بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





19/12/2018

هەرجارەی باسێك ژمارە -٢٩

خەڵات

پوختەی باس:
لەم ڕۆژانەدا ڕەفتار و لێدوانەکانی (نادیە موراد) کچە یەزیدی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ساڵی ٢٠١٨ زۆر گفتوگۆی دەربارە دەکریت. ئەم بابەتە جگە لە دەرفەتێکی زێڕین بۆ قسەکردن لەسەر (خەڵات) وەك وشە و کردە هیچ گرنگییەکی تری نییە. خەڵاتکردنی کەسێك گرۆیەك کەسی بن یان مەعنەوی لەخۆیدا بریتییە لە پرۆسەیەك کە جیاکارای تێدا برجەستە دەبێت ئەوەش بۆ زەقکردنەوەی شتێك، چەند شتێك یان کردەوەیەك. ئامانج لە گرنگکردنی ئەو خەڵاتکراوە بە خۆی و کارەکانییەوە لە پێناوی بەرژەوەندییەکی دیاریکراوی شکڵی و جەوهەریدایە. بۆیە ئەم دەرفەتە سوود لێوەردەگرین بۆ شەن و کەوێکی سادە لەسەر وشە و بیرۆکە و پرانسیپی (خەڵاتکردن)، بەگشتی. کەواتە دێڕەکانی ئەم تێکستە، بەهیچ جۆرێك کەم تا زۆر پەیوەندیدار نییە بە پرسی خەڵاتەکەی (نادیە موراد) ەوە و پاشانیش کردەوەکانی دواتری ئەو کەسە. ئەوەی خودی تێکستەکە دەیەوێت ڕوونی بکاتەوە، ئەوەیە کە (خەڵاتکردن) لە هەر شێوگ و داڕشتەیەکدا بێت، کردەوە و پرۆسەیەکە تەنیا کۆمەك بە جیاکاری دەکات و لە زۆربەری بارەکانیشدا بە قازانجی بێدادی دەکەوێتەوە.
وشەی خەڵات و دەلالەتەکانی
(خەڵات)، لە فەرهەنگی خاڵ، بەشی دووهەمدا هاتوە: {شتێکە کە یەکێکی گەورە بیبەخشێ بە یەکێکی بەرەوخوارتر لە خۆی لە ڕووی پیاوەتییەوە}. ئەم وشەیە لە زمانی ئینگلیزیدا بەزۆری بە وشەی Award یان Prize  ناودەبرێت، وشەی یەکەمیان زیاتر بەرامبەر بە وشەی (المکافئة) ی زمانی عەرەبییە. {المکافئة بشئ لإنجاز مالم یستطعە سواه} واتە پێبەخشینێك بە شتێك کە یەکێکی تر ناتوانێت ئەوە بکات کە ئەو کردویەتی. بەڵام وشەی دووهەمی زمانی ئینگلیزی لە سەدەی شانزدەوە زیاتر بەکار هاتوە بەتایبەتیش بۆ ئەو دەستکەوتانەی جەنگ بوە کە لە دوژمن گیراوە، کە بەرامبەر بەو چالاکییە پاداشتێکیان پێشکەش کردوە بەهەرکەسێك ئەنجامی دابێت. بەڵام Award وشەیەکە زۆر بۆ ئەو بۆنانە بەکارهاتوە کە تێیدا ڕێنیشاندەری کراوە بۆ لادەرێك یان تاوانبارکراوێك یان کەسێکی یاخی. بەهەمان شیوە وشەی (خەڵات) ی زمانی کوردی بۆ هەمان مەبەست زیاتر بەکار هاتوە، واتە کاتێك دەسەڵاتدار ویستویەتی ئەرکێکی قورس جێبەجێ بکات و خۆی نەیتوانیوە، خەڵاتی داوە بە هەرکەسێك بتوانێت بۆی جێبەجێ بکات. خەڵات وەرگرتن بۆ بە یەکەم دەرچوون لە خوێندن، خەڵاتی بردنەوەی باشترین فیلم، یان خەڵاتی ڤیستیڤاڵی فڵان، هیچیان دابڕاو نەبوون لە دەستکەوتێکی ماددی دیاریکراویش، بە پێچەوانەوە هاوپێچ بوون بە دەستکەوتێکی سەیر. ئەمەش بۆ ئەو پاداشتەی دەسەڵاتدار دەگەڕێتەوە کە دەیبەخشێت بە کارکردنێك کە "کەسێکی تر ناتوانێت وەك خەڵاتکراو ئەنجامی بدات.
هەر وشەیەکی (خەڵات)، ئاماژەدان و دیاریکردنی هەڵسەنگاندنێکی دیاریکرو لە خۆ دەگرێت، بە هەر زمانێك ئەو وشەیە دەرببڕین. لە زمانی عەرەبیدا بۆ نمونە وشەیەکی ترمان هەیە کە ئەویش وشەی (الجائزة) یە، ئەم وشەیە لە (المکافئة) زۆر جیاوازترە، پێوانەی بابەتی زیاتر لە خۆ دەگرێت. وەرگرتنی جائزەی یەکەم و دووهەم و سێیەم، پێوانەیەکی بابەتی لەبەرامبەردا هەیە، بەڵام ئەم جیاوازییە بە ئاسانی هەست پێناکەین لە دوو زمانەکەی تردا. لە زمانی کوردیدا ئەگەر بمانەوێت بە وردی هەستی پێ بکەین دەبێت لە ڕستەدا بیبیستین، بۆ نمونە (تیپی تۆپێنی کوردستان خەڵاتی یەکەمی بردەوە). لەم ڕستەیەوە دەزانین کە پیوانەیەکی بابەتی هەیە، ئەویش یاریکردن و گۆڵکردنە بۆ بردنەوەی شتێك، جیاواز لەو خەڵاتەی دەکرێت بەرامبەر هەڵسەنگاندنی ئەنجامدانی شتێکی دیاریکراو.
خەڵات و گرفتی دادپەروەری  
چەند چەمکێکی گرنگ هەن، کە لێرەدا ناتوانین باسی هەموویان بکەین بەوردی، چونکە زۆر هەڵدەگرن. لە نێو ئەو چەمکانەدا چەند دانەیەکی سەرەکی وەك ڕەوایی و ئازدی و یەکسانی هەن. بۆ نمونە؛ ئەم سێ چەمکە لە کۆڵەکە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی دادپەروەرین و هیچ دادپەروەرییەك بە پێوە ناوەستێت ئەگەر بە وردی حساب بۆ ئەم کۆڵەکانەی خۆی نەکات. (خەڵات) چ وەك وشە، چ وەك پرۆسە، یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرترین زیان بە ڕەوایی دەگەیەنێت، ئەوەش لە ڕێگای لەقکردنی چییەتی هەریەك لە ئازادی و یەکسانی. ئەگەر پرسیار لە خۆمان بکەین، کێیە ئەو کەسەی دەتوانێت خەڵات ببەخشێت و لە بنەڕەتدا بە چ پاڵنەرێك دەیبەخشێت! ئەوا بۆمان دەردەکەوێت لە بنەڕەتەوە پێکهاتەیەکی هەرەمی هەیە لە پرۆسەی بەخشیندا، جگە لەوەی ئەو پێکهاتە هەرەمییە سەروخواری تێدایە، لە پرسی خەڵاتدا نمایشی بەخشینێك دەکات لە بەهێزەوە بۆ لاواز ئەو بەخشینە دەدرێت. بەم بەخشینەش لاواز بەهیزتر دەبێت، نەك تەنیا لە بەر ئەوەی دەستکەوتێکی ماددی وەردەگرێت، بەڵکو لە بەر ئەوەی ئاشکرا دەبێت کە ئەوی لاواز ڕەزامەندی و پێ باشبوونی ئەوی تری بەهێزی وەرگرتوە. لە خۆیشیدا هەڵبژاردنی لاوازێك لە لایەن بەهێزەوە بۆ بەخشینی خەڵات وا دەکات کە بەهێزەکە بەهێزتر ببێت، نەك پشتیوانی لە لاوازێك بکرێت تا بگاتە ئاستی بەهێزەکان. لەم پرۆسەیەدا ئەوەی دەگوزەرێت بە سیمبوڵکردنی خەسڵەتێکە یان کارەکتەرێکە بۆ نمایشکردنی لاوازەکان، هەروەها بۆ دەرخستنی پێخۆشبوونی بەهێزەکان، هەر لە خۆشیدا هاوزاڵکردن و فراوانکردنی هەژموونی بەخشندەکەیە، بەو پێیەی ئەوێکە کە دەتوانێت هەڵسەنگاندن و گوزارە لە چاکەکاری لاوازێك بکات.
کەواتە، لە پرۆسەی دیاریکردن و بەخشینی خەڵاتدا، هەرجۆر و هەرچییەك بێت، ئێمە دێین و شێوگێك جیادەکەینەوە و بە چاکتر لە هەموو شێوگەکانی تر هەژماری دەکەین و دواتر دەشیکەینە شێوگی زاڵ و باو بەسەر هەموو شێوگەکانی ترەوە. لە ڕێگەی بەخشینی خەڵاتەوە کە هێزێکی مادی و مەعنەوی زیاتر دەداتە کاراکتەری مرۆڤ جیا لەوانی تر، بناغەکانی جیاکاری پتەو دەکەین. کەواتە لاوازەکان لاوازتر دەکەین، بەشایستە نەکردنیان بەرامبەر وەرگرتنی خەڵات. کەواتە خودی خەڵات ڕێگایەکە، پرسی یەکسانی دەخراتە بەردەم مەترسی قوڵکردنەوەی جیاوازییەوە، هەروەها شێوگی خوازراوی باو دەکاتە ڕابەر، کە جارێکی تر دەبێتەوە بکوژی جیاوازییەکان، {ناکریت لە بیری بکەین کە جیاوازییەکان، سەرچاوەی بەختەوەریی و سەرچاوەی گەیشتنن بە دادپەروەری}. لە پرسی ئازادیشدا، داڕشتنەوەی خواستی بەخشندە دەبێتە هەژموون بەسەر ئیرادەی داهێنەرانەوە. کاتێك (خەڵاتێك)ی داهێنان دەدرێتە داهێنەرێك و پێوانەکان لە لایەن بەخشندەی خەڵاتەکەوە دەکرێت، ئەوا ئازادی کردەوە و ئازادی خواستی داهێنان بە خواستی خەڵات بەخش سنووردار و ڕاو دەکرێت. بۆ نمونە با وای دانێین سیستەمێکی سیاسی خەڵاتێکی ئەدەبی پێشکەش دەکات! ئایا پێوانەکانی بەخشین ئەوانەش دەگرێتەوە کە شاکارێکی ئەدەبی پێشکەش دەکەن، بەڵام دژ بە بەرژەوەندی سیستەمە سیاسییەکەن؟ بێگومان نەخێر، ئەمەش بۆ هەموو ناوەندەکانی تر ڕاستە. لێرەوە دەردەکوێت کە ئازادییەکانی خواستی گوتار و داهێنان دەچنەوە خزمەت ئایدیاکانی خەڵات بەخش، ئەمەش ئاستێکی مەترسیدارە لەسەر ئازادی و پاشان دادپەروەریش، بە تایبەت کە دەبینین چۆن دەبێتە بکوژی جیاوازییەکان.
لاوازی و خراپی بیرۆکەی خەڵات
هەندێجار هەیە خەڵات ماددییە یان مەعنەوییە و زۆرجاریش هەردووکیانە بە پێکەوەیی. لە هەموو بارەکاندا (خەڵات) جیاکردنەوەیەك درووست دەکات، بەرئەنجامی جیاکردنەوەی بڕێك لە دەستکەوت (ماددی و مەعنەوی) و پێشکەشکردنی بە کەسێك، تیمێك یان چەند دانەیەك لەمانە. لە خۆیدا ئەو جیاکردنەوەیە کارێکی ناشایستەیە، چونکە شتێکی زیاتر لە پێویست دەبەخشێتە وەرگرێك بۆ جیاکردنەوەی لەوانی تر. بیانووی جیاکردنەوەکە "گوایە باشترە لەوانی تر یان باشترینە لە ناو هەمواندا" ئەمەش ڕاست نییە، چونکە پێوانەی باش و باشترین بە پێی فەلسەفەی ڕەوشت و تێڕوانین دەگۆڕێت. لە خۆیدا وشەی باشتر و باشترین هەمیشە لەژێر پرسیاردایە. ئایا چی باشترینە، و کامە لە هەرە باشەکانە و بە پێوانەی کێ؟ ئەگەر ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین، ئەوکات جارێکی تر دووبارە دەزانین کە پرۆسەی خەڵاتکردن پرۆسەیەکی جیاکارییە بە خواستی بەخشندەی خەڵات.
خراپیی ئەم پرۆسەیە، لەو خالەدا بە ئاسانی دەتوانین باس بکەین کە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ دروستکردنی جیاکاری. جیاکاری یەکێکە لەو خواستانەی بازاڕ کە بەهۆیەوە دەتوانرێت ناهاوسەنگی درووستبکرێت، هەموو ئەو ناهاوسەنگیانە دەبنەوە بە لەمپەڕ لە بەر دەمی دادپەروەریدا و بە قازانجی هەژموونی بە هێز کۆتایی دێت. (خەڵات) کردن بۆ ئەنجامدانێك، لە هەر ئاستێکی گشتیدا بێت، جیاوازە لە پێزانینی مەعنەوی بۆ ئەنجامدانی چاکەکارییەك، پێزانینی مەعنەوی بۆ چاكەکاری ناکرێت پێبەخشینی پریڤیلج (إمتیاز) بێت، واتە لە پێشینە پێدان بێت. بڕیارە چاکەکاری کاری گشتی بێت، لە کۆمەڵگای دادپەروەردا، بۆیە پێدانی هەر ئیمتیازێك ناڕاستەوخۆ بە خراپکردنی ئەوانی تر تەواو دەبێت. لە دۆخی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە (نادیە مورد)، (مەلالە یوسیفزای) یان (باراك ئۆباما) دا هەموویان پێ بەخشینی ئیمتیازی ماددی و مەعنەوییە کە بە جۆرێك لە جۆرەکان بە شایستە نەکردنی ئەوانی ترە،  کە هەمان کار یان ئەشێ زیاتریشیان کردبێت. لێرەدا جیاکردنەوەی یەکێك بۆ بەسیمبوڵکردن لەبەرامبەر ئەوانی تر لە خۆیدا کۆمەکێکی گەورە بە گەشەی خۆپەرستی دەکات لە ناخی مرۆڤدا، ئەمەش لەبەرژەوەندی دادپەروەری و یەکسانی و ئاشتیخوازیدا نییە بە پێچەوانەوە کۆڕی ململانێی نا ئاشتیخوازانە بەبەردەوامیی بەهێز دەکات.
گەر نمونەی پۆلێکی خوێندن وەربگرین، دەبینین خوێندکاری یەکەم هەمیشە جیاکراوەیە لەوانی تر، کە هەرگیز ناکاتە ئەوەی خوێندکاری یەکەم لەوەکانی تر باشتر بێت تەنانەت لە خودی خوێندن و وانەکانیشدا. هەر سیستەمێك بۆ ڕیزبەندکردنی مرۆڤەکان لە بەرامبەر لێکەمکردنەوەی ئەوانی تر بێت دەبێتە هۆی جیاکاری و بەخشینی ئیمتیاز یان لە پێشینەیی دان بە کەمینە، ئەمەش جگە لە زیان گەیاندن بە دادپەروەری و ئاشتی نیوان مرۆڤەکان دەبێتە هۆکار بۆ خراپکردن و نەخۆشکردنی ئەوانی تر کە خەڵاتیان نەبردوەتەوە، یان دوای یەکەم ڕیزبەندکراون. گەشەپێدانی خۆپەرستی (ئێگۆئیزم)، ئەو نهێنییە سەختەیە کە یاریدەرە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگایەك کە ئیندیڤیدوالیزم باڵی بەسەر هەموو جومگەکانیدا کێشاوە. قازانج لە سەرخستنی ئیندیڤیدوالیزمدا پەرتکردنی بەرژەوەندی هاوبەشە و جیاکردنەوەی پرسە گشتییەکانە بۆ پرسی تاكگەراییەك کە بەئاسانی بتوانرێت ئاراستە بکرێت (کۆنترۆڵ). ئەگەرچی تاکگەرایی، سیمایەکی بەرفرە لە ئازادی کورتمەودا و بەرتەسك دەخولقێنێت، بەڵام لە خۆیدا دەرفەتێکی زێڕین دەبەخشێتە هێزی بەهێز لە کۆنترۆڵكردن و سەپاندنی هەژموونی خۆیدا.
پێویستی هاندان و گرفتی خەڵاتکردن
کاتێك کە دیاردەیەك یان پرسێك ڕەتدەکەینەوە، ناکرێت هەروا بە بۆشایی شوێنەکەی جێ بهێڵین، چونکە دەشێت شوێنی ئەو شتە پێویستی بە تیمارکردن هەبێت یان پێویستی بە جێگرەوەیەك (ئەڵتێرناتیڤ) هەبێت. تێبینی بکە، لە پرسی (نادیە موراد) یان (باراك ئۆباما) دا دەرفەتی یەکسان نییە بۆ ئەوانی تر کە هاوشێوەی ئەوانن! واتە چەندانەن لەوانەی وەك نادیە بوون، بۆ دەبێت نادییە جیا بکرێتەوە بە هەموو پرۆسەکانەوە! پاشتر دەبینیت نادییە وەك سیمبوڵێك چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. کە لەخۆیدا دەبێتەوە بە نوێنەری قوربانی و جەلادیش لە یەك کاتدا. یەکانگیری ئەم دوو خاڵە واتە (قوربانی و جەلاد) لەیەك سیمبوڵدا، بۆ نمونە (نادیە موراد) {کچێکی یەزیدییە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە سوکایەتی پێکراوە، هەروەها دروستکەران و ئاسانکاران و خودی داعشەکانیش پێکەوە هەموو داکۆکی لە نادیە دەکەن و بۆنەی بۆ دروست دەکەن}، کەواتە بەهەموویان هەژموونی ڕەوایی ڕووداو دروست دەکەن. بەهەمان شێوە لە کەیسی (باراك ئۆبامادا) کاتێك وەك سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکان خەڵاتکرا لە پێناوی: (ئەو هەوڵە بێوێنەیەدا بوو کە بەخشی بە ئاستی بەرزی دیبلۆماسیەت و هاوکاری جیهانی لە نێوان خەڵکدا)، ئایا ئەو دەرفەتەی بۆ ئەو خولقاوە کە ڕۆڵێکی بەرزی دیبلۆماسی ببینێت بۆ هاوشێوەیەکی گونجاوە؟ ئەمە ئەگەر لە بنەڕەتدا بێلایەنانە کۆمیتەی هەڵبژاردنەکە کاری خۆیان کردبێت. بەهەمان شیوە گوایە (نادیە موردا) بۆیە خەڵاتی پێبەخشرا، چونەکە )تواناییەکی بێوێنەی خەرجکرد لە پێناوی کۆتایی پێهاتنی توندوتیژی لاقەکردن وەك چەکێك لەنێوان هیزە شەڕکەرەکاندا). لەهەردوو بارەکەدا دەبینین ئاکامەکان پێچەوانە دەکەونەوە، سەرباری ئەوەی سەرۆکی کۆمیتەی بەخشینی خەڵاتەکەی ئۆباما دواتر دانی بەوەدا نا کە پێدانی خەڵاتەکە هەڵەیەکی گەورە بوە، خودی ئیدارەی ئەمریکاییش لەسەردەمی ئۆباما و بەئیمزای ئەو جیهانیان بەرەو چەندین جەنگی تر برد، وەك سۆمال و یەمەن و سوریا..تاد هەروەها موشەکی ئەتۆمی ئەمریکاییش زیاتر پەخشبوەیەوە لە جیهان و ناوچەی ئاوە گەرمەکاندا. بۆ نادیە، هەمان پرس ڕاستە، ئەوە نادیە نییە کە بەری بە توندوتیژی لاقەکردن گرتوە، بەڵکو ئەوە هێزی شۆڕشگێڕانەی پێشمەرگەکانی پەکەکە و سەربازەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن کە بەریان بە داعش گرت چ لە شەنگال و چ لە دەروەی شەنگالیش.
لەخۆیدا بە سیمبوڵکردنی ئۆباما و نادیە بۆ ئاشتی پرۆسەیەکە بۆ شاردنەوەی هێزی ئاشتیخوازی ڕاستینە، بۆ بەسیمبوڵکردنی درۆیینەی ئەو کاراکتەرانەی کە تەنیا ڕۆڵی سیمبوڵێکیان پێ دەبەخشرێت. لە بەرامبەردا دەکریت بیر لە پێچەوانەکەشی بکەینەوە و بڵێین ئەی ئەگەر خەڵات نەبێت، ئەوا چ هاندانێك دەتوانێت بەردەوامی بدات بەو وزە ئەرێنییەی کۆمەڵگا بەرەو باشتر. لە خۆیدا سزادان جۆرێكە لە هاندان، و میکانیزمی سزادان جیاوازییەکی گەورە دروستدەکات بۆ بەرەوپیرچوونی دادپەروەری بە بەراورد لەگەڵ خەڵاتکردندا. خەڵاتکردن ژینگەیەك دەخولقێنێت، خراپەکاری هەبێت بۆ ئەوەی خەڵات و خەڵاتکەر و خەڵاتکراو بەردەوامییان هەبێت، بە بێ بوونی خراپە، دەرفەتێك بۆ چاکە نامێنێتەوە تا پاداشت وەربگرێت. بەڵێ، پاداشت بە پێوانەی خەڵات بەخش. ئەکرێت مرۆڤایەتی تاوانکار جیاکاتەوە، نەك چاکەکار، چونکە بەئاستی هۆشیاری جیاواز هەموو کۆمەڵگا چاکەکارە بە پلەی بەراوردکاری جیاواز لە چەند و لە چۆن و لە چییەتیشدا (الکم، النوع، الحیث) بۆ ئەوەی هەموو چاکەکارییەکان خەڵات بکرێن و بەردەوامیان هەبێت، پێویستیان بەوە نییە بە جیاکردنەوەی کەمینەیەکیان ئەوانیتر پەراوێز بخرێن. بەڵام خراپەکاری، یان تاوانکاری لەبەر ئەوەی کەمینەیە دەکرێت جیا بکرێتەوە و سزا بدرێت. خودی سزادانی خراپەکاری بەخشینی خەڵاتێکی گشتگیر و یەکسانە بە هەموو ئاستەکانی چاکەکاری. ئەوەش لە ڕێگای سزادانی تاوانکارەوە دەکرێت.
هەر چاکەکارییەك، بەرز و ناوازە بێت، لە ڕێگای ڕێزەوە جۆ خۆی جێگای خۆی دەکاتەوە لە کۆمەڵگای هەستیار بە پێزانیندا. ئەم خاڵە وا دەکات ئەوانەی داهێنەری چاکەن، ئەوانەی دەتوانن وەرچەرخان بدۆزنەوە وەك دۆزینەوەی دەرمانێك، هاوکێشەیەکی زانستی، درووستکردنی ئاشتییەکی بێوێنە،...تاد تێکڕا پاداشتکراون، بە پێزانین لە ڕێگای سوودی گشتییەوە. بەڵام هەموو جیاکردنەوەیەكی چاکەی تایبەت دەبێتە هۆکار بۆ خراپکردنی زۆرینە، کە لە خۆیاندا چاکەکار بوون، وەك پێشتر باسمانکرد، لە ڕێگای توندکردنەوەی ڕکابەری و ململانێ و بەهێزکردنی ئێگۆیزم ...تاد.   

دەرئەنجام: 
لە کۆی ئەم بابەتەوە دەتوانین بگەینە چەند دەرئەنجامێك:
١. گرنگ نییە کەسی خەڵاتکراو بە هەر خەڵاتێك کەسێکی شایستەیە بۆ خەڵاتەکە یان شایستە نییە، لە هەموو دۆخێکدا خەڵاتکردن کۆمەك بە بێدادی دەکات، تەنانەت ئەگەر خەڵاتکردنەکە بۆ داکۆکی لە خەڵات نەکردنیش بێت.
٢. هەموو پرۆسەیەکی جیاکاری، جیاکاری پۆزەتیڤ بێت یان نێگەتیڤ تای بێدادی سەنگین و دادوەری لاواز دەکات.
٣. پلەبەندکردنی مرۆڤ بەهەر ئاراستەیەکدا بێت، بەرەو کۆمەڵگایەکی زیاتر بێدادانەمان دەبات.
٤. ناکرێت چاوەڕوانیمان لە پرۆسەی خەڵاتکردن هەبێت، بە تایبەت لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە یان هەر سیستەمێکی تری ستەمکارەوە، پاشانیش دوامان لە خەڵاتکراو هەبێت کە شوێن دواکانی سیستەمەکە نەکەویت و ئیرادەکانی خۆی لە دەست نەدات.

٥. هەموو خەڵاتکراوێك لەلایەن بەهێزەوە بە پێی خواستی خەڵات بەخش دەکرێتەوە بە گەورەترین قوربانی، کە بۆ جاری دووهەم هەم قوربانیە و بەڕێگای وەرگرتنی خەڵاتەکەیش نوێنەرایەتی جەلادەکانی ستەمکاریی دەکات.