بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





11/06/2015

ژمارە (١٠) هەرجارەی باسێک*/ "ڕۆشنبیری" کەمپەین و سەرۆکایەتی مەسعود

هەڵمەتی بانگەشە (کەمپەین) و داکۆکیکاری:
هەڵمەتی بانگەشە و داکۆکیکردن بەواتای campaign and advocacy، یەک لەدوای یەک،  دوو چەمک و کەرەستە و تەکنیکی سیاسین کە بەتایبەت لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و/ یان گرۆکانی فشارەوە (Lobbying groups) بەکار دەهێنرێت. ئەم دوو کەرەستەیە، سروشت و تایبەتمەندی خۆیانیان هەیە و بۆ بەکارهێنانیان گرنگە پێڕەوی ژمارەیەک لە پرانسیپ و خاڵی بنەڕەتی بکرێت و پاشان تەکنیک و ڕێگاکانی هەریەکەیان بگیرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی بانگەشەیەک یان بۆ داکۆکیکردن لە پرسێکی دیاریکراو. ئەگەر ئەو خاڵە بنەڕەتی و پرانسیپانە فەرامۆش بکرێن کارەکان وەک پێویست سەرکەوتوو نابن.

بەکارهێنانی ئەم دوو تەکنیکە وەک زۆر شتی تری سواو لە کوردستاندا پێویستییەکی گەورەیان بەوە هەیە هەڵوێستەیان لەبارەوە بکرێت، بەتایبەت کە زۆر ناکارایانە و بێ بنەما بەشێوەیەکی بەرفراوان پەراوەدەکرێن. لەماوەی لایەنی کەم دە بۆ پانزە ساڵی ڕابردوودا سەدان "کامپین" ئەنجامدراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەشی هەرەزۆری ئەو کارانە بەهەدەرچوون و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. ئەم کارانە نەیانتوانیوە گۆڕانکاری درووستبکەن و تەنانەت کاریگەریی بەرچاویشیان لەسەر گۆڕانکارییەکان دانەناوە. بەشی هەرەسەرەکی بێئەنجامییان بۆ دوو هۆکاری دەگەڕێتەوە: یەکەم؛ خودی ئەم کەمپەینانە بە زانستی نەچوونەتە پێشەوە، بەڵکو هەموو کەمپەینەکان و گوشارە داکۆکیکارەکـــــــان لەکوردستان وەک پرسێکی باو یان نەریتێکی جێکەوتوو بریتی بوون لە سادەترین جۆریان کە ئەویش هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی ئیمزا و ئاراستەکردنی پەیامێک بوون! دووەم؛ لە لاوازی کۆمەڵگای مەدەنی و سلاکبوونی ئەم کایەیە!

کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستاندا بە خێرایی:
کۆمەڵگای مەدەنی چەمکێکە لەیەک کاتدا میتۆدێکی باش و خراپیشە بۆ داکوتینی مێخ لەسەر دڵی دادوەری! کۆمەڵگای مەدەنی تێکڕای ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە دەگریتەوە کە گرنگی بە پرسی کۆمەڵ و گرۆکانی کۆمەڵ دەدەن و دەکەونە نێوان خێزان و دەسەڵاتەوە. بەواتایەکی تر ئەو هێزە مەدەنییانەن کە دەتوان لە ڕێگەی گفتوگۆ و گوشار و پیشاندانی هێزەوە لەلایەک خێزان ناچار بکەنە بە هەنگاو نان بۆ ئەو ئامانجانەی دەیخوازن، لەلایەکی ترەوە دەتوانن دەسەڵات ناچار بکەن کە گوێ بیستی داواکارییەکانی خەڵک و پێشکەوتنی کۆمەڵ بێت. زۆر جار لە کوردستاندا ئەم دامەزراوە بەناو مەدەنیانە بە پێچەوانەی ئەرکی خۆیانەوە بوونەتە داردەست و کەرەستەی دەسەڵات و بگرە پرۆژە و پلانەکانی دەسەڵاتیان جێبەجێکردوە. کەواتە کاتێک کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوەکانی کەرەسەتەیەکی دیموکراتی باشن ئەگەر بتوانن لەبەردەم بێدادی و ستەمکاری سیستەم و دەسەڵاتدا ببنە لەمپەڕ و بە ڕێگای ئاشتیخوازانە ئامانجە گشتییەکانی گرۆکانیان بەدەست بهێنن. هەر ئەو کاتانەش دەبنە تەن و گرێی خراپ کە دەبنە کەرەستەی ستەمکاری و دەتوانن لەخواستی دەسەڵاتەوە سەرکوتی خواستە گشتییەکانی گرۆکانیان بکەن و وەڵامدەرەوەی خواستەکانی دەسەڵات بن نەک خەڵک. بەەداخەوە ئەمەی دواییان ڕۆڵی سەرەکی زۆربەی هەرە زۆری ڕێکخراوە زۆروزەوەندەکانی کوردستان بووە لەماوەی ڕابردوودا.

لە شێوەی ڕووکەشدا و لە کوردستاندا کۆمەڵگایەکی مەدەنی تەواو تێر و تۆخمان هەیە، کە پێکدێن لە ڕێکخراوی نا حکومەتی، سەندیکا پیشەیی، دامەزراوەی وەرزشی و هونەریی، کۆمەڵە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یەکێتییە هەرەوەزییەکان و تەنانەت پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش، کە بەگشتی تێکڕایان خۆیان بە سەربەخۆ و بێلایەن لەقەڵەم دەدەن و بانگەشەی خەباتی مەدەنی دەکەن. سەرباری ئەم ڕێکخراوانە چ لە کوردستاندا چ لە دەروەی کوردستان دەیان و سەدان کەسی چالاکی مەدەنی هەن و بە چەندین شێوە تێدەکۆشن لە پێناو باشتر بوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، جار هەیە خۆیان بەخەڵکی دەرەوەی سیاسەت هەژمار دەکەن و جاریش هەیە سیاسەتمەدارێکی بێلایەنی قاڵبووی تێکڕای مەیدانەکانن. ئەمانە هەمووی لەجەوهەردا شتێکی ترن و کەسیان ناتوانن لەڕێگای چەند هەڵمەتێکی ئیمزاکۆکردنەوەوە ببنە کەسایەتی کارای بگۆڕ لەمەیدانەکاندا و زۆر جار لەبۆنەیەکدا بە پڕکردنەوەی لیستێک شانی خۆیان لەزۆر بەرپرسیارێتی خاڵی دەکەنەوە.

پێویستی سەرۆکی هەرێم:
لەبنەڕەتەوە پۆستی سەرۆک و دەستەیەک بەناوی سەرۆکایەتییەوە چ لە هەرێمی کوردستاندا و چ لە ئێراقی بەناو فیدراڵی بەزۆر درووستکراودا پێویست نییە. لەسەردەمی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پێشوەوە لەهەر ناوچەیەک پۆستی سەرۆک پۆستێک بووە بۆ جێگرتنەوە و ڕکابەری کردنی تێزە دیکتاتۆرییەکەی ئێراق کە چوار دەهەی کۆتایی سەدەی بیست حوکمڕانی لەدەستدا بوو. ئەم پۆستانە لەژیانی دیموکراسیدا زەمینە و بایەخێکیان نییە و نەماوە بەڵکو تەنیا بارگرانییەکی گەورەن بە سەر خەڵک و دانیشتوانی ناوچەکەوە، لەسادەترین شێوەیدا پۆستی سەرۆک ئەگەر بۆ چەندین ساڵیش خاڵی بێت و کەسی تێدا دانەنرێت هیچ لە هاوکێشە سیاسییەکان ناگۆڕێت، هەروەها هیچ لە کاروباری بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش ناگۆڕێت. لەماوەی دەساڵی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێم نەک هەر هیچ بڕیارێکی گرنگی نەداوە، بەڵکو هەر لە خۆیدا کۆسپ بووە بۆ بەڕێکردنی بڕیارەکان. لە پاڵ ئەوەدا لەماوەی حوکمڕانی سەرۆکدا جگە لە قەیران هیچ شتێکی تر ڕووی نەکردوەتە خەڵکی کوردستان و لە دیارترینیان: قەیرانی نەوت، دارایی، کێشە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، چارەسەر نەکردنی ناوچە جێ ناکۆکەکان، کارئاسانی بێدەنگی لەبەرامبەر دەستوەردانی وڵاتە دراوسێکان لەکاروباری هەرێمدا و لەم دواییانەشدا کێشەی هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی خەلافەت و جینۆسایدی یەزیدییەکان...تاد بوون.

جگە لەوەی لەڕووی ڕەوایی دەستووری و بنەما و پرانسیپی دیموکراسییەوە سەرۆکی هەرێم هیچ ڕەواییەکی نەماوە، ستراکچەری کارگێڕی و حکومڕانی هەرێم بە هەرسێ دامەزراوەی یاسادانان (پەرلەمان) و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەرییەوە بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچێت. ئەگەر بمانەوێت لەڕێگای دەزگایەکەوە کێشە تێهەڵکێشەکانی دەسەڵاتە جیاوازەکان چارەسەر بکەین، ئەوا یەک دادگای دەستووریی چالاکمان بەسە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت کە سەرۆکی هەرێم هەرگیز ناتوانێت بیبینێت و بەباشترین شێوە پەیوەندییەکانی نێوان سێ دەسەڵاتەکەی تر ڕێکبخات و چارەسەر بۆ کێشە یاساییەکانیان بدۆزێتەوە.

خودی پۆستی سەرۆکی هەرێم لەلای پارتی و سەرۆکەکەی تەنیا پۆستێکە وەک میراتێکی دەستلێهەڵنەگیراو سەیر دەکرێت و لەدوای مەسعود بارزانیشەوە ئامادە نین بە هیچ جۆرێک بۆ کەسێکی تری چۆڵ بکەن لە دەرەوەی پارت و بنەماڵەکەیان. سیاسەت و میکانیزمی ئەم ڕێکخراوە سیاسییە ناوچەگەر و هۆشمەند فیوداڵییە کارکردنە لەسەر قۆرخکردنی ناوەندەکانی بڕیار و شەرعیەت پێدانی ئەو قۆرخکارییە. جا ئەگەر بە هێزی ئاسایی خۆیان بۆیان قۆرخکرا، ئەوا کارێکی ڕەواو باشیان کردوە، ئەگەرنا پەنا دەبەنە بەر چەندین ڕێگەی نەشیاو و نایاسایی وەک فێڵ و تەڵەکەبازییەکانی هەڵبژاردن (ساختەکاری، بەکارهێنانی سامانی گشتی)، درووستکردنی قەیرانی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی ئیرادەی خەڵک لەڕێگەی قەیرانەکانەوە. یان لەخراپترین و دۆخی ناچارییدا پەنا دەبەنە بەر هێزە دەرەکییەکان و بەهۆیانەوە کێشە ناوەکییەکانی کوردستان بە قازانجی خۆیان تەواو دەکەن. ئەم ڕێکخراوە سیاسییە لەدەروەی ڕەوایی و یاسا و دەستوور و بنەماکان کاری خۆیان دەکەن، یان بەجۆرێکی تر خواستەکانیان دەبێت لەسەروو یاساکانەوە بێت و سیمبوڵەکانی ئەوان دەبێت ببنە سیمبوڵی نیشتمانی و هێزەکانی ئەوان دەبێت ببنە هێزی بنەڕەتی و دەستکەوتەکانی ئەوان دەبێت لەباڵاترین ئاستدا بن و پێشینەیان هەبێت.

بۆیە داواکردنی کشانەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم لە داواکردنی تۆزی دەهۆڵ و شیری چۆلەکە دەچێت، چونکە پارتی و بنەماڵە حوکمڕانەکەی و دەروێشەکانیان بە چەندین پاساو بەربەستی بۆ ئەم داوایە دادەنێن؛ بۆنمونە: لەبەردەم ڕای گشتیدا کۆبوونەوەکانی مەسعود بەجۆرێک بانگەشەیان بۆ دەکرێت کە ئیدی کەس ناتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت و تەنیا ئەوە توانیویەتی ئەو تۆڕبەندییە درووست بکات لەگەڵ ئەمریکایی و ئەوروپایی و دەوڵەتە دراوسێکان و ...تاد. کە لەڕاستیدا ژیان و یاسا و پراکتیکە دیبلۆماسییەکانی ئەم سەردەمە ئەو ئاستەیان تێپەڕاندوە کەس و تاکەکان بەتەنیا بتوانن سەرچاوەی گەشەی پەیوەندییە جڤاتی و سیاسییەکان بن. بۆنمونە ئەگەر مەسعود بەرزانی نەبێت هەر کەسێکی تر سەرۆکی هەرێم بێت بەهەمان شێوە لە گەشتەکاندا پێشوازی لێدەکرێت و هەمان پەیوەندی دەتوانێت بەڕێوەبەرێت. لەزۆر ڕووی ترەوە هەر کەسێکی تر بێت لە مەسعود بارزانی باشتر ئیدارەی ئەو کار و ئەرکانە دەکات کە ئەو نەیتوانیوە وەک پێویست ڕۆڵی خۆی لەبری خەڵکی کوردستان ببینێت. ماوەی حوکمڕانی ڕابردووی ئەو باشترین گەواهین لەسەر ئەو ڕاستییە.

سەر ئەنجام تێدەگەین گەر بنەماڵەی بەرزانی و سەرۆکەکەی پارتیان قایلیش ببن بە خۆ کاندید نەکردنەوە، ئەوا خەڵکی کوردستان لەبەر مەترسی سەرۆکێکی تری بارزانیدایە، کە بۆ ئەو پۆستە ئەوان دەیسەپێنن و ئەگەر سەپاندنەکەیان سەرینەگرت، ئامادەن خراپترین و مەترسیدارترین هەنگاو بنێن. لەبیرمان نەچێت ئەوکات مەترسییەکان گەورەتر دەبن لە بوونی مەسعود وەک سەرۆکێک. هیوادارم ئەم دێرە نە بە ڕاستەوخۆ نە بە ناڕاستەوخۆ وەک پاساوێک وەرنەگیرێت بۆ ڕەوایی مەسعود بارزانی لە پۆستەکەیدا.  

کاریگەریی یەکێتییە پیشەییەکان  لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا و لاوازی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان:
گەر بگەڕێینەوە سەر بنەڕتی بابەتەکەمان، کۆمەڵگای مەدەنی و هەڵمەتی بانگەشەیەک (کەمپەینێک)، ئەوا کاریگەری هەر چالاکییەکی لەو جۆرە پابەند دەبێتەوە بە کارایی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانییەوە. لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیادا بەهێزی کۆمەڵگای مەدەنی و بەتایبەت ڕێکخراوە پیشەییەکان خاڵی گرنگی کاریگەریی بەکارهێنانی کارتەکانی وەک ‌هەڵمەتی بانگەشەن. لەکۆمەڵگا دیموکراتی پێشکەوتوودا دەبینین سەرچاوەی گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ خەڵکە، بەڵام لە کوردستاندا و لەلای سەرۆکی هەرێمەکەی سەرچاوەی گەڕانەوە بۆ هێزە دەرەکییەکانە، بۆنمونە تورکەکان و ئەمریکاییەکان...تاد. لێرەدا کاتێک خەڵک بەهێز بێت، ئەوا ڕێکخراوە پیشەییەکان توانیویانە ڕۆڵی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا ببینن و ببنە سەرچاوەی یەکلایی کردنەوەی پاشەڕۆژی هێزە سیاسییەکان. بەو جۆرە هەڵمەت و داکۆکییەکانیان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دەسەڵات و هەر بڵاوکراوە و گورزێکی ئەوان دەتوانێت بڕیارەکان یەکلایی بکاتەوە. لە دۆخی کوردستاندا ئەم پەیوەندییە جیاوازە، جگە لەوەی ڕێکخراوەکان دەستەمۆی حیزبەکان بوون و لە جەوهەردا پەتکراون، جگە لەوەی سیاسەتمەدارە بێلایەنەکان هەموو چەشتەی موچە و سەرچاوەکانی خۆشگوزەرانی دەسەڵات بوون و خۆیان خۆبەخۆ هیچ جۆرە ئاکتیڤیزمێکی ڕاستیینەی یەکلاکەرەوەیان نییە و لەزۆر باردا متمانەی خەڵکیشیان لەدەستداوە، ئەوا ناتوانن ببنە هیزی یەکلا کەرەوە، کە بەتایبەتیش سەرچاوەی گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ هێزە دەرەکییەکان بێت.

سەرئەنجام هەموو ئەو هەڵمەتانەی ئیمزایان تێدا کۆدەکرێتەوە بۆ لابردنی سەرۆکی هەرێم و داواکردن لێی کە خۆی کاندید نەکاتەوە، جگە لە بەهێز کردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی هیچ شتێکی تری لێ درووست نابێت. لەم دۆخەدا پشتیوانی کردن لە بارزانی بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆک و بەردەوام بێت لە هەڵەکانیدا باشترە و دەکرێت بیگەیەنێت بە لێواری مەرگێکی ڕاستینە لەسەر دەستی خەڵکێکی توڕەتر لەمڕۆ. لەسادەترین هاوکێشەدا هەبوونی ئەو ڕێکخراو و پارتە سێبەر و دەنگە تاکە ئۆپۆزسیۆنانەی کە هەن دەبنە فاکتەر بۆ بەخشینی ڕەوایی بە دەسەڵات کە هێزێکی باشتر لەو نییە و سەرجەم هێزەکان لەو لاوازتر و ناکاراترن. ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەشێکی لەم هێز و کەسە کارتۆنییانە درووستکردوە، لەهەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر لەو تاکانەش لەڕێگای چالاکی سواوی ناکاراوە دەبنەوە بەشێک لەگەمە و باشتر و سروشتیتر دەچنەوە خزمەت خواستەکانی دەسەڵات.

ڕۆشنبیر و بەرپرسیارێتی و کەمپەین:
من زیاتر سەر بەو ڕایە بیردەکەمەوە (ڕۆشنبیر) لەدەروەی کردوە شتێک نییە ناوی ڕۆشنبیر بێت، (ڕۆشنبیر) ئەرکی سەرەکییەتی کاراکتەرێکی بەشدار و بەدەست بێت لە پرۆسەکانی گۆڕانکارییدا، نەک پاسیڤێکی زۆر بڵێی ناکارا. (ڕۆشنبیر) لەخۆیدا پۆستێکی کۆمەڵایەتی نییە یان کارێکی پێدراو بێت و خەڵک لەچوارچێوەیەکدا وەریبگرێت و ئەگەر کەسێک بەشداری چەند هەڵمەتێکی کرد، یان لە چەند ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنێکەوە دەرکەوت ئیدی "ڕۆشنبیر" بێت! ڕۆشنبیریی بەهۆی چییەتی کردەوەوە دەردەکەوێت بە پێوانەی سەردەمی بوون و بە پێوانەی ئەرێنی لەمەڕ کەمکردنەوەی ئازار و خراپە گشتییەکاندا بەرجەستە دەبێت. بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیریی لە بەشداری پرۆسەی گۆڕیندایە بەرەو باشتر، کاتێک ڕۆشنبیریی جێگە دەگرێت کە مرۆڤ بتوانێت بە هۆی زانیاری و شارەزایی و کارامەییە تاکەکەسییەکانییەوە لە گرۆیەک و لە جڤاتێک و تەنانەت بە تاکەکەسیش ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات کە هەنگاوی کرداری بێت بەرەو باشتر. لێرەڕا دێینە سەر هەڵمەتی بانگەشە یان (کەمپەین)، وەک پێشتر باسمانکردوون ئەم کەرەستەیە کەرەستەیکی گوشارە، لەلایەن هێزەکانی فشارەوە بەکار دەهێنرێت بەتایبەت لەلایەن دامەزراوە و ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە و زۆر جۆر و میکانیزمی هەیە. لەنیویاندا هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووە کە بەهۆیەوە پیشانی دەدەین دەتوانین چی ڕایەکی گشتی لەدەوری پرسێک درووست بکەین.

ئەم کەرەستەیە لە کۆمەڵگای کوردستان و ئاکتیڤیزمی کوردیدا بووەتە گاڵتەجاڕییەکی ئێجگار گەورە و ئەوەی خۆی لەخانەی چالاکی و ڕۆشنبیرییدا هەژمار دەکات زۆرجار دەکەوێتە هەڵەی هیوا هەڵچنین لەسەر ئەم جۆرە کارە، بەتایبەت لەگەڵ دەسەڵاتێکدا کە تێکڕا هۆشمەندییەکی فیوداڵی هەیە و هێشتا نەگەیشتوەتە کەنارەکانی شارنشینی و لە هیچ سیمایەکی جەوهەری خۆیدا شارستانی نەبووەتەوە. ئەم کەرەستەیە زۆرجار بۆ خاڵیکردنەوەی بەرپرسیارێتی بەکار دێت و لاوازترین دەربڕین کە بەهۆیەوە ئەوانەی خۆیان بە خۆنەوار و دەمڕاستی بیر و هۆشیاری خەڵک دەزانن هەڵدەستن بەم جۆرە لەکارکردن، یان هەڵدەستن بە گرد کردنەوەی چەند دە کەسێک لەبەردەم باڵوێزخانەی وڵاتێکدا و یان ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتوەکاندا و داوای مافی ڕەوای خۆیان و سەرکۆنەی هەندێ دیاردە و کەس و دامەزراوە دەکەن. لەبنەڕەتەوە ئەم چالاکیانە نەک لەوڵاتێکی نادیموکراتی وەک کوردستاندا بەڵکو لەسەراسەری جیهاندا کەوتونەتە ژێر پرسیار و ناکاریی ئەم چالاکیانە بەرامبەر ستەمی سیستەم و دەسەڵاتە سیاسییەکان گەیشتوون بە ئاستێک توێژینەوە و گەڕان بەدوای جیگرەوەی (ئەڵتێرناتیڤی) تردا بووتە کاری چەندین چالاک و توێژەری خاوەن هەڵوێست و دەست ڕەنگین کە بتوانن دارێک لەسەر بەردێک دابنێن.

سەرئەنجام بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیری کوردستانی بەوە تەواو نابێت هەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی واژووکۆکردنەوە بۆئەوەی مەسعود بەرزانی خۆی کاندید نەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم! بەڵکو ئەم کارە جگە لە بێ ئەرزشکردنی ناڕەزایەتی و بەرهەڵستی خەڵک بۆ ئەو سیستەمە حوکمڕانە هیچی تر نییە، جگە لە بەتاڵکردنەوەی بارگەی بەناو "ڕۆشنبیری" کاریگەرییەکی تر درووست ناکات. ئەم جۆرە لە کارکردن دەبێتە کەرەستە بەدەست هێزە پۆپۆلیستەکانەوە بۆ پچڕینی دەستکەوتی بەشەکی زیاتر و بەهێزکردن و چەسپاندنی مانەوەی هەمان دەسەڵات لە حوکمڕانیدا. هەنگاوی گەورەی بەرهەڵستکاری بە کردەوە و پلانی گرنگتر دەست پێدەکات و دەکرێت کارتەکانی گوشاردانانیش گۆڕانکارییان تێدا بکرێت و هەنگاوەکان بە جۆری تر بنرێن. وەک پێشتر باسمان کرد هەڵمەتی بانگەشە و گوشار لەلایەن خەڵکەوە دەکرێت و بۆ سەرکەوتن پێویستی بە هێزی خەڵک هەیە، بەڵام دەسەڵاتی بنەماڵەکانی کوردستان منەتیان بە خەڵک نەماوە و ئەنجامی دەستتێکەڵییان لەگەڵ باندە جیاهانییەکانی نەوت و پایتەختە ستەمکارەکانی دونیادا منەتیان بە ڕێکخراوە جیهانییەکانیش نەماوە. دەبینین چەندین ڕاپۆرتی جیهانی لەسەر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا پەخشدەکرێن، دەبینین کوردستان بە ئیراقیشەوە لە پلەی هەرە پێشەوەی مەترسی و گەندەڵکاری و بێدادی و پڕ ئازار و پڕ نەخۆشیدا هەژمار دەکرێت و چکۆلەترین بای خەیاڵی بیرکردنەوەی ئەوانە لەسەر قەباڵەی کۆمپانیاکنیان نابزوێت و بەردوام کڕن. ئیدی هەڵمەتی واژوو کۆکردنەوە چی لە پرسی بارزانی دەگۆڕێت، بەردێکیش بیگریتە داری بێبەر هیچمان لێی دەست ناکەوێت سەرشکان و نوشتانەوە نەبێت. جگەلەوە باشترین نمونە ئەو هەموو واژووە بوو کە سەروبەدنی ڕووداوەکانی شوباتی ٢٠١١ کۆکرانەوە بۆ لاچوون و دەست لەکارکێشانەوەی بارزانی، بەمەرجێک لەسەر بەڵێنی خۆی بوو، کە دواتر هەر گوێی لێنەگرتن. واژوو کۆکردنەوە لەگەڵ ئەم ئاستەی ستەمکاری لە هەرێمی کوردستاندا هیچ زەوینە و ماتە هێز و وزەیەکی نییە، جگە لەبەهەدەر بردنی کات و خراپ کردنی متمانە و مۆراڵی گشتی.

لێرەدا بەتایبەت ئەوانەی کەلەدەروەی وڵات دەژین و بەتایبەتتر ئەوانەی لە ئەوروپا و ئەمریکادا هەڵمەتی واژوو کۆکردنەوە دەکەن، کارێکی لاواز ئەنجام دەدەن و دەستبەردار بوونی ئەم کارە گەلێک باشترە. خەڵکێک کە لەناو کوردستاندایە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دەسەڵات هەیە و دەنگەکانی کاریگەریی دانانێن، ئایا دەبێت خەڵکێک کە لە وڵاتێکی ترە و دەسەڵاتی هەرێم خۆشحاڵە بە ئاوارە بوون و نائامادەیی لە کوردستاندا چ کاریگەرییەک بتوانێت درووست بکات بەڕێگای ئەو هەڵمەتە نازانستی و سەرنەوکەوتووانە.

سەرۆک دەبێت دادگایی بکرێت:
هەموو ئەو بەرهەڵستییەی من بۆ هەڵمەتەکانی واژوو کۆکردنەوە و هەڵمەتە لاوازەکانی بانگەشە و داکۆکی، ئەوە ناگەیەنێت کە داوابکەم با کۆمەڵگای مەدەنی و سیاسەتمەداری بێلایەن بێدەنگ بن و بەلایانەوە گرنگ نەبێت مەسعود بارزانی چی دەکات و چۆن دەبێتەوە بە سەرۆک. بەڵکو دەمەوێت بڵێم ئەو ڕێگایەی چەندین ساڵە گیراوەتە بەر لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ڕێگایەکی نازانستی و ناکارا و نا پیشەیی و نا پسپۆڕانەیە. بەرهەمی ئەو هەموو ناخۆشییەی بەسەر کوردستاندا هاتوون ئەنجامی لاوازی سەرۆک و بەرهەمی کارە لارەکانی ئەون. ئیدی دەبێت بەرەو دادگایی کردنی بەرین نەک دەستبەرداری ببینن و خۆ کاندیدنەکردنەوەی بکەینە پاڵەوانێتی. لە بنەڕەتەوە هەڵبژاردن و بەسەرۆک بوونی ئەو لەژێر پرسیاردایە و ئەگەر هێزە دیارەکانیش ئەو پرسیارە ناکەن ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری بێلایەن دەتوانن ئەو پرسیارانە زەق بکەنەوە و بەکردوە بەرامبەر ئەو بێدادیانە بەدەنگ بێن.

بەڵێ ئەو سەرۆکەی هەرێم باشترە کاری لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت و خودی پۆست و پرسی سەرۆک بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئەو ڕێگایانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە دەگیرێنە بەر تەنیا ڕێگای پاسیڤ و ناکاران و جگە لە بەهێزکردنی بێدادی هچی تر بەرهەم ناهێنن.