بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





14/10/2017

مۆنۆلۆگی ژمارە (3)/ گرنگترین هەواڵ

گرنگترین هەواڵ!
- سڵاوت لێ بێت!
+ سڵاوێكی گەرمتر لەخۆت، ها پێم بڵێ گرنگترین هەواڵی ئەمڕۆ چییە؟
- بۆ دەموچاوم لە هەواڵ دەچێت؟ بەس قەینا هەر پێت دەڵێم، (بەیانی تۆ ڕۆژێكی تر لە تەمەنت كەم دەكاتەوە)، دەبڕۆدەی ئەوە گەرمترین هەواڵە.
+ زیاد دەكات یان كەم دەكات؟ یان باوەجوو تۆ ڕاست دەكەیت بەس هەرچییەكیان بێت جیاوازی چییە؟
- جیاوازی زۆرە، مرۆڤ كە بزانێت ڕۆژێك لە تەمەنی كەمدەكاتەوە، ئەوا ئەودەمەش دەزانێت بارتەقای ئەو ڕۆژە مێژوویشی گەورە دەبێت.
+ كەوتیتەوە فەلسەفە پڕوپووچەكانت، خۆی ژیان چییە ئەم هەموە بەدەوریا دەخولێیتەوە و شتی لێ ئەدۆزیتەوە.
- ئەگەر هەروا بە سادەیی پێم بوتیتایە "قوڕت بەسەر لە مردن نزیك بوویتەوە"، تۆش ئاوا بێڕێزیت بە قسەكەم نەدەكرد!
+ جا باشە، وای دابنێین مێژووت گەورەتر بوو! خۆ مێژوو ئەوەندە لیستی زۆرە نازانیت لە كوێوە زیاد دەكات و چۆن قەرەباڵغ دەبێت.
- لە خۆیدا لیستە زۆرەكانی مێژوە وا دەكات كەسمان، ڕۆژانە، درك بەوە ناكەین كە گرنگترین هەواڵ ئەوەیە بەیانی ڕۆژێكی تر لە تەمەنمان كەمدەكات.
+ من تا ئێستا نەمبیستوە كەس لە خۆی بپرسێت كام لیستەیان لە لیستەكانی تری مێژووی گەورەتر بوە، بەهۆی هەواڵێكی ئاوا هیچ و پووچی لەم جۆرەوە.
- چونكە نەتبیستوە لەلات هیچ وپووچە، بەڵێ من بیستوومە، بەڵام لە دەگمەنەكانم بیستوە، بۆیە لیستە گشتی و باوەكان لە مێژوودا هەمیشە قەرەباڵغتر دەركەوتوون.
+ ئەی چۆن، بۆیە من هەر هەواڵەكەم بەلاوە گرنگ نەماوە! بەتایبەت، مێژوو هەر بۆخۆی توڕەهات و فشەیە فشە.
- بە قسەی كێ توڕەهاتە، خۆ ئەگەر مێژوو نەبوایە تۆ لێرە نە دەبوویت! چۆن دەهاتیت بۆ ئەم مەیدانی ململانێیەی ئاژەڵە ژیرەكان؟
+ باشە ململانێ خۆی دۆڕاندن و بردنەوە نییە؟ ئێ كە دۆڕایت ئیتر تەواو دەبیت! كە بردیشتەوە دەچیتە ململانێیەكی ترەوە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە، كە ئەشێت بیشیدۆڕێنیت! ئێ دوای ئەوەش لەو شوێنەدا كە تەواو دەبیت بۆ دواجار دەدۆڕێیت و تەواو! ئەوسا گرنگ نییە ئەمجارەش بردوتەوە یان بۆ دوا جار دۆڕاویت.
- باشە!
+ باشە نییە، هەوڵمەدە مێژووم لێ بكەیتە شتێكی زۆر گەورە! پێم بڵێ: كێ چووزانێ دەرگای ژمارە (4) ی كۆڵانی (20) ی شەقامی حەوتەمی شار سەدساڵ لەمەوبەر ماڵی كام گەوادە یان پیاوچاكە بوە؟
- بۆ ستە با سەیری هەندێ تۆمارت بۆ بكەم!
+ بەزەوقی خۆت سەیركە، وا ئەزانیت ئەوەی نووسراوە ڕاستە؟ یەعنی كەشیش بە كەشیش و قارەمان بە پیاوچاك نووسرابێت؟ جا كاكە وا ڕاستیش بوو. ئەی چەند كەس وەك تۆ ئاوا بەدوای ئەو تۆمارانەدا دەگەڕێت؟
- ئەوانەی بەدوای ڕاستیدا وێڵبن هەر وا ئەكەن. بەس با پێت بڵێم گەوادی و پیاوچاكی گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە كێ دەروونی ئاسوودەكردوە!
+ چۆن گرنگ نییە! هەیە بە گەوادی دەیكات و هەیە بە چاكەكاری، یەكەمیان هەموو گیانی زیانە و ئەوەی تریان خزمەت بە هەموومان دەكات. بەڵام لە تۆمارەكانی تۆدا بۆیان دەگەڕێیت تەنیا چەند دێڕێكی نووسراون و هیچی تر، هەردووكیان ناون. ئا پێم بڵێ ئاینشتاین و هێتلەر هەردووكیان ناویان لە مێژوودا نەنووسراوە؟ ئەی یەكەمیان بە ئاڵتوون نووسراوە و دووهەم بە خەڵوز؟ بێگومان نەخێر، كەواتە مێژووی چی! وازمان لێ بێنە با بۆ ئیستا بژین. تۆ بۆ بیرێك لە داهاتوو ناكەیتەوە؟
- ئاخر من بۆیە باسی داهاتوو ناكەم چونكە ڕیك دێڕی یەكەم و دووهەمی تۆ و من بوونە مێژوو، من نازانم تۆ دوای ئەم دێڕە چی تر دەنووسیت، بەس دەزانم دێڕی پێش ئەمە چیت وت! بۆیە گرنگترین هەواڵ ئەو كارەی بەیانییە كە دەیكەیت، ئەوە نزیكترین و گەرمترین هەواڵە كە بەیانی بەگەرمی و بە دیار چاوی خۆتەوە دەچێتە دوێنێوە.
+ ئیتر شێتمان مەكە هەموو ژیان وایە و دەڕوات و ئەو هەموو سەر ئێشە و قسە زلەی من و تۆی ناوێت.
- ئای باسی ژیانت كرد، با پێت بڵێم ژیان خۆی لە توونێلێك دەچێت بۆ هەندێك درێژ و بۆ هەندێكی تر كورتە!
+ هەر هەمان توونێلیشە؟
- نەخێر هەندێ لە توونێلەكان ڕووناك و چراخانن، هەندێكیان تاریك و نووتەك! هەیانە پڕن لە گوڵزار و شوێنی حەوانەوەیان هەیە و ئەوانیتر پڕن لە دڕك و داڵ و هەر نازانیت چۆن نەجاتت دەبێت لێی.
+ جا ئەمە حەقی مێژووی چییە؟ لە بەیانییەوە منت بە گرنگترین هەواڵەوە مەشغوڵكردوە و ئیستا باسی توونێلە جیاوازەكانم بۆ دەكەیت! من هەر توونێلە تاریكەكانم بینیوە، بەردەوام هەست دەكەم خەریكە دەخنكێم، بەمن چی ئەگەر تونێلی جوان و ڕازاوەش هەبێت.
- ئەو تونێلە جوانانە كەمن بۆیە نەتبینیون، بەڵام لەبیرم نەبوو پێت بڵێم، توونێلەكان شازەكەیان و خراپە خراپەكەشیان هەموویان لەیەك شتا لە یەكدەچن؟
+ لە چیدا؟
- لە كۆتاییە كانیاندا. هەموو تونێلەكان وان، كە لێیان دێیتە دەرەوە ئیتر تەواو دەبێت نە تونێل هەیە و نە پشتی توونێل شتێكی ترە!
+ پف، جا خۆ ئەمە هەر توڕەهاتەكە دەرچوو كە باسی مێژوومان تیاكرد و هیچیش پەیوەندی بە گرنگترین هەواڵەوە نەبوو.
- نا پەیوەندی هەیە، چونكە لە كۆتاییەكەیدا دەزانیت بۆ هەمان جێگا شوێنی تریش لە دەرەوە هەبوون بۆئەوەی پیایاندا بێیتە كۆتایی تونێلەكە، من دڵنیام خۆشتر و ڕووناكتر و دوورودرێژتر و جوانتر و پڕ دەرفەتترن لەم توونێلەی لەسەری ڕاهاتووین. بەداخەوە لە كۆتاییەكیدا دەزانیت، كە ئەوە ڕاستی توونێلەكانە.
+ ئەی ناكرێت بگەڕێینەوە و بە ڕێگایەكی تردا بێینەوە بۆ كۆتاییەكە؟
- ئەتوانیت بوەستیت و توونێلەكان كون كەیت، ئەگەر بتەوێت بچیتە دەرەوەی سیستەمی توونێلە تاریكەكان، بەڵام ئاستەمە كە گەیشتیتە كۆتایی بگەڕێیتەوە. خۆ ئەگەر لەسەرتاكانی تونێلەكەدا مرۆڤ ئەوەندە بەختی هەبێت كەسێكی شارەزا پێی بڵێت بەم توونێلەدا مەڕۆ بچۆ لە دەرەوە ڕێگای خۆت بدۆزەرەوە زۆر خۆش بەختانەتر دەژیت. من هەندێ مامۆستام ناسیوە، ئەوەیان فێری خوێندكارەكانیان دەكرد.
+ تێدەگەم ئیستا مەبەستت چییە، كەواتە بەڵێ گرنگترین هەواڵ ئەوەیە كە بەیانی ڕۆژێكی تر لە كۆتایی توونێلەكە نزیك دەبینەوە.
- من دەمێكە پلانم هەیە ئەم توونێلە بەجێ بێڵم و ڕێگایەك بدۆزمەوە بۆ دەرچوون لێی، ئەگەر دێیت لەگەڵمدا با پێكەوە بڕۆین لەوانەیە زووتر بگەین.
+ كێ ئەڵێ ئەو ڕێگایە نابێت بە توونێلێكی تر؟
- نا هەرگیز شتی وا ڕوو نادات، ئەوانەی لە توونێلەكان بێزار بن و ڕێگا بدۆزنەوە بۆ دەرباز بوون لێیان، لەوانەیە بە ناچاری بە كوونێكی تردا هەڵبێن یان بە تاریكییەكی تردا بڕۆن، بەڵام دڵنیابە توونێلی تر درووستناكەنەوە بۆ ئەوەی زوو بگەنە كۆتاییەكان. ئەوانەی ئەو ڕیگایانەی دەربازبوون دەكەن بە توونێل تەنیا ئەوانەن كە بە بێ تێگەیشتن لە ژیانی توونێلەكان دێن و ڕێگاكانی ڕزگار بوون لە توونێل دەكەنەوە بە توونێل.
+ چیمان داوە لەم سەریەشەیە بۆ نایەی ئەم توونێلەی خۆمان بکەینە یەکێك لە توونێلە جوانەکان.
- نا بەسەری تۆ من شتی وا ناکەم، توونێل هەر توونێلە جوان و ناشیرینیان هەمووی ئازار و ژانە. ئەگەر دێیت وەرە با بڕۆین.
+ تۆ بڕۆ وا منیش هاتم!
- نا نا بەسەری هەردووکمان پێشم دەکەویت، یەك هەنگاو لەدوامەوە بڕۆیت ئەم ڕێگایەش ئەکەیتەوە بە توونێل، ئەمە توونێل نییە پێشکەوتن و دواکەوتنی تیا نییە، هەموومان پێکەوە دەڕۆین!