بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





13/02/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٤) بەشی سێهەم و کۆتایی


باسی سەرەکی سێهەم: شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازاد 



کاتێك زۆر بە وردی بیر لە سەربەخۆیی ویست و پێویستییەکانی ئازادبوونی خۆت دەکەیتەوە، جێی گلەیی نیت ئەگەر لەم جەنجاڵیەی ژیاندا هەندێك جار کۆڵبدەیت. پاشان بێیت و لە خۆت بپرسیت، ئایا سەربەخۆیی ویست و ئازادییەکانی ئەو هەموو هیلاکی و ماندوو بوون و چەرمەسەرییە دەهێنێت! گومانی تێدا نییە ئێمە هەموو لە ناو سیستەمدا دەژین، بەوانەشەوە کە لە سیستەم یاخین و بانگەشەی پابەندنەبوون دەکەن بە سیستەمەوە! هەرچەند ئەوەی بتوانێت ئەو کارە بکات (یاخی ببێت)، کاتێك بە بێ بەرنامە یاخی دەبێت، ئەوا دەبێتە قوربانی! کاتێکیش بە بەرنامە یاخی دەبێت، ئەوا دەچێتەوە ناو سیستەم! بۆیە دەرباز بوون لە سیستەم هەندێ جار خودکوژییە و زۆرجاریش گەڕانەوەیە بۆ سیستەمێکی تر.
کەواتە گرنگی ئەم پرسە لەوەدایە بزانین چۆن و بە چ ویستێکەوە لە چ سیستەمێك دەچینە دەرەوە و چۆن دەچینەوە ناو سیستەم (ئەو سیستەمەی هەڵیدەبژێرین چۆنە؟). چونکە، ئەوەی ئەنارکیستێکی پێوانە دانسقەیە، تا ئەو فەیلەسوفە یاخییەی هیچ شتێك لە دەرەوەی خۆی ناخوێنێتەوە و تەنیا خۆی بە سەنتەری هەموو بوون دەزانێت، لە ناو کۆی سیستەمدا دەژین. وەك ئەو ئەگەرانەی باسمانکردن. ئێمە هەموو هەوای سیستەم هەڵدەمژێت و بە وزەی سیستەم بەڕێوە دەچێن. جیاوازییەکە لەوەدایە؛ ئەوەی یاخییە لە سەپاندنی پیرۆزی، دەتوانێت بەهای نوێ درووست بکات. ئەوەی ملکەچیشە بە سیستەم، بەتایبەت سیستەمی (پیرۆزکراو)، ئەوا دەبێتەوە خۆراکی بەردەوامی ئەو سیستەمەی کە پیرۆزی کردوە. دروستکردنی بەهای نوێ گەڕانەوە بۆ سیستەم دەکاتە شێوگی سیستەمێکی جیاواز، بەرەبەرەیی و هارمۆنیکای جیاواز بوون بەردەوامی گۆڕانی مێژوویی پیشاندەدات.
ئەوەی من لەسەرەوە باسمکردوە، زۆر ئازایانەتر نییە لە کۆی سروشت. گریمانە زانستیترینەکانی ئەمڕۆی دونیا (بۆ نمونە؛ تیۆری کوانتەم لە فیزیادا، یان تیۆری تەقینەوەی مەزن)، دەڵێن خودی گەردوون و بوونیش لە ناسیستەمەوە بە سیستەم بووە. بەڵام ئەگەر تێبینیش بکەین دەبینین، هەر دەرچوونێکیش لە سیستەم دەیانخاتەوە دۆخێکی ڕێکخراوەیی کە خۆی لە خۆیدا سیستەمێکی ترە. ئەشێ لە ناڕێکییەکانی سیستەمەوە تێکڕای بوون، یان هەر سیستەمێك، وەك نا سیستەمێك ببینین. ئەمە وا دەکات خوێندنەوە و ڕەخنەی خۆمان هەبێت و بمانەوێت ڕێکیبخەینەوە و بیکەینەوە بە سیستەمێکی تری جیاواز. خودی تێکدان و ڕێکخستنەوە شتێك لە خەسڵەتەکانی دوێنێ دەباتە سبەی. ئیدی هەر سیستەمێكیش بونیاد بنێیت ئەو ناڕێکیانەی تێدا دەبینرێتەوە، گرنگ ئەو میکانیزمەیە کەدرێژە بە ژیانی سیستەم دەدات، کەدەتوانێت وا بکات سیستەمەکە خۆی نارێکیییەکانی چاكبکاتەوە نەك بیکاتە بەشێك لە سیستەمەکە و کولتووری سیستەمەکەی پێ بهێنێتە ژێر باری ڕاهێنان بۆ درووستکردنی سیستەمێکی خراپتر لە داهاتوودا وەك ئەوەی لە ماوەی حوکمڕانی چەتەکانی دەسەڵاتی کوردیدا بینیمان.
خاوەنی ویستی سەربەخۆ و ئازاد دەتوانێت ئەو کاراکتەرە بە پیتە بێت لە کۆی یاخی بوون و سیستەمیشدا ڕۆڵی وەرچەرخێنەر بدۆزێتەوە. ئەشێ ئەمە بە هەموو کەس نەکرێت، چونکە ماتەوزەی[1] (پۆتێنشیاڵی) زۆری دەوێت. بە دیاریکراوی لەم سێ پەرەگرافەی سەروە دەزانین، ئەگەر مانایەك بۆ بوون و ژیان هەبێت لەناو ژیانێکی ڕەخنەگرانەدا هەیە. لە ناو ژیانێکدا هەیە بەهۆیەوە هەوڵێك بدەیت بۆ باشتر لە دۆخی گوزەر، تەنانەت ئەگەر دۆخی گوزەر سەراپا لە دەستکردی خودی خۆشت بێت. ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە مرۆڤ بە بەردەوام چواردەور و خۆی دەخاتە ژێر پریسارەوە و بەردەوام لە گەڕاندایە بەرەو باشتر. ئەمێنێتەوە بێینە سەر ئەو پرسیارەی، (ئایا ژیان چ مانایەکی هەیە بە گومانەوە، تا بە بەردەوامی لە گوماندا بین بۆ دۆزینەوەی باشتر؟) ئەی کەواتە، چۆن مرۆڤی پڕ و ڕەخنەگر ڕزگاری دەبێت لەم قەیرانی نا ئارامیی و نا جێگیرییەی لەناو خودی خۆیدایە و ئەو قەیرانەی لە دەرەوەی خۆیدا بۆی بوەتە کێڵگەی مینێك بە هەر لایەکیدا بڕوات ئەگەری ڕووداوی نەخوازراوی هەیە. بەوردی لەسەر پرسی هەڵسەنگاندنی زانسیت و توانای بڕیاری بەرپرسیارانە دەوەستین، بەڵام سەرەتا هەندێ وردە گرژی هەن خاویان دەکەینەوە.
مرۆڤ کە متمانەی بە خۆی لە دەستدا پێویستی بە هێنانی متمانەیەکی دەرەکی هەیە. ئەو پێویستییە لە پێناوی ئەوەدایە پشتی پێ ببەستێت تا بەردەوام بێت، مرۆڤی بێ متمانە بێ پشت ناتوانێت بەردەوام بێت! مرۆڤی هیچ ناتوانێت خۆی ببێتە پشت بۆ خۆی! ئەم جۆرە لە مرۆڤ، لە ئاگاییدا پەنا دەباتە بەر هێزێکی بەهێزتر و خۆی لە پاڵیدا حەشار دەدات، لە بێئاگاییشدا ناچار دەبێت شتێكیتر لە دەرەوەی توانای خۆی پیرۆز بکات. لە هەردوو بارەکەدا بە بێ گەڕانەوە بۆ بنەما ڕەوشتیییەکانی ناتوانێت بژاردەیەك هەڵبژێرێت کە لەگەڵ ئەودا تەبا بێت. بنەما ڕەوشتییەکانی ئەو، کە پێشتر بونیادنراون، بەرهەمی گۆڕانی بڕ و توانای زانینن.  کاتێکیش بێ ئاگا دەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ بنەما ڕەوشتییەکانی خۆی و لەوێوە هەڵبژاردنی خۆی دەکات و پیرۆزییەکانی سنووری ئەو هەڵبژاردنەی بۆ دەست نیشاندەکەن.
بەم هۆیەوە دەتوانین پتر تێبگەین کە پیرۆزیی چ ڤایرۆسێکی کوشندەی ئەندێشەمەندی و گەشەیە بەرەو باشتر. کەواتە شکستهێنان بە پیرۆزیی، دەتوانێت ئێمە بگوێزێتەوە قۆناغی بازدان بەرەو گۆرانکاری بە ئاراستەی پێشکەوتن و تەنانەت پێشکەوتنی زەبەلاحیش. جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە خۆ قورتارکردن لە پیرۆزی کەوتنە دۆخی بێ بەهایی نییە، چونکە بێ بەهایی جیاوازە وەك ئەوەی پێشتر باسمان کردوە. کاتێکیش کەسێك بە ئاگاییانە متمانەی خۆی لە دەستدەدات، دەگەڕێت بەدوای ئەو باشترینەدا کە لە بەها ڕەوشتییەکانی ئەوەوە نزیکە، زۆر جار هەیە بوێری ئەوە ناکات بیخاتە ژێر پرسیارەوە! بەتایبەت ئەگەر بیخاتە ژێر پرسیارەوە گومان دەکەوێتە متمانەکانییەوە. لەم دۆخەدا مرۆڤ کاتێك تەواو متمانەی بەخۆی لەدەستدا، ئەوا بەشداری هەر کردەیەك بکات، دەبێت کەرستەیەك بەدەست ویستی ئەو کردیەی ترەوە نەك خۆیەوە، ئەوکاتە چەند کردەکە سەربەخۆ و بە بەها و ئازادانەش بێت، مرۆڤ تێیدا لەقاڵبی سیستەمێك دەدرێت کە خۆی بەشێك نییە لە داینامیکای دروستکردن و تەنانەت بەردەوامی پێدانی ناوەڕۆکی ئەو سیستەمە. ڕزگار بوون لەم تەڵزگەیە، لەم کێڵگەی مینە، بە مرۆڤێك دەکرێت کە بتوانێت سیستەمێك بێنەتە گۆڕی مەیدان کە ترسی لە پێکهاتەی خۆی نەبێت ئەو سیستەمە ڕۆژێك بیهاڕێت، تەنانەت هاڕینی خۆشی بە بەشێك لە سیستەمە نوێیەکە قبوڵ بێت.کەواتە ناچارە دڵنیا بێت ئەو سیستەمە بە بێ ئەوی ئەندێشەمەند و داهێنەر بە سیستەمی و بەزیندوویی نامێنێتەوە، کەبەردەوام لە خۆشی دەخوات.
ئەگەر بمانەوێت ستراتیژێك بۆ ئەم فەلسەفاندنە وشکە دابڕێژین و لە واقعدا بەرجەستەی بکەین، لەوانەیە دووچاری کاولکاری ببین، واتە چی لەبەردەستماندا هەیە تێکی بیشکێنین و سەرلەنوێ درووستی بکەینەوە. لە خۆیدا؛ نامۆیی ژیانی سیستەمی سەرمایەداری بە ناڕاستەوخۆش بێت ئەم کاولکارییە دەخولقێنێت و دەیکاتە بارێکی دەروونی نا جێگیری تاك. هەربۆیە تاکێك بەرهەمدەهێنێت؛ ئەو تاکە یان لە ڕاستی ژیاندا کاولکاری دەکات یان لەسەر گەمەیەکی نێتەوە کاولکاری خۆی دەکات. ئەم کاولکارییە دەرفەتێکی بەهێزی داوەتە سەرلەنوێ داڕشتنەوە. کێشەی گەورەی ئەم کاولکارییە ئەوەیە هەموو شتێك تێکدەشکێنێت بە ئامانجێکی تر، ئێمەش کاتێک بوێرانە پلانی بونیادنانەوەمان لە هزرابێت، ئەندێشەی داڕشتنەوەی سیستەمێکی ترمان لە هزردا بێت، لە قازانجمان نییە هەموو شت کاول بکەین؛ ئەگەرچی خۆی ئەوە دەگوزەرێت بۆ ئاسانکاری ئەو بەها نوێیانەی سەرمایەداری دەیانهێنێتە ژیانەوە لە ڕێگەی بازاڕەکانییەوە. ئێمە لە قازانجماندا نییە چونکە پرۆسەکەی سیستەمی کاپیتالیزم بە جۆرێکە هەموو شتێك تێکدەشکێنێت.
شوێنکەوتنی بەهێز، چەند نمونەیەك؛ لە پرۆسە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردندا، مرۆڤی لاواز ناچێت دەنگی خۆی بدات بەو کەس و لایەنەی خۆی بەلایەوە پەسەندە و دەخوازێت حوکمڕانی بکات. دەچێت دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دوو سەرەکیترین ڕکابەرەکە "کە هەردوکیان بەهێزن"! ئەمە لە هەموو دونیادا بە شیوەیەکی ڕێژەیی پەراوە دەکرێت! پرسیاری بەرجەستەکردنی خودی خۆیە لە ناو هێزی بەهێزدا. یان دەتوانین ببینین، کە بەشێکی زۆر لە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو ئومێدی خۆیان بە پرۆسەیەکی لاوازی وەك ڕیفراندۆمەکەی بارزانییەوە بەستەوە، کە گوایە دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیان بۆ دروستدەکات! بێ متمانەیی و شکستی خۆیان لەوێ ساخکردەوە. ئەگەرچی گەمەکە لە ناوسەری بزاوتەکاندا وا دەردەکەوێت بۆ بەرژەوەندی بێت، بەڵام لە خۆیدا ئەم لایەنە شیکارییەی گرنگترە لە بەرژەوەندییەکە، هەر بۆیە بەرژەوەندیخوازانەش دەبێتەوە. چونکە خۆ بۆ ئێمە گرنگ نییە بزانین بۆ بەرژەوەندی خوازی هەموو هەڵوێستەکان دەدۆڕێنێت، ئەوە ئاساییە! بۆ ئێمە گرنگە بزانین کە بۆ بەرژەوەندی خوازی دەبێتە لە پێشینە. گومانی تێدا نییە کە بنەڕەتەکەی بۆ دۆڕانی متمانە بە خۆ پەیدا بوە. لەلایەکی تر دەبینین، تاکێکی تێکۆشەری بوێری باشووری، لە سیخناخترین دۆخی گەندەڵکاری و خۆفرۆشی دەسەڵاتەکەی لەمەڕ خۆیدا، دەچێت لە باکور دەبێتە گەریلای پارتی کرێکاران و تا ئامادەیی گیانفیداییش دەکشێت. تۆ بزانە ئەم مرۆڤە چەند بەخشندەییە بەڵام بەهۆی تێکشکانی متمانەی خۆیەوە دەگەڕێت بە دوای کوانووی هێزێکی پاکدا کە ئەوەش وابەستە دەبێتەوە بە بەها ڕەوشتییەکانی خۆیەوە. بەڵام ناکرێت لە خانەی شکستی توانست و ویستی سەربەخۆدا ئەمە نەبینینەوە!
ئەم سێ نمونەیەی سەرەوە، لە ناشرینترینیانەوە بۆ جوانترینیان. لە خراپترینیانەوە بۆ باشترینیان، نمونەی زەقی نەمانی متمانە و شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازادانەی خەڵك پیشان دەدەن. کاتێك مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ کە تائێستاش لە مەرگی ڕابەرەکەی ژیر نەبوەتەوە، گرفتەکەی گرفتی زانین و بارێکی دەروونی تێکشکێنراوە، گرفتی لەدەستدانی ویستێکی بوێرانەیە کە لە بازنەیەکی فراوانتر بیربکاتەوە و بتوانێت خۆی و چواردەوری ڕەخنە بکات. شوێنکەوتنی بەهێز، گرفتێکی گەورەی ویستی بونیادنەرانەیە و یەکێکە لەو پنتانەی شکستەکانی شۆڕش هەمیشە دەکاتە شکستی هەموومان. هەرگیز بە تەنیا شکستی ئەوانە نامێنێتەوە کە بەرپرسیاربوون لە هەنگاوە هەڵەکان! ئاشبەتاڵێ ١٩٧٤ بە نمونە ئەنجامی پیرۆزی "ڕێبازی بارزانی"، کە بێ گومان شتێك نەبوە بە ناوی ڕێبازەوە، بەڵام لە بێ ڕێبازیدا هەرچی شتە دەبێتە ڕێباز. کەوتنی کەرکوك بۆ نمونە، ئەنجامی پیرۆزی قوربانی وپیرۆزی جوگرافیایەك، بەبێ بیرکرندوە لە پاراستنی ئەو بەهایانەی دەکرێت ببنە بزوێنەری داکۆکی و مانەوە. شوێن کەوتنی بەهێز، ئەو هۆشمەندییە مێگەلییە دروستدەکات کە مێژوویەکی درێژە ئێمە بەدەستییەوە هیلاکین، جار هەیە هیلاکی دەگاتە ئاستی بڕست لێ بڕان! دۆخێکە ئیمە تێیدا ناتوانین ڕووداو درووست بکەین تەنیا خۆمان لە ڕووداوەکاندا دەبینینەوە. هەموو سەرکەوتنەکانی کچە گەریلایەکی ١٧ بەهار دەکەینە شوناسی خۆمان و ئێمە تەنیا لە فۆرمدا لەسەر خوێنی بەردەوام ڕژاوی ئەو ئەژین! ئەو پیرۆز دەکەین، لە پیرۆزکردنەکەیدا یەکەم هەنگاو دەنێین بۆ کوشتنی پەیام و فەلسەفەی قوربانی دان.
ئەم دۆخانە هەموویان من دەخاتە بەردەمی تاقیکردنەوەیەك (تاقیکردنەوەی ئاسوودەیی لەناو وەهمی شکستدا)، کاتێك ڕاڤەی دەکەین دوو شێوگی لێ دەبینینەوە: یەکێکیان ویست (ئیرادە) لە دەست دەدەیت و/یان دەیبەخشیت، بۆئەوەی لە ناو چێژ و لەزەتی شکستا بژیت (ئەو قارەمانە خوێڕییەی لەقەباڵە جەنگییەکاندا سامانەکەی زیاتر دەبێت)! دووهەمیان توشی ئەو هەڵەتاوە دەبێت کەلای وایە ئاسوودەیە، چونکە لە شکستدا ئەو بەو ئاسوودەییە ژیا کە خۆی ویستی، (وەك ئەو منداڵەی شانازی بە شەهید بوونی باوکییەوە دەکات کاتێك لە شکستی کەرکوکدا سنگی نا بە یەکەم گولەی دوژمنەکانەوە).  جیاوزی ئەم دوانە لە ئاسوودەیی لەناو سەرکەوتندا، یان لەناو خەیاڵی سەرکەوتندا شتێکی ئەوتۆی جیاواز نییە، ئەگەر ئەو سەرکەوتنە بە ویستی سەربەخۆی ئەوی تاك درووست نەکرابێت. بۆ نمونە ستەمکارترین دەسەڵات دەتوانێت هەڵەتاوی سەرکەوتن درووستبکات ئاسوودەیی ڕاستیینەش نەبێت خەڵك پەلکێش دەکات بۆ ناو ئەو درۆی سەرکەوتنە!
مرۆڤی ڕەخنەگر بۆ دەرباز بوون لە خۆبەدەستەوەدان و دەرباز بوون لە هەڵەتاوی یاخیبوون، دەتوانێت سوود لە دوو ڕێگا وەربگرێت: یەکەمیان ئاستی هەڵسەنگاندنی زانستی و سیستەماتیك لە خۆیدا بەهێز بکات. دووهەم ئاست و توانای بڕیاردانی بەرپرسیارانە گەشەپێبدات. ئەم دوانە هەردووکیان پێویستیان بە گرتنە بەری ڕەگەزی مەترسی هەیە و بۆ سەرکەوتنیش ناچاردەبین هەردوو ڕێگەکەمان پێویست ببێت!
یەکەم: بەهێزکردنی ئاستی هەڵسەنگاندن؛ هەڵسەنگاندن یەکێکە لە ئەڵقەکانی بازنەی میتۆدی زانستی بۆ بەرەوپێشچوون، بەجیا لەوەی چەندین تیۆر و میتۆدی جیای دەربارە هەیە، دەکەوێتە شوێنێکی هەستیارەوە لە بەتوانایی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی باوی خۆت. ئەو دۆخەی مرۆڤی ڕەخنەگر وا لێدەکات ناکارا بێت و لە کۆتاییدا بە ئاسانی خۆبەدەستەوە بدات، یان لە هەڵەتاوی یاخیبوونی خۆیدا بمێنێتەوە. هەموو دیاردەیەك کە تێبینی دەکرێت، لە هزری ڕەخنەگردا شیدەکرێتەوە. هەموو شیکراوەکان ڕەگەزێکیان لێ پێكدێت کە بریتییە لە گریمانەکردن... دواتر تیۆریزەکردن... پاشان جێبەجێکردنی تیۆری و بەرهەم هێنانی واقعێك بەو کارە کردارییە! رەخنەگر لەواقع و کەسی ناتەبا لەگەڵ بەرئەنجامەکانی واقعدا بە بێ هەڵسەنگاندن بەهەمان بازنەی پێشوودا دەچێتەوە و خۆی دووبارە دەکاتەوە. لێرەدایە هەڵسەنگاندنی زانستی، وادەکات ڕەخنەگر پێشنیاری فۆرمی تر و میتۆدی تر بکات، تەنانەت ئەگەر ئەوەی پێشتریش بەرهەمی خۆی بووبێت. واتە پیرۆز بوون شکستی خوارد. شکستی پیرۆزکردن، لە قۆناغی نەزانییەکی وەك ژیانی (مێگەلی) دەمانباتە قۆناغی کۆمەڵگایەکی هۆشمەندانە. لە خولەکانی تری دواتردا کە بریتییە لە تێبینیکردنەوە جارێکی تر بەهەمان بازنەی پێشوودا ناچینەوە و جێگرەوەی تر تاقی دەکەینەوە ئەمەش نوێ بوونەوە مستۆگەر دەکات.
دووهەم: گەشەپێدانی بڕیاری بەرپرسیارانە؛ هەمووکات بڕیارەکانی مرۆڤ بەرپرسیارانەیە، تەنانەت لە دۆخی بێپەرواییشدا. جار هەیە بەرەوڕووی ئەو بەرپرسیارێتییە نابینەوە لە مێژوودا، بەڵام بە دەستەگەری لە ئەستۆماندایە. کاتێك باس لە گەشەپێدانی دەکەینەوە دەمانەویت مانایەکی ڕێکخراو و ژیرانەی پێ ببەخشین تا زیاتر لە چوارچێوەیەکی چاکتری زانستیدا بەرجەستە بکرێتەوە. بریار، بۆ ئەوەی دروستتر بێت، پێویستی بە دوو کۆتایی هەیە: یەکەمیان کۆتایی زانیارییەکانی لە توانای زانیندا هەبێت! دووهەم پێشبینیکردنی ئاکامەکانی بە پێی دراوەکانی ئێستا. بڕیار ئەگەر ئەم دوو زەمینەیەی کۆتاییەی بۆساز نەبێت، ئەوا مرۆڤی ڕەخنەگر بڕیاریش بدات دەخزێتە خزمەتی پیرۆزییەکەوە کە پەڕەکانی دیار نین! مرۆڤ دەشێت بڕیار بدات داکۆکی لە پیرۆزییەك بکات لەبەر ئەوەی لەلای وایە کە بەهایەکی بەرزی تێدایە، بەڵام ئەگەر بریارەکانی بەر ئەنجامی زانیاری و پێشبینی کردنی تەواو بن ئەوا ناتوانێت پیرۆزی بەو ئەندازەیە بکاتە ڕابەر! دواجار یان بڕیارەکەی شتێکی تردەبێت جگە لە پیرۆز کردن یان دەبێتە بڕیارێکی بگۆڕ بۆ پیرۆزییەکە. ئەگەر ئەوەی دووهەمیان دەرچوو ئەو دەمە مرۆڤی بریاردەر گەشەی بە بڕیارەکەی داوە. ماوەتەوە خۆی بخاتە ئەو مەترسییەوە کە بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرێت.

هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا لێی ڕاناکرێت و ناتوانین لێی یاخی ببین. کەچی هەڵگرتنی ئاشکرای ئەو بەرپرسیارێتییە مەترسی ئامێزە، چونکە گرەوێکی تێدایە بەهۆی هۆکارە دەرەکییەکانی ژینگەی بڕیارەوە. بردنەوەی ئەو گرەوە دانایی یاریکردن بە مەترسی دیاریدەکات. ئایا چەند دەتوانین دانا بین لە یاریکردن بەو مەترسیانە؟ ڕاستەوخۆ ئەم خاڵە دەبەسترێتەوە بە تێگەیشتن و لێوردبوونەوە و دەوڵەمەندی زانیارییەکانمان. ئەوەش لە خۆیدا مەترسییەکی ترە. مەترسی گیان بەخشین کارێکی ئاسانە لەگەڵ یەك تۆز سەرمەستی پیرۆزکردنێك بۆ گەیشتن بە ماچێکی خۆشەویستەکەشت ئەو مەترسییە دەگریتە بەر و دەتوانیت گیانی خۆت ببەخشیت! بەڵام مەترسی سست بوون و دامان بەدەست چارەسەری گرفتێکی گشتییەوە لەسەردەمێکی دژواری گەشەسەندووی تەکنۆلۆجیدا زۆر جار هەیە دەیان و بگرە سەدان گیانسپاردن ئازار بەخشانە دەژیت. ئەو مەترسیەش لەم ڕۆژەدا مەترسییەکە دەکرێت زۆر شتی بۆ لەدەست بدەیت تەنانەت ئەوەی پێی دەوترێت ئاسوودەییش. بەڵکو پێویستیمان بەوە هەیە ئاسوودەیی لەو مەترسییەدا سەوز بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەرگەی بگرین. واتە چێژ لەو مەترسی و سەرکێشییە ببینین و خۆ بەدەستەوە نەدان بگەیەنین بە کەنارێکی تر.

سەرچاوەکان بە گشتی:
  •     Maslow, A. (1987). Motivation and personality. New York: Harper &Row.
  •     Peace Pilgrim. (1981). Steps toward inner peace. Hemet, CA: Friends  of Peace Pilgrim.
  •     Jay R.Feierman (2009). The Biology of Religious Behavior, ABC Clio.
  •     Steve M. Jex. (2002). Organiazational Psychology, a scientist practitioner approach. John Wily & Sons, Inc.

·       رعد حسن الصرن/ إدارة الإبداع و الإبتکار، أسس التکنولوجیة و طرق التطبیق، ٢٠٠٢ سلسلة الرضا للمعلومات.



[1]  ماتەوزە هەروا بە ئاسانی درووست نابێت، ماتە وزە لە مرۆڤێکدا بەرئەنجامی فێربوون و ڕاهێنان و ئەزموون و ئەندێشەمەندی و دەرفەت و بۆ گونجاندن و ئاستی ژیری و پەروەردەی باش و زۆر شتی تری دەوێت، پرسەکە لەوەدا نییە کەسێک باش بێت و کەسێکی تر خراپ، نا هەرگیز! ئەگەر دەرفەتە باشەکان بۆ هەموو کەس وەك یەك هەڵکەون، ئەوا زۆرینەی هەرە زۆر ئەشێ بە جیاوازی تایبەتەوە ئەو ماتەوزانەیان تێدا کۆببێتەوە کە پێویستە بۆ بەدەرکەوتنی کاراکتەری بە پیت.

No comments:

Post a Comment