بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





30/12/2013

چارەنووسی گۆڕان لەحکومەتەکەی پارتیدا

هەموومان باش دەزانین درووستکردنی باڵەخانەیەك چەند ئەرك و ماندووبوون و ڕەنج و شەونخونی دەوێت. لەکاتێکدا کەویستمان تێکیشکێنین و بیڕمێنین بەسەر یەکدا هەمووی چەند خولەکێکی کەمی بەسە. لەهەمان کاتدا هەموومان باش دەزانین بەوانەشەوە کە سوودمەند بوون لە بەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەمە پارتی بنەماڵەیەکی خیانەتکارە و بەدرێژایی مێژوو لەتاوان و نشوستی و تێکشکاندن و خراپەکاری زیاتر چاکەیان بۆ گەلی کوردستان نەبووە. ئەگەر ئێمە و هەموو گەلی کوردیش ئەم ڕاسییە نەزانین ئەوا نەوشیروان مستەفا زۆر باش ئەم ڕاستیانە دەزانێت. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بەیادی ئەو سەرکردەیەی بێنمەوە (کاتێك یەکێتی نیشتمانییەکەی ئەو بەدەستی پارتی ناشرین کراو تێکشکێنرا و وێنای تەواو شێوا، هەموو سەروەرییەکانی لەدەستدا، هێشتا ئەو لەسەرکردایەتی و ڕابەرایەتی ئەو پارتەدا بوو). من باوەڕم وابوو کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئیدی تێگەیشتوون لەوەی کە بە میتۆدی یەکێتی و بەڕێگای باو ناتوانرێت لەگەڵ گەندەڵێدا بەرەنگار بین بۆیە پەنایان بردە بەر ئەو بزاوتە "جیایە"، من دڵنیا بووم کە سەرکردایەتی گۆڕان درکیان کرد کە بزاوتی تر لەئارادایە و درنگ یان زوو لە کوردستاندا سەرهەڵدەدات.. ئیدی بۆیە ئەوان شەرم گرتنی و بڕیاریاندا لەپێشەنگدا بمێننەوە و لەبەرەی داکۆکیدا بن لەخەڵك و لەداواکانی خەڵك جدیتر بکۆڵنەوە، بۆیە گۆڕانیان بەو جۆرە و بەهەموو هێزێکیان درووست کرد.
ئەوەی ئێستا جێی مەترسییە، گەر گۆڕان خۆی بخاتە ناو ئاشی دەسەڵاتەوە، دەسەڵاتی کێ، دەسەڵاتی بەناو پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکەی خێزانی مەسعود بارزانی و باندی قاچاخ و حکومەتی نەوت.. پارتی پسپۆڕە لە ناشرینکردی هەموو شتێك ئەگەر هەناسەیەکی جوانی تێدا بێت، گۆڕان لەم هاوکێشەیە بە جوانی ڕزگاری نابێت. ئەو نەخشەیەی لە سبەی بلاوکرایەوە بۆ حکومەتەکەی نێچیرەڤان، جێی ئومێد نییە.. من باوەڕم وایە یان پاش چەند مانگێك گۆڕان دەبێت چۆلی بکات و بداتەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، یان ئەوەتا گۆڕانیش وەک یەکێتی ناشرین و ناشرینتریش دەبێت. کە ئەگەری دووەمیان بە گونجاوتر دەزانم. لەلایەکی ترەوە لەیادمان نەچێت ئەگەر ئەو باڵەخانەیەی گۆڕان تا ئێستا بۆ خۆی ڕازاندویەتیەوە کەوت و شکا جارێکی تر بە دە نەوشیروان مستەفا درووستناکرێتەوە.
من هیوادارم گۆڕان نەچێتە ئەو حکومەتەوە، چونکە حکومەتێك بێ ئۆپۆزسیۆن وێرانەیە، بەتایبەت لەم گەمە ناشەریفەی دیموکراسیدا و لەم بازاڕە بێپەروایەی سەرمایەداریدا. لەیادمان نەچێت هەندێ پارت و تەجەموعی سیاسی هەیە تەنیا لە ئۆپۆزسیۆندا جوانن، کاتێك دەچنە دەسەڵاتەوە بچووك دەبنەوە. ئەگەر گۆڕان پێوانەبکەین و خەسڵەتەکانی لێکبدەینەوە، ئەوا دەردەکەوێت یەکێکە لەو ڕێکخراوانە، کە لێرەدا  و لەبەر کورتی کات ناکرێت ئەو خەسڵەتانە لێك بدەینەوە. گرنگە گۆڕان بزانێت، کەئەگەر بچێتە حکومەتەوە و سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا ئەگەر لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی زیاتریش بەدەست بهێنێت هەر شکستخواردوە (هەڵبژاردنی پێشووتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگ و کورسی زۆرتری هەبوو بەڵام لەشکستێکی گەورەدا بوو). لەیادمان نەچێت ئەگەر گۆڕان دەیەوێت بەزەبری لەحکومەتدا بوون پارێزگای سلێمانی وەرگرێتەوە، ئەوا بەناشرین بوون لەحکومەتەکەی نێچیرەڤاندا زیاتر سلێمانی و شوێنی تریش لەدەست دەدات.

بەهەرحاڵ، ئێمە لەم دوورەوە تەنیا هۆشداریمان لەسەرە کە بیدەینە بزووتنەوەیەك، قەول وابوو گۆڕانکاری لەستراکتۆری کاری سیاسیدا بکات. ئەگەر دڵی ئەم بزووتنەوەیەش بەوە خۆشە گۆڕانکارییەکی چکۆلەی لەیەکەمین کۆنگرەی خۆیدا کردوە، ئەوا لەواجب زیاتر هیچی نەکردوە، ئەوە تەنیا تەپڵی ڕاگەیاندن و خۆش خەیاڵییە گەر پێمان وابێت کۆنگرەی گۆڕان سەرکەوتنێکی مەزن و شتیکی زۆر دانسقە بووبێت. ئەگەر پێمان وایە پارسەنگی مێوژ بە بەرسیلە بەینەوە، ئەوا جگە لەو چەند وشەیەی نەوشیروان مستەفا زیاتر هیچی تر لەهەگبەکەی گۆڕان هەڵناکڕێنین. من بە گومان ئەو سەرکردەیەش توانی بێتی و یان لەگەڵ پارتیدا بتوانێت ئەوەی مەبەستێتی بیخاتە چوارچێوەی هەڵبەستییەوە. لەکۆتاییدا هیوادارم لەوقوڕە کەبەمدواییە دەرکەوت هەمان قوڕە، هەمان تۆز بەرز نەبێتەوە.

07/12/2013

بەڵام ئینجا بەڵام

ئەو دەمەی پاکیزەیی و پرسیار دووچاری لێپرسینەوە دەبن!



ئەو دەمەی پاکیزەیی و پرسیار دووچاری لێپرسینەوە دەبن!
هەرگیز باوەڕم بە کوشتن نییە و بانگەشەی شەڕم پێ ڕەوا نییە، هاوڕێ دێرینەکانم لەوانەیە گەواهی ئەوە بدەن کە بەمنداڵیش لەکەسم نەداوە، تەنانەت بۆ ئەو تاوانکارە تیرۆرستانەیش کوشتن و سزای مەرگ بەکارێکی باش نابینم، کۆڵێك نیگەران بووم کە صەدام حوسێنی دیکتاتۆر لەسێدارەدرا و گەلی ئێراق نەیتوانی ئەو ئەرکە بکێشێت وانەیەکی جوان فێری دیکتاتۆرییەت بکات لە ڕێگایەکی تر و جیاوازەوە.. لەگەڵ ئەو ڕایەدام کە باوەڕی وایە هەمیشە ڕێگایەکی باشتر هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی تاوانکاران و بۆ بەبەرهێنانەوەی  هۆش بۆیان کە دڵنیام زۆربەی کاتەکان ئەو ڕێگایانە هێندە تێچوون و ئازاری هەیە لەخۆبەختکردن زۆر گرانترە، بەش بەحاڵی خۆم ئامادەم و لەهیچ گەورە و چکۆلەیەك باکم نییە و سڵناکەمەوە، ئامادەم بەگیانی خۆم ئەو بەڵێنە بدەم و چکۆلەترین نەفەربم کە ئەو ئەرکە گرانە و ئەو ڕێگا دوورە لەخۆ بگرم..
بەڵام ئینجا بەڵام، کاتێك تاکەکانی دەسەڵات جانەورانە دەبنە دڕندە و دەبنە گرێی شێرپەنجە کۆمەڵایەتییەکان و دەبنە ڕێگر لەبەردەم دۆزینەوەی ئەو ڕێگا ئاشتیخوازانەدا و زمانی دایەلۆگ لەبەین دەبەن، کاتێك دەسەڵات کەڕ و کاس دەبێت لەبەردەم دەنگی شەقام و گوێکانی چکۆلەدەبنەوە و هیچ نابیستن، کاتێك بەناو سەرکردەکان دوا کاسە و کەویلەی ڕەوشتیان دەپێچنەوە و بانگەشەی ئیفلاسی دەکەن.. ئەوا لەبنج دەرهێنان و ڕیشەکێشکردنیان وەك ڕیشەکێشکردنی بەعس و بەعسیزم دەبێتە پێویستییەك و پیاڵەیەك ژەهری تاڵ کە ژیرەکان پێش بەدهۆشەکان ناچارن بینۆشن! بەئامانجێك بۆ چارەسەر، نەك بۆسزا و/یان بۆ تۆڵە؛ ڕیشەکێشکردنیان جێی نکوڵی کردن نامێنێت و بەداخەوە ئەو پەڕی ڕەوایەتی پەیدا دەکات.
ڕیشەکێشکردن جۆری زۆرە، لەنێویاندا ڕیشەکێشکردنی دادوەرانە هەیە؛ کە بە حساب و ژمارە دەکرێت و لەڕێگای یاسای شۆڕشگێڕانەوە دادەڕێژرێت و ڕەوایانە جێبەجێدەکرێت. بەڵام ئینجا بەڵام، ئەو ڕیشەکێشکردنە بەجۆرە دادوەرانەکەیشییەوە نەخوازراوە و هێشتا هەستی مرۆییمان ئازار دەدات، چونکە ئەگەری ئەوەی هەیە مەرگ بەسەر مرۆڤە تاوانکارەکاندا بسەپێنێت و بەجۆرێك و بۆ ساتێك تووشی ڕامانێك ببین کە لەبەرامبەر پرانسیپە بنەڕەتییەکانماندا هەڵوێستەمان پێدەکات.
داوای ڕەوا و خواستی ڕەوای کۆمەڵگایەك کە چەند گرنگ بێت، ناکاتە ئەوەی بەڕێگای تۆڵەی مەرگ و بەڕێگای سزا بۆ سزا زامە دەروونییەکانی شۆڕشگێڕیمان خامۆش بکەین! بەڵام کەچی بەڵام، خەڵکی ستەمدیدە ناچارە لەپێناوی مانەوە و بەدەستهێنانەوەی مافەکانیدا پەنا بۆ ئەو چارەسەرە نەخوازراوە بەرێت، بێسڵکردنەوە، ئەم چارەسەرە ئەو پەڕی ڕەواییەتی بەدەستهێناوە لەئێستادا و دواخستنی بەدەیان و سەدان جۆر پەشیمانمان دەکاتەوە لەمێژوویەکدا کەئەمڕۆ هەریەکەمان یەکەم وشە و دێڕە سەرەتاییەکانی دەنووسینەوە!

لەیادمان نەچێت کەم نین لەکۆمەڵگای ئێمەدا ئەوانەی کە بەجۆرێك لەجۆرەکان لەپاڵ هەندێ کاری کەمدا، نووسین بووەتە یەکێك لە پیشەکانیان، هەموومان و هەریەکە بەڕێگای خۆی بانگەشەی دنیایەکی جوان و ژیانێکی دادوەرانە دەکەین و ڕۆمەت و بەرزی ژیانی مرۆڤایەتی یەکێکە لەخەم و خولیا و ئاواتەکانی زۆربەمان.. بەڵام ئینجا بەڵام، دەبیت بزانین کە کەم نین ئەوانەشمان لەنێوماندا و لەپەنای گوتارەکانی ئاشتیخوازی و گوایە وەك دەڵێن بانگەشەی ناشەڕدەکەن و یەکەمینن لەڕیزی پێشەوەی ئەوانەی داکۆکی لەفەلسەفە و پرانسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، کەچی لەپاڵ ئەم بانگەشانەدا پارووی پڕ خوێن و چەوری چەوساندنەوە و ڕەوایی پێدانی تیرۆری دەوڵەتی دەگلێنن و شەرم لەئاکامی پشتیوانییەکانیان بۆ دەسەڵاتێکی نەگۆڕی ستەمکار ناکەن و سڵ لە موجامەلە و دانانی چەند هێڵێك بۆ پاشگەزبوونەوە ناکەنەوە.. ئەوانە زۆر پۆلێن دەیانگرێتەوە، هەیانە بە ئاشکرا لەخانەی پارێزگاری لەدەسەڵاتدایە، هەیانە لەپشتی پەردەوە و لەهەردوو بەری جۆگەکەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەخوات، هەشیانە گێلانە و بێ خستنە ژێر پرسیاری هەڵوێستەکانی خۆی لەبازنەی ئەم یارییەوە دەگلێن و سەروەختێکە گلاون... گرنگە بۆ هەموو مرۆڤێك کە هەموو شتەکانی خۆی و خەڵکی لەژێر پرسیار و پیاچوونەوەدا دانێت، تەنانەت ئاشتی خوازی و مرۆڤدۆستیش لەژێر پرسیاردایە! کاتێك هەیە تێیدا هیچ شتێك لەپرسیار دەربازی نابێت و پیاچوونەوەی جدی هەڵدەگرێت، باشترین ئاماژە بۆ ناسینەوەی ئەم کاتە ئەو دەمەیە کەتێیدا هێز و دەسەڵات بەشدارە لەتیرۆرکردنی پرسیاردا، ئەوی من دەیبینم بەئاشکرا ئەمڕۆ پرسیار تیرۆر دەکرێت، بەکراوی و بە نەکراوی پرسیار تیرۆر دەکرێت.. ئیدی ئەو سات و دەمانە تا ئەوپەڕی سنوور ڕەوایەتیان لەدایكبووە.