بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





12/05/2020

هەرجارەی باسێك ژمارە (٣٤)/ ئاسوودەیی و دادپەروەری



سێ منداڵ و تەمبوورێك (١-٣)
سێ منداڵ کە هاوڕێی یەکتر دەبن لە کەلاوەیەکدا یاری دەکەن و تەمبوورێك دەدۆزنەوە. یەکەمیان دەڵێت تکایە با ئەو تەمبوورە بۆ من بێت، خۆتان دەزانن ئێمە هەژارین و هیچی ترم نییە لە ماڵەوە یاری پێبکەم. دووهەم دەڵێت نەخێر بۆچی بۆ تۆ خۆ ئێوە کەستان لە تەمبوور نازانن، منم کە دەزانم تەمبوور لێدەم، هەروەها مامۆستای باشم هەیە و زۆر بەچاکی تەمبوور دەژەنم. سێیەم دەڵێت نەخێر ئەی بۆچی بۆ من نەبێت، مەگەر خۆم نەبووم کە یەکەم کەس چاوم کەوتە سەر تەمبوورەکە و لەو جێیەدا دۆزیمەوە کە لێی کەوتبوو!؟ کەواتە پرسیاری سەرەکیمان ئەوەیە، ئەگەر بمانەوێت دادپەروەرانە تەمبوورەکە بدەین بە یەکێکیان، ئەوا دەبێت  کام لەو سێ هاوڕێیە هەڵبژێرین؟
لەوانەیە هەر وەڵامێك بدەینەوە، تووشی کۆمەڵێك پرسیاری تر ببین و ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە ببینەوە. بۆیە دادپەروەریی لەو شێوە ژیانەدا دەستەبەر دەبێت کە هەموو خەڵك تێیدا بێبەش نەبن لە فەراهەمبووەکانی ژیان و بتوانن ئازادییە ڕەواکانیانی تێدا دەستەبەر بکەن. یان ڕاستترە بڵێین خەڵك ڕووبەڕووی بێدادییەك نەبنەوە کە بێبەشیان بکات، سەرئەنجامی بەشێکی باشتر بۆ یەکێکی تر یان گرۆیەکی دیاریکراو لە خەڵك. بەم تێگەیشتنە لە دادپەروەری، خەبات بۆ خودی دادپەروەریی ناکۆتاییە و ئامانج و شێوە ژیانێك نییە تێیدا کە بڵێین دەگەینە دادپەروەری بێخەوش، چونکە دادپەروەری بێخەوش ئەگەرچی دەتوانین شێوگەکەی وێنا بکەین، بەڵام ناتوانین بەدەست بیگرین، چونکە  لە پێگە و جێگەیەکی نادیاردا دەمێنێتەوە. ئیتر لێرەوە خەباتکردن بۆ دادپەروەری خۆی لە بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانیدا دەبینێتەوە، ئینجا ئەمەش وادەکات کە ئەو دوانە بە مەرجی ئاوێتەی ژیاندۆستی دابنرێن، یان بە کورتی بتوانین بڵێین کە (دادپەروەری) یەکەمین مەرجی بنەڕەتی ژیاندۆستییە، کاتێك لە خۆیدا ئەنجامی ئازادی و یەکسانی بەرهەمبێت.
لەم سۆنگەیەوە، ئەوانەی خەبات بۆ دادپەروەری دەکەن و لایان وایە خەباتکردن لەو پێناوەدا لە شوێنێکدا کۆتایی دێت و بە ئامانج دەگات، هیچ مانایەکی نییە جگە لە خەون و گوتارێکی پووچ. ئەوەی بخوازێت خەبات لە پێناوی دادپەروەریدا بکات، ئەم خەباتە بڕانەوەی نییە و دەبێت خۆی بۆ جەنگێکی هەتا هەتایی ئاماددە و تەیار بکات. لێرەوەیە چێژی ژیان لە چێژی خەباتگێڕیدایە لە پێناوی شتێکدا، نەك چێژی ژیان لە بەدەستهێنانی شتێکدا بێت. تەنانەت ئەگەر ئەو شتە بەدەستهاتوەش بەرهەمی خەبات و شۆڕشێکی دادپەروەرانەش بێت. ئەگەر نا بە دەستهاتووەکان هەموویان یەك پنت لە دادپەروەری بەدەستدەهێنن نەك زیاتر. هەموو یەکێك لەو پنتە بەدەستهاتوانە بریتییە لە خاڵی وەرچەرخان بەرەوباشتر، ئەگەر هاتوو خەباتگێڕی بۆ دادپەروەری بەردەوام بێت! خۆ ئەگەر بەردەوام نەبێت ئەوا ئەو پنتە (وەرچەرخان) ەکە بەباری بێدادیدا دەشکێنێتەوە و ژیان بەرەو خراپتر دەبات لە ڕووی دادپەروەرییەوە.
ئەوەی من دەیبینم لە کوردستاندا، ساڵانێکی زۆرە ئەم وەرچەرخانە ڕوو لە دوایە. زۆربەسادەییش، چونکە خەباتێك و تێکۆشانێك و ئاراستەیەکی تێکۆشان نییە بەرەو ئەو دادپەروەرییەی کە بۆ نا کۆتا لە گەشەسەندندایە. با وای دابنێین ئاواتی دادپەروەرانەمان بەدی دێت و تەمبوورەکە دەبێتە موڵکی هەرسێ منداڵەکە! ئێ بێگومان دەبێت کاربکەین، بۆئەوەی وەك یەك سوودی لێ ببینن و لەکاتی گونجاودا هەریەکەیان بەکاری بهێنن. بەڵام لێرەدا پرسیار کۆتایی نایەت! و ئەم پرسیارانە دێنە پێش: چۆن تەمبوورەکە بەکاردەهێنن؟ لە پێشدا لای کامیان دەبێت؟ ئەی ئەگەر لە یەك چرکە ساتدا یەکێکیان زیاتری پێویست بوو بەڵام نۆبەی ئەوی تریان بوو؟
بەو جۆرە خەبات لە پێناوی دادپەروەریدا بەردەوام دەبێت، تا ئەوجێیەی تێیدا پرسیار بەردەوامە. کە مرۆڤیش لە فەلسەفە و هۆشمەندی کەوت لەوانەیە پرسیار بوەستێت و چیتر دادپەروەریش وەك هەر شتێکی تر جێی تێڕامان نەمێنێت. بەڵام تا ئەو جێیەی پرسیار هەیە، مرۆڤ دەتوانێت دادپەروەری وەك یەکێك لە سەرگەرمییە گرنگ و پڕ مانا و پڕ لە بەهاکانی ژیان ببینێتەوە.

گەیشتن بە مرۆڤی ڕاستینە! (٢-٣)
زۆربەی وشە و چەمکە واتادارەکان دژێکیان هەیە لە واتادا؛ بۆ نمونە لەبەرامبەر ڕاستی ناڕاستی هەیە، سەربەستی و ژێردەستی، چالاکی و سستی...تاد. ئەم دژابەرییە لە واتادا بنەڕەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یەکێتی دژەی کە هەر لە کۆنەوە فەیلەسوفی یۆنانی هێرقلیتس باسی کردوە و دوای ئەویش ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفەکان لەسەری وەستاون. تەنانەت یەکێك لە بنەڕەتەکانی فەلسەفەی دایلەکتیکی ماددی لای کارل مارکس بۆ ئەم پرسە دەگەڕێتەوە.
دادپەروەری، وەك هەر یەکێك لە چەمکە واتادارەکان، واتایەکی دژ بەرمبەری هەیە! واتە لەبەرامبەر دادپەروەریدا بێدادی هەیە. بێدادی گوزارشتێکە یان چەمکێکە چەندین وردەچەمکی تر لە خۆی دەگرێت، وەك ستەمکاری، چەوساندنەوە و ناڕەوایی ...تاد. دادپەروەری یەکێکە لەو چەمکانەی هیچ واتایەکی نییە هەتا باس لە دژەکەی (بێدادی) نەکەین. بەواتایەکی تر، دادپەروەری ناتوانرێت باس بکرێت بە بێ گوزارشتکردن و بەیانکردنی ئەو بێدادییەی کە دەمانەوێت لەڕێگای لابردنییەوە جۆرێك لە دادپەروەریی بەدی بهێنین. جگە لەوە لە سروشتی خۆشیاندا دادپەروەری چەمکێکی وێناکراوە لە نادیاردا، بەڵام بێدادی چەمکێکی بەرجەستەیە، مرۆڤ ناتوانێت باس لە خەیاڵ و وێنای دادپەروەری بکات ئەگەر بێت و بەتەواوی هەست و تێگەیشتنێکی بەرجەستەی بۆ بێدادییەکان نەبووبێت یان نەبێت. تێگەیشتن و هەستکردنیش بەبێ تێپەڕبوونێکی فیزیکی بە دۆخەکەدا بەرجەستە نابێت. بەڵام لەم پێوەندەدا بێدادی بە پێچەوانەوە کاریگەری خۆی دەنوێنێت. واتە بێدادی بەهۆی بەرجەستەبوونەوە هەستکردن و تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ خۆی دەبزوێنێت.
سروشتی بەرجەستەیی بێدادی، پێمان دەڵێت؛ هەرکەسێك بێدادی نەچەشتبێت، ئەوا ناتوانێت هەست بە پێویستی دادپەروەری بکات یان لە گرنگی خودی دادپەروەری بگات. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەرکەس بێدادی چەشتبێت ئیتر بەشێوەیەکی حەتمی بتوانێت لە بێدادی تێبگات. کەواتە ئەوانەی دەبنە خەباتکار و تێکۆشەر لە پێناوی دەستەبەرکردنی دادپەروەریدا، ناتوانن بەو کارە هەڵبستن، ئەگەر بە بەرجەستەیی هۆشیاری و هەستیان بە بێدادی نەکردبێت. خەباتکردن و تێکۆشان لە پێناوی دادپەروەریدا پێویستی بەجۆرێكی باڵا لە ڕاستگۆیی هەیە، بۆ ئەوەی ئەم ڕاستگۆییە بەرجەستە ببێت مرۆڤ دەبێت بەر بێدادی کەوتبێت بۆ ئەوەی کاردانەوەیەکی ڕاستگۆیانەی بۆ بەرهەمهێنانی دادپەروەری هەبێت. بەتایبەت، خەبات و تێکۆشان لە پێناوی دادپەروەریدا قوربانی بە سێ شتی گرنگ پێویستە، کات و وزە و ژیان. ئێ مرۆڤیش لە خۆڕا ئەم سێ شتە گرنگە نابەخشێت ئەگەر بە باشی لە دەست بێدادی بێزار نەبووبێت و نەگەیشتبێتە ئاستێك کەبڕیاری تێکۆشان بدات (ئەمەش جۆرێكە لە ئازایەتی). لێرەدایە کە سەرباری هۆشیاری و تێگەیشتن مرۆڤ پێویستی بە ڕۆحی ئازایەتی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە خەباتکار لە ڕێی دادپەروەریدا.
پرسیار لێرەوە دەبێتە پرسیارێکی بنەڕەتی. ئایا ئەکرێت مرۆڤ لە کۆمەڵگای چینایەتیدا بژی و بێدادی لە جەستە و هۆشیدا زامێك یان جێزامێك بەجێنەهێڵێت؟! بێگومان ئەمە ئاستەمە! چونکە کۆمەڵگای سەرمایەداری، یان ڕاسترە بڵێین کۆمەڵگای فرەچین، هەمیشە ستەمکارەکانی ناوخۆیشی لە دۆخێکدا دەژێنێت کە ئەوانیش بێدادیان بەرامبەر دەکرێت لەلایەن ئەوانەوە کە دەکەونە چینێکی باڵاتر لەخۆیان. وەك لە سەرەوە ڕوونکراوەتەوە مەرج نییە هەرکەس بیدادی چەشت بتوانێت هەستی پێ بکات! هەر ئەم خاڵە وا دەکات کە ئێمە نهێنی نا ئاسوودەی خۆمان نەزانین. بە تایبەت لە هۆکارە گرنگەکانی نا ئاسوودەیی مرۆڤ بریتییە لە بێبەشبوون: بێبەشبوون لە شادی، لە خۆشەویست، لە ئازادی...تاد.
خەڵك بە گشتی لە کۆمەڵگای فرەچیندا لە دۆخێکدا دەژین کە بەردەوام بێدادیان بەرامبەر دەکرێت. کەچی دواتر دابەشدەبن بەسەر سێ گرۆی سەرەکی سەیردا: هەیانە تێگەیشتن و هەستکردنی نییە بۆ ئەو بێدادییەی بەرامبەری دەکرێت {لەزۆربەی بارەکاندا لە ڕێگای یاسایەکی نادادپەروەرەوە خودی تاوانەکانی ژێر چەتری بێدادی پەردەپۆش دەکرێت و وەك دادپەروەری دەردەکەون، بۆ نمونە هەموو یاسا ڕەگەزپەرست و جیاکارەکان، هەموو یاسا ئاینییەکان، هەموو یاساکانی خاوەندارێتی بۆ موڵکی گشتی...تاد}. گرۆی دووهەم ئەوانەن کە هەست بە بێدادی دەکەن و خۆیان لەم پرسە گێل دەکەن، بە جۆرێك لە جۆرەکان خودی بێدادی و ئازارەکانی بێدادی لە بیر خۆیان دەبەنەوە. ئەم گرۆیە بەشێکیان هەیە زیاتر چێژ و ئاسوودەیی لە ستەمکاریدا دەبیننەوە. بەشێکی تر لەم گرۆیە خۆیان بە ستەمکاریدا هەڵدەواسن و سوود لە ستەمکاری وەردەگرن. بەشێکی تر خەمساردانە سەیری خەباتکردن دەکەن لە پێناوی دادپەروەریدا، و بەوجۆرە. هەرچی گرۆی سێهەم هەیە هەست بە بێدادی دەکەن و لایەنی بەرهەڵستکاری دەگرنە ئەستۆی خۆیان، یان با بڵێین لە زۆر باردا بەرەی بەرهەڵستکاری بێدادی پێكدەهێنن.
بەرهەڵستکاری بەرامبەر بێدادی، دەمانخاتە دۆخی خەباتگێڕی و تێکۆشانەوە لە پێناوی دادپەروەریدا، تا ئەو ئاستەی خۆمان یەکلایی دەکەینەوە کە دادپەروەری چییە! چونکە دادپەروەری بە پێی پرس و فەلسەفە و دونیابینی ئێمە دەگۆڕێت و دەکرێت پێناسەی تری هەبێت لە لای هەر ئاراستەیەکی بیرمەندانە. بەرهەڵستی کردنی بێدادی پرسێکی زۆر گرنگە، چونکە لەو ڕێگایەوە مرۆڤ دەتوانێت ڕەوایی بە ژیان بدات. ئێمە تا ئەو دەمەی لە کۆمەڵگای فرەچیندا دەژین بێدادی بەردەوامە و بێدادی دەگوزەرێت هەستی پێ بکەین یان هەستی پێ نەکەین. خۆ ئەگەر لەبەر هیچ نەبێت بەهۆکاری سیستەمەکەوە بێدادی بەردەوام ڕوو دەدات. هەستکردن بە بێدادی، دەکاتە زیندوێتی لە ژیاندا. مرۆڤ بە بێ ئەو هەستکردنە ناتوانێت هەڵوێست وەربگرێت، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە بازنەیەکی بەتاڵدا بسوڕێتەوە. هەر ئەم خاڵە وا دەکات مرۆڤ یەکێك لە چاکەکارییەکانی لەدەستبدات کە ئەویش ئازایەتییە، چونکە کاتێك هەستمان بە بێدادی نەکرد ئیدی مەرجی دووهەم پەیدا نابێت کە ئەویش بزواندنی ڕۆحی ئازایەتییە.
هەستکردن بە بێدادی واتایەکی گرنگ بە ژیان دەبەخشێت. مرۆڤ ناتوانێت هەبێت وەك بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و خاوەن بڕیار ئەگەر نەتوانێت هەست بە بێدادی بکات. بە ئەندازەیەك چەند بتوانین هەستیار بین بۆ دركکردن بە بێدادی هێندەش دەتوانین خاوەنی خۆمان و ئیرادەی خۆمان بین، ئەم خاڵە وابەستەیە بە بوونی مرۆڤەوە. لەمەڕ ئەم پرسە مرۆڤ دوو وەرچەرخانی گەورەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت مرۆڤی ڕاستینە بێت. مرۆڤێك بێت خاوەنی خۆی و بە ئیرادەی خۆی هەنگاو بنێت و ئاسوودەیی خۆی بدۆزێتەوە. ئەوانیش:
وەرچەرخانی یەکەم؛ مرۆڤ پێویستی بە درککردنی تەواو هەیە بۆ بێدادییەکانی چواردەوری، بەواتایەکی تر چەند هەستیار بێت بۆ خوێندنەوەی بێدادی هێندەش دەتوانێت خاوەنی خۆی بێت.
وەرچەرخانی دووهەم؛ ئەوەیە مرۆڤ پێویستی بە ئازایەتی هەیە بۆ ئەوەی دان بە بێدادییەکاندا بنێت، هەرچەندە تێچوونی هەبێت.
بەهۆی ئەم دوو وەرچەرخانەوە مرۆڤ لە گیاندارێکی ئاساییەوە دەبێتە گیاندارێکی ژیر. مرۆڤی ژیر ئاماددە نییە بۆ ژیان ئەگەر خەباتکار نەبێت لە پێناوی دادپەروەریدا، چونکە بە بێ ئاماددەیی بۆ تێکۆشان لە پێناوی فەراهەمکردنی دادپەروەریدا مرۆڤ هەمیشە ئیرادەی دەستگیرکراوە، هەمیشە لە ژێر جەور و ستەمی بێدادیدا ئەدۆڕێت و لێی کەمدەبێتەوە. ئیدی لێرەوە چەندین پرسیار بۆ ئێمە دروست دەبن، ئەشێ هەندێکیان تا ئێستا هەر هیچ وەڵامێکیان نەبێت. ئایا چۆن مرۆڤ دەتوانێت بگاتە دۆخی هەستیارترینی خۆی بۆ درککردن بە بێدادییەکانی چواردەوری؟ ئایا هیچ چارەسەرێك هەیە کە بتوانێت مرۆڤ بەئاسانی ببێتە مرۆڤی ڕاستینە؟ ئەو مرۆڤەی هەست بە بوون و نەبوون دەکات، بە بێ ئەوەی لەژێر کاریگەرییە ئاراستەکراوەکاندا بزوابێت! بۆ نمونە چکۆلەترین کاریگەری، کاریگەری میدیا، مامۆستایەك...تاد
هەر تاکێك دەتوانێت بە خواستی خۆی بڕیار بدات، ئایا دەبێتە کەسێکی بە ئاگای ڕەخنەگر و بەرهەڵستکار بۆ بێدادی، یان ملدەدات بە بێدادییەکان و وەك پێویستییەك دەیانبینێتەوە. لە نێوان ئەم دوو بژاردەیەشدا بژاردەیەکی تر نییە. تەنانەت ئەوانەی هەست بە بێدادی ناکەن، سیستەمی چینایەتی بە جۆرێك لە جۆرەکان ناچاریان دەکات لە ئاستێکدا بەشێوەیەکی بەرجەستە هەست بە ستەمەکانی ناوسەرمایەداری بکەن. ئەمەش بەشی یەکەمی بە مرۆڤ بوونە، خەباتکردن و بەرهەڵستی کردنیش ئەو ئازایەتییەیە یان ئەو بەشەی تری مرۆڤی ڕاستینەیە کە ئەگەر بزوا ئیدی مرۆڤی ڕاستینە بەرجەستە دەبێت.

‌قاڵبوونەوە لە تێکۆشاندا (٣-٣)
گەیشتن بە دۆخ و پێگەی مرۆڤی تەواو، یان مرۆڤی ڕاستینە، لە خۆیەوە نابێت بەڵکو کات و وزە و میتۆد و پێگەیاندن و ژینگەی پێگەیشتنی پێویستە. مرۆڤی ڕاستینە مرۆڤێكە ناقایلە و هەمیشە بەچاوی ڕەخنەوە لە پێشهات و ڕووداوەکان دەڕوانێت، تەنانەت بەوانەشەوە کە خۆی سەرەتای دەستپێك و بونیادنانیانە. مرۆڤی تەواو، پەیوەندی بە مەزنی و چکۆلەییەوە نییە، بوونەوەرێکی هەستیار و بە هەڵوێستە، چێژ لەو شێوە ژیانە دەبینێت کە بەهۆیەوە هەمیشە لە دۆخی تەواودا خۆی دەبینێت. چێژ بینین لە شێوەی ژیان وەك چێژبینین لە خۆراك و لە یاریکردن و لە شتەکانی تری ژیانە. بۆ ئەوەی بتوانین چێژ ببینین پێویستمان بە ڕاهاتن لەسەر شێوەی چێژبینینەکان هەیە. ڕاهاتن لەسەر داکۆکی کردن لە ڕەوایی، کاتێکی باشی پێویستە. مرۆڤ پێویستی بە وزەیەکی زیاد لە ڕاهاتنی ئاسایی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت چێژ لە بەدەستهێنانی ڕەوایی ببینێت. ئەوەش سەرەتایە بۆ دۆزینەوەی چێژبینین لە دادپەروەری. لەم پنتەوە، بەپێی زانیارییە ڕستبووە فێرکراوەکان دەتوانین ڕەوایی بناسینەوە و داکۆکی لە بەدەستهاتنی بکەین، ئیتر ئەوکاتە دەبینە مرۆڤێکی ڕاهاتوو لەسەر کارکردن بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی. بۆیە، مرۆڤ گەر ڕانەیەت چێژ لە تێکۆشان ببینێت لەم پێناوەدا، ئەوا ئاستەمە بتوانێت لە تێکۆشانی بەردەوامدا بەشداری بکات. ئەکرێ مرۆڤ بۆ یەكجار یان بۆ یەك قۆناغی ژیان لەم پێناوەدا بەشدار بێت، زۆریش هەن بەوجۆرە دەکەن. بەڵام، ئەو کات بەشداری لە خەباتێکدا بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری دەبێتە بەشدارییەك لەیەك قۆناغدا. ئەم شێوە بەشدارییەش لە کۆی تێکۆشاندا بۆ دادپەروەری لە خۆیدا ناتەواوە، هەروەها کۆمەك بەو پنتانەی وەرچەرخان دەکات کە بۆ دواوە دەمانبەنەوە لە بەدەستهێنانی خودی دادپەروەریدا.
چێژ و ڕەزامەندی دوو چەمکی گرنگن کە دەتوانین ڕایەڵەکانی نێوان ئاسوودەیی و دادپەروەری پێ جیابکەینەوە. تاكێك بۆ ئەوەی ئاسوودە بێت پێویستی بە چێژبینین هەیە و دەبێت بەرامبەر پێویستییەکان و ئەرکە جێبەجێکراوەکانی خۆی ڕەزامەند بێت لە ژیاندا. ئەشێ ئەمە لایەنی کەمی مەرجەکانی ئاسوودەیی بن. ئەوەی گرنگە ڕەزامەندییەکانی تاکە بەرامبەر بە ژیان، کە لایەنی کەم کاتێك دەستەبەر دەبێت گەر مرۆڤ بتوانێت دەستی بە پێداویستییەکانی بگات و بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ کردبێت، چونکە هەموو بێبەش بوونێك جگە لەوەی بێدادی دروستدەکات، نائاسوودەییش دەخاتە دەروونەوە. هەموو کەسێك کۆمەڵێك پێویستی هەن، هەیانە پێویستی بنەڕەتین و بێ ئەوانە مرۆڤ ناتوانێت بژی. بۆ نمونە هەناسە و خۆراك و ...تاد! پێویستیش هەن کۆمەڵایەتین و وابەستەی سروشتی کۆمەڵایەتی مرۆڤن. بۆ نمونە پێویستی هەبوونی پەیوەندی و یەکانگیری پرسەهاوبەشەکان لەگەڵ ئەوانی تر. مرۆڤ کۆمەڵێك پێویستی تایبەتی تاکەکەسی خۆشی هەیە وەك زانین و ڕێزگرتن لە خود و بەرجەستە بوونی کەسێتی. ئەمانەش هەموو ئەرکیان دەوێت بۆ ئەوەی دەستەبەر بکرێن. ئیدی هاوکێشەکە لەوەدا تەواو دەبێت کە مرۆڤ ڕەزامەند بێت لە خودی خۆی بۆ ئەوەی پێویستییەکانی بەدەستهاتبن و لەبەرامبەریشدا ئەرکەکانی جێبەجێکردبن بەو جۆرەی دەخوازێت و خۆشی و چێژی لێ دەبینێت. 
ئەوەی مرۆڤ لە زۆربەی ئاژەڵەکانی تر جیادەکاتەوە توانای تێگەیشتن و بیرکەوتنەوە و چارەسەرکردنی زانیارییە. ئەوەی دوو مرۆڤیش لەیەکتر جیادەکاتەوە هەر هەمان پرسە، لەگەڵ ئاست و شێوەی هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بێدادییەکان. کاتێك دەگەڕێینەوە بۆ سەر پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەك خواردن و خواردنەوە و نوستن و ...تاد ئەوا لە ئاژەڵێکدا دابینکردنیان ڕەزامەندی دروست دەکات. ئەم ڕەزامەندییە وا دەکات شێرێكی تێر ڕاونەکات. ئەوەی تێگەیشتن درووستی دەکات شێوەی تێرکردنە، کۆی ئەو فەنتازیا و هونەرانەیە کە تێکەڵ بە دونیای دابینکردنی پێویستی و پێداویستییەکان دەبن. لەم خاڵەوە جگە لەڕووی چەندێتی تێربوون و بڕەکانی دابەشکردن، چۆنایەتیش دێتە پێش و جۆری تێرکدنەکان ڕەزامەندی جیاواز درووستدەکەن.
هەموو جیاوازییەکان دابەش دەبن بە سەر دوو جۆردا، هەیانە سروشتییە و هەیانە دەستکرد و ئەنجامی کارکردی مرۆڤ خۆیەتی. جیاوازییە سروشتییەکان لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە و مرۆڤ باشتر دەتوانێت لێبوردنی بۆیان هەبێت. بەڵام جیاوازییەکانی تر کە بەرئەنجامی کارکرد و شێوازی دابەشکردنی کۆمەڵگا و تاکەکانن زۆر بە ئاسانی ناتوانێت لێبوردنی بۆیان هەبێت.
ئەو جیاوازی و بێبەشبوونانە بەردەوام بێدادی بەرهەمدەهێننەوە. گەر بۆ ساتێك بگەڕێینەوە سەر پەرەگرافی یەکەمی ئەم بەشە، ئەوا دەتوانین بە ئاسانی پرسی چێژ و ئاسوودەیی و دادپەروەری لە هاوکێشەیەکدا کۆ بکەینەوە. مرۆڤ بە سروشتی خۆی وەك هەر گیاندارێکی تر ڕووبەڕووی بێبەشبوون دەبێتەوە. هەر چۆن کاتێك چۆلەکەیەك کە لە خۆراك بێبەش دەبێت (بێبەشبوونێکی سروشتی ئەنجامی برسی بوون) دەچێت بەدوای خۆراکدا دەگەڕێت و بەرهەڵستی ئەو سروشتە دەکات. بەهەمان شێوە مرۆڤ کە بێبەشدەبێت بەرهەڵستی ئەو بێبەشبوونە دەکات. کەواتە لەلای کۆی گیانداران ئامانجێك هەیە بۆ تێربوون و پڕکردنەوەی ئەو بێبەشییە یان بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە ڕەزامەندی و چێژێك دروست دەکات. ئەم ڕاستییە نەك هەر بۆ برسێتی، بەڵکو بۆ هەریەك لە توخمتێری و یاریکردنیش ڕاستە، کە هەموو گیانداران بە گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەتوانن هەست بە ئاسوودەیی و ڕەزامەندی بکەن. بەهۆی ژیرییەوە لەلای مرۆڤ بێبەشکردنێکی تر دێتە ئاراوە، ئەویش ئەو بێبەشکردنەیە کە کارکردی مرۆڤ خۆی درووستدەبێت. لابردنی ئەو بێبەشکردنە دەچێتە شێوەی ئاوات و هیواوە، کە لە ئامانج گەورەتردەبن و مرۆڤ بەهۆیانەوە وێنای ئەو ژیانە دەکات کە دەیەوێت. مرۆڤ بوونەوەرێکی جیاوازە لە گیاندارانی تر بەوەی دەتوانێت لە هیچەوە وێنای ئەودیوی ئەو ژیانە حەتمییە بکات کە بۆی دانراوە و دەکرێت چاوەڕوانی جیاواز بخولقێنێت. گۆڕینی ئەم حەتمیەتە چێژێکی تایبەت بە خۆی هەیە.
کاتێك کە ڕاهاتین و پەروەردەبووین لەسەر ئەوەی چێژ لە تێکۆشان ببینینەوە بۆ چێژ بینین لەو گۆڕانکارییە، ڕێز لە کارەکەمان دەگرین کە بەهۆیەوە دەتوانین بژین و دەبێتە بەشێك لە خەباتکردن بۆ ئەو دادپەروەریەی کە دەتوانین بەرامبەر هەردوو بێبەش بوونی سروشتی و دەستکرد تێیدا بجەنگین. کاتێك مرۆڤ هیوای بۆ درووستدەبێت، ئەگەر وێنایەکی گەورەی بۆ داهاتوو هەبێت، ئەم وێنایە یەکێك لە پیویستییەکانی دادپەروەری درووستی دەکات. هەرکاتێك مرۆڤ توانی لەگەڵ هیوا گەورەکەیدا بژی و ڕۆژانە ئامانجەکانی بۆ ئەو مەبەستە بچنێت هەرگیز تووشی نائومێدی و بێزاری لە ژیان نابێت. خاڵێکی سەرەکی ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە بێزاری ژیان ڕزگارمان ببێت، ئەوەیە کە دەبێت نا قایل بین بەرامبەر بەو ژیانەی هەمانە و بڕیاربدەین شتێکی بەرامبەر بکەین. ئەو دەمە یەكەم لاپەڕەی ئاسوودەیی هەڵدەدەینەوە، مرۆڤ کاتێك نائاسوودە دەبێت کە نازانێت چی بەرامبەر دۆخی گوزەری خۆی بکات. بەڵام ئەگەر توانی نا قایلی خۆی بەیان بکات و هەوڵبدات ئەو دۆخە بگۆڕێت کە ناقایلی کردوە، ئەوا سەرەتای ئاسوودەیی و ڕەوتی ئەرێنی ژیان دەستپێدەکات.
هەرکەسێك لە ئێمە لە خوێندندا بەو نمرە و پلەیەی بەدەستی هێناوە ناقایل بێت، ئیتر ئاسوودەیی کۆتایی نایەت، چونکە هیوایەکمان تێدا چەکەرەدەکات کە لە داهاتوودا باشتر بین، ئەمەش تێکۆشان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. من ئەو یان تۆ، وەك کەسێك کۆمەڵێك خەڵك دەبینین لە ئێمە ژیانیان ئاسانتر و سادەترە و باشترە، دەتوانن بژێویان چاکتر بەڕێوە بەرن، ئەگەر بەم دۆخە ملکەچ بین، ئیدی ئێمە دەچینە دۆخی کۆیلەییەوە و ئازادییەکانی کارکردنمان بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە لە دەست دەدەین. ئەگەر ئێمە قایلبین بەوەی هەتاسەر دەسەڵات لەدەستی کۆمەڵێك خەڵکدا بێت و لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان بگوازرێتەوە و هیچ بەشدارییەکی ژیانمان نەبێت لەو کایەیەدا کە خۆمان حوکمی خۆمان بکەین، ئەوا ئازارەکانی ژیانمان دەبن بە ئازری کۆیلایەتی و چارەسەرکردنیان زۆر گران دەوەستێت. تەنانەت چێژ لە دەستکەوتەکانیشمان نابینین. تەنیا بە پێنانە قۆناغی ناڕازی بوون و بیرکردنەوە لە گۆڕینی دۆخەکە بۆ دۆخێکی تر ئاسوودەییمان بۆ دەگەڕێتەوە.
مرۆڤی ڕاهێنراو لەسەر تێگەیشتن و هەڵوێست وەرگرتن، بەردەوام چێژ دەبینێت تەنانەت لە شکستەکانیشی چێژ دەبینێت. ئەم پرۆسەیە نۆستالجیا دەوڵەمەند دەکات و بەیەك قۆناغەوە نایهێڵێتەوە. نۆستالجیای دەوڵەمەند هەمیشە ئاسوودەترە، چونکە هەست بە کاریگەرییەکانی خۆی دەکات لە ڕابردوودا بەمەش ئاستەکانی پێداویستی کەسی تایبەت کە لە دواقۆناغەکانی پێویستیدا دێنە پێش تێر دەبێت. ڕێگایەك بدۆزەرەوە بۆ ئەوەی کاراکتەرێكی بەشدار بیت لە گۆڕانکاریدا تا ئاسوودەییت بۆ بگەڕێتەوە. جار هەیە بەشداری کاریگەر قوربانی بە ژیانی لە دوایە، بەڵام دۆخی قوربانی بوونێك کە دەستکردی مرۆڤ خۆی بێت زۆر پڕ چێژترە لە دۆخی قوربانی بوونێكی مرۆڤ کە بەسەریدا سەپاو بێت. واتە مرۆڤ لەگەڵ ئازارەکانی ژیانی مرۆڤی ڕاستینەدا بژی پڕ شادیترە، نەوەك لەگەڵ ئازارەکانی ژیانی کۆیلایەتی کە تەنیا بە ڕواڵەت لە بەرگی شادی و چێژبینیندا بێت.