بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





17/04/2017

یاریچی ژمارە (10)/ بەشی دەهەم و کۆتایی ٢-٣

نەخوازراو...بڕیاری سیاسی
گرفتی نۆستالجیا لە بڕیاری سیاسیدا





گرنگترین خاڵێک لە نێو خەسڵەتە کەسییەکاندا کە پێویست بێت دوا شیکارییە پێویستەکانی لەسەر بکەین پرسی نۆستالجیایە، بگرە لە هەموو دراوەکانی تر کاریگەرییەکانی زیاترە لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی نەوشیروان مستەفا، بەتایبەت کە بەشێکی گەورەیە لە پێکهاتەی کەسێتی ئەو. یان ڕاستترە بڵێین نۆستالجیا ڕێگری گەورەیە لەبەردەم نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی درووست بدات و هەمیشە ئەو بڕیارە گرنگانەی کە داوێتی، ئەو ساتانە بوون کە ئارەزوە نۆستالجییەکانی خۆی خستوونەتە لاوە و هەنگاوی بەسەر ئەو باوبوونەدا ناوە، کە بەداخەوە زۆر دەگمەنن.  زۆر ئاساییە پاش ئەو بنەما تیۆرییە خێرایەی لەخولگەی درووستکردنی بڕیاری سیاسیدا باسمانکرد و پاش ئەو بەراوردەی لەسەر سەرکردەی کاریزمی و سەرکردایەتی بە کۆمەڵدا خوێندمانەوە، هەروا بە سەرپێی، بەدوای ئەو ژیربێژییە شیاوەدا بگەڕێین کە نەوشیروان مستەفا کاریپێکردوە لە بڕیاردانی سایسیدا. چەند ئەو ژیربێژییە شیاو بوە لە ساتەوەختی خۆیدا ئەوەندەش لە ڕووی ستراتیژییەوە بە زیان بوە بۆ خودی ئەو گۆڕانانەی کە خۆی خەونی پێوە بینیون، نەک ئەو گۆڕانانەی کە لە سنووری بیرکردنەوەی ئەو باڵاتر بوون. بزانین چۆن!

تەنیا با خاڵی سفر وەربگرین، وەک دانە خاڵێکی ماتماتیکی، ئەوا سفر لە ئاستێکی نزمی ماتماتیکدا لەگەڵ سفرێکی تردا کۆیان بکەینەوە هەر دەکەنە سفر. بەڵام ئەم دراوە (سفر) بەواتای هیچ کە یەتە دونیای فەلسەفاندنی ئاستە بەرزەکەی ماتماتیک لە خۆیدا یەک پانتایی فراوان لێکدانەوە هەڵدەگرێت و زۆر لەوە زیاترە کە ئێمە تەنیا وەک ئاماژەیەکی ژمارەیەیی سەیری بکەین. ئەم پرسەش بەو جۆرەیە، کاتێک بڕیارەکانی سەرکردەیەکی سیاسی وابەستە دەبێت بە نۆستالجیاوە ژیرانە دەردەکەون لە بارەکانی ساتەوەختی بڕیارەکاندا، ئەوەش بۆ ئاستێکی نزمی لێکدانەوە ڕاستە! ئینجا با بێین و قوڵ لێی وردببینەوە، دەبینین جیاوازترە لەوەی کە پشتیوانی لە ڕایەک بکەین یان دژی بوەستینەوە هەروا بە خۆش خەیاڵی یان سنوورداری بیرکردنەوەی خۆمان. بۆ ئەوانەی یاری شەترنج دەزانن، هەندێ کات هەیە یاریچییەک داشێکی گەورە دەدات بە دەستەوە بۆ ئەوەی پلانێکی کوشندە بۆ ڕکابەرەکەی جێبەجێ بکات و بە بردنەوەی خۆی کۆتایی بە گەمەکە بهێنێت! ئەم هەنگاوە، زۆر کاڵفامانە دەردەکەوێت بۆ تەماشاوانێکی سەرەتایی لە یارییەکەدا، کەچی زۆر ئاسایی دەردەکەوێت بۆ ئەوانەی لە دانایی و نهێنییە قوڵەکانی یارییەکە شارەزان. بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا نە تاقیگەی باشی شیکردنەوەی سیاسیمان هەبوە نە پرسی فەلسەفەی سیاسیش پرسێکی هێندە گرنگ بوە تا بتوانین بەهۆیانەوە لە قوڵی یارییەکان تێبگەین، یان لە ڕێگایانەوە وەک کەرەستە پەی بە ڕووداوەکان بەرین بەر لە تێکەوتن و دەستەویەخەبوون لەگەڵیاندا. ئەشێ وەک تاک خەڵکێکی زۆر هەبووبن درکیان بەو خەسارناسیانە کردبێت لە کاتی خۆیدا، بەڵام بە پرۆسە و بەکاری بە کۆمەڵ نەبوونەتەوە و لە نسێی ڕووداوە گەرمەکاندا ون بوون. بەگشتی نۆستالجیا بە پێناسە نوێیەکەیەوە یەکێکە لە گرنگترین ئەو کۆدانەی بڕیاری سیاسی پێ بەڕێوە چوە و لە نائامادەیی ئەو تاقیگە و ئەو دەرفەت و تێڕوانینانەدا ئاساییە و هەر دەبێت نۆستالجیا قەرەبووی پارسەنگدانەوەی ڕەوانی بڕیارە سیاسییەکانی کردبێتەوە. یەکێکە لەو پرسانەی وەک پێویست باسمان نەکردوە و ماوەتەوە بۆ ئەم کۆتاییانە، کە خودی ئەم سروشتە لە هەموو مەسەلەیەکی تر زیاتر کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی نەوشیروان مستەفا هەبوە و بەهۆیەوە زۆر پرس هەن لە ژیانیدا ئەگەرچی لە کۆمەڵگادا بە گەشاوە سەیر دەکرێن و لە مێژوودا بە نمونەی باڵا تومارکراون، بەڵام لە ڕووی زانستیەوە هێشتا لە ژێر پرسیاری نەوەکانی دوای خۆی ڕزگاریان نەبوە و نەبوونەتە وەڵام، یان گەر دوا وەڵامیش بن کێشانە نەکراون و نمرەیان بۆ دانەنراوە، بۆ نمونە:
* ئایا گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ کوردستان و تەواو نەکردنی دکتۆراکەی وەک بڕیار چۆن هەڵبسەنگێنین؟ بڕیارێکی سیاسی تاکە کەسییە مێژووی چەندین بزووتنەوەی جۆراوجۆری ئەو سەردەمە دەگۆڕێت.
* ئایا پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی تیۆری مارکسی لینینی لە ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەدا چۆن هەڵبسەنگێنین؟ بڕیارێکی سیاسییە و مێژووی بزاوتە سیاسییەکانی سەردەمی خۆی و دواتریش هەڵدەدێرێتە نیو خەباتێکی ناسیۆنالیستی پێنەگەیشتوەوە.
* ئایا هەڵوەشاندنەوەی خودی ڕێکخراوی کۆمەڵە لە ناو یەکێتیدا چۆن سەیر بکەین؟ خۆ کوژییە یان لە دەست دەرچوونی تفەنگێکە بە مەبەست؟
* ئایا دروستکردنی گۆڕان هەنگاوێکە تا چ ئەندازەیەک ڕاستە؟ یان بەو شێوەیە چەند گونجاو بوو؟ گۆڕان بۆ ئەوە درووست بوو هەموو هێزە نەیار و تۆوەکانی بەرهەڵستکاری ئیحتیوا بکات یان بۆ کۆکردنەوە و ئاراستەکردنیان بوو؟
* بۆ دەبێت چوونی گۆڕان بۆ ناو حکومەت بە هەڵە بزانین و لە چییەوە سەرچاوەی گرتوە؟ نەوشیروان مستەفا بژاردەیەکی تری پێ نەبوو، یان هەرئەوەندە دەیتوانی لە بەرهەڵستکاریدا بمێنێتەوە. ئالوودە بوو بوو بە شیرینی دەسەڵاتەوە (نۆستالجیای یەکێتی بوون) یان هاوڕێ و هاوخەباتە دێرینەکانی ئەم کارەیان پێ کرد؟
کۆمەڵێک پرسیاری بێ شوماری تری لەم جۆرە، کە لەوانەیە تەنیا لە کۆتاییدا چەند دانەیەکی گرنگ و کەمێکیان وەک نموونە لێ هەڵبژیرین بۆ ڕاڤەکردن و تێگەیشتن لە بڕیاری سیاسی کوردی (مەبەستی سەرەکی خودی نەوشیروان مستەفا نییە، وەک هەموو جارێک)، هەر بۆیە سەرەتا قسە و باسمان لەسەر ئەو میکانیزم و هۆکارانەیە کە ئەم بڕیارانە درووست دەکەن، نەک خودی بڕیارەکان. لەخۆیدا هۆکار زۆرن بۆ داڕشتنی ئەو بڕیارانە، بەڵام یەکێک لە هۆکارە ڕیشەییەکان کە وا لە یاریچی ژمارە (10) ئەکەن ئەو بڕیارانە بدات، ئەو سروشتە نۆستالجییەیە کە پێشتر ئاماژەمان پێداوە و لەبڕگەی دووی ئەم بەشەدا میکانیزمەکەی باسدەکەین.

سەرکردەکانی کورد بەگشتی لەدۆخی تەباییاندا دەبنە برا بۆ یەکتر و هەمیشە لە شین و شایی یەکتریدان! لە ناتەباییشدا دەبنە دوژمنی باوەکوشتەی یەکتر (هەر ئەڵێی پەروەردەی باوانێکی قومارچین و لە ژیانیدا ئەم باوانە نەیتوانیوە وانەیەکی ڕێز و خوشەویستیان فێربکات[1]). لە نێو ئەم سیاسەتمەدارانەدا هەرگیز ناتوانن هاوپیشەبن (سیاسی بن) و ناتەبابن و پێکەوە کاربکەن. یان هەرگیز ناتوانن هاوڕێ بن و هاوڕا نەبن. ئەمەش پەیوەندییەکی زۆری بە کولتووری سیاسییەوە هەیە و بوەتە خاڵێکی زەقی کەسایەتی سیاسی و بەشێکی گەورە لەو کولتوورە سیاسیەی کە نۆستالجیای داگیرکردوون و زوو زوو بۆی دەگەڕێنەوە. واتە هەرکات یەک دەبیننەوە لەدوو فۆرمی ڕق و خۆشەویستی یان ڕەش یان سپیدا یەکتر دەدۆزنەوە. بۆیە لەهەر کاتێکدا باوەڕی تەواویان بە یەکتر نەبوو ناچار بوون مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، ناچار دەبن بە درۆ لەگەڵ یەکتردا بجووڵێنەوە، بۆ نمونە دڵی پڕ گەردوو ڕەشییە بەرامبەر بە دژەڕا و دژە بەرژەوەندییەکەی، کەچی لەبەر ئەوەی ناتوانێت ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات (لەبەر زۆر هۆکار)، ئەوا ناچارە ناخ ڕەشێکی ڕوو سپی بێت، هەندێ جار پێچەوانەکەشی درووست دەبێت و لە هەموو بارەکاندا کارەکان بەرکارەکەی ناڕاستی و فێڵ و تەڵەکەبازی دەبن! هەر بۆیە کەشێکی گشتیان درووستکردوە بریتیە لە درۆکردن، واتە ئەوەی بەشداری کاری سیاسی کرد درۆ لەگەڵ یەک و دوو دەکەن. ئەمە دەقاودەق لە پرسی نۆستالجیادا هەندێک لەم درۆکردنە چارەسەر دەبێت و تیماری برینە دەروونییەکانی پێ دەکرێت.

سەبارەت بە پرسی ئەم درۆکردنە بەرفراوانەی ناو سیاسەت لە کوردستاندا، یاریچی ژمارە (10) یەکێکە لەو کەسانەی بەشێکی زۆر لەم خەسڵەتانەی تێپەڕاندوە، بە درێژایی مێژووی خۆی بە دەر لە تاکتیکی سیاسی ڕۆژانە، ئەوەی هەیبووبێت بەرەوڕوو بە نەیارەکانی وتوە و سڵی نەکردوەتەوە، تەنانەت بە کردەوەش دژایەتییەکانی خۆی بۆ هەر کەس و هەر تاقمێک یەکلایی کردوەتەوە. بڕوانە لە دوا ساڵەکانی دەیەی یەکەمی دووهەزاریشدا ڕاشکاوانە دەڵێت: "من ئامادەم، با هەموو پێکەوە بچینە بەردەم دادگای مێژوو، با هەرکەس سزای تاوانەکانی خۆی وەربگرێت"[2] ئایا ئەو مێژوە چۆن ئەو دادگاییە دەکات؟ ئەشێ هێشتا تەواو نەزانراو بێت، ئەوەی گرنگە ئەم خەسڵەتە باشە پڕ جورئەتەی نەوشیروان مستەفا هێشتا هەر نۆستالجی ماوەتەوە و سنووری شەهامەتی گشتی تێنەپەڕاندوە تا ببێتە میتۆدێکی پەراوەکراو لە سیاسەتی کوردیدا و ببێتە شێوگێک بۆ کاری سیاسی، ببێتە بەشێک لە پەروەردەی سیاسی تەنانەت بۆ نزیکترین کەسەکانی دەوروبەری خۆی. ئەمە ئەوە پیشان دەدات کە ڕەگەزی پەروەردەکردنی سیاسی بۆ دوای خۆی لەم سەرکردەیەدا لاوازە، کە ئەوەش هەر بەهۆی گرفتی نۆستالجیەوەیە، ئەگەر بەرەوڕووی خۆشی لەگەڵیدا بدوێیت، وەک هەموو جارێک دەڵێت: "خۆ من مەکتەبم دانەناوە خەڵک فێری سیاسەت بکەم ئەوە ئیشی زانکۆکانە" یان دەڵێت: "خۆ من مزگەوتم نییە نەسیحەتی خەڵکی تێدا بکەم"[3].

بۆ ئەوەی بچینە دونیای کاریگەرییە نۆستالجییەکانەوە ئەم نمونەیەی خوارەوە دەگێڕمەوە کە دەقی گفتۆیەکە لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا[4]:

شوێن: گردی زەرگەتە "مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان"
بۆنە: گفتوگۆیەکی هاوڕێیانە بەر لە کۆبوونەوەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ چەند چالاکەوانێکی مەدەنی!
کات: مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٩
ئەم چاوپێکەوتنە لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی نەوشیروان مستەفا بوو لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکەوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی (کە من بۆ خۆم یەکێکیان بووم). هەر بەسەر پێوە لەبەردەم ژووری کۆبوونەوەکەدا چەند کەسێک وەستابووین کاتێک کە نەوشیروان مستەفا هاتە ئەوێ و پاش سڵاو گۆڕینەوە و هەواڵپرسی، بەم جۆرە دەستمان پێکرد:
نەوشیروان مستەفا: برادەران دەدەقەیەک بوارمان بدەن، لەگەڵ کاک سۆران حەز ئەکەم بەتەنیا چایەک بخۆینەوە و دواتر دێمە خزمەتتان.
سۆران کۆستە: فەرموو کاک نەوشیروان.
ڕێمان بڕی بەرەو کافتریاکەی ناو گردەکە، کە چەند مەترێک لەبەردەم ژووری کۆبوونەوەکەوە دوور بوو، ئیدی پاش هێنانی چاکانی خۆمان لەسەر مێزێک دانیشتین، سەرباری ئەوەی کافتریاکە زۆر قەرەباڵغ بوو بەڵام ئێمە دوو کورسی و مێزێکمان بەرکەوت. پاش کەمێک لە هەوالپرسی!
نەوشیروان مستەفا: کاک سۆران تۆ وەک ڕۆشنبیرێک ئەوەی من بزانم ماوەیەکی زۆرە لە ڕێکخراوەکاندا کاردەکەیت، بەڕای تۆ ئێمە چی باشە بیکەین؟
سۆران کۆستە: من ڕام وایە یەکەم شت، ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانەی خەڵک و ئەم هەموو پشتیوانییە لە چوار چێوەی ڕێکخراوێکدا ئۆرگانیزە بکرێت و هەرکەس بەرپرسیارێتی و ڕۆڵی خۆی دیاری بکات و بەڕێزیشتان ئەم هەوڵانە کۆ بکەنەوە و ئاراستەی بکەن، بەرەو ئامانجەکانی ئەو پەیڕەو و پرۆگرامەی بۆ هەڵبژاردن دانراون.
نەوشیروان مستەفا: بەڵێ ناچارین ئەوە دەکەین، بەڵام ئەوەی تۆ دەیڵێیت لەوە دەچێت پەلەت بێت بیکەینە حیزب، منیش دەمەوێت جارێکی تر خۆم لە حیزب بە دوور بگرم، چونکە حیزب مەکتەبی سیاسی دەوێت و دیسانەوە تەکەتولکاری و دیسانەوە خەڵک دەکەونەوە جاسووسی کردن بەسەر یەکەوە بۆ ئەوەی من یەکێکیان بخەمە پێش ئەوی تریان.
سۆران کۆستە: کاک نەوشیراون خۆ ئەمە ڕاپەڕین نییە، ڕاپەڕینیش بێت ناکرێت خەڵکی هەر ئاوا بە پەرتەوازەیی بمێنێتەوە، کە ڕێکیشمانخست دەبێتە ڕێکخراو، لات وایە ئەم ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و شتە چارەسەری کێشەکان بکەن و بتوانن مەسەلەکان بەڕێوە بەرن بۆ مەودای دوور؟
نەوشیروان مستەفا: بێگومان نەخێر، بەڵام هەنگاوی گرنگن، با واز لەوە بهێنین، چونکە کاتمان کەمە، تۆ وەک کەسێکی ئەو ڕێکخراوەکانە چیت پێ دەکرێت بۆ ئەم بزووتنەوەیە؟
سۆران کۆستە: کاک نەوشیروان من ڕێکخراوێکی باشم لە بەردەستایە بە بودجەیەکی ساڵانەی کەم و بە کاری خۆبەخشانە لە گەڵ هاوڕێکانمدا زۆر هەوڵمانداوە شتێک بە شتێک بکەین. بەشێکی زۆری ئەو خەڵکەی ساڵانێکە لەلای ئێمە پەروەردەکراون ئیستا بەشێوەیەکی خۆڕسک بوونەتە بەشێک لەم جووڵانەوەیە. من ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بیانیم لەبەردەستە بێ بەرامبەر دەیانهێنمە کوردستان و بە پێی پرۆگرامی خۆمان لەو کۆرسانەدا کە هەمانە ئەو وانانەیان پێ دەڵێینەوە کە گەنجی لەو جۆرەیان پێ پەروەردە دەکەین. ئەوانەی لە ئەوروپاوە دەیانهێنین هەمووی خاوەنی بڕوانامەی بەرزن، دکتۆرا و ماستەری نوێیان تێدایە لە باشترین زانکۆکانی ئەوروپاوە دێن، بۆیان گرنگە ئێمە لێرەوە پاش ماوەیەک نامەیەکیان پێ بدەین کە لەلای ئێمە کاریان کردوە و ئەزموونیان هەیە، بۆ ئێمەش گرنگە تازەترین زانیاری و دید و تیۆرەکانی ئەوان وەرگرین، هەیانە خۆیان بلیتی تەیارەکانیان دەبڕن و بە سوپاسەوە دێنە ئێرە بۆ کارکردن.
نەوشیروان مستەفا: ئەمانە چۆن ئەوە بۆ ئێوە دەکەن، بەرنامەکە کێ دایناوە؟
سۆران کۆستە: ئێمە خۆمان هاوکارەکانم و من لێرە بەرنامەکانمان داناوە، خوێندنێکی تایبەتە خۆمان دیزاین و بەرنامەڕێزیمان بۆ کردوە، جاری وا هەیە بۆ هەندێ پرسی کارگێڕی نەبێت بۆ ڕێکخراوەکەش ناگەڕێینەوە، ئەوەندە متمانە و سەربەخۆییمان وەرگرتوە دەتوانین کاری باشی پێ بکەین و هەموو لە قازانجی خەڵک بێت.
ئەگەر ئێوە گەنجمان بۆ بنێرن، گرنگ نییە کێ دەنێرن، گرنگە ٣٠ ساڵ زیاتر نەبن و قۆناغی ئامادەییان بە سەرکەوتوویی تەواوکردبێت. ئەو کات ئێمە لە ماوەی شەش مانگ بۆ دوو ساڵ دەتوانین لە کادری ناوەندیەوە خەڵک پێبگەیەنین تا دەگاتە سەرکردەی مەیدانی و لەگەڵ تێپەڕ بوونی کاتدا سەرکردەی سیاسی باشیشیان لێ دەردەچێت. ئەم خزمەتەی ئێمە ئەگەر ئێوە پشتیوانی بکەن لە داهاتوودا ڕابەرییەکی جیاواز پێشکەش بە سیاسەتی کوردی دەکەین، ئەوەش لە خۆیدا زۆر کێشە چارەسەر دەکات. بەڵام کاک نەوشیروان کارەکەی ئێمە مەرجێکی چکۆلەی تێدایە بۆ ئەوەی سەرکەوێت. ئەگەر کەسێک لەو خولانەی ئێمەدا پەروەردە ببێت و بگەڕێتەوە ناو جووڵانەوەکە دەبێت کاریان پێ بسپێرین بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدەست بهێنین، نەک لە پرسگە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بە مۆنتێر و پەیامنێر دایانمەزرێنن یان بیانکەین بە کاتب لە ناحێیەک لەسەر بەش و پشکی لیستێکی هەڵبژاردن.
نەوشیروان مستەفا: ئەوەی تۆ باسی دەکەیت پەیمانگایەکی کادرانی ترە، من ئەوەم ناوێت، باوەڕم نییە ئەوە هیچ بە هیچ بکات، تۆ بڵێ بۆ؟ با دوو شتت بۆ باس بکەم: یەکەم، ئێمە ساڵانێک پەیمانگای کادرانمان هەبوو لە ناو یەکێتی، ئەم پەیمانگایە نەیتوانی کادرێک پێبگەیەنێت یان کەسێک بکات بە سەرکردە، ئەوەی خۆی باش بوو باش دەرچوو ئەوەی باش نەبوو هیچی لێ سەوز نەبوو بەهۆی پەیمانگای کادرانەوە. پەیمانگای کادران تەجروبەیەکی فاشیلە. دووهەم، من بە درێژایی ئەزموونی خۆم، دەتوانم ئەوە بڵێم کاتێک پێشمەرگە بووین، ئەوەی دەهاتە دەرەوە گرنگ بوو ٤٠ ڕۆژ پێشمەرگایەتی فیعلی بکات، کە ئەڵێم فعلی مەبەستم ئەوەیە جەولە بکات، بچێتە شەڕەوە، حەرەسیات بگرێت، ئوسوڵی معامەلەی دێهات فێر ببێت...تاد ئەو کات ئەگەر ئەو پێشمەرگەیە خۆی بەڕەوشت بوایە تا سەرکردایەتی نەدەوەستا، شەقاوەشیان تیابوو هەر گەیشتنە سەرکردایەتی. بەکودییەکەی ئەگەر بە ئەدەب بوایە و  شەهید نەبوایە بە دڵنیایەوە دەبوە سەرکردە. با پێشت بڵێم، ئەوەی نەتوانێت لە پرسگەیەک کار بکات، ناتوانێت ببێتە سەرکردەش.
سۆران کۆستە: بەڵام ئەوانەی لە پەیمانگای کادران وانەیان وتوەتەوە کێ بوون؟ بەرنامەکەیان چی بوە؟ چیان خوێندوە؟ خۆ ئێمە ئەوە دووبارە ناکەینەوە. ئەوەی من داوامە بە بەرنامەیەک کار بۆ ئەوە بکەین، چونکە من دەیانبینم ئەو هەموو شۆڕشگێڕە ڕاپەڕیوەی ئەمڕۆ، کاتێک دێنە کۆبوونەوەکانەوە وشەیەک لای خۆیان یاداشت ناکەن، نازانم ئەم هەموو کادرە پێنج ئەستێرەیە چ زاکیرەیەکیان هەیە دوو سەعات قسە ئەکەن هەموویان لە بیر دەمێنێت؟
نەوشیروان مستەفا: بەهەر حاڵ چاکەشت نەخوارد سارد بوەوە، با بڕۆین بۆ کۆبوونەوەکە، ئەوەی تۆ باسی دەکەیت قسەی زۆرتر هەڵدەگرێت جارێ بەکەڵکی ئەم یەک دوو مانگە نایەت.
گفتوگۆکەمان تەواو بوو، من دواتریش لەو دانیشتنە و لە کۆبوونەوەکە تێگەیشتم، هیوا لەسەر نۆستالجیا هەڵناچنرێت، بەڵام با جارێ بەردەوام بین بزانین بە کوێ دەگەین لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیەدا.   

چەمکی نۆستالجیا لەلایەن پزیشکی سویسرایی (Johannes Hofer 1669-1752) بۆیەکەمجار وەک رەنگدانەوەیەکی سایکۆلۆجی و نیشانە سایکۆلۆجییەکان خرایەڕوو. هوفەر، سەرەتا وێنای نۆستالجیای وەک نەخۆشییەک باسکرد، بەتایبەت نەخۆشییەکی نیرۆلۆجی. یەکێک لە نیشانەکانی ئەوە بوو کە کەسی نۆستالجی بەبەردەوام بیر لە شوێنی بنەڕەتی خۆی بکاتەوە و بەردەوام خەمی لێ بخوات، بەوهۆیەوە نائارام بێت، هەست بە ناڕیکی لێدانی دڵ و نەمانی ئارەزووی خواردن و هیلاکی زۆر و تەنگی هەناسەی خۆی بکات [5](McCann, 1941).

لەسەرەتای سەدەی ١٩ دا پێناسەی نۆستالجیا کەمێک گۆڕانی بەخۆیەوە بینی. کە چیتر وەک گرفت و ناڕێکییەکی نیورۆلۆجی سەیر نەدەکرا، بەڵکو لەبری ئەوە وەک خەمۆکی سەیر دەکرا (McCann, 1941; Rosen 1975). بەڵام ئەم چەمکە هەر بەشیوەی ناڕێکی دەروونی دەدرایە پاڵ خەڵک هەتا سەدەی بیستیش. توێژەرانی بواری داینامیکای دەروونناسی بەشێوەیەکی باو وەک یەکێک لەخەمەکانی کۆچبەر سەیری کێشەکەیان دەکرد (Frost, 1938, p.801). هەمیشە نۆستالجیا وەک یەکێک لە پرسەکانی هۆگر بوون بە نیشتمانەوە باسی لیوەکراوە و لایەنە دەروونییە پەیوەندیدارەکانی ئەو پرسە لە چوارچێوەی نۆستالجیادا شیکراونەتەوە. بەڵام تەنیا لە دوای نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمەوە چەمکی نۆستالجیا خوێندنەوە و فەرمانی تری لەخۆگرت (Davis 1979). بۆنمونە داڤیس ئەوە دەخاتە ڕوو کە خوێندکاران هاوشانی سەردەمی کۆن و مناڵی و بیرکردن و چەند وشەیەکی تر لەگەڵ نۆستالجیادا بەکارهاتوون زیاتر لەوەی لەگەڵ نەخۆشی بیرکردنی نیشتمان بەکار بێت، کە ئەوە پێشنیار دەکات جیاوازی لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا بکرێت.[6] هەروەها چاپی نوێی ئۆکسفۆرد لە ساڵێ 1998 ەوە نەخۆشی بیرکردنی نیشتمان بەم شێوەیە پێناسە دەکات: بیرکردنێکی پڕ سۆزی زۆری نیشتمان لەو ماوەیەدا کە کەسێک لێی دووربێت. بەڵام پێناسەی نۆستالجیا بەم جۆرە دەکات: ڕۆچوونێکی بەهێزە بەناو بیرکردنی پڕ سۆزی زۆر بۆ ڕابردوو[7].

لەماوەی ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا تویژەر و ئەکادیمییەکان قسەیان لەسەر نۆستالجیا کردوە و لەنێوان نەخۆشییەکی مێشکەوە تا گەیشتوە بە یادەوەرییەکی پڕ سۆز و خۆشی دەرئەنجامیان نووسیوە. کە سەرەتاکەی بە ١٦٨٨ دەستپێدەکات و تا ١٩٣٤ دەخایەنێت. لەیەکێک لە توێژینەوەکاندا بەوە دەستپێدەکات کە سەدەی بیست بە یۆتۆبیا دەستی پێکرد و بە نۆستالجیا تەواو بوو. ئەم دەربڕینە دەربڕینێکە گوزارشت لە تێڕوانینی سیاسی دەکات بۆ سەدەیەک، کە لە بەدبەختییەکانی سەردەم دەدوێت و لای وایە گەشبینی بۆ داهاتوو لە بیروباوەڕەکاندا لە پاشەکشەدایە لە کاتێکدا نۆستالجیا بۆ ڕابردوو لە پاترۆنەکان ناچێتە دەرەوە و بەردەوام خۆی وەک مۆدێلێک دەبینێتەوە. هەر بەو پێیە نووسەر و توێژەرەکانی بواری دەروونناسی دابەش بوون لە نێوان ئەوانەی باوەڕیان وایە کە نۆستالجیا هەستێکی سەرەکییە یان هەستێکی لاوەکییە و هەر بەو جۆرەش لەدەرئەنجام و مشتومڕەکاندا زۆر ڕێک ناکەون[8].

لێرەدا ئەوەی لە نۆستالجیادا بۆ ئێمە گرنگە چەمکەکە نییە وەک  نەخۆشییەک، بەڵکو ئەو دیاردە مێژوویەیە کە لەهەست و سۆزدا بەرجەستەدەبیت. لێرەوە سێ خاڵی سەرەکی دادەنێم: یەکەم؛ نۆستالجیا شتێک نییە دژ بە مۆدێرنە بێت، بەڵکو هاوچەرخێتی. پێشکەوتن و نۆستالجیا دوو تەنن وەک ئەوەیە یەکێکیان لە ئاوێنەدا بێت و ئەوەی تریان لەبەرامبەر ئاوێنەکە، کە وێنەی یەکتر پیشان دەدەنەوە. نۆستالجیا دەربڕینێک نییە بۆ سۆز و میهرێکی خۆجێی (لۆکاڵی)، بەڵکو ئەنجامی تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ کات و شوێن کە دەتوانێت بەهۆیەوە خۆجێیەتی و گەردوونی دیاری بکات. بەکورتی:
((فەنتازیای ڕابردوە، بەهۆی پێویستییەکانی ئێستاوە نمایش دەکرێت کە کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر واقعی داهاتوەوە هەیە)).
دووهەم؛ نۆستالجیا وا دیارە کە پڕسۆزییەک بێت بۆ شوێن، بەڵام لە ڕاستیدا بیرکردنێکە بۆ کاتێکی جیاواز- کاتی منداڵی، ریتمێکی هێواشتری خەونەکانە بەرەوداهاتوو. لە هەستێکی فراوانتردا، نۆستالجیا جۆرێکە لە هەڵگەڕانەوە و یاخی بوون بەسەر کاتدا بەواتا پارێزگارانەکەی (کۆنزێرڤاتیڤەکەی)، کاتی مێژوویی و کاتی پێشکەوتن. خواستی نۆستالجی هەوڵێتی میژوو بەئەفسانەی تایبەتی یان بە گشتی بکاتەوە، بۆ ئەوەی بچێتەوە ناو کات وەک شوێن، بەم شیوەیەش یاخی دەبێت لە نەگەڕانەوەی کات، ئەو کاتی ئەو دۆخەی مرۆڤی گیرۆدە کردوە. لەم بارەدا ڕابردووی نۆستالجیا، لەلایWilliam Faulkner، نابێتە خودی ڕابردوو. ئەکرێت بە دڵنیاییەوە کاتێکی باشتر بێت، یان هێواشتر بێت- کاتێک لەدەرەوەی کاتدا، نەبەسترابیتەوە بە ژوانی ناو کتێبەکانەوە و تەنیا تیۆر پیشان نەدات و بیەوێت لەسەر زەوی سەوز ببێت و دیار بێت، هەناسە بدات و نمایشێکی تری هەمان ژیانی شوێنێکی تر بکات.
سێیەم؛ نۆستالجیا، هەمیشە گێڕانەوەیی نییە، ئەکرێت پێشبینیکردن بێت. فەنتازایاکانی ڕابردوو، کە لەچوارچێوەی خواستەکانی ئیستادا بێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕاستییەکان و داهاتوو هەیە. لەبەرچاوگرتنی داهاتوو، ئێمە وا لێدەکات کە بەرپرسیارێتی نۆستالجیای خۆمان هەڵگرین. بە پێچەوانەی ڕەشبینییەوە، نۆستالجیا ئەو پردەدرێژەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان بایۆگرافیای تاک و بایۆگرافی گرۆ یان نەتەوەیەک پێکەوە دەبەستێتەوە، لە نێوان یادەوەری تاکەکەس و گرۆدایە. بەڵام یۆتۆبیای داهاتووخوازی لەدەروەی مۆدێلەکەیە، نۆستالجیا لە خۆیدا دووریەکی ئازار ئۆتۆماتیکی هەیە کە ئەم ئازارە بەرەوڕووی داهاتوو ئاراستە ناکرێت، بەڵکو هەمیشە تیغی کولی لەکارکەوتوون زامی ڕابردوویان لە داهاتوودا پێ دەکولێتەوە. هەندێک جار ڕووی دەکاتە ڕابردوو یان ئەملاو لا. [9]  لێرەدا بە کەوانەیەک دەگەڕێمەوە لای یاریچی ژمارە (10)، زۆر جار بینیومانە یان خوێندوومانەتەوە و زۆرجار خۆشی هەستی پێکردوە، کەسەرباری هەموو زانین و تێگەیشتنەکانی بۆ دۆخێکی دیاریکراو کەچی بڕیاری هەڵە دەدات (بۆ نمونە دەزانێت هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە زیان بە پێگەی ئەو دەگەیەنێت کەچی دەیکات، دواتر پەشیمان دەبێتەوە کەچی هەڵەی پێشوو ڕاست ناکاتەوە تا کار لە کار نەترازێت، زۆر نمونەی لەم بابەتەی هەن! کەواتە ئەمانە بۆ ڕوو دەدەن؟ ئەوە ئەو گرێ نۆستالجیانەیە کە ئەنجامی نەبوونی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ورد بڕیارە سیاسییەکان دووبارە دەکەنەوە)-بڕوانە لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی پێشوو ئاماژەمان پێداون- ئەمە ئەو گرفتە دەروونی و دەروونی کۆمەڵایەتیانەن بە چەندین توێژینەوەی زانستی و قووڵ دەدۆزرێنەوە و چەندین پرۆژەیان بۆ چارەسەر پێویستە. ئەگەر نا، نەک سەرکردەی لە شێوەی نەوشیروان، بەڵکو هەموو بونیادنەرەکانی مێژوو بێن و بەم نەخۆشیانەوە سەرکردایەتی کۆمەڵگای کوردستان بکەن، جگە لە شکست هیچی تر ناچننەوە. بڕوانە ئەو هێڵە نۆستالجیەی ڕزگاربوانی زیندان لەپاش ١٩٧٩بەیەکەوە دەبەستێتەوە، یەکێکیشیان تێدا نابێت، پشتیوانی لە باڵەکانی تری کۆمەڵە بکات! ئەمە خێرە یان ڕێکەوت؟ بێگومان هیچیان، ئەمە زامی گەورەی ناو جەستەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئێمە هاتووین لە دایارترین کەسێتی مێژوویەکدا دەیدۆزینەوە و دەیخەینە بەرچاو.

نۆستالجیای مۆدێرن پارادۆکسێکە لەبۆتەیەکدا کە گەردوونی بوونی سۆزی شوێن ئەتوانێت وامان لیبکات کە بەسۆزەوە سەیری هەموو ئەوانە بکەین کە پێشتر هاوڕیمان بوون، لەو ساتانەشدا دەمانەویت هەموو ئەو سۆز و شەوقە نوێبکەینەوە کە لەڕابردوودا هەمان بوە. بەو جۆرە بۆ دونیا و چواردەورێکی نوێ دەبێت ئەو وێنایانە دووبارە بکەینەوە کە لەهاوڕێ کۆنەکاندا هەبوون، بەواتایەکی تر شوناسێکیان بۆ درووست دەکەین کە لەشوناسی کۆنەکان بکات تا هەمان بیرکردنەوە و بیرکردنمان بۆیان هەبێت و بیانکەینەوە سەرچاوە بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی هاورێ کۆنەکان، ئالێرەدا لەگەڵ هەموو نوێگەرییەکدا سنوورێک بۆ تێگەیشتنی هاوبەش پەیدا دەبێت. مەترسی نۆستالجیا ئەوەیە هەوڵدەدات کە نشینگەی ڕاستینە بشێوێنێ و دانەیەکی خەیاڵی درووست بکات. لەو پەڕی باردا دەتوانێت ماڵێکی خەیاڵی لەسەر نیشتمان درووست بکات، چونکە ئامادەیە کەسێک لە پێناوێکدا بکوژێت یان تەنانەت بۆخۆی بمرێت، بەتەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەهاو چێژەکانی ڕابردوەوە نوێ درووست بکاتەوە. زۆر کەمن ئەو نەتەوانەی کە هەمیشە خۆزگە بەڕابردوو دەخوازن. کۆمەڵگای ئێمە یەکێکە لەوانە! گەڕانەوەی ئاوات و هیوا بۆ ڕابردوو، بۆ چێژی دەرباز بوون لە زامەکانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، ڕزگار بوون لە زام، چێژ بەخشە، بەڵام ژیانی ئیستا کە سەراپا سیخناخە بەزام ئازار بەخشە، ئەو دەمانە بەها پەیدا دەکات کە ئازارەکانی ساڕێژ دەبن. ئەم میکانیزمەیە نۆستالجیا بە هەموو پێکهاتە و پێناسەکانیەوە دەهێنێتەوە ئیستا بۆ ئەوەی داهاتوو وێنا بکات بە هەموو چێژەکانەوە.

کاتێک داوای نیشتمانێکی بێگەرد و پاک دەکەین، نۆستالجیای سیاسی کۆرپەلەیەکی دووڕەگ لە سەرمایەداری و توندرەوی ئایینی بەرهەم دەهێنێت، یان کۆمپانیایەکی نیشتمانی ئەو ڕا سیاسییە بەرپا دەکات. تێکەڵکردنی نۆستالجیا و سیاسەت دەکریت تەقینەوەی گەورە درووستبکات. تەقینەوەی نۆستالجیا هەمیشە شۆڕش درووستدەکات، شۆڕشی فەرەنسی ١٧٨٩، شۆڕشی روسیا، هەروەها شۆڕشی ڤێلڤێت لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا بەهۆی کولتوور و مانیفێستێکی نۆستالجییەوە بەرپا بوون. لەفەرەنسا بەتەنیا ڕژێمە کۆنەکە نەبوە هۆی هەڵگیرساندنی شۆرش، بەڵکو نەخشی شۆڕشیشی دیاریکرد. بۆ تێگەیشتن لە گێڕانەوە نۆستالجییەکان، گرنگە جیاوازی بکەین لەنێوان خوەکانی رابردوو هەروەها خوەکانی گێڕانەوەی ڕابردوو. ئێریک هۆبسباوم جیاوازی دەکات لەنێوان ئەو دابوونەریتەی لەسەردەمی کۆندا هەبوو لەگەڵ ئەو دابوو نەریتەی پاش سەدەی نۆزدەیەم درووستکراوە. لەلای ئەو دابونەریتی بەرهەمهاتوو بە سیمای زۆری سیمبوڵکردن و ریچواڵایزکردن[10] زیاتر لە دابونەریتێکی لە خۆگرتوە کە لەلای جوتیارێکی کێڵگە بەدی دەکرێت. لێرەدا دوو پارادۆکس هەیە: یەکەم، تا خێرایی و تەوژمی نوێگەری زیاد بکات، ئەوا دابونەریتی نوێ زیاتر پارێزکارانە و نەگۆڕ دەمێنێتەوە (لەڕاستیدا تاقیم نەکردوەتەوە وەک ئەزموونێکی زانستی، بەڵام دەتوانرێت ببێتە گریمانەیەک بۆ بەدوادا چوون). دووهەم، تا گوتاری بەردەوامی لە مێژووی ڕابردوودا ببینرێتەوە و جەختی لەسەر بکرێت، ئەوەندە زیاتر بژاردەکان دەکەونە ڕابردوەوە، بە پیچەوانەی لێفێربوون لە هەڵەکانی ڕابردوەوە. چەندێک تازەگەری بکرێت لە دابونەریتی درووستکراودا، هێشتا بەهایی تازەیی ئەنتیکێکی نابێت[11]. ئەمەش وا دەکات نۆستالجیای گەڕانەوە بەهێزتر بێت لەبەهایەک کە ناتوانرێت بەڕاستی درووست بکرێت لە کۆمەڵگایەکی بێ بەرهەمدا. دوا قسە ئەوەیە کە نۆستالجیای گێڕانەوە بۆ ڕابردوو دوو دەرهاویشتە هاوشانێتی، یەکەم: دووبارەکردنەوەی ڕابردوو، دووهەم: تیۆری پیلانگێڕی. دوونیا بینی بە تیۆری پیلانگێڕی سەرەتایەکی زانیاری ترێسیندەنتاڵی هەیە و زۆر بەسادەییش دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە مۆدێرنتی و لەسەر چەمکی چاکە و خراپە خۆی بونیاد دەنێت، بەواتایەکی تر دوورە لە بژاردە ڕێژەییەکانەوە و ئاکامی هەڵە تێیدا ئێجگار گەورە دەوەستێت[12].

گرنگبوو بزانین چەمکی نۆستالجیا لە کوێوە پەیدا بوە و ئەمڕۆ چ ئاماژە و واتا و جێکەوتەییەکی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە. هەر بۆیە لێرەدا باسکردنی کارێکی پێویست بوو. هەروەها گرنگە بزانین تا چەندێک کاریگەرییە نۆستالجییەکان لەڕێگای نەوشیروان مستەفا "وەک کاریزمایەک" کاریگەرییان لەسەر ڕووداوە سیاسییەکان داناوە. خۆ دەکرێت بە پێناسەیەک بگەینە هەمان مەبەست بەڵام گەشەی مێژوویی چەمکەکە زۆر کەلەبەری ئەم خەسڵەتەمان بۆ دەردەخات کەبە ناچاری پیویستمانە لەسەری بوەستین. لەلایەکی ترەوە و لەیەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا نەوشیروان مستەفا خۆی باس لەو خەسڵەت و پێکهاتە نۆستالجییە دەکات کە هەیەتی بۆیە دەبێت بە تایبەتتر لەسەر ئەم دان پیادانانە لێکدانەوە بۆ خودی چەمک و سەرکردەکە بکرێت. فەرموو لە گەڵ دەقی ئەو دێڕە گرنگانەی چاوپێکەوتنەکە[13]:
گوڵان: با بێینە سەر کاک نەوشیروان خۆی. ئایا کاک نەوشیروان تەنها لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی خۆی کێشاوەتەوە، یان لە سەرکردایەتی و یەکێتیش؟
نەوشیروان: ئەتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە خۆت بیدەیتەوە. من ئەگەر بڵێم یەکێتی نیم بڕوام پێ دەکەیت؟
گوڵان: نەوەڵا.
نەوشیروان: دوای ئەوەش، کاکە ئینسان کە تەمەنێکی دور و درێژی لەناو حیزبێکدا بەسەر دەبات، هەمو تەمەنی گەنجێتی خۆی بەسەردەبات و ئەوەی کە پێیدەڵێن (حەنین) نۆستالجیا تۆناتوانیت ئینسان ڕوت بکەیتەوە لە هەمو نۆستالجیای خۆی مەبەستم ئەوەیە من بە دڕێژایی سی ساڵ لەگەڵ کۆمەڵێک خەلک پێکەوە چەندین قۆناغی خۆش و ناخۆشمان بڕیوە جەندین یادگاریمان هەیە ناتوانیت تۆ خۆت یەکجار روت کەیتەوە لەم هەمو شتانە.

ببینە ئەم یاریچیەی دونیای ئێمە، چەند ئاسانە وەک کەرەستەیەک بۆ توێژینەوە، بەتەواوی بە پێچەوانەی کارکردن لەگەڵیدا کەچەند سەخت و پێشبینی نەکراو بوە. گرنگی و چێژی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر نەوشیروان مستەفا لەوەوە دەستپێدەکات کە خودی کەسایەتییەکە باسی مێژوویەک دەکات کە پڕە لە هەڵوێستە و ئاگادارکردنەوە. هەر بەم جۆرە سەرەداوی زیاتر دەداتە توێژەر بە دوای ئەو ڕووداوانەدا بگەڕێت ئەگەر ئارەزووی گەڕانی هەبێت. لەم چاوپێکەوتنەدا، نەوشیروان مستەفا خۆی باس لەو سروشتە نۆستالجییە دەکات کە هەیەتی، هەروەها باس لە ڕاستییەک دەکات کە کەس ناتوانێت حاشای لێ بکات. لەهەمان کاتدا دەیەوێت خۆی وا دەربخات کە ئەو هەوڵیداوە ئەو هەستە نۆستالجییە لەخۆی دابماڵێت. هەروەها خۆی باس لەوە دەکات کە ئەو دەست بەرداری کولتووری یەکێتی نابێت و کێشەی سەرەکی ئەو لە نێوئاخندا کێشەی دەسەڵاتەکانی ناو یەکێتییە و ئەو شێوازەیە کە یەکێتی پێ بەڕێوە دەچێت و ئەویش وەک کەسایەتی تەرازووی دەستڕۆشتنی لەناو خێزانی حوکمڕانی یەکێتیدا بەرەو لاوازی دەچێت.

ئەگەر سەرکردەیەکی وەک نەوشیروان مستەفا ئەو هەموو کاتە لە گەڵ یەکێتیدا بووبێت؟! چۆن چاوەڕوان دەکرێت ئەو نۆستالجیایەی لەلا کاڵ ببیتەوە بەتایبەت کە خۆی بەو جۆرە بە کەسێکی ئاوا نۆستالجی باسی خۆی دەکات. لەلایەکی ترەوە ئەگەر ئەو نۆستالجیایەش، ناڕاست بێت و یان کاڵ بووبێتەوە؟! ئەوا هێشتا کاریگەرییە کولتوورییەکانی جیانابنەوە و کاڵنابنەوە (هەروەک لە ڕوونکردنەوەکەی ئێریک هۆبسباومدا ئاماژەمان پێداوە). با وای دابنێن ئەوەی دواییشیان کاڵدەبێتەوە و کاریگەریشی لەسەر نەوشیروان مستەفا نامێنێت، ئەی دواجار چی لەو میکانیزمە بکەین کە کەسێکی نۆستالجی بڕیاری سیاسی پیدەدات، واتە لەبری ئەوەی دامەزراوەی سیاسی خاون پرۆسە و ئەزموون و میکانیزم بڕیاری سیاسی درووست بکەن، هێزەکانی بڕیاردانمان دەکەونە دەست کەسێکەوە بە ئاسانی دوورییەکانی دەخرێنە ڕوو، هەرگیزیش ئەو بڕیارە نادات کە ئێمە لەم خمخۆرکی دەسەڵاتەی کوردبێنێتە دەرەوە، یان ڕاستترە بڵێم ئەو بەتەنیا ئەم بڕیارە ناتوانێت بدات، نەک ئەو هەر کەسێکی تر، چونکە ئەمە کاری دامەزراوەیی فرە ڕێکخراوە و پێویستی بە چنین و درووستکردنی بڕیاری سیاسییە لەو بارەیەوە، نەک چاوەڕوانی کاریزمایەک بەو هەموو گرفتە پڕ لە ئەگەرەوە.

بۆ سەلماندنی ئەوەی سەرەوە، بڕوانە ئەم نمونە نۆستالجییە (بەواتا نوێیەکەی): ئەم سەرکردەیە زۆرجار پشت بە بەڵێنی ئەخلاقی دەبەستێت لەگەڵ تاڵەبانیدا و زۆرجار کە کاری کردوە لە مێژووی خۆیدا لەبەرخاتری ئەو پەیوەندی و هاوڕێیەتییە کارەکانی ئەنجامداوە کە لەگەڵ تاڵەبانی هەیبوە. ئەمەش بنەمایەکی بەتاڵە لە ڕووی بابەتەوە و هەڵەیەکی گەورەی مێژووییە لە ڕووی زانستی کارگێڕی و سیاسییەوە بەتاتبەت بۆ کەسایەتی سەرکردە. مەبەستم ئەوە نییە کە کەسی سیاسی نابێت پابەند بێت بە بەڵێنی ئەخلاقی خۆیەوە بە پێچەوانەوە؛ لەم ڕوەوە نەوشیروان مستەفا تەواو درووست مامەڵەی کردوە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە بەڵێنی ئەخلاقی لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی نابەسترێت، بەڵکو لەسەر بنەمای بیری سیاسی دەبەسترێت، ئەگەر هاوڕێکانیش لێی لابدەن ئیدی چیتر هاوڕێ سیاسی نامێنن نەک بە پێچەوانەوە (ئەمە ئەوە ناگەیەنیت وەک مرۆڤ هاوڕێ نەمێنن)، ئێمە لە بیری سیاسی خۆمان لابدەین لە پێناوی پەیمانە ئەخلاقییەکانی هاوڕێیەتیدا/ ئەمە ئەو کێشەیەیە کە نۆستالجیا درووستی دەکات، لە کۆمەڵگای کولتووری لاواز و ئابووری دواکەوتوودا ئەم میکانیزمە باشتر ئیش دەکات، واتە لە بری ئەوەی ئێمە پابەند بین بە پەیمانە ئەخلاقییەکانمانەوە لە بیروباوەڕ و سیاسەتدا (نەک خواستە کۆمەڵایەتییە باوەکان)، دێین پابەند دەبین بە پەیمانە ئەخلاقییەکانمانەوە لە هاوڕێیەتیدا لەسەر تێچوونی بیروباوەڕە سیاسییەکانمان، دواتر کە داهاتووی سیاسی لەدەست دەدەین پرسی بیروباوەڕ و تەنانەت هاوڕێکانیشامان لە دەست دەدەین.  

پێگەی چکۆلەی تێگەیشتن لە کەسایەتی نۆستالجی، ئەوەیە کە بەبێ ئەزموونێکی دوورو درێژ بەبێ هەبوونی سۆز بۆ ئەو ئەزموونە ناتوانرێت بەشێوەیەکی سیستەماتیک پشت بەهیچ کەسێک ببەستێت، ئەگەر بە کەسی و بەتایبەت خۆی تاقینەکردبنەوە. بنەماکانی ئەم تاقیکردنەوەیە هەر بنەمای سیاسی نین، زۆربەیان کەسین و پشت بە هەڵسەنگاندێکی پیوانەیی ستانداردی گشتی نابەستن، بەڵکو پێوانەیەکی کەسی دیاریکراویان هەیە و لەهەموو سەرکردایەتیی کردنێکدا پشت بە بۆچوونی کەسی سەرکردە دەبەستن. دواتر لە ڕەفتاری ڕۆژانەی سیاسی و جۆری بەڕێوەبردنی کەسییدا تەنیا بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە کە ئەو ڕایەڵە نۆستالجیانەی لەگەڵیاندا هەیە. ڕایەڵە نۆستالجییەکان و بەهێزییان بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە؛ لەوانە تاریکبینی بەرامبەر بە داهاتوو. ئەم تاریکبینییە هاوتەریبە لەگەڵ هەموو هەستە نۆستالجییەکاندا. دواتر متمانە بە خەڵکی نوێ ناکات و ئاراستەی پرۆسەکانیش هەر بە کۆنەکان دەسپێرێتەوە کە خۆی نۆستالجیایەکی لە گەڵ و نیوانیاندا هەیە. باشترین نمونە: ئەوەی زۆر جێگای سەرنجە لە کۆبوونەوە گرنگەکانی گۆڕاندا لەگەڵ پارتیدا، یان لەگەڵ هەر لایەنێکی تردا ئەو ئەندامانە ئامادە دەبن و بوون کە ڕایەڵە نۆستالجییەکان لەگەڵیاندا بەهێزە، بۆ نمونە چوار ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێشوی یەکێتی! ناشێت پێمان بڵێن لەناو بزوتنەوەیەکی وەها گەورە و فراواندا کە خاوەنی پێنج سەدهەزار دەنگدەرە، ژنێک و خوێنێکی نوێی تێدا نەبو لە بری دوو لەو کەسانە یانیش لەگەڵ خودی ئەو کەسانە نەمان بینین[14]. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە گەنج لەناو بزووتنەوەکەدا ئەگەر لەسەر پاترۆنی کۆنەکان نەبڕرابێت متمانە وەرناگریت و پێگە و بەردەوامی پێنادرێت ئەمەش ئەو چەمکە ترسناکەیە کە لە بۆچوونەکەی ئێرک هۆبسباومدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، کە چۆن کۆن لە نوێدا جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە و شوناس و پێگەیەکی بەهێزتری دەبێت لە پێشووی خۆی.

نۆستالجیا ڕوویەکی تری نێگەتیڤی هەیە لەکەسایەتی نەوشیروان مستەفا دا کە لێرەدا گرنگە باسی بکەین. بۆ ئەم مەبەستە پیناسەیەکی وردی ئەو چەمکەمان پێویستە. لە پێناسەی نوێیەکانی نۆستالجیادا ئەمەی خوارەوەوە بەدی دەکەین:
خواستێکی بیرکردنەوەییی یان ڕاستینەی خەمناکانەیە بۆ ئارەزووی گەڕانەوە بۆ کاتێکی ڕابردوو لە ژیانی مرۆڤدا، بۆ منێک کە خۆمم یان نیشتمانەکەی خۆم، یان بۆ خێزان و وهاوڕێکانم، ئەمە یادەوەرییەکی سۆزدارانەیە بۆ هەستکردن بە ئاسوودەیی شوێن و کاتێکی پێشوو.

لەم پێناسەیەوە، ئەگەر پیاچوونەوەیەک بکەین بۆ ئەو ڕەفتارانە بەڵام بە پێوانەی کاری کەسی کردەوەکار. بۆ نمونە کاتێک چارەی بیرێکی سیاسیمان نەوێت وەک دژایەتی مارکسیزم. بڕوانە نمونەی شەشەم لە دوا بەشی سێیەمداکە یەکێکە لەو هەندە چاوپێکەوتنانەی نەوشیروان مستەفا هەرگیز دان نانێت بە ڕێکخراوە مارکسیستەکاندا، لەکاتێکدا دەکرێت گومانمان هەبێت لە تەواوی تیۆر و خودی فەلسەفەکە ورد بووبێتەوە. بڕوانە دەربارەی ئامادەیی حیزبە شویعی و کۆمۆنیست و چەپەکان لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتدا، ئەمە خویندنەوەیەکی وردی نەستی ئەم سیاسەتمەدارەی پیویستە تا بزانین چۆن گرێ دەروونییە نۆستالجییەکان دەیخاتە هەڵەی دان نەنان بە ڕاستیدا[15]:
نەوشیروان مستەفا: ئەم خۆپیشاندانانە خەریکە دەبیتە دیاردەیەکی تازە لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا، لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا مونافەسە لە نیوان حیزبەکاندا کە بوە، زۆرتر مونافەسەکە لەسەر بنچینەی سڕینەوەی یەکتر بوە، زۆرجار ئەگەر سڕینەوەش نەبووبێت لەسەر بنچینەی ئەوە بوە کە لایەک لاکەی تر بکات بە پاشکۆی خۆی ئەوەی ئێمە دەیبینین لەم خۆپیشاندانانەدا جۆرێک لە پلورالیزم واتە جۆرێک لە فرەیی هاتوەتە پێشەوە، ئەوانەی لەم خۆپیشاندانانەدا بەشداری دەکەن هەموو ئەو کەسانەن کە خۆیان هەست بە مەزڵومی و هەست بە بێبەشی دەکەن، لەناو ئەوانەدا خەلکی تیایە لە قاعیدەی پارتییە، خەڵکی تیایە لە قاعیدەی یەکێتییە، خەڵکی تیایە لە یەکگرتووی ئیسلامییە، خەلکی تێدایە لە کۆمەڵی ئیسلامییە، خەلکی تیایە لە بزووتنەوەیە، خەڵکی تیایە بزووتنەوەیە، زەحمەتکێشانە، سەر بە سۆسیالیست... تاد بەڵێ لاینگرەکانی ئێمەشی تێدایە و خەلک هەیە سەر بە زەحمەتکێشانە. 

هەموو ئەوانەی لەنزیکەوە ئاگاداری خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات بوون، ئاگادارن لەوەی کە هێزە چەپ و مارکسیست و شیویعییەکان بەشدارێکی کارای ئەم مەیدانانە بوون و تەنانەت نوێنەریشیان لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سەراکانی ئازادی هەبوە. لەوانەیە ئەم هیزانە بە ژمارە زۆر کەمبووبن و لەچاو لایەنەکانی تردا بەراوردکاریان بۆ نەکرێت، بەڵام خۆ لە حسک و زەحمەتکێشان زۆرتر بوون. ئەگەرچی کاری سیاسی مەرج نییە هەموو کات بە ژمارە بکرێت! لێرەدا گرنگ نییە باس لە ڕۆڵی ئەو هێزە چەپ و کۆمۆنیستانە بکەین، ئەوەندەی گرنگە باس لەو نۆستالجیا نیگەتیڤە بکەین کە لەنەستی نەوشیروان مستەفا ڕیشەی داکوتاوە و هەندێکجار گەر لەسوودی پلانەکانی خۆشی بێت پێی خۆش نییە (لە نمونەی پێخۆش نەبوون لە ناوبردنی ئەو هێزانەدا). لێرەدا ئەو نەستە نۆستالجییە لەسەر چەپ و شیویعی و کۆمۆنیستەکان نێگەتیڤە و بەباس نەکردنیان لەنەخشەی سیاسی خۆیدا دەیانسڕێتەوە، یان لە دانپیادانان دووریان دەخاتەوە. ئەم هێزانە زۆر گرنگ نین و زۆریش کاریگەر نین لەمەیدانی سیاسی کوردستاندا چونکە تا ئێستاش نەیانتوانیوە کاریگەریی گەورە لەسەر سیاسەت درووست بکەن. ئەم ڕاستییە بەسە بۆ ئەوەی شێوازی بوون و کاراییان بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا نکۆڵی ئەوە ناکرێت بە هەزاران جار کاریگەرییان لە پارتەکانی وەک زەحمەتکێش و سۆشیالیست زیاترە و ناونەهێنانیان بەشێکە لەو نۆستالجیا نێگەتیڤەی کە لە مێژە نەوشیروان مستەفا دژایەتی لەگەڵ  بیری مارکسیدا پێ بڕیارداوە و بەکردارکردوە. ((لێدوانی سەرکردەی دیار و کاریزمای ڕابەریی بەشێک لە کۆی بڕیاری سیاسی درووست دەکات)).

دەتوانین بڵێین: کە ئەم سەرکردەیەش، دەرچووی هەمان قوتابخانەی سیاسییە کە هاوەڵە دێرینەکانی لێوەی هاتوون. بەم هۆیەوە ناتوانێت لە بازنەی هەژموونی سیاسی و پەروەردەی سیاسی (ی.ن.ك) بێتە دەرەوە، کە ڕاسترە بڵێین، هەژموونێکە خۆی دنگەیەکی بنەڕەتی بوە لە درووستکردنی ئەو کولتوور و ژینگە پەروەردەییەدا. باشترین گەواهیش بۆ ئەم لێکدانەوەیە ئەو دانپیادانانەیە کە خۆی باسی دەکات[16].

ئێمە لە پاش ساڵی ١٩٩١ ەوە لەحاڵەتێکدا بووین، ئابڵوقەیەکی جیهانی لە سەر ئێراق بوو، ئێمەش بەشێک بووین لە ئێراق، ئابڵوقەیەکی دیکەی ناوچەکەشمان لە سەر بوو، لەناو خۆشماندا بوو بەشەڕی ناوخۆ، بە وەزعێکی نائاساییدا تێپەڕین، مونافەسەیەکی چەکدار لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ناوکوردستانی ئێراقدا هەبوو کە هەرکەس هەوڵی دەدا زۆرترین خەڵک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە بە ڕەفتاری جیاجیا و ناڕێک و نادیموکراسی، کە دەیبەیتەوە سەر زەمان و  زەمینی خۆی کۆمەڵێک هۆ هەبوو بۆ ئەوەی کەتۆ نەتوانی ئەوەی کە پێویستە بیکەی، پاشان ئێمە خۆشمان ئەزمونمان نەبوە کۆمەڵێک بووین لە خەباتی ژێر زەمینی و شاخەوەو لە ڕووخاندنی دەوڵەتەوە دەستمان پێکردوە، ئێمە لەو کەسانە نەبووین کە بەشێک بووبین لە دەوڵەت و دەوڵەت بگۆڕین، بەڵکو کۆمەڵێک بووین ویستومانە دەوڵەت و حکومەت بڕوخێنین و حکومەت و دەوڵەتێکی نوێ دروست بکەین تا ئەوەی کە زانیومانە کردومانە.

ئەم دانپیادانانەی سەرەوە یەکێکە لەو دانپیادانانە نۆستالجیاییانەی کە خودی ناوەڕۆکی بزووتنەوەی "کوردایەتی" لەسەدەی ڕابردوودا ڕاڤە دەکات. ئەم ڕاستییە بنەمایەکە بۆ تێگەیشتنی ئەم سیاسەتمەدارانە، لەبەر ئەوەی هەڵگری ئەو کولتوورەن لەوە زیاتریان لێ چاوەڕوان ناکرێت کەبەسەر کوردستانیان هێناوە چ وەک گەندەڵی و چ وەک ڕووداوی نەخوازراوی وەک شەڕی بێ ئاکامی نێوان ئەم هێزانە خۆیان  و چ وەک بڕیارە سیاسییە نەخوازراوەکانیان. ئەگەرچی لە ناوەڕۆکەوە کەسایەتییەکی وەک نەوشیروان مستەفا بێگەردیش بێت لە گەندەڵی و تا دوا هەناسەکانی دادگاییکردن دووریش بێت لە خیانەت، بەڵام بڕیاری سیاسی نەخوازراو دەیباتەوە بۆ ناو بۆتەی کورەی هەمان مێژوو هەمان چارەنووس و دادگایی.



[1]  لێرەدا مەبەست لە باوانی سیاسییە، چونکە هەموو سیاسەتمەدارێک پەروەردەی سیاسی خۆی لەو ڕێکخراوەوە وەردەگرێت کە تێیدا پەروەردە بوە، ئەگەر نا مەبەستمان باوانی ڕاستینەی سەرکردەکان نین، کە ئەشێ بەشێکی زۆریان مرۆڤی دڵسۆز و پەروەردە جوان بووبن، دەرهەق بە زەمانە!
[2]  بەرنامەی بەرەوڕوو لە کەناڵی تۆڕی هەواڵی کوردی KNN   گفتوگۆکانی نەوشیروان مستەفا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق خولی یەکەمی بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ هۆشیار عەبدوڵا.
[3]  ئەو چەند گفتوگۆ کەمە بەرەوڕوەی کە بۆ خۆم لە نزیکەوە مشتومڕم لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هەبووبێت، ئەوانەم بە تێبینی نووسیون.
[4]  ئامانج لە گێڕانەوەی ئەو نمونەیە بەرجەستەکردنی ڕیشە نۆستالجییەکانە لەلای یاریچی ژمارە (10)، ئەگەر نا بۆ دەرخستن و گێڕانەوەی مێژوویەکی کەسی نییە. چونکە یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە هێندە بە شێوەیەکی خاکەڕایانە مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا کردوە و ژیاوە، بۆی گرنگ نەبوە لەگەڵ کێ دادەنیشێت و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ کێ دەکات، بەتایبەت لەبەرەی خەڵکدا گوێی بۆ هەموو کەس گرتوە، نەک بە تەنیا بۆ من.
[5]Nostalgia: Content, Triggers, Functions/ Tim Wildschut and Constantine Sedikides University of Southampton Jamie Arndt University of Missouri /Journal of Personality and Social Psychology Copyright 2006 by the American Psychological Association2006, Vol. 91, No. 5, 975–993
[6]  Chapter 13 Nostalgia Conceptual Issues and Existential Functions, CONSTANTINE SEDIKIDES TIM WILDSCHUT DENISE BADEN, Handbook of Experimental Existential Psychology, Jeff Greenberg, Ed., Copyright © 2004/
[7] Oxford dictionary 1998.
[8] Nostalgia and Its Discontents Svetlana Boym/ This essay is adapted from the book of The Future of Nostalgia (New York: Basic, 2001), which includes a more thorough discussion of the topic.
[9]  هەمان سەرچاوەی پێشوو.
[10] Ritualization: the evolutionary process by which an action or behavior pattern in an animal loses its original function but is retained for its role in display or other social interaction.
واتە: پرۆسەیەکی پەرەسەندنە کە تێیدا پاترۆنی (قاڵبی) کردە یان ڕەفتار لە گیانداردا ڕۆڵی سەرەکی کردەکە یان ڕەفتارەکە لەدەست دەدات، بەڵام دەستدەگرێت بە ڕۆڵی خۆیەوە لە نمایشکردنی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکاندا.
[11]Eric Hobsbawm, “Introduction: Inventing Traditions,” The Invention of Tradition, ed. Eric Hobsbawm and Terence Ranger (Cambridge: Cambridge University Press, 1983) 2.
[12] Benedict Anderson, Imagined Communities (New York: Verso, 1991) 11.
[13]  گۆڕان لە کوێوە گەیشتە کوێ؟ لا ١٥٦، ١٥٧. چاوپێکەوتنێکی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ گۆڤاری گولان ژمارە ٧٠٧ی، بەرواری: ٣/١١/٢٠٠٨.  
[14] مەبەست لە گەنج تەنیا گەنج نییە بەژمارەی ساڵەکانی تەمەنی وەک ئەوەی لە هەندێک لە هەڵسووڕاوەکانی ئەم بزووتنەوەیە و سیاسییە نوێیەکانی کۆبەندەکانی کوردستان دەیانبینین. کە لە یەکەم پێڕەوی کەسی خۆیانەوە بۆمان دیارە کە چییەتی گەنج بوون لە ژمارەیەکی زۆر لە بەساڵاچوەکانیاندا زیاترە و زۆر جار هەیە بە ناو "گەنجی" وا دەبینین لەسەر لێواری خانەنشینییە.
[15] درۆ و دراو، نووسین و چاوپێکەوتنەکانی نەوشیروان مستەفا. چاوپێکەوتن لەگەڵ تەلەفزێۆنی KNN.
[16]  گۆڕان لەکوێوە گەیشتە کوێ.