بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





12/08/2013

دوای کۆچیش پێشێلکاری بەرامبەر ئاواتەکان مرۆڤ بەردەوامە

پاراستنی وەسێتنامە مافێکی مرۆییە، بەتایبەت ئەگەر ئەو وەسێتە لەڕویی لۆژیک و یاسای ژیانەوە لەتواندا هەبێت. شاعیری گەورەی گەلی کوردستان (مامۆستا شێرکۆ بێکەس) بەر لەکۆچی دوایی خۆی، وەسێتیکی بڵاوکردەوە و وەسێتەکەی هیچ گرفتێکی تێدا نەبوو، بەتایبەت وەک داواکارییەک پێشکەش بە خەڵک و شارەوانی سلێمانی کردبوو.. هەندێ کەس ئەو وەسێتە بە ناڕەوا لێکدەدەنەوە و هەندێکی تریش پشتیوانی لێدەکەن. ئەوەی لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەوایە ئەگەر شارەوانی بڕیاری بۆ بدات ئیدی لەڕووی یاساییەوە وەسێتەکەی کێشەی نامێنێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت، دیارە هەموو بڕیارێکیش جێی ڕەخنە لێگرتنن بە ئەرێنی و بەنەرێنییەکانیشەوە.
بەشێکی وەسێتەکەی مامۆستا شێرکۆ، لەهەر جێگایەکدا بێت لەتواندا هەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوەش ئەو میوزیک و گۆرانی و سروود و هونەرەیە کە کۆچکردوو داوایکردوە، بەواتایەکی تر کاتێک دەڵێت؛ من دەمەوێت ئاڵای کوردستانم تێوە بپێچن، واتە کفنکردنی ئاسایی ناوێت. یان کاتێک دەڵێت بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵاوەیسی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیتەوە بمنێژن؛ ئیدی دەڵێت من یاسین و تەڵقینم ناوێت. ئەمانەش هەموویان لەتوانادا هەن ئەنجام بدرێن. ئەوەی سەیرە لەوێنەی مەراسیمەکەدا مەلایەک بە مایکرۆفۆنەوە دەبینین! کە پێدەچێت خەریکی تەڵقین و مەراسیمی ئایینی بێت! ئەمەش دوو دەلالەتی هەیە یان خەڵکی وڵاتی ئێـە لەوەسێت تێناگەن یان ڕێزیان بۆ وەسێتنامە نییە، هیوادارم ئەگەری یەکەمیان بێت.
بە هەر حاڵ، ئەم ڕووداوە یادگارییەکم بیر دێنێتەوە، کاتی خۆی و لەڕێکخراوەکەماندا شۆفێرێکمان هەبوو، زۆر داماو بوو، من وەک سووکایەتی نایگێڕمەوە.. لەزکماکییەوە دیار بوو ئەم مرۆڤە کەکەم تواناییەکی هزری هەیە.. ئەم شۆفێرە باوای دابنێین ناوی سالە بێت (ناوەکە خوازراوە). خۆی لەراستیدا هەر نەدەبوو مۆڵەتی شۆفێری  هەبێت، بەڵکو ئەوە تاوانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ بوو کەئەو کەسە مۆڵەتی پێدرابوو، چونکە زۆر جار ڕاست و چەپی خۆی لەیەک جیانەدەکردەوە.. پێم دەوت کاکە سالە بەیانی کاتژمێر (٩) وەرە بەدوامدا بۆ ئۆفیس دەرچوونمان هەیە، بەیانی  (٧) دەهات.. یان (١١) دەهات، دەموت کاکە گیان من نەموت (٩) وەرە؟ بۆ وا زوو یان بۆ وا درەنگ هاتوویت؟ لەوەڵامدا دەیوت: "ئێ کاک سۆران تۆ پێت وتم کاتژمێر (٩) وەرە منیش (١١) هاتم".. پێمدەوت: "ئاخر بەقوربان فەرقیان هەیە و نزیکەی دوو کاتژمێریان فەرقە"! دووبارە کاکی شۆفێر دەیوتەوە: "دەی سا تۆ وتت (٩) وەرە منیش (١١) هاتم".. ئیتر ئەگەر یەک سەدە لەگەڵە کاکە سالەدا موناقەشەت بکردایە نە لێت تێدەگەیشت نە تۆ دەوتوانی لە هۆکارەکەی تێبگەیت.. بەناچاری ئێمەش لەبەر هەژاری کەس و کارەکەی هێشتبوومانەوە بەڵام کردبوومانە شۆفێرێکی ئازاد لەناو تیمەکاندا چی ئیشێکی بکردایە دەیکرد و تەواو.. بەڵام لەوەدەچێت مەلاکان و خەڵکی ئێمە هەر ئەوەندەی کاکە سالە لەبەڵێن و کات و وەسێتنامە گەیشتبن.. ئێ مامۆستا شێرکۆ نەیوت گۆرانیم بۆ لێدەن.. ئێ ئەوانیش تەڵقینیان دادا.. لەگەڵ ڕێزمدا بۆ ئەو کەسانەی باوەڕی ئایینیان بەتینە، بەڵام لای من خەڵک ئازادە چۆن دەیەوێت ژیان جێبهێلێت و بەخاکسپاردن دوا خواستە ئەگەر یەکێک هەیبێت و چۆنی دەوێت دەبێت وا بێت، نەک بە زۆرە ملێ چۆن بەبێ خواستی خۆمان لەدایک دەبین و کۆچ دەکەین، لەشێوە و فۆرمی ماڵئاواییشدا سووکایەتی بە وشەکانمان بکرێت. بەڕای من لەو وڵاتەی ئێمەدا دوای کۆچیش پێشێلکاری بەرامبەر چکۆلەترین خواستی مرۆڤ بەردەوامە و سوکایەتی پێکردنی ئامانجێکی دەستەگەراییە.

No comments:

Post a Comment