بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





22/09/2015

هەرجارەی باسێک (١٢) بەخشینی ژەهریشت پێ حەرامە سەرۆک!










لەماوەی حوکمڕانی خۆیاندا سەرۆکی حکومەتی کوردستان و دەستە و تاقمەکەی هیندە تاوانی دژە مرۆیی و دژە نیشتمانیان تۆمارکردوە، شایستەی دادگایی کردنن نەک خەڵات پێدان. تەنانەت ئەگەر فریا نەکەوین لە ماوەی ژیانی ئەواندا دادگاییان بکەین، ئەوا ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانمان لە پاش مردنیان، کەواتە ئەوە پرسێکە لەسەر کات وەستاوە و هیچی تر. خۆ ئەگەر ئێمەش لەژیانی خۆماندا فریانەکەوتین لەسەر شانمان ئەرکە ڕاستییەکانیان بخەینە بەردەم نەوەی نوێ، ئەو کات دڵنیام لۆجیکێک بەرقەرار دەبێت کە بە هیچ پێوانەیەکی مرۆیی باوەڕ ناکەم لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.

بەش بە حاڵی خۆم باوەڕم بە نووسین و زۆر وتن نەماوە لەسەر ئەم دەسەڵات و حکومەتە، ئەگەر گونجاوە بەرهەڵستکارییەک بکەین، ئەوا ماقوڵترە بە کردەوە دژیان بوەستیینەوە. ئەوەندەی لە تواناماندا هەیە و هەرکەس لەلای خۆیەوە شانی باتە بەر، لە چکۆلەترین بایکۆت و چکۆلەترین زیان پێگەیاندنیانەوە دەست پێبکەین تا دەگاتە ڕامالین و پاککردنەوەی یەکجاری کوردستان لێیان. ئەم کارە لە ڕێگای ڕاپەڕینی جەماوەری -ڕێکخراو- بێت، کوتەدای سەربازی و نیشتمانیانییەوە یان هەر ڕێگایەکی تر کە جۆری زۆرەوە لێرەدا هەموویان باس ناکرێن.

سەرباری ئەوەش هەروەک چۆن هاوڕێیەک لەکۆمێنتێکی سەر فەیس بووکدا نووسیبووی (سۆشیاڵ میدیا وازمان لێ ناهێنێت و بەردەوام نەقیزەمان تێوە دەژەنێت و ناچارین دەنگ بکەین)، هەر بەو جۆرە ناچار بووم لەباسی ئەمجارەدا هەڵوێستەیەک لەسەر ڕایەک بکەم: ماوەیەکە لە پڕ یەکێک پەیدا دەبێت و لەژێر دەستەواژەیەکی تەواو درۆزنانە و دوو ڕووانەدا پاکانەیەک دەکات: ((خۆ من بەرگری لە .... ناکەم)) ئیدی ئەو بۆشاییە خۆت پڕی بکەرەوە جار هەیە حیزبە، جار هەیە وەزیرە، جاریش هەیە کەسێکە...تاد.  ئەمجارەیان وەزیری دارایی دەرچوو، دەبینیت لێرە و لەوێ خەڵکانێک هەن دەنووسن: "خۆ ئێمە بەرگری لە وەزیری دارایی ناکەین، بەڵام ئەو کاری زۆر چاکی کردوە و ئەو وێنەکەی ماڵی خۆی بەخشیوە بە سەرۆکی حکومەت... تاد". لێرەوە و لەم داکۆکییە نەقیزە ئاسایەوە، ئیتر ناچاری دەنگ بکەیت و بڵێیت ئا یەک تۆز هەڵوێستە لەسەر ئەتیکی پیشەیی بکەن و کەمێک بیر بکەنەوە!

پێشکەش کردنی ژەهریش بە خودی سەرۆکی ئەو حکومەتە تاوانێکی گەورەیە، نەک تابلۆیەک! وشەی پێشکەش لەگەڵ تاوانکارێکی ئاوا زەق و ئاشکرادا سووکایەتی نەبێت بە خەڵک هیچی تر نییە. سەرۆکی حکومەتێک لە ژێر ئاڵا و دەستەو دائیرەکەی ئەودا ڕۆژنامەنووس نەمابێت نەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە و چەندینیان لێ تیرۆر نەکرابێت، دەوڵەتی داگیرکەر نەما بێت نەیکاتە کەڵەگا بەسەر گەلەکەمانەوە، یان مسقاڵە زەڕەیەکی سامانی نیشتمانیمان نەما بێت خۆی و بنەماڵە خیانەتکارەکەیان هەتکیان نەکردبێت. منداڵ و ژن و پیاوی بێدەرەتان نەما بێت لە کوردستاندا خۆیان و چاوەشەکانیان دەستدرێژیان نەکردبێتە سەر قوت و کەرامەتیان! پێم ناڵێیت ئاخر وەزیری ((نا دارایی))، تابلۆی چی پێشکەش دەکەیت؟ لە خۆیدا چوونی بزووتنەوەکەت بۆ ناو حکومەتێکی خیانەتکار، تاوانێکی گەورە بوو، چونکە شەریکایەتیکردنیان لە هەموو ساتێکدا بەشدارییە لە تاوانەکانیاندا.

خودی پێشکەشکردنی ئەو تابلۆیە و چۆنێتی پێشکەشکردنەکەی، تەنیا دوو لێکدانەوە هەڵدەگرن و زۆر بە ئاستەم دەتوانین لێکدانەوەیەکی تری بۆ بکەین:
١. لەوانەیە، "وەزیری دارایی" وەک توانج و بەئاگا هێنانەوەیەک، ئەو تابلۆیەی پێشکەش بە سەرۆکی حکومەتەکەی کردبێت! لەسەر بنەمای ئەوەی هاوڕانییە لەگەڵی و زۆر خۆشحاڵ نییە بە دۆخی گوزەرانی خەڵک! ئەگەر ئەم ڕێچکە ئەرێنییە وەر بگرین، ئەوا دەردەکەوێت کە وەزیری دارایی لە منداڵێکی جوانی شار زیاتر هیچی تر نییە و زۆر لە سیاسەت و بنەماکانی مامەڵە لەگەڵ دیکتاتۆردا نازانێت. سەرۆکی حکومەتێک بە ئاشکرا و بێشەرمانە دەستی لە دزینی و تاڵانی قوتی خەڵکدا هەبێت کەس نەیزانێت وەزیری دارایی دەبێت بیزانێت! ئەی خێرە تابلۆیەک بەو شێوە پێشکەش بە دیکتاتۆری وڵاتەکەت دەکەیت؟ یان هەر فێر نەبوویت چەندێک شەرمە ڕۆژی لە دایک بوونی سەرۆکەکان بڕەنگێنیت؟ ئەگەر پێشکەشکردنی ئەم تابلۆیە سووکایەتی نییە بەخەڵکی بەش مەینەت و کارگەری کوردستان ئەی چی سووکایەتییە؟
٢. لەوانەشە، وەزیری داراییە گوپخڕەکەمان، هەر وەک ڕێز ئەو تابلۆیەی پێشکەش کردبێت و بێ بیرکردنەوە لە ناوەڕۆکی تابلۆکە بە جوانی زانیبێت و بۆی کردبێتە مژدە، لە بۆنەی ئەو ڕۆژە ڕەشەی ئەوی تێدا لە دایک بووە! کە ئەمە تەواو دۆخی (عوزر و قەباعەتە)، چونکە پێدانی وێنەی پیاوێکی کارگەر لەجل و بەرگێکی کوردیدا کاتێک لە دووکانەکەی خۆیدا کاردەکات و سەرقاڵی کوێرەوەرییەکانی ژیانێتی، بە ستەمکارێکی حوکمڕانی نا بەرپرس لە ژیانی خەڵک! ئەوە جگە لە هەتککردنی شکۆی هاوڵاتی و کارگەرانی ئەو وڵاتە هیچی تر نییە. ئەمە کردەوەیەکە پیشانی دەدات جارێکی تر کە ئەو "وەزیرە" هیچ ڕێزێکی بۆ دەنگی ئەو خەڵکە نییە کە ئەو بەرپرسە لەسەروەت و سامانیان.

دواجار هەڵسوکەوت و هەڵوێستی سیاسی، لەئاستی حکومەتداریدا لەلایەک زانین و هونەرە لەلایەکی تریش ئەدگار و ڕەفتارە کە بەبێ لێکدانەوەی ڕەوشت و بنەما ئەتیکییە پیشەییەکانی سیاسەت زەحمەتە بە ئەقڵی چکۆلەوە بەڕێوە بچن. ئەوەی ئەم وەزیرە لەماوەی ڕابردوودا کردوییەتی نە داهێنان بووە و نە فەنتازیایەکی جوانی حوکمەتداری، تەنانەت نەک هیچی لە ژیانی خەڵک بەرەو باشتر نەبردوە، بەڵکو ئەرکەکانی خۆشی وەک پێویست ڕانەپەڕاندوون. ئەگەر ماشێنەکانی ڕاگەیاندنی حیزبەکەی خۆی لێ بکەیتەوە شتێکی وای لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکاندا جیاواز نییە. هەر بۆیە خۆی و خاوەنەکەی شایستەی ڕەخنە لێگرتن و سەرکۆنە کردنن نەک دەستخۆشی یان تەنانەت پاساو هێنانەوە بۆ ئەو کردەوە و ڕەفتارە کە دوورە لە ئەتیکی سیاسەتکارێکی دادوەرەوە.  

13/09/2015

جاش قەڵەم!

مرۆڤ لە نێوان کارا و ناکارادا دابەش دەبن و بە ڕێژەی جیاواز جیاواز، جا ئەگەر لیی ورد بینەوە ئەمسەرو ئەوسەری دابەش بوونەکە وەک تۆنی ڕەنگەکانی شەبەنگی تیشکێکی پەرشبوو دەردەکەوێت. ئیتر سروشتی مرۆڤ و مێژوو و کۆمەڵگا وایە و گرێ گرێ بوونی زۆری هەبێت تا لەمسەر بۆ ئەوسەری جۆرەکان هاوشێوەییەکی هەست بە جیاوازی نەکراو ببینینەوە. ئەوەی جێی ئیست و پرسیارە، مرۆڤە کاراکانن، ئەوانەی دەستیان لە نووسین و کار و پرۆژە و دەستپێشخەرییەکاندا بەهەڵپەوە دەردەکەوێت. لەنێو ئەمانەشدا بەتایبەت نووسین جێی ڵی وردبوونەوەیە، چونکە کەرەستەیەکە بۆ هۆشیاری ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، بەهەردوو بارە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکەیەوە! لای ئەو کەسانەی گوڕ و تینی گۆڕین لە ناخیاندا بڵێشەی هەیە هەمیشە بەرەو ژیانێکی باشتر نووسین دەکەنە کەرەستەی تێگەیاندن و خەوبینینی ئاڵ و واڵا. ئەو کەرەستەیە کاتێک لە بن دەستی سیستەم و دەسەڵاتە ستەمکارەکاندایە، هەمیشە کار لەسەر خۆڵکردنە چاوی خەڵک دەکەن و کاری سەرەکیان گێلکردن و سڕکردنی دەمارەکانی بەرهەڵستکاری کۆمەڵگاکانیانە، بەتەواوی وەک ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت.

لای من ئەو نووسەرانەی بۆ کەناڵە پەرێز ڕەش و تاریکەکان دەنووسن و هەر لەو کەناڵانەوە قسەدەکەن، هەموو دێڕ و وشەیەکیان چەند جوان ڕیزکرابێت ئەوەندە زیاتر تاوانبارە و شایستەی ئەوەن دادگایی بکرێن. کاتی خۆی لەباشووری کوردستان و لەسەردەمی یاخی بوونی چەکداریدا بەرامبەر ڕژێمی ئێراقی، جۆرێک خۆفرۆش هەبوون چەکدار بوون پێیان دەوترا "جاش". لەنێو ئەم جاشانەدا نیشانشکێنی کارامەیان تێدا بوو هیچ تیرئەندازێکی ئەوان  هەڵەی نەدەکرد و لەئامانجی تفەنگەکانیان نێچیر دەربازی نەدەبوو. گەر لە خۆمان بپرسین، ئایا ماشەی چەکەکانی ئەو جاشانەی ئەوی کاتێ ڕوویان لە کێ بوو؟ بەداخەوە هەندێ نووسەر دەبینم ئەمڕۆ، کە خامەکانیان دەتوانێت زۆر جوان بنووسێت، بەڵام ئایا ئەو نووسینەی ئەوان سفرە و خوانی کێ دەڕازێنێتەوە؟ چ هاوبەشییەک لە دزینی نانی خەڵک و بێ دایک و باوک بوونی چ کۆرپەیەکدا دەکات؟ ئایا سبەی ڕۆژێ ئەو نووسینەی ئەوان چ تیرۆریستێکی ئیسلامی و چە داگیرکەرێکی عیلمانی دەهێنێتە سەر ژیانی خەڵک؟ کەس دەپرسێت ئەو کانیاوەی ئەوان ئاوی لێ هەڵدەگۆزن گۆزەی کێ پڕ دەکات و بەهۆیەوە باخی کێ بێ ئاو دەبێت؟

باوەڕ ناکەم ئەو نووسەرانە گومانیان هەبێت کە کەناڵە ڕەشەکانی دەسەڵات ئەوان بەکاردەهێنێت و وشەکانی ئەوان دەکاتە ژەهری لەبیرچوونەوەی خەڵک.. وشەکانی ئەوان هۆکاری هێز و بەردەوامی هەمان ئەو کەناڵە ڕەشانەیە، وشەکانی ئەوان هەمیشە هۆکاری بەردەوامی و سەرکەوتنی ئەو کەناڵە تاریکی پەخشانەیە. ئەی کەواتە بۆچی بەردەوامن لە نووسین و پێشکەشکردنی بەرنامە و پێدانی لێدوان و ڕاو سەرنجی خۆیان بەو کەناڵانە؟ خوێنەری هێژا نووسین بەر لە هەر شت، ئەرکی ڕەوشتە نەک تەنیا کارێک بۆ پارە پەیدا کردن! نووسین مێژووی گەلێک پڕ دەکاتەوە بە وشە، نەک تەنیا دێڕەکانی سەر ڕووی لاپەڕە زەردەکانی ئەو مێژووە بن! بەداخەوە بۆ ئەو نووسەرە جوان نووسانە، کە هیچیان جیاواز نییە لەو خۆفرۆشانەی دوێنێ نیشانشکێنی کارامە بوون! ئەمڕۆ ئێوە کە ئەو کارە ئەنجام دەدەن هەر پاساو و هەر بیانوویەکتان هەبێت بۆ داکۆکی، سەرفرازتان ناکات لەو تاوانانەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەن. بێگومان ڕۆژێک دێت کە ئێوە هەموو تێیدا دادگایی دەکرێن، تەنیا ئەوانەتان نەبێت کە زۆر زوو تێدەگات چیتر نابێت وشە و بەرژەوەندی تەسکی تاکەکەسی بەیەک تەرازوو کێشانە بکرێن.