بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





25/08/2013

چەواشەکارییەکانی تێگەیاندنی باو

سەروەختێکە وێنەیەک بڵاو دەکرێتەوە لەسەر ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان و تێیدا ئەوە دەخرێتەڕوو کە گوایە یەکسانی و دادوەری دووشتی  تەواو دژ بەیەکن! ئەم وێنەیە بۆ ئەوە بەکاردەهێنرێت پێمان بڵێت (هەموو خواستێک بۆ یەکسانی دەبێتە هۆی بێدادییەک و بێبەشکردنی خەڵکێک لەئازادییەکانی و لە مافەکانی).  وەک ئەوەی لە وێنەکەدا ئاماژەی پێدراوە، دادوەری هەموومان بەبێ جیاوازی دەخاتە دۆخێکەوە کە ئەو یاریگایە و گەمەکە ببینین، بەڵام یەکسانی لاوازەکان لەو دیمەنە بێبەش دەکات، کەئەمەش تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە، بڕوانە وێنەی دووەم کە چۆن ئەنجامی یەکسانی بینینی یاریگاکە، دادوەری بەدەست دێت هەموومان دەتوانین ئازادانە یاریگاکە ببینین.س
 

زۆرجار هەیە لەمێژووی خەباتی مرۆڤایەتیدا و بەتایبەت دوای ڕووخانی بلۆکی خۆرهەڵات و دەوڵەتە سۆشیالیست و شیویعییەکان و بەتایبەتتر یەکێتی سۆڤێتی جاران و هاوپەیمانەکانی، یەکسانی بەهۆکارێک لێکدەدرێتەوە بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ و بێبەشکردنی لە ئازادییەکانی. هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو درووشمەی ئەم بلۆکە تۆتالیتارییە بەرزیکردبووەوە، کە گوایە داکۆکی لەیەکسانی دەکەن، بەڵام هەر بەو ناوەوە پێڕەوی جۆرەها چەوساندنەوەیان دەکرد و جگە لەوەی یەکسانیان دەستەبەر نەدەکرد،  زۆرێک لە ئازادییان لەخەڵکی وڵاتەکانیان گرتبوو، تا ئەو ئاستەی لەهەندێ وڵاتدا مۆزخواردنیش دژایەتی بوو بۆ ئەو یەکسانییەی ئەوان باسیان دەکرد.س
 
ئەوەی لەلای دەوڵەت و بیری سەرمایەداری و لیبرالی و لیبراڵی نوێش بەدی دەکەین هەمیشە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکە بەناوی ئازادییەوە و سەپاندنی نایەکسانییەکە کەسەراپای مرۆڤایەتی لەزۆر وێنە و دیمەنی ژیانێکی پڕ شکۆمەندانە بێبەشکردوە. ئازادییەکە کەلێنی هەژاری بەئەندازەیەک زەبەلاح کردوەتەوە کە مەترسییەکانی سنووریان نییە و هەریەکەمان لە هەرکوێیەکی دونیادا بین تێیدا دەژین و بەدەست بێدادییەکانییەوە کۆیلایەتی جۆر بەجۆر، کۆیلایەتی مۆدێرن دەچێژین.س
 
ئەم  دوو پارامیتەرە پێمان دەڵێت ئەو وێنەیە کاتێک بڵاودەکرێتەوە، ئیدی لەنەستی بینەردا ڕەوایی دەدات بەو تێزەی کە یەکسانی دژ بە دادوەرییە، کە ئەمەش پێچەوانەی ڕاستییە، چونکە دادوەرییەک نییە بتوانێت لەسەر دوو پێ بوەستێت و سەقامگیر بێت بەبێ هەر یەک لەئازادی و لە یەکسانی. یەکسانی یکێکە لەکۆڵەکەکانی دادوەری و هەر کۆمەڵگایەک کەلێن کەوتە  نێو تاک و چینەکانییەوە و نایەکسانی باڵی بەسەردا کێشا یان بووە دیاردەی ژیاری و ژیانی کۆمەڵگا ، ئەوا پێچەوانەی سرووشتی مرۆیی و گیاندارییەکانی خۆی مامەڵەدەکات و لەبەردەم ترسی گەورەی چەوساندنەوە و بەدبەختی گشتیدا ژیان بەسەردەبات.س
 
کۆمەڵگای سرووشتی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانە، کۆمەڵگایەکە دەتوانێت بە پێوانەی سرووشتی خۆی و گەشەسەندنی هۆشمەندی مرۆڤ بەر بەهەردوو دیاردەی سەرکوت و نایەکسانی بگرێت. ئەوەی مرۆڤەکان دەیکەن لەپای ئایدۆلۆجیای قازانج خوازەکاندا، بریتییە لە تێکدانی هاوکێشەی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشمەندیی کۆمەڵگاکان لەپێناو پاراستنی لاسەنگی بەردەوامی بەرژەوەندییەکان کەدەکاتە بەردەوامی دۆزینەوە و درێژە پێدانی قازانج. ئەمە، لەدیدی مندا شێواندنی سروشتی یەکسانانەی ژیانە. گەر مرۆڤ لەچکۆلەترین بۆنەدا بڕوانێتە کۆمەڵگا بەراییەکانی گیاندارانی تر تەواوی یەکسانییەکان دەبینێتەوە تەواوی ئازادییەکان دەبینێتەوە، بەڵام ئەنجامی ژیریی مرۆڤ خۆی دەستکاری ئەمانەی کردوون. لەلایەکی ترەوە تێکەڵاوکردنی پرسی جیاوازی و شێواندنی بە پرسی نایەکسانی مەترسییەکی تری درووستکردوە، چونکە جیاوازی نیوان تاکەکان ناکاتە نایەکسانی تاکەکان، یەکسانی ڕاستیینە لەنێوان جیاوازەکاندا واتای هەیە، هەروەک چۆن لەوێنەی دووەمدا دەیبینیت، یەکسانییەکە بۆ بینینی یارییەکە لەلای هەمووان چ لاوازەکان چ بەهێزەکان.س 

بەڕێزت بڕوانە ئەو وێنەیەی دووەم کە دەستکاری دەستەواژەکانمان کردوە ئیدی دەزانیت،  کەئەوە ئەنجامی یەکسانییە دادوەری درووست دەبێت، بەڵام یەکسانییەک کەهاوتایە بە ئازادییەوە. یەکسانی لەژمارە و لە قەبارەدا نییە، یەکسانی بەدابەشکردنی هەمان دەستکەوت  نابێت بەیەکسانی بەسەر هەمواندا، وەک ئەوەی دەیانەوێت ئەو تێگەیشتنە بە باو بکەن، یان دەیانەوێت ئەو جۆرە لەیەکسانی بەزۆر بکەنە شوناسی هەموو یەکسانیخوازییەک. یەکسانی ئەو یەکسانییەیە کەهەمان ژیان و چێژ ببەخشێتە جیاوازەکان کە بەپێوانەی خۆیان ئاسوودەیان بکات، ئەوەش خۆی لەدابەشکردنەوەیەکی عادیلانەی سەرچاوە و داهات و دەستکەوتەکاندا دەبینێتەوە، نەک دابەشکردنەوەیەکی یەکسانی بڕەکان یان بەزۆر سەپاندنی ژیانێکی هاوشێوە بەسەر هەمواندا.س
 
ئەم تێکستەم بەکورتی بوو بەخاتری بەرگرتن بەکاریگەریی ئەو وێنەیەی کە دەبینیت بڵاوکراوەتەوە، لەوێنەی دوەمدا کۆمێنتەکان بەجۆرێکی تر دەتوانین بخوێنینەوە، کەلەخۆیدا دابەشکردنەوەیەکی درووستی سەرچاوەکان دەرفەت دەداتە هەر سێ کەسەکە زۆر ئازادانە  و یەکسانانە گەمەکە ببینن. ئەوەی لەمیدیاکاندا بڵاو بوو جۆرێکە لەچەواشەکاری ئایدۆلۆجی، بەناوی دژایەتی ئایدۆلۆجییەوە، ئەمەی باسمانکرد وەک نمونەیەکە و  ڕۆژانە زۆر بابەتی لەوجۆرە دەبینین کە ڕووبەڕووماند دەبێتەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان لەبری هۆشیاری هۆشمەندی باوێکی ڕامبوو دەخاتەوە. س

No comments:

Post a Comment