بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





27/07/2017

هەرجارەی باسێک ژمارە (٢٢)/ ڕیفەراندۆم تاوانی تاوانەکان

ڕیفەراندۆم، تاوانی تاوانەکان

سەرەتا
یەکێك لە جیاکەرەوەکانی کۆمەڵگای پێشکەوتوو لە دواکەوتوو ئەوەیە کە یەکەمیان پلانی هەیە و دەزانێت تەنانەت لە داهاتووی دووریشدا چی دەکات و چی دێتە ڕێگای، بەڵام لە دووهەمیاندا لەسەر حسابی ڕۆژ و پێشهاتەکانی ژیان بەڕێ دەکات.

پرسی باسەکەمان ڕیفەراندۆمە لە بەردەم سەربەخۆیی و ئەجێندایەکی نادیاردا! پرسێکی گرنگ و چارەنووسساز دەردەکەوێت و ماوەیەکی زۆر کەمە کە باسی لێوە دەکرێت. تەنانەت دواجار کە بڕیاری لەسەر درا تا ئەو وادەیەی بۆی دانراوە بە هەمووی ناکاتە شەش مانگ! سەیرە پرسێکی ستراتیژی لە شەش مانگدا هەموو پلان و ڕێوشوێنێکی بۆ ئامادەکرابێت؟ بە مەرجێك کۆی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان هێندە پێشکەوتوو نین بتوانن تێکڕای پێویستییەکان لە ڕێگای سیستەمێکی ئەلکترۆنی و سەردەمیانەوە لە ماوەیەکی وا کورتدا تەواو بکەن.

ئەم پرسە دۆخێکە زۆرکەسی ناچارکردوە لەسەری بنووسێت و ڕاو سەرنج پێشکەش بکات، جا با ئەوەش نەهێنێت، تەنانەت ئەوەتا من بۆ خۆشم دەربارەی دەنووسم چەند باوەڕم پێشی نەبێت، سەرباری گرنگی تر و لەپێشینەیی چەندین پرسی تر کە لە ژیانی هەریەکەماندا هەیە (خۆی ئەمە بەشێکی خواستی وروژاندنی پرسەکەیە) لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی ڕوودانی ڕێفەراندۆم زۆر زۆر لەوە گەورەترە کە ئەو هەموو شیکردنەوە و داواکارییە سادەیەی دەربارە دەنووسرێت (بەواتایەك، ئەوەی دنووسرێت دەربارەی و دەگاتە خەڵك هەر زۆر کەمە). گەر لەم دوو دەستەواژەیە بڕوانین، لەوانەیە بپرسین، تۆ بڵێی نووسەر خۆشی بزانێت چی دەڵیت؟ بەڵی، پرسەکە بۆ خۆی وایە هەرچۆن دەستی بۆ بەرین زەرەرمانە. هەریەکەمان لە ئاوازێك دەخوێنین و هەمانە تا دوا هەناسەکانمان بەرگری لێ دەکەین و هەمانە کەمپینی نەخێر و شکستی بۆ دەکەین و بەشێکیشمان بۆیکۆتکردنی پرۆسەکە بە چارەسەر دەزانین، لە هەمووشی خراپتر بێدەنگی بزووتنەوەی گۆڕانە، کە بەشدارێکی پاسیڤی پرۆسەکەیە تا ئێستا.

خودی پرسەکە لە ژێر چەندین پرسیار و گوماندایە، لەم جارەدا هەوڵ دەدەین ئەم باسە پڕ گومانە چەند خێرا بکرێت بخەینە ژێر وردبینێکەوە تا بزانین ئایا ڕیفەراندۆم بکرێت باشە یان نەکرێت؟ ئەی ئەو میکانیزمانە کامانەن پێویستن بگیرێنە بەر و کێ دەتوانێت پێی هەستێت.

چاکە و خراپەی بە پلان و  بە ڕێکەوت
لەوانەیە ئەگەر موچەخۆرێکی داماو بیت و گرانی ژیان وایکردبیت دەرفەتی بیرکردنەوەی وردت نەبێت. یان لەوانەیە دەرفەتیشت هەبێت بەڵام ئازارەکانی ستەمکاری کۆمەڵگاکەمان وایکردبێت، هیچت بە خیاڵدا نەیەت، خۆ ئەگەر بە خەیاڵیشتا بێت هەموو کاتێك بیرت نەبێت چی باشە و چی خراپە کە بیکەیت! ئەمەش هەمووی خەتای خۆت نییە، بەڵکو بەشی گەورەی ئەوەیە، ئەم ژیانەت لێ کراوەتە دۆزەخ! بۆئەوەی لایەنی کەم لەم دۆزەخە بێیتە دەرەوە، ناچاری کەمێك بیربکەیتەوە و چەند پرسیارێك لە خۆت بکەیت، ئەگەرنا بوونت چ واتایەکی هەیە!

لە کۆتاییدا هەر یەکەمان چ کردەیەك ئەنجامبدەین، ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی بۆ بکرێت لە چوارچێوەی بوونێکی ڕاستینەی مرۆیی و پێگەیکی ڕەوشتیدا کۆتایی دێت. کەواتە ڕەوشتی کردەوەکانمان لەو شوێنەدا قەتیس دەبێت کە کردگارەکانمان دەکەوێتە بەردەم هەڵسەنگاندنی چاکەکاری و خراپەکاری. هەڵسەنگاندنێك بە پشتبەستن بە توانستی هزر و بیرکردنەوە و وردەکارییەکانی زانینمان پێوانەکرابیت، نەك تەنیا چاکەکارییەك هەر کەس هەستێت و ناوی لێ بنیت چاکەکاری. ئەم شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنانە ئەرکی گەورەی ڕێنماییکارەکانە، ئەرکی گرنگی ئەوانەیە لە گەڵ ڕۆشنبیری و هۆشیاریدا دەرگیرن، ئەرکی سەرەکی  کادرە سیاسییەکانی کۆمەڵگا و ڕێنماییکارە کۆمەڵناس و هەروەها ئەکادیمییە پسپۆڕەکانە. لە زۆر بڕگەی ژیاندا بۆ دۆزینەوەی خودی چاکەکاری و خراپەکاری، ناکرێت تەنیا لە خودی کردەوەکەدا گیربخۆین، بەڵکو هەنگاوێکمان پێویستە لە ناخێکی زیاتر قووڵەوە بنرێت بۆ  ئاستێکی بەرزتر لە تێگەیشتن. ئەوەش دوا بەرکاری هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی.

لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیشەوە چاکە و خراپە تەنیا لە خۆیاندا ناوەستن، بەڵکو دەگوێزرێنەوە ئاستی نیازەکانامان. جار هەیە چاکەیەك دەکەین بە نیازی چاکە، ئەوەش ئەوپەڕی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی لە ڕووی کردەوە و ڕەوشتەوە، وەك ئەوەی ئاگرێك دەکەوێتەوە و تۆش وەك ڕێبوارێك سەتڵێك ئاو دەکەیت بە ئاگرەکەدا بۆ ئەوەی تەشەنە نەکات و لە سووتان پاریزگاری بکەیت. ئەکرێت خراپەکارییەك بکەیت لە هەمان ڕووداوا بە نیازی چاکە، ئەگەر کەسێکت بینی لە تەنشت ئاگرەکەوە بۆ پاراستنی پاڵێکی پێوە بنێیت و دووریخەیتەوە جا با ئەو پاڵەی تۆ ببێتە هۆی شکانی دەستێك یان قاچێکی کەسەکەیش. ئەشێ چاکەکارییەك بکەیت بە نیازی خراپە، تۆ دەزانیت ئەوە گڕەکە زیاد دەکات، بەڵام دێیت لە بری دەست بردن بۆ سەتڵە ئاوەکە تەلەفۆن دەکەیت بۆ سەیارەی کوژاندنەوە و ناهێڵیت کەس بەسەتڵە ئاوەکانیانەوە نزیکی ڕووداوەکە ببنەوە، بەڵام نیازت ئەوەیە تا ئاگرکوژێنەوە دێن زیاتری شوێنەکە بسووتێت. بێگومان خراپەکاری بە نیازی خراپەش وەك ئەوەیە لە بری ئاو جامێك نەوتیش بکەیت بە ئاگرەکەدا، کە ئیدی دەبێتە تاوانێکی ئاشکرا. مەسعود بارزانی ئاگرەکەی کردوەتەوە و خەڵکانێکی وەك شاسواری نالیاش دێن و لەبری کۆمەك بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە جامە نەوتی پیا دەکەن.

گرنگە ئەو کردەوانە بەر لە ڕوودانیان پێیان بزانین، بەڵام ئەوە کاتێك بەر لە ڕوودانیان دەردەکەون و دەتوانرێت وەك هەڵسەنگاندن پیوانەیان بۆ بکرێت کە ئەگەر مێژووی بکەرەکانیان ئاشکرا بێت و بزانرێت چ نیاز و خواستێکیان هەیە و لە توانای پێشبینییەکانماندا سوودیان لێ ببینین. لە پرسی ڕیفەراندۆمێکی ئاواشدا کە گوایە پرۆسەیەکە و باشووری کوردستان پێیدا دەڕوات، دەبێت بزانین کێی لە پشتە و بۆ وا بەو پەلە پەل و خێراییە دەهێنرێتە پێش.

پارتی و مەسعود بەرزانی
لەو بڕگەیەی پێشوەوە مرۆڤی ئاسایی[1] ناچارە کۆمەڵێك پرسیار ئاراستەی خۆی بکات. ئایا پارتی کێیە؟ مێژوەکەی چۆن هاتوە و کێ دەستی پێکردوە و چۆن بەم ڕۆژە گەیشتوە؟ ئەوانەی دروستیانکردوە چیان بەسەر هاتوە؟ لە دواجاری ململانێکانی ناوخۆیدا کێ دەستی بەسەر ئەم کۆبەندەدا گرتوە؟ بە درێژایی مێژووی خۆی پارتی و مەسعود بارزانی چیان کردوە، بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ نیشتمانەکەی. پاش وردبوونەوە بۆت دەردەکەوێت پارتی و سەرۆکەکەی ئاماددەن پەنا بۆ هەموو شتێك ببەن تا بتوانن بە هۆیەوە بەردەوام بن لە مانەوە و خۆسەپاندندا و لەوەیش زیاتر نەریتێکی سیاسی چپەڵیان درووستکردوە بۆ هەموو ئەوانەی تریش. لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٨٨ ئەوان کەمێك لە هەژموونی سیاسی و بەرەنگاری کوردستان دوور کەوتوونەتەوە. هەرچەندە ئاواش لە ساڵی ١٩٧٩ تا ساڵی ١٩٩١ هەر لە ڕێگای هێزە بە کرێگیراوەکانی ڕژێمی شکستخواردوی بەعسەوە لەمپەڕێکی گەورە بوون لەبەردەم بەرهەڵستی چەکدارانەی خەڵکی کوردستاندا کە ئەو کات (ی.ن.ك) و بە تایبەت لە ڕێگەی هەژموونی (کۆمەڵە) و لە ژێر ناوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و شۆڕشی گەلی کوردستاندا بە گشتی و لە ناوچەیەکی جوگرافی فراواندا ڕێبەرایەتی دەکرا. ئەزموونی کۆمەڵگایەك لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی و بە تایبەت مەسعود بارزانیدا کە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کۆبووبێتەوە ئەبێت چاکەکارییەکی چۆنی لێ چاوەڕوان بکرێت؟ ببینە مێژوویان بە چ کردەوەیەك ڕازاوەیە:
·                لە شۆڕش و کۆمارەکەی مهاباددا ئەوان ڕۆڵی ناپاکانە و پیلانگێڕانەیان گێڕاوە.
·                لە پەنجاکاندا تا دوا سنوورەکانی دژایەتی ڕێگر بوون لەبەردەم خەباتی چینایەتیدا کە ئەو کات حیزبی شیوعی ئێراق ڕابەرایەتی کردوە.
·                لە شەستەکاندا پارتی بە دەیان ئەندام و سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان تیرۆرکرد و لە نێویاندا شەهیدکردنی سولەیمانی موعینی ناسراوترینیانە بۆ مێژوو، کە لە لایەن هێزەکانی بارزانیەوە لە ساڵی ١٩٦٨ دا جێبەجێکراوە و تەرمەکەی ڕادەستی ڕژێمی ئێرانی ئەو سەردەمە کراوەتەوە.
·                ئاشبەتاڵی "شۆڕشی ئەیلول"، لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥. کە بە پێی لێدوانەکانی د. مەحمود[2] بێت، ئاشبەتاڵ لەبەرددانی هەموو تواناییەکی ناوخۆیی و نیشتمانی بوە لە پێناوی نۆکەرایەتیکردنی بارزانیدا بۆ هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان وەك هەموو کاتێك.
·                شەڕی دژی کۆمەڵە و دیموکراتی ئێران لە ساڵەکانی ١٩٨٠ و دواتردا وەك خزمەتکردنێك بە ئێران و دژ وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو ناوچانەی کە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە دەرفەتی ڕووخانی ڕژێمی شاهەنشاهی ئێراندا و لە ساڵی ١٩٧٩ ڕزگاریان کردبوو.
·                تاڵانکردنی بەنداوی بێخمە و هەموو کەل و پەلە سەرەکییەکانی، کە پرۆژەیەك بوو دەیتوانی گرفتی ئاوی پاك بۆ هەموو کوردستان و بەشێکی ئیراقیش چارەسەر بکات، گەر پرۆژەکە تەواو بکرایە.
·                ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی بەعسی صەدامی و داگیرکردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی هاوینی ١٩٩٦دا، کە بە خیانەتی ڕەش و گەورەی ٣١ی ئاب ناسراوە.
·                پشتگوێخستنی مادەی ١٤٠ و ڕیفەراندۆمی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوكی (دڵ و قودسی کوردستان) بۆ ماوەی پتر لە دوانزدە ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە.
·                هەر سوپایەکی داگیرکەری کوردستان خواستی هەبووبێت ویستبێتی کوردستان تاڵان بکات ئەوان بۆ زەکاتی تاڵانییەکەی کەوا سووری پێشی لەشکرەکەی بوون، پێشلەشکریان بۆ سوپای ئێرانی و تورکی و بەعس و تەنانەت دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یش کردوە. لە ڕاستیدا پشتکردنە دوژمن ڕووکردنە خەڵکە، تەنیا لە شەنگالدا بوونە هۆکار بۆ ئەنفالی نوێی پتر لە پێنج هەزار دانیشتووی یەزیدی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئەوان یەکێك بوون لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ کاولکردنی یەكێك لە مێژووییترین شارەکانی باکوری ئێراق کە موسڵ بوو، بەتەنیا لە زانکۆ موسڵ و کتێبخانەکانیدا پتر ١٨٥ هەزار توێژینەوەی زانستی و سەرچاوەی زانستی بە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی سووتێنراون، دەیان شوێنەواری کولتووری و پاشماوەی دێرینی مرۆڤایەتی وێرانکراون.  
·                هەوڵی بەردەوام و گەورەیان بۆ تێکدانی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و پشتیوانی کردن لە هەموو هێرش و پەلاماردانێکی تورکیا دژی ئەو ئەزموونە.
·                تاڵانکردنی ژێرخانی ئابووری و سامانی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ پتر لە ٢٥ ساڵی حوکمڕانی خۆیان لە هەرێمی کوردستاندا، هەر لە شێواندنی بەرهەمی نیشتمانی و تاڵانی داهاتەکانی گومرك و تاڵانی سامانی سروشتییەوە تا دەگاتە داهاتە خزمەتگوزارییە چکۆلەکان.
·                دزی و تەزویر کردن لە هەموو هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا و یەکلایی کردنەوەی ململانێکان لە ڕێگای هێزی زۆرەملێی دوژمنان و ترسنۆکانەی هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆیانەوە.
·                چەندین خاڵی گرنگی تر وەك سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و بەکارهێنانی موچە وەك چەکێکی تۆڵەسێن و درۆکردن لە نوێنەرایەتی کردنی خەڵکدا و چەندینی تر، کە ئەگەر هەموویان ڕیزکەین بە کتێبێکیش تەواو نابن، نەك چەند خاڵێك.

ئەمانە هەموویان بە مەبەست وەك خیانەتی گەورەی نیشتمانی و بۆ داکۆکی لە بنەماڵە ئەنجامدراون و لە ژێر چەتری نەتەوەپەرستیدا شاردراونەتەوە.


گەورە تاوانی ڕیفەراندۆمەکەی مەسعود بارزانی

سەر باری ئەوەی ڕیفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان ناقایلییەکی ڕای سیاسی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەسەرە، سەرباری دژایەتییەکی زۆری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرۆسەیە، کەچی هێشتا مەسعود بارزانی کەوتوەتە گیانی و سوورە لە سەر ئەوەی کە هەر دەبێت بکرێت. "سەرۆکێکی، بۆڵدە" ناپلیۆن ئاسا کە شتێکی وت سەریشی لە پێناویدا دادەنێت! مەسعود بارزانی هەرگیز لەوانە نەبوە کە بتوانێت گرەو لەسەر سەری خۆی بکات. ئەم کردەوەیە، بەندە بە مانەوەی مەسعود و باندی بنەماڵەکەیان لە شوێنی خۆیاندا، بۆیە تەنانەت گەر تاوانیش بێت وەك هەموو جارەکانی تر پەنای بۆ دەبەن، ئەوە جگە لەوەی ئەوان جێبەجێکار و خزمەتکارێکی بێ ڕکابەر و پلە یەکی هەر دوژمنێکن سووکە تەماعێکی لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبێت.

ڕیفەراندۆم لە دۆخێکی وەك ئمڕۆدا، وەك هەنگاوێکی سیاسی؛ کردەوەیەکە لە تاوانە گەورەکانی مێژووی ئێمە کە کوردستان ڕوو بەڕووی دەبێتەوە و تەنانەت مەترسییەکانی لە خیانەتی گەورە و ڕەشی ٣١ی ئاب زیاتر و ترسناکترن. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەرداین، یان ڕیفەراندۆم دەکرێت یان ناکرێت، بەڵام با بزانین ئاکامی ئەم ئەگەرانە بە چ شوێنێك دەگەن:

یەکەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەوا ئێمە وەك ئیستا دەمێنینەوە و دەبێت لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکانماندا ژیان بەڕێ بکەین و کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکانیان. قەیرانەکانیش بە جێگا و دۆخێك گەیشتوون کە ئیدی لە تونادا نەماوە خەڵك دان بەخۆیدا بگرێت و بە دەستسپێتی بەدیاریانەوە دانیشێت. بۆیە دۆخی گوزەر بە هیچ شێوەیەك لە قازانجی دەسەڵاتی کوردی و باند و بنەماڵە حوکمڕانەکانیدا نین.

دووهەم: ئەگەر ڕیفەراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ڕیفەراندۆم بین! بەر لەوەی باسی ئەگەرەکانی ڕیفەرادۆم بکەین دەبێت چەند دراوێك بخەینە ڕوو وەك پێشینەیەك:
دراوی یەکەم: ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، ئەوا بەکارهێنانی دەنگ و خواستی سەربەخۆییە دژی سەربەخۆیی.
دراوی دووهەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ڕەوایی (شەرعییەت) ی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە! ناوخۆیی زۆر لەق و ناتەواوە، دەرەکی نزیکەی نەبوە.
دراوی سێیەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە ئابوورییەك هەیە لایەنی کەم بتوانێت بژێوی نیوەی دانیشتوان و تەندروستی و پەروەردە و خۆراك و ئاسایش و بەرگری دابین بکات، دوو ساڵی ڕابردوو پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن.
دراوی چوارەم: دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بە هێزێکی ئامادە هەیە بەرگری لێ بکات، هەندێ کات ڕەوایی نیودەوڵەتی ئەو رۆڵە دەبینێت. کوردستان هیچی کامیانی نییە، بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ هێزی دوژمنە پێشبینی کراوەکانی.
دراوی پێنجەم: خودی ئەو دەستەو لایەنەی فوو دەکاتە خۆی و ڕابەرایەتی پرۆسەکە دەکات هیچ ڕەواییەکی یاسایی و دەستووری نەماوە.
دراوی شەشەم: لە پرۆسەی ئاوادا زۆرینەی کارتی سپی لەگەڵ زۆرینەی بۆیکۆتدا، تەنیا لە ڕووی چالاکی سیاسییەوە جیاوازن، بەڵام وەك ئەنجام هەردووکیان دەگەنەوە ئەنجامەکانی بۆیکۆتکردن.

ئەگەرەکانی ڕێفەراندۆم: ئەم پرۆسەیە (ڕیفەراندۆم) چەندێك باش ئەنجامبدرێت و پلانی بۆ دابنرێت، کەچی هێشتا لە سروشتی خۆیدا چەکێکی دوو دەمە یەکێك لە دەمەکانی دژی بکەرەکەیەتی و ئەوەی تریان ڕووی لە نەیاری بکەرەکەیە. ئەم ڕیفەراندۆمەی مەسعود بارزانی هەردوو دەمەکەی ڕووی لە گەلی کوردستانە و دەسکی تیغەکەش ئەوەتا بەدەستی نەیارەکانی ئەم گەلەوە، بزانین چۆن:

ئەگەر ڕێفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبێت:
ئەوا گۆڕینی ڕای دەستووری و یاساییە بە ڕای جەماوەری، مەبەستی سەرەکی لێی پێکانی ئامانجەکانی (پ.د.ك)ە و مانەوەی مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەیەتی لە سەرتۆپی دەسەڵاتێکی گەندەڵکاری تاڵانچییەوە بە پشتیوانی باندێکی مافیایی کە لە ناو (ی.ن.ك)دا پشتیوانی لێدەکرێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە وتارێکی پەرلەمانتاری ئێراق لەسەر لیستی گۆڕان (مەحمود ڕەزا ئەمین)، ماڵپەڕی NRT ١٢/٧/٢٠١٧ بە ناونیشانی (ڕیفەراندۆم و پەرلەمان: پارتی و گۆڕان)، سەرباری تێبینی لەسەر ئەو وتارە، بەڵام بەباشی ڕوونی کردوەتەوە پارتی چ تەمایەکی نا نیشتمانی و نا دیموکراسیانەیان هەیە!،  ئەمەش بەستەرەکەیەتی:

ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت:
یەکەم؛ هەل و مەرجەکانی سەربەخۆیی ئامادە نین بڕوانە دراوەکانی سەرەوە (دوو، سێ، چوار). تەنیا دوو نمونەی چکۆلە: ڕیفەراندۆمێك کە بەر لە ڕوودانی هیچ دانێکی پێدا نەنرێت چی لێ دەکەوێتەوە؟ یان بۆ چی دانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگە؟ بەهۆی ئەو دانپێدانانەوە ئەگەر دوژمنەکانی کوردستان هەر کردەوەیەك بەرامبەر بە ئەنجامی ڕیفەراندۆمەکە بکەن، ئەوا پێشێلی ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتیان کردوە. خۆ ئەگەر ئەم چەترە نەبێت پشتوانی سەربەخۆیی دەبێتە توڕەهاتێکی هیچ. ئەی گوایە، چ پشتیوانییەك هەیە و ئێمە نایزانین و تەنیا سەرۆکە ئێکسپایەرەکەمان دەیزانیت!
دووهەم؛ هەل و مەرجی پێشوەختی سەبەخۆیی، هەل و مەرجی پێشوەخت بۆ سەربەخۆیی هێزە، ئێمە باسی ژینگەی شارستانی و ژیاری ناکەین وەك فەنتازیایەك، بەڵام هێز پێش مەرجێکی گرنگە، بە تایبەت کە پشتیوانێکی یاسایی نێودەوڵەتی نەبێت قەرەبووی ئەو هێزە پشتیوانەت بۆ بکاتەوە. لێرەدا ئایا کوردستان و هەرێمەکەی "سەرۆك"ی ئێکسپایەر، بە تەنیا خۆی چ هێزێکی هەیە کە ڕوو بەڕووی دوژمنەکانی پێ ببێتەوە؟ ئێمە قسە لە سەر دوو هێز دەکەین، هێزێکی سەربازی و هێزێکی ئابووری (هەموو جۆرەکانی تری هیزی زانین و پسپۆڕی و هێزی تەکنۆلۆجی و هێزی زانستی....تاد، با خاتری "سەرۆك" بن). لەبەر ئەوەی هیچ کام لە نەیارەکانی کوردستان پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان ناکات، ئەوا بوونی هێزێك کە بتوانێت بەرگری لە مانەوەی ئەو قەوارە سەربەخۆیە بکات گرنگییەکە ناتوانین دەستبەرداری ببین. ئەگەر بارزانی بەڵێنێکی شەفەهی لە ئەردۆغان و ئیدارەکەی وەرگرتوە، ئەوا بەڵێنەکەی تەپکەیەکی زۆر گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە دەنگی خەڵکی کوردستان هەر خۆ بە خۆ دەبێتە جێبەجێکاری ئەو خەونەی تورکیا لە گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ هەیەتی. ئەوە ئیتر قسە لەسەر هیچ کام لە وردەکارییە یاسایی و پراکتیکییەکانی تری ناکەین. بەڵام ئەم پرۆسەیە چۆن ڕوو دەدات:
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا نەکات؟
ئەوا دەبێتە چەکێك بە دەست دوژمنەکان و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ پرۆسەیەکدا نین کە سەرکردایەتی سیاسی دەیخاتە بەردەست و بە شەرعیەتێکی لاوازەوە مەسعود بەرزانی ئەنجامەکانی دەچنێتەوە. ئەمەش مەترسییەکانی بۆیکۆتکردنە، ئەگەر بۆیکۆتێکی سەرانسەری نەبێت. کە ئەمەی دواییان ڕوونادات، چونکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەزۆر و بە ساختە هەر بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر ڕیفەراندۆم بکرێت و زۆرینە بەشداری تێدا بکات؟
ئەوا؛ ئەنجامەکان یان زۆرینەیان سپی دەبن، یان زۆرینە نەخێر دەبن، یان زۆرینە بەڵێ دەبن!
ئەگەری زۆرینە سپی:
زۆر لاوازە، بە پێی ئەزموونی مێژوویی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەروەها بەپێی زۆر و ساختەکارییەکانی پارتییەوە. خۆ ئەگەر هێشتا ڕوو بدات ئەوا هەمان ئەنجامی بۆیکۆتی دەبێت بڕوانە دراوی شەشەم.
ئەگەر زۆرینە نەخێر بێت:
ئەوا خەونی سەربەخۆیی لەسەر خوانێکی ئاڵتوونی پێشکەش بە دوژمنە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکرێت، وەك ئەو ڕاسپاردەیەی کەوتوەتە سەرشانی (شاسوار). خواستی دەرەکی بە تایبەت ‌هێزە زەبەلاحە دەرەکییەکانی وەك یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت ڕووسیاش ئەوە نییە کوردستانێکی سەربەخۆ هەبێت. بەردەوامی گرێی کوردستانیان، دەکاتە بەردەوامی پشێوی لە ناوچەکەدا، کە دەکاتە دەرفەتی هەمیشەیی بۆ دەستکاری ئەوان و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان خۆیان. هەروەها لە پرانسیپی دیموکراتی و یاساییشیاندا ئەو سەردەمە بەسەرچوە ئەوان بێن و ڕێگری لە ڕوودانی کارێکی ئاوا بگرن، بەڵام ئەگەر ڕوویدا ئەوا ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی بە دڵی ئەوان بێت! بۆیە ڕێفەراندۆم ئەگەر ئاگرێکە مەسعود بارزانی کردبێتییەوە، ئەوا تێزەکەی (شاسوار عەبدولواحد) جامە نەوتەکەیە بۆ گیانی ئەم کۆمەڵگایە.
ئەگەر زۆرینە بەڵێ بێت:
ئەوا کارتی سەربەخۆیی دەکەوێتە قووڵترین گیرفانی ناپاکترین و تاوانبارترین هێزی کوردییەوە، کە بێگومان چۆن سامانی نیشتمانی تەسلیم بە ئەردۆگانییەکان کردوە، بە هەمان شێوە خەونی پاوانی ناوچەییشیان دەهێنێتەدی. پرۆژەی ئیسلامیزم لە ناوچەکەدا تا ئەم ساتەش لە دەسەڵاتی ڕۆژئاواییەکان نەچۆتە دەرەوە و ئەوان بەردەوام لە خواردنی بەرەکەی. بۆیە ئەوە خەون و پڕوپاگەندەیەکی بەتاڵە کە گوایە ڕۆژئاواییەکان لە تورکیا توڕەن، بەڵێ ئەشێ لە هەندێ سیاسەتی ئەردۆغان ناقایل بن، بەڵام لە کۆی پان تورکیزم لە ناوچەکەدا گلەییەکی ئەوتۆیان نییە، گلەییان لە چۆنێتییەکەی هەیە. گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ ژێر ئینتیدابی تورکی لە ڕێگای بنەماڵەی بەرزانییەوە؛ شاپێڕەی قومارە گەورەکەی مەسعودە بۆ ئەوەی لەوارەکەی تورکیا هیچ نەبێت کوێخایەتییەکی درێژخایەنی دەست بکەوێت.

چارەسەر

تاکە چارەسەر برتییە لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەم ڕێفەراندۆمە. ئەشێ زۆر ئاستەم بێت ڕێگری لە پرۆسەکە بکرێت لە هەموو کوردستاندا، بەتایبەت بە هۆی زۆر و ستەم و ساختەکارییەوە لە ناوچەی زەرددا ئاستەمە، بەڵام خۆ دەکرێت لەو ناوچەیەدا بۆیکۆت بکرێتە کەرەستەیەك بۆ بەرهەڵستکاری. هەروەها ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گۆڕان و یەکێتی کاری ئاسانترە و دەکرێت ناوەندەکانی دەنگدان دەستیان بەسەردا بگیرێت و ڕێگری تەواو بکرێت لە ڕوودانی هەر هەنگاوێك کە بۆ ڕێفەراندۆم دێتە پێش. بە تایبەت کەرتی پەروەردە و تەندروستی و هێزی کارمەندانی بێموچە بە ئەندازەیەکە زۆری لەم بارەیەوە پێدەکرێت. هەروەها دەکرێت بزووتنەوەی گۆڕان ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەت کاندیدی پلە یەکە بۆ ڕێبەرایەتی ئەم بەرهەڵستکارییە لەم وێستگە خێراییەی مێژووی ئێمەدا. با وای دابنێین ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ناوچەی نیللی و سەوزدا شکست دەخوات و ئەنجام نادرێت، ئەوا:
·       خودی پرۆسەکە، جگە لەوەی ناوچە دابڕاوەکاندا ئەنجام نەدراوە، لە هەرێمیشدا ناتەواوە، کەواتە وەك ئەوەیە نەکرابێت و لە نیوە زیاتردا شکستی خواردبێت.
·       ئامانجەکانی مەسعود بەرزانی شکست دەخۆن، چ لە تەسلیمکردنی هەرێم بە تورکیا، چ لە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی.
·       لە بیرمان نەچێت شکستی ڕیفەراندۆم، جیاوازە لە بۆیکۆتکردنی. شکستی ڕیفەراندۆم، چانسی ڕیفەراندۆمێکی تر ناکوژێت و ڕەوایەتی لە ڕوودانی دەسەنێتەوە.
کەواتە ئەرکێکی ئەخلاقی هەر هێزێکی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازە ئەم پرۆسەیە بە هەر نرخێك بێت پەك بخات و نەهێڵێت لایەنی کەم لە هەموو کوردستاندا بە سەلامەتی بەڕێوە بچێت، وەك ئەوەی پارتی و سەرانی خیانەتکاری ئەو پرسە دەیخوازن. خۆ ئەگەر ئاگرەکە نەکرێتەوە جامە نەوتی کەسیش ناتوانێت کڵپەی زیاتری پێ بسێنێت.


[1] مرۆڤی ئاسایی مەبەست لەو مرۆڤەیە کە لە ژێر کاریگەری هیچ جۆرە هزرشۆردنەوەیەک و گێلکردن و مەستبوونێکی خەیاڵیدا نەبێت بە هۆی بیرۆکەیەک یان بەرژەوەندییەکی ماددی و مەعنەوییەوە.
[2]  دکتۆر مەحمود عوسمان ناسراو بە دکتۆر مەحمود سۆرانی.