بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





19/05/2017

بەڵام ئەی دوای یاریچی ژمارە (10) چی؟




لەبەیانییەوە ئەوەتەی هەواڵی کۆچی دوایی (نەوشیروان مستەفا)م بیستوە، سات لە دوای سات سڕتر دەبم، نەک لەبەر ئەوەی ئەو کەسە دیاریکراوە کۆچی دوایی کرد، بەسروشتی خۆم بە مردن ئێجگار ئاوا ناتاسێم و هەموو مردنێکیش بەبەشێکی دانەبڕاو لە سووڕی ژیان دەیبینم. ئەوەی من سڕ دەکات بێهیواییە، هیوام بوو پێشبینییەکانم بۆدوای ئەم کۆچە ڕاست دەرنەچن! کەچی مەخا بن ئەنجامەکان وا پیشان نادەن. بەهەرحاڵ هەست بە ئاسوودەییەک دەکەم بەرامبەر بە ویژدانی خۆم، چونکە پێش ئەوەی دواماڵئاوایی بکات بەشێکی گەورەم لە هەڵسەنگاندن و دادگایی خۆم بۆ مێژووی ئەو خستەڕوو، زۆر ڕاستگۆیانە سەرنجەکانی خۆمم دەربارەی خەباتی ئەو بڵاوکردنەوە. سەرخۆشی لە منداڵەکانی دەکەم، هیوامە زووبەزوو دڵئارام ببنەوە، ئەزانم کۆچی باوک زۆر سەختە و بە ئاسانی تیمار نابێت.
نەوشیروان مستەفا نە فریشتە بوو نە شەیتان، مرۆڤێکی کوردی باشووری بوو هەموو ژیانی لە ناوبزووتنەوەی کوردایەتیدا سەرفکرد، تا گەیشتە پلەیەکی کاریزمی بەرز و بوە سیمبول بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی وڵاتەکەی. ئێ خۆ هەر کەس نەک زۆرترین هەموو خەڵکیشی لەگەڵدا بێت مەرج نییە فریشتە بێت. نەخێر بە دیوەکەی تردا ئەگەر دەستی هەبووبێت لەکوشتنی نەک لە دەیان و سەدان کەسدا، بەڵکو لە هەزاران کەسیشدا ئەو لە شۆڕشێکی چەکداری خوێناویدا بەشداربوە، کاتێک شۆڕشگێڕ دەبێتە فریشتە فریشتەیەکی دەست خوێناوییە. بەڵێ تۆش و منیش هەر کەسێکی تریش ئەو شۆڕشە بکات لەگەڵ ڕەوایی ئەو خوێنانەی دەیانخەینە سەر لەپی خاک چەندین خوێنی ناڕەواش بە زەبری چەک و مەچەکی بیری شۆڕشگێڕانەمان دەپژێنین. ئێ گومان چییە جاشێکی خۆفرۆش گەردەرفەت و مێژوو ڕێگەی پێ بدات نابێتەوە بە باشترین شۆڕشگێر، هەر چۆن گومانی تیادا نەما شۆڕشگێڕی پوختەمان بینی بەسواری دەبابەی دوژمنەوە گەریلایان تیرۆرکرد و پەرلەمانیان دایە بەر تۆپ.  
من بەداخم بۆ مردنی هەر کەسێک، تەنانەت گەر لە ڕێگەی دادگایەکی عادیلانەشەوە بێت، لام وایە تەمەنی ئەو بەرەو هەڵکشانێک چوو بوو ئیدی گەڕانەوەی نەبوو. مرۆڤ کە بوە شۆڕشگێڕێک، شۆڕشەکەی ڕەوا بێت یان ناڕەوا باقی ژیانی لە قازانجە، نەوشیروان مستەفا زۆری ژیانی لە قازانج بردە سەر و بە ئارەزووی خۆی کاریگەری لەسەر خەباتی سیاسی کوردستان دانا. چیتر ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین هەتا هەتایە کاریزمایەک بمێنێت، ئێ ئاخر خراپی کاریزما ئا لەمەدایە کە نەما کەس نازانێ کەشتییەکە بۆ کوێ بەرێت، شۆڕە سوار و ئەکادیمستی وا دەبینیت لە ئەژنۆ ئەکەوێت و لەبەرچاومە لە ململانی نێوان خۆتاندا چەندتان تەسلیم دەبنەوە، باسی ئەوانەتان ناکەم کە هەر لەسەرەتاوە بە تەسلیمی لەگەڵدا بوون.
داخێکی ترم لە مەرگی نەوشیروان ئەوەیە ئومیدم بوو لەم دواییانەدا هەر نەبێت دەستبەرداری پۆستی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان ببێت و بیداتە دەست برادەرێکی تر، چەند خراپیش بوایە لەوە باشتر بوو بیباتەوە بۆ ناو دونیای فانی! لەو باوەڕەدا بووم سەرکردەیەک بەو هەموو ئەزموون و دژایەتییەوە بۆ فەرمانڕەوایی ڕەها بۆ فۆرمی بۆماوەیی لە فەرمانڕەواییدا هەر هیچ نەبێت ئەوەی دەکرد، کەچی بە داخەوە ئەویش وای نەکرد!
داخێکی ترم ئەوەیە کە لەدوای نەوشیروان مستەفا پیاوێکی وا نەما لەژیاندا لەم باشوورەی کوردستاندا توێژینەوەی لەسەر بکەین و وەک ئەزموون سەیری بکەین. ئەم پیاوە بە ئەندازەیەکی سەیر ئەنتیک بوو لە نێو بزووتنەوەی کوردایەتیدا بێ نمونە و پاترۆنەکەشی هیچ نمونەیەکی لەسەر نەدەشۆرایەوە، هەر دێڕێک نووسیبێتی، هەر بڕیارێک دابێتی، هەر هەنگاوێک نابیتی نەک یەک تەفسیر و یەک ڕوو بەڵکو چەندین دانەی هەبوە. لە ڕووی واقیعەوە بە ئەندازەیەک ئاڵۆز بوو هەموو مێژووی کەسێتی ناوچەکەی تێدا کۆبووبوە، بەداخەوە ڕۆشت، زۆر دەترسم ئەوانەی ماون لە بەرهەمەکانی وەک خۆی بڵاو نەبنەوە یان تەواوی نەکردبن و بە کەسێکی نەسپاردبن بۆ چاپ. ئەوی من بزانم ئەوەی بڵاوی نەکردونەتەوە زۆر زیاترە لەوەی بڵاویکردوونەتەوە.
سەرباری ئەم خەمانەی من، ئەمڕۆ هەن پێیان خۆشەو هەن دڵگرانن، هەر یەکەیان حەقی خۆیەتی ڕای خۆی دەربڕیت کارمان بەوانەوە نییە، بەڵام شوورەییە بۆ گرۆیەک کە لەناخەوە پێی خۆشەو بە ڕووکەش خەفەت دەخاتە ڕوو، یان ئەوانەی لە ناخەوە پێیان ناخۆشەو شەرم دەیانگرێت ناخۆشبوونەکەیان دەرببڕن چونکە زۆر دژایەتیان کردوە کاتێ لە ژیاندا بوو. سەرنجام ئەوەی من لە مێژووم بینیوە، یاریچی ژمارە (10) بە کاپتنی دەچێتە ناو دێڕەکانییەوە، حەز ئەکات هەموو ئەوەی لە دوای جێماوە دژی بێت، سوودی نییە ئەو تازە کاپتنی نیوسەدەی سیاسەتی کوردی بوو بە باش و خراپیەوە بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆ. تەنانەت ئەگەر ئەو مێژوە دوژمنەکانیشی بینووسنەوە ناتوانن نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەو بکەن. جا با دوژمنەکانی نەوشیروان مستەفا هەر بێدەنگی و نسێی ڕاگەیاندن هەڵبژێرن سوودی نییە، چونکە ئەو ڕاستگۆیانە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆی ژیا کاریکرد، تێکۆشا..تا دواجار لەیادی یۆبیلی زیوینی یەکەم پەرلەمانی کوردستاندا و لە ١٩ی پێنج پاش بیست و پێنج ساڵ کوردستانی بەبێ پەرلەمان جێهێشتەوە. گرنگ نییە ئێمە چەند باوەڕمان بە ڕێبازەکەی هەیە یان نا، گرنگ ئەوەیە ئەو ئەوەندەی لێ زانی، ئەوەندەی پێیکرا شێلگیرانە بۆی تێکۆشا و هەر بەو گیانەوە لە مێژوودا نووسرایەوە. بەڵام دوای ئەو چی؟
خەباتی نەوشیروان مستەفا خاڵی نەبوو لە داکۆکی کردن لە ڕەوایی، وەکو ئەوەی ئەو نەیارانەی ئەو بە کوژرانی چەند کەسێک تاوانباری دەکەن. هەرچۆن ئەو خەباتەی ئەو خاڵیش نەبوو لە هەڵە و لە تاوان، وەک ئەوەی زۆرێک لە یارەکانی بەباوک و بە پێغەمبەر و بە خوای بێگەردی کوردایەتی ناوی دەبەن. نەوشیروان مستەفا وەک ئەو ئەنتی بایۆتیکە بوو کە خۆرکەی کۆمەڵگای کوردی و بەکتریای هەموو نەخۆشییەکان لەسەری ڕاهاتبوون (بەتایبەت بنەماڵەی خیانەتکاری بەرزانی)، دژایەتی ئەو بۆ حوکمی دواکەوتووی بنەماڵەیی و بۆ بێگانەپەرستی و خۆفرۆشی دژایەتییەکی باو بوو چەند خەباتی نیشتمانی سوودی لێ دەبینی، گیاکەڵەی ڕەوایەتیش دە ئەوەندە بەهۆی ناسینی یاسای گەمەکەوە لەگەڵ ئەم ئەنتی بایۆتیکە مابوونەوە و تەمەنیان تا دەهات درێژتر دەبوو. کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا یەکەم دیوار بوو کە لەبەردەم خەباتی سیاسی چینە چەوساوەکاندا دژی بنەماڵە خۆفرۆش و ستەمکارەکانی کوردستان کەوتوو نەما، کۆچی نەوشیروان مستەفا درەنگ یان زوو هەردەبوو ڕوو بدات. لەم کەسایەتییەدا خواستێک هەبوو بۆ ڕەوایی و دڵێک هەبوو بە خەڵکی هەژار دەسووتا، ئەم بەشە دەبێت بە زانستیتر بکرێتەوە لەوەی نەوشیروان مستەفا لێی دەزانی و کاری پێ دەکرد. شێوازێکیش هەبوو لە نەوشیروان مستەفادا، دژایەتی سیستەمی بنەماڵەیی و کورداشی باندەکانی مافیا و گەندەڵکاری پێ دەکرد، دەبێت سەرلەبەری بگۆڕێت و میتۆدی نوێ بۆ دریژەدان بەو دژایەتییە بدۆزرێتەوە. هیوادارم کاراکتەر و ئەکتەرەکانی شانۆی سیاسی و بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان لە درووستکردنی فۆرمی کاریزمی بپارێزن. خۆیان لەو هەوڵە بپارێزن کە نەوشیروان مستەفا یەکی تر درووست بکەن، کە نە بۆیان دەکرێت و نە سەرکەوتوو دەبن.
من لە منداڵییەوە کە باوکم فیریکردم خەم لە پرسی خەڵک بخۆم هەر ئاوا چوار پێنج ساڵانێک دەبووم، ئەوە چل و چەند ساڵێکە ئەو خوەی گرتوومە بە شیری بۆم تەرک نەکراوە و لەوەدا گلەیی لە نەوشیروان مستەفا ناکەم ئەو جگەرەیەی کوشتی تەرکی نەکرد، ئەم خەمەش نەشمانکوژێت شتێکی کەمی لە مردن جیایە، بەڵام هەموو ئەو تەمەنە پیکەوە ئەوەندەی ئەمڕۆ من خەفەتم نەخوارد، نەک بۆ خودی ئەو کۆچە، بەڵکو بۆ بەشێکی گەورەی ئەو کۆمەڵگا بێ سەرە و بەرەیەی کە نازانێت نەڕێزی ڕاکانی خۆی بگرێت، نە ڕێزی زیندوو نە ڕێزی مردوو، نەڕێزی ژیان و نەهیچ شتێک. ئەوەی ئەمڕۆ تێبینیمکرد زۆرینەی خەڵک هەست دەکات بێباوک کەوتوە و تەواو ئیدی کۆتایی دونیایە، هەر لە بەرهەم صاڵحەوە تا نۆکاوفرۆشی کوچەو کۆڵانەکان دەڵێن "ئیدی هەتیو کەوتین"، "خەونێک هەبوو ئەویش نەما"، نمایشێک پڕ لە درۆ لە کەناڵەکان دەبیستین گوایە ڕاسپاردەکانی چی بوون با جێبەجێی بکەین...تاد.


هیوادارم هیوادارم ئەو وتەزا کوردییە ڕاست بێت، کە دەڵێت: ((هەتا هەتیوو نەکەویت هەر بە منداڵی دەمێنیتەوە و نابیت بە پیاو))، ئێهــ ئەمە بەڵکو ئەو خەڵکە دوای کۆچی دوایی ئەم باوکە ببن بە پیاو هەم ڕۆحی ئەو ئاسوودە بکەن هەم بیشتوانن بۆخۆیان ببنە خاوەنی خۆیان.

05/05/2017

یاریچی ژمارە (10)/ بەشی دەهەم و دوابەشی کۆتایی ٣-٣

بڕیاری سیاسی نەخوازراو
داناییەکی جیاواز.. چارەنووسێکی جیاواز


بڕیار بەگشتی کە درووستدەکرێت بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت لە هەر قۆناغێکیشدا تایبەتمەندی درووستکردنەکەی وا دەکات کە پێویستی بە چەندین پسپۆڕی و زانیاری جیاواز هەبێت. کەواتە، هەرکات بڕیارێک دەدەین، چ بڕیارێکی تاکەکەسی، ڕێکخراوەیی، کارگێڕی یان سیاسی گشتی بێت، ئەوا بڕیارێکی سەرکەوتووتر دەبێت، ئەگەر سەرچاوەی زانیارییەکانمان فرەچەشن و دەوڵەمەند بن، هەروەها ئەگەر زۆرترین شارەزایی و پسپۆڕیمان لەدەوری ئەو پرۆسەی بڕیاردرووستکردنە کۆکردبێتەوە. ئەمە دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیار بە دەستەکەسی گرنگتر و باشترە لە بڕیاری تاکەکەسی، ئەگەرچی مرۆڤ کاتێک تاکەکەسیانەش بڕیار دەدات، باشترە زانیاری زۆر و پسپۆڕی زۆری هەبێت و/یان لەدەوریدا بێت لەمەڕ ئەو بڕیارەی دەیدات. زانیاری و پسپۆڕی، بە تەنیا بە جۆری بڕوانامە و ژمارە و ئەزموونی کارەکانەوە زیاد ناکات، بەڵکو زیاتر و لەسەرو ئەم دوو بوارەوە، پێویستی بە گەڕان و خۆ هیلاککردنی کەسی بڕیاردەر هەیە، جگە لەوەش پێویستی بە بوێری هەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی پاشهات و پێشبینیکراوەکانی بڕیارەکە ئەگەر ئەرێنی بکەونەوە یان نەرێنی، بەتایبەت لە کاتی بڕیاردانەکەدا خۆ هیلاککردنێکی زۆری دەوێت. هەر بۆیە بڕیاری کورتوکوێر ئەنجامی ئەم هۆکارە سەرەکیانەی خوارەوە درووست دەبێت:
١. کەمی زانیاری.
٢. نەبوونی پسپۆڕی پێویست لەدەوری ئەو بوارە پەیوەندیدارانەی کە بڕیارەکەی پێوەبەندن.
٣. کەمی دانایی و لاوازی پێشبینیکردنی زانستی.
٤. تەمبەڵی و خۆهیلاک نەکردنی کەسی بڕیاردەر، بەتایبەت لەدەمی بڕیاردانەکەدا.
٥. یەکنەهاتنەوە و تەبا نەبوونی خواستە دەروونی و کەسییەکانی کەسی بڕیاردەر لەگەڵ پێویستییە زانستی و داناییەکانی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار.
٦. ترسنۆکی و سڵکردنەوە، جار هەیە سڵکردنەوە لە ناو و ناوبانگ زۆر مەترسیدارترە لە ترسنۆکی جەستەیی، چونکە کەسی بڕیاردەر ئەگەر زانستیانە بڕیار بدات و بوێری تەواوی هەبێت، ئەوا سڵناکاتەوە لەوەی پاشهاتەکانی بڕیارەکە لەسەر کەسێتی ئەو چۆن دەردەکەون یان دەرناکەون!

گەربمانەوێت ئەم چەند خاڵە بەیەکەوە ببەستینەوە و بزانین چۆن کاردەکەنە سەریەکتر، ئەوا بە ناچاری گرنگی زیاتر دەدەینە زانیاری و پسپۆڕی و لەهەمان کاتدا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو دوانە چەند گرنگن لەدرووستکردنی بڕیاردا! کاتێکیش کە ئەوەندە گرنگ بن، دەریدەخەن، کە ئەوانن یەکلایی کەرەوەی جۆری بڕیارەکە! جگە لە قەبارە و فرەچەشنی زانیاری، ئاستی نوێی زانیاری و داتاکان گرنگن بۆ بڕیار بە ئەندازەی دراوەکانی تری زانیاری. کاتێک زانیاری و شارەزایی، ئەم جێکەوتە گرنگەیان هەبێت لە پرۆسەی بڕیارداندا، لەبەرامبەردا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە مەرج نییە ئاکامی شیکردنەوە و تێپەڕبوون بە پرۆسەی بڕیارداندا بڕیارێک بەرهەم بێت کە دڵمان پێی خۆش بێت یان بەو جۆرە بێت کە ئارەزووی دەکەین. بەواتایەکی تر، بڕیاردانی باش و زانستی، مەرج نییە بە دڵی بڕیاردەر بێت، کە ئەمەش جارێکی تر لەبڕیاری بە کۆمەڵدا باشتر بەڕێوە دەبرێت و لە بڕیاری تاکەکەسیدا نابێت تەنیا بە مەردایەتی و ئازایەتی باوەوە ببەسترێتەوە. بۆنمونە، ئازایەتی کوشتنی ژن لەسەر شەرەف، لە کۆندا ئازایەتییەکی باو بوە، بەڵام لەخۆیدا ترسنۆکییەکی گەورەبوە. یان کاریگەریی ئارەزوە تاکەکەسییەکان کەم دەکاتەوە. ئیدی لێرەوەیە جارێکی تر نۆستالجیا و پێخۆشبوونی ڕابردوو کاریگەری خراپ و نەرێنی لەسەر بڕیار درووست دەکەن، چونکە بۆ چوونی پێشوەخت، بڕیاردان لەسەر پرسەکان ئامادەدەکەن و کەسی بڕیاردەر ڕاستەوخۆ بە خواست و داواکارییە نۆستالجییەکانەوە دەبەستنەوە.

بڕیاردان بە گشتی بە بازنەیەکی بەردەوامدا تێدەپەڕێت، ئەم بازنەیە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و هەر ئەوەش بەردەوامی بە ڕەوتی گەشەپێدانی بڕیار دەدات و خودی بڕیار دەکاتە تەوەرەیەکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ژیاندا. بازنەی بڕیاردان پرۆسەی تێپەڕبوونی بڕیار دەردەخات بە سادەیی تا بزانین چۆن ئەم بڕیاردانە بە پاڵاوگەکانی لێپرسینەوە و بەخشینی وزە و زانیاری نوێدا تێدەپەڕێت! چۆن ئەم پرۆسەیە کۆمەک بە ژیان دەکات! بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانیت زیاتر بڕوانیتە ئەم هێڵکارییە سادەیەی خوارەوە:
 

 لەم بازنەیەوە دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی درووستکردنی بڕیار، لایەنی کەم بە هەشت قۆناغدا دەڕوات و دەگەڕێتەوە هەمان خاڵی سەرەتا و پاشان خۆی دووبارەدەکاتەوە. ئەگەر بڕیاردان بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و زانستی بێت ئەوا بەدوور دەبێت لە ئارەزوو و هەواوهەوەسی تاکەکەسی. هەر بۆیە یەکێک لە بابەتیترین هۆکارە کاریگەرەکان گەر نۆستالجیای سەرکردەیەک بێت لە هەریەکێک لەو قۆناغانەی بڕیارداندا کاریگەری نەرێنی خۆی دادەنێت (بەتایبەت نۆستالجیا زیاتر کاریگەری هەواوهەوەسی تاکەکەسی پێوەبەندە). ئەشێ بپرسین و گومان بکەین، بۆ نۆستالجیا دەبێتە سەرەکیترین هۆکار یان بۆ بەسەرەکیترین دووریی بڕیاردان دایدەنێین لەم باسەماندا! وەڵامی ئەم گومانە بۆ سێ خاڵ دەگەڕێتەوە: یەکەم؛ نۆستالجیا بابەتیترین هۆکارە کەسییەکانە و لە زۆر شوێندا ئامادەیی هەیە، بە تایبەت لە کۆمەڵگای ئابووری دواکەوتوودا زیاتر کاریگەرییەکانی دەردەکەون. دووهەم؛ نۆستالجیا بەڕاستەوخۆیی کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵێت و بە ئەرێنی دەردەکەوێت (چونکە بە سانایی دەبەسترێتەوە بە یادەوەری گشتییەوە، لە ڕێگای چەمکی ئەمەکدارییەوە دەستی هەڵەدەوەشێنێت و مرۆڤ توشی ژوورـ هەڵسەنگاندن و ژێرـ هەڵسەنگاندن دەکات). سێیەم؛ یاریچی ژمارە (10) کە سامپڵی وەرگیراوی باسەکەی ئێمەیە، کەسایەتییەکە یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی بریتین لە خەسڵەتی نۆستالجی.  

کەسێتی نۆستالجی لە بڕیارداندا زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ هەستە ڕابردوەکانی خۆی بۆ نمونە: لە کۆکردنەوەی زانیاریدا، پشت بەو هاوڕێ کۆنانەی خۆی زیاتر دەبەستێت کە لەسەریان ڕاهاتوە و متمانەی پێکردوون، هەر بۆیە کۆکردنەوەی زانیاری دامەزراوەیی نابێتەوە لەلای ڕابەری نۆستالجی. لەلای نەوشیروان مستەفا گەر بگەڕێیتەوە، بۆ بژاردەکانی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە حکومەتییەکان، بۆنمونە: بە ئاسانی ئەم دۆخە دەبینیتەوە. لە باشترینیاندا بڕوانە ئەو پێنج کەسەی بۆ پۆستە وەزارییەکانی حکومەت دەستنیشانی کردن لەکاتێکدا کە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری درووستکردنی حکومەتی کرد[1]. ئەوەش ئاساییە کاتێک بڕیار بڕیاری کاریزمی بێت، ئەوا ناتوانێت دامەزراوەیی ببێتەوە، و هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە توانیویانە متمانەی ئەو کاریزمایە بە دەست بهێنن، بەڵام هەرگیز سیستەمێکی پێوانەیی یان بێلایەن نابێت بۆ هەڵبژاردنی کەسی گونجا و بۆ پۆستی گونجاو. ئالێرەوەیە چەند ئەم سەرکردەیە بڕیارە سیاسییەکانی پڕبووبن لە پاکی و بێگەردی پرسی کۆکردنەوەی زانیاری لەلای ئەو لە ژێر پرسیاردا دەمێنێتەوە، ئەگەر لە بوارێکدا لە ڕووی چەندێتییەوە زانیارییەکان گونجاو بن، ئەشێ لە ڕووی چۆنێتییەوە کەموکورت بن، یان بە پێچەوانەوە لە بوارێکی تردا. 

ئەگەر ئەم خاڵە بۆ هۆکار و بنەماکەی ڕوون بکەینەوە، ئەوا ناچارین دەست بەرین بۆ گرێکانی سۆزداری و شوناس و دانپێدانانی کەسێتی و پلەی کۆمەڵایەتی! بە تایبەت سۆزداری چارەسەری تەواوی لێکدانەوەی بڕیارە نۆستالجییەکان دەکات؛ سۆزداری لە هەریەک لە قۆناغەکانی منداڵی، هەرزەکاری، پێگەیشتن...تاد کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر درووستکردنی (پێخۆشبوون و ڕەزامەندی satisfaction ) ئەم پێخۆش بوونە چ لەسەر ئاستی ڕێزگرتن لە خود بێت یان ڕاگرتنی ڕێز و پێزانینی کۆمەڵایەتی، کاریگەری گەورەی هەیە. لە هەموو قۆناغەکانی تەمەندا خۆشەویستی مەرجی بنەڕەتییە بۆ پەیداکردنی نۆستالجیا، چونکە خۆشەویستی مرۆڤە بۆ دۆخ بۆ کەس بۆ گرۆ بۆ ژینگە، بۆ ڕووداو و دەرئەنجام ...تاد کە ئەتوانێت یادەوەرییەکی شیرین و خوازراو و پەسەند لەلای تاکەکەس درووست بکات و هەمیشە لە داهاتوودا بۆی بگەڕێیتەوە. لەلایەکی ترەوە هەموو جۆرەکانی خۆشەویستی بەهەمان میکانیزم ((satisfaction)) کاردەکەن لە درووستکردنی بەهای نۆستالجیدا، بێگومان دژە خۆشەویستیش یان خۆشەویستی نەرێنی (ڕق و کینە) بە پێچەوانەوە کاردەکەن و هەر نۆستالجیا درووست دەکەن، ئەوەش بە شێوەیەکی نەرێنی، کە لێکدانەوەی لێرەدا زۆر پێویست نییە! بۆ نمونە، خۆشەویستی نیشتمان، مەعشووق، مرۆڤایەتی، ژیان...تاد، هەریەکە بە جۆرێک کاریگەری لەلای مرۆڤ جێدەهێڵن، کە بە هۆیانەوە لە خۆی قایل ببێت و هەست بکات بەهۆی ئەو جۆرە خۆشویستنەوە ئەو پاداشت دەدرێتەوە! یان ئەگەر ڕق و کینەت لە شتێک هەبێت، چێژی زیان گەیاندن بەو شتە جۆرێک لە چێژ دەبەخشێت و بۆی هەیە دۆخی نۆستالجی درووستبکات و خواستی دەروونی لەسەر دووبارەکردنەوەی پەیدا بکات. ئیدی لەم پنتانەوە ڕووداوەکان دەبنە وێستگەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان پێڕەوکردنی هەمان هەنگاوەکانی ڕابردوو. زۆر جار هەیە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا ئەم خاڵانە وەک ئەزموون یان لەپاڵ ئەزمووندا سەیرکراون و سوودیان لێبینراوە، بۆ گۆڕینی ڕەوتی پەروەردەکردن. بۆ نمونە، لەولاتەکانی باکوری ئەوروپا پتر لە چەند دەیەیەک دەبێت دژایەتییەکی گەورەی گاڵتەپێکردن هەر لە دایەنگا و خوێندنگاکانەوە تا خەڵوەتگەکانی پیری و چاپ و پەخشکردن چەند سیاسەتێکە و گیراونەتە بەر، بەم جۆرەش ڕێژەی چێژ بینین لە گاڵتەپێکردن کەمکراوەتەوە و لە هەندێ شوێن لێخۆشبوونی نییە! گەر بڕوانینە بەرهەمەکانی (لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ)، (پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن) هەروەها (خولانەوە لە ناو بازنەدا) کە باس لە ژیانی شۆڕش دەکەن لە ماوەی ١٩٧٥ تا ١٩٨٨ پڕن لە نمونەی گالتەجاڕی و توندوتیژی و سووککردنی کاراکتەری شۆڕشگێڕانە. ئەوەی لەم بەرهەمانەی نەوشیروان مستەفا نووسراونەتەوە، زۆر خاترگیریان تێدایە و بەزامانێکی شیرین و نوکتەئامێز باسی کردوون، کە لە ڕاستیدا پڕن لە ئازار.

بەگشتی هەموو گرێیەکی ڕق و کینە لەبەرامبەر خۆشەویستیدا و بە پێچەوانەشەوە، گرێیەکی نۆستالجی درووستدەکەن، کە ئەشێ پاشهاتەکانی تێکڕا پاشهاتی نەرێنی و ئاراستە کۆڵەوار بن لەسەر بڕیارە گشتییەکان. بۆ نمونە، ئەگەر مرۆڤێک لە کۆی ڕەزامەندی کۆمەڵایەتییەوە لایەنگری دراوە ئایینی و کولتوورییەکان بکات لەو دەمانەدا کە لە دۆخی پێگەیشتن و ساخکردنەوەی بیری خۆیدایە، ئەوا لە کۆمەڵگای خۆیدا و بۆنمونە لە دۆخێکی وەک کوردستاندا ڕەزامەندییەکی باشی گشتی لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە، کە دەکاتە ڕێز و خۆشەویستی و دانپێدانان و دواتریش پلە و پایەی کۆمەڵایەتی. هەر ئەم دۆخە گرێی ڕق بەرامبەر هەر ئایدیا و بیرێک درووست دەکات کە دژ بە باو یان بنەما و پرانسیپە ئایینییەکان بێت. لێرەوە نۆستالجیای گەڕانەوە بۆ ژینگەی باوی ئایینی چەند چێژ بەخشە، گرێی دژ بوون بە پرسێکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای نا ئایین و دژە باوەوە چەکەرە بکات بەهەمان شێوە چێژبەخشە. ئەمەش ئەو (گەشکە و شەوقەیە) کە یاریچی ژمارە (10) لە دژایەتیکردنی هێزە چەپەکانیتردا بینیویەتی، واتە بۆتەوە بە نوێنەری باو بۆ چێژبینی ساتەوەختی، ئەشێ ئەو چێژبینینە پێکهاتەیەکی پەروەردەیی بووبێت یان خەسڵەتێکی گشتی کۆمەڵایەتی بووبێت، گرنگە ئاکامی نەرێنی لێکەوتوەتەوە، ئەگەرچی لەکۆدا بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا بە سەرکەوتوو یان بە سامپڵێکی گەشاوە سەیری دەکەن.  

ئەم میکانیزمە ئەو ژینگەیە درووستدەکات کە لە ڕواڵەتدا لە هەندێ کەسێتی کاری باش و هێز و هەژموونی مەعریفی ببینین، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچ پەیوەندییەکیان بەو خەسڵەتانەوە نییە، ئەگەر خراپتر نەبووبن! هەر بۆیە دەرئەنجامی ئەمە لە کوردستانەکەی ئێمەدا، کۆلکە مەلای وا دەبینین تا ئیستاش مەزارەکانیان وەک پیاوی ئاینی پیرۆز سەریردەکرێن، کە لە کاتی خۆیاندا نەک شارەزاییان نەبوە بۆ ژیان و دونیابینیان لاواز و کورتوکوێر بوە، بەڵکو لە ئاینەکەی خۆشیان بەباشی نەگەیشتوون. بەڵام ئیتر لەو سەردەمەدا ئەمانە گرنگ بوون، چونکە لەوانە زاناتر نەبوە کەبەو جۆرە قسە بکات یان بڕیار لەسەر شتەکان بدات، لە دۆخی باڵادەستی هیچدا، ئەشێ هەمووشتێک خراپیش بن بە بەهاوە سەیر بکرێن، چونکە لەوە باشتر ئامادە نییە.

پرۆسەی بڕیاردان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەگشتی بەو قۆناغانەدا نەڕۆشتوون کە لەسەرەوە باسمانکردوون، لەهەر خاڵێکیشدا ورد ببینەوە دەردەکەوێت کە هەواوهەوەسە تاکەکەسییەکان چۆن ئاراستەی بڕیاریان گۆڕیوە. هەندێ جار بوە کە سەرکردەیەکی وەک نەوشیروان مستەفا بەهەموو پێوانەیەکی خۆی ویستویەتی کە لە هەموو پرسێکی ناسیستەماتیک دوور بکەوێتەوە و بەدوور لە ئارەزوە تاکەکەسییەکانی خۆی بڕیاربدات، لەم بارانەشدا نۆستالجیا پەلکێشی بڕیارەکانی کردوەتەوە و گێڕاویەتیەوە بۆ بژاردەی بێبەرهەم و هەر لەژێر کاریگەری هەمان هۆکاردا بڕیاریداوەتەوە.

کاتێک بەرهەمە نووسراوەکانی نەوشیروان مستەفا بە وردی دەخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە قەبارەیەکی گەورە و بڕێکی زۆر زانیاری لەلای کۆبۆتەوە، بەڵام ئەوەی سەیرە و جێی پرسیارە، ئەوەیە کە سەرباری ئەو هەموو وردەکاری و زانیارییەی لەلای بوون. هەروەها سەرباری هەبوونی دەسەڵات و پشتیوانییەکی زۆری خەڵک، ئەو خودی خۆی چی کردوە بۆ: گۆڕینی نەریتی سیاسی؟ پەروەردەکردنی نەوەیەکی سیاسی جیاوازتر، کەلەخۆیدا پرسێکی گەورەی شۆڕشە. چیکردوە بۆ هێنانە سەرکاری بیرێکی جیاوازتر؟ هاوجووتکردنی هێزەکانی خۆی لەگەڵ ئەوانی تردا؟...تاد. ئەمە سەرباری ئەوەی ژمارەیەکی گەورە پرسیار لەبەردەمماندا درووست دەبێت کاتێک دەبینین ئاکامی کارەکانی ئێستایان بەرەو باشتر نەبردوە، بۆ نمونە:
ئایا نەوشیروان مستەفا تەنیا کەسێکی پاسیڤ و بە ڕەخنە بوە و لەمەیدانی کاردا هیچی پێ نەکراوە؟
ئایا کارێکی بە بەرنامە و داڕێژراوی جێبەجێکردوە و دواجار شکستی تێیدا هێناوە؟
ئایا هەموو هێلکەکانی خۆی خستوەتە سەبەتەی یەکێکی وەک تاڵەبانییەوە و کارێکی ئەوتۆی بۆ بۆچوونەکانی خۆی نەکردوە؟
ئایا هەلومەرجی دەرەکی ڕێگربوون، وەک باری ئابووری و ئەلگۆ نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان...تاد؟
ئایا نەوشیروان مستەفا تەنیا ئارەزووی خۆی لە کایە ڕۆشنبیرییەکانە و بە ناچاری کەوتوەتە دونیای سیاسەتەوە؟
ئەگەر توێژینەوەیەکی ورد بکەین لەسەر ڕووداوەکان ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەویش وەک هەر سەرکردەیەکی تر لە کۆی ناڕیکییەکانی نزیکەی نیوسەدەی خەباتی سیاسی گەلی کوردستان بەرپرسیار دەبێت. بە تایبەت ئەگەر بێت و لەسەر بنەمای ئەنجامگیری تێکڕای کارەکان هەڵبسەنگێنین. لە خۆیدا وەڵامی سەرەکی ئەم پرسیارانە تیکڕا بۆ یەک سەرچاوە دەگەڕێنەوە، هەر ئەوەش وا دەکات نەوشیروان مستەفا بەرپرسیارێتی مێژووی بکەوێتەوە ئەستۆ، ئەویش بڕیاری سیاسییە کە بەبنەمایەکی نۆستالجی دەدرێت و بە پرۆسەکانی بڕیاردرووستکردندا ناڕوات و سەرئەنجام بڕیارەکان دەبنە بڕیاری سیاسی نەخوازراو، کە ئەگەر بە داناییەکی ترەوە بدرابان، ئەوا چارەنووسێکی جیاوازیان درووست دەکرد. بە جۆرێکی تر لەم پرسە دەڕوانین (پرسی بڕیاری سیاسی نەخوازراو) ڕێک لەوە دەکات هاوڕێیەکمان هەبێت بە سەختی بریندار بێت و خوێنی لەبەر بڕوات، ئێمەش لەبری چارەسەری برینەکە و وەستاندنەوەی خوێن، بەردەوام خوێنی تێبکەین! ڕێک لەیەک عەمباری گەورەی ئاو دەچێت کە چەند کونێکی تێدا بێت، ئێمەش بەردەوام کۆڵکێشی بکەین بۆ ئەوەی خاڵی نەبێتەوە لە بری ئەوەی کونەکانی بگرین! کەچی بە پێی یاسای سروشتیش کە سادەترینی یاساکانە تا ئاوی زیاتر تێبکەین ئەویش ئاوی زیاتر لێ بەفیڕۆ دەڕوات. بۆ ئەو مەبەستە یەک دوو بنەمای ستراتیژی مێژوویی ژیانی یاریچی ژمارە (10) دەکەینە نمونە بۆ تێگەیشتن لە  بڕیاری سیاسی نەخوازراو، سەرەتا لەم دراوەوە لە نمونە دەڕوانین:
دراوێکی سەرەتایی:
لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، نۆستالجیای پەنجا بە پەنجا هەڵدەگرێت و لەساڵی ١٩٩٢ جارێکی تر یەکێک دەبێت لە داهێنان و نێوەندگیرییەکانی نەوشیروان مستەفا کە دەیخاتە بەردەم ئەنجامەکانی یەکەم هەڵبژاردن لە کوردستاندا و هەر ئەم سیاسەتی پەنجا بە پەنجایە دەبێتە هۆکار بۆ بەهیز بوون و گەشەکردنی زیاتری بنەماڵەکان لەسەر کورسی حوکمڕانی لە کوردستاندا، بەتایبەت بنەماڵی حوکمڕانی خیانەتکاری بەرزانییەکان[2]. ببینە، ئەم نەریتە نۆستالجییە چ ڕەگێکی مێژوویی هەیە:
بچوکترین یەکەی ڕێکخراوی پێشمەرگە مەفرەزە بو. مەفرەزە ئەبوو پێک بێ لە 5 تا 10 پێشمەرگە. هەر 3-5 مەفرەزە ئەبو یەک کەرت پێک بهێنن و، هەرچەند کەرتیکیش هەرێمیان پێک ئەهێنا. لە هەرجێیەک فەرماندەی هەرێم ئەندامی بزوتنەوە بوایە ئەبو یاریدەرەکەی ئەندامی کۆمەڵە بێ هەروەها بە پێچەوانەوە.[3]   

ئەم بیرکردنەوەی پەنجا بە پەنجایە، زۆر گرنگە ببینین چۆن لە سەردەمی دوای ڕاپەڕین و لە پاش چەند دەیەیەک لە ساڵ زیندوو دەکرێتەوە، بڕوانە یەکانگیرییە نۆستالجییەکانی بڕیاردان، ئەوەی ئەم بڕیارە نۆستالجیاییە بە زیندوویی دەهڵێتەوە، ئەو چێژەیە کە لە میکانیزمی مانەوە سوودی لێ بینراوە، چونکە کاتی خۆی میتۆدەکەیان بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزە جیاوازەکان لەم ڕێگایەوە بوە، بەتایبەت (کۆمەڵە و بزووتنەوە و خەتی گشتی)[4]. بەگشتی بڕیاری سیاسی نەخوازراو دابەش دەبنە سەر دوو جۆر، هەندێکیان هەیە نەخوازراون و ناچارین بیاندەین، هەندێکیان هەیە لەبەر کورتوکوێری هەڵسەنگاندن یان نەبوونی کەرەستە و دەزگای پێویست وا هەست دەکەین باشترین بڕیارمانداوە، بەڵام ئەگەر ئاکامەکانی هەڵبسەنگێنین دەبینین مەرج نییە بڕیارەکانمان بڕیاری درووست و سەنگین بووبن.

نمونەی یەک: فەرامۆشکردنی خوێندن و گەڕانەوە بۆ شۆڕش!
(نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشدا، دوای ئاشبەتاڵەکەی مەلامستەفا، لە ڤییەننای پایتەختی وڵاتی نەمساوە خوێندنی دکتۆرا لە زانستی سیاسیدا جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشدا) تان و پۆی بڕیارێکی تاکەکەسی لەم جۆرە چۆن هەڵدەسەنگێنین! زۆرجار وەک شانازی ئەم هەنگاوەمان بیستوە و لەسەرچاوەکاندا خوێندومانەتەوە، زۆرجار وەک نمونەی لووتکەیەک لە خۆبوردن و گیانفیدایی باسکراوە و بە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی مێژووی ئەم سەرکردەیە لە قەڵەمدراوە (بێگومان ئەمە ڕاستییە، بەڵام ئەم ڕاستییە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە گەر کەمێک وردتر و لە ئاستێکی باڵاتردا لێی بڕوانین). ئێمە دەمانەوێت بزانین خودی نمونەکە لەژێر باری هەڵسەنگاندندا چۆن دەردەبات! ئەوەش تەنیا بە گریمانەیەکی ئاستەمەوە دەکریت. باوای دابنێین نەوشیروان مستەفا نەگەڕایەتەوە کوردستان و بڕیاری مانەوە و تەواوکردنی دکتۆراکەی بدایە و لە ڤییەننا خەریکی خۆ قاڵکردن و بە دواگەڕان و درووستکردنی تۆڕی بە هێزی پەیوەندی بوایە. ئایا ئەگەر وای بکردایە لەخۆبوردنی تێدا نەبوو! بێگومان ئەمە تەنیا تێڕوانینێکی باوە، ئێجگار بەو جۆرە نییە، گەر ورد بڕاونین دەبینین، خۆی دەڵێت:
مارتی ساڵی ١٩٧٥ کە ئاشبەتاڵ بو، ٣ ساڵ زیاتر بو من لە ڤییەننا بوم. ئەوسا کوردی عێراق لە ئەوروپا بە گشتی و، لە نەمسە بە تایبەتی زۆر کەم بون.... ڤییەننا یەکێکە لە شارە هەرە خۆشەکانی دنیا. ناوەندێکی گرنگی دیپلوماس و موسیقا و فەلسەفە بوە و، ئێستاش ناوەندێکی خۆشی توریزمە. سەدان فەیلەسوف، زانا، سیاسی، مۆسیقار، ئەدیبی گەورەی تێدا هەڵکەوتوە کە ناوبانگیان بە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە. تەنانەت هێتلەریش نەمسایی بوە.[5]
بێگومان مەبەستمانە بڵێین بڕیاری گەڕانەوە بڕیارێکی سیاسی تاکەکەسی نەخوازراوە، بەڵام بۆ؟ ئەگەر نەوشیروان مستەفا ڕێگای کارل پۆلانی[6] بگرتایەتە بەر و خەریکی تیۆریزە کردنی سیاسەت و دۆخی سیاسی نێودەوڵەتی و پرسی شۆڕشەکانی کوردستان بوایە بۆ نمونە دۆخەکان زۆر جیاوازتر دەبوون، چ لە ناوەوەی کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان. بەتایبەت کە لە سەرەتادا پرسیاری بنەڕەتی خوێندنەکەی ئەو پرسێکی زۆر گرنگە، بڕوانە ئەم دێڕانە:
ئەو کاتەی خەریکی ئامادەکردنی نامەی دکتۆرا بوم لەسەر: ((پەیدابون و گەشەکردنی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد)) ڕوبەڕوی پرسیارێ ئەبومەوە، ئەبو وەڵامێکی زانستیی بۆ بدۆزمەوە، ئەوەبو: ((کورد بۆچی نەیتوانیوە دەوڵەتی تایبەتی خۆی دابمەزرێنێ، لە کاتێک دا هەموو نەتەوە دراوسێکانی: عەرەب، فارس، تورک، ئەرمەنی.. دەوڵەتی خۆیان دامەزراندوە؟))
ئەمە باسێکی قول و، لێکۆڵینەوەی زۆری گەرەک بو، نوسەرانی کوردیش زۆر کەم و بە کورتی لێ ی دواون. لە ناو ئەوانەدا لەم مەسەلەیە دواون، لە کۆنەکان: ئەمیر شەرەفخانی بتلیسی، ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی و، لە ناو نوسەرانی هاوچەرخیش دا: ئەمین زەکی، عەلادین سجادی، جەمال نەبەز، مەسعود محەمەد.
نوسەرانی کۆن: هەمویان هۆیەکەیان گێڕاوەتەوە بۆ خۆخۆری کورد و تەفرەقە و نیفاق.
نوسەرانی هاوچەرخ: ئەمین زەکی لە ((خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان)) دا ئیگێڕێتەوە بۆ ((پێ نەگەیشتن)) و نەبوونی ((عیلم و سەروەت)) و، عەلادین سەجادی لە ((شۆڕشەکانی کورد)) دا بۆ ((موسوڵمانەتی)) کورد و، جەمال نەبەز لە ((کوردستان و شۆڕشەکەی))دا بۆ نەبوونی ((دین  یا مەزەب)) ێکی تایبەت بە کورد و، مەسعود محەممەد لە ((حاجی قادری کۆیی))دا بۆ ((نەزیفی ئابوری)) کە بەهۆی دراوسێ بەهێزەکانیەوە توشی کوردستان بوە.[7]

لەم تێکستەدا نەوشیروان مستەفا ڕەخنەیان لێ دەگرێت بەوەی کەسیان درێژەیان بە باسەکانیان نەداوە، ئەی خۆ دەکرا تۆ لە بری ئەوەی بگەڕێیتەوە کوردستان و شۆڕش بەو ئاقارەدا بەریت کە خۆت باست کردوە، بێیت و خەریکی قوڵکردنەوەی ئەو توێژینەوانە بوویتایە، بەتایبەت تۆ ئەو کاتەش دەتزانی کە ژمارەیەکی ئێجگار کەم لە دەرەوەی کوردستان دەرفەتی لەو جۆرەیان بۆ دەڕەخسێت. لەو سەردەمە زێڕینەدا دەرفەتێکی ئاوا کە بۆ خوێندکارێکی کوردستانی بەدەگمەن هەڵدەکەوت وەک ئەوەی ناتوانێت سوود ببینێت لە دەرفەتێکی زێڕینی خوێندن و جێگاکردنەوەی خۆی، هێشتا لە سیاسەتی ئەوروپی ولەناوەندە ئەکادیمییە ئەوروپاییەکاندا لەبواری سیاسیشدا سوود لە دەرفەتە ژیارییەکانی ڕۆژئاوا نابینێت. ببینە لێرە دەڵێت چی:
هەمو ساڵێ ژوری بازرگانی یەکێ لە هەرێمەکانی نەمسا، خوێندکارە بیانییەکانی خانوەکەی ئێمەیان بانگهێشت ئەکرد بۆ سەردانی ناوچەکە و، پیشان دانی نیشانە پیشەسازی و بازرگانی و رۆشنبیرییەکانی. جارێکیان منیش لە گەڵیان چوم بۆ ((شتایەرمارک)) حەفتەیەک ماینەوە. لەو شوێنانەی پیشانیان داین: کارگەی دروستکردنی تفەنگ، کوتاڵ، مەکینەی کشتوکاڵ، ئیستگای بەرهەمهێنانی کارەئاوی...بو. چیاکانی کوردستان شوێنی زۆر و لەباری لەو بابەتەی لێ یە بۆ دامەزراندنی ئەو جۆرە ئیستگانەی لەم ناوچەیەدا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دایان نابو.[8]
بێگومان ئەمانە هەمووی ڕەگوڕیشەی نۆستالجین کە ناهێڵن خوێندکارێکی بە توانا دەرفەتی خوێندن بە قازانجی خۆی و گەلەکەی بقۆزێتەوە، ببینە ئەم نۆستالجیایە چۆن سەر هەڵدەدات:
دیمەنی یەکەم:
مامجەلال کەوت بوە جموجوڵ. ئەو ماوەیە لە قاهیرە، بیروت، دیمەشق، تەرابلوس هاتوچۆی ئەکرد. لەبیروتەوە هەواڵ بڵاوکرایەوە کە مامجەلال خۆی بۆ گەڕانەوە ئامادە ئەکات...[9]
دیمەنی دووهەم:
مامجەلال دۆستایەتی لەگەڵ من بەهێز بو. دۆستایەتیمان ئەگەڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٦١ ئەو کاتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بو.... [10] داوای لێکردم خۆم ئامادە بکەم بۆ بەشداری لەو ڕێکخراوە تازەیەدا کە خەریکی دامەزراندنێتی و بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات.
تێبینی: تا ئەو دەمەش ناوی ڕێکخراوەکە بە تەواوی نەزانراوە!
دیمەنی سێیەم:
ئەگەرچی ماوەیەکی درێژ بو من لە کوردستان دور بوم بەڵام ((ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبی)) بە کۆمەڵە و مامجەلالیەوە بەستبوم. بەجوانم نەئەزانی لەژێری دەربچم. یەکسەر وتم: کەی داواتکرد بەسەرچاو ئامادەم.
دیمەنی چوارەم:
جارێکیان لە وەڵامی نامەیەکی دا (مەبەست مامجەلال)ە، بۆ ئەوەی دڵنیای بکەم لەوەی من هەر لەسەر بەڵێنە کۆنەکەی خۆم ماوم، سەرەتای نامەکەم بەم شیعرەی ((سالم)) دەس پێ کرد:
ئەی قیبلەی مورادم ئاخۆ بە ڕۆژگاران
جارێ لە کەس ئەپرسی حاڵی غەریبیی (شاران)
بەو سوێندەی کە خواردم: من هەر ئەوەم کە دیوتم،
حاشا بکەم فەرامۆش، میثاق و عەهدی جاران![11]
دیمەنی پێنجەم:
چەند مانگێ دوای ئاشبەتاڵ نوری ئەحمەد طەها، گەیشتە ڤییەننا... کاک نوری لە تێکۆشەرە دێرینەکانی ڕێگای کوردایەتی بو.. یەکێ بو لە دامەزرێنەرەکانی ((پارتی دیموکراتی کورد))... دوای ڕۆشتنی بارزانی بۆ سۆڤیت ئەم گەڕایەوە بۆ کوردستان.. چەندساڵ لە زیندان مایەوە.. لە دەسپێکردنی شۆڕشی ئەیلول دا کاک نوری پێشمەرگەی ناوشاری دامەزراند و، خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی چالاکیەکانی ئەکرد... زۆری نەبرد خۆی لە ژیانی حیزبی کەنارگیر کرد.. کاک نوری لەدەربڕینی بیروڕا و هەڵوێستەکانی لە هیچ نەئەترسا و، لە هیچ نەئەپونگایەوە. لەسەر قسەکانی چارەی خۆی لەلای زۆر لە کاربەدەستانی پارتی و شۆڕش قورسکردبو. حەزیان لە چارەی نەئەکرد و بۆیان تێ ئەچاند. بەڵام گوێ ی نەئەدایە و، لە قسەکانی نەئەکەوت.
دیمەنی شەشەم:
ماڵی ((ئەحمەدی طەها)) لە کۆنەوە لەبەرخانەقا نیشتەجێ بون. ناسیاو و دراوسێ ی کۆنی ماڵی ئێمە بون. ماوەیەک ماڵی ئێمە و ماڵی کاک نوری دەرگامان بە دەرگای یەکترییەوە بو بە تایبەتی لە ناوەڕاستی پەنجاکان دا. کە ئەهاتنە سەر ماڵەکەیان بۆ گرتنی زۆر جار کەلوپەلی نهێنی لە ماڵی ئێمە ئەشاردەوە.[12]
دیمەنی حەوتەم:
من لە مناڵییەوە کاک نوریم لە نزیکەوە ئەناسی. ڕێزێکی تایبەتی لەلای من هەبو. ئەو یەکێ بو لەوانەی کاریان تێ کردم تێکەڵاوی کاری سیاسی بم.
دیمەنی هەشتەم:
کاک نوری زۆر لە ڤییەننا نامایەوە. چوە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا. مناڵەکانی لە سلێمانی بەجێ هێشت بو. لە ئەڵمانیا خۆی پێ نەگیرا گەڕایەوە عێراق.[13]

ڕیتشارد داوکینز لە کتێبەکەیدا دەربارەی جینی خۆپەرست The selfish gene بەشی یازدەهەمدا بەوردی باس لەو پێکهاتەیە دەکات کە ڕەفتاری کولتووری دەگوێزێتەوە و لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا بەوردی باس لەو پێکهاتەیەدەکات بە بەکارهێنانی نمونەی زمان. بڕوانە ئەم وانەیە (Richard Dawkins | Memes | Oxford Union)  کە دەتوانیت لەم بەستەرەوە بە زمانی ئینگلیزی بیبینیت: https://www.youtube.com/watch?v=4BVpEoQ4T2M . ئەو پێکهاتەیە پێی دەوترێت میمی. مرۆڤ لە دۆخی ئاسایی خۆیدا بە کەسێک سەرسام دەبێت و لەڕێگای میمیەوە دەتوانێت لەسەرەتای ژیانی خۆیدا بە ئاسانی تێز و تێڕوانینەکانی کۆپی بکاتەوە، بە بێ ئەوەی پەیوەندییەکی بایۆلۆجی لە نێوانیاندا هەبێت. دەتوانێت ببێتە مرۆڤێکی سەرکردایەتیکراو، دەتوانیت بیکاتە سەرکردەیەکی دیاریکراو، دەتوانێت هەمان سیمبوڵ دووبارە بکاتەوە بە بێ ئەوەی لەناو پێکهاتەی جینەکانیدا هەبن. داوکینز دەڵێت جینەکان بە تەواوی سیفەت کۆپی دەکەن تا ئەندازەیەک بە ڕەهایی، بەڵام میمیەکان دەتوانن خەسڵەتی کولتووری و ڕەفتار کۆپی بکەن، خۆ ئەگەر بە تەواویش رەها نەبێت ئەوا دەتوانن لە خەسڵەتە بنەڕەتییەکان نزیک ببنەوە. بەرهەڵستیکردنی باو و بەربەست دانان لەبەردەم کۆپی کردندا مرۆڤێکی پێویستە لەیەکەم هەنگاوەوە لە گرفتە نۆستالجییەکان خۆی ڕزگار کردبێت، کە کارێکی ئاسان نییە. لەم چەند دیمەنەی پێشوودا دەردەکەوێت بڕیاری گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لە ڤییەنناوە و دەستبەردار بوون لەو هەموو دەرفەتە لەژیر کاریگەرییەکی نۆستالجیدایە. ئەوەندەی ئەم سەرکردەیە هەر لە سەرەتاکانی تەمەنیەوە وابەستەیە بە خەباتی کوردایەتی باوە و دەیەوێت بە پاکی بەشداری تێدا بکات، هێندە وابەستەی لێکدانەوەی ژیرانە نییە و ئەو هەموو زانست و زانیارییەی لەلای کۆدەبنەوە ناتوانن بەسەر خەسڵەتە نۆستالجییەکەدا زاڵی بکەن و دەرفەتەکان لە ڕێگەی لێکدانەوەی ژیربێژیانەوە سوود لێ وەربگرێت.

بە کورتی بەهۆی کاریگەری نۆستالجیەوە، نەوشیروان مستەفا، بڕیار دەدات هەموو ئەو دەرفەتە ژیربێژیانە لەدەست بدات و جارێکی تر شوێن هۆشمەندی باوی شۆڕشگێڕانەی کوردەکان بکەوێتەوە. ئەم توانستە و ئەم هەناسەیە لە کاری سیاسی، دەیتوانی لەبواری تویژینەوە و گوشار دانان و داڕشتنی پاشەڕۆژی ستراتیژی گەلێکدا باشتر کاری بکردایە، چۆن لە هەر هەڵوێستە و بینینێکی گەلاندا بەراوردی کردوە و نەخۆشییەکانی گەلی کوردستانی بۆ دەرکەوتوون، دەیتوانی زیاتر کاریان لەسەر بکات. ئەمە جگە لەوەی گەڕانەوەی ئەو بۆ کوردستان کاریگەری نەرێنی لەسەر شۆڕش هەبوە و بوەتە هۆکارێک بۆ تەسلیمکردنی خەباتی کۆمەڵە بەو هۆشمەندییە باوە دەستەگەراییەی جەلالی کە سەراپای بیرکردنەوەی سیاسی لەسەرەتاوە تا کۆتایی لێ ئاوا بوە و هیچی لەهەگبەدا نەبوە.

نمونەی دوو: دەستگرتن بەسەر ڕێکخراوی کۆمەڵەدا
بگەڕێرەوە بۆ خوێندنەوەیەکی تری دیمەنی شەشەم لە نمونەکەی پێشوو، پاشان بڕوانە قۆناغی گەشەی دڵسۆزی کە ڕێک دەکاتە ناوەڕاست و کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو شوێنەی نەوشیروان مستەفا کەسایەتی خۆی لەسەرەوە جێگیر دەکات. بڕوانە لە (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) دا چی دەڵێت:
فاروقی مەلا مستەفا، ئامۆزای فوئادی مەلا مەحمود و، ناسیاوی لە مێژینەی منیش بو. بە هۆی بیروباوەڕی سیاسییەوە لەگەڵ یەک کۆک و تەبا نەبوین. ئەو لە سەردەمی خوێندنی سانەوییەوە لەگەڵ حشع بو منیش لەگەڵ پارتی بوم.[14]
نەوشیروان مستەفا دەریدەخات کە بە هیچ شێوەیەک ئەو ئەندامی کۆمەڵە نەبوە وڕۆژێکیش خۆی لەو ستراتیژە سیاسییە و لەمەودای ئەو دونیابینییەدا نەبینیوەتەوە، کەواتە ئەی بۆ دەبێتە سکرتێری کۆمەڵە؟ بە هیچ شێوەیەک ئەو سەربەو ڕیکخراوە نامێنێت، تەنانەت باوەڕی وا دەبێت بۆ کۆمەڵێک خەڵکی تری جێبهێلن باشترە، هەر بۆیە لەگەڵیا بەردەوام نابێت و بەر لە چوونی بۆ ڤییەننا دەستبەرداری دەبێت. ئەی کەواتە بۆ جارێکی تر دێتەوە مەیدانەکە و کار دەکات؟ گەر بڕوانینە تێکستەکەی سەرەوە، دیمەنی یەکەم تا دیمەنی چوارەم باس لەوە دەکات کە ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبیم بە کۆمەڵە و مامجەلالەوە هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا لەدەمی بڕیاری گەڕانەوەی خۆیدا و لەسەروبەندی گەڵاڵەکردنی بڕیارەکەیدا ئەو لەو نۆستالجیایەدا دەژی کە سەرەتا لە ساڵی ١٩٦١ ـەوە بونیادی ناوە و تەواو پەیوەندی بەو  بەڵێنە هەتاهەتاییەوە هەیە کە لە گەڵ تاڵەبانی بەیەکتریان داوە و لایەنی کەم ئەم بە درێژایی تەمەنی لەو بەڵێنە دوور ناکەوێتەوە، و وەفادارییەکانی دەیباتە سەر.  

لە خراپییەکانی گرتنەدەستی نەوشیروان مستەفا بۆ کۆمەڵە لەوانەیە زۆر بکۆڵینەوە، ون ببین، چونکە ئەو سەردەمە دوای گیان بەختکردنی هاوڕێ ئارام دەرفەتێک دێتە پێشەوە تەنیا دەرفەتە کە کۆمەڵە بە نەوشیروان مستەفا بسپێردرێت و لەو ڕێگایەوە ڕێکخراوەکە بۆ ستراتیژی داڕێژراوی پێشتری تاڵەبانی دەستەمۆ بکرێت. بڕوانە بزوتنەوە و هێڵی گشتی لەناو یەکێتیدا هەمان هێز و حسابیان لەسەر دەکریت، لە کاتێکدا قەبارە و مێژوو و ئامادەکاریان بە چەندین قۆناغ لە دوای کۆمەڵەوە دەبێت. ئەگەر ڕەخنەی ورد لە کۆمەڵە بگرین، دەبێت ڕەخنەی نەبوونی سەرکردەی پێویست بگرین، دەبێت ئەو ڕەخنەیەش لە ئارام بگرین کە بۆ خەباتی چەکداری بەو زووییە هەڵبژارد، یان چۆن هەڵیبژارد لە دۆخێکی ئاوا نا ئامادەدا. کە ئەمانە لە داهاتوودا و لە ڕابوون و داچووندا وەڵامەکانیان، یان ڕاسترە بڵێین شیکردنەوە ماتریکسییەکانیان دەبیننەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بدەم گوشاری تاڵەبانی و هەژموونی هێز و دەسەڵاتیان زۆر بە گەورەیی بە کار دەهێنن بۆ قۆرخکردنی کۆمەڵە. ئەوەی لێرەدا پەیوەندی بە بڕیاری سیاسی نەخوازراوەوە هەیە. لەم دیمەنانەدا دیان دۆزینەوە:
دیمەنی یەکەم:
مامجەلال کۆمیتەیەکی پێکهێنا بو لە: خۆی، د.فوئاد معصوم، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی، کەمال فوئاد، عومەر شێخموس و، من سەرکردایەتی ڕێکخراوێکی تازە کە درێژە بە خەباتی سیاسی ـ چەکداری بدا. ناو لەم کۆمیتەیە نرابو ((دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان)).[15]
تێبینی: یەک دانەش لەم ئەندامانە هەڵگری بیروباوەڕ و پرانسیپی خەباتی چینایەتیش نییە، نەبادا باوەڕکردن بە ڕێبازی مارکسیزم لێنینیزم، کە کۆمەڵە لەخۆی گرتبوو، لایەنی کەم لە ئەدەبیاتی کۆمەڵەدا ڕەنگی تەواوی داوەتەوە. ئەی دەستەیەکی ئاوا چۆن ڕابەرایەتی بیرێکی لەو جۆرە دەکەن؟
دیمەنی دووهەم:
مامجەلال لە سەرەتادا ڕەئی وابو کە هەمو تێکۆشەرانی کورد لە چەپەوە بۆ ڕاست لە یەک ڕێکخراوی فراوان دا یەک بخرێن.[16]
دیمەنی سێیەم:
هاوڕێی نەمر (مەبەست لە شەهید ئارام)ە، بڕوای تەواوی بە سەرکەوتنی خەباتی کۆمەڵە هەبوو، بڕوای تەواوی بە سەرکەوتنی جەنگی درێژخایەنی میللەتێکی بچوکی کەم هێز هەبوو دژی دوژمنێکی سەرسەختی پڕچەکی بەتوانا، بەوەی دەتوانێت لە مەیدانی ڕەوتی خەباتدا هیلاکی کات و گیروگرفتی ئابووری و سیاسی و ...هتد، بخاتە بەردەم. هەر ئەو خەباتەش گەشە دەکات و دەبێت بە جەنگی گەل کەلە کۆتایدا دەتوانێت چۆک بە دوژمن دابدات و ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی.
هاوڕێ ئارام، بڕوای بەوە بوو کە هیزی زۆر و بۆر و عەشایەری بێ سەروبەرە جگە لە تێکدان و شێواندنی ڕیزەکانی پێشمەرگە هیچ سودێک بە شۆڕش ناگەیەنن.[17]
دیمەنی چوارەم:
یەکێک لە ئەرکەکانی ڕابەری سیاسی دەستە لە دەستەکاندا بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری پێشمەرگەکانە لە بەر ئەوەی ئەبێ ڕابەری سیاسی بایەخێکی زۆربەم لایەنە بدات لە ڕێی خوێندنەوە و شیکردنەوەی تەوجیهاتەکانی ڕێکخستن بەو بۆنەوە موناقەشاتی ڕۆژانە و هەوڵ بدرێت هەموویەکێکی نەخوێندەوار لە دەستەکەدا فێری خوێندەواری بکرێت.[18]
دیمەنی پێنجەم:
بۆچی چوم و، توشی چی بوم.. شارەزوور ناوچەی نفوزی کۆمەڵە بو.. حەمەی حاجی مەحمود زۆر زو وازی لە کۆمەڵە هێنا بو، دیسپلینەکانی پێ قبول نەئەکرا و، فێری ئەوە بوبو لە سنوری کارەکانی خۆی دا بە ئازادی و بێ لێپرسینەوەی کەسێکی سەروی خۆی کاربکا... زۆری کادر و فەرماندە و پێشمەرگەکانی هەرێمەکە کۆمەڵە و، لە ناو کۆمەڵەیش دا لە توندڕەوەکان بون. ماوەیەک بوو گەڕیان تێ ئاڵاند بو ئەیانوسیت کزی بکەن و لە دەسەڵاتی بخەن... ئێمە بۆ ئەوەی یەکێتی هەرێمەکە بپارێزین ئاشتمان کردنەوە. کە هاتن بۆ ناوزەنگ هەردوولایان شکاتیان لە یەکتر هەبوو.
حەمە پارەیەکی زۆری کۆکردبوەوە و خەرجی کرد بو بێ پرسی سەرکردایەتی.
لە ناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دا، زۆریان ڕەئیان وا بو: حەمە بە ناوی یەکێتییەوە، بەرەڵڵایی و ڕاووڕوتی زۆری کردوە و، پارەیەکی زۆری کۆکردوەتەوە. پێویستە بێ سزادان وازی لێ نەهێنین . بەڵام لەبەر ئەوەی لە دەستی دێ یاخی بێ و بداتە پاڵ ناحەزەکانی یەکێتی یا بچێتە پاڵ ڕژێم، چاکتر وایە چەکی بکەین و بیگرین، ئەگەر دەستی کدرەوە بیکوژین. من بە توندی چوم بەگژ ئەم ڕەئیەدا و، نەمهێشت هیچی لێ بکەن چونکە لام وا بو بۆ ناوبانگی یەکیتی باش نیە بەو جۆرە ڕەفتار لەگەڵ کاربەدەستێکی ناسراوی خۆی بکا، ئەبێ بە نەرمی و ئامۆژگاری لەگەڵی بجوڵیتەوە.[19]
دیمەنی شەشەم:
گەرامەوە بۆ بارەگای سەرکردایەتی لە توژەڵە. هاڕێکانی خۆم و، مامجەلال و سەرانی بزوتنەوە ـ ئەوانەی لەگەڵ یەکێتی مابون ـ بینی. کێشەکە لەسەر دروستکردنەوەی مەکتەبی سیاسی بو. لە کۆمەڵە دووکەس پێشنیار کرابون، لە هێڵێ گشتی دوو کەس لە بزووتنەوەش دووکەس... نوێنەرەکانی کۆمەڵە وتبویان ئێمە عەلی حەوێز ناناسین، ئەوەش پێشنیاری مامجەلال بوبو...
هەوڵێکی زۆرم دا گرژیەکە خاو بکەمەوە. لە گەڵ سەرکردایەتی کۆمەڵە کۆبومەوە. لسەر کێشەکە زۆر دواین. هەوڵمان دا چارەیەکی ناوەنجی بدۆزینەوە. مامجەلال بە هیچ جۆرێ ئامادە نەبو لە بڕیارەکەی خۆی بکشێتەوە. لە ئەنجامدا کەوتینە هەڵسەنگاندنی ئەوەی مامجەلال بۆ یەکێتی پیویستە و مەرجە ناڕەواکەی لە پێناوی پاراستنی ڕیزەکانی یەکێتی دا قبوڵ بکەین... مامجەلال گرەوەکەی بردەوە مەرجەکەی قوبوڵ کرا. [20]

دەتوانین لە کۆی ئەم دیمەنانە چەند شتێکی سادە تێبگەین:
١. کۆمەڵە ئەو کاتە هەڵدەوەشێتەوە کە سەرکردەیەکی بۆ دیاری دەکەن بە هەموو پرانسیپە فکری و کردارییەکانییەوە دوورە لە بیرکردنەوە و ڕەفتاری کۆمەڵە.
٢. کۆمەڵە ئەو کاتە هەڵدەوەشێتەوە کە ئارام شەهید دەبێت و لە دوای ئەو جگە لە کۆمەڵێک خەڵکی لاوازی پەڕپووت هێچ کەسێک نابێت بتوانێت لەلایەک ستراتیژ و بیری هەبێت بۆ دوا ڕۆژ لەلایەک بتوانێت ڕێکخستن بەڕێوەبەرێت.
٣. نەوشیروان مستەفا نە ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆمەڵەبوە بە پرانسیپ نە توانیویەتی لە گرنگی و پێویستییەکانی خەباتی چینایەتی تێبگات، بێگومان ئەگەر دکتۆراکەی بە وردی بەدەست بهێنایە و خۆی واتەنی بە دۆزینەوەی وەڵامدا نەگەڕایە، بەڵکو وەڵامی پرسیارەکەی بدایەتەوە، ئەوا شتێک لەو پرسە چینایەتییەی گەلی کوردستان تیدەگەیشت کە لە خۆیدا بنەڕتی بێدادی و ژێردەستەیی و بێ دەوڵەتیی خەڵکەکەیەتی.  
٤. تێکڕای بڕیاری دانانی نەوشیروان مستەفا بە سکرتێری کۆمەڵە یەکەمین و دواهەمین مێخە کە لە تابوتی کۆمەڵە دەدرێت و جارەکانی تر تەنیا زیندوکردنەوە و کوشتنەوەی کۆمەڵە دەبێت.
٥. گەر پەروەردەی نەوشیروان مستەفا کەمێک جیاواز بوایە و لەبری تاڵەبانی توانای مەیدانی و کرداری ئەو لەگەڵ ئارامدا هاوجووتی و تەواوکاری فکری و کاریان درووستکردایە، مێژووی بزاوتەکە زۆر جیاواز دەبوو، کە ئەمە داواکردنی دراوێکی ئاستەمە، لە دۆخێکی نۆستالجیدا کە پێشوەخت بڕیاریداوە نەوشیروان مستەفا دژ بە مارکسیزم و ئارامیش وابەستەی سەرسەخەتی مارکسیزم بێت. بێگومان ئەوکاتە شۆڕش هەرگیز سەرانێکی تاوانکاری وەک ئەمڕۆی لێ بەرهەم نەدەهات. ئەوەش ئاکامی بریاری سیاسی نەخوازراو.

چەندین نمونەی تر هەن کە ئاوا وردیان بکەینەوە میتۆدی بڕیاردان و گەڕانەوەی نۆستالجی بۆ خوێنەر جێدەهێڵم، بۆ نمونە:
بڕیاری نەوشیروان مستەفا بۆ چونە ناوحکومەتەکەی پارتییەوە و وەرگرتنی کۆمەڵێک پۆستی کارتۆنی، نۆستالجیای چێژی دەسەڵات و قایلکردنی ئەو نۆستالجیایە بە هاوڕێیانی سجنەوە دەیبەستێتەوە (بروانە لاپەڕە ١٤١ لە پەنجەکان یەکتری ئەشکێنین).  بژاردەی خەباتی چەکدار و فەرامۆشکردنی خەباتی ڕێکخراوەیی و دیبلۆماسی و لەبری ئەوانە گرنگی دان بە جەنگ، نۆستالجیای بەرەنگاری و چێژی قایلکردنی گوتاری شەقامی نەتەوەپەرستی. گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ڕژێمی بەعسی فاشیستدا لە ساڵی ١٩٨٤ تا ١٩٨٥. هەڵوەشاندنەوەی تەواوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە کۆنگرەی (ی.ن.ك) دا، داماڵینی ئەو کراسەی بەزۆر لە مێژوودا کرابوە بەرمان و سیمای ئێمە بە بێ پێرێسترۆیکایەک لە مارکسیزم پاک نەدەبوەوە. دروستکردنی بەرەی ڕیفۆرم و پاشان بزووتنەوەی گۆڕان و ئیحتواکردنی هەموو ئەو ناڕەزایی و بێزاریانەی خەڵک بە هەمان شیوەی ئیحتواکردنی کۆمەڵەی مارکسی لینینی، دواتر جاریکی تر لە بزاوتی ١٧ شوباتدا ڕوودەداتەوە.
هەموو ئەمانە کەرەستەی لێکدانەوەکانیان لەو دەستخەت و بڵاوکراوانەدا دەبیننەوە کە یاریچی ژمارە (10) بەمێژووی نووسینی خۆی بەرهەمی هێناون. لە کۆتایدا گرنگە سوپاسی ئەو بوێرییە بکەین کە نەوشیروان مستەفا لەمێژووی خۆیدا هەیبوە بۆ بەرەوڕووبوونەوە و خستنە سەرکاخەزی بەشێکی باش لە ئەدەبیاتی خەباتی خۆی. کە ئێمە و ئێوە و نەوەی داهاتووش باشتر دەتوانن سوودی لێ ببینن لە هەر سەرکردەیەکی نەخوێنەوار کە بە درێژایی مێژووی پتر لە ٧٠ ساڵ خەڵکی کوردستانیان لە ژێر چەندین جۆری چەوسانەوەدا داغانکردوە.



[1]  ئەم نمونەیە بۆیە بەکاردەهێنین، چونکە نوێترین ڕێگا و نوێترین بژاردەی یاریچی ژمارە (10) یە، بە تایبەت نمونەکانی ترمان زۆربەیان نمونەکانی ڕابردوون.
[2]  بنەماڵەی حوکمڕانی بارزانییەکان، مەبەست لەو بنەماڵەیەیە کە حوکمی عەشرەتەکانی بارزانی لەدەستدایە و سەرکردایەتی "(پ.د.ك)" دەکات و لەڕێگای هاوزاڵی هێزی دەرەکییەوە حوکمڕانی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەکانی تریش هەیە. ئەم بنەماڵەیە سەرباری مشەخۆری و زیانەکانیان بۆ کۆی دانیشتوان و گەلانی کوردستان، بارێکی ناشایستە و ستەمکارن بەسەر خودی بارزانییەکان خۆشیانەوە تا دەگاتە تەواوی خەڵکی کوردستان، لە هەرکوێیەکی ئەو وڵاتەدا ژیان بەسەربەرن.
[3]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، لا ١٧٤. باس لەسەرەتاکانی ڕێکخستنی مەفرەزەکانی شۆڕش دەکات، واتە کاتێک بزووتنەوە و کۆمەڵە لە ناو یەکێتیدا چۆن پۆستەکانیان بەش کردوون.
[4]  پەنجەکان یەکتری ئەشکێنین، نەوشیروان مستەفا.
[5]  لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا٧ و ٨.
[6]  کارل پۆلانی، تیۆریستێکی نەمساییە کە دواتر کاریگەری لەسەر تێڕوانینی ئابووری ڕۆژئاوایی بە گشتی دادەنێت، کە ئەو تەنیا تاکەکەسێک دەبێت و دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە مێژوودا بکات.
[7]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ١٦.
[8]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ١١.
[9]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٤١.
[10]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٤١.
[11]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٤٢.
[12]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٤٦.
[13]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٤٧.
[14]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٥٥.
[15]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٤٢.
[16]  لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لا ٤٢.
[17]  هەڵبژاردەیەک لە نووسینەکانی شەهید ئارام بەشی یەکەم، پێشەکی کە لەلایەن ناوەندی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە نووسراوە لە ٣١/١/١٩٨٠ لا ٢٣.
[18]  هەڵبژاردەیەک لە نووسینەکانی شەهید ئارام بەشی یەکم، پەیڕەوی ناوخۆی دەستە چەکدارەکان لا ٥٥.
[19]  پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن لا ١٨٢.
[20] پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن لا ١١٩.