بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





19/05/2017

بەڵام ئەی دوای یاریچی ژمارە (10) چی؟




لەبەیانییەوە ئەوەتەی هەواڵی کۆچی دوایی (نەوشیروان مستەفا)م بیستوە، سات لە دوای سات سڕتر دەبم، نەک لەبەر ئەوەی ئەو کەسە دیاریکراوە کۆچی دوایی کرد، بەسروشتی خۆم بە مردن ئێجگار ئاوا ناتاسێم و هەموو مردنێکیش بەبەشێکی دانەبڕاو لە سووڕی ژیان دەیبینم. ئەوەی من سڕ دەکات بێهیواییە، هیوام بوو پێشبینییەکانم بۆدوای ئەم کۆچە ڕاست دەرنەچن! کەچی مەخا بن ئەنجامەکان وا پیشان نادەن. بەهەرحاڵ هەست بە ئاسوودەییەک دەکەم بەرامبەر بە ویژدانی خۆم، چونکە پێش ئەوەی دواماڵئاوایی بکات بەشێکی گەورەم لە هەڵسەنگاندن و دادگایی خۆم بۆ مێژووی ئەو خستەڕوو، زۆر ڕاستگۆیانە سەرنجەکانی خۆمم دەربارەی خەباتی ئەو بڵاوکردنەوە. سەرخۆشی لە منداڵەکانی دەکەم، هیوامە زووبەزوو دڵئارام ببنەوە، ئەزانم کۆچی باوک زۆر سەختە و بە ئاسانی تیمار نابێت.
نەوشیروان مستەفا نە فریشتە بوو نە شەیتان، مرۆڤێکی کوردی باشووری بوو هەموو ژیانی لە ناوبزووتنەوەی کوردایەتیدا سەرفکرد، تا گەیشتە پلەیەکی کاریزمی بەرز و بوە سیمبول بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی وڵاتەکەی. ئێ خۆ هەر کەس نەک زۆرترین هەموو خەڵکیشی لەگەڵدا بێت مەرج نییە فریشتە بێت. نەخێر بە دیوەکەی تردا ئەگەر دەستی هەبووبێت لەکوشتنی نەک لە دەیان و سەدان کەسدا، بەڵکو لە هەزاران کەسیشدا ئەو لە شۆڕشێکی چەکداری خوێناویدا بەشداربوە، کاتێک شۆڕشگێڕ دەبێتە فریشتە فریشتەیەکی دەست خوێناوییە. بەڵێ تۆش و منیش هەر کەسێکی تریش ئەو شۆڕشە بکات لەگەڵ ڕەوایی ئەو خوێنانەی دەیانخەینە سەر لەپی خاک چەندین خوێنی ناڕەواش بە زەبری چەک و مەچەکی بیری شۆڕشگێڕانەمان دەپژێنین. ئێ گومان چییە جاشێکی خۆفرۆش گەردەرفەت و مێژوو ڕێگەی پێ بدات نابێتەوە بە باشترین شۆڕشگێر، هەر چۆن گومانی تیادا نەما شۆڕشگێڕی پوختەمان بینی بەسواری دەبابەی دوژمنەوە گەریلایان تیرۆرکرد و پەرلەمانیان دایە بەر تۆپ.  
من بەداخم بۆ مردنی هەر کەسێک، تەنانەت گەر لە ڕێگەی دادگایەکی عادیلانەشەوە بێت، لام وایە تەمەنی ئەو بەرەو هەڵکشانێک چوو بوو ئیدی گەڕانەوەی نەبوو. مرۆڤ کە بوە شۆڕشگێڕێک، شۆڕشەکەی ڕەوا بێت یان ناڕەوا باقی ژیانی لە قازانجە، نەوشیروان مستەفا زۆری ژیانی لە قازانج بردە سەر و بە ئارەزووی خۆی کاریگەری لەسەر خەباتی سیاسی کوردستان دانا. چیتر ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین هەتا هەتایە کاریزمایەک بمێنێت، ئێ ئاخر خراپی کاریزما ئا لەمەدایە کە نەما کەس نازانێ کەشتییەکە بۆ کوێ بەرێت، شۆڕە سوار و ئەکادیمستی وا دەبینیت لە ئەژنۆ ئەکەوێت و لەبەرچاومە لە ململانی نێوان خۆتاندا چەندتان تەسلیم دەبنەوە، باسی ئەوانەتان ناکەم کە هەر لەسەرەتاوە بە تەسلیمی لەگەڵدا بوون.
داخێکی ترم لە مەرگی نەوشیروان ئەوەیە ئومیدم بوو لەم دواییانەدا هەر نەبێت دەستبەرداری پۆستی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان ببێت و بیداتە دەست برادەرێکی تر، چەند خراپیش بوایە لەوە باشتر بوو بیباتەوە بۆ ناو دونیای فانی! لەو باوەڕەدا بووم سەرکردەیەک بەو هەموو ئەزموون و دژایەتییەوە بۆ فەرمانڕەوایی ڕەها بۆ فۆرمی بۆماوەیی لە فەرمانڕەواییدا هەر هیچ نەبێت ئەوەی دەکرد، کەچی بە داخەوە ئەویش وای نەکرد!
داخێکی ترم ئەوەیە کە لەدوای نەوشیروان مستەفا پیاوێکی وا نەما لەژیاندا لەم باشوورەی کوردستاندا توێژینەوەی لەسەر بکەین و وەک ئەزموون سەیری بکەین. ئەم پیاوە بە ئەندازەیەکی سەیر ئەنتیک بوو لە نێو بزووتنەوەی کوردایەتیدا بێ نمونە و پاترۆنەکەشی هیچ نمونەیەکی لەسەر نەدەشۆرایەوە، هەر دێڕێک نووسیبێتی، هەر بڕیارێک دابێتی، هەر هەنگاوێک نابیتی نەک یەک تەفسیر و یەک ڕوو بەڵکو چەندین دانەی هەبوە. لە ڕووی واقیعەوە بە ئەندازەیەک ئاڵۆز بوو هەموو مێژووی کەسێتی ناوچەکەی تێدا کۆبووبوە، بەداخەوە ڕۆشت، زۆر دەترسم ئەوانەی ماون لە بەرهەمەکانی وەک خۆی بڵاو نەبنەوە یان تەواوی نەکردبن و بە کەسێکی نەسپاردبن بۆ چاپ. ئەوی من بزانم ئەوەی بڵاوی نەکردونەتەوە زۆر زیاترە لەوەی بڵاویکردوونەتەوە.
سەرباری ئەم خەمانەی من، ئەمڕۆ هەن پێیان خۆشەو هەن دڵگرانن، هەر یەکەیان حەقی خۆیەتی ڕای خۆی دەربڕیت کارمان بەوانەوە نییە، بەڵام شوورەییە بۆ گرۆیەک کە لەناخەوە پێی خۆشەو بە ڕووکەش خەفەت دەخاتە ڕوو، یان ئەوانەی لە ناخەوە پێیان ناخۆشەو شەرم دەیانگرێت ناخۆشبوونەکەیان دەرببڕن چونکە زۆر دژایەتیان کردوە کاتێ لە ژیاندا بوو. سەرنجام ئەوەی من لە مێژووم بینیوە، یاریچی ژمارە (10) بە کاپتنی دەچێتە ناو دێڕەکانییەوە، حەز ئەکات هەموو ئەوەی لە دوای جێماوە دژی بێت، سوودی نییە ئەو تازە کاپتنی نیوسەدەی سیاسەتی کوردی بوو بە باش و خراپیەوە بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆ. تەنانەت ئەگەر ئەو مێژوە دوژمنەکانیشی بینووسنەوە ناتوانن نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەو بکەن. جا با دوژمنەکانی نەوشیروان مستەفا هەر بێدەنگی و نسێی ڕاگەیاندن هەڵبژێرن سوودی نییە، چونکە ئەو ڕاستگۆیانە لەگەڵ بیروباوەڕی خۆی ژیا کاریکرد، تێکۆشا..تا دواجار لەیادی یۆبیلی زیوینی یەکەم پەرلەمانی کوردستاندا و لە ١٩ی پێنج پاش بیست و پێنج ساڵ کوردستانی بەبێ پەرلەمان جێهێشتەوە. گرنگ نییە ئێمە چەند باوەڕمان بە ڕێبازەکەی هەیە یان نا، گرنگ ئەوەیە ئەو ئەوەندەی لێ زانی، ئەوەندەی پێیکرا شێلگیرانە بۆی تێکۆشا و هەر بەو گیانەوە لە مێژوودا نووسرایەوە. بەڵام دوای ئەو چی؟
خەباتی نەوشیروان مستەفا خاڵی نەبوو لە داکۆکی کردن لە ڕەوایی، وەکو ئەوەی ئەو نەیارانەی ئەو بە کوژرانی چەند کەسێک تاوانباری دەکەن. هەرچۆن ئەو خەباتەی ئەو خاڵیش نەبوو لە هەڵە و لە تاوان، وەک ئەوەی زۆرێک لە یارەکانی بەباوک و بە پێغەمبەر و بە خوای بێگەردی کوردایەتی ناوی دەبەن. نەوشیروان مستەفا وەک ئەو ئەنتی بایۆتیکە بوو کە خۆرکەی کۆمەڵگای کوردی و بەکتریای هەموو نەخۆشییەکان لەسەری ڕاهاتبوون (بەتایبەت بنەماڵەی خیانەتکاری بەرزانی)، دژایەتی ئەو بۆ حوکمی دواکەوتووی بنەماڵەیی و بۆ بێگانەپەرستی و خۆفرۆشی دژایەتییەکی باو بوو چەند خەباتی نیشتمانی سوودی لێ دەبینی، گیاکەڵەی ڕەوایەتیش دە ئەوەندە بەهۆی ناسینی یاسای گەمەکەوە لەگەڵ ئەم ئەنتی بایۆتیکە مابوونەوە و تەمەنیان تا دەهات درێژتر دەبوو. کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا یەکەم دیوار بوو کە لەبەردەم خەباتی سیاسی چینە چەوساوەکاندا دژی بنەماڵە خۆفرۆش و ستەمکارەکانی کوردستان کەوتوو نەما، کۆچی نەوشیروان مستەفا درەنگ یان زوو هەردەبوو ڕوو بدات. لەم کەسایەتییەدا خواستێک هەبوو بۆ ڕەوایی و دڵێک هەبوو بە خەڵکی هەژار دەسووتا، ئەم بەشە دەبێت بە زانستیتر بکرێتەوە لەوەی نەوشیروان مستەفا لێی دەزانی و کاری پێ دەکرد. شێوازێکیش هەبوو لە نەوشیروان مستەفادا، دژایەتی سیستەمی بنەماڵەیی و کورداشی باندەکانی مافیا و گەندەڵکاری پێ دەکرد، دەبێت سەرلەبەری بگۆڕێت و میتۆدی نوێ بۆ دریژەدان بەو دژایەتییە بدۆزرێتەوە. هیوادارم کاراکتەر و ئەکتەرەکانی شانۆی سیاسی و بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان لە درووستکردنی فۆرمی کاریزمی بپارێزن. خۆیان لەو هەوڵە بپارێزن کە نەوشیروان مستەفا یەکی تر درووست بکەن، کە نە بۆیان دەکرێت و نە سەرکەوتوو دەبن.
من لە منداڵییەوە کە باوکم فیریکردم خەم لە پرسی خەڵک بخۆم هەر ئاوا چوار پێنج ساڵانێک دەبووم، ئەوە چل و چەند ساڵێکە ئەو خوەی گرتوومە بە شیری بۆم تەرک نەکراوە و لەوەدا گلەیی لە نەوشیروان مستەفا ناکەم ئەو جگەرەیەی کوشتی تەرکی نەکرد، ئەم خەمەش نەشمانکوژێت شتێکی کەمی لە مردن جیایە، بەڵام هەموو ئەو تەمەنە پیکەوە ئەوەندەی ئەمڕۆ من خەفەتم نەخوارد، نەک بۆ خودی ئەو کۆچە، بەڵکو بۆ بەشێکی گەورەی ئەو کۆمەڵگا بێ سەرە و بەرەیەی کە نازانێت نەڕێزی ڕاکانی خۆی بگرێت، نە ڕێزی زیندوو نە ڕێزی مردوو، نەڕێزی ژیان و نەهیچ شتێک. ئەوەی ئەمڕۆ تێبینیمکرد زۆرینەی خەڵک هەست دەکات بێباوک کەوتوە و تەواو ئیدی کۆتایی دونیایە، هەر لە بەرهەم صاڵحەوە تا نۆکاوفرۆشی کوچەو کۆڵانەکان دەڵێن "ئیدی هەتیو کەوتین"، "خەونێک هەبوو ئەویش نەما"، نمایشێک پڕ لە درۆ لە کەناڵەکان دەبیستین گوایە ڕاسپاردەکانی چی بوون با جێبەجێی بکەین...تاد.


هیوادارم هیوادارم ئەو وتەزا کوردییە ڕاست بێت، کە دەڵێت: ((هەتا هەتیوو نەکەویت هەر بە منداڵی دەمێنیتەوە و نابیت بە پیاو))، ئێهــ ئەمە بەڵکو ئەو خەڵکە دوای کۆچی دوایی ئەم باوکە ببن بە پیاو هەم ڕۆحی ئەو ئاسوودە بکەن هەم بیشتوانن بۆخۆیان ببنە خاوەنی خۆیان.

No comments:

Post a Comment