بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





26/11/2010

پاشکۆیی تەنزیر بۆ سیاسەت

ماوەی زیاتر لە دەهەیەکە لە ناو ڕۆشنبیری و گوتاری فکری کوردیدا پێشەنگی دەستپێشخەری بەتەواوی لەدەستی سیاسەتکاراندایە. بەواتایەکی تر سیاسەتکارەکان بڕیار دەدەن و پلان و تەنانەت پیلانەکانیش دادەڕێژن، دواتر ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی بیر و تیڕوانین دەزانن دێن و دەست دەکەن بەدووبارەو چەندبارەکردنەوەی تێڕوانینە ناسیاسیەکانی سیاسەتکاران. من پەی بە سێ شێوە لێکدانەوە دەبەم بۆ ئەم دیاردەیە:

شێوەی یەکەم: ئەوانەی دەستیان قەڵەمدەگرێت لە عیملاقترینەوە بۆ چکۆلانەکانیان، خاوەنی ئەندێشەو تیڕوانینێک نین بتوانێت چۆک بە سیاسەتکارەکان دابدات و ناچاریان بکات گوێ شلکەن بۆ ڕێنمایی و بیروبۆچۆنەکانیان. یان ئەگەر گوێبیستی بۆچوونەکانیان نەبوون خۆیان هەوڵبدەن ئەڵتێرناتیڤی سیاسی بدۆزنەوە. کەلە ڕاستیدا سەرچاوەکانی ژیانی ئەو نووسەرانەو کەناڵەکانی بەناوبانگکردنیان لەدەستی سیاسەتکارەکان و کەناڵەکانی بندەستی ئەو سیاسەتکارانەدایەو ناتوانن خۆیان لەو جوغزە ئاڵۆزانە دەرباز بکەن. بەم جۆرەش ئالیەتێک دێتە مەیدانی فکری سیاسیەوە. کەکردەوەی سیاسی لەسەربنەمای بەرژەوەندی ببێتە ڕابەری گوتاری سیاسی، تەنانەت لای بیرمەندەکانیش، کەئەکرێت ئەمە لەپەراوێزی نامۆبوونی فکری ئەم سەردەمەی سەرمایەداریداو لە کوردستاندا بریتی بێت لە پاشکۆیەتی مەعریفی بۆ مەعریفەیەکی نامۆبوو، ئەوەی لەڕۆژئاوادا دەیبینین مەعریفە لەسیستەمی پێدان و وەرگرتنێکی جیاوازتردا نامۆیی بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە کوردستان نامۆ بوون پاشکەوتووی نامۆبوونێکی جیهانی بەهەمان دەستووری پاشکۆیەتی سیاسی بەڕێوە دەچێت. لەهەمان کاتدا واقعێکی حاشا هەڵنەگری پڕ مەخابوون ئەوەیە کە ئەوانەی بە بیرمەند شوناس دەکرێن دەستکردی سیاسیەکانن نەک بە پێچەوانەوە، کە پێدەچێت داکەوتەی ئەم پرسە بۆ پاسیڤی بەشداری سیاسی فعلی ڕۆشنبیران بگەڕێتەوە، بەم پێوانەیە بەناچاری و وەك دیفاکتۆ سیاسیەکان فکریشیان ڕەشمەکردوە هەر وەك کایەکانی تر.

شێوەی دووەم: بە ڕای من بۆ لاواز بوونی خوودی گوتاری مەعریفی دەگەڕێتەوە، ئەمەش ئەنجامی ئەو قەیرانە موراڵیەیە کە سەراپای کایەکانی ژیانی کوردستانی گرتوەتەوە. بۆمن ئەمە شتێکی سەیر نیە و بەڵکو پاشهاتێکی ئاسایی هەر کومەڵگایەکە کە دووچاری گەندەڵی ئەخلاقی ببێتەوە. بەشێکی ئەم لاوازیە بۆ هزرو کرداری تێکڕای ئەو نووسین و بەرهەمانە دەگەڕێتەوە کە لەماوەی دوو دەهەی ڕابردوودا نووسەرانی کورد بەرهەمیان هێناوە. جا لە ڕێگای کۆڕوسیمینارەکانیانەوە بوو بێت یان پانتایی گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە. تیبینی من لەسەر نووسینی تیکڕای ئەوانەیە کە هەندێ کات وەک مونەزیری دێنە مەیدانەوە و لە فەزاو فەنتازیایەک دەدوێن کەناتوانێت گیانیکی کردگارانەی چالاک بکاتە بەری هیچ بزاوتێک.. لێرەدا مونەزیری بێ تەنزیر وەك سێبەری ناوتاریکی ون دەبێت. بۆیە بە سەدان ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی سێبەر درووست بووە بۆ خنکاندنی ڕایەکی جدی.. چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن درووست بوە بۆ زەبەلاحکردنی چەندین هەولی گرگن.. هندێ لە سیاسیەکانی دەسەڵات ئەم تەقس و فەزایە بە پاشەڕۆی ئازادی بەرفراوان لێکدەدەنەوە. لەلایەکی ترەوە ئەو نەخۆشییە ئەقڵیەیە کەدەسەڵاتی گرتوەتەوەو پێی وایە ئەو گوتارە ڕاستە کە شوێن ڕووداوەکانی ئەو دەکەویت.

شیوەی سێیەم: نەمانی خەمی مەعریفی و خەمی سیاسییە لە کوردستاندا، کە لێکدانەوەیەکی تر هەڵدەگریت. یەکێك لەو پرسانەی مۆراڵ دەخاتە مەترسیەوە، بەتایبەت مۆراڵی تویژە هۆشیارەکان، برتیە لە گۆڕینەوەی تیڕامان و هەڵویستەو پرسیارەکانیان بەدەستکەوت. لیرەدا دەستکەوت تەنیا دەستکەوتی مادی نیە. ئەگەر دەستکەوتی ماددی ببێتە هۆی پرسیار لێکردنەوەی سیاسیەکان، ئەوا بۆ بیرمەند و کەسانی خاوەن هزر دەستکەوتی مەعنەویش جێگای مەترسیە. لیرەوە ئیدی ئاستەم نابێت لە پێناوی بڵاوکردنەوەی ڕاکاندا بەهەوای ڕووداوە سیاسیەکان وشەی نووسەران شەن بکات، زۆر جاریش ئەم ڕووداوانە زۆر بێ ئاگایانە ڕوودەدات. خەمی مەعریفی دەروازە درووستدەکات بۆ بەکردەوەکردنی خۆی نەك دەروازەی بۆ بکەنەوە یان بۆی بدۆزنەوە. نەبوونی ئەو خەونە جدیە بەبیانوی ئازادی نووسەر یان بە بیانووی بەرپرسیریتی ڕۆانبیر لە لێکدانەوەکان و بەس، ئەوا پاسیڤی نووسین دەبێتە بەرپرسیارێتی هەموو ئەوانەی ئەوانەی لاپەڕەکان ڕەش دەکەنەوە یان شاشەکانیان بۆ تەرخانکراوە، نەك بەتەنیا ئەوانەی ڕاسپێردراوی کەناڵە سێبەرەکانی ڕاگەیاندنن.

لەم پێوەندەدا ئەوەی بۆ من جێی پرسیارە لەیەك چوونی تیڕوانینەکانە لەدەوری دیاردە سیاسیەکان، ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا و لە ڕووداوەکانی ئێراق و کوردستاندا بەدی دەکەین، نووسین و لێکدانەوەی بەرەییە. بەرەیەک هەیە بەناوی دەسەڵات و بەرەیەک هەیە بەناوی ئوپۆزسیۆن، تیکڕای نووسین و بۆچوونەکانیش دابەش دەبنە سەر ئەم دوو بەرەیەو هەموویان لەیەک دەچن. لەوەش ئاڵوزتر ئەوەیە بە دەگمەن نووسین بەدی دەکەین پێش ڕووداوی سیاسی بکەوێت یان بەشیوەیەکی بابەتی و دوور لە نەفەسی بەرەیی و بە پێوانەی زانستی ڕووداوەکان لێکبداتەوە. گرفتی ئاڵۆزتریش لەوەدایە ئەگەر دیدێکی لەو جۆرەش بیتەکایەوە هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی سیاسی درووست ناکات لە نێوەندە سیاسەکاندا کە دەرهاویشتەی ڕەخنەو تیڕوانینی بابەتیانە بێت و هۆشمەند و بیریارێکی لەپشتەوە بێت، بەپێچەوانەوە هەوڵێکی سیاسی لە پشتەوەیە.

ئەم دیاردەیە ئەگەرچی کۆنە بەڵام لەماوەیەکی کەمدا دوای سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن، بەتەواوی جێگیر بوە لە فەزای مەعریفەی عەمەلی و سیاسی کوردستاندا. بەجۆرێک فکری جەماوەریش بەکار دەبات کە نەتوانیت لە تێزەوە بۆ کردار بڕوات. لەمەیدانی دەسەڵاتدا فکر و تەنزیر دەمێکە بزرەو دەمێکە لە بانکەکان بلۆککراوە، بەڵام ئەم دیاردەیە لەناو ئۆپۆزسیۆنی ڕێکخراوو ئۆپۆزسیۆنی ئازاددا نوێیەو پڕ مەترسیە بۆسەر ژیانی مەعریفی و بۆسەر ژیانی سیاسیش، چوونکە لە ڕووی لۆجیک و کاری ڕێکخستنەوە دەبێت لێکدانەوەو تیۆرە مەعریفیەکان پرۆتێستۆ و خۆپیشاندان درووست بکەن، نەک خۆپیشاندان و کردەوە سیاسیەکان نووسینە پاشکۆکان بەرهەمبهێنن.