بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





16/11/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٧)

 بە کولتوورکردنی ناپاکی



ئەگەر هزر (عەقڵ) ئەو ڕەقەواڵەیە (Hardware)ـە بێت لە ماشێنی کۆی سیستەمی بیری مرۆڤدا و مرۆڤ بەهۆی ئەم ماشێنەوە لە گیاندارەکانی تر جیابکرێتەوە، ئەوا کولتوور ئەو نەرمەواڵەیەیە (software)ـە کە تەنانەت نەك هەر مرۆڤ لە گیاندارنی تر، بەڵکو مرۆڤ لە ناوخۆشیاندا لەسەر ئاستی گرۆ و کۆمەڵگاکان لە گیانداران و لە مرۆڤەکانی تریش جیادەکاتەوە و پۆلێنیان دەکات. ئەم بۆ چوونە هەروا بە سادەیی قسەی زل و بۆ فەلسەفەلێدانی وشك و برینگ نییە! ئەمە بۆ درووستکردنی ئەو تێڕامانەیە کە بە هۆیەوە دەتوانین لە بیرۆکەیەکی بنەڕەتی بگەین: {چەندێك گرنگە بیهێنینە بەرچاوی خۆمان و هەست بە مەترسی ئەوە بکەین کە ئەگەر ڕۆژێك بێت و مێشکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان تێكبچێت، چی ڕوودەدات؟ هەر ئاوا؛ هێندەش گرنگە لەو مەترسییە بگەین و بگرە مەترسیدارتریشە، ئەگەر نەرمەواڵەی سیستەمی هزرمەندیی کۆمەڵایەتیمان تێکبچێت کە ئەویش کولتوورە}. ئەگەر لە تاکە مرۆڤێکدا مێشك و کۆئەندامی دەمار بڕیاردەری بنەڕەتی بن، ئەوا لە کۆمەڵگادا کولتوور ڕۆڵی ئەو مێشکە بەکۆمەڵە دەگێڕێت کە بڕیاردەدات، کە دەدوێت، کە کاردەکات و ئاراستەی تاك بە تاکی کۆمەڵگاکە دەکات لە مەودایەکدا ژیان بەڕێوەبەرن. لەم سەردێڕە گرنگەدا سەرنجتان بۆ میکانیزمی کارکردن و دووری و پێکهاتەکانی ئەم کولتوورە ڕادەکێشم، پاشان دەتانبەمەوە ناو ئەو شێواز و پرۆسێسانەی کە لە ڕێگای بەکولتوورکردنی ناپاکییەوە، ناپاکی دەکرێتە لەمپەڕێکی هەمیشەیی لە بەردەم کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەنددا، دەوڵەمەند لە ڕووی سەرمایەی مرۆیی و لە ڕووی سامانی سروشتی و بە پیتی ژینگەکەیەوە.

 بەر لە هەرشت بەلامەوە گرنگە تیشکێك بخەمە سەر چەمکی کولتوور، تا بزانین لە کوێوە درووستدەبێت، چۆن بونیاد دەنرێت و بە چ شێوەیەك گەشە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ناسینی یەکەکانی گواستنەوەی ڕەفتاری کولتووری و ماددییەتی کولتوور و سروشتی کارکردنەکەی، یاریدەرێکی گەورەن بۆ ئەوەی بتوانین لە بواری بابەتەکەماندا (ناپاکی) جارێکی تر ئەگەر و دوورییەکانی تاقیبکەینەوە. پێناسەکردنی کولتوور، وەك هیچ شتێکی تر نییە، چونکە هەرچۆنێك پێناسەی بکەین تووشی هەڵەی گەورەمان دەکات، مەگەر بڵێین هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤە، ئەمەش پێناسەیەکی ناتەواوە و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا قەتیس ناکرێت.

 ئەوەی وا دەکات کولتوور ببێتە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی، پەلکێشان و کارکردنی کولتوورە لە سێ پانتایی گرنگدا (خواردن، توخمتێری، یاریکردن) کە ئەمانەش بەپێی تێگەیشتنە فراوانەکەیان دەکەنە هەموو ژیان. پاشتر دەگەڕێمەوە سەر ئەو چەمکەی کە چۆن کولتوور دەبێتە کۆی پێکهاتەی کۆئەندامی دەماری کۆمەڵایەتییمان. بەڵام ئەگەر ئەم سێ پانتاییە، لەسەر ئاستێکی ئاسۆیی کاربکەن و هەموو جومگە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ بگرنەوە، ئەوا کولتوور ئەو کەش و ئەتمۆسفیرەیە کە دەکشێتە هەموو ئەندام و جومگە و خانەیەکەوە لە ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەروەها ئەم تێپەڕبوونە ئاسۆییە بەس نییە بۆ ئەوەی کولتوور کاری خۆی بکات! کولتوور کۆمەڵێك کەرەستەی هەن کە کاری خۆیان پێدەکات، ئەم کەرەستانە کۆڵەکەکانی کارکردی کولتوور پێکدەهێنن، ئەم کۆڵەکانە بە شێوەیەکی ستوونی قووڵ لە پانتاییەکاندا کاردەکەن و دابەش دەبنە سەر دوو جۆر: ((کۆڵەکە بنەڕەتییەکان؛ بەها، بیروباوەڕ، نۆرم، سانکشن)،هەروەها (کۆڵەکە یاریدەدەرەکان؛ زمان، سیمبوڵ، تەکنۆلۆجیا، پەیوەندی ڕەگەزیی)). ئیتر ئەم کۆڵەکانە بەشێوەیەکی ستوونی بە پانتاییەکاندا تێدەپەڕن و تەیمانێكی تەنراو لە ماتریاڵ درووستدەکەن هەموو کردەوە کولتوورییەکانی تێدا دەگوزەرێت، هەرچۆن پلازمای خوێن هەموو پێکهاتەکانی تێدایە ئەم کولتوورەش هەموو پێکهاتە ماددی و ناماددییەکانی کۆمەڵگا لە خۆ دەگرێت. ئەتوانین بڵێین پانتاییەکان و کۆڵەکە کولتوورییەکان پێکەوە ماتریکسێکی گەورە درووستدەکەن، هەموو ئەو فەزا و ژینگە و دۆخە کولتوورییەیە، هەروەها هەموو ئەو پەیکەرە هزرمەندییە دەبێت کە کۆی هۆشی کۆمەڵگا بیری پێدەکاتەوە و دەبێتە بزوێنەری گشتی ڕەفتارە کولتوورییەکانی. بۆیە کاتێك دیاردەیەك یان ڕەوشتێکی گشتی دەبێتە ڕەفتارێکی کولتووری ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی لەم ماتریکسەدا دەبێت! ئەمەش سروشتی ناپاکییە کاتێك بەربڵاو دەکرێتەوە و دەکرێتە ڕەفتارێكی کولتووری. بۆیە کاتێك دەبینین بە پێی پلان یان بێ ئاگاهانە هێزێك یان چەند هێزێك لە کۆمەڵگادا دێن و ناپاکی دەکەنە ڕەفتارێکی کولتووری، بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت و دەتوانین وەك تاوانێکی گەورە سەیری بکەین و بیر لە سزادانی تاوانبارەکانی بکەینەوە.

 لە کۆی ئەم باسەدا هاوڕێیەك سەرنجێكی گەورەی نووسیبوو، ((پرسیارێکی گرنگ بۆ من ئەوەیە: بۆ هەمان کەس کە لە کوردستان سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆ دەکات دەبینین بێ ئەوەی کەس پێی بڵێت لە ڕۆژئاوا پێڕەوی یاساکان دەکات و هیچ گرفتێکیش درووستناکات؟)) هەزاران پرسیاری لەم جۆرە وەڵامەکەی لە ماددیی بوونی کولتووردا دەبینینەوە. بەڵام، با سەرەتا لە ئاناتۆمی (نەخشە و ماتریکسی) کۆئەندامی دەماری کۆمەڵایەتییەکەمان بڕوانین تا وێنایەکمان بۆی هەبێت:


هەموو ڕەفتارە کولتوورییەکان بەشێوەی زارەکی یان کردەکی ڕوودەدەن، هەمووشیان چ ئاگاهانە بن یان نائاگاهانە لە پانتاییەك یان زیاتردا ڕوودەدەن و پشت بە یەکێك یان زیاتر لە کۆڵەکەکانی کولتوور دەبەستن. کۆی ئەمانەش بە هەمان شێوەی خەسڵەتە بۆماوەییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر هەروەها لە نێو ئەندامانی هەمان نەوەشدا دەگوێزرێنەوە. ڕەفتارە کولتوورییەکان دەتوانرێت بگوێزرێنەوە بۆ خەڵکێك کە لەدەرەوەی کولتوورێکیشەوە هاتبن، چونکە لە ڕێگای میمییەکانەوە لەبەریان دەگیرێتەوە و میمییەکانیش پێکهاتەی کۆدکراوی ماددین بە هۆی سیمبوڵ و زمانەوە لە هۆشی تاکدا جێگیردەکرێن. هەر بۆیە لەلات سەیر نەبێت شاگرد خەیاتێك دوگمە و داو و دەرزی لە وەستاکەی بدزێت کاتێك پاسەوانەکانی سنوور بە هۆی گومرکەکانەوە باشترین ژیان و دەرامەتیان هەبێت و سەرۆکی وڵاتەکەشت تاڵانی و دزینی سامانی گشتی کردبێتە کارێکی ڕۆژانەی ئاسایی. جا ئەو شاگردە خەڵکی ئەو جێکەوت و کۆمەڵگایە بێت یان لە وڵاتێك و کۆمەڵگایەکی زۆر دوورەوە هاتبێت. 

 خەسڵەتە بۆماوەییەکان لە ڕێگای جینەکان و لەبەرگرتنەوەی مۆلیکیوڵەکانی دی ئێن ئەیەوە و ئەنجامی کارلێکی ترشە ئەمینییەکان لە بونیادنانی شێوگەکانی پرۆتیندا خۆیان کۆپی دەکەنەوە و هاوشێوەی خۆیان درووستدەکەنەوە. لەهەمان کاتدا بە پێی هۆکار و هاوکۆلکەی هۆکارە دەرەکییەکان گۆڕانکارییان تێدا ڕوودەدات و گەشە دەکەن، بەڵام خەسڵەت و ڕەفتارە کولتوورییەکان لەڕێگای پێکهاتەیەکی ماددی هاوشێوەوە ئەو لەبەرگرنتەوە و کارکردە ئەنجام دەدەن، لە باوانەوە بۆ نەوەکان بەشێوەیەکی ڕیشەیی و ستوونی ڕوودەدەن و درێژدەبنەوە. هەروەها لە نێوان تاکەکانیشدا بڵاو دەبنەوە و لە هەمان نەوەدا پەرشدەبنەوە و دەگەنە تاکەکان بە شێوەیەکی ئاسۆیی. بۆ لەبەرگرتنەوەی جینی یان کۆپیکردنەوەی ترشی ئەمینی، پێویستیمان بە پەیوەندی خوێن هەیە و دەبێت لە کارلێکی کارئەندامی خانەکانی لەشێکی زیندوودا ڕووبدەن. بەڵام بۆ لەبەرگرتنەوەی ڕەفتاری کولتووری پیویستیمان بە کۆدی لۆجیکی ڕووداوەکانی ناو مێشك و کۆئەندامی دەماری تاکەکەس هەیە. هەموو بڕە زانیارییەك کە لە هۆشی ئێمەدا عەمبار دەکرێت بە پێی کۆدێکی ئەلکترۆنی لەناو خانەکانی کۆئەندامی دەماردا کۆد دەکرێت، ئەم کۆدکردنە لەڕێگای هاوکێشەی ئالگۆریثیمی ماتماتیکی و بە پێکهاتەی کیمیایی ڕوودەدەن. بۆ نمونە بیرۆکەیەك کە پێت دەڵێت: "عیسا لە دایکێکی پاکیزەوە لە دایك بووە" کۆد دەبێت و دەبێتە ماددەیەکی عەمبارکراو لە مێشکدا، ئەگەر لە ڕووی بیروباوەڕیشەوە بتوانیت ڕەتی بکەیتەوە و بە درۆی بخەیتەوە لە ڕووی پێکهاتەی ماددییەوە زانیارییەکە جێیەك لە هۆشدا دەگرێت. کاتێك لەلای خوێندکارێکی سەرەتایی، لە پرۆسەی خوێندندا کەسێکی خۆفرۆش و نیشتمان فرۆش دەکرێتە قارەمان و باوکی سەرکردە بۆ نیشتمانێكی داگیرکراو، دواتر چەند بۆ ئەم خوێندکارە ڕوون ببێتەوە کە ئەوە ناڕاستە و درۆ بووە، هێشتا لە هەست و نەستیدا دەمێنێتەوە کە ئەم کۆدە بەشێوەیەکی ماددی جێگیرکراوە. ئینجا لێرەدا ئەم بڕە لە ڕووی زانیارییەوە جێگیر دەکرێت و زانیاری توانای لە بیرچوونەوەی ئاسانترە، چونکە جێکەوتەکەی لەناو مێشکدا جیاوازە. بەڵام ئەوانەی بە ڕەفتار جێگیر دەکرێن لە بیرچوونەوە و لاچوونیان تاڕادەیەك نزیکە لە ئاستەمەوە. بۆ نمونە، بڕوانە لەبەرکردنی هۆنراوەیەك، کە ئاسان لە بیردەچێتەوە بە بەراورد لەگەڵ فێربوونی مەلەکردن، پاسکیل لێخوڕین، دەبڵچیکی یان کەمانچە ژەنین...تاد. ئەمانەی دواییان چونکە بە ڕەفتارن لە بەشێکی کۆرتێکستی لاجانگە پلی سێلیبرادا تۆماردەبن و کۆد دەکرێن کە لەبیرناچنەوە یان هەر زۆر زۆریان پێویستە بۆ لەبیرچوونەوە.

 (میمی) ئەو پێشنیارەی، زانای مەزن (ڕیتشارد داوکینز)ـە کە بۆ یەکەی کۆپیکردن و گواستنەوەی ڕەفتاری کولتووری پێشنیاری کردووە. بەپێی داوکینز، میمی یەکەی لاساییکردنەوەیە یان یەکەی کۆپیکردنی ڕەفتارە کولتوورییەکانە، ئەم میمییە لەڕێگەی زمان و سیمبوڵەوە کۆدە لۆجیکییە کارەبایی و ماتماتیکییەکانی لە ناو مێشکدا دەگەنە بەشە جیاجیاکانی کۆرتێکس (کۆرتێکس ئەو بەشەی مێشکە کە زۆرترین خانەی تۆمارکردنی تێدایە). میمی دەتوانێت خۆی کۆپی بکاتەوە. لە نێوان نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. هەروەها توانای کۆپیکردنەوەی هەیە لە نێو تاکەکانی هەمان نەوەدا. بۆیە ئەگەر خەسڵەتە بایۆلۆجییەکان لە ڕیگەی جینەکانەوە لە باوانەوە بۆ نەوەکان دەگوێزرێنەوە، بەڵام خسڵەتە کولتوورییەکان سنووری پەیوەندی خوێن تێدەپەڕێنن. هەر بۆیە دەبینین کاتێك (P.F. Jenkins) تاقیکردنەوە لەسەر ئاواز و دایلێکتەکانی باڵندەیەك دەکات دەریدەخات کە چۆن دایلێکتەکان بە بێ باوانیش دەگوێزرێنەوە و لە هزری باڵندەکەدا تۆمار دەبن. ئێمە ئەشێ خەسڵەتە بایۆلۆجییەکانی زەردەشتمان تێپەڕاندبێت بە ڵام بیرۆکە و بەرهەمە فەلسەفییەکانی تا ئێستاش بە هەمان میمی دەگوێزرێنەوە تا ئەمڕۆ، بۆ نمونە بڕوانە داواکاری بۆ گوفتار و بیر و کردەوەی چاکە. ئەگەر شینیی چاوی باپیرەمان پێویستی بە بۆهێڵێکی جێنەتیکی هەبێت و بە بێ پەیوەندی خوێن ڕوونەدات، بەڵام بیرۆکەی کارڵ مارکس یان فرێدرێك ئاوگۆست ڤان هایاك تەنیا پێویستی بە زمان و سیمبوڵ هەیە بۆ ئەوەی بگوێزرێتەوە و لەلای مامۆستایەکی زانکۆ لە کوردستاندا یان لە باشووری چین ببێتە بیروباوەڕ و خۆی لەسەر بە کوشت بدات. ئەم گوێزرانەوەی دووهەمیان لە ڕێگای میمییەکانەوە دەکرێت کە هەموو کۆدی ماددین و لەڕیگای ژاندەرێکەوە لە ناو مێشکدا درووستدەکرێن. ئەوەش ئەو ژینگە کولتوورییە ماددییە یان ئەو پلاتفۆرمە ماددییەی کولتوور درووستدەکات کە بەهۆیەوە هۆشمەندی گشتی کاری خۆی دەکات و بڕیار دەدات ڕەفتارەکانی کۆمەڵگایەك چۆن دەبن.

 کولتوور ئەنجامی بەرهەم پەیدا دەبێت! هەر ئەنجامی بەرهەمی نوێ و زیاتریش گەشە دەکات و دەگۆڕێت و گەورە و فراوان دەبێت. هیچ کولتوورێك نییە، بەبێ بەرهەمێكی ماددی یان مەعنەوەییەوە درووستبووبێت، هەروەها جێگیر بووبێت لە کۆی هزری کۆمەڵگادا و  کۆدەکانی بەو میکانزمە دانەڕژابن. باشە با بزانین بەرهەم ئەنجامی چی درووست دەبێت؟ بێگومان ئەنجامی کارکردن پەیدا دەبێت. بۆیە دەوڵەمەندی و بە هێزی کولتوورەکان وابەستەیە بە هێز و بڕی کاری خەرجکراوەوە، چونکە وابەستەیە بە بڕی بەرهەمەکانی کۆمەڵگاوە لە کۆهزری کۆمەڵایەتیدا. ئیتر ئەو میمییەی داوکینز پێشنیاری کردووە، یان هەر شتێکی تری ناو بنێین دەبێتە ئەو بەستەر و نێوەندە ماددییەی بە ئاسانی کولتوورمان بۆ لێکدەداتەوە. کەواتە هەر درۆیەك بەرپرسێك، ناودارێك، زانایەك، نووسەرێك، شاعیرێك، تەلەفزیۆنێك، ئەستێرەیەکی تۆپی پێ دەیکات. دەبێتە میمییەکی گواستراوە بە بێ ئەوەی هەست بە خۆمان بکەین لە کۆرتێکسی مێشکماندا دەبێتە ڕەفتارێکی تۆمارکراو کە سڕینەوەی کەمێك ئاستەمە. ئەی بۆ ناپرسیت سەردەمانێك هەموو خەڵك بۆ وەك داریوش ڕیشیان دەهێشتەوە، بۆ وەك ڕۆناڵدۆ شووت لە تۆپ هەڵدەدەن، بۆ وەك قالە فەرج و تەحسین شاوەیس ناپاکی لەگەل و نیشتمانەکەیان دەکەن، بەشێکی زۆریان بە بێ ئەوەی بزانن بۆ دەیکەن. یان بە بێ ئەوەی بزانن بۆ پێیان خۆشە بەو جۆرە بکەن.

 توانای گواستنەوەی میمییەکانی داوکینز، لە جینەکان زۆر خێراتر و زۆر کاریگەرترن، ئەگەر جینەکان پێویستییان بە پرۆسەی ئاڵۆز هەیە تا لەڕێگای لەدایکبوونی نەوەی نوێوە بگوێزرێنەوە، ئەوا میمییەکان یەك ناوەندی چکۆلەی ڕاگەیاندنیان بەسە بۆ ئەوەی لەڕێگای بڵاوکردنەوەی بیروڕایەکی دیاریکراوەوە ببنە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و پرۆسەی لاساییکردنەوە بە باشی ئەنجام بدرێت، بەتایبەت کە میمییەکان یەکەی لەبەرگرتنەوەی کولتوورین و بە پێی پێویست لاسایی دەکرێنەوە. ناوەندێکی گەیاندن هۆکارە بۆ پرۆسەی لەبەرگرتنەوەی ڕەفتاری کولتووری، چونکە هەر میمییەك کە هەڵگری ڕستەیەکە لە ڕەفتاری کولتووری لە مێشکێکەوە بۆ مێشکێکی تر دەگوازرێتەوە تا دەگاتە ئاستێك کە ئیتر بەشی هەرەزۆری دانیشتوان ئەو میمییە لە ناو مێشکیاندا هەیە و ڕەفتاری پێدەکەن. ئەو کاتە دەتوانین بڵێین بووەتە ڕەفتارێکی کولتووریی. پرۆسەی لاساییکردنەوە یان لەبەرگرتنەوە، پرۆسەیەکە بە دووجۆر ڕوودەدات: یەکەم؛ لەڕێگای فێرکردن و لەژێر هەژموونی دەسەڵاتدا دەبێت. بۆ نمونە باوانێك کە دەسەڵاتیان بەسەر منداڵەکانیاندا هەیە فێریان دەکەن چۆن ڕێز لەخەڵکی بگرن و چۆن خواردن بخۆن و چۆن گەشە بەخۆیان بدەن. دووهەم؛ لە ڕێگای لاساییکردنەوەی نائاگاهانەوە، مرۆڤ پێی خۆشە وەك ئەوەی تر بکات. هۆکارێك هەیە وا دەکات من وەك تۆ نانبخۆم، یان تۆ هاوشێوەی من دڵداری بکەیت. پاڵنەرێكی بنەڕەتی لە مرۆڤدا بۆ تێرکردنی خواستەکانی ڕێگایەك هەڵدەبژێرێت کەمترین وزە و کەمترین کات بخوازێت، ئەمەش ناخودئاگایانە لەوانی تردا دەیبینینەوە و لەهزری خۆماندا لەبەریاندەگرینەوە.

 ئەو دوو پرۆسەیەی سەرەوە چ لە ڕێگای فێرکردنی سیستەماتیکەوە بێت یان لە ڕێگای لاساییکردنەوەی ناخودئاگاهانەوە بێت، لەژێر کاریگەریی و هەژموونێکی بەهێزدا ڕوودەدەن. هەژموون یەکێکە لە هەرە کاریگەرترین هۆکارەکان بۆ کەوتنە ئیشی میمییەکان، دواتریش بۆ سەپاندنی ڕەفتاری کولتووری، ئەو هەژموونەی کولتووریش دەسەپێنێت یان هێزی خۆشەویستی و بڕوا پێبوونە یان هێزی ترس و ناچارکردن. جا با بزانین هەریەکەیان چۆن کاردەکەن:

یەکەم/ هێزی خۆشەویستی و بڕوا پێبوون: خۆشویستن و ئەرێنی بوون بەرامبەر بە شتێك کارمان تێدەکات کە چۆن بە هەمان کردەوە هەستینەوە. ئەو خۆشویستن و لاباشبوون و ئارەزووی وەك ئەوبوونەی ئەویتر پێمان دەڵێت کە ئەو نمونەیە دەبێت لەلای منیش هەبێت. ڕاستەوخۆ لێی فێردەبین و وەك ئەوە دەکەین کە پێمان باشە. کەسێك شاگەشکە دەبێت بە هەبوونی ئۆتۆمبیلێکی نوێ، ئەو شاگەشکەیی و خۆشییە لە هزری ئێمەدا لە ڕێگای سیمبوڵەوە دەبێتە ئارەزوو، ئەم ئارەزووە لەلای ئێـمەش دەبێتە ڕەفتار کە بچین ئۆتۆمۆبیلێکی لەوجۆرەمان هەبێت. هەژموونی خۆشەویستییە کە منداڵ ڕاستەوخۆ وا لێدەکات لاسایی باوانی بکاتەوە لە ڕەفتاردا. خۆشویستنی باوکت و ئاستی کۆیلایەتییەکەی بۆ سەرکردە و پارتێکی سیاسی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تۆش دەکاتە هەمان کۆیلەی سیاسی. شانازییەکانی باوکت بە خێڵەکەیەوە، هەمان خێڵ لەلای تۆش پیرۆزدەکات و بێ ئەوەی ئاگادار بیت ئەم هەژموونە باڵ بەسەر مێشکی تۆدا دەکێشێت، چونکە هەموو ڕەفتارەکانی تێدا دەنووسرێنەوە بێ ئەوەی ئاگادار بیت یان لەوانەیە ئاگاهانەش ئەمانە ئەنجام بدەیت.

دووهەم/ هێزی ترس و ناچارکردن: هەژموون لە ڕێگای ترساندن و ناچارکردنیشەوە وەك هێزێك پەراوە دەکرێت و ڕەفتارەکان لە مێشکماندا کۆد دەکەن و دەیانکەنە کولتوور. کاتێك ڕێگرییەکانی (سانکشن)ـەکانی خێزان ڕێگەت پێنادەن دلداری لەگەڵ کچانی دراوسێدا بکەیت، ڕاستەوخۆ لەلای تۆ دەبێتە کۆدی مەترسی و ئەو ئەگەرانە دەسڕیتەوە. ئەم ئەگەرانە لەبەریان دەگیرێتەوە، هەیانە ناڕاستەوخۆ لەبەریان دەگیرێتەوە هەیانە ئەنجامی فێربوون. ئێمە کەسمان فێرنەکراوین کە ناتوانین لەگەڵ خوشکی خۆماندا هاوسەرگیری بکەین، بەڵام کۆدەکانی ئەم فێرکردنە لە ڕێگای ڕەفتاری کولتوورییەوە دەگوێزرێتەوە و ئەو ڕێگرییەش جێبەجێ دەکەین. لە زۆربەی کۆمەڵگا ئەوروپاییەکاندا پەیوەندی هاوسەرگیری لە نێوان ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزاکاندا ڕوونادات، کەچی لەلای ئێمە ئاساییە و کەسیش کەسمانی فێر نەکردووە. بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەم کۆدە میمیانە لەبەریاندەگیرێتەوە و کاری خۆیان دەکەن. ترسی ئێمە لە دەسەڵات وا دەکات ئەو ڕەفتارانە بکەین کە دەسەڵاتمان لێ یاخی ناکات و سزامان نادات. لە پرسی هاوسەرگیری نێوان خوشك و براکاندا هێزی دەسەڵات یان باوەڕێکی ئایینییە یان ڕەفتارێکی کولتووری باوانە و کۆپی دەکرێت. بەڵام لە پرسێكی وەك ناپاکی نیشتمانیدا زۆرجار ئەم هێز و ترسە کە ناچارمان دەکەن هەمان ڕەفتار کۆپی بکەینەوە ئەنجامی خۆپارێزییە لە ناپاکییەکانی ئەوی تر کە بەرامبەرمان دەیکات. کۆی ئەم کارە دەمانخاتە دۆخێکی ناچارییەوە و هەمان ڕەفتار کۆپی دەکەینەوە.

یەکێك لە لێکچواندنەکان ئەوەیە کە کولتوور وەك ئاوێنەیەك وایە و سیستەمی خۆی هەیە تاك هەر ڕەفتارێکی کرد لەو ئاوێنەیەدا دەیبینێتەوە، جار هەیە بێ تێبینیکردن دەێتە بەرچاوی، جار هەیە بە وردی لێی دەڕوانێت بۆ ئەوەی بەوجۆرە ڕەفتار بکات کە پێی خۆشە لەو ئاوێنەیەدا ئاوا دیار بێت. کاتێك من وێنای باڵام بریتی بێت لە سەرکردەی پارتەکەم، ئەو سەرکردەیە بە کارگوزاری پارتەکە نەبینم، بەڵکو بە سیمبوڵ و بە داینەمۆ و بە دامەزرێنەر و بە ناکۆتایی ببینمەوە، ئەوا کاتێك ئەو سەرکردەیە ناپاکییەكیش لە پەیمانەکان بکات، من هەروەك ڕاستی کارەکانی دەبینم، بۆیە کۆپیشیان دەکەمەوە، کاتێك ئەم لەبەرگرتنەوەیە مێشکی هەموومانی گرتەوە ناپاکیکردن ئاسایی دەبێتەوە. ناپاکی کردن ئیهمالکردنی وانەوتنەوەیە، تەسلیمکردنی خاڵێکی پاسەوانیکردنە بە داگیرکەر...تاد. لەوانەیە ئەوەی دەینووسین لێرەدا کەمێك مەترسیدار بێت، بەڵام ئەوەی وایکردوە ئێمە تا ئێستا بمێنینەوە کولتوورێکمان هەبووە، ئەگەرچی کولتوورێكی ئێجگار لاواز و هەژار بووە، بەڵام لەدەستدانی ئەو کولتوورە واتای نەمانی ئێمەیە. کاتێك ناپاکی دەکەنە کولتوور و ڕەفتارێکی باو، ئەوا خۆشمان لە ناودەچین. بۆیە هێزە ناپاکەکان {ئەوانەی خاك و داهات و دەستکەوتی هونەری و زانستیمان هەڕاج دەکەن، فەرامۆش دەکەن، یان کارئاسانی بۆ دوژمنەکانمان دەکەن بیگۆڕن لە ڕێگای زانکۆ تورکی و ئەمریکایی و...تادەکانەوە} گەورەترین مەترسین، چونکە ئەوانەن کە کولتوورمان ناهێڵن و دواتریش خۆمان بە ئاسایی نامێنین. ئەم پرۆسەیە لە هەموو پرۆسەکانی جینۆسایدکردن مەترسیدارترن.

 کولتوور سەرباری هزری کۆمەڵایەتی، لە خۆیدا شوناسێکی کۆمەڵایەتییە. بۆیە کە لەدەرەوەی کولتوورێکەوە مرۆڤ دێتە ناو کۆمەڵگایەکی نوێوە بۆ بوون بە بەشێك لەو کۆمەڵگایە پیویستی بەوە هەیە بەشێك لە کولتوورەکەی لایەنی کەم هەڵبگریت، ئەوەش بە بێ زمان و سیمبوڵ و تەکنۆلۆجیا و پەسەندکردنی یاساکانی ڕوونادات. کەواتە لەناو کولتوورێکیشدا ئەگەر مرۆڤ بیروباوەڕ و بەهاکانی گۆڕان، ئەوا چیتر لەگەڵ تۆڕی گشتی کولتووریدا نەگونجاو دەبێت، ئەو کاتەش ئاساییە بیر لەوە بکاتەوە ئەو کولتوورە جێبهێڵێت و بۆ ناوەندێك بگەڕێت کە جێی ئەو بەهایانەی ئەوی تێدا ببنەوە. باشترین نمونە بۆ ئەم پرسە دەسەڵاتی بنەماڵەکانە، کە ئەنجامی دابڕان لەخەڵك و نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیان و دابڕانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان،  کولتوورێكی تایبەتی بە خۆیانیان درووستکردووە کە بەشە کولتوورێك پێکدەهێنێت و هیچ بۆیان گرنگ نەماوە داکۆکی لە پێکهاتەی تێگەیشتنێکی کولتووری بکەن کە ئەوان چیتر سەر بەو کولتوورە نین. بڕوانە هەموو بنەماڵە و باندە حوکمڕانەکانی کوردستان، کە چۆن ئەوان چیتر سەر بە کولتووری کۆمەڵگا نەماون. ناپاکیکردنیان زۆر لەلا ئاساییە، چونکە ئەوان داکۆکی لە کولتوورێك دەکەن کە وەك بەشە کولتوور لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا بۆخۆیانیان درووستکردووە و زۆرجاریش بەشە کولتوور ئەگەر بە هەژموون و کاریگەر بێت کولتووری بنەڕەتی دەشێوێنێت.

 دەسەڵات لەبەر ئەوەی هەموو هەژموونەکانی لەدەستە و لە ڕێگای ناوەندەکانی گەیاندنەوە دەتوانێت لەلایەك خۆشەویستی درووستبکات لەلایەکیش دەتوانێت ترس و ناچارکردن بسەپێنێت، بۆیە یەکەم بەرپرسیارە لە ئاراستەکردنی کولتووریدا، ئینجا ئەگەر بەشەکولتوورێکی مەترسیداری ستەمکار بەڕێوەی بەرێت ئەوا دەبێتە مەترسییەکی زۆر گەورە. ئەو شەرمەی پێش ڕاپەڕین لە دزیکردن و خواردنی ماڵی گشتی دەکرا، دوای ئاساییکردنەوەی دزی گومرکەکان ئەم ناپاکییە بەم جۆرە نەمایەوە. لە بیرمان نەچێت ئەو وشەی شەرمە (یەکێکە لە سانکشنە بەهێزەکان) لە کۆمەڵگادا کە ڕێگە نادات ڕەفتاری دژە کولتووری ڕووبدات. بۆ نمونە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا لێدانی منداڵ شەرمێکی گەورەیە، ئیشپێکردنی تاقەتپڕووکێن بە منداڵ جگە لەوەی کە یاسا قەدەغەی دەکات شەرمهێنێکی زۆر زۆر گەورەیە. ئاساییکردنەوەی پەنا بردن بۆ دوژمنی نیشتمانی بۆ خستنی نەیارەکان، کاتێك لەلایەن دەسەڵاتەوە پێڕەو دەکرێت بەهۆی سوودبینینەوەیە لە هێزی خۆشەویستی و ترس و ناچارکردن، کە وا دەکات هەموو ئەوانەی لەگەڵ بەرەیەکدان لەلایان ئاسایی بێت داکۆکی لە ناپاکییەکانیان بکەن.      

 ماوێتی////



25/10/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٦)

 میکانیزم وبزوێنەرەکانی ناپاکی کردن











بەمەرجێك مرۆڤ کەموکورتییەکی جەستەیی و هزریی گەورەی نەبێت، بە هەر ڕەفتارێك هەڵبستێت، ئەوا ئەو ڕەفتارە بەتاڵ نییە لە سۆز و هۆشمەندی، جگە لەو دوو خاڵەش بەبێ پاڵنەرێکی سەرەکی هیچ ڕەفتارێکی مرۆڤ ڕوونادات. ئەم سێ پێکهاتەیەش (سۆز و هۆش و پاڵنەر) پایە بنەڕەتییەکانی باری دەروونیمان پێکدەهێنن، یان دەتوانین بڵێین پلاتفۆرمی سەرەکی باری دەروونی هەرکەسێك پێکدەهێنن. هەموو کەسێك کە لە کۆمەڵگادا بەشدارە بە باری دەروونی خۆیەوە ئەو بەشدارییە دەکات و لە ناو گۆمی میمییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگاکەیدا ڕەفتار و ڕەوشتی دیاریکراوی بەو پێکهاتە دەروونیانە دەبێت. لەم سۆنگەیەوە کاتێك ناپاکی دەبێتە بەشە ڕەفتارێکی کولتووری کۆمەڵگا یان دیاردەیەکی بەربڵاوی کۆمەڵگا، یان دەبێتە شێوە ڕەوشتێکی باو، لەلایەك زەمینەی کەسێتی و باری دەروونی پێویستە لەلایەکیش لەسەر بنەمای پاڵنەرەکانەوە دەستپێدەکات کە لەو کۆمەڵگایەدا کار بۆ درووستکردنیان دەکرێت.

 لە بەشەکانی پێشوودا سێ جۆری سەرەکیمان لە ناپاکی باسکردوە، ناپاکی تایبەتی خۆبەخۆ، ناپاکی تایبەتی خۆبەدەر، ناپاکی گشتی. هەروەها باسی ناپاکی گەورە و ناپاکی ئاساییمان کردووە! هەموو ئەمانە ئەنجامی تێکچوونی پەیوەندی و شکاندنی پەیمان ڕوو دەدەن. هەموو کاتێكیش هێزی پەیوەندییەکان و پاراستنی پەیمانەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی بەهێزیان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، واتە کە پەیوەندییەکان تێكچوون و لاوازبوون، دەرفەتی پەیمانشکێنی بەرزدەبێتەوە، هەرکاتێکیش پەیمانشکێنی ڕوو لە زیادی بکات پەیوەندییەکان لاواز دەبن و بەرەو تێکچوون دەڕۆن. لەم سەردێڕەدا بڕیارە ئەوە بدۆزینەوە، خودی ناپاکی چۆن ڕوودەدات و لە کوێوە دەستپێدەکات. لە پەرەگرافی یەکەمەوە تێدەگەین، کە کردەوەی ناپاکی کردەوەیەکی هزرمەندانەیە هەر بۆیە، بێ دوودڵی ناپاکی کردن تاوانە و لەبەرامبەریشدا گەر کردەیەکی ئاوا بە بێ سزا تێپەڕێت ئاستی سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی تووشی پاشەکشەی جۆربەجۆر دەبێت کە دەتوانێت بگاتە ئاستی شکستهێنانی گشتی.

 کەواتە با بگەڕێینەوە بۆ چۆنێتی ڕوودانەکەی؛ پەیوەندییەکان بە چی تێكدەچن و چۆن لاواز دەبن، ئەوە سەرەتای سەرهەڵدانی دەرفەتە بۆ ناپاکی کردن! لاوازبوون و تێکچوونی بۆندە کۆمەڵایەتییەکان پاڵ بە پەیوەندییەکانەوە دەنێن بۆ لاوازبوون و پاشانیش بۆ هەڵوەشاندنەوە. ڕاستگۆیی و خۆبوون و خاکەڕایی و خۆشەویستی و هیوا بە یەك بوون و کۆمەڵێك خەسڵەتی ئەرێنی تر ئاوێتەیەكن لە چاکەکاری بەهۆی ئەم چاکەکارییانەوە مرۆڤ ڕەسەن دەبێت، ئەم ڕەسەنایەتییە یاریدەدەرە بۆ پشتبەستن بە توانایی و ئاستی توانایی یەکتر، کەواتە بەهۆی ئەمانەوە متمانەی دووجەمسەریی درووستدەبێت. ئێمە ئەگەر لەیەکتری تێبگەین وەك ئەوەی کە هەین باشتر دەتوانین متمانەمان بەیەکتری هەبێت، ئەم متمانەیە بۆندەکان بەهێز دەکات. جگە لەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان هەن، هەرکات ئەو تۆڕانە بەهێز بوون، ئیتر زۆر بە باشی دەتوانین دوو ئەرك جێبەجێ بکەین. ئەرکی یەکەم بەرپرسیاربوونمان بەرامبەر بە یەکتر، هەروەها ئەرکی کۆمەك و هاوکاری یەکتر. کاری خۆبەخشیش وەك دوانەکەی تر ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە کەمکردنەوەی ناپاکیدا. کاری خۆبەخشانە سەلماندنێکە بۆ پێکەوە ژیان و بە تەنگەوەهاتنی یەکتر. نەمانی کاری خۆبەخش، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەوە پیشان دەدات کە ئیتر ئێمە کۆمەکی یەکتر ناکەین و بەرپرسیار نین بەرامبەر بە یەکتر. ئەم فەرامۆشکردنە دۆخی مەترسی بەهێزدەکات، نەمانی کاری خۆبەخش ژینگەی مەترسی سازدەکات و ئیتر ئێمە بە ئاستەم دەتوانین بیر لە کارێك بکەینەوە بێ بەرامبەر کەتەنیا واتاکانی ژیانی خۆمان بسەلمێنێت. هەموو کارێك کە بەرامبەر بە دەستکەوتێکیش دەکرێت، بەشێك لە خۆبەخشی تێدایە، گەر ئەو بەشە نەبینرێت و ڕێزی لێ نەگیرێت کاریگەری گەورە لە سەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی دادەنێت. هەموو ئەو سێ شێواندنەی سەرەوە هەرسێکیان دەبنە زەمینەیەکی ئاڵتوونی بۆ پەیمان شکاندن!

 ئەوەی سەرەوە پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، کاتێك ئێمە پەیمان لەگەڵ خۆمان دەشکێنین، یان لەگەڵ کەسێکی تر یان لەگەڵ کۆمەڵگا پەیمانشکێنی دەکەین، ئەوا هەموو پەیوەندییەکان لاواز دەکەین و هەڵیاندەوەشێنینەوە. پەیمانەکان و پەیوەندییەکان بۆ لاوازەکان گرنگترن کە نەشکێن و بمێننەوە، چونکە لەو ڕێگایەوە ئەوان هەست بە دڵنیایی و ئارامی و بەهێزیی پێویست دەکەن. لە کاتێکدا بەهێزەکان کەمتر پیویستییان بەو هەموو پەیمانە هەیە. کەواتە، با وردبینەوە لەوەی بەهۆی چییەوە پەیمانشکێنی دەکرێت! لەوانەیە وای دابنێین کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێزە، ئەی کەواتە بۆ پەیمانشکێنی ڕوودەدات؟ پەیمان شکێنی گەرچی بەزۆری لەلایەن بەهێزەوە ئەنجامدەدرێت بەڵام لە زۆر باریشدا لاوازەکان وەك کاردانەوە پەنا دەبەنە بەر شکاندنی پەیمانەکان. هەموو جۆرەکانی پەیمانشکێنی ئەشێ بە پێنج جۆری سەرەکی ڕووبدەن:

١. هەڵە، مرۆڤ دەکرێت بە هەڵە پەیمانێك بشکێنێت، ئەوەش ئەنجامی کەمی هۆشیاری، کەمی زانیاری، نەشارەزایی و کەمی ئەزموونەوە ڕوودەدات. ئەم جۆرە لە پەیمانشکێنی زۆر دووبارە نابێتەوە، چونکە زووبەزوو ئەنجامەکانی دەچنینەوە و دەبێتە وانەیەك و چیتر دووبارەی ناکەینەوە.

٢. گۆڕانی بیروباوەڕ، ئێمە لە ڕێکەوتن و پەیمانێکداین پێکەوە، ئەوەش ئەنجامی کۆمەڵێك بەرژەوەندی و بیروباوەڕ ڕوویانداوە، ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی تێگەیشتن و بیروباوەڕەوە گۆڕانکاریمان بەسەردابێت ئەشێت ئەو پەیمانانەش هەڵوەشێنینەوە کە لەگەڵ یەکتردا بەستبوومانن پێشتر، بەمەش بۆی هەیە پەیمانشکێنی ڕووبدات.

٣. گۆڕانی تەرازووی بەرژەوەندییەکانمان، هەموو پەیماننامەکان بەشێکی گەورەیان بریتییە لە بەرژەوەندییەکانمان (بەرژەوەندییە ماددی و نامادییەکان) هەر کاتێك تەرازووی ئەم بەرژەوەندیانە گۆڕانیان بەسەردا دێت ئەوا پاشەڕۆژی پەیماننامەکان دەکەونە مەترسییەوە.

٤. بێکەڵکی پەیماننامەکان، هەموو پەیماننامەکان دەبێت سوودێكێ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندییە ماددییەکان و/یان ناماددییەکانمان ببەخشن، ئەوەش لە یەکەی کات و سەردەمدا ڕوودەدات و دەگۆڕێت. ئەشێ ڕێکەوتن و پەیماننامەیەك بۆ کات و سەردەمێك زۆر شایستە و گونجاو بێت بەڵام لەسەردەمێکی تردا هیچ زەمینەیەکی نەبێت! بۆیە ناتوانن بەردەوام ببن و سەرئەنجام پەیمانشکێنی ڕوودەدات.

٥. پەیماننامەیەك و دوو مەبەست، هەندێك لە پەیماننامەکان هەن بە دوو مەبەستی جیاواز ڕێكدەخرێن لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، ئەم جووت مەبەستییە زۆر بە ئاسانی پەیماننامەکان دەخاتە مەترسییەوە. بەتایبەت هەریەکەیان لەلایەنەکان بەرامبەرەکەیان بە ناڕەسەن دەبیننەوە چونکە وەك خۆیان مامەڵە لەگەڵ پەیماننامەکەدا ناکەن. یان لە بنەڕەتەوە لەسەر هەمان پەیماننامە پێك نەهاتوون. هەر یەکەیان بەجۆرێك و لە بەرژەوەندی خۆی پەیماننامەکەی خوێندوەتەوە، وەك کورد دەڵێت: "هەرکەسە و گوێز لە باری خۆی دەژمێرێت".

 کەواتە هەرکات لە کۆمەڵگادا پەیوەندییەکان تێکچوون، یان پەیمانەکان شکێنران، گورزێکی کاریگەر لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەدرێت و دەبێتە هۆکار بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتنی ناپاکی، کە لەڕێگای ئەم سێ پرۆسەیەوە بەڕێوە دەچێت:

پرۆسەی یەکەم: سەرهەڵدانی ناپاکی بە هۆی نەمانی بەهاوە، کاتێك کە بەهامان لا نامێنێت یان ئاستی بەهاکانمان دادەبەزن، ئیتر بۆمان گرنگ نییە پابەند ببین بە پەیماننامەکانەوە و ڕوو لە خۆپەرستییەکی گەورە دەکەین و هیچ کات شەرممان لە پەیمانشکێنی و ناپاکی نامێنێت.

پرۆسەی دووهەم: سەرهەڵدانی ناپاکی بە هۆی تێکچوونی شوناسەوە، (شوناس) ئەو پێکهاتە گرنگەیە کە ئێمە بە گرۆ و ئەوانی ترەوە دەبەستێتەوە و لەڕێگایەوە هەست بە سەرپێبوونی یەکتر دەکەین. کاتێك شووناسمان نامێنێت یان هەست بە سەرپێبوون ناکەین، ئیتر خاڵی هەڵوێستەمان نامێنێت و لەوێوە شکاندنی پەیماننامەکان هیچ لە ئێمە کەمناکەنەوە، چونکە زیانیان بۆ گرۆ هەیە ئەو گرۆیەی ئێمە بڕیارمان داوە پەیوەندیمان پێوەی نەمێنێت بەهۆی نەمانی شووناسەوە. یەکێك لە باشترین نمونەکان بۆ لاوازکردنی شوناس؛ نا جێگیری شوێنە! ئەو ماڵەی ساڵانێکی زۆرە لە گەڕەکدا ماوەتەوە، زۆر زیاتر پابەندن بە بەهاکانی گەڕەکەوە لەو ماڵەی کە ڕاگوزەر دێت و دەڕوات، هەر چەند مانگێك و لە گەڕەکێکن. کۆچ و ڕەو، ئاوارەبوون، جێگۆڕکێی زۆر بەهۆی نا سەقامگیری بازاڕی کارەوە بە ئاسانی پێمان دەڵێت چۆن شوناس لاواز دەبێت. ئەمە تەنیا نمونەیەکە بۆ تێگەیشتن، ئەگەر نا جگە لەو لاوازییە، ناجێگیری شوێن هەندێ خاڵی بەهێز و ئەرێنی زۆر گەورەی بۆ کۆمەڵگا هەیە.

پرۆسەی سێیەم: سەرهەڵدانی ناپاکی بەهۆی داڕمانی کەسایەتییەوە وادەکات خودپەسەندی بەهیچ شێوەیەك نامێنێت و ئیتر زۆر گرنگ نییە لەلای مرۆڤ لە پەیمانەکاندا کە بمێنێتەوە یان لییان دەربچێت. داڕمانی کەسایەتی یەکێکە لەو هۆکارانەی مرۆڤ لە ژیرییەوە دەباتەوە بۆ ژیانێکی غەریزی، مرۆڤ چیتر خۆی نابێت هەموو ئەو بەها و بنەمایانەی کە تێیدا درووست بوون کارکەناریاندەکات و چیتر چێژەکانی لە جێی خۆیان نامێنن. بەواتایەکی تر لەبری ئەوەی چێژەکانی خزمەتی بکەن بکەن. خودی مرۆڤ دەبێتە خزمەتکاری چێژەکانی. ناکرێت لە بیرمان بچێت چێژەکانیش بەزۆر جۆر پۆلێن دەکرێن، هەیانە چێژی سروشتین و هەشیانە چێژی هەڵەتاوی درووستکراو، ئینجا ئەوەی دووهەمیان زۆر زۆر مەترسیدارە.

 ئەو سێ پرۆسەیەی باسمانکردن، دەبنە هۆکار بۆ ئەنجامدانی {فێڵکردن، درۆکردن، ناچارکردن و دزیکردن}. هەرکاتێك مرۆڤ کەسایەتی خۆی لەدەستبدات، شووناسی تێكبچێت، بەهای لەلا نەمێنێت، یان زیاتر لە دانەیەك لەمانە پێکەوە تێیدا ڕووبدەن، ئەوا دەبێتە کەسێكی فێڵباز و درۆزن، ئامادەشە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی و خۆپەرستییەکانیدا هەموو ڕێگایەکی ناچارکردن و تەنانەت دزیکردنیش بەکار بهێنێت بۆ خواردنی بەش و مافەکانی ئەوانی تر، کۆی ئەمەش ناپاکییە، کە لە هەندێ داڕشتنی گشتی و ئەدەبیدا بە ناوی گەندەڵییەوە پێناسەیان دەکەین.  لە هەردوو پرسە تایبەت و گشتییەکانیشدا ئەم ڕەفتارانە لە لایەن بەتوانا، کەمینە، بڕیار بەدەست و ڕاسپێردراوەکانەوە زیاتر ڕوو دەدەن. بەشێوەی ئەم ماتریکسەی خوارەوە:


پێویستی توانا و لاوازیی بۆ ئەنجامدانی ناپاکی: دژابەری توانایی و لاوازی دوو پێویستی سەرەکین بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ناپاکی ئەنجام بدات.  بۆ ئەوەی فێڵێکی سەرکەوتوو لە بەرامبەر بکەیت، دەبێت بەرامبەرەکەت متمانەیەکی پێت هەبێت و قەناعەتت پێ بکات، ئەو کاتە تواناییت هەیە فێڵێکی لێ بکەیت. لەهەمان کاتدا دەبێت لە ڕووی کەسێتی و مرۆییەوە ئەوەندە لاواز بیت و لە ناوەوە تەواو لە بەهاکان هەڵوەریبیت. بۆ ئەوەی درۆیەکی سەرکەوتوو بکەیت، ناچاریت جێی باوەڕی بەرامبەرەکەت بیت یان دەبێت بایی ئەوەندە تواناییت هەبێت لە ڕووی زانیار و ڕەواییەوە کە درۆکەت بە شێوەی ڕاستی لێ وەربگیرێت (نمونەی ئیمام و خەتیبەکان، زانا و مامۆستاکان، ڕاگەیاندن و کەناڵە جۆربەجۆرەکانیان)، بەڵام تواناییەکانی زانایەك بەشی ناپاکی کردن ناکات، ئەگەر لەناوەوە تەواو لاواز و پەژموردە نەبێت لە ڕووی کەسێتی خۆیەوە. بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەت ناچار بکەیت ئەو شتە بکات کە پێویست نییە و  لەسەری ڕێکنەکەوتوون (بۆ نمونە، تەحەمولی بێ مووچەیی بکات) دەبێت تواناییەکت هەبێت بۆ ناچارکردنی، لەهەمان کاتدا دەبێت بایی ئەوەندە ستەمکار و خۆسەپێن بیت کە بتوانیت هێز بۆ ناچارکردن دژی ڕەوایی بەکاربهێنیت. بۆ ئەوەی مافی خەڵكێکی تر بخۆیت دەبێت بایی ئەوەندەت توانایی هەبێت کە بەشەکانیان داگیر بکەیت بۆ خۆت و/ یان لە بێئاگایی ئەواندا بەشەکانی ئەوانیش بۆ خۆت بەریت، بەڵام ئەمە بە بێ لاوازی بەهاکانی دادپەروەریی و شۆرانەوە لە چاکەکاریی و بەخشندەییەکان ناتوانێت ڕووبدات.

 پەیوەندی کەمینە و زۆرینە بەتایبەت لە ناپاکی گشتیدا: پرسی ناپاکی وابەستەیە بە بەرژەوەندی تایبەت و بەرتەسکەوە! بەرژەوەندییەك کە سنووری پێشبینیکراو دەبڕێت، وەك؛ لە پڕ دەوڵەمەند بوون، لەپڕ وەرگرتنی دەسەڵات، لە پڕ پەیداکردنی ناو و ناوبانگ،...تاد. لە ڕووی پێکهاتەی فیزیکییەوە دەبێت کەسێك بێت و بەشی چەند کەسێکی تر بۆ خۆی بەرێت بۆ ئەوەی لە چاو هەموو ئەوانی تردا باڵادەست و هەژموونگەرا بێت. کەواتە لە ڕووی فیزیکییەوە دەبێت کەسێك یان ژمارەیەکی کەم لە خەڵك دەستکەوتی زۆرێك لەوانی تر بەرن بۆ خۆیان، بۆ ئەوەی باڵادەستی و لەپێشینەیی و مەزنییەکەی لە چاو ئەوانی تردا دیار بێت. ئەمەش تەنیا بۆ کەمینەیەك سەرکەوتوو دەبێت لە زۆر باریشدا کەمینە ناپاکەکان خۆیان بۆ خۆیان یەکدەگرن لە دەوری ژینگەیەکی لەبار کە بیانخاتە پێشینەوە.

بڕیاردان و ناپاکی: کاتێك لە بنەڕەتەوە ناپاکی یەکێکە لە ڕەفتارە بێزراوەکان هەروەها بەها گشتییەکانیش بەرامبەر بە ناپاکی دژ دەوەستنەوە، بۆیە ناپاکی وەك هەر ڕەفتار و ڕێگایەك کە مرۆڤ دەیگرێتە بەر پێویستی بە پاڵنەرێك هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو هەموو بەربەستە کۆمەڵایەتییە بشکێنێت. بەگشتی پاڵنەرەکان لە نێوان دوو جۆردا دابەش دەبن، پاڵنەرە ناوەکییەکان، هەروەها پاڵنەرە دەرەکییەکان، هەریەکە لەم پاڵنەرانە بە جۆرێکی جیاواز بڕیاری ناپاکی دەدات. پێویستمان بەوە هەیە بزانین کە جاری وا هەیە بڕیارەکان یان بەشێکی بڕیارەکان بە شێوەیەکی نەستی دەدرێن.

 سەرەتا با بزانین پاڵنەرە ناوەکی و دەرەکییەکان چۆن کاردەکەن؛ پاڵنەرە ناوەکییەکان لە شێوەی برسێتیدان، کاتێك برسیمان دەبێت بە دوای خۆراکدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ئەو پێویستییە پڕ بکەینەوە، کەواتە برسێتی پاڵنەرێکی ناوەکییە بۆ خواردن. بەڵام جار هەیە برسیمان نییە، کەچی بۆن و بەرامە و شێوەی دانانی خواردنێك دەبێتە پاڵنەرێکی دەرەکی بۆ خواردن. ئەمەی دووهەمیان پاڵنەرەکە دەرەکی دەبێت! یاریزانێك شەو و ڕۆژ خەریکی تۆپی سەبەتەیە، لەبەر ئەوەی ئارەزووە ناوەکییەکانی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، بەڵام یاریزانێکی تر دەبینێت لەو یارییە دەتوانێت بژێوییەکی باش پەیدا بکات، لای ئەمەی دووهەمیان پاڵنەرەکە پاڵنەرێکی دەرەکییە لە ناخی پێویستییە بنەڕەتییەکەوە نەهاتووە هەرچەند هەردووکیان بە هەمان شێوە کار دەکەن و دەشێت هەردووکیان یاریزانێکی باشی یاری تۆپی سەبەتە بن. ئەو بڕیارەی وا دەکات ناپاکێك پەیمانەکان بشکێنێت، یەکێك لە پێویستییە سەرەکییەکان پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەوەی پەنا بەرێتە بەر ناپاکی کردن. لە ناخەوە داخوازییەکی هەیە و بۆی پڕ ناکرێتەوە ناچار کۆدە کۆمەڵایەتییەکان دەشکێنێت بۆ پڕکردنەوەیان، تەنانەت ئەگەر دژیشیان بێت. ئەو مامۆستایەی، یان ئەو کارمەندەی کەرتی تەندرووستی کە بە چەند مانگ جارێك یەك موچە وەردەگرێت پێویستی مانەوە و ژیان ناچاری دەکات ناپاکی لە پیشەکەی بکات. لەوانەیە وانەکانی باش نەڵێتەوە و خۆی بدزێتەوە بۆ ئەوەی لە کارێکی تر خۆراك و بژێوی خۆی پەیدا بکات، یان کارمەندە تەندرووستییەکە ناچار ببێت دەرمان و کەلوپەلی گشتی بدزێت و بژیوی خۆی لەسەر پەیدا بکات. ئەو پریشکە گڕەی کە دەتوانێت هەموو بەهاکانی تاكێك بسووتێنێت پەیوەندی بە ئاستی بە هێزی تاکە کەسەکەوە هەیە لە ناوەوەی خۆیدا. ئەگەر توانیمان ناوەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە هێز بکەین، لە دۆخی لاوازیشدا تاکەکان دەتوانن بەرگە بگرن. بەهێزکردنیش زۆر ڕێگا و چارەسەری هەیە کە لەبەشەکانی کۆتاییدا باسیان دەکەین.

 پاڵنەرە ناوەکییەکان زۆریان دەوێت تا کەسێکی بەهێز لاواز بکەن و بڕیاری ناپاکی کردنی پێ بدەن، بەڵام پاڵنەرە دەرەکییەکان بەدوای کەسی لاوازدا دەگەڕێن تا بیانکەنە نێچیری ناپاکی کردن. دەگەڕێینەوە بۆ نمونەی خواردنەکە، مرۆڤێکی بە دیسپلین و ژیر کە دەتوانێت بڕیارەکانی بە دەستی خۆی بن، ئەگەر برسی نەبێت خواردن چەند جوان و ڕازاوەش بێت دەتوانێت نەیخوات. بەڵام مرۆڤێك کە بێ دیسپلین و بە کاردانەوە بژی کەسێتی لاواز و فشەڵ بێت، ئەگەر تێریش بێت کە بۆنی خواردنێکی خۆش دەکات بە هەر نرخێك بێت دەیەوێت خۆی پێ بگەیەنێت. ناپاکییە گەورەکان و قەبارە زەبەلاحەکانی دزیکردن و خاكفرۆشتن و....تاد تێکڕایان بە پاڵنەری دەرەکی ئەنجام دەدرێن واتە هەمیشە کەسە لاوازەکان دەکەنە نێچیر. ئەو حوکمڕانەی بوێریی ناکات دەسەڵات جێ بهێڵێت بۆ کەسێکی تر، توانایی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ناچار بکات کە لە حوکمدا بمێنێتەوە، بەڵام لەناوەڕۆکەوە کەسێتییەکی تا دوا ئەندازە لاوازی هەیە بۆ چێژبینین لەو دەسەڵاتدارێتییە بۆیە هەموو تواناییەکانی دەخاتە گەڕ و هەموو شێوگێکی ناپاکی دەگرێتە بەر بۆ مانەوە.

ڕاسپیردراوەکان و پەیمانشکێنی: ڕاسپیردراوەکان ئەوانەن کە بەرپرسیارێتی خەڵکێکی زیاتر لە خۆیانیان دەکەوێتە ئەستۆ. ژمێریارێك ڕاسپێردراوە بە دڵنیاییەوە کاروبارە داراییەکانی هەر یەکەیەك بەڕێوەبەرێت، مامۆستایەك ڕاسپێڕدراوە بۆ ئەوەی لە بری کۆمەڵگا نەوەی نوێ فێربکات و پەروەردە بکات. ئەندام پەرلەمانێك لە بری گەل ڕاسپێردراوە یاساکان جێبەجێ بکات و لە دڵنیایی کاروبارە کارگێڕی و سیاسییەکان ئاگادار بێت. هەموو ڕاسپێردراوەکانیش وابەستەن بە پەیمانێکەوە، ئەم پەیمانانە بەهەر بیانوویەك بشکێنرێن دەبێتە ناپاکی. تەنانەت ئەگەر توانایی کەسەکە لەو ئاستەدا نەبێت نەوەی نوێ فێربکات و پەروەردە بکات، ئەگەر دەست لە پیشەکەی هەڵنەگرێت ئەوا گەورەترین تاوان دەکات. خراپی ئەم خاڵە لەوەدایە، ڕاسپێردراو بە ئاسانی دەتوانێت ناپاکی بکات و لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتەکانی پرسی خەڵكە ڕاسپێردەرەکەی بخاتە خزمەتی بەرژەوەندی و ئارەزووەکانی خۆیەوە.

بەها و چاکەکاری و بنەماکانی هەر مرۆڤێك لە کۆمەڵگا شڵۆقەکاندا وەك گلۆرێکی ئاسنی گەورەوایە کە ناوەندەکەی چەندین شلەی کیمیای تێدایە و لەگەڵ یەکتر کارلێكدەکەن ئەم گۆیەش لەسەر لووتکەی کێوێك لە هەڵوێست دانراوە. لە هەر کەلەبەرێکەوە گلۆرە ئاسنینەکە لاواز ببێت ئەشێ کارلێکی ماددەکان بیخۆن و لە جێی خۆیدا داڕزێت. بەڵام ئەگەر بە پاڵنەرێکی دەرەکی ئەو گۆیە جووڵێنرا، ئەوا دەشێت خلۆرببێتەوە، ئەو کاتە کاتێکە چی بێتە بەردەم گلۆرە ئاسنینەکە دیشێلێت، لە نزمی و دۆڵ و کەنگەکانیشدا نەبێت خۆی ناگرێتەوە. هەمووکەسێك تەنانەت پەککەوتووەکانیش بەشی خۆیان تواناییان هەیە، ئەوەی ناپاکی درووستدەکات و دەیبزوێنێت لاوازکردنی کەسێتیی کەسەکانە کەوا دەکات پارادۆکسی توانایی و لاوازی دابینببێت بۆ ڕوودانی ناپاکییەکە. بۆنمونە؛ پزیشکێك کە نەخۆشێك دەچێتە بەردەستی، نەخۆشەکە دڵنیایە کە چاکی دەکاتەوە، بەڵام کاتێك پزیشکێك پارچەیەکی لەشی دەردەهێنێت و دەیفرۆشێت پاڵنەری ناوەکی نییە کە ناچاری ئەم ناپاکییەی بکات، بەڵکو پاڵنەرە دەرەکییەکانن کە کەسێتی پزیشکەکە دەخۆن و خۆشگوزەرانی خۆی بە بێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تر دابیندەکات. یان، چکۆلەترین بەڵێنی درۆ کە بەرپرسێك دەیدات گەورەترین ناپاکییە، چونکە هیچ کاتێك درۆیەك جگە لە یەك مەبەست هیچی تری نییە، ئەویش پاراستنی بەرژەوەندی خودە لەسەر بەرژەوەندی ئەوی تر یان ئەوانی تر. هەرکەس درۆی لەگەڵدا کردیت ڕاستەوخۆ دەزانیت کە ئەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندییەکانی تۆوە. بێگومان کاری سیاسی کارێکە نهێنی خەسڵەتە، بۆیە بەبێ نهێنی پاراستن ناکرێت، جیاوازییەکی گەورەش هەیە لە نێوانی درۆکردن و نەدرکاندنی زانیارییەکاندا. ئیتر ئەگەر هەموو گلۆرێکی خەڵك قابیلی خلبوونەوە بێت، تەنیا چارەسەر ئەوەیە بەها و چاکەکارییەکانمان لە شێوەی هەرەمێکی بنکە فراواندا داکوتین بەهەمان شێوەی ئەو کۆمەڵگایانەی تاکەکانیان ئاماددەنین لە پێناو چێژێکی ساتەوەختی خۆیاندا چکۆلەترین سەرپێچی بەهاکانی خۆیان بکەن.  


08/10/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٥)




 ناپاکی و متمانە (پەیوەندی و کارلێکە پێچەوانەکانیان)

با وای دابنێین بە شەقامێکدا تێدەپەڕین و لە پڕ پڵنگێکی گەورە دەبینین، یەکەم کاردانەوەمان دەبێت چۆن بێت! یان بە هەمان شەقامدا دەڕۆین و لەپڕ ئاسکێك لەبەر دەمماندا دەساکێت و جووڵە ناکات، ئەی لەگەڵ ئەمەیاندا یەکەم کاردانەوەمان چۆن دەبێت! گەر کەمێك بیری لێ بکەینەوە ئەو پەیوەندییە دەردەخات کە لە نێوان ئێمە و دوو ئاژەڵدا هەیە، یەکێکیان بە دڕندە و مەترسی پێناسەکراوە لە هزر و ئەزموونی ئێمەدا، ئەوەی تریان هەمیشە ئێمە بۆ ئەو سەرچاوەی مەترسی بووین. ئەو چۆلەکە پاسارییەی لە کراکۆڤ دێتە سەردەستمان و دەنکە گەنمەکانی نێوان پەنجەکانمان دەچنێتەوە جۆرێك لە پەیوەندیمان پێدەڵێت و ئەو پاسارییەی سەرچناریش کە لەسەر سووچی کۆڵانەکەوە دەردەکەوین و ئەویش سەر تەلی کارەبا و ستوونەکانی جێدەهێڵێت و هەڵدێت شتێکی ترمان لە پەیوەندی پێدەڵێت. ئەگەر ئێمە زەڕەنگەرێك بین و لە دووکانەکەی خۆماندا دانیشتبین، لەپڕ گەندەڵێکی تاوانباری قات و بۆینباخ لەبەر خۆی بکات بە ژووردا، زیاتر ڕێزی لێ دەگرین لە هەژارێکی دەمووچاو ئاڵٶزی دەمامكدار، کە ئەشێ ئەوەی دووهەمیان لە ترسی نەخۆشی دەمامکی بەستبێت.

هەموو ئەم ئەگەرانە پەیوەندی و پەیوەندییە پێناسەکراوەکان و متمانەمان بۆ ڕووندەکەنەوە. متمانە و ناپاکی دوو چەمکن لە هەموو بڕگە و لێکەوتەیەکدا پێکەوە دەبەسترێنەوە. هەرچۆن کاتێك باسی ناپاکی دەکەین پێویستمان بەوە هەیە ڕاستەوخۆ هۆشمان ببەستینەوە بە پەیوەندییەکانمانەوە، ئا بەو جۆرەش کاتێك باس لە متمانە دەکەین ڕاستەوخۆ پرسیاری جۆری پەیوەندییەکە دەکەین و چۆن پێناسە کراوە و چۆن شێوگی گرتووە دەبێتە بنەما بۆ مامەڵەکردنمان. متمانە بە دوو ئاراستەدا شێوەدەگرێت، ئاراستەیەکی ڕووکەش و هەڵخەڵەتێنەر کەهەندێك جار دەروونی سڕبوومان ئارەزووی دەکات، ئاراستەیەکی ڕەسەنیش کە بە بنەمای ناوەڕۆك باوەڕمان پێی هێنابێت، ئەویش پشت بە ڕاستگۆیی دەبەستێت. متمانە ئەو باوەڕەیە بە ڕاستگۆیی کە دەرئەنجامی هەر پەیوەندییەك پەیدا دەبێت، بۆیە دەکرێت متمانە بەهێز بێت یان لاواز، هەروەها دەکرێت متمانە ئەرێنی بێت یان نەرێنی. متمانەی بەهێز وەك باوەڕی ئەو منداڵەیە بە ڕقگرتن، کە پاش گریانێك چی بخوازێت دەستی بکەوێت، بەڵام متمانەی لاواز وەك باوەڕی کرێکارێکە بە کارکردن، کە ڕۆژانە لە کازیوە تاکو زەردە تێدەکۆشێت و هێشتاش بەشی بژێوی پەیدا ناکات. متمانەی ئەرێنی ئەو متمانەیەیە کە منداڵ لە توڕەبوونی دایکیدا بۆی دروستدەبێت و دڵنیا دەبێت توڕەبوونەکانی ئازاری نادات، بەڵام متمانەی نەرێنی ئەو متمانەیەیە کە بە پاسەوانێکی ناپاکمان هەیە و دڵنیاین کە پاش خەوتنی ئێمە ئەویش پاسەوانییەکەی جێ دەهێڵێت و دەچێت بۆ نووستن.

 بنەڕەتی متمانە بۆ ڕەسەنایەتی کردەی کاراکتەر دەگەڕێتەوە، ئەگەر کاراکتەر ناڕەسەنێك بێت دڵنیاین هیچ کات چاکە و سوود لە پەیوەندییەکانی ناچنینەوە و دڵنیاین هەمیشە زیانی لێدەکەین بۆیە متمانەمان پێی لاواز دەبێت تا ئاستی نەمانی خودی متمانەش. ئەگەریش کاراکتەر لە هەرپەیوەندییەکدا ڕەسەن بوو، یان خۆی خۆی بوو، ئەوا وەك خۆی پشت بە مامەڵە لەو پەیوەندییەدا دەبەستین. ئیتر لەم پێگەیەوە ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەرامبەردا دەکەین، ئەو بەرامبەرە تاکەکەس بێت یان کۆمەڵ، کارداربێت لەلامان یان بەرپرسی کارەکەمان بێت، هەروەها سیستەم بێت لە ژیانماندا یان ڕێکەوت و نەخوازراوی سروشتی. بنەڕەتی متمانە ڕەسەنایەتییە، هەر لەو سۆنگەیەشەوە پێشبینی کاردانەوەی بەرامبەر دەکەین لە پەیوەندییەکانماندا.

 کاتێك متمانە بە هەر کەس و شت و ئامێر و سیستەم و دەسەڵات و حوکمکراوێك دەکەین، ئەوا دڵنیاین ئەنجامی پەیوەندی و کارلێکەکانی پەیوەندیکردنمان چی لەو بەرامبەرە دەچنینەوە. بە پێی ئەو پێشبینییە و ئاستی دڵنیایی لەو پێشبینییە ئێمەش مامەڵە لەگەڵ بەرامبەردا دەکەین، ئینجا ئەگەر متمانەکەمان ئەرێنی بوو کاردانەوەی ئەرێنمان دەبێت، هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە! ئەگەر متمانەکەمان بەهێز بوو ئەوا کاردانەوەکەمان گەرموگوڕتر و بەهێزتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە.

 سەرئەنجام بەهێزی متمانەی ئەرێنی پەیوەندییەکانمان توندوتۆڵتر دەکات، بۆندە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات، کاری خۆبەخش و سەرمایەی کۆمەڵایەتیش گەورە و فراوان دەکات. کۆی ئەمە وا دەکات لە پەیوەندییەکاناماندا پشت زیاتر بەیەك ببەستین و کەمتر وزە و توانایی لە خۆپاراستن لە یەکتری خەرج بکەین. هەروەها پەیوەندی و گفتوگۆکانمان کراوەتر و زیاتر دەکات و خەڵکیش زیاتر سەرچاوەکان لە نێو یەکتریدا بەش دەکەن.

 سەرەتا ئێمە باسمان لە چەند گیاندارێك کرد، بەتایبەت چۆلەکە پاساری، ئایا لە خۆمان بپرسین پاسارییەك لە پۆلۆنیا متمانە بە تۆ دەکات بێتە سەردەستت، بەڵام پاسارییەك لە کوردستان هەر لە دوورەوە دەردەکەویت سەر دارتێلی کارەباکان چۆڵدەکات! سەیر نییە ئەم دوو ڕەفتارە، تەنیا متمانەی نێوان گیاندار و مرۆڤ بێت؟ ئەی ئایا سەرچاوەی ئەم متمانەیە تەنیا ئەزموونە یان پرسی تری لەپشتەوەیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەکرێت هەندێك لە کاری زاناکان لەم بارەیەوە بەسەر بکەینەوە، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێت کە پرسی متمانە پرسێکی نیورۆبایۆلۆجییە! هەروا خۆڕایی نییە کە ئاژەڵێکی ماڵی متمانەمان پێدەکات، بەڵام ئەوەی کێویتر بێت متمانەی کەمتر دەبێت. یان ئاژەڵێك، باڵندەیەك لە کۆمەڵگایەکدا کە هێشتا ڕاو و شکاری تێدا ئەکرێت متمانەکەی جیاوازە لە هەمان گیاندار لە کۆمەڵگایەکدا کە ئەو توندوتیژییەی تێدا بەرقەرار نییە. ئەم دیاردەیەش بەر لەوەی هۆکارێکی هۆشمەندانەی هەبێت هۆکارێکی بایلۆجی لە پشت ڕوودانییەوەیەتی، مرۆڤیش بەهەمان میکانیزمی بایۆلۆجی کار دەکات و متمانە لەوە بەدەرە تەنیا قەناعەتێك لەلای مرۆڤ دروست ببێت، ئیتر تەواو متمانە بە بەرامبەرەکەی بکات. بەڵکو متمانە پێویستی بە بەرجەستە بوونی فیزیکی هەیە لە پێکهاتەی جەستەدا، بۆ ئەوەی درووست ببێت یان بۆ ئەوەی بەردەوام بێت. ئەگەر مرۆڤ متمانەی لە دەستدا واتە پێکهاتەی بایۆلۆجی و هۆرمۆنەکانی گۆڕاون، هەر بۆیە بە ئاسانی متمانە بە ئەزموونێکی تر ناکاتەوە، یان هەر خودی متمانەش بە سادەیی و ئاسانیی درووستنابێت.

 لە هایپۆتالمۆسی ناو مێشکدا هۆرمۆنێك دەڕژێت پێی دەوترێت ئۆکسیتۆسین، ئەم هۆرمۆنە بەرپرسیارە لە چەند شتێك، یەکێك لەوانە خۆشەوسیتی، متمانە، هەستکردن بە دڵنیایی و ئارەزووی پەیوەندییە سۆزدارییەکان. مرۆڤ بە ڕژانی ئەم هۆرمۆنە ڕێژەی متمانەی زیاد دەکات، هەروەها ئەم هۆرمۆنە خۆشەویستیش لە ناخدا دەهەژێنێت و مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات لەگەڵ ئەوانی تر. دەبینین ئەم ئۆکسیتۆسینە لە زۆر نووسین و توێژینەوەدا بە هۆرمۆنی خۆشەویستی ناو دەبرێت. ئەم هۆرمۆنە کارلێکی ناوەکی لەناو مێشکی مرۆڤدا درووستدەکات هەر بۆیە هاوسەنگییەك لە نێوان متمانە پێبوون و متمانە پێنەبووندا پەیدا دەبێت، ئەو هاوسەنگییە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕێت و بڕیاردەرێکی سەرەکییە بۆ درووستکردنی هەستی متمانە. چالاکییەکانی تری هزر کاریگەرییان لەسەر متمانە هەیە، بۆ نمونە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی باش، بەڵام بە پێی زۆرێك لەو توێژینەوانەی کە کراون ئەمانە هیچیان کاریگەری هۆرمۆنەکە کەمناکەنەوە. بۆیە زۆرجار توێژینەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان باس لە دۆزەرەوەی ناپاکی دەکەن لە ناو ناخی مرۆڤدا. بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت (Our biological cheating detector)  واتە دۆزەرەوەی بایۆلۆجی بۆ ناپاکی و فێڵکردن. ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو هۆرمۆنەوە هەیە کە لە خودی هاوسەنگییەکەدا کاردەکات. نمونەیەکی ئەم هاوسەنگییە دەتوانین باس بکەین: ئەشێ لە هەستەکانمانەوە بەڵگە بهێنینەوە بۆ متمانە نەبوونمان بە کەسێك، بە ئامێرێك یان بە سیستەمێك، بەڵام بنەڕەتەکەی بۆ ئەو هۆرمۆنانە دەگەڕێتەوە کە لە هایپۆثالمۆسدا دەڕژێت، بەرامبەر بەو متمانەیەی کە بۆ خواستی کردەکان هەمانە، ئەمەش لە بەشێکی زۆری گیاندارە شیردەرەکاندا تاقیکراوەتەوە. بۆیە ئەگەر متمانەیەکی عەقڵانیشمان هەبێت بەرامبەر پرسێك یان کەسێك، بێ متمانەی ناوەکی و جێگیربوونی بایۆلۆجییەکەی مەرج نییە بێ متمانەییمان بسڕێتەوە. بۆیە زۆرجار متمانەی ناوەکیمان بە شتێك نییە، کەچی لەگەڵیدا دەڕۆین چونکە ئەقڵ و لۆجیکمان ناچارمان دەکات، ئەوەش ڕەسەنایەتی هەستمان نییە، چونکە لە خۆیدا ئەو بێ متمانەییە وا دەکات لەساتەوەختی خۆیدا ئەم پەتی پەیوەندییە بپسێنێت. بۆیە، گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە کە سیستەمێك بێمتمانەیی لە ناخی خەڵکدا درووستکردبێت و بەرپرسێکی بێ ئاگای بێ زانیار بێت و بخوازێت بە بەڵێنێك خێرا متمانە بگەڕێنێتەوە. یان سیستەمێك متمانەیەکی بە سەرکردەیەك درووستکردووە لەلای سەرپێبووەکانی، هەروا بە ئاسانی ناتوانین بە چوار کۆبوونەوە لەگەڵ سەرپێبووەکەی بیگۆڕین و کاریگەریی سەرکردەکەی خۆی لەسەر لاببەین.

 گرنگترین خاڵ کە پێویستە بیخەینە سەر زانیارییەکانمان لێرەدا توانستی ئابوورییە. هەر کەسێك توانا و لێهاتوویی زیاتر بێت دەتوانێت دڵنیاتر ببێت بەوجۆرەش متمانەی زیاتر دەبێت. دابەشبوونی چینایەتی ئەم پرسە تەواو یەکلایی دەکاتەوە و توێژینەوەکانیش ئەوەیان دەرخستووە کە چینە هەژارەکان کەمتر متمانە دەکەن وەك لە چینە دەوڵەمەندەکان. هەر ئەمەشە وا دەکات چینە بندەست و چەوساوەکان وزەیەکی زیاتریان پێویست بێت تا یەکگرتووبن و پشت بەیەکتری ببەستن و کاری پێکەوەیی بکەن. لە کاری پێکەوەییدا گرنگە دەستەبژێرێك هەنگاوی یەکەم بنێن، کە ئەو دەستەبژێرە دەتوانن داهاتوو ببینن و هەنگاوەکانی کارکردن بۆ گەیشتن بەو داهاتووە دیاری بکەن. ئەوەندەش بەس نییە، بەڵکو ئەو مەترسییەش دەگرنە بەر بۆ درووستکردنی گۆڕانکارییەکە، ئەگەرنا لە ڕووی بایۆلۆجییەوە خەڵکی چەوساوە، بایی ئەوەندە هێز و توانستی متمانەی لە دڵدا نییە تا هەنگاوێكی یەکگرتووانە بنێت.  

 بەرژەوەندی بنەمای ژیانە، چ لە گیانداراندا چ لەناو کۆمەڵگای مرۆییدا، ئینجا ئەو بەرژەوەندییە جار هەیە بریتییە لە پاراستنی بیروباوەڕێكی زۆر سادە و ساکار، زۆرجاریش گرێدراوەتەوە بە بەرژەوەندییە ماددییەکانی مرۆڤەوە. ئەوەی جیاوازی دەکات ئەوەیە، مرۆڤ چۆن ئەو بەرژەوەندیانە دەپارێزێت و دونیا بینی چییە بۆ پاراستنیان. هەرچی لە پەیوەندییەکانمانەوە ببێتە هۆکار بۆ زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانمان کە لەسەریان ڕێککەوتووین ئەوا متمانە لاواز دەکات، چونکە کارێکی بایۆلۆجی لە مێشکی ئێمەدا درووستدەکات چیتر دڵخۆش نابین بەو کردەیەی بەرامبەرمان ئەنجامدراوە. سەرەکیترین هۆکار بۆ نەهێشتنی متمانە (ناڕاستی، فێڵ و تەڵەکە هەروەها شکاندنی پەیمانەکانە کە پێشتر لەسەریان ڕێککەوتووین). کەواتە هەموو کردەکانی درۆکردن و فێڵکردن و نواندنی ناڕەسەنایەتی و ناپاکی کاریگەرییان هەیە لەسەر نەمانی متمانە. لە پرسی ناپاکیشدا کارلێکێکی پێچەوانە هەیە لە نێوان متمانە و ناپاکیدا! واتە ناپاکی دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە، هەروەها لەدەستدانی متمانەش ڕێگا بۆ ناپاکی خۆشدەکات.

 متمانە هەمیشە کاتی پێدەچێت بۆ ئەوەی بونیاد بنرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کە لە جەستەماندا ئەو پەیوەندیانە پێویستیان بە کات و چەندبارەبوونەوە هەیە هەتا بتوانین بیانناسینەوە کە جێی باوەڕبن و لە مێشکماندا جێگیرببن کە جێی متمانەن و پشتیوانن بۆ بەرژەوەندی و پێویستییەکانمان. هەمیشە زۆری زانیاری یاریدەدەرە بۆ ئەوەی متمانە زووتر درووستببێت، کەچی دەبینین لە کۆمەڵگای خۆماندا ئێمە متمانەمان بە ڕۆژئاواییەکان زیاترە تا ئەوانەی لە هەمان کۆمەڵگادا لەگەڵمان دەژین و لێمان نزیکن و زانیاری زۆرمان لەسەریان هەیە، کەچی ئەوانی تر بە بێ ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆمان لەسەریان هەبێت متمانەیان پێ دەکەین. هۆکاری سەرەکیش لەم پرسەدا دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکاوی بۆندی نیوان تاکەکان، یان ئەو بێ متمانەییەی کە بەردەوام لەلای خۆمان درووستکراوە لەلایەك و ئەو متمانە خەیاڵییەی لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە لەسەر ئەوانی تر و بەتایبەت ڕۆژئاواییەکان بۆمان درووستدەبێت. تێبینی بکە ئایا دەتوانیت هەمان متمانە بە دەرمانێكی ئەڵمانی و دەرمانێكی ئێرانی بکەیت کە بۆ هەمان مەبەست درووستکراون، بێگومان نەخێر، چونکە دوو ڕاستگۆیی جیاوازیان هەیە لە چارەسەردا. ئەمە بۆ کادیری پارتێکیش ڕاستە، ناتوانین متمانە بە کادیری پارتێکی ستەمکار بکەین داکۆکی لە ڕەوایی بکات، چونکە وەك ئەو دەرمانەیە کە نەخۆشترمان دەخات نەك چاکمان بکاتەوە. ئەم میکانیزمە هەمان میکانیزمە کە پشت بە ڕاستگۆیی و فێڵنەکردن دەبەستێت. لە دۆخی ئاساییدا مرۆڤ لەگەڵ کەسی نەناسدا متمانەی کەمە، بەڵام ئەگەر متمانەی ناوخۆیی تێکشکێنرا ئەوا هەموو متمانەکان بە شتێکی دەرەکی بەهێزتر دەبێت، ئەم ڕاستییە زەمینەسازییەکی زۆر گەورە دەکات بۆ درووستبوونی ناپاکی، چونکە بۆندەکانی نێوان تاك تێکدەشکێنێت و پردەکانی پەیوەندی دەرەکی بەهێز دەکات. ئەم خاڵە چکۆلەیە لە ڕاستی زانستی پێمان دەڵێت دەسەڵاتی کوردی چ دوژمنێکی سەرەکی خەڵکی کوردستان بووە بە درێژایی مێژووی خۆی، چونکە بەدرێژایی تەمەنی خۆی تاوانبارە بە تێکشکاندنی متمانە ناوخۆییەکان و تاوانباریشە بە لاوازکردنی بۆندە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تاك و تاك هەروەها لە نێوان تاك و گرۆدا. هەر بە سادەیی دەتوانین بڵێین ئێمە هەموومان بەرامبەر بە خۆمان نامۆترین تا بەرامبەر بە دەرەوەی خۆمان، زانیارییە جوانکراوەکانی دەرەوە لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بێدادیی و ستەمکارییەکانی ناوخۆمان پێکەوە پەیامێکیان هەمیشە بە گوێمانداداوە، کە دونیای دەرەوە پڕە لە ڕەوایی و جوانی و هەمیشە خوازیار و خەوناندیووی ئەو دونیایە و سەربەو دونیایە ئێمە مامەڵەمان کردووە. ئەمەش زەمینەیەکە لێوان لێوە لە پیت و فەڕ بۆ ناپاکی.

 ئەو نامۆییەی لەپەرەگرافی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد لە ناوخۆی کۆمەڵگادا بۆمان درووستبووە. واتە ئێمە بەرامبەر بە خۆمان نامۆترین تا دونیای دەرەوە، نمونەیەکی سادەتر، ئێمە هێندەی پشت بە سەرچاوە بیانییەکان دەبەستین گوایە "بەهۆی ڕاستگۆییانەوە"، هێندە پشت بە سەرچاوە ناوخۆییەکان نابەستین. ئیدی ئەم نامۆییە و درووستبوونی دەرفەتی ناپاکی وامان لێ دەکات کە هەرگیز متمانە بەیەکتر نەکەین و نەتوانین پێکەوە کارێکی هاوبەش بکەین. ئەمەش زۆر بەباشی ڕەنگدەداتەوە لەسەر پەیوەندی نێوان خەڵکە نامۆکان بە یەکتر، تەنانەت ڕەنگدەداتەوە لەسەر پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا، هەرکات متمانەی بە خۆی نەما ناتوانێت کارێكی بە تەنیاش بکات، چ جا بە حاڵی کاری پێکەوەیی و بە کۆمەڵ.

 لەسەردێڕەکانی پێشوودا باسمان لە پەیوەندی نێوان ناپاکی تایبەتی خۆبەخۆ و ناپاکی گشتی کردووە، ئەم پەیوەندییە درێژدەبێتەوە بۆ ناو متمانەش. ئەگەر متمانە نەما، ئەوە بەرئەنجامی کردەوەیەك تێكشکێنراوە، ئایا پەیمانشکێنییە، درۆیە، مەترسی درووستکردنە یان ناپاکییە! ئەگەر بەرئەنجامی ناپاکی متمانە نەمابێت، ئەوا هەموو پەیوەندییەکی ئەو جۆرەی ناپاکییەکەی درووستکردوە، لە هۆشی مرۆڤدا دەکەوێتەوە ژێر پرسیاری ڕاستی و ناڕاستی، مەترسی و گومان. یەکەم پرسیار مرۆڤ کە لە خۆی دەکات یان خۆی پێ سەرزەنشت دەکات، ئەوەیە كە چۆن باوەڕی بەو پەیوەندییە کردبوو و چۆن متمانەیە پەیداکردبوو، ئەمەش دەبێتە ئەزموونێکی نەرێنی، کە متمانەی لەوجۆرە بە ئاسانی درووستنەکاتەوە. چۆن ئەو چەندساڵێك هەموو قوربانییەکی بۆ پارتێكی سیاسی دابوو، کەچی ناپاك دەرچوو، ئەی چۆن جارێکی تر ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە. هەروەها خۆمان دەخەینە ژێر پرسیارەوە، بۆ باوەڕمان بەو پەیوەندییە کردبوو؟ ئایا لە چیدا هەڵە بووین؟ ئەمانە هەمووی لە دژی کاری پێکەوەیی و هاوئاهانگی وپشتیوانی یەکترن لە داهاتوودا، بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەك تەنیا بەرامبەر ئێستە و ڕابردوو بەرپرسیار و تاوانکار و دوژمنن، بەڵکو بەرامبەر داهاتووش خەتاکارن. تەنانەت کارێكیان کردووە کە مرۆڤ متمانەی بە خودی خۆی و هەڵسەنگاندنەکانی نەمێنێت، ئەم متمانە دۆڕاندنە بە خود، متمانە بە کۆی گشتی کۆمەڵگاش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر ئەمەشە وا دەکات سیستەمی ئیندیڤیدوالیزم یان تاکگەرایی کاریگەری لەسەر تاك دابنێت بەجۆرێك کە هیچ متمانەیەکی نە بە خۆی هەیە نە بە کۆمەڵگا، دواجار وابەستە دەبێتەوە بە ئاپە ئەلکتۆرنییەکانەوە یان بە سیستەمە بۆ داڕێژراوەکانەوە و بە ناچاری باجی سیستەم دەدات و کۆیلەیی قبووڵ دەکات تا بتوانێت بەردەوام بێت. بێ متمانەیی بە خود وا دەکات ئێمە هەست بکەین هەموو لە دەرەوەی ئێمە دوژمنن، چونکە هەست ئەکەین کە دژی بەرژەوەندی و خواستەکانی ئێمەن، یان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. ئەو باوەڕەمان بۆ درووستدەبێت کە هەرچی نامۆبێت بە ئێمە دژمانە، ئیتر نامۆییمان بەرامبەر بە خۆمان یەك لە یەکمان پێدەکاتە دوژمن. کەواتە ئەوەی بێ متمانەیی لە ناو کۆمەڵگادا درووستدەکات ڕاستەوخۆ بۆندەکانی نێوان خود و خود تێکدەشکێنێت و کەسێتی تا دوا ئەندازە لاواز دەکات، کە متمانەی بە خۆی نامێنێت، بۆیە زۆر بە سادەیی پەنا دەباتە بەر هەر هێزێکی دەرەکی کە دامەزراوتر بێت و هەر بەو جۆرەش ناپاکی گشتی درووستدەکات، چونکە کۆی هەموو تاکێك یان پێکهاتەیەکی ناوەکی بە دوژمن دەبینێتەوە، بە تایبەت کاتێك ناڕاستن بەرامبەر بەڵێن و پەیمانەکانیان یان فێڵێك دەکەن بۆ ڕاییکردنی کات. ئیتر کاتێك بەرپرسێك بەڵێن دەدات کە کارەبا چاك دەبێت، لە ساڵی داهاتووەوە موچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت...تاد ئەمانە هەموویان هۆکارن بۆ زەمینەسازی تا تاکێك پێ بگەیەنن هەر ساتەوەختێك ئامادەی ناپاکی بێت. ئەو مرۆڤەی لەم نێوەندەدا ئەزموون دەکات، هیچ متمانەیەکی بە خودی خۆی نییە و بەوانەی تریشی نابێت کە لە چواردەور و فەلەکی ئەودا دەسووڕێنەوە، بۆیە بەردەوام لە دۆخی دوژمنایەتییەکدا دەژین کە دوژمنایەتی هەمووە بەرامبەر بە هەموو، تاکە بەرپرسیار لەم دۆخە ((دەسەڵاتی سیاسی کوردی))یە کە پتر لە ٨٠ ساڵە ناپاکی و بێ متمانەیی دەکاتە ئەزموون. پارتە سیاسییەکان لەسەردەمی بەناو شۆڕشگێڕی خۆیانەوە بەهەمان شێوەی ئێستا کوردستانیان دابەش کردبوو لە نێوان سۆران و بادیناندا. لەناو ئەوانەشدا چەندین دابەشکارییان کردبوو، ئەمیان هانی دانیشتوانی ناوچەکانی ئەویتریان دەدا ببنە بەکرێگیراوی میریی لەدژی نەیارەکەی، ئەوەی تریشیان بە هەمان شێوە...تاد ئەم کردەوەیە لەوانەیە بە سەرپێی لێی بڕوانین، بەڵام هەژموونێكی درووستکردووە، هیچ کات دانیشتوانی ناوچەکە باوەڕیان بە پشتیوانییەکتری نییە. بۆیە لە دەرەوەی وڵاتیش کاتێك دوو هاوڵاتی کوردستانی یەکتری دەبینن خوازیارن خۆیان لەیەکتری ئاشکرا نەکەن، لەکاتێکدا ئەم هەستە لەناو هیچ کۆمەڵگایەکی تردا بەوجۆرە نییە. بە سادەیی ئەنجامی لاوازکردنی متمانە لە نێوان تاك خۆی و خۆیدا، لە نێوان هەموو دوو تاكێکدا، لە نێوان تاك و کۆمەڵدا، بە شێوەیەکی نەستی ئێمەی کردووەتە دۆخێکەوە هەمیشە لە دوژمنایەتی بەردەوامدابین بەرامبەر بە یەکتر. ئەم پرسە لە نێوان دوو تاکدا نامێنێتەوە، پێشتر ئەوەمان باسکردووە؛ کە تاك تێکشکێنرا ئیتر سیستەم کار ناکات. ئەگەر سیستەم تێکشکا، ئیتر تاك ناتوانێت بە تەنیا بەرەوڕووی کارەساتە گەورەکان ببێتەوە. دەسەڵاتی کوردی ئەم پرۆسەیەی لە ڕێگای ناپاکی بەردەوام و نەهێشتنی متمانەوە زۆر بە چڕی و بە پڕی پەراوەکردووە، تەنانەت ئەوەی دوژمنەکانی کوردستان بە خەڵکیان بۆ نەکراوە، ئەمان بە باشی و لەسەر خوانێکی ئاڵتوونی بۆیان جێبەجێ کردوون. لەم خاڵەوەیە ئەگەر ئێمە بە هەڵە دوژمن دیاری بکەین، بەرئەنجامی کارەکانمان هەمیشە هیچ دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا دوژمنی سەرەکی و یەکەمین بۆ خەڵکی کوردستان ئەو دەسەڵاتەیە کە حوکمڕانی دەکات. یان ئەو شۆڕشە چەواشەگەرەیە کە چەندین دەیەی ساڵە خەڵکیان وا لێکردوە پشتی پێ ببەستێت.

 پێشتر باسمان لەوە کرد کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەك ئاو و ئۆکسجین پێویستە بۆ کۆمەڵگا، متمانە هەر سێ پرۆسە بونیادنەرەکەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەخولقێنێت و کارئاسانی بۆ دەکات. کە ئەوانیش کارلێکی کۆمەڵایەتی و تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی و کاری خۆبەخشن. چ کاتێك خەڵك هەست دەکات متمانەی هەیە، ئەو دەمەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە گەشە دابێت، بە گشتیش سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاتێك لە گەشەدا دەبێت، کە خەڵك هەستیکرد خەڵکێكی چالاکی زۆر هەن گرنگی بە پرسی گشتی دەدەن، پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز ببێت، پەیامی مرۆیی نمونەیی بە کردەوە ببینرێت، هێزێك هەبێت بە تەنگ بەرژەوەندی خەڵکەوە بێت، بەهاکانی کۆمەڵگا پشتیوانیان لێ بکرێت... زۆری تر لەم چاکەکارییانە. ئێمە قەیرانێکی گەورەی ڕەوشت و ڕەفتارمان هەیە، لەلای دەستەبژێرەکانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە چکۆلەترین کاراکتەری کۆمەڵگا. ئێمە دەزانین سەرمایەی کۆمەڵایەتی خاوەنی نییە، هەموو کۆمەڵگاش خاوەنێتی، لێدان لە پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا جیاوازە لە گۆڕینی پیرۆزییەکان. بەشێکی زۆری ئەوانەی خۆیان بە پێشکەوتووخواز و ڕۆشنبیر و پێشڕەو دەزانن، یەکەم هەنگاوی کردارییان بریتییە لە تێکشکاندنی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا، بۆیە بە سادەیی کەسیان جێی پەسەندی گشتی نابن و ناتوانن گۆڕانکاری درووستبکەن. ئەم پرۆسەیە لەلای ئەوانە دەبینیتەوە دژ بە ئایینن، یان لای ئەو تەکفیریانە دەیبینیتەوە کە بە هەموو خواستێکی پێشکەوتندا هەڵدەشاخن و دەبنە هەڕەشە. ئەمە دوو کۆتایی بان توندڕەوین جگە لە نەرێنی ناتوانن هیچی تر بەرجەستە بکەن.

 لەم سۆنگەیەوە، زۆر ئاسانە بزانین بۆ کاری ڕێکخراوەیی زۆر ئاستەم بووە یان هەر ئەنجام نادرێت و کێش بەرپرسە لە تێکشکاندنی هەموو بۆندە کۆمەڵایەتییەکانمان، کێ بەر پرسە لەوەی لە مێژووی ئێمەدا ڕوویداوە و بۆچی ئەو دەسەڵاتە دووژمنی سەرەکی ئێمەیە. لەو کۆمەڵگایانەدا کە لە ڕووی متمانەوە بەهێزن و دەوڵەمەندن، بە بێ ئەوەی یەکتری بناسن، تاکەکانیان پشتیوان و هاوسەنگەری یەکترین، بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە، ئەگەر متمانە بەهێز بێت، ئەوا: کارلێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەند دەبێت، کێشەکەکانی کۆمەڵگا چارەسەردەکرێن بە ئاسانی و پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و سیاسییەکانی پەیوەندییەکی تەندروستە و ئابووریش ڕوو لە گەشە دەکات، هۆکاری سەرەکی ئەم دەرئەنجامانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهێزی متمانە قەلاچۆی ناپاکی دەکات و دەرفەت بۆ ناپاکی ناهێڵێتەوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

تێبینی: نیگاری بابەتەکە لە دەستکردی، هونەرمەندی بلیمەتی ئێراقی (محمود فهمي عبود)ـە ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای بابل لە دایكبووە و لەچەندین زانکۆی جیهانی خوێندوییەتی و وانەی وتووەتەوە. بە سوپاسەوە ئەو نیگارەیم بەکارهێناوە، کە کەڵەشێرێکەو کچێك بەرەو ئەودیوی کۆمەڵگا دەفڕێنێت.

01/10/2020

ماتریکسی 4: بەشی یەکەم: ناسینی دوژمن و چەمکی ناپاکی (٤)

 


سەرمایە و ناپاکی ـــ سەرمایەی کۆمەڵایەتی

یەکێك لە سەرمایە گرنگەکانی کۆمەڵگا، بریتییە لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئەو سەرمایەی کە دەتوانێت دوو ڕۆڵی سەرەکی ببینێت: لەلایەك وەك شوورایەکی بەهێزە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کۆمەڵگا بکات و ڕێگە بە مەترسی دەرەکی بگرێت، لە لایەکی کەش وەك ڕایەڵەی ئەو شیشانە وایە کە لەناو پایەیەکی کۆنکرێتیدا گرنگیان هەیە و کۆی بارستە کۆنکرێتییەکە پێکەوە دەبەستنەوە. ئەم سەرمایەیە هەموو ئەو تۆڕ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە کە دەتوانن بەها دروستبکەن، زیادی بکەن هەروەها پارێزگاری لێ بکەن. داینەمۆیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەتوانێت تاکەکان پێکەوە ببەستێتەوە و لەهەمان کاتدا بەشێوەیەکی کارا و کاریگەر ئەرکە گشتی و تایبەتەکانیان جێبەجێ بکەن.

ئەو بەهایەی لەڕێگای سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە بەرهەمدێت، لە ڕێگای هیچ پرۆسەیەکی ترەوە ناتوانرێت بەرهەمبهێنرێت، ئەم سەرمایەیەش پشت بە سێ پێویستی سەرەکی دەبەستێت، ئەوانیش بۆندە کۆمەڵایەتییەکان، تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی، هەروەها کاری خۆبەخشن. سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەتوانێت ئەو کارگە و سیرێژە بێت کە هەردوو چەمکی هاوکاری و هاوئاهەنگی درووستدەکات و پێکەوە دەیانبەستێتەوە، کە دوو دانە هەرە گرنگترین خاڵن بۆ کاری پێکەوەیی و بەدەستهێنانی ئامانجی هاوبەش. سیستەم و تەوژمی تاکگەرایی ئەم سەرمایەیە لاواز دەکات، بەڵام دەبینیت ڕژێمی سەرمایەداری بۆ جێگرتنەوەی ئەم سەرمایەیە ڕێکخراوە مەدەنییەکان هاندەدات تا هەمان کار جێبەجێ بکەن و شێوازی تۆڕبەندی کۆمەڵاتی خۆڕسك دەگۆڕێت بە شێوازێکی تۆڕبەندی کۆنترۆڵکراو، چونکە لەڕێگەی ئەمەی دووهەمیانەوە دەتوانێت زیاتر دەست ئاوەڵا بێت بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵ. لەوانەیە بپرسین بۆ ئەو سیستەمە سەرمایەداریەی کە هانی تاکگەرایی دەدات بۆ دەخوازێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی بهێڵێتەوە! بێگومان چونکە کۆمەڵگا بە بێ سەرمایەی کۆمەڵایەتی ناتوانێت بەردەوام ببێت، بەڵام ئەم سیستەمە چۆن دەیپارێزێت؟ دەتوانین لەڕێگەی ئەم نمونەیەوە بەرچاوی بخەین؛ خواستی کۆمەڵایەتی کە لەڕێگەی سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە داوای یەکسانی ڕەگەزی بکات لە نێوان ژن و پیاو یان لە نێوان ڕەشپێست و سپی پێستدا یان لە کۆمەڵگایەکی فرە ئەتنیکیدا، زۆر جیاوازە لە بانگەشەکردن لە ڕێگای ڕێکخراوە مەدەنی و درووستکراوەکانەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمدا کۆنترۆڵکراوبن. ئەوەی یەکەمیان لە ئیرادە و خواستی خەڵکدا دەمێنێتەوە، ئەوەی دووهەمیشیان لە ڕێگای بودجە و پلانە ئابووری و سیاسییەکانەوە بە ئاسانی کۆنترۆڵدەکرێت. سیستەمی تاکگەرایی (ئیندیڤیدوالیستی)، هەرگیز لە قازانجی بەهێزبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئاسایی و تەندروستدا نییە، بە هەمان شێوە تەکنۆلۆجیای ڤێرچواڵیش هەمان ڕۆڵدەبینێت، بەتایبەتی ئەو کاتانەی بەئاستێکی هۆشیاری دیاریکراوەوە بەکاردەهێنرێت.

سەرمایەی کۆمەڵایەتی، دەتوانێت هەموو ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییانە ڕاپەڕێنێت کە لەچوارچێوەیەکی خۆبەخشدا خۆیان دەبیننەوە بەبێ ئەوەی تاك چاوەڕوان بێت لەوەی دەیبەخشێت وەریبگرێتەوە. لەهەمان کاتدا، بێگومان وەریدەگرێتەوە، چونکە بە هەمان شێوەی تاکێکی تر کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆی پەیوەندییەکانەوە وەردەگرێتەوە. ئەم سەرمایەیە سۆز و پشتیوانی نێوان تاکەکان بەهێز دەکات. ئەوەی پێویستمانە لەمەڕ سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا لەسەری بوەستین: یەکەم؛ بۆندە کۆمەڵایەتییەکانن کە بەهۆی پەیوەندی و گفتوگۆی فرەجەمسەروە بەهێز دەبن. تیۆری بۆندە کۆمەڵایەتییەکان (Travis Hirschi 1969) یەکێکە لەو تیۆرانەی بیر لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە و بنەمایەکی بەهێز و گرنگیشە بۆ ڕێگای بەڕێوەبردنی هەرەوەزی و پێکەوەیی. ئەم تیۆرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بۆندە چەند گرنگە کە تاك بە گرۆوە دەبەستێتەوە یان تاك بە تاکەکانی تری گرۆوە چۆن دەبەسترێتەوە! هەر خودی تیۆرەکە پێمان دەڵێت بەیەکەوەبوون، بڕیاربەیەکدان، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردنی یەکتر چ گرنگییەکیان هەیە لە درووستکردنی ئەو بۆندانەدا. بەهێزی ئەم بۆندانە دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی لادان لە ئامانجی گشتی هەروەها دەبێتە هۆکار بۆ پێکەوە بەسترانەوە و کارکردنی پێکەوەیی و چارەسەری کێشە پێشهاتووەکان و کەمکردنەوەی تاوان. ئەو دامەزراوانەی کە دەتوانن ئەم بۆندانە بەهێز بکەن، ئەو دامەزراوانەن کە پێکهاتەی بەهای هاوبەش و بەهای گشتییان هەیە. بۆ نمونە بە نەفرەتکردنی گەندەڵی، لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی دەکرێت کە خودی دامەزراوەکان لە پێکهاتەی باڵاوە پێی هەستن. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەبینین ئەم پرۆسەیە پێچەوانەیە، هەر بۆیە ڕۆژ لە ڕۆژیش ڕەوشی ژیانی گشتی خراپتر دەبێت! ببینە کردەوەی گشتی ڕێژەیەکی بەرزی بەرپرسەکان ئاساییکردنەوەی گەندەڵی بووە لەماوی حوکمڕانی خۆیاندا (بندیوار، هەمان پێکهاتەی خەفیفەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی هەیە). ئاساییکردنەوەی دەستبردن بۆ سامانی گشتی، ئاساییکردنەوەی هەموو جۆرەکانی ناپاکی سپاردە (خیانة الأمانة)...تاد.

 دووهەم؛ تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی، فراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یەکتر ناسین و گفتوگۆی بەردەوام یەکێکە لە هۆکارەکانی پارێزگاری کردن لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی. گفتوگۆ، قسەکردنی هەمووانە لەگەڵ یەکتر، نەك وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە تۆڕەکانی نێتدا دەگوزەرێت، هەموو کەس قسە دەکات بەبێ ئەوەی چاوەڕوان بێت کەسێکی تر گوێی لێ بگرێت. تێکدانی پەیوەندی نێوان خەڵك تەنیا هێزە ستەمکارەکان سوودی لێ دەبینن. دەسەڵاتی کوردی لە داگیرکەرەکانی کوردستان کەمتری بەم پرسە نەکردووە، بڕوانە هەر لە سەردەمی بە ناو شۆڕشەکەیانەوە بەردەوام خەریکی درووستکردنی باندی سیخوڕی بوون لە نیو خەڵك و یەکتردا. بۆ نمونە ئەندامی هەر حیزبێکی سیاسی لە گوندێکدا ئیشی سەرەکی ئەوە بوو کە بچێتە ناو تۆڕەکانی خەڵکەوە و گوزارشت لە گفتوگۆ و ناڕەزایەتییەکانیان بداتە حیزبەکەی. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەم کردەوانە بەردەوام لە لاوازکردندا بوون. سێهەم؛ کاری خۆبەخش، ڕۆڵی کاری خۆبەخش (کارێك کە بەهیچ شێوەیەك بەرامبەر بەو کارە پاداشت وەرناگرینەوە جگە لە ڕەزامەندی خود و ئاسوودەیی دەروونی خۆمان نەبێت) لە سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا کاری خۆبەخش گرنگە، چونکە یەکەم هەنگاوە بۆ پێشکەشکردنی بەشێك لەخۆت بەوانی تر. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ئەم کارە خۆبەخشە دەخزێنرێتە نێو هەناوی ڕێکخراوە کۆنترۆڵکراوەکانەوە، هەرچەند لەوێشدا بە هەمان شێوە هەوڵ و تەقەلا زۆرە بۆ خۆ دزینەوە لە کۆتنرۆڵ، بەڵام لە ڕاستیدا کاری خۆبەخش کۆنترۆڵ هەڵناگرێت، چونکە زۆر خۆڕسك و بە پێی پێویستە! کاری خۆبەخش یەكێکە لەو چەمکانەی سەرمایەی کۆمەڵاتی کە وەك چۆن ئاو بۆ ژیان گرنگە، بەهەمان شێوە کاری خۆبەخشیش بۆ سەرمایەی کۆمەڵایەتی گرنگە، بە واتایەکی تر ئەگەر بۆند و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مێشك و دڵی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بن، ئەوا کاری خۆبەخش ئەو وزە و ڕۆحەیە کە کۆی ئەو دوانەی یەکەمیان کار پێدەکات. بۆ نمونە؛ کاتێك کادری حیزبێك ئیشە حیزبییەکەی دەبێتە دامەزراندن و لە بەرامبەریدا بڕە پارەیەك وەردەگرێت، ئیتر ئەو کارە دەبێتە دژ بۆ درووستکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی. لێرەوەیە بەکرێگیراو درووستدەبێت و ناپاکی گشتی بە سیستەم دەکرێت، دواتر لە پرسی بە کولتوورکردنی ناپاکیدا زیاتر باسی دەکەین.

 گرنگترین ئەرکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بۆ گرۆ ئەوەیە کە دیدی هاوبەش درووستدەکات، کە دەتوانێت هاوئامانجی بچنێت، ئەمەش لە ڕێگای گفتوگۆی بەردەوامەوە درووستدەبێت. ئێمە کاتێك لەگەڵ کۆمەڵگادا لە گفتوگۆداین بەردەوام هەڵە و ڕاستی خۆمان لە چوارچێوەی پەسەندی گشتیدا بۆ ڕووندەبێتەوە. ئەم خاڵە وا دەکات پێکەوە ڕێکەوین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە ڕەفتار بکەین، ئەمەش بەشێوەیەکی خۆبەخشانە و بەدوور لە هەموو یاسایەکی سەپێنراو. کەواتە سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەو بەهایەمان بۆ درووستدەکات کە بریتییە لە سیستەمی بەرگری جەستەی کۆمەڵایەتی. کاتێك دەبینین لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگادا لە سەر بەها و پرانسیپێك ڕێکدەکەوین، ئەوا هەموو تاکەکانی هەمان کۆمەڵ بە هەمان شێوە داکۆکی لەو پرانسیپە دەکەن. ئەمە جۆرێك لە پێکەوە گرێدان درووستدەکات پێی دەڵێن سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەڕێگای بۆند. هەر هەمان میکانیزم لەگەڵ دەرەوەی گرۆدا کاری خۆی دەکات. واتە پەیوەندی دوو تاك لە دوو گرۆی جیاوازەوە کە وا دەکات گرۆکان لەیەکتری نزیك ببنەوە، ئەمە جۆرێکی ترە لە ڕێگای درووستکردنی پردی پەیوەندییەوە درووستدەبێت. دەسەڵاتی کوردی و ئەوەی پێی دەڵێن شۆڕشی کوردی بەردەوام جۆری دووهەمیانی تێکشکاندوە و هەمیشە پەیوەندی نێوان گرۆکانی بە مەترسی زانیوە بۆیە دەبینیت گرنگی دەداتە ئەو بۆندانەی لەسەر بنەمای خێڵ و ئایین و پێکهاتەی ئامانجی بێ مەترسییدان. جگە لەوە بۆندەکانی نێوان هەمان گرۆشی لە ڕێگای سیخوڕیکردن بەسەر یەکترییەوە تێکشکاندوە، بۆیە هەمیشە تاکێك خوازیارە لەبەردەم پێکهاتە دەرەکییەکاندا چەماوە بێت، چونکە بە سەرچاوەی هێزبەخشینی دەزانێت. خێڵ بە کۆمەڵێك دەستکەوتی ئابووری بۆ سەرۆکخێڵ قایل دەکرێت، بەڵام گرۆیەك کە خاوەنی خواستی تایبەت بێت، مەرج نییە قایل بکرێت. هەمان سەرمایەی چنینی پردی پەیوەندی بۆ پەیوەندییە دەوڵەتی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش ڕاستە. لە کۆتاییدا دەڵێین ئەگەر گرۆ فراوان و چوونیەك بێت، ئەوا بۆندەکانیان بەهێز دەبێت و هیچ کات فراوانی و بەهێزی پردەکانی پەیوەندی دەرەکی نابێتە مەترسی بۆ سەر گرۆ، بەڵام ئەگەر بۆندە کۆمەڵایەتییەکانی گرۆ لاواز بێت، ئەوا پردەکانی پەیوەندی بە هەموو شێوەیەك زیان بە کۆمەڵگا دەگەیەنن و دەبنە هۆکار بۆ دروستبوونی ناپاکی. بۆیە هەر چۆن گرنگە سەرمایەی ماددی گەشە بکات، سەرمایەی مرۆیی گەشە بکات و پەروەردە بکرێت، بەهەمان شێوە سەرمایەی کۆمەڵایەتیش پێویستی بەو گەشەکردنە هەیە.

 بەکورتی؛ ئەگەر توانیمان سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێز بکەین ناپاکی تا دوا سنوور کۆتایی کەمدەبێتەوە. گرنگترینیشیان چارەسەری ئەو ناپاکییەیە کە تووشی تاك دەبێت لە نێوان خودی خۆی و خۆیدا.

 دەسەڵات ئەگەر دەسەڵاتی خەڵك نەبێت هیچ کات لە قازانجی نییە، کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی بەهێز و یەکانگیر و پڕ خواست و دونیابینی بەرز بێت. بۆیە دەسەڵاتە ستەمکار و داگیرکارەکان هەمیشە هەوڵی پەیداکردنی کۆمەڵێك چڵکاوخۆر و خزمەتکار دەدەن! ئەوانەی بە ئاسانی دەتوانن سیخوڕبن  و هەواڵنیریی بۆ سیستەمێکی تۆقێنەری ستەمکار بکەن. بەتایبەت ئەم جۆرەی دەسەڵات بەم ڕێگایە بە ئاسانی دەتوانێت بۆ درێژترین ماوە خۆی پێیان بپارێزێت. ئیتر باشترین کەرەستە بۆ ئەم پرسە ناپاکەکانن لە کۆمەڵگایەکدا. بۆ ئەوەی ناپاکی پێویستی دەست بکەوێت دەبێت بۆندەکانی نێو گرۆ هەڵوەشێنێتەوە (بۆندە کۆمەڵایەتییەکان) یان لاوازیان بکات، متمانە لە نێوان تاك و خوددا لاواز بکات بۆ ئەوەی بە سانایی و سادەیی خۆی بدات بەدەست بەهێزترەوە.

 کاتێك ئێمە باسە بنچینەییەکەمان دەربارەی ناپاکی بێت، ئەو هۆکارە سەرەکییەی وا دەکات ئێمە ئەم هەمووە لەبارەی سەرمایەکانەوە بدوێین و پەلبهاوین بۆ ناو چکۆلەترین پەیوەندییەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە ناپاکی! بەتایبەت و زۆر بەسادەیی، چونکە کۆی ناپاکی لە سەرمایەکاندا دەکرێت و بە تایبەتی ناپاکی گەورە دژی گەورەترین سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت کە ماف و تایبەتمەندی و ئازادییەکانی مرۆڤن. سەرمایەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵێك سوودی بنچینەیی درووستدەکەن بۆ کۆمەڵگا، سەرباری ئەوەی ناپاکی تا ئاستی نەمان کەمدەکەنەوە. هەروەها هەمیشە ستراکتۆری بنچینەیی کۆمەڵگا پێكدەهێنێت و هەر خۆشی ئەو بەهایانە بەرهەمدەهێنێت کە واتای مەرجی بوون بە کۆمەڵگا دەبخشێت، گەر ئەم قسەیە ورد بکەینەوە، ئەوا دەڵێین: سەرمایەی کۆمەڵایەتی؛ بەشداری هاوڵاتی لە کاری کۆمەڵایەتیدا زیاد دەکات، پێشکەوتنی پیشەیی خێرا دەکات، ئاستی بەخشندەیی بەرزدەکاتەوە و خۆپەرستی کەمدەکاتەوە. ئەوەی توێژینەوە و بە دواداچوونە زانستییەکان دەریدەخەن؛ خەڵك دڵخۆشتر دەبێت، تەندروستتر دەژی، دڵنیاتردەبن، بەرهەمدارتر و دەوڵەمەندتر و تەنانەت بەرگری جەستەیی تاکیش بەهێزتر دەکات. دەوڵەمەندی هەر کۆمەڵگایەك لە ڕووی سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە ئاماژەیە بۆ بەرزی ئاستی هۆشیار و بەرزی ئاستی متمانە. ناکرێت ئەوە لە بیربکەین کە {متمانە} یەکێکی ترە لە گرنگترین پرسەکان کە پەیوەندییەکی گرنگی بە ناپاکییەوە هەیە.