بابەتی نوێ بەپێی دەرفەت و پێویستی لەم لاپەڕەیەدا بخوێنەرەوە





29/03/2017

یاریچی ژمارە (10)/ بەشی نۆهەم

نەخوازراوی پێکهاتەیی
درزەکانی دانایی لە کەلەبەری چارەنووسدا

لە پێناوی گەیشتن بە تێگەیشتن و شوناسێکی تاڕادەیەک گونجاودا سەبارەت بە ((نەخوازراوی پێکهاتەیی))، سەرەتا با لە زلهێزێکی سیاسی ئابووری و سەربازی و ستراتیژی وەک وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یان چین بڕوانین! کە هەریەکە لەم دوو پێکهاتەیە وەربگرین کە لەشێوەی ئیمپراتۆرییەکی گەورە و فراوان و فرە دووریدان، ئەوا دەپرسین: ئایا دەکرێت هەریەک لەم دوو زلهێزە بە بێ هێز و جبەخانەی سەربازی بتوانن ئەو هەژموونە گەورەیەیان لە دونیادا هەبێت؟ (بێگومان هیزی سەربازی تاکە هۆکار نییە)، بەڵام هۆکارێکە بۆ زۆر شتی تر پەلکێشمان دەکات. لەوەڵامیشدا دەڵێین پڕ ئاستەنگە و نیمچە ستەمە ئەو هەژموونە زەبەلاحە بە بێ هێز ڕوو بدات. ئەی ئایا دەکرێت هەریەک لەم هێزە زەبەلاحانە بە بێ پشتیوانی توانستێکی ئابووری گەورە بیانتوانیایە بەو جۆرە هێزیان هەبێت؟ بێگومان، ئەمەیان هەرگیز ناکرێت! ئەی ئایا دەکرێت هێزێکی ئابووری وا گەورە کە پشتیوانی ئەو هەژموونە بکات، بە بێ کار و بە بێ پلان بونیاد بنرێت یان بەڕێوە ببرێت؟ ئەوە ئینجا ئێمە دەچینە دۆخی ئاستەم و مەحاڵەوە و دەتوانین بڵێین: نەکراوە و ناکرێت ئەمە ڕوو بدات!

هەرکات قسەمان لەسەر کارێکی بونیادنەرانە و هەژموونێکی ئاوا گەورە کرد، ڕاستەوخۆ دەزانین کە بەبێ دوو فاکتەری گرنگ نایەتە بەرهەم ئەوانیش کارکردن و هەبوونی بیرێکی ستراتیژی و ئایدیایەکی وردی ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراوە، کە پێکەوە ئەم دوانە دەبنە (ئایدۆلۆجیا و چالاکی)! کە ئەم دوو پێکهاتە تیۆری و پراکتیکییە دەکەونە واقعەوە و بڕیارە بەرهەمێکیان هەبێت، پێویستیان بە هێز و توانستی هەزاران کەس و هەموو کۆمەڵگاکانیان دەبێت! بەواتایەکی تر لە کەسێک زیاتر کار لەم پرۆسەیەدا دەکات، ئەوکاتیش بە بێ ئامادەیی پرانسیپی ڕێکخراوەیی ئاکامێکی نابێت و ناگاتە ئامانجەکانی خۆی. کەواتە. ڕێکخراو (لەهەر ئاستێکدا بێت)؛ ئەو یەکە کارگێڕییە دەبێت کە دەتوانێت هیواکان هەڵچنێت و ئاراستەیان بکات. ڕێکخراو، واتە کۆبوونەوەی توانست و هێزی چەندین تاک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی بەکۆمەڵ لە ڕێگای پێکەوە کارکردنیان و دابەشکردنی ئەرک و ڕۆڵەکانیانەوە لە ناو خۆیاندا، ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەتوانین تێبگەین کە هەر پێکهاتەیەک ئەگەر تاک بێت یان کۆببێتەوە، ئەوا دەبێتە ژمارەیەکی زۆر لە سروشت و خەسڵەت و توانایی سروشتی و ژمارەیەک خەسڵەتی مرۆڤکرد. لە نێو هەموو جۆرەکانی خەسڵەتدا بەهێز و لاوازیان هەیە و کاریگەری لەسەر کاری مرۆڤ دادەنێن. ئەم خەسڵەتانەی مرۆڤ، کاتێک بەشدار دەبن لە ناو کاری ڕێکخراودا پێکهاتەکانی خۆیان دەبەنە ناو ئەو ڕێکخراوەوە کە کاری بەکۆمەڵی تێدا ئەنجام دەدەن. هەر بەو جۆرەش لە خەسڵەتی پێکهاتەیی تاکەوە دەبنە خەسڵەتی پێکهاتەیی ڕێکخراو.

ژمارەیەک لەم پێکهاتانە نەخوازراو و نەرێنین، کە بەهۆیانەوە پێکهاتەی ڕێکخراو وەک پێکهاتەی کەسێتییەک دووچاری زیان دەبنەوە و بە خراپ لەسەر جەستەی کۆمەڵگاکەیان دەکەون. بەشێک لەم نەخوازراوانە دەبنە نەخوازراوی ڕێکخراوەیی و کاریگەری لە سەر پێشهاتە سیاسییەکانی گرۆ دادەنێن. بەم جۆرە نەخوازراوانە دەڵێین نەخوازراوی پێکهاتەیی. واتە نەخوازراوێک کە لە پێکهاتەی کەسێک یان ڕێکخراوەیەکدا هەبێت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە خۆی تێپەڕ ببن، جا ئەگەر خۆی هەستی پێ بکات یان هەستی پێنەکات. گەر هەریەکێک لەم نەخوازراوانە بە تەنیا وەربگرین لەوانەیە وێنەکە ناتەواو دەربکەوێت، خۆ ئەگەر هەمووشیان پێکەوە وەر بگرین ئەوا بازنەیەکی بەتاڵمان بۆ دروستدەکەن کە هەر نەخوازراوێک، نەخوازراوەکەی دوای خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە. بەرلەوەی بێینە سەر هێلکاری ئەو بازنە بەتاڵە، لەوانەیە بپرسین ئایا بۆ لە باسێکی ئاوادا و هەر بەکورتی باسی بازنەیەکی بەتاڵی ئاوا گرنگ دەکەین! چونکە، سەرکردە و ڕابەر و کەسی بڕیار بەدەست، هەمووکاتێک ئەو کەسەیە کە دەتوانیت ئەو بازنە بەتاڵە تێکبشکێنێت و نەهڵێت نەخوازراوەکان دووبارە ببنەوە. بەڵام کاتێک نەخوازراوی پێکهاتەیی، نەخوازراوی پێکهاتەیی تاکەکەس دەبێت، ئەوا گرفتی ئەم بازنە بەتاڵانە جێگیر دەبن و دەبنە پێکهێنەرێکی کولتووری و لەگەڵ چەندین بازنەی بەتاڵی تری دواکەوتندا بازنەی بەتاڵی درێژخایەنی ژێردەستەیی و پاشکەوتەیی درووست دەکەن. ئەو کاتیش یەک سەرکردەی تەنیا چەندێک بەتوانا و زانا و بێخەوش و چەندێک کاریزمایەکی بەهێزی هەبێت ناتوانێت هیچ بازنەیەکی ئاوا گەورە تێکبشکێنێت. ئیتر لەو پنتەوەیە تاکە فریادڕەس هەمیشە دەبێتەوە لەمپەڕ لەبەردەم فریاگوزاریدا. بۆ تێگەیشتن لە یەکێک لە بازنە بەتاڵەکان ئەم هێڵکارییەی خوارەوە بەشێکی وێنە گەورەکەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە لە خۆیدا لەوانەیە یەکێک بێت لە خاڵەکانی ئەو بازنە بەتاڵەی لەسەرەوە باسمانکردوە. بڕوانە هێڵکارییەکە:
لێرەدا گرنگە لە سەر ڕۆڵی سەرکردە بوەستین! سەرکردە کاریگەرییەکی چەندجارەیی هەیە لە بەڕێوەبردن یان تێکشکاندنی ئەم بازنە بەتاڵانەدا. ئەو سەرکردەیەی نەتوانێت بازنەبەتاڵەکانی دواکەوتن و پاشکەوتەیی تێکبشکێنێت، دەبێتە باشترین دەرمان بۆ بەهێزکردنی، ئەگەر هەموو ژیانی خۆی بانگەشەی دژایەتی دواکەوتن و پاشکۆیەتی و داگیرکاری کردبێت. بۆ نمونە ئەگەر سەرکردەیەکمان هەبێت لە پێکهاتەی کەسایەتی خۆیدا کۆمەڵێک نەخوازراوی تاکەکەسی هەبن و ئەم نەخوازراوانە ستراتیژی بن (وەک لاوازی لە بڕیارداندا) یان (بەهێزی لە بڕیارداندا، بەڵام لاوازی لە شیکردنەوەدا)، بێگومان ئەم نەخوازراوە دەگوێزرێنەوە ناو پێکهاتەی ڕێکخراوەکە! هەر ئەم خاڵەش وا دەکات بڕیاری سیاسی ڕێکخراوەکە بڕیارێکی زیان بەخش بن، جا با بانگەشە و خواستی ڕێکخراوەکە و سەرکردەکانی هەموو پێشکەوتن خواز و پڕ لە هیوای وەنەوشەیی بن. ئەوەی بانگەشەی یەکسانی دەکات و کارەکانی دەچنەوە خزمەت بێدادی، مەترسیدارتر دەبێت لەوەی کە دژایەتی یەکسانی دەکات و بانگەشە بۆ بێدادییەکانی خۆی دەکات. ئێمە لێرەدا مەبەستمان نییە بڵێین ئەم نەخوازراوانە تێکڕا ئامانجکرد و هەستپێکراو بوون، چونکە لە بنەڕەتەوە ژمارەیەک نەخوازراو هەن پێشیاندا تێپەڕ دەبین بۆمان نادۆزرێتەوە کە ئەوانە نەخوازراو بوون. گرنگە لێرەدا باس لە خاڵێکی بنەڕەتی بکەین کە ئەویش پێکهاتەی کەسێتی و خەوشەکانی کەسێتین کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەریان لەسەر نەخوازراوی پێکهاتەیی تاکەکەس هەیە و کارەکانی تاکەکەس پێوەی دەبەسترێتەوە و بەتایبەت سەرکردە کە گرنگە بۆ باسەکەی ئێمە.

ئەگەرچی کەمێک دەچینە باسێکی پسپۆڕانە ترەوە و لەوانەیە باسەکەمان زۆر شیرین گوزەر نەبێت لەسەر زاری هەموو خوێنەرێک و زیاتر بچێتە وردەکاری پسپۆڕییەکانی نیورۆلۆجی و دەروونشیکاری و خوێندنگەکانی تری لێکدانەوەی دەروونییەوە، بەڵام بۆ ئێمە گرنگە بزانین کە ئەم میکانیزمە چۆن دەگوێزرێتەوە ناو بازنە بەتاڵەکان و ڕوونی بکەینەوە تا بزانین، سەرکردە لە کوردستاندا چ ڕۆڵێکی گرنگی هەبوە و چۆن دەتوانێت هەموو پێکهاتەکان بە ڕێڕەوێکی تردا بەرێت، ئەوەش هەمووی لە نمونەیەکی چکۆلەی شیکاریدا ڕوون دەکەینەوە کە خەسڵەتی کولتووری و ژینگە دەگوێزێتەوە ناو تاکی سەرکردە و لە تاکی سەرکردەوە بەگوژمێکی بەهێزترەوە دەیهێنێتەوە ناو کۆی کۆمەڵگا لە ڕێگای بڕیاری سیاسییەوە گەورەی دەکاتەوە.

سروشت و خەسڵەت لە خاڵە گرنگەکانی کەسێتین. سروشتی کەسێتی مەبەستمان لەو پێکهاتەیەی کەسێتییە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندی بە پێکهاتەی جینییەوە هەیە و لەگەڵ لە دایک بوونەوە دیاریکراوە سەبارەت بە کاردانەوە دیاریکراوەکان، کە لە ژینگەوە دەوروژێنرێن یان بە تایبەت لەگەڵ بزوێنەرە سۆزدارییەکاندا ڕەنگدانەوەیان دەبێت. ئەمانە هەمووی کاریگەری گەورەن کە لە ڕێکخستنی کەسایەتیدا هەیە و ڕۆڵی گرنگ دەبینن. ئەو پێکهاتە جیاکەرەوانەی کە لەگەڵ لە دایک بوونەوە پەیدا دەبن، خەسڵەتی ئەرێنی و سروشتی دڵخۆشی و تێڕوانین لە پاداشتەکانی ژیان درووست دەکەن، لەبەرامبەر خەسڵەتی نەرێنی و شێوە و بڕی چەشتنی ئازار و کاردانەوەکانی توڕەیی، کە ئەم دوو پۆلە لە پێکهاتەی سروشتییەوە پردێکی گرنگ لە نێوان بایۆلۆجیا و سایکۆلۆجیای کەسێتییەکدا درووستدەکەن (Kernberg, 1994) و بە هۆی ئەم پردەوە خەسڵەتەکانی کەسێتی دەهێنرێنەوە ناو مێژوو. سروشتی پێکهاتەی کەسێتی کۆی ڕێکخراوی ئیدراک و داینەمۆی ڕەفتار دەگرێتەوە کە ئەوانیش لە ژێر کاریگەری هۆرمۆنەکان و بەتایبەتی لە نێرینەدا تێستۆستیریۆن و کاریگەرییەکانی لەسەر کارکردنی ئیدراک کردندان، کە ئەمەش بەجۆرێک لە جۆرەکان بە ڕۆڵی جێندەرییەوە دەبەسترێتەوە بەتایبەت کاتێک ڕۆڵی نیرینە و مێینەی کۆمەڵایەتی دیاریدەکرێت، ئەمە تەنیا نمونەیەکی چکۆلەیە لە هەموو نمونەکاندا، بەهەمان شێوە ئەم نمونە جێندەرییە بۆ نەتەوەپەرستی و ململانێی چینایەتی و ئایدۆلۆجییەکانیش ڕاستە. لێرەوە دەبینین نمونەیەکی وەک هەژموونی نێرسالاری چۆن ڕۆدەچێتە کولتووری درووستکردنی بڕیاری سیاسییەوە، بڕیارێک کە بەرکردی پێکهاتە بایۆسایکۆتیکەکانی کەسێتییەکی دیاریکراوە. ئەمە ئەو نهێنییەیە کە جاری وا هەیە سەرکردەیەکی سیاسی لە ڕەگەزی مێ زۆرجار بڕیارە دەسەڵاتگەراییەکانی هیچیان جیاواز نییە لە بڕیارەکانی دەسەڵاتدارێکی نێرینە لە ڕووی سالارییەوە. بەتایبەت کە پاترۆنەکانی سیاسەتکردن دیاریدەکرێت، ئەوکات بەهۆیانەوە سروشتی بڕیاری سیاسی دەتوانین بناسینەوە. گەر بڕوانینە زانستی نەخۆشی و بیر لە ناهاوتایی کەسێتی بکەینەوە وەک دۆخێکی دەروونی نادرووست ئەو کات دەردەکەوێت کە سروشتی کەسێتی چ ڕۆڵێکی هەیە لە بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی نەخوازراوەکاندا. هەروەها لە توێژینەوەی چەند زانایەکدا دەردەکەوێت کە سروشتی کارکردنی کیمیایی پێکهاتەیەکی نیورۆلۆجی چ کاریگەرییەک لەسەر سروشتی کەسێتی درووست دەکات (Cloninger, Svrakic 1993).  ئەم دوو زانایە بۆ چوار پۆل کارکردنی ئەم سروشتە نیۆرۆلۆجییە جیادەکەنەوە: هەوڵدان بەرەولووتکە، پشت بەستن بە پاداشت، جێگیربوون و سووربوون هەروەها خۆلادان لە زیان. کە ئەکرێت ئەمانە هەموویان ئامادەبن لە کەسێتییەکدا و لە کەسەکەشدا یەکێکیان زاڵ بێت، گەر بمانەوێت ڕۆچینە ناو ئەم باسەوە لەوانەیە بە چەندین کتێب و بڵاوکراوە و توێژینەوەی ورد ڕزگارمان نەبێت.

لە دیدێکی دەروونشیکارییەوە کەسایەتی بە سروشت و خەسڵەت جیادەکرێتەوە، بەڵام ناکرێت لە کۆمەڵگایەکدا کە دوو هەژموون وەک هەورێکی ڕەش کۆی پەروەردەی کۆمەڵگاکەی داگیرکردوە فەرامۆشیان بکەین، کە ئەوانیش (هەژموونی نەستی ئایینی و هەژموونی باڵادەستی نێرسالارییە) کە ناچارین جارێکی تر لە لێکدانەوەی دەروونی کەسایەتی سەرکردەدا لە ڕووی intrapsychic structure ەوە لێی بڕوانین؛ (بەکورتی  intrapsychic پەیوەندی بە تیۆری سایکۆداینەمیکەوە هەیە، کە ئەویش تەمەنی لەسەرو هەشتا ساڵێکەوە دەبێت، بگەرە دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی جیهانی یەکەمیش. لێکدانەوەی سایکۆداینەمیک تیۆرێک نییە تا ئێستا لەکارکەوتبێت بەتایبەت بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتن لە داینەمیکی کەسێتی و تێگەیشتن لە باری ڕەوانی کەسێتی کە بۆخۆی لە دوو سەرچاوە دەڕوانێت گرنگی پێدان و وەرگرتنی ئەو گرنگییەی دەدرێت، Care-provider and Care-receiver. ئەم مۆدێلە گرنگییەکی گەورەی هەیە لە تێگەیشتنی سایکۆلۆجیای ئایین و شێوە ئاینی، گرنگە چونکە ئەوەمان پیشان دەدات کە ئارامی و ڕەوانی ئایینی بە چ میکانیزمێک بۆندە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی کەسێتییە دیارەکانەوە دەپارێزێت). بۆیە گرنگ دەبێت میکانیزمی کارکردنی سوپەرئیگۆی سەرکردە بناسین، شوناس و ئیگۆی سەرکردەیەک جیا بکەینەوە و بزانین لەسەر چی بەندە، هەروەها چۆن سیستەمی بەهاکان لای سەرکردەیەک یەک دەگرن و یەکێتی ناوەندی بڕیاری لەلا کۆدەکەنەوە یان  درووست دەکەن (بە پاراستنی مانەوەی باو)، بۆ ئەم مەبەستە لە دەروونشیکاریدا ناچارین بگەڕێینەوە بۆ دۆخی منداڵی و هەرزەکاری و چۆنێتی پێکهاتەی ئەو کەسایەتییەی دەمانەوێت لە خۆی و کاریگەرییەکانی تێبگەین. ئەمەش دیسانەوە لە نائامادەیی زانیاری و داخراوی کۆمەڵگادا دەبێتە شتێکی قورس و گران، ئەوکات ناچارین بە پێچەوانەوە بگەڕێینەوە، کە لە خۆیدا بەباشی ئامانجەکان ناپێکین. بۆ نمونە ئەگەر سەرکردەکانی کوردستان، بوێرانە بیانتوانیبایە لایەنی کەم نیوەی مێژووی منداڵی و هەرزەکاری خۆیانیان بە ڕاستگۆیانە بگێڕایەتەوە لەوانەبوو دەرفەتێکی زۆر زێڕینی بۆ توێژەر درووستبکردایە کە بتوانێت بەهۆیەوە پرۆژەی دانسقە و گرنگ بخاتە بەردەم داهاتوو[1]. کاتێک دەڵێین پێچەوانە بگەڕێینەوە، ئەوا دەبێت لە ئاکامەکانی ئێستای سەرکردەکانەوە لە ڕابردوویان بڕوانین، ئەوەش زۆر پڕ ئەگەر دەبێت و بە ئاسانی و بەشێوەیەکی ماتماتیکی لێکنادرێتەوە بۆیە ئەگەری هەڵەکردن زۆرترە وەک لە ئەگەری شیکردنەوەیەکی درووست.  

لەم باسەدا و بەتایبەت دەربارەی ئەو کەسێتی و کاراکتەری لێی دەتوێژینەوە هەندێ لەو پرسە سەرەکیانە دەخەینە بەر باس کە نەخوازراوی پێکهاتەیی سەرەکی بوون لە ژیانی نەوشیروان مستەفا دا وەک کەسێتی و هۆکار بوون لە نەگەیشتنی بە ژمارەیەکی زۆر لە خواستە گشتگیرەکانی خۆی و ڕێکخراوەکەی لە ڕووی سیاسییەوە. هەندێ جار هەیە ئەوانەی نەیارن بە نەوشیروان مستەفا لەوانەیە پێیان خۆش بێت کە کەسێکی ئاوا نەیار نەگات بە ئامانجەکانی خۆی! بەڵام لە خۆیدا ئەوە ئەوپەڕی خراپییە لە بیرکردنەوە، چونکە کاتێک سەرکردەیەک دەتوانێت جەمسەرگیری هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکان بکات، بگات بە ئامانجەکانی یان نەگات بە ئامانجەکانی ناکاتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ نەیارەکانی. شکستی نەوشیروان مستەفا لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەی دەیخواست، شکستی جەمسەرگیری شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانیش بوە، سەرکەوتنیشی هەمیشە سەرکەوتنی ئەو چین و توێژانە دەبوون کە مەرج نییە لەوانە بوونایە کە هێزە پێشکەوتووخوازەکان ئومێدیان پێی هەبوو، ئەمەش قەیرانێکی گەورەی تری سەرکردەی کاریزماییە. واتە سەرکەوتن و سەرنەکەوتن دوو جۆر شکستی جیاواز درووست دەکەن، کە هەردووکیان نەخوازراون، بەڵام یەکێکیان سروشتییە ((بە پێوانەی گەشەی سەرمایەداری))، ئەوی تریان کە ئێمە وەک باشووری کوردستان تێیکەوتووین ناسروشتییە و پڕ قەیرانە. لێرەدا تەنیا دوو نمونە لەو نەخوازراوانە کە پەیوەندیان بە پێکهاتەی کەسییەوە هەیە باسیان دەکەین و لە پێناو کورتکردنەوەی بابەتەکەدا درێژە بە هەموو خەسڵەتەکان نادەین:

نمونەی یەکەم: نەبوونی نەرمی پێویست
(ئەوەندە ڕەق مەبە بشکێیت، ئەوەندەش نەرم مەبە بچەمیت) ئەمە لەزمان و فۆلکلۆری کوردیدا جەوهەرو کرۆکی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانە. بنەمایەکە بۆ هێشتنەوەی ڕایەڵەی گفتوگۆ و بەردەوامی پەیوەندی لە نێوان لایەن و بەرە ڕکابەر و ناتەبا و تەنانەت نەیارەکانیشدا. لە دۆخی شۆڕش و بەهیزیدا سیاسەت و هەڵوێستی سیاسی ڕوو لەبەشی یەکەمی ئەو دەستەواژەیەی سەرەوە دەکەن و مرۆڤ دەچێتە بەرە ڕەق و ڕادیکاڵەکەی هەڵوێستەوە و تا دەتوانێت توند دەبیت. لەدۆخی بەڕێوەبردنی سیستەم و دەسەڵاتیشدا یان لەدۆخی لاوازیدا دەچیتە بەرەی دوەمیان و ناتوانێت زۆر پیداگری بکات لەسەر خواست و ئامانج و مەبەست و ویستەکانی خۆی بەرامبەر بەرامبەرەکەی، بەڵام لەهەردوو بارەکەدا باشترە و تا ڕادەیەک ناچارە شتێک لەلاکەی تر ڕەچاو بکات ئەگەرنا ناتوانێت هیچ پەیوەندییەک بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بەرێت.

فاکتەری نەرمی لەلای نەوشیروان مستەفا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و یەکێکە لەو سەرکردانەی کە بە کەسێکی قسە ڕەق و دژ بە نەرمی ناسراوە و میهرەبانی لە گوتاریدا بەدی ناکرێت. ئەمە بۆچەند هۆکارێک دەگەڕیتەوە کە ژمارەیەکیان لەوانەیە پەیوەندی بە سروشتی کەسێتییەوە هەیە، پەروەردەی منداڵی و هەرزەکاری و کۆدە کۆمەڵایەتییەکانی پێگەیشتن و کۆمەڵایەتی بوون کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەم خەسڵەتەی کەسێتی هەیە. ئەگەر ئەم خەسڵەتە لە پێگەیەکدا بۆ کارێک داواکراو بێت مەرج نییە بۆ هەموو پێگەیەک ڕاست بێت یان بەکار بخوات، هەربۆیە جەستەی کۆمەڵگا وەک جەستەی کەسێکی تەواو وایە، لەکاتێکدا پێویستی بە خۆراک دەبێت ناتوانێت بە باشی لەسەر یەک جۆر خۆراک بژی، هەر چۆن پرۆتین و کاربۆهایدرات و ئۆکسجینی پێویستە، ئاواش ڤیتامین و کانزاکان و ڕیشاڵە خۆراکییەکانیشی پێویستە. نەبوونی فرەیی لە سەرکردەدا جەستەی کۆمەڵایەتی تەواو لاواز دەکات، وەک ئەوەی جەستەیەکی زیندوو بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تەنیا یەک جۆر خۆراک وەربگرێت و چەشنە خۆراکییەکانی تر فەرامۆش بکات.  بۆیە یاریچی ژمارە (10) دەبێتە ئەو خۆراکەی کە لە قازانجی جەستەی کۆمەڵگا نابێت لە مەودای دووردا، ئەگەرچی باشترین جۆری خۆراکیش بێت، بەڵام چۆن؟ لەیەک کاتدا دەتوانم بڵێم قاڵبوونەوەی نەوشیروان مستەفا وەک پیاوی شۆڕش و ڕاهاتن لەسەر ڕیتمی شۆڕشگێڕی وای کردوە کە ئەم کەسایەتییە هیچ فاکتەرێکی نەرمی یان میهرەبانی تێدا بەدی نەکرێت. کە لەخۆیدا ئەمە یەکێکە لە هەرە خاڵە لاوازەکانی کەسایەتی ئەو سەرکردەیە، کە من بەلامەوە زۆر سەیر نییە ئەگەر بە هۆی نەبوونی نەرمی و لاوازی ئەم فاکتەرەوە ئەو نەیتوانیبێت بگاتە تەواوی ئامانجەکانی خۆی کە لە ژیانی سیاسیدا هەیبوون. هەروەها بوەتەوە یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی شکستی دۆزی گشتی لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا، بۆ نمونە نەچنینەوەی درووستی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین! لەسادەترین هۆکارەکانی کە ئەم شکستەی تێدا دەبینینەوە بریتین لە گونجاندن و بەردەوامی کە هەردووکیان گرنگن بۆ سەرکەوتن، وەک نمونە (گونجاندن مانەوە دابین دەکات بەردەوامیش کۆی هەوڵەکان لەیەکەیەکی کاریگەردا کۆدەکاتەوە) نەبوونی نەرمی دەبێتە مایەی لەدەستدانی ئەم دوو پێویستییەی سەرکەوتن (گونجاندن و بەردەوامی)، کە پچڕان و دابڕانەکانی نەوشیروان مستەفا یەکێکن لەو بەڵگانە و هۆکاری گەورەن بۆ زیانگەیاندن بە سەرکەوتنەکانی.

زۆرجار ڕوو دەدات کە ئەم ڕەقییە خەسڵەتی تاکڕەوی و دیکتاتۆری لەکەسی سیاسیدا بنوێنن، بەواتای ئەوەی ئەگەر کەسەکە دیکتاتۆریش نەبیت یان تاکڕەویش نەبێت، ڕەقییەکانی ئەو خەسڵەتە بەرجەستە دەکەن و دەبنە نوێنەری ئەو ئاراستەیە لەو کەسێتییەدا. ئەمە لە کاتێکدا دەبیت خاڵێکی گەورەی کولتووریمان لەبەردەمدا ڕوون و ئاشکرا بێت بۆ ئەوەی بزانین کە نەوشیروان مستەفا چۆن سوودی لەم خەسڵەتەی خۆی وەرگرتوە: گەر بگەڕیینەوە بۆ بنەما بنەڕەتییەکانی نەوشیروان مستەفا کە لە بەشە سەرەتاییەکانی ئەم بابەتەدا باسمان کردوون (دەستپاکی و داوێنپاکی و نیشتمان پەروەری)، واتە ئەو بنەمایانەی کە لەگەڵ ژینگەی باوی کۆمەڵایەتیدا توانیویەتی ڕەشنووسێکی شیاو بۆ کەسایەتی خۆی درووست بکات لە کۆمەڵگادا. لەم پیگەیەوە دەچین بۆ خەسڵەتی کۆمەڵگا، گەر زۆر ورد ببینەوە، ئەوا تەلەفزیۆن ٦٧% ی[2] تەواوی سەرچاوەی زانیاری کۆمەڵگای ئێمە پێکدەهێنێت. ئەمە پێوەرێکە بۆ ڕووکەشی ئاستی هۆشیاری و پێوەرێکە بۆ بەرخۆری ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگای کوردستاندا. بەواتایەکی تر لە مێژووی شۆڕشەوە کە خەڵکی ناوچە گوندنشینەکان لەئاستێکی هۆشیاری بەرزدا نەبوون بە ئاسانی توانراوە لە ڕێگەی زەبر و ڕەقییەوە پانتاییەکی باش لە هەژموون درووست بکرێت و بەخاڵێکی پۆزەتیڤی کاریزمایی بۆ سەرکردە بگوێزرێتەوە، بەتایبەت لە هزری کۆمەڵگایەکدا کە هەژموون و هۆشمەندی فیوداڵی بەسەریدا زاڵ بێت، ئەوا سەرکردە دەبێت وێنەی ئاغا و دەرەبەگ (فیوداڵ)ی هەبێت، ئەگەرنا پەیوەندییە سادۆماسیشییەکانی فەرماندار (دەسەڵات) و  فەرمانپێکراو بەڕێوە ناچێت لەم پێوانەیەدا. بەم جۆرە نەوشیروان مستەفا سوودی لەم خەسڵەتە نەرێنییەی خۆی وەرگرتوە بۆ درووستکردنی کاریزما و هەژموونی کاریزمی خۆی، لە قۆناغێکیشدا هۆکارێک بوە بۆ جێکەوتن و کاریگەری کاریزماکەی ئەو. بەپێی یاساکانی ژیربێژیش (لۆجیک)؛ هەر کارێکی نێگەتیڤ دەرهاویشتەیەکی نا نێگەتیڤیش بخاتەوە لەساتەوەختی خۆیدا، ئەوا بەرئەنجام هەر نێگەتیڤە! هەر بۆیە دەبینین خاوەنەکەی دواتر بەرهەمچنەوەی زیانەکانی دەبێت نەک سوودەکانی.

نمونە زۆرن پیشانیان بدەین کە ئاستی ڕەقییەکانی نەوشیروان مستەفا بخەنەڕوو. پاشان  پیشانی بدەن توندڕەوی سەرنج و ڕای ئەم سەرکردەیە لە چ ئاستێکدا کارە سیاسییەکانی ئەو لە کۆمەڵگادا بەرجەستەدەکات، چەند نمونەیەک وەردەگرین تەنیا بۆ خستنە ڕووی سرشتی ئەو ڕەقییە: لە چاوپێکەوتنەکەی نەوشیروان مستەفا دا لگەڵ دیالۆگدا ئەم گفتوگۆیە بەدی دەکەین[3]:

دیالۆگ: گەر کەسێکی وەک بەڕێزت کە یەکێکی لە ناسراوترین سیاسەتمەدارانی کورد، دواجار قەناعەتی ئاوابێت کە بڕوای بە مەسەلەی کێشەی ژنان نییە، ئەبێت من چاوەڕێی چی بکەم لەکەسانێکی ئاسایی ئەم کۆمەڵگایە؟
نەوشیروان مستەفا: ئەوە موشکیلەی خۆتە، من وەکو پێموتی ئەو کێشەیەی تۆ باسی دەکەیت و بەکێشەی ژنان باسی دەکەیت من نایبینم و باوەڕم بە بوونی نییە.
دیالۆگ: بەڕێزت لێدان و سوکایەتی و هەڕەشە و تیرۆری دژ بە ژنان بە کێشە نازانیت؟
نەوشیروان مستەفا: نەخێر.
دیالۆگ: بە چییان ئەزانیت؟
نەوشیروان مستەفا: بەشێکن لەو تاوانانەی لە کۆمەڵگەدا دەکرێن.
دیالۆگ: ئەم تاوانانە کە لە دژی ژنان ئەکرێن، دواجار نابنە هۆی دروست بوونی کێشەیەکی تایبەت بە ژنان؟
نەوشیروان مستەفا: نەخێر
دیالۆگ: چۆن
نەوشیروان مستەفا: ئەمە ڕەئی منە، تۆ دەتوانیت پێچەوانەی بیت.
دیالۆگ: بە دڵنیاییەوە پێچەوانەی ئەو ڕەئییەم.
نەوشیروان مستەفا: کەواتە گەیشتینە خاڵی کۆتایی.
دیالۆگ: بەڵێ، بەڵام دەتوانین ئەم خاڵی کۆتاییە بکەینە خاڵی سەرەتا بۆ چەند باس بابەتێکی تر کە پەیوەندیدارە بە ژنانەوە.

سێ سەرنجی چکۆلە لەمەڕ ئەم چاوپێکەوتنەدا: یەکەم؛ هیچ هیوایەک بە نەوەی نوێ نابەخشێت. دووهەم؛ هیچ دیبلۆماسییەک پیشان نادات کە لەلایەک ڕاکەی خۆی بڵێیت، لەلایەکی تر ئەو ڕەقی و کەنارگیرییەی ئەو چارەسەر بکات. سێهەم؛ ئەم پشتئەستوورییە لە قسەکردندا پشت بە هێز دەبەستێت و دەچێتە دۆخی بێ منەتییەوە، کەواتە ئەو تێڕوانینە فیوداڵیە لە هۆشی سەرکردەیەکی "نوێخوازیشدا" لە ترۆپکدایە، کە باوەڕی وایە ئەگەر هێزێکی لە پشت بوو ئیدی پێویستی بە باسی هۆکار نییە! لە ڕووکاری وەڵامدا بە گشتی کارەسات دەردەکەوێت و لەو پنتەوە دەست پێدەکات کە سەرکردەیەک بە بێ بەڵگە قسە دەکات و ڕای خۆی دەسەپێنێت. ئەم خۆسەپاندنە پەیوەندیدارە بە خاڵی پێشترەوە کە بریتیە لە هەبوونی هێز، لەلایەکی ترەوە لۆجیک لە گفتوگۆدا نامێنێت و هەموو پرسەکان دەبنە پرسی تاکەکەسێک کە بۆخۆی چۆنی پێخۆش بێت بەو جۆرە دەکات، نەک پێویستی چی دەخوازێت. بەشێک لەمە لەگەڵ ئازادی تاکەکەسدا یەکدەگرێتەوە، تا ئەو شوێنەی پرس دەبێتە پرسی گشتی! ئەو کات ئەو تێزە تاکەکەسیانە هیچ زەوینە و ڕەوابوونێکیان بۆ نامێنێتەوە.

ئەمەی سەرەوە گەر لەیادی نەکەین، بنەچە و ڕیشەی ئەو لۆجیکەیە کە بە حساب، {ڕەهەندییەکان} دایانهێنا و هەر لەسەرەتاشەوە نەوشیروان مستەفا پشتیوانی لێ کردن! کۆی پڕۆژەی {ڕەهەندییەکان} بریتی بوو لە پرۆسەی کوشتن و تیرۆرکردنی پرسی گشتی و هاوکۆلکە جڤاتییەکانی شۆرش و گۆڕانکاری، کە بە پلەی یەک خۆی لە پرسە چینایەتییەکاندا دەبینییەوە و خەباتی چینایەتی لەلای ئەوان بریتی بوو لە ئایدۆلۆجیای مارکسسیتی و پرسی کوردیش پرسێک بوو دوور لە هەموو پرسێکی چینایەتی[4]. ئەم گرۆیە لە "خۆنەوار" هەر لەسەرەتای دەرکەوتنیانەوە بە پشتیوانی ئەو ناوەند و دامەزراوانە دەستیان ئاوەڵا بوو کە نەوشیروان مستەفا پشتیوانی لێ دەکردن، بۆ نمونە دەرکەوتن و هەژموونی میدیاییان، لەچاپدان و کۆمەكی پەخش و با نگەشە و گرنگکردنیان، ...تاد. ئەمان بۆ خۆیان دەستئاوەڵا کران تا لە کارەکانیان سەرکەوتوو بکرێن و یاریچی ژمارە (10)ش بۆ دوا سنوور پشتیوانی زۆری کردن لەسەرەتاکانی ڕاپەڕینەوە، ئەوانیش تا توانیان دژایەتییەکی بێوێنەی فکری مارکسی و چەپ و هەر ئایدۆلۆجیا و گرۆیەکیان کرد کە لەشێوگ و ئاراستەی بیردا بەرەو کەنارێکی سیاسی کۆمەڵگا ئاراستە بکات! هۆکاری ئەم عیشقە هەنگوینییە لە نێوان ئەم دەستلەملانێیەدا ئەنجامی پەرتەوازەیی فکری یاریچی ژمارە (10)خۆی بوو، چونکە ئەو تەنیا لەچوارچێوەی کوردایەتییەکی باودا مێژووی بەسەربردوە و دەتوانین بە جۆرێک لە جۆرەکان بڵێین خودی ئەو توندڕەویەش لە وەڵامدانەوەدا بە ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندی بە کێشەی شوناس و پێگەیشتنی سوپەر ئیگۆی ئەوەوە هەیە و پێدەچێت ئەمە بۆ سەرەتاکانی تەمەنی بگەڕێتەوە بەتایبەت کە دواتر لە ژیانی سیاسیدا لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت. وەک دەرئەنجامێک سەیر دەرناچێت کە مرۆڤ خەبات بۆ ئازادی بکات لە کاتێکدا بەشێکی گەورەی کارەکانی لەپێناوی ئازادیدا دژ بە خودی ئازادی بوەستێتەوە. بەهەمان شێوە {ڕەهەندییەکان} بەشێکی گەورەی کارەکانیان لەپێناوی تاک گەراییدا دژ بە سەلماندن و ڕێزگرتن بوو لە تاک. کە لێرەدا نەکاتم هەیە بیلبیلەی ئاوێزەکەم بخەمە سەرئەوان و نە بە پێویستی دەزانم. هەروەک سەرەتا باسمانکردوە ڕەخنە و هەڵسەنگاندن هەمیشە بۆ باشترین دەکرێت، ئەمە تەنیا نمونەیەکی چکۆلەبوو، دواتر لە میکانیزمەکاندا بەشێوەیەکی کورت بەشێکی تری باس دەکەین.

بڕوانە نمونەیەکی تر؛ ئەو نامەیەی نەوشیروان مستەفا بۆ پەرلەمانتارەکانی خولی یەکەمی بەشداری بزووتنەوەی گۆڕانی نارد لە بەرواری ٢٣/١/٢٠١٢ دا! ئەم نامەیە لەکۆتاییەکەیدا پیشانی دەدات ئەگەر پەرلەمانتارەکانی گۆڕان ئەو شەش خاڵە جێبەجێ نەکەن دەبنە کەسانێک زۆر پەراوێز کەوتوو کە ناکرێت هیچ ڕەحمێکیان پێبکریت. لەم نامەیەدا دەردەکەوێت کە ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان هەر هەمان سکرتێر و سەرۆکی حیزبەکانی ترە. ئەوەی ڕوودەدات بەهۆی توندی و نەبوونی هۆکاری نەرمییەوەیە. چونکە لەم نامەیدا دەردەکەوێت کە کەسی یەکەم و دواهەمین کەس هەر خودی ڕێکخەری بزووتنەوەکەیە. لەم نامەیەدا باس لەکۆن دەکات و زۆر سوورە لەسەر ئەو ڕێبازەی خۆی کە هەیبوە و چۆن کوڕان و کچانی قارەمان و جوامێری تاقیکردوەتەوە، بەهەمان شێوە بەردەوامە لەسەر تاقیکردنەوە و حوکمدانەکانی خۆی. لە شێواز و ڕێگای پەخشی نامەکەوە ناکرێت نکۆڵی لەشێوەی دڵسۆزی نەوشیروان مستەفا بکەین، بەڵام ناکرێت باس لە هەڵەی ڕێبازەکەشی نەکەین. ئەم ڕێبازە چۆن هێزی کاریزمایی دەکاتە هێزێک ببێتەوە بەهەژموونێکی ئۆتۆریتاری تۆتالیتار بەسەر بزووتنەوەکەوە؟ لە کاتێکدا بۆخۆی بڕیارە بزووتنەوەیەکی بگۆڕی جیاواز بێت، بتوانێت لە یەکەی کاردارەکانیدا ناوەندی بڕیاری نا سێنتراڵی سەربەخۆ و هاوستراتیژ درووست بکات!

لەلایەکی ترەوە ئەم نمونەیە ئەوەمان دەخاتە بەردەم کە چۆن بزووتنەوەیەک نەیتوانیوە بەشێکی زۆر لە کاندیدەکانی بە پابەندی بە بەرنامەکەیانەوە بهێڵێتەوە و بەناچاری جارجار ئاوا چاوسوورکردنەوەی سەرۆکەکەی پێویستە. یان ئایا ئەمە ئەو بەشە توندەی نەوشیروان مستەفا نییە کە ناتوانێت ئۆقرە بگرێت و چاوەڕێی پاشهاتەکانی کارەکەی بێت کە لە بنەرەتدا خۆی دوا مۆری لێداون؟ یان ئایا ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەو سروشتە تۆتالیتارییەی کە لەلای سەرکردەیەکی شاخ هەبوە و تا دوا ساتەکانی مەدەنی بوونیش هەر هەمان کولتوور خەریتەی سەرەکی بەڕێوەبردنی ناخ و کەسایەتییانە؟ دەتوانین ژمارەیەکی زۆر لەم پرسیارانە بخەینە بەر تیشکۆی ئاوێزەکەمان و لێی بڕوانین. بەداخەوە، تەنیا خودی نامەکە بەسە بۆ پیشاندانی بەشێکی زۆر لە وەڵامی ئەو پرسیارانە.

دەتوانین نەک دوو نمونە و سێ و چوار، بەڵکو سەدان نمونەی لەم جۆرانە باس بکەین. بۆیە دەبینین ئەم سەرکردەیە زۆرجار هەیە ئەنجامی خۆڕسکی خۆی ئەو لێدوان و کارانەی کردوە کە زیانی گەورەی بە جێکەوتی خۆی و بڕیارە سیاسییەکانی گەیاندوە و دواتر لەسەر پرسە گشتییەکان کەوتوەتەوە. ئەمە بەشێکە لە شکستی باشترین سەرکردەی کوردی، بەتایبەت کاتێک دەبینیت لە بەشێکی زۆر لە وتارەکانیدا زۆر خراپ و توندڕەوانە هێرش دەکات و لەزۆر پرسی تردا چاک و خراپ تێکدەشکێنێت بەبێ ئەوەی پەنجە بخاتە سەر کەموکوڕییەکانی ئەو بابەتەی دەیخوازێت. ئەمە ئەنجامی توندڕەوی و شێلگیری زۆرە لە هەڵوێستدا و تەنیا لەهەندێ تۆلێرانسی سفریدا[5] ئەم جۆرە لە هەڵوێست سوودی دەبێت.

نمونەی دووهەم: سەرکردەیەک لەسەر پێشهاتی ڕۆژانە کاردەکات
کارکردن لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژ، یەکێکە لەکارە هەستیار و گرنگەکانی سەرکردە. لەهەمان کاتدا ئەگەر پانتایی گشتی کارکردن بە ڕەنگی پێشهاتی ڕۆژانە داپۆشرا، ئەوا ئاماژەیەک پیشان دەدات کە ئەو سەرکردەیە لەفەزای یاریکردن لەگەڵ خواستی ڕۆژانەی گشتی خەڵکەکەیدا زیاتر ناتوانێت کار بکات. بەو جۆرەش ناتوانێت بیانگەیەنێتە ئاستێکی باڵاتر لە ژیان و گوزەران و لە پەیوەندییە خۆبەخۆکانیاندا. ئەم خاڵەی دواییان بۆ سەرکردەیەکی سیاسی هەڵگری دروشمی گۆڕین، لەخودی خۆیدا گرنگترین ئەرکی سیاسی هەیە.

ئەم پرسە تەواو پەیوەندیدارە بە پرسی گرنگی دانەوە بە گرنگەکان، واتە پەیوەندی هەیە بەو خاڵەوە کە لەیەکەی کاتدا سەرکردە گرنگی بە چی دەدات (الأولوية القیادیة)، کەواتە ناچارین بیر لە بەڕێوەبردنی کات بکەینەوە، لەم بوارەشدا، یەکێک لە باشترین جۆرەکانی دابەشکردن لە زانست و هونەری کارگێڕیدا چوار شێواز دەخاتە بەردەستمان بۆ بەڕێوەبردنی کات و وزەکانی هەر سەرکردەیەک، تەنانەت هەر تاکێکیش دەتوانێت سوود لەم شێوازانە وەربگرێت. بە پێی ئەم خشتەیە[6]:
  

 لێرەوە دەست دەکەین بە دۆزینەوەی جیاوازی لە نێوان سەرکردەیەک کە خاوەن فکر و پلان و ئامانجێکی دیاریکراو بێت لەگەڵ سەرکردەیەک کەتەنیا لەسەر پێشهاتی ڕۆژانە کار بکات. جۆری یەکەمیان لەسەرکردە دەتوانێت لە هەردوو چوارگۆشەی ژمارە یەک و ژمارە دوودا بەکارامەیی کار بکات و ئەو ئامانجانەی لە چوارگۆشەی یەکەمدا دەیانچێنێت بەرهەمەکانیان لە چوارگۆشەی دووهەمدا کۆبکاتەوە. هەرچی جۆری دووهەمیان بێت تیکڕای کارەکانی دەکەونە چوارگۆشەی ژمارە یەک و بەشێکی زۆر لە ئاکامەکانی ڕۆژ لە چوار گۆشەی ژمارە سێدا دەچنێتەوە بێ ئەوەی خۆی بخوازێت. سەرکردەیەک کە بنەمایەکی بیرکردنەوە و فۆرمێکی بیرمەندانەی هەبێت، پێشوەخت ئامانج و شێوازێک بۆ ژیان ئاراستەی کارەکانی خۆی دەکات و هەر لەو فەلسەفەیەشەوە بۆ دونیای چوردەوری خۆی دەتەنێتەوە و هەژموونی دەبێت. لەژمارەیەک لەوڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیادا سەرکردەی یەکەمی وڵات یان یەکەمی حیزب، کەسێک دەبێت بە پراکتیک لە کایەی سیاسیدا قاڵ و بەرنامە سیاسییەکان لەسەر کەتەلۆکێکی دیاریکراو بەڕێوەدەبات، کە پێشتر بۆی دانراوە. لەبنەڕەتیشەوە خودی سەرکردەکە لەسەر ئەو بنەما پراکتیکییە دادەمەزرێت و زۆر گرنگ نییە بیرمەندێکی زۆر دانا و نایاب بێت. ئەم ئەزموونە بۆ کۆمەڵگا دواکەوتووکان درێژ نابێتەوە و بەدەردی گرفتەکانیان ناخوات. ئەکرێت خودی ئەزموونەکە لاسایی بکرێتەوە، بەڵام هەرگیز درێژنابێتەوە و بە پوختی جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو هەڵەیەکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. ئەوەش بە پلەیەک، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی پێویستەوە بۆ درووستکردنی بڕیاری سیاسی ڕوودەدات، دواجار دەبێتە ئەو مریشکەی دەیەوێت هێلکەی قاز بکات.

هەبوونی ئەزموونێکی ئەدەبی و خوێندنەوەی زۆرێک لە کتێبە مێژوویەکان مرۆڤ ناکاتە بیرمەندێکی زۆر پێشکەوتوو یان گەشەسەندوو لە بیر و دونیا بینییدا. ئەم ڕووداوەش لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دا تەواو ڕاست دەکەوێتەوە. بەرئەنجامی ئەم ڕاستییە ئەو شارەزاییەی ئەو لەژیانی پراکتیکی سیاسی هەیەتی، سیاسەتێکە کە تەنیا دەرهەق بە کۆمەڵگاکە سیاسەتێکە وادیارە مەزن بێت. ئەم دێڕە پێمان دەڵێت کە مەودایەکی درێژە لە باشووری کوردستاندا سیاسەتکاری مەزنمان نییە، یان ئەگەر کەسی بەتواناش هەبێت دەرفەتی نەبوە لەکایە سیاسییەکاندا بە شێوەیەکی شایستە کاربکات و دەست ئاوەڵا بێت لە بەر ژمارەیەکی زۆر لە هۆکاری بابەتی و تایبەتی. لێرەدا وەک سەرەتا باسمانکردوە نەوشیروان مستەفا وەک خاڵی پێوانەیی وەردەگرین ([7]Benchmark)، ئەگەرنا نەوشیروان مستەفا مەرج نییە هەموو پێناسە وسیمایەکی سەرکەوتوویی و مەزنی بەسەردا جێبەجێ بکرێت. نەوشیروان مستەفا، چەند سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەی هەیە کە لە سەریان دەژی و درێژە بە بوونی سیاسی خۆی دەدات، باسمانکردوون: (دەستپاکی و داوێنپاکی و خیانەت نەکردنی نیشتمانی و بەختکردنی چێژ و خۆشییەکانی ژیانی خۆی و ڕزگار بوونی چەندین جارەی ئەو لە مەرگ کە بەخت یاوەری بوە و لەشۆڕشدا بە زیندوویی دەربازی بوە..تاد.) ئەمانە سەرەکیترین سەرمایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەون. ئەمە لە کاتێکدایە کە تێکڕای ئەم سیفاتانە سەرڕای گرنگی و باشییان بە سیفاتی سیاسی پەیت و بێگەرد هەژمار ناکرێن. هەموو ئەم خەسڵەتانە پێویستیان بە بیرێکی سیاسی هەیە کە لە پشتەوە کاری خۆی بکات و بەهۆی هەریەک لەم پراکتیکە کۆمەڵایەتییانەوە بیەوێت بگاتە بونیادنانی ژیانێکی نوێ بۆ کۆمەڵگا. چونکە ئەوانەی لەسەر بەڕێوەبردنی پێشهاتەکانی ڕۆژ کاردەکەن تەنیا لەباشترین ئەگەردا دەتوانن تەمەنی کۆمەڵگای نەخۆش درێژ بکەنەوە نەک چارەسەرێکی بۆ ببیننەوە و لە دەست نەخۆشییەکانی ڕزگاری بکەن!

نەبوونی بیرێکی مرۆیی یان هەر بیرێکی سیاسی تر قووڵایی و دوورمەودایی کاری سیاسی ڕادەگرێت. ئەم ڕاگرتنە چۆن ڕوودەدات؟ سەرەتا گرنگە ئەوە بزانین کە بیرێکی سیاسی یان دادەمەزرێت یان وەردەگیرێت! لەباری یەکەمدا کەسی بیرمەندی پیویستە و ئەو کەسەی دەخوازێت گۆڕانکاری سیاسی بکات ناچارە کار و توێژینەوەی زۆر بکات. جۆری دوەمیان کە وەرگرتنی بیرێکی سیاسیە بە دوو ڕێگا ڕوودەدات، یان لاسایی دەکرێتەوە و بیرکردنەوەی شوێنێکی تر بەکاردێت و بەتەواوی وەک خۆی لاسایی دەکرێتەوە (کە زۆر سەرکەوتوونەبوە بە پێی داتا مێژووییەکان)؛ یان دەگونجێنرێت، بەواتایەکی تر بەشێک لەو بیرۆکەیە وەردەگیرێت و لەگەڵیا هەنگاو دەنریت بۆ جێبەجێکردنی بەشەکی یان هەمەکی بەپێی پێویستی کات و شوێنەکە.

بەکورتی؛ بیر و ئەندێشەی سیاسی، تێڕامان و هیوا و دنیابینی درووستدەکات.. کە سەرکردەی بگۆڕ ناچارە هەیبێت یان لە شوێنێکی ترەوە (لە بیرمەندێکەوە.. ناوخۆیی یان دەرەکی) بیخوازێت. ئەم دنیابینییە ئامانجی ڕۆژ بەمەودای درێژخایەن و کورتخایەن هەڵدەچنێت و لەسەر ئەو ئامانجانەوە لەلایەک ستراتیژ وێنا دەکرێت لەلایەکی تریشەوە کارنامە و پلانی جێبەجێکردن دەنووسرێتەوە.. دەنووسرێتەوە و دەبێتە دەستوورێك لەژێر بانێکی کاتیدا و بەپێی ئەو دەستوورە پێشهاتی ڕۆژانە بەڕێدەکرێت، نەک بە پێچەوانەوە.

لەیەکەم پنتەوە نەوشیروان مستەفا، نە خۆی ستراتیژ و بیرێکی نوێی بگۆڕی پێشکەشکردوە، نە پشتیشی بە هیچ بیرمەندێک بەستوە. بەڵکو تەنانەت ئەوانەی وا دیارە کە پشتی پێیان بەستبێت پێچەوانەکەی ڕاستە، واتە پشتپێبەستنێکی نەرێنییە. پشتبەستنێکە بۆ بڵاوکردنەوەی شەرعیەتی ئاراستەی سیاسی ڕۆژانەی ئەو! واتە پشتی بەوە بەستوە ئەوان هەنگاوە سیاسییەکانی ئەو تیۆریزە بکەن و پەخشیان بکەن بە جۆرێک کە فەزای گشتی لەبەردەم هەنگاوە سیاسییەکانیدا بە پانی و کراوەیی ئاوەڵا بێت. نەوشیروان مستەفا کۆمەکێکی گەوەری کرد بە ڕەوتی {ڕەهەندییەکان} وەک پێشتر باسمانکرد، ئەم گرۆیە لەدنیای ڕۆشنبیری کوردیدا بوونە قۆرخکار، قۆرخکارێکی سیمبوڵیی لە دونیای فکر و تێڕوانیندا. لەم ڕوەوە نەوشیروان مستەفا و ئەو دەزگایانەی ئەو هەژموونی بەسەریاندا هەبوو بەباشی پشتیوانیان لەگەشە و دەرکەوتنی ئەم گرۆیە دەکرد. ئەرکی سەرەکی ئەمان بریتی بوو لە لێدانی هەر بیر و بیرکردنەوەیەک کە بتوانێت لەخولگەی خۆیدا سەقامگیر بێت و شتێکی جیاواز لەپەرتەوازەیی درووست بکات. جا ئەو بیرکردنەوەیە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک بێت. بە گشتی ئەو تاوانەی {ڕەهەندییەکان} بەرامبەر بیری خەڵکی کوردستان و پرسی بێدادی و دژایەتی ئازادی و بەرابەری کردوویانە هیچی کەمتر نییە لەو تاوانانەی (پ.د.ك) و هێزە بیر ڕەشەکان کە بەرامبەر بە گەلی کوردستانیان کردوە. ئەم ڕەوتە و چەند سێبەرێکی ئەم ڕەوتە بە ئەندازەیەک بەسەر هەژموونی بیرکردنەوەی خەڵکەوە کاریگەریان هەبوو، کە لە هەموو هەڵبژاردن و بەرهەڵستکارییەکی میللی و وێناکردنێکی ژیان و داڕشتنەوەی ئەتیک و ڕەوشتدا هاوشانی دۆخی قەیرانەکانی جەنگی ناوخۆ و قەیارانە دارایی و ئابوورییەکان ڕۆڵیان بینیوە لە پاسیڤکردنی ڕۆشنبیریی و ڕۆڵێکی گەورەیان لە دەستەمۆکردنی هێزی گەنجاندا بینیوە بەقازانجی هەژموونەکانی دەسەڵات. بەتایبەتتر لە دۆخێکدا کاریانکردوە کە هەمیشە سوودیان لەلاوازی کەسایەتی خەڵکی ناوچەکان بینیوە. بەتێکڕایی بەرامبەریان نە هیچ ماشێنێکی ڕاگەیاندن هەبوە، نە هیچ جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی، نە ڕێگە بە ڕەخنەی زانستیشداراوە کە هەمان دەرفەتیان هەبێت تا بتوانن کاریگەرییەکانی گرۆیەکی ئاوا جێ گومان سنووردار بکەن. ئەمەش هەمووی بۆ ئەو هەموو تواناییە دەگەڕێتەوە کە هەر لە سەرەتاوە خرابوە بەردەستی ئەم ڕەوتانە.

لێرەدا ئەوەی گرنگە باسی بکەین، ئەم گرۆ بەناو "ڕۆشنبیرییانە" سەرچاوەی ئیلهامی بیر و داهێنانی نەوشیروان مستەفا نەبوون، چونکە لەلایەک سەرچاوەی هیچ ئیلهامێک نەبوون و خۆیان ڕۆژانە لەو دژابەرییە فکرییەدا ژیانیان بەڕێکردوە کەلە وتارێکدا وتاری دوەمیان پووچەڵکردوەتەوە. دووهەم خاڵ ئەوەیە: نەوشیروان مستەفا ناڕاستەوخۆ ئەوانی بەکارهێناوە (خۆ ڕاستر ئەوەیە بڵێین ئەوان کاڵایەکی هەرزان بوون بۆ بەکارهێنان)، هەر بۆیە ئەویش لە پێناو پلانە سیاسییەکانی خۆیدا کردوونی بە گژ هەر کەسێکدا کە تواناییەکی لێکدانەوە و تەفسیر و داڕشتنی فکری هەبووبێت و بەگشتیش لە کۆمەڵگادا.. ئاشکرایە کە هەرکەسێک لاوازی خۆی هەیە و دەکرێت ڕەخنە بکرێت، بەڵام بەهۆی ماشێنە میدیاییەکانی حیزب و سێبەری حیزبەوە ئەمانە زۆر باش بەکارهاتوون لە درووستکردنی سەرابێکی هەژموونی زۆر زیاتر لە خۆیان کە بەهۆیەوە پلانە سیاسییەکانی حیزب چوەتە پێشەوە. بڕوانە گلەییەکانی نووسەرێک کە لەم پارچە تێکستەدا سکاڵای خۆی دەکات:
نوسەرمان هەیە لەدوای راپەڕینەوە هەشت نۆ کتێبی نوسیوە، کەچی هەشت نۆ دێری بۆ چاپ نەکراوە، بەختیار هێشتا دێرێکی نەنوسیوە چەندین رۆژ و هەفتە ئاهەنگی ریکلامکردنی بۆ دەگێڕن، ئەوەی هەژدە ساڵە یەکێتی بۆ بەختیار و هاوەڵەکانی دەکات، وا خەریکە کۆمپانیای وشە بەڵێنی هەژدە ساڵی تریان بۆ تازە دەکاتەوە، ئەمە غەدرێکی گەورەیە...ئەوەی لەئێستاوە دیارە: کۆمپانیای وشە رەنج و ماندووبوونی  کوردستانپۆست دەکات بە قوربانی"بلیمەتەکانی"! ... بەختیار عەلی تەنها بەرهەمی پشتیوانی راگەیاندنی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو بەرهەمی هاوپەیمانییەکی ناموقەدەس و ناشرینە لەگەل ئەو راگەیاندنەش کە خۆی بە سەربەخۆ دەزانێ: چەندین ساڵە لەبەر هۆ وبیانوی گاڵتەجاڕانە کە هیچ پەیوەندی بە کارو رەوشتی رۆژنامەگەرییەوە نەبوو، تاقە یەک وتاری رەخنەگرانەی بەندە کە پڕاوپڕن لە بەڵگە لەبارەی"موهرجەکەیان"بڵاونەکردەوە (لەم خاڵە چ جیاوازییەکیان لەگەل بەدترین راگەیاندن هەیە؟)[8]

ئەمەی سەرەوە گلەیی و گازندەی، کەسێکە، تەنیا کەسێک کە بێگومان دەیان نووسەر و هونەرمەند و بیرمەندی دەست ڕەنگین هەبوون لە کوردستاندا بوونەتە قوربانی ئەم پرۆسە و سیاسەتانە.

یەکێکی تر لە سەلماندن بۆ ئیدارەی ڕۆژگار گوتار و یاریکردنە لە نیوان دوو ڕای دژ بەیەک، بۆ نمونە ئەگەر بە پێی پێویستی ڕۆژی ئەمڕۆ بڵێین یەکێک لە هێزەکانی دونیا، هێزێکی مرۆڤدۆستە چوونکە هاوکاریمان دەکات! لەلای دووهەم بۆ بەیانی هەر بە هەمان هێز بڵێین مرۆڤدۆست نییە چونکە هاوکاری دوژمنەکەمان دەکات. ئەوا دیارە کە لێکدانەوە و دیدی ئێمە زۆر هەلپەرستانەیە. ئەم خەسڵەتە خەسڵەتێکە ڕاستەوخۆ دەمانخاتە دونیایەکی فراوان لە کورت بینی یان کورتبینی و هەلپەرستی کە لە ئیدارەی ڕۆژدا یان پاشهاتە هەنووکەییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەیەکێک لە چاوپێکەوتنەکاندا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاسۆدا بەم جۆرە وەلامی بوونی ئۆپۆزسیۆن دەداتەوە[9]:
ئاسۆ: ئۆپۆزسیۆن نییە، ئەی ژیانی دیموکراتی تەندروست بۆ کوێ بڕاوات؟
نەوشیروان مستەفا: بۆچی نییە، ئۆپۆزسیۆن ئێستا لەپەرلەمانەکەدا هەیە زۆر لەوانەی کەئەندامی یەکێتی و پارتی و حێزبەکانی ترن هەڵدەستن و قسەدەکەن، بەڵام هێشتا پەرلەمانەکەمان نەبوەتە شتێکی کارا. ئەوەی کە لە ڕۆژنامەکاندا دەیخوێننەوە ڕەخنەگرتن لە حکومەت و دامودەزگاکانی و لەسەروۆکی هەرێم و لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لە وەزیرەکان و لە ئێمە و سەرکردایەتی حیزبەکان. ئەوە خۆی جۆرێکە لە ئۆپۆزسیۆن، ئەمانە هەموی بە نەزەری ئیعتبار وەردەگرین. تەماشا دەکرێت کام ڕەخنەیە جدییە و کامەیان تەشهیر و کامەیان ڕەخنەیەکی ڕاستەقینەیە؟
  
پاش کەمتر لە ساڵێک باڵی ڕیفۆرم لە ناو (ی.ن.ك) دا درووست دەکات و دوو ساڵی بەسەردا ناڕوات کاتێک لە هەموو دامەزراوە و پێکهاتە سیاسییەکان ناڕەزایەتی خۆی پیشان دەدات.

یەکێک لە هەرە کێشە ـ ئامێزەکانی ئەم سرووشتەی سەرکردە، ئاسانی گەڕانەوەیە بۆ ناو گێژاوی سیاسی و دووبارەکردنەوەی باو. ئەم ڕاستییە هەمیشە ئەوەمان دەخاتە بەرچاو کە ئەگەر سەرکردەی سیاسی لەم جۆرە بوو، ئەوا چەندێکیش بانگەشەی نوێخوازی و گۆڕانکاری بکات، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا دەگەڕێتە دواوە و ناچارە بەپێی ڕۆژ و پیویستی ماماڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکات، ئەوەش دەبێتە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم بەرەوپێشچووندا. هۆکاری ئەم سروشتە بۆ پێکهاتە و پێنەگەیشتنی بیری سیاسی ئەو سەرکردەیە دەگەڕێتەوە کە لە زۆر بۆنەدا ناچاریی درووستی دەکات. بۆیە لەکاتی پێویستیدا هەر بەهەمان شێوە خەیاڵە فراوان و جوانەکان دەخاتەوە دەستی باو، چونکە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژبەڕۆژ کاردەکات و دوای هەموو شت شکست لە نوێخوازیدا دەهێنێت بە بێ ئەوەی پلانێک یان هەنگاوێکی ستراتیژی هەبووبێت بۆ تێپەڕاندنی باو. لە باشترین نمونەدا بڕوانە پرۆژە زەبەلاحەکانی نەوشیروان مستەفا لە وێنەی (سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی)، (پێشکەشکردنی باشترین کەناڵی هەواڵی کوردی)، (درووستکردنی پەرلەمانێکی کارا و چووستی بەرز) ...تاد. بەڵام پاش گرتنە دەستی دەسەڵات ئەم هەموو خەونە چکۆلە دەبنەوە بۆ پێشکەشکردنی کەناڵێکی ڕاگەیاندنی باو و کارگێڕییەکی باوتر و کەم ئیرادەتر و پەرلەمانێکی داخراو. ڕاستە ئەمانە بەشێکیان تاوان و تەنانەت خەتای نەوشیروان مستەفا شیان تێدا نییە، بەڵام ئەو سەروکاری بە ئەنجام نەگەیاندنی وەک پێویستی ئەم کارانەی دەکەوێتە ئەستۆ بە ئێستاشەوە کە هێشتا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانە و ئەو بزووتنەوەیەش چۆتە جێی نەبوو.

زۆر نمونە و وردەکاری تر هەن کە دەتوانین، نەخوازراوی پێکهاتەی کەسێتی لە ڕێگەیانەوە ڕوون بکەینەوە یان لە ڕێگایەوە بزانین چۆن کاریگەری لەسەر نەخوازراوی بڕیاری سیاسی دەبێت، بزانین چۆن پێکهاتەی تاک سەرکردەیی و بەستنەوەی هیوا بە یەک کاریزماوە چ مەرگەساتێک بۆ ئامانجەکانی دواڕۆژ درووست دەکات و چۆن دەرفەت دەداتە دەست هێزە تاریکەکانی وەک هێزی بنەماڵەکان و هێزی سیخوڕە نێودەوڵەتییەکان و هێزی تاریکستانی ئیسلامیزم کە باڵادەست بن و لەمەیدانی کاردا خاوەن هەژموون و لێوەشاوە بن.



[1]  وردەکاری ژیانی کەسێتی لەگەڵ ژیانی کەسییدا جیاوازە، مرۆڤ دەتوانێت ڕۆنەچێتە تایبەتمەندییەکانی ژیانەوە و وردەکارییەکانی کەسێتی خۆشی بنووسێتەوە. بۆ نمونە نووسەرێکی وەک "شێرزاد حەسەن" لەم ڕوەوە زۆر بەدەست و قەڵەمە و توانیویەتی ئەو پەردەیە بپسێنێت و زۆر بە چاکی مرۆڤ دەتوانێت لێی فێر ببێت. سەرکردەکانیش دەتوانن لەم نووسینانەوە سوود ببینن.
[2]  ئەم ڕێژەیە لە توێژینەوەی "ڕەوشی مێینە لە کوردستاندا" وەرمگرتوە کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە تێکڕای کوردستاندا ئەنجاممان داوە. ئەشێ و بێگومانم لە ئیستادا و پاشی پتر لە دە ساڵێک، جیاوازی هەیە لەم ڕێژەیەدا، بەڵام من گومانم هەیە ئەو ڕێژەیە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی گۆڕابێت، لەوانەیە سۆشیال میدیا جێگای گرتبێتەوە، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە ناوەڕۆکدا نابینمەوە.
[3] (( ژیان و نهێنییەکانی – نەوشیروان مستەفا ))
[4]  باوەڕم وایە پرسی چینایەتی لە پرسی مارکسیزم گەورەتر بێت، واتە پرسی چەوساندنەوەی چینایەتییە کە خودی مارکسیزم لە خۆ دەگرێت نەک بە پێچەوانەوە مارکسیزم بتوانێت هەموو پرسەکانی چینایەتی لە دووتوێی فەلسەفە و دونیابینی خۆیدا کۆبکاتەوە، ڕاستە ئەو زانا و فەیلەسوفە مەزنە کارێکی گەورە و بێوێنە و زۆری لەم مەیدانەدا پێشکەش کردووین. لە هەمان کاتدا، لێرەوە هەڵەیەکی گەورەی ئێمە دەستپێدەکات ئەگەر هەرکات باوەڕمان وا بوو کە تێزەکانی مارکس و ڕێبازی مارکسیزم هەموو گرفتە چینایەتییەکانی لە خۆی گرتوە و خستنەسەر و لێکەمکردنەوەیان پێویست نییە. باوەڕم وایە ئەوە یەکەمین گورزی کەمەرشکێنە لە مێژووی خەباتی چینایەتی و بیری بەرهەڵستکارانەی سیستەمی سەرمایەداری دەدەین و هەر بەو ڕێگایەش هەموو بیرکردنەوە مارکسیستییەکانیشمان توشی ئیفلیجییەکی گەورە دەکەین.
[5]  Zero tolerance بۆ کارێک بەکاردێت کە بتەوێت قەلاچۆی دیاردەیەکی ناشایستە و زیانبەخشی پێ بکەیت، واتە ناکرێت تۆ سیاسەتی لێخۆش نەبوون پیادە بکەیت و لە پڕێکدا لەگەڵ نەیارەکەتدا بکەوێتە دانوستاندن و گفتوگۆکردن، ئەمە ئەکرێت لە رووی تەکتیک و پراکتیکەوە ڕاست بێت بەڵام لە ڕووی بیر و باوەڕ و ماکە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی شۆڕشەوە پڕ هەڵەی ترسناکە. بۆ نمونە؛ گەر بمانەوێت قەلاچۆی نەخوێندەواری بکەین لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا ئەوا یاسایەک دەردەکەین بە سزادانی هەر باوانێک منداڵەکەی لە خوێندن دەربکات. بۆ ئەوەش تۆلێرانسی سفری بەکار دەهێنین، بەواتای ئەوەی هەرگیز لەیەک دانە باوانیش خۆش نابین کە سزاکە نەیگرێتەوە و دەبێت خوێندکارەکە بچێتەوە بەر خوێندن، بەم جۆرە دەرفەت بە چکۆلەترین نەخوێندەواری داهاتوو نادەین. بۆ هەر دیاردەیەکی ناشایستە تۆلێرانسی سفری گرنگە و سەرکردە دەبێت زۆر توند بێت لە جێبەجێ کردنیاندا.
[6] ستيفن ر. كوفي، ت/ د. السيد المتولي حسن، أدارة الاولويات الاهم اولا، (الطبعة الاولى، فرانكلين كوفي، مكتب الجرير، الرياض ــ السعودية).
[7]  مەبەست لە خاڵی پێوانەیی، ئەوەیە کە دەکریت هەمیشە باشترین و دیارترین خاڵ وەک خاڵی پێوانەیی وەربگرین تا بتوانین جێکەوتەکانی تری لەسەرەوە بپێوین. لەنێو سیاسەتکارانی باشووری کوردستاندا لە نێو ئەوانەدا کە لەژیاندا ماون، ئاستەمە بتوانین کەسێکی بەدەست و لێهاتووی تری وەک نەوشیروان مستەفا لەنێویاندا بدۆزینەوە تا بیکەینە ئەو خاڵە. بۆیە لێرەدا وەک خاڵی وەرچەرخان یان خاڵی پێوانەیی وەریدەگرین.
[8] سەلام عەبدوڵا، ١٩/٧/٢٠٠٩.  ئەکرێت ئەم نووسەرە لەداخ لەدڵییەکەوە ئەم چەند دێڕەی نووسیبێت، بەڵام بەدەر نییە لە ڕاستی.
[9] چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ٢٧/٦/٢٠٠٦، کە دەکاتە هەمان ساڵ بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەی چاکسازی بە (ی.ن.ك) لە ساڵی ٢٠٠٦ دا. سەرچاوە: گۆڕان لە کوێوە گەیشتە کوێ لا ٨٤.