بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





14/04/2017

یاریچی ژمارە (10)/ بەشی دەهەم و کۆتایی ١-٣

نەخوازراو...بڕیاری سیاسی
درز و کەلەبەرەکانی دانایی و چارەنووس

نەخوازراو لە بڕیاری سیاسیدا، ئەشێ سەرباری هەبوونی سیستەم و پرۆسێسێکی داڕێژراو لە کاری سیاسیدا و بە ئامادەیی هەموو تواناییە پراکتیکی و داناییەکانی سەردەمەوە هێشتا ڕوو بدات. با بهێنینە پێش چاوی خۆمان، نەخوازراو لە بڕیاری سیاسیدا وەک ئەو نەخشە تێروتەسەلە وایە کە ناوەندێکی زانستی بۆ پرۆژەیەکی دەکێشن و دواتر لە ڕێژەیەک زیاتری ناتوانرێت لێ جێبەجێ بکرێت. ئەوەش بەهۆی پێشبینی نەکردنی تەواوی داهاتوەوە، یان توانایی جیاوازی تیۆر و بەگەڕخستنی پراکتیکیەوە. ئەمەی سەرەوە ئەو پەراوێزە گرنگەیە کە هێزی لاواز دەتوانێت بەهۆیەوە بەر بە هێزی بەهێز بگرێت. لەبەرامبەردا، بڕیاری سیاسی نەخوازراو هەیە، ئەشێ لە درزێکی داناییەوە سەرچاوە بگرێت و کەلەبەری گەورە لە چارەنووسدا درووست بکات. جا وەرە درزەکانی دانایی لە هاوکێشەکەدا بگۆرین بە کەلەبەری دانایی و ئەوجا دەبێت چی لە چارەنووس چاوەڕوان بکەین؟ ئەمەی دواییشیان ئەو دۆخەیە کە بەهۆیەوە لەوانەیە هێزی زۆر زەبەلاحیش تەنانەت ئیمپراتۆریەتەکانیش بکەون.

بۆ ئەوەی لەم دوا بەشەدا کۆی سەردێڕەکان لە بڕیاری سیاسیدا کۆبکەینەوە، دەڵێین:
ئەشێت بڕیاری سیاسیدا کاتێک بەرئەنجامی داڕشتەی تەواوی توانایی تەکنیکی و دانایی بن، کەچی هەمیشە ڕوو دەدات درزی چکۆلە چکۆلە لە چارەنووسدا درووست ببن، ئەوەش بەهۆی نەخوازراوەکانەوە. نەخوازراو لە بڕیاری سیاسیدا کاتێک بەرئەنجامی درزی چکۆلە چکۆلە بن لە داناییدا، دەبنە کەلەبەر لە چارەنووسدا. بەڵام کاتێک کۆی بڕیاری سیاسی نەخوازراو دەبێت، ئەوا ئەنجامی کەلەبەرەکان دەبیت کە لە داناییدا هەن و چارەنووسیش بە ئەندازەیەک شەق و پەق دەبێت زۆر بە ئاستەنگ کۆ دەکرێتەوە. ئەمەی دواییان ڕێک ئەوەیە کە لە مێژووی خەڵکی کوردستاندا ڕوویداوە و هەمیشە بەرهەمی کۆڵەواری دانایی بەو ئاکامە گەیشتووین. یاریچی ژمارە (10) یەکێکە لەو سەرکردە دەگمەنانەی مێژووی ئێمە تووشی بوە بە تووشیانەوە، کە ئەنجامی داناییە کەسییەکانی خۆی بوەتە مایەی توێژینەوەی ئەمڕۆی ئێمە، بەڵام ئەم داناییە سنوورێکی دیاریکراوی پراکتیکی تێنەپەڕاندوە و نەچۆتە خانەی ستراتیژییەوە. واتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوو بەشی پێشوو، دەبینین کە کارەکانی لە چوارگۆشەی یەکەمی بەڕێوەبردنی کاتدا بەڕێوەچوون و نەیانتوانیوە لە چوارگۆشەی دووهەمدا ڕۆڵی گەورە بۆ خۆیان بدۆزنەوە. لە مەیدانی پراکتیکدا داناییەکانی ئەم سەرکردەیە توانیویەتی ئیدارەی یاخیبوونێکی شۆڕشگێڕی بدات کە لەناخی خەڵکی ناوچەکەدا هەبوون وەک بەرهەڵستکاری مێژوویی، بەڵام ئەم ئیدارەدانە نەچوەتە خانەی ستراتیژییەوە بۆ بونیادنانی مێژوویەکی دوورتر. 

کاتێک پێشکەوتن، بریتی بێت لە لە پێشی توانایی بۆ پێشبینی گرفت و دانانی چارەسەر بەر لە ڕوودانی یان فریاکەوتن بۆ گرفتە پێشهاتوەکان بە تواناییەکەوە کە زیانی گرفتەکان بۆ کەمترین ئاست کەم بکاتەوە، ئەوا ژینگەی کولتووری نەخوازراو لە ناو بازنەی بەتاڵی نەخوازراوەکاندا بریتی دەبیت لە ژینگەیەک کە پێکهاتەی نەخوازراو لە کەسێتی تاکدا پتەو دەکات و تاک چەند بخوازێت پێشکەوتوانە بنوێنێت، ناتوانێت بازنە کولتووریە باوەکان بشکێنێت. گەر ئەم چەند دێڕەی سەرەوە کورتکراوەی ئەو دوو بەشەی پێشتر بێت، ئەوا بزانین ئەو بڕیارە سیاسیە نەخوازراوانە کامانەن کە مێژوویەکی نەخوازراویان درووستکردوە کە ئەم کولتوورە بەردەوامی پێدەدات. لێرەدا و لەم بڕگەیەدا هەوڵدەدەین هێڵەگشتییەکانی ئەو میکانیزمە ڕوون بکەینەوە بەر لەوەی بچینە سەر بڕیارە سیاسییە نەخوازراوەکان.

جێکەوتی کولتووری لە دیاریکردنی بڕیاری سیاسیدا:
سەرەتا پێویستمان بە دیاریکردنی جێکەوتی بڕیاری سیاسییە لە گۆڕانی کولتووریدا. بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەری ئەو گۆڕانە سیاسیانە لەسەر پلاتفۆرمە کولتوورییەکان دیاری بکەین. سەرەتا دەڵێین پانتاییەکانی کارکردی کولتوور سێ پانتایی فروانن: خواردن، توخمتێری هەروەها یاریکردن[1]. کاتێک چەرخی کولتووری لەم پانتاییانەدا دەسووڕێت ئاکامەکانی لە هونەری ژیان و ژیانی هونەری و سەرمایەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایەکدا ڕەنگدەدەنەوە، یان دەتوانین بڵێین ئەمەی دواییان دەبنە ئاوێنەیەک بۆ شکاندنەوەی وێنە کولتوورییەکان و بەهۆی ڕەفتار و هەڵسوکەوتە کولتوورییەکانەوە ڕۆژانە لە بەرکەوتندا دەبین لەگەڵیاندا. گرنگیشە، بزانین کە بەهۆی چییەوە ئەم چەرخە کولتووریانە دەسووڕێن، یان بەهۆی کام لە کەرەستە و وزەکانەوە ئەم چەرخە چەرخەلەدەدن و بەردەوامن! سەرەتا دابەشیان دەکەینە دوو گرۆ لە پایەی کولتووری: بنەڕەتییەکان و لێکەوتەوەکان، کەلە هەردوو دەرکەوتە کولتوورییەکاندا دیارن (کولتووری ماددی و کولتووری ناماددی) هەروەها بە هەردووکیان توانست و هێزی کولتووری درووست دەکەن (واتە بەهەردوو کولتووری ماددی و ناماددی دەتوانن کولتوورێک بەهیز بکەن یان لاوازی بکەن). بەهێزکردنی کولتوور لە خۆیدا پرۆسەیەکە لە پێشبڕکێی کولتووریدا کاریگەری گەورەی هەیە. پایە بنەڕەتییەکانی کولتوور بریتین لە:
١. نۆرم: (کۆی یاسا نووسراو و نەنووسراوەکان دەگرێتەوە کە دەتوانن ئاراستەی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی بکەن) سیاسەت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەم پرسە هەیە، بەڵێ بڕیارێکی سیاسییە هەر دوو ڕەگەز لە شۆڕشدا بەشداری پێبکەین یان یەکێکیان بنێرین بۆ نانکردن و جلشتن، ئەوی تریان بۆ بەرەکانی جەنگ!
٢. قەدەغەکراو و ڕێپێدراوەکان (Sanctions): (ئەو میکانیزمە کۆمەڵایەتیانە دەگرنەوە کە لەدەرەوەی تاکەوە ڕەفتاری تاک ڕەشمە دەکەن و لەڕێگای پاداشت و سزاوە ئاراستەی دەکەن، کە بەشێکی زۆر لەو پاداشت و سزایانە ناڕاستەوخۆن و کاریگەریی لەسەر نەستی تاک دادەنێن) سیاسەت و بڕیاری سیاسی لەڕێگەی ئۆرگانە ڕێکخراوەییەکانییەوە کاریگەری گەورە لەسەر چۆنێتی گەشەی ئەم پرسە دادەنێن. بۆنمونە پاداشتی پارەی زۆر بۆ مناڵبوونی زۆر هەنگاوێکی سیاسییە کاریگەری لەسەر ڕێژەی دانیشتوان و دابەشبوونی نیوەندی تەمەن هەیە، هەر بەهەمان شێوە قسەی شیرینی سەرکردەیەک لەگەڵ نەوەی نوێدا جۆرێکە لە پاداشتی گشتی ڕێکخراوێک بەرامبەر بە کاراکتەرە چالاکەکانی و کاریگەری دوور مەودای دەروونی لێدرووست دەبێت.
٣. بەها: (چەمکێکی فرە ئاڵۆزە، بەپێی زانستە جۆربەجۆرەکان لێکدانەوەی جۆربەجۆری بۆ دەکرێت، بۆنمونە بەها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە گەلێک جیاوازە لە بەها لە ڕووی ڕەوشتەوە، وەک مەیدانێکی فەلسەفی بۆ لێکۆڵینەوە، لە هەمان کاتیشدا بە هەموو تێگەیشتنەکان کاریگەری کولتووری بەها لەسەر ڕەفتاری کولتووری دادەنێن.) گەر لە ڕوانگەی سیاسی وبڕیاری سیاسییەوە لە بەها بڕوانین، ئەزانین کە دوو کاریگەری هەیە، یەکەمیان بەهاکان کە کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی دادەنێن کامانەن و چۆن ئاراستەی دەکەن. لەبەرامبەردا ئەی بڕیارە سیاسییەکان چۆن ئەم بەها گشتیانە دەگۆڕن و کاریگەری لەسەر بەهای تاک دادەنێن. سیاسەتی باج و خەراج، لەسەر چالاکییە ئابووریەکان و گەشەدان بە دابەشکردنەوەی کۆمەڵایەتی بڕیارێکە کاریگەری کولتووری دوورمەودا درووستدەکات. بڕیاری سیاسی سەرکردەیەک و گرنگیدانەکانی بە ڕێنووسی زمان زیاتر لە دژایەتیکردنی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە، بۆخۆی ئەو بەها سیاسیانە پیشان دەدات کە تا چەند بڕیارەکان کۆمەک بە گەشە یان شێواندنی کولتووری دەکەن.
٤. بیروباوەڕ: (بیروباوەڕ بنەڕەتێکە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە پایەکانی کولتوور دادەنێت، بۆنمونە بەهاکان، هەروەها نۆرم و سانکشنەکان..تاد)، بیروباوەڕی سیاسی کە خۆی لە ئایدۆلۆجیای سیاسیدا دەبینێتەوە، ئەو پێوەرەیە کە بڕیاری سیاسی پێ کێشانە دەکرێت، لەهەمان کاتیشدا کاریگەری کولتووری گەورە دادەنێت. گەر ئێمە بیروباوەڕمان وا بێت سیاسەت داڕووتاو و داماڵراوە لە بنەماکانی ڕەوشت وەک ئەوەی ئێرانییەکان دەڵێن[2] "پدەر و مادەر"ی نییە بێگومان گەشە بە جۆرێک لە گەمەی ناشرینی سیاسەت دەدەین کە سەراپا بەرەو ململانێ ملشکێنی یەکتریش هەنگاو بنێین ئاسایی بێت.  
٥. زمان: (زمان بە جێکەوتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانییەوە)، کەرەستەیەکە لە هەرە کەرەستە گرنگەکانی سیاسەتکردن. زمانی سیاسەتکردن لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵە بیسترا و بینراوەکانی میدیاوە دەردەکەوێت. گوتار و شێوەی گوتاردانی سیاسی بەشێکی گەورە لە بڕیاری گشتی پێکدەهێنێت و لە هەمان کاتدا ژینگەی کولتووری خۆش دەکات. بۆ نمونە بەردوام باسکردن لە کۆمەڵگایەکی سەرکوتکراو، سەرکوتکراوی دەکاتە شوناس. بەردەوام باسکردن لە قوربانی بوون، کەسایەتی نوێ بەهۆیەوە وەک قوربانییەک لە دایکدەبێت.

پایە لێکەوتەوەکانی کولتوور:
١. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕەگەز (جێندەر): (یاسا و نۆرم و هەموو پایە بنەڕەتییەکان چەترێکی گشتی درووستدەکەن بۆ دیاریکردنی ڕۆڵی ڕەگەز لە کۆمەڵگادا) پرسێکی سیاسییە پەیوەندی بە ماف و بە دابەشکردنی کار و بەرهەمی کارەوە هەیە. ئەم پرسە زۆر کاریگەری گەورە دادەنێت لەسەر جێگیربوونی مافەکانی مرۆڤ و دابەشکردنی هیزە کۆمەڵایەتییەکان، کە بۆ مەودایەکی دوور دەڕوات و بڕیاری سیاسی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە دابەشکردنەوەی ڕۆڵە جێندەرییەکاندا. بۆ نمونە، دابەشکردنەوەی ڕۆڵە جێندەرییەکان بە تەنیا دابەشکردنەوەی ڕۆڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان تاکە ڕەگەز جیاوازەکان نەییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ناو پیکهاتەی چینایەتی و ململانێکانی، دریژدەبێتەوە بۆ ناو شێوگی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان، درێژ دەبێتەوە بۆ شوناسی تاکە (ڕەگەز و شوناس) جیاوازەکان. بەڵێ پرۆژەی موچەی کابانی ماڵ (بۆ ژنان) ترسناکترین پێشنیارە مێژووی ئابووری و سیاسی کۆمەڵایەتی ئێمە لەسەردەمی نوێدا پێیدا ڕۆشتبێت لە ڕوانگەی شیتەڵکردنێکی سیاسییەوە بۆ کولتوور.  
٢. تەکنۆلۆجیا: (لە سادەترین پێناسەدا بەگەڕخستنی زانستە لە پراکتیکدا) یەکێکە لەو پایە کولتووریانەی پیشانی دەدەن چەندێک توێژینەوە و ژیربێژی زانستی لە بەرەوپێشچوونی کولتووری ماددیدا کاریگەریان هەیە. ئەو پانتاییە سیاسی و کولتوورییەیە کە تێکڕای فەلسەفەی تەکنۆکرات و بیرۆکراتەکانی لەسەر بونیادنراوە. ئەم پانتاییە کاریگەری زۆر لەسەر گەشەی کولتوورە ماددیەکان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا هەیە. بۆ نمونە گۆڕینی بەڕیوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە کەسێکی دەستپاکی ناسراو کە هاوڕێی سەردەمی منداڵی سەرکردەیەکی دیاریکراو بووبێت و لە خێزانێکی تێکۆشەردا گەشەی کردبیت، مەرج نییە ببێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەو کۆمەڵگایەدا کە هیچ کام لە کەرەستە و ئامادەباشییەکان تێیدا بۆ ئەوکارە دەستەبەر نەکرابن[3].
٣. سیمبوڵ: (بریتییە لەو ئاماژە بەردەوامانەی کە دووبارەدەبنەوە لە مێژووی گوزەری گرۆدا و کاریگەری لەسەر خۆڕێکخستنەوە دادەنێن و پێناسەی بەردەوامی شوناس دەکەنەوە.) لە بواری کاری سیاسیدا سیمبوڵ شەڕکەری گەورەی کولتوورەکانە، بەتایبەت تا کولتوورەکان لاواز بن سیمبوڵەکان کاریگەرانەتر کاری خۆیان دەکەن و دەتوانن کاریگەری لەسەر بەشەکانی تری پایەی کولتووری دابنێن. بۆنمونە هیرشکردن و ڕەخنەگرتن لە باراک ئۆباما یان جۆن کێنەدی، بەها و بیرو باوەڕی دیموکراتەکانی ئەمریکا ناڕووشێنێت، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەکان زۆر کەسی و تایبەتی و ناشایستەش بن. بەڵام لە کۆمەڵگای کولتوور لاوازدا، لەبەرکردنی ڕەنگی پێڵاوەکان زۆر شت خراپدەکەن و بۆی هەیە شەڕی ناوخۆی لێ هەڵبگیرسێت. درێژەدان بە جەماوەری کردنی سیمبوڵەکان لەهەردوو کۆمەڵگای پێشکەوتوو و پێشنەکەوتوودا مەترسی گەورە لەسەر پاشەڕۆژ و کولتووری سیاسی درووست دەکات.
ئەگەر ئەم هەشت پایەیە لەگەڵ سێ پانتاییەکەدا لە یەک بدەین دەتوانین ماتریکسێکی باش درووست بکەین بۆ دۆزینەوەی لاوازی و بەهێزییەکانی کاریگەری بڕیاری سیاسی لەسەر کولتووری نەخوازراو کە بە هۆیەوە دەتوانرێت وەک کەرەستەیەک بەکار بێت بۆ دیاریکردنی هەنگاوی درووست، بڕوانە ئەم خشتەیەی خوارەوە: 

 خەسڵەت و درووستبوونی بڕیاری سیاسی:
سروشت و خەسڵەتی هەر پێکهاتەیەک و میکانیزمی کارکردنی ناوەوەی پێکهاتەکە دەریخست کە دەتوانێت زۆر کاریگەری گەورە درووست بکات و لەو کەرەستانەوە کە لە بەردەستدا هەن بەرهەمیانبهێنێتەوە. دواتر کاتێک تاکێک لە پێگەی ڕابەری و سەرکردایەتیدا بێت و بەم کارە هەڵبستێت کاریگەرییەکانی زیاتر و چەند ئەوەندە دەبن، بەتایبەت لە بڕیارە سیاسییە چارەنووسازەکاندا، وەک ئەوەی پیشانمان داوە بڕیارە سیاسییەکان چۆن کاریگەریی چەندبارەیی لە گۆڕانکاری کولتووریدا درووستدەکەن. لەم سەردەمەدا بڕیار بە پرۆسەیەکدا تێدەپەڕێت و لە ڕێگەی  ئەو پرۆسەیەوە درووست دەکرێت نەک بڕیار شتێک بێت وەک سەردەمە سەرەتاییەکان، سەرکردەیەکی سەربازی یان کاریزمی بێت و  بڕیارەکە بدات، واتە بڕیار لەناوەندە پێشکەوتوەکاندا درووست دەکرێت و دامەزراوە و کارخانەی تایبەت هەیە بۆ دروستکردنی. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دەسەڵاتی ئابووری و بەتایبەت بانکەکان و سەرچاوەکانی دارایی ئاکتەرێکی گەورەن لە درووستکردنی بڕیاردا و پاشان کەناڵەکانی تر بە پلەی دواتر دێن. لەگەڵ ئەوەشدا لە پێشکەوتووترین ناوەندی دونیادا هەواوهەوەسی ئەوانەی بەشدارن لە بڕیار درووستکردندا کاریگەریەکی بەرچاویان لەسەر درۆستکردنەکەی هەیە، خۆ ئەگەر بیر لە کۆمەڵگا کەمتر پێشکەوتوەکان بکەینەوە کاریگەریی هەواوهەوەس زیاترە تیایاندا.

هەواوهەوەسی تاکەکەس (مزاج) مەرج نییە هەمیشە نەرێنی بێت، بەڵام بەداخەوە زۆرجار نەرێنی خەسڵەتە کەسییە تایبەتەکان لە ڕێگای هەواوهەوەسەکانیانەوە دەردەکەون، کاراکتەرەکانی کەسێتیش زۆر باش بەم پرسە وەڵام دەدەنەوە و هەواوهەوەسەکان دەنەخشێنن. پێگەیشتنی کەسێتی مرۆڤ لە چوارچێوەی کاردانەوە کۆمەڵایەتیەکاندا تەواو دەبێت.

لەلای زانایەکی گەورەی وەک (Erik Erikson[4] 1902-1994): کەسایەتی بەتەواوی بە سۆزوکینەی کۆمەڵایەتییەوە دەبەسترێتەوە لە گەشەکردندا socioemotional. ئێریکسۆن، بەوردی باس لە هەشت وێستگەی کۆمەڵایەتی دەکات کە کاراکتەرەکانی کەسێتی تێیاندا بار دەگرێت و کاریگەرییەکانی لەسەر درووستدەبن. ئەم کاراکتەرانە زۆر کار لە هەواوهەوەسی مرۆڤێک دەکەن و بەهۆیانەوە کاریگەری بەسەر سروشتی بڕیاردانەوە جێدەهێڵن و بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاراستەی بڕیارەکان دەکەن. ئەو هەشت وێستگەیە بەدرێژایی تەمەن بەردەوامیان هەیە لە ڕێگەی خۆیان و کاریگەری دانان بەسەر وێستگەکانی دوای خۆیانەوە، بەشێکیان لە منداڵی و هەرزەکاریدا گەشە دەکەن و بەشێکی تریان لە قۆناغەکانی پێگەیشتندا، بە کورتی لەسەر هەریەکەیان دەدوێین و گرێیان دەدەینەوە بە ناوەڕۆکی بابەتەکەمانەوە:
١. وێستگەی هیوا: متمانە بەرامبەر بێمتمانەییBasic trust vs Basic mistrust ، گەشەکردنەکەی لە قۆناغی ساواییدا یەکلایی دەبێتەوە و دەبەسترێتەوە بە دابینکردنی پێویستییە بنەڕەتییەکانەوە. هەرکات مرۆڤ پێویستییە بنەڕەتییەکانی بەبێ کێشە بۆ دابین بوون، ئەوا متمانەی بەرامبەر بە ژیان لەلا درووست دەبێت و بە پێچەوانەوە. بە گشتی ئێستاشی لەسەر بێت تاک لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەمیشە پێویستی و خواستە بنەڕەتییەکانیان وەک پێویست دابین نەکراون. بۆیە ئەمە گرفتێکی گشتییە زیاتر لەوەی گرفتی بە تەنیای کەسێکی وەک یاریچی ژمارە (10) بێت، بەڵام کاتێک ئەم گرفتە لەسەر تاکی سەرکردە کاریگەری دادەنێت کە بڕیاری سیاسی چارەنووسسازی لەدەستە، ئەوا کاریگەرییەکان لەسەر کولتووری سیاسی و ژینگەی کولتووری چەند ئەوەندە دەبنەوە. بۆیە سەرکردەی گەورە و مەزن لەو پنتانەدا دەرناکەون کە بڕیارە سەربازییە گەورەکان دەدەن، بەڵکو لەو پێگە گرنگانەدا دەردەکەون کە دەتوانن دەرفەت بکەنەوە بۆ گۆڕانە پەروەردەیی و ژیاری و هۆشیارییەکانی کۆمەڵگایەک. کاتێک دەبینین سەرحاڵ بوون لەلای سەرکردەی سیاسی لە دەوری پرسە سیاسییە پەیتە باوەکانن، ئەمە وا دەکات هەموو کایەکانی تر بە لاوەکی ببینرێتەوە، ئەوا دووبارە بوونەوەی ئەو کولتوورەی خۆیانی پێدا ڕۆشتوون بەردەوامی دەبێت. بۆیە دەبینین کاریگەرییەکانی گەمارۆی ئابووری لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا هۆکاری گەورە بوون لە بێبەش بوونی بەشێکی زۆر لە نەوەی لە دایک بووی ئەو سەردەمە، ئەم بێبەشبوونە بێمتمانەییەکی گەورە لەلای تاک درووستدەکات و لە داهاتوو ئاسانتر سەرکردەیەکی متمانە بەخۆ بوو لە دایک نابێت، یان ئەوەی متمانەی بە خۆی هەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیدا مەرج نییە دەرفەتی سەرکردایەتیکردنی هەبێت. هەر بەم پێوانەیەشە سەرکردایەتی هەر دوو باندی دەسەڵاتداری (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) لە شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەریەکتر و بە تاڵانبردنی گومرکەکان بەرپرسیار دەبن، لە درووستکردنی ئەم جۆرە کەش و ژینگانە بۆ ساڵانێکی زۆر.
٢. خواست: سەربەخۆیی بەرامبەر گومان و شەرمنی Autonomy vs Shame and Doubt، پرسیاری سەرەکی لەم قۆناغەدا لەلای مرۆڤ ئەوەیە: "ئایا خۆم دەتوانم شتەکان ئەنجام بدەم یان دەبێت پشت بە یارمەتی خەڵکی تر ببەستم؟" ئەم گەشەیە لە قۆناغی ساوایی یەکەمدا ڕوودەدات و دەبەسترێتەوە بە پشتبەخۆبەستنەوە. لە باری چاکەکاریدا لە پرسی خواستدا کۆدەبێتەوە.
٣. مەبەست: دەستپێشخەری بەرامبەر هەستکردن بە تاوان Initiative vs Guilt، پرسیاری سەرەکی ئەم قۆناغەی مرۆڤ ئەوەیە "ئایا من باشم یان خراپ؟" ئەم پێگەیشتنە لە دوا قۆناغی ساواییدا ڕوودەدات و مرۆڤ تێیدا دەزانێت کە ئایا ئەو دەیەوێت لە ڕووداوەکاندا دەستپێشخەری بکات یان هەست بە تاوانباری خۆی دەکات. دەستپیشخەری هەمیشە پیشانی دەدات هەر لە ساواییەوە، ئایا ئەو کەسە تێڕوانین و وێنای خۆی بۆ دەرەوەی خۆی هەیە، یان ئەنجامی شەرمنی لە قۆناغی پێشترەوە هەمیشە هەست بە تاوانباربوونی خۆی دەکات و دەخوازێت لە ڕێگای چاکەکارییەوە لەم تاوانانە پاک ببێتەوە. ئەمەش ئەو ڕیتمەیە کە مرۆڤی ملکەچ بۆ کەشی گشتی و پایەگای زانینی وەک ئایینەکان لە پایەگای زاینی سروشتی جیادەکاتەوە. گەر مرۆڤ لە قۆناغی پێشووتردا شەرمی کردبێت یان شەرمی پێکرابێتە شێوگی سەرەکی باش بوون، جا بەرامبەر هەر پێویستی و شتێک لە ژیانی مرۆڤەکەدا، ئەوا بە سانایی لەم قۆناغەشدا مرۆڤ دەگەڕێتەوە دۆخی هەستکردن بە تاوان یان تاوانباری دەچێتە بەشێک لە نەستی مرۆڤەکەوە. سەرباری ئەوەش ئەگەر لە قۆناغی پێشوودا سەرکەوتوانە گەشەی کردبێت و لەم قۆناغەدا دەرفەتی کۆنترۆڵکردنی خواستەکانی خۆی نەبووبێت، ئەوا هەمیشە هەست بە شکست دەکات لە نوێگەریدا و ناچارە لەسەر ڕیتمی باو بەردەوام بێت. منداڵێک کە توانیبێتی لەو قۆناغەدا خواستەکانی خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوا توانیویەتی لەلای ئاسایی بێت کە شتێکی نوێ تاقیبکاتەوە و گەر هەڵە دەرچوو لێوەی فێر ببێت. بەڵام کاتێک بە شێوەیەک ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت هەمیشە پێی بوترێت و بەسەریدا بسەپێنرێت کە دەبێت چی بکات، ئەو کات لە گەورە بووندا هەمیشە نوێگەری و تاقیکردنەوەی نوێ جێی مەترسییەکی گەورە و شەرم هێن دەبن بۆ ئەو بەها گشتیانەی لەسەری ڕاهاتوە. پەروەردەی ئایینی و شێوە ئایینی کۆمەکێکی گەورە بەم قەمچبوونەوەی تاکی کورد دەکەن لەدەوری داواکارییە باوەکان. ئیدی دەبینیت نەک بەتەنیا یاریچی ژمارە (10) بەڵکو تێکڕای سەرکردەکان لە هەوڵی ئەوەدان دڵنەوایی ڕای گشتی کۆمەڵگا بدەنەوە و پارێزگاری لێ بکەن و لە هەموو نوێگەرییەک بترسن کە دەرهاویشتەی سەرکێشی خۆیان بێت. بە پێچەوانەوە، یاریچی ژمارە (10) زۆرجار بڕیاری سەرکێشانەی داوە بۆ چەسپاندنی خودی خۆی، بەڵام لە بەرژەوەندی پتەوترکردنی ڕای باودا بوون.
٤. توانایی: دەستڕەنگینی بەرامبەر بێکەڵکی Industry vs. Inferiority ، پرسیاری سەرەکی ئەم قۆناغە ئەوەیە "ئایا جۆن دەتوانم باش بم؟" بەشێکی گەورەی ئەم پرسیارە لە ڕێگای خوێندنگەکانەوە وەڵام دەدرێتەوە، چونکە گەشەی قۆناغەکە لە تەمەنەکانی دوامنداڵیدایە شەش بۆ یانزدە ساڵیی، کە دەردەکەوێت ململانێی کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤ لەوەدایە ئایا ئەو بەکەڵکە یان بێکەڵکە و لە بەرامبەردا گرێکانی خۆ بەکەمزانین درووست دەبێت. لەم قۆناغەدا توانایی دەیەوێت خۆی بسەلمێنێت وەک چاکەکارییەکی (فضیلة) ڕەوشت کە بەشداری دەکات لە گەشەی ئێگۆی ئەو مرۆڤەدا. پەروەردەکار "مامۆستا" ئەگەر ئەم دەربڕینە درووست بێت، هەروەها باوان کاریگەری گەورەیان لەم بوارەدا هەیە. مەودایەکی درێژی کۆمەڵگای ئێمە بەم قۆناغەوە دەبەسترێتەوە. لەم قۆناغەدا پشتیوانی سەرەکی بۆ مرۆڤی یەکەمە، بۆ ئەوانەیە کە لە خوێندن سەرکەوتوون، خوێندنی مادە بنەڕەتییەکانی خوێندنگا (ماتماتیک و زمان و کۆمەڵایەتی و زانست و ئایین) گرنگی بە چالاکی کۆمەڵایەتی و هونەر و زانینەکانی تری وەک گونجاندن و ئاراستەکردنی هاوڕێ و ...تاد نەدراون. مەترسیدارترین کۆمەڵگا ئەوانەن کە چارەنووسی خۆیان دەدەنە دەست یەکەمەکانی ئەم قۆناغە. ئەم قۆناغە ئەو جێگایەیە کە تێیدا کەموکورتییەکانی پێشووش ڕاست دەبنەوە. لە قۆناغی گەشەی تواناییەکاندا کۆمەڵگای سێبەر بۆ کۆمەڵگا مۆدێرنەکان گرنگی بەو پێگەی سەرکەوتنەی خوێندن دەدەن و سەرئەنجام کارەکانی کۆمەڵگا دەکەونە دەست ئەو کەسانەوە کە بەتەنیا توانیویانە لێرەوە گەشە بکەن. کۆمەڵگا بە (خێزان، گەڕەک و خوێندنگەوە) پشتیوانی لە منداڵێک دەکات کە لە خوێندن یەکەمین بێت، ڕۆژانە کارتی خوێندنی چەندین منداڵ دەبینین لەسەر تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا کە کەسوکار و مامۆستاکانیان شانازیان پێوە دەکەن و ئیگۆی تاکەکان بە چەند نمرەیەکی ڕووت و پەتی بونیاد دەنێن. پێشتریش بەهەمان شێوە زیرەکی، بە ئەدەبی، نیشتمان پەروەری لەو کاراکتەرانە بوون کە ئیگۆی پێ بونیاد نراوە.
٥. دڵسۆزی: شوناسی ڕوون بەرامبەر چەواشەبوون Identity vs. Confusion، لە هەرزەکاریدا دەردەکەوێت و گرنگترین قۆناغە کە مرۆڤ لێوەی تێکڕا هەڵوێستە ویژدانییەکانی ڕوو لە ئاراستە و گەشە دەکەن. کاتێک مرۆڤ لەم قۆناغەدا خۆی ناسی و شوناسێکی بۆ خۆی دۆزیەوە ئیتر دەستی پێوە دەگرێت و تا دوا قۆناغەکانی تەمەنی ڕۆڵ دەبینێت لە هەموو نەخشەکانی ژیانیدا. ئەم بەشەی گەشەی کەسێتی لەلای تیۆرەکە پرسیاری سەرەکی تێیدا لای مرۆڤ ئەوەیە ئایا خودی مرۆڤەکە کێیە، واتە دەپرسیت "ئایا من کێم؟"، کە بەهۆیەوە دەخزێتە ناو پرسیارێکی تری چاکەکارییەوە ئەوەش چاکەکاری دڵسۆزییە (دژی ناپاکی) و ژینگەی هاوڕێکانی هەرزەکاری زۆر ڕۆڵ دەبینن لەم پرسەدا.  تێبینی: بۆ تێگەشتن لە دۆخی گەشەی ویژدانی یاریچی ژمارە (10) دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ماوەی 1958 تا 1964 بە پێی ساڵی لەدایکبوونی لێتوێژراوەکەمان، ئەوجا دەبینیت هەرزەکاری ئەم کاراکتەرە مێژووییە، لە چ کەشێکی سیاسیدا وێنا کراوە.
٦. خۆشەویستی: خۆشەویستی و ئاوێتە بوون بەرامبەر گۆشەگیری و دابڕان Intimacy vs. Isolation ، لە سەرەتاکانی پێگەیشتندا گەشە دەکات لە نێوان ساڵەکانی ١٩ تا ٤٠ دا شکڵی کۆتایی خۆی دەگرێت. پرسیاری سەرەکی ئەم قۆناغە ئەوەیە "ئایا من بە تەنیا دەمێنمەوە یان یەکێک دەبێت خۆشی بوێم؟"، گەر لەم پرسیارە بڕوانین ئەوا تەمەنی یاریچی ژمارە (10) دەکەوێتە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٣ تا ١٩٨٤، گەورەترین پرسی چاکەکاری لەم قۆناغەدا خۆشەویستییە، با بڕوانینە مێژووی خۆشەویستی لێتوێژراوەکەمان و لێی ورد بینەوە! نەک بەتەنیا بۆ نەوشیروان مستەفا کە لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی هەستیاردا ژیاواوە و بە سەدان هەزار چاو و سەدان نەیار لە ژیانی ئەویان ڕوانیوە، وەک هەر سەرکردەیەکی تر! ئەوا پێویست بوە چەند دەتوانێت ئەم پرسە بە سادەترین و نەخوازراوترین و ناتەندروسترین شێوە تێپەڕێنێت. ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی کوردستان تەنانەت هاوسەرگیرییەکانی ژیانیشیان قەباڵەی سیاسی بوە لە نێو ئەوان و دەوروبەرەکانیاندا...تاد. چاکەکاریی خۆشەویستی یەکێکە لە پایە گرنگەکان بۆ زیندووڕاگرتنی ژیاندۆستی و بەردەوامیدان بە جوانییەکان و تێگەیشتن لە کۆی هونەر و ژیارییەکان. ئایا گەر ئەم پرسە لە ژێر گوشارێکی لەو جۆرەدا بووبێت چ لە ڕووی نەستەوە چ لە ڕووی هەستەوە، دەبێت سەرکردەیەک چۆن بە شێوەیەکی سروشتی خەباتی کردبێت و مامەڵەی لەگەڵ دۆست و دوژم کردبێت. ئەم پرسە جگە لەو ڕووکارانەی باسمانکردن، زۆری تر لە خۆ دەگرن، بۆنمونە پیشانی دەدەن ئەو مرۆڤە چەند دەتوانێت دابڕاو بێت یان ئاوێتە ببێتەوە لەگەڵ کۆمەڵدا! سەرشکێنی ئەم خواستە لەو تەمەنەدا، مرۆڤ دابڕاو دەکات و تەواو جیای دەکاتەوە لە دۆخی ئاسایی بوونی گەشە. بەگشتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا مرۆڤەکان بە ئەرکی زاو و زێ هەستاون زیاتر لە ئاوێتە بوون و خۆشەویستی و پێکهێنانی پەیوەندییە پتەو و ستراتیژییەکانی یەکانگیری دوو کەس. ئەمە بۆ سەرکردەکان دەیان هێندە گرانتر و پڕ گوشارتر بوە، کە وای لێکردوون هەرگیز وەک مرۆڤی ئاسایی بە پێی پێویست گەشە نەکەن. ئینجا بڕوانە بڕیارە سیاسییەکانیان.
٧. ئاگاداریکردن: بەرهەمهێنی بەرامبەر بێبەرهەمی Generativity vs. Stagnation ، لە ناوەندی پێگەیشتووییدا دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت و دەسەلمێت ئایا مرۆڤ دەتوانێت بەرهەمهێن بێت یان بێبەرهەم کۆتایی پێ بێت. لێرەدا بەرهەم هێنی زیاتر دەربارەی ئەو پرسە دێت کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت مۆری خۆی لە ژیان بدات! ئەو قۆناغەیە کە بەهۆیەوە بوونی ڕابردووی خۆی دەسەلمێنێت لە بەرامبەر تێبەڕبوون بەو شەمەندەفەرەی ژیان کە چەندین کەس لێی سەردەکەون و دادەبەزن و ئەویش هەر بەردەوامە. پرسیاری سەرەکی ئەم قۆناغە ئەوەیە: "ئایا مرۆڤ چۆن دەتوانێت کۆمەکێک بە ژیان بکات بۆ دوای خۆی؟". چاکەکاری گەورە لەم بابەتەدا ئاگاداریکردن و سەرپەرشتی کردنە، گوتاری وردی نەوشیروان مستەفا لەم پرسەدا لە درووستکردنی بزووتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە دەبێت کە دەڵێت: "هەوڵدەدەین لەدواجاردا پیرێکی ئاخر خێر بین". ئەم وتەیە گەلێک لێکدانەوە هەڵدەگرێت بەڵام کاتێک نەوشیروان مستەفا لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا ئەم قسەیە دەکات، ئەوە وشەی دوا قۆناغەکانی ئەم گەشەکردنە و سەرەتای دوا قۆناغی تەمەنە کە دەیخاتە ڕوو.
٨. دانایی: ئاوێتە بوون بەرامبەر بێهیوایی Integrity vs Despair ، دواقۆناغەکانی پێگەیشتوویی کە پاش تەمەنی خانەنشینی دەستپیدەکات، واتە بە گشتی لە تەمەنی ٦٥ ساڵییەوە. پرسیاری سەرەکی تێیدا ئەوەیە "ئایا ژیانێکی شایستە و بەواتا ژیام؟". ئەم قۆناغە ئەوەیە کە مرۆڤ ئاوڕێک بە هەموو ڕابردووی خۆیدا دەداتەوە و کۆتا هەڵسەنگاندن دەکات، کۆتا مۆری خۆی لە ژیان دەدات، ئەگەر بگاتە ئەو تەمەنە. چاکەکاریی گەورە تێیدا پیشاندانی دوا داناییە کە ئەو کەسە هەیبێت. گەر بەخێرایی بە مێژووی نەوشیروان مستەفا بڕوانین، ئەوا باس لە شایستەیی و ناشایستەیی ژیانی ئەو ناکەین، بەڵکو دەتوانین بە دڵێنیاییەوە بڵێین بەڵێ ژیانێکی کاریگەری هەبوو لەسەر تەواوی کۆمەڵگایەک، لەسەر ئاراستەکردنی بڕیاری سیاسی گەلێک بۆ مەودای کاتێک پرتر لە ٤٠ ساڵ.

لێکدانی هەریەک لەم خەسڵەتانە لەناو بڕیاری سیاسیدا بۆ توێژینەوەی وردتر جێ دەهێڵم، بەتایبەت کە دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ئیجگار زۆری بابەتەکە، بەڵام بە خوێندنەوەی ئێریک ئیریکسۆن و ئەو قۆناغانە خوێنەر دەتوانێت بەشداری لە هەڵسەنگاندنی زیاتردا بکات، نەک هەر بۆ نەوشیروان مستەفا، بەڵکو بۆ خودی خۆی و تێڕوانین لە قۆناغەکانی ژیانی خۆی.  

تیۆرەکەی ئێریکسۆن پێمان دەڵێت کۆی ئەو هەڵانەی سەرکردەیەکی سیاسی دەیانکات چ کەلەبەرێک لە مێژووی گەلێکدا درووستدەکات، بەتایبەت کاتێک بڕیاری تاکە کەس ڕۆڵی سەرەکی بگێڕیت. هەر ئەم تیۆرە پێمان دەڵێت کە ئایا کۆی کۆمەڵگا و خێزان و خوێندنگە و ژینگە چ کاریگەرییەک لەسەر تاک جێدەهێڵن. لێرەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ڕایەی ڕۆشنبیری نوێ، کە باوەڕی وایە ئەوی ڕۆشنبیر تەنیا ئەرکی ئەوەیە ڕاکانی خۆی پەخش بکات و ئیدی بەرپرسیارێتی ئەو نییە چۆن ئەو ڕایانە لەسەر زوینەی ڕووداوەکان بەرجەستە دەبن (ماتریاڵایز) دەبن. هەر لێرەوە گرنگە بزانین گەشە و پێگەیشتنی خواستی باڵای مرۆڤ لە کوێوە گەشەدەکات و چ کاریگەرییەک لەسەر هەواوهەوەسەکانی دادەنێت، ژیانی گشتی چۆن پێ خۆشە و چۆن بڕیارەکانی ژیانی گشتی دەگۆڕن. لەم جومگەیەوە بڕیاری سیاسی لەدەست تاکە کەسدا تا دوا سنوورەکان لەژێر لێپرسینەوەدایە، هەرگیز ناکرێت کە بۆ ماوەی دوور بەردەوام بوو چاوەڕوانی دەستکەوتی باشی لێ بکەین. تاکەکەس لەڕێگای ئەو گەشەکردنانەوە دێتەوە ناو کۆمەڵگا و لەوێوە لە سێ قۆناغی گرنگەوە بەشداری دەکات لە ژیانی هەر یەکەماندا، ئەوانیشی خۆشویستنەکانی مرۆڤە، هەلسەنگاندن و پێزانین یان ڕێزەکانێتی، هەروەها خۆ سەلماندنەکانی (Cordiality, Esteem, Self-actualization) ئەبراهام ماسلۆ. کەواتە ژینگەی دەرەکی و هۆشی باو لەسەر تاکی سەرکردە گەورەترین کاریگەری دادەنێت بۆ جەختکردنەوە و دووبارەکردنەوەی هەمان میژوو، ئەگەر ئەو سەرکردەیە لە خۆیدا تاکێک یان یەکەیەکی بیرمەند نەبیت لەناو خواستەکانی تێگەیشتنی خۆیەوە نەیەت و ئەو باوە مێژووییە نەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەو کەرەستەو میکانیزمەی دەتوانێت بازنە بەتاڵەکە تێکبشکێنێت، ئەوا دەبێتە بار بەسەر هەر بزاوتێکەوە کە توانای هەبێت لە سنووری تواناییەکانی ئەو سەرکردەیە زیاتر بکەن. با نمونەیەک وەربگرین، باوکێک کە ئاستی تێگەیشتنی تا ڕادەیەک مامناوەندی بەرز بێت و بە هۆشیار هەژمار بکرێت، بێگومان لەلای خۆشترە منداڵەکەی خەریکی خوێندنەوە و نووسین و هونەر و کۆمەڵێک چالاکی بونیادنەرانە بێت تا ئەوەی "خوێڕی خوێڕی لە کۆڵانەکان بسووڕێتەوە"[5] لە ساڵەکانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا زنجیرەیەک کتێب لە ئێراقدا پەخشدەکران بە ناوی سەرکەوتوەکان (الناجحون) هەریەکێک لەم کتێبانە دەربارەی کەسێتییەکی سەرکەوتوو بوو لە ژیاندا بۆ نمونە ناپۆلیۆن بۆناپارت، ماهاتما گاندی، مادام کۆری، ئەلبێرت ئاینشتاین، چارلی چاپلین، ئەلێکساندەری مەکەدۆنی...تاد. هەمان باوک کە پێی خۆشە منداڵەکەی خوێنەوار بێت نازانێت ئایا منداڵەکەی بە کەسایەتی چاپلن کارتێکراو دەبێت یان بە کەسایەتی ناپۆلیۆن. ئەکتەرێکی سینەمایی لێ دەردەچێت یان شەڕکەرێکی بکوژ..تاد، بەهەمان شێوە خوێنەوار بوون نازانرێت ئایا ئەم کەسە سەرنجی بۆلای تیۆر و دیدەکانی ئەیریک فرۆم دەڕوات یان دەبێتە دەروێشێکی سەید قوتب. بێگومان هەموو ژینگەی کۆمەڵایەتی کاریگەری لەسەر ئەم تاکە هەیە کە لەداهاتوو دەبێتە سەرکردە، لە هەر بارێکیشیاندا مەترسیدارە، چونکە کاتێک کەشی گشتی و سیستەم و کولتووری سیاسی پشت بە تاکە کاریزما ببەستێت باشی لێ ناکەوێتەوە. سەرئەنجام هەموو گرێ دەروونی و کەماسییە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە خەسار لە کۆی مێژووی کۆمەڵگادا و لەو بازنە بەتاڵەی نەخوازراودا دەیانچنینەوە.

قەیرانەکانی بڕیاری تاکە سەرکردەی کاریزمی و جیاوازی بڕیاری دامەزراوەیی:
هەموو بڕیارێک کە دەدرێت چەندین دووری وردی هەیە، بەتایبەت لە ژیانی ئەم سەردەمەدا، ئەو دوورییە وردانە لە ڕووی زانستییەوە تەواو تایبەتمەند بوونەتەوە و پێویستیان بە پسپۆڕ بوونەوەی ورد و شارەزایی هەیە، ئەم وردەکاریانە لە شوێنێکدا و لەدەستی سەرکردە گشتییەکاندا کۆدەبنەوە کۆی ئەنجامەکانی بەگشتی دەکرێنە فەرمان لەسەر هەر ڕێکخراوێک یان کارێکی بە کۆمەڵ. لەم دۆخەدا کە بڕیار، بڕیارێکی دامەزراوەییە، سەرکردەی گشتی ئەرک و بەرپرسیارێتی گشتی دەکەوێتە ئەستۆ و لەڕوی گەورەترین بەرپرسیارێتییەوە هەمان بەرپرسیارێتی دەمێنێت کە ئەگەر خۆی بە هەموو کارەکان هەستێت. لە کاتێکدا بڕیاری تاکەکەسی زۆربەی کارەکان و هەنگاوەکانی بڕیاردان دەکەوێتە دەست تاکە سەرکردەوە، ئەمەش گرفتێکی گەورەی تری سەرکردەی کاریزماییە. بە تایبەت بڕیاری تاک سەرکردە کۆمەڵێک گرفتی گەورەی لە پشتەوەیە، لەوانە گرنگترینیان باس بکەین دەتوانین لە چەند خاڵیکی بەراوردکاریدا ڕیزیان بکەین:
١. لە بڕیاری تاکەکەسی کاریزماییدا خەوشی دەروونی و کەسێتی (گرفتەکانی نۆستالجیا بۆ نمونە) دەردەتۆقن و دەبنە فاکتەری سەرەکی لە هەواووهەوەسی بڕیارداندا. لە کاتێکدا لە بڕیاری دامەزراوەییدا ئەم گرفتە دەروونیانە ئەگەر گرفتی دەروونی کۆمەڵایەتی[6] نەبن، هەڵدەمژرێن و بەشێکی زۆریان لێ دیار نامێنێت، کە ئەوەش بە سیستەم جێبەجێ دەکرێت. واتە کاتێک بڕیار لە چەند ناوەندێکەوە گەڵاڵەکرا ناچارە سیستەمێکی گەڵاڵەکردنی هەبێت بۆ ئەوەی کار بکات، بەو پێیەش دەتوانرێت لەڕێگەی گەشەپێدانی سیستەمەوە بەر بەو خەوشانە بگیرێت.
٢. لە بڕیاری تاکەکەسی کاریزمیدا خەوشی پسپۆڕی بە ئاسانی درووست دەبێت و کاریگەری دادەنێت! پێشتر باسمانکرد کە بڕیار فرە دوورییە و زۆرترین وردەکاری پێویستە بە تایبەت لەمڕۆدا، ئەو دەم تاکە کەسی کاریزمایی ناتوانێت ئەو پسپۆڕیانە کۆبکاتەوە (بە دەلالەتی کورتی دەرفەتەکان لەبەردەم تاکەکەسدا)، ئەم گرفتەش باشتر لە بڕیاری دامەزراوەییدا چارەسەر دەکریت و دەست بەسەر ڕێژەیەکی باشتری ئەو پسپۆڕیانەدا دەگیرێت.
٣. لەبڕیاری تاکەکەسدا بەرپرسیارێتی لە کۆڵدەکرێتەوە، بەڵام لە بڕیاری دامەزراوەییدا بەرپرسیارێتی دابەش دەبێت و ئاسانتر ناتەواوییەکانی دەدۆزرێتەوە، بەرپرسیارێتی خاڵێکی گرنگە لە ڕێگەگرتن لە هەڵەی بڕیار، چونکە بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەیە کە مرۆڤی بریاردەر ئیست لەبەردەم هەواووهەوەسەکانیدا دەکات. کاتێک بەرپرسیارێتی هەموو وردەکارییەک دەکەوێتە دەست تاکە سەرکردەی کاریزمی، پێوانە و هەڵسەنگاندنەکان لە بەرپرسیارێتیدا لە لێکدانەوەدا ون دەبێت. بێگومان توانای لێکدانەوە بڕیار درووست دەکات، هەر توانای لێکدانەوەش قەبارەی بەرپرسیارێتی دیاریدەکات. کەواتە سەرچاوەی بڕیار و بەرپرسیارێتی لە ئاستی کەموکورتییە پسپۆڕییەکانی بەرپرسیارێتیدا لەبەیندەچن و لەکۆڵدەکرێنەوە، بەڵام لە دامەزراوە و بڕیاری دامەزراوەییدا، یەکە جیاوازەکان بەرامبەر یەکتر بەرپرسیارن، و لە یەکترەوە ئاماژەی هەڵسەنگاندن و پیوانەی درووستی بڕیارەکانیان وەردەگرن. کەواتە بەرپرسیارێتی تەواوکاری دەبێت هەر وەک تەواوکاری لە بڕیاردا.
٤. هەڵەی مێژوویی لە دەست سەرکردەی کاریزماییدا یەک ئاراستەی دیاریکراو وەردەگرێت و بەشێوەیەکی ستوونی کەڵەکە دەبێت، بەتایبەت ئەگەر ئەو تاکەکەسە زۆر بمێنێتەوە لە سەرکردایەتیدا، بەڵام هەڵەی مێژوویی لە دەست دامەزراوەیەکدا کە بڕیار درووستبکات ئاسۆیی کۆدەبێتەوە و بە ئاسانتر بەدیدەکرێت و تەنانەت چارەسەریش دەکرێت.
٥. ڕابەرایەتی تاکەکەسی ئاسانتر ڕامدەکرێت لەلایەن هێزی دەرەکییەوە و ململانێ کولتوورییەکان ڕێگایان بۆ کورت دەبێتەوە و هەمیشە ئەو هێزانەی بەهێزترن دەتوانن بە سادەیی و ئاسانی لەڕێگای تاکە سەرکردەوە گرەوە سیاسییەکانی کۆمەڵگایەکی تر بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە داگیرکاری لە ڕێگای بازاڕەکانەوە زۆر باشتر و ئاسانتر دەکرێت تا داگیرکاری ڕاستەوخۆ.  

سەرباری ئەو پێنج خاڵە زۆر پرسی تریش هەیە، گەر بمانەوێت بجینە وردەکاریی زیاترەوە، لەکاتێکدا ئەم خاڵانە بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین کە هۆکارەکانی دواکەوتوویی بڕیاری سیاسی لەلای ئێمە چین یان نزیک ببینەوە لە هۆکارەکان. بە پلەی یەک دەردەکەوێت کە نەزانی سەرکردەکان و ڕێبەرییەکی کەم زانیاری، ئەگەر هۆشیاریش بێت بە پێویستییە کورتمەوداکانی کۆمەڵگاکەی یان ئاسۆکانی کردەوەی چەند دڵسۆزانە بن ناچارە بۆ هەندێ پێوانەی باو بگەڕێتەوە، وەک عورف و زانیاری باو و ئایین و پێخۆشبوونی دەستە جەمعی و ...تاد. بەردەوامی سەرکردە لە هەمان جێکەوتی بڕیاردا سەرکردە لە نوێبوونەوە دەخات. ئەوەی یاریچی ژمارە (10) ی بە زیندوویی هێشتوەتەوە، ئەو دابڕان و پچڕانانە بوە کە لە ژیانی سیاسی خۆیدا پێڕەوی کردوون. هەرچی ئەم خاڵی پچڕانە زیانی بە زۆر شتی تر گەیاندوە، بەڵام ئەو لە زۆریتر جیادەکاتەوە بەوەی ئەو دەرفەتانەی سوود لێ بینیوە بۆ خۆ نوێکردنەوە و تێڕامانی زیاتر و بەدواداچوونی باشتر.


[1]  خواردن: هەموو پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی خواردن دەگرێتەوە، لە کۆکردنەوەی بەروبوومی سروشتی و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئامادەکردنی پیشەسازییەوە تا دەگاتە شێوازەکانی خواردنەکە. توخمتێری: هەموو پەیوەندییەکانی ڕەگەز و ڕەگەزبازی جیاواز دەگرێتەوە، کە ئامانجی سەرەکی زۆربوون و چێژە توخمتێرییەکانن، دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نیوان هەردوو ڕەگەزی نێر و نێر، نێر و مێ هەروەها مێ و مێ و تا دەواتر ڕۆدەچێتە هەموو لێکەوتەوەکانیانەوە. یاریکردن (گەمە): بریتیە لە هەموو سەرحاڵییەکانی مرۆڤ لە منداڵیەوە تا گەورەبوون و دواتر بەساڵاچوون، کە بەهۆیەوە دەتوانێت خودی خۆی وەک تاک لە ناو گرۆدا بەرجەستە بکات، بە وازی دەستپێدەکات و بەکارکردندا (کارکردنی خۆبەخش و کرێگرتە) تا دەگاتە سەرحاڵییەکانی خانەنشینی و بەساڵاچوون. ئەم سێ پانتاییە ئەو پانتاییانەن کە چەرخی کولتوور تێیاندا دەسووڕێت.
[2]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، نەوشیروان مستەفا.
[3]  نمونەیەکی تەنز ئامێزە زیاتر لەوەی کە ڕووداوێک بیت، بەتەنیا بۆ پیشاندانی کاریگەری پیلەری تەکنۆلۆجیا لەسەر کولتووری سیاسی.
[4]  ، ئێریک ئێریکسۆن 1902-1994، یەکێک لە دەروونناسەکان کە تیۆرەکەی گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لەبری جەختکردنە سەر کاریگەریی قۆناغەکانی منداڵی، گرنگی بە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان دەدات و کاریگەرییان لەسەر پێکهێنانی کەسێتی بە درێژایی ژیانی تاکەکەس ڕووندەکاتەوە. ئێریکسۆن، یەکێک بوە لەو دەروونناسانەی مێژووی شوناسی خۆی زۆر بەباشی دیار نەبوە. زۆرێک لە سەرچاوەکان وای دادەنێن کە ئەم زانایە هەر بۆیە گرنگییەکی زۆری داوە بە توێژینەوە و تیۆری دەربارەی شوناس چونکە خۆی لە گرفتێکی گەورەی لەوجۆرەدا ژیاوە بە درێژایی تەمەنی، کەواتە لەکاتێکدا ئەگەر حکیم بووبێت، دەردەداریش بوە. ئێریکسۆن، بە یەکێک لەو دەروونناسە فرۆیدیە نوێیانە هەژمار دەکرێت کە بنەماکانی خوێندنگەی فرۆیدی بە هەند وەرگرتوە و پاشان بیروباوەڕ و بۆچوونی خۆی خستوەتە سەر تیۆرییەکان.  
[5]  قسەیەکی گشتی شەقامە لە نێو کولتووری شاری سلێمانییەوە خواستوومە، لایەنی کەم لە کۆتایی سەدەی بیستدا بۆ پتر لە 50 ساڵ بەکارهاتوە. زاراوەیەکی کولتووری کاریگەرە لە پەروەردی خێزانی و بازاڕی کار و لە نێو دیواری مزگەوتەکاندا بە چەندین شێوە وتراوەتەوە.
[6]  گرفتی تاک کاتێک لە ڕێژەیەکی گەورەی ژمارەی دانیشتوانی گرۆیەکدا بەدی بکرێت و ببێتە دیاردەی کۆمەڵایەتی، ئەوا ئەو گرفتە دەگوێزرێتەوە بۆ ناو خەسڵەتی دەروونی گرۆکە، بە تایبەت گرۆ ئەگەر لە ئاستی کۆمەڵگایەکدا بێت ئەوا هەموو بە یەکەوە، چۆن تاکێک، خەسڵەت و کاراکتەری دەروونی هەیە، کۆمەڵگاکەش پێکەوە و بە تێکڕایی خەسڵەت و کاراکتەری دەروونی کۆمەڵایەتی بۆ درووست دەبێت وەک یەکەیەکی یەکگرتووی سەربەخۆ.

No comments:

Post a Comment