بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





03/07/2016

هەرجارەی باسێک ژمارە- ١٩

دوا گەمەی ئێمە و سەرمایەداری


من لەم ژیانە و شێوەی بەڕێوەبردنەکەی زۆر زۆر ناڕازیم. لەبەر ئەوەم نییە بێبەشم لەزۆربەی شتەکانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەبینم خەڵکێکی زۆر هەن کە لە زۆربەی پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان بێبەشن. من بۆیە بەو دۆخە و بە ئازارەکانی خەڵک ناڕازیم، چونکە چێژێکی زۆر گەورە و بێ سنووری ژیان لە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی ئەوانی تر دەبینم. ئیتر زۆر بەلامەوە سەیرە ئەگەر خەڵکێک ببینم بۆی گرنگ نەبێت خۆشگوزەرانە یان ئاسوودەیە! نەخێر هەر ئەوەندە نییە، هەندێ جاریش گلەییان لێ ناکەم چونکە بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە بەدرێژایی مێژووی خۆیان خۆشگوزەرانیان لە فیلمێکیشدا نەبینیوە. یان جاری وا هەیە خۆشگوزەرانی بەو بەدبەختییە دەبیننەوە کە خەڵکێکی تر بۆ ئەوانی درووستکردوە. لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە دەببینم کەسێک بە ئەندازەی من لە بێ بەشی خۆی نیگەران نەبێت و هەوڵ نەدات ئەو دۆخ و هۆکارانە بگۆڕێت کە ئەویان بێبەش و بێزار کردوە. زۆر جاریش ئەو هەرنازانێت ئایا بێبەشە یان نیگەرانە.

من کینەم لە کەس نابێتەوە، لەخۆشمەوە دژی ئەوی تر کار و گوفتار ناکەم، تەنانەت هەستیش بەو کینەیە ناکەم. بەڵام هەمیشە هەوڵدەدەم ئەوەی بێزارم دەکات لەسەر ڕێگەی خۆم لایبەرم، ئەو سیستەمەی نیگەرانم دەکات بیگۆڕم، ئەوەی دەبێتە کۆسپ لەبەردەممدا ڕیشەکێشی بکەم. مەرج نییە هەموو کات توانام هەبێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنم. ئەو بەرەنگاری و بەرهەڵستکارییانە زۆرن لە تاقەتی من گەورەترن، بەڵام گرنگ ئەوەیە من خۆم بە چکۆلە نەزانم. من چێژ لە ڕاکردن دەبینم بەدوای کڵاوەکەمدا کاتێک کە با بردبێتی، نەک لە دەستی پێوەگرتنی. زۆر جاریش هەیە هەر لە بنەڕەتەوە کڵاوم ناوێت و منەتم بە هێچ بایەک نییە.

ئەوەی لێی دڵنیام ئەوەیە: ئەو کۆسپانە بەهاوکاری خەڵکی تر ئاسانتر لادەبرێن، یان ڕاسترە بڵێم ئاسانتر کار بۆ لابردنیان دەکرێت. بۆیە ناوەستم لەوەی داوای کۆمەک و هاوکاری بکەم، کۆمەک و هاوکاریم لە تۆوە پێویستە کە هەمان هۆکار، کۆسپ و کاراکتەر چۆن ڕێگرن لە ئاسوودەیی من ژیانی تۆشیان کردوەتە جۆرێک لە دۆزەخ.

لای من ژیان فرەیە، گەورەیە و زۆرە! ژیان بەشی هەموومان دەکات، کاتێک یەکێک یان کۆمەڵە کەسێکی دێن و ژیان نووتەک دەکەن و کەمی دەکەنەوە و تاریکی دەکەن، ئەوا ئەوانە خۆشبەختی لە من و تۆ و هەموو خەڵک دەسێنن. ئیدی منیش دەبێت بەرهەڵستیان بکەم، هەروەها تۆش بانگهێشت بکەم وەک من دژیان بوەستیتەوە، یان ئەگەر خۆت دژیانیت داوات لێدەکەم تواناکانمان یەکبخەین. هاوسۆز نەبوون لەگەڵ ئاسوودەیی ئەوانی تردا لای من تاوان نییە، بەڵام دژایەتی کردنی سروشت و پێویستییەکانی ئەوانی تر بە بیانووی مافێکێ درۆیینە و خۆپەرستی و خۆسەپاندنێکی بێسنوور تاوانێکی گەورەیە، بەسادەیی و بەئاسان وەریناگرم و ناتوانم هەروا لێی ببورم.

ئەمە ئەو کونجەیە کە بە درێژایی مێژوو سەرمایەداری تێیدا گەشەی کردوە و گەورە بوە. ئەو لەسەر ئەم ژینگەی خۆپەرستییە ئاوەدان بوەتەوە و بەردەوامی بە خۆی دەدات و بوەتە سەرچاوەی ئەو بێدادی و نا ئاسوودەییەی من و زۆرێکی تری وەک تۆی خستوەتە نووتەک و مەترسییەوە. بۆیە دەزانم چارە ئەوەیە کە دەبێت ڕۆژێک بە خۆیی و دنگە ئەستوور و نالەبارەکانییەوە لەسەر ڕێگامان هەڵیگرین. من دژی سەرمایەداری نیم لەبەر ئەوەی هەڵگری ئایدیایەکی ترم، بەڵکو دژم چونکە سەرمایەداری ژیانی من و ئەوانی تری ناخۆشکردوە، سەرچاوەی نائاسوودەییمانە.

کاتێک باسی دێوەزمەیەکی ئاوا دەکەم تکایە یەکسەر با خەیاڵت نەچێت بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، مەبەستم ئەوە نییە بیر لەوێش نەکەیتەوە! یان خەیاڵت بڕوات بۆ ئەوەی من خەون بە یەکێتی سۆڤێتی جارانەوە دەبینم و بەرپێی خۆم تەنیا بە تۆرج لایتی مارکسیزم ڕۆشن دەکەمەوە. نا هەرگیز، بەڵای سەرمایەداری مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و لەتەمەنی مارکس و مارکسیزم زۆر کۆنترە، ئەم دوژمنە لە هەر جێیەکی ئەم گۆی زەوییەی ئێمەدا گەرای کردەوە و کوخ و خانەی جۆراوجۆری بۆ خۆی درووستکردوە. چەندێک زۆر بێت یان کەم لە گیرفانی هەریەکەماندایە. ئەمە پرسی پەراوەی ژیان و سیستەمە، ئابووری و بوونی ژیانمانە بەشێوەیەکی ڕۆژانە. بەڵایەکە چۆتە خوێنی تاکە کەسەوە و کاریگەری هەزاران ساڵەی تەمەنی خۆی لە جینەکانماندا داناوە. زۆر جار هەیە سڵدەکەینەوە ڕیشەکێشی بکەین، چونکە بەئەندازەیەک لە ناو هەریەکەماندا دەژی، بەئەدازەیەک کەرەستەکانی بڵاون و کاریگەریی داناوە هەرکات باس لە لابردنی ئەو سیستەمە دەکەینەوە خۆشمان دەکەوینە دڵەڕاوکێ و هەست بە مەترسی و هەڕەشە دەکەین.

سیستەم و میتۆدێکی ژیانە لەسەر گەمەیەکی قێزەون دەژی و خۆی کردوەتە پێویستییەک دژەکانی زیاتر بەکاریدەهێنن لە خۆی. هەمیشە ئەوەی خۆی دەیکات کەمترە لەوەی ئێمە دەیکەین بۆ پارێزگاری کردن لەو. هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە پێویستی بە دۆزینەوە و لەکارخەری گەورە گەورە هەیە. تکایە با ئەمجارەش داڵغەت نەچێت بۆ سوپایەکی زۆر مەزن، یان ئامێرێکی زەبەلاح و خوایەکە لەو گەورەتر بێت بێت هەروا بە ئەفسوونێک لەناوی ببات. من دەبینم ئەمانە هەمووی ترسن لەگەورەیی خۆمان و شۆڕبوونەوەی ئەوە بەناو بەشە چکۆلەکەی ناخی ئێمەدا.

ژینگە گەورەکەی سەرمایەداری لەسەری دەژی "جیاوازییە"، ئەو ئاوێنانەی خۆی تیایاندا دەبینێتەوە چکۆلەیی تاک بە تاکی ئێمەیە و پەرشکردنەوە و بەگژ یەکداکردنەوەی هەموو ئەو هێزە وردانەیە کە ئێمە وا دەزانین لە دژی یەکتر و لە دژی بێدادییەکانی یەکتر هەمانە و بەردەوام لەدەوری هەمان ئەو پایە دەخولێینەوە کە ئەو پێوەی دەمانبەستێتەوە.

سەرمایەداری کەرەستەکانی دیاریکراون و لە پانتایی جیاوازییەکانی ئێمەدا کاریان پێدەکات. بەبێ لەناوبردنی ئەو کەرەستانە هەرچی خۆمان لەگەڵ ئەم دوژمنە سەرسەختەی ژیاندا هیلاک بکەین دەکەوینەوە هەمان خانەکانی ئەوەوە. دواتر چەند بەرنامە و چەند تێڕوانینی جوانیشمان هەبێت ناگەینە ئەنجام. ئەمەی باسی دەکەم بێهیوایی نییە، بەڵکو  سەرسەختییەکی تاقەت پڕووکێنە. کەمێک گەڕان بەدوای چارەسەردا و بە هۆش و بیرکردنەوەیەکی جیاوازەوە وا دەکات هەموومان کە چارەسەرێکی تر نییە لەڕێگا باوەکانەوە!

 سەرمایەداری بە شەش کەرەستە گەمەیەک هەڵدەخولێنێت هەمیشە ئەو لە پێشەنگدایە و بەهۆیەوە گرەوی گەورە لەسەر جیاوازییەکانی ئێمە دەکات. ڕێگایەیکی گرنگ کە سەرمایەداری دەسڕێتەوە لە بوونیادەوە سڕینەوەی کەرەستەکانی ئەو گەمەیەیە. هەرکات توانیمان ئەو کەرەستانە لە ژیانی خۆماندا بگۆڕین، ئەوا سەرمایەداریمان لە گۆڕ ناوە. گرفتی گەورەش لەوەدایە، هەرکات کەرستەکانی سەرمایەداریم بۆڕستکردیت ئیتر تۆ بیرکردنەوەی منت بۆ دەبێتە هەڵەتاوێک (وەهم) و ئەویش لەسەر گەمەی خۆی بەردەوام دەبێت.

هەندێ لەو کەرەستانە زۆر بە ئاستەنگ دەسڕێنەوە، هەندێکیشیان کاتێکی زۆر زۆریان دەوێت. جا تا ئەوڕۆژەی مرۆڤایەتی دەکەوێتە سەر ئەم ڕێگایە یان دەست دەکات بەکارکردن لەسەر سڕینەوەی ئەو کەرەستانە ئێمە بە ناچاری لە ژێر باری ستەم و گوشارەکانی بێدادیدا دەژین.

کەرەستەی یەکم }پارە{: لە بەرچاوی خۆتی دابنێ، ئەگەر پارە نەمێنێت. ئاستەنگە، وا نییە! بەڵام بەڵێ دەکرێت پارە و جۆرەکانی و بنەچەکانی نەمێنن و پێوانەکانی بگۆڕین بەجۆری تر. ئەوەش جەرگبڕترین گورز دەبێت لە سیستەم و شێوە ژیانی سەرمایەداری. کارێکی سەختە بەڵام ئاستەم نییە.

کەرەستەی دووهەم {شوناس}: شوناسە نەتەوەیی و ئایینییەکان، شوناسی یانە و باند و کۆمپانیا و ...تاد ئەگەر بگۆڕێن بە شووناسە مرۆییەکان. هەموو ئەو بازاڕانە تێکدەشکێن کە سەرمایەداری گەمەی جیاوازی و ململانێیان لەسەر درووست دەکات. بڕوانە دابەشکردنی جیهان بەسەر بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدریدەکاندا، بزانە چ قازانج و چ بازاڕێکی درووستکردوە. هەر لە پێناوی بەردەوامی ئەم گەمەیەشدا، ئەستێرە ملیاردێرەکانی ئەو یانانە دەبنەوە بە خێرەومەند و کولێرە و بیجامەی خەت خەت بۆ منداڵانی سوریا و ئەنگۆلا دەنێرن.

سێیەم کەرەستە {کێشە}: سەرمایەداری بێ کێشە ناتوانێت یەک کاتژمێر حوکمڕانی ژیانی خۆی بکات چ جای ئێمە! هەموو ئەو کێشانەش لەنێوان ئێمە خۆماندایە و بەردەوامییان پێدەدەین. ئەوەی دەکەوێتە سەر ئەو بەڕێوەبردنی هاوسەنگی کێشەکانە کە ئێمە خۆمان بۆخۆمانی درووست دەکەین و پەلی ئەو ڕاپێچی سەر خوانی چنینەوەی دەستکەوتی کێشەکانی نێوان خۆمان دەکەین.

چوارەم {هێز}: هەزاران ساڵە لە هەر شوێنێک سەرمایەداری ویستبێتی جۆرەها هێزی بەکار هێناوە. بەڵام کێن ئەوانەی ئەم کەرەستەکانی هیز بەرهەمدەهێنن و بەکاریان دەهێنن و دەیانکەنە دیاری بۆ سەر دڵ و کۆتایی پێهێنانی ژیانی هەریەکەمان؟ بەڵێ، ئێمە خۆمانین و هەر خۆمان ئەو ئەرکە گرنگە بۆ ئەو ئەنجام دەدەین.

پێنجەم {زانیاری}: بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر سەرمایەداری زانیاری دەست نەکەوێت، چی ڕوودەدات؟ بێگومان هەر ڕۆژە و دەکەوێتە چاڵێکەوە، ئەوەشیان هەر  ئێمەین کە زانیاری بەو دەبەخشین و بەردەوام ڕێگاکانی پیشان دەدەین بۆ چەوساندنەوەی خۆمان. لەهەمانکاتدا چکۆلەترین گرنگی بە زانیاری دەربارەی ئەو نادەین.

شەشەم {هەڵەتاو (وەهم)}: ئێمە هەمیشە بەشێکی گەورەی هۆشمان لە هەڵەتاودا دەگوزەرێت. چاوەڕوانی پاداشتی دوا ژیانین و باوەڕمان بە فریاد ڕەس و ترسمان لە نەخۆشی ئایدز و کون بوونی چینەکانی ئۆزۆنە. بەڵێ ئەم هەڵەتاوە و دەست نەگەیشتنی ئێمە بە ڕاستی و زانستەکان وەک خۆیان هەمیشە دەرفەتی گەورەن بۆ دەسەڵاتی ئەو.

بەڵێ، ئەم باسە لە خەونی زانستی دەچێت، بەڵام بەبێ خەونی زانستی و وەبەرهێنانی ئەو خەونانە، سەرمایەداری هەرگیز نەدەگەیشتە ئەم گەورەییەی ئەمڕۆ. بە کورتی هەمیشە ئەو پێمان دەڵێت ئێمە دەبێت چ شتێک بکەین و کەچی ئەو خۆشی هەمیشە شتێکی تر دەکات.


زۆر زۆر سوپاس بۆ هاوڕیی خۆشەویست مامۆستا نەبەرد فوئاد، کە وشەی (هەڵەتاو) {وەهم} ی بۆ پشتڕاستکردمەوە.