بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





23/01/2011

دەسەڵاتی مەلا یان مەلاکانی دەسەڵات

ژیانی سیاسی ئەمڕۆ کوردستاندا بەگشتی لە دووبەرە پێكدێت دەسەڵات و بەرهەڵستکاران، دەسەڵات ئاشکرایەو بەرهەڵستکارانیش زۆرن.. دەسەڵاتێک کە کەمینە لێی سوودمەندە و زۆرینەیەکی گەورەی یەخسیر کردوە بەچەند میکانیزمێكی جیاواز لەوانە: ڕیکەوتنی ستراتیژی حیزبیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چەند تاقمێک، یاسای نادادوەرانەی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردنی پڕ لەگومان، قۆرخکردنی سەرچاوەکانی بژێوی هاوڵاتیان، بەکانتۆنکردنی هێزی سەربازی بۆ زلحیزبە هاوستراتیژیەکان، هەروەها تێوەگلان لەیاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ناشەفافدا و چەند میکانیزمێکی تر. سیما ئاشکراکانی گەندەڵی سەلمێنەری هەموو ئەو میکانیزمانەن.

ئەوەی بەدی دەکەین بەشێکی گەورەی کوردستان لەبەئاگاییەکی گەورەی ئەم بێدادیەدا ژیان بەسەردەبات و بەهۆی نووسین و ڕۆشنبیری و کەناڵە مەدەنیە ئازادەکانەوە لەم دۆخە هاتوەتە دەست و ڕۆژانە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. کەتەنانەت پەلی هاویشتوە بۆ ڕەوەندی کوردی لەدەرەوەی وڵاتیش. لێرەوە بەراورد دەست پێدەکات.. ئەگەر ئەمڕۆ بڕوانینە ڕەوەندی ئێرانی لەڕۆژئاوادا، دەبینین داوای ئازادی و وەستاندنی لەسێدارەدان دەکات. بەڵام ڕەوەندی کوردی داوای ئازادی خۆپیشاندان و دادگایی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان دەکات. بەتایبەت ئەم تەوژمە تا دیت فراوان دەبیت، بەتایبەت لەو ناوچانەوە کەدەسەڵاتی سیاسی تواناییەکانی سەرکوتکردنی سنووردارن. ئەم تەوژمە هەنگاو بەهەنگاو گەشەدەکات و بەشێوەیەکی سرووشتی گەورەدەبێت، لەنووسین و ڕەخنەوە، بۆ کەمپین، بۆ خۆپیشاندان، بەرەوبانگەشەی جەماوەری، دوور نیە گەورەتریش نەبیت! بەتایبەت ئەگەر دەسەڵات بەهەمان دەستوور بەردەوام بێت لەنادادی و پاشەکشە پێکردنی ئازادی و ژیانی مەدەنیدا.. پیشبینی من ئەوەیە دەسەڵات لەماوەی دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا بگاتە قۆناغە جدییەکانی سەغڵەتبوون و پەنابردنە بەر سەرکوتکردنی ئاشکرا، کە دۆخێکی مەترسیدارە لەسەر دیموکراتیزەبوونی کۆمەڵگا و دەبیت لەئێستاوە ئاماژەی پێبدەین.

کۆمەڵگای کوردستان وەک هەموو کۆمەڵگایەکی تر بەسەر چین و توێژ و پیشەی جیاوازدا دابەش دەبیت، هەمیشە چین و توێژەکانیش بەپێی گونجاوی و بەرژەوەندی خۆیان هەڵوێستەکانیان وەردەگرن بەرامبەر دەسەڵات. هەر چۆن زانایەکی ماتماتیک جیاوازە لەمامۆستایەکی بیرکاری، ئاواش زانایەکی ئایینی جیاوازە لەو مەلایانەی ئیشەکەیان بانگدان و مارەبڕین و ناونانی مناڵ و هەندێ سرووتی ئاینی وەک دەف لیدانە بۆ مانگیران. بەداخەوە، هەر چۆن لەزانکۆکانی کوردستاندا کەمتواناترین کارمەند دەبیتە سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلیجەکان، هەرچۆن حیزبیترین پاریزەر دەبیتە بەڕیوەبەری ناحیەیەک، بەهەمان شیوەش مەلایەک بەناوی زانای ئایینیەوە لەمزگەوتێکدا دەکەنە موفتی و تا دەرکردنی بڕیاری کوشتنیش فەتوا دەدات.. بەتایبەت لەکۆمەڵگای کوردیدا کە ئایینی ئیسلام باوترینە، لەمێژە داگیرکار و هیزە خۆماڵیەکانیش ئەم سەرچاوەی دەسەڵاتەیان وەک سەرچاوەیەکی بیروباوەڕی دەستەجەمعی خەڵک بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان، لەمەلای خەتێوە تا مەلاکانی سیاسەت هەمان ڕیتمە.

لە 20 ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لەدەستکەوتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وڕاگەیاندنی ئازاد و باشترین ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگای کوردی سەرخستنی پرسی ڕەگەزی مێینە بووە بەئەندازەیەکی چکۆلانە، گۆرینی پرسی ڕۆشنبیرانە لەدۆخی ترسەوە بۆ تروسکاییەکانی ئاخافتن. بەڵام ئەمە مەترسیەکی گەورەی لەدڵی دەسەڵاتێکی ناشایستەدا درووستکردوە، کە دەخوازێت هەمیشە کۆمەڵگا هێندەی بەڕەکەی ئەقلی ئەو پای درێژکات. بۆیە پاش ئەوەی ناوەندە مەعریفی و مەدەنیەکان دەنگیان دەگاتە شەقام و خرۆشان درووست دەکەن دەسەلاتی مەلاکانی سیاسەت پەنا دەباتە بەر بانگدەرەکان و وەک وارسی شەرعی دەسەلاتی ئایینی بەکاریان دێنن دژی ناوەندە ڕۆشنبیریەکان و گلۆپی سەوز بۆ فەتواکانیان هەڵدەکەن. ئەمەی بەدیدەکەین، یەکێکە لەتاکتیکە سیاسیەکان کە بەخەریککردن دەناسرێتەوە.

خەریککردن، یەكێکە لەکلاسیکیترین تاکتیکە سیاسیەکان کە لەمەیدانی سەربازیەوە هاتوەتە ناو سیاسەتەوە، لەزمانی عەرەبیدا بەزاراوەی "الهاء یان مباغتة" دەناسرێتەوە، کەبریتیە لەڕاکێشانی سەرنج و تواناکانی هێزی بەرامبەر بەرەو پانتاییەکی ململانێی لاوەکی بەمەبەستی بەتاڵکردنەوەی توانا و وزەکانی. کەبەهۆیەوە دەتوانیت لایەنە بەرهەڵستکارەکانی خۆت شەکەت بکەیت بەخەریککردن بەململانێ لاوەکیەکەوە. سوودو قازانجەکانی ئەم تاکتیکە سیاسیە زۆرن لەوانە: دوورخستنەوەی ڕاگەیاندن لەمەیدانی ململانێ سەرەکیەکان، خەریککردنی ڕای گشتی بەپرسیارێکەوە کەلەپێشینەی پرسیارە مەترسیدارەکان نیە بۆ ئەو هێزەی بەم تاکتیکە سوودمەند دەبیت، هەروەها هەڵمژینی تواناکانی هێزی بەرامبەر و بەتاڵکردنەوەی لەمەیدانێکی کەم بایەخدا بۆ ئەو هێزەی تاکتیکەکە بەکاردەهێنێت، بۆ نمونە دەکرا من توانایی ئەم وتارە خەرج بکەم لەنووسینێکی گرنگتردا وەک لەپرسی مەلاکانی دەسەڵات. ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی توانای تەواوی بەسەر ئەو کارمەندە ئایینیانەدا هەیە کەچۆن بیەوێت ئاراستەیان بکات، بەو بەڵگەیەی ئاراستەی بەرەوڕووبوونەوەی هێزی بەرهەڵستکار دەکرینەوە بەتایبەت ڕۆشنبیر و چالاکوانە مەدەنیەکان. ئەگەرنا، هێرشی سوپای ئیران و تورکیا یان پرسی مادەی 140 پەیوەندیان بەنیشتمانەوە نیە؟ ئەی خۆشەویستی نیشتمان لەباوەڕەوە نیە؟ خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە سەر وشەیەکی وەک "جێندەر"، زیاتر لە 15 ساڵە خەڵکی کوردستان هۆشیاری لەم بارەیەوە وەردەگرێت، بۆتا ئێستا پرسێکی سەرەکی مەلاکان نەبوو؟

لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەتەنیا ڕێکخراوی NPA ی نەرویجی و ڕێکخراوە هاوبەشەکانی زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای کوردستانیان بردوەتە خولەکانی ڕاهێنانی یەکسانی جیندەریەوە. ئەم خۆلانە بەڕەزامەندی هەردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئەنجامدراون. پرسیار ئەو پرسیارەیە بۆ لە ئێستادا هەر لەسەرۆکی هەرێمەوە تا کۆلکەترین مەلاکانی دەسەڵات دژی ئەم چەمکە دەوەستنەوە؟ تێکڕای ئەو کۆرس و ڕاهێنانانە زانای ئایینیش بەشداریان تیدا کردوە، ئەی باشە بۆ ئەمڕۆ پرسەکانی یەکسانی ژنان دەخریتە بەر نەشتەری ئەو کارمەندە ئایینیانەی حکومەتی هەرێم لەم مزگەوت و ئەو مزگەوت تاعینیکردوون؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاسانە، دەسەلاتی کوردی لەمیژە دەخوازێت ئاستی خواست و تیگەشتنی کۆمەڵ لەسنووری تواناکانی ئەو تێپەڕ نەکات، بۆیە ئەمرۆ هەست بەترس دەکات.. ئەگەر پێشتر ڕێکەوتنی ستراتیژی دەیتوانی بەبیانووی هاوکێشەی ئێراقی خەڵک دەمکوت بکات، ئەوا دوای شکست و تەسلیم کردنەوەی پرسی کورد لەئیراقدا بەرامبەر چەند کورسیەک، شەرعیەتی جەماوەری لەق دەبێت و مەترسیەکان زەق دەبنەوە. گەورەترین مترسی ناوخۆش ئەمڕۆ بریتیە لەو توێژەی دەتوانێت باو ببەزێنێت وچەند دەستکەوتێکی بەدەست هێناوە.. هەر بۆیە ناچار دەسەڵات ئەم تاکتیکە سیاسیە بەکار دەهێنێت بۆ پاشەکشە پێکردنی ڕۆشنبیران و خەریککردنیان بەپاریزگاری لەو دەستکەوتە بچووکانەی لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەدەست هاتوون. شەڕی دەسەڵاتی مەلاکان بەشێکە لەشەڕی مەلاکانی دەسەڵات و هیچ دابڕاو نیە جیاوزیشە لەململانێی زانستیانەی نیوان زاناکان. شەڕی دەسەڵاتی مەلاکان جیاوازە لەیەک پرسدا، پرسی نووسین و ئازادیە کەناتوانێت هیچ هەڵبژێرێت چونکە مەحکومە بەلۆجیکی سووتاندنی تەڕ و وشک پێکەوە. بۆیە ئەم شەڕەی دەسەڵات هەڵیگیرساندوە چەند دژی ئیرادەی ئازادی بەرهەڵستکارانە هێندەش دژی دەستکەوتەکانی کۆمەڵگایە بەگشتی، تەنانەت ئەو دەستکەوتانەش کەئەمڕۆ دەسەڵات خۆی بەخاوەنیان دەزانێت.

No comments:

Post a Comment