بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





07/12/2013

بەڵام ئینجا بەڵام

ئەو دەمەی پاکیزەیی و پرسیار دووچاری لێپرسینەوە دەبن!



ئەو دەمەی پاکیزەیی و پرسیار دووچاری لێپرسینەوە دەبن!
هەرگیز باوەڕم بە کوشتن نییە و بانگەشەی شەڕم پێ ڕەوا نییە، هاوڕێ دێرینەکانم لەوانەیە گەواهی ئەوە بدەن کە بەمنداڵیش لەکەسم نەداوە، تەنانەت بۆ ئەو تاوانکارە تیرۆرستانەیش کوشتن و سزای مەرگ بەکارێکی باش نابینم، کۆڵێك نیگەران بووم کە صەدام حوسێنی دیکتاتۆر لەسێدارەدرا و گەلی ئێراق نەیتوانی ئەو ئەرکە بکێشێت وانەیەکی جوان فێری دیکتاتۆرییەت بکات لە ڕێگایەکی تر و جیاوازەوە.. لەگەڵ ئەو ڕایەدام کە باوەڕی وایە هەمیشە ڕێگایەکی باشتر هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی تاوانکاران و بۆ بەبەرهێنانەوەی  هۆش بۆیان کە دڵنیام زۆربەی کاتەکان ئەو ڕێگایانە هێندە تێچوون و ئازاری هەیە لەخۆبەختکردن زۆر گرانترە، بەش بەحاڵی خۆم ئامادەم و لەهیچ گەورە و چکۆلەیەك باکم نییە و سڵناکەمەوە، ئامادەم بەگیانی خۆم ئەو بەڵێنە بدەم و چکۆلەترین نەفەربم کە ئەو ئەرکە گرانە و ئەو ڕێگا دوورە لەخۆ بگرم..
بەڵام ئینجا بەڵام، کاتێك تاکەکانی دەسەڵات جانەورانە دەبنە دڕندە و دەبنە گرێی شێرپەنجە کۆمەڵایەتییەکان و دەبنە ڕێگر لەبەردەم دۆزینەوەی ئەو ڕێگا ئاشتیخوازانەدا و زمانی دایەلۆگ لەبەین دەبەن، کاتێك دەسەڵات کەڕ و کاس دەبێت لەبەردەم دەنگی شەقام و گوێکانی چکۆلەدەبنەوە و هیچ نابیستن، کاتێك بەناو سەرکردەکان دوا کاسە و کەویلەی ڕەوشتیان دەپێچنەوە و بانگەشەی ئیفلاسی دەکەن.. ئەوا لەبنج دەرهێنان و ڕیشەکێشکردنیان وەك ڕیشەکێشکردنی بەعس و بەعسیزم دەبێتە پێویستییەك و پیاڵەیەك ژەهری تاڵ کە ژیرەکان پێش بەدهۆشەکان ناچارن بینۆشن! بەئامانجێك بۆ چارەسەر، نەك بۆسزا و/یان بۆ تۆڵە؛ ڕیشەکێشکردنیان جێی نکوڵی کردن نامێنێت و بەداخەوە ئەو پەڕی ڕەوایەتی پەیدا دەکات.
ڕیشەکێشکردن جۆری زۆرە، لەنێویاندا ڕیشەکێشکردنی دادوەرانە هەیە؛ کە بە حساب و ژمارە دەکرێت و لەڕێگای یاسای شۆڕشگێڕانەوە دادەڕێژرێت و ڕەوایانە جێبەجێدەکرێت. بەڵام ئینجا بەڵام، ئەو ڕیشەکێشکردنە بەجۆرە دادوەرانەکەیشییەوە نەخوازراوە و هێشتا هەستی مرۆییمان ئازار دەدات، چونکە ئەگەری ئەوەی هەیە مەرگ بەسەر مرۆڤە تاوانکارەکاندا بسەپێنێت و بەجۆرێك و بۆ ساتێك تووشی ڕامانێك ببین کە لەبەرامبەر پرانسیپە بنەڕەتییەکانماندا هەڵوێستەمان پێدەکات.
داوای ڕەوا و خواستی ڕەوای کۆمەڵگایەك کە چەند گرنگ بێت، ناکاتە ئەوەی بەڕێگای تۆڵەی مەرگ و بەڕێگای سزا بۆ سزا زامە دەروونییەکانی شۆڕشگێڕیمان خامۆش بکەین! بەڵام کەچی بەڵام، خەڵکی ستەمدیدە ناچارە لەپێناوی مانەوە و بەدەستهێنانەوەی مافەکانیدا پەنا بۆ ئەو چارەسەرە نەخوازراوە بەرێت، بێسڵکردنەوە، ئەم چارەسەرە ئەو پەڕی ڕەواییەتی بەدەستهێناوە لەئێستادا و دواخستنی بەدەیان و سەدان جۆر پەشیمانمان دەکاتەوە لەمێژوویەکدا کەئەمڕۆ هەریەکەمان یەکەم وشە و دێڕە سەرەتاییەکانی دەنووسینەوە!

لەیادمان نەچێت کەم نین لەکۆمەڵگای ئێمەدا ئەوانەی کە بەجۆرێك لەجۆرەکان لەپاڵ هەندێ کاری کەمدا، نووسین بووەتە یەکێك لە پیشەکانیان، هەموومان و هەریەکە بەڕێگای خۆی بانگەشەی دنیایەکی جوان و ژیانێکی دادوەرانە دەکەین و ڕۆمەت و بەرزی ژیانی مرۆڤایەتی یەکێکە لەخەم و خولیا و ئاواتەکانی زۆربەمان.. بەڵام ئینجا بەڵام، دەبیت بزانین کە کەم نین ئەوانەشمان لەنێوماندا و لەپەنای گوتارەکانی ئاشتیخوازی و گوایە وەك دەڵێن بانگەشەی ناشەڕدەکەن و یەکەمینن لەڕیزی پێشەوەی ئەوانەی داکۆکی لەفەلسەفە و پرانسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، کەچی لەپاڵ ئەم بانگەشانەدا پارووی پڕ خوێن و چەوری چەوساندنەوە و ڕەوایی پێدانی تیرۆری دەوڵەتی دەگلێنن و شەرم لەئاکامی پشتیوانییەکانیان بۆ دەسەڵاتێکی نەگۆڕی ستەمکار ناکەن و سڵ لە موجامەلە و دانانی چەند هێڵێك بۆ پاشگەزبوونەوە ناکەنەوە.. ئەوانە زۆر پۆلێن دەیانگرێتەوە، هەیانە بە ئاشکرا لەخانەی پارێزگاری لەدەسەڵاتدایە، هەیانە لەپشتی پەردەوە و لەهەردوو بەری جۆگەکەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەخوات، هەشیانە گێلانە و بێ خستنە ژێر پرسیاری هەڵوێستەکانی خۆی لەبازنەی ئەم یارییەوە دەگلێن و سەروەختێکە گلاون... گرنگە بۆ هەموو مرۆڤێك کە هەموو شتەکانی خۆی و خەڵکی لەژێر پرسیار و پیاچوونەوەدا دانێت، تەنانەت ئاشتی خوازی و مرۆڤدۆستیش لەژێر پرسیاردایە! کاتێك هەیە تێیدا هیچ شتێك لەپرسیار دەربازی نابێت و پیاچوونەوەی جدی هەڵدەگرێت، باشترین ئاماژە بۆ ناسینەوەی ئەم کاتە ئەو دەمەیە کەتێیدا هێز و دەسەڵات بەشدارە لەتیرۆرکردنی پرسیاردا، ئەوی من دەیبینم بەئاشکرا ئەمڕۆ پرسیار تیرۆر دەکرێت، بەکراوی و بە نەکراوی پرسیار تیرۆر دەکرێت.. ئیدی ئەو سات و دەمانە تا ئەوپەڕی سنوور ڕەوایەتیان لەدایكبووە.

1 comment:

  1. دەستت خۆش کاک سۆران گیان، خۆزگە ئەو رۆژانەمان نەدیبوایە

    ReplyDelete