بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





31/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ٧



بەشی حەوتەم:
بەرهەڵستکاری و ڕێکخراوە سێبەرەکانی دەسەڵاتی کوردی:
بۆئەوەی لە بیرۆکە و ڕۆڵی بەرهەڵستکاری (ئۆپۆزسیۆن) تێبگەین پێویستمان بە دووبارە یادهێنانەوەی چەمکەکە هەیە لە چەند چوارچێوەیەکدا. هەرکات دەسەڵات یان هەژموونێکی دەسەڵاتگەرا هەبوو، ئەوا بەرهەڵستکاریش هەیە.  بەرهەڵستکاری پەیوەندی بە سیستەمی سیاسییەوە نییە بەڵکو وابەستەیە لەگەڵ خودی هەبوونی دەسەڵاتدا (ئۆتۆریتە، یان هەژموون). دواتر شێواز و چالاکی و قەبارە و میتۆد و تیۆری هێزی بەرهەلستکاران چۆنە و بە چ جۆرێکە؟ ئەمەیان پەیوەندی بە سیستەمی سیاسی و پرۆسەی سیاسییەوە هەیە. خەڵکی باشووری کوردستان بەهەر بیانوو و هۆکارێکەوە بووبێت لەگەڵ بەرهەڵستکاریاندا بۆ ڕژێمی حوکمڕان لەچوارچێوەی "حیزبی شۆڕشگێڕ"دا خۆیان پێناسەکردوە. کەلەلایەکی ترەوە حیزبە شۆڕشگیڕەکەیان هەردەم هەژموونێکیان بەسەر خەلکی کوردستاندا پیادە کردووە لەپای شەرعییەتێکدا کەزۆرجار بە بیانووی نەتەوە پاریزی وەریانگرتووە. بەم جۆرە هەژموونی دەسەڵاتی کوردی لەباشووری کوردستاندا زۆری نەماوە خۆی لە سەدەیەک نزیک بکاتەوە.
لەسەرەتاکانی شۆڕشی شێخ مەحمودەوە کە دژی سیاسەتی ئینگلیز لە باشووری کوردستاندا برەوی سەندوە بەرهەڵستکاری ئەم هەژموونە هەردەم و هەرکات ئامادەبووە. دواتر ئەو بەرهەڵستکارییە بەهۆی خودی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتەوە، یان بەهۆی جیاوازی چینایەتی و پایەی کۆمەڵایەتییەوە یان بەهۆی بیروبۆچوونی جیاوازەوە، خۆی لەقاڵبی تردا نواندوە و زۆرجاریش دەسەڵاتی کوردی لەدۆخی شۆڕشگێڕی خۆیدا هەموو نەیارەکانی بە ناپاک وێناکردوە و لەڕیزی دوژمندا پێڕی کردوون. بەم کردەوەیەش شۆڕش و پارتە شۆڕشگێڕەکان کولتوور و پراکتیکی تۆتالیتاریانەیان لەخۆیاندا بە خەسڵەتی بنچینەیی کردووە.
ئەوەی لەسەرەوە و لە پێناسەوە بۆناو شۆڕشەکانی کوردستان لە باشوور باسمانکرد، بە خەستی و بەوردتر دێتە ناو جووڵانەوەکانی تر و پارتی دیموکرات دژایەتی حیزبی شیویعی دەکات و جیابوونەوەی مەکتەبی سیاسی لێ پەیدا دەبێت و ئەو نەریتە هەتا ئەمڕۆی ململانێکان بەردەوامە لەناو پارت و پارتۆکە کوردییەکانی باشووردا و بگرە گشتگیرە لەسەراسەری کوردستاندا. هەموو لەم سەردەمەدا تا ئەندازەیەک بێگومانین کە دەسەڵات هەبوو بەرهەڵستکاریش هەیە، چونکە هیچ تێزێک نییە بتوانێت تەواوی پرسەکان بە ئاکام بگەیەنێت و هەنگاوەکانی بە پێوانە کامڵ بن. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە هەمیشە ئاسۆیەک بۆ باشتر هەیە، چونکە هەموو داخوازییەکان و هیواکان لە توانای ئەمڕۆی دەسەڵاتدا نییە و لەبەر سنوورداری توانا گشتییەکان ناتوانێت پێی بگات. لەیک کاتدا ناکرێت ئەو ئاسۆیەش لەلای خەڵک لێڵ بکرێت بە بیانووی نەبوونی توانایی لەمڕۆدا و ئیدی بەرهەڵستکاری کۆتایی پێ بێت. بۆیە خەڵک بەرهەڵستی هەنگاو و بڕیارەکانی دەسەڵاتەکەی دەکات و ئومێدی بە باشتر هەیە و ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە دەبیتە داینەمۆی داواکاری نەوە بە نەوە بۆ باشتر بوون.

لەسیستەمی سیاسی ئەرێنی و تەندروستدا (ئەرێنی بە پێوانەی گەشەسەندن) {لەلای من: کۆمەڵگای گەشەسەندوو کۆمەڵگایەکە کەهۆشیارییەکی فرەئاراستە دەیتەنێتەوە و سەرباری جیاوازییە گەورەکان دەتوانێت دەست بە هاوئامانجیەکی مرۆڤدۆستانەوە بگرێت و تاکەکانی جگە لەخوێندەواریی لەوردەکاری مەترسییەکانی سەر ژیان تێدەگەن و بێوچان کاردەکەن و پشتیوانی یەکترن بۆ قەلاچۆکردنی چەوساندنەوە و ستەم و نائاسوودەیی و بەر لە هەرکەس نیشانەی پرسیار لەسەر خۆیان و هاوڕێ نزیکەکانیان دادەنێن} دەستەواژەی ژمارە (٧). چۆن جێگای دەسەڵات دیار و ئاشکرایە، جێی بەرهەڵستکاریش بەهەمان شێوەیە، ئەگەر گرنگتر نەبێت. ڕۆڵەکانی بەرهەڵستکار، جگە لەچاودێری سیاسەتی دەسەڵات، لە زۆر باردا دەبنە ڕاستکەرەوەی هەڵەکانی دەسەڵات، دەبنە ئەلتەرنەتیڤێکی ئامادە بۆ شکستی دەسەڵات، دەبنە پشتیوان بۆ هەنگاوە ڕاست و درووستەکانی دەسەڵات، هەروەها بەرهەڵستکار دەبێتە سەرەتایەک بۆ دۆزینەوەی هەنگاوی باشتر لە داهاتوودا کە خودی دەسەڵات ناتوانێت بەوکارە هەستێت.

لەسیستەمی سیاسی نەرێنی و بەککەوتوودا، دەسەڵات بەوە خۆی دەگەشێنێتەوە کە هیچ هێزێکی بەرهەڵستکاری نییە و لەتەواوی کۆمەڵگادا تەنانەت جیاوازەکانیش پشتیوانی دەکەن. بۆیە لەشێوە دەسەڵاتە تۆتالیتار و ڕەهاکاندا دەسەڵات بێ سێ و دوو دەبێت بەرهەڵستکارەکانی بسڕیتەوە، هەروەها هێز و تاکەکەسیکیش لەکۆمەڵگادا نەمێنێت شوناسی جوانییەکانی ئەو بخاتە ژێر پرسیارەوە. تەنانەت ئەگەر ئەو هیزە لە پێناوی جوانتر بوونی خودی دەسەڵاتەکەی ئەویشدا پەیدا بووبێت. پارتە باڵادەستەکان و تەنانەت بیدەسەڵاتەکانیش لەهەردوو سەردەمی "شۆڕشگێڕیی" شاخ و "حوکمڕانی" شاریاندا ڕیتم و ئاوازی سیاسەتی نەرێنیان بەرامبەر بەرهەڵستکارەکانیان پێڕەو کردووە و هەوڵی سڕینەوەی یەکجاری هەر هێزێکیان داوە کە ببێتە هۆی درووستکردنی پرسیار لەبەردەم هەنگاوەکانی ئەواندا. بەواتایەکی تر خودی ئەو پارتانەش کە لە ئۆپۆزسیۆندا بوون نەیارە ناوخۆییەکانی هەمان پارتیان بەهەمان شێوە مامەڵە کردوە و هەوڵیانداوە ئەنجامی یەکڕایی و هاوشێوەیی بەهێزی خۆیان نمایش بکەن. ئەم کردوەیە، ئەگەر گەورەترین درۆ بووبێت، هێشتا ئەوان دڵیان پێ خۆشبووە چونکە بەرهەم و قازانجی خۆیان بەزیادەوە لێ وەرگرتووە و ئەوەی باخێکی دێمی نەبێت هەرگیز چاوەڕوانی بارانێک ناکات.

لەهەموو پرسێکی سیاسییدا وردەکاریی و گشتگیریی تایبەت هەیە، بۆهەریەکەشیان پلانی ستراتیژی و مامەڵەی پلانکاریی کورتمەودا و تا ئەندازەیەک ڕۆژ بەڕۆژی پێویستە. لە زۆر باردا کە بەرهەلستکار و دەسەڵات دەکرێت لەسەر ئاستی گشتی کۆک بن و هەنگاو بنێن ئەگەرچی لە هێنانە پیشی ئەڵتەرنەتیڤ و پلانی دوورمەودادا جیاواز و ناتەبابن. لەلای هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان تەنیا لە بیرۆکەی یەکدەنگیدا بەهێزی بینراوەتەوە. کۆ دەنگی لەناو پارتەکاندا گرنگی پێدراوە و ئەوەی داخوازی گشتی و تایبەتی بووبێت تەبایی و یەک هەڵوێستی و یەکانگیریی و لێبووردن بووە، چونکە هەمیشە دەسەڵات دۆخەکانی بەناسک پێناسەکردوە یان بەناسکی ڕایگرتوون، هەر بۆیە هەر بەرهەڵستکاری و ناتەباییەک بە ناپاک و دژ هەژمار کراوە.

لەگەڵ گەشەی شێوە دەربڕینی دیموکراسییدا ڕێکخراوە باڵادەستەکانی کوردستان چ لە شاخ بووبن یان لەشار پێناسەی فرەییان پێ گرنگ هاتووەتە پێش بینایی و کەم تا زۆر ویستوویانە قبووڵکردنی فرەیی نمایش بکەن. ئەم نمایشە بەمەرجێک بووە هێزە جیاوازەکان دژ بە هێزی دەسەڵاتدار نەجووڵێنەوە و پێڕەوی سیاسەتێکی تر نەکەن، بەڵکو پشتیوانی هەنگاوەکانی هێزی دەسەڵاتدار بن. لەم پێگە چکۆلە و پەراویزەوە بۆ هەبوونی هەمەڕەنگی سیاسی پارتی سێبەر و ڕێکخراوی دەستەمۆیان پشتیوانی کردوە و تەنانەت درووستیانکردوون و بەئەندازەیەک وەک دەمامکێک بۆ داپۆشینی ستەمکاری و ڕەهایی خۆیان بەکاریان هێناون.
لەم کەشە ئەفسووناوییەدا چەند لێکدانەوەیەکمان بۆ دەچەسپێت:
١. زۆر جار دەسەڵاتی تۆتالیتار هەست بە نادڵنیایی و ترس دەکات لە هەنگاوەکانی خۆی، ئەم ترسە دەرەکی بێت وەک ئەو  هێزانەی پشتیان پێ دەبەستێت و دەبێت پێی گرنگ بێت دڵیان ڕاگرێت یان ناوەکی بێت لە ڕق و توڕەیی خەڵکی ناوخۆی کۆمەڵگاکە خۆی، بۆیە دەخوازێت بڵێت من تەنیا نیم و چەندین ڕێکخراوی چکۆلەی پێویستە و گەر نەشبن درووستیان دەکات بۆ ئەوەی لەو خەمی تەنیاییە دەرباز ببن.
٢. ڕێکخراو هەیە خۆی بەشیوەیەکی خۆڕسکانە درووست دەبیت بەڵام بۆ ئەوەی بتوانیت بژی و بەردەوام بێت ناچارە پشت بەهێزێکی لەخۆی گەورەتر ببەستێت. ئەم جۆرە ڕێکخراوانە باشترین کڕیاری سیاسەتی تۆتالیتاری هێزە باڵادەستە ناجێگیرەکانن. بەجۆرێک ئەوان لە تەنیایی ڕزگار دەکەن و خۆشیان وەک گەندەخۆر لەسەر کەلاک و پاشماوەی هێزە تۆتالیتارەکان دەژین.
٣. هێزە تۆتالیتارەکان هەردەم بە گومانن لەڕاستی پیڕەوی خۆیان، بۆیە ناچارن هێزی تر بدۆزنەوە کە پشتیوانی لە تێزەکانیان بکات. ئەو دەمانەی باڵادەست دەبن و دتوانن خۆیان بڕیاردەری سەربەخۆ بن ئەم هیزە چکۆلە درووستکراوانە کەم دەکەنەوە و بە پێچەوانەوە.
٤. زۆر جار هەیە هێزە تۆتالیتارە حوکمڕانەکان کە پێویستی سەرەکی هێزە سەرمایەدارە جیهانییەکانن، پێویستیان بە پەراوێزی دیموکراسی و فۆرمی هەڵبژاردن هەیە تا بتوانن بە جۆرێک لە جۆرەکان بەردەوامی بە گەمە سیاسییەکان بدەن و بەردەوام بن، بۆیە هێشتنەوەی هێزە لاوازە دەستەمۆ و ناکاراکان ئەو هێزانە دەکاتە سێبەر بۆ دەسەڵات.

پارته‌ سێبه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، کەزۆرجار لە هەڵبژاردنەکاندا وەک ڕکابەر دەرکەوتوون (بۆنمونە: حیزبی شیوعی، سۆشیالیستی دیموکراتی و پارتی کار و پارتی گەل و زەحمەتکێشانەکان و ...تاد، زۆرن)، مێژووی نوێی ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی کوردی له‌پارچە باشووری کوردستاندا زۆر بەناشرینی ئاڵوواڵا دەکەن. ئەم ڕێکخراوانە نەبوونیان گەلێک گرنگتر و پڕ سوودتر بوو لە بوونیان و بەهیچ جۆرێک کەلێنی فرەییان پڕ نەکردوەتەوە. ئەم ڕێکخراوانە هەمیشە دەبنەوە بە کەرەستە بۆ دەسەڵاتی ستەمکار و بەردەوام ژیان و وزەیان پێدەبەخشن. به‌درێژایی حوکمڕانی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دوو زلحیزبی یەکێتی و پارتی ئەم ڕێکخراوانە تەنیا هەڵبژاردنەکانیان ڕازاندوەتەوە بە بێ هیچ ماک و بنەمایەک کەلەسەر ژیانی کۆمەڵگا کاریگەرییان هەبووبێت. له‌سه‌رده‌می ده‌ستکه‌وته‌کاندا پارتی و یەکێتی ته‌باو هاوپشتیوانی یه‌ک بوون و له سه‌رده‌می قه‌یرانه‌کاندا لە‌جه‌نگدا بوون، ئەم ڕێکخراوانەش لە هیچ بارێکیاندا نەیانتوانیوە کاریگەری بەرچاو لەسەر شەقامی سیاسی و ڕۆشنبیری و کولتووری کوردستان دابنێن. هێزە دەسەڵاتدارەکان هەمیشە چەند هێزێکی سێبەریان هەبووە بۆ ئەوەی پشتیوانیان لێ بکات. بوونی ئەم هێزە سێبەرانە لەسەردەمی "شۆڕش" ی چەکدارییەوە تا ئەمڕۆی کوردستان درێژ دەبێتەوە، کەلەخۆیدا باشترین سەلماندنە کەدەسەڵاتی سیاسیانەیان لەپاش ڕاپەڕینی کوردستان لەساڵی ١٩٩١ گەلێک زیاترە.

لەم دەرئەنجامانەوە دەبێت بگەڕێین بەدوای بەرهەڵستکاری ڕاستینەی دەسەڵاتی کوردیدا تابزانین ئایا بەرەوکوێ ڕۆشتووە؟ خۆ ناکرێت دەسەڵاتێک بە تۆتالیتار و ستەمکار و گەندەڵ و خیانەتکار و نەزان بزانین و توانیبێتی ئەو هەموو بەرهەڵستکارەی خۆی لە هێزی بەرهەڵستکاری ڕاستینەوە بۆ ڕێکخراوی سێبەر بگۆڕێت!



30/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ٦



بەشی شەشەم

لەپاش ساڵی ٢٠٠٥ و گەیشتنی تاڵەبانی بەو میراتەی بەدرێژایی تەمەنی خەونی پیوە بینی بوو، سەرۆکی کۆماری ئێراقی فیدراڵ، دواتر بەو هۆیەوە هاوکێشە سیاسییەکان لەنێوان هەموو پارتەکانی ئێراق و کوردستاندا گۆڕانیان بەسەردا هات. ئیدی شتێک نەما لەناو (ی.ن.ك) دا بەرەنگاری (پ.د.ك) بکات و بە مەسعود بەرزانی سەرۆکەکەی بڵێت ئێمەش لەحوکمڕانی ئەم هەرێمەدا شەریکین. هەر بەوجۆرە (ی.ن.ك) لەبەرامبەر بە سەرۆکایەتییەکی کارتۆنی لە ئیراقدا دەستبەرداری هەموو سەروەرییەکانی کوردستان بوو. بەم جۆرە ژمارەیەکی زۆر لەکادر و سەرکردە باڵا و ناوەندییەکانی ناو حیزبەکە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و تەنانەت بیرکردنەوەکانیان کەوتە بەر مەترسی و تێکڕا بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا لە (ی.ن.ك) دا هەڵوێستیان وەرگرت و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی ئەمانە لەدایک بوو. ئەم کارە بۆ کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا کارێکی تا ڕادەیەک ئاسان بوو، چونکە لەگەڵ ڕایەڵە جەماوەرییەکانی حیزبەکەیدا لەپەیوەندییەکی بەهێزدا بوو، هەروەها بێدادی و گەندەڵی سەرانی (ی.ن.ك) گەیشتبووە ئاستێکی زۆر بەرز. سەرباری ئەوەش چەندین هۆکاری بابەتی هەبوون بۆ لەدایک بوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەوانە:

١. بەشێکی بەئاگا لەسەرکردایەتی و کادێرە ناوەندیەکانی (ی.ن.ك) هەستیان بەمەترسیە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان کرد کە ئەنجامی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا شێوازێکی "ئەسەدیانە" ی حوکمڕانی سەری هەڵدا و هەموو بنەماکانی دەسەڵات لە تاڵەبانییەوە دەستیانکرد بە گواستنەوە بۆ میراتگرەکانی ناو بنەماڵەکەی نەک میراتگرە حیزبییەکانی و ئەوانیش خۆیان بە خاوەنی ئەو مێژووە دەناسی.
٢. ئەنجامی بەرفراوانی گەندەڵی و بێدادی چەند ئاماژەیەک بۆ سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤی سیاسی دەرکەوت، لەوانە هێزە جل ڕەشەکانی گەرمیان، بزووتنەوەی گەنجان، کامپینی هەتا کەی، بزووتنەوەی "کۆڕێگە"، گروپەکانی فشاری ژنان... تاد، کە ئەمانە ترسیان خستە بەر ئەو بەشە زیانخواردوەی (ی.ن.ك) و هەر بەو هۆیەوە شاخەی ڕیفۆرم لەناو حیزبەکەدا بووە شاخەیەکی جدیتر و بڕیاریاندا وەڵامی پێویستییەکانی ئوپۆزسیۆنی پەرتەوازەی ناو حیزبەکەیان بدەنەوە، بەڵام هیزەکانی تاڵەبانی نەهاتنە پای ملدان بەو داواکاریانەی شەقام، چونکە دەبوو دەستبەرداری ڕیکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی ببن و ئەوەش لە قازانجی تاڵەبانی و بنەماڵەکەی نەبوو.
٣. سەرئەنجامی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی خێزانی تاڵەبانی بەشی شێریان بەرکەوت و بەشێکی زۆر لەوانەی سوودمەندییەکانیان کەوتە مەترسییەوە کەوتنە هەوڵی بەرژەوەندیخوازی جیاواز نەک بۆچوونی جیاواز! هەر بەوجۆرە مەترسی ئەوە دەکرا ئەوانەی لەناو (ی.ن.ك) دا بێبەش دەبن، بەجۆری جیاجیا بچنەوە ناو باوەشی پارتی و پاراستنی پارتیش هیچ کەم تەرخەم نەبوو لە لەخشتە بردنی ئەندامەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسییەوە تا دەگاتە ئەندام کۆمیتە و ئەندام مەڵبەندەکان و هەریەکەیان بە نرخی خۆی. لەم بارەیەوە نمونە زۆرن کە لێرەدا دوایان دەخەین بۆ بابەتێکی تایبەتتر.
٤. هەبوونی سەرچاوەیەکی دارایی باش لەبەردەستی ئەندامانی ریفۆرمدا کەبەشی هەنگاوی یەکەم بکات و لایەنی کەم کادرە سەرەکییەکانی ڕیفۆرم تێکڕا ژیانیان پێشتر دابینکرابوو. ئەم سەرچاوەیە بەشێوەیەکی حەکیمانە لەبواری ڕاگەیاندن و بانگەشەدا تەرخانکراو بەشیوەیەکی بەرچاو بەگەڕ خرا، "کۆمپانیای وشە" یەکێک لە نمونەکانی بوو.
٥. ئەم بزووتنەوەیە هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ هەڵگری بەشیک لەخەمەکانی خەڵکی کوردستانەو هەوڵی خەڵکێکی تیادا ماوە کەتەنیا ئەم ڕێگایە بە دەرباز دەزانن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کوردستان و متمانەیەکی گەورەیان بە سەرکردەی یەکەمی بزووتنەوەکە هەیە. جگە لەوە لەسەرەتاوە بزووتنەوەی گۆڕان توانی چەند چەمکێکی ڕۆژانەی ژیانی خەڵک ببەستێتەوە بەو پەیامەوە کەدەیەوێت نوێنەرایەتی بکات وەک دژایەتییەک بۆ گەندەڵی و حوکمڕانی باوەوە.
٦. شوێن کەوتنی ژمارەیەک لەخەڵکی نوێ لەگەڵ بزووتنەوەکە، ئەنجامی هەڵمژینی ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاو و پەرتەوازەیەی خەڵکی کوردستانی بەگشتی گرتبووەوە.

ئەم چەند خاڵەی سەرەوە سەرەکیترین هۆکارەکانی سەرهەلدانی "بزووتنەوەی گۆڕان" بوون، گەرچی لەخۆیدا بزووتنەوەکە، بزووتنەوەیەکی کلاسیکی بێبنەمای فکری بوو، لەسەر پێکهاتەی کەموکوڕی ڕکابەرەکانی بەگەورەیی لەدایک بوو بوو. ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی کاریزماتیکیە و هێز و تواناکانی لەکاریزمایەکی باوەوە وەردەگرێت کەتەنیا خاڵی بەهێز تێیدا مل نەدانە بەگەندەڵی کلاسیکی، بۆ نمونە "هەوڵدەدات دەست و دەم و داوێن پاک بێت لەباشترین حالەتی خۆیدا" ئەگەر نا هیچ پێوانەیەکی درووستی فکری و تێڕوانینی عەقڵانیانەی پاشەڕۆژی نییە کە بەشێوەیەکی دانایانە چنرابێت.

بەم جۆرە پاشەڕۆژی ئەم بزووتنەوەیە بەتەواوی بەستراوەتەوە بە بوونی پارتی و یەکێتیەوە، ئەوەش سەرەکیترین گرفتی ئەم بزووتنەوەیەیە، ئەم بزوتنەوەیە پاش ئەوەی بەشێوەیەکی ڕووکەش دەبێتە پارت و بەشێوەیەکی جەوهەریش هەر درێژکراوەی (ی.ن.ك) ەکەی ڕابردووە، ناتوانێت کۆمەڵگا لەقۆناغێکەوە بباتە قۆناغێکی تر، بەڵکو هەمیشە لەو نەریتەوە مامەڵەدەکات کە ئیدارەی ناڕەزامەندییە میژوویەکان بکات. واتە بزووتنەوەیەکە دۆخی بەردەوام بەڕیوە دەبات، ئەوەی جێی تێبینیە کە لەبری پشتیوانی دەسەڵات لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا هێزی گەورەی خۆی نمایش کرد، ئەگەر نا پاش ملدان بە دەسەڵات و هاوبەشیکردن لە حکومەتەکەی پارتیدا، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا نەمایەوە لەڕووی جەوهەر و ناوەڕۆکەوە. دواجار بەشێکی زۆری ئەوانەی لەسەری بزووتنەوەکەدا کۆبوونتەوە هەموو ئەو خەلکە هەلپەرست و زمان بزێوەن کە بەدرێژایی مێژوو زانیویانە چۆن بەرژەوەندیە تاکەکەسیەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن لەچوارچێوەی درووشمە گشتییەکاندا.

بزووتنەوەی گۆران" پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی لێ درووست بوو، دەروازەیەک بوو بۆ کۆکردنەوەی ناڕەزایەتی و زۆرێک لەهێز و گرۆ ناڕەزامەندەکان پشتیان پێ بەست بەو هیوایەی ببێتە ئەو فریادڕەسەی ئەڵتێرناتیڤی ڕاستیینەی شێوازی کاری سیاسی بێت. ئەوانەی هاتنە ناو ئەم بزووتنەوەیە: بەشێک لە چەپەکان ئەوانەی لەحزبی کۆمۆنیست بێ ئومێد بووبوون، بەشیک لەئیسلامیەکان، ئەوانەی لەناڕاستی پارتە ئیسلامیەکان بێزار بووبوون، بەشیک لەئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ کەدەمێک بوو چاوەڕوانی سەرهەڵدانی هیزێکی سیاسی بوون، ئەو یەکیتیانەی سالانێکی زۆر بوو دەست بەرداری یەکێتی بووبوون بەهۆی تێوەگلانی لەگەندەلیەوە هەروەها ئەو پاسۆک و بەناو ڕۆشنبیرانەی بەدوای شوناسێکی نوێدا یان نوێکردنەوەی شوناسێکدا دەگەڕان بۆ خۆیانی ببیننەوە، ئەوانەی لەم بازنانە بەدەربوون لەچوارچێوەی ئەم بزاوتە باوە دوورکەوتنەوە یان تا ئەندازەیەکی زۆر کەم خزمەتیان پێکرا. گرنگە باسی ئەوە بکەین ئەو هێزەی ئەم هەموو هەمەڕەنگییەی کۆکردەوە و ناوینا بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا کەسێتی نەوشیروان مستەفا و ئەو بڕە پارەیە بوو کە کۆمپانیای وشەی پێ درووستکرا.

دواجار لە ڕووی بیر و ستراتیژەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی تەقلیدیە و ڕەنگدانەوەی واقعی بزووتنەوە سیاسیەکانی کوردستانە. ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بنەمای فکرێکی سیاسی پەیدا نەبووە، بەڵکو کاردانەوەی کۆمەڵگای کوردستانە و لەلایەن تیمێکی سیاسی ئامادەباشەوە قۆزراوەتەوە و ئەو پێکهاتەیەش زۆر کەمی جیاوازە لە نەریتی سیاسی باو لەکوردستاندا. سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە یان ئەوانەی کاریان پێ سپێردراوە زۆر جیاواز نین لەپێشوو، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەو نەفەسە باشەی ناو بزووتنەوەی "کوردایەتییە" کە ڕۆشنبیریی و ویژدانی مرۆیی کاریگەری لەرسەرتوێژاڵێکی ڕەفتاریان داناوە، کە بەداخەوە لەڕووی جەوهەرەوە ڕەفتارەکانیان هەڵگری هەمان نەخۆشی کولتوورین، لەڕووی زانست و زانینیشەوە خویندەواری و ئاستی داهێنانیان زۆر سنووردارە. دوا خاڵ دەتوانین ئەوە دووبارە بکەینەوە کە یەک دوو ساڵێک لەمەوبەر باسمانکردبوو، بەداخەوە پاشەڕۆژی ئەم بزووتنەوەیە بەرەو نادیارە، داخەکەمان تەنیا بۆ ئەوەیە جارێکی تر هیوا جەماوەرییەکان لەسەر بنەمایەکی سادە متمانەیان دا بە بزاوتێک بەبێ ئاگایی، بزاوتێکی پاشەڕۆژ تاریک، چونکە بەدەر لەوەی پشت بەتیۆر و فکر و بەرنامەی ستراتیژی نابەستیت و کاردەنەواکانی شەقام وەبەرناهێنێت، بزوتنەوەیەکی کاریزماتیکییە و بەزەحمەت سیستەماتیزە دەبێت.

29/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ٥


بەشی پێنجەم:
هەر لە سەرەتاکانی درووستبوونیەوە دەبینین کە (ی.ن.ك) دوان لە باڵەکانی بە بیری مارکسی دەستپێدەکەن و هەڵگری ئەو بیرکردنەوەیە دەبن، لەکاتێکدا خودی بیرکردنەوەکە دەبێت بەژێر دەستوپێی ململانێی نیوان کەسەکانەوە و دەبێت بە قوربانی بزاوتە چەکدارییەکەیان. پاشان دوای نەمانی بلۆکی سۆڤێتی جاران و لاواز بوونی ماکەکانی ئاراستەکاری بیری سۆشیالیستی، جارێکی تر بیر لە سۆشیالدیموکرات و بەشێک لە ڕێبازی ئەوروپایی بۆ بەڕێوەبردن دەکەنەوە و تەنانەت (ی.ن.ك) دەبێتە ئەندام لە سۆشیال/دیموکراتی جیهانیدا، ئەمە لەکاتێکدایە نە بە بیری مارکسی ئەمان کاری سیاسییان بەڕێکردوە نە لەچوارچێوەی سۆشیال/دیموکراتیشدا پەراوەی بیری ئەو قوتابخانەیەیان کردوە. لەڕووی کولتووری سیاسییەوە چەند خاڵێکی گرنگ تان و پۆی ئەم پارتەی دیاریکردوە: یەکەم؛ سەرکەوتنی سەربازی وەک باسمانکردووە پێشتر. دووەم؛ فرە بیروڕایی، هەمیشە (ی.ن.ك) دەروازەیەک بووە بۆ دەربڕینی جۆرەها بۆ چوون و کاری بە هیچ لەو بۆچوونانە نەکردوە، تەنیا لەدەوری گوتارێکی نەتەوەیی ساکار ماوەتەوە و لە هیچ مەیدانێکی بیری سیاسیدا هەنگاوی نەناوە. دواجار ئەو تێڕوانین و بیرکردنەوانە تەنیا بۆ بەکرهێنانی ڕۆشنبیری ڕۆژ بوون و هیچی تر. سێیەم؛ لەڕووی ئابوورییەوە پشتی بە داهاتی گومرک و کۆمەکی زۆرە ملێ و کۆمەکی خۆبەخشی دەوڵەمەندەکان بەستوە، پاشتریش لەگەڵ حوکمڕانیدا پشتی بە قۆرخی سەرچاوەکانی بەشە حکومەتی خۆی لەباشووری کوردستان بەستوە، جا ئەوبەشە لە گومرک بووبێت، ئاودیوکردنی کەرەستەو ماشێنەکان بووبێت، سوود وەرگرتن لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی و تەلەفۆنەوە بووبێت، یان فرۆشتنی نەوت بەئاشکرا و بە قاچاخ.

دووری (ی.ن.ك)  هەر لەسەرەتاکانییەوە لە ئایدیا و پرانسیپێکی دیاریکراو وایکردوە کە خودی ڕێکخراوەکە زۆر باش بەرگە نەگرێت و بە ئاسانی بەرەو مەرگ ڕەوانە ببێت. مەرگ تەنیا لەناوچوونی ڕێکخراوەکە نییە، بەڵکو گۆڕانی (ی.ن.ك) لە ڕێکخراوێکی جەماوەری میللیەوە بۆ ڕێکخراوێکی باندگەرای بەرەژەوەندی خواز لەناوچوونێکی مەترسیدارتر بووە. گەربڕوانینە ڕاو بۆچوونەکانی نەوشیروان مستەفا کەیەکێک بووە لە هەرە کۆڵەکە گرنگەکانی درووست بوون و گەشەکردنی (ی.ن.ك) ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە لەسەرەتاکانی درووستبوونەوە تا ئێستە و تا دەگاتە بزووتنەوەی گۆڕان چ قەیرانێکی بیری سیاسی و ستراتیژی سیاسی و پلانی سیاسی لەهەناوی ئەم کولتوورەدا خۆی حەشار داوە، بڕوانە ئەم چەند نمونە چکۆلەیە:

بۆچوونی خودی نەوشیروان مستەفا دەربارەی کۆمەڵە: نەوشیروان مستەفا کاتێک لە هەندەران دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی سیاسی لە کوردستاند بەم جۆرە باسی ڕێکخستنەکانی ناو کوردستان دەکات و جیاوازییەکی گەورە دەبینێت لەنێوان خۆیان و ئەو ڕێکخستنانەدا و دەڵێت:
"ئێمە لەگەڵ ئەم برادەرانەی ئێرە تەنیا ناوەکەمان یەکە، ئەگەرنا هەمووشتێکمان جیاوازە" لە کەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ نەوشیروان مستەفا لا ١٦٧
ئەم دیڕە لەیادەوەرییەکانی نەوشیروان مستەفا دا گرنگییەکی گەورەی مێژوویی هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەو کاتەدا پەیوەندییەکی زۆر لاواز هەبووە لە نێوان ئەوانەی کە لە دەروە ژیاون و ئەوانەی لەناو کوردستاندا خەباتیانکردوە، هەروەها ئەوە دەردەخات کە هاتنەوەی ئەوان بە پلانێک بوە و بۆ دامەزراندنی شتێک هاتوون کە خۆیان ویستویانە نەک بۆ بەشداری لە شتێکدا کە خۆی هەبووە. هەر بۆیە دەبێت سەرلەبەری ئەو ڕێکخراوە بگۆڕن کە لەکوردستاندا بەناوی (کۆمەڵەی مارکسی لینینی)ەوە کاری کردوە. ئەوەی ئەمان پێی سەرسام بوون، تەنیا ئەو کۆمەڵە کادرە هۆشیارەبووە کە کۆمەڵە پێی گەیاندوون و هیچی تر. بەڵام ئایا هۆشیاری ئەو کادرانە تا چ ئاستێک بووە؟ و چۆن ئەمان توانیویانە ئەو کادیرە پێشکەوتووانە شوێن خۆیان بخەن؟ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت کەلام وایە لە بەرهەمێکی تردا دەبیت لەسەری بدوێم! بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەو وەڵامەیە کە گیانبەختکردنی ئارام و لاوازی هاوڕێکانی لە تەمەن و ئەزموونی ڕابەرایەتیکردندا دوو هۆکاری سەرەکی ئەو پرسە بوون. لەبیرمان نەچێت ئەو سەرکردانەی ئەمڕۆی یەکێتی یان بزووتنەوەی گۆڕان شوناس و مێژوویان وەک ئێستا بریندار نەبوە و بەم ئەندازەیەش خەڵک دەربارەی چییەتیان زانیاری نەبووە.

نەوشیروان مستەفا زۆر بە سادەیی ناوی کۆمەڵە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. ئەم هەنگاوە لەیەک کاتدا خزمەتە بە کۆمەڵە و لەهەمان کاتدا پەیوەندیدارە بە گرێیەکی ئاڵۆزی فکری و سیاسییەوە کەلە کەسایەتی نەوشیروان مستەفا تا ئەندازەیەکی گەورە بەبەرد بووە و نەخودی خۆی و نەهیچ هێزێکی دەرەکیش دەتوانێت لەم گرێیە ڕزگاری بکات. دواتر ئەم گرێیە دەبێتە گرێی سیاسی درێژخایەن لەگەڵ کەسێتی نەوشیروان مستەفا دا و لەهەموو هەنگاوەکانیدا ڕەنگدەداتەوە و بۆ تاڵەبانیش هەر هیچ گرنگ نییە جگە لە پرۆسە سیاسییەکانی ڕۆژ. ئەو گرێیەش گرێی دژایەتی بیر و فەلسەفەی مارکسیزمە! بڕوان ئەم پەرەگرافە:

تا ئەو کاتە کۆمەڵە ناوی کۆمەڵەی مارکسی ـ لینینی بو، پیرەوی مارکسیزم ـ لینینیزم بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگی ئەکرد. کادرەکانی بەم گیانە پەروەردە ئەکران و، بەرنامەی تێگەیاندنی ئەلقە ڕۆشنبیرییەکانیشی لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزرا بو. کۆمەڵە ناوەکەی لە گەڵ ئەرکە قورسەکانی قۆناغەکەدا نەئەگونجا و، لەگەڵ سەلیقەی کوردی ناساز بو. جارێکیان برادەرێک وتی: ((ئەم ناوە بۆ تاقمێ فەیلەسوفی عەینەک لەچاو باشە، لە گۆشەی کتێبخانەیەک دا، خەریکی خوێندنەوە و لێکولینەوە بن، نەک بۆ ڕێکخراوێک سەرکردایەتی شۆڕشیکی وەکو شۆرشی کورد بکا)). ئەم ناوە لەلای هەندێ کەس پیرۆزییەکی بێ ئەندازەی هەبوو. لەم کۆبونەوانەدا گفتوگۆی درێژ و قوڵکرا بۆ گۆڕینی ناوی کۆمەڵە. سەرەنجام گۆرینی ناوەکەی قوبول کرا، بەلام ناوی جۆراوجۆر پێشنیار کرا لەوانە: ((حیزبی شیوعی کوردستان)). هەندێ لەو هاورێیانە لە دنیا بێ ئاگا بون، لایان وابو وشەی ((شیوعی)) سیحرێکی تایبەتی تێایە. هەولێکی زۆرم دا بۆ ئەوەی ناوێکی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی کوردستان بچەسپێنم، لەسەر ((کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)) ساغ بوینەوە.

گرفتی نەوشیروان مستەفا وەک تیۆریستی (ی.ن.ك) بەتەنیا لەگەڵ مارکسیزمدا نەبووە، بەڵکو ئەنجامی نەبوونی فەلسەفەیەکی کوردی یان میللی لەناوکوردستاندا کە بەئەندازەیەک ئاراستەی سیاسی بکات، هەروەها ئەنجامی وردبوونەوەی نەوشیروان مستەفا لەناو پراکتیکی سیاسیدا وایکردوە کە هەڵگری هیچ بیر و ئایدیایەکی دیاریکراو نەبێت و هەموو هەوڵەکانی لەژێر چەتری کوردایەتییەکی میللی کلاسیکی دەرنەچێت. ئەم گرفتە بەرئەنجامی یەک قۆناغ نییە لەژیانی سیاسی ئەو و سەرکردەکانی تری هاوەڵیدا، بەڵکو تێکڕای بیر وکرداری هەموویانی گرتوەتەوە، بڕوانە ئەم پەرەگرافە:
 کاتێک نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری شۆڕش لەکوردستاندا، لە ڤییەنا دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێک لە مامۆستاکانیدا بەناوی ((هیلموت کرامەر)). دواجار لەنووسینەوەی ئەو گفتوگۆیەدا لەساڵێ ١٩٩٧ دا دەڵێت:
"تا ئێستاش دڵنیانیم لەوەی: بۆچوونەکەی ئەو ڕاست بوو کە منی بە گەوج ئەزانی، یان کارەکەی من کەچوم بۆ بەشداری لە دەسپێکردنەوەی شۆڕشدا." لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، لا٦٠، ٦١.
سەرکردەیەک پاش پتر لە ٥٠ ساڵ نازانێت ئایا هەنگاوەکەی ناوێتی ڕاستە یان نا. واتە دوو شت تەواو نادیارن: یەکەم هەڵسەنگاندن (واتە ناتوانێت هەڵسەنگاندن ئەنجام بدات)، دووەم چەسپاوی بیروباوەڕ (یەکێکە لە گرنگترین خەسلەتە پێویستەکان بۆ سەرکردە). لەوەش گرنگتر ئەوەمان بۆ دەسەلمێت؛ ئەوەی کە ئەوان کاریان پێکردوەوە کۆی ئەو فەزا گشتیەیە لە نیشتمان پەروەری کەلەلای خەڵک هەبووە و هیچی تر. هەروەها ئەم سەرکردانە لەسەر بنەمای ڕاستی شیکراوە کاریان نەکرددووە، ئەوەندەی پشتیان بە حەدەسی ساتەوەختی بەستوە، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە لە کەسایەتی کاریزماتیکیدا، هەروەها گرفتێکی گەورەترە بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی یان بۆ بزووتەنەوەیەک کە بەتەنیا پشت بە کەسایەتییەکی کاریزماتیکی ببەستێت.

گەر لەبیری مارکسی و چەپی شۆڕشگێڕ بە گشتی دەربچین، دەبینین ئایدۆلۆجیای هاوزاڵی یەکێتی (لە بیری نەوشیروان مستەفا) وە ئەوەیە کە دژایەتی ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو بکرێت و لە چوارچێوە میللیە نیشتمانییەکەدا بمێننەوە. هەر بۆیە دەبینین لەسەرەتای شۆڕشەوە تا پاش ڕاپەڕین چەندین کاریان لەسەر ئەم چەمکە کردوە و بەهەموو جۆرێک خۆیان لەململانێ و گفتوگۆ و دێباتی فکری پاراستوە، جا بەشێوەیەکی ئاگایانە بووبێت یان بەبێ ئاگایی.
یەکەم بەرنامەی (ی.ن.ك) بە نەوشیروان مستەفا دەسپێردرێت بۆ ئەوەی بینووسێتەوە و دایڕێژێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی لە هەموویان زاناتر بە تواناتر و دەستڕەنگینتر دەبێت، هەر بۆیە گرنگە کەسایەتییەکی ئاوا توێژینەوەی وردی لەسەر بکرێت، چونکە باشترینی ئەو مێژووەیە کەخۆیان بەخاوەنکردوە و ناویان ناوە "شۆڕشی نوێی گەلەکەیان". ئەگەر بڕوانیتە دەقی ئەم بەرنامەیە لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، لا٨٠  چەند شتێک بەدی دەکەین لەوانە:
١.سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێ یاسازان و دکتۆر و پسپۆڕی لەپشت دەبێت، بەڵام هێشتا هیچ قوڵاییەکی فکری تێدا نییە، کە بەهۆیەوە بتوانین هەست بە دونیابینییەکی پێشکەوتوو یان تەنانەت نەتەوایەتی جیاواز بکەین. لەبیرمان نەچێت تێکست چەندێک سادەو ساکار بکرێتەوە، دەکرێت قوڵاییە فکرییەکانی ببینینەوە.
٢. ئەم تێکستە پڕە لەداواکاری رۆژ، کە خەڵک ئەگەر بیبینێتەوە دەڵێت زۆر جوانە و ئەوە ئەوشتانەیە کە ئێمە دەمانەوێت. بۆنمونە باس لەحکومەتی ئیئتیلافی دەکات بەبێ ئەوەی هەست بە گرفتەکانی حکومەتی ئێئتلافی کردبێت. یان بەبێ ئەوەی دەستی بردبێت بۆ ئەو دژابەرییانەی لەناو خاڵەکاندا هەیە.
٣. ئەم بەرنامەیە لەباشترین دۆخیدا لە داخوازینامەی (عەریزە)ی پارێزەرێک دەچێت بۆ داکۆکی لە تاوانبارێک، کەلە ڕاستیدا نە خەڵکی کوردستان تاوانبار بوون و نە پارێزەرێکیشیان (محامي) پێویست بووبوو داخوازینامەی لەوجۆرەیان بۆ بنووسێت.
٤. گەربەوردی لەخاڵەکانی ئەو بەرنامەیە بڕوانین کۆمەڵێک دژابەری دەستووری و بنەمای جێبەجێ نەکردنی تێدایە کەلەو سەردەمەدا گونجاو نەبوون و زۆر زیاد لە پێویست پراکتیکییە و چووەتە وردەکاری نا پێویستەوە.
زۆری تر هەن گەر بەوردی سەیری هەر خاڵ و هەنگاوێکی ئەو مێژووە بکەین و لەو پرۆتۆکۆل وبەیاننامانە بڕوانین کە لەبن دەستی ئەوان دەربازیان بووە. ئەکرێت هەریەکەیان بابەتی توێژینەوە و بەدواداچوونێکی گرنگ بن، هەڵسەنگاندنی زۆریان دەوێت بۆ ئەوەی لێیان فێر ببین بۆ داهاتوو، بەڵام بەداخەوە ئەو توێژینەوانەش کەلەسەریان دەکرێت زۆر کەمن کە ڕەخنە ئامێزانە و زۆر ورد لەسەر مەسەلەکان بوەستن و بەچاوی تیژ لە هەموو گۆشە و ئەگەرێکیان بڕوانن. لێکۆڵینەوە لە نووسراو و یادەوەری و ڕەشنووسەکانی ئەو سەرکردانە خۆیان بەسە بۆ ئەوەی بۆمان دەرکەوێت کە نە لە ڕابردوو نە لە داهاتوو جێی هیوای بەرەوپێشچوونێکی سیحراوی نین وەک ئەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی خۆیان بۆمان باس دەکەن. کاتێک لەسەر ئەم تێکست و نووسینانەی نەوشیروان مستەفا دەوەستین گرنگە ئەوە بەیادی خۆمان بێنینەوە کە ئەم کەسایەتییە، یەکێک بووە لە هەر کەسایەتییە باشەکانیان کە تا ئێستا لە ژیاندا مابن.

تێبینی: وتە و لێدوانەکانی (نەوشیروان مستەفا) تێکڕا لە نووسین و چاوپێکەوتنەکانی خۆیەوە وەرگیراون.

28/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ـ باشووری کوردستان/ ٤



بەشی چوارەم:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ناسراو بە یەکێتی یان (ی.ن.ك): لەڕیکخراوێکی سیاسی چەترەوە بۆ پارتێکی سیاسی دیماگۆگی دەسەڵاتگەرا کە چەند باندێک لەسەر بنەمای نیپۆتیزم و کرۆنیزم بەڕێوەی دەبەن. گەربگەڕێینەوە بۆ پێکهاتەی ڕیشەیی ئەم ڕێکخراوە سیاسییە، ئەوا دەبینین کە ڕێکخراوێکی بەرەیی فرە ڕەگە و زیرەکانە توانیویەتی هەلومەرجی مێژوویی لەبەرژەوەندی سیاسی گرۆیەکی سەرکردایەتی پارتەکەدا بەگەڕ بخات. ئەم ڕاستییە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بەبێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دوو کەسایەتی گرنگی ئەم پارتە ناتوانین هیچ لێک بدەینەوە کە ئەوانیش (جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا)ن. هەر ئەم لێکدانەوەیە بنەما دوور و درێژەکانی ئایدۆلۆجیا و بیرکردنەوەی هێزێکی سیاسی ترمان پیشان دەدات کە بریتییە لە بزووتنەوەی گۆڕان، کە دواتر بەکورتی و بەتایبەت باسی دەکەین.
یەک هێڵی تەورەیی بڕەر لە مێژووی (ی.ن.ك) دا تا ئەمڕۆی خۆی و تا بزووتنەوەی گۆڕانیش درێژ دەبێتەوە ئەو تەوەرەیەش دەستگرتنە بە بنەمای ناسیۆنالیزمێک کە قەبارەی درووشمەکەی لەقابەرەی بیر و تیۆرەکەی گەورەترە. هەر ئەم سروشتە وایکردوە، قەبارەی درووشمەکە وەک بیرێکی نەتەوەیی موتربە بە ئایدیای ڕووکەشی سەردەم ببێتە داینەمۆی بیروباوەڕی شوێنکەوتووانی و لەهەمان کاتدا شوێنکەوتوان نەتوانن هیچ داهێنانێکی ئەوتۆ پێشکەش بکەن و لایەنی کەم بەرامبەر پێکهاتە ئایدۆلۆجییە دامەزراوەکان و پارتە سیستەم دیارەکان بەرگە بگرن. بۆنمونە سەرەڕای توانی سەربازی و جەماوەری (ی.ن.ك) لە جەنگی پارتیزانیدا بەرامبەر حیزبی بەعس تێکشاکا و کارەساتی ئەنفالەکانی بەسەر خۆی و بەشێکی گەورەی کوردستاندا هێنا، نمونەیەکی تر تێکشکانی (ی.ن.ك) بوو لەبەرامبەر (پ.د.ك) کە جارێکی تر لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە ملکەچی بڕیار و هەژموونی پارتی بوو و بەجۆرێک لە جۆرەکان تێکشاکایەوە، ئەتوانم بڵێم بەهەمان شێوە بەرامبەر سیاسەت و تێڕوانینی ئیسلامییەکان بەڵام بە ئەندازەیەکی کەمتر...تاد.
سەرەتا بەرلەوەی بگەڕێینەوە بۆ پێکهات و ڕیشەی پێکهاتەیی (ی.ن.ك) سێ تەورەی بنەڕەتی تر لەم پارتەدا هەیە و هەرلەسەرەتاکانی مێژوویەوە دەتوانین بە ئاسانی بنکۆڵیان بکەین و جیایان بکەینەوە: یەکەم؛ پارتێکە بە پلەی یەک پشت بە کاریزمای سیاسی دەبەستێت وەک ئاراستەکاری مەیدانی پرۆژە و سیاسەتەکانی خۆی کاریزمای سیاسی دەبێتە بزوێنەری هەموو مەسەلەکان لە سیاسەت و ستراتیژی پارتەکەدا. دووەم؛ پارتێکە لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای دیکتاتۆری حیزبی و دواتر بەرەو دیکتاتۆری تاکەکەسی هەنگاوی ناوە و گەشەی کردوە تا گەیشتووە بەم ڕۆژە. سێیەم؛ (ی.ن.ك) بەهۆی هیزی سەربازییەوە بووەتە هێزێکی دیار و هەر بەهۆی سەرکەوتنەکانی جەنگەوە هەژموونی پەیداکردوە، هەرکات جەنگ نەمێنێت (ی.ن.ك) لاواز دەبێت، هەرکاتیش جەنگ هەبێت ئەو دەتوانێت پارێزگاری لە بەشێک لە هەژموونی خۆی بکات. ئەتوانم بڵێم هێزی پێشمەرگەیی و هێزی سەربازی ئەم پارتە، تەنیا پنتی بەهیزی بازاڕی (ی.ن.ك) بووە (Comparative advantage ).

لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی دیکتاتۆریی تاکەکەسییەوە گەشەی کردوە. ستراتیژی کۆن و نوێی ئەم ڕێکخراوە بریتی بووە لەگەیشتنی بەدەسەڵات و مانەوەی هەتاهەتایی لەدەسەڵاتی سیاسیدا. ئه‌گه‌رچی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ خۆیان به‌سکۆلار ده‌زانن، به‌ڵام بەهەمان شێوەی (پ.د.ك) هۆشمەندیەکی دەستەگەراییان هەیە، کەبەشێوە گشتیەکەی ئەمانیش جۆرێکی تری دۆخی دەرەبەگایەتین، کە کاریگەری لەسەر نه‌ستی سەرکردایەتی ئەم ڕێکخراوە هەیە.  بانگەشە دیماگۆگیەکان لەمێژووی ئەم ڕێکخراوە و خێزانی حوکمڕانی سەرکردەکەیدا بوونەتە هۆی کارکردنی چینێکی تا ڕادەیەک خوێنەوار لە ڕیزەکانیداو هەمیشە ئەگەری چەند پارچەبوونیان بەم ڕێخراوە بەخشیوە. ئەم ڕێکخراوە لەسەر بنەمای ڕق و خۆشەویستی مێژوویی دەژی و بەهۆی ئەم بنەمایەشەوە دەتوانێت تائەندازەیەک درێژە بە ژیانی خۆی بدات، هەربۆیە لەو ساتانەوە نوێبوونەوە دەبێتە ستراتیژێکی دوورخراوە لەبەرنامەی پارتەکەداو ژیانی سیاسی لەسەر شکۆمەندیەکانی ڕابردوو بینا دەکات، دەبێتە پارتێکی دیکتاتۆری له‌فۆرم و شێوه‌دا له‌به‌عس ده‌چێت و له‌ناوه‌ڕۆکیشدا لاسایی ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌پارتی پێیان دەناسرێتەوه‌.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێی ده‌ڵێن یه‌کێتی درێژکراوه‌ی به‌شێکی ئه‌و ڕێکخراوه‌ به‌ره‌ییه‌یه‌ که‌له‌سه‌ره‌تای هه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا درووست بوه‌و ئه‌و به‌شه‌ش کۆنسێرڤاتیڤترین به‌شی سه‌ره‌تاکانی یه‌کێتیه‌ که‌ماوه‌ته‌وه‌. له‌کولتووری سیاسی گشتیدا به‌م پارته‌ ده‌وترێت جه‌لالی وه‌ک گه‌رانه‌وه‌یه‌ک بۆ جه‌لال حسامه‌دینی سه‌رۆکه‌که‌ی، هه‌رچۆن به‌ پارتی ده‌وترێت مه‌لایی. (زۆر جار له‌خوێندنه‌وه‌ی تێرمینۆلۆجییه‌کاندا باشترین ده‌ستنیشانکردن بۆ شتێک یان دیاردەیەک بریتی دەبێت لەگه‌رانه‌وه‌ بۆ کولتووری گشتی.)

لەپاش ئاشبەتاڵەکەی مەلامستەفای بارزانی لە ساڵی ١٩٧٤/١٩٧٥ دا و بەرلەو کارەساتە سیاسی و سەربازییە، ژمارەیەک گرۆی سیاسی جیاواز لە کوردستاندا سەرهەڵدەدەن، لەنێو ئەم گرۆیانەدا چەند دانەیەکیان پەنا دەبەنەوە بەر هەڵگیرساندەنوەی شۆڕشی چەکداری و بزووتنەوەی جیاواز جیاواز درووست دەکەن، کەزۆربەیان لەدەوری بیری چەپ و مارکسیستی کۆدەبنەوە بەشێوەیەکی ساکار و سەرەتایی. وەک: بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان و پارتی سۆشیالیستی کورد و کۆمەڵەی مارکسی لینینی ... تاد. بەشی هەرە زۆری ئەم گرۆ و بزاوتانە لەلایەن خەڵکی خوێنەوار و ڕۆشنبیری ئەو کاتەوە بەهێزدەکرێن کە ئەزموونێکی کەمی سیاسی و بیرێکی تا ڕادەیەک دەرهەق بە ڕۆژگار گونجاویان دەبێت. لەو نیوەندەدا دوو سەرکردەی قاڵی مەیدانی پراکتیکی سیاسی و شارەزا لە ڕەوشی جەماوەری سیاسەتکردن لە کوردستاندا دێن و هەلەکە دەقۆزنەوە بۆ درووستکردنی (ی.ن.ك). ئەو پارتەی بەدرێژایی پتر لە چل ساڵی تەمەنی خۆی بۆی گرنگ نەبووە لەقۆناغە جیاوازەکاندا ئایدیا و بیری خۆی تەواو بگۆڕێت و پەنا بەرێتە بەر چەندین ئایدۆلۆجیای جیاواز.

ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن هەردوو سەرکردەوە ئیدارە دەدرێت کە پێشتر ناوەکانیانمان باسکردن (تاڵەبانی و مستەفا) کە بەبێ یەکتر مەحاڵ بوو کەسیان بتوانن بەردەوام بن یان بتوانن (ی.ن.ك) بەردەوام بکەن یان تەنانەت بتوانن سەرکەوتنی تاکەکەسیش بەدەست بهێنن. بۆیە لەهەر پێگەیەکەوە بڕوانینە ئایدۆلۆجیا و بیر و ئاراستەی بیری سیاسی (ی.ن.ك) دەبێت لە ئاراستە و دیدی ئەم دوو سەرکردەیە بڕوانین. سەرەتا گرنگە خەسڵەتی هەردووکیان بناسین بە پێکەوەیی کە تەواوکارێکی گەورەی کارەکانی یەکتربوون و هەردووکیان تەنیا لەمەیدانی پراکتیکی سیاسیدا باڵا دەست بوون و دونیابینی ئەوان بە سەرکەوتنی سیاسییانەیانەوە پەیوەندیداربووە، بۆیە دونیابینیان خستوەتە خزمەتی سەرکەوتنی سیاسییەوە نەک کاری سیاسی بخەنە خزمەتی دونیابینی خۆیان و پلانە ستراتیژییەکانیان بۆ کۆمەڵگا و دادوەری کۆمەڵایەتی بێت بە گشتی.

ئەم دوو کەسایەتییە بەم شێوەیەی خوارەوە یەکتریان تەواو کردوە و هەنگاوی سیاسیان ناوە:
تاڵەبانی: ئاستێکی بەرزی دیبلۆماسی و توانای چنینی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ناوچەییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی دونیادا هەبووە. مستەفا: ئاستێکی بەرزی توانایی ڕێکخستن و پەیوەندی میللی هەبوە و هەمیشە بەوپەڕی خاکەڕاییەوە لەناو خەڵکی هەژاردا ژیاوە.
تاڵەبانی: پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بەهێزی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکانی کۆیە و هەولێر و کەرکووکدا هەبووە. مستەفا: پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بەهێزی لەگەڵ ی ناوچە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای سلێمانی و ناوچەی گەرمیان هەبووە.
تاڵەبانی: توانای گوتارخوێندنەوەی بەهێز بووە و کاریگەریی هەبووە لەسەر کۆکردنەوەی خەڵک لەدەوری کاری حەماسی. مستەفا: توانای نووسین و شیکردنەوە و بەگەڕخستنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و وەشاندنی گورزی کاریگەری هەبووە لەگەڵ هەموو هێزەکانی دژ بە (ی.ن.ك) دا.
تاڵەبانی: لەڕووی کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنی شوێنکەوتوەکانییەوە توانیویەتی ستەمی سەرکردایەتی خۆی بسەپێنێت. مستەفا: کەسێکی زۆر توندو بە دیسپلینی ڕێکخراوەیی بوە لەگەڵ ڕێکخستنەکاندا بەوپەڕی توندییەوە کاریکردوە و بەدەستی خۆی کاری لەسەر شوێنکەوتووەکانی داناوە.
تاڵەبانی: پێشینەی سەرکردایەتیکردن و دەرکەوتنی بەناوی باڵی م.س ی (پ.د.ك) ەوە یەکێکی تر بووە لە خاڵە بەهێزەکانی. مستەفا: نەبوونی ئەزموون و ناسراویی، دەرفەتێکی باشی پێداوە وەک سکرتێری کۆمەڵە لەپاش شەهید ئارام بناسرێت و دواتر دەرکەوێت.
تاڵەبانی: توانیویەتی ئەو کەسانە کۆبکاتەوە کە پێشتر لەدژی بنەماڵەی بارزانی ناڕەزایەتییان لەئاستێکی بەرزدا بووە. مستەفا: بەئاسانی توانیویەتی ئەو هێزە گەنجە ڕێکبخات کەبەرامبەر هەژموونی بەعس و بەرزانی لە برەودا بوون، هەروەها بەناوی ڕێکخراوێکی چەپەوە گەورەترین پوازی لە بیر و ئایدیای مارکسیستی داوە لە باشووری کوردستاندا.
تاڵەبانی: توانایەکی بێوێنەی جووڵە و ئارەزووی سەفەرکردن و گەڕان و هەوڵدانی دیبلۆماسی هەبووە. مستەفا: تواناییەکی باشی مانەوەی لەمەیدانی ململانێی سەربازی و سیاسیدا هەبووە لەناو کوردستاندا و کەمترین کات لەهێزەکانی پێشمەرگە دوورکەوتوەتەوە.
تاڵەبانی: کەسایەتییەکی بەسەرو زمان و بێشەرم بووە لە خۆ دەربازکردن لەهەڵوێست و کاتە نەخوازراوەکاندا و لەیەک کاتدا توانیویەتی بەچەند گلۆرێک یاری بکات. مستەفا: کەسێکی قسە ڕەق و سنووردارکار بووە بۆ هەرکەسێک کاری لەگەڵ (ی.ن.ك) و هێزی پێشمەرگەدا کردبێت، سەرچاوەی دیسپلینی ناوخۆی هێزەکان بووە.
تاڵەبانی: زمانزان و یاساناس و لەڕووی شارەزایی و زیرەکی تاکە کەسییەوە بەئاگا بووە. مستەفا: لەڕووی مێژوو و تاکتیکی مەیدانیەوە کەسێکی شارەزا بووە.
تاڵەبانی: لەڕووی تەمەنەوە، کەسایەتییەکی بەتەمەنتر و بەئەزموونتر بووە لە زۆربەی هاوخەباتەکانی لەو سەردەمەدا. مستەفا: بەئاسانی توانیویەتی بگاتە خەلکی ئازا و جەربەزە و لەچوارچێوەی چالاکییە سەربازییەکاندا ڕێکیانبخات.
تاڵەبانی: هەمیشە خەڵکانێکی دەروێشی بە پلەی زانستی لەدەوری خۆی کۆکردوەتەوە و توانیویەتی کاریگەرییان پێ دابنێت و سەرچاوەی ئاشتکردنەوەی هەموو ئەوانە بێت کە زوویرن لە (ی.ن.ك). مستەفا: هەمیشە وەک هەڕەشەیەک بۆ سنووردارکردنی ئەوانە کاریکردوە کە دیسپلینی ڕێکخستن و بەرنامەکان ناپارێزن.
زۆر خاڵی تر کە ئەمانە گرنگترینیان بوون کە باسیان بکەین و هەر لەم خاڵانەوە تێدەگەین کە قوڵایی بیری سیاسی ئەمان لە مەیدانی کارەوە بووە بە تەنیا، نەک خەونێکی بیرمەندانە هەڵیسوڕێنێت. هەر بۆیە سەرکەوتنی سیاسی گرنگتربووە لەگەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو. بێگومان ئەمان خۆیان لەبەرەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بینیوەتەوە و هەموو کارەکانیان وەبەرهێنانی ئەو سامانە بووە کە لە بیری "کوردایەتی" دا گەشەیان پێداوە.

25/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ـ باشووری کوردستان/ ٣




بەشی سێیەم:
لەمەو پاش گرنگی دەدەمە ئەو بنەما بیرمەندییانەی کەهەریەک لە ڕێکخاوە سیاسی و پارت و باندە سیاسییەکانی  باشووری کوردستانی لەسەر درووست بوون و بەگشتی بنەمای چێیەتی و چۆنێتی مامەڵە لەگەڵیاندا باس دەکەم! لەراستیدا باشتر وا بوو لەسەر چاکترینی ئەم ڕێکخراوانە بدوێم و ڕەخنەکان بەلایەکدا بخەین و ئیتر لەگەڵ ئەوانیتر پێویست نەکات هیچ بەیاد بهێنمەوە. بەڵام لەبەر دوو هۆکار ناچارم باسی هەموو دیارەکانیان بکەم: یەکەم؛ لەبەر ئەوەی چاکی ئەم پارت و ڕێکخراوانە هاوشێوەیە و بە ڕێژەیی دەتوانین گفتوگۆی لەسەر بکەین. دووەم؛ لەبەر کورتی یادەوەری خوێنەر و خەڵکی کوردستان، کەدەشێت ئێمە ڕەخنە و باسمان ئاراستەی باشترینیان بکەین و لەلای بەشێکی زۆر لەخەڵک وابێت کە مەبەستمان لەوەکانی تر نییە. بۆیە بە ناچاری  هاتین و هەریەکەیانمان خستە بەر لێکدانەوە و ئەم چەند دێڕەمان لەسەر نووسین.

باندی سیاسی- ڕێکخراوی سیاسی- "حیزبە سیاسییەکان"

یەکەم: پارتی دیموکراتی کوردستان ناسراو بە (پارتی): برتییە لە باندی بنەماڵەیەکی ڕێکخراو، کە لەکایەی سیاسی و ئابووری کوردستاندا بە پشتیوانی هێزی دەرەکی مێژوویەکی دەستڕۆیشتووی دەیان ساڵەی تۆمارکردوە و تا ئێستا بەردوامە. لەسەر بنەمای پەیوەندی و کاری هەواڵگری (موخابەراتی) چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەرەوەی کوردستاندا ڕایەڵەکانی پێکەوە گرێدراونەتەوە. سەرکردایەتی ئەم باندە لەسەر بنەمای خوێن و سەرپێبوون و ملکەچی (الولاء و الطاعة) بەڕێوەدەچێت و فۆرمی کارکرنی جەماوەریی و مەیدانی خۆی بەهۆی گەمەکردن بەیادەوەرییە مێژووییەکانەوە درێژە پێدەدات و پشت بە ڕاوێژکاریی دەرەکی دەبەستێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم باندە سیاسییە ڕێکخراوە زۆرترین مانەوەیەتی بەفەرمانڕەوای گرنگترینی ناوچە ئابوورییەکانی کوردستان. ئامادەیی هەموو خۆبەدەستەوەدانێکە لەبەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا بەمەرجێک دوو دەستکەوتی پارێزراوی هەبن: یەکەم؛ پشتیوانی بکرێت لەمانەوەدا لەفەرمانڕەوایی کوردستاندا. دووەم و گرنگتر؛ لەبەرکەوتەی توانا ئابوورییەکانی کوردستان لەبەشی گشتی کوردستان بەشی شێر بەر باندەکەی ئەو بکەوێت. پارتی، چەند کەرەستەیەکی هەیە کە گەمە سیاسییەکانی لەسەر دەکات: پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هەوڵدان بۆ گێلکردنی جەماوەریی، بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن، بەکار هێنانی گەمە دیموکراسییەکان (بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ نمونە بەکارهێنانی هێز، دارایی، ساختەکاری، دەستگرتن بەسەر کۆمسیۆن...تاد) هەروەها بەکارهێنانی سامانی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سامانی "حیزبی". زۆر شتی تر کە لێرەدا باسکردنیان تەنیا وەبیر هێنانەوەیە و هیچیتر.

دوونیابینییەکی دیاریکراو لەلای ئەم باندە ڕێکخراوە نییە، بەڵکو باوەڕێکی بنەڕەتی بە مانەوەی "پارتەکە" لەلای ئەندام و نۆکەرەکانی هەیە. ئەم باوەڕە مانەوەی هەتاهەتایی پارتییە لەحوکمڕانی کوردستاندا. لەم پێناوەدا و بە پلان هەستاون بە جیاکردنەوە و پۆلێن کردنی چین و توێژ و بنەماڵە و خێڵ و هۆزەکانی خەڵکی کوردستان بەپێی دوور و نزیکیان لەبنەماڵەی حوکمڕانەوە. هەر ئەم بنەمایە بەکاردەهێنن بۆ دابەشکردنی کار و بەرنامە کارگێڕی و حیزبییەکانی پارتی و ئەو ناوچانەی پارتی تێیدا بە تێکڕایی یان بە بەشەکی پەراوەی حوکمڕانی خۆی تیادا دەکات. ئەم جۆرە لەحوکمڕانی ڕەچەڵەکێکی سیاسی دەرەبەگایەتی هەیە و لەقاڵبی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا خۆی دەنوێنێت، بەڵام هەمیشە بەرژەوەندیە بنەماڵەییەکانیان باڵاترن لەبەرژەوەندیە نیشتمانیەکان وەک ئەوەی لەمێژووی سیاسییاندا بینیومانە. پارتی بەکردوە سەلماندویەتی کە کاردەکات بۆهێشتنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری خەڵکی کوردستان لەئاستێکدا کەبتوانێت حوکمڕانی پارتی و سەرکردایەتیەکەی قبوڵ بکات، بۆ ئەم مەبەستە تا سنوورێک ئایینی ئیسلام بەکاردەهێنن و هەندێ کاتیش بەزیان لە سەریان تەواو بووە (وەک گەشەی هێزە توندڕەوەکان، کە گەشەی ئەم هێزانە زۆرجار لەگەڵ بەرژەوەندی ئاغاکانیان ناگونجێت یان کاتێک ئەم هێزانە داوای دەسەڵاتێکی زیاتر لە پارتی دەکەن). بۆ پاریزگاری لەخۆی ئەم باندە لەپەیمانی ستراتیژی هێزە سەرمایەدارەکانی دنیا و ناوچەکە سڵ ناکاتەوە، هەمیشە لەخەمی پشتیوانییەکدایە بۆ حوکمڕانی خۆی بۆ ناوچەیەکی جوگرافی بەرتەسک لە کوردستاندا و ئامادەیی تێدایە بۆ هەرکارێکی دەسەڵاتگەرایانە کە بەهۆیەوە سەرکوتی ئازادی بکات، یان بەناوی خەڵکەوە و لەبازنەی شەرعیەتی نامەشروعدا درێژە بەحوکمڕانییەکی گەندەڵ بدات.

لەگەمە سیاسی و دیموکراسییەکانی سێ دەیەی ڕابردوودا پارتی کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر دواکەوتن و پاشەکشەی زۆر لە هێزە سیاسییەکانی تر، ئەوەش بەهۆی ناهاوتایی ململانێی نێوان ئەو هێزانەوە، بەهۆی بێ پرانسیپی ئەم باندەوە، بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتیدا و بە پێی پلانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هێزەکانی ناوچەکە بووە. بەتایبەت ئەوانەی باسک و توانایان لەهەرێمی کوردستاندا بەسەر بەرژەوەندییەکانەوە دەگەڕێت، لەنمونەی ئێران، تورکیا، حکومەتی مەرکەزی ئێراق و تەنانەت پارتی هەوڵیداوە بانگهێشتی هیزە دوورەکانی ئەودیو دەریاکانیش بکات و کردوویەتی.

لەم (چەند ڕاستییەوە) دەتوانین ئەوە بسەلمێنین، پارتی ئایدۆلۆجیایەکی کورت و داخراوەی هەیە، کە بریتییە لە پاراستنی ڕێکخراوەیی ئەو باندە بنەماڵەییە. کەواتە پارتی هێزێکە ناتوانرێت هیچ گرەوێک لەسەر: بەنیشتمانی بوون، بەحیزب بوون یان بەرەوپێشبردنی بۆ ئاستێکی مرۆڤدۆستانە و ژیاندۆستانە و بەرەو دادوەری بردنی بکرێت. کەواتە بیرکردنەوە لەپارتی وەک هێزێکی خاوەن بیر یان خاوەن ئاسۆ و ستراتیژی مرۆیی یان تەنانەت نەتەوەیی یان ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراوی گونجاو لەگەڵ سەردەمەکەدا سەرکەوتوو نابێت، هەر بۆیە چوونە هەر هاوپەیمانێتییەک لەگەڵیدا بەشکستی بەرامبەرەکەی کۆتایی دێت.

پارتی بەمەترسیەکی ستراتیژی سەرەکی دادەنرێت لەسەر بزووتنەوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ناو کوردستان (لەهەر پارچەیەکدا) بێت، هەر لەم ڕوانگەیەوە هەموو سازش و دانوستاندنێک لەگەڵ پارتیدا بەزیانی هێزە ئازادیخوازەکان و پێشکەوتوەکان کۆتایی دێت و دەبێتەوە بە قازانج بۆ هێزە تاریک و کۆنە پەرستەکان. باشترە هەر هێزێک دەیەوێت کوردستان بۆ قۆناغێکی تر بگوازێتەوە و دەربچێت لەجوغزی قەتیس بوون لە ژینگەی کولتووری ئێستایدا، ئەوا دەبێت یەکەم هێز و بەر لە دوژمنانی دەرەکی بەرەنگاری هەموو ئەو هەنگاوانە ببێتەوە کە پارتی دایاندەڕێژێت یان پشتیوانی بەردەوامیان لێدەکات. لێرەدا گرنگە ئەوە باس بکەین کە خۆپاراستن لەبەرەنگاری بەڕێگای شەڕی ناوخۆی درێژخایەن پێویستییەکی گرنگە و هێزە پێشکەوتووخوازەکان لەگەڵ ئەم جەنگانەدا سەرکەوتوو نابن. بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەی بیر لەکۆتایی هێنان بە مێنتاڵیتی پارتی بکەینەوە، ئەوا دەبێت کەرەستەکانی ئەو ململانێیە دیاری بکەین و لێکدانەوە و ئامادەکاری زۆر وردی بۆ بکەین، ئەگەر نا لەگەڵ شێوازە باوەکاندا پارتی دەتوانێت هەمووکات خۆی نوێ بکاتەوە.

23/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان /٢

بەشی دووەم:
تا ئێستا کەسێک یان ڕێباز و بوارێکی زانستی نەهاتووە بەوردی و بەکەمترین کەموکورتی پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ چەمکی (ئایدۆلۆجیا) بکات، کە بەجۆرێک کەمترین مشتوومڕ هەڵبگرێت. ئەتوانین بڵێین چەمک یان زاراوەی (ئایدۆلۆجیا) یەکێکە لە پڕ گوماناویترین چەمکەکان بۆ زانایان و بیرمەندانی بوارە جۆراوجۆرەکانی دونیا. ئەم چەمکە بە ئاستەم دەگیرێت و دەتوانرێت مامەڵەیەکی پڕاوپڕی لەگەڵدا بکرێت. سەختی پێناسە و دیاریکردنی دوورییەکانی ئەم چەمکە بەهۆی ئەوەوە نییە کە کارگەرانی ئەم بوارە کەم زانیاری و کەم توانا بن، بەڵکو خودی چەمکەکە (ئایدۆلۆجیا) بەکارهێنانێکی فراوانی هەیە و هەموو بەکارهێنانەکانیش هاوتەریب لەگەڵ یەکتریدا لەیەک کایەدا دەرگیر یان گونجاو نین. ئایدۆلۆجیا لەبواری بەرنامەڕێژی پەروەردەییدا بێت یان لەبواری تەکنیکی مۆتۆڕ دروستکردندا، فەلسەفە، سیاسەت و کاری جیاجیادا بەکاردێت. ئایدۆلۆجیا، دەکرێت پرسی تاکەکەسی بێت، دەکرێت پرسی گرۆیەکی چکۆلە یان دەکرێت لەسەرئاستی تێڕوانینی دەوڵەت و سیستەمێکی سیاسی چاوی لێ بکرێت.
یەکێک لەو پێناسانەی کە زۆر دووبارە دەبنەوە بۆ ئایدۆلۆجیا دەڵێت: ئایدۆلۆجیا ڕستێک لە بیر و هۆشی هەستی و نەستییە کە ئامانجەکانی کەسێک دیاری دەکات، پێشبینییەکانی کارتێدەکات و بیروباوەڕی هاندەر بۆ کردەوەکانی درووستدەکات. سەرچاوەی ئایدۆلۆجیا ئەو فەلسەفە و دونیا بینییەیە کە مرۆڤ لە ئەزموون و زانین و بیرکردنەوەوە دەیخاتە گەڕ بۆ پەیداکردنی شێوازێک لە بیرکردنەوە و بیروباوەڕ تا بتوانێت وەک نەخشەیەک بەکاری بهێنێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
هەر لەگەڵ درووستبوونی ئەم زاراوەیە کە دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەرەنسایی و ڕەخنە لە مێتافیزیکس، ئایدۆلۆجیا چەند ئەرکێکی هەبووە، بەڵام یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەرکێکی سیاسی بووە. ئەگەرچی لەناوەندە ئەکادیمییەکاندا وەک زانستی لێکۆڵینەوە لە بیروباوەڕ سەیردەکرێت، بەڵام هەر وەک چۆن هەندێک وشە و کەسایەتی بەدناو کراون (چەمکی ئایدۆلۆجیا) ش لەسووکایەتی کردندا کەمی پێنەکراوە. کارل مارکس زانا و فەیلەسوفی سۆشیالیزمی زانستی وەک گاڵتەجاری باس لە ئایدۆلۆجیای چینی سەردەست دەکات، دواتر خودی ڕێبازی چەپ لەلایەن لیبرالیست و بیرمەندەکانی بۆرجوازییەوە هەر بە بزاوتێکی ئایدۆلۆجی و ئایدۆلۆجیاش وەک مەترسی پێناسە دەکرێن و گوایە هەڵگریی ئایدۆلۆجی تاوانێکی زۆر گەورە و مەترسییەکی ترسناکە! لەهەمان کاتدا نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە بەدرێژایی جەنگی سارد فەیلەسوف و زانا کۆمەڵناسەکانی بەرەی سەرمایەداری تێز و پەخش و تیۆریان وەشاندوە تەنیا بۆ کۆتای هێنان بە ئایدۆلۆجیا، (وەک ئەوەی یەکێک نەزانێت ئایدۆلۆجیا کێوێکی سەختە لەبەردەم دیدی پێشکەوتن و مرۆڤایەتیدا!)
دەتوانین ئەوە دیاریبکەین، کە ئایدۆلۆجیا سیاسییەکان وەک هەر کایەیەکی تر لەنێوان ئەوپەڕی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستییەوە پۆلێن دەبن تا دەگەنە ئەوپەڕی دڕندەیی و مەرگدۆستی. ئەوە خودی ئایدۆلۆجیا نییە کە هێندە قێزەون بێت کەس نەتوانێت ئایدۆلۆجیایەکی هەبێت (واتە پاترۆنێکی بۆ بەکرداریکردنی بیرکردنەوەکانی خۆی هەبێت)، بەڵکو ئەوە لەڕێگای مەترسی ئایدۆلۆجیاکانەوەیە کە سیستەمی تاکخوازی و سەرمایەداری دەخوازێت گرۆبەندییەکان لەکۆمەڵگاکاندا نەهێڵێت و لەڕێگای بەتاک کردنی ئەندامەکانی جڤاتێکەوە دەستی بەسەر سەرچاوەکاندا باشتر ڕابگات. هەر بۆیە یەکێک لەمەترسییە گەورەکانی سەر سیستەمی سەرمایەداری لەسەدەی ڕابردوودا هەبوونی ئایدۆلۆجیا جیاجیاکان بوو و بەتایبەت ئایدۆلۆجیا چەپ و ڕادیکاڵەکان.
گەر تێبینی بکەین لە فۆرمی کاری ڕێکخراوەییدا سیستەمی سەرمایەداری دوو وشەی پراکتیکی بۆ ڕێکخراوە مەدەنی و بازرگانییەکان هێنایە ئاراوە کە هەردووکیان لەجێکەوتدا ڕۆڵی ئایدۆلۆجیا دەبینن (Vision and Mission)، بەڵام جێکەوتەی بەکارهێنانیان جێکەوتەیەکی ئیندیڤیدوالیستانەی هەیە و لە ڕەوتی گرۆ کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئاسانی بەرجەستە ناکرێت. بۆیە ئەم دوو وشە پراکتیکییە خزێنرانە ئەدەبیات و بەکارهێنانی کاری ڕێکخراوە مەدەنی و ئابووریەکانەوە، کە دەتوانین بە زمانی کوردی دوو زاراوەی دیدگا و پەیامکار لە بری (Vision and Mission) بەکار بهێنین، یەک لەدوایەک. هەریەک لەم دوانە بەجۆرێک لە جۆرەکان هەمان ڕۆڵی ئایدۆلۆجیا دەبینن و هیچ هەڵویستەیەکی دژیش بەرامبەریان نابینینەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وشەی ئایدۆلۆجیا دراوەتە پاڵ هێزە بگۆڕ و ڕادیکاڵ و ئەنتی کاپیتالیستییەکان، ئەوا بەرنامەی زەبەلاح و توێژەری زۆر گەورە کاریان لەسەر کردوە و هەوڵی ناشرینکردنی خودی چەمکەکەیان داوە. گەورەترین هەوڵ هەیە بۆ ناشرینکردنی وشەکە و ئەو ڕێباز و بیروباوەڕانەی دەکرێت بە ئایدۆلۆجیا پێناسە بکرێن. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، واتە ئەگەر بیرێکی مەترسیدار بۆ "ئازادی بازاڕ" درووستبوو ئەوا دەکرێت وەک ئایدۆلۆجیایەک مامەڵەی لەگەڵ بکەن، لەکاتێکدا خودی میتۆدەکانی سەرمایەداری و لیبرالیزم و نیولیبرالیزم و هەموو ئەمانەش تەنانەت بە ئەنتی ئایدۆلۆجیاییەکانیشەوە خۆیان ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراون بۆ خۆیان. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەو هەوڵانەی کەلەم بورەدا دراوە، وەک نمونە بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە بکەرە یەکێک لە سەرچاوەکانت:
 The End of the End of Ideology John T. Jost, New York University: October 2006 American Psychologist, American Psychological Association 0003-066X/06/$12.00 Vol. 61, No. 7, 651–670

ئەم کورتە باسە دەربارەی ئایدۆلۆجیا بۆ جیاکردنەوەی باسی زانستیانەیە لە باسێکی بەکاربراوی وشەک لەلایەن کۆمەڵیک سەفستچی و نەشارەزا لەو بوارەدا و کەم دید لەجیاکردنەوەی ئایدۆلۆجیا ستاتیکییە بنبەستبووکان و ئایدۆلۆجیا داینامیکییەکان بە پێویست دەزانم. لەلایەکی تر کە ناتوانن خۆیان لە فەنتازیا و خەیاڵی لاساییکردنەوەی بیری ڕۆژئاوایی ڕزگار بکەن و بەشێوەیکی ڕەخنەگرانە لەو پرسە بکۆڵنەوە، ناچار دێن و کۆپی دیدی ئەو ناوانە دەکەن کە ڕاگەیاندن و ماشێنە جۆربەجۆرەکانی سەرمایەداری گەورەی کردوون.
لەم پێگەیەوە گەر جارێکی تر بڕوانینە مەترسی گەورە لە کوردستاندا، دەبینین نەک ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو لە کارەکاندا نابینرێتەوە، بەڵکو خاڵین لە بیرۆکە و ئایدیاش. بڕوانە کوانووی لانکە پەروەردەییەکان، بڕوانە سیستەمی بەرهەمهێنان لە کارگەیەکدا، بڕوانە حوکمڕانی لە ناوچەیەکدا، بڕوانە هەر شتێک دەبینیت بەنزیکەیی خاڵییە لە ڕێبازێکی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بیرمەندانە، لەم پانتاییەوە خەمە گەورەکان لە بەکرهێنانی ڕۆژانەدا دەبینرێنەوە. ئیدی دەبینین خەڵکەکە لەپاردۆکسێکی پێکهاتەییدا ژیانی سیاسیان بەسەر دەبەن، لەلایەک پێکهاتەی سیاسی لەساکارترین و سادەترین دۆخدایە، لەبەرامبەریشدا ئاوێتە ئایدۆلۆجیەکان لەئالۆزترین ڕەوشی فکریدا دەگوزەرێن. ساکاری پیکهاتە سیاسیەکان بۆ نەبەکامی و ناڕەسەنیی پێکهاتەی کۆمەڵگای مەدەنی دەگەڕێنەوە کەئەوەش ئاوێنەی گەشەسەندنی زانینی زانستی و هۆشمەندانەیە لەم پانتاییەدا. بەڵام ئاڵۆزی ڕەوشی بیرکردنەوە، پەیوەندی بەگوتاری ناجێگیری سەفستەچیەکانی بواری زانینەوە هەیە کە دەمێک ساڵە لەژێر ناوی دژایەتی ئایدۆلۆجیدا کەشێکیان خولقاندوە لەئایدۆلۆجیای "بێباری" کەلەخۆیدا لەلایەک پشتیوانی بووە لە ئایدۆلۆجیای ستاتیکی دەسەڵاتی کوردی و لەلایەکیشەوە هۆکار بووە بۆ لەباربردنی بیری نوێ و نوێبوونەوە لەتێڕوانیندا،یان بەرنامەڕێژی بۆ پێشکەشکردنی نەخشەیەکی جیاوازی ڕامنەکراو لەجێبەجێکردنی کاری سیاسیدا.
بەگشتی هێزە سیاسی و جەمسەرە "بە بیرمەند ناسراوەکانی" ئەم ناوچەیە هەمیشە خەریکی سەپاندنی شیکردنەوەکانی خۆیانن بەبێ هیچ بنەمایەکی زانستی و پشت بەستن بەهیچ داتایەک یان تاقیکردنەوەیەک و دواتر خۆیان پێ لۆجیک زان و چەقی ڕاستییەکانی ئەو گەردوونە چکۆلەیەیە کە بۆخۆیانیان درووستکردوە.

گەر لەم پانتاییەدا نەخولێینەوە و بێینەوە سەر زەوی، ئەوا پارتە سیاسی و جەستەکانی کاری سیاسی، تووشی بێئومێدی زیاترمان دەکەن! چونکە خودی کاری سیاسی لەکۆمەڵگای ئێمەدا کەمتر ئەزموونی بیر و پلانی لۆجیکی کاریان تێدا کردووە، بەڵکو خودی سیاسەت کارێکی پیشەیی بووە لەدەرەوەی بنەما تیۆری و زانستییەکانی بوارەکە، لەدەروەی هونەرە جۆربەجۆرەکانی بەڕێوەبردنی کاری سیاسی، بەپێچەوانەوە خەڵک فێری پیشەکە بوون لە بازاڕێکی بەکاربراودا و کەرەستە سلاکەکانیان بۆ ململانێی بەرتەسکی دوور لە دونیابینی بەکارهێناوە و زۆربەی کاتەکان لەپیناوی بەرژەوەندییە کاتییەکانی چەند کەسێک و چەند باندێکدا تەنیا بەگژ یەکدا چوونەتەوە. کاتێک دیارترین ڕێکخراوە سیاسیەکانی باشووری کوردستان دەخەینە ژێر پرسیارەوە، ئەوا بەپێی قەبارە و جێکەوتی دەسەڵاتیان هەریەکەیان پانتاییەکیان لە هۆشی خەڵک داگیرکردوە و بە هیزی دەسەڵات بوونتە کەشکی ئایدۆلۆجی بۆ خەڵکەکەی، جا بەپلان و مەبەست بووبێت یان بەشێوەڕێکەوت بەسەر پرسەکاندا کەوتبن بەردەوام بوون لەم کارەیاندا. گەر لە ڕووی ئایدۆلۆجیا و بیر و نەخشە و پلانی سیاسییەوە لەگرنگترین ئەو ڕێکخراو و پارتانە بپرسینەوە دەبینین: