بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





16/10/2018

دوا چانص


مێژوو چۆن بوو بە مێژووی ئێمەی مرۆڤ! هێزە زەبەلاحەکانی دونیا بە چ شێوازێك توانیان کۆی ژیان لەسەر زەوی ڕام بکەن و بەوجۆرە ئاراستەی بکەن کە دەیانەوێت! ئەڵمانەکان بە هۆی چییەوە توانیان پاش تێکشکانی دوو جەنگ جارێكی تر وڵاتەکەیان لە ڕابردوو جوانتر دروستبکەنەوە! مصرییەکان بۆ لە هەموو وڵاتانی تری عەرەبی قووڵتر و وردترن لە بەڕێوەبردنی کارەکانی خۆیاندا سەرباری هەژاری وڵاتەکەیان و زۆری ژمارەی دانیشتوانیان! زۆری تێڕامانانە لەبەردەمماندان بۆ ئەوەی لە مەودایەکی دوور بڕوانین، بەڵام ئایا دەمانەوێت چی بڵێین. بەگشتی ئەو مێژوەی نووسراوەتەوە مێژووی سەرکەوتنەکانی مرۆڤە، ئەی کام مرۆڤ؟ گرنگیش ئەوەیە سەرەتا بزانین بەهۆی چییەوە سەرکەوتوو بوو، ئەی ئەو سەرکەوتنە تاکوێ دەڕوات؟ مرۆڤ کە یەکەمجار توانی چاڵێکی گەورە بکات و بیکاتە تەپکە بۆ گیاندارانی تر و لە ڕێگای ئەو تەپکانەوە ئەوانە ڕاوبکات کە بە ئاسایی بۆی ڕاونەدەکران؛ بۆ نمونە مامۆث، ئەو دەم ئەو توانی بە هۆی زۆری زانیاری و پرۆسێسکردنی زانیاری و دۆزینەوەی چارەسەرەوە بۆ گرفتە یەك لە دوا یەکەکان زاڵ ببێت بەسەر سروشتدا.
هزر و توانای بەگەڕخستنی ژیریی هێزێکی گەورە و گرنگە کە کۆی پێشکەوتنەکان ئاراستە دەکات و دەستکەوتەکانی دەچنێتەوە. هزرمەندی مرۆڤ تەنیا مەترسییەکانی ژیانی دوورنەخستوەتەوە لە خۆی، بەڵکو دەستکاری پێکهاتەکانیشی کردوە بە خۆشی ئارەزوەکانی خۆی.  هزری مرۆڤ بۆیە توانی بەشێکی گەورەی سروشت و زۆربەی هەرە زۆری گیانداران کۆنترۆڵ بکات، چونکە توانی بەهۆی زانیاری و پرۆسێسکردنی زانیارییەوە پێشبینی داهاتوو بکات و پلانی بۆی هەبێت و بەسەریاندا بڕیاربدات. ژیریش لە داهێنان و دۆزینەوەدا سنووردارە چونکە قەبارەی ئەو زانیارییەی کۆی دەکاتەوە و پرۆسێسی دەکات دیاریکراوە، بۆیە دەرئەنجامگیری نوێ و داهێنانیش سنوورێکی دیاریکراویان هەیە. وڵاتە پێشکەوتوەکان و بە تایبەت ڕۆژئاواییەکان کاتێك هاتن ژمارەیەکی زۆر هزریان کۆکردەوە و ڕێکیانخستن و ئاراستەی تواناییەکانیان کردن بەرەو ئامانجەخوازراوەکانیان توانیان دەست بەسەر گەلانی تر و کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بگرن و بەجۆرێك حوکمیان بکەن. هەموو ئەو هێزە زەبەلاحانەی ئەمڕۆ حوکمڕانی دونیا دەکەن، وەك چین و ئەمریکا و ئەوروپاییە ڕۆژئاواییەکان و یابانییەکان، هەموو بەهۆی ڕێکخستنی کاریگەرییەکانی هزرمەندییەوە ئەو توانایەیان بۆ دروست بوە.
وەك پیویستییەك بۆ کۆکردنەوەی چەند هزرێك لەدەوری یەك بابەت و ستراتیژێکی دیاریکراو گرۆ کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ هاتوون و سیستەمێکیان دروستکردوە و بەهۆی ئەو سیستەمەوە حوکمڕانی خۆیانیان پیادە کردوە. تا ئیستا بەبێ بوونی سیستەم، نەتوانراوە هزری پەرتەوازە کۆبکرێتەوە بە ئاراستەیەك ئەگەرچی چەندێکیش بەتوانا و بەهێز بووبن. تا ئێستا ئەوەی توانیویەتی زاڵ ببێت و ڕۆڵ ببینێت، سیستەمێكە هەڵگری ڕەوشت و ئەدگاری سەرمایەدارییە. ئەشێ لەسەردەمێك لە سەردەمەکاندا ئەم فەلسەفانە کاریان کۆکردنەوەی زۆرترین قازانجی ماددی بووبێت، بەڵام هەمیشە ئەم ئامانجەیان نەبوە! ئامانجێكی لەو جۆرە تەنیا کاتێك بەڕێوەبراوە، کە زۆرترین قازانجی ماددی تاکە هۆکار بوە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتەکان و درووستکردنی بڕیارەکان. واتە دەتوانین بڵێین هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بەلامانەوە وابێت کە سەرمایەداری تا ئێستاش مەراقی زۆرترین دەستکەوتی ماددی هەیە. بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ ئەوە تەنیا کەرەستەیەکە، ئەگەرنا ئامانجی سەرەکی بریتییە لە دەسەڵاتی بڕیاردان  لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی دەستکەوتە گشتییەکانی مرۆڤایەتی بە ماددی و نامادییەوە. ئەمەی دواییان بنەڕەتی ڕەوشت و ئەدگاری سەرمایەداری دیاری دەکات، بە تایبەت لەسەردەمی گەشەسەندن و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیادا قۆناغی بەرزترین و زۆرترین قازانجی ماددی ڕەتدەکات و دەگاتە ئاستێکی باڵاتر لە خواست. سەردەمێك دەهێنێتە پێش تەنانەت ئەشێ پیویستی بە بانکەکان و دراو و زۆر شتی بەرجەستە نەبێت.  
لە کۆی پرۆسەکانی مێژوودا ڕەوشتی سەرمایەداری توانای زاڵبوونی بەدەستهێنا، چونکە هەمیشە پشتی بە سروشتی گیاندارییە نا ژیرەکەی زۆریینە بەست و هات لە ڕێگەی ژیرییەکی کەمەوە کۆنترۆڵی کرد بە قازانجی بەردەوامی خۆی و مانەوەی کەمینەیەك لە دەسەڵاتی بڕیارەدا. ئەم ئاراستەیە لە باڵادەستکردنی سروشتی غەریزی لە دەست مرۆڤەکاندا بە ئەندازەیەك لە ژیریی سنووردارەوە، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دروستبوونی کردەوە ناژیرەکانی مرۆڤ لە قاڵبێکی ژیرانەدا. بڕوانە سەرهەڵدان و مانەوەی ئایینەکان و خۆگونجاندنیان لەهەر سەردەمێکدا، بڕوانە بەردەوامی دەوڵەتی نەتەوەیی و پاشهاتەکانی ژینگە کە بەهۆی دەوڵەتی نەتەوەییەوە دروست بوون، بڕوانە سروشتی کار و قازانج و دابەشکردنەوەی دەستکەوت و مۆدێلەکانی ژیان تا دەگاتە شێوگە جیاوازەکانی نەخۆشی و زۆری بێ بەرنامەی دانیشتوان...تاد.
داهاتووی مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، ئەو مەترسییەی مەودایەکی زۆرە زەنگی دوا چانصمان بۆ لێدەدات. لە سادەترین دەستنیشانکردندا لە زیرەکی دەستکرددا دەیبینینەوە (الذکاء الصناعی) یان Artificial Intelligence . ئەم زیرەکییە تا سنوورێك بەم ڕەوشتەی سەرمایەدارییەوە کێشە نەبوو، چونکە دەکرا بەرەوڕووی ببینەوە. ئەو سنوورەش سنووری دروستکردنی ڕۆبۆتێك بوو کە دەیتوانی هەندێ کاری تیا پرۆگرام بکرێت کە جێی مرۆڤ بگرێتەوە و هەندێ کار لە کۆڵ مرۆڤ بکاتەوە. هەرچەندە لەژێر دەسەڵاتی ڕەوشتی سەرمایەداریدا ئەم ڕۆبۆتە خەڵکی بێکار دەکرد، کەچی هیشتا پەراوێزێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەبوو! بەڵام، ئەمڕۆ لەبەردەم مەترسییەکی گەورەترداین کاتێك دەبینین زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بگاتە ئەو جێیەی لە مرۆڤ باشتر بیربکاتەوە و بەخێراییەکی زۆر تەنانەت هەستەکانی مرۆڤیش بەرجەستە بکات، یان تەنانەت بگاتە ئاستێك پێکهاتە ڕەوشتییەکانیشی تێدا پرۆگرام بکرێت و لە زۆر باردا لە مرۆڤ باشتر و خێراتر چارەسەری زانیارییەکان بکات و بڕیار بدات. ئەوە ئەو دەمە نزیکەیە کە لە ڕێگای زیرەکی دەستکردەوە ڕەوشتی سەرمایەداری و نابەرابەری و ستەمکاریی دەکەوێتە جەنگێکەوە لە گەڵماندا کە بە بریکارەکانی مرۆڤ و سیستەم جێبەجێی دەکات. ئەو بریکارانەی کە لە ڕووی توانایی هزرمەندییەوە لە ئێمەش خیراتر و دوورتر بیردەکەنەوە، ئەوانەی دەتوانن بۆ هەتا هەتایە بەردەوامی سیستەمی ناڕەوای جیاکارانەی سەرمایەداری بەردەوام بکەن.
ئەو پێشهاتانەی لەڕێماندایە لەپاش دوا چانصەوە، درووستبوونی چینێكە لە بێکار، کە لەبازاڕی بێکاریشدا نامێنن، ئەو بێکارانەی فرسەتی بەگەڕخستنیان نامێنێت، لەبەر ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە بێکەڵك دەبن، خاوەنی هیچ نابن، تەنانەت وەك پێویستیش زانیاریان نابێت. ئەمانە لە بەردەوامی ئەم سیستەمەدا دەکەونە بەردەم دووبژاردە کە ئەویش لە بڕیاری خۆیاندا نییە: تا ئەو شوێنەی سیستەمی حوکمڕان پێویستی پێیانە وەك بەکارهێن پانتایی ململانێی بەکارهێنان فراوان بکەن، ئەوان بەردەوام دەبن وەك بەکارهێنێكی بێکەڵك. لەو جێگایەش ئەم سوودەشیان نەما و بوونە بار بەسەر کۆی سیستەمەکەوە، ئەوا ناچار سیستەم دەبێت لە کۆڵیان بکاتەوە، بە هەر نرخ و سیناریۆیەك بێت.
ڕووکارێکی تری ئەم گرەوە ئەوەیە لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنی خەسڵەتە سۆسیۆبایۆلۆجییەکانەوە (ئیننەیت INNATE)، هەروەها ئەنجامی جیاکاری و پلەبەندی کردن لە دوورمەودادا بەردەوامی ئەم ڕەوشتە ڕەوتی پەرەسەندن ئاراستەدەکات. بەم پێشبینییەوە بەدووری نازانم گەر لە پێکهاتەی بنەڕەتیدا دوو جۆر یان زیاتر لە مرۆڤ درووست ببن. کە یەکێکیان تەواو سەردەست و ئەوانی تریان بندەست دەبن، ئەشێ لە ڕابردوودا و تائێستاش دوو جۆرە سەرەکییەکە لە مرۆڤ هەبووبن لەڕووی سایکۆلۆجییەوە، بەڵام  سروشتی بوونیان لەم دۆخەدا نابەرابەری سروشتی دروستکردوە. لەمەوپاش پرۆگرامکردنیان بۆ ئەوەی لە ڕووی سۆسیۆ بایۆلۆجیەوە کەمینەیەکی سەردەست و زۆرینەیەکی بندەست بن، مەترسییەکی گەورەیە و زۆرینەی دانیشتوان نەك بە کولتوور و بە پەروەردە دەکاتە مێگەل بەڵکو بە پێکهاتەی بایۆسۆسیۆلۆجی دەکاتە مێگەل و ئەشێ بە پێی پێویست وەك پەلەوەر و گۆتەڵ مرۆڤی بندەست بەرهەمبهێنرێت. دەگەینە قۆناغێك ئەگەر کاتی خۆی کۆیلایەتی بە ڕەنگی پێست بووبێت، لە داهاتوودا بە پێی چەند پشکنینێکی تاقیگەیی یان بەهۆی خوێندنەوەی چەند چیپسێکەوە دەبێت. ئەمەش ئەو ڕەوشتەی سەرمایەدارییە کە لە نێوان هەژموونی ئایینی و سێکیولاریزمی لیبراڵیدا مەزاجی پرۆگرامیستەکانی لێ دەردەپەڕێت.
دواچانص لەبەردەمماندا تەنیا ئەوەیە هەوڵێکی بێوچان بدەین بۆ ئەوەی داهێنان و دۆزینەوەکان لە چنگ ڕەوشتی سەرمایەداری ڕزگار بکەین، ئەو ڕەوشتەی پشت بە جیاکاری دەبەستێت لە پێناوی مانەوەی لە دەسەڵاتدا، ئەو ڕەوشتەی دەخوازێت لە بەرژەوەندی ئارەزوەکانی کەمینەدا بڕیارەکانی دابەشکردن هەمیشە لە دەستی ئەودا بمێننەوە. ئەم دواچانصە تەنیا تا ئەوکاتە لە بار دەبێت کە خودی ڕەوشتی سەرمایەداری دەبێتە پرۆگرامێك لەدەست هزرێکی دەستکرددا کە دەتوانێت لەخودی خاوەنەکەی ئازاتر و خێراترێك بیربکاتەوە و بڕیار بدات. پێکهاتەیەکی هزری دەستکردە کە جۆرێك لە پێویستی دەخولقێنێت داهێنەرەکەی لەدوورمەودادا ناچار دەکات کە تەواو گوێبیستی داواکارییەکانی ببێت، لەوێدا ئەو ڕەوشتە سەرمایەدارییە بە ئەندازەیەك باڵادەست دەکات کە بیرکردنەوەی مرۆیی و ژیاندۆستی و سروشتپارێزی توانای زاڵبوونەوەیان بەسەریدا نامێنێت.