوودیان پێ بگەیەنێت. ئیدی بزانە مەرج نییە پڕفرۆشترین كتێب باشترین بێت. سیستەمی پڕ فرۆشترین كتێب و ناسراوترین یاریزان و پڕ تەماشاترین فیلم و...تاد، هەموویان تەڵەی جیاكاری بە بازاڕکردنن و تا ئەندازەیەكی زۆر ئەتوانین بڵێین بە دڵنیاییەوە باشترین نین، هەر بە تایبەت باشترین ناکرێت یەك دانە بێت باشترینەکان زۆرن. نووسین لە دۆخی هەرە باشی خۆیدا جۆرێكە لە وانە وتنەوە، ناكرێت چاوەڕوانی پۆلێك لە پسپۆڕی زانكۆكان بكەیت بچنە پۆلی خوێندنێكی سەرەتایی دابنیشن بۆ گفتوگۆی سێ جاران چوار. ئاستەكانی نووسین جیاوازن، گرنگیشە نووسەر بەهۆی دەقەوە كاریگەریی لەسەر پەروەردەكردنی خوێنەر دابنێت. سەرباری ئەوەی مەرج نییە لەم هەنگاوەدا سەركەوتوو بین، بەهۆی زۆریی فاكتەرە دەرەكییەكان و بەهێزییانەوە، بەڵام هەوڵدانی بەردەوام كاریگەری و گۆڕانكارییەك هەر درووست دەكات.
جارێكی تر دەردەكەوێت كە نووسین کارە و كارێكی ئاسانیش نییە، وەك ئەوەی لە فەیس بووك دەبینین هەر كەسە و بە ئارەزووی خۆی وڕێنەكانی دەنووسێتەوە و بە ژمارەیەك لایك و كۆمێنتەوە دڵی خۆش دەبێت و ئێمەش بمانەوێت هەموو ئەو دەقانەی پڕ خوێنەرترن بە باشتریان بزانین، یان سادەتر و كورتترن بیانخوێنینەوە و ئەوەی بارگرانیمان لە تێگەیشتن بۆ درووستدەكەن فەرامۆشیان بكەین. ئەو گرێی دەركەوتنە زۆری دەوێت چارەسەر بكریت، ئەوە گرێی چكۆلەیی و گرگنییە كە لە كۆمەڵگای نامۆكراودا هەموو تاكێك پێوەی ئالوودە دەبێت بە ئەندازەی جیاواز جیاواز. لەسەروە باسمانكرد دەسەڵات مەراقی هەیە لە مەڕ كاریگەریی و ڕۆڵی نووسین لەسەر گۆڕانكارییەکان، بەتایبەت دەسەڵاتە ستەمكارەكان. لە هەر قۆناغێكی مێژوودا بە جۆرێكی تایبەت و جیاواز مامەڵە لەگەڵ نووسین و نووسەردا كراوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە. بۆ تێگەیشتنی زیاتر بڕوانە ئەم وێنەیەی خوارەوە، كە پرۆسە و قۆناغەكانی بەرهەمی نووسراوی تێدا  پیشاندەدەین:
تەنیا تێڕوانین لە وێنەكە بەسە بۆ ئەوەی بزانین لە كوێدا  ستەمكاریی دەتوانێت كۆسپ درووست بكات بۆ تێگەیشتن. نووسین ئەگەر ئەو سۆفتوێرە بێت كە داینەمۆی گۆڕانكاری بەگەڕ بخات، ئەوا لە هەرشوێنێكدا كۆسپ لەبەردەم پرۆسەی نووسیندا دابنێین نووسین نامێنێت، یان زۆر لاواز و كەم كاریگەریی و بێ بایەخ دەبێت و بەرئەنجام داینەمۆی گۆڕانكاری ناكەوێتە كار. كۆمەڵگا پێشكەوتوەكان لە ستەمکارییاندا هەوڵیانداوە سوود لە پرۆسەی نووسین وەربگرن بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانیان و هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان، بەتایبەت تا ئەو شوێنەی لەگەڵ توانای كۆنترۆڵ و هەژموونگەرایی ئەواندا گونجاو بوە و بۆیان بڕیكردوە. بەڵام لە وڵاتە دواكەوتوەكاندا باشترین ڕێگە بۆ بەربەست لە گۆرانكاری كۆسپدانان بوە لەبەردەم پرۆژەی نووسیندا. هەر خودی ڕێگری لە پرۆژەی نووسین شكستی بە گۆڕانكاری هێناوە لە وڵاتە دواكەوتوەكاندا، دواتریش لە پەیوەندییە جیهانییەكاندا ئەو خواستی گۆڕانكارییەی فەراهەمكردوە كە لە ئەنجامی پرۆژەی نووسینی وڵاتە پێشكەوتوەكاندا داخوازی لێكراوە. لە وێنەکەوە دەبینین ڕێگەگرییەكی چکۆلە بۆ نووسەر بەر لە پرۆسەی نووسین، یان كۆسپ دانان لە بە تێكستكردنی بیرۆكە یان وەستاندنی پەخش ئاستەنگ كردنی (ژمارەی سپاردن بۆ نمونە)، یان ڕێگەگرتن لە خوێندنەوە و خراپ ئەرشیفكردن...تاد. ئەمانە هەموویان پرۆسەیەك بوون لەلایەن دەسەڵاتە ستەمكارەكانەوە پەراوەكراوە یان سانسۆركراوە یان ڕێگرییەكی ماددی و زۆرجاریش مەعنەوی بۆ درووستكراوە. نمونەكانی؛ چنینەوەی چاپكراوێك لە بازاڕدا، قەدەغەكردنی بەخشینی كتێبە دیاریكراوەكان بە خوێنەر لە كتێبخانە گشتییەكاندا، چاودێری كردنی خوێنەرانی بەرهەمێك، ڕێگری ژمارەی سپاردن و ڕێگەنەدان بە چاپكردن و دواخستنیان....تاد. بێگومان ئەوەی مسقاڵێك لە مێژووی خوێندنەوە و نووسین شارەزاییەكی چكۆلەی هەبێت، ئەوا بەم كردەوانەی ستەمکاریی ئاشنایە.
وەك باسمانكرد هەرسەردەمەو بە جۆرێك كۆسپ لەبەردەم بیركردنەوە و نووسیندا دانراوە، چونكە نووسین هەمیشە ئەو سۆفتوێرەیە كە داینەمۆی بەگەڕخستنی گۆڕانكارییەکانە. لە سەردەمی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیای نووسین و ئاسانی پەخش و سەربەستی نووسەری خۆبەخشدا، ئیتر ناكرێت كۆسپە باو و تەقلیدییەكان بەكاربهێنرێت. تازە ئیتر ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نووسین وەك پێشوو بوەتە گاڵتە بەخۆكردن. بەتایبەت بە هۆی زۆری چاپخانە و زۆری كەناڵی ئەلكترۆنی و بڵاوی كەرەستەكانەوە. کەچی هێشتا دەسەڵاتە ستەمکارەکان ناچارن نووسین وەك كەرەستە و كاراكتەرێكی گۆڕانكاری پەك بخات. سەرئەنجام ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئەی دەبێت چی بکات؟ با بگەڕێینەوە بۆ بازنەكانی نووسین، تۆ بیر بكەرەوە بتەوێت پرۆسەی نووسین (وەك مەترسیی) پەك بخەیت، چی دەکەیت! بەمەرجێك لە سیمای گشتیدا ڕای گشتیت سەركوت نەكردبێت و خەڵكیش چیان هەیە هەڵیڕێژن و هیچ لە پشتی سەری خۆیاندا نەهێڵنەوە! بێگومان ئەمڕۆ زۆر ڕێگەی ئاسانتر هەیە لە گرتن و زیندانی كردنی نووسەرە داهێنەرەكان، یان هەر پێویست ناكات نووسینە پڕ سەرئێشەكان لە بازاڕەكاندا كۆبكریتەوە! ئایا پێویستت بە سانسۆر هەیە لە دۆخێكدا كاتت بۆ خەڵك نەهێشتبێتەوە تێیدا بخوێنێتەوە (نەك لەبەر ئەوەی كات نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەی هێندە سەرقاڵی دەركەوتنە و ئالوودەیە بە خوێندنەوەی پڕوپووچەوە)!
ئەمڕۆ درووستكردنی ڕێگری لەبەردەم پرۆژەی نووسیندا ئاسانتر بوە، بە تایبەت ئەو نووسینانەی پڕاوپڕ ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن و دەبنە داینەمۆی گۆڕانكاری. ئەم ڕێگرییە لە سەرانسەری دونیادا بەڕێدەكرێت و كارئاسانی بۆ دەكرێت. بڕوانە كۆگاكانی كتێبفرۆشی لە دونیادا، بە دەگمەن بەرهەمێك دەبینیت توانای بەخشینی ئایدیایی باش و خاوەن تەوژم بێت بۆ گۆڕانكاری. لەم سەردەمەدا گەڕانەوە بۆ بەرهەمە كۆنەكانی مرۆڤایەتی لەلایەك خواستی ئەمڕۆ تێرناكات (بۆ نمونە؛ دەكرێت بەرهەمی كۆن وەڵامی پێویستی ئەمڕۆ بداتەوە، بەڵام لە شێوگدا بەمڕۆ نامۆیە) بیهێنە بەرچاوی خۆت نمونەكانی دوو سەد ساڵ لەمەوبەر چی بووبن! ئەی نمونەكانی ئەمڕۆ! لەلای دووهەمەوە شێوەی بڵاویی بەرهەمکانی ڕابردوو بەجۆری پێویست ئاسان نییە كە بۆ بەردەستی ئەمڕۆ گونجاوبن و هەموو کەس دەستی پێیان ڕابگات، مەگەر لە ناوەندە زۆر ئەكادیمییەكاندا یان كەسێك بۆخۆی خولیای لەو جۆرەی هەبێت. كەواتە بە زۆرینە نامۆن.
پوختەی مەبەست
بەرئەنجام دەسەڵاتە ستەمكارە جیهانی و ناوچەییەكان لەسەر ئاستی جیاجیا هەمان پەراوەی ڕابردوو دەكەن لە كۆسپدانان لەبەردەم دەرکەوتن و بەرهەمهێنانی نووسینی بگۆڕدا. پێشتر نووسەریان دەگرت و ئەشكەنجەیان دەدا و دەیانكوشتن، ئێستا برسی و بێكار و بێڕێزیان دەكەن و پەرواێز دەخرێن، گومانی تێدا نییە ئەگەر ببنە مەترسی هێشتا ئەگەری پەراوەكانی پێشوو بەردەوامە. پێشتر چاپەمەنیان گران بەها دەكرد، ئێستا كاتی خوێندنەوەیان قاتی كردوە. پێشتر بەرهەمە گەشەكانیان لە بازەڕەكاندا كۆدەكردەوە، ئیستا بە بەرهەمی پروپووچ دایدەپۆشن. پێشتر دەرفەتی زانین و خوێندنیان بە نووسەرە نەیارەكان نەدەدا، ئێستا خودی كەرەستە و پرۆگرامەكانی خوێندن بەوشێوەیە دادەڕێژن كە هەموو كەس دەتوانێت بخوێنێت بەڵام خودی سیستەمەكە داهێنەری بگۆڕ لە دەرەوەی كۆنترۆڵكردن قبوڵناكات (ئەوەی ناونراوە دیسپلینی ئەكادیمی). ستەمكاری پێشتر كە شوێنێكیان داگیر دەكرد، كتێبخانەكانیان دەسووتاند، ئێستا زمانی نووسین سووك و چروك و بێبایەخ دەكەن بەبێ ئەوەی هیچ پانتاییەکیان داگیرکردبیت و قەترەیەك خوێنیان بۆ بەخشی بێت...تاد.
بەڵێ ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت نووسینی سادە و كورت و ئاسان بۆ خوێندنەوە بەهاوكاری میدیای ئەلەكترۆنی سنووری پێویستیی تێپەڕاندوە. بەربڵاوی بڵاوكردنەوەی ئەلكترۆنی پەخشی وڕێنە و قسەی ڕۆژانەی كردوەتە زەلکاوە دەریایەك چەندین كانیلەی سازگاری نووسینی تێدا ون بوون. لەو چوارچێوەیەدا نووسینی كورت و ساکار ئەو ئەركە دەبینن كە كۆمەڵگای پێنەگەیشتوو یان سەرقاڵكراو وا لێدەكات گرنگی بە شیكاری ورد نەدات و ئارەزوەكانی ڕۆچوون و وردبوونەوەی لە دیاردەكانی ڕۆژانەدا بكوژرێت.
كەواتە گەر دەخوازیت نووسین بە ئەركە كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەكانی خۆی هەستێت، ئەوا چەندێك نووسین گرنگە بەو ئەندازەیەش خوێندنەوە گرنگە. ئەو باوەڕەت هەبێت خوێنەرێکی باش بە لە نووسەرێکی خراپ زۆر زیاتر دەردەکەویت و کۆمەك بە پرۆسەی نووسین دەکەیت. مەرج نییە دەقە سادە و كورتەكان خوێنەر بگەیەننە ئاستێكی بەرز لە هۆشیاری، هەر چۆن باڵاخانە بەرزەكان و لووتكەكانی سەرێ سەركەوتن و هەناسەیان دەوێت، ئاواش نووسینی كاریگەر و بگۆڕ هیلاكی و چەندجار خوێندنەوە و بە دواداچوون و تێگەیشتنی دەوێت. هەر چۆن نووسەر بە دەستخۆشی لێكردن دڵخۆش دەبێت، پێویستی بە ڕەخنەش هەیە بۆ ئەوەی نەبێتە تەوتەم. دواجار نووسینی كورت ئەركی گەیاندنی بیرۆكەی یەك ئامانج و پەیامی سادەی دیاریكراوی لە ئەستۆیە، نووسینی درێژ و پڕ شیكاری و ئاڵۆز دەتوانێت پرۆژە فرە ئامانج و كێشە فرە دوورییەكان لێكبداتەوە، دەتوانێت خاڵ لە سەر وشەكانی ڕووداو و پێشهاتەکانی ئایندە دابنێت.

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٥) بەشی یەکەم ١-٢

تەڵەی نووسین (كورت و درێژ.. سادە و ئاڵۆز)!
پوختەی بابەتەكە
ئەمڕۆ جۆرێك لە نووسین باوە، كە دەبێت نووسین زۆر كورت و پوخت بێت و سادە و ساكار، بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بیخوێنێتەوە! ئەم باوبوونە تەڵەیەكی گەورەیە بۆ زانین و بۆ ڕۆڵی نووسین لە گۆڕانكاریدا. لەوانەیە چەند پێشەكییەكمان پێویست بێت بۆ ئەوەی لەم پرسە بە باشی تێبگەین! خۆ ئەگەر ئەو پێشەكیانە بنووسین، ئەوا دەقەكەمان درێژ و تا ڕادەیەك ئاڵۆز دەبێت و لەوانەیە تۆی خوێنەری ئەمڕۆی قایلكراو بە نووسینی كورت و سادە مەیلی خوێندنەوەیت نەبێت! ئەمە بۆخۆی بەشێكی زۆر لە هەمە دوورییەكانی ئەو تەڵەیە دەخاتە ڕوو. تەڵەیەكی ئاوا من و تۆ و كۆی كۆمەڵگاكان لەسەر ساویلكەیی ڕادەهێنێت. لەو كاتەوە كە میدیای ئەلكترۆنی و دەرفەتی بڵاوكردنەوە ئاسانتر بوە، ئیتر دەسەڵاتە ستەمكارەكانی جیهان لەسەر ئاستی جیاجیا ناچارن ڕێگای سووككردن و كاڵكردنەوەی نووسینی بگۆڕ و كاریگەر بگرنەبەر. ئەگەر ئەتەوێت لەم تەڵەیە تێبگەیت یان گفتوگۆی ئەم بیركردنەوەیە بكەیت، ئەوا بە ناچاریش بێت ئەم نووسینە تۆزێ درێژە بخوێنەرەوە. هەرچەند، لەوەشیان ئازادیت و بۆ تۆی خوێنەر جێدەهێڵم.
پەرەگرافێك سەبارەت بە نووسین
نووسین چەندین جۆر و چەندەها ڕێگا و شێوازی هەیە بۆ دەربڕین، بەتایبەت بۆ ئەوەی بتوانێت پەیام لە نووسەرەوە بۆ وەرگر بگەیەنێت و مشتومڕ و پرسیار بوروژێنێت تا فیدباك و كردەوە درووست بكات. پەیامەكانی نووسین بێ ئەرك نین، چ لە ڕووی سیاسی و فەرهەنگەوە ئەركی تایبەتیان هەیە، چ لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ژیانەوە كارێكی گرنگ جێبەجێدەكەن. گەیاندنی پەیام بە كورتی دەكرێت و بە درێژیش هەر دەكرێت، بەڵام خودی نووسینی درێژ و كورت دوو ئەركی جیاوازیان هەیە و بۆ بۆنەی جیاواز دەبن. بۆ نمونە؛ گفتوگۆی ڕاگەیاندنی ڕووداوێك جیاوازە لە لێكدانەوە و شیكردنەوەی ڕووداوەكە. ئەگەر نووسەر باسی پێكدادانی دوو كەشتی دەكات لە دەریایەكدا و تەنیا مەبەستێتی ڕووداوەكە بگەیەنێت، ئەوا جیاوازە لەوەی باس لە هۆكاری پێكدادانەكە بكات، یان بیەوێتە گفتوگۆ لەسەر سروشت و سیستەمی كەشتیوانی بكات بۆ ئەوەی جۆرێكی تر بەڕێوەببرێت. لێرەوە ئەركی نووسین و ڕۆڵی نووسین دەردەكەوێت و ئێمە تێگەیشتنی زیاترمان دەوێت لەوەی تەنیا باسی كورتی و درێژی نووسین بكەین یان سادەیی و ئاڵۆزییەكەی. هەواڵ و ڕووداوی سیاسی دەكرێت بە كورتی پەخش بكەین، بەڵام بیری سیاسی و فەلسەفەی حوكمڕانییەكی نوێ ناكرێت بە تەنیا بە پەیام پەخش بكرێت. بیر (فكر) لێكدانەوە و شیكردنەوە و پێشبینی و زانیاری و پێكەوە گرێدانی رووداو و ...چەند شتێكی تریشی پێویستە، بەخشكردنی هەواڵ بەبێ باسكردنی پشتەوەی ڕووداو لە خۆیدا سەرلێشێواوی درووست دەكات. گەیاندنی زانیاری پچڕ پچڕ گێلی لێكدانەوە و تێگەیشتن لە هۆكار و دەرئەنجام بەرهەم دەهێنێت و ئەمانەش ئامانجی دەسەڵات و ڕژێمە ستەمكارەكانە لەسەر ئاستی دونیا بە گشتی و ناوچە خۆجێییەكانیش بە تایبەت، وردەكاری ئەم باسە لە كۆتاییدا دەچنیتەوە، ئەگەر مەیلت هەبوو بەردەوام بیت.
پرسیارەكانی بابەتەكە
ناوەڕۆكی بابەتەكە، بە دوو پرسیار دەست پێدەكەم، كە دەبێت لە قۆناغەكانی سەرەتای خوێندندا یان هەر نەبێت لە قۆناغە ناوەندییەكاندا وەڵام درابێتنەوە! ئەویش ئەوەیە؛ ئایا نووسین چییە؟ مرۆڤایەتی بۆ دەبێت دەقی نووسراوی هەبێت؟ لەهەناوی وەڵامی ئەم دوو پرسیارەدا دەقی تەڵەكە خۆی دەدات بە دەستەوە.
هەموو قسەیەكی ئاسایی نێوان ئێمە دەكرێت بكەین بە نووسین. دەتوانین زۆر باش تۆماریان بكەین و بڵاویان بكەینەوە، بەڵام ئایا هیچ بەهایەكی دەقی نووسراویان دەبێت جگە لە تۆماركردن! ئەوەی بەها بە نووسین دەدات پرۆسەیەكە بەها لە خودی دەقی نووسراودا درووستدەكات! ئێمە لە زانستی ئابوورییەوە دەتوانین ئەوە فێر ببین بەها چۆن بەرهەم دێت. ئەوەی بەها درووستدەكات لە هەر بوارێكی ژیاندا بریتییە لە كار، بڕوانە سەرنج و ڕای ئابووری ناسە كلاسیكەكان تا دوا دید و تێڕوانینەكانی ئەمڕۆ. كەوتە درووستكردنی بەها لە نووسیندا بەهۆی ئەو كارەوەیە كە لە نووسیندا كەسی نووسەر دەیكات، نەك تەنیا قسەی ڕۆژانە تۆمار بكرێت و ناوی بنێین نووسین، ئەكرێت نووسراوەیەك بێت، بەڵام هەرگیز ناكرێت ناوی دەقی لێ بنرێت. پرۆسەی زۆركردنی نووسراوە و وڕێنەكانی ڕۆژ و پاشانیش بە نووسینكردنیان، پرۆسەیەكە دەقی بە بەهای نووسین لە ناو قسەی گشتیدا وندەكات.
با لێرەدا سەرنجت بۆ شتێك ڕابكێشم كە گرنگە؛ چونكە ئەمڕۆ ڕژێمە حوكمڕانەكانی دونیا، لە چكۆلەترینیانەوە تا زەبەلاحترینیان پێیان خۆشە و لە قازانجیاندایە قسەی نووسراو جێی تێكستی نووسراو بگرێتەوە یان لایەنی كەم پانتاییەكانی نووسینی بگۆڕ دابپۆشێت. ئەمەش، مەترسی و هەڕەشەیەكە لەسەر هەموومان. چونكە ئەم پرۆسەیە بە هەمان شێوەی سیستەمی بەكاربەری بەرخۆر كاردەكات و دوورە لە پێویستییەوە. لەم پرۆسەیەدا؛ گرنگە كات و وزەی خوێنەر بە بۆشایی و هیچ پڕ بكرێتەوە، مرۆڤی نامۆكراو باشتر بەڕێوە دەبرێت و داخوازییەكانی پێشبینیكراون. بەڵام مرۆڤی بیركەرەوە، كارا و بزۆك كردەوە و داواكارییەكانی پێشبینی نەكراون. بۆ نمونە؛ ئەو شێوازەی ئەدەبدۆستێك گوزارشتی پێدەكات لە ئیشق و خۆشەویستی زۆری جیایە لەو قسەو باسە ڕۆژانەیەی هەر یەكەمان باسی پێدەكەین لە هەمان بابەت. ئەشێ من چەند خۆشەویستێكم هەبێت (منداڵەكەم، مەعشوقەكەم، نیشتمانەكەم...تاد) زۆریش ڕاستگۆیانەتر لە ئەدەبدۆستەكە خۆشم بوێن، بەڵام هەرگیز ناتوانم لە نووسیندا وەك پیشەی نووسین وەكو ئەو دەربارەی بنووسم. وەكو ئەو گوزارشت لە ناخی خۆم و خەڵكی تر بكەم لە دەقێكدا، لەبەر هیچ نا، بەڵكو ئەشێ زانینم بۆ نووسین وەك ئەو نەبێت یان هەر هۆكارێكی تر. ئیدی ئەگەر هەڵبزڕكانی من ببیتە شیعر، یان لێكدانەوەی بێ بنەمام ببێتە وتار و هەموومان هەر خەریكین لەو مەیدانەدا، بێگومان بەرهەمی زۆر شاكارەكان دەشارێتەوە، ئەمەش بەشێكی گەورەی تەڵەكەیە.  
لێرەوە تێدەگەین نووسین كارە، بەهۆیەوە بەهای نوێ پەیدادەبێت و هەموو كەس دەتوانێت ببێتە نووسەر، بەڵام بوون بە نووسەر زۆر زیاتری دەوێت لەوەی كە تەنیا بتوانیت بنووسیت و بخوێنیتەوە، هەروەها زۆر زیاتر دەوێت لەوەی خوێنەرێكی بەردەوامی هەر شتێك بیت كە دەنووسرێت. كاتێك دەڵێین نووسین كارە، مەرج نییە كارێك بێت مووچە و داهاتی لێ دەستكەوت ببێت، زۆر كار هەن لە ژیاندا خۆبەخشانە دەكرێن. كارە خۆبەخشانەكان پایە گەورەكانی كۆمەڵگا دەوڵەمەند دەكەن. كەچی هێشتاش نووسین كاری هەموو خۆبەخشێك نییە. نووسین، چونكە زۆر زیاتری دەوێت لەوەی خانەنشینێك بیت یان بێكارێك بیت و نەزانیت چی بكەیت خۆت بە نووسینەوەوە خەریك بكەیت، ئەمە كارەسات دەخولقێنێت، تەنانەت ئەگەر تەنیا ئارەزوو مەندێكیش بیت نووسین بە بێ فێربوونی نووسین ئەنجامی باشی نابێت. كاتێك كە وەك كار سەیری نووسینمان كرد، ئیتر دەزانین كە وەك هەر كارێكی تر پێویستی بە زانین و شارەزایی و هونەری تایبەت بەخۆی هەیە. بەڵێ جاران خەڵك بە ئەزموون دەبوون بە نووسەر، هەرچۆن بە ئەزموون دەبوونە حەكیم و پزیشكیش. بەڵام لەپاش دۆزینەوەی بنەما و بنەڕەتەكانی نووسین، ئیدی دەبێت خۆت فێری نووسین بكەیت ئەگەر لە خوێندن فێر نەكرابیت، ئەگەر بە تایبەت بەهۆی بەرنامەیەكەوە نەتخوێندبێت. وەك هەر كارێكی تر نووسینیش چەندین شێواز و ئەرك و دووری و تام و بۆنی جیاوزی هەیە. كەواتە بەو جۆرە جارێكی تر نووسین لە قسەی ئاسایی جیادەبێتەوە. قسەی ئاسایی دەڕوات و بەشێكی زۆر زۆر كەمی لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە، هەر پێویستیش نییە هەمووی لە یادەوەریدا بمێنێتەوە، بەتایبەت یادەوەرییەك كە دەبێتە بنەڕەت بۆ پێدا چوونەوە. یادەوەرییەك كە دەبێتە بنەما بۆ ئیستكردنی جیاجیا و كاركردی گۆڕین لە ژیانی ڕۆژانەی داهاتووماندا. لە قسەی ئاساییدا دەتوانیت چەندین شتی ناڕاست و ترشوخوێی چەندین ڕووداو بكەیت، بەڵام لە نووسیندا ئەمە ئاسان ناكرێت، كاتێك نووسەر بخوازێت بەرپرسیارانە بنووسێت. ئەوەی ئەمڕۆ كەرەستەكانی میدیای ئەلەكترۆنی دەیانەوێت بیكەن و تا ئەندازەیەك ئامانجی خۆیان پێكاوە، ئەوەیە یادەوەری كۆمەڵایەتی پڕ بكەن لە قسەی ڕۆژانە و لە نێویدا تێكستێك كە بەرهەمی كارە بێسەروشوێنی بكەن، یان لە چوارچێوەی سیستەمی هەژموونی زۆرینەی نوسراوەی پڕوپووچدا بەرەو شاردنەوەی بەرن.
نووسین لەهەر قۆناغ و سەردەمێكدا كۆمەڵێك ئەركی هەن، كە بەشێكیان بە پێی سەردەمەكە دەگۆڕێت و بەشێكیشیان بە درێژایی مێژوو وەك خۆیان و بە بنەڕەتی دەمێننەوە، بەتایبەت ئەوانەیان پەیوەندیان بە سروشتی نووسینەوە هەیە. ئەوەی من زۆر بە بنەڕەتی دەبینم لە ئەركی نووسیندا دوو خاڵی زۆر سەرەكین: یەكەم؛ درووستكردن و دەوڵەمەندكردنی یادەوەری بە كۆمەڵە. دووهەم نووسین ئەو سۆفت وێرەیە كە داینەمۆی گۆڕانكارییەكانی مێژووی ژیریی دەخاتە ئیش. مێژووی نووسین نازانرێت، بەڵام لەو سەردەمەوە دەستیپێكرد كە دووپێیەك بیریكردەوە و هات لەپی دەستی خۆی لە سەر دیواری ئەشكەوتێك بە چاپكراوی جێهێشت. لەو كاتەوە هەتا ئەمڕۆ، كە لەڕێگای میدیای ئەلەكترۆنییەوە هەركەسە دێت و وڕێنەكانی خۆی دەنووسێتەوە و كراوەتە شێوگی نووسینی باو نووسین كاریگەری و گرنگی خۆی لە دەست نەداوە.
لەخۆیدا نووسین چەند ئەركێكی بە قۆناغ و سەردەمی خودی نووسینەكەشی هەیە و بەتەنیا بەو دوو ئەركە سەرەكییەوە ناوەستێت؛ لەوانە:
* درووستكردی هۆشیاریی؛ نووسین لە ڕێگای درووستكردنی پرسیار و لێكدانەوەی ڕووداوەكان و شیكردنەوەی پێشهات و پێشبینی كردنی ئاییندەی نزیك و دوورەوە، لە ڕێگای پێشكەشكردنی تێزەكانی چارەسەرەوە؛ دۆخێك لە هۆشیار درووست دەكات لە ئاستی جیاجیادا. بۆ نمونە نوسینی زانستی هۆشیاری زانستی و تێكستێكی شانۆگەری هۆشیارییەكی گشتی تایبەت بە فەلسەفە و دیدگایەك دەنەخشێنێت. هەروەك چۆن دەقێكی شیعری كۆی هەست و ڕۆشنیی هەستەوەرەكان لەو زمان و كولتوورەدا لەساتەوەخت و سەردەمی خۆیدا دەردەخات و دەبێتە كۆ هۆشیاری هەستی گشتی.
* سەرچاوەی زانین و تێگەیشتنی قۆناغەكەیە؛ ئەو زانیار و ڕاستییە پێشبینیكراوانەی لە نووسیندا دەیاندۆزینەوە دەبنە زەخیرەی زانین و تێگەیشتنی ئێمە لە هەر قۆناغێكدا. تەنانەت كە لە قۆناغێكی دواتریشدا بۆیان دەگەڕێینەوە دەتوانین بزانین ئێمە لە كوێوە سەرچاوەی هەنگاوەكانی پێشوومان گرتوە. هەرگیز ناكرێت قسەی وتراو ببێتە ئەو سەرچاوەیە، چونكە ئەو قسە وتراوە بارگاوییە بە چەندین پڕوپاگەندە و دەربڕینی هەست بە بێ بنەمایەكی زانستی و خاڵییە لە مشتومڕی بیرێكی قووڵ. بۆیە قسەی وترا و ئەم ئەركەی قۆناغەكەی خۆی لە چوارچێوەی گێڕانەوە تێپەر ناكات. واتە گەر ئێمە هەموو قسەكانی ڕۆژانەی خۆمان تۆمار بكەین، جگە لە گێڕانەوە هیچی ترمان نەكردوە. بەواتایەكی تر؛ واتە هیچ بەهایەكمان بە هۆی كار و كردەوەی نووسینەوە نەخولقاندوە تەنیا دۆخی گوزەرمان گێڕاوەتەوە. ئەمە بێسوود نییە، بەڵام هەموو ئەركەكانی نووسین پڕناكاتەوە.
* بەهۆیەوە هاریكاری دروست دەبێت و بەرنامەكار دادەڕێژرێت؛ تێكڕای گۆڕانە گەورەكانی مێژوو بە بێ نووسین ڕوویان نەداوە، تەنانەت بەر لە مێژووی نووسینیش جۆرێك لە تێكستكردنی زارەكی هەبوە لە شێوەی ئەفسانە یان لە شێوەی چیرۆكی دەما و دەمەوە كە بەهۆیەوە مرۆڤ توانیویەتی بەرنامەكاری خۆی وێنا بكات. بەرنامەكار بەرهەم و دەرئەنجامی هاریكارییە، ئەو چەمكە هەرە گرنگەی مێژوو، كە دەتوانێت سیستەم دروست بكات. سیستەم بەشێكی باشە لە وەرچەرخانە مێژووییەكان كە دەتوانێت چیرۆكی بوونمان بۆ بگێڕێتەوە. هاریكاری بە بێ نووسین ناتوانێت بگاتە بازنە فراوانەكانی دانیشتوان. دەكرێت بە شێوەی زارەكی و ڕێكەوتنی چەند پیاوماقوڵێك ڕێكەوتنێكی زارەكی  مۆر بكەین لە نیوانی چەند گوندێكدا، بەڵام بە بێ نووسین ناتوانین سیستەم داڕێژین. بە بێ سیستەمیش ناتوانین هێز كۆ بكەینەوە بۆ هاریكاریكردنی یەكتر و وەشاندنی ئەو گورزانەی كە لە ئەركی گرۆی چكۆلە و تاكەكەس تێدەپەڕن.  
* گرنگی تۆمار لە یادەوەریدا بۆ پیاچوونەوە؛ تۆماركردنی بیر و بیركردنەوە ئەو پێگە زەحمەتەیە كە شارستانییەت گەر نەیبوو ناتوانێت ڕابوەستێت. بەواتایەكی تر ئەگەر كولتوور تۆماری بۆ یادەوەری و نۆرمەكانی نەبوو، ئەوا كولتوورێكی كۆچەری دەمێنێتەوە. كولتوورێك دەبێت بەتەواوی پشتی لە جوگرافیایەكی جێگیرە و سنوورەكانی لەو شوێنەدا دەمێننەوە كە دەتوانێت تەنیا دەماودەم بگێڕدرێتەوە. بەزەحمەت بۆ هیچ كولتوور و فەرهەنگێكی تر تەرجەمە دەكرێت، بەزەحمەت دەبێتە زەخیرەیەك بۆ بیناكردنی داهاتوو. بە زەحمەت جێدەكەوێت و كاریگەری لەسەر كولتوورێكی تر دادەنێت. ئیتر بۆیە بە بێ یادوەری نووسراو تێكڕای هەژموونی كولتوورێك تەنیا ڕاگوزەردەبێت. ئەم ڕاگوزەرییە لەوانەیە لە گرۆی چكۆلەدا پارێزگاری لە خۆی بكات، بەڵام هەرگیز بۆ گرۆ گەورەكان دەست نادات و هەمیشە كولتوورەكەیان بە لاواز دەمێنێتەوە.
*ناوەندێكە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو پیاچوونەوە؛ پرۆسەی بونیادنانی داهاتوو لەسەر نووسین زۆر دەوەستێت، چونكە گەشە و پێشكەوتنی داهاتوو بە بێ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پیاچوونەوەی ڕابردوو دروست نابێت. پیاچوونەوەی ڕابردوو ئەو خاڵی وەرچەرخانەیە كە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆیەوە وێنای ئاییندە بكات. وێنای ئاییندەش هەمیشە ئەو گەڕانەوەیەی دەوێت، خۆ ئەگەر ئاڵوگۆڕی بیروڕاش زۆر پێویست نەبێت مرۆڤ بەتەنیاش بژی، ناتوانێت لە خاڵێكەوە دەستپێبكات بەبێ گەڕانەوە بۆ یادەوەری ڕابردوو. بڕوانە نمونەی چیرۆكەكەی ڕۆبنسن كرۆزۆ، كە ناتوانێت لە هیچەوە بوون درووست بكات بە بێ گەڕانەوە بۆ یادەوەری شارستانییەتەکەی پێشتری خۆی.