بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





26/08/2020

یوڤاڵ نوح هەراری




    






        یوڤاڵ نوح هەراری

       بووکەڵەیەکی زانستی

بە داخێکی زۆرەوە کە کات دەرفەت نادات، لەسەر هەندێك دیاردەی دزێو بنووسین! دەستەواژەی (کات دەرفەت نادات)، بیانوویەکی پڕ ئێشە، پێی بزانین یان نەزانین زۆرمان بە دەستییەوە دەناڵێنین. ئێمە کاتمان نییە و بۆمان ناکرێت لەبەر دوو هۆکار؛ مرۆڤ بۆ ئەوەی بژی و بە تایبەت لەم سەردەمەدا ناچارە جۆرێك لە کۆیلایەتی کارەکەی قبووڵبکات، دووهەم: لەبەر ئەوەی ماشێن و دەزگاکانی چینە سەردەستەکان هێندە گەورە و زەبەلاحن کە ئێمە بە تاك و بەتەنیا تەنیا فریایان ناکەوین. ئەم دوو هۆکارە هەردووکیان، زادەی سیستەمی ستەمکاری پڕ جیاکارین! ئەم سیستەمە بە درێژایی مێژوو جگە لە ڕەنج و دەستکەوت، گرنگترین شت کە داگیریکردووە لە چینە بندەستەکان بریتییە لە کات. ئەگەر کاتیان لێ داگیرکردیت، ئەوا ئیتر چەند بە ئاگا و هۆشیاریش بیت لە ئێستادا، مێژوویش و داهاتوویشت لێ داگیردەکرێت. لەپاڵ ئەم پرۆسانەدا، یەكێك لەو قێزەونترین دیاردانەی کە لە پەراوێزی کاتدا کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و هەژموونی تێگەیشتنمان دادەنێت (بووكەڵە زانستییەکانن). لە نمونەیان یوڤاڵ نوح هەراری!

 سەرەتا بابزانین مەبەستمان لە بووکەڵەی زانستی چییە: بووکەڵەی زانستی، هەموو ئەو فەیلەسووف و زانا و وتەبێژە زانستی و ئەدەبیانەن، کە لەلایەن دەسەڵات و ڕژێمێکی ستەمکارەوە درووستدەکرێن یان خۆیان پێدەگەن و ئەوانیش تەجنیدیان دەکەن. لە هەردوو بارەکەدا مەبەستیانە بە ناوی تیۆری زانستی و دۆزینەوەی ڕاستی زانستییەوە هەموو ئەو شێوگانەی هۆشیاری بونیادبنێن و بڵاوبکەنەوە کە لە قازانجی ڕژێمە ستەمکارەکەدایە. بە داخەوە کۆمەڵگاکان بە پێشکەوتوو و دواکەوتووەکانیانەوە لە شێوەی پێغەمبەرەکانی کۆندا ئەم بووکەڵانە دەناسن و پرۆفایل و کارەکانیان پیرۆزدەکەن. بۆ نمونە هەر ئەوەندە دەزانیت کۆمەڵگاکان ڕوودەکەنە ناوێك و بانگەشەی بۆ دەکەن و ناوەکانیان دووبارە و هەزاربارە دەکەنەوە و هەوڵدەدەن لە ڕێگای زۆر باسکردن و خۆ پێوە بادانەوەوە هەژموونی ئەو ناوە ناسێنراوە بەسەر کۆمەڵگاوە چەندبارە بکەنەوە و تێزە زەهراوییەکانیان بەسەر خۆیان و خەڵکیدا بسەپێنن. لەوانە یوڤاڵ نوح هەراری لەماوەی پێنج بۆ شەش ساڵی ڕابردوودا تێکڕای دامەزراوە هەژموونکارەکان لەگەڵیدا خەریكبوون و کاریان بۆ ئەو مەبەستە کردووە. ئێستاش ئەم شەپۆلە دەگاتە کۆمەڵگای کوردستان و وردە وردە خەریکە دەیکەنە ناوێكی زەبەلاح، بەسەر هۆشی خەڵکی کوردستانەوە "ڕۆشنبیری کوردییەوە"، ئەوەش ئەگەر لەسایەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی بە ناو کوردیدا تۆزێكی مابێت.

 من لێرەدا زۆر بە کورتی دەمەوێت ئەو بووكەڵە زانستییە بناسێنم، کە ناوی (یوڤاڵ نوح هەراری)یە، لە ساڵی ٢٠١٤ کە هۆمۆساپیان بڵاوکرایەوە، بە زمانی ئینگلیزی بینیم و تێبینی ناوەڕۆکەکەیم کرد. بەتایبەت ئەوکاتە بۆ توێژینەوەیەکی کتێبخانەیی دەربارەی بنەرەتی مرۆڤ بوون و پرسی چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤ پێویستییەکی زۆرم بەو جۆرە سەردێڕانە هەبوو کە لە هۆمۆساپیاندا هەن. هەموو تێزەکانی ناو ئەم کتێبەم خوێندنەوە و تا ئەندازەیەكیش لێیانم کۆڵیەوە، پێشکەشی چەند هاوڕێیەکی خۆشمم کرد تا بیخوێننەوە، بێگومان بە کۆمەڵێك سەرنجەوە. لە گەڵ پێشکەشکردنی کتێبەکەدا بە گرنگم دەزانی ئەو هاوڕێیانەم لەو پرسانە بڕوانن و بزانن چۆن لە دونیای سەرمایەداریدا ئیش بۆ بیری نیولیبراڵیزم دەکرێت. بە تایبەت دوای ئەوەی باراك ئوبامای سەرۆكی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگەشەی تایبەتی بۆ ئەم کتێبەی هەراری و بیر و تێڕوانینی هەراری دەستپێکرد، جارێکی تریشم خوێندەوە. ئیدی لەوێوە هەموو بەرهەمەکانی هەراریم خوێندوونەتەوە و لەسەر پرسیارەکانی ڕاوەستاوم.

 لە خۆمەوە یوڤاڵ هەراری ناونانێم بووکەڵەی زانستی! زۆر بە سادەیی چونکە لەلایەك یوڤاڵ بۆ مەبەستێك پێگەیەنراوە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش دواتر تەجنیدکراوەتەوە، لەلایەکی تریشەوە بە ئاشکرا نمایشی گوتاری سیستەمێك دەکات کە ئەویش سیستەمێكە فەلسەفە و بیری نیولیبراڵیزم پێشڕەوی دەکات لە دونیای سەرمایەداریدا. لێرەوەیە کە یوڤاڵ دەبێتە بووکەڵەیەکی زانستییە بۆ نمایشکردنی فەلسەفەیەك! ئەمەش ئەو دەمە بە تەواوەتی دەسەلمێت کاتێك چاپە ڕووسیەکەی (٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١) بڵاودەکاتەوە و لەبەر خاتری سانسۆری پۆتینی دەسەڵاتدار دەستکاری نمونەکانی کتێبەکەی دەکات. ئەمەش چونکە مەبەستێکی گەورە لە پشت ئەوەوەیە کە هەراری دەنگی بگاتە ناو جەرگەی ورچە گەورەکەی ڕووسیا. هەراری لە ڕێگای ئەم جۆرە هۆشیارکردنەوانەوە دەیەوێت وێنا و ئاماددەکاری جەماوەری بۆ داهاتوویەك بکات کە لە خۆیدا داواکاری ئایندەی ئەو فەلسەفەیەیە کە گەورەترین هەژموونی سیاسی و سەربازی بەسەر زۆربەی زۆری دونیاوە هەیە. بەڵام لە چ دیدگایەکەوە ئەم نمایشە دەکات؟ لەو دیدەوە ئەم نمایشە دەکات کە پێڕەوەکانی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی چۆن دەبێت پێشوازیان لێ بکرێت. چۆن باشە کە لە داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیدا بکەین و هەر بەو ڕێگایەش ئاماددەمان دەکات بۆ ئەوەی بە ئاقڵانە تەسلیم بە گۆڕانەکان ببین و تووشی شۆك نەبین. لە نێوان دێڕەکانی هۆشیارکردنەوەی هەرارییەوە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە ئەکرێت لە داهاتوودا سەرمایەداری ئەوەندەی پێویست بە خەڵك نەمێنێت و ئاساییە پەنابەرنەوە بەر تیۆرە ماڵثۆسییەکان و بەشێکی ناپێویست لە خەڵك قڕبکەن. ئەو زۆر ورد و زانایانە بە ئاشکرا پێمان دەڵێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لەبەر بێ دادی و بێ دەرفەتی زۆر ئاساییە بەشێکی زۆری خەڵك لەبەین بچن چونکە ئیتر پێویست نامێنن. هەراری لە فەلسەفە و نووسین و قسەکانیدا بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە ڕێ بۆ ئەوە خۆشدەکات کە دەکرێت لە داهاتوودا لە ڕێگەی میکرۆبایۆلۆجییەوە سیستەمی سەرمایەداری (خاوەن تەکنۆلۆجیا) بڕیار بدات کێ دەتوانێت بمێنێت و کێ دەتوانێت بمرێت. ئەو بە ئێمە دەڵێت مرۆڤایەتی تەکنۆلۆجیا دەکاتە خواوەندی خۆی، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوە دەشارێتەوە کێ خاوەنی ئەو تەکنۆلۆجیایەیە و چی دەوێت و چۆن بەکاری دەهێنێت. ئەرکی ئەم بووکەڵەیە ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخی ستەمکارییەیە کە دونیای پڕکردووە. هەراری لە تێزەکانیدا دەڵێت مرۆڤ ئاستەمە لە پارە ڕزگاری ببێت، چونکە دامەزراوەکانی پارە و کۆنترۆڵکردنی دراو لە دەست ئەو ناوەندانەدایە کە ئەو بانگەشەیان بۆ دەکات. هەراری بوێری ئەوە ناکات بنووسێت و بڵێت ئەگەر مرۆڤایەتی لە پارە ڕزگاری بوو ئەوا دەتوانێت کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و یەکسان دابمەزرێنێت، بەمەرجێك زۆر باش بەم ڕاستییە گەیشتووە. کە لە ڕاستیدا لە گەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیادا زۆر ئاسانە دەربازمان ببێت لەدەست ئەو سەنەمەی پێی دەڵێن پارە و هەزاران ساڵە بە دەستییەوە دەناڵێنین. ئەگەر یەکێك نایزانێت ئێمە دەتوانین پێی بڵێین و هاوکێشەکانی بۆ چارەسەر بکەین. بەڵێ هەراری نمونەی زانا و فەیلەسووفێکە کە لە خزمەت ستەمکاری و چەوساندنەوەدا دەوەستێت نەك دژی بێت، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا پرسیارەکانی لەبەرەی ستەملێکراوان دەبینرێتەوە.

 ئەگەر لە وردەکارییەکانی ژیان و خوێندن و چۆنێتی پێگەیاندن  و پەروەردەی یوڤاڵ هەراری بڕوانین، ئەوا هیچ لەلامان سەیر نابێت کە ئەوانەی سەرەوە هەڵوێستی بن. زۆر بە ئاسانی و سادەیی تەرخان کرابێت کە داکۆکی لە بیری سەرمایەداری و نیولیبراڵی بکات. بڕوانە مێژووی درووستبوون و ستراتیژی ئەو زانکۆ و خوێندنەی لێوەی هاتووە، بڕوانە ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتە زلهێز و سەرمایەدارەکاندا دەیکات، بروانە خێرایی و ئاسانی پەخش و ناساندنی (بەمەرجێك ئەو پرسیارانەی هەراری لەلای زۆرێك لە زاناکان کراون و چەندین جاریش جێی مشتومڕی ناوەندەکانی تێڕامان و بیرکردنەوە بوون، پرسیارەکان بە ئەندازەیەك ئاسانن کە ئاستێکی دیاریکراوی هۆشیاری دەتوانێت پەیان پێ بەرێت)، هەروەها بڕوانە ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی هەراری تێدا بانگهێشتکراوە بۆ لێدوان و خەڵاتی تێدا وەرگرتوون.

گەر سەیری هەموو ئەو پرسانەی هەراری دەیانوروژێنێت بکەین، ئەوا دەبینین چوار خەسڵەتی ڕوون و ئاشکرایان تێدا دیارە بە بێ ئەوەی لە هیچ فلتەرێکی پیاچوونەوە و تێڕوانینی وردیان بدەین بۆمان دەردەکەون. ئەو خەسڵەتانە بەم جۆرەن:

١. هەموو تێڕوانینەکان بەشێوەیەکی زۆر جوان نووسراون و تێکڕای کتێبەکانیشی لە داڕشتنەوە و لەقاڵبدانی هەمان دامەزراوە دەچن کە مەبەستێتی بەو جۆرە بیانخاتە بەردەستی خوێنەر تا ئامانجەکانی پشتەوەی ئەو تێزە بپێکێت و ئەو هۆشدارییە بگەیەنێت.

٢. کۆی سەرنج و تێڕوانینەکانی هەراری، لە سەرنج و تێڕوانینی خەڵكی تر بەدەر نییە و زۆرن ئەوانەی کە لەم سەردەمەدا پەی بەو ڕاستیانە دەبەن کە هەراری باسی کردوون، بەڵام مەرج نییە بەو شێوەیەی تێزەکانی هەراری لە خزمەت بیری نیولیبراڵیدا ئارایشکرابن. بۆیە هەراری هاتووە کۆی ئەو دەرئەنجامانە دەکاتە مێژوو کە زاناکانی تر لە بواری تەکنیك و فەلسەفە و ڕەخنەی سیاسی و بایۆلۆجیا ...تاد دا پێیان گەیشتوون. بە مەبەست ئەم داڕشتنەوەیەی مێژوو دەکرێت و ئەم خوێندنەوەیەی بۆ دەکرێت لەسەر دەستی یوڤاڵ نوح هەراری. مەترسیدارترین درۆ و ساختەکاری ئەو ساختەکاریانەن کە لە ئامارەکاندا دەکرێت. هەراری لەم بوارەشدا چەندین دەزگا و سەرچاوەی لە پشتەوەن. ئەتوانین بڵێین هەراری تەنیا باس لە ڕووکەشی ئەو دەرئەنجامە زانستیانە دەکات، ئەگەرنا بڕوانە وردەکاری ئەو توێژینەوانەی لە بواری داتا و زانیاریدا ئەنجامدەدرێن. بڕوانە کاری هەموو ئەو فەیلەسووف و بیرکارانەی دونیا کە ڕۆژانە دەرئەنجامی مەترسیدارتر لە کارەکانیاندا بەدی دەکرێن.

٣. بەئاشکرا تێزەکانی هەراری لەهەموو ناوەندە جیهانییەکاندا، بانگەشەی بۆ دەکرێت و لە زۆر ناوەندەوە بەکاردەهێنرێت، لە سەراسەری جیهاندا کە کۆی جومگەکانی بەدەستی سیستەمی سەرمایەدارییەوەن، ئەم کارە بە بەرنامە جێبەجێ دەکرێت.

٤. بە نووسین و پرسیارەکانی ترسێك دەخاتە دڵێ مێژووی ئێستامانەوە، بە کردەوەش بانگمان دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی مێدیتەیشن و قەمچبوونەوە بەسەر خەم و مەینەتییەکانی سەردەمدا وەك تاکێکی پاسیڤ هەڵنیشین. هەر بە هەمان شێوە پێمان دەڵێت لەبەر ئەوەی کۆی گشتی خەڵك ناتوانێت دەربازی ببێت لە پارە، ئەوا ناتوانن هاوکاری یەکتریش بکەن، بۆیە ئەو مەترسییەی لەسەر ژینگەی ئێمە هەیە تەنیا زلهێز و دەسەڵاتدارەکان پێکەوە دەتوانن بەئەنجامی بگەیەنن. وەك ئەوەی کەسێك نەزانێت کۆی کارەساتەکانی ژینگە دەستکردی خۆیانە.

دەرئەنجام؛ ئەکرێت ئەم تەوژمانە، خەڵکی ڕژد و پسپۆڕ هەبن وەڵامیان باتەوە و بەرەنگاریان بوەستێتەوە، چونکە هەر چۆن سوپاکانی سەرمایەداری خاك و نیشتمان و دەستکەوتی کۆمەڵگاکان داگیر دەکەن و بە تاڵانی دەیانبەن، ئەمانەش هزر و هۆشی تاك بە تاك وەك پەتی جاڵجاڵۆکە بەو شێوەیە دەچنن کە نێچیری لێ دەرباز نەبێت. دوا تێبینی ئەوەیە؛ مەرج نییە پڕفرۆشترین کتێبەکانی دونیا باشترین بن! مەرجیش نییە هەرچی فەیلەسووف و پرۆفیسۆری زانکۆکان هەیە ژیاندۆستترین و ڕەواترین خەڵکی ژیربن... هەمووکاتێك زۆر هەڵوێستە و پرسیاری ترمان پێویستە، کە بیانکەین!