بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





30/03/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ٦



بەشی شەشەم

لەپاش ساڵی ٢٠٠٥ و گەیشتنی تاڵەبانی بەو میراتەی بەدرێژایی تەمەنی خەونی پیوە بینی بوو، سەرۆکی کۆماری ئێراقی فیدراڵ، دواتر بەو هۆیەوە هاوکێشە سیاسییەکان لەنێوان هەموو پارتەکانی ئێراق و کوردستاندا گۆڕانیان بەسەردا هات. ئیدی شتێک نەما لەناو (ی.ن.ك) دا بەرەنگاری (پ.د.ك) بکات و بە مەسعود بەرزانی سەرۆکەکەی بڵێت ئێمەش لەحوکمڕانی ئەم هەرێمەدا شەریکین. هەر بەوجۆرە (ی.ن.ك) لەبەرامبەر بە سەرۆکایەتییەکی کارتۆنی لە ئیراقدا دەستبەرداری هەموو سەروەرییەکانی کوردستان بوو. بەم جۆرە ژمارەیەکی زۆر لەکادر و سەرکردە باڵا و ناوەندییەکانی ناو حیزبەکە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و تەنانەت بیرکردنەوەکانیان کەوتە بەر مەترسی و تێکڕا بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا لە (ی.ن.ك) دا هەڵوێستیان وەرگرت و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی ئەمانە لەدایک بوو. ئەم کارە بۆ کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا کارێکی تا ڕادەیەک ئاسان بوو، چونکە لەگەڵ ڕایەڵە جەماوەرییەکانی حیزبەکەیدا لەپەیوەندییەکی بەهێزدا بوو، هەروەها بێدادی و گەندەڵی سەرانی (ی.ن.ك) گەیشتبووە ئاستێکی زۆر بەرز. سەرباری ئەوەش چەندین هۆکاری بابەتی هەبوون بۆ لەدایک بوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەوانە:

١. بەشێکی بەئاگا لەسەرکردایەتی و کادێرە ناوەندیەکانی (ی.ن.ك) هەستیان بەمەترسیە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان کرد کە ئەنجامی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا شێوازێکی "ئەسەدیانە" ی حوکمڕانی سەری هەڵدا و هەموو بنەماکانی دەسەڵات لە تاڵەبانییەوە دەستیانکرد بە گواستنەوە بۆ میراتگرەکانی ناو بنەماڵەکەی نەک میراتگرە حیزبییەکانی و ئەوانیش خۆیان بە خاوەنی ئەو مێژووە دەناسی.
٢. ئەنجامی بەرفراوانی گەندەڵی و بێدادی چەند ئاماژەیەک بۆ سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤی سیاسی دەرکەوت، لەوانە هێزە جل ڕەشەکانی گەرمیان، بزووتنەوەی گەنجان، کامپینی هەتا کەی، بزووتنەوەی "کۆڕێگە"، گروپەکانی فشاری ژنان... تاد، کە ئەمانە ترسیان خستە بەر ئەو بەشە زیانخواردوەی (ی.ن.ك) و هەر بەو هۆیەوە شاخەی ڕیفۆرم لەناو حیزبەکەدا بووە شاخەیەکی جدیتر و بڕیاریاندا وەڵامی پێویستییەکانی ئوپۆزسیۆنی پەرتەوازەی ناو حیزبەکەیان بدەنەوە، بەڵام هیزەکانی تاڵەبانی نەهاتنە پای ملدان بەو داواکاریانەی شەقام، چونکە دەبوو دەستبەرداری ڕیکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی ببن و ئەوەش لە قازانجی تاڵەبانی و بنەماڵەکەی نەبوو.
٣. سەرئەنجامی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی خێزانی تاڵەبانی بەشی شێریان بەرکەوت و بەشێکی زۆر لەوانەی سوودمەندییەکانیان کەوتە مەترسییەوە کەوتنە هەوڵی بەرژەوەندیخوازی جیاواز نەک بۆچوونی جیاواز! هەر بەوجۆرە مەترسی ئەوە دەکرا ئەوانەی لەناو (ی.ن.ك) دا بێبەش دەبن، بەجۆری جیاجیا بچنەوە ناو باوەشی پارتی و پاراستنی پارتیش هیچ کەم تەرخەم نەبوو لە لەخشتە بردنی ئەندامەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسییەوە تا دەگاتە ئەندام کۆمیتە و ئەندام مەڵبەندەکان و هەریەکەیان بە نرخی خۆی. لەم بارەیەوە نمونە زۆرن کە لێرەدا دوایان دەخەین بۆ بابەتێکی تایبەتتر.
٤. هەبوونی سەرچاوەیەکی دارایی باش لەبەردەستی ئەندامانی ریفۆرمدا کەبەشی هەنگاوی یەکەم بکات و لایەنی کەم کادرە سەرەکییەکانی ڕیفۆرم تێکڕا ژیانیان پێشتر دابینکرابوو. ئەم سەرچاوەیە بەشێوەیەکی حەکیمانە لەبواری ڕاگەیاندن و بانگەشەدا تەرخانکراو بەشیوەیەکی بەرچاو بەگەڕ خرا، "کۆمپانیای وشە" یەکێک لە نمونەکانی بوو.
٥. ئەم بزووتنەوەیە هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ هەڵگری بەشیک لەخەمەکانی خەڵکی کوردستانەو هەوڵی خەڵکێکی تیادا ماوە کەتەنیا ئەم ڕێگایە بە دەرباز دەزانن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کوردستان و متمانەیەکی گەورەیان بە سەرکردەی یەکەمی بزووتنەوەکە هەیە. جگە لەوە لەسەرەتاوە بزووتنەوەی گۆڕان توانی چەند چەمکێکی ڕۆژانەی ژیانی خەڵک ببەستێتەوە بەو پەیامەوە کەدەیەوێت نوێنەرایەتی بکات وەک دژایەتییەک بۆ گەندەڵی و حوکمڕانی باوەوە.
٦. شوێن کەوتنی ژمارەیەک لەخەڵکی نوێ لەگەڵ بزووتنەوەکە، ئەنجامی هەڵمژینی ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاو و پەرتەوازەیەی خەڵکی کوردستانی بەگشتی گرتبووەوە.

ئەم چەند خاڵەی سەرەوە سەرەکیترین هۆکارەکانی سەرهەلدانی "بزووتنەوەی گۆڕان" بوون، گەرچی لەخۆیدا بزووتنەوەکە، بزووتنەوەیەکی کلاسیکی بێبنەمای فکری بوو، لەسەر پێکهاتەی کەموکوڕی ڕکابەرەکانی بەگەورەیی لەدایک بوو بوو. ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی کاریزماتیکیە و هێز و تواناکانی لەکاریزمایەکی باوەوە وەردەگرێت کەتەنیا خاڵی بەهێز تێیدا مل نەدانە بەگەندەڵی کلاسیکی، بۆ نمونە "هەوڵدەدات دەست و دەم و داوێن پاک بێت لەباشترین حالەتی خۆیدا" ئەگەر نا هیچ پێوانەیەکی درووستی فکری و تێڕوانینی عەقڵانیانەی پاشەڕۆژی نییە کە بەشێوەیەکی دانایانە چنرابێت.

بەم جۆرە پاشەڕۆژی ئەم بزووتنەوەیە بەتەواوی بەستراوەتەوە بە بوونی پارتی و یەکێتیەوە، ئەوەش سەرەکیترین گرفتی ئەم بزووتنەوەیەیە، ئەم بزوتنەوەیە پاش ئەوەی بەشێوەیەکی ڕووکەش دەبێتە پارت و بەشێوەیەکی جەوهەریش هەر درێژکراوەی (ی.ن.ك) ەکەی ڕابردووە، ناتوانێت کۆمەڵگا لەقۆناغێکەوە بباتە قۆناغێکی تر، بەڵکو هەمیشە لەو نەریتەوە مامەڵەدەکات کە ئیدارەی ناڕەزامەندییە میژوویەکان بکات. واتە بزووتنەوەیەکە دۆخی بەردەوام بەڕیوە دەبات، ئەوەی جێی تێبینیە کە لەبری پشتیوانی دەسەڵات لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا هێزی گەورەی خۆی نمایش کرد، ئەگەر نا پاش ملدان بە دەسەڵات و هاوبەشیکردن لە حکومەتەکەی پارتیدا، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا نەمایەوە لەڕووی جەوهەر و ناوەڕۆکەوە. دواجار بەشێکی زۆری ئەوانەی لەسەری بزووتنەوەکەدا کۆبوونتەوە هەموو ئەو خەلکە هەلپەرست و زمان بزێوەن کە بەدرێژایی مێژوو زانیویانە چۆن بەرژەوەندیە تاکەکەسیەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن لەچوارچێوەی درووشمە گشتییەکاندا.

بزووتنەوەی گۆران" پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی لێ درووست بوو، دەروازەیەک بوو بۆ کۆکردنەوەی ناڕەزایەتی و زۆرێک لەهێز و گرۆ ناڕەزامەندەکان پشتیان پێ بەست بەو هیوایەی ببێتە ئەو فریادڕەسەی ئەڵتێرناتیڤی ڕاستیینەی شێوازی کاری سیاسی بێت. ئەوانەی هاتنە ناو ئەم بزووتنەوەیە: بەشێک لە چەپەکان ئەوانەی لەحزبی کۆمۆنیست بێ ئومێد بووبوون، بەشیک لەئیسلامیەکان، ئەوانەی لەناڕاستی پارتە ئیسلامیەکان بێزار بووبوون، بەشیک لەئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ کەدەمێک بوو چاوەڕوانی سەرهەڵدانی هیزێکی سیاسی بوون، ئەو یەکیتیانەی سالانێکی زۆر بوو دەست بەرداری یەکێتی بووبوون بەهۆی تێوەگلانی لەگەندەلیەوە هەروەها ئەو پاسۆک و بەناو ڕۆشنبیرانەی بەدوای شوناسێکی نوێدا یان نوێکردنەوەی شوناسێکدا دەگەڕان بۆ خۆیانی ببیننەوە، ئەوانەی لەم بازنانە بەدەربوون لەچوارچێوەی ئەم بزاوتە باوە دوورکەوتنەوە یان تا ئەندازەیەکی زۆر کەم خزمەتیان پێکرا. گرنگە باسی ئەوە بکەین ئەو هێزەی ئەم هەموو هەمەڕەنگییەی کۆکردەوە و ناوینا بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا کەسێتی نەوشیروان مستەفا و ئەو بڕە پارەیە بوو کە کۆمپانیای وشەی پێ درووستکرا.

دواجار لە ڕووی بیر و ستراتیژەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی تەقلیدیە و ڕەنگدانەوەی واقعی بزووتنەوە سیاسیەکانی کوردستانە. ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بنەمای فکرێکی سیاسی پەیدا نەبووە، بەڵکو کاردانەوەی کۆمەڵگای کوردستانە و لەلایەن تیمێکی سیاسی ئامادەباشەوە قۆزراوەتەوە و ئەو پێکهاتەیەش زۆر کەمی جیاوازە لە نەریتی سیاسی باو لەکوردستاندا. سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە یان ئەوانەی کاریان پێ سپێردراوە زۆر جیاواز نین لەپێشوو، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەو نەفەسە باشەی ناو بزووتنەوەی "کوردایەتییە" کە ڕۆشنبیریی و ویژدانی مرۆیی کاریگەری لەرسەرتوێژاڵێکی ڕەفتاریان داناوە، کە بەداخەوە لەڕووی جەوهەرەوە ڕەفتارەکانیان هەڵگری هەمان نەخۆشی کولتوورین، لەڕووی زانست و زانینیشەوە خویندەواری و ئاستی داهێنانیان زۆر سنووردارە. دوا خاڵ دەتوانین ئەوە دووبارە بکەینەوە کە یەک دوو ساڵێک لەمەوبەر باسمانکردبوو، بەداخەوە پاشەڕۆژی ئەم بزووتنەوەیە بەرەو نادیارە، داخەکەمان تەنیا بۆ ئەوەیە جارێکی تر هیوا جەماوەرییەکان لەسەر بنەمایەکی سادە متمانەیان دا بە بزاوتێک بەبێ ئاگایی، بزاوتێکی پاشەڕۆژ تاریک، چونکە بەدەر لەوەی پشت بەتیۆر و فکر و بەرنامەی ستراتیژی نابەستیت و کاردەنەواکانی شەقام وەبەرناهێنێت، بزوتنەوەیەکی کاریزماتیکییە و بەزەحمەت سیستەماتیزە دەبێت.

No comments:

Post a Comment