بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





13/05/2016

هەرجارەی باسێک ژمارە - ١٨

تەکنۆلۆجیای پەیوەندی و یۆتۆبیای دونیایەکی پێشکەوتوو

ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین و دەیبیستین سەرمەستی و سەرسامییەکی بێمانای مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەیە بەرامبەر تەکنۆلۆجیای پەیوەندی، کە خۆی لە پێشکەوتنی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و مۆدێلەکانی تەلەفۆنی مۆبایلدا دەبینێتەوە. سەرباری خێرایی پەیوەندی و بەیەکگەیشتنی نێوان مرۆڤەکان و ئاسان بوونی بەشێکی زۆر لە ئەرکە کارگێڕییەکان، بەهۆی ئەم پێشکەوتنەوە لە سی ساڵی ڕابردوودا، کەچی هیشتا تاودانی پێشکەوتن ڕوو لە دواکەوتن و بەها مرۆییەکانیش روو لە پاشەکشەن. هۆکاری سەرەکی بەهۆی ئەو یۆتۆبیایەوەیە کە بەگشتی وا باوە ئەم دۆزینەوە ئەفسووناویە ترۆپکی پێشکەوتنە، کە لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکییە لە خراپتر بوونی ژیانی مرۆڤایەتی بەبەراورد لەگەڵ ژمارەیەک لە دۆزینەوەکانی تردا. ئەم خراپتر بوونە ئەگەر بەشێکی گەورەی بکەوێتە ئەستۆی داهێنەران و بازرگانانی ئەو بوارە، ئەوا بەشی گەورەی لەئەستۆی سیستەمە سیاسییەکاندایە، بەتایبەت ئەو سیستەمانەی داکۆکی بێ چەندوچوون لە سیستەمی سەرمایەداری دەکەن.

دۆزینەوەکانی، گسکی کارەبا و بەفرگر و گەشەکردنی تەکنۆلۆجیای لە قتونانی خواردن و ئامێرەکانی جلشتن و وشککردنەوە و گەشەپێدانی تەکنۆلۆجیای بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی گەلێک زیاتر لە تەکنۆلۆجیای زانیاری کاریگەریان لەبەرزکردنەوەی بەها مرۆییەکانی کۆمەڵگای مرۆییدا هەبووە. تەوژمی پێشووی تەکنۆلۆجیا کات و وزەی زیاتر بە کارگەر بەخشی تا بەئاسانتر بتوانێت ژیان بەڕێبکەن و کاتیان هەبێت بۆ ڕامان لە ژیاندۆستی. بەگەشەی بێسنووری تەکنۆلۆجیای پەیوەندی ئەم کاتە لە مرۆڤی کارگەر دەسەندرێتەوە و سەربارەی ئەوەش بڕی ئەو زیادە باییەی لای کارگەر کە ئەشیا کەمێکی لێ کۆبکرێتەوە، ئەوا بەم ڕێگایە هەڵدەلووشرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەنتەرەکانی سەرمایەداری.

گرنگی ئەم باسە، لەوەدا نییە کە پێشکەوتنی هۆیەکانی پەیوەندی مەترسیدارن، بەڵکو سروشتی بازرگانی وڕێکخستنی بازرگانی پێیانەوە مەترسی سەرەکییە، کە کارێکی سیاسی و کارگێڕین.

هەندێ جار لامان وایە کە بەهۆی ئەم تەکنۆلۆجیایەوە جیهان بێسنوور بوە و پرۆسەکانی بەجیهانی بوون بەهۆی ئەم کەرستەیەوە چەند هێندە بوونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا سەدەکانی پێشووتر پرۆسەکانی بەجیهانیبوون باشتر بوو. گەر بگەڕێینەوە بۆ یەک دوو سەدە پێشتر ئەوا دەبینین سەرباری خراپی هۆیەکانی گواستنەوە، پەیوەندی نێوان گەلانی دونیا و سنووری نێوان دەوڵەتەکان ئاسانتر بوو لەم سەردەمە کەچەندین ڕێگریان بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری درووستکردوە. جگە لەوە لەژیر گوشاری ئەم تەکنۆلۆجیایەدا خەریکە سوودی جیاوازییە کولتوورییەکان قەلاچۆ دەبیت. لەم خاڵەوە دەردەکەوێت کە هۆکارە گرنگەکانی ڕێگری لەبەردەم کرانەوەی نێوان گەلاندا سیاسەتی حکومەت و دامەزراوە سەردەستەکانی دونیایە و بە پێچەوانەوە ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی کرانەوە و سەرمەستییەکانی تەکنۆلۆجیای پەیوەندیوە دەگوزەرێت دەرفەتێکی گەورەی بەخشیوەتە دامەزراوە ستەمکارەکانی دەوڵەت و حوکمڕانی تا باشتر ڕامی کۆمەلگاکانیان بکەن.

ئەم باسە گرنگییەکەی بۆ پێشینەیی بڕیار (الأولویة القرار) و بەگەڕخستنی سەرچاوە سنووردارەکان دەگەڕێتەوە. با لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو بڕوانین، ئایا کۆی ئەو خەرجییەی کوردستان لە مۆبایل و پارەی وەحدەی مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئامێر و فەنتازیای مۆبایل و بەرنامەکاندا کراون، بەشی چەند پرۆژەی گرنگی دەکرد کەدەیانتوانی ژیانی خەڵک و سروشتی کاری خەڵک بگۆڕن. من گەر لە گوندەکەی خۆمەوە بڕوانم، ئەوا گوندەکەمان پێویستی بە ئامیری پیشکەوتووی بژاری کێڵگە کشتووکاڵیەکان و پڕۆژەی ئاودێری و کارەبای بەردەوام زیاترە، هەر ماڵێک پێویستی بە گسکی کارەبا و ئامیری جلشتنی باش هەیە، دەبیت فێربکرێین چۆن ئاژەڵەکانمان باش بەخێو بکەین و بەرهەمەکانیان فراونتر بکەین، نەک هەر شوانێکی گوندەکەمان ئایفۆنێکی شەش و هەر منداڵێکمان ئایپادێکی بەدەستەوە بێت.