بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





21/07/2013

هەوارگەی - سەرۆکێکی خاڵی

کام هەوارە سەرۆکێک لەخۆدەگرێت خاڵی لەفەزیلەت و تەژی لە شەرمەزاری؟

دەستپێک:
ئەو دەمەی سەرۆک تەژی دەبێت لەشەرمەزاریی و دادەچۆڕێتەوە لەبەهاکانی رەوشتی سیاسی ئیدی مەودایەک نامێنێتەوە بۆ چاکەکاری (فەزیلەت)، تنانەت من بۆخۆم باوەڕم وایە دەستگرتنەوە لەهەندێ سزای گران بەسەر ئەم جۆرە کەسانەدا، نۆرمێکی کولتوورییە لەمتەرخەمیی و دەچێتە خانەی تاوانکاری بەکۆمەڵ و بەتایبەتیش لەسەرشانی دەستەبژێری سیاسی.
مەسعودی کوڕی مەلامستەفا، ئەو کەسەی بەنمونە دەمەوێت ئەمڕۆ قسەی لەسەر بکەم! ئەو کەسەی بۆ دیدی من هیچی جیاواز نییە لە دیکتاتۆرە شۆڤێنی و داگیرکارەکانی کوردستان و هاوخانە و هاوپایە و هاوجێکەوت لەگەڵیاندا تاوانکارانە دەیبینمەوە. ئەوەی من دەیبینم لەڕای گشتی و ئۆپۆزسیۆن و ڕاستییە دەرکەوتوەکانی ئەو چەندساڵە جێگەی یەک چارەسەر و یەک هەڵوێستە کە لێرەدا دەمەوێت شیبکەمەوە.
باوەڕم وایە خەڵک ئازادە لەبینین و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی کێشەکان، تا ئەو ئاستەی ئیدی ئەم ئازادییە نابێتە بەشدارییەک لەتاواندا. ئەو تاوانە زۆرانەی بنەماڵەی حوکمڕانی ئەو تاقمە بەرزانییە بەرامبەر گەلی کوردستانیان کردوە و دەیکەن تاوانگەلێکی مرۆیین، و ئەمانە گەل و نیشتمان فرۆشیان کردوەتە پیشەی بۆماوەیی و باشترین چەرچین بۆ پرس و سامان و گیانی خەلکی کوردستان. لەهەرکوێیەک گەلی کورد هەبێت ئەوان دەتوانن بازرگانی بە خۆیان و پرسەکانیانەوە بکەن. لەهەر جێگایەک خەڵکی کوردستان ژیان بگوزەرێنێت، کورد بێت یان کورد نەبێت بەبیانووی کوردایەتی و کوردستانی بوونیان پرسەکانیان سوودلێدەبینن بۆ قازانجی سنوورداری تاکەکەسی و خێزانی خۆیان. ئەم گرۆیە چەند بازنەیەکی پێناسە و پارێزگاریان بۆخۆیان درووستکردوە و بەهۆیانەوە بۆ بەرژەوەندییەکانیان کاردەکەن؛ بەم جۆرەی لای خوارەوە:





١. بنەماڵەی حوکمڕانی بەرزانییەکان.
٢. بەرزانییەکانی دەرەوەی بنەماڵەی حوکمڕان، بەمەرجێک نەیار نەبن.
٣. ئەو بنەماڵە بادینیانەی لەگەڵ مستەفا بەرزانیدا ڕەویانکردبوو بۆ ڕووسیا.
٤. ئەو بنەماڵانەی بەرزانی نین و لەگەڵ مستەفا بەرزانیدا ڕەویانکرد بۆ ڕووسیا.
٥. ئەو بنەماڵانەی لەدوای ئاشبەتاڵ لەگەڵ پارتیدا خۆیان تەسلیم بە شای ئێران کردوە.
٦. ئەو بنەماڵانەی لەپارتی دانەبڕاون و دوای ڕاپەڕین لەگەڵ پارتیدا گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان یان پێشتر موستەشار و جاشی بەعس بوون و لەپەیوەندیدا بوون لەگەڵ پارتیدا.
٧. ئەو پارتیانەی لەدوای ١٩٧٤ ەوە دانەبڕاو بوون لەپەیوەندی بە متمانەپێکراوەکانی پارتییەوە.
٨. ئەو پارتیانەی لەدوای ١٩٩١ ەوە بووبوون بەپارتی.
٩. ئەو پارتیانەی دوای ١٩٩٤ ەوە بوون بە پارتی و هەموو ئەوانەش کە لەدوای ئەم مێژوەوە و لەناو پارتەکانی ترەوە چوونەتە ناوپارتی، وەک حیزبی شیویعی و زەحمەتکێشان و سۆشیالیست و...تاد.
١٠. خەلکی ئاسایی کەلەژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەژی و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تردا نییە، یان لەناوچەکانی تردا دەژین و سەر بە پارتی نین بەڵام بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ پارتیدا دەگونجێت.
١١. خەڵکێک کە لەگەڵ پارتیدا ناکۆک و ناتەبایە یان هاوبەرژەوەندی نین لەگەڵ پارتیدا.
١٢. هەموو ئەوانەی دژی پارتین، کە تێکڕا دەکەونە دەرەوەی فەلەک و بازنەی بیرکردنەوەی پارتی.

ئەم ڕیزبەندییە لەڕووی دیمۆگرافیی و ژمارەی دانیشتوانەوە ڕاستەوانە دەگونجێت لەگڵ دوورکەوتنەوەیان لەچەقی بازنەی حوکمڕانی. بەواتایەکی تر تا لەبازنەی یەک نزیکببینەوە ژمارەیان کەمترە و تا لەبازنەی ١٢ نزیکببینەوە ژمارەیان زیاد دەکات، لەگەڵ هەندێک هەڵاوێردی تایبەت وەک پارتە کوردستانییەکان لەڕیزبەند و بازنەی نۆیەمدا.
گرنگترین ستراتیژ کە سەرکردایەتی ئەم چەرچییانە هەیەتی، ئەوەیە ئەم بازنانە بپارێزن و بەوشێوەیە بە ئۆلیگارشییەکی ئەجێندا تایبەتەوە حوکمڕانی ناوچەکە بکەن تا ئەو ئاستەی سوود و قازانجی ئابووری بۆ ئەوان هەیە. سیستەمی کارکردنی ئەم دەستەیە سیستەمی شانتاژە، بەردەوام بەرامبەرە نەیارەکانیان بەتەڵەی پرانسیپەکانی خۆیانەوە کۆت دەکەن و ناچاریان دەکەن لەمەڕ سیاسەتەکانی پارتیدا چۆکدابدەن، ئەمەش بەبێ گوێدانە هیچ پرانسیپێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.. بەردەوام پارە و هێز لەقێزەونترین شێوەدا بەکاردەکەن بۆ ئەم ئامانج و مەبەستانە. بۆنمونە هەوڵدەدەن نەیارەکانیان بخەنە تەڵەزگەی بیروباوەڕەکانیان و لەڕووی جەماوەرییەوە دووچاری ئەو بەدکاریانەیان بکەن کەخۆیان تێدا باڵادەستن. هەمان میکانیزمیش لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا بەکاردەهێنن، جا ئەو ئۆپۆزسیۆنە لەسەر ئاستی حیزب و ڕێکخراو بێت یان تاکەکەس و چالاکەوانە میدیایی و مەدەنییەکان بێت.
هەندێک پەراوەی نامرۆیی تریان هەیە لەچوارچیوەی کاری سیاسیدا، کەپەراوەکردنی دیوەناشرینەکەی کاری سیاسییە؛ وەک: شەرم نەکردن لەهەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، سڵنەکردنەوە لەتیرۆری خەڵک بەشیوەیەکی ڕێکخراو یان هەڕەمەکی، دەستتێکەڵکردن و هاوبەشیکردن لەگەڵ سوپا و دەزگا جاسووسییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەزگا نێودەوڵەتییەکانیش، بێباکی بەرامبەر سامان و بوونی نیشتمانی و نەتەوەیی و خاوەندارێتییەکانی خەڵک، دزیکردن و تاڵانیکردن نەک بۆخۆیان بەڵکو لەکۆمەڵگاشدا بە کولتووری دەکەن و پارێزگاری لەدۆخی ئەو تاوانکارییانە دەکەن کەدەکرێت لەپەراوێزی گەندەڵیدا تەشەنەبکەن و هەروەها لەخۆگرتنی تاوانکار و بەدکاری نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانەوەیان بەشێوازی جۆربەجۆر لە نمونەکانی تەحسین شاوەیس و قاسم ئاغا و موستەشارەکانی تری سەردەمی بەعس و گەورەتاوانکاری وەک شێخ زانا. هیچ پێوانەیەکی مرۆییان نییە بۆ هەنگاوەکانیان (وەک: پرانسیپی مافەکانی مرۆڤ، ژینگەپارێزی، ڕەچاوکردنی کولتوور، تەنانەت دەست بە پرانسیپە ئایینیەکانیشەوە ناگرن ئەگەر لەقازانجی ستراتیژەکانی بازنەی یەکەمدا نەبێت)، هەموو کەسێک بە چکۆلەدەبینن و تەنیا سەرچاوەیەک ئەوان سڵی لێ بکەنەوە ئاغاکانیانە کەلەوان بەهێزترن و دەتوانن ناچاریان بکەن بەکڕنووش بردن و ملکەچکردن.
لەگەڵ دووبارەکردنەوەی ئەم ڕاستیانە هیوادارم نووسینەکەم بەهەناسەی ڕق پێوانە نەکرێت، چونکە ڕقم لێیان نییە، تەنیا دەمەوێت ڕاستییەکانی بوون و جێکەوتەی مێژوویی و جوگرافیای کۆمەڵایەتی ئەوان بەبیری خۆم و ئێوەدا بێنمەوە و هیچی تر، چونکە ئەوەی ئەوان پێیهەڵدەستن چاوەڕوانکراوە، لەپەروەردەیان، لەزەخیرەی ئەدەبیان، لەلۆجیکیان لەبوونیان لەژینگەیان لەزانیاری و هۆش و بیرکردنەوەیان، لەهەموو پاشخانی زانین و هۆشمەندیان چاوەڕوانکراوە. بۆیە زیاتر ئەم نووسینەم پرسیارە لەخۆم بەر لەتۆ بەر لەهەر هێزێک بەر لەهەرکەس.

چاکەکاری و شەرمەزاری:
مەسعود، لەپۆستی سەرۆکدا و وەک ترۆپکی ڕەفتارکاری ئەو خێزانە حوکمڕانە، خاڵییە لەچاکەکاری (فەزیلەت) و تەژییە لەشەرمەزاری، بەو پێیەی دوا جۆرەکانی شەرمەزاری بەسەر مێژووی ئەو خێزانەدا هێنا، دواتریش بەسەر ئەزموونی گەلێک کەبەزۆرەملێ بەسەریەوە بووەتە سەرۆک (لەڕێگای تیرۆرکردنی (فۆرم و ناوەڕۆکی دیموکراسی) یەوە)، تیرۆری سەرەتایی ترین و سادەترین ئەو چەمکانەی خۆیان باندەکەیان بەناوەوە ناوناوە (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەشوێنێکی دوا وتارەکەیدا مەسعود دەڵێت: "تەوافق لەڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنەوە سەپاندنی بیروڕاکانی خۆیانە.. ئەوەش پێچەوانەی ڕێسا و عورفە سیاسی و دیموکراسییەکانە"، بەڵێ لە ڕێسا و عورفە دیموکراسییەکانی لای ئەم پیاوەدا هاتوە کەدەستبەرداری کورسییەکەی نەبێت، چونکە دیموکراسی کاتێک دیموکراسییە کە ئەو بەرەدەوام حوسنی ئاسا سەرۆک بێت.
نوێنەرایەتی هەموو سیستەمی ئەم بنەماڵەیە و کۆی مێژوویان ئەمڕۆ لەم پیاوەدا کۆبوەتەوە، ئەگەرنا جگە لەبەردەوامی کاراکتەری ئەم جۆرە لەحوکمڕانی هەرکەسێکی تریان بێت هیچی جیاواز نابێت لەم فۆرمە گرگنە، بەتێبینییەوە، لەوانەیە چەند جارێکی تر وشەی گرگن بەکاربهێنم، بەڵام هەرگیز مەبەستم سوکایەتی پێکردن نییە. وشەی گرگن تێرمێکی سیاسی کۆمەڵایەتییە کە زانا و فەیلەسوفی بەناوبانگی ئۆستریایی ویلیم ڕایش خستیە نێو ئەدەبیاتەوە، بڕوانە "گوێ بگرە پیاوی بچووک"). دواجار هەرچۆنێک مامەڵەی ئەم کەسایەتییە بکەین، ئەوە مامەڵەی کەسێک دەکەین کەمێژووی خۆیان کردویەتی بەو مشتەی کەباشترین نوێنەرایەتی خەرمانەکەیان بکات. هەربۆیە لەبەردەم دادگاشدا دەکرێت نوێنەریان بێت.
گەر بەشێوەیەکی گریمانەیی لەئێستادا دادگاییەک بۆ مەسعود مصطفی بەرزانی دابنێین ئەوا دادگاییکردنەکە دادگایی هەموو تاقمەکەیان دەکات؛ هەرچۆن صەدام حوسەین بوو بە نوێنەری بەعسیزم لەدادگاییکردنەکەیدا لەڕێگای ئەوەوە بەعس سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. مەبەستمە بڵێم ئەگەر ڕۆژێک دادگایی سەرانی پارتەکانی تر بکرێت لەکوردستاندا بۆنمونە؛ تاڵەبانی، قادر عەزیز، عەزیز محەمەد یان هەرکامێکی تر لەوانە، ئەوا دادگایی کردنەکە نوێنەرایەتی تێکڕای ڕێکخراوەکەیان ناکات، بەڵکو تەنیا کەسی دیاریکراو لەڕێکخراوەکەدا دادگایی دەکرێت. بەڵام لەکەیسی مەسعوددا ئەو دۆخە وەک هەمان دۆخی بەعس دەکەویتەوە. بەڵگەی من بۆ ئەم سەلماندنە، هیچ کاتێک نابینین لەهەنگاوەکانی ئەم بەزۆر سەرۆکەدا، چکۆلەترین ڕەخنەی ناوخۆیی بەرەوڕووی ببێتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرۆک پارتییە و پارتیش هی سەرۆکە.
لەو بڕگەیەی سەروە، تێدەگەین کاتێک سەرۆک لەچاکەکاری دادەچۆڕێت، ئیدی پارتیش لەچاکەکاری دادەچۆڕێت. چاکەکاری (فەزیلەت)، یەکێکە لەکەرەستە و خەسڵەتە هەرە سەرەکییەکانی کاری سیاسی، بەوپێیەش (چاکەکاری) بۆ سەرکردایەتیکردن و ڕابەرایەتیکردن، پێویستییکی چڕوپڕترە لە پێویستی چاکەکاری بۆ هەر کارێکی تر. چاکەکاری لەپێش سەردەمی فەیلەسووفە کۆنەکانی یۆنان و گریکیشەوە باسی لێدەکرێت، بەدیاریکراوی (ئەفلاتون و ئەرستۆ)، لەدوای ئەوانیشەوە تا ئەمڕۆ بەهەزاران توێژینەوەی لەسەرە و پڕ بەجیهان ڕای جیاوازی لەسەر هەیە. تێکڕای ئەم ڕایانە گەر جیاوازیشن، کەچی هێشتا چاکەکاری یەکێکە لەدەرگاکانی لێکۆڵینەوە لەبواری ڕەوشت و ڕەفتاری سیاسی و پێناسەیەکی گشتگیر و سەرەکی هەموو ئەم ڕا جیاوازانە کۆدەکاتەوە "چاکەکردن بریتییە لەدەستبەرداربوون لەتوانستێک لەخواستێک لەبوونێکی ماددی یان مەعنەوی تاکەکەسی لەپێناو پرسێک گرۆیەک یان خواستێکی گشیدا، کاری چاکە بەرامبەر تاکەکەسیش دەکرێت، بەڵام لەهەموو دۆخەکانی چاکەکاری بەرامبەر تاکەکەس، هۆشیارییەکی گشگر هەیە کەئامانجی چاکەکاری لەخۆی کۆدەکاتەوە". چاکەکاری زۆر چەمک و مەودا لەخۆدەگرێت لەوانە بەنمونە: ڕاستگۆیی، بەخشندەیی، خاکەڕایی، ئازایەتی، لەخۆبووردن، لەئەستۆگرتن و دانپیادانانی هەڵەی خود، ملکەچکردن بۆ بەرژەوەندی گشتی، ...تاد.
ئەگەر ڕۆژانە لەکەناڵە بوێرەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕوانین، ئەگەر کەمێک بەسەر چەند دانراوێکی مێژوویدا بچینەوە کەلەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا نووسراون، هەموویان پڕن لەبەڵگە و دۆکیومێنتی حاشاهەڵنەگر کە دەیسەلمێنن ئەم مەسعودە بەزۆر سەرۆکە کەسێکە خاڵی لەچاکەکاری و ناتوانێت سەرۆک یان سەرکردە بێت، تەنانەت ناتوانێت لەکاری سیاسیدا چکۆلەترین ڕۆڵی بەرپرسیارانەی هەبێت. ئیدی ئەگەر کەمێک بچینە باری نمونەییەوە ناتوانێت هیچ ئەرک و کارێکی گشتی کارگێڕیش ڕاپەڕێنێت.. جگە لەوە لەهەندێ بەرپرسیارێتی هەستیاردا بەمەترسی هەژمار دەکرێت. چاکەکار (فەزیلەتدار)، "فا‌ضل" ڕێک ئەو کەسە لەخۆبووردوەیە کەتوانیویەتی لەدەست خواست و چێژ و پرسە کەسییەکانی خۆی خۆی ئازادبکات و بتوانێت هەربۆنە و پرسێکی گشتی بخاتە پێش بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکانی خۆییەوە. کە ئەم کەسێتییە بەتەواوی بە پێچەوانەوە کاردەکات و لەبەرامبەر هێزە دەرکییەکاندا تەواو تێرمی گرگنی بەسەردا دەچەسپێت.  لێرەوە تێدەگەین لەدەستدانی چاکەکاری لای مەسعود، جێکەوتی سیاسی و سەرکردایەتی و هەموو ئەمانەی لێدەسەنێتەوە و شایستەی نابێت، لەپێناوی بەرژەوەندی تەسکی تاکەکەسی و خێزانیدا زۆرترین درۆمان لێ بینیوە نوێترینیان: "پلەو پۆستەکانم بۆ بەرژەوەندی گەلەکەم بەکارهێناوە" (دوا وتار).. "کوردستان ناوبانگێکی باشی هەیە.. پێشکەوتنی گەورە بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا هاتوە" (دوا وتار) و زۆر درۆی تر لەم درۆیانە. کە ئەم لێدوانانە هەموویان بە داتا و بە ژمارە و بەبەڵگەی مێژوویی بەدرۆ دەخرێنەوە.
ئەم سەرۆکە هیچ ساتێکیش بەخشندەیی تیادابەدی ناکرێت ناتوانێ پەراوەی خاکە ڕایی بکات، لەشوێنێکی تردا تەنیا شانازی بە شوناسی پێشمەرگایەتییەوە دەکات، ئەوە لەبەر ئەوەیە کەتائێستاش وشەی پیشمەرگە لەنۆستالجیای خەلکی کوردستاندا پیرۆزە.. ڕاستیەکەش ئەوەیە نە بۆ کاتی خۆی نە بۆ ئیستا مەسعود شوناسی پێشمەرگایەتی بەسەردا ناچەسپێت. لەمێژووی ئەم فایلدارەدا، سەدان و دەیان بۆنەهەن کەداکۆکیکار و پشتیوانی سیخوڕەکانی بەعس بوە، مێژووی ئەم تاڵانچییە، هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەیە کەکەس نازانێت بەچ ڕێژەیەک بەکۆمپانیا بیانییەکان دەفرۆشرێن و بە چ نرخێک لەسەریان ڕێککەوتوون. لەماوەی دوایین سەرۆکایەتی ناشەرعیانەیدا جگە لەچەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ گەورەبەرپرسی کۆمپانیا بازرگانییەکان و چەند سەردانێکی پڕ گوماناوی هیچی ترمان لەم مرۆڤە خاڵییە نەبینیوە. جگە لەسەرشۆڕی بۆ بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران و بەخشینی سامانێکی گەورە بە داگیرکاری تورکی هیچ هەڵوێستێکمان لەم بەناو سەرۆکە نەبینیوە.
ئەوەی لەزۆر سەرچاوەی مێژوویدا دەیخوێنیینەوە یان لەچاوپێکەوتنەکانەوە دەیبینین و دەیبیستین، دەیسەلمێنن هەمیشە ئەم دەستە حوکمڕانە خەڵکی کوردستانیان کردوەتە بەردەبازێک بۆ پەڕینەوە و باڵادەست بوونی خۆیان. بڕوانە بەرهەمە نووسراوەکان و چاوپێکەوتنەکانی دکتۆر مەحمود عوسمان، کەنەک ئەم بەرزانییە، بەڵکو هەموو دەسەڵاتدارە بەرزانییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بڕوانە بەرهەمە نووسراوەکانی نەوشیروان مستەفا، زنجیرە نووسینەکانی ڕەفیق پشدەری و ئەیوب بارزانی ئامۆزایان و عەبدولمصەور بارزانی و چەندین لێدوان و ڕاپۆرت و بڵاوکراوەی خەلکی تر و ...تاد.

بەواتایەکی تر گرگنێک چۆن دەبێتە سەرۆک؟
ئێمە لە دوا پرۆسەی خیانەتکارانەی ئەم بنەماڵەیە و باندە شەریکەکانیدا بینیمان چۆن دەستکاری چارەنووسی گەلێکیان کرد، مەبەستم بڕیارەکانی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ یە! ئەم دەستکاری کردنە ڕێک وەک لاقەکردنی گەل وایە، وەک سووکایەتی پێکردن و بێحورمەتی پێکردنێکە کەم گەل و نەتەوەی هۆشیار هەیە لەدونیادا بتوانێت بەرگەی بگرێت و خۆی لەبەردەمدا ڕابگرێت. ئەم گرگنە هەر بەوجۆرە بوەتە سەرۆک کەسەرۆکایەتییەکەی پێ نوێکردەوە بەڵام لەوانەیە چەندین سیناریۆی تریان بۆی هەبووبێت وەک ئەوەی لەئەزموونی خۆماندا بینیومانە.
سەرەتا گرنگە بزانین و وەڵامی پرسیارێکی گرنگمان پێ بدرێتەوە، ئایا هەرێمی کوردستان سەرۆکی پێویستە یان پۆستی سەرۆکیش وەک کۆمەڵە پۆستێکی کارتۆنی تر درووستکراوە بۆ ئەم سەرۆکە؟ لەخۆیدا هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بە ئەرێ یان نەرێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە چونکە دوو گۆشەنیگای بەرژەوەندی لەگۆڕێیە: گۆشەنیگای یەکەم بەرژەوەندی هێزە دەرەکییە ئیقلیمی و جیهانییەکانە، کە بۆئەوان بوونی سەرۆکێکی گرگن نەک هەر پێویستییە بەڵک و یەکێکە لە گرنگییە سەرەکییەکان کە بەهۆیەوە بتوانن بەرژەوەندەییەکانی خۆیان بپارێزن و هەنگاو هەڵبگرن بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵکی ناوچەکانیان. بەم جۆرە بەڵێ سەرۆک پێویستە و دەبێت سەرۆکێک هەبێت کە چکۆلانە بێت، بێ ئیرادە و جێبەجێکار بێت لەڕووی شیواز و فۆرمی یاساییەوە. بەڵام کە لەگۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانەوە سەیر دەکەین، کوردستان هیچ پێویستییەکی بە سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتی و پۆستی لەم جۆرە نییە. باشترین بەڵگە لەنەبوونی پێویستی ئەو کارانەیە کەلەماوەی دوو خولی ڕابردووی خۆیدا ئەم سەرۆکە ناپێویستە ئەنجامی داون کە تێکڕا کارێکن لەجۆری کاری ناپێویست و هیچ کێشەیەکی خەڵکی کوردستانیان چارەسەر نەکردوە، بەڵکو لەزۆر باردا بوونەتە هۆکار بۆ بەهەدەر بردنی سامانی نیشتمانی و بوونەتە هۆکار بۆ درووستکردنی مەترسی بۆ سەر ئابووری خەڵکی کوردستان و بەشدارییەکی بێوێنەیانکردوە لەتاڵانییەکانی سیستەمی سیاسی حکومڕاندا بەرامبەر بە مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک.
بە کورتی و بە پوختی سەرۆک هەبێت یاخود نەبێت یەک ئەنجام و ئامانجی هەیە و لەجێگەیدا هەبوونی ئەنجومەنێکی نیشتمانی بەهێز و حکومەتێکی بەرپرس هەموو ئەو ئەرکانە دەتوانێت ڕاپەڕێنێت کەبۆ سەرۆک دانراون لەڕووی یاساییەوە. لەم دۆخەشدا خەڵکی کوردستان لەدەست ئەو پۆستە گرگنە ڕزگاری دەبێت کە لەزۆر بۆنەدا ڕۆڵی بەکرێگیراوێکی جۆکەر دەبینێت.
لەگەڵ گۆڕانی دۆخی جیهان و مێژووی نوێدا (دوای پرۆسترۆیکا) سیستەمی کۆلۆنیالی ڕاستەوخۆ بەسەرچوو، بەڵکو سیستەمێکی نوێی کۆلۆنیالی هاتە ئاراوە، کەلەژێر کاریگەری هەژموونی ئابووری و هێزدا سەرچاوە و خواستە لۆکاڵییەکان وەبەربهێنرێن و باشترین شێوازی کۆڵۆنیاڵی ناڕاستەوخۆ پێڕەوبکرێت کە پێشتر لەهەندێک لە وڵاتانی ئابووری دواکەوتوودا بە فۆرمی دیکتاتۆری ئەو پرسەیان چارەسەرکردبوو. بەڵام ئەمڕۆ لەڕێگای سیستەمە شکستخواردوەکانی دیموکراسی و دیموکراسی ڕووکەش و دیموکراسی تەوافقیدا پێڕەو دەکرێت. مەرجیش نییە تەنیا هێزە جیهانییە بەهێزەکان بەم کارە هەستن، بەلکو داگیرکارە ناوچەییەکانیش لەم ڕوانگانەوە دەستێکی باڵا و دەزگای سیخوڕی و لۆبی دەرەکی گەورەیان هەیە. بۆنمونە بەشێکی باش لەسەرکردایەتی پارتەکان و مەکتەب سیاسییەکانیان پەیوەندی سەربەخۆ و خۆبەخۆیان لەگەڵ دەزگاکانی ئیتیلاعات و میت و چەندین دەزگای تری ناوچەکەدا هەیە. ئەم ڕاستیانە تێکڕا گوشارێکیان درووستکردوە بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان مل بە سیستەمێک بدەن کەبەهێزەکان دایدەڕێژن، بەهێزەکانیش ئەوانەن کە هێز و پارەیان لەدەستە و بەئاسانی دەتوانن سەرچاوەکانی بڕیار قۆرخ بکەن. لەماوەی ژیانیاندا جگە لەگێلکردنی خەڵک و سیاسەتی گەوجاندنی کۆمەڵایەتی هیچ کارێکی تریان نەکردوە و ئەمەش هۆکارێکی باش بووە بۆ ئەوەی لەڕووی فۆرماڵتییەوە سەرۆکەکان بەردەوام و بەردەوام هەڵببژیردرێنەوە.
لەو دەمانەدا کە هۆشیاری کۆمەڵایەتی بە ئەندازەیەک ڕووی لەجووڵانەوە و پێشکەوتن کردبێت، هێزە سیاسییە باڵادەستەکانی وەک پارتی و یەکێتی یەکەمینی ئەو هێزانە بوون پەنایان بردوەتە بەر تەزوویر و فێڵکردن. بۆیە دەتوانین بڵێین جگە لە ڕێکەوتنی تاوانکارە گەورەکانی کۆمەڵگا و گرگنە ئیقلیمی و ناوچەییەکان ئەنجامی گێلکردنی خەڵک و فێڵکردن و ساختەکاریش دوو هۆکاری تری بوون بۆ بەسەرۆک کردنی گرگنەکان لەکوردستاندا.
مەرج نییە داننان بەڕاستیدا هەموو کات کۆمەکی ڕەوایەتی و دادوەری بکات، بەڵام پێنان لەڕاستی هەموو کاتێک کۆمەکی بێدادی و زۆرداری دەکات. بۆیە دەبێت ڕاستییەک بخەینە ڕوو ئەگەرچی هاوکاتە لەگەڵ بانگەواز و خواستی دەسەڵاتدا، ئەوەش نزمی ئاستی هۆشیاری خەڵکی کوردستان و دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمەیە. دەسەڵاتی کوردی بەگشتی و سەرۆک بەتایبەت پێیان خۆشە بڵێن کۆمەڵگا نەزان و نەفامە و ناهۆشیارە، لەپێناوەی ئەوەی: ئەوان باشترین بن و هەڵەکان بخەنە ئەستۆی خەڵک و پێشنەکەوتن بە پێشنەکەوتنی خەڵکەوە ببەستنەوە و بتوانن هەموو ساختەکاری و فێڵەکانی خۆیان بەکار بهێنن لەپێناوی مانەوەدا. ئەمە لەهەمان کاتدا ئەوەش دەسەلمێنێت کە ئەو دەسەڵاتە هۆکارە بۆ دواکەوتووی خەلک لەو ماوە دوور و درێژەدا کەحوکمڕانی خەڵکیان کردوە، بەڵام بێگومان دەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنیان ئەو ڕاستیانە دەکەن بەژێرەوە و تەنیا ئەو لایەنەی تر بەدیاردەخەن کە گێلی کۆمەڵگا لەقازانجی ئەوانە.
بەکورتی ئەنجامی گێلی و گێلکردنی خەڵکی کوردستان، ئەنجامی پشتیوانی هێزە ناوچەییەکان و کۆڵۆنیاڵییە نوێیەکان، هەروەها ئەنجامی فێڵ و ساختەکاری مەسعودی کوڕی مستەفا بەرزانی بەسەرۆکی هەرێم بوە لەپۆستێکی ناپێویست و لەدۆخێکی نەخوازراودا. بەڕێگای وەهمی و ناڕاست درێژە بە دەسەڵات و شەرعیەتی خۆی دەداتەوە و پڕ مەترسی ترە لەهێزە داگیرکارە ڕاستەوخۆکانی کوردستان. ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جگە لە کۆمەکێکی گەورە بەم پرۆسەیە لەپێناو دەستکەوتنی بەشێکی چکۆلە لەو شیرینییەی پارتی دەستی بەسەرداگرتوە هیچی تر نییە. بەتایبەت ئەمڕۆ هەموو ئەو سەرکردانە حوکمڕانی یەکێتی دەکەن کەخەڵکی هەلپەرست و بێبنەمان و ئەنجامی پرۆسەیەکی ئیبلیسی جەلال تاڵەبانی گەیشتونەتە ئەو ئاستانە. بۆ زانیاری زیاتر بڕاونە مێژووی هەریەک لەئەندام و کارگێڕەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەروەها پەیوەندیان لەگەڵ تاڵەبانی و نزیکییان لەپرۆسە پڕ تەم و مژاوییەکاندا. دواجار و بەم جۆرە مەسعود بوەتە سەرۆک و سەرۆکێکی ناپێویست و لەگەڵ بەسەرچوونی ماوەکەشیدا جارێکی تر وەک گوندەیەک بەسەر سیستەمی سیاسییەوە ویلایەتەکەی بۆ نوێکراوەتەوە.


ئەی چارە؟
"حەقی هەر بڕینە دارێک بۆ نەمامێکی تر کەسێبەرکا"، (پیرەمێردی نەمر). لەم دێڕەدا کۆی چارەسەر دەبینمەوە و هیچی دی هەڵوێستەم نییە لەسەر ئەو تێرمانەی سیستەمی نوێی جیهانی کە بەبێ واتا لەنێو کۆمەڵگاکاندا و لەڕێگای نووسەرە پاسیڤەکانییەوە بڵاویان دەکاتەوە. لام وایە ئەگەر دیموکراسی و سیستەمە جۆربەجۆرەکانی دیموکراسی بە بێ دیموکراتیزە بوونی کۆمەڵگا و بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری جۆراوجۆری خەڵک لەبڕیارەچارەنووسسازەکانی خۆیاندا بیانتوانیبا گۆڕانکاری درووستبکەن، ئەوا هیچ کام لەدەسەڵاتەکان بانگەشەیان بۆ دیموکراسی نەدەکرد. خۆ ئەگەر ئازادی ڕێژەیی نەبوایە و بەر ئەنجامی جیاوازییەکانی گۆی زەوی لەشوێنێک کەمێک زیاتر بەرجەستەنەکرایە، ئەوا هەرگیز لەهیچ شوێنێک ئازادیش نەدەبوە دروشمی خاوەن بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات، بەو شێوە دیماگۆگییەی ئەمڕۆ بە ڕێژەیی دەیبینینەوە.
من نازانم ڕیشەکێشکردنی ئەمانە بۆ هەنگاوێکی ئاشتی خوازانە نییە، ئەمانە کەسەرچاوەی چەوساندنەوە و مەینەتییەکانی خەڵکی کوردستان بن، کە کۆسپ بن لەبەردەم هەموو بزاڤە کوردستانییەکاندا لەهەرکوێ بن؛ ئیدی بۆ دەبێت خەڵکی کوردستان بەبیانووی خەباتی مەدەنی و بە بیانووی ئاشتی پارێزی و خەباتی دیموکراتییەوە دەرفەت بۆ ئەم باندانە جێ بهێلێت و ئەگەرەکانی هێز تاقی نەکاتەوە؟ ئایا بەتەنیا لەبەر ئەوەیە چەند بەناو نووسەرێکی مەدەنی ترسنۆک سڵدەکەنەوە لەم ئەگەرە؟! بەڕای من چارەسەری کوردستان، بریتییە لەپاکردنەوەی کوردستان لەم گروپانەی بەعس لەم بەشاری و ئەتاتورکییانە، ئەمانە ئەو بێچوانەن کە لەمشک بوون و تا بێت کوردستان کونکون دەکەن، تا بەردەوام بن کوردستان زیاتر بەرەو دواکەوتن دەبەن، سامانی خەڵکی کوردستان تاڵانتر دەکەن. پێدانی هەر دەرفەتێکی زیاتر بەناوی هەڵبژاردن و بەناوی ئاشتی پارێزی و بەناوی ڕێگری لەشەڕی براکوژییەوە، دەبێتە پشت ئەستووری و بەهێزی دەسەڵاتی ئەمانە، دەبێتە هۆکار بۆ دواکەوتوویی زیاتری خەڵکی کوردستان و بەردەوامی حوکمڕانییان. بەتایبەت لەو ناوچانەدا کەهێزەکانی ئەم بنەماڵەیە دەسەڵاتی خۆیان بەسەردا سەپاندوە.
ئەگەر ئێمە لامان وایە ئەوانە ئەنجامی دەنگ هێنان و ڕەوایی پرۆسە دیموکراسییەکان هاتوون و حوکمی کوردستان دەکەن؟ئەوا کاتی خۆی ڕژێمی بەعسیش لەمانە زیاتر دەنگی بەدەستدەهێنا و هەمان میکانیزمی بەڕێوەدەبرد! ئەگەر ماشێنی دراو و کانە نەوتەکان و پشتیوانی هێزە ئیقلیمییەکان نەبن ئەمانە چۆن دەتوانن بەم جۆرە بەردەوام بن؟ بەو جۆرە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی کەم هۆشیارییدا هەرکەس هێزی هەبوو هەمیشە لەپێشەنگدایە. ئەو میکانیزم و شێوازەش کە هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان بەکاری دەهێنن تەنیا ئەو لێدانانەیە کە دەسەڵاتێکی ئاوا نەک ناکوژێت بەڵکو بەهێزتری دەکات. ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک ڕتووشکاری سیاسی نەبێت هیچی تر نابینین لەئەڵتەرناتیڤەکانی ئۆپۆزسیۆندا، و هیچ مەترسییەک بۆسەر سیستەمی سیاسی درووست ناکات.
لەوانەیە زۆرجار بڵێین لەبەر مەترسی شەڕی براکوژی، لێدانی ئەم هێزانە کارێکی خراپە، لەوانەیە هەندێکمان بڵێت لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا ناگونجێت، لەوانەیە تۆی خوێنەر بڵێیت ئەگەر هێزێک بەزۆر لاببرێت ئەوەی دێتە جێی هەر دەبێت هەمان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت...تاد. ئەم پاساوانە گشتیان پاساوی داتاشراوی ئەو سیستەمەن ئەمڕۆیان درووستکردوە، تێکڕا ئەو پاساوانەن کە دەسەڵات بەهێز دەکەن، ئەمانە درووستکراوی ئەو بەناو ڕۆشنبیر و بیرمەندانەن کەسوود لەدۆخی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە نێرسالارە دەبینن. خۆ ئەگەر یەکێک هاتو وتی با شەڕی براکوژی ڕوونەدات، ئەوە کورد دەڵێت: "چاوێک گلبکات دەریدەهێنم"، پیرەمێرد دەڵێت حەقی بڕینە ئەو دارە کە بۆ نەمامەکان سێبەر بکات، خۆ ئەم جۆرە سەرۆک و باندانە داریش نیین ڕۆژێک لەڕۆژان سێبەرێکی باشیان هەبووبێت، ئەمانە گیاکەڵەی کۆمەڵگای کوردین و دەبێت قەلاچۆ بکرێن. من خوازیاری شەڕ نیم، بەڵام کەسێک کە تووشی نەخۆشیەکی کوشندە دەبێت زۆرجار بە ژەهر چارەسەردەکرێت. لێرە ڕا ئەم تاقمە خیانەتکارە کوتەدا چییە بەخۆیان و سەرۆکە گرگنەکانیانەوە بەخۆیان و بەرپرسکراو و دامەزراوەکانیانەوە بە فەلسەفە و تێڕوانینیانەوە دەبێت ڕیشەکێش بکرێن، ئەم پرۆسەیە بە لەسەرخۆ و درێژخایەنیش ڕوونادات، پێویستی بە ڕاپەڕین و بەکارهێنانی هێزی گەلە. ئەگەر وێنەکانیش ناڕوونن مێژووی صەدام حوسێن و قەزافی و بەشار ئەسەد زۆر ئاشکران.
ڕۆژانە دەبینین دەنووسرێت و ڕۆژانە دەبینین ڕیپۆرتاژ و کاری زانستی و هونەری لەسەر ئەم دەسەڵاتە بڵاودەکرێتەوە، من باوەڕ دەکەم ئەوە تا ئەندازەیەک بێسوود بووە.. ئەمڕۆ ئەوانەی یکجاریش نووسین دەنووسن زۆر جوان و زۆر بە باشی دەتوانن دۆخی ئەم دەسەڵاتە شی بکەنەوە، گرفتی ئێمە لەوەدا نەماوە چیتر لەسەریان بنووسین و بڵاو بکەینەوە، زۆر دەمێکە کاتی ئەوە هاتوە کوردستانیان لێ پاکبکرێتەوە، چونکە "سزای هەر سەربڕینە موو لەحەدی خۆی کە تێپەڕکات" (پیرەمێردی نەمر).