بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





07/04/2015

کرۆکی پرس و مەترسی ــ باشووری کوردستان/ ١٠


بەشی دەهەم:

هەڵوێستەی بەر لە کۆتایی باسەکەمان لەسەر چەپەکان دەبێت. دەربارەی چەپەکان بەگشتی دەدوێین و تێیدا جەخت لەخاڵی سەرەکی پەیوەندیدار بە باسەکەمانەوە دەکەینەوە. بەرلە هەرشت ئەوە دێنینەوە یادی خۆمان کە ئەو دۆخەی چەپ و بە ئەندازەیەک (بەرهەڵستکاریی سەربەخۆ)ی پێدا تێدەپەڕێت قەیرانێکی جیهانی گەورەیە و هێشتا زامەکانی سەر جەستەی ئەم قەیرانە هاڵاوی خوێنی کەوتنی یەکێتی سۆڤێت و پەیماننامەی وارشۆی لێ بەرزدەبیتەوە. لێرەدا گرنگ نییە چ قەیرانێکە و بە چی کارتێکراوە، بەڵکو گرنگە بزانین ئەم مێژووە قسە و باسی ئایدیا و بیرکردنەوەی چەپڕەوانە بۆ ماوەیەکی کاتی هەر لە پێش لەدایکبوونیەوە لەبار دەبات و تائێستاش ئەو پرۆسەیە هەر بەردەوامە. ئەکرێ زۆرترین و گەورەترین ماشێن و کەناڵ و سوپای دونیا بۆ سڕینەوەی بیری مارکسیستی یان بیری تیۆریستێکی تری ئەم بوارە بخرێتە گەڕ بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەک بێتە ڕێی پرۆسەی سڕینەوەکە. بەڵام زۆر ئاستەمە بتوانرێت زامەکانی جیاوازی چینایەتی و نابەرابەری نێوان مرۆڤەکان و ستەمکارییە جۆرەبەجۆرەکان لەبیر خەڵک ببرێتەوە و بۆ هەتا هەتایە بە کەوتنی بزاوتێکی دیاریکراوەوە یان سڕینەوەی بریمەندێکی دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە و بێدەنگ بکرێت. 

پارتەچەپەکانی باشووری کوردستان تا ئەم سەردەمەش ژمارە و جۆریان زۆرە، لە لاوزترین و دۆگماترینیانەوە کە بەحزبی شیوعی دەست پیدەکات تا دەگاتە باشترینیان کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە. هەریەکێک لەم پارتانە سروشتێکی تایبەت بەخۆی هەیە و زۆر کەمیان لەیەک دەچێت، بەپێچەوانەی پارتە ناسیۆنالیستە باوەکانەوە کە زۆر کەمیان لەیەک جیاوازە. زۆربەی چەپەکان سەرچاوەی بیر و ئایدۆلۆجیای خۆیان بەکەمێک دەستکارییەوە بۆسەر بیر و قوتابخانەکانی مارکسیزم دەگێڕنەوە. وەک پرانسیپی (لەپێناو بەرەو باشتردا) ڕەخنەگرتنمان باشتر وایە تەنیا گرنگی بە باشترین بدات و خاڵەکانی جیاوازیمان لەگەڵ ئەو باشترینە دیاریبکەین و تێکڕا ئەوانەی تر فەرامۆش دەکەین، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر توێژینەوەیەکی بەراوەردکاریمان نەکردبێت و لە بنەڕەتەوە پێویست نەبووبێت.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەک باشترینیان لە چەپەکان لەماوەی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەرهەمی یەکگرتنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گرۆ و تاکە چالاکەکانی بەرەی چەپی مارکسیستی پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵکی کوردستان لەدایک بووە. ئەم گرۆ و تاکانە سەرەتای مێژووی درووستبوونیان بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. بەواتایەکی تر تێکڕا بەرئەنجامی چەند هۆکارێک درووست بوون:
١. لاواز بوونی هەژموونی بیری مارکسی و دوورکەوتنەوە لە تیۆری شۆڕشگێڕیی چەپڕەوانە، لەهزر و بیرکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەو کاتەدا، بەتایبەت لەت بوون و نەمانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، هەروەها هاوپەیمانێتی حیزبی شیویعی و بەناو چەپەکانی تر لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرستی بنەماڵەی بارزانیدا.
٢. لەپاش ڕاگواستنی خەستی دێهاتەکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٥ ەوە تا کۆتایی پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفال، کۆی دژایەتی بەرامبەر ڕژێمی بەعس هاتەوە ناوشارەکان و ستەمی ئەم ڕژێمەش لەباری جیاوازییە چینایەتی و نەتەوایەتی و ڕەگەزییەکان لەسەر کرێکاران بە گشتی و لەسەر ڕەگەزی مێینەی ئەو چینە بەتایبەتی چ لەکارگەکاندا چ لە کەرتە گشتییەکانی وەک تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتی و پەروەردە ...تاد، تا دەهات چڕتر دەبوونەوە.
٣. بێ ئومێدی بەرامبەر "شۆڕش"ی چەکداری لەکوردستاندا و شکستی تەواوی ئەو "شۆڕش"ـە لەسەر دەستی دەرەبەگ و هۆشمەندیی دەرەبەگ ئاساکانی ئەوکاتە و ئیستای کوردستان، جا ئەوانە سەر بەهەر هێزێک بووبن. ئەم خاڵە بەگشتی چینە چەوساوەکانی ناچار کرد بیربکەنەوە لە درووستکردنی جێگرەوەیەکی عمەلی و واقعی بۆ هێزەکانی ناو کوردستان سەرەڕای بەرەنگاری بەردەوامی ڕژێمی بەعسی ئەوکاتە. بەواتایەکی تر ئەو دۆخی پێویستییەی بووبووە مایەی سەرهەڵدانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لەحەفتاکاندا، بەخوێندنەوەیەکی تر و بەشێوەیەکی فراوانتر لە هەشتاکاندا خۆی دووبارەکردوە لەفرەڕەنگی چەپەکاندا. سەلمێنەری ئەو پێویستییە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە بزاوتە چەپەکان ئەمجارەی دواییان تەنیا لەیەک جێگا و لەیەک شێوە و لەیەک ڕێکخراودا درووست نەبووبوون، بەڵکو چەندین ڕێکخراوی جیاواز بوون، لەهەموو ناوچەکانی کوردستاندا خانە و شانەی سەرەتایی ڕێکخستنیان هەبوو، لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە هەموو پشتیان بە بیری مارکسی دەبەست لەکاتێکدا لە ڕووی لێکدانەوە و پراکتیکەوە تێگەیشتن و ئەزموونیان جیاواز بوو. کە ئەمانە و چەندین هۆکاری تر بەڵگەن لەسەر پێویستی درووستبوونی ئەو هێزە جارێکی تر لەدژی بزاوتی باوی کوردی و لەدژی داگیرکەری گەورەی کوردستان کە ئەو سەردەمە ڕژێمی بەعسی "صەدام حوسەین" بوو. 
٤. لاواز بوونی کاری سیاسی مەیدانی هەموو هێزە کوردستانییەکان پاش پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفال و شێوەکانی تری جینۆساید لە کوردستاندا، پاشەکشەی سەربازی بە"شۆڕشی چەکداری کوردستان" کرد و یەکێکی تر بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان.

سەرباری ئەم هەموو پیویستییە و یەکگرتنی ئەو گرۆ و تاکە چالاکانەی چەپ لە کوردستاندا و خۆڕێکخستنیان لەچوارچێوەی حیزبێکی سیاسیدا یان مانەوەیان لەدەرەوەی ئەو حیزبە و بەهەمان گوتاری چەپڕەوانەوە، چ سوودێکی درێژخایەنی نەبوو! چونکە دواتر ئەم پارتە وردە چەپەکانی دەوری بووە قوربانیی دەستی دوورکەوتنەوە لە واقعی مەیدانی سیاسی و کرداری و ناکاراییان دەرئەنجامی قەتیس بوون لەچوارچێوە تیۆرییەکاندا و پاشتر بەزین و تەسلیم بوون لەبەردەم هێزە باوەکانی ناو باشووری کوردستان بەتایبەت پارتی و یەکێتیدا. ئەگەرچی ئەو بەزینە لەخۆیدا لەڕووی بابەتییەوە هۆکارە دەرەکییەکان زاڵتربوون تا لە ڕووی خوودی حیزبەکەوە، بەڵام شکست هێشتا هەر بە شکستی حیزبەکە هەژمار دەکرێت. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەوێنەی چەپەکانی تر نەبوو، حیزبی شیوعی یان زەحمەتکێشان بۆ نمونە، کە بەرامبەر چەند پۆستێکی کارتۆنی و بودجەی خێرپێکردنی دەسەڵاتی کوردی خۆی بدات بەدەست پارتی و یەکێتییەوە و مەرامەکانیان جێبەجێ بکات. لەهەمان کاتیشدا وەک ئیسلامییەکان زەمینە و هێزی داکوتراوی ناوە و دەرەوەی کوردستانی نەبوو تا بتوانێت بیکاتە کارتی فشار لەسەر دەسەڵاتدرانی کوردستان. جگە لەوە نابێت نکۆڵی لەو خاڵەش بکەین کە لەهەمان کاتدا نەیتوانی لەناو جەماوەردا بە کارایی و لێزانانە بمێنێتەوە. بە پێچەوەانەوە لەگەڵ هەر زیادکردنێکی گوشارەکاندا مەیدانی سیاسیان زیاتر چۆڵدەکرد و دەکشانەوە، تا وای لێهات بە تەواوی مەیدانی سیاسییان چۆڵکرد و تێکڕای سەرکردایەتی و ئۆرگانە باڵاکانی ئەم پارتە ڕوویان کردە خۆشگوزەرانی ژیان لە دەرەوەی کوردستان بە گشتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی. بۆ ئەم باسە هۆکار زۆرن کە ناکرێت لەوەزیاتر ڕۆبچینە لێکدانەوەی مێژوویەوە بەپێی خودی بابەتەکەمان دەبێت لە گشت و سەرەکیدا بمێنینەوە.

بۆ گەڕانەوە و باسکردن لە خودی پرسی ئایدیا و دونیابینی پارتە سیاسییەکان، لەگەڵ چەپەکاندا ناچارین بگەڕێینەوە بۆ بنەڕەتی فەلسەفە سیاسییەکە! بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی کارل مارکس بکەین وەک گەورەترین و یەکێک لەبەهێزترین سەرەتاکانی تیۆری شۆڕشگێڕیی بە بنەمای چینایەتی لەمێژووی یەک/دوو سەدەی ڕابردووی مرۆڤایەتیدا، ئەوا بەسانایی دەبینین تێکڕای بەرهەمە سیاسی و فەلسەفییەکانی بەرئەنجامی پیاچوونەوەی بەردەوام و ڕەخنەی بەردەوام بوون لەهەموو تێڕوانین و دۆخە گوزەرەکان بەخودی تێڕوانین و بەرهەمەکانی خۆشیەوە. بۆیە دەتوانم لەسەر گریمانەیەک بوەستم کەزۆرجار وەک ڕەخنە لە چەپە دۆگماکان ئەم گریمانەیە باس دەکەین، ((ئەگەر کارل مارکس وەک بیرمەند و چالاکێکی سیاسی تا ئەمرۆژە بمایە لە ژیاندا و بەردەوام بوایە، ئەوا تێکڕای تیۆرەکانی خۆی لەبەردەم پرسیار دادەنان و هەرگیز نەدەکرا لەسەر یەک تێزی تیۆری ئەو دەمەی خۆی بە تەواوی بوەستێت)). لەتێز و ڕێبازەکانی مارکسدا چکۆلەترین هەنگاوی کرداری ئەوەیە کە مرۆڤ بۆدواجار بەهیچ تێزێک قایل نەبێت ئەگەر نەکەوێتە چوارچێوەی ماتریالیزمی دایلەکتیکییەوە، کە خودی ئەو تێزە هەموو تێزەکانی تریش دەخاتەوە ژێر پرسیار بەوەکانی کارل مارکس خۆشییەوە. ئەمەش کرۆکی زیندووییەکەیە کە ئەم فەلسەفەیە دەهێڵێتەوە و نەک تەنیا لە کوردستانی ئێمەدا بەڵکو لە ئەمڕۆی ئەوروپاشدا گرنگی بابەتی خۆی هەیە. لێرەدا جارێکی تر گەر بیر و ئایدۆلۆجیای مارکس و مارکسیستەکانیش فەرامۆش بکەین، ئەوا ناتوانین جیاوازی چینایەتی و چەوساندنەوەی ئابووری فەرامۆش بکەین کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی و ستەماکانی سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. هەر بۆیە درک کردن بەم جیاوزی و ستەمە چۆن لەپەنجاکاندا حیزبی شیوعی ئێراق لە گەشە و برەودا دەبێت بۆ بەرگرتن بەم دۆخە، لە حەفتاکاندا بزاوتە سۆشیالیستییەکانی کوردستان و لە هەشتاکاندا گرۆ کۆمۆنیستییەکان...تاد ئەوا هەمیشە ئەگەری زیندوێتی بیری چەپ لە کۆمەڵگادا وابەستەیە بەمان و نەمانی چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤەوە. بەڵام زیندووبوونەوەی بیری چەپ و کرداری سیاسی چەپڕەوت هەمیشە وابەستەیە بەو دایلەکتیک و دەستکاریکردنەی کە بیرمەندەکانی سەردەمی خۆی لەگەڵ خەمەکانی ڕۆژدا تووشیان دەبێت و دەتوانن جارێکی تر بەرهەمی تیۆریی لێ درووستبکەنەوە بۆ کردارێکی نوێتر و بەرەوڕووبوونەوەیەکی نوێتر کەلەگەڵ سەردەمدا بەباشترین شێوە بگونجێت. ئیتر لەم پێگەیەوە مارکس و ماوتسیتۆنگ و گرامتشی و ئۆجەلان و ژەیژەک و هیچ کەسێکی تر نییە بۆ هەتا هەتایی تیۆرەکانیان تەواوی کارەکان جێبەجێ بکات.  

خودی ئەم زیندووییەی خەمی چینایەتی، بەتەنیا بۆ کارل مارکس و هیچ کام لە هاوڕێبازەکانی ناگەڕێتەوە، بەڵکو مێژووییەکی کۆنتری هەیە و داهاتوویەکی دوورتر چاوەڕوانێتی، بیرمەندەکانی ئەم بوارە تەنیا لەچوارچێوەی قۆناغێکی مێژووییدا خەمەکانیان دەستنیشانیان کرد و خودی مارکسیش جیا لەهەموویان زۆرباش یاسا بنەڕەتییە لۆجیکییەکانی گەمەکەی دۆزیەوە و بەتایبەتتر لەبواری ئابووری سیاسیدا زۆر بەجوانی جێگای کردەوە. ئەم نهێنییە، بنەمای بەڕێوەچوونی ئەو داینەمۆ کۆمەڵایەتییەیە کە تێکڕای پەیوەندییە مرۆییەکان بەڕێوەدەبەن. ئەو هەڵەگەورەیەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کردی، ئەوە بوو لەبری درووستکردنی قوتابخانەیەک بۆ توێژینەوەی سیاسی بەگشتی و دامەزراندنی خوێندنگەیەک بۆ بیری چەپ و پاراستنی بەرژەوەندی کرێکاری بە تایبەت، هاتن ملیاندا بە تێکڕای ئەو بیر و تێزانەی کە لەدونیای دەرەوەی خۆیان و بەتایبەت لە کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانەوە و لەودیو سنوورەکانەوە و بەزمانی فارسی دەستیان دەکەوت، کەبەتایبەت لەناو خودی حیزبەکەدا تیۆریست و کەسی پێگەیشتووی ئەوتۆ نەبوو بتوانن وەک سەرچاوە سەیر بکرێن. ئەم بزاوتە پێگە گەورە جەماوەری و تێگەیشتنە سیاسییەکانی لەناوکوردستاندا بوون، بەڵام سەرکردایەتی ئەم پارتە خۆیدایە دەست تێزەکانی چەند کەسێکی وەک (مەنصوری حیکمەت و کۆڕشی مودەرسی، بە نمونە) کە تێکڕا لەدەرەوەی کوردستانەوە واقعی کوردستانیان بەناتەواوی دەخوێندەوە و نەیاندەتوانی ببنە بنەمایەک بۆ داهێنان لەخەباتی مەیدانی چەپدا. بەتایبەت داهێنانێک کە لەناو خەڵکەوە تیۆریزە ببێت و پراکتیزە بکرێت. دەبینین ئەمڕۆش ژمارەیەک لەکادێرە چالاک و بەردەوامەکانیان هەموو گرەوی خۆیان دەخەنە دەست بیرمەندێکی وەک "سلایڤۆی ژەیژەک" و هیواکانی تیۆری خۆیان لەسەر وانەکانی ئەو بونیاد دەنێن.. یان هەیانە بە ئەزموونی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان گەشکەی تووش دەبێت و خوێندنەوەکانی ئۆجەلان دەکاتە سەرچاوەی تەنیای پشت بەستن بە لێکدانەوەیەکی "سەردەمیانە" بۆ هەموو کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتی کرێکرانی کوردستان لەباکورەوە تواناییەکی بێوێنەیان خستەڕوو لە بەرگریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و سەرکەوتنی زیاتری چەکداریانەیان لەبەردەم تاریکی و توندڕەوەی ئیسلامدا. بەداخەوە زۆرجار ئەو شاگەشکەبوونە، بەرئەنجامی سەرکەوتنی سەربازی و هێز بەدی دەکرێن نەک ڕۆچوون و قووڵبوونەوە لەوتار و تێڕوانین لە نووسینەکانی ئۆجەلان.

بەتێکڕا نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کۆمۆنیستی کرێکاری دونیا بینییەکی گەشیان بۆداهاتووی کۆمەڵگای کوردستان هەبوو، گەرچی لەڕووی پراکیتیکیەوە دووچاری هەمان ئەو نەخۆشیانە بووبوون کە پارتە سیاسیەکانی تر پێیدا تێدەپەڕین. ئەم پارتە بەجۆرێک لەجۆرەکان دووچاری هەمان ئەو گرفتانە هاتبوو کە لەناو بەرپرس و کادیرەکانی یەکێتی و پارتیدا بەدیمان دەکردن. گرفتی سەرەکییان خۆخواردنەوە بوو لەچوارچێوەی بەسترانەوەیەکی ئەبستراکت بە تیۆرێک و کارنەکردنی واقعی بۆ تێپەڕاندنی کەموکورتی و ناشایستەییەکانی ئەو تیۆرە لەسەردەمەکەدا، کە زۆر دەمێک بوو لەناو خەڵکی کوردستاندا بەزەبری بازاڕی سەرمایە و دواکەوتنی خێڵەکی تیۆرەکە ناشیرین کرابوو. ئەم پارتە پارتێکی مارکسیستی مۆدیرن بوو بەتەنیا لە تیۆردا، بەڵام لەپەراوەی سیاسیدا بەهامان ئالیەت و میکانیزمی دەسەڵاتگەراییانەی پارتەکانی تری کوردستان کاریان دەکرد. پارتێکی مارکسیستی لاسایی کەرەوە بوو بۆ ڕێکخراوە چەپە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەڵام نەیدەتوانی بەرهەمێکی ناوخۆیی کوردستانی هەبێت نە لە تیۆریی و نە لە پراکتیکیدا. ئەم پارتە ڕێکخستن و پێکهاتەی ئۆرگانە سیاسییەکانی مارکسیستی بوون، بەڵام ڕەچاوی دۆخی کوردستان و واقعی ژیانیان لەکوردستاندا نەکردبوو، بەڵکو تەنیا پشتیان بە ئەندام و لایەنگرانی خۆیان دەبەست و تا ئەندازیەک پەڕگیرییان لە کۆمەڵگای دابڕیبوون. دواجار ئەم پارتە لە مامەڵە لەگەڵ کولتووری ناوچەکانی کوردستاندا بۆشایی گەورەیان پیشاندا و زۆر خراپ ئەو بۆشاییانە کەوتە دەست هێزە باوەکانی کوردستان و بەئاسانی بەکار هێنران بۆ تێکشکاندنیان.

هەندێک جار ئەوە بەدی دەکەین کە ئەم نەخۆشییانە نەخۆشی زکماکین لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان و پێدەچیت نەخۆشیەکی باوی سیستەمی کاری حیزبی بێت لەناوچەکەدا. بۆنمونە، ئامادەنین هیچ پرانسیپێکی گونجاندن و جیاوازی ئایدۆلۆجی قبوڵ بکەن یان ئامادەنین لەهیچ گەمەیەکی سیاسیدا ئاڵوگۆڕی سیاسی بکەن و بەهەمان شێوەی پارتەکانی تر لەسەر سیمبوڵی نەمرکردنی سەرکردە و مونەزیرەکانیان درێژە بە ژیان دەدەن. لەڕووی پراکتیکیشەوە بەهەمان شێوەی پارتەکانی تر لەکۆسپ و نەخۆشییەکانی گەندەڵی حیزبییەوە ئاڵا بوون و ساماندارییەکی چکۆلەی هندێ لەسەرکردەکانیان یان گەیشتن بە ژیانی خۆشی ئەوروپا و دەست بەردار بوون لە خەباتی سیاسی مەیدانی کۆی کارە سیاسییەکانیانی گۆجکردبوو، ئێستەش تا ئەندازەی مردن نزیکی کردوونەتەوە. دەسەڵاتڕەویی و گرۆچێتی ئەمانیشی تووشی قەیرانی عەمەلی کردبوو! ئەمە جگەلەوەی کۆمەڵە کێشەیەکی زۆری کولتوورییان هەیە و دان پێدانەنانیان یەکەم و دوا مەترسیی بووە بۆ سنووردارکردنی ئەوان لە مەیدانە کردارییەکاندا بەرامبەر بە خەڵک، بەتایبەت خەڵکی کوردستان و ئەو پێکهاتە لاوازەی خەڵکی کوردستان لەڕووی پێشکەوتن و مۆدێرنایزە بوونەوە تووشی بوون.


ئەم چەپانە لەباشترین ئەگەریاندا دەبنە بەشێک لەجەستەی سیاسی کۆمەڵگای کوردی بۆ بێدەنگ نەبوون لەبەرامبەر بیدادیەکاندا بەڵام ناتوانن ببنە ئەڵتێرناتیڤی سیاسی و مۆدێلێکی نوێ بێننە ئاراوە. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم بزووتنەوەیە ناتوانێت واقعی ببێتەوە بۆ ئەوەی واقعی باو بەشیوەیەکی کرداری تێپەڕێنێت، جگە لەوەی ئەم پارتانەش هەمان شێوەی پارتەکانی تری کوردستان دووچاری نەبوونی مەعریفەی زانستی و موئەسەساتی بوونەتەوە کە بەهۆیەوە بتوانن هەنگاوی گەورە بنێن. سەرکردەکانی ئەم بزاوتەش لەباشترین ئەگەردا پشتیوانێکی نەزانی بەش مەینەتانی کوردستانن، کە پشتیوانیان بۆ بنەڕەتی تیۆری مارکسی دەگەڕێتەوە، و نەزانیشیان بۆ لاوازی تەکنۆلۆجیای سیاسی ودووریان دەگەڕێتەوە لە شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی.






No comments:

Post a Comment