بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





18/08/2013

بانگەشەی هەڵبژاردن


 بانگەشەی هەڵبژاردن جۆری زۆرە و ئامانجی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت. هەندێک لەو ئامانجانە، بۆ ناساندنی بەرنامەی هەڵبژاردن و کەسێتی کاندیدەکان و کۆکردنەوەی پشتیوانی خەڵک ….تاد. بەشێکیش لەو بانگەشەیە دەچێتە خانەی ڕیکلام و بازرگانییەکەوە کەهەندێ لایەنی تری بازرگانی سوودی لێدەبینن و بەهۆیەوە بانگەشە بۆ بەرهەمهاتووەکانی خۆیان دەکەن.س

لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوەی ئێستا بەڕێوەدەچێت، دەبینین ژمارەیەکی زۆر لەکاندیدی پارتەکان بانگەشە بۆخۆیان و لیستەکانیان دەکەن. بەشێوەیەکی باو و زانراو، ئەم بانگەشەیە لەپێناوی ئەوەدایە کە خەڵک بتوانێت کاندیدی نەناسراو یان کەمتر ناسراو باشتر بناسێت، دەکرێت کاندیدەکان و پارتەکانیان بۆ ئەوە کاری جدی و زۆر جوان بکەن تا بەباشترین شێوە خۆیان بناسێنن و دەنگی خەڵک و لاینگر و تەنانەت نەیارەکانیشیان بەدەست بهێنن. س

هەندێک لەکاندیدەکان، لەبەر ئەوەی شارەزاییان کەمە لەبانگەشەدا و لەوڵاتی ئێمەشدا کۆمپانیای تایبەت نییە بۆ گرتنەدەستی ئەم کارە، یان لایەنی کەم باو نییە داوا لە کۆمپانیایەکی ناسراو یان پسپۆڕ بکەیت بانگەشەی هەڵبژاردنەکەت بۆ ڕاپەڕێنن! بۆیە هەر کەسە و بەئارەزووی خۆی و بەسەلیقەی خۆی بانگەشە دەکات و خوتبە و فەتوای سیاسی و تەنانەت هەندێکیان دەکەونە دەروازەی فەلسەفەلێدان و وتەی قەبە قەبە و دیراسە نەکراو و سەیرەوە. هەندێکیان هەیە لەبەرنامەی پارتەکەی بەڵێن زیاتر دەدات، هەندێکیان هەیە هەر خۆی لەلیستێکدایە و بەبەرنامەش بانگەشە بۆ لیستێکی تر دەکات.. تاد. لەو ماوەیەی ڕابردوودا چەندین نوکتە و قسەی سەیر بەدی دەکەیت.. هەیە بەناوی زانا و داناکانی دونیاوە شتی وا دەنووسن کە هەرگیز لەو سەردەمەدا ئەو وتانە نەوتراون، چونکە زاراوە و کەرەستەکانی ئەو وتەزایانە نەدۆزراونەتەوە. هەیە دەیەوێت دەنگی ئیسلامی سیاسی و بێباوەڕەکان پێکەوە بۆخۆی ڕابکێشێت و لای خۆیشی وای داناوە هەردووکیان باوەڕیان پێی هەیە.. ئیدی شتی سەیر و سەمەرە دەبینیت. بەجۆرێکت بەسەر دێت ئارەزووی ئەوە دەکەیت دەنگ نەدەیت بە کەسیان. س

لەم سەرنجەدا تەنیا ئەوەم دەستگیر دەبێت، بڵێم سوپاس بۆ ماس میدیا، کەتوانیویەتی دەرفەت بداتە ئەو نەزانانە و زۆر بەباشی  ڕاستی خۆیان بناسێنن. بەڕاستی هەندێکیان هەیە ئەگەر بانگەشە نەکەن لەوانەیە دەنگێکی زیاتر بهێنن. لەمەش خراپتر ئەوەیە ئەگەر بکەوینە نێو سەرجەم لیستەکانەوە و تەتەڵە بێژی بکەین بەهەموویان لیستێکی گونجاویان لێ دەرناچێت. ئیدی پرسیارێک  درووست دەبێت، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەمە بەڕاستی لەداهاتوودا دەبێتە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان؟ خۆ ئەگەر ئەمەیە زۆر لە ئێمە بە هەڵەدا چووە و پێشبینیمان بۆ دەستەبژێری کۆمەڵگاکەمان هەڵەیە. یان دۆخی گێلاندنی سیستەمی سیاسی لەکوردستاندا و قێزکردنەوە لەپرۆسەی سیاسی، دەرفەتی کارکردنیان بۆ دەستەبژێرێکی شیاو و درووست نەهێشتوەتەوە تا لەبواری سیاسیدا کاربکەن.س

No comments:

Post a Comment