بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





28/07/2018

بۆ- هەڵاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی / خاڵی هاوبەش و دوو جۆری بنەڕەتی بەشداریکردن

خاڵی هاوبەش و دوو جۆری بنەڕەتی بەشداریکردن

بەداخەوە کە نایەتەوە یادم ناوی ئەو دانایە چییە کە دەستەواژەیەکی زۆر جوان و ڕاستەوخۆی هەیە و دەڵێت: "ئەو بۆقەی هەموو ژیانی لەبیرێكدا بەسەردەبات هیچ لەبارەی ڕووبار و دەریاوە فێرنابێت". لەم باسەدا بە جۆرێك لە جۆرەکان، دەرمانخست کە بنەڕەتی دەبەنگی بۆ بەدحاڵی بوون دەگەڕێتەوە. وەك بنەمایەکیش زانراوە کە سەرچاوەی بەدحاڵی بوونیش نەبوونی زانیاری و بێ ئاگاییە، یان باشترە بڵێین بێ ئاگاییەك کە سەرچاوەی لە یەك تێنەگەیشتنە.
لەم پنتەوە دەگەینە ئەو هاوکێشە پێچەوانەیەی کە بەردەوام تێنەگەیشتن دەبەنگی درووست دەکات و دەبەنگیش تێنەگەیشتن. لەم پێوەندەدا ترسناکترین ڕاستی، ڕاستی ڕەهایە. واتە ئەگەر ئەم پرۆسێسە بەڕێوە بچێت و بە ڕەهایی و کۆتا بیبینینەوە، بڕوانە نمونەی بۆقەکە! ئەوا لە خۆیدا ڕاستی تەواو لای هیچ کەس نییە، چونکە لە بەرامبەر ئەم بۆقەدا بۆقی ناو دەریا و ڕوبارەکانیش هیچ دەربارەی ژیانی ناو بیرەكان نازانن. لێرەدا وتەكان زۆر گرنگ نامێنن، ئەگەر بابەتێكی وەك بەشداریكردن نەهێنینە مەیدانەوە بۆ لێدواندن لە نێوان لێکچوونەکاندا. بە بێ لێدواندن دەربارەی خەمەکان هیچ کات نازانین بۆقەکان لە چیدا هاوبەشن، بەڵام هەر لە تێڕوانینێکی پارادۆکسیانەدا بۆ سەرەوە تێدەگەین بۆقەکان شتێك هەیە کە دەربارەی دۆخ و ژیان و ژینگەی یەکتر نایزانن. خاڵی هاوبەش کە زانینیان بۆ دروست دەکات لێدوان و گفتوگۆیە، زمان و دەربڕینەکانێتی، دەستەواژە و ئایدیاکانە لە خاڵی هاوبەشی هەردوو ژینگەکەدا کە ئەویش نەزانینە دەربارەی یەکتر. لێدواندن ناوەڕۆکی جیاوازییەکان و لێکتێگەیشتن و پرسی درووستکردنی یەکسانی نێوان جیاوازەکانمان بۆ چارەسەر دەکات. بەتایبەت کە یاساكان و پرسە شمولیەكان چەند كەسێك دایانناوە و گشتاندویانە بۆ ئەوەی هەموومان لەیەك بچین. دواتر جیاوازەكان لەوانەیە بەهانەیەکی ڕەوایان پێ نەبووبێت بۆ وەستاندنی ئەو سەپاندنە، لەبەرامبەردا لە یەك تێنەگەیشتن بوەتە بەرئەنجام. خاڵی هاوبەش كە كۆدەنگی یان كۆكبوونی جیاوازەكان پێكدەهێنێت، بەو مەرجەی کۆکبوون بە جۆرێك پانتایی جیاوازمانەوەیان چكۆلەنەكاتەوە، ئەوا گرنگە لە بەشداری بێقەید و شەرتەوە سەر دەربهێنێت و سەقامگیرببێت. دوو هۆكار دەبنە كۆسپ لەبەردەم بەشداری یەکسان و هاوشێوەدا: یەكەم؛ دەسەڵاتی تۆتالیتاری، كەبێدادی و قۆرخكاری سەرچاوەكان و ڕێگری لە ئازادییەكان بە بەردەوامی دەهێنێتەوە ئاراوە، چونکە ئەو دوانە سەرچاوەی مانەوە و بەردەوامی ستەمکارین کە ئەو خۆشی بەشێکە لەو ستەمکراییە. دووهەم؛ ئەوپەڕەكانی توندڕەوی كە دەبنە لەمپەڕ لەبەردەم بەشداریدا و بەرهەمهێنانەوەی تۆتالیتاری چ لە دەسەڵاتدا یان لە دەرەوەی دەسەڵاتدا بەردەوامی بەو ژینگەیە دەدەن كە ناهێڵێت لێكتێگەیشتن ببێتە سایەیەك بۆ بەردەوام بوون.
لە تای بەرامبەردا، بەشداری دوو دەرفەتی زێرین درووست دەكات یەكەم بەردەوام بێدادای دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەرفەتی یەكسان دەخولقێنێت، كە یەكێكە لە پرسەكانی دەستەبەرکردنی یەكسانی جیاوازەكان. دووهەم دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشە كە بەفەری درووست بوونی كۆكبوونی گشتییە چ لەسەر ئاستی گرۆیەك یان لەسەر ئاستی كۆمەڵگایەك بەگشتی. ئەوەی هێزە ستەمکارەکان و بە تایبەت سەرمایەداری و تەکنۆلۆجیای نوێ و بە تایبەتتریش تەکنۆلۆجیای زانیاری دروستی دەکات بەشداری مەرجدارە، ئەو مەرجەی لە دەرەوەی کڵێشەی کێشراودا پرسیار درووست نەکەین، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی دەچێتە خانەی ناسیستەمەوە یان لە سیستەم دێتە دەرەوە، زۆرجاریش بەوە تاوانباردەکرێین کە بەم کردەیە (پرسیار و گومان) سەرلێشواندن بۆ سیستەم دروست دەکەین. بەشداری مەرجدار دەرفەت و بوارەکانی خوڵقاندنی کایەی وزەبەخش بە داهێنانی سەربەست دەپووکێنێتەوە. جار هەیە لەچوارچێوەی ئەم سیستەمە بەناو "ئازاد"ەدا هەندێ داهێنان دەبینین و ئەوانەش زۆرجار لە پێناو قازانجێکی دیاریکراودا ئازار و ئەرکەکانی مرۆڤ کەم دەکەنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە ئەو داهێنانانەن کە لەسەر ڕەوڕەوەیەکی دیاریکراو ڕیگەپێدراون، ئەو ڕەوڕەوەیەی بەس بە تێپەڕ بوون بەنێوانی ماشەکانیدا ئازار و ئەرکێکی نادیارمان بۆ زیاد دەکەن. ئەم ڕەوتە بەردەوام مرۆڤ ناچار دەکات لە چوارچێوەدا بمێنێتەوە بۆ گرنگیدان بە بەردەوامی خۆی و ئەو سیستەمەی دژێتی و بەناچاری تێیدا دەژی.
خاڵی هاوبەش ئەو بەستەرەیە، یان ئەو بۆندەیە كە بەهۆیەوە "جیاوازی" لە مەترسی دووردەخاتەوە، ئەو مەترسیەی هەڕەشە لە یەكانگیری گرۆكان دەکات. ئینجا با بگەڕێینەوە بۆ ئەو بەشەی هاوكێشەكەمان كە هەموو مرۆڤەكان لەیكدی دەچن. سەرباری ئەم لێکچوونە گشتییە کەچی خاڵی هاوبەش هەمیشە شاراوەیە، یان ئەو هۆكارە پۆزەتیڤەیە كە لە پرۆسەی بونیادناندا ڕۆڵی سەرەكی هەبوو، بەڵام کاتێك لە بنەڕەتەوە پرۆسەی بونیادنان پرۆسەیەكی سەختگیرترە لە داڕووخاندن (یاسایەكی فیزیكیە)، ئەوا ئەوەندەی تر ئەو خاڵە هاوبەشانە شاراوە دەبن یان ژینگەیەك وەبەردێت کوێرایی بۆ بینینی خالە هاوبەشەکان درووستدەکات. دواجار خاڵی هاوبەش ئاستەنگ دەردەكەوێت واتە دۆخێك نییە بەبێ وزە كاركردنی تێدا بەرجەستە ببێت، لەبەرامبەردا خاڵی جیاواز و ناكۆكی زۆر سادە و ئاسان دەبزوێنرێت. هەر وەك لە ئەڵقەکانی داهاتوودا دێینە سەر باسی نێگەتیڤ بوون چ چێژێك و چ ڕەزامەندی و چ هەستێکی ئۆرگازمی درووستدەکات بۆ بەرەی چەوساوەکان و بەرە داگیرکراو و نامۆکان. لێرەڕا بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش تا كۆكبوون لە فابریكەكانی گرۆ و فابریكە كۆمەڵایەتیەكاندا درووست ببێت، پێویستمان بە میكانیزمی تایبەت هەیە كە پسپۆڕ بن لە درووستكردنی ئەو فابریكانەدا كە بریتیین لە خولقێنەرەکانی کەرەستە و شێواز و بابەتەکانی بەشداریکردن. بەشداری جۆری زۆرە بەسەرەكی دابەشیان دەکەینە سەر بەشداری كارا و بەشداری مت. بەشداری كارا ئەو جۆرەی بەشدارییە كە گوتار و كردار چالاکانە بەڕێوە دەبات و بەرهەمی کردەکانی لە فیزیای گۆڕانکاریدا بەرجەستە دیارن. بەشداری منیش لە بیرکردنەوە و ڕەخنە و بەخۆداچوونەوەدا کۆدەبێتەوە کە جارێکی تر ئەگەر دەرفەت قەتیس نەکرێت دەبێتەوە بە وزەیەکی گەورە و پۆتێنشیاڵێکی مەزن بۆ بەشدارییە کاراکانی داهاتوو. بەشداربوونی کارا بۆ جەستە و پێكهاتە جیاوازەكان دەبێتەوە بە وزە، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری كاراوە؛ مشتومڕەکان دەوڵەمەندتر و لێكتێگەیشتنەکان ئاسانتر دەبن و لە بەری دەبەنگی دەپەڕینەوە. بەشداری كارا لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵیش پێویستی بە بەرزكردنەوەی ئاستی تەكنیكەكانی گوێگرتن و هاڵمژینی ڕای بەرامبەر و هێز و گوڕی شرۆڤە...تاد هەیە. دروستكردنی زەمینە بۆ قبوڵی جیاوازی یەكێكە لە تەكنیكە چكۆلەكانی ئەو پرۆسەیە كە لە كۆی سیاسەتی گشتی و تایبەتی كۆمەڵگای ئێمەدا ئەم تەكنیك و كەرەستانە تەواو لاواز و هەژارن. هەروەك چۆن بەشداری کارا کەرەستەی خۆی هەیە، بەشداری متیش کە دەبێتەوە بە ماتەوزە بۆ بەشداری کارا هونەر و زانست و تەکنیکی تایبەت بە خۆی هەیە کە دووبارە پەروەردەی ئێمە لەم باوانەش دەمێك وەختە هەتیوکەوتوە.
لەپێناو گەیشتن بەو خاڵە هاوبەشانەی كۆكبوون درووست دەكات، كۆكبوونێك كە جیاوازی پارێز و بنەمای بەرهەمهێنانی گرێبەستی گشتی بێت. هەروەها گریبەستێك مل بە جیاوازی بدات و ژینگەی مشتومڕی گشتی و بەشداری هەمەكی بهێنێتە بەرهەم. لەم سەردەمەدا ئەمانە ئەلف و بێی سەرەتایین بۆ درووستكردنی كۆمەڵگای گەشەسەندوو، كە تێیدا تەنانەت دۆخی سەركردایەتی و دۆخی بەڕیوەبردن لە تاكەكەس دەردەچێت و دەبێتە ئەركی جڤاتی و تیمەکان پێی هەڵدەستن. بەڵام لە كۆمەڵگای دواكەوتوودا كێشەی گفتوگۆ و مشتومڕ هەیە، كێشەی بەشداری کارا و بەشداری مت هەیە...تاد، حەرامکردنی جیاوازی بەپێوانەی پێویستی کۆمەڵگا ڕۆلی سەركردەی تاك و ترۆپكی هەرەم گرنگتر دەکات و بەڕێوەبردن تاكڕەوانە و تاكگەرایانە دەمێنێتەوە و ئازادییەكان سنووردار دەكرێن. سەرئەنجام بەشداری كەم دەبێتەوە و ئەوەی هەیە سیمبووڵی دەردەکەوێت. ئەوەندەی مەترسی لە جیاوازی دەبێت لەسەر هیچ شتێكی تر نابێت، بۆیە هەموو کەناڵەکانی گفتوگۆ دادەخات، حەرامیان دەکات، ناشیرین و قێزەونیان دەکات...تاد، تەنانەت هەوڵدەدات هەمیشە جیاوازەکان لە گرۆی پێناسەکراودا پۆلێن بکات؛ بۆ نمونە لەلای دەسەڵاتی ستەمکار گرنگ نییە تۆ چ بەرهەڵستکارێکیت ئەگەر شوناسێکی دیاریکراوت هەبوو، بەڵام گەورەترین جێی مەترسیت ئەگەر بەرهەڵستکارێك بیت شوناسەکەت لای ئەو نادیار بێت. ئەوەش ئەو دەمەیە کە خاڵی هاوبەش تێیدا ون دەبێت و بە هیچ ئامان و زەمانێك، تەنانەت بەهیچ تیۆرێك، بە هیچ تیۆریستێك و بە هیچ چالاکەوان و سەرکردەیەك نادۆزرێتەوە. ئەمەش باشترین ڕێگای ئارامە بۆ سەرکوتی بەرەنگاری. 

25/07/2018

بۆ- هەڵاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی / بەرهەمهێنانی یەکسانی بە پاراستنی جیاوازییەکان

بەرهەمهێنانی یەکسانی بە پاراستنی جیاوازییەکان




هیچ گرۆیەكی هەڵپێكراو یان كۆمەڵگایەكی بەردەوام بێ ڕێكەوتن و كۆكبوون بەردەوام نابێت. كۆكبوونی چوونیەكەكان لەسەر یەكلاییكردنەوەی جیاوازییەكانی نێوانیان دێتە بەرهەم. دەبەنگی ئەو دەرد و بەڵایە بوو کە لێكتێگەیشتن بەرەو ئەستەم و مەحاڵ دەبات. لێكتێگەیشتن ئەو تەوەرەیەیە كە بەهۆیەوە خاوەن جیاوازییەكان لەسەری ڕێکدەکەون! بەڵام پێشمەرجی سەرەکی لێکتێگەیشتن گفتوگۆ و مشتومڕە لە نێوان ئەو جیاوازانەدا، چونکە ئەگەر گفتوگۆ و مشتومڕ نەبێت لێکتێگەیشتن دەسەپێت لەلایەن بەهێزەوە، ئینجا چ هێزێك بێت جیاواز ناکات. هەندێك جار هێزی بازوە و هەندێک جاری تر هێزی هزر و هەژموونە جاری واش هەیە هێزی هەموو گۆڕاوەکانی هێزە بە پێکەوەیی. ئەگەر ئەم دوو کەرەستەیە (گفتوگۆ و مشتومڕ) بەڕێگایەکی تەندروست بەکارنەهێنرێن، ئەوا لە دۆخی دەبەنگیدا دەمێنینەوە، چونکە تێگەیشتن نادیارە. 
لەوانەیە گفتوگۆ و باسەکەمان وای بخاتەڕوو، ئەگەر جیاواز نەبین پێش ناکەوین! ئەمەش ڕاستییە، بەڵام ئێمە پێشتریش باسمانکردوە کە بێچارە جیاوازین و هیچ دەرفەتێکیمان نییە بۆ لەیەكچوون. ئەی کەواتە بۆ هەندێ جیاواز پێشدەکەون و هەندێکی تر بە دواکەوتوویی دەمێننەوە؟
یەکانگیری چەند جیاوازێك پێکەوە گوڕی چوونەپێش بەهێز دەکات، بە پێچەوانەشەوە، واتە دوورکەوتنەوەی جیاوازەکان مانەوە بە لاوازی بەردەوام دەکات و لە یەکەی کاتدا دواکەوتن بەرهەم دەهێنیت. ئیتر ئەم خاڵە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە ڕێکەوتن هۆکارە بۆ یەکانگیریی هەموو دوو هێزێك یان زیاتر لە دوو هێز، دەشتوانین بڵێین مەرجێکی بنەڕەتییە، واتە بە بێ ڕێکەوتن هیچ دوو هێزێك ناتوانن یەك بگرن. بەبێ جیاوازیش پێشمەرجی یەکگرتن درووست نابێت. بەڵام چی وا دەکات هەندێ لە جیاوازەکان یەکبگرن و هەندێکی تر لە جیاوازەکان لە یەکتری دوور بکەونەوە و دژ بە یەك بمێننەوە؟ ئەوەی دوو جیاواز کۆ دەکاتەوە ئەشێ زۆر شت بێت لەسەرو هەموویانەوە بەرژەوەندی هاوبەش، بەڵام ئەمە کێشەی سەرەکی نییە چونکە هەمیشە بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان دوو نەیاریشدا دەدۆزینەوە. وەك مەرجی بوونی وابەستە بە نەیارەوە (ئەگەر پۆزەتیڤ نەبێت نێگەتیڤیش هیچ مانایەکی نابێت)! کەواتە گرنگترین هەنگاو لەم باسەی ئێمەدا ئەوەیە بیدۆزینەوە کە چی شتێك، یان ئەو هۆکارانە چین کە جیاوازەکان لە یەکتر دووردەخاتەوە. دۆزینەوەی هەر هۆکارێك لەوانە گەیشتنە بە سەرەداوێك لە سەرەداوەکانی هۆکاری دەبەنگی. دوورکەوتنەوەی من لە ناسینی هۆکارەکانی تێگەیشتن و زانینی چواردەورە نەیارەکەم من دەکاتە دەبەنگێکی بێ توانا لە ناسینی شوناسی ئەویستردا. ئیتر لێرەوە کێشەکان دەستپێدەکەن تا ئەو شوێنەی نابڕێنەوە.
ئەگەر جیاواز بوون سەرەكیترین فاكتەرە بۆدرووستبوونی گرێبەست و ڕێكەوتنە كۆمەڵایەتیەكان، کەواتە کە جیاوازی سڕایەوە هێدی هێدی پێویستی گرێبەست و ڕێكەوتنەكان نامێنێت. لە نمونەی دەستووردا ئەم پرسە بخەینە ڕوو دەڵێین كاتێك سیستەمی حوكمڕانی شمولی بێت ئەوا سیستەمی دەستووریش بەخشندەیی دەبێت. كاتێكیش دەسەڵاتێك دێت و گرێبەستە گشتییەكانی وەك دەستوور دەكاتە گرێبەستێكی بەخشندەیی ئەوا یەكڕاست كۆمەڵگا بەرەو شمولی بوون دەبات، كار بۆ هاوزاڵێتی هێزی تاكە سەرچاوە دەكات.  لەلایەكی ترەوە كاتێك لایەنە جیاوازەكانی كۆمەڵگا داوای پیاچوونەوە بۆ دەستوور بكەن ئیدی كەرەستەی كۆكبوون لەژێر پرسیاردایە، هەر دەستوور و گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی نەتوانێت جیاوازەكان كۆبكاتەوە لەدەوری پرسی كۆكبوونی جیاوازەكان ئەوا تێگەیشتن مەحاڵ دەكات. نەبوونی جیاوازی پێشمەرجێکی گەورەی سەپاندنی چوونیەكییە، بەڵام كۆكبوون خەسڵەتێكێ پێشمەرج و سەرەکییە بۆ ئامادەیی جیاوازەکان پێکەوە، بە تێگەیشتنێکی ترەوە، کەواتە ئەگەر جیاوازی هەبوو ئەنجامی سرووت و سیستەمەكانی لێكتێگەیشتن كۆكبوونی لێدەكەوێتەوە. بەم پێیە زەروورەتی لێكتێگەیشتن جیاوازبوونمانە نەك چوونیەك بوونمان. لەدۆخی چوونیەكیدا بۆ تێگەیشتن لە جیاوازییەکان پێویستە تا بتوانین چوونیەکی بگۆڕین بە کۆکبوون. ئەوەش لەبەر دوو هۆکار:
١. چونکە ئەوە چوونیەکییە، لە بەڵای قەمچبوونەوە بەدەوری خۆدا و لە بەڵاکانی خێڵ و دواکەوتن و عەشرەتگەری و دەستەگەریی...تاد دوورمان دەخاتەوە.
٢. چونكە سەرچاوەی بەخشین و پەخش یەك سەرچاوەی هێزە، لە دۆخی جیاوازیدا سەرچاوەكانی هێز فرەن و كۆدەنگی و كۆكبوون لە ئەنجامی تێگەیشتنی جیاوازەكانەوە دەكەونەوە كە دەكاتە لێكتێگەیشتن.
بەپێی ئەم دوو هۆکارە دەتوانین بیسەلمێنین کە لەئامادەیی و دانان بەجیاوازییەكاندا لێكتێگەیشتن بۆ هەموو لایەنەكان گرنگ دەبێت نەك تەنیا بۆ بەهێزەکان. بەڵام لەدۆخی چونیەككردنی هەمواندا تەنیا تێگەیشتنی لاوازەكان لە بەهێزەكان گرنگی تایبەتی هەیە و هیچی تر، ئەمەش ئەو دەبەنگییە بەرهەم دەهێنێت کە سەرچاوەی دواکەوتنە، چەندێك لە پێشەنگیشدا بین. بڕوانە کۆمەڵگا و سیستەمەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی. تەنیا بە دەلالەتی پاشەکشە و ناکارایی ڕەگەزی مێ کە نیوەی دانیشتوانیان پێك دەهێنێت، دەتوانێت نیوەی کۆمەڵگا لە اکر بخات، لە بەرهەمهێنان دوور بکخاتەوە.
گەشەسەندن بە ئامانج دێتە بەرهەم، گەشەسەندن فرە ئاراستەیە تەنانەت ئەگەر یەك سەرچاوەی وزە بەخشینیشی هەبێت، ئەو فرە ئاراستەییەی گەشەسەندن پێویستیی بە فرەیی ئامانج هەیە. فرەیی وشەیەكە هاوبوونی جیاوازییە، گەشەسەندن وشەیەكە لە تەواوكارییەكاندا بەرجەستەدەبێت، بەواتای تەواوكاری لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا. پرسیارێكی گریمانەیی دەكەین: ئایا گەر لێكتێگەیشتن ڕوو لە نشێو بێت، تەواوكاری لە نێوان جیاوازیەكاندا بەكوێ دەگات؟ ئەم پرسیارە لە پێكهاتەكانی ناوكی ئەتۆمێكی چكۆلانە بكەین، ئەو كات كارەسات درووست دەبێت. بۆیە نهێنی گەشەسەندن هاوپێكەیەکی جیاوازی و تەواوكارییە كە تەنیا و تەنیا لەڕێگای لێكتێگەیشتنەوە درووست دەبێت. پێوانەیەکی ژمارەیی بۆ گەشەسەندن بەرزبوونەوەی ناوەندی تەمەنە لە کۆمەڵگاکاندا، یەكێكیتر بەرفراوانی پانتاییەكانی ئازادییە، ئەوەی تریان ژینێکی بەختەوەرە، یەكێكیتر گەورەبوونی قەبارەی یەكسانییە، لەگەڵ كەمبوونەوەی كار و زۆربوونی خزمەتگوزاری...تاد بەمانە هەموویان دادوەری پەرەدەسێنێت و لەبازنەكانی مەحاڵ دەربازی دەبێت، دەگمەنی نزیك  دەبێتەوە لە نەبوون.
زۆرن ئەو سیستەم و ڕژێمانەی كە هەوڵدەدەن هەموومان لەیەك بچین، ئایینەكان و ئایدۆلۆجیا تاك ئاراستەكان و كۆمپانیاكانی قازانجی سەرمایەداری نمونەی بەرچاوی ئەو سیستەمانەن. ئەمانە ناچارن پێش هەموو شت یەكسانی بكوژن هەندێكیان بەبیانووی بەرهەمهێنانی یەكسانییەوە ئەو هەندەی تریان بەبیانووی یەكسانی وەك كۆسپێكی كاریگەر بۆ بەختیاری و داهێنان. سروشت لەخۆیدا یەكسان و جیاوازیشە (پێشتر باسمانکردوە)، بەڵام بۆ نمونە لە بەرهەمێكی ئۆرگانیکی وەك تەماتە بڕوانە، چەندەها جۆری سروشتی هەیە، بەڵام بەرهەمە دەستكردەكان لە هەوڵدان یەك جۆر و یەك شێوگ و یەك خەسڵەت بکرێنەوە هەندێ كات یەكسان بکرێن لەقەبارە و لەكێش و لەهەموو پێكهاتەكانیاندا!  كۆمەڵگای پیشەسازی یان پەروەردەی ئیسلامی و دكتاتۆری هەمان جۆری مرۆڤ بەرهەمدەهێنن و دواتر دەیسەپێنن، بەڵام سروشتی مرۆڤی جیاواز دەكوژن. یەكسانی وەك تێرم لەهەموو ئەم بەیەك بوونانەدا زیانی بەردەكەوێت، چونكە گرنگترین شێوگ بۆ یەكسانی لە لەیەكنەچووندا بەرجەستە دەبێت نەك لە لەیەكچووندا. لەم سۆنگەیەوە یەكێكی تر لە لێكەوتەوەكانی جیاوازی دەبێت بەدەستخستنی یەكسانی بێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی. یەكسانییەکی دیراسەكراو و سەنگین كە بەرەو دادپەروەری ڕێگا خۆشكەر بێت ئەو یەكسانیەیە كە لە نێوان جیاوازەكاندا درووست دەبێت. نەك ئەو یەكسانیەی جیاوازەكان دەكات بەیەك. ئەم مۆدێلە لە لێكەوتەوەی جیاوازی زۆری دەوێت تا وەردەگیرێت، بەڵام نهێنییەكی گەورەی پێویستی لێكتێگەیشتنە لەدەوری خەرمانەی هەموو یەكسانییە خوازراوەكان بۆ هەموو جیاوازەكان.
یەكسانی پێکهاتە جیاوازەکان، نهێنییەكە بۆ دەستەبەری دوو خاڵی گرنگ: یەكەم؛ گەشەسەندن! دووهەم؛ دادپەروەریی! ئەم دوانەش دوو نهێنی گەورەی بەختیاریی مرۆڤن، ئەو پرسەی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی بەدەستیەوە دەناڵێنێت. یەكسانی جیاوازەكان لە پاوانێكدا دەستەبەردەبێت كە كۆك بوون ئامادەبێت، كە ڕێكەوتن و گرێبەستی كۆمەڵایەتی لەکۆڕدا بێت. ئەوەش تێکڕاکەی وابەستەیە بە لێكتێگەیشتنی جیاوازەكانەوە، كە دواجار دەكاتەوە بەدەستهێنانی یەكسانی بۆ هەموو جیاوازەكان. نەك پێجەوانەكەی، واتە ئەو گوتارانە تیكڕا لەژێر پرسیار و لەبەردەم گوماندان كە دەیانەوێت جیاوازی بەواتای سڕینەوەی یەكسانی بێت، یان بەپێچەوانەوە ئەو هێزانەی دەیانەوێت یەكسانی بە دادپەروەری پێناسە بكەن و تێكڕای جیاوازییەكان دەمرێنن یان خامۆشیان دەكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو بەلەیکچواندنە بە یەکسانی وێنا بکەن لە هزری هەر یەکێکماندا.

21/07/2018

بۆ- هەڵاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی / سەرەتایەك بۆ گرۆبەندی

هەڵپێكانی گرۆ و گورزەبەندی

یەكەم دەستپێك لەوانەیە بپرسین ئەی لەو هەموو جیاوازییەی هەمانە لەگەڵ یەکتر گرۆبەندی چۆن درووست دەبێت؟ ئەی باسمانمان نەکرد، گوایە هەموو گرۆبەندییەك كوشتنی جیاوازی سروشتییە؟ یان گرۆبەندی سروشتیش دروست دەبێت بەبێ ئەوەی جیاوازییەكان بكوژین؟ ئەمانە و زۆر پرسیار لەمەڕ گورزە بوون و گرۆ بەندی و پێویستی ستراتیژی پێكەوەبوون و هاوبەشی جیاوازەكان لە دروستکردندا وێنا دەکەن. لێرەدا بڕگە بنەڕەتییەکە باس دەکەین.
هەر گرۆیەك هەڵپێكرا، ئاماژەیە بۆ لێكچوون و ئاماژەیە بۆ جیاوازیش لە یەك كاتدا! لێكچوونە لە نێوەندی تاكەكانی گرۆ هەڵپێكراوەكەدا، جیاوزیشە لە نێوان تاكەكانی گرۆ هەڵپێكراوەكە لەگەڵ ئەوانەی دەكەونە دەرەوەی گرۆ هەڵپێكراوەكەوە. نزیكی تاكە كۆمەڵایەتییەكان و هاوبەشی بەرژەوەندی كورتخایەن و ستراتیژی ئەوان كلۆت بوونی كۆمەڵایەتی درووستدەكات و هەر خۆشی تەمەنی ئەو دۆخە درووستدەکات، كە ئەمەش پرۆسەیەكی سروشتییە لە نێوان هاوشێوە جیاوازەكاندا (كاتێك لەیەكەی كات و جوگرافیادا كۆدەبنەوە). هەر بۆ سەلماندنی ئەو دۆخە، لەو کاتانەدا مرۆڤ هیچ شوناسێكی تر ناخوێنێتەوە جگە لە پێویستی. بڕوانە گرۆ پۆست ئەتنیكیی و نێونەتەوەیی و ناوچەییە جیاوازەكان بە چ میکانیزم و سایکۆلۆجیایەکی دەستەگەرییەوە کاردەکەن. مادام هەڵپێكانی گرۆ لە كۆمەڵدا هەیە، هەموو هەڵپێكانێكیش پێكهاتەیەكی لە تاك بەهێزتر بونیاد دەنێت (بەتایبەت هەڵپێكانی سروشتی)، کەواتە تاك چەندێك لە تاكێتی و تاكگەراییدا ئازادە هیندە و زیاتریش پێویستی بە ئازادی ناو گرۆبەندی هەیە.
چەند سەدەیەك دەبێت لە مێژووی بیری ڕۆژئاوایی و مرۆڤایەتیشدا، بیرمەند و توێژەرەكانی كۆمەڵگا جەخت لەسەر ئازادی تاكەكان دەكەنەوە! ئەم مەودا دوورەی کارکردنی بیر، ئەو ئازادییە كوشندەیەی بەرهەم هێناوە كە تاك لە پیویستی هەڵپێكانی كۆمەڵایەتی بێبەشكردوە. لەڕاستیدا ئەوەی من دەیبینم مرۆڤایەتی لە ئازادی ناو گرۆی كەمە، واتە مرۆڤ پێویستییەكی سەرسەختی بە هەبوونی ئازادی هەیە لە ناوپێكهاتەی گرۆ هەڵپێكراوەكانی كۆمەڵدا، لام وایە ئەوەش بە هەڵگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆدی کۆمەڵایەتی ناپێویست دەبێت، کە بۆ سەردەمێك بە فەنتازیایەکەوە درووستکراون. ئێستاش ئەو فەنتازیانە نە گرنگیان ماوە، نە ژیربێژییەك، نە پێویستییەك. ئیتر بۆ دەبێت بمێنن؟ مەگەر تەنیا بۆ کۆتکردنی ئازادی، واتە وەك ڕەگەزێك بۆ کۆنترۆڵکردن! لەوانەیە ئەمە بە ژانێكی گەورەتر لە ئازادی ئیندیڤیدوالیزم پەیدا ببێت بەڵام كێشەی ئازادی لەم پرسەدا چەند بە ئاستەنگیش بەرهەم بێت دەتوانێت لەدەست مەترسییەكانی نایەكسانی ڕزگاری ببێت. چونكە ئازادی هەمیشە لەژێر مەترسیدایە بەهۆی خواستی ناكۆتای ئازادییەكانی ئەوانی ترەوە، كەواتە ئازادییەك كەمتر لەژێر هەڕەشەی مەترسیدایە كە لەناو گرۆبەهیزەكاندا بە یەكسانی بۆ جیاوازەكان بە بێ ترس دەستەبەر ببێت.
تاك بە سروشتی نا ئاگایانەی خۆی بەدوای هەڵپێكانێكدا دەگەڕێت ببێتە پانتاییەكی بەهێز بۆ بەردەوامی خواستە تاكەكەسیەكانی خۆی، بەدوای گرۆیەكدا ناگەڕێت قەتیسی بكات، یان ئازادی و خواستەكانی كەم بكاتەوە. هەموو ئەو گرۆ هەڵپێكراوانەی دژ بە ئامانج و مەبەستەكانی درووستبوونیان كاردەكەن دەبنە بەندیخانەیەكی ترسناك بۆ تاكەكانیان. باوای دابنێین پارتێكی سیاسی درووست دەبیت بۆ داكۆكی لەسەربەستی ئابووری بازاڕ! دەبینین هەر خۆی، لەژێر گوشاری دەسەڵاتگەرییدا یاساكانی دژ بە سەربەستی ئابووری بازاڕ بەسەر تاكەكانیدا دەسەپێنێت، بەم پێوانەیە پارتەكە دەبێتە نێوەندێك بۆ كوشتنی خواستی تاك لە هەمان گرۆی هەڵپێكراودا، ئەمەش بەندیخانەیەك بۆ تاكێك دەقەومێنێت کە لە هەمان کۆبەنددا بەدوای ئازادی بازاڕەوەیە. بەندیخانەیەکی ناوخۆیی گرۆکە مەترسیەكی گەورەترە بۆ سەر گرۆ لە هەموو مەترسیەكانی تر گرانتر دەوەستێت، چونكە ئاستی لێكتێگەیشتن لەناوەوە لاواز دەكات و بنەما سەرەتاییەكانی هەڵدەوەشێنێت. هەركات لێكتێگەیشتن ڕووی لە شكست كرد یان بەرەو دۆڵی بەدحاڵی بوون خلۆربوەوە، ئیدی دەبەنگی باڵدەكێشێت بەسەر ئەو پێکهاتەیەدا. ئەمەش ئەو چارە نووسەیە كە ئەو گرۆیانە درووستی دەكەن كە دەیانەوێت بە چاوپۆشین لە ئازادی، یان دواخستنی ئەلگۆکانی فەراهەمکردنی ئازادی شتێك، كارێك، پەیامێك، بیركردنەوەیەك، میتۆدێكی ژیان بەسەر تاكدا لە گرۆیەكی شێوگپێدراودا بسەپێنن، جا ئەگەر بەیاسا بیسەپێنن یان باری ناچاری وەك جەنگەكان ئەم دەرفەتەیان پێ بدات، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. بۆ نمونە؛ پارت و ڕێکخراوە سیاسییەكان لە كوردستاندا لەسەردەمی قۆناغی چەكداری و كێوی بوونی خۆیاندا خەڵكیان دەخستە ئەو دۆخەوە! دۆخێك بوو خەڵکی ناچار دەکرد ببێتە بەشێك لەو سیستەمەی ئەوان بۆ گرۆبەندیان درووستكردبوو کە تێیدا ئازادییان هەر بە ناوی ئازادییەوە تێدا تیرۆر دەکرد. ئەم كارە بەشێكی بە بێ بیركردنەوە ئەنجام دەدرا چونکە سروشتی پێکهاتەی کولتووریان وا بوو، بەشێكیشی لاسایی ڕژێمە داگیركار و دوژمنكارەكانی كوردستانیان دەكردوە چونکە فەرهەنگی ئەوان بنەمای پەروەردەکردنیان بوو.
لەنێوان ئەمسەر و ئەوسەری هەڵوێستەیەكدا دەیان و سەدان و جار هەیە هەزاران تێفكرینی جیاواز دەبینین، لە بۆ كێشەیەك و چارەسەری كێشەیەك هەزاران تێز دەكرێت بیریان لێ بكرێتەوە، بگرە ناكۆتا، بەڵام سروشتی لەیەكچوونی ئەم تێزانە و نزیكیان پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكان بە گورزە دەكات. گورزە بوون خۆی سەرەتای لێكتێگەیشتنێكی ناوەكیە لە مرۆڤەوە بۆ ئەوی تر دەكشێت تا دەگاتە سنوورێك گرۆ پێكدەهێنێت و لەشێوەی گورزەدا خۆیان كۆدەكەنەوە. سنووری هەر گورزەیەك سنووری جیاوازی بە كۆمەڵ دیاریدەكات، لەگەڵ گورزە و كۆكەڵەكانی تردا. لێرەوە دەگوێزینەوە بۆناو دۆخی جیاواز بوونی گرۆكان، بەبێ سنوورداری گرۆكان؛ گرۆكان مانایەكیان نامێنێت، خواستی هەرگرۆیەك سنوورداریەكانی دیاریدەكات، بەواتایەكی تر خواستەكانی هیچ گرۆیەك سنووردار نییە وەك هەر تاكێك (چ لەڕووی چۆنێتیەوە چ لەڕووی چەندێتیەوە) بەڵام خواستەكانی قۆناغەكەی سنووری داواكاریەكانی گرۆ دیاریدەكات بەپێی ئەو قۆناغە. دواتر لای خۆیەوە ئەو سنوورانە پێناسەدەكاتەوە و ئاماژەی شێوازبەندیان پێ دەبەخشێت، لەکاتێکدا هەموو ئەو پێناسانەش كاتین و لەگەڵ قۆناغ و سەردەمدا گۆڕانیان بەسەر دێت. بە دیاریكراوتر بدوێین پێناسەكانی گرۆی زیندوو ناچارن گۆڕانكاریان بەسەردا بێت، چونكە گرۆ گرۆیەكە بەستراوە بە كۆمەڵەوە ئەویش سروشتێكی داینامیكی هەیە. جیاوازی ئەو سنوورانە پەیوەستە بەجیاوازی بەرژەوەندیەكان و خواستەکانی حەز پێبوونەوە، هەر لەو وێستگانەشدا دەكەونە ململانێكانیان، لەهەندێ لە كۆمەڵگاكاندا سیستەمی سیاسی و یاسایی تێكڕای جیاوازی نێوان گرۆكانی چارەسەركردوە بەجۆرێك جیاوازی خواستەكانیان لەیەك و دوو قبوڵكردوە و جیاوازیەكانیان بوونەتە هۆكاری بوونی خۆیان و گەشەی گشتی. لەو كۆمەڵگایانەشدا كەسیستەمی سایسی لەقەیراندایە، جیاوازی دەبێتە سەرەتاییترین و ساناترین هۆكار بۆ بەیەكدادان. هەركاتێك جوگرافیایەكی بەدوور لە لێكتێگەیشتن جیاوازەكانی كۆكردەوە، ئەوا ئەو جوگرافیایە دەبێتە مەیدانی ململانێ و پێكدادانەكان. هەركاتێكیش لێكتێگەیشتن جیاوازەكانی لەجوگرافیایەكدا كۆكردەوە، ئەوا ئەو جوگرافیایە دەبێتە سەرچاوەی پێكەوەژیانێكی گەشە سەندوو كە ئاشتی لایەنی كەم یەكێكە لە خەسڵەتەكانی. لێکتێگەیشتنی نێوان جوگرافیا جیاوازەکانیش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئاشتی گشتی.
كاتێك جیاوازی نێوان دوو گرۆ مانای بۆ درووست دەبیت كە ئەو جیاوازیانە بوونی ئەویتر بسەلمێنێت. لەنێوان زۆرێك لەگرۆكاندا جیاوازی دەبێتە پێویستی بوون، چونكە بێ جیاوزای بەرامبەر یەكەم نابێت، بەهۆی جیاوازیەكانیانەوە دوو پارتی سیاسی لەململانێدان. بەبێ ململانێی سیاسی پێشكەوتن یەك دووری دەوەستێتەوە و مانای گەشەسەندنی فرە ئەگەری نامێنێت، واتە بەرەو كۆتاییەك دەڕوات لە دواجاردا، كەلەو شوێنەی بەكۆتادەگات ئاوادەبێت، چونكە هیچی تر نامێنێت پێی بگات. لەدەرفەتی فەزای جیاوازییدا ململانێ بە هەموو ئەگەرەكان وئاراستەكانیەوە بەردەوام دەبێت كەبەو هۆیەوە هەردوو كارەكتەرە جیاوازەكە هەن. لەم پێگەیەوە كاتێك لەخودی جیاوازییەكان دەگەین دەزانین و هۆشمان هەیە كە بە هۆی جیاوازیمانەوە لەوی تر هەین! واتە گەر ئەویترمان سڕیەوە لە بووندا و جیاوازیی لە نێوانماندا نەما بوونمان نامێنێت. گورزەبەندی گرۆكان لەم پێناوەدا بەردەوامییان هەیە، هەندێ كات بەردەوامییەكە لەخۆیەوە بە میكانزمی پاراستن و بوون درووست دەبێت لەهەندێ كاتیشدا تاك و گرۆی هەڵپێكراو، بەهۆشدارییەوە پارێزگاری لەجیاوازییەكانیان دەكەن. ڕێك وەك ئەو دۆخەی لە نێوان پارتە دەسەڵاتدارەكانی كوردستاندا لەمڕۆدا بەدی دەكەین.
لێرەڕا چەند پرسیارێكی گەورە دێتە پێش، ئەوانیش ئەو پرسیارانەن کە سەبارەت بە چاوچنۆكی هێزن لەبەرامبەر خواستی بنەڕەتی. هەروەها چاوچنۆكی خواستە بەرامبەر ڕەوایەتی. ئێمە پێشتر باسمان لەپێویستی بەهێزی كرد بۆ تاك، بەڵام ئایا تاك تا چ جێگایەك دەخوازێت بەهێز تر بێت؟ چونكە هەموو بەهێزبوونێكی ژمارەیی دەبێتەوە هۆكار بۆ لەدەستدانی خواست و ئامانجی بنەڕەتی تاك و گرۆ. كاتێك تاك بڕایار دەدات لەگرۆیەكدا هەڵپێكانی خۆی ڕاگەیەنێت، ئەوا یەكڕاست بڕیاری داوە دەستبەرداری بەشێك لەخواستەكانی تاكەكەسی خۆی ببێت. ژیان لە كۆمەڵدا ئەم پرسە بە پێویست وەردەگرێت و حوكمی دەبێتی هەیە. هەركات مرۆڤی جیاواز لەكۆمەڵ یان گرۆدا هەڵپێكرا، ئەوا بەشێك لە ویستەكانی خۆی دەكاتە قوربانی پێكەوەبوون و بەهێز بوون، بەڵام گەر دەمانەوێت بەئەندازەیەك بەهێز ببین لە هەموو گرۆكانی تر زیاتر لە هەموو كەسێكی تر لە كۆمەڵگادا زیاتر هەژموونمان هەبێت، ئەوا لەهەموو كەسێكی تر زیاتر پرسی تاكەكەسی خۆمان لەدەست دەدەین. لەلایەكی ترەوە تەشەنە و گەشەی هێز پرسی تێگەیشتنی نێوان گرۆكان لاسەنگ دەكات، هێز ئەو شوێنە لە پەیوەندی داگیردەكات كە دایەلۆگ بۆ مۆنۆلۆگ دەگۆڕێت، واتە هێزی بەهێز دەبێتە پەخش، بڕیاردەر و هێزی لاواز دەبێتە وەرگر جێبەجێكار. بۆیە كۆمەڵگای تەندرووست و دادپەروەر ئەو كۆمەڵگایەیە كە كەمترین هێزی زۆر بەهێزی تێدا بێت، هەموو ئەو كۆمەڵگایانەی یەك پارت و دوو پارتی بەهێزیان هەیە و هەوموو ئەوەكانی تر لاواز و گچكەن كۆمەڵگای نادادپەروەریان بەرهەمهێناوە. ئەوە ئاماژەیە كە هێز لە جەمسەرێكدا كۆبۆتەوە، ئاماژەیە كە گوتاری بڕیارەكان ئەنجامی دایەلۆگ و دێبات و ئارگیومێنتی سەلمێنراو درووست نەبوە. بۆیە هەژموون هەژموونی یەك تاقم و یەك گرۆ و سەراپای دەبەنگیی گشتییە، بەتایبەت كە لێكتێگەەیشتن نائامادەیە، ئەمە هەر لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە ڕاستە تا دەگاتە خێڵە چکۆلە چەندکەسییەکانی خوارووی خۆرهەڵاتی ئاسیا. ئەم دۆخەش دوورە لە كۆمەڵگای دادپەروەرانەوە، دوورە لە كۆمەڵگای گەشەسەندوەوە، دوورە لە كۆمەڵگای پێشكەوتوی دادوەرەوە، هەروەها دواجار دوورە لە كۆمەڵگایەكەوە هیوای مانەوەی بە زیندوێتی و سەقامگیری هەبێت.

19/07/2018

بۆ- هەڵاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی / یەکسانی هاوشێوە جیاوازەکان/ بڕگەی ٢




پەیدا بوونی یەکسانی لە نیوان هاوشێوە جیاوازەکاندا  

لەیەکەم دەستپێکەوە بەدگومانیەکی دەستکرد ڕادەگەیەنین و گریمانەی دەکەین کە "هۆشمەندی ڕەنگدانەوەی ماددە نیە!" بۆیه‌ دێینە سەر ئەو یاساو داواکراوەی ماددە جیاوازەکان هەموویان یەك کاریگەری دادەنێن، یان دەشێت مادە جیاوازەکان لەدۆخە جیاوازەکاندا هەمان کاریگەریان هەبێت. لە بنەڕەتەوە ئەم بەدگومانییە نەك بۆ هۆشمەندی تەنانەت لەدۆخە جیاوازەکانی یەك مادەشدا شکست دەخوات. بەتایبەت دەبینین هەموو ماددەکانی سروشت لەوردیلەی هاوشێوە پێک دێن، بەڵام پێکهاتەی وردیلەکانیان و میکانیزمی جووڵەی ماددەکان سروشت و نەخشەی کاریگەریی ئەو ماددانە جیاوزا پێدەبەخشن. ئەم میتافۆرە لە ئاوێنەی مرۆڤدا دەشکێنینەوە، تەنیا ئاو بە نمونە لە دوو دۆخدا دەهێڵیت بچینە ناوی، لەدۆخێکدا (کاتێک کە سەهۆڵە) ناهێلێت مرۆڤ پێیدا تێپه‌ڕێت، ئه‌مه‌ ته‌نیا ئاو، واته‌ ئاو هه‌ر ئاوه‌ له‌هه‌ر دۆخێکیاندا بێت به‌ڵام به‌هۆی میکانیزمی په‌یوه‌ندی فیزیکی پێکهاته‌کانیه‌وه‌ سروشتی فیزیکی ده‌گۆڕێت و کاردانه‌وه‌کانی به‌رامبه‌ر ئێمه‌ جیاواز ده‌بێت. ئینجا ئەگه‌ر بێینه‌ سه‌ر مرۆڤ زۆر ئاڵۆزتر ده‌بینین؛ سەرچاوەکانی جیاوازی مرۆڤ بۆ بنەڕەتی پێکهاتە مادیەکانی خۆی و میکانیزمی ئەوکارکردنە پێکەوەییەی ماددەکان دەگەڕێتەوە. ئەمەش یەکەمین سەرچاوەی جیاوازی ناکۆتایی مرۆڤەکانە. ناکۆتای جیاوازییه‌کان وادەکات هەموو تاکێک تاکێکی دانسقە بێت، تاکێکی دەگمەن بێت لەشێوەدا، بە ئارەزووی پێکهاتەکەی. کەمبوونەوەی ڕەگەزێکی ماددی لەجەستەی مرۆڤێکدا گۆڕانی گەورە لەڕەفتاریدا درووست دەکات کە وا دەکات ئێمە لەیەکتر نەچین. بەڵام تێکڕای ئەم جیاوازیانە لە گەردوون و ژینگەیەکدا کار دەکات کە ئەنجامی پێکەوە لکانی پێویستی و ئامادەباشی کات و شوێنی ئەو بەشانە بە ڕێکەوتێکی موگناتیسی لەگەڵ یەکتر دەگونجێن.
با ئێستا وێنەیەک وەربگرین و بیکەینە هەزار بەش و پەزڵێکی لێ درووست بکەین، ئەوا بێگومان بەگشتی هەموو بەشەکان هاوشێوەن، یان به‌ش به‌شن له‌شێوه‌ی له‌یه‌کچوودا، گەر زۆر وردیش ببینەوە هیچ بەشێکی لەبەشێکی تری ناچێت. زۆر جار دەگمەنە بەشێك لەو بەشە وردانەی پەزڵەکە مانایەکی تەواو ببەخشێت، بەڵام بێ ماناش نییە! دواجار بەهۆی دوو سیفه‌تی (هاوشێوەیی و ته‌واوکاریی) یه‌وه‌، ده‌توانین تێکرای بەشەکانی پەزڵەکە ڕێکبخەینەوە و لە یەك کاتدا وێنەیەکی پڕ واتای تەواوی لێ درووست بکه‌ین. ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌کی یەکسانییە لە نێوان هاوشێوە جیاوازەکاندا لەڕێگای (صور إسقاطیة للمتشابهات).
سەرچاوەیەکی تری جیاوازی هاوشێوەکان بۆ پرۆسێس و میکانیزمی بەشە ماددیەکان دەگەڕێتەوە کەسەراپا جیاوازن لەیەکتری و لە پێکهاتەی ماددی جیاوازی مرۆڤەکان خۆیانەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەو کات جیاوازی ئەم پرۆسێسەش جیاوازی بەخش دەبێت. مرۆڤ لەناو خودی خۆیدا پرۆسێس ئەنجام دەدات بۆ هەموو ئەو زانیاری و پێشهاتانەی لەڕێگای هەست و سەرچاوەکانی زانیاریەوە وەریاندەگرێت. بەم پێیە پەروەردە و ئەزموون کاریگەری گەورە لەسەر درووستکردنی جیاوازی و هاوشێوەیی زۆر دادەنێن. هیچ دوو مرۆڤێک وەک یەک پرۆسێسی زانیاریە وەرگیراوەکان ناکەن. گەر گریمانەی دوو کەسی تاوانبار بکەین کە هەمان تاوانیان ئەنجامدابێت و هەمان دۆخیان هەبێت و هاوشێوە بن لەپێکهاتەکانیاندا، ئەوا کاتێك سزا بدرێن بە بەندکردن بۆ ماوەی یەک ساڵ، دەبینین لەپاش ساڵەکە هەر یەکەیان بەجۆرێک ڕووداوەکەی پرۆسێس کردوە و بەجۆرێکی جیاواز ئەو بەندیخانەیە و ماوەکەی لەلایەن بەندکراوەکەوە تۆمار کراوە و پرۆسێسی ئەزموونەکەش تەواو جیاواز بوە. پرۆسێس لەهزر و تێگەیشتنی مرۆڤدا وابەستەی زۆر هۆکارە، لەوانە ئاستی بیرکەوتنەوە، سەرچاوەکانی زانیاری گەڕاوە لەمێشکەوە، پێکهاتەی بایۆلۆجی...تاد. پرۆسێس لەناوەوەی مرۆڤدا شتی جیاواز جیاواز بەرهەم دەهێنێت، بۆیه‌ پرۆسێس و کرده‌ پرۆسێسکارییه‌کان له‌نێو پێکهاته‌کاندا به‌شێکی سه‌ره‌کی جیاوازییه‌کان پێکده‌هێنێت.
سەرچاوەی سێهەم بۆ پێکهێنانی یەکسانی هاوشێوە جیاوازەکان، بۆ ئەو ئەزموونە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤەکە خۆی پیایدا تێده‌پەڕێت و لەئەنجامیدا گۆڕانکاری بەسەر مرۆڤدا دێت، ئەکرێت دوو یان چەندانە کەسێک بەهەمان پرۆسێسدا بەرین و ببینین دواجار کەسێتی و بەرهەمی جیاوازیان لێ دەردەچێت، ئەمەش بۆ سەرچاوەکانی تری جیاوازی دەگەڕێتەوە. ئەو پرۆسێسانەی مرۆڤەکان پێیدا تێپەڕ دەبن لە ماوەی ژیانیاندا کاریگەری گەورە لەسەر یادەوەری درووست دەکه‌ن و جیاوازی مەزن لە هۆشمەندی و کردەی مرۆڤێکدا بەرجەستە دەکه‌ن. کۆی ئەم پرۆسێس و چواردەورە بەگشتی بەشی هەرە زۆری ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی لە درێژەی مێژوویی ژیانی کەسێکدا دروستدەکەن، که ‌بەدڵنیایی لە وردەکاریدا چەندین زاراوە و وردە پێناسی تری هەیە، بۆ هەر بەشێکیان.
لە کۆی تێبینییەوە دەتوانم بڵێم؛ دوا سەرچاوەی جیاوازی بۆ ئەو بەرهەم و دەرهاویشتانە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ ئەنجامی پرۆسێس پێیان دەگات و وەك ئاوێنەیەك لە کاردانەوەدا دەیانداتەوە. ئەمەش بەتەواوی پەیوەست دەبێتەوە بە توانا و زیرەکی و شارەزایی و ئارەزووی ئەو کەسەوە کە بەرهەمەکانی پێشکەش دەکات بە دەرەوەی خۆی. پێشکه‌شکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م بۆ خودی مرۆڤه‌کان ده‌بێته‌وه‌ به‌ سەرچاوەی نوێ (ئین پوتی نوێ)، به‌تایبه‌ت که‌ به‌رهه‌مه‌کان هی خۆیانه ‌و زۆر نزیکه‌ له ‌خواستگه‌رایی خۆیانه‌وه، (بۆیه‌ ده‌ڵێین خواستگه‌رایی، چونکه‌ ئه‌کرێت خواستی به‌هێزی خۆیان بێت، ئه‌کرێت دژ به‌ خواستی خۆیان بێت چه‌ندین ئه‌گه‌ری ڕێژه‌ییش له‌و نێوانه‌دا هه‌یه‌ و هه‌ریه‌که‌یان به‌جۆرێک کاریگه‌ری داده‌نێن، بۆیه‌ ڕاستره‌ خواستگه‌رایی به‌کار بهێنین بۆ ئەو حەزە بەردەوامەی مرۆڤ دەیەوێت هەمیشە ئەوەی دەستبکەوێت کە بەلایەوە خۆشە یان باشە، زیاتریش کە بەلایەوە خۆش و باشە)، دەتوانێت هەمان زانیاری و هەمان پرۆسێس و هەمان ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتیمان هەبێت بەڵام دەرهاویشتە و بەرهەمی کەسەکان جیاواز بن و دواجاریش کەسێتیەکی جیاوازمان پێ ببەخشرێت. لە سادەترین نمونەدا دەڵێین و دەپرسین "ئایا دووکەس دەتوانن بەهەمان شێوە گوزارشت لە تێڕوانینێك بکەن سەبارەت بە دیاردەی لافاوێك کە ڕوودەدات؟" ئەمەش پەیوەندی بەتوانای پرۆسێسە ناوەکیەکەوە هەیە کەلەلای مرۆڤەکانەوە ئەنجام دەدرێن. لەوانەیە کەسی یەکەم بە تابلۆیەك گوزارشت لەلافاوەکە بکات، ئەوی تریان بە فریاکەوتنی قوربانییەکانی لافاوەکە، مرۆڤەکان ئەنجامی جیاوازیان بەرهەمی جیاوازیشیان هەیە، مرۆڤ پێویستی و خواستی پڕ ڕەنگ و ئێجگار فرەژمارەی هەیە، گەر بێت و پڕ بەرهەم و فرە بەخشندە نەبێت ئەوا دەبێت بەردەوام لە کەماسیدا ژیان بەسەربەرێت چونکە ناتوانێت خواست و پێویستییە پڕچەشنەکانی تێر بکات. ئیتر لە بنهەنگڵی ئەو کەماسییانەدا دەبەنگی وەك کەڕووی شوێنە شێدار و تاریکەکان گەشەدەکات.
هەر یەکێك لەسەرچاوەکانی جیاوازی ئەتوانێت چەندین ئەگەر لەخۆبگرێت کە بەهۆیەوە چەندین جیاوازی درووست بکات لە پێکهاتە و شێوگی دەرەکی کەسەکاندا. ئەکرێت هەر شیوگێکی جیاواز لە مرۆڤ هەر هەرڵسوکەوت و ڕەفتارێکی دیاریکراو بۆ دەلالەتی یەکێک یان زیاتر لە پێکهاتەکانی ئەو سەرچاوانە بگەڕێتەوە. بەرئەنجام و ڕەفتار و تێگەیشتنەکانی مرۆڤ بۆ یەکتری بۆ بیروڕاکانی یەکتری بە پێی ئەو هەموو جیاوازیە ڕیتمێکی هارمۆنی هەیە کە بە پلەبەندی لەپەڕێکی توندەوە بۆ پەڕێکی تری توند دەگۆڕێت. لەنێوان هەردوو تووندڕەوییەکاندا ناکۆتا ئەگەری لێکتێگەیشتن هەیە، واتە ئەگەر دوو ئەگەرمان هەبێت بۆڕەش و سپی، ئەوا ناکۆتا ئەگەری خۆڵەمێشی هەیە لە نێوانیاندا. کاتێك باس لەتێگەیشتنی خۆڵەمێشی دەکەین پرسی سەرەکیمان پرسیار و تێگەیشتنە لە وەڵام، نەك گونجاندنی بەزۆر، واتە هەرکات ئەگەرێکی خۆڵەمێشی تاقی دەکەینەوە دوو پرسیار زیندوو دەکەینەوە لەڕەش و لە سپیش، لە هەردوو کۆتای توندڕەوی نەك درووستکردنی گونجاندنی بەزۆر.
دووکۆتایی توندڕەوی پرسیاری تێدا نییە، یان ڕاسترە بڵێین هەموو پرسیارەکان (هەرچەند جیاوازیش بن) هەمان وەڵامیان هەیە! نەبوونی پرسیار واتای کوشتنی تێکڕای سەرچاوەکانی جیاوازی واتە ترس و گومڕایی لەجیاوازی بەرەو مەرگێکی تاك دیدەنی بۆ سەرچاوەکانمان (ئین پوتەکانمان). ئەم مەرگە، ئەم کوشتنە سەراپای پرۆسێس و دەرهاویشتە و دەرئەنجامی بەرکەوتەی گشتی تێکڕای دەرهاویشتەکانی هەر کردەیەك دەگرێتەوە.
کاتێك مرۆڤەکان لە دۆخێکی ئاوا لەیەکچوودان بەرامبەر بە یەكتر و مامەڵەکانیان لەگەڵ یەکتر، هەموو هەوڵدانێك بۆ تێکدانی ئەو یەکسانییە سروشتییەی جیاوازی دەبێتە دوورکەوتنەوە لە هاوشێوەیی سروشتی. ئەم خاڵەش یەکێکە لە سەرچاوەکانی بێدادی و یەکێکە لە ڕێگانی شێواندنی ژینگەی ناوەکی تاکە مرۆڤێك، کە تێکڕا بەهۆی پرۆسە دەستەگەراییەکانەوە ڕوودەدەن. پرۆسە دەستەگەراییەکان خودی لێکچوون بە لێکچواندن دەکوژن، تاکە کەرستەش بۆ ئەم پرۆسەیە بریتییە لە دەبەنگی، بە بێ (دەبەنگ کردنی مرۆڤێك) ناتوانرێت لە مرۆڤێکی تر بچوێنرێت. دەبەنگکردنیش شێوازی زۆرە و چەندین ئەفسانەی ماددی و ناماددی بۆ درووستکراوە تا بەهۆیەوە لە قاڵبێکی دەبەنگیدا کۆمان بکەنەوە.


17/07/2018

بۆ- هەڵاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی / یەکسانی هاوشێوە جیاوازەکان/ بڕگەی ١

تێگەیشتن و بەگەڕخستنی جیاوازیی
دەستپێکێکە کەمەرشکێن بۆ دەبەنگیی!
لەڕووی جیاوازییەوە سەیری شێوە و توانایی و پێکهاتەی گوێدرێژ و بارگیرێك بکەین، ئەوا دەڵێین بێگومان جیاوازن، بەڵام زۆریش لە یەك دەکەن و شێوەشیان نزیکە. تەنانەت ئەم دوو گیاندارە دەتوانن پێکەوە جووت ببن و گیانەوەرێکی جیاوازی تر بخەنەوە. پێکهاتەی جین و کرۆمۆسۆمەکان ئەم چوونییەکی و جیاوازییە زۆر ئاشکراو دیارانە لێکدەداتەوە. دەی هەر ئەم نزیکیی و جیاوازییەی ئەوان لەنێوان ئێمە و گۆریلایەكیشدا زۆر لە یەکترەوە دوور نییە!  دەبینین؛ لە ڕووی جێنەتیکەوە وایکردوە ئێمە 98% ی پێکهاتەی جینەکانمان بچێتەوە سەر گۆریلا و شێمپانزی. واتە لە ڕووی جینەکانەوە شیمپانزییەك هەمان پێکهاتەی ئێمەی هەیە تا ئەندازەی تەواو لێکچوون. ئەم لێکچوون و لێکنەچوونە مەراقێکی گەورە بۆ مرۆڤ دروست دەکات! ئایا ئێمە هەموومان لە یەك دەچین یان جیاوازین؟ ئەگەر ئەوەندە جیاوازین، کەواتە دەکرێت لە پێگەو ژیانی جیاوازدا بین؟ تەنانەت خۆمان بە مرۆڤی جیاواز پێناسە بکەین؟ لەبەرامبەریشدا، لەڕوویەکی گشتییەوە مرۆڤ دەتوانێت هەموویان لەیەك بچن، ئەم ڕاستییە Henry A. And Clyde Kluckhohn زۆر باش باسی کردوە. بەڵێ هەموو مرۆڤێك بە شێوە گشتییەکەی لەیەك دەچن و گەر لە گشتدا زۆر لە گشتدا بمێنینەوە لەوانەیە ئێمە و گۆریلایەکیش جیاوازیمان نەبێت.
ئەوەی وا دەکات گۆریلاکە هەمان بەند و یاسا جیهانییەکانی مافی مرۆڤ نەیگرێتەوە ئەو جیاوازییە کەمەیە کە دەرفەتی نەداوەتە باپیرانی ئەو چەند ملیۆن ساڵێك لەمەوپێش وەك ئێمە گۆڕانکاری لە پێکهاتەکانی جەستەیاندا ڕووبدات و کۆئەندامی دەماریان ئاوا گەشە بکات. بەڵام ئێمەی مرۆڤەکان سەرباری ئەوەی بەردەوامین لە جیاوازییەکانمان کەچی هەموومان بڕیارە یەك ماف و یەك جاڕنامەی گەردوونی حوکممان بکات. کەچی هەموومان هەمان یاسامان بەسەردا ناچەسپێت! بەهۆی هەندێ جیاوازییەوە کە شتێکی ئەوتۆی جیاواز نییە لەگەڵ ئامۆزا گۆریلادا. تەنیا کۆمەڵێك جیاوازی لە خەپلەکانی خوێن و پۆلێنی جینەکانەوە دەبینیت ئێمەش دابەش دەبینە سەر گرۆی جیاواز و هەندێك لە مرۆڤەکان ئیدی کولتوور و ژینگە و جێکەوتی جوگرافیان جیاواز دەبێت. هێدی هێدی دەبینیت پەروەردە و تێگەیشتن و پێگەیشتن و بەش و بەرکەوتەیان لە ژیاندا جیاواز دەبێت. دەبینیت جیاوازی بە ئەندازەیەك درووست دەبێت کە ئەو ئاژەڵانەی هەندێکمان بۆ خۆشی و کات بردنەسەر بەخیویان دەکەین زۆر ئاسوودەتر بژین لە هەندێکی ترمان کە هەمان مافەکانی مرۆڤ بڕیارە بمانگرێتەوە!
ئێمە کاتێك دەزانین ڕاستە مرۆڤەکان لەیەك ناچن و جیاوازن. دەتوانین هەر لەناو گرۆیەك و لەناو هەمان نەژاد و ڕەنگیشدا بگەڕێین و جیاوازی ببینین، نەخێر دەتوانین لەناو خێزانێك و لە نیوان دوو جمکی هەمان هێلکەشدا جیاوازی و لێك نەچوون بدۆزینەوە و گەورەی بکەین. لەوەندە وردەکاریدا و تۆ تەنیا بایی کەمتر لە 50% ت لە دایکی خۆت بچیت، بێگومان بە  ئیتر ئێمە هەرگیز لەیەکتری ناچین. سەرئەنجام با هەموو مرۆڤێك بەشێوەیەکی گشتی لە هەر مرۆڤێکی تر بچێت، وردتر ببەرەوە، نەخێر لە هەندێك بڕگە و بۆنەدا مرۆڤەکان بە بیانووی جیاواز جیاواز گرۆ گرۆ دەبن و لەناو خۆیاندا لە یەکتر دەچن. کەواتە، مادام جیاوازیمان زۆرە با بۆ هەموو جیاوازییەکان بگەڕێین. دەگەینە جێگایەك هەمووشتێکمان لەیەکتری جیاوازە و ناکرێت جگە لە هەندێك شێوەی گشتی هیچمان لەیەك بچێت ئەو لێکچوونەش ئەوەندە بە ئاستەمە، وەختە بڵێم هەر هیچمان لەیەك ناکات.
ئینجا دێین و لە فەنتازیای مرۆڤبوون و کۆمەڵایەتی بوونەوە، پۆلێنی خۆمان دەکەینەوە، جوان و ناشیرینمان، باڵا بەرز و باڵا کورت، تیژڕەو و بەهێز و شێنەیی و لاواز و دانا و دەبەنگمان تیا دەردەکەون. لەبەر ئەوەی لە هەموو بۆنەکاندا مرۆڤ بە ئەندازەی جیاواز دەتوانیت خۆی بگۆڕێت، بالای کورت تا ئەندازەیەک درێژ بکات، لاوازیی بەهێز بکات، شێنەیی تیژڕەو بکات...تاد، ئێمەش دێینە سەر دەردی دەبەنگی و قسە لەسەر جیاوازی و بەشداری جیاوازەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە کەڕنەڤاڵی دەبەنگی هەڵبێین و لەم نەنگییە ڕزگارمان ببێت. لەم سەرەتایەدا هەوڵ دەدەم لە تەوەرەی ستراتیژی بابەتەکە زۆر نزیك نەبمەوە، بۆ ئەوەی تۆش ڕەخنە بگریت و بەشداری بکەیت و زیادە بخەیتە سەر بیرکردنەوەی چنینی بابەتەکەمان. پرسی سەرەکی دەربارەی جیاوازی و لەیەکتێگەیشتنە، بەهۆی کۆمەڵە تەوەر و دنگەیەکی زانستی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە لە ژیانی سیاسیدا لە سەریان دەوەستین و ڕاڤەی گرفتەکانی دەکەین.
ئەو لێدوانەی سەرەتا دەرباری چوونیەکی و جیاوازی وەك شیشی ئەو تەیمانەیە کە بەقەراغی پلیکانەی باسەکەدا بە ئاسماندا چوون، بابەتێکە لە بواری دەروونناسی جیاوازییە کەسییەکاندا، یەکێك ئارەزووی بکات. هەر کات قسە لەسەر جیاوازیەکانی نێوانمان دەکەین لە کۆتایی نزیك دەبینەوە.  کاتێکیش باسی پێکهاتەی گرۆبەندی کۆمەڵگا دەکەین لە ناوەڕاستی لێکچوون و لێکنەچووندا هەڵدەواسرێین، خەمی هاوبەش و ڕق و کینەی جیاوازیمان بۆ دروست دەبێت. بەڵام لە درووستکردنەوەی جڤات و مرۆیی بووندا ناچارین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لێکچوونە زۆر نزیکەکانمان و زۆر لە گشتا خۆمان ئاڵ و واڵا بکەین.
بیرکردنەوە لە مرۆڤ، بیرکردنەوەیە لە گیاندارێك خاوەنی کۆئەندامێکی دەماری پێشکەوتوە و هۆشمەندیەکی ئاڵۆز و پەرەسەندووی هەیە کە ناکۆتا ئەگەرمان پێدەبەخشیت بۆ پێکهاتەکانی ئەم بوونەوەرە ئاڵۆزە. بابەتێکی وەک جیاوازی لەڕوانگەی دەروونیەوە پانتاییە فراوانەکانی هەست و سۆز، هۆشیاری، هۆشمەندی، زیرەکی، توانایی، ئارەزوو، بەها، خودسەلمێنی و چالاکی و زۆر شتی تر دەگریتەوە کە ئەمانەی باسمانکردن بەشێکی کەمن لە ئەگەرەکانی ئەو جیاوازیە فرە دووریە کە لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە. گەر خەسڵەتە وردەکانی کەسێتی وەربگرین و لە سادەترین گریمانەدا 100 خەسڵەتێك جیابکەینەوە و کاریگەری پێکەوەیی دوو خەسڵەت هەژمار بکەین کە چکۆلەترین ئەگەرە، ئەوا دەتوانین بڵێین پتر لە 4450 جۆر لەکەسێتی جیاواز دەتوانین بەرهەم بهێنین لەو خەسڵەتانەوە کە لەیکتری جیاوازدەبن. ئەگەر لەسەر بنەمای فێرگەی بایۆلۆجی بڕۆین و بیر لەپێکهاتە جینییەکانی درووست بوونی مرۆڤ بکەینەوە، ئەوا دەکەوینەوە بەردەم ئەگەرە ناکۆتاکانی جیاوازی نێوان تاکەکان. نەخێر ئەمانە کاری تاقیگەیین و خۆمان بەمانەوە خەریک ناکەین، بەڵکو سوود لەفێرگەی کولتووری وەردەگرین و هەوڵدەدەین لەسەر بنەماو پایەگاو کایە کولتووریەکان لە گرۆجیاوازەکان تێبگەین و بیر لەجیاوازی بکەینەوە، بەڵام ئەمجارەش دەکەوینە گێژەخولێیەکی ترەوە و پتر لە 240 شێوگی جیاوازی کەسێتی بەتەنیا بەپێی تەمەن لەهەمان کولتوورێکی دیاریکراودا دەبینین. ئەمەی دواییان تەنیا شیوگی جیاوازی کەسێتییە، کە هەر شێوگێك جارێکی تر بۆ جۆرە جیاوازەکان دابەش دەبێت بەپێی ئەو میمییە کولتووریانەی کە بە پێی مێژووی پەروەردەیی پێشینەکانیان بۆیان ماوەتەوە.

دواجار دەگەینە ئەو ئەنجامەی مەگەر دوانەکانی (جمکه‌کان)ی هەمان ژینگەی پەروەردەیی جیاوازییەکانیان کەمێك کەم ببنەوە. هەتا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی جیاوازییەکانمان هەتاهەتایین و دەرفەت نییە ئێمە بەتەواوی لەیەکتر بچین. ئینجا ئەو کۆئەندامە ئالۆزەی دەمار ئەوەندەی تر نائومێدمان دەکات لە لەیەکچوونی تەواو. بەجۆرێک بۆ هەبوونی هیوای لێکچوون دەبێت بەدوای هیواکانی ناو جیاوازییدا بگەڕێین و دڵمان بەوە خۆش بێت کە ئێمە بۆیە لەیەك دەچین چونکە جیاوازین.  سەرئەنجام باسەکەمان لەسەر کۆی دۆزینەوەی ئاسوودەیی لە جیاوازیدا دەوەستێت، لەسەر دانپێدانانی هاوچارەنووسی جیاوازەکان دەکۆڵێتەوە بە پێچەوانەی هەموو ئەو تێرم و تەوژمانە کەدەخوازن بە لەیکچواندنی هەموومان ئاسوودەمان بکەن، پرس پرسی یەکسانی نێوان جیاوازەکانە. ئەگەرنا دەبینین چۆن تاکەکان لەجیاوازییەکانیان تێناگەن و تێنەگەشتن دەبێتە ئەو دەبەنگییەی لەیەکچوونە سروشتییەکانیشمان دەسڕێنەوە. بەرئەنجام لەجێگای ئەواندا لێکچوونی دەستکرد و سەپێنراو دێنینە بەرهەم و دەبەنگی دەکەینە قاڵب بۆ شاردنەوەی جیاوازی و تێنەگەیشتن دەکەین بنەمای بوون بە قوربانی هەردوو لای ستەمکار و ستەملێکراو.

05/07/2018

بۆ- هەڵهاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی

پێشەکییەک بەر لە نووسین:



لە خۆیدا خوویەك و پێویستییەك هەیە کە وادەکات پێشەکی هەر نووسینێك لە کۆتاییەکەیدا بنووسینەوە، بەڵام ئەمجارە، بەم پێشەکییە دەستپێدەکەین تا دەگەینە کۆتایی. کاتێك نووسینەکە شایستەبوو بیکەینە پەڕتووکێك، ئەوا ئەو کات ئەگەر پێویستی کرد پێشەکییەکی تریشی بۆ دەنووسین.
سەرتا لام مەبەستە وشەی (بۆ) کە ناونیشانی سەرەکی تێکستەکەیە باسی بکەم. (بۆ) لە زمانی کوردیدا و ئەشێ لە زۆر زمانی تریشدا لایەنی کەم دوو ئەرکی گەورە ببینێت. ئەم دەستەواژەیە بەتایبەت بۆ ئەو شێوە زارەی هەموو تێکستەکەی پێ نووسراوە لێکدانەوەی زۆری ناوێت. (بۆ) ئەکرێت پرسیار بێت، وەك: بۆ نەهاتیت؟ ئەکرێت ئاماژە بێت بۆ کەس یان بۆ شوێن، وەك: بۆ سلێمانی، بۆ کاك هیوا...تاد. ئەوەی جێی مەبەستی منە (بۆ) هەردوو ماناکەی هەیە، چونکە یەکێك لە بنەڕەتەکانی چارەسەر لەم تێکستەدا زۆر پشت بە پرسیاری (بۆ) دەبەستێت، کە هەندێك جار بە (بۆچی) یش دەتوانرێت دەربڕینی پێ بکرێت. لەلای دووهەمەوە، گەر خوێنەر بڕوانێتە ناونیشانی دووهەمی نووسراوەکە ئاماژەی شوێن و دۆخ دەدات بە دەستەوە بۆ وشەی (بۆ)، وەك: بۆ کۆڕی خەبات و تێکۆشان! (بۆ، هەڵهاتن لە کەرنەڤاڵی دەبەنگی)، دەرفەتێکمان دەداتێ ئەم تێکستە بخوێنینەوە تا بتوانین خۆمان جۆش بدەین بۆ ئەو هەڵهاتنە. هەڵهاتن، بەواتای ڕاکردن و دەرباز بوون دێت نەك بەواتای هەڵهاتنەوەی خورێکی نوێ یان تیشکێکی نوێ. لە ڕاستیدا مێژووی ئێمە هەڵهاتنی بە تێزێکی شەرمنانە پێناسەکردوە، بە داخەوە، ئەمە بەشێکە لە کولتووری ئێمە کە دەخوازم بیخمە ژێر پریسارەوە. دەیخەمە ژێر پرسیارەوە نەك بۆ ئەوەی هەڵاتن بە واتای ترسنۆکی بکەمە تێزی چارەسەر، هەرگیز! بۆ ئەوەی هەڵبێین لە دەبەنگی. دەبەنگی دەردێك نییە لە دەرەوە بۆمان بێت و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە! دەبەنگی دوژمنێك نییە هێرشمان بۆ بکات و ئێمە بەرەنگاری ببینەوە! دەبەنگی لە ناو خودی خۆماندا دەژی و لێی هەڵنەیەین ڕزگارمان نابێت لە دەستی! بە پێچەوانەوە لە ڕووی دەروونناسییەوە (هەڵهاتن) یەکێکە لە میکانیزمەکانی مانەوە و خۆپاراستن لە وەی، هەر بە هەمان شێوەی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە لە کات و وێستگەی گونجاودا گرنگی خۆی هەیە.
هەڵهاتن، ئەگەرچی لە کولتووری ئێمەدا مۆرکێکی شەرمەزاری و ترسنۆکانەی بە خۆیەوە بینیوە و دەبەنگی مایە و بەرهەمی ئازایەتیمان بوە، من لێرەوە و لەم تێکستەوە دژابەرییەك دەبینمەوە. هەمیشە ئەوانەی ترسنۆك بوون میکانزیمی مانەوەیان زیاتر پشتی بە هۆشمەندی بەستوە، وەك لەوانەی لە ڕووی بازوو و هێزەوە بە توانا بوون. کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە لە مێژووی خۆیدا شانازی بە قارەمانێتییەوە کردوە و چاو نەترس بوە و بە دەیان و سەدان هەزار هۆش و بیری خۆی ئامادەکردوە بۆ مردن و بەرەوڕوو بوونەوە. لە کاتێکدا دەکرا ترسنۆك و بێهێز و لاواز بێت لە ڕووی بازوە و لە بری ئەوە هۆشمەندی و ژیریی بخستایەتە گەڕ لە پێناوی مانەوە و بەردەوامییەکی بێوەیدا و ئەمڕۆ خاوەنی زۆر زیاتر بوایە لەوەی کە هیچی وای نییە.
ئەکرێت ئێمە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان بڕوانین، دەبینین یەك دانەشیان نییە، ئەنجامی بەهێزی بازووی خۆیان و قارەمانێتیان لە مەیدانی پێشکەوتندا جێگەیان گرتبێت! بەتایبەتتریش لەسەردەمی نوێدا، لە ڕاستیدا تێکڕایان ئەنجامی هۆش و داهێنانی بیرمەندانە ماونەتەوە و توانیویانە لەڕێگەی هەژموونی هزر و بیرەوە لە رێگای داهێنانەوە جێکەوتێکی جیاوازیان بەدەستەوە بێت. تۆ ببینە سەربازێکی ئەمریکایی، چەند بێمنەتانە دەجەنگێت! ئەوە هەرگیز بەرهەمی ئازایانەی خۆی نییە بە تەنیا و بە پلەی سەرەکی، بەڵکو ئەو هەموو کارگێڕی و تەکنۆلۆجیایەیە کە تا دوا ئەندازەی مەحاڵ پارێزگاری لە گیانی سەربازەکە دەکات. سەربازێکە کە دەچێتە جەنگەوە دڵنیایە لە سەرکەوتن، با بیروباوەڕی بە وڵاتەکەی بەهێز بێت، بەڵام تەنیا بایی ئەوەندە سوود لە بیروباوەڕی خۆی دەبینێت کە پێویستە بۆ کارەکەی.
ئیتر لێرەوە، داخوازی من بۆ هەڵهاتن، داخوازییە بۆ خۆ قوتارکردن لە بەڵایەك کە بریتییە لە (دەبەنگی)، هەڵهاتن لە دوژمنێکە کە ناتوانیت بەرەوڕووی ببیتەوە ئەگەر خۆتی لەدەست قورتار نەکەیت. هەرکات توانیت لەدەست ئەم دوژمنە دەربازت ببێت ئەوکات دەتوانیت هەست بە بوونی خۆت و ئامانج و هیواکانت بکەیت. خۆ دەربازکردن و هەڵهاتن لە دەبەنگی کارێکی هەروا سادە و سانا نییە هەموو کەس بتوانێت پەی پێ بەرێت! دەبەنگی، جار هەیە تەواوی کایەکانی ژیانی داگیرکردوین و پێمان نەزانیوە! من خۆم چەندین جار بەسەرم هاتوە، بە پێچەوانەوە، لە زۆر باردا دەبەنگی لە وێنەی پێشکەوتن و گەشەسەندندا خۆی بۆ نمایش کردووین، بەبێ ئەوەی ئێمە بتوانین چکۆلەترین قسەی پێ بڵێین! لە خۆیدا دەبێتە ئەو ئاژەڵە گورگ ئاسایەی کە هەرگیز ناکرێت بە باشی ماڵی بکرێت.

هیوادارم کۆی تێکستەکە، یان هەر بڕگەیەك لەو بڕگانەی کە بڵاودەکرێنەوە جێی سوود و ڕەزامەندی خوینەرەکانم بێت، بەر لەوانەی تەبان، ئەوانەی ڕەخنەی جدی دەگرن. بەر لەوانەی دەستخۆشی دەکەن، ئەو خوێنەرانەی بە تێڕوانینە ڕەخنەیی و توند و تۆڵەکانیان دەمانخەنە بەر نووکی نەشتەرگەری و ڕێڕەوی نووسینەکەمان پێ ڕاست دەکەنەوە. تکایە بەشداری بکە، خودی ئەم تێکستە لە کۆتاییدا بەشدارییەکانی تۆش لەخۆیدا کۆدەکاتەوە و تێکستەکە دەبێت بە تێکستێك کە هەموو بەشدار دەبین تێیدا. دەبێتە دەروازەیەك بەهۆیەوە لە گفتوگۆیەکدا بەشدار بین.