بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





01/09/2021

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان (ئەزموون و تێکشکان)

سی ڤییەکی چکۆلە:

بۆ ئەوەی خوینەری خۆشەویست لەبنەمای ئەم باسە زیاتر تێبگات، بە پیویستی دەزانم کورتە مێژووییەکی کاری خۆم وەك نووسەرێکی ئەم بابەتە لە چەند دێڕێکدا بخەمە ڕوو:

١٩٩٢ بۆماوەی شەش مانگ لەگەڵ پزیشکانی بێ سنوور وەك وەرگێڕ لە نەخۆشخانەکانی پێنجوین و سەیسایەق و هەڵەبجە کارمکردوە.

١٩٩٣ بۆ چەند مانگێك وەك فۆتۆدیڤلۆپەر لە میدیکۆ ئینتەرناشنال کارمکردوە.

١٩٩٤-١٩٩٦ لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان چەندین پرۆژەم جێبەجێکردوە و بۆ ماوەی زیاترە لە ٩ مانگ لەسەر پرۆژەیەکی منداڵپارێزی بەریتانی ئینتیداب بووم.

١٩٩٦-٢٠٠٩ لەگەڵ ڕێکخراوی ئێن پی ئەی نەرویجی چەندین کارم کردووە لە: پڕۆژەی مینپاکی، کارگێڕی ڕێکخراوەکە، بەرنامەی گەشەپێدانی کۆمەڵ...تاد

لەم ماوەیەدا بەشداریم کردوە لە دامەزراندن و سەرپێخستنی زیاتر لە بیست ڕێکخروای جۆربەجۆر و پەناگەی پارێزگاری ژنان و ڕۆژنامەی سەربەخۆ و خوێندنی ئەکادیمی و چەند پرۆژەیەکی توێژینەوەی زانستیشم ئەنجامداوە و سەرپەرشتیم کردوون. ژماردنی ئەم کارانە و پرۆژەکانیان دەبنە شتێکی نەشیاو بۆیە ناکرێت هەموویان باس بکەم.

٢٠٠٩-٢٠١٠ لە دێسکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی ئێن پی ئەی بۆ پرۆژەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئۆسلۆ کارمکردوە.

٢٠١٠-٢٠١٩ لە لقی ئۆسلۆی ڕێکخراوی ئای ئۆ ئێمی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاویژکار بووم بۆ کۆمەکی پەنابەران.

لەماوەی هەموو ئەم کارکردنانەدا بەشداریم کردووە لە ئەنجامدانی چەندین پرۆژەدا، ئەم پرۆژانە مەرج نییە تێکڕایان سەرکەوتوو بووبن و بەردەوامیان هەبووبێت، بەڵام ژمارەیەک ئەزموون و زانیاریان بە من بەخشیوون. سەرباری ئەوانەش ژمارەی ئەو کۆرس و سیمینار وهەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوانەی کردوومن بۆ پرۆژە و پرۆگرامە جۆربەجۆرەکان ئاسان ناژمێردرێن و باس ناکرێن ئەوە جگە لە خوێندنەوە و بەدواداچوونی خۆم، بۆیە بەپێی ئەم ئەزموونە خاکەڕایە، ڕێگا بە خۆم دەدەم هەڵسەنگاندنێکی خێرا بکەم بۆ کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە کوردستاندا. بێگومان ئەم هەڵسەنگاندنەش لەسەر بنەمای بیر و تێگەیشتنی تایبەتی منە، دەکرێت خەڵکی تر ڕای جیاوازی هەبێت.

 پێشەکی:

سەرەتا گرنگە بزانین مەبەست لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان چییە! ڕێکخراوی مەدەنی جۆرێكن لە ڕێکخراوی سیاسی کە بە شێوەی خەباتی مەدەنی کارەکانیان ئەنجام دەدەن و دەکەونە نێوان دەوڵەت و خێزانەوە، یان دەکەونە نیوان خێزان و دەسەڵاتەوە. لەم نێوەندەدا ڕێکخراوەکان دەبنە پێکهاتەیەك لەو خەڵکەی خۆیان ڕێکدەخەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێك، کەواتە دوو ئەرکی مەزن و گرنگیان دەکەوێتە ئەستۆ: یەکەم بەرزکردنەوەی ئاستی داواکانی خەڵک بۆ گەیشتن بە مافەکانیان و بەرزکردنەوەی هۆشیارییان بۆ ئاستێک کە بتوانێت لەبەردەم ئەو داواکارییانەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت. دووهەم ئەرک، ئەرکی ناچارکردن و گوشارکردنە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی کە بێتە پای داواکارییە جەماوەرییەکان و وەڵامی پێویستییەکانیان بداتەوە. ئەگەر ڕێکخراوی مەدەنی نەیتوانی ئەم دوو ئەرکە بەجێ بگەیەنێت بە شێوەیەکی مەدەنییانە، ئەوا دەبێتە داردەست بە دەست هێزێکەوە کە دەتوانێت بە مەزاج و ئارەزووی خۆی هەڵیسوڕێنێت. ئەو داردەستە جار هەیە دەسەڵاتە، جا وەوەیلا ئەگەر دەسەڵاتێکی ستەمکار بێت، جاریش هەیە پارەبەخشێکە وەیان ڕێکخراوێکی گەورەترە کە دەتوانێت کاری ڕێکخراوەییە دیاریکراوەکان لە ستراتیژی خۆیدا بەچەندین شێوە قووت بدات.

لە بنەڕەتەوە ڕێکخراو بەرئەنجامی کۆبوونەوەی چەند کەسێکی هاوئامانج دادەمەزرێت کە دەیانەوێت بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا کار بکەن و بەڕێگای چەند ستراتیژ و تەکنیکێکی کارکردن بگەنە ئامانجەکانیان. ئەگەر ڕێکخراوێک ئامانجێکی نەبوو، ئامانجێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی هەبوو یان ئامانجێکی پڕوپووچی هەبوو ئەوا بە هەمان شێوە دەکەوێتەوە خزمەتی پارەبەخش و دەسەڵات و گرۆ ستەمکارەکانی ئەم مەیدانەی ژیان. لە کوردستاندا زۆربەی هەرە زۆری ڕێکخراوەکان تووشی ڤایرۆس و نەخۆشی جۆربەجۆر بوون کە بەرئەنجامەکەی ئەوەیە بوونەتە لەمپەڕ لەبەردەم پێشخستن و سەرخستنی داواکانی خەڵك و مافە مەدەنییەکان کە تەنانەت لە سیستەمی دیموکراسیشدا ڕێگەیان پێدراوە. زۆربەی ئەم ڕێکخراوانە بە ناوی ڕێکخراوی ناحکومییەوە یان ئەوەی پێی دەڵێن ئین جی ئۆ، NGO  کاردەکەن هەرچەند ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی زیاترن لە ئین جی ئۆکان؛ بۆ نمونە: میدیاکانی دەرەوەی دەسەڵات، پارتە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات، هەموو ئەوانەی خۆیان ناو ناوە مزگەوت و کەنیسە و پەرستگای جۆربەجۆر و سەندیکاکان و ئێن جی ئۆ و رێکخراوە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و تیپ و ناوەندە هونەری و ئەدەبییەکان دەبنە بەشێك لەو کۆمەڵگای مەدەنییە، تەنانەت زانکۆ و پەیمانگا ئەهلی و سەربەخۆکانیش بەشێکن لەم پرۆسەی بە مەدەنیکردنەی کۆمەڵگا. لە کوردستاندا ئەمانە هەموویان و بەتایبەت ئێن جی ئۆ کان بوونەتە گرێیەك کە خودی کاری ڕێکخراوەییان ناشرین کردووە و بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم کاری مەدەنی و کاری سیاسیشدا. بێگومان ئەمە لەخۆیەوە ڕووی نەداوە بەڵکو لە بنەڕەتەوە کاری ڕێکخراوەیی ناحکومی لە دونیادا کارێکی زۆر ناشایستەی لەگەڵدا کراوە و بەکاردەهێنرێت بۆ سەرکوتکردن و نادیدەگرتنی خواستی خەڵک. زۆرجار هەیە لەسەر ئاستی جیهان و دەوڵەتەکانیش کار دەکرێت بۆ کپکردنەوەی ڕای ڕادیکاڵانەی خەڵك لەم چوارچێوە مەدەنییەدا بە ناوی دیموکراتییەتەوە. ئەمەش پلان و بەرنامەیەکی سیستەمی سەرمایەدارییە لە زۆرشوێندا لەشێوەی ڕێکخراوی خێرخوازدا دەبینرێتەوە، لە زۆر جێگەدا وەك ئەم ئێن جی ئۆیانەی لای خۆمان کاردەکەن، ئەوە جگە لەوەی ناوەندە نیمچە شێوازبەندەکانی وەك زانکۆ و سەندیکاکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بە ناوی شەرعییەتەوە قووتدەدرێن. جگە لەوە زۆرجاریش هەیە ڕیگە نادەن بیروبۆچوونە خۆجێییەکان شکڵی خۆیان بگرن و بۆ ئامانجی خەڵكی ناوچەیی کار بکەن. لەم باسەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر هەندێ گۆشە و هاوکێشەی نادیاری ئەم کارانە.

مێژووی کاری مەدەنی لە کوردستاندا:

بەرلە ١٩٩١ هیچ ئەزموونێکی بنەڕەتی و سەرەتایی بۆ ڕێکخراوی مەدەنی بەدی ناکەین. زۆربەی زۆری ئەو جووڵانەوە و  کارانەی پێشتر بە ناوی بەرەنگاری ڕژێمە سیاسییەکانیشەوە درووستکراون وەك هێزی دەسەڵاتدار مامەڵەیان کردووە. تەنانەت لە دۆخی شۆڕشی پارتە سیاسییەکان خۆشیاندا هەموو نەیار و جیاوازەکانی خۆیانیان بە هیز سەرکوتکردووە. ئەگەر ڕێکخراوێکی جەماوەریشیان دروستکردبێت لە چوارچێوەی خەباتی شاخدا وەك یەکێتی مامۆستایان و قوتابیان و ئافرەتان، ئەمانە یەکێتی مامۆستایانی ڕاستینە نەبوون و بەڵکو ڕێکخراوی سەر بە دەسەڵاتی شۆڕش بوون. بۆ باس لە دەسەڵاتی شۆڕش دەکەین؟ چونکە لە بنەڕەتەوە شۆڕش خاوەنی هێزێکی سەپێنەر بووە و توانیویەتی بڕیارەکانی خۆی لە ناوچە ئازادەکاندا بە هێز بسەپێنێت و پەراوەی ترساندن و تۆقاندنیش لە ناوچەکانی ژێر دەستی ڕژێمی حوکمڕاندا بکات، کەواتە شۆڕش، شۆڕشێکی بێ دەسەڵات نەبووە. ئەگەرچی لەکۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدا چەند هەوڵێکی ڕۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ هەبوون بەڵام زۆر زوو پووکاونەتەوە و بەردەوامیان بە خۆیانەوە نەدیووە و پارتە سیاسییەکان خەڵکی خۆیانیان بە نیازی کۆنترۆڵکردن تێخزاندوون.

لەدوای ساڵی ١٩٩١ ئەزموونی ڕێکخراو و ڕێکخراوی جەماوەری و هەوڵی سەندیکای پیشەیی و شوورا و فرەیی پارتی سیاسی و ڕۆژنامەی ئازاد و چەندین ئەزموونی تر دێنە پێشەوە. لەم کاتە بە دواوە ڕێکخراوە جیهانییەکان ڕۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕن لە پەیدا کردنی ڕێکخراوە ناوخۆییەکاندا و چەندین نمونە و چەندین ئەزموونی جۆربەجۆر دەخەنە ناو کۆمەڵگای کوردستانەوە. بێگومان ئامانجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەرەتا بە کاری فریاکەوتن و خێرخوازی دەستپێدەکات و پاشان دەبێت بەکاری بووژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە و دواتر دەبنە کاری گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی تواناییەکانی خەڵک. لە هەموو ئەم مێژووەدا ئەجێندا و ستراتیژی ڕێکخراوە بیانییەکان دیاریکراوە کە دەیانەوێت کۆی کۆمەڵگای مەدەنی بە کوێ بگەیەنن و لە ڕێگەی فۆرمی خوازراوی جیاوازی خۆیانەوە دەیانەوێت هەژموونداری بەسەر کۆی کایە دیموکراتی و حوکمڕانییەکاندا بکەن، یان هەر هیچ نەبێت بازاڕەکانی سەرمایەداری بۆ بەرهەمەکانی خۆیان فراوانتر بکەن.

پاش ناساندنێکی نیمچە شێواز بەندی هەرێمی کوردستان وەك بەشێك لە دەسەڵاتی ئێراقی، بە تایبەت لەپاش ساڵی ٢٠٠٥ ەوە وردە وردە ڕێکەوتنی نیودەوڵەتی و قونسڵخانە و ئەجێنداکان لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتداردا دەستپێدەکات و کاری مەدەنی و پشتیوانی لە کاری مەدەنی دەچێتە قۆناغێکی ترەوە. کە لەو قۆناغەدا هەموو پشتیوانییەکان لە کۆمەڵگای کوردستان وابەستەیە بە ڕەزامەندی هێزە دەسەڵاتدارەکەی ناو کوردستان خۆیەوە و تەنانەت بە میتۆدی بەش بەشێنە دڵی نێوان پارتەکانیش لە هەولێر و سلێمانی ڕادەگرن. ڕێخراوە جیهانییەکان بە نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە زۆر بە باشی ئەجێندا و ستراتیژی خۆیان جێبەجێکردووە لە نا ئاماددەی هێزە مەدەنییەکانی ناو کوردستاندا و هەمیشە ڕۆڵێکی نەرێنیان بینیووە لە کاراکردنی هێزی خەڵکدا لەناو کۆمەڵگادا. جگە لەوە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بە هەموو شێوەکانییەوە کارێکی زۆر ناشایستەیان کردووە بۆ دەستەمۆکردن و کۆپی کردنی ڕێکخراوی خۆڕسک و خەنجەری ژەهراوی زۆریان لە سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی ڕاستینە و ڕەسەن داوە. وەك هەر پیشەیەکی ئەم دەسەڵاتە نەك دامەزراوەکانی بونیاد نەناوە، بگرە ئەوەی خۆشی بە شێوەیەکی خۆڕسک هەوڵی خۆ درووستکردنی دابێت ئەوان بە بیانووی مۆڵەتی یاسایی و بە بەهانەی پاراستنی ئەمنییەتی نیشتمانەوە سەرکوتیان کردووە و ناچاریان کردووە بە چوونە ژێر باڵی سیستەمەکەی ئەوان.

 ڕێکخراوی مەدەنی چۆن پێکدێت:

سەرەتا گرنگە کۆمەڵگا تیۆر و بنەما مەدەنییەکانی لە ئارادا بن و تێڕوانین و دیدێکی هەبێت بۆ دابەش بوونی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر تاك و دەسەڵات و ڕێکخراوەکاندا، ئەگەر ئەم دیدو تێڕوانین و دابەشکردنی کارە ئاماددە نەبێت، ئەوا هیچ کات کۆمەڵگایەك بەتایبەتی کۆمەڵگایەکی وەك کوردستان ناتوانێت سوود لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەربگرێت. بە تایبەتیش کە لە دۆخی جەنگێکی بەردەوامدایە لەلایەن هەمووە بەرامبەر بە هەموو. بەگشتی ئێمە پێکهاتەیەکمان هەیە لە کۆمەڵدا پیی دەوترێت خێزان ئەم خێزانە دوان یان زیاتر لە تاکەکان لە خۆ دەگرێت و جاریش هەیە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا خێزان لە یەك کەس پێکدێت. پێکهاتەیەکی تریشمان هەیە کە پێی دەوترێت سیستەم یان دەسەڵاتی حوکمڕان کە خۆی لە دەوڵەتدا دەبینێتەوە، ئەم پێکهاتەیەش سەرجەم یاسا و دەزگا هێزدارە سەپێنەرەکان لەخۆدەگرێت وەك (پۆلیس و سەرباز و هێزە ئەمنییەکان) کە ئەمانیش دەتوانن حوکمی تاك لەناو ئەو خێزانانەدا بە یاسا و خزمەتگوزاری گشتی و زۆری سەربازی ڕێکبخەن.

بەرئەنجامی بێ توانایی دەسەڵات لە ڕێکخستن و دابینکردنی هەموو پیویستییەکانی تاك لە ناو خێزاندا، هەروەها بەرئەنجامی زۆری پێویستی و هەمەجۆری پێویستییەکان، خەڵک هۆشیارییەکان بۆ درووست دەبێت کە خۆیان بە شێوەی جیاواز لەدەرەوەی ئەم سیستەمە ڕێکبخەن و هەوڵبدەن داواکارییەکانیان بەرنەپێش لە ڕێگای دەسەڵاتێکی جیاوازەوە یان ناچارکردنی دەسەڵات بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان. 

لەم نێوانەدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەو ڕێکخراوانەن کە لەناو چۆرچێوەی خێزان دێنە دەرەوە و گەورەتر لە پرسی پێویستی تاکەکەس بیر دەکەنەوە، بۆیە ئامانجێکی هاوبەش و دونیابینییەکیان دەبێت تا بە هۆیەوە لە بوارێکی دیاریکراودا کۆمەڵگا بەرەوپێش بەرن و پیداویستییەکانی خێزان پڕبکەنەوە کە دەکات (خەڵك) بۆ ئەم مەبەستە لە لایەك دەبێت گوشار لەسەر خەڵک دابنێن تا لە ئاستی ئەو داخوازیانەیاندا خەباتی مەدەنی بکەن، لەلایەكیش سیستەم و دەسەڵات دەبێت ناچار بکەن بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکاریانە قبووڵ بکات. لێرەوە ڕێکخراوەکان دەکەونە بەر دوو گوشار، گوشاری خەڵک و گوشاری دەسەڵات. ئەگەر ڕێکخراوەکان زۆر ئاوێتەببن بە خواستەکانی خەڵک ئەوا دەبنە ڕێکخراوی پەڕگیر و دژ بە دەسەڵات و هەندێ جار باری یاخی بوون لە خۆیان دەگرن. ئەگەریش بیانەوێت لە دەسەڵاتەوە نزیك بن ئەوا دەکەونە دۆخێکەوە یان کەموکوڕییەکانی دەسەڵات دادەپۆشن یان دەبنە بەشێک لە دەزگا سەرکوتکەر و ستەمکارەکانی دەسەڵات، وەك زۆربەی زۆری ڕێکخراوەکانی کوردستان.

کەواتە هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بخوازن یان نەخوازن پێگە و جێکەوتێکی دیاریکراویان هەیە لە نەخشەی سیاسیدا، تەنانەت ئەگەر ڕێکخراوێک بن بۆ دابەشکردنی شیر و دایبیش بەسەر منداڵاندا. خۆ نەناسین لەچوارچێوەی ئەم نەخشە سیاسییەدا و ناڕەسەنی بوونی ڕێکخراوەکان ئەو دۆخە درووستدەکات کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەیبینینەوە.

 ڕێکخراوی مەدەنی ڕاستینە یان ڕەسەن:

لە کۆمەڵگای کوردستاندا ئەوانەی لە کەرتی مەدەنیدا کاردەکەن، تێکڕا دابەش دەبن بەسەر سێ گرۆی جیاوازەوە: بەشێکیان ئەوانەن کە بوونەتە هەڵسوڕێنەر و سووتەمەنی ڕێکخراوی سێبەری حیزبە دەسەڵاتدارەکان و خۆیان لە کەوڵی پێشکەوتووخوازیدا نمایش دەکەن، کە بە ڕای من هەموو تاوانباری گەورەگەورەن و شەریکە گەندەڵی بەرپرسەکانن. بەشێکی تریان لایان وایە کۆپیکردنەوەی کۆمەڵگای پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی بەو جۆرە دەتوانێت کۆمەڵگا پێش بخات و ئەمانیش لە لاسیایی کردنەوەی ئەوەدا دەتوانن نمونەیەك پێشکەش بکەن، کە بە داخەوە لە دۆخی کارکردن و میتۆدی ڕێکخراوەکاندا ناتوانن بەرهەمی گۆڕانکارانەیان هەبێت. بەشێکی زۆریش لەخەڵک لە بەر بێ مووچەیی و خراپی دەرفەتی بازاڕ و نەبوونی ڕێگایەك بۆ چوونەدەرەوە لە وڵاتەکە بە سەلامەتتری دەزانن لەم ڕێکخراوانەدا کار بکەن تا ڕاستەوخۆ مل بە پارتە سیاسییەکان بدەن. ئەم بەشەی کۆتاییان گلەییەکی ئەوتۆیان لەسەر نییە، بەڵام ئەو دوانەی پێشترە پێویستیان بە ئاگاهێنانەوە و پەردە لەسەر هەڵماڵین هەیە.

بۆیە، بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕێکخراوەکان کاردەکەن، هەموو پرۆگرامدانەر و بەڕیوەبەرەکانیان، هەموو بۆرد و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیان کە ئەمڕۆ لە کوردستانی ئێمەدا ئالوودەی: مقەڕ و بودجە و مۆڵەتی ڕەسمی و پشتیوانی دەرەکی بوون. بۆ هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ ئالوودە و تووشی موچەی قەبە و پۆستی بەرز و دەرکەوتنی سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن بوون. بۆ هەموو ئەوانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و ئەرکی خەباتی سیاسی بە چەند وۆرکشۆپ و سیمینارێك لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە. ئێوە پاکتان نە پەیوەندیتان بە کۆمەڵگای مەدەنییەوە هەیە نە لە کۆمەڵگادا دارێك دەخەنە سەربەردێك. ئەگەر یەکێك لە ئێوە بەڕاستی دەخوازێت ڕێکخراوی مەدەنی ڕەسەن و زیندوو درووستبکات، ئەوا پێویستە لەسەر ئەم خاڵانە کەمێك ڕابمێنێت:

یەکەم: ڕێکخراوی مەدەنی بەبێ دونیا بینی و ئامانجی تۆکمە و بنەڕەتی بۆ کۆمەڵگا دانامەزرێت و بەبێ بوونی سیاسەتێکی دانایانە ناتوانیت کارەکانی خۆی بەڕێ بکات و ببێتە ناوکۆکەیەکی پتەو بۆ کۆمەڵگا.

دووهەم: ڕێکخراوی مەدەنی پێویستی بە بارەگا و بودجە و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و موچە و ئەتەکێتی باڵای بۆرجوازی نییە، ڕێکخراوی مەدەنی شوێنی خۆی لە ناو خەڵکدا دەکاتەوە و لە ناو ماڵە هەژارەکاندا کۆدەبێتەوە و بە پێی پێویستی قۆناغ خۆی ڕێکدەخات و بەکارەکانی پێشدەکەوێت.

سێهەم: ڕێکخراوی مەدەنی ئەرک و پرۆژەکانیشی بە بێ پارە دەتوانێت جێبەجێ بکات، چونکە بنەمای کاری مەدەنی و بەکۆمەڵ کاری خۆبەخشانەیە و هەموو یەکێك لە ئێمە بەشێك لە کاتی زیادەی خۆی هەیە پێشکەش بە کۆمەڵگای بکات. کۆبوونەوە و هۆشیارکردن بە بێ کێك و شەربەتیش دەکرێت، بە بێ هۆڵی پێنج ئەستێرە و لە ماڵەکانیشدا بەڕێوە دەبرێت.

چوارەم: ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت ئەرکێکی بنەڕەتی بۆ خۆیان دەستنیشان بکەن، بۆیە ئەرکی ڕێکخراوی مەدەنی ئەوە نییە کەموکورتییەکانی دەسەڵات دابپۆشێت، لە بری ئاوی ڕەئیسی تەنکەرە ئاو دابەش بکات. لە بری دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتی منداڵپارێزاندا بچێت جل و بەرگ و شیر بەخێر و سەدەقە بەسەر منداڵی هەژاراندا دابەش بکات. ئەرکی ڕێکخراوی مەدەنی ئەوەیە گوشار بخاتە سەر جومگە خواربووەکانی کۆمەڵگا و ڕاستیان بکاتەوە. هەژاری و ناڕێکی دابەشکردن لە کۆمەڵگادا، ئەنجامی غەزەبی خواوەندێک یان کارەساتێکی سروشتی نییە تا فریاگوزارییەکی کوتووپڕی بۆ بکەین، تەنانەت ئەوەش ئەرکی سوپاکانە، بەلکو ئەو ناڕێکیانە ئەنجامی خراپی سیستەمی ئابووری و حوکمڕانییە، لەوێڕا بەشداری و ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەردەکەون.

 سەرئەنجام پێم خۆشە بلێـم ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا بە گشتی دەگوزەرێت لە نێو کۆی ڕێکخراوەکاندا، لەبەینبردنی وزەیەکی کار و پول و پارەیەکی بە ناڕێک دابەشکراوە. ناتوانێت کاریگەرییەکی گەورە و پڕ ئامانجی لێ ببینینەوە بۆ داهاتووی کۆمەڵگاکەمان. ئەگەرچی بەشێکی بە شیوەیەکی هەڕەمەکی تازە وا هاتووە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەم دۆخە ئەنجامی یاسا سەپێنراوەکانی دەسەڵاتە، ئەنجامی لاوازی کاراکتەرەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، هەروەها ئەنجامی هەبوونی پەراوێزێکە بۆ گەندەڵی بە ناوی مەدەنییەتەوە.