بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





23/11/2019

نامۆیی لە بەرگی بێزارییدا



ڕۆژانە و ناو بە ناو دەبینین خەڵکێکی زۆر لەوانەی دەنووسن و دەیانەوێت شتێك بڵێن، بڵاوی دەکەنەوە کە بڕیاریانداوە ئیتر هیچ نووسینێك بۆ خوێنەرەکانیان بڵاو نەکەنەوە. کەچی ئەم بڕیارە کورتخایەن دەبێت و پاش ماوەیەك دەگۆڕێت. دەبینیت ئەو نووسەرانە دووبارە دێنەوە خزمەت خوێنەرەکانیان و لەسەر ڕووداوەکان دووبارە دەستدەکەنەوە بە نووسین. لە خۆیدا، نووسین و بڵاوکردنەوە بەتایبەت لە ماس میدیادا جۆرێك لە ئاسانکاری کردوە بۆ هەموو کەسێك کە بتوانێت بەبێ تێچوونێکی ئەوتۆ و بە کەمترین و کورتترین کات بتوانێت ببێتە نووسەرێك تا ڕادەیەك بابەت و باسەکانی بخوێنرێنەوە. هەروەها لە هەمان کاتیشدا هەر ئەم جۆرە لە میدیا بووەتە هۆی شێوگێك لە بێهیوایی بۆ هەرکەسێك بخوازێت لە ڕێگەی نووسینەوە کاریگەرییەکی بگۆڕ درووستبکات.
ئەم دیاردەیەی سەرەوە، زۆر کەس توشی نامۆیی دەکات و جۆرێك لە نائومێدی لە ناخیاندا دەچێنێت کە بەهۆیەوە هیلاکدەبن. کاتێك دەبینن پاش ماوەیەك لە هەوڵدان و کات تەرخانکردن بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەوانی تر بەو بیرکردنەوەیەی خۆی کار دەکات و لەڕووی کردارەوە بێ ئاکام دەردەچێت ئیتر دووچاری ئەم گرفتە دەبێتەوە. لە بنەڕەتەوە، ئەم دیاردەیە بە تەنیا بەهۆی ماس میدیاوە نییە، بەڵکو سروشتی ئەو بێ هودەیی و نامۆبوونەیە کە سیستەمی سەرمایەداریی درووستی کردوە و ئەم ژینگەیەی بە چەندین پلان و توێژینەوە خولقادندوە. جۆرێك لە هەلومەرجی ماددیی بۆ کولتوورێك هێناوەتە پێش زۆر خێرا و زوو هیواخوازی یان ئامانجداری پووچەڵ دەکاتەوە. ئەوەش لەوەدا دەبینرێتەوە کە زۆر بە ئاستەم دەتوانرێت لەو ژینگەیەدا تێز و تیۆر بکرێتە کردەوە، بە تایبەت کردەوەی ئەمڕۆ کە هەموویان پێویستییان بە توانای ماددی هەیە و سەرچاوە سەرمایەدارییەکان ڕێگری گەورە لە بە دەستخستنی ژیان دەکەن، بە بێ ئەوەی مرۆڤ ڕاستەوخۆ هەست بە مەترسی هەژاریی بکات. ئەمە ئەو دۆخەیە کە تێیدا سیستەمی سەرمایەداری دەگاتە یەكێک لە قۆناغە هەر باڵاکانی خۆی، کە بە پێی تیۆرە کلاسیکییەکان دەبێت لەم قۆناغەدا تووشی شکستی گەورە ببێت، بە تایبەت کە دەگاتە جێیەك ئامێر و ڕۆبۆت جێی بەشی هەرەزۆری هێزی کار دەگرنەوە، کەچی هێشتا ئەو سیستەمە دەتوانێت خۆی قورتار بکات لە کۆی ئەو قەیرانانەی بڕیارە تووشی ببێت و بە جۆرێکی تر لە دایكدەبێتەوە. سەرئەنجام بڕێك لە ئێمە تووشی شکست و بێهیوایی دەبێت، بڕێکی ترمان لای وایە کە ستەمکاری سیستەمێکی ڕەوایە و ژیان هەر بەوجۆرە دەبێت، بڕێکی زۆریشمان لەپەراوێزی هەڵەتاوێکدا (وەهمێك) ژیان بەڕێدەکەین.
لەوانەیە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی وردم نەخستبێتەڕوو یان نەتوانم لێرەدا ئەو هۆکارانە وەك پێویست درێژە پێ بدەم، بەڵام بەشێوەیەکی جدی ئەم پرسە دەبەسترێتەوە بە پرسی (پارە) وە. پرسی پارە ئەو نهێنییەیە کە لە ڕێگایەوە سەرمایەداری دەتوانێت هەموو شتەکان کۆنترۆڵ بکات. بۆ نمونە ئەوەی مارکس داوای دەکات کرێکارانی جیهان یەکبگرن، کە شکست دەهێنێت لەسەر دەستی ئەو نهێنییە شکست دەهێنێت کە خۆی پێی دەڵێت بتپەرەستی و ئەم بتپەرستییە لە چوارچێوەی ئامادەیی کارلێکەکانی پارەدا خۆی دەبینێتەوە.
بۆ ئەوەی زۆر ون نەبم و بگەڕێمەوە سەر سەرەتای بابەتەکە، ئەو نامۆیی و نائومێدییەی لە کەسێکی بکەردا لەسەر لاپەڕەکانی ئینتەرنێت درووست دەبێت بۆ ئەو نمایشە وەهمییە دەگەڕێتەوە کە تەنیا ناقایل بوون لە چوارچێوەی قسەدا دەهێڵێتەوە. مرۆڤ دەکاتە کەسێك بۆ ماوەیەکی وەهمی لە خۆی قایلە کە چی دەڵێت و چی دەنووسێت، نەك چی ئەنجام دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێوە کردارییەکەی لە ئەنجامی ئەم قایلبوونە ناچنێتەوە. بۆیە هەمیشە هەست ئەکات لە بەردەم فیلمێکی سینەمایی سەیردا دانیشتوە و بۆ چەند ساتێك دەچێتە بەرگی پاڵەوانی فیلمەکەوە، کاتێکیش فیلمەکە تەواو دەبێت و دێتە دەروەی سینەماکە دووبارە دەبێت ڕووبەڕووی ئەو کولێرەیە ببێتەوە کە ئەم پاڵەوانە بۆی پەیداناکرێت. ئینجا کێشەی ئێمە لە گەڵ ئەم فیلمەدا کێشەیەکی بەردەوامە، چونکە ئەم وزە سڕکەرە بەردەوامە لەسەر مۆبایلەکانمان، لەسەر تابلێت و کۆمپیوتەرەکانمان. ڕێکخستنی و پێبەخشینی هیوا و کات بەم کەرەستانە کارێکی ئاسان نییە، بە هەموو کەسیش ناکرێت. ئەمەش ماس میدیا دەکاتە ئەو کەرەستەیەی لە کۆی کەرەستەکەدا بە قازانجی خاوەنەکانی دەگەڕێتەوە نەك ئەوانەی شتی تێدا دەنووسن یان گوزارشت لە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەکەن. بۆیە دەبینین لە ڕێگای ماس میدیاوە چەندین شۆڕش و گۆڕانکاری ڕوودەدەن، کەچی دواتر کۆنترۆڵ دەکرێنەوە و دەکەونەوە خزمەت هەمان سیستەم، تەنیا ئەوانەی دەگۆڕدرێن بریتین لە کاراکتەرەکانی نمایشەکە. 

تا هاوڕێ نامۆ چیتر دووچاری ئەم تەڵەیە نەبێتەوە، پێویستی بە ڕزگار بوون هەیە لە کۆمەڵێك قەیران؛ لەوانە: قەیرانی نووسین لە پێناوی نووسیندا، قەیرانی ناسراوبوون و شت بوون، قەیرانی قسەی زۆر و کاری کەم، قەیرانی ئالوودەبوون بە میدیاوە، قەیرانی ئالوودەبوون بە هەواڵە بێ بایەخەکانەوە... تاد.