بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





11/04/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ١١ کۆتایی


بەشی یانزەهەم و کۆتایی

لەم نووسینەدا چەندجارێک باسمان لە ئۆپۆزسیۆن یان بەرهەڵستکاری سەربەخۆ کرد! مەبەست لە ئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ تێکڕا ئەو تاکانەی خەڵک دەگریتەوە کەخۆیان لەچوارچێوەی هێزە ڕێکخراوەکاندا نەبینیوەتەوە و یان پاش ماوەیەک لەئەزموون لەناویاندا نەیانتوانیوە لەگەڵیاندا بەردەوام بن، هەروەها ئەو تاکانەی خەڵک دەگرێتەوە کە نەیانتوانیوە هێزێکی گونجاو بدۆزنەوە کە گوزارشت لەخواست و بۆچوونیان بکات و لەهەمان کاتدا قایل نین بەو دۆخەی ژیان و گوزەران کە خەڵک تێدا دەژی. هەبوونی کەشێک بۆ گەشەی بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ سەرچاوەی دروستکردنی سیاسەتمەداری بێلایەنە، کە هەردووکیان تەواوکەری یەکترین لەهاوکێشە سیاسییەکاندا و لەگوزارشتکردن لە ئازادی و ئاستی ئازادی کۆمەڵگایەک. هەبوونی سیاسەتمەداری بێلایەن و بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ لە هەر کۆمەڵگایەکدا چەند خاڵێکی گرنگی ژیانی سیاسی دەسەلمێنێت، لەگرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە باس دەکەین:
١. هەمیشە دەیسەلمێنێت کە هێزێک ئامادەیە بۆ نوێکردنەوەی تیزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕییەکانی کۆمەڵگا.
٢.هەمیشە دەیسەلمێنێت کە هێزێک هەیە بەدوای جێگرەوەی باشتردا دەگەڕێت و دۆخی گوزەر بەدۆخێکی نەشیاو دەزانێت، ئەمەش سەرچاوی تواناییە بۆ خەبات و کارکردن بەرەو باشتر.
٣. گەنجینەیەکی کۆمەڵگایە کە بەهۆیەوە دەتوانێت فریادگوزاری پێویست بەرهەمبهێنێت بۆ هەر قەیرانێکی سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەکنیکی و زانستیش ئەگەر کۆمەڵگاکە دووچاری ئەو قەیرانانە ببێتەوە.
٤. نێوەندێکی بەفەڕە بۆ یەکگرتنەوە و دیالۆگی نێوان نەوەکان کە لە ململانێیەکی بەردەوامدان، بەو جۆرە ئەنجامی دیالۆگ زمانێک بۆ لێکتێگەیشتنی نەوەجیاوازەکان پەیدا دەبێت.

سەرباری ئەو هەموو خاڵە بەهێز و ئەرێنییەی کە بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ و سیاسەتمەداری بێلایەن درووستی دەکەن بۆ کۆمەڵگا، کەچی:
یەکەم؛ ئەگەر شەبەنگە سیاسییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان تەواو ئامادەنەبن ،ئەوا بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ بە پەرتەوازەیی دەمێنێتەوە و دەبیتە نیشانەیەکی نەرێنی بۆ کۆی کایەی سیاسی.
دووەم؛ ئەگەر بەرهەڵستکاری سەربەخۆ پەرتەوازە بوو، ئەوا بێ گوتار و ئامانج و کردار دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆکار بۆ لەباربردنی هەر تەوژمێکی سیاسی بگۆڕ کە بخوازێت پەیدا ببێت.
  
سەرەتا، سیاسەت و سیاسەتمەداری بێلایەن و بەرهەڵستکاری سەربەخۆ چین و چۆن دەیانناسینەوە! کاری سیاسی لەیەک کاتدا زانستیشە و هونەریشە وەک هەر پیشەیەکی تر، هەروەها وەک هەر پیشەیەک بە پێوانەکانی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی دەکەوێتە بەر نەشتەری تیژی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی ڕەوشتناسی. لەهەمان کاتدا خودی کاری سیاسی بریتییە لە پیاچوونەوەیەکی بەبەرنامەی بەردەوام، و ڕەخنەگرتنێکی هەمیشەیی تیۆری و کردارییە بۆ ئەو میکانیزمە کۆمەڵایتی و کارگێڕییانەی ژیانی کۆمەڵێک خەڵک لەقەوارەیەکی دیاریکراودا ڕێکدەخەن و بەڕێوەی دەبەن و پارێزگاری لێدەکەن لەبەرامبەر مەترسییەکاندا و ئەڵتێرنەتیڤی هیوابەخشتر زیاتر لە دۆخی گوزەر پێشدەخەن.

ئەم دوو ویستگەیە بۆیە گرنگبوون، هەتا بزانین لەچ دەروازەیەکەوە لە بەرهەڵستکاری سەربەخۆ دەڕوانین و ئایندەی ژیانی سیاسی لە باشووری کوردستاندا بەهۆی ئەگەری ئەم پارامیتەرەوە لەسەر چ ئاسۆیەک دەوەستێت. هەر لەو ڕوانگەیەوە دەتوانین باس لەدوو ڕۆڵی جیاوازی کاری سیاسی بکەین و هەر لەسەرەتاوە خۆمان یەکلایی بکەینەوە و بزانین بە چ دیدێک لەم ئەرک و کارە دەڕوانین. (پەڕگیرانە هەڵوێستە ناکەم، بەڵام خودی ئەم پرسە یەکلایی کەرەوەیە بۆ هەرکەسێک لەسەر کەنارەکانی کاری سیاسی بوەستێت بەر لە هەر دەستپێکردنێک). سەرئەنجام سیاسەت وەک کەرەستەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ بەرەوباشتر بردنی ژیانی مرۆڤەکان شتێکی جیاوازترە لەوەی کە ئێمە وەک چالاکییەکی دەسەڵڵاتگەری سەیری سیاسەت بکەین و ناچارین کە لە هەڵوێستێکی پیشەییدا خۆمان یەکلایی بکەینەوە بەر لە دەستکردن بەهەر کارێکی سیاسی. چونکە پانتاییەکی خۆڵەمێشی نییە لەکاری سیاسیدا و هەرکەس بخوازێت لە پانتاییەکی خۆڵەمێشیدا کاری سیاسی بکات، ئەوا دەبێتە قوربانی و بەرئەنجام و ئاکامی کارەکانی نادیار دەمێننەوە. سیاسەت وەک کەرەستەیەکی کۆمەڵایەتی کارگێڕی درووست بەکارهێنراو، چالاکییەکی مرۆییە کەتەوەرەی سەرەکی تیایدا مرۆڤ و ژیانە، نەک حوکمکردن و دەستکەوتنی قازانجی ماددی و مەعنەوی تایبەتی. پەیوەندی حاکم و حوکمکراو یەکێکە لەخەسڵەتەکانی کاری سیاسی و چالاکی سیاسی، نەک هەموو شتێک بێت تێیدا، ڕاستە بەبێ ئەم پەیوەندییە شتێک نامێنێتەوە ناوی سیاسەت و زانستی سیاسی و تەنانەت دەوڵەت و حوکمڕانیش نامێننەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆر خەسڵەتی تریش هەیە لە سیاسەتدا وەک دونیابینی و تیۆر و بیری سیاسی کەئەمانە هەموویان هەمان ڕۆڵ دەبینن. کاتێک دێینە سەر خودی ئامانج لەکاری سیاسیدا، بۆمان ڕووندەکاتەوە کە تێگەیشتن و ڕێکخستنی ڕاستی و پەیوەندییەکانی نێوان فەرماندار و فەرمانپێکراو لە باشترین دۆخی ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستیدا سەرچاوەی هەر ڕێبازێکە کەبتوانین ناوی بنێین سیاسەت بەجیاوازی لە بازرگانی، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕێژەییە و ئاسۆیەکی دووریش بۆ ئاراستەکردن هەمیشە هەیە. تەنانەت خراپترین سیستەمی سیاسی شوناسێک بۆخۆی دادەتاشێت تا بچێتە ئەم بەشە پێناسەیەوە لە کۆی تێگەیشتن لە سیاسەتدا.

بۆ ناسینی بێلایەنی و سەربەخۆیی باشترە هەریەک لە لایەنداری و پابەندی بناسین! کە سەرەتا ئەو پارسەنگەی لایەندار و بێلایەن لەیەک جیادەکاتەوە، ئازادی بیروڕا و ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی بڕیاردانە. سەربەخۆیی و پابەندیش بەهۆی ویستی تاکەکەسەوە یان ڕێکخراوەوە دیاریدەکرێت، ویست بەواتای ئیرادە، واتە هەرکات توانیمان ویستێکی دیاریکراومان لەخۆمانەوە بۆ دەرەوە هەبێت دەتوانین سەربەخۆ بین و لەژێر کاریگەرییدا بێینە دەرەوە. یان ڕاستترە بلێین؛ تا ویستێکی دیاریکراوترمان لەخۆمانەوە بۆ دەرەوە هەبێت دەتوانین سەربەخۆتر بین. تێکڕا ئەمانە قسە و باسن لەسەر کاری سیاسی، ئەگەرنا مرۆڤ لەهەموو ساتەوەختێکی ژیانیدا ناتوانێت بەتەواوی لەڕووی سەرپێبوونی بیروهۆشەوە بێلایەن بێت، مەگەر بۆ ماوەکی کەم و کاتی نەبێت، ئەوەش هەندێک کاتی کەم ڕوودەدەن کە مرۆڤ دەکەوێتە دۆخە شڵۆقەکانەوە یان گواستنەوەی سەنگەری بیرکردنەوە لە ئاراستەیەکی بیرکردنەوە بۆ ئاراستەیەکی بیرکردنەوەی تەواو جیاواز.

مرۆڤ هەمیشە لە نێوان باش و باشتردا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی بەردەوامدایە، کاتێکیش دێتە سەر بڕیاری هەڵبژاردن، ئەوا لەدەستدانی بەشێک لە ئازادییەکانی دەستپێدەکات و بۆ خۆی هەستیان پێدەکات و بیریان لێدەکاتەوە، تەنانەت گەر ئازادانەش ئەو بڕیارەی دابێت. ئەو دەمەی مرۆڤ بیردەکاتەوە ئەو دەمەیە کە ناچارە بڕیار بدات و بەیەکەم بیرکردنەوەش لە بڕیار، ئەوا ئاساییە کە بەشێک لە بیروباوەڕەکانی خۆی سنووردارکردووە هەر لەسەرەتای بیرکردنەوەکەوە. سیستەمی تاکگەرایی وایکردوە مرۆڤ هەمیشە لەیەکلاییبوونەوە بترسێت چونکە بە یەکلاییبوونەوە لە تاکێتی خۆیەوە دەکەوێتەوە ناو گرۆ، هەر کە کەوتە ناو گرۆش تاکگەرایی لە دەست دەدات. لەدەستدانی هەربەشێک لە خەسڵەتە تایبەتییەکانی خود بۆ گرۆ، ئەو مەترسییە ناڕاستەیە کە ئەنجامی نەبوونی هۆشیاری گشتی تاکەکانی کوردستان لێی دەترسن، بەتایبەت کە ئەنجامی نەبوونی ویستێکی دیاریکراو ناتوانن بڕیاری ئەو گرۆیە بدەن کە تێیدا دەیانەوێت ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن. بەدەستهێنانی ئامانجی زیرەک بە تاکەکەسی سنوورێکی دیاریکراوی هەیە، لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە مرۆڤ ناچارە بیر لە گرۆ بکاتەوە. گەیشتن بە بڕوانامەی کۆلیجێک ئەکرێت ئامانجێکی زیرەکانەی تاکەکەسی بێت، بەڵام گەیشتن بە دادوەری لەدابەشکردنی داهاتی نیشتمانیدا هەرگیز ناکرێت ئامانجێکی زیرەکانە بێت بۆ تاکێک. گەیشتن بە ژمارەیەکی پێوانەی لە وەرزشێکی وەک تێنسدا دەکرێت مرۆڤ بەتەنیا کاری بۆ بکات و ئامانجێکی زیرەکانە بێت، بەڵام گەیشتن بە پلەی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانی بەبێ هاوبەشی تیم و قبوڵکردنی مەرجەکانی تیم ناکرێت...تاد. سەرئەنجام لەکایە سیاسییە گشتییەکاندا مرۆڤ ناچارە دەستبەرداری ژمارەیەک لە ئازادییە تاکە کەسییەکانی ببێت لەپێناوی بەدەستهێنانی ئامانجە گشتییەکانیدا.  

ئەم بابەتەی باسەکەمان گرنگییەکەی لەوەدایە کە هەڵوێستەکردن لەگەڵ چییەتی توێژی (بەرهەڵستکاری سەربەخۆ و سیاسەتمەداری بێلایەن) تا ئەندازەیەک دەتوانێت ڕێگەچارە بێت یان پێشنیارێکی تەورەیی بێت بۆ دۆزینەوەی ئەڵتێرنەتیڤی گونجاو. شەبەنگی گرۆ سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردستان پچڕ پچڕە و ناتەواوە و زۆربەیان نائامادەن، بەتایبەت هیچ هاوسەنگییەک لەنێوان ڕاست و چەپدا نییە. زۆربەی کۆمەڵگاکان بۆشایی و کەلەبەر دەکەوێتە نێوان شەبنگە سیاسییەکانیانەوە بەڵام لە باشووری کوردستاندا پارسەنگەکان تێکڕا دەکەونە لایەکەوە و پێکهاتەی ئۆرگانی سیاسی کۆمەڵگا بۆ مێژوویەکی دوورودرێژ بە نادرووستی ماوەتەوە. ئەوەش ئەنجامی لاوازی گەشەی کۆمەڵگا دەردەخات لەلایەک و نەبەکامی کۆمەڵگای مەدەنی بە پلەیەکی بەرزتر.

شەبەنگە سیاسییەکانی هەر کۆمەڵگایەک لەنیوان پەڕێکی ڕاستڕەوەوە دابەش دەبن تا دەگاتە پەڕێکی چەپڕەو. تێکڕا ڕاستەکان بە ئایدۆلۆجییە سیاسییە بڕیاردەرەکان (مەبەست لە بڕیار بەدەست نییە، بەڵکو بڕیاردەر) هەژمار دەکرێن، واتە ئەوانەی کە بڕیاریان لەتێکڕا پرسە سیاسی و مۆرالییە کۆمەڵایەتییەکان داوە و خۆیان یەکلایی کردوەتەوە و کەمترین پرسیاریان لەپای گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە. کە بە پەڕگیرترینی ڕێکخراوە ئایینییەکان دەستپێدەکات تا دەگاتە لیبرال دیموکراتەکان و بە مۆدێراتەکان کۆتاییان دێت. هەرچی چەپڕەوەکانە بە ئایدۆلۆجیای بزاوتەکان دەناسرێنەوە و هەمیشە دەیانەوێت ژیان بەجۆرێکی تر بێت کە کۆمەڵگا لەگەڵیان بەشێوەیەکی باو ڕانەهاتووە و هەموو شتەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەمانەش بە ئەنارشیستەکان دەست پێدەکەن و لەلای مۆدێراتەکان تەواو دەبن. ئەم شەبەنگانە زۆر زیاتر ورد دەکرێنەوە بۆ نمونە: لە چەپەوە: ئەنارشیستەکان و دژە کاپیتالیست و کۆمۆنیست و دژە ئیمپریالیست و سۆشیالیست و سۆشیالدیموکرات و فێمینیست و سەوزەکان و تا دەگاتە چەپە لیبرالەکان و بە مۆدێراتەکان کۆتاییان دێت کە ئەوانیش بەزۆری ئایدۆلۆجیاکانی سەنتەر دەگرنەوە. لەلای ڕاستەوە، بە ئایدۆلۆجیا ئاینییە پەڕگیرەکان دەستپێدەکەن وپاشان ترادیسیۆنالیست و فاشیست و نەتەوەپەرست و سۆسیال دەسەڵاتگەراکان و کاپیتالیست و پارێزگارەکان و لیبرال و لیبرالە نوێیەکان و لیبرال دیموکراتەکان تا دەگاتە مۆدێراتەکان. بڕوانە ئەم شێوە گشتییەی دابەش بوونی شەبەنگەکان لە وێنەکەدا.


لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی ئەم شەبەنگانە ساخ نەبوونەتەوە و تێکڕای بزاوتە سیاسییەکان یان نەتەوەیی یان ئاینی یان "چەپی مارکسیستن"، لەبیرمان نەچێت ئەمانەش هەموویان لە ژێر پرسیاردان. کاتێک شەبەنگە سیاسییەکان ساخ نەبنەوە هەموو بەرهەڵستکاری سەربەخۆ پەرتەوازە دەبیت و ناتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت. وەک ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت. تێکڕای دەسەڵاتی سیاسی بەهەموو توانایەکی خۆی لەسەردەمی "شۆڕشی چەکدارییەوە" تا "حوکمڕانی شار" هەوڵیان داوە بەرهەڵستکاری سەرکوت بکەن و ئەم سەرکوتکردنەش ڕێگای لە شێوگگرتن گرتوە و تێکڕای بەرهەڵستکاری پەرتەوازە بووە. بەشێکی لەهەندەراندا خۆی گرتوەتەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت خۆی لەبازنەیەکی دیاریکراودا ڕێکبخات. بەشێکی گەورەتری بە بیانووی دژایەتی ئایدۆلۆجیا کۆمەکێکی گەورەی پلانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کردوە و سەرئەنجام نەبوونی ئایدۆلۆجیایەک کە گرۆجیاوازەکان لە شەبەنگە جیاوازەکاندا نەیانتوانیوە خۆیان ڕێکبخەن و بۆ خۆیان بوونەتە ئایدۆلۆجیایەک کەتەنیا هەژموونیان ڕێگریکردن بووە لە شێوەگرتنی سیاسی کۆمەڵگا، کە ئەتوانین لێرە بەدواوە وەک ڤایرۆسی سیاسی ناویان بەرین، چونکە جەستەی سیستەمی سیاسییان نەخۆش و پەکخستووە. بەشێکی گەورەی تر لەکارەکەیان ئەوەیە کە پەرتەوازەیی زیاتریان لەکۆمەڵگای بەرهەڵستکارییدا درووستکردوە و خودی پرۆسەی بەرهەڵستکارییان لە ئەرکێکی سیاسییەوە کردوە بە ئەرکێکی ڕۆشنبیری، بۆیە دەبینی سەرئەنجام سیاسییەکان دوورن لە ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیرەکانیش دوورن لە کاری سیاسییەوە، ئیدی لەو نێوەندەدا ئەگەرێک نامێنێتەوە بۆ داهێنان. بەم جۆرە ناتەواوی شەبەنگی سیاسی لە باشووری کوردستاندا درێژکراوەی قۆناغی شۆڕشگێڕیی یەک ئاراستەیە، کە لە خۆیدا ئەم شێوازە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت دەستکاری بکرێت و لاواز بکرێت بە هۆی چکۆلەترین کاریگەری دەرەکییەوە. جا ئەو کاریگەرییە سروشتی بێت یان ڕێکخراو.

خاڵێکی هەرە گرنگی تر ئەوەیە کە لەگەڵ پەرتەوازەیی بەرهەڵستکاری سەربەخۆدا، هیچ ئەڵتێرنەتیڤێک لەدایک نابێت تا توانا بەرهەڵستاکرییەکان یەکنەگرن و لەبازنەی سیاسی دیاریکراودا کۆنەبنەوە. گرفتی سەرەکی تێکڕای هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان ڕوونی دەکەنوە کە ئەو شەبەنگانە لە چ قەیرانێکدان، (ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر خودی پرۆسەی هەڵبژاردن بە دروست و ئاسایی وەربگرین). بەتایبەت نزمی ئاستی هۆشیاری گشتی زۆر بە ئاشکرا دەریدەخات کە ئەو هیزە سیاسییانە ون و نادیارن. لاوازی هۆشیاری و پێزانینی کۆمەڵایەتی بۆ پرسە سیاسییەکان بەرهەمی نەزانی و لاوازی پارت و گرۆ سیاسییەکانە و هەر بەو هۆیەوە ئەوانە دەبنە هۆکار بۆ سەرنەکەوتن و پەیدانەبوونی هێزی نوێ لە کۆمەڵگادا.

لە کۆمەڵگای ناهۆشیاردا هەڵبژاردن هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت، چونکە خەڵکی بێ ئاگا وەک ئەوەی لە کوردستاندا هەیە دەنگەکانیان نادەنە کەسێک کە دڵنیا نەبن لە سەرکەوتنی هەر بۆیە پەڕگیرییەک لە هێزدا درووست دەبێت و ئەو هێزانە دەمێننەوە کە خۆیان لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکاندا پێ نمایش دەکرێت و دەتوانن کاریگەرییان دیاربێت. ئیدی لێکدانەوەکانمان دەبنە ئەوەی تێکڕای ئەو خەڵکە بەرهەڵستکارە پەرتەوازەیە هەڵگری جۆرێک لە جۆرەکانی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆجیای تایبەت بە خۆیانن، کەچی هێشتا هیچ ژمارە و گرۆیەکیان ناتوانن لەچوارچێوە و بازنەیەکی سیاسیدا کۆببنەوە و داکۆکی لەخواستی گرۆ و بیرکردنەوەکانیان بکەن و هەر بەو جۆرە دەبەنگترین دەسەڵاتی سەر ئەم هەسارەیە دەتوانێت زیرەکترین تاکەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی بکاتە ئاردی ناودڕک و نەتوانن خۆیان لەدەوری گوتار و ئامانجە هاوبەشە زیرەکەکان کۆبکەنەوە. لەلایەکی ترەوە بەتواناترینی تاکە بەرهەڵستکارەکانی کۆمەڵگا یان بەدەستی دەسەڵات تیرۆر و سەرکوت دەکرێن یان لەبازنەی ڕۆشنبیری تەسکدا بەکاردەبرێن. هەر بەوجۆرە بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان بەئاسانی دەبنە بەشیک لەم گرۆیە، بەرهەڵستکاری سەربەخۆ بەڵام پەرتەوازە چونکە:
١. خەڵکی کوردستان لەمێژە لەچوارچێوەیەکی بێ بەها و بێمانادا بەسیاسی کراوە، بۆ نمونە ئەوانەی سەربە پارتین وەلائیان بۆ بنەماڵەی بارزانی هەیە و تەواو! ئیدی ئەوان بەرپرسیار نین لە بیرکردنەوە لە گوتارەکانی پارتی کە بەرەوکوێیە و چۆن بەرپرسەکانی پارتەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
٢. پارت و لایەنە سیاسیەکان خاوەنی فکر و پەروەردەیەکی سیاسی جێگیرنین بەهۆیەوە بتوانن پابەندی جەماوەری تاسەر بۆ خۆیان مستۆگەر بکەن ئەگەر کەمیش بێت، ئەوەی کردویانە تا ئێستا پابەندی بەشیک بووە لەدانیشتوان و جەماوەر لەسەر بەنەمای نۆستالجی یان بنەمای خوێن. کە ئەم دوو بنەمایە لەکاری سیاسیدا ناتوانن لەبەردەم بێدادیدا خۆیان بگرن و زوو تووشی مایەپووچی دەبن. لەپاش مایەپووچیانەوە هەر مانەوەیەکیان زیانێکی گەورەی هەیە و ناچارە ئەنجامی ستەمکاری بەردەوام بێت.
٣. تا ئێستەش خه‌ڵک شوێن سه‌رابی ئۆپۆزسیۆنێک دەکه‌وێت، هەمان دۆخ درووست بکاتەوە. خەڵکی کوردستان پێویستیان بەدرووستکردنی دیوارێک لە زانین و پراکتیک هەیە تا بەڕێژه‌یه‌کی گونجاو ئه‌و کەلێنانە ستراکتۆرە سیاسییەکە پڕبکەنەوە کە تا ئێستا ‌له‌خه‌باتی سیاسی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌بووه‌، چ له‌ڕووی زانینە‌وه‌، چ له‌ڕووی کرداری سیاسییه‌وه‌، چ له‌ ڕووی کولتوورییه‌وه و کۆمه‌ڵه‌ گرفتێکی تر که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌کان هه‌یان بووه.
٤. میدیا لە کوردستاندا ڕۆڵێکی زۆر بنەڕەتی دەبینێت لە شێواندنی جۆرەکانی دێبات و گەیاندنی گوتاری سیاسی و بەکاربردنی ڕای تایبەت و ئەڵتەرنەتیڤی سیاسی و ڕای گشتی. میدیا لەدەست دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا لەهەموو چەک و کەرەسەکانی تری سەرکوتکردن کاریگەرتر و ترسناکترە.
‌٥. په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵکی کوردستان زۆر خراپ تێک شکاوه زۆر که‌م له‌ تاکه‌کان توانیویانه‌ خۆیان بگرن و خۆیان خۆیان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن، بۆیه‌ بنه‌ما و بناغه‌ی هەر جووڵەیەک ناچارە له‌و تاکانه‌وه‌ ده‌ست پێبکات که‌ به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی په‌روه‌رده‌یه‌کی سه‌لامه‌تر و بنه‌مایه‌کی خێزانی و خوێندکاری و به‌رپرسیارێتی زیاتریان هه‌یه‌.. ئه‌مه‌ش کاره‌که‌ قورستر ده‌کات، به‌ڵام پێوستیه‌کی مێژوویی ئه‌و گه‌له‌ی ئێمه‌یه‌، تا دره‌نگتر بکه‌وێت کاره‌که‌ سەختتر ده‌بێت.‌

سەربەخۆیی و ڕای سەربەخۆ و ڕەخنەی سەربەخۆ و بێلایەنی زۆر زیاد لە پێویست گرنگ کراوە لەکۆمەڵگای کوردستاندا و تا ئەندازەیەک لەگەڵ توێژینەوەی زانستیدا شێوێنراوە. کاری توێژینەوە زانستی پێویستییەکی زۆری بەوە هەیە کە لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە بێلایەن بکرێت لەدەمکاتی ئەنجامدانی توێژینەوەکاندا، بەڵام ئەمە بۆ بەرهەڵستکاری دەست نادات تا کۆتایی. چونکە بەرهەڵستکاری سەربەخۆ ئەوەندە گرنگە بێلایەن و سەربەخۆ بێت تا دەتوانێت گفتوگۆ و دێباتی درووستکەر بەرهەمبهێنێت. درووستکردنی دێباتی دروستکەر کە پڕ بێت لە ئامانجی زیرەک و بەڵگەهێنانەوەی بونیادنەر، بەها بە سەربەخۆیی بەرهەڵستکاری دەدات. لەگەڵ درووستبوونی ئامانجی هاوبەشی زیرەکدا بۆ ژمارەیەک لە بەرهەڵستکاران، ئیدی گرۆکان شێوگ دەگرن، جا بۆقۆناغێکە یان بۆ هەتاهەتاییە، کەزیاتر بۆ قۆناغ داینامیکیتر دەبێت. کەواتە خۆ فۆرمویلەکردن لە شێوگێکی بەکۆمەڵدا پرسی کۆتایی و ئەنجامی کارلێکی تاکە سەربەخۆکانە، ئەوەش لەئامانجی هاوبەشدا کۆ دەبێتەوە و لە یەکێک لە شەبەنگە سیاسییەکاندا پۆلێن دەبێت، گرنگیش نییە شەبەنگەکە لەباوەکان بێت یان شەبەنگێکی نوێ بێت، گرنگە ئەو شەبەنگە جێکەوتەی خۆی دەبێت لەناو کۆی شەبەنگەکاندا، ئایا دەکەوێتە چەپەوە، کوێی چەپ، دەکەوێتە ڕاستەوە یان کوێی ڕاستەوە ئەشێ ناوەڕاست بێت.

خاڵێکی هەرە گرنگی دێباتی کۆنستراکتیڤ، واتە گفتوگۆی بونیادنەرانە ئەوەیە کە چارەسەری پەرتەوازەیی بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ دەکات. ئەو نووسین و کۆبوونەوە و بەرنامە تەلەفزیۆنی و گفتوگۆیەی لەناو ڕۆشنبیری کوردیدا دەگوزەرێت لە دوو مەرجی سەرەکی بێبەشە بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەری دابنێت:
یەکەم؛ لە سیاسەتمەداری پڕ زانیاری و ڕۆشنبیری بێبەشە.
دووەم؛ لە دێباتی بونیادنەرانە بێبەشە.
ئەم دوو خاڵە وای کردوە قسەو باسی سەر کەناڵەکان، ناو سیمینار و کۆبوونەوەکان بێ بەرهەم و بێ ئاکام بێت. سەرئەنجام کۆمەڵێک خەڵک کۆدەبنەوە کە لەوانەیە بەهۆی بەدواداچوون و خوێندنەوەوە چەند زانیاریی و هۆشیارییەکیان هەبێت، بۆیە لە وێنای ڕۆشنبیردا خۆیان پێناسە دەکەن، کە هەمیشە لە شوناسی سیاسی خۆیان دەترسن. یان لەوانەیە چەند قەرەقۆزێکی سیاسەت بێنە سەر سەحنە و دوور لە دونیای زانین و زانیاری باس و گوتاری نابەجێ ببەشنەوە بەسەر خەڵکدا و ببنە تیۆریستی ڕۆژ.

ئەگەر دێباتی بونیادنەرانە نەبێت، ئەوا خەمی گشتی و بەرهەڵستکاری گشتی لەدەست بزاوت و پارتە پۆپۆلیستەکانەوە دەقۆزرێتەوە و بێهیوایی زیاتر درووست دەبێت لەناو خەڵکدا. بڕوانە سێ نمونەی مێژوویی زۆر چکۆلە کە لە ماوەی کەمتر لە ٢٥ ساڵدا ڕوویانداوە لە کوردستاندا:
یەکەم؛ لەبەر ئەوەی بەر لە ١٩٩١ بزاوتە چەپەکان لەچەندین ڕێکخراودا لەدێبادێکی بونیادنەرانەدا بوون و بەرئەنجام ڕێکخراو و دەستەی کاری سیاسی جۆر بەجۆریان درووستکردبوو، ئەوا کاتێک ڕاپەڕێن ڕوویدا نەبوونە قوربانی قووتدران لەلایەن هێزە پۆپۆلیستە ڕاستڕەوەکانەوە، هەروەها ئەوە بۆ ڕێکخراوە ئیسلامییەکانیش ڕاستە. ئیتر گرنگ نییە ئایا بیرکردنەوە و پلانیان ڕاست بوو یان هەڵە، باشیانکردبێت یان خراپ! ئێمە لێرەدا باس لە چییەتی دێباتی بونیادنەر دەکەین کە چۆن فۆرمویلەی ڕێکخاوی ئامانجدار دەکات.
دووەم؛ لەبەر ئەوەی دێباتی بونیادنەر ئامادە نەبوو، یان بازنەکەی زۆر تەسک بوو، نەبووە هۆی درووستکردنی ڕێکخراوی بەرنامەداری بەئامانج بەر لە ساڵی ٢٠٠٨، بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆراندا تێکڕای ناڕەزایەتییەکانی هەڵمژی. دواجار زۆر بەئاسانی بزووتنەوەکە بەکۆمەڵێک بەرنامەی توێکڵکاری سەرەتایی توانی هەموو ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کۆبکاتەوە لە میکانیزمێکی ناسراودا بەباوی بکاتەوە.
سێیەم، بڕوانە ڕووداوەکانی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ کە تێیدا لەبەر نەبوونی هەمان هۆکار هێزە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک جارێکی تر بەکاربرایەوە و نەبووە هۆی لەدایکبوونی هیچ شەبەنگێکی سیاسی تر یان ڕێکخراوێکی نوێ کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی قۆناغەکە لەئەستۆ بگرێت، هەروەها هیچ ڕێکخراوێکیش نەبوو کە بتوانێت سەرکردایەتی ئەو بێزارییەی خەڵک بکات و بەرئەنجامێکی سیاسی جیاوازی لێ پێکبهێنێت.

دەرئەنجام: گۆرانکارییەکان بۆ داهاتوو پشت دەبەستن بە:
١. گۆڕانکاری لە دێباتدا لە دێباتێکی سۆفستائی بێ بەرهەمەوە بۆ دێباتی بونیادنەر.
٢. بەرهەمی ئەو دێباتانە گرۆی سیاسی جیاواز درووست ببیت کە ئاراستەی ڕێکخراوەیی و تەنانەت پارتی سیاسیش بکات.
٣. مەرج نییە کاری سیاسی ئەرکی هەموو کەس بێت، بەڵام ئەرکە گشتییەکانی سیاسەت پێویستی بە بەشداری گشتی هەیە و فەرمانی ڕێکخراوەکانە ئەو داینامیکایە درووستبکەن.
٤. ئەو قسە زۆرە لەسەر سیاسەت بوەستێنرێت کە لەژێر ناوی ڕۆشنبیریدا خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک، ئەوەش بە کردەییەکی گشتی ڕێکخراو دەکرێت، بەواتایەکی تر دەبێت بازاڕەکەی بێڕەواج بکرێت، ئەوەش دەبێت کاڵای بە پێزتر شوێنی بگرێتەوە.
٥. ئەو خەڵکەی لەتوانایاندا هەیە بە کار و چالاکی سیاسی هەڵسن مل بە ئۆتۆریتەی یەکتر بدەن و دەستبەرداری لووتبەرزی "ڕۆشنبیریی" و دەستبەرداری ستراتای سیاسی جێنەکەوتووی خۆیان ببن.




07/04/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ١٠


بەشی دەهەم:

هەڵوێستەی بەر لە کۆتایی باسەکەمان لەسەر چەپەکان دەبێت. دەربارەی چەپەکان بەگشتی دەدوێین و تێیدا جەخت لەخاڵی سەرەکی پەیوەندیدار بە باسەکەمانەوە دەکەینەوە. بەرلە هەرشت ئەوە دێنینەوە یادی خۆمان کە ئەو دۆخەی چەپ و بە ئەندازەیەک (بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ)ی پێدا تێدەپەڕێت قەیرانێکی جیهانی گەورەیە و هێشتا زامەکانی سەر جەستەی ئەم قەیرانە هاڵاوی خوێنی کەوتنی یەکێتی سۆڤێت و پەیماننامەی وارشۆی لێ بەرزدەبیتەوە. لێرەدا گرنگ نییە چ قەیرانێکە و بە چی کارتێکراوە، بەڵکو گرنگە بزانین ئەم مێژووە قسە و باسی ئایدیا و بیرکردنەوەی چەپڕەوانە بۆ ماوەیەکی کاتی هەر لە پێش لەدایکبوونیەوە لەبار دەبات و تائێستاش ئەو پرۆسەیە هەر بەردەوامە. ئەکرێ زۆرترین و گەورەترین ماشێن و کەناڵ و سوپای دونیا بۆ سڕینەوەی بیری مارکسیستی یان بیری تیۆریستێکی تری ئەم بوارە بخرێتە گەڕ بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەک بێتە ڕێی پرۆسەی سڕینەوەکە. بەڵام زۆر ئاستەمە بتوانرێت زامەکانی جیاوازی چینایەتی و نابەرابەری نێوان مرۆڤەکان و ستەمکارییە جۆرەبەجۆرەکان لەبیر خەڵک ببرێتەوە و بۆ هەتا هەتایە بە کەوتنی بزاوتێکی دیاریکراوەوە یان سڕینەوەی بریمەندێکی دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە و بێدەنگ بکرێت. 

پارتەچەپەکانی باشووری کوردستان تا ئەم سەردەمەش ژمارە و جۆریان زۆرە، لە لاوزترین و دۆگماترینیانەوە کە بەحزبی شیوعی دەست پیدەکات تا دەگاتە باشترینیان کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە. هەریەکێک لەم پارتانە سروشتێکی تایبەت بەخۆی هەیە و زۆر کەمیان لەیەک دەچێت، بەپێچەوانەی پارتە ناسیۆنالیستە باوەکانەوە کە زۆر کەمیان لەیەک جیاوازە. زۆربەی چەپەکان سەرچاوەی بیر و ئایدۆلۆجیای خۆیان بەکەمێک دەستکارییەوە بۆسەر بیر و قوتابخانەکانی مارکسیزم دەگێڕنەوە. وەک پرانسیپی (لەپێناو بەرەو باشتردا) ڕەخنەگرتنمان باشتر وایە تەنیا گرنگی بە باشترین بدات و خاڵەکانی جیاوازیمان لەگەڵ ئەو باشترینە دیاریبکەین و تێکڕا ئەوانەی تر فەرامۆش دەکەین، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر توێژینەوەیەکی بەراوەردکاریمان نەکردبێت و لە بنەڕەتەوە پێویست نەبووبێت.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەک باشترینیان لە چەپەکان لەماوەی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەرهەمی یەکگرتنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گرۆ و تاکە چالاکەکانی بەرەی چەپی مارکسیستی پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵکی کوردستان لەدایک بووە. ئەم گرۆ و تاکانە سەرەتای مێژووی درووستبوونیان بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. بەواتایەکی تر تێکڕا بەرئەنجامی چەند هۆکارێک درووست بوون:
١. لاواز بوونی هەژموونی بیری مارکسی و دوورکەوتنەوە لە تیۆری شۆڕشگێڕیی چەپڕەوانە، لەهزر و بیرکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەو کاتەدا، بەتایبەت لەت بوون و نەمانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، هەروەها هاوپەیمانێتی حیزبی شیویعی و بەناو چەپەکانی تر لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرستی بنەماڵەی بارزانیدا.
٢. لەپاش ڕاگواستنی خەستی دێهاتەکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٥ ەوە تا کۆتایی پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفال، کۆی دژایەتی بەرامبەر ڕژێمی بەعس هاتەوە ناوشارەکان و ستەمی ئەم ڕژێمەش لەباری جیاوازییە چینایەتی و نەتەوایەتی و ڕەگەزییەکان لەسەر کرێکاران بە گشتی و لەسەر ڕەگەزی مێینەی ئەو چینە بەتایبەتی چ لەکارگەکاندا چ لە کەرتە گشتییەکانی وەک تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتی و پەروەردە ...تاد، تا دەهات چڕتر دەبوونەوە.
٣. بێ ئومێدی بەرامبەر "شۆڕش"ی چەکداری لەکوردستاندا و شکستی تەواوی ئەو "شۆڕش"ـە لەسەر دەستی دەرەبەگ و هۆشمەندیی دەرەبەگ ئاساکانی ئەوکاتە و ئیستای کوردستان، جا ئەوانە سەر بەهەر هێزێک بووبن. ئەم خاڵە بەگشتی چینە چەوساوەکانی ناچار کرد بیربکەنەوە لە درووستکردنی جێگرەوەیەکی عمەلی و واقعی بۆ هێزەکانی ناو کوردستان سەرەڕای بەرەنگاری بەردەوامی ڕژێمی بەعسی ئەوکاتە. بەواتایەکی تر ئەو دۆخی پێویستییەی بووبووە مایەی سەرهەڵدانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لەحەفتاکاندا، بەخوێندنەوەیەکی تر و بەشێوەیەکی فراوانتر لە هەشتاکاندا خۆی دووبارەکردوە لەفرەڕەنگی چەپەکاندا. سەلمێنەری ئەو پێویستییە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە بزاوتە چەپەکان ئەمجارەی دواییان تەنیا لەیەک جێگا و لەیەک شێوە و لەیەک ڕێکخراودا درووست نەبووبوون، بەڵکو چەندین ڕێکخراوی جیاواز بوون، لەهەموو ناوچەکانی کوردستاندا خانە و شانەی سەرەتایی ڕێکخستنیان هەبوو، لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە هەموو پشتیان بە بیری مارکسی دەبەست لەکاتێکدا لە ڕووی لێکدانەوە و پراکتیکەوە تێگەیشتن و ئەزموونیان جیاواز بوو. کە ئەمانە و چەندین هۆکاری تر بەڵگەن لەسەر پێویستی درووستبوونی ئەو هێزە جارێکی تر لەدژی بزاوتی باوی کوردی و لەدژی داگیرکەری گەورەی کوردستان کە ئەو سەردەمە ڕژێمی بەعسی "صەدام حوسەین" بوو. 
٤. لاواز بوونی کاری سیاسی مەیدانی هەموو هێزە کوردستانییەکان پاش پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفال و شێوەکانی تری جینۆساید لە کوردستاندا، پاشەکشەی سەربازی بە"شۆڕشی چەکداری کوردستان" کرد و یەکێکی تر بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان.

سەرباری ئەم هەموو پیویستییە و یەکگرتنی ئەو گرۆ و تاکە چالاکانەی چەپ لە کوردستاندا و خۆڕێکخستنیان لەچوارچێوەی حیزبێکی سیاسیدا یان مانەوەیان لەدەرەوەی ئەو حیزبە و بەهەمان گوتاری چەپڕەوانەوە، چ سوودێکی درێژخایەنی نەبوو! چونکە دواتر ئەم پارتە وردە چەپەکانی دەوری بووە قوربانیی دەستی دوورکەوتنەوە لە واقعی مەیدانی سیاسی و کرداری و ناکاراییان دەرئەنجامی قەتیس بوون لەچوارچێوە تیۆرییەکاندا و پاشتر بەزین و تەسلیم بوون لەبەردەم هێزە باوەکانی ناو باشووری کوردستان بەتایبەت پارتی و یەکێتیدا. ئەگەرچی ئەو بەزینە لەخۆیدا لەڕووی بابەتییەوە هۆکارە دەرەکییەکان زاڵتربوون تا لە ڕووی خوودی حیزبەکەوە، بەڵام شکست هێشتا هەر بە شکستی حیزبەکە هەژمار دەکرێت. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەوێنەی چەپەکانی تر نەبوو، حیزبی شیوعی یان زەحمەتکێشان بۆ نمونە، کە بەرامبەر چەند پۆستێکی کارتۆنی و بودجەی خێرپێکردنی دەسەڵاتی کوردی خۆی بدات بەدەست پارتی و یەکێتییەوە و مەرامەکانیان جێبەجێ بکات. لەهەمان کاتیشدا وەک ئیسلامییەکان زەمینە و هێزی داکوتراوی ناوە و دەرەوەی کوردستانی نەبوو تا بتوانێت بیکاتە کارتی فشار لەسەر دەسەڵاتدرانی کوردستان. جگە لەوە نابێت نکۆڵی لەو خاڵەش بکەین کە لەهەمان کاتدا نەیتوانی لەناو جەماوەردا بە کارایی و لێزانانە بمێنێتەوە. بە پێچەوەانەوە لەگەڵ هەر زیادکردنێکی گوشارەکاندا مەیدانی سیاسیان زیاتر چۆڵدەکرد و دەکشانەوە، تا وای لێهات بە تەواوی مەیدانی سیاسییان چۆڵکرد و تێکڕای سەرکردایەتی و ئۆرگانە باڵاکانی ئەم پارتە ڕوویان کردە خۆشگوزەرانی ژیان لە دەرەوەی کوردستان بە گشتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی. بۆ ئەم باسە هۆکار زۆرن کە ناکرێت لەوەزیاتر ڕۆبچینە لێکدانەوەی مێژوویەوە بەپێی خودی بابەتەکەمان دەبێت لە گشت و سەرەکیدا بمێنینەوە.

بۆ گەڕانەوە و باسکردن لە خودی پرسی ئایدیا و دونیابینی پارتە سیاسییەکان، لەگەڵ چەپەکاندا ناچارین بگەڕێینەوە بۆ بنەڕەتی فەلسەفە سیاسییەکە! بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی کارل مارکس بکەین وەک گەورەترین و یەکێک لەبەهێزترین سەرەتاکانی تیۆری شۆڕشگێڕیی بە بنەمای چینایەتی لەمێژووی یەک/دوو سەدەی ڕابردووی مرۆڤایەتیدا، ئەوا بەسانایی دەبینین تێکڕای بەرهەمە سیاسی و فەلسەفییەکانی بەرئەنجامی پیاچوونەوەی بەردەوام و ڕەخنەی بەردەوام بوون لەهەموو تێڕوانین و دۆخە گوزەرەکان بەخودی تێڕوانین و بەرهەمەکانی خۆشیەوە. بۆیە دەتوانم لەسەر گریمانەیەک بوەستم کەزۆرجار وەک ڕەخنە لە چەپە دۆگماکان ئەم گریمانەیە باس دەکەین، ((ئەگەر کارل مارکس وەک بیرمەند و چالاکێکی سیاسی تا ئەمرۆژە بمایە لە ژیاندا و بەردەوام بوایە، ئەوا تێکڕای تیۆرەکانی خۆی لەبەردەم پرسیار دادەنان و هەرگیز نەدەکرا لەسەر یەک تێزی تیۆری ئەو دەمەی خۆی بە تەواوی بوەستێت)). لەتێز و ڕێبازەکانی مارکسدا چکۆلەترین هەنگاوی کرداری ئەوەیە کە مرۆڤ بۆدواجار بەهیچ تێزێک قایل نەبێت ئەگەر نەکەوێتە چوارچێوەی ماتریالیزمی دایلەکتیکییەوە، کە خودی ئەو تێزە هەموو تێزەکانی تریش دەخاتەوە ژێر پرسیار بەوەکانی کارل مارکس خۆشییەوە. ئەمەش کرۆکی زیندووییەکەیە کە ئەم فەلسەفەیە دەهێڵێتەوە و نەک تەنیا لە کوردستانی ئێمەدا بەڵکو لە ئەمڕۆی ئەوروپاشدا گرنگی بابەتی خۆی هەیە. لێرەدا جارێکی تر گەر بیر و ئایدۆلۆجیای مارکس و مارکسیستەکانیش فەرامۆش بکەین، ئەوا ناتوانین جیاوازی چینایەتی و چەوساندنەوەی ئابووری فەرامۆش بکەین کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی و ستەماکانی سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. هەر بۆیە درک کردن بەم جیاوزی و ستەمە چۆن لەپەنجاکاندا حیزبی شیوعی ئێراق لە گەشە و برەودا دەبێت بۆ بەرگرتن بەم دۆخە، لە حەفتاکاندا بزاوتە سۆشیالیستییەکانی کوردستان و لە هەشتاکاندا گرۆ کۆمۆنیستییەکان...تاد ئەوا هەمیشە ئەگەری زیندوێتی بیری چەپ لە کۆمەڵگادا وابەستەیە بەمان و نەمانی چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤەوە. بەڵام زیندووبوونەوەی بیری چەپ و کرداری سیاسی چەپڕەوت هەمیشە وابەستەیە بەو دایلەکتیک و دەستکاریکردنەی کە بیرمەندەکانی سەردەمی خۆی لەگەڵ خەمەکانی ڕۆژدا تووشیان دەبێت و دەتوانن جارێکی تر بەرهەمی تیۆریی لێ درووستبکەنەوە بۆ کردارێکی نوێتر و بەرەوڕووبوونەوەیەکی نوێتر کەلەگەڵ سەردەمدا بەباشترین شێوە بگونجێت. ئیتر لەم پێگەیەوە مارکس و ماوتسیتۆنگ و گرامتشی و ئۆجەلان و ژەیژەک و هیچ کەسێکی تر نییە بۆ هەتا هەتایی تیۆرەکانیان تەواوی کارەکان جێبەجێ بکات.  

خودی ئەم زیندووییەی خەمی چینایەتی، بەتەنیا بۆ کارل مارکس و هیچ کام لە هاوڕێبازەکانی ناگەڕێتەوە، بەڵکو مێژووییەکی کۆنتری هەیە و داهاتوویەکی دوورتر چاوەڕوانێتی، بیرمەندەکانی ئەم بوارە تەنیا لەچوارچێوەی قۆناغێکی مێژووییدا خەمەکانیان دەستنیشانیان کرد و خودی مارکسیش جیا لەهەموویان زۆرباش یاسا بنەڕەتییە لۆجیکییەکانی گەمەکەی دۆزیەوە و بەتایبەتتر لەبواری ئابووری سیاسیدا زۆر بەجوانی جێگای کردەوە. ئەم نهێنییە، بنەمای بەڕێوەچوونی ئەو داینەمۆ کۆمەڵایەتییەیە کە تێکڕای پەیوەندییە مرۆییەکان بەڕێوەدەبەن. ئەو هەڵەگەورەیەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کردی، ئەوە بوو لەبری درووستکردنی قوتابخانەیەک بۆ توێژینەوەی سیاسی بەگشتی و دامەزراندنی خوێندنگەیەک بۆ بیری چەپ و پاراستنی بەرژەوەندی کرێکاری بە تایبەت، هاتن ملیاندا بە تێکڕای ئەو بیر و تێزانەی کە لەدونیای دەرەوەی خۆیان و بەتایبەت لە کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانەوە و لەودیو سنوورەکانەوە و بەزمانی فارسی دەستیان دەکەوت، کەبەتایبەت لەناو خودی حیزبەکەدا تیۆریست و کەسی پێگەیشتووی ئەوتۆ نەبوو بتوانن وەک سەرچاوە سەیر بکرێن. ئەم بزاوتە پێگە گەورە جەماوەری و تێگەیشتنە سیاسییەکانی لەناوکوردستاندا بوون، بەڵام سەرکردایەتی ئەم پارتە خۆیدایە دەست تێزەکانی چەند کەسێکی وەک (مەنصوری حیکمەت و کۆڕشی مودەرسی، بە نمونە) کە تێکڕا لەدەرەوەی کوردستانەوە واقعی کوردستانیان بەناتەواوی دەخوێندەوە و نەیاندەتوانی ببنە بنەمایەک بۆ داهێنان لەخەباتی مەیدانی چەپدا. بەتایبەت داهێنانێک کە لەناو خەڵکەوە تیۆریزە ببێت و پراکتیزە بکرێت. دەبینین ئەمڕۆش ژمارەیەک لەکادێرە چالاک و بەردەوامەکانیان هەموو گرەوی خۆیان دەخەنە دەست بیرمەندێکی وەک "سلایڤۆی ژەیژەک" و هیواکانی تیۆری خۆیان لەسەر وانەکانی ئەو بونیاد دەنێن.. یان هەیانە بە ئەزموونی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان گەشکەی تووش دەبێت و خوێندنەوەکانی ئۆجەلان دەکاتە سەرچاوەی تەنیای پشت بەستن بە لێکدانەوەیەکی "سەردەمیانە" بۆ هەموو کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتی کرێکرانی کوردستان لەباکورەوە تواناییەکی بێوێنەیان خستەڕوو لە بەرگریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و سەرکەوتنی زیاتری چەکداریانەیان لەبەردەم تاریکی و توندڕەوەی ئیسلامدا. بەداخەوە زۆرجار ئەو شاگەشکەبوونە، بەرئەنجامی سەرکەوتنی سەربازی و هێز بەدی دەکرێن نەک ڕۆچوون و قووڵبوونەوە لەوتار و تێڕوانین لە نووسینەکانی ئۆجەلان.

بەتێکڕا نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کۆمۆنیستی کرێکاری دونیا بینییەکی گەشیان بۆداهاتووی کۆمەڵگای کوردستان هەبوو، گەرچی لەڕووی پراکیتیکیەوە دووچاری هەمان ئەو نەخۆشیانە بووبوون کە پارتە سیاسیەکانی تر پێیدا تێدەپەڕین. ئەم پارتە بەجۆرێک لەجۆرەکان دووچاری هەمان ئەو گرفتانە هاتبوو کە لەناو بەرپرس و کادیرەکانی یەکێتی و پارتیدا بەدیمان دەکردن. گرفتی سەرەکییان خۆخواردنەوە بوو لەچوارچێوەی بەسترانەوەیەکی ئەبستراکت بە تیۆرێک و کارنەکردنی واقعی بۆ تێپەڕاندنی کەموکورتی و ناشایستەییەکانی ئەو تیۆرە لەسەردەمەکەدا، کە زۆر دەمێک بوو لەناو خەڵکی کوردستاندا بەزەبری بازاڕی سەرمایە و دواکەوتنی خێڵەکی تیۆرەکە ناشیرین کرابوو. ئەم پارتە پارتێکی مارکسیستی مۆدیرن بوو بەتەنیا لە تیۆردا، بەڵام لەپەراوەی سیاسیدا بەهامان ئالیەت و میکانیزمی دەسەڵاتگەراییانەی پارتەکانی تری کوردستان کاریان دەکرد. پارتێکی مارکسیستی لاسایی کەرەوە بوو بۆ ڕێکخراوە چەپە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەڵام نەیدەتوانی بەرهەمێکی ناوخۆیی کوردستانی هەبێت نە لە تیۆریی و نە لە پراکتیکیدا. ئەم پارتە ڕێکخستن و پێکهاتەی ئۆرگانە سیاسییەکانی مارکسیستی بوون، بەڵام ڕەچاوی دۆخی کوردستان و واقعی ژیانیان لەکوردستاندا نەکردبوو، بەڵکو تەنیا پشتیان بە ئەندام و لایەنگرانی خۆیان دەبەست و تا ئەندازیەک پەڕگیرییان لە کۆمەڵگای دابڕیبوون. دواجار ئەم پارتە لە مامەڵە لەگەڵ کولتووری ناوچەکانی کوردستاندا بۆشایی گەورەیان پیشاندا و زۆر خراپ ئەو بۆشاییانە کەوتە دەست هێزە باوەکانی کوردستان و بەئاسانی بەکار هێنران بۆ تێکشکاندنیان.

هەندێک جار ئەوە بەدی دەکەین کە ئەم نەخۆشییانە نەخۆشی زکماکین لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان و پێدەچیت نەخۆشیەکی باوی سیستەمی کاری حیزبی بێت لەناوچەکەدا. بۆنمونە، ئامادەنین هیچ پرانسیپێکی گونجاندن و جیاوازی ئایدۆلۆجی قبوڵ بکەن یان ئامادەنین لەهیچ گەمەیەکی سیاسیدا ئاڵوگۆڕی سیاسی بکەن و بەهەمان شێوەی پارتەکانی تر لەسەر سیمبوڵی نەمرکردنی سەرکردە و مونەزیرەکانیان درێژە بە ژیان دەدەن. لەڕووی پراکتیکیشەوە بەهەمان شێوەی پارتەکانی تر لەکۆسپ و نەخۆشییەکانی گەندەڵی حیزبییەوە ئاڵا بوون و ساماندارییەکی چکۆلەی هندێ لەسەرکردەکانیان یان گەیشتن بە ژیانی خۆشی ئەوروپا و دەست بەردار بوون لە خەباتی سیاسی مەیدانی کۆی کارە سیاسییەکانیانی گۆجکردبوو، ئێستەش تا ئەندازەی مردن نزیکی کردوونەتەوە. دەسەڵاتڕەویی و گرۆچێتی ئەمانیشی تووشی قەیرانی عەمەلی کردبوو! ئەمە جگەلەوەی کۆمەڵە کێشەیەکی زۆری کولتوورییان هەیە و دان پێدانەنانیان یەکەم و دوا مەترسیی بووە بۆ سنووردارکردنی ئەوان لە مەیدانە کردارییەکاندا بەرامبەر بە خەڵک، بەتایبەت خەڵکی کوردستان و ئەو پێکهاتە لاوازەی خەڵکی کوردستان لەڕووی پێشکەوتن و مۆدێرنایزە بوونەوە تووشی بوون.


ئەم چەپانە لەباشترین ئەگەریاندا دەبنە بەشێک لەجەستەی سیاسی کۆمەڵگای کوردی بۆ بێدەنگ نەبوون لەبەرامبەر بیدادیەکاندا بەڵام ناتوانن ببنە ئەڵتێرناتیڤی سیاسی و مۆدێلێکی نوێ بێننە ئاراوە. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم بزووتنەوەیە ناتوانێت واقعی ببێتەوە بۆ ئەوەی واقعی باو بەشیوەیەکی کرداری تێپەڕێنێت، جگە لەوەی ئەم پارتانەش هەمان شێوەی پارتەکانی تری کوردستان دووچاری نەبوونی مەعریفەی زانستی و موئەسەساتی بوونەتەوە کە بەهۆیەوە بتوانن هەنگاوی گەورە بنێن. سەرکردەکانی ئەم بزاوتەش لەباشترین ئەگەردا پشتیوانێکی نەزانی بەش مەینەتانی کوردستانن، کە پشتیوانیان بۆ بنەڕەتی تیۆری مارکسی دەگەڕێتەوە، و نەزانیشیان بۆ لاوازی تەکنۆلۆجیای سیاسی ودووریان دەگەڕێتەوە لە شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی.






04/04/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ٩





بەشی نۆیەم:

بەر لەوەی بەتایبەت باس لە "ئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ" بکەین، ئەگەر ئەوە دەربڕینێکی گونجاو بێت! ئەوا باشترە چەند سەرنجێکی خێرا لەسەر ژمارەیەک لە "پارتە سیاسییە بچووکەکان" بدەین، هەرچەندە کات خەرجکردن لەگەڵ هەندێکیاندا هیچ سوودەێکی نییە.

گەر سەرەتا پارادۆکسێک لەسەر تەوژمە ئیسلامییەکان باس بکەین، ئەوا دەڵێین کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکە لەژێر کاریگەریی گەورەی کولتووری ئیسلامیدایە، ئەم کاریگەرییە تەنانەت هێزە دژ بە ئیسلامەکانیشی گرتوەتەوە. لەهەمان کاتدا هیچ هێزێک ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە کاریگەری ئیسلام لەسەر ئەم کۆمەڵگایە بووتە هۆکار بۆ خەستکردنەوەی زامەکانی دواکەوتن بەسەر ژیانی خەڵکەوە و هەموو جومگەیەکی کۆمەڵایەتی و ژیاریی پێکهاتەی کۆمەڵگاکەی گرتووەتەوە. سەرباری ئەوە "پارتە" ئیسلامییەکان چەند گەورە و بەهێزبن و خەڵکی زۆریان لەگەڵدا بێت ناکرێت وەک هێزێکی ئەرێنی سەیریان بکەین و سیما ئایدۆلۆجی و دونیابینییەکانی ئەم "پارتانە" بە ئاسایی وەربگرین نە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان و نە لەسەر هیچ کۆمەڵگایەکی تر.لای دووەمی پارادۆکسەکە کولتووری دوژمنانی خەڵکی کوردستانە چ لە ڕووی نەتەوایەتییەوە چ لە ڕووی چینایەتییەوە، کەهەردووکیان بەهەمان شێوە هەڵگری هەمان کولتووری ئیسلامین. ئەم دژەبەرژەوەندییە تەنە دژی کولتووری درووست دەکات و دەبێتە لەمپەڕ لەبەردەم گەشەسەندنی ڕەهایی هێزە ئیسلامییەکان و هەرگیز ناتوانن ببنە بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەوکە و حوکمڕانی بیر و هۆش و میکانیزمی ژیانیان بن بە شێوەیکی ڕەها یان شێوە ڕەها.

هەرچەندە زۆرێک لەخەڵک کاتێک باس لە هێزە ئیسلامییەکان دەکەن، وەک هێزێکی ئایدۆلۆجی باس لە ئیسلام دەکەن و باس لە ستاتیکی و دۆگمایی ئەم ئایدۆلۆجیایە ناکەن. یان هەندێک دێن و ئیسلامیزم پۆلێن دەکەن لەنێوان توندڕەو و میانرەودا. ئەم دوو هەڵوێستەیە هەڵەیەکی مەزنە بۆ باسکردنی ئایدۆلۆجیایەک کە ئێستا لە کۆمەڵگایەکدا ژمارەیەکی دیار لەخەڵک شوێنکەوتووی هەیە و خاوەنی هێز و کورسی پەرلەمانین، چونکە: یەکەم؛ شوێنکەوتنی ئەم ئایدۆلۆجیایە بۆ دواکەوتنی گشتی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە، ئەوا بەسادەیی ئەوە بە ئەرێنی وەردەگرن کە بیرکردنەوە دوور لە لۆجیکیەکانی پانزدە سەدە پێش ئێستا بە لۆجیکی بزانن و هەموو ئەو وڕێنانە بە بیر و نەخشەڕێی ژیان بناسێنن و لەچوارچیوەی سیستەمێکی دیموکراتیدا ئاسایی بێت. خودی ئەم پرس و میکانیزمەیە کەبەهۆیەوە دەتوانرێت ئیسلامیزم، هیدۆسیزم، یان بودیزم و کرستیانیزم و جوودایزم..تاد تیادا بەکاربهێنرێت بۆ یاری و گەمەکانی کاپیتالیزم و هێزە بازرگانییە جیهانییەکان. دووەم؛ تێکڕای پرسی ئایین، کە پرسێکی تاکەکەسییە کاتێک دەبێتە بەرنامەکارێکی کۆمەڵایەتی پێویستی بە زەمینەیەکی بەهێز لە دواکەوتن هەیە تا بتوانێت بەزیندوویی بمێنێتەوە، ئەمەش تەبایە لەگەڵ بازاڕی ئازاد و سیستەمی ئابووری جیهانی. لێرەڕا نابێت ئەوەمان لێ تێکبچێت کە ئەکرێت بنەما فەلسەفییەکانی ئایین لەپشت تیۆریزە و فەلسەفاندنی سیاسییەوە بمێننەوە، بەڵام بوونی خودی ئایین بە بەرنامەی سیاسی، جێی پرسیارە هەردەم و هەر کاتێک. لێرەدا گرنگە ئەو بازنەیە بدۆزینەوە کە ئایا ئەم زەمینەی دواکەوتنە چۆن بەهێز دەبێت و بەردەوام دەبێت.

یەک هاوکێشە دەتوانێت مەترسی یەکتر بەهێزکردنی هێزە دواکەوتووەکان و دەسەڵاتە باڵادەستەکان ڕوونبکاتەوە:
هێزە باڵادەستە هۆشمەندی فیوداڵییە گەندەڵەکانی باشووری کوردستان کە خۆیان دەدەنە پاڵ ڕێبازە "دیموکراتی" و "لیبراڵەکان"، لەبەرژەوەندییاندایە کە کۆمەڵگا بە دواکەوتوویی بمێنێتەوە و بەردەوام بە شت ببێت و هەموو ماکە زیندووییەکانی خۆی لەدەستبدات، ئەوەش لەپێناو زیاتر کۆنترۆڵکردنیدا. دواتر ئەو بەڵگەنەویستەی دەمێنێتەوە دواکەوتنی کۆمەڵگایە کە بەهەموو پێوانەیەک لەبەرژەوەندی زیاتری هێزە ئیسلامییەکاندایە. پێچەوانەکەشی ئەوەیە کە برەو و گەشەی هێزە ئیسلامییەکان بەقازنجی دواکەوتنی زیاتری کۆمەڵگایە و بەو جۆرە بازنەیەکی بەتاڵ بۆ زیندەخۆری هێزە تاریکەکان دەمێنێتەوە کە یەک ئەویتر بەرهەم دەهێننەوە و بەهێزی دەکەن. کۆی ئەم بازنە بەتاڵە لەبەرژەوەندی هێزە باڵادەستەکانە کە هێزە ئیسلامییەکان و کولتووری ئیسلامی و نێرسالاری باڵادەست بن لە هەژموونی گشتیدا بەمەرجیک باڵادەستییان نەگاتە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری، بەڵکو تەنیا لە کەشێکی کۆمەڵایەتی گشتیدا بمێننەوە. ئەگەر ئەم هاوکێشەیە بەردەوام نەبێت، ئەوا ئاراستە ئیسلامییەکان ئەگەرچی نوێنەرایەتی بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان دەکەن، بەڵام هەرگیز ناگەنە ئاستێک سیمای کۆمەڵگای کوردساتن ڕەنگ بکەن بە بۆچوونی خۆیان و بەپێچەوانەوە بەردەوام دەپووکێنەوە، پێشتر ئەوەمان بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕوونکردەوە.. لەبیرمان نەچێت زۆرن ئەو هۆکارانەی کە دواکەوتن و بەشتبوونی کۆمەڵگا چڕدەکەنەوە، بۆنمونە: داڕزانی سیستەمی خوێندن و خراپ بوونی ئاستی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جەنگ و پشێوییەکانی ناوچەکە، گەورەبوونی قەبارەی بەتاڵە و بەتایبەت بەتاڵەی دەمامککراو...تاد. هەموویان هۆکارن بۆ بەردەوامی ئەو دواکەوتنە.

دەرئەنجام ئەگەینە ئەوەی گەشەی ڕێکخراوە ئیسلامی و دواکەوتووەکانی هاوشێوەی ئیسلامیزمی توندڕەو یان میانڕەو (کەهەردووکیان دوو دیوی دراوێکن) بەرهەمی سیاسەتی دژخوازانەی "پارت"ە دەسەڵاتدارەکانن. ئەتوانین وەک گریمانەیەکی زانستی ئەوە پێوانە بکەین کە ئایا کۆمەڵگای کوردستان ئەتوانێت ببێتە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی وەک ئێران، ئەفغانستان، خواروی لوبنان...تاد؟ لەڕاستیدا جێی گومانە، چونکە کۆمەڵگای کوردی ئیسلامی وەک باو وەرگرتووە زیاتر لەوەی سیستەم بێت بۆ ژیان. بۆیە هێزو پارتە ئیسلامیەکان، دەتوان لەسەر ئەو ئەگەرە بژین کە بەهۆیەوە دەتوانن نوێنەرایەتی لایەنگرانی ئیسلام بکەن، واتە بەهۆی ئەو جەماوەرەوە کە هەیانە دەتوانن بۆ مەودایەکی دوور نوێنەرایەتی خۆیان لەگۆرەپانی سیاسیدا بکەن. ئەم نوێنەرایەتییە سنووردارە چونکە ناتوانن لەکەشی سیاسی و کولتوور و پێکهاتەی سیاسی کوردستاندا ببنە هێزێکی حوکمڕان، پێشتر ئەوەمان لەچوارچێوەی ئەگەری کولتووریدا ڕوونکردەوە. بوونی هەژموونی پارتی فیوداڵی (یەکێتی و پارتی و ئەوەکانی تریش ...تاد بە نمونە)، بەتایبەتی پارتی، کە هێزی سەرچاوە لەدەستە و ستراتیژی درێژخایەنیان گەندەڵی و گێلکردنی بەردەوامی خەڵکی کوردستانە، هۆکارن بۆ ئەوەی هێزە ئیسلامیەکان گەشەبکەن. ((لیرەدا گرنگە ئاماژە بە خاڵێک بدەین کە پارادۆکسێکە ئەم پارتانە تێی کەوتوون: کاتێک گەشە بەکۆمەڵگا دەدەن خەڵک هۆشیار دەبێت و سیستەمی حوکمی ئەوان چیتر قبوڵ نابیت، کاتێک سنوور بۆ گەشەی کۆمەڵگا دادەنێن هێزە ئیسلامیەکان گەشەدەکەن، دەبێت ئەوە بزانین کەگەندەڵی و تاڵانکردنی سامانی خەڵک خاڵی هاوبەشن لەهەردوو باسکی ئەم پارادۆکسەدا)).

ئەوەی ئەم پارتانە بەردەوام دەبن لەسەر ئەنجامدانی، بریتیە لەیاریکردن لەسەر گەمە سیاسیە مومکینەکان، کەچەند بەهۆی خەلەلی سیاسیەوە دەتوانن دەستکەوتی دەستەگەرایەنەی خۆیان بەدەست بهێنن. بەڵام ئەمانە لەدۆخی دواکەوتنی خەڵکدا گەشەدەکەن و لەدۆخی پێشکەوتنی خەلکدا دەپووکێنەوە، لەدۆخی شەڕ و ئاشووبدا سوودمەند دەبن لە دۆخی ئاشتی و بەرفراوانی دەرفەتی مەعریفیدا دەپووکێنەوە.



02/04/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان / ٨




بەشی هەشتەم

نا دیاری و لاوازی بەرهەڵستکاری ڕاستینە لەکوردستاندا لەیەک کاتدا هۆکار و بەرئەنجامیشە بۆ ئەو دۆخە سیاسییەی خەڵکی کوردستانی تێدا دەژی. هۆکارە بۆ بەردەوامی و یەکچاوی دسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا و بەرئەنجامی ئەو تاک هێزییەیە کەلەناو پارتە سیاسییەکان و ناوچە جیاجیاکاندا دەیبینینەوە. تەنانەت هێزی بڕیاردەری سێنتراڵی و تاکڕەو لە ڕێکخراوە چکۆلەکان و ناسیاسییەکانیشدا بە هۆیەوە بەدیار دەکەوێت. لەکوردستاندا کاری پێکەوەیی و فرە جەمسەری زۆر کەمە و ئەگەر هەبووبێت زۆر لاوازانە دەرکەوتووە، بەجۆرێک نە وەک پەروەردەی سیاسی کاریگەریی داناوە نەوەک کولتووری سیاسی جێکەوتووە.

لاوازیی و نادیاریی بەرهەڵستکاری، بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، کە ئەم دوو هۆکارە سەرەکین و چەندین هۆکاری تری لێ پەیدا بووە: یەکەم؛ ژینگەی پەروەردەییە لە کوردستاندا. دووەم؛ میکانیزمی کاری پارتە سیاسییە تۆتالیتارەکانە. هەریەک لەم دوو هۆکارە بە پێکەوەیی کاریانکردووە و ڕێگری گەورە بوون لە درووستبوونی بەرهەڵستکاری، یان ڕێگربوون لە بەهێزی بەرهەڵستکاری و نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی ببینێت و هەر بەو هۆکارەوە ژینگەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە نزمترین ئاستدا ماوەتەوە و پێشکەوتنی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە. لێرەدا هەوڵدەدەین لەسەر هەریەک لەو دوو هۆکارە بوەستین و پاشان وردیان بکەینەوە بۆ پێکهاتەکانیان.

یەکەم؛ ژینگەی پەروەردەیی لە کوردستاندا:
ژینگەی پەروەردەیی، زاراوەیەکی بەرفراوان و فرە دووری و فرە ئاراستەیە و دەتوانین زۆر گفتوگۆی لەسەر بکەین و زۆر تیۆر هەیە کە بەکاریان بهێنین بۆ شیکردنەوەی دۆخی پەروەردەیی لە ژێر ئەو ناونیشانەدا، لەبنەڕەتەوە ئەوە بابەتی باسەکەی ئێمە نییە، ئەگەر بمانەوێت بەڕستبەندی لەسەر لێکدانەوەکەمان بەردەوام بین، ئەوا بنەڕەتی باسەکەی ئێمە تەنیا لەپەروەردەی سیاسی خەڵک و ئەندامی "پارتە سیاسییەکان"دا دەمانهێڵێتەوە. لەهەمان کاتدا ناتوانین نکۆڵی لە یەکانگیری و پەیوەندی بەهێزی ژینگەی پەروەردەیی و ژینگەی پەروەردەی سیاسی هیچ کۆمەڵگایەک بکەین. یەک سەرچاوەیی هێز و دەسەڵات و ڕاستی لەپەروەردەی کۆمەڵگای کوردستاندا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاسیڤ بوونی هێزە بەرهەڵستکارەکان. سەرچاوەکانی هێزی بەرهەڵستی: پرسیار و گومان و نایەکانگیریی بەرژەوەندییەکانە، پرسیار لە کارایی و کاریگەری سیستەمی بەردەوام و هۆیەکانی باشترکردنی ژیان.. گومان لە ڕاستی ڕووداوەکان و لپرسینەوە لەبەکارهێنانی هێز و توانایی بەپێی ڕێکەوتنەکان و گومان لە درووستی هەنگاوەکان.. هەروەها ناتەبایی نێوان بەرژەوەندییە جۆربەجۆرەکان وا دەکەن کە بەرهەڵستکاری سیاسی چەکەرە بکات و بنەماکانی خۆی دابمەزرێنێت.
سیستەمی فێربوون و گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا بەردەوام هەرسێ سەرچاوەکەی درووستبوونی بەرهەڵستکاریان خەفەکردووە و سڕیویانەتەوە. لەسیستەمی پەروەردەییدا بە پەروەردەی سیاسییشەوە زانیاری سەرچاوەی هێزە و هێزێکی پرسیار لێ نەکراوە. زانیاری وەک ڕاستی ڕەها پەخش دەکرێت و هەر ئەو ڕاستییە ڕەهایەش دەبێتەوە بە سەرچاوەی بڕیار. هیچ کەس مافی نییە گومان لەدەسەڵات و هێزەکە بکات کە کۆی کۆمەڵگا بەڕێوەدەبات، چونکە هەر خۆی بەخشندەی ڕاستییەکانە و هەر خۆی دەتوانێت باشترینی ئەو بژاردانە پیادە بکات کە لە توانادا هەیە. ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆشی لەو چوارچێوەیەدا نەبینێتەوە دەبێتە بەرەی دژ  بە بەرژەوەندییە گشتییکان چونکە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات یەکەمین بەرژەوەندییەکانن کە دەتوانن بەرژەوەندی هەمووان بن.

یەک هێزی و تاک هێزی هەر لە خێزانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە دوا کایەکانی ژیان! یەک هێز هەیە کە یەکەمە کە سەرچاوەیە کە باشترین ڕاستیی پێیە، ئەو هیزە بێگومان هێزێکە بە هەژموونی نێرینەوە، هێزی درووستکەری نوێنەری خواوەندە و لەکۆمەڵگای فیوداڵییەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە. لە خێزاندا تاکی باوک دەبێت جێنشینی هەبێت و یەکەم منداڵ جێکەوتەکەی لەگەڵ ئەوانیتر جیاوازە، بەتایبەت منداڵی نێرینە.. لە پۆلەکانی خوێندن تەنیا خوێندکاری یەکەم ترۆپکی هێزە و ئەوەکانی تر فەرمۆشکراون، هەموو ئەوانەی دەستکەوتە یەکەمینەکانیان هەیە ئەوانە زۆرترینی ماف و بڕیار و هەژموونیان بەدەستە و دواجار دەبنە یەکەمی کۆمەڵگاش. لەڕاستیدا پێوانەی فرەیی نییە و ناکرێت چەند کەسێکی یەکەم هەبێت و چەند تێزێکی جیاواز هەبێت. لەبەر ئەوەی هێشتا دەسەڵات نوێنەرایەتی خواوەندی تاک و تەنیای تاکە کەسی ڕاست دەکات، هەر بەوجۆرە ئەوەی باشترین و (حوکمڕانە) کەمترین ڕەخنە و گومان لەکارەکانی دەگیرێت. پێڕەو و شێوازی گەیشتن بە یەکەمین گرنگ نییە دواجار گرنگە کێ دەگاتە یەکەمین پایەی کۆمەڵایەتی.
هاوکێشەی یەکەمین کەس و تاکە کەس، هاوکێشەیەکی دوو جەمسەرە کارلێکە؛ واتە لەلایەک یەکەمین دەکاتە ڕەها و خاوەن دەسەڵاتی لێنەپرسراوە بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی گومان لێنەکراو بەردەوام نمونەی سیستەمی یەکەمین دەکاتە ڕێگا بۆ گەیشتن بە ڕاستی. بۆیە ئەگەر بەهەڵە گەیشتینە ئەو ڕاستییە ئەوا تێکڕای کایەکانی ژیان هەڵە دەبن. بڕوانە باندەکانی بەڕێوەبردنی نەوت لەوڵاتی ئێمەدا ئەم نمونەیەیان بەسەردا دەچەسپێت. لە گەڕانەوەدا بۆ "پارتە سیاسییەکان" نەک بەهەمان شێوە ئەندامەکانیان پێگەیاندوە، بەڵکو کاریان لەسەر پێگەیاندنی ئەندامەکانیان نەکردوە بە میتۆد و پەروەردەیەکی سیاسی گونجاو کەلەگەڵ ئامانجەکانی خۆشیاندا بگونجێت، لەدوا وێستگەی پەروەردەی سیاسیدا بەشێوەیەکی خۆڕسک تاک لەخانە و کایە و ئۆرگانە سیاسییەکاندا کولتووری پەراوەی شێوە سیاسییانە فێر بووە. فێربوونی کولتووریش گۆڕانکاری دیار درووستناکات و لە دوور مەودادا گۆڕانکاری سرووشتی بەسەردادێت و بێگومان دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەژموونی هێزە کولتوورییە بەهێزەکانی چواردەورەوە. لەم پرۆسەیەی فێربووندا داهێنان ڕوونادات! تا ئیستا لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا جگە لەکاری پراکتیی ڕۆژانە چکۆلەتری داهنان و تازەگەریمان بەدی نەکردوە لەکەش و هەوای سیاسی باشووری کوردستاندا.

هێشتا ناکرێت بڵێین ژیانی سیاسی ناو ئەو "پارتە سیاسییانە" بەدەربووە لە پرسیار و گومان و بەرژەوەندی جیاواز، بەڵام دەتوانین بڵێین نە لەناو خودی ڕێکخراوەکاندا نەلەدەرەوەی رێکخراوەکان بۆ درووستکردنی بەرهەڵستی ڕاستینە بەئاکام نەگەیشتوون. هۆکاری ئەمەش بۆ میکانیزمی کاری سیاسی دەگەڕێتەوە، چونکە وەک باسمانکرد پرسیار لەڕاستی و ئەڵتەرنەتیڤی باشتر، پرسیار بووە لە تاک و تەنیای ڕاستی لەلای سەرکردەی نەزان کە خودی خۆی بەهەمان میتۆد پەروەرەدە بووە کە پرسیار لێنەکراوە. گومان لەسەرکردە و میتۆدی بەڕێکراو گومان بووە لە دوا بێگەردی و پاكی. خستنە بەر باسی بەرژەوەندییە جیاوازەکان دەستکاری کردنی پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگا بووە کە دواجار دەستکاری کردنی پیرۆزی تاکە سیستەمی پیرۆز بووە.
دووەم؛ میکانیزمی کاری سیاسی ناو پارتە تۆتالیتارەکان
بەدرێژایی ژیانی سیاسی کوردستان "پارتێک" ڕێکخراوێکی سیاسی کراوە درووست نەبووە لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا بەگشتی و لەباشوور بەتایبەتی. باشترین بەڵگە و سەلماندن دەستاودەستنەکردنی دەسەڵاتە لەناو ئەو پارتانەدا. بەواتایەکی تر تا سەرۆکی پارتەکە نەکوژرابێت یان بەزۆر لانەبرابێت کەسێکی تر نەهاتووە جێگای بگرێتەوە. هەرکەسیش پرسیاری لە سەرکردەی یەکەمی تیمەکەی خۆی کردبێت بە ناپاک هەژمار کراوە و دوورخراوەتەوە. ئەوە ڕێکخراوەکانی دەرەوەی "پارت" ە سیاسییەکە بێگومان بە ڕێکخراوی سیخوڕ و دەستکردی دوژمنان هەژمار کراون. جگەلەوەش کە سروشتی هێزەکان خۆیان پشتیان بە هێزە نانیشتمانییەکان و دەرەکییەکان بەستوە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگای هێز و دەستکەوتی ماددیەوە ڕێکخراوەکانی تر بۆ ژێر ڕکێفی خۆیان ناچار بکەن.

گەر بەوردی یباداشت و یادەوەری ئەو بەناو پارتە سیاسییانەی کوردستان لەسەردەمی "شۆڕشگێڕی" یاندا بخوێنینەوە پڕە لەو خەڵکە نەیارانەی کە وڵات بەدەر کراون و ڕێگای تایبەتیان بۆ دۆزیونەتەوە تا لەکایە و ناوەندەکانی بڕیار دوورکەونەوە، ئەوەی بەمەترسی سەرەکی زانرابن لەجەنگەکاندا بەڕێگای پیلان و پیلانگێڕیی و بەناوی دیسپلین و درووستکردنی شانۆی سیاسییەوە تیرۆرکراون. هەموو جۆرێکی سیخوڕی و هەواڵگری و پیلانگێڕان لەناوەوەی ئەو ڕێکخراوانەدا پەراوەکراوە بەپلەی یەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تیمی سەکردایەتی و بۆ پاراستنی تاکە هێز و دەسەڵاتی ڕاستی ناو ڕێکخراوەکان.

ئەم میکانیزمانە سەرکردە مەیدانی و باڵاکانی ناچار کردوە خەڵکی هاوپەوەندی خوێن لەخۆیان نزیک بکەنەوە، بەئەندازەی درووستکردنی هێزە تایفەگەر و خزمگەرەکان لەناو شۆڕشەکانی کوردستاندا و دوورکەوتنەوە لەهەموو بە سیستەمکردن و ڕێکخستنێکی سیستەماتیک لەناو ئەو "پارتانەدا". بەم جۆرە کولتوور کولتووری باو بووە و هەمیشە سیستەمی فێرکردن وابەستە بووە بە فیرکردنی یەک دێڕی گشتی؛ (هێز پارێزگاری بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکات کە بەرژەوەندی چین و دەستە باڵاکانی پارتی پاك و بێگەردن) تەنانەت ئەگەر پارتەکە خیانەتی گەورەشی کردبێت بە دانایی بۆی هەژمار کراوە چونکە توانیویەتی بمێنێتەوە و هەر بەوجۆرە هەڕەمەکی بەڕێوەبردنی میکانزیمی سیاسی بووەتە کولتوور و هێزە بەهێزە دەرەکییەکان بە ئاسانی توانیویانە توانا مرۆییەکانی ناو کوردستان بەکار بهێنن و بەگەڕیان بخەن.

لەکۆی ئەم میکانیزمانەدا، ئەو کەسە تاک و جیاوازانەی توانای پرسیار و بەگەڕخستنی گومان و درککردن بە بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان هەبووە، کراونەتە ئاردی ناو دەوەن و بە ئاستەم کۆبوونەوەتەوە، کەلەلایەکی ترەوە وابەستەی ئەو شێوازی پەروەردەکردنە بوون. ئەوانیش کە نەیانتوانیوە ململانێ لەگەڵ خواستی هێزەکاندا بکەن و خۆیان پێ کەم و پاسیڤ بووە و لەلایەکیش باوەڕیان بەوە هێناوە کەدەبیت هێزی دەرەکی و پارە و تواناییان لە پشت بێت بۆ ئەوەی ئەمان بتوانن ببنە بەرهەڵستکارێکی ڕاستینە. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەش تا ئەندازیەک ڕەوایی خۆی هەیە، بەڵام تا ئەو جێگایەی مرۆڤ بیر لەڕێگای نوێدەکاتەوە، نەک هەتا هەتایی بێت و ئیتر هیچ هەنگاوێک نەنرێت هەتا هێز و پارە و تواناییان نەبێت. چونکە تێکڕا هێز و توانایی و توانایی ماددی بەهۆی کار و ژیرییەوە درووستدەکرێن، لەکاتێکدا بخرێنە گەڕ و بەکار بهێنرێن.
بەشێکی گەورەی تر بۆ سەرکوتی هێزە گەورەکان دەگەڕێتەوە، هەر گرۆ و تاکەکەس و ڕێکخراوێک ویستبێتی هەنگاوێکی جیاواز هەڵبگرێت و نەبێتە سێبەری دەسەڵاتی کوردی بە قورسترین شێوە سەرکوتکراوە، ئەم میکانزمە خەڵکی کوردستانی فێری ئەوە کردوە کە پشتیوانی لە هێزێک نەکات ئەگەر نەزانێ سەرکەوتوو دەبێ و بەرئەنجامی دەبێت. خەڵکی کودستان بەجۆرێک ڕاهێنراوە و بارهێنراوە کە لەسەیرکردنی یارییەکی فوتباڵیشدا تەنیا پشتیوانی لەبەهێز بکات و تێز و بیری خۆی نەبێت. ئیدی بە دڵنیایەوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە لاواز نادات و بەهێزی بکات، لە کۆبوونەوەی پارتەکانی خۆیاندا پشتیوانی لەڕای جیاواز ناکەن ئەگەر نەزانن سەرکەوتوو دەبن.

بەم جۆرە کەشی سیاسی کوردستان زۆر پشت بە باو،  هەروەها بە جەماوەری بوون دەبەستێت. پێش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن خۆی لەپارتە ئیسلامیەکاندا دەبینیەوە کەبەرامبەر دەستکەوتی کەم خۆیان دەدا بەدەست دەسەڵاتەوە بە ستراتیژی سەندنی مومکین، کەدواتر قسەیەکی کورت لەسەر ئایدۆلۆجیا و هێزە ئیسلامییەکان دەکەین. لەلایەکی ترەوە چەپەکان کە لەم دواییانەدا بەهێزترینیان خۆی لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا دەبینیەوە لەفەزاو خەیاڵێکەوە دەبزوان هەرگیز نەیاندەتوانی و نەیدەزانی چۆن زمانی شەقام و واقع بدۆزنەوە. ئەم هێزانە هێزی "ئایدۆلۆجی" جیاواز بوون بەڵام هەرگیز لەکولتووری سیاسی کوردستاندا لەرووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە فۆرمویلەنەدەبوون و نەیاندەتوانی زمانی ئەو میکانیزمە چارەسەر بکەن. هەروەها لەڕووی پێکهاتەوە لەگەڵ کولتووری شەقامی کوردیدا نەدەهاتنەوە و بەئاسانی دەکەوتنە بەر نەشتەرگەری دەسەڵات و بە ئاسانی نابووتی دەکردن ئەگەر نەیتوانیایە لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنێت. ئەگەرچی ئەم هێزانە سەراپا هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستینە نەبوون بەڵام دەسەڵاتی کوردی هەمیشە لەهەوڵی ماڵیکردنی ئەمانەشدا کاری کردوە، ئەوەی ماڵیش نەکرابێت لەپانتایی سیاسیدا دەرکراوەتە دەرەوە. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان، لەبەر ئەوەی لەهەمان کولتووری شەقامەوە هاتبوو، بەهەمان میکانیزم و تیۆری گەمەی دەسەڵات ئاشنا بوو بەتایبەت سەری بزووتنەوەکە بەشێکی دابڕاو نەبوو لەهزری دەسەڵات تا توانی جێگای خۆی بکاتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان لەپاش ٢٥/٧/٢٠٠٩ هاوکیشە سیاسیەکان لەبەرژەوەندی گرۆیەکی تر بگۆڕێت. لێرەوە گەر بمانەوێت لەهەر یەکێک لەو هێزانە تێبگەین دەبێت جارێکی تر ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەی کوردستان شیتەڵ بکەینەوە کەلە گۆرەپانی سیاسیدا ئامادەن (لەڕاستیدا ئەو کات و توانایییە ئەوە ناهێنێت زۆریان لێ ورد ببینەوە، چونکە بەئەندازیەک هەوڵی شکستخواردوون مرۆڤ زۆریان لێ فێرنابێت).

ئەوەی دەمێنێتەوە ڕەخنەیەکی توندە لە "ئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ" کە نەیتوایوە لە چوارچێوەیەکدا خۆی ڕێکبخات بەردەوام وەک ئاردی ناو دەوەن بە پەرشوبڵاوی ماوەتەوە و ئەم دۆخە بەردەوامەی ئیستا کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تێکڕا دەکەونە ئەستۆی ئەو ئۆپۆزسیۆنە.