بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





13/02/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٤) بەشی سێهەم و کۆتایی


باسی سەرەکی سێهەم: شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازاد 



کاتێك زۆر بە وردی بیر لە سەربەخۆیی ویست و پێویستییەکانی ئازادبوونی خۆت دەکەیتەوە، جێی گلەیی نیت ئەگەر لەم جەنجاڵیەی ژیاندا هەندێك جار کۆڵبدەیت. پاشان بێیت و لە خۆت بپرسیت، ئایا سەربەخۆیی ویست و ئازادییەکانی ئەو هەموو هیلاکی و ماندوو بوون و چەرمەسەرییە دەهێنێت! گومانی تێدا نییە ئێمە هەموو لە ناو سیستەمدا دەژین، بەوانەشەوە کە لە سیستەم یاخین و بانگەشەی پابەندنەبوون دەکەن بە سیستەمەوە! هەرچەند ئەوەی بتوانێت ئەو کارە بکات (یاخی ببێت)، کاتێك بە بێ بەرنامە یاخی دەبێت، ئەوا دەبێتە قوربانی! کاتێکیش بە بەرنامە یاخی دەبێت، ئەوا دەچێتەوە ناو سیستەم! بۆیە دەرباز بوون لە سیستەم هەندێ جار خودکوژییە و زۆرجاریش گەڕانەوەیە بۆ سیستەمێکی تر.
کەواتە گرنگی ئەم پرسە لەوەدایە بزانین چۆن و بە چ ویستێکەوە لە چ سیستەمێك دەچینە دەرەوە و چۆن دەچینەوە ناو سیستەم (ئەو سیستەمەی هەڵیدەبژێرین چۆنە؟). چونکە، ئەوەی ئەنارکیستێکی پێوانە دانسقەیە، تا ئەو فەیلەسوفە یاخییەی هیچ شتێك لە دەرەوەی خۆی ناخوێنێتەوە و تەنیا خۆی بە سەنتەری هەموو بوون دەزانێت، لە ناو کۆی سیستەمدا دەژین. وەك ئەو ئەگەرانەی باسمانکردن. ئێمە هەموو هەوای سیستەم هەڵدەمژێت و بە وزەی سیستەم بەڕێوە دەچێن. جیاوازییەکە لەوەدایە؛ ئەوەی یاخییە لە سەپاندنی پیرۆزی، دەتوانێت بەهای نوێ درووست بکات. ئەوەی ملکەچیشە بە سیستەم، بەتایبەت سیستەمی (پیرۆزکراو)، ئەوا دەبێتەوە خۆراکی بەردەوامی ئەو سیستەمەی کە پیرۆزی کردوە. دروستکردنی بەهای نوێ گەڕانەوە بۆ سیستەم دەکاتە شێوگی سیستەمێکی جیاواز، بەرەبەرەیی و هارمۆنیکای جیاواز بوون بەردەوامی گۆڕانی مێژوویی پیشاندەدات.
ئەوەی من لەسەرەوە باسمکردوە، زۆر ئازایانەتر نییە لە کۆی سروشت. گریمانە زانستیترینەکانی ئەمڕۆی دونیا (بۆ نمونە؛ تیۆری کوانتەم لە فیزیادا، یان تیۆری تەقینەوەی مەزن)، دەڵێن خودی گەردوون و بوونیش لە ناسیستەمەوە بە سیستەم بووە. بەڵام ئەگەر تێبینیش بکەین دەبینین، هەر دەرچوونێکیش لە سیستەم دەیانخاتەوە دۆخێکی ڕێکخراوەیی کە خۆی لە خۆیدا سیستەمێکی ترە. ئەشێ لە ناڕێکییەکانی سیستەمەوە تێکڕای بوون، یان هەر سیستەمێك، وەك نا سیستەمێك ببینین. ئەمە وا دەکات خوێندنەوە و ڕەخنەی خۆمان هەبێت و بمانەوێت ڕێکیبخەینەوە و بیکەینەوە بە سیستەمێکی تری جیاواز. خودی تێکدان و ڕێکخستنەوە شتێك لە خەسڵەتەکانی دوێنێ دەباتە سبەی. ئیدی هەر سیستەمێكیش بونیاد بنێیت ئەو ناڕێکیانەی تێدا دەبینرێتەوە، گرنگ ئەو میکانیزمەیە کەدرێژە بە ژیانی سیستەم دەدات، کەدەتوانێت وا بکات سیستەمەکە خۆی نارێکیییەکانی چاكبکاتەوە نەك بیکاتە بەشێك لە سیستەمەکە و کولتووری سیستەمەکەی پێ بهێنێتە ژێر باری ڕاهێنان بۆ درووستکردنی سیستەمێکی خراپتر لە داهاتوودا وەك ئەوەی لە ماوەی حوکمڕانی چەتەکانی دەسەڵاتی کوردیدا بینیمان.
خاوەنی ویستی سەربەخۆ و ئازاد دەتوانێت ئەو کاراکتەرە بە پیتە بێت لە کۆی یاخی بوون و سیستەمیشدا ڕۆڵی وەرچەرخێنەر بدۆزێتەوە. ئەشێ ئەمە بە هەموو کەس نەکرێت، چونکە ماتەوزەی[1] (پۆتێنشیاڵی) زۆری دەوێت. بە دیاریکراوی لەم سێ پەرەگرافەی سەروە دەزانین، ئەگەر مانایەك بۆ بوون و ژیان هەبێت لەناو ژیانێکی ڕەخنەگرانەدا هەیە. لە ناو ژیانێکدا هەیە بەهۆیەوە هەوڵێك بدەیت بۆ باشتر لە دۆخی گوزەر، تەنانەت ئەگەر دۆخی گوزەر سەراپا لە دەستکردی خودی خۆشت بێت. ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە مرۆڤ بە بەردەوام چواردەور و خۆی دەخاتە ژێر پریسارەوە و بەردەوام لە گەڕاندایە بەرەو باشتر. ئەمێنێتەوە بێینە سەر ئەو پرسیارەی، (ئایا ژیان چ مانایەکی هەیە بە گومانەوە، تا بە بەردەوامی لە گوماندا بین بۆ دۆزینەوەی باشتر؟) ئەی کەواتە، چۆن مرۆڤی پڕ و ڕەخنەگر ڕزگاری دەبێت لەم قەیرانی نا ئارامیی و نا جێگیرییەی لەناو خودی خۆیدایە و ئەو قەیرانەی لە دەرەوەی خۆیدا بۆی بوەتە کێڵگەی مینێك بە هەر لایەکیدا بڕوات ئەگەری ڕووداوی نەخوازراوی هەیە. بەوردی لەسەر پرسی هەڵسەنگاندنی زانسیت و توانای بڕیاری بەرپرسیارانە دەوەستین، بەڵام سەرەتا هەندێ وردە گرژی هەن خاویان دەکەینەوە.
مرۆڤ کە متمانەی بە خۆی لە دەستدا پێویستی بە هێنانی متمانەیەکی دەرەکی هەیە. ئەو پێویستییە لە پێناوی ئەوەدایە پشتی پێ ببەستێت تا بەردەوام بێت، مرۆڤی بێ متمانە بێ پشت ناتوانێت بەردەوام بێت! مرۆڤی هیچ ناتوانێت خۆی ببێتە پشت بۆ خۆی! ئەم جۆرە لە مرۆڤ، لە ئاگاییدا پەنا دەباتە بەر هێزێکی بەهێزتر و خۆی لە پاڵیدا حەشار دەدات، لە بێئاگاییشدا ناچار دەبێت شتێكیتر لە دەرەوەی توانای خۆی پیرۆز بکات. لە هەردوو بارەکەدا بە بێ گەڕانەوە بۆ بنەما ڕەوشتیییەکانی ناتوانێت بژاردەیەك هەڵبژێرێت کە لەگەڵ ئەودا تەبا بێت. بنەما ڕەوشتییەکانی ئەو، کە پێشتر بونیادنراون، بەرهەمی گۆڕانی بڕ و توانای زانینن.  کاتێکیش بێ ئاگا دەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ بنەما ڕەوشتییەکانی خۆی و لەوێوە هەڵبژاردنی خۆی دەکات و پیرۆزییەکانی سنووری ئەو هەڵبژاردنەی بۆ دەست نیشاندەکەن.
بەم هۆیەوە دەتوانین پتر تێبگەین کە پیرۆزیی چ ڤایرۆسێکی کوشندەی ئەندێشەمەندی و گەشەیە بەرەو باشتر. کەواتە شکستهێنان بە پیرۆزیی، دەتوانێت ئێمە بگوێزێتەوە قۆناغی بازدان بەرەو گۆرانکاری بە ئاراستەی پێشکەوتن و تەنانەت پێشکەوتنی زەبەلاحیش. جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە خۆ قورتارکردن لە پیرۆزی کەوتنە دۆخی بێ بەهایی نییە، چونکە بێ بەهایی جیاوازە وەك ئەوەی پێشتر باسمان کردوە. کاتێکیش کەسێك بە ئاگاییانە متمانەی خۆی لە دەستدەدات، دەگەڕێت بەدوای ئەو باشترینەدا کە لە بەها ڕەوشتییەکانی ئەوەوە نزیکە، زۆر جار هەیە بوێری ئەوە ناکات بیخاتە ژێر پرسیارەوە! بەتایبەت ئەگەر بیخاتە ژێر پرسیارەوە گومان دەکەوێتە متمانەکانییەوە. لەم دۆخەدا مرۆڤ کاتێك تەواو متمانەی بەخۆی لەدەستدا، ئەوا بەشداری هەر کردەیەك بکات، دەبێت کەرستەیەك بەدەست ویستی ئەو کردیەی ترەوە نەك خۆیەوە، ئەوکاتە چەند کردەکە سەربەخۆ و بە بەها و ئازادانەش بێت، مرۆڤ تێیدا لەقاڵبی سیستەمێك دەدرێت کە خۆی بەشێك نییە لە داینامیکای دروستکردن و تەنانەت بەردەوامی پێدانی ناوەڕۆکی ئەو سیستەمە. ڕزگار بوون لەم تەڵزگەیە، لەم کێڵگەی مینە، بە مرۆڤێك دەکرێت کە بتوانێت سیستەمێك بێنەتە گۆڕی مەیدان کە ترسی لە پێکهاتەی خۆی نەبێت ئەو سیستەمە ڕۆژێك بیهاڕێت، تەنانەت هاڕینی خۆشی بە بەشێك لە سیستەمە نوێیەکە قبوڵ بێت.کەواتە ناچارە دڵنیا بێت ئەو سیستەمە بە بێ ئەوی ئەندێشەمەند و داهێنەر بە سیستەمی و بەزیندوویی نامێنێتەوە، کەبەردەوام لە خۆشی دەخوات.
ئەگەر بمانەوێت ستراتیژێك بۆ ئەم فەلسەفاندنە وشکە دابڕێژین و لە واقعدا بەرجەستەی بکەین، لەوانەیە دووچاری کاولکاری ببین، واتە چی لەبەردەستماندا هەیە تێکی بیشکێنین و سەرلەنوێ درووستی بکەینەوە. لە خۆیدا؛ نامۆیی ژیانی سیستەمی سەرمایەداری بە ناڕاستەوخۆش بێت ئەم کاولکارییە دەخولقێنێت و دەیکاتە بارێکی دەروونی نا جێگیری تاك. هەربۆیە تاکێك بەرهەمدەهێنێت؛ ئەو تاکە یان لە ڕاستی ژیاندا کاولکاری دەکات یان لەسەر گەمەیەکی نێتەوە کاولکاری خۆی دەکات. ئەم کاولکارییە دەرفەتێکی بەهێزی داوەتە سەرلەنوێ داڕشتنەوە. کێشەی گەورەی ئەم کاولکارییە ئەوەیە هەموو شتێك تێکدەشکێنێت بە ئامانجێکی تر، ئێمەش کاتێک بوێرانە پلانی بونیادنانەوەمان لە هزرابێت، ئەندێشەی داڕشتنەوەی سیستەمێکی ترمان لە هزردا بێت، لە قازانجمان نییە هەموو شت کاول بکەین؛ ئەگەرچی خۆی ئەوە دەگوزەرێت بۆ ئاسانکاری ئەو بەها نوێیانەی سەرمایەداری دەیانهێنێتە ژیانەوە لە ڕێگەی بازاڕەکانییەوە. ئێمە لە قازانجماندا نییە چونکە پرۆسەکەی سیستەمی کاپیتالیزم بە جۆرێکە هەموو شتێك تێکدەشکێنێت.
شوێنکەوتنی بەهێز، چەند نمونەیەك؛ لە پرۆسە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردندا، مرۆڤی لاواز ناچێت دەنگی خۆی بدات بەو کەس و لایەنەی خۆی بەلایەوە پەسەندە و دەخوازێت حوکمڕانی بکات. دەچێت دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دوو سەرەکیترین ڕکابەرەکە "کە هەردوکیان بەهێزن"! ئەمە لە هەموو دونیادا بە شیوەیەکی ڕێژەیی پەراوە دەکرێت! پرسیاری بەرجەستەکردنی خودی خۆیە لە ناو هێزی بەهێزدا. یان دەتوانین ببینین، کە بەشێکی زۆر لە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو ئومێدی خۆیان بە پرۆسەیەکی لاوازی وەك ڕیفراندۆمەکەی بارزانییەوە بەستەوە، کە گوایە دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیان بۆ دروستدەکات! بێ متمانەیی و شکستی خۆیان لەوێ ساخکردەوە. ئەگەرچی گەمەکە لە ناوسەری بزاوتەکاندا وا دەردەکەوێت بۆ بەرژەوەندی بێت، بەڵام لە خۆیدا ئەم لایەنە شیکارییەی گرنگترە لە بەرژەوەندییەکە، هەر بۆیە بەرژەوەندیخوازانەش دەبێتەوە. چونکە خۆ بۆ ئێمە گرنگ نییە بزانین بۆ بەرژەوەندی خوازی هەموو هەڵوێستەکان دەدۆڕێنێت، ئەوە ئاساییە! بۆ ئێمە گرنگە بزانین کە بۆ بەرژەوەندی خوازی دەبێتە لە پێشینە. گومانی تێدا نییە کە بنەڕەتەکەی بۆ دۆڕانی متمانە بە خۆ پەیدا بوە. لەلایەکی تر دەبینین، تاکێکی تێکۆشەری بوێری باشووری، لە سیخناخترین دۆخی گەندەڵکاری و خۆفرۆشی دەسەڵاتەکەی لەمەڕ خۆیدا، دەچێت لە باکور دەبێتە گەریلای پارتی کرێکاران و تا ئامادەیی گیانفیداییش دەکشێت. تۆ بزانە ئەم مرۆڤە چەند بەخشندەییە بەڵام بەهۆی تێکشکانی متمانەی خۆیەوە دەگەڕێت بە دوای کوانووی هێزێکی پاکدا کە ئەوەش وابەستە دەبێتەوە بە بەها ڕەوشتییەکانی خۆیەوە. بەڵام ناکرێت لە خانەی شکستی توانست و ویستی سەربەخۆدا ئەمە نەبینینەوە!
ئەم سێ نمونەیەی سەرەوە، لە ناشرینترینیانەوە بۆ جوانترینیان. لە خراپترینیانەوە بۆ باشترینیان، نمونەی زەقی نەمانی متمانە و شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازادانەی خەڵك پیشان دەدەن. کاتێك مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ کە تائێستاش لە مەرگی ڕابەرەکەی ژیر نەبوەتەوە، گرفتەکەی گرفتی زانین و بارێکی دەروونی تێکشکێنراوە، گرفتی لەدەستدانی ویستێکی بوێرانەیە کە لە بازنەیەکی فراوانتر بیربکاتەوە و بتوانێت خۆی و چواردەوری ڕەخنە بکات. شوێنکەوتنی بەهێز، گرفتێکی گەورەی ویستی بونیادنەرانەیە و یەکێکە لەو پنتانەی شکستەکانی شۆڕش هەمیشە دەکاتە شکستی هەموومان. هەرگیز بە تەنیا شکستی ئەوانە نامێنێتەوە کە بەرپرسیاربوون لە هەنگاوە هەڵەکان! ئاشبەتاڵێ ١٩٧٤ بە نمونە ئەنجامی پیرۆزی "ڕێبازی بارزانی"، کە بێ گومان شتێك نەبوە بە ناوی ڕێبازەوە، بەڵام لە بێ ڕێبازیدا هەرچی شتە دەبێتە ڕێباز. کەوتنی کەرکوك بۆ نمونە، ئەنجامی پیرۆزی قوربانی وپیرۆزی جوگرافیایەك، بەبێ بیرکرندوە لە پاراستنی ئەو بەهایانەی دەکرێت ببنە بزوێنەری داکۆکی و مانەوە. شوێن کەوتنی بەهێز، ئەو هۆشمەندییە مێگەلییە دروستدەکات کە مێژوویەکی درێژە ئێمە بەدەستییەوە هیلاکین، جار هەیە هیلاکی دەگاتە ئاستی بڕست لێ بڕان! دۆخێکە ئیمە تێیدا ناتوانین ڕووداو درووست بکەین تەنیا خۆمان لە ڕووداوەکاندا دەبینینەوە. هەموو سەرکەوتنەکانی کچە گەریلایەکی ١٧ بەهار دەکەینە شوناسی خۆمان و ئێمە تەنیا لە فۆرمدا لەسەر خوێنی بەردەوام ڕژاوی ئەو ئەژین! ئەو پیرۆز دەکەین، لە پیرۆزکردنەکەیدا یەکەم هەنگاو دەنێین بۆ کوشتنی پەیام و فەلسەفەی قوربانی دان.
ئەم دۆخانە هەموویان من دەخاتە بەردەمی تاقیکردنەوەیەك (تاقیکردنەوەی ئاسوودەیی لەناو وەهمی شکستدا)، کاتێك ڕاڤەی دەکەین دوو شێوگی لێ دەبینینەوە: یەکێکیان ویست (ئیرادە) لە دەست دەدەیت و/یان دەیبەخشیت، بۆئەوەی لە ناو چێژ و لەزەتی شکستا بژیت (ئەو قارەمانە خوێڕییەی لەقەباڵە جەنگییەکاندا سامانەکەی زیاتر دەبێت)! دووهەمیان توشی ئەو هەڵەتاوە دەبێت کەلای وایە ئاسوودەیە، چونکە لە شکستدا ئەو بەو ئاسوودەییە ژیا کە خۆی ویستی، (وەك ئەو منداڵەی شانازی بە شەهید بوونی باوکییەوە دەکات کاتێك لە شکستی کەرکوکدا سنگی نا بە یەکەم گولەی دوژمنەکانەوە).  جیاوزی ئەم دوانە لە ئاسوودەیی لەناو سەرکەوتندا، یان لەناو خەیاڵی سەرکەوتندا شتێکی ئەوتۆی جیاواز نییە، ئەگەر ئەو سەرکەوتنە بە ویستی سەربەخۆی ئەوی تاك درووست نەکرابێت. بۆ نمونە ستەمکارترین دەسەڵات دەتوانێت هەڵەتاوی سەرکەوتن درووستبکات ئاسوودەیی ڕاستیینەش نەبێت خەڵك پەلکێش دەکات بۆ ناو ئەو درۆی سەرکەوتنە!
مرۆڤی ڕەخنەگر بۆ دەرباز بوون لە خۆبەدەستەوەدان و دەرباز بوون لە هەڵەتاوی یاخیبوون، دەتوانێت سوود لە دوو ڕێگا وەربگرێت: یەکەمیان ئاستی هەڵسەنگاندنی زانستی و سیستەماتیك لە خۆیدا بەهێز بکات. دووهەم ئاست و توانای بڕیاردانی بەرپرسیارانە گەشەپێبدات. ئەم دوانە هەردووکیان پێویستیان بە گرتنە بەری ڕەگەزی مەترسی هەیە و بۆ سەرکەوتنیش ناچاردەبین هەردوو ڕێگەکەمان پێویست ببێت!
یەکەم: بەهێزکردنی ئاستی هەڵسەنگاندن؛ هەڵسەنگاندن یەکێکە لە ئەڵقەکانی بازنەی میتۆدی زانستی بۆ بەرەوپێشچوون، بەجیا لەوەی چەندین تیۆر و میتۆدی جیای دەربارە هەیە، دەکەوێتە شوێنێکی هەستیارەوە لە بەتوانایی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی باوی خۆت. ئەو دۆخەی مرۆڤی ڕەخنەگر وا لێدەکات ناکارا بێت و لە کۆتاییدا بە ئاسانی خۆبەدەستەوە بدات، یان لە هەڵەتاوی یاخیبوونی خۆیدا بمێنێتەوە. هەموو دیاردەیەك کە تێبینی دەکرێت، لە هزری ڕەخنەگردا شیدەکرێتەوە. هەموو شیکراوەکان ڕەگەزێکیان لێ پێكدێت کە بریتییە لە گریمانەکردن... دواتر تیۆریزەکردن... پاشان جێبەجێکردنی تیۆری و بەرهەم هێنانی واقعێك بەو کارە کردارییە! رەخنەگر لەواقع و کەسی ناتەبا لەگەڵ بەرئەنجامەکانی واقعدا بە بێ هەڵسەنگاندن بەهەمان بازنەی پێشوودا دەچێتەوە و خۆی دووبارە دەکاتەوە. لێرەدایە هەڵسەنگاندنی زانستی، وادەکات ڕەخنەگر پێشنیاری فۆرمی تر و میتۆدی تر بکات، تەنانەت ئەگەر ئەوەی پێشتریش بەرهەمی خۆی بووبێت. واتە پیرۆز بوون شکستی خوارد. شکستی پیرۆزکردن، لە قۆناغی نەزانییەکی وەك ژیانی (مێگەلی) دەمانباتە قۆناغی کۆمەڵگایەکی هۆشمەندانە. لە خولەکانی تری دواتردا کە بریتییە لە تێبینیکردنەوە جارێکی تر بەهەمان بازنەی پێشوودا ناچینەوە و جێگرەوەی تر تاقی دەکەینەوە ئەمەش نوێ بوونەوە مستۆگەر دەکات.
دووهەم: گەشەپێدانی بڕیاری بەرپرسیارانە؛ هەمووکات بڕیارەکانی مرۆڤ بەرپرسیارانەیە، تەنانەت لە دۆخی بێپەرواییشدا. جار هەیە بەرەوڕووی ئەو بەرپرسیارێتییە نابینەوە لە مێژوودا، بەڵام بە دەستەگەری لە ئەستۆماندایە. کاتێك باس لە گەشەپێدانی دەکەینەوە دەمانەویت مانایەکی ڕێکخراو و ژیرانەی پێ ببەخشین تا زیاتر لە چوارچێوەیەکی چاکتری زانستیدا بەرجەستە بکرێتەوە. بریار، بۆ ئەوەی دروستتر بێت، پێویستی بە دوو کۆتایی هەیە: یەکەمیان کۆتایی زانیارییەکانی لە توانای زانیندا هەبێت! دووهەم پێشبینیکردنی ئاکامەکانی بە پێی دراوەکانی ئێستا. بڕیار ئەگەر ئەم دوو زەمینەیەی کۆتاییەی بۆساز نەبێت، ئەوا مرۆڤی ڕەخنەگر بڕیاریش بدات دەخزێتە خزمەتی پیرۆزییەکەوە کە پەڕەکانی دیار نین! مرۆڤ دەشێت بڕیار بدات داکۆکی لە پیرۆزییەك بکات لەبەر ئەوەی لەلای وایە کە بەهایەکی بەرزی تێدایە، بەڵام ئەگەر بریارەکانی بەر ئەنجامی زانیاری و پێشبینی کردنی تەواو بن ئەوا ناتوانێت پیرۆزی بەو ئەندازەیە بکاتە ڕابەر! دواجار یان بڕیارەکەی شتێکی تردەبێت جگە لە پیرۆز کردن یان دەبێتە بڕیارێکی بگۆڕ بۆ پیرۆزییەکە. ئەگەر ئەوەی دووهەمیان دەرچوو ئەو دەمە مرۆڤی بریاردەر گەشەی بە بڕیارەکەی داوە. ماوەتەوە خۆی بخاتە ئەو مەترسییەوە کە بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرێت.

هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا لێی ڕاناکرێت و ناتوانین لێی یاخی ببین. کەچی هەڵگرتنی ئاشکرای ئەو بەرپرسیارێتییە مەترسی ئامێزە، چونکە گرەوێکی تێدایە بەهۆی هۆکارە دەرەکییەکانی ژینگەی بڕیارەوە. بردنەوەی ئەو گرەوە دانایی یاریکردن بە مەترسی دیاریدەکات. ئایا چەند دەتوانین دانا بین لە یاریکردن بەو مەترسیانە؟ ڕاستەوخۆ ئەم خاڵە دەبەسترێتەوە بە تێگەیشتن و لێوردبوونەوە و دەوڵەمەندی زانیارییەکانمان. ئەوەش لە خۆیدا مەترسییەکی ترە. مەترسی گیان بەخشین کارێکی ئاسانە لەگەڵ یەك تۆز سەرمەستی پیرۆزکردنێك بۆ گەیشتن بە ماچێکی خۆشەویستەکەشت ئەو مەترسییە دەگریتە بەر و دەتوانیت گیانی خۆت ببەخشیت! بەڵام مەترسی سست بوون و دامان بەدەست چارەسەری گرفتێکی گشتییەوە لەسەردەمێکی دژواری گەشەسەندووی تەکنۆلۆجیدا زۆر جار هەیە دەیان و بگرە سەدان گیانسپاردن ئازار بەخشانە دەژیت. ئەو مەترسیەش لەم ڕۆژەدا مەترسییەکە دەکرێت زۆر شتی بۆ لەدەست بدەیت تەنانەت ئەوەی پێی دەوترێت ئاسوودەییش. بەڵکو پێویستیمان بەوە هەیە ئاسوودەیی لەو مەترسییەدا سەوز بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەرگەی بگرین. واتە چێژ لەو مەترسی و سەرکێشییە ببینین و خۆ بەدەستەوە نەدان بگەیەنین بە کەنارێکی تر.

سەرچاوەکان بە گشتی:
  •     Maslow, A. (1987). Motivation and personality. New York: Harper &Row.
  •     Peace Pilgrim. (1981). Steps toward inner peace. Hemet, CA: Friends  of Peace Pilgrim.
  •     Jay R.Feierman (2009). The Biology of Religious Behavior, ABC Clio.
  •     Steve M. Jex. (2002). Organiazational Psychology, a scientist practitioner approach. John Wily & Sons, Inc.

·       رعد حسن الصرن/ إدارة الإبداع و الإبتکار، أسس التکنولوجیة و طرق التطبیق، ٢٠٠٢ سلسلة الرضا للمعلومات.



[1]  ماتەوزە هەروا بە ئاسانی درووست نابێت، ماتە وزە لە مرۆڤێکدا بەرئەنجامی فێربوون و ڕاهێنان و ئەزموون و ئەندێشەمەندی و دەرفەت و بۆ گونجاندن و ئاستی ژیری و پەروەردەی باش و زۆر شتی تری دەوێت، پرسەکە لەوەدا نییە کەسێک باش بێت و کەسێکی تر خراپ، نا هەرگیز! ئەگەر دەرفەتە باشەکان بۆ هەموو کەس وەك یەك هەڵکەون، ئەوا زۆرینەی هەرە زۆر ئەشێ بە جیاوازی تایبەتەوە ئەو ماتەوزانەیان تێدا کۆببێتەوە کە پێویستە بۆ بەدەرکەوتنی کاراکتەری بە پیت.

04/02/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٤) بەشی دووهەم

قەیرانی پیرۆزکردن و شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازاد
بەشی دووهەم


باسی سەرەکی دووهەم: شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازاد
سەربەخۆیی ویستی ئازاد؛ هەستێکی بەهێزی ویستێکی بڕیاردەرانەیە، کە مرۆڤ سەربەخۆیانە دەخوازێت و دوا بڕیار دەدات بۆ گرتنە بەری ئەو ڕێگا و پێشهاتانەی دەیگەیەنن بە ئامانجێكی خوازراو کە بە ویستی خۆی هەڵیبژاردوون. سەربەخۆیی ویست چەمێکە بۆ هەڵگرتنی ئاکامەکانی بڕیار و بەرپرسیارێتی لە بیرکردنەوەی بڕایردەرەوە سەرباری ئەوەی کە لە کۆی بزوێنەرەکانی ترەوە پەیدا دەبێت. ویستێکە وابەستەیە بە پێویستی و تواناییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان. جا ئەو خوازراوە ئەنجامی داوایەکی سروستی و فیزیکی بێت یان ئەنجامی تێگەیشتن و ئەندێشەمەندی بێت. هەردووکیان پێکەوە و بە جیاجیاش دەکەنە (پێویستی). لێرەوە تێدەگەین کە سەربەخۆیی ویست خودی شێوگی ئازادانەی ویستەکە وەك بەرهەمی بزوێنەرەکانی تر درووست دەبێت. هەر بەهۆی ئەو بزوێنەرانەی تریشەوە بەهێز یان لاواز دەبێت. لێرەوە تێدەگەین کە چەند بکۆشین و هەوڵبدەین سەربەخۆیی ویستی ئازاد، سەربەخۆیی و ئازادییەکانی ڕێژەیین و لە ئاستێکی ڕەهادا نین. لە هەمان کاتدا گەر ویستێك بەڕێژەیەکی زۆر بەرز سەربەخۆ بێت، ئەوا لەبەر ئەوەیە کە بزوێنەرەکەی (خودی مرۆڤ)ـەکە خۆیەتی زیاتر لە هەر پاڵنەرێکی دەرەکی تر. لێرەدایە مرۆڤ دەکەوێتە بەردەم هەڵبژاردنەکان لە بڕیارەکانی خۆیدا! هەر کات مرۆڤ توانی لە سەر ئەگەرەکانی بەردەمی بە ڕەخنەوە بوەستێت دەتوانێت بەڕێژەیەکی بەرز دەست بە سەربەخۆیی ویستی ئازادی خۆیەوە بگرێت، بەرپرسیاریش بێت لە هەر بژاردەیەك کە دەیکات.
کەمێك لەسەر ئەم پرسە دەوەستین! ئەگەرەکانی هەڵبژاردنی هەر کردە و هەڵوێستێك کاتێك لە دوو زیاتر دەبن، ئیدی مرۆڤ دەتوانێت ئەگەر و هەڵبژاردنی تریان لێ درووستبکاتەوە بە پێی بۆچوونی خۆی و بە پێی ڕەخنەگرتنی خۆی لە ئەگەرەکان. جاریش هەیە هەڵبژاردنەکانی مەرجدار دەبن، بە سەربەخۆیی ویستەکەیەوە. سەربەخۆیی ویست لە هەڵبژاردنی ئەگەرە فەراهەمەکانیشدا بێ کاریگەری نامێنێتەوە، بەشێوەی ڕاوچییەکە کە پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەبێت و ڕوانگەی لە سێرەدا بێت بۆ هەر دەرفەتێك کە پیاچوونەوە ڕاگەیەنێت. ئەو دۆخەش نائارامییەکی تەواو درووست دەکات، دۆخێکی شڵۆقە مرۆڤ تا سەر لەوانەیە نەتوانێت لەو دۆخەدا بمێنێتەوە. یان کەمن ئەوانەی دەتوانن ڕەخنەگرانە بەردەوام لەو دۆخەدا بژین و چاودێری چواردەوری ڕووداوەکان بکەن تەنانەت گەر بژاردەی خۆشیان بن. ئەم جۆرە لە مرۆڤی بزۆك و دەروون ناجێگیر لە مێژووی خۆیاندا دەکەونە بەردەم چەندین دووڕێیان لە نێوان بژاردە و چاوەڕوانیدا، هەمیشە بژاردەی باشترین دەکەن، بەڵام بە گومانەوە. هەمیشە ڕاڕان لەسەر بژاردەکانیان و لە چاوەڕوانیدان، چونکە دڵنیان لەوەش باشتر هەیە. ئەم دۆخە لەیەك کاتدا قەیرانیشە و دەرفەتیشە! مرۆڤی داهێنەر و مەزن لەنێو ئەمانەدا نەبێت درووست نابێت، لە نێو ئەمانەشدا ئەوانە دەتوانن بگەنە مەزنی کە بەشە قەیراناوییەکان دەگۆڕن بۆ دەرفەت. کارێکی گرانە، بەڵام مەحاڵ نییە، خۆ ئەگەر مەحاڵ بوایە ئەوا، چەندین ملیۆن ساڵ لەمەوپێش ئەم مرۆڤەی ئەمڕۆ شکستی دەهێنا یان لەوانەبوو مێژوو تەنیا مێژووی سروشت بێت.
تاکە دەرباز بۆ مرۆڤی ڕەخنەگر، تا بکەوێتە ڕێگایەکی کرداری و لە ڕاڕایی دەرباز ببێت، دوو پێویستی گەورەن: یەکەم؛ ئاستی هەڵسەنگاندنی زانستی و سیستەماتیك لە خۆیدا بەهێز بکات. دووهەم؛ ئاست و توانای بڕیاردانی بەرپرسیارانە گەشە پێبدات. هەریەکێك لەم دوو ڕێگایە کۆمەککارێکی گەورە دەبن بۆ دەربازکردنی مرۆڤی ڕەخنەگر لە دۆخی ناکارایەوە بۆ دۆخی کارایی. لە دواجاردا بە وردی لەسەر ئەم دوو کەرەستەی دەربازبوونە دەوەستین و ئیستا دەگەڕێینەوە بۆ لای ئەوانەی کە بە ئەندازەی جیاجیا لە ویستیاندا سەربەخۆن و ڕێژەی سەربەخۆییان لە نێوان هیچ و زۆردا چۆن دەگۆڕێت.
یەکەم: سەربەخۆیی ویستی ئازاد و زانین؛ مرۆڤ لە بژاردەکانیدا ناچارە پشت بە ئاکامە پێشبینیکراوەکان ببەستێت، تەنانەت ئەگەر بژاردەیەکیش بێت بۆ لە کۆڵکردنەوە! ئاکام بەر لە کردەی هەڵبژاردنی بژاردەیەك پێشبینیکراوەییە، واتە تەنیا لە وێنادا ئامادەیە! پێشبینیکردن، دەتوانین بە دوو جۆری سەرەکی پەڕگیر کورتی بکەینەوە: پێشبینییەك کە پشت بەباوەرێك دەبەستێت وابەستەی پێشبینی کەسێکی بە تواناترە لە زانیندا، وەك ئەو بژاردەیەی سەرکردەیەك دەیکات و سەرکردایەتیکراوەکانی بەدوای دەکەون. یان ئەو بژاردەیەی بەڕێوەبەرێك و ئەفسەرێك دەیکەن و بەڕێوەبراوەکان و سەربازەکان ناچارن بە پێی یاسا و سیستەم دوایان بکەون. ئەم جۆرەیان لە پێشبینی و وێنا وابەستەی سیستەم و کەسێکە کە بڕیاری لێدراوە بە تواناتر و زاناترە. هەرچی جۆری دووهەمە ئەو جۆرە لە پێشبینییە کە ئەنجامی لێکدانەوەی زانراوەکان مرۆڤ دەیکات و بە پێی دراوەکانی زانیاری دەزانێت ئاکام بە کوێ دەگات و هەر بە پێی ئەو شیکردنەوانەش بڕیار دەدات چ بژاردەیەك هەڵبژێرێت. دوا جار پێکهاتەی ئاوێتەش لەم دوو جۆرەی پێشبینی و ئاکامبینی درووستدەکرێت. بەگشتی دەتوانین بلێین؛ مرۆڤی خاوەن زانیاری ئاراستە ڕەخنەیی، کەمتر دەتوانرێت پێشبینی ئاکامەکانی بەسەردا بسەپێنرێت. بۆ نمونە؛ ناتوانین بەئاسانی پێی بلێین: "خەباتی ئێمە خەباتێکی سەرکەوتوە و ئایندەمان ڕوون و ڕەوایە"، ئەم ڕستەیە لە دروشمکاری کاتێك دەتوانێت ئەو کەسە بهێنێتە ناو خەباتی تۆوە ئەگەر لەگەڵ لێکدانەوە زانستییەکانی خۆیدا بگونجێت. بە گشتی کەمی ڕێژەی ئەم تواناییانە لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا دەرفەتێکی ئاسانتر دەداتە دەسەڵات و بزاوتەکان کە لەگەڵ هەبوونی هێزدا بتوانن ئاراستەی زۆرینەی خەڵك بکەن. کەچی لە کۆمەڵگایەکی زیندوودا ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی ناچێتە پێش. لە سەدەی ڕابردوودا وڵاتانی ڕۆژئاوا تا ڕادەیەك لەسەر بنەمای باڵادەستی هەژموونی بەڵگەی زانستی بەئاسانی بەڕێوە نەدەبران و کارلێکی فراکسیۆنە کۆمەڵایەتییەکان گەلێك بەهێزتر و گەورەتربوو بۆ گۆڕانکاری لە ئەمڕۆ، تەنیا بۆ نمونە.
دووهەم: سەربەخۆیی ویستی ئازاد و ئەزموونکردنی شکست؛ ئەزموون و شکست لە ساواییەوە لە پێكهاتەیەکی دەروونیدا کەڵەکە دەبێت. بۆ نمونە؛ ئەگەر، بتوانیت بەرنامەیەك داڕێژیت بۆ پەروەردەی نەوەی نوێ (هەر بەرنامەیەك بێت)، بە جۆرێك زۆرینەی کاتەکانیان لە چوارچێوەیەکدا لەدەستی تۆدا بن، ئەوا بە ئاسانی دەتوانیت لە داهاتوودا ئەو نەوەیە بەو شێوەیە بەڕێوەبەریت کە بەرنامە پەروەردەییەکەت بۆی ئامادەکردوویت. ئەم یەك دوو دێڕە زۆر دانایی تێدا نییە، بەڵکو لای زۆرێك لە خەڵك زانراوە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کاریگەری پەروەردەیە، کاریگەری ئەزموونکردنیی شکستە کە چۆن سەربەخۆیی ویستی ئازاد توشی شکست دەکات. پەروەردەیەك تەژی بێت لە سەرکۆنەکردن و پاسیڤ کردن، پەروەردەیەکی تر لە پیرۆزکردن، دانەیەکی تر لەسەر شێوگێکی ملکەچی بۆ ژیان و دەسەڵات ڕامان بهێنێت، نەخێر دانەیەکی تر تەڵقینمان بکات و پرسیارمان لە بیربەرێتەوە و ئەوەی تریان بەردەوام یەك وێنەی سەرکەوتن و یەك وێنەی سەرۆك و یەك وێنەی جوانیمان پێ ببەخشێت بێگومان ناتوانێت سەربەخۆیی بە ویستێکی ئازادانە گەشە پێبدات کە مرۆڤ بۆخۆی خۆی بێت، ئەمەش ئەو پێشبینییەیە کە پێمان دەڵێت ئێمە دووچاری شکستی بەردەوام دەبینە، گەر ئێستاش نەبێت  هەرکاتێكی تر. بێگومان شکست چارەنووسی هەتا هەتایی ئێمە نییە، بەڵام کاتێک بتوانین لە فۆرمە باوەکانی کار و قوربانی خۆمان ڕزگار بکەین. لێرەدایە ئەزموون و شکست کاریگەری گەورە لەسەر ویست درووست دەکەن. کاتێك مرۆڤ لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆیەوە بەردەوام شکست و سەرکۆنەکردنی ئەزموون کردبێت، ئەوا ئەو ئەزموونە بونیادێکی پێچەوانەی ئازادی و سەربەخۆیی بە ویستی تاك دەبەخشێت. چاککردنەوەی ئەم تاکە دەبێت ئەزموونێکی سەرکەوتوو ببینێت بۆ ئەوەی بتوانیت بگەڕێتەوە دۆخی خۆ بوون. خاڵێکی گرنگ کە نامەوێت بەسەرماندا تێپەڕێت، گەڕانەوەیە بۆ پیرۆزی (پیرۆزی) ئەو بەڵایەیە، کە چارەنووس لە مرۆڤی ئاوا کەوتوودا، مرۆڤی بێ ویست و کەم توانادا هەمیشە بە هیوایەکی خەیاڵی یان گێلکردنێکی مەبەستدارەوە گرێ دەداتەوە. ئەوەی ئەم پرۆسەیە دەیکات، مرۆڤێکی بێ ویست (بێ ئیرادە) دەهێنێت لە پای کەمزانی و کەرامەتە بریندارەکانیدا ویستێکی پیرۆزی پێدەبەخشێت و دەیکاتە کۆڵێك لە هیوا، بەڵام بێگومان لەگەڵ کەوتندا تێکڕای ئومێدەکان لەگەڵی هاڕە دەکەن. ئەزموونی ترمان زۆرە و داهاتووشمان پڕ دەبێت لەم ئەزموونانە، باشترینیان ببینە کە (بەناو ڕیفراندۆمەکەی هەرێمەکەی مەسعود بارزانی) بوو.
سێیەم: سەربەخۆیی ویستی ئازاد و بەڕێوەبردنی مەترسی؛ لەڕووی کردارەوە تێکڕای کردەکان تەنانەت ئەگەر کاردانەوەش بن پشت بە بڕیاردان دەبەستن. خودی هەر بڕیارێكیش گرێدراوی مەترسییە پێشهاتوەکانە! مرۆڤ کاتێك بڕیاردەدات ببێتە شۆڕشگێڕ یان شۆفێر یان نانەوا... مرۆڤ کاتێك بڕیار دەدات وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بداتەوە یان پەڕەکانی بە سپێتی پێشکەش بکات...تاد. ئەوکاتانەیە دەکەوێتە بەردەم مەترسییەکانی بڕیارەکەی، ئەم بڕگەیە تەواو وابەستەیە بە توانای پێشبینیکردنەوە! سێ جۆری سەرەکی لە بەڕێوەبردنی مەترسیمان بۆ دێتە پێش: مەترسی بەرز، هەمیشە قازانج و زەرەر تێیدا زۆر بەرزن. مەترسی نزم، هەمیشە قازانج و زەرەر تێیدا نزمن. هەروەها دڵنیایی، کە تێیدا مەترسی نییە، ئەشێ قازانجێکی دیاریکراویش نەبێت. لەوانەیە گەر سەرزارەکی سەیری ژیان بکەین، بڵێین ژیان بە دڵنیاییەوە خۆشترە ئیتر بۆ مەترسی بگرینە بەر؟! لە ڕاستیدا، دۆخی دڵنیایی یان ئەنجامی خۆ بەدەستەوەدان پەیدا دەبێت، یان ئەنجامی زانینی هەموو دوورییەکانی داهاتوو پاشان دیاریکردنی بژاردەیەك کە مرۆڤ دڵنیا دەبێت لە ئاکامەکانی بژاردەکەی. ئەوەی دووهەمیان زۆر بارێکی نمونەیی یە، بۆیە لێرەدا گرنگە لەسەر خۆبەدەستەوەدان ڕوونکردنەوەیەك بنووسین؛ دۆخی خۆ بەدەستەوەدان دۆخی قازانج نییە، بەڵکو دۆخی زەرەرێکی هەڵبژێردراوە! دۆخێکە لە پێناو مانەوە بە کەمترین ئاستی دەستکەوتەوە، هەندێ جار تەنیا مەمرە و مەژی و بێمافیش دەگرێتەوە، یان تواندنەوەی شوناس و خۆدانە دەست سیستەمێك دەگرێتەوە کە تەنیا بە هەڵەتاو نەبێت هیچ ڕەواییەکی تێدا نادۆزرێتەوە. لەم بڕگەیەدایە ستراتیژەکانی هەڵبژاردنی مەترسی بە پێی ئامانجەکەت دیاری دەکات تۆ دەتەوێت بگەیتە کوێ.
چوارەم: سەبەخۆیی ویستی ئازاد و متمانە بە توانایی (جۆری ستراتیژ)؛ جگە لە ستراتیژ و بەڕێوەبردنی مەترسی مرۆڤ کاتێك بە دوای ویستی سەربەخۆ و ئازادی خۆیدا دەکەوێتە دۆخی بڕیاردانێکەوە، دەگەڕێتەوە بۆ تواناییەکانی، تواناییەکان لە دەرەوەی زانین و ئەزموون، بەڵام بەدەرنین لە پێشبینی کردنی کاریگەری ئەو تواناییانە لەسەر ئاکامەکانی داهاتووی بڕیار. تاکە کەسێك کە دێت و بڕیار دەدات بژاردەیەك بگرێتە بەر و بەشێك بێت لەو بژاردەیە بەکەمێك لە هەڵوێستەوە دەتوانێت بان تواناییەکانی خۆی بکەوێت، یان کەمێك لە تواناییەکانی بهێڵێتەوە بۆ ئەو بەشە تاریکە پێشبینی نەکراوەی بڕیارەکەی. لێرەدا گەر تێبینی بکەیت لەمەڕ تواناییدا مرۆڤ دەکەوێتە بەردەم داناییش. چونکە بەهۆی داناییەوە دەتوانێت تواناییەکانی خۆی لە کات و شوێنی گونجاودا بە باشی ئاراستە بکات. هەلبژاردن لە نێو بژاردە جیاوازەکانی بڕیاردا مرۆڤ وا لێ دەکات ستراتیژی بێتوانایی هەڵبژێرێت یان ستراتیژی کارکردنی تواناییەکانی خۆی یان ستراتێژێك هەڵبژێرێت کە تواناییەکانی خۆی کەنار بگرێت. بۆنمونە ئەم ستاتیژانە وا بەستە بە بوونی کۆمەڵایەتی و جێکەوتی کەسەکەوەن. مرۆڤ کەم توانا بێت یان زۆرتوانا، ئەگەر جێکەوتی کۆمەڵایەتی لاواز بوو یان بەهێز بوو بژاردەکانی دەگۆڕێن. مرۆڤ هەیە لەڕووی تواناییەوە بەتەواوی بە توانا هەژمار دەکرێت، بەڵام لە هەڵوێستدا خۆی جیادەکاتەوە لە تواناییەکانی و وەك پێویست لە ئاستی ویستێکی سەربەخۆی خۆیدا بەکاری ناهێنێت، چونکە ئەو خۆی شوناسی تواناییەکانی خۆی نازانێت یان بیشیانزانێت نایەوێت بەکاریان بهێنێت یان بەگەڕیان بخات. ئەم مرۆڤە بە بێ دابڕاندن لە شوناسی خۆی و پێبەخشینەوەی شوناسێکی تر ناتوانێت تواناییەکانی بەگەڕ بخات. بۆیە ئەگەر (ستار ناوێك) لە کۆمەڵگادا تواناییەکی دیاریکراوی هەبێت (بەهێز و ئەرێنی) بەڵام لە چوارچێوەیەکی شکستخواردوودا پێناسەکرابێت، ئەوا ئەم (ستار ناوە) داببڕین لە خودی جێکەوتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی خۆی، ئەوا دەتوانین ناوی قارەمانێکی پێ ببەخشین و تواناییەکانی لە ژێر شوناسێکی تردا پێناسەبکەینەوە. لەو دەمەدا ستارمان ڕزگار نەکردوە، بەڵکو ستارمان فۆرمات کردوە و سەرلەنوێ پێناسەمانکردوەتەوە ڕۆڵێکی ترمان پێ بەخشیوەتەوە. سەرئەنجام دەتوانین تواناییەکانی بۆ "شتێکی پیرۆز" بەگەڕ بخەین.
پێنجەم: سەربەخۆیی ویستی ئازاد و جێکەوتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی؛ چوارچێوە (باوندەری) کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ئەو سنوورە دیاریدەکەن یان ئەو بواری بەرامبەرە دیاری دەکەن کە لە نەخشەی هەر مرۆڤێکدا هەیە. مرۆڤ بە پێی سەربەخۆیی ویستی ئازادانەی خۆی (خاڵی یەکـەم) دەریدەخات تا چەند دەتوانێت ئەم سنوورانە ببڕێت و بیانبەزێنێت. هەندێ توانایی سەیر لە مرۆڤدا هەیە کە دەتوانێت بەشێکی باش لەم سنوورە کۆمەڵایەتی و ئابووریانە ببەزێنێت و ئەوەی خۆی ویستێتی جێبەجێی بکات. جاریش هەیە سیستەم دێت ئەم کارە دەکات، تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگایەك دادەڕووتێنێت لە ویستەکانی خۆی و لە چوارچێوەیەکدا ویستێکی گشتی و گەلییان پێ درووستدەکات بۆ ئەوەی بەو ئاراستەیە بگاتە ئامانج کە سیستەمەکە دەیخوازێت. هەموو مرۆڤێك جێکەوتێکی کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، لەو جێکەوتە کۆمەڵایەتییەوە سنوور و چوارچێوەکانی سەرکێشی و تێپەڕاندن دیاریدەکەن، بەهەمان شێوە بۆ جێکەوتە ئابوورییەکانی. لە نمونەیەکی چکۆلەدا چوارچێوەی ژیانی تاكێك کە (دایك یان باوك) بێت، ڕۆڵی بەرپرسیارێتی کەسەکە دەگۆڕێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ویستی ئازادانەی خۆی پەراوە بکات. بەهەمان شێوە ئازادی بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگایەك ئامادە نییە و بەسەراپاگیریش بۆ کۆی کۆمەڵگای مرۆیی. لە سادەترین نمونەدا ئایا ئێراقی و ئەفغانییەك وەك ئەڵمانی و فەرەنسییەك ڤیزەیان پێ دەدرێت و ئازادن لە گوزەرکردن بە جیهاندا؟ بێگومان نەخێر. ئەگەر ئەمە دابەشبوونێکی چینایەتی جیهانی بێت بەهەمان شێوەیە لە کۆمەڵگایەکی چکۆلەی چەند سەد خێزانیشدا دابەشبوونەکە هەیە. چارەسەرکردنی ئەم بەشەی ویست، وابەستەیە بە مرۆیی بوون و ژیاندۆستی سیستەمەوە. کاتی ئەوە نییە لێرەدا هیچی لەسەر بڵێین.
شەشەم: سەربەخۆیی ویستی ئازاد و بڕی هێز، شوناس و پێگەی بوون؛ هێز دەگەڕێتەوە بۆ خودی مرۆڤەکە وەك ماتە وزەی تاك سەیر دەکرێت، بۆنمونە خەسڵەت هەن هێز دەبەخشن زیرەکی (٨٠%)ی پەیوەندی بە بۆماوەوە هەیە! هێزی ماسوولکەیی! هەرجۆرێکی تر بێت لە هێز! شوناس؛ ئەمیش کاریگەری خۆی هەیە، بۆ نمونە لە گێتۆیەکی ڕەش پێستەکاندا یان جوولەکانی ئەوروپای پێشتردا شوناس گەورەترین کاریگەریی هەیە کە زۆرجار بەربەستە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان تێدەپەڕێنێت. شوناسی کوردبوون بۆ زۆر کەس جیاوازی لە نێوان سەرمایەدارێك و دەرۆزەکەرێکدا ناهێڵێتەوە، با تا ئەوپەڕی سنوور دژ بەیەکیش بن. تواندنەوە بەهۆی شوناسەوە یەکێکە لەو هۆکار و کەرەستانەی هێز دەبەخشێتە تاك بۆیە ئەم هێزە بەخشراوە سەربەخۆییەکانی سنووردار دەکات، سەربە گرۆی دەکات، بەڵام ئەشێ گرۆ سەبەخۆیانە ویستێکی دەستەگەرایی ئازادی دروستکردبێت. لەم شوناسەوە دەپەڕینەوە بۆ پێگەی بوون! مرۆڤ چۆن بوونی خۆی پێناسەدەکاتەوە، وەك کەسێك سەربە شوناسێك یان کەسێك سەربەخۆی! جار هەیە سەربەشوناسێك بەرامبەر بە شوناسەکانی تر هێز دەبەخشێت و هێزیش سەربەخۆیی ویستی ئازاد ((لەبیرمان نەچێت ئەو پرسیارە بکەین، ئایا ویستەکە ویستی ئازادی کەسێکە یان بەسەریدا سەپێنراوە و لە ناو گرۆدا ئەو کەسە تواوەتەوە)). ئەی ئایا مرۆڤ بوونی خۆی لە سەنتەر بوونی خۆیەوە پێناسەدەکات، واتە من لێرەدا ئەم خواستەم بۆ ئەم پرسەی ژیان هەیە، کەواتە ئەوە منم بڕیار دەدەم چۆن ژیانێك وێنا دەکەم، نەك چۆن وێنایەك ژیانی من بەڕێوە دەبات. بێگومان ئەم ئاراستەیە هیچ سیستەمێك دڵخۆش ناکات کە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ویستی ئەوانی تر بێت، کە لە بنەڕەتەوە شێوەیەك لە ژیان یان سیمبوڵ یان سەرۆك یان هەرشتێکی ناگشتی و/یان سەرمەدی و هەمیشەیی پیرۆزکردبێت. بۆیە پێکەوە باسی هێز و شوناس و پێگەی بوونمان کرد، چونکە لەگەڵ یەکتردا پەیوەندییەکی تەواوکاری گرنگ و گەورەیان هەیە و بێ یەکتر باس ناکرێن.
حەوتەم: سەربەخۆیی ویستی ئازاد و چێژ بینین لە ئازادی و سەربەخۆیی؛ فەیلەسوف و دەروونزانی مەزنی جیهانی ئەیریك فرۆم زۆر بە جوانی ئاسۆکانی چێژ بینین لە ئازادی ڕوون دەکاتەوە. بە تایبەت لە کتێبی  (هەڵهاتن لە ئازادیدا) کە بەزمانێکی زۆر سادە و جوان ساڵی ١٩٤١ نووسیویەتی. ئەوەی دەمێنێتەوە خودی سەربەخۆییە، بە تێگەیشتن لە پیرۆزکردن، لە خودی سەربەخۆیی دەتوانین زیاتر تێبگەین. مرۆڤێك لە ناخی خۆیدا ئەنجامی زانین و دونیابینییەکی فراوان نەتوانێت سەربە خودی خۆی بێت هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەر بەشتێکی بەهێزتر بێت لە دەرەوەی خۆی، ئەو دەم لە وێوە دەست دەکات بە خۆ تواندنەوە لە ناو ئەوی تردا، ئەوانەی کە دەتوێنەوە لەو بەهێزەدا بەدەگمەنیان دەتوانن ببنە بەشێك لە پێکهاتەی بەهێزەکە. چونکە لە کولتووری بەهێزدا هەموو بەشە نوێکان کە دێنە ناوەوە خەسڵەتی بەهێزەکە وەردەگرن و بەهێزەکەش تەنیا ئەوەی دەیەوێت لە خەسڵەتی ئەوان وەردەگرێت بۆ خۆ بەهێزکردن. کاتێك ئەوانەی دەچنە ناو بەهێزەکەوە دەتوانن پارێزگاری لە بوونی خۆیان بکەن، ئەگەر بتوانن بەشەکولتوورێك پێكبهێنن (لە لاوازی کولتووریشدا ئەمە کەمێك ئاستەمە) . ئینجا ئەم مرۆڤە تواوەیە، خەسڵەتی خۆ لەدەست چوە (یان ئەشێ لە بنەڕەتەوە خەسڵەتی خۆی هەر نەبووبێت، ئەنجامی نەزانین یان کەم زانین) هەرگیز ناتوانێت بۆ نمونە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ یان جڤاتێکی سەربەخۆ یان دەوڵەتێکی سەربەخۆ درووست بکات. ئەم درێژبوونەوە سایکۆلۆجییە لە بارستەبوون و هەڵچنرانی نا سەربەخۆیی تاکەکانەوە بەرئەنجام دەبێت. دەبینیت مرۆڤی شکستخواردوو لە سەربەخۆیی ویستی خۆیدا پەنا دەباتە بەر هەر هێزێکی بێگانە، یان هەر ئەزموونێکی سەرکەوتووی تر و ناتوانێت ببێتە بەشێك لێی بەڵکو تەنیا دەتوانێت بۆی بەکار ببرێت (هەر چۆن هەبوون ئەزموونی ئێرانیان بە سەرکەوتوو دەزانی، یان ئیخوانی میسر و هەن شێوگە ژیانی سۆشیالدیموکراتەکانی ئەوروپاییەکان و هەن ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و هەن میتۆدی ئیسرائیل...تاد) ئەمانەی باسمانکردن بێگومان لەیەك ناچن، بەڵام لە شێوەی خۆ بەدەستەوەدان بۆیان تاكی شکستخواردوو لە سەربەخۆییدا دوو چاری دەبێتەوە. لە نمونە جوانەکاندا مرۆڤ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەتوانێت بەهۆیانەوە ئارایشێك بە خۆی بدات، بەڵام لەبەر خۆ نەبوون لەبەر شکستی ویستی بنەڕەتی تەنیا توانەوەی پێ دەبڕێت و لە ناو تواوەشدا ناتوانێت ببێتە یەکێك لە پێکهاتەکانی خەسڵەتەکەی.  

03/02/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٤) بەشی یەکەم


قەیرانی پیرۆزکردن و شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازاد
بەشی یەکەم


دەستپێك:
باسی ئەمجارەمان زیاتر بۆ تێفکرین و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە، نەك باسێك بێت کە چاوەڕوانی ئەنجامێکی دیاریکراوی کۆنکرێتی لێ بکەین. بابەتی بیرکردنەوە وەك ئەو پرسیارەیە کە دراوەکانی هیچ پەیوەندییەکیان بە شیکاری پرسیارەکەوە نییە و پرسیارەکەشی پێ چارەسەر ناکرێت، بەڵام کەرستەکانی گرنگن بۆ بیرکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتێکی دیاریکراوی تر لە دەرەوەی پرسیارەکە. لەوانەیە بپرسین ئایا بۆ ئەم سەرکێشییە دەکەین لە دونیای نووسین و بیرکردنەوەدا، تەنیا بۆ قسەکردنە؟ بێگومان نەخێر، زۆرجار (وەك ئەم جارە) بۆ ڕوونکردنەوەی مەترسییەکە کە لە ئەنجامی هەبوونی باوەڕێکی زۆرەوە بۆمان درووست دەبێت، بەبێ ئەوەی ئەو باوەڕە بەرەو ئاکامێك بڕوات کە لەسەر بنەمای شیکارییەکی ژیربێژیانەوە بونیادنرابێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە، خودی بابەتەکە کە لەوانەیە بۆ هەموو ناوەندێکی خوێنەواریی ئاسایی دەست نەدات، بۆیە داوای لێبوردن لە خوێنەرانی دەکەم، ئەگەر گرێ و گۆڵێکیان هاتە بەردەم لە کاتی خوێندنەوەیدا، بەتایبەت خوێندنەوە لە ئاستێکی گشتی فراواندا. بێگومان ئەوە کەموکورتی کەس نییە، بەڵکو ئەشێ لاوازی من بێت کە نەمتوانیوە لەوە سادەتر ببمەوە یان نمونەی زیاتر باس بکەم. ئەگەر سادەتر بوونەوە درێژدادڕی و ڕوونکردنەوەی زۆری بوێت، بەڵام وردبوونەوە لە نمونەکاندا لەوانەیە هەندێ زیانی ناپێویستمان لێ بدات کە ئێستا کاتی نەبێت لەم دۆخەدا وردبوونەوەکان بخەینە ڕوو، بۆیە بەشێك لەو لێکدانەوانە بۆ خوێنەری بەڕێز جێدەهێڵم تا خۆی لێیان ڕابمێنێت. بە کورتی بابەتەکە باس لە قەیرانێكی شاراوە دەکات کە لە زۆر باردا نهێنی بەڕێوەچوونی کۆمەڵگایەکی قەیراناوی لێك دەداتەوە، هەروەها پیشانی دەدات کە چۆن ئەم جۆرە لە قەیرانی شاراوە کۆمەك بە شکستی سەربەخۆیی ویستی[1] ئازاد دەکات و ناهێڵێت پرسە گشتییەکان بەرەوپێش بچن لە مەودای دووردا. کاتێك هەموو ئەم پرسانەش لە ژێر ناوی پیرۆز و جوان جواندا بەڕێوە دەچن، کە چی پێویستییەکانی کۆمەڵگایەکی چکۆلەش بەرهەم ناهێنن و زۆرجار دەبنە هۆی ڕێگریکردن لێیان
ماوەتەوە بڵێم ئەم نووسینە، بەرهەمی تێڕامانی منە بە پشت بەستن بە هەندێ سەرچاوەی زانیاری و گفتوگۆ لەگەڵ هەندێ هاوڕێی دڵسۆز، هەروەها تایبەتیش بە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی کوردستان. ئەو سەرچاوانەی سوودم لێ بینیون لە کۆتابەشی نووسینەکەدا و لە کۆتاییەکەیدا ڕیزکراون. لەبەر ئەوەی هیچ کام لەو نووسینانە بە دیاریکراوی دێڕکێشیان[2] لێوە نەکراوە، بۆیە لە بڕگەکان و پەرەگرافەکاندا ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەك نەدراوە.
باسی سەرەکی یەکەم: دەربارەی قەیرانی پیرۆزکردن
پیرۆزکردن بۆ هەر شتێك ئەنجامی ئەو ڕاستییە درووستدەبێت لەلایەن پیرۆزکەرەوە، کە پیرۆزکراوەکەی بەشێوەیەکی هەمەکی سەراپاگیر لە هەموو نەرێنی و خراپی و ناشرینییەك لەلای ئەو داشۆراوە. بۆیە؛ پیرۆزکراو دەست لێ نەدراوە، پرسیار لێ نەکراوە، گومان لێ نەکراوە هەروەها لەڕووی ڕاستییەوە بۆ پیرۆزکەرەکانی باشترینە تا ئەندازەی ڕەها بوونی ئەو پیرۆزکراوە. ئەم خەسڵەتانەی پرۆسەی پیرۆزکردن، بارودۆخێك درووست دەکەن کە لەگەڵ خۆیاندا پەڕگیری و ڕق و شەڕانگێزی و توندڕەوی دەهێنێتە ئاراوە. هەموو مێژوو بگەڕێین توندڕەوییەك یان شەڕانگێزییەك نابینینەوە پیرۆزکردنێك سەرچاوەکەی نەبێت. تەنانەت ئاژەڵێکیش کە تا دوا هەناسەکانی ژیانی خۆی بەوپەڕی ڕق و کینەوە ململانێ لەگەڵ مەترسییەکاندا دەکات لە پێناوی مانەوەدا بەشێوەیەکی غەریزی دەلالەتدار شێوە پیرۆزکردنێك لە کردەوە توندڕەوانەکەیدا ئامادەیە، ئەگەرچی ئاژەڵەکە زمانی گفتوگۆ و تێفکرینی بەشی شوناسەکانی پیرۆزکردن ناکات وەک پێویست. بەڵکو، لەلای ئاژەڵ ئەو پیرۆزکردنە بە شێوەیەکی غەریزی بۆ مانەوە و خۆشویستنی ژیان پەراوە دەکرێت واتە ژیان لە ڕێگای کردەیەکی بایۆلۆجی جێنیتیکەوە بە بەرنامەیەکی گوازراوەکراوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. ئەگەر ئەو پیرۆزیی و سەرمەدیی بوونە نەبێت، ئەوا ناتوانێت ئەو ڕق و توندڕەوییە بگوێزێتەوە بۆ کرداری بەرگریکردن لەخۆی و دواجار مانەوە ناتوانێت مسۆگەر بکات لە بەردەم مەترسییەکانی ژیانیدا. زۆر بار هەیە هێرشکردنیش بۆ بەرگریکردنە و ئەنجامی ترس یان پێویستی ژیانێك پەیدا دەبێت.
ئەگەرچی لە دۆخی بەرگریدا و بۆ مانەوە یان بۆ پارێزگاری لە شوناسێك، مرۆڤیش وەك هەر گیاندارێك پێویستی بە پیرۆزییەك هەیە پشتی پێ ببەستێت، بەڵام ئەم پیرۆزکردنە لەگەڵ زمان و هزرمەندیدا لە لای مرۆڤ دەچنە دۆخی گوفتار و ئایدیاوە و لە دونیای غەریزە دەپەڕنەوە بۆ کتێبخانەکانی بیر و لە پانتاییەکانی تێڕوانینەوە دەپەڕنەوە بۆ مەیدان و بازاڕەکانی کولتوور. لە هەمان کاتدا ناکرێت ئەوە لە یاد بکەین کە پیرۆزکردن سەرچاوەی قەیرانێکی گەورەیە. پیرۆزکردن سەرچاوەی قەیرانە، چونکە بەر بە پرۆسەی پێشکەوتن دەگرێت و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ ڕاستی زانستیدا ناتەبایە! بەڕووکاری دووهەمی واتادا هۆکارێکە بۆ دواکەوتن لە درێژماوەدا و هۆکارێکە بۆ بەهەڵەدا چوون. پیرۆزکردن ئەنجامی ئەوە پەیدا دەبێت کە پیرۆزکراو هیچی نەرێنی و هەڵەی تێدا نییە! تەنانەت لەلای کەسە پێشکەوتوخوازەکان و زانستییەکانیش کاتێك خۆیان دەدەن بەدەست پیرۆزکردنەوە، زۆر پاسیڤانە نەبێت ڕەخنە قبوڵ ناکەن! بڕوانە پرۆفیسۆرێکی شیعە مەزەب چۆن لە ڕۆژی عاشورادا هەرچی ئازای گیانی خۆی هەیە داغانی دەکات! بۆ نمونە؛ ئەگەر (س) پیرۆزکراوێك بێت، ئەوا بەگشتی دوو جۆر پیرۆزکردن دەبینینەوە: یەکەم پیرۆزکردنێکی نا ژیربێژیانەی نا هۆشمەندانە بۆ (س)، کە پشت بە بەهایەکی ناژیربێژی دەبەستێت، واتە کوێرانە پیرۆزکراوە. دووهەم پیرۆزکردنێك بۆ (س) لەلای ئەوانەی بەهۆشێکی "کراوەترەوە" مامەڵە لە گەڵ پیرۆزکراودا دەکەن، بەڵام لە خۆیاندا ملیان بە پیرۆزکراوەکە وەك پیرۆزێك داوە. لەم بارەی دووهەمدا ئەشێ ئەم بەرەیە ڕەخنە وەك ئەتەکێتێکی بیری کرانەوە قبوڵبکەن، بەڵام بە شێوەیەکی پاسیڤانە و نابێت ئەو ڕەخنانە لە شکۆی پیرۆزکراو کەم بکەنەوە. ئەمەش ئەو زنجیر و زڕە ئەستوورەیە کە دەستوپێی پیرۆزکەر دەبەستێت چەند زانستی و چەند هۆشمەندانە و ژیربێژیانە لە پرسەکانی تری ژیان بکۆڵێتەوە، ئەم کەلەپچە و پێوەندە دەیگرێت و ناهێڵێت گەشە بکات. مەترسییەکمان بۆ درووست دەبێت، لەڕێگای گرۆی دووهەمەوە! ئەو مەترسییە وابەستەیە بە جێکەوتی زانینی ئەوانەوە. پیرۆزکردن لای دانایەك ببینرێتەوە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی دەیان و سەدان بار زیاترە وەك لە پیرۆزکردن لەلای نادانێك.
کەواتە سەراپا پرۆسەی پیرۆزکردن ئەنجامی ناکامڵی درککردن پەیدا دەبێت. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە گرفتێك لە ئاستی زانین و زانیاری، کەسێکدا هەیە بەرامبەر بە پیرۆزکراو بۆیە دەگاتە قۆناغێك کە پیرۆزکردن پیادە بکات. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین باس لەو ناوەندانە بکەین کە پیرۆزکردنیان تیا ئاسانترە و بەو جۆرەش باشترین بەڵگەن بۆ ئەوانەی لە سەرەوە باسمانکردوون. بۆنمونە؛ پیرۆزکردن لە کۆمەڵگای داخراودا زیاترە! لەبەرمبەردا کۆمەڵگای کراوە پیرۆزکردن تێیدا کەم دەبێتەوە و هەموو شت پرسیارلێکراو و ڕەخنەلێگیراو دەبێت. لە ناو گرۆ و دەستە کەم زانیاری و کەم زانستییەکاندا پیرۆزکردن باڵاترە. کاتێك لە کۆمەڵگایەکی نێرسالارانەدا دەڕوانین، دەبینین لەبەر ئەوەی مێینەکان چەوساوە و کەم ئاسۆترن، بە ئاسانی دەتوانرێت پەلکێش بکرێن بۆ پرۆسەکانی پیرۆزکردن و زۆر بە ساناتر دەتوانرێت بکرێنە داکۆکیکارێکی پیرۆزییەکان.
پیرۆزکراو (پاکژە لە هەڵە، پاکژە لە خەتا، بارستاییەکی پەیتە لە پاکی)؛ پیرۆزکراو نەرێنی و هەڵە و خەتاکانی نابینرێت یان فەرامۆش دەکرێت "لەبەر بچووکیان" یان لەبەر گەورەیی و مەزنی پیرۆزکراوەکە. ئەشێ ئەو پیرۆزە کەسێك، بیر و ئایدۆلۆجیایەك، پارتێکی سیاسی، نەتەوەیەك، خاکێك ...تاد هەر یەکێك بێت لەوانە. بێگومان لەڕووی زانستییەوە شتێکی لەو جۆرە نییە کە بێخەوش بێت و پاکژ بێت لە هەموو کەموکورتی و نەرێنییەك، ئەشێ لە ئایینەکاندا ئەوجۆرە شتانە لە خەیاڵی خواپەرستەکاندا هەبن، بەڵام ئیتر ئەوانە ئاینن! ناچنە دووتوێی باسەکەی ئێمەوە. مرۆڤ دەتوانێت خۆشەویستەکەی، منداڵەکەی، باوك و دایکی...تاد پیرۆز بکات، ئەم جۆرە لە پیرۆزکردن، پیرۆزکردنێکی تاکگەرایانەیە تا ئەو شوێنە ئەکرێت ئازاد بێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەوانی تر دانەنێت. بە پێی بنەما زانستییەکان و تیۆری ڕێژەیی گشتی و تایبەتیش، شتێك نییە بێ نەرێنی و کەموکورتی بێت و لە ئاستی تەواوکاریدا ببینرێتەوە، ئەشێ بۆ ساتەوەختێکی زۆر دیاریکراو بگاتە ئەو پلە ڕەهایە، بەڵام زۆر درێژە ناکێشێت. ئەمە هۆکارە و هۆکارێکی سەرەکیشە، ئەو دەمەی لەم بۆنانەدا پیرۆزکردن ئەنجام دەدرێت، ڕاستەوخۆ دەمانبات بەرەو شکستهێنان لە پرۆسەی ڕەخنەگرتن و هەنگاو نان بەرەو باشتردا. بۆنمونە؛ زانایەکی پیرۆزکراو لەلای کۆمەڵگایەك دەبینین، یان هونەرمەندێکی پەیکەرتاش لەو پلەیەدا دەردەکەوێت! ئیدی لەلای شوێنکەوتوانی چی ڕەخنەی زانستیش هەبێت، بەڵگەش هەبێت، ڕەتدەکرێنەوە یان ڕەخنەگرەکان بە ناپاك و پیس هەژمار دەکرێن! ئەمەش لەگەڵ بازنەی پێشکەوتن و پێشخستندا ناجۆرە و یەك ناگرێت. لە هەمان کاتدا خودی خۆی دەبێتە هۆکار بۆ کەڵەکە بوون و کۆبوونەوەی شکستە جۆربەجۆرەکان کە لەخۆیاندا بۆ درووستی دەکەن.
پیرۆزکردن دیاردەیەکە، لەگەڵ سەرکەوتندا بە گەشی و ئاڵ و واڵایی دەمێنێتەوە. هەمیشە لەگەڵ دەستکەوت و سەرکەوتندا پیرۆزکراو شوێن و جێکەوتەکانی ڕوو لە قایمی و پەرەسەندن و گەورەبوون دەکەن. بەڵام لەگەڵ شکست و کەوتندا پیرۆزییەکان لەکەدار دەبن، جگە لەوە دەبنە بەشێکی گەورە لە شکستەکان! بەتایبەت پیرۆزییەکان وەك سیمبوڵی قارەمانی و هێز و توانایی سەیر دەکرێن، ئەو دەمانەی دەشکێن ئەم سیمبولانە شوناسی پیرۆزیان لەدەستدەدەن. بۆیە هەموو ئەو هیوایانەی لەسەر پیرۆزییەوە بونیاد نرابن بە شکستە چکۆلەکانیشیان ڕووبەڕووی پووکانەوەی خەسڵەت و پێکهاتە و ڕەوایی دەبن، بەڵام هەریەکە لە ساتەوەختی خۆیدا دەردەکەوێت. من و تۆی خوێنەر ئەشێ ئێستا زۆر شتی پیرۆز و جوانمان لەلا بێت، بەڵێ تەنیا لەبەر ئەوەیە هێشتا ساتەوەختی کەوتنی ئەو پیرۆزییەی ئێمە نەهاتوە. گەر بمانەوێت پیرۆزییەکانمان نەکەون، بەهەمان شێوە چۆن گرنگە لە خەوش پاکیان بکەینەوە، پێویستە لە پیرۆزکردنیش دایانبڕین. ناکرێت زۆر سەرمەستانە لە پیرۆزییەکان بڕوانین لەبەر ئەوەی لە شتێکدا زەبەلاح بوون، جار هەیە پووکانەوە لە گەورەبووندایە! واتە کاتێك شتێك دەپووکێتەوە کە گەورە ببێت. بۆنمونە هێزێکی سیاسی بۆ مەبەستێك درووست دەبێت، بەڵام شکستێك ناچاری دەکات شێوە و شێوگ و پێکهاتەی بنەڕەتی خۆی بگۆڕێت، ئیدی لەوێوە ناچارییەکی لەو جۆرە، داخوران لە خودی هێزەکەدا درووست دەکات کە نەتوانێت چیتر خۆی ئەو شتە بێت کە دەیویست لەسەرەتاوە. جار هەیە ئەو ناچارییە دەبێتە هۆکار بۆ ناچاربوونی گەورەبوون، هەمان ئەنجامیش داخورانی لێ دەکەوێتەوە.
جگە لەو خاڵانە هەموویان؛ پیرۆزکردن لە خۆیدا پرۆسەیەکی جیاکارییە کە پیرۆزکراوێك لە ناپیرۆزکراوەکانی تردا باڵا تر دەکات، ئەمە لە کاتێکدا لە بنەڕەتەوە بە بێ جیاکاری مانایەك بۆ جیاوازیان نییە! (بۆ نمونە؛ شەهیدێك وێناکەی لە هەموو شەهیدەکانی تر گەورەتر دەکرێت، بەڵێ چ کارەساتێکی نا بەرابەری و بێدادییە! کە گومانی تێدا نییە کارە قارەمانێتییەکانیان جیاوازن، بەڵام جیاکردنەوەیان کە تەنانەت لە ناو بزاوتێکی دادوەرانەشدا زۆرجار دەبینینەوە هۆکارە بۆ لە خۆگرتنی بێدادی لە هەناوی جڤاتەکەدا، یان نمایشکردنی بێدادی کە لە پاشەڕۆژدا و لە دوای سەرکەوتن دەردەکەوێت. بەتایبەت کە چەمکی سەرکەوتن لەوە دەربازی بوە کە تەنیا سەرکەوتن بێت لە خاڵێکی دیاریکراوی وەرچەرخاندا. نەخێر سەرکەوتن ئەمڕۆ لە بەردەوامی مانەوەی دۆخدایە). جیاکردنەوە و جیاکاری تەنانەت سەرچاوەیەکە بۆ درووستکردنی جەمسەرگیریی. کاتێك جەمسەرێکت جیاکردەوە لە ناو کۆمەڵگادا، ئەوا ئەو جەمسەرە بە پێی شوناس خەڵکی لەدەور کۆدەبنەوە. ئەوانەی نزیکترن لە شوناسی جەمسەرەکە باشتر بەرەوپێش دەچن پڕ مافتر دەبن و بە پێچەوانەوە، هەموو ئەوانەی دوورییەکیان لەو جەمسەرە هەیە کەمتر بایەخیان دەبێت لەناو سیستەمی جەمسەرگیرییەکاندا. جیاکاری هۆکارێکە لە هۆکارەکان بۆ ستەمکاریش و بۆ بێدادیش. ئەگەر جیاکاری نەبێت هەرگیز ئەم دوو دیاردەیە بە دی ناکەین، تەنانەت زۆرجار جیاکاری پۆزەتیڤیش لە ناو بزووتنەوە فێمینیستییەکاندا هەمان دەرئەنجام دەخولقێنێت. لەم نمونەیەی دواییاندا، کۆمەڵگا بۆخۆی لە هەردوو ڕەگەز پێکهاتوە وەك یەك، جیاکردنەوەی پۆزەتیڤ لە کۆمەڵگایەکی نیرسالارانەدا دەرفەتی تۆکنیزم و دەرفەتی بە سەردارکردنێکی ناواقعی ڕەگەزەکان کۆتایی دێت. جیاکاری لە باشترین دۆخیدا گەورەترین سەرچاوەی بێدادییە.
گرفتێکی تری پیرۆزکراو، دەبەسترێتەوە بە هاڕەکردن و داڕمانی بەهاوە! لەسەرەوە بە جۆرێك لە مشتومڕ تا ڕادەیەك سەلماندمان کە پیرۆزکراویش کەل و کەلەبەری نەرێنی و خراپی خۆی تێدایە! ئەمە جگەلەوەی خۆی بەشداری دەکات لە شکستدا، لە هەمان کاتدا شکستەکانیش ئاکامەکانی ئەم گرفتەی پیرۆزکردن زەقدەکەنەوە. لە دۆخی پیرۆزکردندا لە پاش کەوتن هەڵسانەوە زۆر گرانبەهایە، چونکە لەگەڵ پیرۆزکراودا سەرچاوەکانی بەهای پیرۆز دەکەون، هەرچیش بەهاکەی کەوت زیندوو ناکرێتەوە. بۆیە زۆرجار دەبینین تاوانەکان دەخرێنە مل پشت تێکردنی گەلان لە پرسی نیشتمانی کوردان. کەوتنی ئەو سەرچاوانە (بەتایبەتی بەها) ڕاستەوخۆ ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگایەك لە بەین دەبەن. ئەمەش مەترسییەکی گەورەی پرۆسەی پیرۆزکردنە، چونکە کۆمەڵگایەك ئەگەر لەسەر ژیربێژی دۆز و پرس بێتە پێشەوە پیرۆزکردن تێیدا بە ئەندازەیەك کەم دەبێتەوە کە هەڵسەنگاندنی بەهای دۆزەکانی جێیاندەگرنەوە. لێرەدا جێ سەرنجە دوو خاڵی گرنگ لە یەکتر جیابکەینەوە، دەستگرتن بە بەهاوە، لەگەڵ پیرۆزکردن. دەستگرتن بە بەهایەکی دیاریکراوەوە، پیرۆزکردن درووست ناکات، چونکە بەهاکان لە ژێر کاریگەری پێشکەوتن و گەشەسەندندان و ئەشێ بکەونە بەر پرۆسەی هەڵسەنگاندنەوە. بۆیە کەوتنی بەهایەك لەسەر بنەمای بەرزبوونەوەی بەهایەکی تر دێت. بۆنمونە؛ ئەگەر وای دابنێین بەهای نەتەوەیی گرنگی پێدەدەین و پرسی نەتەوەیی شکست دەهێنێت، دەکرێت لە هەڵسەنگاندندا بەهای نیشتمانی و هاونیشتمانی بوون یان بەهای گەلی شوێنی بگرێتەوە. بۆیە پیرۆزی نەتەوە تووشی شکستی بنەڕەتیمان دەکات بەڵام بەرزڕاگرتنی بەها دووچاری هەڵسەنگاندنە و دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ مامەڵەکردن دەهێڵێتەوە تا جارێکی تر پیاچوونەوە درووست بکەینەوە و بەها نوێکان بۆ تەمەنێکی تر زیندوو بکەینەوە.
پرسی پیرۆزکردن دەبەسترێتەوە بە ویستی کۆمەڵگایەکەوە بەهەمان شێوەی پرسی پیرۆزکردن و ویستی تاكێك. سەربەخۆیی ویستی ئازادانەی تاکێك بە جۆڕێکە کە تەواو دەبەسترێتەوە بەو دووریانەوە کە پیرۆزکردن درووست دەکەن، یان پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. ئەم خاڵەیان لە بەشی دووهەمدا بەوردی باس دەکەین.



[1]  ویست بەواتای (ئیرادە) ئەگەر وشەیەکی باشترمان دەستکەوت دەکرێت هەموو ویستەکانی ئەم تێکستەی پێ بگۆڕین.
[2]  (دێڕکێشی) بەواتای لێوەرگرتنی کتومت، وەك خۆی. بەزمانی عەرەبی پێی دەوترێت (ئیقتیباس)، لە زمانی ئینگلیزیدا دەوترێت Quotation  . لە ڕاستیدا وشەی دێڕکێشیم لە هیچ شوێنێکەوە وەرنەگرتوە، بەڵام لەلام ڕەوان و جوان بوو، بۆیە بەکارمهێنا.