بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





27/10/2015

هەرجارەی باسێک ژمارە (١٦): سێکوچکەی ستەمکاری


سێ پێکهاتەی سەرەکی کۆمەڵ سێکوچکەیەک پێکدەهێنن کە دەبێتە سێکوچکەی ستەمکاری. ئەو سێ پێکهاتەیە لەلایەن دەسەڵاتێکی چەقبەستوەوە سەرکردایەتی دەکرێت کەبەزۆری باندێک لەفۆرمێکی دیاریکراودا پێکیدەهێنیت و پیاوانی ئایین و ڕۆشنبیرە دەربارەکانیش دەبنە دوو پێکهاتەکەی تری ئەم سێکوچکەیە. هەریەک لەم پێکهاتانە کەرەستە و میکانیزمێکی تایبەت بە خۆی هەیە و بەیەکەوە دەتوانن ستەمکاری لەبەرژەوەندی تەسکی خۆیان بەردەوام و بەهێز بکەن. ئەوەی هەموویان بەشدارن تێیدا دوو خاڵی سەرەکییە، یەکەمیان گێلکردنی بەردەوامی پێکهاتە جەماوەرییەکانی خەڵک و دووەمیان چنینەوەی کۆی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییە مادی و نا ماددییەکان لە پێناو بەهێزکردنی توانستی دارایی و دەسەڵاتگەرایانەی خۆیان و مانەوەی خۆیان و باندەکانیان لە بەرزترین پێگەی کۆمەڵدا.

کوچکەی یەکەم: دەسەڵاتی چەقبەستوو
ئەم بەشەی دەسەڵات بەزۆری لەباندێک پێکدێت کە دەستیگرتوە بەسەر سەرچاوەکانی داهات و سامانی گشتیدا و بەهۆیەوە هێزی لەبندەستە و تێکڕای یاساکان بەیاسایی و نا ڕەوایانە، ڕەوا دەکاتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. لەڕێگای ڕەوایی پێدانەوە، بەردەوام کەناڵەکانی پەخشکردن و پەروەردەکردنی گشتی بەجۆرێک ئاراستە دەکات کە ڕوو لەنزمترین ئاستی تێگەیشتن بکەن و بەوهۆیەوە کەمترین بەرهەڵستکاری و کردەوەی بێزاری لەلای خەڵک درووست ببێت. لەهەمان کاتدا لەڕێگای برسی کردن و دەستگرتن بەسەر کەناڵەکانی بژێوی ژیاندا بەردەوام هێزە گەلی و نیشتمانییەکان کۆنترۆڵ دەکات و لەڕێگای دامەزراوە ئایینییەکان و کەناڵە "ڕۆشنبیرییەکانەوە" چەند بۆی بگونجێت درێژە بەم پرۆسەی حوکمڕانییە دەدات، لەپێناو زۆرتر مانەوە لەدەسەڵاتدا و بردنی بڕی زیاتر دەستکەوتە گشتییەکان بۆ بەرژەوەندی باندەکەی.

زۆرجار هەیە ئەم باندە لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتێک پێکدێن، یان چەند سەرۆک خێڵێک یەکدەگرن، یان خێزانێکی حوکمڕانن یان کۆمەڵێک سەرمایەدارن کە بەشی هەرە زۆری سامانی گشتی لەلایان کۆدەبێتەوە، هەندێ جاریش کۆمەڵێک پیاوای ئایینن کە دەتوانن بگەن بەم ناوەندە. ئەم باندە هەمیشە بەشێک لە دەستکەوتەکانیان تەرخان دەکەن بۆ پیاوانی ئایین و "ڕۆشنبیر"ە دەربارەکانیان، تا بتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە شەرعییەتی کۆمەڵایەتی و یاسایی و زۆرجار سیاسیش وەربگرنەوە.

کوچکەی دووەم: پیاوانی ئایینی
ئەم گۆشەیەی تری بەرهەمهێنی ستەمکاری تێکڕای ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کایەکانی دەسەڵاتی ئایینیدا کاردەکەن و جومگە ئایینییەکانی کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن، جا لە دەسەڵاتدا بن یان لە ئۆپۆزسیۆندا. بەردەوام کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیام و ڕێنماییە ئایینییەکان و هەوڵدەدەن سوود لە هەر دەرفەتێک ببینن بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی خەیاڵ و فەنتازیا ئایینییەکان کە بەهۆیەوە شەرعیەتی دەسەڵاتی ئایینی و "ئاسمانی" بۆخۆیان بەردەوام دەکەن و چەند بۆیان بکرێت هەوڵدەدەن هەژموونیان بەسەر دەسەڵاتدا هەبێت. ئەمان بە بیری خۆیان شەرعییەتێکی گەورە لە "ئاسمان"ەوە وەردەگرن، بەپێی کۆمەڵێک تێکستی نووسراو یان کۆمەڵێک نەریتی باو پاساوی دەدەنەوە. هەروەها کەرەستەیەکیان لەبەردەستە کە پێی دەوترێت شەرعی ئیلاهی، هەمیشە بەجۆرێک بەکاریدەهێنن کە دەسەڵاتی باڵای ئەم سەرچاوەیە پەسەندی دەکات (بۆنمونە؛ دەکرێت دژی دەسەڵات لێکدانەوە بکات، بۆ ناچارکردنی دەسەڵات تا مل بە داواکانی ئەو بدات.. یان دەکرێت لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدا بێت تا بتوانێت مستۆگەری بەردەوامی دەستکەوتەکانی خۆی بکات لەلایەن دەسەڵاتەوە).

پێشمەرجی سەرەکی و زەوینەی بەپیتی کاری ئەم پیاوانە، بەئایینی بوونی کایەکانی کۆمەڵگایە چەند بشێت و گەشەبکات. ئەم پیاوانە، هەمیشە لەبەرژەوەندییانە ئاستی زانین و زانیارییەکانی کۆمەڵگا ئاسمانی ئایینەکەی ئەوان تێنەپەڕێنێت. لە کوردستاندا ئایین، ئایینی ئیسلامە و بەردەوام بە ئیسلامتر بوون و پابەندبوونی زیاتری خەڵک بەم ئایینەوە گەشەی ئەوان باشتر دەکات. بەواتایەکی تر مانەوەی زیاتر لەگەڵ ئیسلامدا ئاستی تێگەیشتنی خەڵک سنووردار دەکات تا لە فەلەک و کۆنترۆڵێ ئەوان دەرنەچێت. ئەم گرۆیە بەهەموو جۆرەکانیەوە (هەموو جۆرەکانی ئیسلام) بەبێ هەڵاوێردکردنی یەکدانەشیان، لە پەیوەندییەکی پشتیوانی بەهیزدان لەگەڵ دەسەڵاتی چەقبەستوودا، تەنانەت لەو کاتانەشدا کەلەبەرهەڵستکاری و دژایەتیکردنی سیاسیدان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی. ئەم پیلەرە لەبەرامبەر چنینەوەی بڕێک لەدەستکەوت هەمیشە دەتوانێت تای تەرازووی خۆی بەلای دەسەڵاتدا پارسەنگ باتەوە. هەروەها لەگەڵ هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەدا لە ڕێکەوتنێکی تەواوکاریدان (علاقة تکاملیة) بەمەرجێک ڕۆشنبیریی ئەوان زیان بە پانتایی دەسەڵاتی ئایینی نەگەیەنێت.
دەستکەوتی سەرەکی ئەم کوچکەیە، دەستکەوتی ماددیی و فراوانکردنی هەژموونی ئایینییە، بۆیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیش ئامادەی هەر پشتیوانییەکن کە بەهۆیەوە بتوانن دەسەڵاتی چەقبەستوو ناچار بکات بە پێدانی دەستکەوتی زیاتر. لەسەر ئاستی ناماددیش بۆئەمان گرنگە شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی بەوجۆرە بێت کە ئەوان دەیخوازن تا بەهۆیەوە بتوانن لەسەر دەسەڵات وهەژموونی خۆیان بەردەوام بن.

کوچکەی سێیەم: ڕۆشنبیری دەربار
دوا گۆشەی دەسەڵاتی ستەمکاری هەموو ئەو زانا و فەیلەسوف و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و ئەدەبدۆست و مامۆستا و یاریزانانە دەگریتەوە کە بەرهەمکانیان دەچێتە خزمەتی یەکێک یان زیاتر لەم پرۆسانەی خوارەوە:
١. مانەوەی کۆمەڵگا لەدۆخی گوزەردا، یان
٢. گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ قۆناغێک پێشتر ئێستای کۆمەڵگا، یان
٣. خاوکردنەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا، یان
٤. ئاراستەکردنی پێشکەوتنە ماددی و نامادییەکان بەرەو بە کۆیلەکردن و نامۆبوونی زیاتری کۆمەڵگا. بەواتایەکی تر تەنانەت بەرەوپێشبردنیش بەئاراستەی بەرئەنجامی نەرێنی هەر کۆمەکە بەمانەوە و پتەوکردنی دەسەڵاتی ستەمکار.

ئەم کوچکەیە، زۆربەی جارەکان کارەکانی خۆی بەئاگایانە دەکات و سێلێکتیڤانە (واتە بەمەبەست شتێک هەڵدەبژێرێت) و کاری لەسەر دەکات. هەندێ جار و هەندێکیش لەم کەسانە بێئاگایانە شوێن قوتابخانەیەکی فکری یان هونەری دەکەویت، یان داهێنانێکی زانستی دەکات بێ ئەوەی دەرهاویشتە کۆمەڵایەتییەکانی بەوردی تاووتوێ بکات و دەچیتەوە خزمەت یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە. گرنگترین تەڵزگە بۆ کەوتنە ئەو پرۆسەیەوە کاتێکە کە بەرهەمەکان بەرهەمێک بن تێیاندا قازانجی ماددی و دەستکەوتی دارایی تاکە کەسی چاوگی سەرەکی بێت لەپشت بەرەهەمهێنانیانەوە، هەروەها کاتێک لەبازاڕی سەرمایەداریدا بەها ڕەوشتییە مرۆییەکان زۆر لاواز دەبن لەبەردەم سوود و قازانجە تاکەکەسییەکاندا.

هەمیشە ئەم کوچکەیە، تواناییەکی زانین یان تەکنیکی و هونەریان هەیە کە جیایان دەکاتەوە لەخەڵک. ئەم جیاکردنەوەیە هێزێک بەم گرۆیە دەبەخشێت و بەکارهێنانی ئەو هێزە زۆر پەیوەستە بە ڕەوشت و باری بیروباوەڕی خاوەنەکەیەوە. بەهۆی ئەم زانینەوە ناسراو دەبن و دەتوانن بە ئاسانی دەستیان بەکەناڵەکانی میدیا بگات. بەم چەشنە کەناڵەکانی میدیا و زانین و ناسراوی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ دەستکەوتنی بەرژەوەندی ماددی و پاراستنی ناسراویان و بەناوبانگتر بوونیان، کەجارێکی تر دەبیتەوە بە ئینپووت بۆ هەمان پرۆسەی ڕەش. ئەنجامی ئەم کردەیە لەزۆربەی بارەکاندا بەرهەمێک بەرهەمدەهێنن کە دەچێتەوە خزمەت دەسەڵاتی چەقبەستوو یان بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی چەقبەستوو لە فۆرمێکی تردا. ڕۆشنبیری دەربار، هەمیشە لە ڕێکەوتنێکی فۆرماڵ و نا فۆرماڵدایە لەگەڵ دەسەڵاتی چەقبەستوو هەروەها دەسەڵاتی ئایینی. زۆر دەگەمەن ڕێک دەکەوێت کە ململانێ دەکەوێتە نیوان ڕۆشنبیری دەربار و پیاوانی ئایین، کە زۆرجار لە ڕێکەوتنێکی بانگەشە بۆنەکراودان. کاتێک دەکەونە ململانێ لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتردایە لە دەسەڵاتی چەقبەستوو هەروەها لە پێناوی دەرکەوتن و خۆسەپاندن و بەردەوامی هەژمووندایە کە لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینیدا هەمیشە لەسەری ناکۆک دەبن.

ڕۆشنبیری دەربار لەململانێکانیدا خۆی لە دەسەڵاتی ئایینی دەپارێزێت و هەوڵدەدات بەپێی توانا لە پارسەنگی دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی چەقبەستوودا سوود وەربگرێت. بەواتای ئەوەی هەرکات سەنگی تەرازووی لایەکیان لاواز بوو، ئەکرێت بەناوی ئازادی و بەناوی پێشکەوتنەوە کارێکی زۆر دیماگۆگیانە بکات بۆ پەیداکردنی دەستکەوتی زیاتر. چونکە هەمیشە پێویستی بە پشتیوانی هەر یەکەیان هەیە لەبەرامبەر ئەوەی تریاندا. کەبەئەندازەیەک هەرکام لەو دوو کوچکەیەی تریش هەمان یاریدەکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن وەک ڕۆشنبیرە دەربارەکان تێیدا کارامە بن ئەگەر هێز بەکار نەهێنن. ئەگەر هێزی دەسەڵات هێزێکی سەربازییە، هێزی پیاوانی ئایینی هێزێکی کۆمەڵایەتییە و هەروەها هێزی ڕۆشنبیرە دەربارەکان کۆی ئەو کەناڵانەی میدیا و هەوادارەکانیان لە کۆمەڵگادا.

سەرچاوەی گەشەی ڕۆشنبیری دەربار برتییە لە نزمی ئاستی زانیاری کۆمەڵگا و لاوازی زمانزانی تاکەکانی کۆمەڵگا ودووریی تاکەکانە لەدونیاکانی فکر و زانست و ئاشنا نەبوونێتی بە هونەر و دەستکەوتە جیهانییەکان. پێشمەرجی سەرەکی پیرۆزکردن و بەتەوتەمکردنی نووسەرەکانە، تێڕانەمان و وەرگرتنی تێکستەکانیانە بە پیرۆز و هەڵواسینی وێنە و درووستکردنی سرووتی تەشریفاتی و سەرلەقاندنی کۆمەڵگایە بۆیان. پرسیار لێنەکردن و دوورخستنەوەیانە لە بازنەکانی بەردەم گومان و لێپرسینەوە لەوەی ئەوان دەیڵێن. هەر زەبەلاحکردن و بەگرنگکردنێک بۆ ئەوان هەنگاوی یەکەمە بۆ پشتیوانی هەمیشەیی ستەمکاری.

دەرئەنجامەکان:
یەکەم: ئەم سێکوچکەیەی باسمانکردن، ستەمکاریی لەڕێگای گێلکردن و برسیکردن و لاوازکردنەوە پەرە پێدەدەن بەمەبەستی چنینەوەی دەستکەوتە ماددی و ناماددییەکانی کۆمەڵگا.
دووەم: بەرئەنجامی بەردەوامی خولگەی گێلکردنی گشتی، پایەگا و بوونیادی بنەڕەتی هەریەک لەم سێ کوچکەیە بەهیزتر و بەردوام دەبیت، هەر گۆڕانکارییەکیش ڕووبدات، ئەوا لەنێوان ئەو هیزانەدا ڕوودەدات کە لەم سیکوچکەیەوە سەرچاوە و ئیلهام وەردەگرن.
سێیەم: زانینی بەردەوامی زیاتر و فراوانکردنی گەنجینەی زانیاری گشتی گەورەترین لەمپەڕە لەبەردەم بەردەوامی ئەم سیستەمە و کەرەستەی سەرەکییە بۆ تێکشکاندنی ئەم خولگە بەتاڵە و خولگەکانی تری.
چوارەم: درووستبوونی هۆشیاری گشتی بەرامبەر بە ستەمکاری، دەبیتەوە بە کەرەستەی سەرەتایی بۆ گۆڕینی ستەمکار بە ستەمکارێکی تر، ئەگەر ئەو هۆشیارییە بەشیوەیەکی تەندرووست و بە ئاراستەیەکی دادوەرانە ڕێکنەخریت لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکدا.

چەند چارەسەرێکی سانا:
ژمارەیەک چارەسەری سانا هەن کە بەهەر گرۆیەک و بەهەر دەستەو تاقمێک و تەنانەت بەهەر تاکێکی بەرهەڵستکار دەکریت بەشداری تێدا بکات بەمەرجێک بتوانێت خۆی لە چوارچێوەیەکی بەئامانجدا ڕێکبخات و هەوڵ بدات کارەکانی بخاتە خزمەت هەردوو دەرئەنجامی سێیەم و چوارەمەوە. ئەمڕۆ سۆشیاڵ میدیا و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی، لە پێشمەرج و دەرفەتێکی زێڕینی خۆیدایە بۆ هەموو کەس، دەرفەتێکیشی داوە بەخەڵک تا بتوانن لەژێر ستەمی شاردنەوەی زانیاری ڕزگاریان ببێت. بۆیە دەکریت ئەو خەڵکانەی لە یەکەوە نزیکن و دەتوانن کارێکی پێکەوەی ئەنجام بدەن، دەتوانن ڕێگایەک بدۆزنەوە تا دەگەنە ئامانجێکی دیاریکراوی ڕێکخراو کە بژاردەی خۆیان بێت. بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەیان هەریەکێک لەم هەنگاوانەی خوارەوە گرنگن و کۆمەکی گەورە دەکەن بە پرۆسەی تێکشکاندنی خولگەی بەردەوامی گێلکردن:
١. فیربوونی زمانی ئاخافتن و تێگەیشتن بە زمانەکانی تری وەک ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و فەرەنسی...تاد.
٢. خوێندنەوە و بەدواداچوونی بەرهەم و هونەری گەلان و کۆمەڵگاکانی تر، تا بەهۆیەوە لەو یارییە بەدڕەوشتانەیەی ڕۆشنبیری دەربار ڕزگاریان ببێت کە هەمیشە بەشێک لە تێکستە بیانییەکان بە ئارەزووی خۆیان دەنووسنەوە و لە پرۆسەی گێلکردندا بەکاریان دەهێنن.
٣. گرنگی دان بەو بابەتانەی پێویستە لەسەری بوەستن و گومان و ڕامانی زانستی لەهەر پرسێک کەدەیبیستن یان دەیخوێننەوە، لەپێناو دوورکەوتنەوە لە پیرۆزکردنی نووسەر و بەگرنگ کردنی کەسایەتی "ڕۆشنبیر" دا.
٤. هەوڵدان بۆ گۆڕینی زانین بەکردار، تەنانەت ئەگەر کرداری چکۆلە و هەنگاوی زۆر سەرەتاییش بێت.
٥. بەرەنگار بوونەوەی هەموو ئەو قسە و باسانەی کە بانگەشە دەکەن بۆ قسە نەکردن، بە بیانووی بێسوودی قسەکردن و نووسین. چونکە بەردەوام بوون لە نووسین و پەخشکردنی نووسینەکان ڕێ بە کۆی ئەو بەرهەمانە کەم دەکاتەوە کە لە ئێستادا هەن و لەبازنەی سێکوچکەی ستەمکاریدا سوارچاکن.
٦. دوورکەوتنەوە لە ئایین و بەئایینی کردنی چواردەور، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت خەڵک بێبڕوا ببێت، بەڵکو پاراستنی کایە گشتییەکانە لە هەژموونە ئایینییەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئایینە بە کەرەستەیەکی گرنگی کۆمەڵایەتی وەک هەر دەستکەوتێکی تری کۆمەڵایەتی ئەگەرچی تەنانەت لەڕووی چییەتییەوە لەکاریشکەوتبن. بەکورتی گۆڕینی ئایین لە بۆ هەمووانەوە بۆ ئاینی تاک.
٧. خۆ ڕزگارکردن لەچێژ بینین تەنیا لە ڕێگای دەستکەوتە ماددییەکانەوە.
٨. خۆ ڕزگارکردن لەپەتا و گەورە دەردی بەناوبانگ بوون و بە شت بوون.
٩. هەوڵدان بۆ فێربوون تا بتوانین چێژ لەدەستکەوتی کار و چالاکییەکانی خۆمان وەربگرین.
١٠. هەوڵدان بۆ خاوکردنەوە تێکڕای ئەو پرۆسانەی دەسەڵاتی ستەمکار دەخوازێت بەرەوپێشیان بەریت، تەنانەت ئەگەر لە ڕووکاردا ڕوو لە پێشکەوتنیش بن.
تێبینی: بۆهەریەک لە بڕگە و پەرەگراف و خاڵەکان دەکرێت چەندین نمونە پێشکەش بکەین، بەڵام لام باشتر بوو، بەکراوەیی بیهێلمەوە بۆ پرسیاری زیاتر و ڕەخنەی زیاتر و تەنانەت پاراستنی کاتی زیاتری خوێنەریش.



No comments:

Post a Comment