بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





27/10/2015

هەرجارەی باسێک ژمارە (١٦): سێکوچکەی ستەمکاری


سێ پێکهاتەی سەرەکی کۆمەڵ سێکوچکەیەک پێکدەهێنن کە دەبێتە سێکوچکەی ستەمکاری. ئەو سێ پێکهاتەیە لەلایەن دەسەڵاتێکی چەقبەستوەوە سەرکردایەتی دەکرێت کەبەزۆری باندێک لەفۆرمێکی دیاریکراودا پێکیدەهێنیت و پیاوانی ئایین و ڕۆشنبیرە دەربارەکانیش دەبنە دوو پێکهاتەکەی تری ئەم سێکوچکەیە. هەریەک لەم پێکهاتانە کەرەستە و میکانیزمێکی تایبەت بە خۆی هەیە و بەیەکەوە دەتوانن ستەمکاری لەبەرژەوەندی تەسکی خۆیان بەردەوام و بەهێز بکەن. ئەوەی هەموویان بەشدارن تێیدا دوو خاڵی سەرەکییە، یەکەمیان گێلکردنی بەردەوامی پێکهاتە جەماوەرییەکانی خەڵک و دووەمیان چنینەوەی کۆی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییە مادی و نا ماددییەکان لە پێناو بەهێزکردنی توانستی دارایی و دەسەڵاتگەرایانەی خۆیان و مانەوەی خۆیان و باندەکانیان لە بەرزترین پێگەی کۆمەڵدا.

کوچکەی یەکەم: دەسەڵاتی چەقبەستوو
ئەم بەشەی دەسەڵات بەزۆری لەباندێک پێکدێت کە دەستیگرتوە بەسەر سەرچاوەکانی داهات و سامانی گشتیدا و بەهۆیەوە هێزی لەبندەستە و تێکڕای یاساکان بەیاسایی و نا ڕەوایانە، ڕەوا دەکاتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. لەڕێگای ڕەوایی پێدانەوە، بەردەوام کەناڵەکانی پەخشکردن و پەروەردەکردنی گشتی بەجۆرێک ئاراستە دەکات کە ڕوو لەنزمترین ئاستی تێگەیشتن بکەن و بەوهۆیەوە کەمترین بەرهەڵستکاری و کردەوەی بێزاری لەلای خەڵک درووست ببێت. لەهەمان کاتدا لەڕێگای برسی کردن و دەستگرتن بەسەر کەناڵەکانی بژێوی ژیاندا بەردەوام هێزە گەلی و نیشتمانییەکان کۆنترۆڵ دەکات و لەڕێگای دامەزراوە ئایینییەکان و کەناڵە "ڕۆشنبیرییەکانەوە" چەند بۆی بگونجێت درێژە بەم پرۆسەی حوکمڕانییە دەدات، لەپێناو زۆرتر مانەوە لەدەسەڵاتدا و بردنی بڕی زیاتر دەستکەوتە گشتییەکان بۆ بەرژەوەندی باندەکەی.

زۆرجار هەیە ئەم باندە لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتێک پێکدێن، یان چەند سەرۆک خێڵێک یەکدەگرن، یان خێزانێکی حوکمڕانن یان کۆمەڵێک سەرمایەدارن کە بەشی هەرە زۆری سامانی گشتی لەلایان کۆدەبێتەوە، هەندێ جاریش کۆمەڵێک پیاوای ئایینن کە دەتوانن بگەن بەم ناوەندە. ئەم باندە هەمیشە بەشێک لە دەستکەوتەکانیان تەرخان دەکەن بۆ پیاوانی ئایین و "ڕۆشنبیر"ە دەربارەکانیان، تا بتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە شەرعییەتی کۆمەڵایەتی و یاسایی و زۆرجار سیاسیش وەربگرنەوە.

کوچکەی دووەم: پیاوانی ئایینی
ئەم گۆشەیەی تری بەرهەمهێنی ستەمکاری تێکڕای ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کایەکانی دەسەڵاتی ئایینیدا کاردەکەن و جومگە ئایینییەکانی کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن، جا لە دەسەڵاتدا بن یان لە ئۆپۆزسیۆندا. بەردەوام کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیام و ڕێنماییە ئایینییەکان و هەوڵدەدەن سوود لە هەر دەرفەتێک ببینن بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی خەیاڵ و فەنتازیا ئایینییەکان کە بەهۆیەوە شەرعیەتی دەسەڵاتی ئایینی و "ئاسمانی" بۆخۆیان بەردەوام دەکەن و چەند بۆیان بکرێت هەوڵدەدەن هەژموونیان بەسەر دەسەڵاتدا هەبێت. ئەمان بە بیری خۆیان شەرعییەتێکی گەورە لە "ئاسمان"ەوە وەردەگرن، بەپێی کۆمەڵێک تێکستی نووسراو یان کۆمەڵێک نەریتی باو پاساوی دەدەنەوە. هەروەها کەرەستەیەکیان لەبەردەستە کە پێی دەوترێت شەرعی ئیلاهی، هەمیشە بەجۆرێک بەکاریدەهێنن کە دەسەڵاتی باڵای ئەم سەرچاوەیە پەسەندی دەکات (بۆنمونە؛ دەکرێت دژی دەسەڵات لێکدانەوە بکات، بۆ ناچارکردنی دەسەڵات تا مل بە داواکانی ئەو بدات.. یان دەکرێت لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدا بێت تا بتوانێت مستۆگەری بەردەوامی دەستکەوتەکانی خۆی بکات لەلایەن دەسەڵاتەوە).

پێشمەرجی سەرەکی و زەوینەی بەپیتی کاری ئەم پیاوانە، بەئایینی بوونی کایەکانی کۆمەڵگایە چەند بشێت و گەشەبکات. ئەم پیاوانە، هەمیشە لەبەرژەوەندییانە ئاستی زانین و زانیارییەکانی کۆمەڵگا ئاسمانی ئایینەکەی ئەوان تێنەپەڕێنێت. لە کوردستاندا ئایین، ئایینی ئیسلامە و بەردەوام بە ئیسلامتر بوون و پابەندبوونی زیاتری خەڵک بەم ئایینەوە گەشەی ئەوان باشتر دەکات. بەواتایەکی تر مانەوەی زیاتر لەگەڵ ئیسلامدا ئاستی تێگەیشتنی خەڵک سنووردار دەکات تا لە فەلەک و کۆنترۆڵێ ئەوان دەرنەچێت. ئەم گرۆیە بەهەموو جۆرەکانیەوە (هەموو جۆرەکانی ئیسلام) بەبێ هەڵاوێردکردنی یەکدانەشیان، لە پەیوەندییەکی پشتیوانی بەهیزدان لەگەڵ دەسەڵاتی چەقبەستوودا، تەنانەت لەو کاتانەشدا کەلەبەرهەڵستکاری و دژایەتیکردنی سیاسیدان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی. ئەم پیلەرە لەبەرامبەر چنینەوەی بڕێک لەدەستکەوت هەمیشە دەتوانێت تای تەرازووی خۆی بەلای دەسەڵاتدا پارسەنگ باتەوە. هەروەها لەگەڵ هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەدا لە ڕێکەوتنێکی تەواوکاریدان (علاقة تکاملیة) بەمەرجێک ڕۆشنبیریی ئەوان زیان بە پانتایی دەسەڵاتی ئایینی نەگەیەنێت.
دەستکەوتی سەرەکی ئەم کوچکەیە، دەستکەوتی ماددیی و فراوانکردنی هەژموونی ئایینییە، بۆیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیش ئامادەی هەر پشتیوانییەکن کە بەهۆیەوە بتوانن دەسەڵاتی چەقبەستوو ناچار بکات بە پێدانی دەستکەوتی زیاتر. لەسەر ئاستی ناماددیش بۆئەمان گرنگە شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی بەوجۆرە بێت کە ئەوان دەیخوازن تا بەهۆیەوە بتوانن لەسەر دەسەڵات وهەژموونی خۆیان بەردەوام بن.

کوچکەی سێیەم: ڕۆشنبیری دەربار
دوا گۆشەی دەسەڵاتی ستەمکاری هەموو ئەو زانا و فەیلەسوف و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و ئەدەبدۆست و مامۆستا و یاریزانانە دەگریتەوە کە بەرهەمکانیان دەچێتە خزمەتی یەکێک یان زیاتر لەم پرۆسانەی خوارەوە:
١. مانەوەی کۆمەڵگا لەدۆخی گوزەردا، یان
٢. گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ قۆناغێک پێشتر ئێستای کۆمەڵگا، یان
٣. خاوکردنەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا، یان
٤. ئاراستەکردنی پێشکەوتنە ماددی و نامادییەکان بەرەو بە کۆیلەکردن و نامۆبوونی زیاتری کۆمەڵگا. بەواتایەکی تر تەنانەت بەرەوپێشبردنیش بەئاراستەی بەرئەنجامی نەرێنی هەر کۆمەکە بەمانەوە و پتەوکردنی دەسەڵاتی ستەمکار.

ئەم کوچکەیە، زۆربەی جارەکان کارەکانی خۆی بەئاگایانە دەکات و سێلێکتیڤانە (واتە بەمەبەست شتێک هەڵدەبژێرێت) و کاری لەسەر دەکات. هەندێ جار و هەندێکیش لەم کەسانە بێئاگایانە شوێن قوتابخانەیەکی فکری یان هونەری دەکەویت، یان داهێنانێکی زانستی دەکات بێ ئەوەی دەرهاویشتە کۆمەڵایەتییەکانی بەوردی تاووتوێ بکات و دەچیتەوە خزمەت یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە. گرنگترین تەڵزگە بۆ کەوتنە ئەو پرۆسەیەوە کاتێکە کە بەرهەمەکان بەرهەمێک بن تێیاندا قازانجی ماددی و دەستکەوتی دارایی تاکە کەسی چاوگی سەرەکی بێت لەپشت بەرەهەمهێنانیانەوە، هەروەها کاتێک لەبازاڕی سەرمایەداریدا بەها ڕەوشتییە مرۆییەکان زۆر لاواز دەبن لەبەردەم سوود و قازانجە تاکەکەسییەکاندا.

هەمیشە ئەم کوچکەیە، تواناییەکی زانین یان تەکنیکی و هونەریان هەیە کە جیایان دەکاتەوە لەخەڵک. ئەم جیاکردنەوەیە هێزێک بەم گرۆیە دەبەخشێت و بەکارهێنانی ئەو هێزە زۆر پەیوەستە بە ڕەوشت و باری بیروباوەڕی خاوەنەکەیەوە. بەهۆی ئەم زانینەوە ناسراو دەبن و دەتوانن بە ئاسانی دەستیان بەکەناڵەکانی میدیا بگات. بەم چەشنە کەناڵەکانی میدیا و زانین و ناسراوی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ دەستکەوتنی بەرژەوەندی ماددی و پاراستنی ناسراویان و بەناوبانگتر بوونیان، کەجارێکی تر دەبیتەوە بە ئینپووت بۆ هەمان پرۆسەی ڕەش. ئەنجامی ئەم کردەیە لەزۆربەی بارەکاندا بەرهەمێک بەرهەمدەهێنن کە دەچێتەوە خزمەت دەسەڵاتی چەقبەستوو یان بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی چەقبەستوو لە فۆرمێکی تردا. ڕۆشنبیری دەربار، هەمیشە لە ڕێکەوتنێکی فۆرماڵ و نا فۆرماڵدایە لەگەڵ دەسەڵاتی چەقبەستوو هەروەها دەسەڵاتی ئایینی. زۆر دەگەمەن ڕێک دەکەوێت کە ململانێ دەکەوێتە نیوان ڕۆشنبیری دەربار و پیاوانی ئایین، کە زۆرجار لە ڕێکەوتنێکی بانگەشە بۆنەکراودان. کاتێک دەکەونە ململانێ لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتردایە لە دەسەڵاتی چەقبەستوو هەروەها لە پێناوی دەرکەوتن و خۆسەپاندن و بەردەوامی هەژمووندایە کە لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینیدا هەمیشە لەسەری ناکۆک دەبن.

ڕۆشنبیری دەربار لەململانێکانیدا خۆی لە دەسەڵاتی ئایینی دەپارێزێت و هەوڵدەدات بەپێی توانا لە پارسەنگی دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی چەقبەستوودا سوود وەربگرێت. بەواتای ئەوەی هەرکات سەنگی تەرازووی لایەکیان لاواز بوو، ئەکرێت بەناوی ئازادی و بەناوی پێشکەوتنەوە کارێکی زۆر دیماگۆگیانە بکات بۆ پەیداکردنی دەستکەوتی زیاتر. چونکە هەمیشە پێویستی بە پشتیوانی هەر یەکەیان هەیە لەبەرامبەر ئەوەی تریاندا. کەبەئەندازەیەک هەرکام لەو دوو کوچکەیەی تریش هەمان یاریدەکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن وەک ڕۆشنبیرە دەربارەکان تێیدا کارامە بن ئەگەر هێز بەکار نەهێنن. ئەگەر هێزی دەسەڵات هێزێکی سەربازییە، هێزی پیاوانی ئایینی هێزێکی کۆمەڵایەتییە و هەروەها هێزی ڕۆشنبیرە دەربارەکان کۆی ئەو کەناڵانەی میدیا و هەوادارەکانیان لە کۆمەڵگادا.

سەرچاوەی گەشەی ڕۆشنبیری دەربار برتییە لە نزمی ئاستی زانیاری کۆمەڵگا و لاوازی زمانزانی تاکەکانی کۆمەڵگا ودووریی تاکەکانە لەدونیاکانی فکر و زانست و ئاشنا نەبوونێتی بە هونەر و دەستکەوتە جیهانییەکان. پێشمەرجی سەرەکی پیرۆزکردن و بەتەوتەمکردنی نووسەرەکانە، تێڕانەمان و وەرگرتنی تێکستەکانیانە بە پیرۆز و هەڵواسینی وێنە و درووستکردنی سرووتی تەشریفاتی و سەرلەقاندنی کۆمەڵگایە بۆیان. پرسیار لێنەکردن و دوورخستنەوەیانە لە بازنەکانی بەردەم گومان و لێپرسینەوە لەوەی ئەوان دەیڵێن. هەر زەبەلاحکردن و بەگرنگکردنێک بۆ ئەوان هەنگاوی یەکەمە بۆ پشتیوانی هەمیشەیی ستەمکاری.

دەرئەنجامەکان:
یەکەم: ئەم سێکوچکەیەی باسمانکردن، ستەمکاریی لەڕێگای گێلکردن و برسیکردن و لاوازکردنەوە پەرە پێدەدەن بەمەبەستی چنینەوەی دەستکەوتە ماددی و ناماددییەکانی کۆمەڵگا.
دووەم: بەرئەنجامی بەردەوامی خولگەی گێلکردنی گشتی، پایەگا و بوونیادی بنەڕەتی هەریەک لەم سێ کوچکەیە بەهیزتر و بەردوام دەبیت، هەر گۆڕانکارییەکیش ڕووبدات، ئەوا لەنێوان ئەو هیزانەدا ڕوودەدات کە لەم سیکوچکەیەوە سەرچاوە و ئیلهام وەردەگرن.
سێیەم: زانینی بەردەوامی زیاتر و فراوانکردنی گەنجینەی زانیاری گشتی گەورەترین لەمپەڕە لەبەردەم بەردەوامی ئەم سیستەمە و کەرەستەی سەرەکییە بۆ تێکشکاندنی ئەم خولگە بەتاڵە و خولگەکانی تری.
چوارەم: درووستبوونی هۆشیاری گشتی بەرامبەر بە ستەمکاری، دەبیتەوە بە کەرەستەی سەرەتایی بۆ گۆڕینی ستەمکار بە ستەمکارێکی تر، ئەگەر ئەو هۆشیارییە بەشیوەیەکی تەندرووست و بە ئاراستەیەکی دادوەرانە ڕێکنەخریت لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکدا.

چەند چارەسەرێکی سانا:
ژمارەیەک چارەسەری سانا هەن کە بەهەر گرۆیەک و بەهەر دەستەو تاقمێک و تەنانەت بەهەر تاکێکی بەرهەڵستکار دەکریت بەشداری تێدا بکات بەمەرجێک بتوانێت خۆی لە چوارچێوەیەکی بەئامانجدا ڕێکبخات و هەوڵ بدات کارەکانی بخاتە خزمەت هەردوو دەرئەنجامی سێیەم و چوارەمەوە. ئەمڕۆ سۆشیاڵ میدیا و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی، لە پێشمەرج و دەرفەتێکی زێڕینی خۆیدایە بۆ هەموو کەس، دەرفەتێکیشی داوە بەخەڵک تا بتوانن لەژێر ستەمی شاردنەوەی زانیاری ڕزگاریان ببێت. بۆیە دەکریت ئەو خەڵکانەی لە یەکەوە نزیکن و دەتوانن کارێکی پێکەوەی ئەنجام بدەن، دەتوانن ڕێگایەک بدۆزنەوە تا دەگەنە ئامانجێکی دیاریکراوی ڕێکخراو کە بژاردەی خۆیان بێت. بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەیان هەریەکێک لەم هەنگاوانەی خوارەوە گرنگن و کۆمەکی گەورە دەکەن بە پرۆسەی تێکشکاندنی خولگەی بەردەوامی گێلکردن:
١. فیربوونی زمانی ئاخافتن و تێگەیشتن بە زمانەکانی تری وەک ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و فەرەنسی...تاد.
٢. خوێندنەوە و بەدواداچوونی بەرهەم و هونەری گەلان و کۆمەڵگاکانی تر، تا بەهۆیەوە لەو یارییە بەدڕەوشتانەیەی ڕۆشنبیری دەربار ڕزگاریان ببێت کە هەمیشە بەشێک لە تێکستە بیانییەکان بە ئارەزووی خۆیان دەنووسنەوە و لە پرۆسەی گێلکردندا بەکاریان دەهێنن.
٣. گرنگی دان بەو بابەتانەی پێویستە لەسەری بوەستن و گومان و ڕامانی زانستی لەهەر پرسێک کەدەیبیستن یان دەیخوێننەوە، لەپێناو دوورکەوتنەوە لە پیرۆزکردنی نووسەر و بەگرنگ کردنی کەسایەتی "ڕۆشنبیر" دا.
٤. هەوڵدان بۆ گۆڕینی زانین بەکردار، تەنانەت ئەگەر کرداری چکۆلە و هەنگاوی زۆر سەرەتاییش بێت.
٥. بەرەنگار بوونەوەی هەموو ئەو قسە و باسانەی کە بانگەشە دەکەن بۆ قسە نەکردن، بە بیانووی بێسوودی قسەکردن و نووسین. چونکە بەردەوام بوون لە نووسین و پەخشکردنی نووسینەکان ڕێ بە کۆی ئەو بەرهەمانە کەم دەکاتەوە کە لە ئێستادا هەن و لەبازنەی سێکوچکەی ستەمکاریدا سوارچاکن.
٦. دوورکەوتنەوە لە ئایین و بەئایینی کردنی چواردەور، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت خەڵک بێبڕوا ببێت، بەڵکو پاراستنی کایە گشتییەکانە لە هەژموونە ئایینییەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئایینە بە کەرەستەیەکی گرنگی کۆمەڵایەتی وەک هەر دەستکەوتێکی تری کۆمەڵایەتی ئەگەرچی تەنانەت لەڕووی چییەتییەوە لەکاریشکەوتبن. بەکورتی گۆڕینی ئایین لە بۆ هەمووانەوە بۆ ئاینی تاک.
٧. خۆ ڕزگارکردن لەچێژ بینین تەنیا لە ڕێگای دەستکەوتە ماددییەکانەوە.
٨. خۆ ڕزگارکردن لەپەتا و گەورە دەردی بەناوبانگ بوون و بە شت بوون.
٩. هەوڵدان بۆ فێربوون تا بتوانین چێژ لەدەستکەوتی کار و چالاکییەکانی خۆمان وەربگرین.
١٠. هەوڵدان بۆ خاوکردنەوە تێکڕای ئەو پرۆسانەی دەسەڵاتی ستەمکار دەخوازێت بەرەوپێشیان بەریت، تەنانەت ئەگەر لە ڕووکاردا ڕوو لە پێشکەوتنیش بن.
تێبینی: بۆهەریەک لە بڕگە و پەرەگراف و خاڵەکان دەکرێت چەندین نمونە پێشکەش بکەین، بەڵام لام باشتر بوو، بەکراوەیی بیهێلمەوە بۆ پرسیاری زیاتر و ڕەخنەی زیاتر و تەنانەت پاراستنی کاتی زیاتری خوێنەریش.



07/10/2015

هەرجارەی باسێک (١٥).. لە لێواری هەڵدێراندا چی دەکرێت؟



ئەمڕۆ باشووری کوردستان کە دووچاری دەسەڵاتێکی سیاسی نالەبار بووە. ئەو دەسەڵاتەی تەواو شۆراوەیە لە هەموو ئەتیک و مۆراڵێکی گشتی. دەسەڵاتێک ئەوەی بۆی گرنگ نیی پرسە هەنووکەیی و ستراتیژییەکانی خەڵکی کوردستانە. ئەم دوو دێڕە لە زانیاری، تەنیا دووبارەکردنەوەیە بۆ قسەکردن لەسەر هەڵوێستی سیاسی لە دۆخێکی ئاوا داڕزاودا. ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حیزبە سیاسییەکان بەگشتی و بەتایبەت سەرانی نیشتمانفرۆشی (پ.د.ك)، باشووری کوردستان دووچارە لەگەڵ کۆمەڵێک هەڕەشەی دەرەکی و ناوەکیدا! هەریەک لەم هەڕەشانە لە دەستکردی سەرانی خیانەتکاری ئەو پارتەوە پەیدا بوون، بەجۆرێک ئەمڕۆ هەموو خەڵکی کوردستان باجەکەی دەدن جگە لە خۆیان.

لێرە و لەوێ دەبیستین بانگەشە بۆ ڕاپەڕین دەکرێت و خواستێکی گشتی کاکەڵەبووە بۆ ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵکارە بێ پەروایەی ئەمڕۆ حوکمی کوردستان دەکات. ئەم خواست و داوایەی خەڵکی کوردستان، داوایەکی هێندە ڕەوایە، بەئەندازەی شیری دایک بۆ کۆرپەکەی. خەڵکی کوردستان ناچارە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو دەسەڵاتە بەدفەڕە لەگۆڕ بنێت و ئاسۆ و ژیانێکی نوێ بونیاد بنێت. ئەکرێت هیوا لەسەر لەگۆڕنانی ئەو دەسەڵاتە لە ئەنجامی کارە چەوت و نالەبارەکانی خودی دەسەڵاتەکەوە چاوەڕوان بکەین، لەکاتێکدا ناکرێت ژیانێکی نوێ و ئاسوودە بۆ نەوەی داهاتوو لەسەر هەمان گرفت و بەدبەختی دەسەڵاتگەراییەوە بونیاد بنێین. بەتایبەت ئەم خاڵەی دواییان کار و ئیشێکی زۆر زیاتری دەوێت لەوەی تەنیا چاوەڕوانی هەڵە بەردەوامەکانی دەسەڵات و توڕەیی زیاتری خەڵکی کوردستان بین یان لە چاوەڕوانی ڕاپەڕینێکی تردا بین بۆ تێکشکاندنی کۆمەڵە بتێکی تر.

ئەوەی دەبینرێت دیسان ئەنجامی نەبوونی ڕێکخراوێکی چەپی توندوتۆڵی بە پەروەردە و دیسپلین، کوردستان دووچاری ڕاپەڕینێکی هەڕەمەکی تر دەبێتەوە. هەر ڕاپەڕینێک لە کۆمەڵگایەکی بێ سەرە و بەرەدا هەموو هێز و ئەگەرە سیاسییەکان دەخاتەوە دەست کۆمەڵێک هەلپەرست و بەناو یان بە ڕووکار نیشتمانپەروەر. مەخابن ئەمجارە لە هەموو جارەکانی تر زیاتر هێزە کۆنەپەرستەکان لە هەموو هێزەکانی تر ڕێکخراوترن. پرسی کوردستان پرسێکی چینایەتی نیشتمانیی گەورەیە بەهۆیەوە گەلێکی گەورە و چەندین نەتەوە تێیدا دەناڵێنن. جا هەر هێزێک بێت و بخوازێت ئەم دوو چەمکە لەیەک داببڕێت یان بە بیانووی یەکێکیان سوود لەویتریان ببینێت، ئەوا چارەنووسێکی ڕەش و پڕ شکستی دەبێت چ بۆ خۆی چ بۆ ئەو خەڵکە بەشمەینەتەی چەندین ساڵە قوربانی لە پێناوی ئازادی و سەربەستی و مافە سەرەتاییەکانی خۆیدا دەدات.

لام وایە ئەکرێت و حوکمی ناچاری بێت، هەرکەسێک پشتیوانی ڕاپەڕین بکات لەبەرامبەر سیستەمێکی پاشاگەردانی و حوکمڕانییەکی ستەمکارانەی بێ ئەتیکدا، وەک ئەوەی لە کوردستان بەرقەرارە. لە هەمان کاتدا ناکرێت هیواو ئامانجەکانمان بۆ دادوەری و هێنانە سەرکاری سیستەمیکی مرۆڤدۆستی ژیاندۆست لەسەر توڕەیی و ڕاپەڕین بونیاد بنێین. هەمیشە ئەم جۆرە لە هیوا و ئامانج کاری پێشوەخت و خەباتی ورد و بەرنامەی چوست و چالاک دەخوازێت و ناکرێت چاوەڕوانی حوکمی مێژوو بین بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە بەرهەم. بەتایبەت مێژوویەک کە هەژموونی داگیرکاری پانتاییە سیاسییەکانی تەنیوە و سەرمایەداری هەموو کوچە و جومگەکانی کار و هێزی کار و مەیدانی کاری داگیرکردوە و کاڵفامی و ئایین بوونەتە ماستەری کولتوور و داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگاکە.

لەدەرفەتی ئەم وەرچەرخانانەدا خەڵکی بە هەڵوێست و شۆڕشگێر و گۆڕانخواز دەتوانن، بەجۆرێک بەشداری وەرچەرخانەکان بکەن کە زەبری کاریگەرییەکانی خۆیان لە دەست نەدەن و نەبنەوە بە سووتەمەنی بۆ گەیاندنی هێزە پۆپۆلیست و هایپۆکراتەکان بە ناوەندەکانی بڕیار. بەڵکو ئەو خەڵکانە دەتوانن، بەردەوام بن لەسەر خۆ ڕێکخستن و سوود بینین لەدەرفەتەکان لە پێناو ڕێکخستنی باشتر و خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخە چاوەڕوانکراوەکان و گەشەپێدانی هیزەکانیان نەک بەهەدەردانیان لە پێناو سەرکەوتنی هێزە نەیارەکاندا. ئەو هیزانەی ئەنجامی نائامادەیی ڕێکخستنێکی کاریگەر دێن و هەڵدەتۆقن و دەبنەوە بە ڕابەری توڕەییەکانی خەڵک.

05/10/2015

هەر جارەی باسێک (١٤) ساخبوونەوە لەگەڵ ئیسلام!

ماوەیەک بەر لە ئێستا لە نووسینی ماتریکسی ژمارە (١)دا لەژێر ناونیشانی (بوون و نەبوون) باسم لە بێ ئاکامی گفتوگۆی هەبوون و نەبوونی درووستکەری بوون کردبوو. ئەو بێ ئاکامییەی ماتریکسە کە، ئەوە ناگەیەنێت کە خۆمان لە ڕاستی ڕووداو و داکەوتی دۆخی سیاسی هەڵەبکەین، بەتایبەت کە بارگاوییە بە ڕەوتی ئیسلامیزمێك چەندین شەبەنگی جیاوازی هەیە و کاریگەری سیاسی و کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەئەندازەیەکی فروان درووستکردووە. دەتوانم بڵێم: بابەتی ماتریکسی ژمارە (١) بابەتێکی تیۆرییە بۆ گفتوگۆ و هەڵوێستە لەسەر پرسی بڕوا بوون و نەبوون لەپانتایی فیزیک و میتافیزیکسدا. لە کاتێکدا ئەم باسەی ئەمڕۆ جیاوازە و زیاتر مەیدانێکی دیاریکراوی ئاراستە سیاسییەکانی پرسی ئیسلامیزم لەخۆدەگرێت. بەتایبەت ئەم بابەتە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێکی بنەڕەتییە ((ئایا ئیسالام هەر یەک ئیسلامە، یان چەند دانەیەک و چەند جۆرێکی هەیە؟)) بەگشتی کاریگەرییەکانی ئیسلامیزم دەکەونە نێوان قبوڵ و ڕەتکردنەوەوە! هەموو ئەو هێزانەش کە دەیانەوێت ئیسلام لە خانەیەکی بێلایەندا ڕیزبەند بکەن و وەک هەر ئایینێک لەدەرەوەی سیاسەت لێی بڕوانن، تەنیا ئەوەیە کە هەڵدەستن بە دواخستنی ئەو گرفتە و دواجار هەر بە ناچاری یان ڕوو بەڕووی دەبنەوە یان بە ئاستێک مل بە داواکانی ئەو دەدەن.

دوو بۆچوونی جیاواز دەربارەی ئیسلامیزم و بزاوتەکانی نێوەندی بیرکردنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی و سیاسی کوردستانیان تەنیوە. هەندێ جار ئەم دوو بۆچوونە هێندە بە دەنگی بەرز خۆیان بانگەشە دەکەن، یان بە دڵنیاییەوە و هێرش دەکەن و وەک ڕەها لە خۆیان دەڕوانن، کە جۆرێک لە پەڕگیرییان درووستکردوە و بوونەتە مایەی لەتکردنی بیرکردنەوەی گشتی بەسەر خۆیاندا (دیارە لە دیدی خۆیانەوە). ئەو دوو جۆرە لە بیرکردنەوە بریتین لە:
پوختەی ڕای یەکەم: ئیسلامیەکان هەمووییان یەکن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان گرۆکانی ئیسلامیزمدا نییە، نەرمڕەوی هەندێکیان بۆ بێدەسەڵاتیان دەگەڕێتەوە و هەرکات باڵادەست بوون هەمان توندرەوەکانی ئیسلامیزمن.
پوختەی ڕای دووەم: هەڵەیەکی گەورەیە ئیسلام بە یەک ببینین و بەیەک پێوانەی هێزە توندڕەوەکان پێناسە نەرمڕەوەکانیان بکەین. ئیسلام و هێزە ئیسلامییەکان چەندین ڕەچەڵەک و قوتابخانە و مێژووی جیاوازیان هەیە و هێزە ئیسلامییەکانیش خۆیان لە ئیستادا ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە ئەوان یەک پێکهاتەیان نییە و جیاوازن.
بەرەی یەکەم هەمیشە بەرەی دووەم بە دواکەوتوو و سازشکار لەگەڵ ئیسلام و خەمسارد پێناسە دەکات، هەندێ کاتیش بە بەشێک لە ئیسلامیزمی پێناسە دەکات. بەرەی دووەم هەمیشە بەرەی یەکەم بە پەڕگیر و نا ئەکادیمی و نا واقعی پێناسە دەکات و لە باشترین باردا دەڵێت بەم جۆرە ناتوانین دژایەتی ئیسلامی توندڕەو بکەین. من لام وایە ئەم دوو بۆچوونە لەیەک کاتدا هەردووکیان ڕاستن و هەردووکیشیان هەڵەن. ڕاستن چونکە، هەریەکەیان لە بوارێکەوە لەم مەسەلەیە دەڕوانن و هەردوو ئاراستەی بۆچوونەکەش ڕاستە ئەگەر ئامانجە بنەڕەتییەکەیان بە هەند وەربگرین. لەهەمان کاتدا هەردووکیان ‌هەڵەن، چونکە بەهەمان میتۆدی خۆیان بیر لەبیرکردنەوەی بەرامبەر دەکەنەوە و لەسەر هەمان بنەماوە حوکم بەسەر ئەویتریاندا دەدەن. لەم بارەیەوە بۆ ئەوەی بگەینە لێدانەوەیەکی باشتر ناچارین لێکدانەوەکە لەسەر ئاستی فکر و سیاسەت پۆلێن بکەین و جیایان بکەینەوە:

لە دەروازەی فکرەوە:
لەم دەروازەیەوە سێ ئەگەرمان لەبەردەمدایە؛ ئەگەری یەکەم: کاتێک فکر و فەلسەفەی ئیسلام وەک فکر و فەلسەفەیەکی سیاسی ڕەوا سەیر بکەین و لامان وابێت ئەوە ڕێگای ڕاستی دونیا بینییە بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵام بەهۆی جیاوزی تاکتیکی سیاسییەوە ئەکرێت ئیسلامیستەکان پۆلێن بکەین خۆمان بخەینە ناو ململانێی قوتابخانە جیاوازەکانی ئەم فکرەوە، تەنانەت بە توندڕەوەکانیشەوە. ئەگەری دووەم، فکر و فەلسەفەی ئیسلام وەک هەر فکرێکی تر قبوڵ بکەین و لامان وا بێت ئیسلامیش حەقی خۆیەتی لە "ژینگەی دیموکراسیدا"، ئەویش دەتوانێت لەو مەیدانەدا سواری خۆی بڕەنجێنێت و ئەگەر نەخشی هێنا پیرۆزی بێت. ئەگەری سێیەم، فکری ئیسلام ڕەت دەکاتەوە و باوەڕی وایە ئەوە سەرەتا و بنەماکانی سووکایەتی کردنە بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان و ئیسلام وەک سەرچاوەی دواکەوتن دەبینێت.

هەر یەک لەم ئەگەرانە ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان لەسەر دەربڕینەکان هەیە و دەیانەوێت کایە سیاسییەکان بەو جۆرە بەکار بهێنن کە خزمەت بە دیدگای ئەوان دەکات. بۆیە مرۆڤ لە ڕوانگەی دوا ئەگەرەوە هەموو ئیسلام ڕەتدەکاتەوە جا نەرمڕەو بێت یان توندڕەو، لەم پێناوەشدا ڕەتکردنەوەکەی ڕەوایە بەپێی پێناسەکان. خۆ ئەگەر لە دوو ئەگەرەکەی ترەوە بڕوانین هەمیشە لە قازانجیانە ئیسلام شیتەڵ بکەن بۆ پێکهاتەکانی و پۆلێنیان بکەن بەسەر ئەوانەی دەیانەوێت و ڕەتکردنەوەی ئەوانەی نایانەوێت لە ناو خودی ئیسلامدا. ئەمانیش بۆچوونەکەیان هەر ڕەوایە، چونکە لەسەرەتاوە ئیسلامیان پەسەندە یان وەک بنەما یان وەک تاکتیکی سیاسی و یان هەردووکیان (وەک بنەما و تاکتیکی سیاسی).

لەدەروازەی سیاسەتەوە:
ئیسلام لەڕووی سیاسەتەوە بەجۆرێکی تر لێکدەدرێتەوە یان سوودی لێ دەبینرێت یان دژایەتی دەکرێت. ڕەوتە سیاسییەکان لەنێوان ڕاست و چەپدا دابەش دەبن و نێوانەکەی پڕ دەبێتەوە لەهەموو هێزە نەرمترەکان لەو دوو جەمسەرە. هەموو هێزەکان بە پلەی نەرمی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئیسلامدا دەکەن و دابەش دەبن بەسەر هەلپەرستی سیاسی جیاواز جیاوازدا، تەنیا یەک هێزی سیاسی نەبێت کەئەوانەش هێزە توندە دژە ئیسلامییەکانن. ئەم هێزەی دواییان بەهەمووو پێوانەیەک ئیسلام ڕەت دەکاتەوە و ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت ڕیشەکێشی دەکات لە کۆمەڵگادا، جا دەتوانێت یان ناتوانێت ئەوە پرسێکی ترە. بۆیە ئەگەرە سیاسییەکانیش دابەش دەبن بەسەر سێ ئاراستەدا:
یەکەم؛ هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی باوەڕیان بە ئیسلام هەیە و دەچنە خانەی ئسیلامیزمەوە، ئەم هێزانە هەمیشە لە بەرژەوەندییانە ئیسلام وەک گرۆ و ئاراستەی جیاواز پۆلێن بکەن. بەتایبەت سەرکەوتنی هەر گرۆیەکی ئیسلامی سەرکەوتنی خودی ئایینی ئیسلامە، بۆیە ئەگەر جیاوازییان هەبێت ئەوا جیاوازییەکەیان لە ڕووی لێکدانەوەی ئیسلامەوەیە، یان لە بواری ململانێی دەسەڵاتی سیاسی ئیسلامیدایە. دووەم ئەگەر، ئیسلام وەک کەرستەیەک بەکار دەهێنێت و زۆر پراگماتیکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، ئەم ئەگەرە کاریگەرییەکانی ئیسلامی تا ئەو ئەندازەیە پێ ئاساییە کە کار لە خواست و ستراتیژەکانی ئەو دەکات، هەر تا ئەو سنوورەش لێی دەگەڕێت. بۆیە گرۆی دووەم؛ دەیەوێت ئیسلام وەک کەرەستە بەکار بهێنێت و ڕای وایە ئەکرێت ئیسلام پەرت بکات و ئەو هێزەیان بە ئاساییتر وەربگریت کە لە بەرژەوەندی و خواستەکانی ئەوەوە نزیکە. ئەگەری سێیەم؛ هەموو ئەو هێزە دژە ئیسلامیانەن کە ناتوانن تۆلێرەیتی حوکم و دەستوورێک بکەن، کە بنەمای بیرکردنەوە و حوکمڕانی تێیدا دونیابینی و هیچ کام لە یاسا نووسراو و کولتوورەکانی ئیسلام بێت. هەر لەم پێوەندەوە بۆئەوان گرنگ نییە ئیسلام نەرمی هەیە یان توند، بێگومان دژی توندەکە زیاترن و باوەڕیان وایە نەرمەکەش هەر توندە. بنەمای ئەم تێڕوانین و کارکردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە بنەڕەتەوە بنەماکانی ئیسلامیان لەلا ڕەتکراوەیە و ناتوانن هیچی لێ قبوڵ بکەن، بەڵکو لە باشترین ئەگەردا دەتوانن ئەوەندە تۆلەرەیتی ئیسلام بکەن، کە ئاینێکی تاکەکەسی بێت و هیچ پەیوەندی بە ژیان و حوکمڕانییەوە نەبیت. کە ئەمەش لەگەڵ خودی ئیسلامدا ناگونجێت چونکە بەئەندازەیەکی گەورەتر لەئایینەکانی تر ڕێگای بەخۆی داوە و سروشتەکەی سروشتێکی سیاسییە. خۆ ئەگەر ئەم ئاراستەیە بۆی بکرێت ئەو مافەی پەراوەی سەربەخۆیانەی ئایینەکان لە چکۆلەترین ئاستدا سنووردار دەکەن.

دوو میکانیزمی مامەڵەی جیاواز:
سەرەتا بسمان لەوەکرد کە هەردوو ئاراستەکە ڕاستن و هەڵەن لە یەک کاتدا! لە بنەڕەتدا هەردووکیان ڕاستن بە پێی خواستی خۆیان ئەوەی تێیدا هەڵەن ئەو سووکایەتیکردنەیە کە بەیەکتری دەکەن. کە یەکێکیان ئەوی تریانی زۆر پێ نازانستییە و ئەویتریشیان ئەمی زۆر پێ دواکەوتوو و کاڵفامە. ئەم دوو میکانیزمە مرۆڤ ناچار دەکەن یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەگەر چی لە نێوان دیبلۆماسی بوون و دژابەری فەلسەفیدا زۆرجار مرۆڤ ناتوانێت بەهیچکامیان بەتەنیا بگاتە ئامانجە پێشکەوتووەکانی خۆی.

میکانیزمی یەکەم: هەمیشە هەوڵدەدات، ئیسلام پەرت بکات و لەیەکی جیابکاتەوە، توندڕەو لە میانڕەو. سوود لەم مەبەستە وەردەگرێت بۆ ئەوەی لەناو خودی ئیسلامدا جەمسەرگیری درووست بکات. هەندێکیان لایان وایە کە بەڕێگایەکی نەرم و بە سیاسەت و میکانیزمێکی حەکیمانە مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگایەکدا خۆی تووشی بەریەککەوتن نەکات کە زۆرینەی موسوڵمانە. بەڵام لە ڕێگای تایبەتەوە دەتوانێت بەرەنگاری ئیسلام بکاتەوە و کاریگەرییە توندڕەوەکانی کەم بکاتەوە. ئەشێ ئەم ڕێگایە لەلایەن خودی هەندێک لە هێزە ئیسلامییەکانیشەوە بەکار بهێنرێت بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخە دژوار و هەستیارەکاندا، هەروەها بۆ بردنەوەی ململانێی دەسەڵات لەناو خودی هیزە ئیسلامییەکاندا.

میکانیزمی دووەم: هەمیشە هەوڵدەدات، ئیسلام لەیەک بەرەدا کۆبکاتەوە و تێکڕا دژایەتی هەموو ئاراستە و تەوەرەکانی ئیسلامیزم بکات. ئەگەرچی کاتێک مرۆڤ بیەوێت ئایین لە دەوڵەت جیابکاتەوە دەبێت بەم کارە هەستێت، بەڵام لە زۆربەی کۆمەڵگا کارتێکراوەکاندا بە ئیسلام، ئەم کارە دەبێتە کارێکی تا ئەندازەیەک گران و تەژی لە بەرەنگارەی، هەربۆیە زۆرجار ڕوو دەدات بەهەموو هێزێک ناکرێت و لەدواییدا وەک سیاسەتێکی هەڵە دەبینرێتەوە.

لەئەنجامی ئەم لێکدانەوانەوە، نە ئیسلام یەکە و نە ئیسلام چەند دانەیەکە. دەکرێت لە پێناو مامەڵەی سیاسی یان فکریدا شیتەڵی بکەین بۆ گرۆ پێکهاتەکانی و بە شێوەی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، بەتایبەت ئەگەر لەسەر بیری خۆمان ساغبووینەوە و زانیمان چیمان دەوێت. بۆنمونە لە پێناو لێکدانەوەی فکری و توێژینەوەی زانستیدا زۆر باش دەکرێت ئیسلام دەیان جۆر و قوتابخانەی هەبێت. لە ڕووی سیاسیشەوە دەکرێت ئیسلام پەرت بکەین و ستراتیژ و میکانیزمی جیاواز بدۆزینەوە بۆ لێدان یان ئیحتواکردنی ئیسلام. لەهەمان کاتدا ئیسلام یەک بنەمای سەرەکی هەیە کە خۆی لە کتێبێکی نووسراو و چەندین پەراوە و رەفتارێکی مێژووییدا دەبینێتەوە و هەموو جۆگەکانی ئاو ڕۆدەکەنە دەریایەکەوە کە لەڕووی سیاسییەوە ناچارمان دەکات لەدوا قۆناغەکاندا هەڵوێستەیەک بکەین! ئایا پشتیوانی ئیسلام دەکەین یان سنوورداری دەکەین و یان زۆر بەتوندی دژی دەوەستیینەوە؟ دواجار ئیسلام یەک ئیسلامە و دەکرێت بە چەندین شێوە خوێندنەوەی بۆ بکەین و بیکەینە چەندین ئیسلام، لە هەموو کاتەکانیشدا هەڵەیەکمان نەکردوە شایەنی ئەوە بێت زۆر بەتوندی بەگژ یەکدا بچینەوە.

ئەگەرەکان بەم جۆرە دەوەستنەوە:
١. ئیسلام یەک ئیسلامە، دەمانەوێت تا سەر دژایەتی ئەو فکرە بکەین و دەرفەتی نەدەین کاریگەری دابنێت!
٢. ئیسلام یەک ئیسلام نییە، دەمانەوێت پەرتی بکەین و بزانین چۆن دەتوانین کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی!
٣. ئیسلام یەک ئیسلام نییە، دەمانەوێت هەلەکانی بقۆزینەوە و ئەو ئیسلامە ڕۆشن بکەین کە خۆمان دەمانەوێت!
٤. ئیسلام هەمیشە چەند دانەیەکە، بیگومان ئیسلامی چاک ئەویە من بۆخۆم باوەڕم پێیەتی و پەراوەی دەکەم!

٥. ئیسلام یەک ئیسلامە، هەمیشە دەبیت بەو جۆرە بێت کە من دەمەویت و حوکمی دونیا بکات!

01/10/2015

هەرجارەی باسێک (١٣) شەرمەزاری یان شانازی

زۆر وشە و دەستەواژە هەن کە ئێمە جاری وا هەیە بە هەڵە بەکاریان دەهێنین و خۆمان نازانین و زۆر کەسی تر هەستی پێناکات! ئەم هەڵانە هەڵەی باون و جێگای ڕاستییەکی نەزانراویان گرتوەتەوە. ئەم جۆرە لە تێڕوانین و پەراوەی هەڵە بەتەنیا لە ئاخافتندا نەماوەتەوە، بەڵکو درێژبوەتەوە بۆ کایەکانی تری ژیانی ئێمە و باجی گەورە گەورەی لەسەر دەدەین. بەردەوامی پەراوەی ژیان بەم جۆرە هەڵانەوە هیچی جیاواز نییە لە تەنەکە لێدان بۆ مانگ گیران! یان مارەکردنی ژن و پیاو لەیەکتری بە کۆمەڵێک قسەی بێ سەروبەر و بێمانا و پڕوپووچ، نمونەی زۆر هەن لەم بارەیەوە کە باسکردنیان جگە لە کات بەفیڕۆدان هیچی تر نییە.

یەکێک لەو هەڵانەی تا ئێستاش لە ژیانماندا لەسەری بەردەوامین شانازیکردنە بە خۆبەختکردن و قوربانیدانەوە، جا لە پێناو نیشتمان و خاکدا بێت یان لە پێناو گەل و نەتەوەدا یان هەر پرسێکی بەکۆمەڵی تردا. ئەشێ لە ماوەیەکی مێژووییدا کە هێشاتا مرۆڤایەتی شوناسی ماف و ژیاندۆستی و ژینگە دۆستی بەباشی پێناسە نەکردبێت، ئەم شانازیکردنە ڕەواج و مانایەکی هەبووبێت. بەڵام دوای ئەوەی مرۆڤ دەبیت بە بەهاترین شتەکانی سەر ئەم زەویە بۆ ئێمە، دوای ئەوەی پێویستییەکانی مافی منداڵ و سۆز و خۆشەویستی پێویست بۆیان دەبێتە یەکێک لە سەرەکیترین بەرپرسیارێتییەکانی تاک و کۆمەڵ! ئەوکات هەڵوێستەکردن لەسەر قوربانیدان پرسێکی گشتییە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکە بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، یان بە پێی جێکەوتی فرمان و ئەرکەکانیان بەرپرسیارن. ئەم هەڵوێستەکردنە لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و زانست و توانایی بەرزی ئابووریدا پێمان دەڵێت: "شانازیکردن بە خۆبەختکردن و قوربانیدانەوە گێلییەکی ترسناکە"!

لەدەستدانی هەر قارەمانێک لەبەرەکانی جەنگدا توڕەیی لێ چاوەڕوان دەکرێت نەک شانازی! ئەکرێت توڕەیی ڕێگە لە شانازی نەگرێت، بەڵام کاتێک تەنیا شانازی دیارە و توڕەیی ئاماددە نییە، ئەوکات شانازیکردن گێلییە! لەدەستدانی لاوانی وڵاتەکەمان لەبەرامبەر هێرشی داگیرکەری ئیسلامی کۆنەپەرستدا بێت یان لە ڕێگاکانی قاچاخدا بەرەو هەندەران، ئەوا هۆکارە سەرەکییەکەی دەسەڵاتێکی خەمساردی ناشایستە و کورتبین و نەزانە. مەبەست لەو دەسەڵاتە هەموو بەرە سیاسییە حکومڕاکانەکان و بەشدارەکانی حوکمڕانییە لە ئێستا و بیست ساڵی ڕابردوودا، مەبەست لە هەموو جومگەکانی بڕیاردان و جێبەجێکردن و چاودێرکردن و دادوەرییە تێیدا. توڕەنەبوون لەو دەسەڵاتە و شانازیکردن بە قوربانییەکانەوە، یەکێکە لەو پرۆسە بێئاگاییەی خەڵکی کوردستان کە بەهۆیەوە مێژووی کۆمەڵە چەتەیەک سەنگین دەکات و مێژووی گەلێک لەکەدار. ئاخر خۆ ئەم چەتانە زۆریان جیاواز نییە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، هەموو داگیرکەران و ئەمانەش هەمان مەبەست و ستراتیژیان هەیە و هەردووبەرەکەیان شکۆی خەڵکی کوردستان و مافەکانی گەلێک پێشێل دەکەن. هەموویان پێکەوە هەر مرۆڤەکانی هەمان گەل دەچەوسێننەوە و سامان و هێز و ڕەنجی بەتاڵان دەبەن و سووکایەتی بە کەرامەتی دەکەن و مێژوویان دەشێوێنن.

قوربانیدان لە پێناو جۆری ژیاندایە نەک لە پێناو شانازیکردندا. کاتێک سۆکرات بڕیاریدا جامێک ژەهر بنۆشێت لەپێناو چەسپاندنی بیروباوەڕ و شێوەی ژیانیکدا بوو، ئەو بۆیە قوربانییەکی لەو جۆرەیدا چونکە خودی چییەتی ژیان بەلایەوە گرنگتربوو. کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە دۆخی شۆڕشەوە بەرامبەر داگیرکەر باشترین ڕێگاکان دەگرێتە بەر بۆ زۆرتر مانەوە و زۆرترین زیان گەیاندن بە دوژمنەکەی. دۆخی شۆڕشگێڕی دۆخێکە مرۆڤ شێوەی ژیانێکی تر هەڵدەبژێرێت و چیتر سووکایەتی داگیرکەر قبوڵ ناکات. گەنجانی کوردستان لە ١٧ی شوباتدا ژیانی سووکایەتیان ڕەتکردەوە و بڕیاریاندا لای ئەوان مردن جوانترە لە ژیان و ئامادەی قوربانییەکی سۆکراتی بوون بۆ ئاسۆیەکی تر. بەڵام مەرگ لەڕێگای ئاوارەییدا یان لەبەرەکانی ئەم جەنگەدا بەرپرسیارێتی دەسەڵاتێکە کە بڕیارە پارێزگاری لەخەڵک بکات. ئەوەی ئیستا دەگوزەرێت خەڵکێک بەڕێگا سەرەتاییەکانی پارێزگاری لە خۆیان و لەژێر پیرۆزی نیشتمان پەروەرییدا دەبیتە قەڵغان بۆ مانەوەی دەستەو باندە قاچاخچییەکانی نەوت لە باشووری کوردستاندا.

ژمارەیەکی زۆر لەلاوەکانی کوردستان ناچارن کە ڕوو لە مەرگ بکەن. بەشێکیان ناچارن وڵات جێدەهێڵن چونکە دەیانەویت بژین و چی تر سوکایەتی بە کەرامەتیانەوە نەکرێت. ئەوانەشی لە بەرەکانی جەنگن ناچارن ئەو ڕێگایە بگرنە بەر بەهۆی دەیان هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، لەپاڵ هەستی بەرز و دڵسۆزانەیان بۆ خەڵک و نیشتمانەکەیان. ئەوان لەگەڵ بەرپرسیاریتی خۆیاندا  ڕووبەڕوون و هەموو شتێکی خۆیان دەبەخشن. لەهەمان کاتدا دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیارە لەسەلامەتی و باشترین ڕێ و شوێنەکانی پێشخستنی هێزە جەنگاوەرەکان. لەسەرەتای شەڕی داگیرکەری ئەمجارەی ئیسلامەوە بۆسەر کوردستان چەند هەزار کەسێک بوونەتە قوربانی و گیانی بەرزەفڕیان لەبەرگریکردندا بەختکردوە. سەدان کەسیش لەڕێگاکانی بەرەو ئاوارەییدا سووکایەتی بەکەرامەت وژیانیان کراوە و ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان کەوتوەتە بەر هەڕەشە و مەترسیی لەناوچوونەوە. تەنانەت ئەوانەشیان کە دەگەنە کەنارێکی ئارام چیان ماوە لە تەمەن لە نامۆیی و ئەندێشەی دووری لە ئازیزانیان بەسەریدەبەن. ئەمانە هەموویان بە هۆی دەسەڵاتی سیاسی باشوورەوە ڕوو دەدەن.

هۆکاری سەرەکی ئەم ژمارە زۆرەی لەدەستانی قارەمان و خۆنەویستەکانی وڵاتەکەمان بۆ کەمتەرخەمی دەسەڵات و ناشایستەیی باندە خۆسەپێنەکانی دەسەڵات دەگەڕێتەوە. بێگوامان  بە درێژایی ٢٤ ساڵە ئەم هیزەی تاڵانچێتی و ڕاو و ڕووت کە حوکمی کوردستان دەکات، نەیتوانیوە هێزێکی سیستەماتیک و پەروەردەکراو درووست بکات. هێزێک بتوانێت بەباشترین و سەلامەتترین شیوە بەرگری لە خەڵک ونیشتمان بکات، ئەوەش گەورەترین بەرپرسیارێتییە کە ئەوان شکستیان تیا هێناوە. ئەمڕۆ پێوەری سەرەکی سوپایەکی باش لە ئامادەیی تەکنەلۆجیا و توانایی مادی و زانستی سەربازیدا، کەمترین قوربانی و باشترین بەرگری و سەرکەوتنە، نەک شانازی بەخوینی خەڵکەوە. دەسەڵاتی داگیرکەری ناوخۆیی کوردستان ٢٤ ساڵە جگە لە بەهەدەر بردنی توانا ناوخۆییەکان لە شەڕەکانی ناوخۆدا، بەشێکی گەورەی سەرمایە و داهاتی زەبەلاحی خەڵکیان لەبەردەستدا بووە کە دەیانتوانی سوپایەکی پڕچەک و مەشقپێکراو و یەکگرتووی پێدرووستبکەن. ئەوکات ئەکرا لە هەزاران گیانبەختکردوەکان کەمبکرێتەوە و لەکەمترین قوربانیدا بەرگرییەکانی نیشتمان تەواو ببن. گەورەترین شەرمەزاری و تاوانە بۆ باندە خۆسەپێنەکانی دەسەڵات کە ڕۆژانە خەمساردن لەبەردەم گیانبەخشینی ئەو هەموو ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانەدا کە ئەنجامی کەمتەرخەمی و نەزانی و کەم مەشقییەوە توشی مەرگ دەبن و کەسوکار و منداڵەکانیان بۆ هەتا هەتایە بێ هیوا و بێ سەرپەرشت و خەمبار دەکەن. ئەوە سەرباری دەیان و سەدان هێندە تێچوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی تر کە تووشی کەسوکاریان و داهاتووی کوردستان دەبێت.

باشترە ئەمڕۆ توڕەبوونەکانمان لەو دۆخە بەکردەوە بکەینەوە و چیتر بەتەنیا شانازی نەکەین بە ژمارەی "شەهید"ە کانمانەوە. ئەو سەردەمە بەسەرچوو، کەبتوانین شانازی بە زۆری ژمارەی گیان بەختکردوەکانمانەوە بکەین.. ژمارەی زۆری قوربانییەکانمان لەئێستادا، ئاماژەیە بۆ نەزانی و دواکەوتوویی و بێتواناییمان، نەک ئازایەتی و بوێریی گەلێک. ئەمڕۆ ڕوو لەسەردەمێکین شێوازی بەخشین جۆرێکی ترە و ئەو شێوازە باوە وەڵامی پێویستییەکانمان ناداتەوە و تەنیا تەمەنی دەسەڵاتێکی ملهوڕ درێژ دەکاتەوە، تەنیا مێژوویەکی پڕ شکست جوان دەکات و شەرمەزارییەکی گەورە بۆ داهاتوومان درووستدەکات نەک شانازی.