بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





03/02/2018

هەرجارەی باسێك/ ژمارە (٢٤) بەشی یەکەم


قەیرانی پیرۆزکردن و شکستی سەربەخۆیی ویستی ئازاد
بەشی یەکەم


دەستپێك:
باسی ئەمجارەمان زیاتر بۆ تێفکرین و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە، نەك باسێك بێت کە چاوەڕوانی ئەنجامێکی دیاریکراوی کۆنکرێتی لێ بکەین. بابەتی بیرکردنەوە وەك ئەو پرسیارەیە کە دراوەکانی هیچ پەیوەندییەکیان بە شیکاری پرسیارەکەوە نییە و پرسیارەکەشی پێ چارەسەر ناکرێت، بەڵام کەرستەکانی گرنگن بۆ بیرکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتێکی دیاریکراوی تر لە دەرەوەی پرسیارەکە. لەوانەیە بپرسین ئایا بۆ ئەم سەرکێشییە دەکەین لە دونیای نووسین و بیرکردنەوەدا، تەنیا بۆ قسەکردنە؟ بێگومان نەخێر، زۆرجار (وەك ئەم جارە) بۆ ڕوونکردنەوەی مەترسییەکە کە لە ئەنجامی هەبوونی باوەڕێکی زۆرەوە بۆمان درووست دەبێت، بەبێ ئەوەی ئەو باوەڕە بەرەو ئاکامێك بڕوات کە لەسەر بنەمای شیکارییەکی ژیربێژیانەوە بونیادنرابێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە، خودی بابەتەکە کە لەوانەیە بۆ هەموو ناوەندێکی خوێنەواریی ئاسایی دەست نەدات، بۆیە داوای لێبوردن لە خوێنەرانی دەکەم، ئەگەر گرێ و گۆڵێکیان هاتە بەردەم لە کاتی خوێندنەوەیدا، بەتایبەت خوێندنەوە لە ئاستێکی گشتی فراواندا. بێگومان ئەوە کەموکورتی کەس نییە، بەڵکو ئەشێ لاوازی من بێت کە نەمتوانیوە لەوە سادەتر ببمەوە یان نمونەی زیاتر باس بکەم. ئەگەر سادەتر بوونەوە درێژدادڕی و ڕوونکردنەوەی زۆری بوێت، بەڵام وردبوونەوە لە نمونەکاندا لەوانەیە هەندێ زیانی ناپێویستمان لێ بدات کە ئێستا کاتی نەبێت لەم دۆخەدا وردبوونەوەکان بخەینە ڕوو، بۆیە بەشێك لەو لێکدانەوانە بۆ خوێنەری بەڕێز جێدەهێڵم تا خۆی لێیان ڕابمێنێت. بە کورتی بابەتەکە باس لە قەیرانێكی شاراوە دەکات کە لە زۆر باردا نهێنی بەڕێوەچوونی کۆمەڵگایەکی قەیراناوی لێك دەداتەوە، هەروەها پیشانی دەدات کە چۆن ئەم جۆرە لە قەیرانی شاراوە کۆمەك بە شکستی سەربەخۆیی ویستی[1] ئازاد دەکات و ناهێڵێت پرسە گشتییەکان بەرەوپێش بچن لە مەودای دووردا. کاتێك هەموو ئەم پرسانەش لە ژێر ناوی پیرۆز و جوان جواندا بەڕێوە دەچن، کە چی پێویستییەکانی کۆمەڵگایەکی چکۆلەش بەرهەم ناهێنن و زۆرجار دەبنە هۆی ڕێگریکردن لێیان
ماوەتەوە بڵێم ئەم نووسینە، بەرهەمی تێڕامانی منە بە پشت بەستن بە هەندێ سەرچاوەی زانیاری و گفتوگۆ لەگەڵ هەندێ هاوڕێی دڵسۆز، هەروەها تایبەتیش بە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی کوردستان. ئەو سەرچاوانەی سوودم لێ بینیون لە کۆتابەشی نووسینەکەدا و لە کۆتاییەکەیدا ڕیزکراون. لەبەر ئەوەی هیچ کام لەو نووسینانە بە دیاریکراوی دێڕکێشیان[2] لێوە نەکراوە، بۆیە لە بڕگەکان و پەرەگرافەکاندا ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەك نەدراوە.
باسی سەرەکی یەکەم: دەربارەی قەیرانی پیرۆزکردن
پیرۆزکردن بۆ هەر شتێك ئەنجامی ئەو ڕاستییە درووستدەبێت لەلایەن پیرۆزکەرەوە، کە پیرۆزکراوەکەی بەشێوەیەکی هەمەکی سەراپاگیر لە هەموو نەرێنی و خراپی و ناشرینییەك لەلای ئەو داشۆراوە. بۆیە؛ پیرۆزکراو دەست لێ نەدراوە، پرسیار لێ نەکراوە، گومان لێ نەکراوە هەروەها لەڕووی ڕاستییەوە بۆ پیرۆزکەرەکانی باشترینە تا ئەندازەی ڕەها بوونی ئەو پیرۆزکراوە. ئەم خەسڵەتانەی پرۆسەی پیرۆزکردن، بارودۆخێك درووست دەکەن کە لەگەڵ خۆیاندا پەڕگیری و ڕق و شەڕانگێزی و توندڕەوی دەهێنێتە ئاراوە. هەموو مێژوو بگەڕێین توندڕەوییەك یان شەڕانگێزییەك نابینینەوە پیرۆزکردنێك سەرچاوەکەی نەبێت. تەنانەت ئاژەڵێکیش کە تا دوا هەناسەکانی ژیانی خۆی بەوپەڕی ڕق و کینەوە ململانێ لەگەڵ مەترسییەکاندا دەکات لە پێناوی مانەوەدا بەشێوەیەکی غەریزی دەلالەتدار شێوە پیرۆزکردنێك لە کردەوە توندڕەوانەکەیدا ئامادەیە، ئەگەرچی ئاژەڵەکە زمانی گفتوگۆ و تێفکرینی بەشی شوناسەکانی پیرۆزکردن ناکات وەک پێویست. بەڵکو، لەلای ئاژەڵ ئەو پیرۆزکردنە بە شێوەیەکی غەریزی بۆ مانەوە و خۆشویستنی ژیان پەراوە دەکرێت واتە ژیان لە ڕێگای کردەیەکی بایۆلۆجی جێنیتیکەوە بە بەرنامەیەکی گوازراوەکراوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. ئەگەر ئەو پیرۆزیی و سەرمەدیی بوونە نەبێت، ئەوا ناتوانێت ئەو ڕق و توندڕەوییە بگوێزێتەوە بۆ کرداری بەرگریکردن لەخۆی و دواجار مانەوە ناتوانێت مسۆگەر بکات لە بەردەم مەترسییەکانی ژیانیدا. زۆر بار هەیە هێرشکردنیش بۆ بەرگریکردنە و ئەنجامی ترس یان پێویستی ژیانێك پەیدا دەبێت.
ئەگەرچی لە دۆخی بەرگریدا و بۆ مانەوە یان بۆ پارێزگاری لە شوناسێك، مرۆڤیش وەك هەر گیاندارێك پێویستی بە پیرۆزییەك هەیە پشتی پێ ببەستێت، بەڵام ئەم پیرۆزکردنە لەگەڵ زمان و هزرمەندیدا لە لای مرۆڤ دەچنە دۆخی گوفتار و ئایدیاوە و لە دونیای غەریزە دەپەڕنەوە بۆ کتێبخانەکانی بیر و لە پانتاییەکانی تێڕوانینەوە دەپەڕنەوە بۆ مەیدان و بازاڕەکانی کولتوور. لە هەمان کاتدا ناکرێت ئەوە لە یاد بکەین کە پیرۆزکردن سەرچاوەی قەیرانێکی گەورەیە. پیرۆزکردن سەرچاوەی قەیرانە، چونکە بەر بە پرۆسەی پێشکەوتن دەگرێت و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ ڕاستی زانستیدا ناتەبایە! بەڕووکاری دووهەمی واتادا هۆکارێکە بۆ دواکەوتن لە درێژماوەدا و هۆکارێکە بۆ بەهەڵەدا چوون. پیرۆزکردن ئەنجامی ئەوە پەیدا دەبێت کە پیرۆزکراو هیچی نەرێنی و هەڵەی تێدا نییە! تەنانەت لەلای کەسە پێشکەوتوخوازەکان و زانستییەکانیش کاتێك خۆیان دەدەن بەدەست پیرۆزکردنەوە، زۆر پاسیڤانە نەبێت ڕەخنە قبوڵ ناکەن! بڕوانە پرۆفیسۆرێکی شیعە مەزەب چۆن لە ڕۆژی عاشورادا هەرچی ئازای گیانی خۆی هەیە داغانی دەکات! بۆ نمونە؛ ئەگەر (س) پیرۆزکراوێك بێت، ئەوا بەگشتی دوو جۆر پیرۆزکردن دەبینینەوە: یەکەم پیرۆزکردنێکی نا ژیربێژیانەی نا هۆشمەندانە بۆ (س)، کە پشت بە بەهایەکی ناژیربێژی دەبەستێت، واتە کوێرانە پیرۆزکراوە. دووهەم پیرۆزکردنێك بۆ (س) لەلای ئەوانەی بەهۆشێکی "کراوەترەوە" مامەڵە لە گەڵ پیرۆزکراودا دەکەن، بەڵام لە خۆیاندا ملیان بە پیرۆزکراوەکە وەك پیرۆزێك داوە. لەم بارەی دووهەمدا ئەشێ ئەم بەرەیە ڕەخنە وەك ئەتەکێتێکی بیری کرانەوە قبوڵبکەن، بەڵام بە شێوەیەکی پاسیڤانە و نابێت ئەو ڕەخنانە لە شکۆی پیرۆزکراو کەم بکەنەوە. ئەمەش ئەو زنجیر و زڕە ئەستوورەیە کە دەستوپێی پیرۆزکەر دەبەستێت چەند زانستی و چەند هۆشمەندانە و ژیربێژیانە لە پرسەکانی تری ژیان بکۆڵێتەوە، ئەم کەلەپچە و پێوەندە دەیگرێت و ناهێڵێت گەشە بکات. مەترسییەکمان بۆ درووست دەبێت، لەڕێگای گرۆی دووهەمەوە! ئەو مەترسییە وابەستەیە بە جێکەوتی زانینی ئەوانەوە. پیرۆزکردن لای دانایەك ببینرێتەوە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی دەیان و سەدان بار زیاترە وەك لە پیرۆزکردن لەلای نادانێك.
کەواتە سەراپا پرۆسەی پیرۆزکردن ئەنجامی ناکامڵی درککردن پەیدا دەبێت. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە گرفتێك لە ئاستی زانین و زانیاری، کەسێکدا هەیە بەرامبەر بە پیرۆزکراو بۆیە دەگاتە قۆناغێك کە پیرۆزکردن پیادە بکات. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین باس لەو ناوەندانە بکەین کە پیرۆزکردنیان تیا ئاسانترە و بەو جۆرەش باشترین بەڵگەن بۆ ئەوانەی لە سەرەوە باسمانکردوون. بۆنمونە؛ پیرۆزکردن لە کۆمەڵگای داخراودا زیاترە! لەبەرمبەردا کۆمەڵگای کراوە پیرۆزکردن تێیدا کەم دەبێتەوە و هەموو شت پرسیارلێکراو و ڕەخنەلێگیراو دەبێت. لە ناو گرۆ و دەستە کەم زانیاری و کەم زانستییەکاندا پیرۆزکردن باڵاترە. کاتێك لە کۆمەڵگایەکی نێرسالارانەدا دەڕوانین، دەبینین لەبەر ئەوەی مێینەکان چەوساوە و کەم ئاسۆترن، بە ئاسانی دەتوانرێت پەلکێش بکرێن بۆ پرۆسەکانی پیرۆزکردن و زۆر بە ساناتر دەتوانرێت بکرێنە داکۆکیکارێکی پیرۆزییەکان.
پیرۆزکراو (پاکژە لە هەڵە، پاکژە لە خەتا، بارستاییەکی پەیتە لە پاکی)؛ پیرۆزکراو نەرێنی و هەڵە و خەتاکانی نابینرێت یان فەرامۆش دەکرێت "لەبەر بچووکیان" یان لەبەر گەورەیی و مەزنی پیرۆزکراوەکە. ئەشێ ئەو پیرۆزە کەسێك، بیر و ئایدۆلۆجیایەك، پارتێکی سیاسی، نەتەوەیەك، خاکێك ...تاد هەر یەکێك بێت لەوانە. بێگومان لەڕووی زانستییەوە شتێکی لەو جۆرە نییە کە بێخەوش بێت و پاکژ بێت لە هەموو کەموکورتی و نەرێنییەك، ئەشێ لە ئایینەکاندا ئەوجۆرە شتانە لە خەیاڵی خواپەرستەکاندا هەبن، بەڵام ئیتر ئەوانە ئاینن! ناچنە دووتوێی باسەکەی ئێمەوە. مرۆڤ دەتوانێت خۆشەویستەکەی، منداڵەکەی، باوك و دایکی...تاد پیرۆز بکات، ئەم جۆرە لە پیرۆزکردن، پیرۆزکردنێکی تاکگەرایانەیە تا ئەو شوێنە ئەکرێت ئازاد بێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەوانی تر دانەنێت. بە پێی بنەما زانستییەکان و تیۆری ڕێژەیی گشتی و تایبەتیش، شتێك نییە بێ نەرێنی و کەموکورتی بێت و لە ئاستی تەواوکاریدا ببینرێتەوە، ئەشێ بۆ ساتەوەختێکی زۆر دیاریکراو بگاتە ئەو پلە ڕەهایە، بەڵام زۆر درێژە ناکێشێت. ئەمە هۆکارە و هۆکارێکی سەرەکیشە، ئەو دەمەی لەم بۆنانەدا پیرۆزکردن ئەنجام دەدرێت، ڕاستەوخۆ دەمانبات بەرەو شکستهێنان لە پرۆسەی ڕەخنەگرتن و هەنگاو نان بەرەو باشتردا. بۆنمونە؛ زانایەکی پیرۆزکراو لەلای کۆمەڵگایەك دەبینین، یان هونەرمەندێکی پەیکەرتاش لەو پلەیەدا دەردەکەوێت! ئیدی لەلای شوێنکەوتوانی چی ڕەخنەی زانستیش هەبێت، بەڵگەش هەبێت، ڕەتدەکرێنەوە یان ڕەخنەگرەکان بە ناپاك و پیس هەژمار دەکرێن! ئەمەش لەگەڵ بازنەی پێشکەوتن و پێشخستندا ناجۆرە و یەك ناگرێت. لە هەمان کاتدا خودی خۆی دەبێتە هۆکار بۆ کەڵەکە بوون و کۆبوونەوەی شکستە جۆربەجۆرەکان کە لەخۆیاندا بۆ درووستی دەکەن.
پیرۆزکردن دیاردەیەکە، لەگەڵ سەرکەوتندا بە گەشی و ئاڵ و واڵایی دەمێنێتەوە. هەمیشە لەگەڵ دەستکەوت و سەرکەوتندا پیرۆزکراو شوێن و جێکەوتەکانی ڕوو لە قایمی و پەرەسەندن و گەورەبوون دەکەن. بەڵام لەگەڵ شکست و کەوتندا پیرۆزییەکان لەکەدار دەبن، جگە لەوە دەبنە بەشێکی گەورە لە شکستەکان! بەتایبەت پیرۆزییەکان وەك سیمبوڵی قارەمانی و هێز و توانایی سەیر دەکرێن، ئەو دەمانەی دەشکێن ئەم سیمبولانە شوناسی پیرۆزیان لەدەستدەدەن. بۆیە هەموو ئەو هیوایانەی لەسەر پیرۆزییەوە بونیاد نرابن بە شکستە چکۆلەکانیشیان ڕووبەڕووی پووکانەوەی خەسڵەت و پێکهاتە و ڕەوایی دەبن، بەڵام هەریەکە لە ساتەوەختی خۆیدا دەردەکەوێت. من و تۆی خوێنەر ئەشێ ئێستا زۆر شتی پیرۆز و جوانمان لەلا بێت، بەڵێ تەنیا لەبەر ئەوەیە هێشتا ساتەوەختی کەوتنی ئەو پیرۆزییەی ئێمە نەهاتوە. گەر بمانەوێت پیرۆزییەکانمان نەکەون، بەهەمان شێوە چۆن گرنگە لە خەوش پاکیان بکەینەوە، پێویستە لە پیرۆزکردنیش دایانبڕین. ناکرێت زۆر سەرمەستانە لە پیرۆزییەکان بڕوانین لەبەر ئەوەی لە شتێکدا زەبەلاح بوون، جار هەیە پووکانەوە لە گەورەبووندایە! واتە کاتێك شتێك دەپووکێتەوە کە گەورە ببێت. بۆنمونە هێزێکی سیاسی بۆ مەبەستێك درووست دەبێت، بەڵام شکستێك ناچاری دەکات شێوە و شێوگ و پێکهاتەی بنەڕەتی خۆی بگۆڕێت، ئیدی لەوێوە ناچارییەکی لەو جۆرە، داخوران لە خودی هێزەکەدا درووست دەکات کە نەتوانێت چیتر خۆی ئەو شتە بێت کە دەیویست لەسەرەتاوە. جار هەیە ئەو ناچارییە دەبێتە هۆکار بۆ ناچاربوونی گەورەبوون، هەمان ئەنجامیش داخورانی لێ دەکەوێتەوە.
جگە لەو خاڵانە هەموویان؛ پیرۆزکردن لە خۆیدا پرۆسەیەکی جیاکارییە کە پیرۆزکراوێك لە ناپیرۆزکراوەکانی تردا باڵا تر دەکات، ئەمە لە کاتێکدا لە بنەڕەتەوە بە بێ جیاکاری مانایەك بۆ جیاوازیان نییە! (بۆ نمونە؛ شەهیدێك وێناکەی لە هەموو شەهیدەکانی تر گەورەتر دەکرێت، بەڵێ چ کارەساتێکی نا بەرابەری و بێدادییە! کە گومانی تێدا نییە کارە قارەمانێتییەکانیان جیاوازن، بەڵام جیاکردنەوەیان کە تەنانەت لە ناو بزاوتێکی دادوەرانەشدا زۆرجار دەبینینەوە هۆکارە بۆ لە خۆگرتنی بێدادی لە هەناوی جڤاتەکەدا، یان نمایشکردنی بێدادی کە لە پاشەڕۆژدا و لە دوای سەرکەوتن دەردەکەوێت. بەتایبەت کە چەمکی سەرکەوتن لەوە دەربازی بوە کە تەنیا سەرکەوتن بێت لە خاڵێکی دیاریکراوی وەرچەرخاندا. نەخێر سەرکەوتن ئەمڕۆ لە بەردەوامی مانەوەی دۆخدایە). جیاکردنەوە و جیاکاری تەنانەت سەرچاوەیەکە بۆ درووستکردنی جەمسەرگیریی. کاتێك جەمسەرێکت جیاکردەوە لە ناو کۆمەڵگادا، ئەوا ئەو جەمسەرە بە پێی شوناس خەڵکی لەدەور کۆدەبنەوە. ئەوانەی نزیکترن لە شوناسی جەمسەرەکە باشتر بەرەوپێش دەچن پڕ مافتر دەبن و بە پێچەوانەوە، هەموو ئەوانەی دوورییەکیان لەو جەمسەرە هەیە کەمتر بایەخیان دەبێت لەناو سیستەمی جەمسەرگیرییەکاندا. جیاکاری هۆکارێکە لە هۆکارەکان بۆ ستەمکاریش و بۆ بێدادیش. ئەگەر جیاکاری نەبێت هەرگیز ئەم دوو دیاردەیە بە دی ناکەین، تەنانەت زۆرجار جیاکاری پۆزەتیڤیش لە ناو بزووتنەوە فێمینیستییەکاندا هەمان دەرئەنجام دەخولقێنێت. لەم نمونەیەی دواییاندا، کۆمەڵگا بۆخۆی لە هەردوو ڕەگەز پێکهاتوە وەك یەك، جیاکردنەوەی پۆزەتیڤ لە کۆمەڵگایەکی نیرسالارانەدا دەرفەتی تۆکنیزم و دەرفەتی بە سەردارکردنێکی ناواقعی ڕەگەزەکان کۆتایی دێت. جیاکاری لە باشترین دۆخیدا گەورەترین سەرچاوەی بێدادییە.
گرفتێکی تری پیرۆزکراو، دەبەسترێتەوە بە هاڕەکردن و داڕمانی بەهاوە! لەسەرەوە بە جۆرێك لە مشتومڕ تا ڕادەیەك سەلماندمان کە پیرۆزکراویش کەل و کەلەبەری نەرێنی و خراپی خۆی تێدایە! ئەمە جگەلەوەی خۆی بەشداری دەکات لە شکستدا، لە هەمان کاتدا شکستەکانیش ئاکامەکانی ئەم گرفتەی پیرۆزکردن زەقدەکەنەوە. لە دۆخی پیرۆزکردندا لە پاش کەوتن هەڵسانەوە زۆر گرانبەهایە، چونکە لەگەڵ پیرۆزکراودا سەرچاوەکانی بەهای پیرۆز دەکەون، هەرچیش بەهاکەی کەوت زیندوو ناکرێتەوە. بۆیە زۆرجار دەبینین تاوانەکان دەخرێنە مل پشت تێکردنی گەلان لە پرسی نیشتمانی کوردان. کەوتنی ئەو سەرچاوانە (بەتایبەتی بەها) ڕاستەوخۆ ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگایەك لە بەین دەبەن. ئەمەش مەترسییەکی گەورەی پرۆسەی پیرۆزکردنە، چونکە کۆمەڵگایەك ئەگەر لەسەر ژیربێژی دۆز و پرس بێتە پێشەوە پیرۆزکردن تێیدا بە ئەندازەیەك کەم دەبێتەوە کە هەڵسەنگاندنی بەهای دۆزەکانی جێیاندەگرنەوە. لێرەدا جێ سەرنجە دوو خاڵی گرنگ لە یەکتر جیابکەینەوە، دەستگرتن بە بەهاوە، لەگەڵ پیرۆزکردن. دەستگرتن بە بەهایەکی دیاریکراوەوە، پیرۆزکردن درووست ناکات، چونکە بەهاکان لە ژێر کاریگەری پێشکەوتن و گەشەسەندندان و ئەشێ بکەونە بەر پرۆسەی هەڵسەنگاندنەوە. بۆیە کەوتنی بەهایەك لەسەر بنەمای بەرزبوونەوەی بەهایەکی تر دێت. بۆنمونە؛ ئەگەر وای دابنێین بەهای نەتەوەیی گرنگی پێدەدەین و پرسی نەتەوەیی شکست دەهێنێت، دەکرێت لە هەڵسەنگاندندا بەهای نیشتمانی و هاونیشتمانی بوون یان بەهای گەلی شوێنی بگرێتەوە. بۆیە پیرۆزی نەتەوە تووشی شکستی بنەڕەتیمان دەکات بەڵام بەرزڕاگرتنی بەها دووچاری هەڵسەنگاندنە و دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ مامەڵەکردن دەهێڵێتەوە تا جارێکی تر پیاچوونەوە درووست بکەینەوە و بەها نوێکان بۆ تەمەنێکی تر زیندوو بکەینەوە.
پرسی پیرۆزکردن دەبەسترێتەوە بە ویستی کۆمەڵگایەکەوە بەهەمان شێوەی پرسی پیرۆزکردن و ویستی تاكێك. سەربەخۆیی ویستی ئازادانەی تاکێك بە جۆڕێکە کە تەواو دەبەسترێتەوە بەو دووریانەوە کە پیرۆزکردن درووست دەکەن، یان پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. ئەم خاڵەیان لە بەشی دووهەمدا بەوردی باس دەکەین.



[1]  ویست بەواتای (ئیرادە) ئەگەر وشەیەکی باشترمان دەستکەوت دەکرێت هەموو ویستەکانی ئەم تێکستەی پێ بگۆڕین.
[2]  (دێڕکێشی) بەواتای لێوەرگرتنی کتومت، وەك خۆی. بەزمانی عەرەبی پێی دەوترێت (ئیقتیباس)، لە زمانی ئینگلیزیدا دەوترێت Quotation  . لە ڕاستیدا وشەی دێڕکێشیم لە هیچ شوێنێکەوە وەرنەگرتوە، بەڵام لەلام ڕەوان و جوان بوو، بۆیە بەکارمهێنا.

No comments:

Post a Comment