بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





25/08/2013

چەواشەکارییەکانی تێگەیاندنی باو

سەروەختێکە وێنەیەک بڵاو دەکرێتەوە لەسەر ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان و تێیدا ئەوە دەخرێتەڕوو کە گوایە یەکسانی و دادوەری دووشتی  تەواو دژ بەیەکن! ئەم وێنەیە بۆ ئەوە بەکاردەهێنرێت پێمان بڵێت (هەموو خواستێک بۆ یەکسانی دەبێتە هۆی بێدادییەک و بێبەشکردنی خەڵکێک لەئازادییەکانی و لە مافەکانی).  وەک ئەوەی لە وێنەکەدا ئاماژەی پێدراوە، دادوەری هەموومان بەبێ جیاوازی دەخاتە دۆخێکەوە کە ئەو یاریگایە و گەمەکە ببینین، بەڵام یەکسانی لاوازەکان لەو دیمەنە بێبەش دەکات، کەئەمەش تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە، بڕوانە وێنەی دووەم کە چۆن ئەنجامی یەکسانی بینینی یاریگاکە، دادوەری بەدەست دێت هەموومان دەتوانین ئازادانە یاریگاکە ببینین.س
 

زۆرجار هەیە لەمێژووی خەباتی مرۆڤایەتیدا و بەتایبەت دوای ڕووخانی بلۆکی خۆرهەڵات و دەوڵەتە سۆشیالیست و شیویعییەکان و بەتایبەتتر یەکێتی سۆڤێتی جاران و هاوپەیمانەکانی، یەکسانی بەهۆکارێک لێکدەدرێتەوە بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ و بێبەشکردنی لە ئازادییەکانی. هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو درووشمەی ئەم بلۆکە تۆتالیتارییە بەرزیکردبووەوە، کە گوایە داکۆکی لەیەکسانی دەکەن، بەڵام هەر بەو ناوەوە پێڕەوی جۆرەها چەوساندنەوەیان دەکرد و جگە لەوەی یەکسانیان دەستەبەر نەدەکرد،  زۆرێک لە ئازادییان لەخەڵکی وڵاتەکانیان گرتبوو، تا ئەو ئاستەی لەهەندێ وڵاتدا مۆزخواردنیش دژایەتی بوو بۆ ئەو یەکسانییەی ئەوان باسیان دەکرد.س
 
ئەوەی لەلای دەوڵەت و بیری سەرمایەداری و لیبرالی و لیبراڵی نوێش بەدی دەکەین هەمیشە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکە بەناوی ئازادییەوە و سەپاندنی نایەکسانییەکە کەسەراپای مرۆڤایەتی لەزۆر وێنە و دیمەنی ژیانێکی پڕ شکۆمەندانە بێبەشکردوە. ئازادییەکە کەلێنی هەژاری بەئەندازەیەک زەبەلاح کردوەتەوە کە مەترسییەکانی سنووریان نییە و هەریەکەمان لە هەرکوێیەکی دونیادا بین تێیدا دەژین و بەدەست بێدادییەکانییەوە کۆیلایەتی جۆر بەجۆر، کۆیلایەتی مۆدێرن دەچێژین.س
 
ئەم  دوو پارامیتەرە پێمان دەڵێت ئەو وێنەیە کاتێک بڵاودەکرێتەوە، ئیدی لەنەستی بینەردا ڕەوایی دەدات بەو تێزەی کە یەکسانی دژ بە دادوەرییە، کە ئەمەش پێچەوانەی ڕاستییە، چونکە دادوەرییەک نییە بتوانێت لەسەر دوو پێ بوەستێت و سەقامگیر بێت بەبێ هەر یەک لەئازادی و لە یەکسانی. یەکسانی یکێکە لەکۆڵەکەکانی دادوەری و هەر کۆمەڵگایەک کەلێن کەوتە  نێو تاک و چینەکانییەوە و نایەکسانی باڵی بەسەردا کێشا یان بووە دیاردەی ژیاری و ژیانی کۆمەڵگا ، ئەوا پێچەوانەی سرووشتی مرۆیی و گیاندارییەکانی خۆی مامەڵەدەکات و لەبەردەم ترسی گەورەی چەوساندنەوە و بەدبەختی گشتیدا ژیان بەسەردەبات.س
 
کۆمەڵگای سرووشتی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانە، کۆمەڵگایەکە دەتوانێت بە پێوانەی سرووشتی خۆی و گەشەسەندنی هۆشمەندی مرۆڤ بەر بەهەردوو دیاردەی سەرکوت و نایەکسانی بگرێت. ئەوەی مرۆڤەکان دەیکەن لەپای ئایدۆلۆجیای قازانج خوازەکاندا، بریتییە لە تێکدانی هاوکێشەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشمەندیی کۆمەڵگاکان لەپێناو پاراستنی لاسەنگی بەردەوامی بەرژەوەندییەکان کەدەکاتە بەردەوامی دۆزینەوە و درێژە پێدانی قازانج. ئەمە، لەدیدی مندا شێواندنی سروشتی یەکسانانەی ژیانە. گەر مرۆڤ لەچکۆلەترین بۆنەدا بڕوانێتە کۆمەڵگا بەراییەکانی گیاندارانی تر تەواوی یەکسانییەکان دەبینێتەوە تەواوی ئازادییەکان دەبینێتەوە، بەڵام ئەنجامی ژیریی مرۆڤ خۆی دەستکاری ئەمانەی کردوون. لەلایەکی ترەوە تێکەڵاوکردنی پرسی جیاوازی و شێواندنی بە پرسی نایەکسانی مەترسییەکی تری درووستکردوە، چونکە جیاوازی نیوان تاکەکان ناکاتە نایەکسانی تاکەکان، یەکسانی ڕاستیینە لەنێوان جیاوازەکاندا واتای هەیە، هەروەک چۆن لەوێنەی دووەمدا دەیبینیت، یەکسانییەکە بۆ بینینی یارییەکە لەلای هەمووان چ لاوازەکان چ بەهێزەکان.س 

بەڕێزت بڕوانە ئەو وێنەیەی دووەم کە دەستکاری دەستەواژەکانمان کردوە ئیدی دەزانیت،  کەئەوە ئەنجامی یەکسانییە دادوەری درووست دەبێت، بەڵام یەکسانییەک کەهاوتایە بە ئازادییەوە. یەکسانی لەژمارە و لە قەبارەدا نییە، یەکسانی بەدابەشکردنی هەمان دەستکەوت  نابێت بەیەکسانی بەسەر هەمواندا، وەک ئەوەی دەیانەوێت ئەو تێگەیشتنە بە باو بکەن، یان دەیانەوێت ئەو جۆرە لەیەکسانی بەزۆر بکەنە شوناسی هەموو یەکسانیخوازییەک. یەکسانی ئەو یەکسانییەیە کەهەمان ژیان و چێژ ببەخشێتە جیاوازەکان کە بەپێوانەی خۆیان ئاسوودەیان بکات، ئەوەش خۆی لەدابەشکردنەوەیەکی عادیلانەی سەرچاوە و داهات و دەستکەوتەکاندا دەبینێتەوە، نەک دابەشکردنەوەیەکی یەکسانی بڕەکان یان بەزۆر سەپاندنی ژیانێکی هاوشێوە بەسەر هەمواندا.س
 
ئەم تێکستەم بەکورتی بوو بەخاتری بەرگرتن بەکاریگەریی ئەو وێنەیەی کە دەبینیت بڵاوکراوەتەوە، لەوێنەی دوەمدا کۆمێنتەکان بەجۆرێکی تر دەتوانین بخوێنینەوە، کەلەخۆیدا دابەشکردنەوەیەکی درووستی سەرچاوەکان دەرفەت دەداتە هەر سێ کەسەکە زۆر ئازادانە  و یەکسانانە گەمەکە ببینن. ئەوەی لەمیدیاکاندا بڵاو بوو جۆرێکە لەچەواشەکاری ئایدۆلۆجی، بەناوی دژایەتی ئایدۆلۆجییەوە، ئەمەی باسمانکرد وەک نمونەیەکە و  ڕۆژانە زۆر بابەتی لەوجۆرە دەبینین کە ڕووبەڕووماند دەبێتەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان لەبری هۆشیاری هۆشمەندی باوێکی ڕامبوو دەخاتەوە. س

22/08/2013

٣١ی ئاب - سیمبوڵێک بۆ ‌ناپاکی


 
ئایا ئامانجت هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بیت؟
ئه‌گه‌ر ئامانجت هه‌یه‌ ببیت، ئه‌وا بڕیار بده‌ بۆ ئه‌و ئامانجه‌ت ببیت.
ئایا بڕیار ده‌ده‌یت که‌وا به‌و جۆره‌ هه‌‌بیت؟
ئه‌گه‌ر بڕیارتدا که‌ ببیت، ئه‌وا بیر بکه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌که‌ت جێ به‌جێ کردبێت.
ئه‌مه‌ ته‌نیا کۆجیتۆکه‌ی دیکارت نیه‌.. ئه‌مه‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌ له‌مه‌ڕ بوون و نه‌بوون.. ئه‌مڕۆ و ده‌مێک ڕۆژه‌ زۆر ده‌بیستم و ده‌خوێنمه‌وه‌ ده‌رباره‌ی په‌شیمانی و داوای لێبووردن له‌مێژوو. داوای خودی په‌شیمانی و ملکه‌چی بۆ لێبووردن ئاماده‌باشی ده‌وێت زه‌وینه‌ سازی پێویسته‌.. ئه‌گه‌ر یه‌کێک نه‌بێت، به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ عه‌ده‌می شوناسی خۆیدا ئاماده‌یه‌.. ئه‌گه‌ر یه‌کێک نه‌بێت ئاماژیه‌ بۆ هیچی بوونی خۆی له‌داهاتوو. بۆیه‌ ئه‌و زه‌وینه‌سازیه‌ ته‌نیا کاتێک ده‌کرێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کمان کردبێت شایسته‌ی پیاچوونه‌وه‌ بێت. نه‌ک هه‌ڵه‌یه‌ک له‌شێوه‌ی ناپاکیدا که‌ڕابردوومان بکاته‌ نه‌بوو، ئه‌وه‌ له‌وجۆره‌ که‌لێنانه‌ن که‌ لێبوردن و په‌شیمانی پریان ناکاته‌وه‌. به‌ڵام مه‌خابن ئێمه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی یاده‌وه‌ری ناساخین، ئێمه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی شل باوه‌ڕ و تا سه‌ر ئێسک به‌ده‌ست سۆزی به‌رایی بوونمانه‌وه‌ ده‌ناڵێنین، پێمان وایه‌ ئێوه‌ بڵێن داوای لێبوردن له‌مێژوو ده‌که‌ین و ئێمه‌ش پێتان ده‌ڵێین دووباره‌ی مه‌که‌نه‌وه‌ و دواجار هیچمان له‌ هیچ، نه‌خێر ئێمه‌ ئێستاین و هه‌رگیز ناتوانین ‌ مێژوو بین! مێژوو هه‌میشه‌ مردوویه‌کی ئاماده‌یه‌، ئه‌و مردوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی هیچی نییه‌ جگه‌ له‌ فێرکردن، فێربوونی باش و یاده‌وه‌ریه‌کی چالاک وزیندوی ده‌وێت.
گه‌ر ناپاکی به‌شێکی بوونی ناپاکیکار بخاته‌ ژێر پرسیاره‌کانی دڵسۆزی و نیشتمان په‌روه‌ری و مرۆڤدۆستی و ...ئه‌و شتانه‌، ئه‌وا به‌شی گه‌وره‌ی ده‌رئه‌نجامی ناپاکی په‌یوه‌ندی به‌نه‌بوونی ناپاکیکاره‌وه‌یه‌. ناپاکی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه‌ که‌ناپاکیکار ده‌خاته‌ دۆخی نه‌بوونه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوناسه‌ی پێشتر هه‌یبوه‌. کرده‌ی یه‌که‌م هه‌نگاوی ناپاکی ساتی هه‌ڵوه‌رینه‌، ساتی داڕزان و ساتی مه‌رگێکی خه‌سیسه‌. ئیتر شتێک نامێنێت قسه‌ له‌سه‌ر ڕابردووی ناپاکیکار بکه‌ین وه‌ک داهاتووی. ڕێک وه‌ک ئاوێنه‌ وایه‌ دیوێکی ڕووناک و ئه‌ودیو تری نووته‌که‌. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌‌و ساته‌وه‌‌ی له‌مێژوودا یه‌که‌م ناپاکیان ده‌ستپێکرد، ده‌ستیانخسته‌ ده‌ستی دوژمنه‌کانی گه‌لێک، پرسی گه‌لێکیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆیان به‌کارهێنا.. ئه‌و ڕۆژانه‌ی پێشی چه‌ندین جۆری سوپا که‌وتن بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر.. ئه‌و ده‌مانه‌ی ئه‌مان ڕه‌ش بوون وه‌ک داڵه‌که‌ی ناوچه‌وانیان، به‌ده‌یان و سه‌دان شۆڕشگێڕ و یه‌کسانیخوازیان تیرۆر ‌کرد و کرێکانیان به‌قه‌باڵه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌ له‌تاران و ئه‌ستمبول و ته‌ل ئه‌بیب و به‌غدا و دیمه‌شق و چه‌ندین پایته‌ختی تره‌وه بۆ ده‌هات، ئیدی ئه‌مان ده‌مێک ساڵ بوو چووبوونه‌ خانه‌ی نه‌بوان، ده‌مێک ساڵ بوو خۆیان و شوناسیان جیاواز بوون. ئه‌نجامده‌رانی (31ی ئاب)‌، زۆر ده‌مێك بوو خۆیان خۆیان نه‌بوون ئه‌و خۆیانه‌ی گه‌لێک زۆر جار بیری ڕه‌سه‌ن و بنه‌ڕه‌ته‌که‌یانی ده‌چێته‌وه و شوناسی جوان بۆ ناشرینییه‌کانیان داده‌تاشێت‌.
کاتێک که‌سێک خۆی نه‌مابێت ناتوانێت داوای لێبووردن له‌بری که‌سێکی که‌ بکات. هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڵه‌ی مێژوو به‌لێبووردن ناسڕێته‌وه‌، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ بمانه‌وێت به‌ مۆمیاکردن مردویه‌ک زیندووکه‌ینه‌وه‌. له‌ساته‌وه‌ختی ناپاکیه‌وه‌ نه‌ک به‌ته‌نیا (31 ی ئاب)، به‌ڵکو ده‌مێک ساڵ بوو هه‌ر له‌کۆن و له‌بوونه‌وه‌ ئه‌مان له‌سه‌ر خۆیان و بوونی خۆیان نه‌مابوون.. ئه‌وه‌ سه‌رابی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی کولی گه‌لێک بوو ئه‌مانه‌ی هێناو قایل بوو له‌هه‌ڵبژاردن به‌شداریان پێ بکات، ئه‌وه‌ یاده‌وه‌ری سست و تێفکرینی باڵا نزمی هۆشیارییه‌کی ئه‌نگاوته‌ی‌ گه‌لێکه‌ قایل ده‌بێت هاوه‌ڵانی ئه‌بوو عوده‌ی ئه‌نفالچی و کیمیاباران سه‌رۆکی بێت، ده‌ی مه‌خابن. که‌ من بیرم نه‌کرده‌وه‌ ئیتر من نیم، که‌من نه‌بووم ئیتر ئه‌وی مه‌عدومی له‌مێژینه‌ مه‌عدووم له‌بری منیش بوونم ده‌ژی، له‌بری من نه‌وتم ده‌سووتێنێ.. زه‌ویم ده‌کێڵێت.. هه‌وارگه‌م به‌زیندان ده‌کات.. سامانم ده‌با و ژیانی نه‌وه‌ی نوێشم له‌نادیاردا ڕه‌جاڵده‌کات.
سیمبوڵ له‌سه‌ر‌ده‌ستی وه‌ستاوه‌ داده‌که‌وێت و له‌ساته‌وه‌ختی مێژووی گونجاودا هه‌ڵده‌تۆقێت، باشترین که‌شتیوان ده‌بێته‌ سیمبوڵی ده‌ریاوانی، باشترین نیگارکێش ده‌بێته‌ سیمبوڵی نیگارسازی، وێنه‌ی باشترین تفه‌نگچی ده‌بێته‌ نه‌خشی هه‌ڵکۆڵراوی سه‌ر تفه‌نگێک، ڕاستگۆترین شۆڕشگێڕ ده‌بێته‌ سیمبوڵی به‌رنگاری. (31ی ئاب)، ته‌نیا سیمبوڵه‌ بۆ کرده‌وه‌ و کاره‌کانی پارتی به‌ناو دیموکراتی کوردستانی. سیمبوڵ له‌ترۆپکی مێژووی کرده‌یه‌کدا هه‌ڵده‌تۆقێت، (31 ی ئاب)، له‌گه‌رمه‌ و ترۆپکی ناپاکیدا هه‌ڵتۆقیوه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ له‌لێواری مه‌رگی هه‌تاهه‌تایی سته‌مکاردا ناپاکی و سه‌رشۆڕی ده‌کاته‌وه‌ شوناس بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت من له‌بتوون بوونم نه‌بوه‌، ئه‌و شوناسه‌ی منیش هه‌مه‌ مێژووکرده‌، مێژوویه‌ک پڕه‌ له‌سستی یاده‌وه‌ری گه‌لێک پڕه‌ له‌ساویلکه‌یی و پڕه‌ له‌ نزمی ئاستی هۆشیاری کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌تا ئه‌به‌د به‌م ڕۆژی نه‌گریسی ناپاکیه‌ ده‌بێت زامیان بکولێته‌وه‌، ماوه‌ بڵێین (31 ی ئاب) ته‌نیا سیمبوڵه‌ نه‌ک دوا ڕۆژی ناپاکی بێت، ناپاکی شوناسێکی به‌رده‌وامی هه‌رکه‌سێکه‌ که‌له‌ساته‌وه‌ختی یه‌که‌م ناپاکیه‌وه‌ بوون و‌ مێژووی خۆی دۆڕاندبێت.

18/08/2013

بانگەشەی هەڵبژاردن


 بانگەشەی هەڵبژاردن جۆری زۆرە و ئامانجی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت. هەندێک لەو ئامانجانە، بۆ ناساندنی بەرنامەی هەڵبژاردن و کەسێتی کاندیدەکان و کۆکردنەوەی پشتیوانی خەڵک ….تاد. بەشێکیش لەو بانگەشەیە دەچێتە خانەی ڕیکلام و بازرگانییەکەوە کەهەندێ لایەنی تری بازرگانی سوودی لێدەبینن و بەهۆیەوە بانگەشە بۆ بەرهەمهاتووەکانی خۆیان دەکەن.س

لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوەی ئێستا بەڕێوەدەچێت، دەبینین ژمارەیەکی زۆر لەکاندیدی پارتەکان بانگەشە بۆخۆیان و لیستەکانیان دەکەن. بەشێوەیەکی باو و زانراو، ئەم بانگەشەیە لەپێناوی ئەوەدایە کە خەڵک بتوانێت کاندیدی نەناسراو یان کەمتر ناسراو باشتر بناسێت، دەکرێت کاندیدەکان و پارتەکانیان بۆ ئەوە کاری جدی و زۆر جوان بکەن تا بەباشترین شێوە خۆیان بناسێنن و دەنگی خەڵک و لاینگر و تەنانەت نەیارەکانیشیان بەدەست بهێنن. س

هەندێک لەکاندیدەکان، لەبەر ئەوەی شارەزاییان کەمە لەبانگەشەدا و لەوڵاتی ئێمەشدا کۆمپانیای تایبەت نییە بۆ گرتنەدەستی ئەم کارە، یان لایەنی کەم باو نییە داوا لە کۆمپانیایەکی ناسراو یان پسپۆڕ بکەیت بانگەشەی هەڵبژاردنەکەت بۆ ڕاپەڕێنن! بۆیە هەر کەسە و بەئارەزووی خۆی و بەسەلیقەی خۆی بانگەشە دەکات و خوتبە و فەتوای سیاسی و تەنانەت هەندێکیان دەکەونە دەروازەی فەلسەفەلێدان و وتەی قەبە قەبە و دیراسە نەکراو و سەیرەوە. هەندێکیان هەیە لەبەرنامەی پارتەکەی بەڵێن زیاتر دەدات، هەندێکیان هەیە هەر خۆی لەلیستێکدایە و بەبەرنامەش بانگەشە بۆ لیستێکی تر دەکات.. تاد. لەو ماوەیەی ڕابردوودا چەندین نوکتە و قسەی سەیر بەدی دەکەیت.. هەیە بەناوی زانا و داناکانی دونیاوە شتی وا دەنووسن کە هەرگیز لەو سەردەمەدا ئەو وتانە نەوتراون، چونکە زاراوە و کەرەستەکانی ئەو وتەزایانە نەدۆزراونەتەوە. هەیە دەیەوێت دەنگی ئیسلامی سیاسی و بێباوەڕەکان پێکەوە بۆخۆی ڕابکێشێت و لای خۆیشی وای داناوە هەردووکیان باوەڕیان پێی هەیە.. ئیدی شتی سەیر و سەمەرە دەبینیت. بەجۆرێکت بەسەر دێت ئارەزووی ئەوە دەکەیت دەنگ نەدەیت بە کەسیان. س

لەم سەرنجەدا تەنیا ئەوەم دەستگیر دەبێت، بڵێم سوپاس بۆ ماس میدیا، کەتوانیویەتی دەرفەت بداتە ئەو نەزانانە و زۆر بەباشی  ڕاستی خۆیان بناسێنن. بەڕاستی هەندێکیان هەیە ئەگەر بانگەشە نەکەن لەوانەیە دەنگێکی زیاتر بهێنن. لەمەش خراپتر ئەوەیە ئەگەر بکەوینە نێو سەرجەم لیستەکانەوە و تەتەڵە بێژی بکەین بەهەموویان لیستێکی گونجاویان لێ دەرناچێت. ئیدی پرسیارێک  درووست دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەمە بەڕاستی لەداهاتوودا دەبێتە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان؟ خۆ ئەگەر ئەمەیە زۆر لە ئێمە بە هەڵەدا چووە و پێشبینیمان بۆ دەستەبژێری کۆمەڵگاکەمان هەڵەیە. یان دۆخی گێلاندنی سیستەمی سیاسی لەکوردستاندا و قێزکردنەوە لەپرۆسەی سیاسی، دەرفەتی کارکردنیان بۆ دەستەبژێرێکی شیاو و درووست نەهێشتوەتەوە تا لەبواری سیاسیدا کاربکەن.س

12/08/2013

دوای کۆچیش پێشێلکاری بەرامبەر ئاواتەکان مرۆڤ بەردەوامە

پاراستنی وەسێتنامە مافێکی مرۆییە، بەتایبەت ئەگەر ئەو وەسێتە لەڕویی لۆژیک و یاسای ژیانەوە لەتواندا هەبێت. شاعیری گەورەی گەلی کوردستان (مامۆستا شێرکۆ بێکەس) بەر لەکۆچی دوایی خۆی، وەسێتیکی بڵاوکردەوە و وەسێتەکەی هیچ گرفتێکی تێدا نەبوو، بەتایبەت وەک داواکارییەک پێشکەش بە خەڵک و شارەوانی سلێمانی کردبوو.. هەندێ کەس ئەو وەسێتە بە ناڕەوا لێکدەدەنەوە و هەندێکی تریش پشتیوانی لێدەکەن. ئەوەی لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەوایە ئەگەر شارەوانی بڕیاری بۆ بدات ئیدی لەڕووی یاساییەوە وەسێتەکەی کێشەی نامێنێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت، دیارە هەموو بڕیارێکیش جێی ڕەخنە لێگرتنن بە ئەرێنی و بەنەرێنییەکانیشەوە.
بەشێکی وەسێتەکەی مامۆستا شێرکۆ، لەهەر جێگایەکدا بێت لەتواندا هەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوەش ئەو میوزیک و گۆرانی و سروود و هونەرەیە کە کۆچکردوو داوایکردوە، بەواتایەکی تر کاتێک دەڵێت؛ من دەمەوێت ئاڵای کوردستانم تێوە بپێچن، واتە کفنکردنی ئاسایی ناوێت. یان کاتێک دەڵێت بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵاوەیسی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیتەوە بمنێژن؛ ئیدی دەڵێت من یاسین و تەڵقینم ناوێت. ئەمانەش هەموویان لەتوانادا هەن ئەنجام بدرێن. ئەوەی سەیرە لەوێنەی مەراسیمەکەدا مەلایەک بە مایکرۆفۆنەوە دەبینین! کە پێدەچێت خەریکی تەڵقین و مەراسیمی ئایینی بێت! ئەمەش دوو دەلالەتی هەیە یان خەڵکی وڵاتی ئێـە لەوەسێت تێناگەن یان ڕێزیان بۆ وەسێتنامە نییە، هیوادارم ئەگەری یەکەمیان بێت.
بە هەر حاڵ، ئەم ڕووداوە یادگارییەکم بیر دێنێتەوە، کاتی خۆی و لەڕێکخراوەکەماندا شۆفێرێکمان هەبوو، زۆر داماو بوو، من وەک سووکایەتی نایگێڕمەوە.. لەزکماکییەوە دیار بوو ئەم مرۆڤە کەکەم تواناییەکی هزری هەیە.. ئەم شۆفێرە باوای دابنێین ناوی سالە بێت (ناوەکە خوازراوە). خۆی لەراستیدا هەر نەدەبوو مۆڵەتی شۆفێری  هەبێت، بەڵکو ئەوە تاوانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ بوو کەئەو کەسە مۆڵەتی پێدرابوو، چونکە زۆر جار ڕاست و چەپی خۆی لەیەک جیانەدەکردەوە.. پێم دەوت کاکە سالە بەیانی کاتژمێر (٩) وەرە بەدوامدا بۆ ئۆفیس دەرچوونمان هەیە، بەیانی  (٧) دەهات.. یان (١١) دەهات، دەموت کاکە گیان من نەموت (٩) وەرە؟ بۆ وا زوو یان بۆ وا درەنگ هاتوویت؟ لەوەڵامدا دەیوت: "ئێ کاک سۆران تۆ پێت وتم کاتژمێر (٩) وەرە منیش (١١) هاتم".. پێمدەوت: "ئاخر بەقوربان فەرقیان هەیە و نزیکەی دوو کاتژمێریان فەرقە"! دووبارە کاکی شۆفێر دەیوتەوە: "دەی سا تۆ وتت (٩) وەرە منیش (١١) هاتم".. ئیتر ئەگەر یەک سەدە لەگەڵە کاکە سالەدا موناقەشەت بکردایە نە لێت تێدەگەیشت نە تۆ دەوتوانی لە هۆکارەکەی تێبگەیت.. بەناچاری ئێمەش لەبەر هەژاری کەس و کارەکەی هێشتبوومانەوە بەڵام کردبوومانە شۆفێرێکی ئازاد لەناو تیمەکاندا چی ئیشێکی بکردایە دەیکرد و تەواو.. بەڵام لەوەدەچێت مەلاکان و خەڵکی ئێمە هەر ئەوەندەی کاکە سالە لەبەڵێن و کات و وەسێتنامە گەیشتبن.. ئێ مامۆستا شێرکۆ نەیوت گۆرانیم بۆ لێدەن.. ئێ ئەوانیش تەڵقینیان دادا.. لەگەڵ ڕێزمدا بۆ ئەو کەسانەی باوەڕی ئایینیان بەتینە، بەڵام لای من خەڵک ئازادە چۆن دەیەوێت ژیان جێبهێلێت و بەخاکسپاردن دوا خواستە ئەگەر یەکێک هەیبێت و چۆنی دەوێت دەبێت وا بێت، نەک بە زۆرە ملێ چۆن بەبێ خواستی خۆمان لەدایک دەبین و کۆچ دەکەین، لەشێوە و فۆرمی ماڵئاواییشدا سووکایەتی بە وشەکانمان بکرێت. بەڕای من لەو وڵاتەی ئێمەدا دوای کۆچیش پێشێلکاری بەرامبەر چکۆلەترین خواستی مرۆڤ بەردەوامە و سوکایەتی پێکردنی ئامانجێکی دەستەگەراییە.

08/08/2013

مۆنۆلۆگی ـ٢ـ حوشتری زینە و وڵاتی ئەفلامکارتۆن



س:  نووسین بۆ چی باشە؟
ص:  بڵێم چی! بۆ زۆر شت باشە؛ گەیاندنی بیروڕا، دەربڕینی هەست و سۆز و بۆچوون، گێڕانەوەی مێژوو، بەسەربردنی کاتی بەسوود، گواستنەوە و پاراستنی زانیاری، فێربوون و ڕەخنەگرتن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و زۆر شت هەر مەپرسە! جا بۆ چی باش نییە؟ ئەگەر نووسین نەبێت کەس هۆشیاریی و ئاگایی لەچواردەوری خۆی نابێت و نەدەبوو. ئەو پرسیارەت شتێکی لەپشتەوەیە؟
س:  ئەی باشە نووسین چۆن پەیدا بوو؟
ص:  چاک! ئەوە مێژوویەکی دوور و درێژە زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ دەبێت، قسەوباس زۆر بوون و مرۆڤ ویستی زمان و قسەکانی بە وشە و تیپەکان وێنا بکات و دەرببڕێت، ئیتر نووسینی دۆزییەوە.
س:  ئەی قسەو باس چۆن پەیدا بوو؟
ص:  جا تۆ سەیریت، مرۆڤ مێشکی گەشەی کردوە و بیریکردوەتەوە و قسەی کردوە و ئیتر ئاوا، ئەوەش کاتێکی زۆرتری ویستوە.
س:  مێشک چۆن بیریکردەوە و ئیشیکرد؟
ص:  تۆ ئەتەوێت من مێژووی چەندەها ملیۆن ساڵت بە دێڕێک وەڵام بدەمەوە؟! ئەوە ناکرێت کاکە ئەوە پەرەسەندنە و مرۆڤ بەهۆی بیرکردنەوە و مێشکیەوە لەگیاندارێکی ئاسایی جیادەکرێتەوە، ئەگەر نا ئەوا وەک فیل، وەک شێر، وەک نەعامە و حوشتر دەبوو.
س:  باشە ئەگەر گەشەی نەکردایە چی؟
ص:  ئەقڵی نەدەبوو چارلس داروین دەڵێت، ئەو کاتە لە باشترین باردا وەک مەیمونێک دەژیا.
س:  واتە قسەی نەدەکرد؟
ص:  نەخێر قسەی چی! زمان و نووسین و مێژوویەکی نووسراو و ئەدەب و شیعر و ئەو شتانەش هیچی نەدەبوو، گاجووتت بینیوە ڕەخنە بگرێت؟ ئەی جرج دیوە شیعر بخوێنێتەوە.
س:  بەڵێ لە ئەفلامکارتۆندا، بەڵام کاکە برا  تۆ پێم بڵێ؛ نووسین هەبێت یان نەبێت چی جیاوازە خۆ کەس نایخوێنێتەوە و کەس گوێی لێناگرێت؟
ص:  نا وانییە! هەر شتەو کەسی خۆی هەیە سوودی لێ ببینێت، ئەگەر نا هەموومان لەشێوەی حوشترێکدا دەبووین.
س:  جا باشە حوشترت دیوە لەکۆشک و تەلاردا بژی، قەسری هەبێت و فەرشی سووری بۆ دابخەن و سەیارەی درع و جامتاریک بەکار بهێنێت؟
ص:  مەگەر حوشتری زینە بێت یان خۆت واتەنی لە ئەفلام کارتۆندا!
س:  با واز لەوانە بهێنین، ناگەینە ئەنجام، من پیاوی وا زل دەبینم ناخوێننەوە و تێناگەن، هەر مەپرسە، ئەی پێم بڵێ جیاوازی (عەمەلی و نەزەری چییە؟)، مەبەستم تیۆری و کردارییە؟
ص:  تیۆری؛ بەزۆری بە نووسین و بیرکردنەوە و قسەکردن و شرۆڤە و ڕاڤەکردن ولێکدانەوە و شتی وایە، بەڵام کرداری هەنگاوی کردەوە ئاسای لەدوا دێت، واتە ئەوەی تێی دەگەین بە تیۆری بە کرداری جێبەجێی دەکەین. بۆ نمونە ئەگەر من کارێکی خراپ بکەم، ئەوا تۆ نامەیەکم بۆ دەنێریت و دەڵێیت بەڕەفتارەکانتا بچۆرەوە، یان لەتەلەفزیۆنێکەوە ڕەخنەم ئاراستە دەکەیت و دەڵێیت ئەوەی تۆ دەیکەیت جگە لەماڵوێرانی هیچی تری لەدوا نییە. منیش ئەوکات، هەڵوێستە دەکەم و بەخۆمدا دەچمەوە ئیدی ئەو کردەوانە ناکەم و هەوڵ دەدەم خۆم چاک بکەم، یان سەری لووتی خۆم ڕەش دەکەم و دەستبەرداری پۆستەکەم دەبم. ئەوکات تۆ شتێکی تیۆریت کرد و منیش بەکرداری جێبەجێم کرد و خۆمم لەمەترسییەکە پاراست.
س:  باشە ئەوە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ دەچێت گۆڤار نەما ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و سیمینار و کۆڕ و فەیس بووک و دارو بەرد نەما قسە لەسەر ئەم دەسەڵاتەی کوردستان نەکات.. هیچ شتێک نەما لەمێژوو خیانەتی ئەم بنەماڵەیە نەگێڕێتەوە.. هەموو کەس باش دەزانێت ئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان قازانجی گەلی کوردستان بووبێت ئەمانە نەیانکردوە و بە پێچەوانەوە دژایەتی هەموو هەوڵێکی مرۆیی و نیشتمانیان کردوە. تۆ بزانە ئەوە ئێستا گەورەترین خیانەت لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، کاتی خۆی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتیان کردوە، بەرامبەر باکووریان کردوە و باشوور ئەوە هەر باس ناکرێت. بەڕاستی سەیرە ئەوە وا خۆیان هیچ نابیست و کەڕ و کویر و نەخوێندەوارن، خەڵکە کە بۆ؟ تۆ بڵێیت خەڵکەکە پاش ئەم هەموو زانین و نووسین و باس و ڕەخنانە جارێکی تر لە هەڵبژاردندا بە کرداری بچێت دەنگ بداتەوە ئەمانە؟
ص:  بەڵێ ئاخر بۆیە باڵەخانە ڕەنگینەکانی لای ئێمە و کۆشکەکانی حوکمڕانی پڕن لەحوشتری زینە و وڵاتەکەشمان تەنیا لەوڵاتی ئەفلامکارتۆن دەچێت.