بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





23/01/2011

دەسەڵاتی مەلا یان مەلاکانی دەسەڵات

ژیانی سیاسی ئەمڕۆ کوردستاندا بەگشتی لە دووبەرە پێكدێت دەسەڵات و بەرهەڵستکاران، دەسەڵات ئاشکرایەو بەرهەڵستکارانیش زۆرن.. دەسەڵاتێک کە کەمینە لێی سوودمەندە و زۆرینەیەکی گەورەی یەخسیر کردوە بەچەند میکانیزمێكی جیاواز لەوانە: ڕیکەوتنی ستراتیژی حیزبیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چەند تاقمێک، یاسای نادادوەرانەی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردنی پڕ لەگومان، قۆرخکردنی سەرچاوەکانی بژێوی هاوڵاتیان، بەکانتۆنکردنی هێزی سەربازی بۆ زلحیزبە هاوستراتیژیەکان، هەروەها تێوەگلان لەیاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ناشەفافدا و چەند میکانیزمێکی تر. سیما ئاشکراکانی گەندەڵی سەلمێنەری هەموو ئەو میکانیزمانەن.

ئەوەی بەدی دەکەین بەشێکی گەورەی کوردستان لەبەئاگاییەکی گەورەی ئەم بێدادیەدا ژیان بەسەردەبات و بەهۆی نووسین و ڕۆشنبیری و کەناڵە مەدەنیە ئازادەکانەوە لەم دۆخە هاتوەتە دەست و ڕۆژانە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. کەتەنانەت پەلی هاویشتوە بۆ ڕەوەندی کوردی لەدەرەوەی وڵاتیش. لێرەوە بەراورد دەست پێدەکات.. ئەگەر ئەمڕۆ بڕوانینە ڕەوەندی ئێرانی لەڕۆژئاوادا، دەبینین داوای ئازادی و وەستاندنی لەسێدارەدان دەکات. بەڵام ڕەوەندی کوردی داوای ئازادی خۆپیشاندان و دادگایی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان دەکات. بەتایبەت ئەم تەوژمە تا دیت فراوان دەبیت، بەتایبەت لەو ناوچانەوە کەدەسەڵاتی سیاسی تواناییەکانی سەرکوتکردنی سنووردارن. ئەم تەوژمە هەنگاو بەهەنگاو گەشەدەکات و بەشێوەیەکی سرووشتی گەورەدەبێت، لەنووسین و ڕەخنەوە، بۆ کەمپین، بۆ خۆپیشاندان، بەرەوبانگەشەی جەماوەری، دوور نیە گەورەتریش نەبیت! بەتایبەت ئەگەر دەسەڵات بەهەمان دەستوور بەردەوام بێت لەنادادی و پاشەکشە پێکردنی ئازادی و ژیانی مەدەنیدا.. پیشبینی من ئەوەیە دەسەڵات لەماوەی دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا بگاتە قۆناغە جدییەکانی سەغڵەتبوون و پەنابردنە بەر سەرکوتکردنی ئاشکرا، کە دۆخێکی مەترسیدارە لەسەر دیموکراتیزەبوونی کۆمەڵگا و دەبیت لەئێستاوە ئاماژەی پێبدەین.

کۆمەڵگای کوردستان وەک هەموو کۆمەڵگایەکی تر بەسەر چین و توێژ و پیشەی جیاوازدا دابەش دەبیت، هەمیشە چین و توێژەکانیش بەپێی گونجاوی و بەرژەوەندی خۆیان هەڵوێستەکانیان وەردەگرن بەرامبەر دەسەڵات. هەر چۆن زانایەکی ماتماتیک جیاوازە لەمامۆستایەکی بیرکاری، ئاواش زانایەکی ئایینی جیاوازە لەو مەلایانەی ئیشەکەیان بانگدان و مارەبڕین و ناونانی مناڵ و هەندێ سرووتی ئاینی وەک دەف لیدانە بۆ مانگیران. بەداخەوە، هەر چۆن لەزانکۆکانی کوردستاندا کەمتواناترین کارمەند دەبیتە سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلیجەکان، هەرچۆن حیزبیترین پاریزەر دەبیتە بەڕیوەبەری ناحیەیەک، بەهەمان شیوەش مەلایەک بەناوی زانای ئایینیەوە لەمزگەوتێکدا دەکەنە موفتی و تا دەرکردنی بڕیاری کوشتنیش فەتوا دەدات.. بەتایبەت لەکۆمەڵگای کوردیدا کە ئایینی ئیسلام باوترینە، لەمێژە داگیرکار و هیزە خۆماڵیەکانیش ئەم سەرچاوەی دەسەڵاتەیان وەک سەرچاوەیەکی بیروباوەڕی دەستەجەمعی خەڵک بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان، لەمەلای خەتێوە تا مەلاکانی سیاسەت هەمان ڕیتمە.

لە 20 ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لەدەستکەوتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وڕاگەیاندنی ئازاد و باشترین ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگای کوردی سەرخستنی پرسی ڕەگەزی مێینە بووە بەئەندازەیەکی چکۆلانە، گۆرینی پرسی ڕۆشنبیرانە لەدۆخی ترسەوە بۆ تروسکاییەکانی ئاخافتن. بەڵام ئەمە مەترسیەکی گەورەی لەدڵی دەسەڵاتێکی ناشایستەدا درووستکردوە، کە دەخوازێت هەمیشە کۆمەڵگا هێندەی بەڕەکەی ئەقلی ئەو پای درێژکات. بۆیە پاش ئەوەی ناوەندە مەعریفی و مەدەنیەکان دەنگیان دەگاتە شەقام و خرۆشان درووست دەکەن دەسەلاتی مەلاکانی سیاسەت پەنا دەباتە بەر بانگدەرەکان و وەک وارسی شەرعی دەسەلاتی ئایینی بەکاریان دێنن دژی ناوەندە ڕۆشنبیریەکان و گلۆپی سەوز بۆ فەتواکانیان هەڵدەکەن. ئەمەی بەدیدەکەین، یەکێکە لەتاکتیکە سیاسیەکان کە بەخەریککردن دەناسرێتەوە.

خەریککردن، یەكێکە لەکلاسیکیترین تاکتیکە سیاسیەکان کە لەمەیدانی سەربازیەوە هاتوەتە ناو سیاسەتەوە، لەزمانی عەرەبیدا بەزاراوەی "الهاء یان مباغتة" دەناسرێتەوە، کەبریتیە لەڕاکێشانی سەرنج و تواناکانی هێزی بەرامبەر بەرەو پانتاییەکی ململانێی لاوەکی بەمەبەستی بەتاڵکردنەوەی توانا و وزەکانی. کەبەهۆیەوە دەتوانیت لایەنە بەرهەڵستکارەکانی خۆت شەکەت بکەیت بەخەریککردن بەململانێ لاوەکیەکەوە. سوودو قازانجەکانی ئەم تاکتیکە سیاسیە زۆرن لەوانە: دوورخستنەوەی ڕاگەیاندن لەمەیدانی ململانێ سەرەکیەکان، خەریککردنی ڕای گشتی بەپرسیارێکەوە کەلەپێشینەی پرسیارە مەترسیدارەکان نیە بۆ ئەو هێزەی بەم تاکتیکە سوودمەند دەبیت، هەروەها هەڵمژینی تواناکانی هێزی بەرامبەر و بەتاڵکردنەوەی لەمەیدانێکی کەم بایەخدا بۆ ئەو هێزەی تاکتیکەکە بەکاردەهێنێت، بۆ نمونە دەکرا من توانایی ئەم وتارە خەرج بکەم لەنووسینێکی گرنگتردا وەک لەپرسی مەلاکانی دەسەڵات. ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی توانای تەواوی بەسەر ئەو کارمەندە ئایینیانەدا هەیە کەچۆن بیەوێت ئاراستەیان بکات، بەو بەڵگەیەی ئاراستەی بەرەوڕووبوونەوەی هێزی بەرهەڵستکار دەکرینەوە بەتایبەت ڕۆشنبیر و چالاکوانە مەدەنیەکان. ئەگەرنا، هێرشی سوپای ئیران و تورکیا یان پرسی مادەی 140 پەیوەندیان بەنیشتمانەوە نیە؟ ئەی خۆشەویستی نیشتمان لەباوەڕەوە نیە؟ خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە سەر وشەیەکی وەک "جێندەر"، زیاتر لە 15 ساڵە خەڵکی کوردستان هۆشیاری لەم بارەیەوە وەردەگرێت، بۆتا ئێستا پرسێکی سەرەکی مەلاکان نەبوو؟

لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەتەنیا ڕێکخراوی NPA ی نەرویجی و ڕێکخراوە هاوبەشەکانی زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای کوردستانیان بردوەتە خولەکانی ڕاهێنانی یەکسانی جیندەریەوە. ئەم خۆلانە بەڕەزامەندی هەردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئەنجامدراون. پرسیار ئەو پرسیارەیە بۆ لە ئێستادا هەر لەسەرۆکی هەرێمەوە تا کۆلکەترین مەلاکانی دەسەڵات دژی ئەم چەمکە دەوەستنەوە؟ تێکڕای ئەو کۆرس و ڕاهێنانانە زانای ئایینیش بەشداریان تیدا کردوە، ئەی باشە بۆ ئەمڕۆ پرسەکانی یەکسانی ژنان دەخریتە بەر نەشتەری ئەو کارمەندە ئایینیانەی حکومەتی هەرێم لەم مزگەوت و ئەو مزگەوت تاعینیکردوون؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاسانە، دەسەلاتی کوردی لەمیژە دەخوازێت ئاستی خواست و تیگەشتنی کۆمەڵ لەسنووری تواناکانی ئەو تێپەڕ نەکات، بۆیە ئەمرۆ هەست بەترس دەکات.. ئەگەر پێشتر ڕێکەوتنی ستراتیژی دەیتوانی بەبیانووی هاوکێشەی ئێراقی خەڵک دەمکوت بکات، ئەوا دوای شکست و تەسلیم کردنەوەی پرسی کورد لەئیراقدا بەرامبەر چەند کورسیەک، شەرعیەتی جەماوەری لەق دەبێت و مەترسیەکان زەق دەبنەوە. گەورەترین مترسی ناوخۆش ئەمڕۆ بریتیە لەو توێژەی دەتوانێت باو ببەزێنێت وچەند دەستکەوتێکی بەدەست هێناوە.. هەر بۆیە ناچار دەسەڵات ئەم تاکتیکە سیاسیە بەکار دەهێنێت بۆ پاشەکشە پێکردنی ڕۆشنبیران و خەریککردنیان بەپاریزگاری لەو دەستکەوتە بچووکانەی لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەدەست هاتوون. شەڕی دەسەڵاتی مەلاکان بەشێکە لەشەڕی مەلاکانی دەسەڵات و هیچ دابڕاو نیە جیاوزیشە لەململانێی زانستیانەی نیوان زاناکان. شەڕی دەسەڵاتی مەلاکان جیاوازە لەیەک پرسدا، پرسی نووسین و ئازادیە کەناتوانێت هیچ هەڵبژێرێت چونکە مەحکومە بەلۆجیکی سووتاندنی تەڕ و وشک پێکەوە. بۆیە ئەم شەڕەی دەسەڵات هەڵیگیرساندوە چەند دژی ئیرادەی ئازادی بەرهەڵستکارانە هێندەش دژی دەستکەوتەکانی کۆمەڵگایە بەگشتی، تەنانەت ئەو دەستکەوتانەش کەئەمڕۆ دەسەڵات خۆی بەخاوەنیان دەزانێت.

09/01/2011

بۆیکۆت

بۆیکۆت بریتیە لەچالاکیەکی ڕێکخراو کەبەکاربەر خۆبەخشانە پێی هەڵدەستێت بەشێوەیەکی ڕێکخراو یان تاکەکەسی و تێیدا بڕیاردەدات چیتر بەرهەمێکی دیاریکراو نەکڕێت، بەکارنەهێنێت، مامەڵە لەگەڵ کەسێك، دەزگایەك تەنانەت دەوڵەتێکدا نەکات. ئەم چالاکیەش وەک پرۆتێستۆیەکی سیاسی ئەنجام دەدریت و لەزۆر باردا گرنگی تایبەتی هەیە. بۆیکۆت وەك وشە دەگەڕیتەوە بۆ چارلس بۆیکۆتی لۆردی بەریتانیایی. ئەوەش نەك لەبەر ئەوەی یەکەمجار ئەم وشەیەی بەکارهێناوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی یەکمجار جوتیار و کرێکارە ئیرلەندیەکان لەساڵی 1880 ی زاینیدا توانیان ئەم لۆردە ناچار بکەن بەگۆرینی سیاسەتی خۆی لەبواری بەرهەمی زەوی و زاردا و زیانێکی گەورەیان بەسەرچاوەکانی داهاتی ئەم سەرمایەدارە گەیان. ئیدی لەو کاتەوە وشەی بۆیکۆت بووەتە ئەو زاراوە ئابووری و سیاسیەی لەزۆر بۆنەو بواری فکری سیاسی و تەکنیکی سیاسیدا بەکار دەهێنرێت.

بۆیکۆت زۆر ڕێگا و شێوازی ئنجامدانی هەیە، لەوانە، بۆیکۆتی ئابووری، هونەری، سیاسی...تاد. بۆیکۆتی ئابووری وەک گورێزکردن لەکڕینی شمەکێک، بۆیکۆتی سیاسی وەک بەشداری نەکردن لەپرۆسەی دەنگداندا یان دەمدابڕینی دیبلۆماتی، هەروەها بۆیکۆتی هونەری و وەرزشیش دەکریت ئەنجام بدرێت.. بەواتایەکی تر بۆیکۆت لەبنەڕەتدا بۆ یەک بابەتەو یەکجار بۆ ئەو بابەتە بەکاردێت، بەڵام ئەگەر درێژکرایەوەو چەند بابەتێکی گرتەوە دەبیتە بۆیکۆتی ڕێکخراوی مەودا درێژ کەدەبیتە بەشیک لەسیاسەت و کەرەستەی سیاسی دامەزراوەیەک. بۆیکۆتمان هەیە کەیەکێتیەک یان لایەنێکی ڕێکخراو ئەنجامی دەدات و دەبیتە سپانسۆری چالاکی بۆیکۆتەکە، بۆ نمونە دەکرێت سەندیکایەک یان ڕێکخراوێک یان کۆبەندێکی سیاسی بەم کارە هەستێت، بەم جۆرەش دەوترێت بۆیکۆتی سەرەکی. هەندێ جار لایەنێک بۆیکۆت ڕادەگەیەنێت، بەڵام خەڵکی تریش سیاسەتەکەیان پێ باشە و شوین پرۆسەکە دەکەون، بەو جۆرەش دەوترێت بۆیکۆتی لاوەکی. زۆر پۆلێن و تیڕوانین هەیە بۆ ئەم کەرەستەو تەکنیکە سیاسیە کەناکریت لێرەدا لەهەموویان بدوێین، بەلام ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کەئەم تەکنیکە ئەمرۆ زۆر ئاسانتر بوە لەڕابردوو بەتایبەت بەهۆی خزمەتگوزاری ئەلەکترۆنی و فراوان بوون و ئاسانی تۆڕەکانی پەیوەندیەوە.

هەمیشە بۆیکۆت چەکێکی شەرعیەو خەڵک دەتوانێت بۆ گەیشتن بەئامانجە سیاسیەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت، واتە تاکەکەسیش دەتوانێت بەکاری بهێنێت کەدەچێتە خانەی بەکارهێنانی ئەخلاقیەوە، یان هێزی ڕێکخراو و سیاسی دەتوانێت بەکاری بهێنێت کە دەچیتە خانەی بۆیکۆتی سەرەکیەوە. لەهەردوو بارەکەدا دەبێت هۆشیارانە بەکار بێت چونکە لەکاری سیاسیدا چەکێکی دوودەمەو دەکرێت زیان بەبەکاربەر بگەیەنێت. بۆیە هەمیشە بۆیکۆت دەبێت زیان لەبەکاربەرنەدات و کاریگەری گەورە لەسەر بەرهەمهێن یان خاوەن دەستکەوت دابنێت. ئەمەش کارێکی هەستیارە بەڵام زۆر گران و ئاستەم نیە، چونکە ئەمڕۆ ژیان پڕ ئەڵتیرناتیڤ بووە، بۆ نمونە مرۆڤ دەتوانێت سروشت بەکار بهێنێت بۆ سەیران و دەربڕینی خۆشیەکانی خۆی و کاتێکی بەسوود بەسەر بەرێت، لەکاتێکدا بۆیکۆتی هەوموو ئەو کۆمپانیا وشاری یاریانە بکات کە دەزانێت جۆرێک لە مۆنۆپۆلی سیاسی مۆنۆپۆڵکراون.. ئەمە سادەترین نمونەیە، لەکاتێکدا گەشتیاری پێداویستیەکی سەرەکی نیە لەژیاندا کاتێک ئازادی سیاسی لەژێر مەترسیدا بێت.

لەڕووی یاساییەوە بۆیکۆت مافی هاوڵاتیەو لەهیچ بۆنەو دەستوورێکدا ناتوانرێت قەدەغە بکرێت، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم چونکە چالاکیەکی مەدەنی خۆبەخشانەیە، دووەم بەرهەڵستیەکی مەدەنی ناتوندوتیژانەیە. زۆرن ئەو کەرەستە سیاسیانەی دەکەونە خانەی بەرهەڵستی و یاخی بوونی مەدەنی، وەک نەکردنەوەی دووکان و بازاڕ، خۆپیشاندانی مەدەنیانە، بۆیکۆتیش یەکێکە لەچەکە کاریگەرەکانی هێزی لاواز کەدەتوانێت هێزی بەهێزی پێ ناچار بکات. ئەم تاکنیک و چەکە سیاسیە، لە زۆر بۆنەی مێژوویی و جیهانیدا بەکار هاتوە و کاریگەری گەورەی داناوە لەسەر هێزە دەسەڵاتدارەکان. لەنمونەی ئەوانە بۆیکۆتی ئەفریقاییە ئەمریکیەکان بەرامبەر سیاسەتی ڕەگەزپەرەستی، بۆیکۆتی هنری فۆرد بۆ جوولەکەکان، بۆیکۆتی دژی نازیەکان لەئەڵمانیا، بۆیکۆتی هەردوو ئۆلۆمپیادی مۆسکۆ و لۆس ئەنجلوس، بۆیکۆتی چینیەکان بۆ کاڵای یابانی، بۆیکۆتی کۆکاکۆلاو جێگرتنەوەی بە مەکەکۆلا یان قیبلەکۆلا کە هێزە ئیسلامیەکان بەکاریان هێناو سەرکەوتوو بوو... زۆرن ئەو نمونانەی دەکریت سوودیان لێ وەربگرین.

لەپاڵ بۆیکۆتدا، هەمیشە زاراوەیەک بەکار دێت کەپێی دەوتریت دەنگدانی دۆلار، Dollar Vote، ئەمە زاراوەیەکی ئابووریە، بەڵام زیاتر لەبواری سیاسی دا بەکاردێت. دانگدانی دۆلار، مەبەست لێی ئەوەیە کەهەموو کڕینی کاڵایەکی دیاریکراو وەک ئەوە وایە دەنگمان دابیت بەو کاڵایە، واتە ئەگەر پارەکانمان لەو کۆمپانیای خانووبەرانەدا خەرج بکەین کە دەسەڵاتی کوردی قۆرخیکردوون، وەک ئەوە وایە دەنگمان بەمۆنۆپۆڵی ئابووریانەی ئەو کۆمپانیانە دابێت.. بەهەمان شێوە بۆ کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیلیش ڕاستە. چونکە خەرجی ئێمە لەو کۆمپانیایانە بەردەوامی دەبەخشیتە سەرچاوەی ئابووری ئەو دەسەڵاتە کەهێزی ئابووری خۆی دژی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەکار دەهێنێتەوە، وەک کڕین و ڕسواکردنی هونەرمەندان، وەک سازکردنی باڵەخانە بۆ ڕیکخراوەکانی پارتەکان...تاد. کرداری دەنگدان بەدۆلار، تەنیا ناوە لەسەر دراوی دۆلار، بەڵام لەبنەڕەتەوە بۆ هەر دراوێکی تریش ڕاستە.

جۆرێک لەجۆرەکانی بۆیکۆت، بەکارهێنانی ئەخلاقیانەیە، moral consumption، کەبەتەواوی پشت بەهۆشیاری تاک دەبەستێت. لەم چالاکیە سیاسیەدا تاک ناوەستێتە سەر لایەنێک یان هێزێک ڕیکیبخات بەڵکو لەڕووی ئەخلاقی تاکەکەسی خۆیەوە دژایەتی سیستەمێک یان کۆمپانیایەکی نامرۆیی یان دەسەڵاتێکی ستەمکار دەکات. لەبەکارهێنانی ئەخلاقیدا بەکاربەر، لەسەرچاوەی بەرهەم و بنەمای قازانج دەڕوانێت، بۆ نمونە بەرهەمی کارگەیەک ناکڕێت کەچەک بەرهەم بهێنێت، یان مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دەزگایەکی دیاریکراو ناکات، یان زۆر بەسادەیی ئایسکرێمی کارگەیەک ناخوات کە موڵکی بنەماڵەیەکی ستەمکار یان خیانەتکار بێت... ئەمجۆرە لەبۆیکۆت گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت زیانی زۆر بگەیەنێت بەسەرچاوەی ستەمکاری.

ئەمڕۆ لەکوردستاندا کەدەسەڵاتی سیاسی گیریخواردوە و مەودایەکی درێژە دەربازی نابێت بەرەو ڕۆشنایی، هەروەها ناڕاستی سیاسەتەکانی دەسەڵات بەرامبەر پرسە مرۆیی و نیشتمانیەکان سنووری ناڕاستی تێپەڕاندوە و زۆر جاریش چۆتە دۆخی ناپاکی و دواخستنی کۆمەڵگاوە. ئەمڕۆ کاتی ئەوە نەماوە خەریکی هەولی ڕاستکردنەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی لەکارکەوتوودا بدەین و ئومێدی خۆمان خەسار بکەن بەو هیوایەی ڕاست ببنەوە. ئەم دەسەڵاتانە سەراپای فکر و جەستەیان لەگەندەڵی و نابەرابەری و چەوتی هەڵکشاوە، هەرچۆن بمانەوێت بەشێکی ڕاست کەینەوە دەبێت سەرلەبەری پێکهاتەو بیروبۆچوون و ئارەزوە سیاسیەکانی بگۆڕین. ئەوە لەبارێکیشدا ئەگەر بڕیارەکانی سەرکردایەتی ئەم دەسەڵاتە لەدەست خۆیاندا مابێت. کاتێک لەگەڵ ئەڵمانە گەنجەکاندا گفتوگۆی سیاسی دەکەیت، پێیان وایە باوانەکانیان هەموویان تاوانکار بوون، چونکە دەڵێن: "هیتلەر تاکە کەسێک بوو، بەڵام باوانی ئێمە سیاسەتەکانی ئەویان پێڕەو دەکرد".. بۆئەوەی وەڵامی نەوەی نوێ بدەینەوە، دەبیت لێرەدا ئیستێکی گران و پڕکێش بکەین.. ئەودەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارە لەسەر پێی تاکە خیزانێک یان دوو خیزان نەوەستاوە، بەڵکو دەیان بەناو هونەرمەند و ڕاگەیاندکار و نووسەری دەربارو بەڕێوەبەر و کارمەندیان لەپشتە جگە لەجەلاد و تفەنگ بەشانی شێوەی موستەشارەکان. ئەم دەسەڵاتە دەیان و سەدان کۆمپانیای لەکوردستاندا کردووەتەوە، کە هیچیان کاڵای سەرەکی بەرهەم ناهێنن و بە ئاسانی دەکرێت بۆیکۆتیان کەین.

ئەم دەسەڵاتانە لەدەزگاکانی خۆیانەوە بۆیکۆتی هەموو قەڵەم و ڕۆشنبیر و کەسیکی خاوەن هەڵوێست دەکەن کە لەگەڵیان نەبێت، ئەوە نموونەی زیندووی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتە کەنووسین و چاوپێکەوتن تەنیا لەگەڵ ئەوانەدا دەکەن کەخۆیان مەبەستیانە. بۆیە کاتی گرتنە بەری تەکنیکی بۆیکۆت زۆر دەمێکە هاتوە کەبەهۆیەوە دەتوانرێت گوشارێکی تر بخریتە سەر دەسەڵات و لەگۆشەیەکی ترەوە ناچار بکرێت یان دەکەویتە هەڵەی زیاترەوە و مەرگی خۆی وێنا دەکات، یان ئەویش بەئاسانی پڕکێشی زیاتری پێ ناکرێت. بۆیە گرنگە بتوانرێت بۆیکۆتی هەموو ئەو لۆتی و بەناو هونەرمەندانە بکرێت کەمەخسەرەکانی دەسەڵات دەڕازیننەوە، دەکرێت بۆیکۆتی هەموو ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کەجگە لەتاڵانکردنی داهاتی خەڵک هیچ ئیزافەیەکی ئابووری یان سیاسی یان فەرهەنگیان نیە.. خەڵکی کوردستان دەتوانێت بەبڕێکی کەم لەبەختکردنیتر لەڕووی مۆراڵی و ئەخلاقیەوە ئاسوودەتر بژی.